Friday, March 10, 2023

هەڤپەیڤین لەگەڵ پرۆفسۆر عەبباس وەلی لەمەڕ دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی

هەڤپەیڤین لەگەڵ پرۆفسۆر عەبباس وەلی لەمەڕ دەسکەوتەکانی شۆڕشی  ژن ژیان ئازادی
و پێویستی هاوکاریی بەرفرەوانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
پێنجشەمە ٩-ی مارسی ٢٠٢٣

حەسەن قازی: ژن ژیان ئازادی، بینەرانی خۆشەویست بە خێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لەم بەرنامەیە دا لەگەڵ پرۆفسۆر عەبباس وەلی باسی دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی  و هەر وەها پێویستی هاوکاریی بەرفرەوانی هێزە سیاسییەکان لە سەر بەرنامەیەکی لانی کەم  دەکەین، دیارە بەڕێزیان لە سەرەتای ئەو شۆڕشە، یانی لە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوو دا لەگەڵمان بوو و هێندێک لەو پێشبینییانەی کە لەو بەرنامەیە دا باسی کرد وەدی هات.  و ئێستا ئێمە بۆ درێژە دان بە لێدوان لە سەر شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئەمشەو لەگەڵ بەڕێزی قسە دەکەین.
مامۆستا عەبباس زۆر بەخێر بێی  نۆ بەرنامەی ڕاوێژ
پرۆفسۆر عەبباس وەلی: سپاست دەکەم کاک حەسەن زۆر مەمنوون، هەر وەها سڵاو و سپاس لە بینەران و بیسەرانی بەرنامەی ڕاوێژ.
قازی: زۆر مەمنوونم. وەک باسم کرد دیارە لایەنەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی زۆر قسەی لەسەر کراوە بەڕێزیشت لەو بارەیەوە بە ڕێگای جۆر بە جۆر لەسەری دواوی. بەڵام ڕەنگە ئەوەی کە گرینگ بێ بۆ بینەران لەو پلەیەی کە تێیدا هەین ئەوەیە کە یەک دەسکەوتەکانی بزاندرێ و یەکیش بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە ئەو تێکۆشانانە لە چوارچێوەی شارەکان و کۆڵانان  هێندێک سست بووە، هێندێک لە کورتی داوە سەبەب و کەمایەسییەکانی ئەوە باس بکەین. فەرموو!
وەلی: بە باوەڕی من تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ژینا تا ئەو جێگایەی کە پێوەندی پەیدا دەکاتەوە بە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانێ چەند دانەن. یەکیان ئەوەیە کە شۆڕشی ژینا شۆڕشی کۆمەڵگای مەدەنی بووە نەک کۆمەڵگای سیاسی. لێرە دەبێ چەمکی کۆمەڵگای مەدەنی بە شێوەیەکی کورت شی بکەمەوە بۆ ئەوەی خراپ تێگەیشتن نەیەتە پێشێ. مەبەستم لە کۆمەڵگای مەدەنی خودی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات نییە، بەڵکوو ئەو بەشە لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتە سنوورەکانی بە بەربەرەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی جمهووری ئیسلامی دیاری دەکرێ. دێرە دا تەواوی ئەو کەسانەی کە دە ژوورەوەی ئەو سنوورەی دان و بە دژی  ئاپارتایدی جینسییەتی و ئاپارتایدی ئایینی و هەر واتر ئاپارتایدی نەتەوەیی و لە لایەکی دیشەوە موشکیلات و مەسائیلی چینایەتی و ئابووری بە دژی جمهووری ئیسلامی هەستان ئەوانە پێکهێنەری ئەو کۆمەڵگای مەدەنی یەن. جا ئەو کۆمەڵگای مەدەنییە سنوورەکانی فەرق دەکا، کەم دەبێتەوە، زۆر دەبێ لە پێوەندی لەگەڵ ئەو پۆزیسیۆنەی کە ئەو کۆمەڵگایە لە ئاست دەسەڵاتی سیاسی هەیەتی.
جا لێرە کە کوتم ئەوە شۆڕشی کۆمەڵگای مەدەنی بووە، لەواقێعدا حیزبە سیاسییەکان، هێزە سیاسییەکان  لێرە دا پێشەنگی ئەو شۆڕشە دەو مەقتەعەی زەمانی دا نەبوون بەڵکوو وەختێک کە شۆڕشەکە بوو ئەوانە پاشان تێکەڵ بوون. ئەوە تایبەتمەندییەکە. تایبەتمەندییەکەی دیکە ئەوەیە کە ئەو شۆڕشە  بۆ جاری ئەوەڵ لە تاریخی ئێرانی مۆدێڕندا پێوەندی بەینی مەرکە و پەراوێز، واتە مەرکەز کە تاران و شارە فارس نشینەکانی ئێران و پەراوێز یانی لە نەزەر جوغڕافیاییەوە کە زمانەکانیان غەیری فارسی یە و تا حەدێکی زۆریش مەزهەبیان  شێعەی ئیسناعەشەری نییە. دە واقیعدا مەبەستم لێرە ئەو ناسێنانەیە کە حاکم نین، واتە هووییەتەکانی غەیری حاکم. جا ئەو وەزعە گۆڕاوە بۆ جاری ئەوەڵە کە دەبینین دینامیزمی شۆڕشی ژینا لە پەڕاوێزەوە دەچێ بۆ مەرکەزی. لە پەراوێز قسە دەکا، لە پەراوێز سەر هەڵدەدا و وەختێک دەگاتە مەرکەزێ لەوێ هاوڕێیی دەکرێ بەڵام  لە دوایە دەبینین وەکوو ئێستا هێندێک لە هێزی دێتە خوارێ و دادەکەوێ. باسی ئەوەش دەکەین. مەسەلەی دیکە ئەوەیە کە شۆڕشی ژینا توانی هووییەتێکی هاوبەشی چەندین جیاواز لە ئێرانێ بە وجوود بێنێ. یانی جیاوازییەک کە هەبوو ئەو جیاوازییانە کە لە ژێر چەتری ژن، ژیان، ئازادی بوو بە زمانی جیاواز وەکوو تورکی ئازەربایجانی، بەلووچی، لوڕی، عەرەبی، کوردی، فارسی، تورکەمەنی، مازنی و ئەوانە هەستی خۆیان بە دژی دەسەڵات دەردەبڕی و هەموویان مەسەلەیەکی ئەساسییان بە چەندین زمانی  جیاواز لێرە دا بەیان دەکرد.
ئەو هووییەتە، هووییەتێکی دێمۆکڕاتیکی پلورالیستی بوو، یانی تەنەوعی تێدا بوو بەڵام ئەو تەنەوعە دە ژێر چەتری ژینای دا لەگەڵ جارەکانی پێشوو تەفاوەتی هەبوو. چون ئەو تەنەوعە تەنەوعێک بوو کە باسی ڕابردوویەکی عەینی ئەو ئۆتۆنۆمی و  سەربەخۆیی ئەو هووییەتەکانی دیکەی دەکرد. دە سووڕەتێکی پێشتر بۆ وێنە لە شۆڕشی ١٣٥٧/ ١٩٧٩ ی دا باسی  وەحدەتی کەلەمە ( وحدت کلمە) یان دەکرد، یانی حەموو پێکەوە ببین و باسی جیاوازیەکانمان  نەکەین. جیاوازییەکان لێرە بێدەنگەیان لێ دەکرا. بەڵام لە شۆڕشی ژینای وا نەبوو، جیاوزییە جینسییەتییەکان، جیاوازییە چینایەتییەکان، جیاوازییە ئایینییەکان ، جیاوازییە نەتەوەییەکان لێرە دا ئەو هێزانەی کە لە ژێر چەتری ژینای دا بوون ئەوانەیان پاراست. ئەو سێ تایبەتمەندییانە بە باوەڕی من  گەورەترین دەسکەوتی شۆڕشی ژینای لەو چەند مانگەی دا بووە.
قازی: باشە بەڕێز وەلی  وەکوو باستان کرد ئێمە دەزانین کە لە شۆڕشی ژینا دا ڕۆڵی سەرەکی کۆمەڵگەی مەدەنی و لە ناو توێژە کۆمەڵایەتییەکانیشدا  ژنان، گەنجان/لاوان دەیگێڕن. دیارە دوو حەوتوو لەوە پێش لە ٢٥-ی فێڤرییە کۆنفڕانسێک هەبوو لە شاری بۆن کە لەوێشدا بەڕێزیشت بەشداریت کرد و لە سەر ئەو مەسەلەیە تەئکیدت کرد کە پێشتریش دیارە ئەوەت هێنابووە گۆڕێ کە  پێویستی بە هاوکارییەکی بەربڵاوتر هەیە لە نێو هێزەکانی کوردستانی ئێران دا کە دیارە بەشێکیان لە چوارچێوەی "ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران" یان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بەیەکەوە کار دەکەن و جەنابت لەو کۆنفڕانسە دا کە نوێنەرانی ئەو حیزبانەشی لێ بوو باسی ئەوەت کرد کە فۆنکسیۆنی ئەو ناوەندە ئیدی بەو شێوەیە نەماوە بەڵکوو پێویستە ستادێکی هاوکاری لە سەر بەرنامەیەکی  حەدی ئەقەل یانی بەرنامەیەکی لانی کەم لە نێوان هەموو  هێزە سیاسییەکاندا ساز بێ و پارامێتری ئەوەشت باس کرد کە ئەگەر هاتوو هەموو توانییان لە سەر بەرنامەیەکی حەدی ئەقەل ڕێک کەوتن و هاتنە ژوورێ دە ڕاستیدا ئیدی بیانوویەک بۆ کەس نامێنێ، ئەوە لایەنێک و لە  لا یەەکی دیکەوە باسی ئەوەت کرد کە پێویست بە هەبوونی ستادێکی عەمەلییاتی یە، ئەوەش بەو مانایە ئێمە دەزانین زۆربەی هێزەکانی کوردستان، هێزی چەکداریشیان هەیە، هیزی پێشمەرگە و گریلایان هەیە و لە هەلومەرجێکی دیکە دا کە مومکینە بێتە گۆڕێ دەکرێ بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی ئەو شۆڕشە کە سەراسەرییە ئەوەشیان لە بەرچاو بێ و لە حاڵەتێکی ئاوا دا یەکێتی و یەکگرتووی لە ڕووی نیزامی و عەسکەرییەوە شتێکی ئەساسییە.
ئەوەی کە بۆ من زۆر چاوڕاکیش بوو  دیارە هەر لەو کۆنفڕانسەشدا ڕاپرسییەک کراوە کە لەوێدا بە پێی ئاکامی ئەو ڕاپرسییە گوتراوە کە سەدی نەوەدی ئەو کەسانەی کە دەنگیان داوە ئەو فکرەیان پێ فکرێکی باشە یانی نەوەد لە سەدی خەڵکەکە پشتیوانیان لەو ئیدەیە کردووە کە ستادێکی ئاوا پێک بێ. جا ئێستا پرسیارەکەی من ئەوەیە مومکینە هێندێک باسی ئەوە بکەن  کە بە لەبەرچاوگرتنی هێندێک لەو مانۆڕانەی کە هێزە دەستە ڕاستییە ئێرانییەکان لە دەرەوەی وڵات کردوویانە، یان شایعەو دەنگۆی ئەوەی کە مومکینە هێزێک لەگەڵ ڕەزای پەهلەوی ڕێک کەوێ، بەڵام حەتتا ئەگەر ئەوەش ببێ ئەوە مەسەلەی ناوخۆیی کوردان بۆ هاوکاری لە سەر بەرنامەیەکی لانی کەم مونتەفی ناکا. پێم خۆش بوو زیاتر و جوانتر ئەو مەسەلەیە ڕوون بکەیەوە دە هەلومەرجی جیاواز دا. فەرموو.

وەلی: ئەو جۆرەی کە من کوتم لێرەش تیکراری دەکەمەوە کە شۆڕشی ژینای تایبەتمەندییەکانی ئەوەی کە لە کوردستانێ دەستی پێکرد، ئەوەی کە کوردستان دە خەتی پێشەوە دا بوو، وەزن و قورساییەکی تایبەتی دا بە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی. و ئۆپۆزیسیۆنی کوردی دەیتوانی بە یەکگرتن و بە جوورێک لە هاوکاری زۆر قووڵ و بەرفرەوان لەو وەزنە زۆر سوود وەربگرێ و بە داخەوە ئەوە نەکرا. ئەمن موخالیفی ئەوەی بووم  کە دوو هێز بێن ناوەندی هاوکاری دروست بکەن ، دوو هێزی دیکە، سێ یا چوار هێزی دیکەش وەلا بنێن. ئەمن کە قسەم لەگەڵ کردن ئیستیدلالەکەیان ئەوە بوو کە دوو هێزەکان کە وەلا ناندراون دە ئەسڵدا پەژاک و کۆمەڵەی حیزبی کۆمۆنیست  ئەوانە حیزبی ئیدێئۆلۆژیکن و ئەوانە ناتوانن و نەیانتوانیوە  لەگەڵ ئێمە هاوکاری بکەن. ئەمن لەگەڵ ئەو قسەیەی موخالیف بووم کوتم تەعبیر لە ئیدێئۆلۆژی نابێ تەعبیرێکی یەک تەڕەفە بێ، هەر ئەو کەسەی کە دەڵێ ئەمن ناتوانم لەگەڵ هێزی ئیدێئۆلۆژیک کار بکەم  ئەوە بەو مەعنایەیە کە لە ڕوانگەیەکی ئیدێئۆلۆژیک ئەو شتەی دەکا. ئەمن کوتم دەبێ ئەو قسانە وەلا بنێن ئەلئان وەختی وەی هاتووە کە ئەو مەیدانە بگۆڕدرێ ئەویش لە بەر وەیە کە  دەبینین هێزە ئێرانییەکان عومدەتەن  هێزەکانی دەورو بەری سەلتەنەت تەڵەبەکان خەریکن بەرەیەکی بەرفرەوانی دەستی ڕاستی دروست کەن و ئەو بەرە دەستی ڕاستییە لە نەزەر لۆجێستیکەوە لە ئێمە زۆرترە، ئیمکانیاتی ماڵی و ئیمکاناتی تەبلیغاتی و ئیمکاناتی ڕاگەیاندنی زۆرترە و هەر واتر لە ئێرانیش فەعالییەت دەکا و لە لایەکی دیکەوە خودی جمهووری ئیسلامیش بۆ وەی کە هێزە ڕادیکاڵەکان  بخاتە پەراوێز بە جوورێکی مەیدان دە دا بە وەی. ئەمن لێرە  کوتم ئێستا کوردەکان دەبێ هەستن ئەو مەیدانەی بگۆڕن فۆرمی فەعالییەتەکەیان بگۆڕن. دەورەی "ناوەند"ی  نەماوە، ئێمە دەبێ  ستادێکی عەمەلییاتی و هەر واتر گوتاری دروست بکەین، ئەو ستادە دەبێ بە بەشداری هەموو هێزە کوردەکان بێ. بەو ئەساسەی کە ....
قازی: دەنگی مامۆستا نەما، باشە ئێستا هاتەوە. مامۆستا فەرموو بەردەوام بە
وەلی: ئەمن کوتم کە لێرە دەبێ ستادێکی عەمەلییاتی  هەبێ، ستادێک دروست بکرێ کە بەشێکی  عەمەلییاتی  و بەشێکی ستادێکی گوتاری و ڕاگەیاندن بێ. و ئەو ستادە مەبناکەی دەبێ بەرنامەیەکی حەدی ئەقلی بێ  کە بەپێی ئەو بەرنامەیە هەر هێزێکی کە خۆی لەگەڵ ئەو بەرنامەی یەک دەزانێ و دەتوانێ  پشتیوانی لێ بکا کاری بۆ بکا بێ دەو ستادەیەوە. مەسەلەی ئیدێئۆلۆژی و بۆچوون و نازانم فۆڕمی سازمانی و ئەوانە دەو شەڕاییەیدا نابێ مەتڕەح بێ. وەختێکی ئەوانە هاتن بە پێی ئەو بەرنامەیەی حەدی ئەقەلی پێکەوە ڕێک کەوتن ئەو دەمی دێن پێکەوە دادەنیشن ئوسوولێکی بۆ کار کردنی ئەو ستادە  حەموویان دادەنێن لە سەری موافەقەت دەکەن. ئەو ستادە  دیارە بەشی عەمەلییاتەکەی دوو بەش دەبێ. یەکیان بەشی سیڤیل و سیاسی یە، بەشێکی دیکەشی حەتمەن نیزامی یە چون هێزە کوردییەکان چ ئەوانەی لە " ناوەندی هاوکاری" دان و چ ئەوانەی کە لە دەرەوەی ناوەندین دە ئەساسدا هێزی سیاسی _ نیزامین و ناتوانن دەو بەشەی دا دەست لە بەشی نیزامێکەیان هەڵبگرن. دە داهاتوو دا وەختێکی لە ئێران گۆڕانکاری کرا و کولەن ڕێژیم گۆڕدرا و ئەوانە ئیحتیمالی زۆرە کە ئەو بەشەی نیزامی بە شێوەیەکی دیکە واریدی سیاسەت بێتەوە ئەوەش بابەتێکی دیکەیە بەڵام لێرە ئەمن دەڵێم ستادێکی عەمەلییاتی _ سیاسی _ مەدەنی زۆر موهیمە  کە گوفتمانێکی یەکگرتووی هەبێ، دەو بەینەیدا دەبێ ستادێکی عەمەلییاتی نیزامیش هەبێ ئەوە لازم نییە کە ئەو ستادە دەکاری ڕۆژ بەڕۆژی دا پێکەوە موافەقەت بکا موهیم ئەوەیە کە ئوسوولێک هەبێ کە ئەگەر وەختێکی دە شەڕایتێکی دا کە هاتە پێشێ ئەوانە هەموو پێکەوە یەکجێ عەمەل بکەن. ئەوە زۆر زۆر گرینگە چون هێزە کوردییەکان تەنیا هێزن کە هێزی نیزامییان هەیە. و دێرە دا لەو کارتەی، ئەوە شتێکی موسبەتە دەو شەڕایتەیدا نابێ لەو کارتەی زۆر بە ئاسانی بگوزەرێن  دەبێ ئەو کارتە لە سەر میزی موزاکەرات، لە سەر ئەو هێزە نیزامییە ئیمتیاز وەربگرن چون هێزەکانی دیکە نیانە و ئەگەر هاتوو دە شەرایتێکی دا ڕووخانی ڕێژیم، ڕووخانێک بوو کە بەرخوردی موسەلەحانە/چەکدارانە بوو  دەو حاڵەیەی دا هێزە کوردییەکان دەتوانن نەقشی حەیاتییان هەبێ کە هێزەکانی دیکە نیانە.
جا  بۆیە دەو موزاکەراتەیدا ئەو ستادی یەکگرتووی عەمەلییاتی و هەر واتر گوتاری کوردەکان هەیانە  دێرە دا دەتوانن زۆر بە سووڕەتی هێزێکی یەکگرتوو لە دەوری میزی موزاکەرات لەگەڵ ئێرانییەکان، یان هووییەتی حاکم دابنیشن. ئەگەر ئاوا بێ وەزعی کوردەکان زۆر دەچێتە پێشێ بەڵام ئەگەر دابەش بن، هەر کەسە لە لایەکی بێ و هەر کەسە سازێکی لێ دا ئەو دەمی ئەو ئۆپۆزیسیۆنی دەستی ڕاستی ئێرانی کە ئەلئان فەعال بووە، ئەو ئۆپۆزیسیۆنە دەتوانێ لەو دابەشبوونە و  لەو چەند بەرەکییە ئیستیفادەیەکی زۆر  بکا. ئەمن تەئکیدیشم کرد کە کورد هەمیشە تا ئێستا کە ئەمن دیومە و بۆخۆشیان موافەقەتیان کرد، ڕاگەیاندن دە بەینی کورداندا زەعیفە و ئەو ستادی عەمەلییاتە دەبێ ڕاگەیاندنێکی قەوی هەبێ.
قازی: مامۆستا  لە ڕاگەیاندن مەبەستت ڕەوابیتی عموومی ، پێوەندی گشتییە؟
وەلی: بەڵێ مەمەستم public relations ە، دەبێ لێرە ستادێکی ڕابیتەی گشتیان هەبێ هەموویان و وتەبێژیشیان هەبێ. ئەو وتە بێژە بە باوەڕی من دە هەلومەرجی ئەوڕۆ دا و هەر واتر لەبەر سەیتەرەی شۆڕشی ژینا  ئەساسەن دەبێ ژن بێ، ئەگەر یەک یا دوو ژن  یان لانی کەم پیاوێک و ژنێک، لە کۆنفڕانسی بۆنیش گوتم بە بێ تەعاروف دەڵێم ئێمە لەگەڵ کەسانێک سەروکەلە لێ دەدەین، لەگەڵ کەسانێک سیاسەت دەکەین کە زمانی ئێمە نازانن، ئێمە زمانی وان دەزانین بەڵام لێرە دا دەبێ کەسانێک بن کە ئەو زمانەی بە باشی دەزانن  و ئیحتیمالەن ئەگەر ئینگلیسیش بزانن زۆر باشترە.
قازی: مامۆستا وەلی دیارە مەسەلەیەکیش هەیە ئەویش ئەوەیە کە دیارە من لە پرسیارەکەی پێشووشدا باسم کرد بەڵام  دەمەوێ ئەوە زیاتر شی بکەیەوە. یانی بە بۆچوونی من پێم وایە تەنانەت وای دابنێین یەکێک لە هێزەکان لەگەڵ نەوەی ڕەزا خان و کوڕی حەمە ڕزا شا تەنانەت  لە سەر شتی گشتیش کە نامەعلومە  ئەڵبەتە، پێکیش بێ  ئەوە نابێ ببێتە هۆ و زەمینەیەک کە کوردەکان لێک دوور کەونەوە. مەبەستم ئەوەیە بزانم تەئکیدی بەڕێزت لەو بارەیەوە چییە؟
وەلی: بە باوەڕی من ئەگەر ئەو ستادی عەمەلییاتییە – وتارییە دروست ببێ ئەوە دەتوانێ پێشی ئینشیعاب و ئینشیقاقی ئاوا بگرێ. دیارە حدوود و سنووری ئەو سیاسەتە لەگەڵ پەهلەوی وئەوانە، ڕەزا پەهلەوی و ئەوانە دەبێ دیاریی بکرێ. بەڵام لێرە دا مەسەلەیەک هەیە  ئەوە تا کوێ دەڕوا چ ئیمتیازاتێک دەدرێ وچ ئیمتیازاتێک وەردەگیرێ؟ بە باوەڕی من ئەو ستادە دەبێ لەو وەزعە ئاگادار بێ بزانێ کە  دە چ ئیتیلافێکی دایە و چۆن کار دەکا.
قازی: ئەوە بە جێگای خۆی، بەڵام وەک دەزانی لە ڕووی سوننەتی/ نەریتییەوە  لە ئێران و لە کوردستانیش هەر وا هێزەکان لێک دووربوون، لێک نزیک بوون، ناخۆشی دروست دەبێ و ئەوانە بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هێندێک پێوانە و شێوە ڕەفتاری تازەشی لەگەڵ خۆی هێناوە، بۆیە دەڵێم، ئایا تەئکید کردن  لە سەر ئەوەی ئێمە لە جیاوازییەکاندا تەنانەت دە ئیختیلافی زۆر توندیشدا دیسان لە سەر لانی کەمی ئەو شتانەی کە لە درێژخایەندا بە قازانجی هەموو خەڵک تەواو دەبێ، دەبێ یەکبگرین. مەبەستی من تەئکیدی زیاتر لە سەر ئەوە بوو.
وەلی: بەڵێ، دیارە ئەوەندەی ئەمن دەزانم دە بەینی حیزبەکاندا ئەو جوورە بۆچوونە، یانی  ئەو جوورە سیاسەتە هەم پشتیوانی هەیە هەم موخالیفی زۆرە. دەبێ کارێک بکرێ ئەو هێزانە لێک نزیک بنەوە و مەسەلەیەکی دیکەش ئەوەیە کە واقیعەن مەترسییەکی گەورەیە بە نەزەری من کە دەرەجە و شیدەتی موخالەفەت دە داخڵی ئەو حیزبانە دا، دە ژوورەوەی ئەو حیزبانە دا نیسبەت بەو سیاسەتەی مومکینە ئەو حیزبانە لەت بکا، تووشی ئینشیعابی داخیلییان بکا. کە لە شەرایتی فێعلی دا بە باوەڕی من ئەوە وەکوو ئینتیحاری سیاسی وایە جا بۆ ئەوەی پێشی ئەوەش بگیرێ ئەمن فکر دەکەم کە سەرۆکایەتی ئەو حیزبانە دەبێ ڕێگا حەلێکی بۆ هاوکاری لەگەڵ یەکتری ببیننەوە چون ئەمن ئەو جۆرەی کوتم وەختێکی سیاسەتێکی ئەساسی ئاوا هاوکاری لەگەڵ بەرەیەکی  دەستی ڕاستی ئێرانی کە دیارە، یانی ئەو جۆرەی کە دیارە لە ئیمکاناتی لۆجێستیک و ئیمکاناتی سیاسی و هەر واتر ئیمکاناتی پێوەندیی دەرەوە و ئەوانەی زۆرتر دەبێ هاوکاری لەگەڵ وەی دەبێتە پرسیارێک  بۆ ئەندامەکانی ئەو حیزبانە. ئەلئانیش بووەتە پرسیارێک، ئەگەر وابێ دەبێ ڕێگایەک بۆ وەی ببینەوە چون  ئەگەر هات و موخالەفەتەکان بە دەرەجەیەک گەیشتن کە ئەو حیزبانە تووشی ئینشیعاب بن مەسەلەی کوردی تووشی قەیرانێکی گەورە دەبێ.  ئەوە مەترسییەکە کە سەرۆکەکانی حیزبەکان دەبێ فکری لێ بکەنەوە. جا ئەگەر فکر لەوەی بکەنەوە. ئەوە بە نەزەری من مەجبوور دەبن، ئەگەر بە شێوەیەکی مەعقوول و بە شێوەیەکی نەتەوەیی و نە بەشێوەیەکی حیزبی، بە شێوەیەکی نەتەوەیی فکر لەوەی بکەنەوە ئیمکانات بۆ هاوکاری دەهێننە پێشێ. ئەگەر بەشێک لەو ستادەی حازرە کە لەگەڵ ئەو پێکهاتەی دەستی ڕاستی ئێرانییەکان، هاوکاری لەگەڵ وان بکا بە باوەڕی من حدوودی ئەو هاوکارییەی دەبێ مەعلووم  بکەن و هێزەکانی دیکە لە ماهییەت و چۆنیەتی ئەو هاوکارییە خەبەردار ببن. ئەگەر ئەو هاوکارییە بە سووڕەتێکی فەردی و مونفەرید ببێ موشکیلاتی گەورە دێنێتە پێشی. مەسەلەیەک هەیە ئەلئانەکە دەبینین پەژاک و حیزبی کۆمۆنیست و خەبات و ئەوانە لە دەرەوەی " ناوەندی هاوکاری" ماونەوە بە باوەڕی من هێزێکی زۆر لە وتوێژ/موزاکەرات لەگەڵ ئێرانییەکان، هێزە ئێرانییەکان، هێزێکی زۆر بە هەدەر دەچێ و بە بەلاش دەڕوا. ئەمن فکر دەکەم کە دەبێ پێشی وەی بگیرێ و هەر واتر لێرە ئەمن داوا دەکەم لە سەرۆکایەتی پەژاک و هەرواتر کۆمەڵەی کۆمۆنیست کە لێرە هێندێک تێبینی تازە بکەن. بەراوەردێکی تازە لە وەزعەکەی بکەن  و ئەو بەراوەردی تازە لە سەر میحوەرێکی نەتەوەیی ببێ نەک میحوەرێکی حیزبی ئەگەر ئاوا بێ ئیمکانی هاوکاری لەگەڵ حیزبەکانی دیکە دێتە گۆڕێ ئەگەرچی، ئەوەندی ئەمن دەزانم ئەو ناکۆکییەی کە ئێستا هەیە تەنیا بۆچوونی ئیدێئۆلۆژیکی پەژاک و کۆمەڵەی حیزبی کۆمۆنیست نییە ئەوە مەسائیلی دیکەش هەیە دە " ناوەندی هاوکاری" دا هەم لە حیزبی کۆمەڵە دا و هەم لە حیزبی دێمۆکڕاتدا موخالەفەتی ئەساسی لەگەڵ ئەو هاوکاریانە هەیە  کە ئەمن فکر دەکەم دە شەرایتی فێعلی دا پێداگرتن لە سەر ئەو مەسائیلەی  زۆر تێکدەرە، زۆر موخەریبە.
ئەمن لێرە تەکیدی زۆرتر و زۆرتر دەکەم  کە ئێمە دەزانین کە، فەقەت دەتوانین بڵێین کە ئەگەر ئەو وەزعە بەردەوام بێ  جمهووری ئیسلامی دەڕووخێ بەڵام ئێمە نازانین  جمهووری ئیسلامی چۆن دەڕووخێ و شێوەی ڕووخانی جمهووری ئیسلامی سیاسەتی تایبەتی خۆی پێویستە. ئەوەی کە چۆن دەڕووخێ ئایا ڕووخانەکە دە  نێو خۆیدا دەبێ، لەتارانێ دەبێ، ئایا پەراوێز هەڵدەستێ؟ ئەمە هیچ لەو مەوریدەی دا، حەدی ئەقەل ئەمن کە هەرچی  فکری لێ دەکەمەوە هەر سێناریۆیەکی کە بە فکرم دەگا فەقەت حەدسییاتە یانی واقیعەن هیچ شتی کۆنکرێتم لە بەر دەست نییە کە بڵێم جمهووری ئیسلامی چۆن دەڕووخێ. بەڵام لێرە بەعزە سیاسەتێک هەیە کە دەبێ  ئاگادار بین بۆ وێنە لە مەوریدی حیزبی کۆمەڵە و هاوکاری یا بۆچوونی وانە لە ناوەندی هاوکاریدا. ئەویش ئەوەیە  کە بەعزە خەتێک هەیە کە بە باوەڕی من دەبێ پێی لە سەر دابگیرێ ئەوەیش مەسەلەی چۆنیەتی مانەوە و هاوکاری سپای پاسداران و بەسیج لەگەڵ ئەو هێزەی دەبێ کە دەیەوێ جێی جمهووری ئیسلامی بگرێتەوە. ئەوە مەسەلەیەکی حەساس و حەیاتییە، بە باوەڕی من هێزە کوردییەکان  ئەو حەقەیان هەیە کە ئیسرار بکەن پێدابگرن  کە لە ئێستاوە ئەوە مەعلووم بێ. ئەو وەزعە مەعلووم بێ کە بزانین ئەو هێزە چی بەسەر دێ  ئایا هەر ئەو جوورەی کە ڕەزا پەهلەوی دەڵێ بەشێکی زۆری ئەوە دەمێنێتەوە یا بۆ وێنە دە بەرابەری وەیدا پێشمەرگە دەبێ بە پۆلیس. بە نەزەری من  ئەوە سێناریۆیەکی منداڵانەیە. وا نابێ ئەگەر هێزێکی وەکوو پاسداران کە چل ساڵە کلیلی ئابووری و نیزامی و ئەمنییەتی ئێرانێی دە دەست دا بووە مانەوەی ئەو هێزەی حەتتا بەشێکی وەی تایبەتمەندییەکانی خۆی هەیە کە ئەگەر ئەو تایبەتمەندییانە ئەلئانەکە شی نەکرێتەوە و موحاسەباتی ئەساسی لە سەر نەکرێ بە باوەری من هەموو هیزە ئێرانییەکانی غەیری پەهلەوی، غەیری پەهلەوی و ئەوانە بە تایبەتی هێزە کوردییەکان زەرەرێکی گەورە دەکەن لێرە. ئەوە وەکوو ئەڕتەشی زەمانی شای نییە یا ئەڕتەشی سەدامی نییە ئەوە هێزێکە  کە کولەن حکوومەت و حاکمییەتی ئێرانێی دە دەستی دایە. و مانەوەی ئەو هێزەی تایبەتمەندی خۆی هەیە. حەتتا مانەوەی بەشێک لەوەی، حەتتا مانەوەی ئەو فەرماندەیانەی کە وەپەراوێز خراون.فکر دەکەم هومێدی سەلتەنەت تەڵەبەکان ئەوە بێ کە بەشێک لەوانە کە ناڕازین دە خودی سپای دا بەشێک لەوانە  دە پەراوێز خراون. ئەوە مەسەلەکەی شت ناکا چون ئێمە دەبێ ئەوەی بزانین کە هەر ڕێکخراوەی ژیانی خۆی هەیە ، هەر ڕێکخراوەیەک بیرۆکڕاسییەکە، هەر بیرۆکراسییەی تایبەتمەندی ژیانی خۆی هەیە. ئەو تایبەتمەندی ژیانی ئەو ڕێکخراوانە بە گۆڕینی  نێو لە سەر دەرکەی حەل نابێ. ئەوە مەسەلەیەکی ئەساسی یە بە باوەڕی من هێزە کوردییەکان کە بەرەو ئەوە دەچن کە لەگەڵ ئەو جەماعەتەی یا ئیتیلاف بکەن  یا واریدی هاوکاری ببن دەبێ لەو ستادەیدا ئەوشتانە حەتمەن لەبەر چاو بگرن چون پاسداران وەک ئەرتەش، ژاندارمەری یا پۆلیسی شای نییە. ئەو دامەزراوە نزیکەی شێست لە سەدی ئابووری ئێرانێی دە دەستی دایە.
قازی: لەبەر ئەوەی کە کاتمان کەمە، نزیکەی پازدە دەقیقەمان ماوە یەک دوو نوختەی دیکەش هەیە کە باسی بکەین یەکێک لەوانە مەسەلەی ئەو مەنشوور و داوخوازییانەیە کە هەتا ئێستا چەندین بەڵگەی وا بڵاو کراوەتەوە، بە تایبەتی ئەوی زۆر گرینگیان کە لە ٢٥-ی ڕێبەنداندا  بڵاو کراوە بە ناوی: " مەنشووری داوخوازە لانی کەمەکانی تەشەکولە سینفی و مەدەنییە سەربەخۆییەکانی ئێران:" کە لەو بارەیەوە تێکۆشەرێکی کورد خانمی شیوا عامیلی ڕادی شەفیعی  کە دیارە بۆخۆی ئەندامی پێشووی  شووڕای هەمئاهەنگی تەشەکولە سینفییەکانی فەرهەنگیانی ئێرانە  لە بەرنامەیەکی  تێلێڤیزیۆنی  بی بی سی فارسیدا زۆر بە ڕێکوپێکی  و بە وردی نزیکەی دووسێ حەوتوو لەمەو پێش  ئەو مەنشوورەی ئەوانی شی کردەوە. دیارە پێش ئەوەش پەیماننامەکی دیکە کە دیارە بە کوردیش وەرگێڕدراوە: " پەیماننامەی  گشتگیری مافەکان لە لایەن ئاکادێمیستەکان بۆ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی " بڵاو بووەوە کە دیارە ئەوە زۆر بە دیقەت و وردی بە تایبەتیش ئەهەمییەت دان بە بەکارهێنانی زمانە نەتەوەییەکانی غەیری فارسیشیان لەبەر چاو گرتووە چونکە  عەینی ئەو پەیماننامەیان بە زمانی  غەیری فارسی بە کوردی، بە بەلووچی، بە  تورکی ئازەربایجانی و بە عەڕەبی بڵاو کردووەتەوە.
بە هەر حاڵ ویستم بە گشتی لێکدانەوەت لە سەر ئەو داوخوازانە بزانم. وا بزانم لە دەرەوەی وڵاتیش ڕا حەولی ئەوە هەبووە کە  لە لایەن کوردەکانەوە مەشنوورێکی ئاوا بنووسرێ. مەبەستم کۆمەڵگەی مەدەنی کوردییە دیارە حیزبە سیاسییەکان بەرنامەکانیان ئاشکرا و مەعلوومە .

وەلی: بە باوەری من دە دەرجەی ئەوەڵدا ئەو مەنشوورانە ئەوەی دەگەیێنێ کۆمەڵگای مەدەنی لە ئێرانێ زۆر زیندووە، زۆر هەستیارە، زۆر بە باشی و دیقەت  ئەو هەلومەرجەی تەعقیب دەکا. وە هەر ئەوەی کە ئەوە بە چەند زمانان، بە زمانی پەراوێز بە ئیستیلاح دەرکەوتووە نیشان دەدا کە ئەوانە ئەو ماهییەتی دێمۆکڕاتیکی پلورالیستی  هووییەتی ژینایان بە باشی دەرک کردووە. ئەوە دەستخۆشی دەوێ هەر واتە بە باوەڕی من ئەو  داوخواز و ویستانەی کە دەو مەنشوورانە دا هاتووە  هەم مەنشووری تەشەکولەکانی سینفی و مەدەنی و هەم  مەنشووری مامۆستا کانی زانکۆی  هەر دووک ئەوانە زۆر زۆر پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ  داوخوازییەکان و پێداویستیەکانی کۆمەڵگای ئێرانێ هەر واتر کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتێ. ئەوە شتێک نییە  کە کەسانێک لە دەرەوەی وڵاتی دانیشتبن و بەرنامەیان دانابێ. ئەو شتانەی کە دەو مەنشوورانە دا گوتراوە زۆر زۆر گرینگن لەبەر ئەوەی کە بۆ کەسانێکی، هەر واتر ئەمن لێرە ڕووم لە حیزبەکانە، ئەحزابی سیاسی کوردی  کە دەیانەوێ بەرنامەڕیزی دابنێن  ئەو بەرنامەیە بەرنامەیەکی زیندووە بەرنامەی ئەوڕۆیە. ئەوە لە ڕووی بەرنامەی فلان حیزبی نازانم  پەنجا، حەفتا هەشتا ساڵ لەوەپێش دانەندراوە ئەو بەرنامەیە باسی مەسائیلێکی دەکا کە مەسائیلی ڕۆژی ڕۆژهەڵات و ئێرانێ یە. بۆیە ئەو شتانەی..
قازی: شتێکی دیکەش هەیە یانی ئەگەر بە ڕاستی ناوەرۆکی ئەو پەیماننامەیە جێ بەجێ بکرێ  تەقریبەن شتێکی وا نامێنێتەوە، زۆر شت جێ بەجێ دەبێ.
وەلی: بەڵێ، بێ تەڕدید. ئەمن واقیعەن دەستخۆشی دەکەم  لەو مامۆستایانە کە ئەو بەرنامەیان نووسیوە  زۆر ڕێکوپێکە، هەستیارە،  و ئاگاییەکی زۆر قووڵ لە شەراییتی ئێرانێ دەگەیێنێ، لە شەڕایتی کوردستانێ دەگەیێنێ  و ئەمن پێم وایە ئەگەر بەرنامەڕێزی بۆ داهاتووی بکەین ئەوە دەبێ ببێتە، بابەتی وا کە لە خودی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات یا خودی ئێرانێ را گەڵاڵە دەکرێ ئەوە مەسەلەیەکە کە دەبەێ لەبەر چاو بگیرێ و دەبێ سوودی لێ وەربگرین. ئەمن لێرە دایە کە  شتی وا دەبینم کە دەقیقەن دەقیقەن لەگەڵ ڕووحی شۆڕشی ژینا یەک دەگرێتەوە.  ئەوە زۆر گرینگە. بەشی زۆری بەرنامەکانی ئەحزابی ئێمە ئی پێش شۆڕشی ژینایەن. یانی بەشی زۆری نا حەمووی ئی پێش شۆڕشی ژینایەن ئەلئان ئەوانە دەبێ تازە بکەێنەوە. تازە کردنەوەی ئەوانە دەبێ مەسائیلێکی لەبەر چاو بگرێ  کە بەشێک لەو مەسائیلە بەشێوەیەکی زۆر ڕاشکاو، دروست و مەنتقی  دەو مەنشوورانە دا هاتوون. مەسەلەن ئەمن شتێکم کوتووە جەماعەتێک تێی نەگەیشتوون ئەوەیە کە دەڵێـم لەو مەنشوورەی ١٩  تەشەکولی سەربەخۆی سینفی و مەدەنی دا  دەوێدا پاش ٤٤ ساڵان کە چەپی ئێرانێ فەشەل بوو، چەپی ئێرانێ کەوتە پەراوێز، بەشێکی بوو بە ناسیۆنالیستی ئیفراتی فارس، بەشێک بێدەنگ بوو، بەشێک جووە مەرکەزگەرایی یێ  دەکا و ئەوانە. لێرە دا پاش ئەو مودەتەی دەبینم کە بۆ جاری ئەوەڵ لێرە باسی (ستەمی میللی)  دەکەن ئەوە پێش  شۆڕشی  ١٣٥٧ زۆر باو بوو، بەڵام پاش شۆڕشی ٥٧ خەفەیان کرد.
قازی: مامۆستا یەک شت بڵێم لێرە. لەو مەنشوورەی تەشەکولە سەربەخۆیە سینفی و مەدەنییەکانی ئێراندا  ئەوەی کە تۆ دەفەرمووی { ستەمی میللی } باس کراوە دروستە بەڵام وەکوو باسکردنی مەسەلەی میلیی بەشێوەیەکی کۆنکرێت و تایبەتی  وەکوو بەڕێز شیوا عامیلی ڕادیش لە بی بی سی دا باسی کرد ئەو کەمایەسییەی هەیە یانی بە گشتی دەبێ پشتیوانی لێ بکرێ و کەمایەسییەکانیشی دەبێ زەق بکرێتەوە.

وەلی:بەڵێ، دەقیقەن. ئەخر ئەگەر شتێک دابمەزرێ و لە سەر وەی لەگەڵ وان موزاکەرە بکرێ ئەوە بنەماکەی داندراوە بەو چەمکی " ستەمی میللی" ئەمن ئەوەی ناڵێم  کە ئەو مەنشوورانە حەتتا بە شێوەیەکی شێماتیک و کولی بەرنامەکی میللی/ نەتەوەییان تێدایە،نا وانییە.  بەڵام ئەوە بنەمایەکی زۆر بەهێزی دێمۆکڕاتیک دەکرێ لە سەر  وەی دابمەزرێندرێ و دەکرێ لە سەر ئەو بنەمایە موزاکەرات بکرێ. ئەوە زۆر گرینگە ئەمن بە تایبەتی ئەوەی زانکۆکاران زۆر زۆر بە شتێکی پۆزیتیڤ دەزانم، زۆر بە شتێکی تازەی دەزانم . دەزانم کە ئەوە بەڕۆژە، دەزانم کە دەو پێنج شەش مانگەیدا ئەوانە دانیشتوون فکریان لێ کردووەتەوە و بەرهەمی فکری وانەیە و ئەوە بەرنامەیەک نییە کە پێش شۆڕشی ژینای لە کۆمیتەی مەرکەزی فڵان جێگای تەسویب کرا بێ. ئەوە شتێکی تازەیە و حەتمەن دەبێ لەبەرچاو بگیرێ. ئەمن لەگەڵ تەواوی داوخوازەکانی مەنشوورەکەی مامۆستایانی زانکۆ هەم  بە باوەڕی من مەنتقی، مەعقوول و حەمووی لە جێگای خۆیەتی.


قازی: مامۆستا مەسەلەیەکی دیکەش کە دیارە لەو دووسێ حەوتووی ڕابردوو دا ئاکتوێل بووە ئەویش  زاراوی کردنی قوتابی و خوێندکارانی کچە و وا دەردەکەوێ کە ئەوە حەولێکی سیستماتیکە  چونکە لە زۆر شار و ناوچان دووپاتە دەبێتەوە و دەکرێ ئەوەی تێ بخوێندرێتەوە کە ئەوە بەجۆرێک ڕێژیم دەیەوێ خەڵک چاوترسێن بکا و بە تایبەتیش  لەبەر ئەو دەورەی کە ژنان گێڕاویانە لە پێشڕەوی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دا. جەنابت  لێکدانەوەت چییە سەبارەت بەو کارە نا ئینسانییەی کە دەکرێ؟
وەلی: بە باوەرێ من ئەوە دیارە کە کارێکی زۆر نائینسانی یە. و کاری حکوومەتێکە کە هیچ جوورە سنوورێک بۆ بەکارهێنانی زەبر و زەنگ دانانێ بەڵام ئەوەی کە ئەساسییە، ئەوەی کە هەدەفەکەی لە سەر ژنان بووە، دە ئەسڵدا مانەوەی ئاپارتایدی جینسییەتی تەئیید دەکا کە چەندە بۆ سیستمی ئەو ڕێزیمە و دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە گرینگە. ئەوەش نیشان دەدا کە چ پێوەندییەکی ساختاری و ئەساسی  لەنێوان باب سالاری/ پیاوسالاری و هەر واتر دەستەڵاتی سیاسی لە ئێرانێ هەیە.  جا لەبەر وەی تەئکیدەکە لە سەر ژنانە دە عەینی حاڵدا نیشان دەدا  کە ئەو تەعبیرە کە شۆڕشی ژینا دە دەرەجەی ئەوەڵدا شۆڕشی ژنان بە دژی ئاپارتایدی جینسییەتی بوو تەعبیرێکی دروستە و ڕێژیم دەوەی گەیشتووە و ئەمڕۆ ڕەئیسی قووەی قەزائییە، یانی دە ئەسڵدا وەزیری داد کوتوویەتی کەسانێک کە حیجاب وەلا دەنێن  مەحکووم بە ئەشەدی موخازات دەبن . ئەوە حەولێکی بە باوەڕی من زۆر زۆر نەخۆشانە دە عەینی حاڵ زۆر لاواز و زەعیفانەیە بۆ  گەڕانەوە پێش ١٦-ی سێپتامبری  ٢٠٢٢. ئەوە ناکرێ و تازە نابێ و ئەو پێووەندییەی بەینی باب سالاری / پیاو سالاری  و شەریعە و دەسەڵاتی سیاسی ئەو پێوەندییە خەباتی ژنان و جەوانان  دە دەرەجەی ئەوەڵدا هەر واتر خەباتی کۆمەڵگای مەدەنی بە شێوەیەکی گشتی ئەو پێوەندییەی  پچڕاندووە. بە زەبر و زەنگیش ئەگەر بیانەوێ ئەوەی بچەسپێنن  ئەو چەسپاندنە زۆر شتێکی کاتی دەبێ و بە هەر جۆرە فشارێک ئەوە لە باڵ یەک دێتە دەرێ دیسان. ئەو بنەمایە نەماوە و ئاپارتایدی جینسییەتی  ئەگەر ڕێژتمی ئێرانێ بییەوێ واقیعەن مودەتێکی دیکەش بەردەوام بێ دەبێ بنەمایەکی بە غەیری ئاپارتایدی جینسییەتی  و ئاپارتایدی نەتەوەیی  بۆخۆی ببینێتەوە.
قازی: باسی ئەوە دەکرێ کە بەجۆرێک دەیانەوێ ئەو حیجابی ئیجباری بە زۆری بهێننەوە مەیدانێ بەڕێزت پێت  وایە تازە دەتوانن ئەو کارە بکەن؟
وەلی: بە باوەڕی من ئەگەر بیکەن بە زەبرو زەنگ زۆر کاتی دەبێ  و دە تەواوی ئێرانێدا نابێ. ئەمن فکر دەکەم لە هەرجێگایەکی کە ژنان بتوانن، ئەو ژنانەی کە دە کۆمەڵگای مەدەنی دا دە بەرابەری دەسەڵاتی جمهووری ئیسلامیدا ڕاوەستاون هەر وختێکی کە بتوانن ئەو دیوارەی دەشکێنن و شکاندوویانە. ئەوە تازە خۆی ناگرێتەوە و ئەوە مەسەلەی ئەوە نییە کە دەبێ یان نابێ مەسەلە ئەوەیە  کە چەندە دەکێشێ کە ئەو دیوارە کولەن بڕووخێ.
قازی: زۆر زۆر سپاست دەکەم مامۆستا وەلی بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا، داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.
وەلی: زۆر سپاس ئەمنیش سپاس لەنگۆ دەکەم، هەر واتر لە بینەران و بیسەرانی ئێوە، شەوێکی خۆش
قازی
: زۆر سپاس شەوخۆش. بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە  بەرنامە ڕاوێژی ئەمجارەش بە کۆتا دێنین. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

تێبینی: ئەم بەرنامەی پێنجشەمە ٩-ی مارسی ٢٠٢٣ سەعات ٧-ی ئێوارێ بە کاتی ناوەندیی ئوڕووپا ڕاستەوخۆ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک  بڵاو کراوەتەوە. لەم لینکە دا دەتوانن ڤیدێئۆی ڕاوێژەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب دا ببینن.
https://youtu.be/wNkvqXYARUk







 

No comments: