Saturday, March 2, 2024

چاوپێکەوتنێکی کورت لەگەڵ نەمر ئێرلینگ فۆلکڤۆرد

چاوپێکەوتنێکی کورت لەگەڵ نەمر ئێرلینگ فۆلکڤۆرد
حەسەن قازی: ئەوە جێی خۆشحاڵییە کە لە کۆنفڕانسی کورد دا قسە لەگەڵ بەڕێزت دەکەم. ئەوە یەکەم جارە ئێوە لەم کۆنفڕانسە دا بەشداری دەکەن یان پێشتریش لە کۆنفڕانسەکانی تر دا بەشدار بوون؟
ئێرلینگ فۆلکڤۆرد: ئەمن لە دوو کۆنفڕانسی پێشوو دا بەشداریم کردووە.
حەسەن قازی: وا بزانم بەڕێزت نووسەری، دەکرێ هێندێک باسی خۆت بکەی
ئێرلینگ: ئەمن چەند خوڵ ئەندامی پارڵمانی نۆڕوێژ بووم و هەر وەها لە سیاستی شار دا چالاک بووم و نیزیکەی بیست ساڵە  لە ڕووی سیاسییەوە لە نۆڕوێژ چالاکم و چەندین کتێبم نووسیوە و ئەوەی لە هەمووشت زیاتر خۆشحاڵم دەکا و لێی ڕازیم  کتێبێکە بە ناوی " کوردستان، ئێستا و داهاتوو " بە داخەوە ئەو کتێبە هەر بە زمانی  نۆڕوێژی بڵاو بووەتەوە بەڵام دەزانم کوردەکانی دانیشتووی نۆڕوێژ زۆریان پێشوازی لێکردووە  و ئەوە دەتوانێ  پێوەندییەک لە ناو کوردەکان و دۆست و دراوسێ نۆڕوێژییەکانیان ساز کا جا بۆیە ئەو کتێبە وەک پردێک وایە  لە نێوان کوردان و نۆڕوێژیان دا.
حەسەن قازی: ئەتۆ خۆت چووی بۆ کوردستان بەر لەوەی ئەو کتێبە بنووسی؟
ئێرلینگ فۆلکڤۆرد: بیست و دوو ساڵ لەوە پێش یەکەم جار ئەمن چووم بۆ کوردستان و بە دوای ئەوە دا زۆر چووم بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان
حەسەن قازی: بە بۆچوونی بەڕێزت کوردەکان داوایان چییە؟
ئێرلینگ فۆلکڤۆرد: کوردەکان دەبێ خۆیان بڕیار بدەن چییان دەوێ . ئێمە لە نۆڕوێژ  ڕێکخراوەیەکمان هەیە بە ناوی : هاوپشتی لەگەڵ کوردستان "  بە ئەرکی خۆمان دەزانین لە نوڕوێژ کاری هاوپێوەندیی لەگەڵ کوردان بکەین و گوشاری سیاسی بهێنین بۆ سەر دەوڵەتی نۆڕوێژ  بۆ ئەوەی کۆتایی بهێنێ بە پشتیوانی کردن لە ئەردۆغان لە تورکیا. بەڵام ئەوەی کە کورد دەیانەوێ ئەوە دەبێ گەلی کورد خۆی بڕیاری لە سەر بدا.
ئەمن دەزانم لەو بارەیەوە  لە ناو کوردەکاندا بۆچوونی جیاواز هەیە. بۆ وێنە ئێستا مەسعوود بارزانی دەیەوێ هەرێمی کوردستان لە عێڕاق بکاتە هەرێمێکی سەر بەخۆ ( ئەو چاوپێکەوتنە بەر لە ڕێفراندۆمی ٢٠١٧ کراوە) یان  ئاسیا عەبدوڵاو سالح موسلیم هەن ئی پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک کە دەیانەوێ کانتۆنان دروست بکەن و تێێاندا جەماوەر خۆیان بڕیار بدەن. ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە کوردەکان خۆیان بڕیار بدەن.
قازی: بە بۆچوونی بەڕێزت وێکچوونەکان لە نێوان کوردەکان و نۆروێژییەکان دا چن؟
ئێرلینگ فۆلکڤۆرد: ئەمن وەک نۆروێژییەک زۆر لە کوردستان فێر بووم و ئەوەی فێری بووم لەگەڵ خۆم هێناومەتەوە بۆ نۆروێژ. یەک لە نیشانە هەرە بەدەرەوەکان میوانداری و دۆستایەتییە. ئەمن وەک بێگانەیەک کە دێمە کوردستان خەڵک زۆر بە مێهرەوانییەوە پێشوازیم لێ دەکەن. بەڵام  نۆڕوێژ وەک دەوڵەت هەڵوێستی زۆر ناسیۆنالیستییە و بە چاوێکی سووک تەماشای کەمایەتی و موهاجیران دەکا.
بەڵام بزووتنەوەی  کورد سیاسەتێکی دیکەی هەیە ئەویش ئەوەیە کە پێی وایە هەموو گەلان نرخیان وەک یەک وایە و ئەو هەڵوێستە زۆر جوێیە لە سیاسەتی دەوڵەتی نۆڕوێژ و ئەمن وەک نۆڕوێژییەک پێم وایە دەبێ لە دۆستە کوردەکانمان فێر بین و ئەوەش بێنینە نۆڕوێژ!


تێبینێ: ئەم چاوپێکەوتنە کورتە بە دەم کۆنفرانسی ساڵانەی کورد لە پارڵمانی ئوڕووپا لە ١٠ – ١١  دیسامبری ٢٠١٤ لە بینای  پارڵمانی ئوڕووپا لە بروکسیل کراوە، زمانی چاوپێکەوتن سوێدی و نۆڕوێژی یە. ئێرلینگ فۆلکڤۆرد لە دوایی دا ئێژێ کە ئەندامی پارتیا سۆر ە لە نۆڕوێژ

 

No comments: