Saturday, March 2, 2024

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی. پێنجشەمە ٢٢-ی فێڤرییەی ٢٠٢٤

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو
سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی. پێنجشەمە ٢٢-ی فێڤرییەی
٢٠٢٤

حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە بەرنامەی ئەمجارەمان دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز عەدنان حەسەنپوور ڕۆژنامەوان و هەر وەها چالاکی سیاسی. لەم بەرنامەیە دا حەول دەدەین ئاوڕێک بدەینەوە لە شۆڕش یان بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە وەک دەزانن لە ماوەی ساڵی ڕابردووی زایینی دا سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە. لەم بەرنامەیە دا ئێمە حەول دەدەین لایەنە جۆر بەجۆرەکان، دەسکەوتەکان و خەسارەکانی باس بکەین. زۆر زۆر بەخێر بێی بەڕێز حەسەنپوور.
عەدنان حەسەنپوور: زۆر سپاس کاک حەسەن گیان.
قازی: بەڕێزت دیارە وەکوو کەسایەتییەکی ناسراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەسێکی کە دە ساڵ لە ژیانی خۆت لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دا ڕابردووە دەکرێ کەسێکی بە سەڵاحییەت بی بۆ قسە کردن لە سەر ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە ماوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ئێران دا ڕووی دا. زۆر باسی ئەوە دەکرێ کە ئایا ئەوە بزووتنەوەیە، شٶڕشە، سەرهەڵدانە، بەڵام بە لەبە چاوگرتنی ئەوەی کە ئەو ئاخێزە زۆر شتی تازەی لەگەڵ خۆی هێناوە بەڕێزت پێت وا هەیە لەو ڕوانگەیەوە دەتوانین پێی بڵێین شۆڕش یان نا. بۆ نموونە لە ڕێوڕەسمی ناشتنی کەسێک لەو گیانبەختکردووانە باوکی گوتی: " زەمانێک ئێمە ئەگەر دەمانویست بە یەکێ بڵێین زۆر پیاوە، بە یەکێ بڵێین زۆر بە غیرەتە، زۆر بە نامووسە، زۆر بە ویژدانە لە کەلیمەی چی ئیستیفادەمان دەکرد؟ دەمانگوت پیاو، زۆر پیاوە. ئەلعان پیاوێک کە بییەوێ زۆر پیاو بێ دەبێ زۆر ژن بێ. واقیعەن غیرەتی ژنەکان لە پیاوان زۆرترە." یان لە نموونەیەکی دیکە لە دەوروبەری پیرانشار باسی ئەوەی کرد کە کوڕە کووژراوەکەی بۆیە ناو ناوە کۆمار چونکە لە ڕۆژێکی تایبەتی دا لە دایک بووە کە ئەو ڕۆژەش هاوکاتەلەگەڵ ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆمەڵەی ژیانی کورد و دواتر حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران. ئەوانە دەتوانین بڵێین دیارەدەی زۆر تازەن لە کۆمەڵگەی مەدەنی دا و لە لایەن جەماوەرەوە تەبەنی کراوە. بەڕێزت ئەو لایەنە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
حەسەنپوور: زۆر سپاس کاک حەسەن گیان. ئەوەی کە ئێمە چ چەمکێک بۆ پێناسە کردنی ئەو بزووتنەوە یا ئەو سەرهەڵدانە، ئەو ڕاپەڕینە بەکار بێنین ڕەنگە نەختێک بە شێوەی ژێلاتینی ئێمە ئەمە بەکار بێنین. ئەوەی کە پۆلێن بەندییەکی زانستی بۆ بکەین ئەمە بە چی ئەتوانین بشوبهێنین، بە چ شتێکی تر ڕەنگە زیاتر بتوانین بڵێین بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە ڕووی لە شۆڕشە هەتاکوو ئەوەی کە شۆڕشێکی زۆر تەواو و یەکانگیر و زۆر تۆکمە بێت، ئەوە ڕەنگە پێناسەیەکی باشتر بێت بەڵام هەرچی بێت شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بوو بێگومان بەو مەعنا کە هەندێ لەو شتانەی کە لە کۆمەڵگا دا هەبوو هەوڵی داوە ئەو شۆڕشە با بڵێین ئەو بزووتنەوەیە هەڵی تەکاندووە. وە بەم مەعنایە بەڵێ شۆڕشە. وە بە مەعنایەکی تریش ئەمە درێژکراوە و با بڵێین هەموو ئەو بزووتنەوانەیە کە ساڵەهایە، ڕەنگە بڵێین سەد ساڵە لە کوردستان دا هەیە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا کە ئەڵبەتە بێ پێوەندی نییە بە هاوکێشەکانی دەوروبەرەوە چ لە ئاستی ئێران دا و چ لە ئاستی پارچەکانی تری کوردستان دا.
ئەم بزووتنەوەیە بەدەر لە هەموو خەسارەکانی کە دواتر هەوڵ دەدەین ئاوڕێکی لێ بدەینەوە گەورەترین بەرئەنجامێکی کە بووی لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا دەتوانین بڵێین گەورەترین پڕووڤەی ڕێکخستن و خۆ ڕێکخستن بوو. لە چ کاتێک دا؟ ڕەنگە ئێمە ئەزموونی پێشووترمان هەبێ، ئەزموونی سەرەتای دوای شۆڕشی ١٩٧٩ مان هەبێ کە لە ئاستێکی بەربڵاو دا خەڵک ڕێک خرابوون و ئامادە بوون و ئەکتی گەورە گەورە و کرداری گەورە گەورەیان ئەنجام دەدا. بەڵام ئەوە کاتێک بوو کە حیزبەکانی ئێمە لە ناو خەڵک دا بوون، لە ناو کۆمەڵگا دا بوون. ئەمجارە لەم سەرهەڵدانە دا، لە سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی دا حیزبەکانی ئێمە ئامادە نەبوون و هەموو ڕێکخستن و خۆ ڕێکخستنێک بەرئەنجامی کرداری خودی خەڵک بوو.
قازی: باشە نەبوونیان دەتوانین بە خەسار نێوی بێنین؟
حەسەنپوور: نەخێر، بەم مەعنایە کە من عەرزتانی دەکەم نەخێر. ئەمە بەو مانایە نییە کە حیزبەکان هیچ کاریگەرییەکیان نەبوو، هەیان بوو، بەڵام لە ئاستی خۆ ڕێکخستن دا و خۆ بە ڕكخستن دا خەڵک بوون زیاتر کە ئەو کارەیان کرد و ئەمە دەسکەوتێکی زۆر گەورە بوو چونکوو یەکەم جار بوو کە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ، بۆ چەندین مانگ خەڵک بتوانن ئەکتی زۆر گەورە بەڕێوە ببەن. ئەو هەموو مانگرتنە، خۆپیشاندانەکان، هەموو ئێوارەیەک لە زۆربەی هەرە زۆری شارەکان تێکهەڵچوون هەبوو لە نێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکان دا. پێرفۆرمانسی زۆر گەورە گەورە دروست ئەکرا ئەمە گەورەترین بەرئەنجامی ئەو سەرهەڵدانە بوو.
لە ئاستی تریش دا ئێمە ئەتوانین باسی دەسکەوتەکان بکەین؛ بۆ نموونە لە ئاستی ڕوون بوونەوەی گوتارەکان، یان ڕوون بوونەوەی سیمای لایەنە سیاسییەکان دا. چ لە ناو خودی کوردستان دا و چ لە ئاستی ئێران دا.
قازی: ئێستا ئەگەر جیای بکەینەوە لە پێشدا باسی کوردستان بکەین دوایە بێینە لای دیکە.
حەسەنپوور: لە کوردستان ساڵان بوو کە هەمیشە موناقەشەیەک هەبوو لە نێوان ئەوەی کە بزووتنەوەی کوردستان تا چەند پێوەندی بە موعادەلات و کێشەکانی هەموو ئێرانەوە هەیە یا تا چەند ئەتوانێ لەگەڵ بزووتنەوەی سەرانسەری ئێران دا خۆی بگونجێنێت. ئەم سەرهەڵدانە یارمەتی ئەوەی دا کە ئێمە بەرچاوڕوونییەکی زیاترمان بەرانبەر بەمە هەبێت. پێشتر هەندێ  با بڵێم خەیاڵ و تەسەورمان بوو  کە لە ئێران دا ڕەوتی دێمۆکڕاسیخواز زۆر زۆرن و ئێمە بە ئاسانی ئەتوانین لەگەڵ ئەواندا کاری گەورە گەورە بکەین. بەڵام " ژن، ژیان، ئازادی" ئەوەی پێ سەلماندین کە ئەوە تا ڕادەیەکی زۆر وەهمە.  لایەنی دێمۆکڕات و پێشکەوتنخواز لە ئێران دا یەکجار کەمە. ئەوانەش کە هەن لایەنی پچووک پچووکن کە زیاتر لە دەرەوەی ئێرانن، وەکوو لایەن عەرز ئەکەم ئەگینا وەکوو کۆمەڵگا دۆخەکە جیاوازە ئەوەی کە ئێمە لە ئێرانیانی دەرەوە ئەیبینین لەگەڵ ئەوەی کە لە ئێرانیانی ناوخۆ، مەبەستم  خەڵکی تاران یا شوێنەکانی تری ئێرانە، ئەیبینین دوو شتی جیاوازە ئەو خەڵکە باشترن لە ئێرانییەکانی دەرەوە بێگومان بەڵام وەکوو ڕەوت، وەکوو لایەن ئێمە لایەنێکی گەورەی دێمۆکڕاتی ئێرانمان یا نییە یا بە موساحەمەوە ئەتوانین باسی ئەوە بکەین. ئەمەی لەبەر چاو لابردین وە کوردیش ئەزموونی ئەوەی کرد ئێمە بینیمان هەندێ هەوڵ درا بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵێک لایەنی ئێرانی، کۆمەڵێک تاکە کەس و سێلێبریتی ئێرانی بڕێک کار بکرێت. بەڵام لە کردەوە دا شکست و فەشەلی هێنا و جگە لەوە فاشیزمێکی پەتی و ڕووت کە لەو ژێرەوە بوو کەمتر سیمای خۆی نیشان ئەدا.
قازی: باشە ئەگەر لێرە هێندێک ڕابوەستین پێش ئەوەی بگەینە لایەنی  خەسار و ئەوانە بەڕاستیش ئەگەر لەبەر چاو بگرین، لە حەفتەکانی ئەوەڵ دا، لە سەرتاوە بە کووژرانی ژینا لە تاران و هێنانەوەی مەیتی ئەو بۆ سەقزو لە سەقز ڕا ئەو بڵێسەیە تەنییەوە و هەموو ئێرانی گرتەوە ئەگەر ئێمە بەشێک لە پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵییەکان بکەینە پێوانە و لە ڕووی ئەوە ڕا قەزاوەت بکەین دەبینن کە بۆچوونی زۆر کراوە و زۆر پۆزیتیڤ هەبوو بە نیسبەت کورد یانی شتێکی کە نەدیتراو بوو بە ڕاستی لە ماوەی ئەو چل و چەند ساڵە دا بە تایبەتی لە لایەن ئەو لایەنانەوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەڵوێستیان هەیە لە ئاست ڕێژیمی ناوەندی دا. یانی ئەوە دەتوانین بە دەسکەوت دابنێین یان نا لە سەرەتاوە مەبەستمە.

حەسەنپوور: ئەڵبەت ئەوەی کە من دەڵێم سیمای فاشیزمیش دەرکەوتووە بە لای منەوە ئەوە دەسکەوتە. ئەو دۆخە ئێستاش تا ڕادەیەکی زۆر وایە کاک حەسەن. یانی لە ناوخۆی ئێران دا هەر ئەو ڕۆژانە لەگەڵ هاوڕێیەک دا قسەم دەکرد کەسێکی نزیکی زیندانی سیاسییە، لە زیندانی ئێران دا یانی لە دەرەوەی کوردستان ئەیوت ئەو ڕێزەی کە ئێمە هەمانە زیندانییە کوردەکان بەرانبەر بە ڕابردوو یەکجار زۆر بووە و زیاتریش ئەبێ. لە ناو کۆمەڵگاکەش دا هەر وایە. بەڵام یەک مەسەلە هەیە ئەمە کۆمەڵگایەکە کە هێشتا هیچ هێزێک نوێنەرایەتی ناکات. ئەگەر ئێمە گریمانی دۆخێک بکەین کە ئەم  دەسەڵاتە ڕووخاوە و ئەم هێزانە کە لە دەرەوەن ئەگەڕێنەوە یا کۆمەڵێک هێز کە لە ناوەوەن ئەتوانن ڕێکخستنی خۆیان دروست بکەن لەو کاتە دا ئێمە ئەتوانین نیگەران بین بەرانبەر بەوە چونکوو فاشیزم ئەگەرچی ئێستا زۆر بە قووەت نییە لە ناوخۆی ئێران دا بەرانبەر بە کورد، بەرانبەر بە ئەفغان بۆ نموونە بە قووەتە، بەڵام بەرانبەر بە کورد زۆر بە قووەت نییە بەڵام لەو کاتە دا ئەتوانێ بە قووەت بێ. هەمیشە فاشیزم سیحرێکی هەیە و ئەو سیحرە ئەتوانێت جەماوەرێکی زۆر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، ئەوەی کە ئێمە هوشیاریمان بەرانبە بەو، نیگەرانی و مەترسیمان پەیدا کردووە بێگومان ئەمە دەسکەوتە. لەم ئاستە دا عەرزم کردی دەسکەوتە.
قازی: بەڵام شتێکی دیکەش ئەگەر بەردەوام بی لە سەر دەسکەوتەکان، لایەنێکیشی ئەوەیە کە ئەو جووڵانەوەیە بێجگەلە کوردستان لە جێی دیکەش هەبوو، بۆ نموونە لە بەلووچستان دەتوانین بڵێین بەردەوامی زیاتریش بوو و لە خودی ئێرانیش ئەو دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" کە لە سەرەتاوە لە باکوورەوە هاتووە و چووەتە ڕۆژئاوا و دوایە هاتە ڕۆژهەڵات و ئێران و دەتوانین تا ڕادەیەک بڵێین دنیای داگرت مومکینە لە درێژخایەن دا نەسلێکی دیکە وەکوو دروشمی شۆڕشی فەڕانسە باسی لێوە بکەن. لە ئێرانیش تەئسیری هەبوو، یانی مەبەستم ئەوەیە کە بۆ خۆی مۆتیڤێک بوو بۆ ئەو دەورەی کە بەتایبەتی ژنان گێڕایان و بەتایبەتی تریش دژایەتی لە بەرانبەر بەکارهێنانی حیجابی ئیجباری هاتە گۆڕێ. یانی ئەگەر بکرێ ئەو زەمینانەش هێندێک زیاتر شی بکەیەوە.
حەسەنپوور: لایەنێکی تر لە دەسکەوتەکان ڕێک هەر ئەوەیە بۆ یەکەم جارە کە کورد توانیویەتی ئایدیایەک بخاتە بەردەست و هێژمۆنی بکات. پێشتر توانیبووی ئایدیا بخاتە بەر دەست هەر لە سەردەمی شۆڕشی ١٩٧٩ ش دا ئایدیا و با بڵێین گوتاری سیاسی کوردستان پێشکەوتووتر بوو لە هەر هەموو گوتارەکانی ناو ئێران. بەڵام کورد نەیتوانیبوو هێژمۆنی بکا، زاڵی بکا بە سەر فەزای گشتی ئێران دا. لەم سەرهەڵدانە و لەم گوتارە دا کورد توانی ئەوە بە دەست بێنێت، توانی هێژمۆنی بکات و توانی شۆڕی بکاتەوە بۆ شوێنەکانی تری ئەو جوگرافیایە بۆ نموونە هەر بەلووچستان کە ئێوە ئاماژەتان پێ کرد بەلووچستان ئەزموونێکی زۆر کەمی لە گوتاری با بڵێین مۆدێرن دا هەیە. خەڵکێکی زۆر ستەم لێکراو و چەوساوەن، زۆر پەراوێز خراون بەڵام ئەزموونیان کەمترە لە گوتاری پێشکەوتنخوازانە، تا ئێستا زیاتر ڕێکخستنەکانیان یان با بڵێین دەرکەوتن و نواندنەوەی کۆمەڵایەتییان لە چوارچێوەی مەزهەب دا بووە. ئەم گوتارە؛ گوتاری ژن، ژیان، ئازادی یارمەتی ئەوەی داوە کە ئەوانیش هەنگاوێکی گەورەتر هەڵبگرن و کاریگەرییەکی گەورەتری داناوە. بێگومان ئەمەش یەکێکی ترە لە دەسکەوتەکان چ لە ئاستی کوردستان دا و چ لە ئاستی باقی شوێنەکانی ئێران دا.
قازی: جا ئێستا ئەگەر لایەنی دیکەی دەسکەوتەکان باس بکەی.
حەسەنپوور: یەکێکی تر لەو شتانە کە ئێوەش باستان کرد بە تەوەر بوونی ژنە. یانی ژن بوو بە تەوەری سەرەکی یەک وتاری کۆمەڵایەتی – سیاسی. ئەمە لە چ ڕوانگەیەکەوە گرینگە لەو ڕوانگەوە کە ژن هەڵگری ئەو قابیلییەتە هەیە کە بتوانێت لە وجوودی خۆی دا، ژن وەک چەمک، لە وجوودی خۆیدا هەموو ستەمە لە سەر یەک داندراوەکان، هەموو ستەمە جۆراوجۆرەکان کۆ بکاتەوە و یارمەتی ئەوە بدات کە گوتارێک دروست ببێت کە هەموو کێشەکانی کۆمەڵگا لە خۆ بگرێ، نە ئەوەی تەنها گوتارێک بێ بابڵێین کێشەی نەتەوەیی کورد لە بەر چاو بگرێ، یا کێشەی کولتووری لەبەر چاو بگرێ، یا ئاستێکی تری مەسەلەکە لەبەر چاو بگرێ. چونکوو ژن، ئیتر ئەم قسانە ڕەنگە زۆر تازە نەبێ، زۆر ئەم قسانە کراوە، بەڵام دووبارە کردنەوەی زەروورەتی باسەکەمانە. ژن بەدەر لە هەموو ئەو ستەمانەی کە هەیە و هەموو ئینسانەکان ئەزموونی ئەکەن ستەمێکی تر تەجروبە ئەکات کە هەمان ستەمی جینسی یا ستەمی جێندری یە. وە ئەمە وای لێ ئەکات کە هەنگاوێک ئەولاتر بێ لە هەست کردن بە ستەم. کاتێک کە تۆ ژن ئەخەیتە ناوەندی گوتاری سیاسی – کۆمەڵایەتی یانی ئەتەوێ هەموو ستەمەکان بپێکیت وە هەموو لە دەوری ئەو نوقتە مێحوەری یەدا پێناسە بکەیت بە مەعنا ئێمە ئەتوانین تێگەیشتنێکی تازە لە چەمکی عەداڵەت و لە چەمکی ئازادی دەستەبەر بکەین بۆ خۆمان. وە ئەمە تا ئێستا ڕووی نەدابوو بۆ ئێمە. پێشتر هەر شتێکی کە لە ناوەندی گوتاری سیاسی – کۆمەڵایەتی کوردستان دا بوو نەیئەتوانی هەموو شت کۆ بکاتەوە لە دەوری خۆی بەڵام ئەم گوتارە؛ گوتاری ژن، ژیان، ئازادی ئەم قابیلییەتەی هەیە.
قازی: باشە، لێرە دا پرسیارێکی زۆر گرینگ دێتە گۆڕێ؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆر جارباس دەکرێ وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی کورد و غەیری کوردیش کەس چاوەڕیی ئەوەی نەدەکرد کە لە پڕ ڕا جووڵانەوەیەکی ئاوا جەماوەری و گشتگیر هەڵبقوڵێ و ئاوا زوو بتەنێتەوە و بەشێوەی ڕێژەییش بەردەوامی تێدا هەبێ. هەر ئەو مەسەلەیە، هەر ئەو بۆچوونە سەبارەت بە مەسەلەی ژن ئەگەر پێشینەیەکی مێژوویی نەبێ هەر وا هەڵقوڵا؟ یان پێت وایە ئەوە چۆناوچۆن بوو.
حەسەنپوور: نەخێر پێشینەی هەیە بێگومان هەم با بڵێین وەک گوتارەکە کە ئێمە لە ئاستی کوردستان دا ئێمە دەزانین ئەو گوتارە پێشینەیەکی هەیە، لانی کەم لە دوو پارچەی تری کوردستان دا بووە بە سەرچاوەی کۆمەڵێک جووڵەی سیاسی- کۆمەڵایەتی زۆر گەورە و لەوێوە شۆڕ بووەتەوە هاتووە بەرەو ڕۆژهەڵات، هەم لەم ئاستە دا و هەم لە ئاستی گۆڕانی کۆمەڵایەتییە زۆر قووڵە کە ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران دا ئەزموونمان کردووە. دیارە ژن بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران حوکمی جۆرێک عەلەم و پەرچەمی بووە، کاتێک کە ئەڵێ حکوومەتی ئیسلامی ئەم حکوومەتی ئیسلامییە پێویستی بەوەیە کە لە فۆڕم دا، لە ڕواڵەت دا شتێک بنوێنێت کە جیای بکاتەوە لە شتە هاوشێوەکانی، لە حکوومەتەکانی تری دونیا. یەعنی کاتێک کەسێک لە دوورەوە سەیر ئەکا تێبگا کە ئەم مەملەکەتە جیاوازە لە باقی شوێنەکان. ژنی سەرداپۆشراو، ژنی موحەجەبە ئەو هێما و نیشانەیە کە کۆماری ئیسلامی پشتی پێ بەستووە. کە وایە ژن بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕێک ئامانجێک بووە کە جمهووری ئیسلامی، کۆماری ئیسلامی گرتوویەتە نیشان بۆ ئەوەی کە خۆی پێ بنوێنێتەوە، خۆی پێ پێناسە بکات، بۆیە ژن زۆر چەوساوە بووە. بەڵام، لە هەمان کات دا بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان و لە ئێران دا توانیویەتی ڕەوتێکی بەرەنگارانە، ڕەوتی بەرگری و بەرخوەدانی هەبێت بە درێژایی ئەو ساڵانە زۆر ڕێکخراو دروست بووە، دونیایەک ئەکت کراوە یەعنی ئەوەی کە ئێمە بڵێین ئەمە بەرهەمی یەک ساتە وەخت بوو لە دەقیقەیەک و لە چرکەیەک دا شتێک لە دایک بوو لە هیچ کام لەو ئاستانە دا ڕاست نییە. نە لە ئاستی ئەوە دا کە ئەم گوتارە لە پڕ لەو نوقتە دا لە دایک بوو، چ وەکوو دروشم، چ وەکوو گوتارێکی سیاسی لە ئایچی دا لە دایک بوو، نا لەو نوقتە دا لە دایک نەبوو، و چ لە ئاستی ئەوەدا کە بڵێین هیچ پاشخانێکی لەو جوگرافیا تایبەتە دا نەبوو لە هەر دووکیان دا ئەو پاشخانە هەبوو و جووڵەی ژنان لە ساڵانی پێشووترەوە بە زەقی و بە ئاشکرا ئەبینرا.
قازی: پێت وا هەیە ئەو ئازادیخوازانەی کە دەو ساڵانە دا مەجبوور بوون بە هۆی جیاوازی سیاسی لە زیندانەکان دا بن ئایا  ئەوە کاردانەوەی هەبووە لە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی بە شێوەیەک لە شێوەکان بۆ بەسیج کردن و دنەدانی خەڵک؟
حەسەنپوور:زۆرشت تەئسیری بووە. ئەوەی کە زیندانەکان توانیویانە تا ڕادەیەک کاریگەر بن بێگومان وا بووە بەڵام، ڕەنگە بتوانین بڵێین لە زیندانەکان گرینگتر ڕێکخراوە مەدەنییەکان بوون کە دەورێکی یەکجار گرینگیان گێڕاوە، لە سەر ئەمەش قسە زۆر کراوە ڕەنگە زۆرێک لە قسەکانی من دووبارە بێت.  ڕێکخراوە مەدەنییەکان بابڵێین دوای نیوە نسکۆیەکەوە کە بە سەر شٶڕشی ڕۆژهەڵات لە دوای دەهەی شەستەوە هات و پێشمەرگە  بە جۆرێک لە جۆرەکان کشایەوە کۆمەڵگا بیری لە فۆڕمەکانی تری بەرگری کردەوە، فۆڕمەکانی تری موقاوەمەت و ڕووکردنە بواری کولتوور و چالاکییەکانی تر هەر بەو ئاڕاستەیە دا بوو کە پێشتر بەرەنگارییەک و بەرگرییەک وجوودی هەبوو بەڵام لەو قالب و لەو فۆڕم دا ئیتر ئیمکانی درێژەدانی نەبوو. لە ناو ئەم ڕەوتە دا دەیان ڕێکخراو دروست بوو، لە ئەنجومەنە ئەدەبییەکانەوە بگرە تا دواتر لە دەهەی هەشتا دا کە ئاڕاستەیەکی تری گرت و ئەنجومەنی جەماوەری تر وەکوو ئەنجومەنی ژینگە پارێزەکان دروست بوو.
قازی: ئەگەر دەکرێ لە سەر ئەوانە هێندێک زیاتر باس بکەی، لەوانەیە زۆر لە بینەران لە بەشەکانی دیکەی کوردستان تەنیا بە ڕستەیەک بابەتەکە نەناسنەوە، بۆیە ئەگەر دەکرێ وردتر باسیان بکە زەحمەت نەبێ.
حەسەنپوور: وەک عەرزم کرد لە کاتێکەوە کە پێشمەرگە حزووری عەمەلی زۆر کەم ڕەنگەوە بوو یا نەما، یانی بە کردار لە ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا نەبوو لەناو شارەکان دا هەوڵ درا کە ڕێکخراوە و سازی دروست بکرێت. ئەو ڕێکخراوانە سەرەتا لە چوارچێوەی ئەنجومەنە ئەدەبییەکان دا دروست کرا. لەو ئەنجومەنە ئەدەبییانە دا زیاتر لە زمان و ئەدەب، ئەدەبیات هەم وەکوو شێعر هەم وەکوو چیرۆک ئاوڕ ئەدرایەوە. دواتر کە بڕێک بار و دۆخەکە گۆڕا، بۆ نموونە کۆڕەکانی هەڵەبجە، باشترە ئاماژە بەوە بکەین کە کۆڕی یادکردنەوەی کارەساتی هەڵەبجە هەموو ساڵێ بەڕێوە ئەچوو یەکێک لە کاریگەرترین شتەکان بوو بۆ گەورەتر کردنەوەی ئەو ڕێکخراو و ئەنجومەنانە. دواتر لە ناوەڕاستی با بڵێین دەهەی حەفتاوە، دەهەی حەفتای هەتاوی وردە وردە کە بڕێک ئاڵوگۆڕیش لە ئاستی ئێران دا بە وجوود هات، وردە وردە ئەنجومەنەکان ئاراستەی کارو چالاکییەکانیان کەمێک زیاتر پەرە پێدا و بەرەو باس و خواسی فکری و فەلسەفی و کۆمەڵناسی و زانستە ئینسانییەکانیش ڕۆیشتن. ئەمە گیانێکی نوێ کرد بە بەر ئەو خەباتە دا.
قازی: ئەی زیاد بوون ژمارەی خوێندکاران لە زانکۆکانی ئێران؟
حەسەنپوور: بێگومان، لە دوای تەواو بوونی شەڕی نێوان ئێران و عێڕاقەوە بەردەوام ژمارەی خوێندکاران زیادی کرد  و ئەو خوێندکارانە لە زۆربەی هەرە زۆری زانکۆکانی ئێران دا هەبوون، لە شوێنە جیاوازەکانی ئێران دا و لە هەموو شوێنێک دا هەم ڕێکخراویان دروست کرد و هەم لانی کەم هەوڵیان دا گۆوارێک بڵاو بکەنەوە. لە ماوەیەکی چەند ساڵە دا بە دەیان گۆوار لە زانکۆکانی ئێران دا لە سەر کوردستان یا بە زمانی کوردی بڵاو ئەکرایەوە. هەموو ئەمانە وایان کرد کە ئەنجومەنەکان وردەوردە بتوانن جەماوەری تر ببنەوە بەڵام لە چوارچێوەی ئەدەبییاتی ڕووت دا ئیمکانی زۆر بە جەماوەری بوونەوە نەبوو بۆیە بیر لە شتی تر کرایەوە، بۆیە لە ڕەوتێکی سروشتی دا ئەنجومەنە ژینگەپارێزەکان لە دایک بوون. ئەنجومەنە ژینگە پارێزەکان بە حوکمی ئەوەی مامەڵە لەگەڵ ژینگەی مرۆڤ دا ئەکەن  توانای بە جەماوەری بوونیان زۆر زیاترە. نموونەمان بووە کە ئەنجومەنی ژینگەپارێز توانیویەتی بۆ کارێکی ژینگەیی دە هەزار خەڵک لە شارێک دا کۆ بکاتەوە.
قازی: یەکێک لە نموونە هەڵکەوتوو و بەرجەستەکانیشی مەریوان بووە وا نییە؟
حەسەنپوور: بەڵێ، " ئەنجومەنی سەوزی چیا " با بڵێین پێشەنگیش بووە لەو کارە دا. هەر ئەنجومەنی سەوزی چیا توانیویەتی بۆ پاک کردنەوەی " زرێبار"، خاوێنکردنەوەی زرێبار؛ زرێبار دەریاچەیەکە لە مەریوان  دە هەزار کەس کۆ بکاتەوە لە ڕۆژێک دا یا لە ئەکتێکی تر دا حکوومەت بە تەما بوو نیمچە پاڵاوگەیەکی نەوت دروست بکا لە مەریوان کە زۆر بە زیانی سروشتەکە بوو. هەمان ئەنجومەن لە بەرانبەر ئەوە دا وەستا، سەرەڕای ئەوەی لایەنی ئەمنیشی لە پشت بوو هێزێکی جەماوەری کۆ کردەوە و ماوەیەکی دوور و درێژ کەمپەینێکیان ڕێکخست و ڕێگەیان لەوە گرت. یانی ئیجازەیان نەدا ئەو پاڵاوگەیە دروست بکرێت و ئەو ژینگەیە کاول بکات. ئەم جۆرە لە ئەزموون ئەگەرچی ڕاستەوخۆ ڕەنگە سیاسی نەیەتە ئەژمار بەڵام بێگومان سیاسی یە. یانی هەر ئەکتێکی کۆمەڵایەتی ئەکتێکی سیاسی یە چونکوو تۆ ئاڕاستەکەت ئاڕاستەی بە جەماوەری کردنەوە و زیندوو کردنەوەی ئەکتی گشتی یە، کرداری گشتی یە.
قازی: باشە ئەوە لەمەڕ دەوری ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە دەکرێ بە دڕێژەی ئەو دەسکەوتانە دابندرێ کە باسمان کرد. چ لایەنێکی دیکە دەتوانی وەکوو دەسکەوت باس بکەی؟
حەسەنپوور: یەکێکی دیکە  لەو دەسکەوتانە گرێدانەوەی زیاتری سەروو و خوارووی ڕۆژهەڵات بوو بە یەکەوە. ئێمە پێشتر هەمیشە یەکێک لە ڕەخنە زۆر قورسەکان ئەوە بوو کە لە ڕۆژهەڵات باشووری کوردستان بابڵێین کرماشان و ئیلام زۆر کەم گرێدراوی شۆڕش کراون، زۆر کەم هەوڵ دراوە کە بچێتە ئەوێ. ئەم شۆڕشە یا با بڵێین ئەم گوتارە، ئەم بزووتنەوەیە درزەکانی نێوان باشوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کەمتر کردەوە، یەکجار کەمتر کردەوە و ئێستا  نزیکبوونەوەیەکی زۆر زیاتر بوونی هەیە. ئەم بەیسە بێگومان بەردەوام ڕوو لە باشتر بوون ئەڕوا و ئەمە یەکێکی تر بوو لەو دەسکەوتانە کە لە ماوەیەکی یەکساڵە دا توانی برەوێکی گەورە بدا بە جووڵەیەک کە لە پێشتریشەوە هەبوو، هەوڵێک کە لە پێشتریشەوە هەبوو بەڵام ئەو وەکوو کاتالیزۆرێک کاری کرد و لە ماوەیەکی کورت دا توانی برەوێکی زۆر گەورەتری پێ بدا. ئینجا یەکێکی تر لە دەسکەوتەکان ئەوەیە کە، ئەمە با لە ئاستی هەموو ئێران دا باسی بکەین، هەموو جوگرافیای ئێران پێشتر کە جووڵەی خەڵک ئەهاتە سەر شەقام جووڵەکان ڕەوتێکی سەلبییان هەبوو یانی  لایەنێکی سەلبییان هەبوو تەنها ئەیان وت ئێمە ئەم حکوومەتەمان ناوێت و تەنها داوای ڕووخانی حکوومەتیان ئەکرد.  مەعموولەن باسی ئەوە نەئەکرا کە دوای ئەوە چی ببێت. کاتێکیش کە لە ئاستی گشتی دا تەنانەت کۆمەڵگای ڕووناکبیری و ڕۆژنامەنووس و چالاکانی کولتووری ئەهاتن قسەیان ئەکرد زیاتر باسی ستەمەکانیان ئەکرد و ستەمکار بوونی حکوومەت و زۆر کەم ئەچووە دەرەوەی ئەوە. بەڵام ئەمجارە بۆ یەکەمجار لە ئاستێکی بەربڵاو دا با بڵێین جووڵەی سەر شەقام لایەنی ئیجابی وەرگرت. ئەو هەموو موناقەشەی لە سەر ئەوەی دوای جمهووری ئیسلامی چی قەرارە ڕوو بدات، چی ئەبێ دروست بێ بەرهەمێکی زۆر گەورەی ئەم سەرهەڵدانە بوو، ئەم ڕاپەڕینە بوو و دونیایەک دەق لە دایک بووە چ بە زمانی کوردی، چ فارسی چ زمانەکانی تری ناو ئێران، ڕەنگە ئەوان کەمتر بووبێ بەڵام بە زمانی کوردی و فارسی دەقی یەکجار زۆر بەرهەم هاتووە. لە سەر میدیاکان دا موناقەشەی یەکجار زۆر کراوە. ئەو هەموو موناقەشانە کە زۆر جار  ئێمە ئەیبینین و ئاڕاستەی جارو بار ناخۆشیش وەردەگرێ بەڵام یارمەتی ئەوەیان داوە کە لایەنی ئیجابی وە دۆزینەوەی پلانی دوای ئەگەری ڕووخانی ئەو حکوومەتە یا ئەگەری هەر گۆڕانکارییەک لە ئێران دا ئەبێ چی بێت و بە چ ئاقارێک دا ئەبێ بڕوات. ئەوەش لایەنێکی زۆر گرینگی دەسکەوتەکانی ئەو سەرهەڵدانە بوو.
قازی: ئەمجار بگەینە سەر لایەنی خەسارەکان، خەسارەکانیش دەتوانین بڵێین بەشێکی زەقە، دیارە هێشتا نەگەیشتووینە هەڵوێستی ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵام یەکێک لەو خەسارانە ئەوەیە کە زەربەی زۆر لەو ڕێکخراوانە کەوتووە، لە دەرەوەی سنوورە ڕەسمییەکانی دەوڵەتی ئێران. وەکی دیکە خەسارەکانی ئەو شۆڕشە کە ئەو هەموو لایەنە پۆزیتیڤەمان باس کرد لایەنی سەلبی دیکە چییە؟
حەسەنپوور: هەر وەک گوتت دواتر دەپەرژێینە سەر ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات. یەکێک لەو شتانەی کە ئەم شۆڕشە بۆ ئێمەی دروست کرد، بەڵام ناتوانین ئەو دوو باسە لێک جوێ بکەینەوە،یانی هەرچی سەیری ئەکەم ئێمە ئەبێ باسی حیزبەکان و لایەنە نێگاتیڤەکان، با بڵێین خەسارەکان بەیەکەوە بکەین لە یەک گرێ دراون. جۆرێک لە هەوڵێک هەیە با بڵێین هەوڵی خوازراو یان نەخوازراو بۆ بە ئێرانی کردنی فەزای کوردستان ئەوە یەکێک لە خەسارە زۆر گەورەکانە کە ئێمە تووشمان بووە. فەزای کوردستان بە دوو واتا؛ یەکێک بەو واتا کە ئێمە گوتاری کوردستان و بزووتنەوەی کوردستان بە شێوەیەکی تەواو کرداری بکەین با بڵێین زیادکەوتەیەکی ئەو بزاڤ و گوتارە گشتییە کە لە ئێران دا هەیە و دیسان کورد وەکوو ئێتنیکێک پێناسە بکەین.
قازی: ببوورە قسەکەت دەبڕم، دوای ئەم تێهەڵکێشە بەردەوام بە. ئەو مەسەلەی بە ئێرانی کردن یانی چی. مەگەر ئەو داوایە لە چوارچێوەی ئێران دا نایەتە گۆڕێ؟
حەسەنپوور: باسی ئەوە ناکەم کە ئەبێ داواکەی ئێمە سەربەخۆیی خوازانە بێ.
قازی: نا، ئەمن ناڵێم سەربەخۆیی خوازی، بەڵام  داوای ئەو شۆڕشە، داوای ئەو بزووتنەوەیە، ئەو سەرهەڵدانە لە چوارچێوەی ئێران و گۆڕانی ڕێژیم لە ئێران و تێک بردنی یان مەجبوور کردنی بە پاشەکشە نییە مەگەر؟
حەسەنپوور: بێگومان
قازی: جا بۆیە بە ئێرانی کردن مەبەست چییە لێرە؟
حەسەنپوور: ئەم دوو شتە نافی یەکتر نین یانی تەبایونێکیان بە یەکەوە نییە. کاتێک کە ئەڵێین بە ئێرانی کردنی بزووتنەوەی کوردستان خەسارێکە بەو مەعنایەیە کە تۆ ئیمکانی لە دایکبوونی گوتارێکی سەربەخۆ کە ئەتوانێ  نەتەوە سازی بۆ تۆ بکات لە ناو ئەبەیت. لێرە ئێمە باسی نەتەوە سازی ئەکەین نەک باسی مۆدێلێکی سیاسی  کە ئەمانەوێت لە ئەنجامی شۆڕشێک دا یا ڕاپەڕێنێک دا دروستی بکەین. ئەوەی کە ئەمانەوێ کوردستانێک دروست بکەین وەکوو وڵات، یا ئەمانەوێ فێدرالیسمێک بەدی بێنین یا کۆنفێدرالیسمێک بەدی بێنین یا هەر مۆدێلێکی سیاسی  باسێکی جیاوازە لەم باسەی ئێمە. ئەمە باسی گوتارێکە کە تۆ نەتەوە سازی وەکوو زەرورەتێک پێویستت پێیەتی و ئەم نەتەوە سازییە هیچکاتێک بە بابڵێین دیسان دابەزاندنی کورد بۆ ئێتنیکێک کە لایەنێکی پچووکی هاوکێشەیەکە لە ناو جوگرافیایەک دا بەدی نایەت. وە تۆ بەم شێوە زەربێکی قورس دەدەی لە خودی بزووتنەوەکە. ئەمە بە مەعنایەک، لە واتایەکی تر دا بە مانای هێنانی ئەو فەزا زەرد و پڕ لە سووکایەتییە کە لە ئاستی با بڵێین سۆشیال مێدیای ئێرانی و دونیای ڕووناکبیری ئێرانی دا ئەیبینین بۆ ناو کوردستان. بەم مەعنایەش دیسان بە ئێرانی کردنەوەی فەزای کوردستان یا بە ئێرانی کردنی فەزای کوردستان یەکێکی تر لە خەسارەکانە. ئێستا هەر چاوێک لە سۆشیال مێدیاکان بکەین کاتێک کە ڕەخنە ئەگری لە یەکێک لە حیزبەکانی کوردستان بە پێچەوانەی بۆ نموونە سی ساڵ لەمەوپێش کە ڕەنگە ئاستێک لە حورمەتەکان، کە ڕەنگە ئاستێک لە دروست بوونی قسەکان ڕابگیرایە ئێستا فەقەت جۆرێک لە سووکایەتییە کە، یانی فاڵانژیسمێک زاڵ کراوە، جۆرێک لە فالانژایەتی زاڵ کراوە بە سەر فەزای گشتی دا کە ئەمە کولتوورێکی ئێرانیانەیە هێنراوە بۆ ناو ئێمە. بەم مەعناشە بە ئێرانی کردنی فەزای کوردستان هەم لە ئاستی گوتار، هەم لەئاستی فەزا خەسارێکە کە ئێمە لەم شۆڕشە دا بینیمان کە دیارە ئەمە بەرئەنجامی شەڕێکی حیزبی بێ مانایە، شەڕێکی حیزبی بێ مانا کە بە داخەوە هەر لە ئێستاوە دەستی پێکردووەتەوە و ئەگەر هەر ئاوا درێژە پەیدا کا ئێمە ناتوانین زۆر گەشبین بین بەرانبەر بە داهاتووی حیزبەکان لانی کەم.
قازی: وەکی دیکە، خەساری دیکە چ دەبینی؟
حەسەنپوور: لەو خەسارانە کە عەرزم کرد لە درێژەی ئەوانە دایە دروست کردنی جۆرێک لە نائومێدی یا کەم هیواییە لە ناو خۆی کوردستان دا. دەرەوەی کوردستان بە داخەوە کە زیاتر لە چوارچێوەی حیزبەکان و دیاسپۆرای کوردی دا  ڕەنگ ئەداتەوە نەیتوانی شتێکی زۆر گەورە ببەخشێ بە ناوخۆ و بە پێچەوانە لێشی کەم کردەوە.
قازی: باشە ئێستا ئەگەر گرێشی بدەی بە دەوری ڕێکخراوە سیاسییەکان. تا ڕادەیەکی زۆر دەوری کۆمەڵگەی مەدەنیمان باس کرد دەکرێ بڵێین، بەڵام ڕێکخراوە سیاسییەکان دەزانین کە زۆربەیان دەو ساڵانەی دواتر دا، لە ماوەی سی چل ساڵی ڕابردوو دا وەکوو باست کرد مەجبوور بوون بە پاشە کشە بەرەو باشووری کوردستان، بە گشتی ڕۆڵی حیزبە سیاسییەکان، یانی هەموویان بێ موجامەلە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

حەسەنپوور: ڕەنگە ڕەخنەیەک لە ئێمە بگیرێ کە کاتێک ئێمە دائەبەزینە سەر حیزبەکان و ڕەخنەی قورس و قایم و ڕادیکاڵیان لێ ئەگرین ئەڵێن ئەی ئەگەر وایە بۆ ئەو هەمووە باسی حیزبەکان ئەکەن. ئەمە هۆکارێکی زۆر سادەی هەیە ئێمە لە گرینگایەتی حیزبەکان کەمۆ ناکەین، بەڵکوو مەسەلە ئەوەیە کە ئەمانە کۆنترین و درێژخایەنترین ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای ئێمەن. ئەمانە نەرتیان دروست کردووە بۆ کۆمەڵگای ئێمە. نەریتی سیاسی ئێمە لە سەر بنەمای هەوڵ و چالاکی و خەباتی حیزبەکان دروست کراوە.  کاتێک کە ئەو حیزبانە لە درێژایی مێژوو دا هەر ماونەتەوە و هەر درێژەیان بە ژیانی خۆیان داوە تەبیعەتەن ئەبن بە بڕبڕەی پشت. ئەم بڕبڕەی پشتە ئەگەر فەلەجیش بێ بڕبڕەی پشتە. نەهایەتی ئەوەیە تۆ ئەخاتە سەر ویلچێرێک، سەر کورسییەک نایەڵێ هەڵستیتەوە ئیمکانی جووڵەت لێ ئەبرێ یان ناجووڵێت بەڵام هەر بڕبڕەی پشتە، ئێمە ناتوانین بێ ئێعتینا بین یا بێ لایەن بین بەرانبەر بەو  حیزبانە چونکوو لە داهاتوو دا  و تەنانەت ئێستاش تا ڕادەیەکی زۆر لە هەندێک ئاست دا هەر ئەوانن کە نوێنەرایەتی کۆمەڵگای کوردستان دەکەن لە داهاتووش دا هەر ئەوان ئەینوێننەوە ئەو نوێنەرایەتی یە. هەر ئەوان ئەبن بە نوێنەری کۆمەڵگای کوردستان. بۆیە ئێمە ناچارین ڕەخنەیان لێ بگرین. لە لووتکەی سەرهەڵدانەکە بێ عەمەلییەکی تەواو بە سەر حیزبەکانی ئێمە دا زاڵ بوو. چەند دانە ئەکاونتی نەناسراوی مەعلووم نەبوو کێ لە پشتێوەیەتی بە مانگ مانگرتنیان ڕێ ئەخست. ئیتر وای لێ هاتبوو کە خەڵک زۆری بۆ هاتبوو، خەڵکێک بوون کە کارو کەسابەت و ژیانیان پەکی کەوتبوو بەڵام نەشیان ئەتوانی. لەو کاتە دا ئێمە زۆر لەگەڵ برادەرانی حیزبەکان قسەمان ئەکرد ئەمان وت  مودیرییەتی ئەو ئەوزاعە بکەن، بەڕێوەی ببەن ئێوە بۆ ئاوها فەزاتان وێڵ کردووەتە دەست چەند ئەکاونت کە مەعلووم نییە کێن و ئەم بێ عەمەلییەی حیزبەکان لە ئاستێکی تر دا بووەتە هۆی لێک ترازان. ئێمە ئەبینن حیزبەکان جار جار بەیەکەوە دائەنیشن قسە ئەکەن لە ئاستی سەرکردایەتی و ئەوانە هەوڵ ئەدەن شتی باش بڵێن؛ ئێمە لێک نزیک ئەبینەوە و جاروباریش بەیانی هاوبەشیان دەر کردووە. بەڵام کە لە سەرکردایەتی دێتە خوارەوە ئەو شتە بە هیچ شێوەیەک بەدی ناکەین. بێ ڕێزی و سووکایەتی بە یەکتر ئەکەن لە ئاستێکی زۆر بەربڵاو دا. ڕەخنە لە یەکتر ناگرن، دوژمنایەتی یەکتر ئەکەن. ئەم دوو شتە زۆر زۆر جیاوازە. ئەمە بە داخەوە کارگەری لە سەر ناوخۆش داناوە. ئێمە بینیمان تەنانەت لە نموونەیەک دا دەستیان چووە خوێنی یەکتر. یانی دوای چەندین دەیە ئێمە دیسان گەڕاینەوە شەڕی ناوخۆمان کرد، ئێمە دیسان تەقەمان لە یەک کرد.
قازی: بەڵام  ئایا ئەو ڕووداوە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی یەوە هەبوو ؟ یانی دەکرێ وەک کێشەیەک لە بەینی دوو فڕاکسیۆن، دوو جەرەیانیش چاو لێبکرێ.
حەسەنپوور: تەنانەت ئەگەر واش چاوی لێ کەین، ئەگەرچی لانی کەم یەکێک لە لایەکان ئەڵێ پێوەندی بووە. ئەو لایەنە کە لێی کووژراوە ئەڵێ پێوەندی بووە چون ئێمە پێمان قبووڵ نەئەکرا ئەو جۆرە بچینە ژێر ئاڵای لایەنێک، لایەنێکی فاشیست بەڵام  تەنانەت ئەگەر ئەو قسەی ئەوانیش قبووڵ نەکەین، مادام لە کاتێک دا ڕووی داوە کە سەرهەڵدانێک، ڕاپەڕینێک لە ناوخۆی کوردستان لە ئارا دا بووە کاریگەری هەبوو لە سەر ئەوە، پێوەندی بەو دۆخەی ناوخۆوە هەبوو. ئەو لێکترازانە کە بەداخەوە ڕووی دا کاریگەری نێگاتیڤی لە سەر ناوخۆ دانا، یانی ئێمە کەمێک ڕاستگۆیانە قسە بکەین جارێک لەشوێنێکی تریش ئاماژەم پێکردووە، ئەگەرچی هەندێک لەو برادەرانە پێیان ناخۆش بووە بەڵام ئەم مانگرتنی ئەمجارە کە دوای لە سێدارە دانی ئەو چوار شەهید ڕووی دا، ئەو چوار پێشمەرگەی کۆمەڵە کە نزیک ساڵ و نیوێک لەمەو پێش دەستگیر کران و بەداخەوە دووسێ حەفتە لەمەوپێش لە ٩- ڕێبەندان  لە سێدارە دران شەهید موحسین مەزلووم ، شەهید پژمان فاتیحی، شەهید وەفا ئازەربار و شەهید محەمەد فەرامەرزی. ئەو شەهیدانە ساڵ و نیوێک لەمەو پێش دەستگیرکران و حوکمی ئێعدامیان پێ درا، دووسێ حەفتە لەمەوپێش بە داخەوە لە سێدارە دران دوای ئەوە مانگرتنێک لە ڕۆژهەڵات دا کرا کە ئەم مانگرتنە لە سەر بانگەوازی یەکگرتووی هەموو حیزبەکان نەبوو، بەڵکوو یەک دوو لایەن تەنها بانگەوازییان بۆ کرد و بریا هەموویان بانگەوازییان کردایە چون زۆر سەرکەوتووتر ئەبوو. ئینجا جۆرێکیش بێ تاقەتی و ناڕەحەتی لە ئاستی خودی ڕووداوەکە بوونی هەبوو لە لای خەڵک دا کە ئەیان وت ئەکرا ئەو شەهیدانە شەهید نەبن، ئەکرا هەوڵێکی ترمان بدایە پێش ئەوە، ئەکرا جۆرێکی تر بڕۆیشتایە مەسەلەکە و کۆمەڵێک باس و خواس کە ڕەنگە زۆرێکی بۆ ئەوە نەبێ کە لێرە باس بکرێ. عەرزت بکەم ئێمە ئەگەر ڕاستگۆ بین بە درێژایی تەقریبەن با بڵێین بیست ساڵ لەمەو پێشەوە، لەبیست ساڵ لەمەو پێشەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا مانگرتنی جەماوەری یەکێک لە ڕێگاکانی بەرگری کردنی خەڵک بووە، بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات بووە. هەموو جار کە مانگرتن ڕاگەیێندراوە لەو ئاستە دا کە داوای بۆ کراوە خەڵک زۆرگەورە بە دەمییەوە هاتوون. جار بووە بۆ یەک شار داوا کراوە ئەو شارە بە تەواوی یا لە ئاستێکی زۆر بڵاوی نەوەد تا سەد دەر سەدی دا مانگرتنی کردووە. زۆر کەم ڕێکەوتووە کە مانگرتنەکان شکست بخۆن یا لاواز بن بەڵام مخابن دوای ئەو ڕاپەڕینە گەورە کە لە ڕۆژهەڵات ڕووی دابوو و تەبیعەتەن سەرمایەی کۆمەڵایەتی ئێمەی ئەبوو زۆر زیاتر کردبوایە، دەبوو ئیمکانی بابڵێین لێک گرێدانەوەی ڕێکخستنەکانی زۆر گەورەتر کردبوایەتەوە ئەمجارە ئەم مانگرتنە لە هەموو مانگرتنەکانی تر  لاوازتر بوو چون بە دەنگێکی یەکگرتوو داوای نەکرا، چونکوو پەراوێزی زۆر بە دەورو بەری دا بوو یانی ئێمە کە کاتێک ئەبینین ئەو دۆخی لێک ترازانە کە لە ئەنجامی  با بڵێین کاردانەوە و کاری خراپ و لاوازی حیزبەکان دا ڕووی داوە ئاوا کردەوەیەکی کرداری لەناوخۆی کوردستان لێ دەکەوێتەوە.
قازی: یەک مەسەلە هەیە بەڕێز حەسەنپوور، بەڕێزت پرێنسیپێکی زۆر دروستت باس کرد ئەویش ئەوە کە ئەو هێزانە هەر هەبوون و پێشبینی جەنابیشت ئەوەیە کە هەر دەش بن و هەر لەو پێوەندییەش دا مەسەلەی ئەوەی کە ڕەخنەیان لێ بگیرێ یا ئەگەر هەڵەیەک دەکەن هەڵەکەیان ڕاست بکەنەوە ئەوە شتێکی تەبیعی یە و بە تایبەتیش لێرەدا دەوری کەسانی ڕووناکبیر و کەسانی ئاوای کە سەڵاحییەتیان هەیە لە سەر ئەو شتانە قسە بکەن گرینگە. لە حاڵی حازر دا چ کەردەن؟ ئەو هێزانە بە بۆچوونی تۆ دەبێ چ بکەن بۆ ئەوەی کە بتوانن لێک نزیک ببنەوە، بتوانن بۆچوونێکی ڕادیکاڵیان هەبێ بۆ تێهەڵێنانەوەی هەڵەکانیان.
حەسەنپوور: ئەمە چەند ئاستێک ڕەنگە بگرێتەوە، یەکێکیان ئاستی ناوخۆی ڕێکخراوەیی یە کە یانی ئەوان لە ناو ڕێکخراوەکانی خۆیان دا دەیانەوێ چی بکەن. حەقیقەتێک هەیە خۆ  حیزبەکان ئەتوانن دەستوڕێک بدەن بە ڕێکخستنەکانی خۆیان کە کەس ئیتر بۆی نییە کە جنێو بە لایەنەکانی تر بدا و سووکایەتییان پێ بکا. خۆ ئەتوانن ئەم کارە بکەن. ئەمە لە ئاستی یەکەم دا یانی وەکوو کارێکی زۆر پچووکی سەرەتایی.
قازی: یان هێڵکێشان لەگەڵ جەماعەتی بۆ نموونە مۆنارکیستی ئێرانی کە لە سیمی ئاخریان داوە لە تۆڕە کۆمەڵییەکان دا.
حەسەنپوور: یانی ئەو جۆرە لە هەڵسوکەوت مەمنووع بکەن. ئێمە ئەزموونێکی زۆر گەورە و بەنرخی باشووری کوردستانمان لەبەر دەست دایە کاک حەسەن. باشووری کوردستان با بڵێین لە پێش ڕاپەڕینی ١٩٩١ وە تا ئێستا ئەگەر سەیری کەین، لە پێش ڕاپەڕین دا لێک ترازان هەبوو، لە زۆر پێشەوەش دا هەبوو، دەنیایەک بەرە دروست ئەکرا، جبهە الوطنیە الدیموقراتیە، کۆڵێک لەم شتانە دروست ئەکرا، کۆمەڵێک حیزب ئەچوونە لایەک و کۆمەڵێک حیزب ئەچوونە لایەکی تر، لەگەڵ ئەحزابی تری کوردستانی و ئەحزابی تری عێڕاقی دا و ئەمانە شەریان ئەکرد بە یەکەوە پێش ڕاپەڕین. دواجار لە ساتەوەختێک دا کە ساتە وەختی ٩١ ە بەرەی کوردستانییان دروست کرد یەکێتی و پارتی بە ئاستی کەم سۆسیالیست و حیزبەکانی تریش. و ئەمە دەرئەنجامێکی پۆزیتیڤی بۆ کۆمەڵگای کوردستان بە دواوە بوو. لەو ساتە وەختە مێژووییە دا. دواتر دیسان لێک ترازان و لێک دابڕان ڕووی دا، شەڕێکی خوێنین دەستی پێکردەوە لە باشوور دا. ئێمە ئەو ئەزموونە گەورەیەی باشوورمان لە بەر دەست دایە کە ئەزانین ئەو لێک ترازانانە، ئەو ئەولەوییەت دانە بە حیزب لەباتی ئەولەوییەت دان بە خەڵک یا با بڵێین بە چەمکە باڵاکان، بە بەها باڵاکان کە عەداڵەتە، ئازادییە و هەموو ئەو شتانەی ترە ئەتوانێ چەندێک لێکەوتەی لێ بکەوێتەوە. ئێستا ئێمە لە باشوور گەیشتووینەتە شوێنێک کە دوای سی ساڵ، سی و چەند ساڵ ئەگەری هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە وە هەموو کەس خەریکە باسی ئەمە ئەکات. خودی سەرانی یەکێتی و پارتیش خەریکن باسی ئەمە ئەکەن. ئێمە لەو ئەزموونە گەورەیەی باشوور بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆچی نابێ بەهرەمەند بین. یانی زۆر سەیرە جاروبار هەندێک هەڵسوکەوت لە حیزبەکان ئەبینیت کە ئەنەهوو هیچ شتێکیان لەو ئەزموونە نەدیوە. یانی باسی ئەوە ناکەین ئێمە گریمان...
قازی: ئەوە دیسان چوویەوە سەر ڕەخنە. مەبەستم ئەوە بوو بە بۆچوونی بەڕێزت دەبێ چ بکەن؟
حەسەنپوور: هەر بۆ ئەوە عەرز ئەکەم، ئەگەر ئێمە لە ئاستی تێئۆریکیش دا لەمە تێ نەگەین لەزەروورەتی لێک نزیکبوونەوە، لەزەروورەتی موفاهەمە، لە زەروورەتی لێک تێگەیشتن و کاری هاوبەش تێنەگەین لانی کەم بە بینینی ئەزموونی باشووری کوردستان ئەبێ لەوە تێبگەین. ئەگەرچی ئەو زەروورەتە ئەوەندە زەق و دیارە کە پێویستی بەوە نییە ئێمە نموونەی عەینیشی بۆ بێنینەوە. بەڵام ئەوە شتێکە کە ئێمە ئەتوانین بەردەوام بۆی بگەڕێینەوە ئەزموونی باشووری کوردستان. لە ڕوویەکی ترەوە حیزبەکان زۆر جار  لە دەنگ دا ئەڵێن بەڵێ ئێمە ئەبێ هاوکاری بکەین، ئێمە ئەبێ فڵان بکەین، ئەبێ فیسار بکەین. بەڵام  هێڵی سوور لە بەر دەم یەکتر دا دائەنێن. ئەم هێڵە سوورانە ئێستا ئەزانین بۆ نموونە لایەنێک هەیە ئەڵێ ئەگەر ئەو لایەنە بێ ئەمن قەت نایەم.  هەموو ئەو لایەنانەش واقیعی کوردستانن، واقیعی کۆمەڵگای کوردستانن. دوو لقی کۆمەڵەمان هەیە؛ لقێکی ئەڵێ ئەو لقەی تر بێ ئەمن قەت نایەم چونکوو لێک جیا بوونەتەوە. بەم شێوە تەعامول کردن قەت ناتوانێ ئەمە دروست بکات، یانی یەکڕیزییەک  لانی کەم  دروست بکا. ئەبێ هێڵی سوور لا ببرێ لە نێوانیان دا. یانی کەس هێڵی سوور بۆ  کەسی تر دانەنێت و هەموو یەکتر قبووڵ بکەن. ئینجا وەک عەرزم کرد لە ئاستی ڕێکخراوەیی خۆیان دا هەندێک شت قەدەغە بکەن لە ئەندامانیان، هەندێک هەڵسوکەوت قەدەغە بکەن لە ئەندامانیان و لە بڕێک هاوکاری پچووکەوە، هاوکاری پچووکەوە  دەست بە هاوکارییەکەیان بکەن. دەست بە کارە هاوبەشەکانیان بکەن. بۆ نموونە لە ئوڕووپا یا لە دەرەوەی کوردستان  با بڵێین ڕێکخستنەکانیان تێکەڵ بکەن بۆ ئاکسیۆن و خۆپیشاندان و ئەمانە.  چەند ڕۆژ لەمەوپێش ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆمەڵە بوو یا با بڵێین ئاشکرا کردنی کۆمەڵە بوو  لە شارێکی وەکوو کوێلنی ئاڵمان دا پێم وایە شەش حەوت بۆنە بەڕێوە چووە. دەی سێ چوار لقی کۆمەڵەمان هەیە بۆ هەمووی نابێ بەیەکەوە بۆنەیەکی گەورە بگریت. شەش حەوت دانە بۆنەبەڕێوە ئەبەی  هەمووشی بە ژمارەیەکی کەمی خەڵک.
مەبەستم ئەوەیە کە لە کاری پچووکەوە ئەتوانن دەست پێبکەن تا بگەن بە کاری گەورە. بەڵام پێش نیازی ئەمەش دانیشتنە یانی دانیشتنێکە ئەبێ لە دەوری یەک دا دابنیشن کە ئەزانین زۆر جار لەبەر ئەو هێڵە سوورانە کە دایان ناوە داش نانیشن. لەحاڵێک دا کە ئەمە خواستی خەڵکە. ئەگەر حیزب بۆ خەڵک خەبات ئەکا با سەیرێکی ناوخۆی کوردستان بکات بزانێ ئایا یەکرێزی ئەم حیزبانە، هاو هەڵوێستییان  هەمیشە خواستێکی خەڵک بووە یا نەبووە.
قازی: دیارە ئێمە کاتمان کەم ماوە بەڵام نوختەیەکی دیکەش هەیە، بابەتێکی دیکەش هەیە کە پێم خۆش بوو بۆچوونی جەنابتی لە سەر بزانم ئەویش پێوەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە پاش ئەو شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و ئەو ئەزموونەی کە بوو  لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان. یانی ئەو پێوەندییە گەلۆ ئاڵوگۆڕێکی بەسەر دا هاتووە و چۆن دەبیندرێ لە داهاتوو دا؟

حەسەنپوور: نەختێک ڕەنگە سەخت بێ جواب دانەوەی ئەوە چونکوو بەشێکی زۆری پێوەندی بە رێئال- پۆلیتیکەوە هەیە و پێوەندی بە هاوکێشە سیاسییەکانەوە هەیە. هاوکێشە سیاسییەکان بەشێکی زۆری پێش بینی نەکراوە بەڵام، یەک حەقیقەت هەیە ئێمە هیچکاتێک نابێت با بڵێین گوتاری کوردستان دابڕین وەک چۆن وڵاتەکە، سەرزەمینەکە پارچە پارچە کراوە ئێمەش گوتارەکە دابەش کەین. ئەمە دیسان عەرز ئەکەم بە مەعنای بەرنامەی کرداریی سیاسی نییە کە ئێمە بڵێین ئێمە ئیلا بیلا لە سەربەخۆیی نایەینە خوارترەوە. ئەسڵەن باسی ئەمە نییە ئەوە باسێکی ترە. باسی ئەوەیە کە ئێمە لە ئاستی گوتار دا ئەم شتانە لە یەک دانەبڕین، پارچەکانی کوردستان لێک دانەبڕین بەڵکوو هەوڵ بدەین وەکوو چۆن گوتاری " ژن، ژیان، ئازادی" گوتارێکی تەواو کوردستانییە، بەو مەعناشە کە سروشتێکی تەواو کوردستانی هەیە   لە داهاتووش دا هەر ئەم ڕەوتە درێژە بدەین و هاوکاری نێوان هێزەکانی کوردستان پەرە پێبدەین. هەر ئێستا ئەو دۆخەی کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان دا هەیانە تابعێکە لە شەرایەتێکی سیاسی موشەخەس  و دیاریکراو. بەڵام، هێزەکانی باشوور ئەتوانن جۆرێکی تریش تەعامولی ئەو وەزعە بکەن. هاوکات هێزەکانی ڕۆژهەڵاتیش ڕەنگە لە پێشترەوە ئەبوا هێندێک کاریان بکردایە کە نەیان کردووە، کە بکەوینە ئەم دۆخە. بەو مەعنایەش بێگومان چارەنووسی ئەو پارچانەی کوردستان لێک دابڕاو نییە بۆیە لە هیچ ئاستێک دا نابێ ئێمە پێناسەی لێک دابڕاوانەی گوتاریمان هەبێ بۆ کێشەی کورد.
قازی: باشە مەسەلەیەکیش لێرە دەوری کۆمەڵگەی مەدەنی یە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بەرانبەر بە ئەو حەڕەکەتەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات. ئەوە چۆن دەبینی؟
حەسەنپوور: ئێمە لە ماوەی ئەو سەرهەڵدانەی ڕۆژهەڵات دا پارچەیەک کە زۆر پشتگیری لە ڕۆژهەڵات کرد ڕۆژئاوا بوو. لە باکوور و باشوور شتێکی ئەوتۆ نەکرا. باکوور تێ ئەگەین لە ژێر دەسەڵاتێکی فاشیستی داگیرکەر دایە و دوای پڕۆسەی ئاشتی و ئەوانەش نسکۆیەک لە ئاستی کۆمەڵگای  مەدەنی ڕووی داوە تەنانەت بۆ زۆر لە بۆنەکان بەو ئاستەی کە پێویستە ناتوانن خەڵک بێننە سەر جادە بەڵام  لە باشوور دا ئەکرا زۆر شت بکرێ کە ئەویش بە پاساوی  ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی دراوسێ یە  و دەسەڵاتی لە سەرمانە هەموو شتێک مەمنووع ئەکرێ چ لە هەولێر چ لە سلێمانی مەمنووع کراوە، یانی وردە جووڵەیەک کرا بێ لە هەولێریش خەڵکی لە سەر دەستگیر کراوە، خەڵکی لە سەر سەرکوت کراوە. بێگومان هەرچی ئەو هاوپشتییە و پشتیوانییە لە لایەن کۆمەڵگای مەدەنی پارچەکانی تری کوردستانەوە ببێت بۆ هەر پارچەیەک وزە و هێزێکی زیاتر ئەبەخشێ چ لە ڕووی مەعنەوییەوە و چ لە ڕووی با بڵێین کرداریشەوە تەنانەت. سەردەمانێک بووە کە شۆڕشی دوو پارچەی کوردستان بەو ئاستە تێکەڵ بووە کە هێزی پشتیوان  لە پارچەیەکەوە ڕۆیشتووە بۆ پارچەیەکی تر شەڕی کردووە. و ئەمە زۆر ڕووی داوە، ئێستا ئەوە ئەتوانێ لە ئاستی کۆمەڵگای مەدەنییەوە دووبارە بێتەوە و خەڵک ئەو هاوپشتییەیان هەبێت.
قازی: زۆر سپاست دەکەم بەڕێز حەسەنپوور بۆ بەشداریت لەڕاوێژ دا. بەداخەوە کاتمان لێرە دا تەواو دەبێ. داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم. زۆر سپاس.
حەسەنپوور: زۆر سپاس بۆ ئێوەش
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژیش. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی: ئەم بەرنامەیە ئێوارەی پێنجشەمە ٢٢-ی فێڤرییە بە شێوەیەکی زیندوو لە تێلێڤیزیۆنی ستێرکەوە بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم ڕاوێژە لە مەکۆی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵیی یوتیوب دا بە ڕێگای ئەم لینکەی خوارەوە تەماشا بکەن.
https://www.youtube.com/watch?v=PPU7rOCKLdE&t=1869s









 

No comments: