Tuesday, March 12, 2024

هەڤپەیڤین لەگەڵ ڕۆژین موکریان، لێکۆلەرەوەی تیوری سیاسی بە بۆنەی ٨-ی ئادار (مارس) ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان، ئەم بەرنامەیە ئێوارەی پینجشەمە ٧-ی مارسی ٢٠٢٤ بە شێوەیەکی زیندوو لە ستێرک تیڤی یەوە بڵاو کراوەتەوە

هەڤپەیڤین لەگەڵ ڕۆژین موکریان، لێکۆلەرەوەی تیوری سیاسی بە بۆنەی ٨-ی  ئادار (مارس) ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان، ئەم بەرنامەیە ئێوارەی پینجشەمە ٧-ی مارسی ٢٠٢٤ بە شێوەیەکی زیندوو لە ستێرک تیڤی یەوە بڵاو کراوەتەوە.

حەسەن قازی: " زەمانێک ئێمە ئەگەر دەمانەویست بە یەکێ  بڵێین زۆر پیاوە، بە یەکێ بڵێین زۆر بە غیرەتە، زۆر بە نامووسە، زۆر بە ویژدانە لە کەلیمەی چی ئیستیفادەمان دەکرد؟ دەمانگوت پیاو، زۆر پیاوە. ئەلعان پیاوێک کە بییەوێ زۆر پیاو بێ دەبێ زۆر ژن بێ. واقیعەن غیرەتی ژنەکان لە پیاوان زۆرترە"
بەوقسانەی باوکی شەهید محەمەد حەسەنزادە کە لە ڕێوڕەسمی ناشتنی کوڕەکەی لە سەر گۆڕی باسی کرد ئێمە ٨-ی ئادار (مارس) ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان لە هەموو ژنانی تێکۆشەر و زەحمەتکێش، و هەموو ئەو پیاوانەی کە حەقی ژنان ناس دەکەن پیرۆزبایی دەکەین و لەم بەرنامەیە دا زۆر خۆشحالین  لەگەڵ بەڕێز ڕۆژین موکریان کە لێکۆلەرەوەی تیوری سیاسی یە قسە دەکەین.
زۆر زۆر بەخێر بێی بەڕێز موکریان!

ڕۆژین موکریان: زۆر سپاس، سڵاو و ڕێز بۆ ئێوە و هەر وەها بۆ بینەرانی خۆشەویستی بەرنامەی ڕاوێژ.
قازی: ئەگەر بە گشتی لە سەر ٨-ی ئادار، ٨-ی مارس قسەیەک هەبێ بەر لەوەی کە پرسیارەکانم دەست پێبکەم  فەرموو.
موکریان: بەڵێ زۆر سپاس، منیش بە نۆبەی خۆم پیرۆزبایی ٨-ی ئادار لە تەواوی ژنانی تێکۆشەر، خەباتکار دەکەم کە بۆ ئازادیی ژن لە تێکۆشان دان. هەر وەها هەر وەکوو ئێوە ئاماژەتان پێکرد پیرۆزبایی ٨-ی ئادار لە تەواوی ئەو پیاوانە دەکەم کە هاتوونەتە نێو خەبات و تێکۆشانەوە بۆ ئازادیی ژن و دەیانەوێ ئەوانیش خۆیان لە، من دەڵێم، ئەو زیندانەی کە دەسەڵات و سیستم بۆی دروست کردوون واتە زێهنییەتێکی پیاو سالار دا بەستراونەتەوە و جلوبەرگێکی دەبەر کردوون کە لەسەر بنەمای هێژێمۆنی و زاڵ بوونە، ئەوانیش هاتوونەتە ناو ئەو مەیدانەوە و خەبات دەکەن و تێدەکۆشن، پیرۆزبایی لەوانیش دەکەم و هەر وەها پێم خۆشە ئەوە دووپاتە بکەمەوە تا ئێستا کە دووسەد ساڵە ژنان لە خەبات و تێکۆشان دان...
قازی: ببوورە ئەگەر دەکرێ بڕێک لەسەرەخۆتر قسە بکە و پەلە مەکە بۆ ئەوەی بینەران بتوانن بە جوانی تەعقیبمان بکەن. فەرموو ڕستەکەت تەواو کە بۆ ئەوەی کە من پرسیارەکەم دابهێنم.
موکریان: بەڵێ، دەمویست ئاماژە بەوە بکەم  کە ئێمە دەزانین ٨-ی ئادار بە ڕاستی مێژوویەکی سۆسیالیستی لە پشتەوەیە و مێژوویەکی بە پشتەوەیە کە لە خۆپیشاندانی ژنانەوە کە من دەڵێم – هێندێک کەس دەیگەڕێنێتەوە بۆ نیویۆرک-  لە ڕاستی لە ڕووسیا لە کاتی شۆڕشی ١٩١٧ دا کاتێک ژنان هاتنە سەر شەقام  و لەدژی شەڕ خۆپێشاندانیان کرد و کاتێک بانگەوازیان بۆ ئاشتی دەکرد نەک شەڕ، وردە وردە بڕیار درا کە ٨-ی ئادارببێتە ڕۆژێکی جیهانی بۆ ژن. واتە خودی مێژووی ٨-ی ئادار تەنانەت ئەوەمان پێ دەڵێ کە ژن دەیهەوێ بە ڕاستی ئەو سیستمە بگۆڕێت، نا دەڵێ بۆ شەڕ و بانگەواز دەکا بۆ ئاشتی.
قازی: باشە ئێمە دەزانین کە لە وڵاتانی باکووری دنیا، هەر چۆنێک بێ لەو وڵاتانە دا کە باسی پێشکەوتن دەکرێ و لە هێندێک بوارەوە ژنان بەنیسبەتی وڵاتانی دواکەوتووتر هاتوونەتە پێشتر، بەڵام بەگشتی ئەو بزووتنەوانەی کە مافی ژنان دەپارێزن ئەگەر قسەیان لەگەڵ دەکەی لەو باوەڕە دان کە هێشتاش پاتریارکی یا بابمەزنی یا ئەوەی لە هێندێک جێ وەرگێڕدراوە بە پیاو سالاری لە کوردیدا، ئەوە هێشتا زاڵە لەو موحیتانە دا. بەڕێزت ئەوە چۆن لێک دەدەیەوە؟
موکریان: بەڵێ ئەوە پرسیارێکی زۆر گرینگە و بۆ ئەوەی کە وڵامی بدەمەوە پێم وایە ئەگەر ئێمە هێندێک ئامار بدەین بە بینەرانیش زۆر باش دەبێ، بە تایبەتی لە بواری سیاسی دا. ئێمە ئێستا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئامار و داتاکان، ئێستا لە سیاسەت دا، لە ڕێژەیەکی جیهانی دا ئەگەر چاوی لێ بکەین تەنیا لە سەدا ٢٦، ژن لەناو پارڵمانەکان دا هەن، کەمێک زیاتر لە سەدا ٣٦ ژنان لە پارڵمانی ئوڕووپا دان، ژن لە ناو کابینەی حکوومەتەکان دا ڕێژەیان تەنیا دەگاتە کەمێک زیاتر لە سەدا ٢٢، و لە خودی سەرکردایەتی و بەڕێوەبەرایەتی دا چ لە ئاستی حکوومەت دا بێ و چ لە ئاستی سەرکردایەتی بە ڕاستی دەوڵەتیش بێ ژنان کەمێک زیاتر لە سەدا ٢٠، لە سەرکردایەتی حکوومەت دان. تەواوی ئەو ئامار و داتایانە ئەوەمان پێ دەڵێ کە تەنانەت ئەگەر ئێمە بمانهەوێ لە بواری هەژماری دا بگەینە بەرابەرییەکی هەژماری لە نێوان ژن و پیاو لە ئاستی سیاسەت دا، هێشتا بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ١٣٠ ساڵ زیاترمان دەوێ.
بەڵام هۆکارەکانی ئەو دۆخە چییە بە ڕاستی؟ هۆی ئەوە چییە کە هێشتا ژن لە زۆر بوار دا چەوساوەیە و ئامارێکی دیکە دەڵێ هەر لە سێ ژن، ژنێک لە ئاستی جیهان دا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە ئەوەش بۆخۆی دیسان ئەو زێهنییەتی پیاوسالاری یان بابمەزنییەمان پێ دەگەیێنێ کە هێشتا بوونی هەیە. یەکێک لە هۆیەکانی ئەوەیە کە بەداخەوە ئێمە لە ناو خودی فێمێنیستەکان دا جیایی دەبینین. دەزانین کە هەر شەپۆلێکی فێمێنیستی بۆ خۆی ڕێکارێکی جیاوازی پێشنیاز کردووە و ڕ
یشەی کێشەکە بە جیاواز دەبینن. ئێستا لە ئاستی دنیای ڕۆژئاوا دا، بابڵێین لە ئوڕووپا و ئەمریکا، لە ڕۆژئاوای جیهان دا جۆرە فێمێنیستێک زیاتر سەردەستن کە بریتین لە فێمێنیستە  ناوەند دەوڵەتەکان یان فێمێنیستە لیبێڕاڵەکان و ئەو جۆرە فێمێنیستانە دەیانەوێ لەو سیستمەی کە هەیە سێبەرێک، جێگایەک بۆ  خۆیان ببیننەوە و پێی دا بچن. لە نێو سیستمێک دا کە ئێمە دەزانین بۆ خۆی لە سەر بنەمای بەهاکانی ئەو زێهنییەتە پیاو سالاریە دروست بووە و درێژەی پێ دراوە واتە لە سەر سیستمێکی زاڵبوون، سەردەستی یا سوڵتە پێک هێندراوە و تەنانەت ئەگەر ژنانیش بچنە ناو ئەو سیستمە دیسان ئاڵوگۆڕێکی وەها کە تەواوی ژنان وەبەر خۆی بگرێ نایەتە ئاراوە چون خودی سیستمەکە لە ڕیشە دا، لە بنەڕەت دا لە سەر ئەو بنەمای چەوسانەوە، کۆلۆنیالیسم، هێژێمۆنیی پیاو بە سەر ژن دا دامەزراوە. و ژنانێک دەتوانن بچنە ناو سیستمەکەوە کە دەبێ جلکی پیاوسالاری دەبەرکەنەوە، وەکوو پیاو خۆیان دەرخەن، وەکوو پیاو سیاسەت بکەن یان ئەوەی کە ڕێگایان نییە. کە واتە ئەمن یەکێک لە هۆکارەکانی لەوە دا دەبینمەوە کە هێندێک لە شەپۆلە فێمینیسمەکان نەیانتوانیوە خۆیان لەو سیستمەی کە هەیە جودا بکەنەوە و لقەکانی دیکەی فێمێنیسم کە با بڵێین هێندێک ڕادیکاڵترن وەکوو ئێکۆ- فێمێنیستەکان، وەکوو فێمێنیستە ڕادیکاڵەکان، وەکوو فێمینیستە مارکسیستەکان کە ئەوان ڕەخنە لەو سیستمە دەگرن، ئەوانیش بەداخەوە تا ئێستا نەیان توانیوە ئالترناتیڤێک پێشکێش بکەن، یانی ڕەخنە لە سیستمەکە دەگرن،دژی دەوڵەت هەن، دژی ئەوە هەن کە دەوڵەت لەوانەیە سروشتێکی بە ڕاستی لە سەر بنەمای پیاوسالاری هەبێ، چەوسێنەر بێت بەڵام نەیانتوانیوە ئاڵترناتیڤێک پێشنیار بکەن کە جێگر بێت، کە هەم جێگر بێت و هەمیش بتوانرێت جێ بەجێ بکردرێت. هۆیەکان بە ڕاستی ئەمن زیاتر لەوە دا دەبینم، یەک ئەوەی ئەو سیستمەی کە هەیە بە ڕاستی بەرابەریی هەژماریش بۆ ژن و پیاو بێنێتە ئاراوە دیسان گشتگیر نییە و ئەو ژنانەی کە لە قاتەکانی سەرێ، یانی لە چینەکانی سەرەوەی کۆمەڵگا دان هەر ئەوان دەتوانن بچنە ناو سیاسەتەکەوە و هەموو ژنێک لە خۆ ناگرێت.
قازی: ئەوە دەمانگەیێنێتە ئەوە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی پێک بێ پێویستی بەوە هەیە نیزامی سیاسی بگۆڕدرێت وا نییە؟
موکریان: بێگومان ڕاستە. ئەو ئاڵترناتیڤەی وا من دەڵێم کە فێمێنیستە ڕادیکاڵەکان پێشنیاری بکەن. ڕەخنەیان لە سیستمەکە گرتووە، ئەوە هەبووە بەڵام نەیانتوانیوە ئاڵترناتیڤ پێشنیار بکەن. ئێمە ئاڵترناتیڤێکمان دەوێ کە ئەم سیستمە لە بنەڕەت دا ئاڵوگۆڕی بە سەر پێکهاتەکانی دەسەڵات دا بێنێ، ئاڵوگۆڕ بە سەر تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی دا بێنێ و ڕەوشی ژیان، و بەهاکان، ئێستا ئێمە دەزانین بەهاکان لە سەر ئەو زێهنییەتی پیاوسالاری دامەزراوە و بنیات نراوە، ئەوانە بڕووخێنێت و سەرلە نوێ دایبمەزرێنێتەوە. بەڵام لیرە دا گرینگە ئاماژەیەک بەوە بکەین کە ئێمە کاتێک باسی بەهای زێهنییەتی پیاوسالاری دەکەین مەبەست ئەوە نییە کە پیاوەکان خاوەنی ئەو بەهایانەن، بەهایەکی بۆ وێنە لە سەر بنەمای تاک پەرستی، تاک ڕەوی و شەڕ، ناکۆکی و لە سەر بنەمای هێژێمۆنی و دەسەڵاتخوازی و سەردەستی یە. ئەوانە لە ڕاستیدا ئەو جۆرە بەهایانەن کە لەم سیستمەدا  دەبەر جەستەی پیاویان کردووە و پیاو دەبێ وەکوو ئەوە خۆی دەرخات و ئەوەش دیسان دەگەرێتەوە بۆ مێژوو کە چۆن ئێمە لە کۆمەڵگایەکی، لە دنیایەکی کە لە سەر زێهنییەتی دایکایەتی بوو، دایک ناوەندی بوو چۆن تێپەڕ بووین و وردە وردە هاتینە ناو ئەو گۆمەڵگایە بەو زێهنییەتەوە. بەڵێ، کاتێک ئێمە باسی ئاڵترناتیڤ دەکەین باسی ئەوە دەکەین ئەو سیستمە هەنووکەییەی کە ئێستا هەیە دەبێ ئاڵوگۆڕێکی بنچینەیی بەسەر تەواوی پێکهاتەکانی دا بێنێ.
قازی: زۆر باشە، ئێستا ئەگەر هێندێک نزیک بینەوە لە جوغرافیای ڕۆژهەڵات و ئێران دەزانین کە لە ماوەی بزووتنەوە یان شۆڕشی ژن ، ژیان، ئازادی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران بەڕێوە چوو و دیارە زەمینەی ئەو دروشم  و داوایە ئەساسەکەی لە کوردستان هەڵقوڵا لە باکوور ڕا چووە ڕۆژئاوا، لەویشڕا هاتە ڕۆژهەڵات و دوایە هاتە ئێران و دوایە لە ئاستی جیهانیش دا دەنگی دایەوە. ئەو شۆڕشە بووە هۆی ئەوە کە دۆزی ژن و جەختکردنەوە لە سەر یەکسانی و هاوسانی بوونی جێندری لە کۆمەڵگەی ئێمەش دا، لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات و لە ئێرانیش دا بێتە گۆڕێ  و باسێکی دیکەش هاتووەتە گۆڕێ و فێمێنیستانی ژنی کوردیش زۆر باسی ئەو جیاوازییەیان کردووە کە لە نێوان بەشەکانی پەراوێزخراوی کۆمەڵگەی ئێران دا وەکوو کوردستان، بەلووچستان دا هەبووە لەگەڵ ژنانی ناوەند. با لە پێشدا لەوە ڕا دەست پێبکەین کە بەڕێزت مەسەلەی هاوپێوەندی و هاوپشتی لە نێوان ژنانی سەر بە نەتەوە  پەراوێزخراوەکانی وەکوو کورد و بەلووچ  چۆن دەبینی؟ 

موکریان: بەڵێ دیسان پرسیارێکی زۆر گرینگە. لە پێشدا بۆ ئەوەی وڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە گرینگە باس لەوە بکەین لە ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕاستی ئێمە تێکۆشان بۆچی دەکەین. یانی لە خەبات داین بۆ چی، لە دژی چی؟ و چ هاوبەشییەکمان هەیە، چ خاڵی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ نەتەوە بن دەستەکانی دیکە لەم جوغرافیا سیاسییەی کە بە ناوی دەوڵەت نەتەوەی ئێران پێناسە کراوە. دەزانین کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لە سەدەی ٢١ دا کە ئێمە باسی لێ دەکەین ئێمە ڕووبەڕووی هەڵاواردن، و ڕووبەڕووی چەوسانەوە و ڕووبەڕووی ستەمێکی چەند قاتی دەبینەوە. هاوکات ئێمە دیسان لە دژی سەردەستی شەڕ دەکەین، ئێمە لە دژی کۆلۆنیالیزم شەڕ دەکەین، ئێمە لە دژی ئیستیغلال شەڕ دەکەین یا ئەوەی کە بە فارسی پێی دەڵێن ئیستیسمار. کە واتە ئێمە لە دژی سیستمی دەوڵەت نەتەوەی پیاوسالاری سەرمایە لە ڕۆژهەڵات بە ڕاستی لە تێکۆشان داین و بە هۆی ئەوە لەگەڵ  نەتەوە بن دەستەکانی دیکە بۆ وێنە گەلی بەلووچ هاوبەشیمان زۆرە. هاوبەشی وەختێک باسی دەکەین شێوازی چەوساندنەوەکانمان لەیەک نزیکن. گەلی بەلووچیش، ژنێکی بەلووچیش بە هەمان شیوازی ژنی کورد تووشی ئەو چەوساندنەوە و ئەو هەڵاواردنە چەندقاتییە بووە، وەکوو ژن، وەکوو بەلووچ و تەنانەت وەکوو کەسێک کە ئەگەر لە بواری دین و ئایین باسی بکەین ئێمە دەزانین کە دەسەڵات دەسەڵاتێکە لە سەر بنەمای شیعەی پیاوسالار و بەلووچ وزوربەی کوردیش سونین.  هاوبەشی زۆر بووە و ئەو هاوبەشییانە و ئەو دەرک و تێگەیشتنی ئەو ئازارانەی کە لەو ساڵانە دا تووشی بوون ئەوانە بوونەتە هۆی ئەوە کە بە ڕاستی لێک نزیک بوونەوەی  بە تایبەتی ژنانی نەتەوە بن دەستەکاندا زۆر بێ. و ئەوە لە بیر نەکەین کە بە ڕاستی یەکەم نەتەوەیەکی بن دەست کە هاتە سەر شەقام ئەوە گەلی بەلووچستان بوو کە هاتە سەر شەقام وکوتی کوردستان تەنیا نییە و بەلووچستان هاوپشتێتی. ئەوە دوای حەوتەیەک لە کووژرانی شەهید ژینا بوو کە ئەو شتە ڕووی دا. و پاشان ئێمە بینیمان کە ژنانی بەلووچ بە ڕاستی هەموو هەینییەک چۆن دەهاتنە سەر شەقامەکان، و ئەوە لێرە پێمان دەڵێ کە بە ڕاستی ئەم شۆڕشە، ئەم بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی  خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە نێو مێژووی هەم خەباتی کوردی دا، و هەم لە ناو مێژووی خودی جوغڕافیای سیاسی ئێران دا. بۆ یەکەم جار، ژنانی بەلووچ، بۆچی گرینگ بوو چون ئێمە دەزانین بە نیسبەت گەلی بەلووچستان، ژنی بەلووچستان بە نیسبەتی ژنی کورد زیاتر چەوساوەترن. لەوێ دین و با بڵێین کۆنەپەرستی  زیاتر پەرەی پێدراوە و هەمیشە بەربەستی فیزیکی و ڕەوانی زیاتر لە بەر دەم ژنێکی بەلووچ بووە کە تێکەڵ بە عەرسەی گشتی و فەزای گشتی بێ. بەڵام، ئەو شۆڕشە ئەوانیشی هێنا سەر شەقام و دروشمێکیان بەرز کردەوە کە چ بە حیجابەوە و چ بێ حیجاب ئێمە هەموومان بەرەو شۆڕش دەچین. و ئەوە بۆخۆی دیسان من پێی دەڵێم زۆر بە ناوەرۆک بوو، زۆر ناوەرۆکدار بوو، زۆر واتادار بوو چون ئێمە دەزانین دیسان حەولێکی زۆر هەبوو لە لایەن فێمێنیستە لیبێراڵەکانەوە ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بۆ بزووتنەوەیەکی لێبێڕاڵی دا ببەزێنن.
قازی: دیارە ئینعیکاسشی هەبووە لە سەر تێکۆشەرانی کورد، ئێستا کە جەنابت باسی دەوری ژنانی بەلووچت کرد ئەو بابەتە هات لە زەینمەوە کە باسی لێوە بکەین ئەویش ئەوە بوو کە دەزگایەکی تێلێڤیزیۆنی مانگیلەی کوردی کە لە ئوڕووپا ڕا بەرنامە بڵاو دەکاتەوە، دەستی کرد بە بڵاو کردنەوەی بەرنامەیەک بە زمانی بەلووچی کە ئەوەش بە ڕاستی بۆ خۆی یەکێک لەو لێکەوتانەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بوو کە نیشان دەدا چەندە پێویستە ئەو هاوپێوەندییە لە نێوان گەلانی ئێران دا بەو شێوەیە هەبێ. فەرموو بەردەوام بە!
موکریان: بەڵێ ئاماژەتان بە دروستبوونی هاوپێوەندی کرد، بە دروستبوونی هاوپشتی کرد. هەڤگرتنی نەتەوە بن دەستەکان زۆرزۆر گرینگە، نەتەوە چەوساوەکان، نەتەوە بابڵێین پەراوێز خراوەکان. هاوپشتیوانی و هاوپێوەندی لە نێوان نەتەوە پەراوێزخراوەکان زۆرزۆر گرینگە. بۆچی چونکە ئەگەر ئێمە دیسان تەماشای جوغڕافیای سیاسی ئێران بکەین دەزانین کە تەنانەت لە بواری هەژمارییەوە ئەو نەتەوە پەراوێزخراوانە بەڕاستی بە هەموویان هەژمارەیان نێوەی دانیشتووانە، هەڕچەند ئێمە هەژماری زۆر فەرمیشمان لەبەر دەست دا نییە. بەڵام بە پێی ئەو سەرچاوانەی تا ئێستا لەبەر دەستن گەلی فارس دەبێتە لە سەدا پەنجا و گەلەکانی دیکە، بابڵێین غەیرە فارسەکان لە سەدا پەنجای دانیشتوان پێک دێنن و ئەگەر هاوپەیمانییەک لە نێوان نەتەوە پەراوێزخستراوەکاندا بە ڕاستی دروست نەبێت لە داهاتوو دا ئێمە دیسان تووشی ئەو مێژووە تاڵەی ١٩٧٩ دێینەوە. بۆیە گرینگە ئێمەی نەتەوە پەراوێزخراوەکان هاوبەشیمان یەکجار زۆر بێ بە تایبەتی ژنی نەتەوە پەراوێزخراوەکان و بۆچی ژنی نەتەوە پەراوێزخراوەکان، چون ئێمە لە هەمان کات دا کە دەبێ وریای ئەوە بین کە نەتەوەکەمان ڕزگار بکردرێ لە هەمان کات دا دەبێ وریای ئەوە بین کە دیسان ئێمەی ژن وەکوو ژن بە دەست دیسان پیاوی خۆمان نەچەوسێینەوە. چون ئێمە دیسان ئەزموونەکەیمان لە باشووری کوردستان دا هەیە. لە باشووری کوردستان ئێمە وەکوو کورد ئێستا ناوچەوسێینەوە، ئەو کەسانەی کە ئێستا حوکمڕانیمان بەسەر دا دەکەن کوردن، بێگانە نین بەڵام  ژنی کورد لەوێدا هێشتا چەوساوەیە. یانی لە باری کولتووری و زمانییەوە ئێمە هیچ پەراوێزخستراوییەک لەوێدا نابینین، هیچ چەوساندنەوەیەک لەوێدا نابینین، هیچ سەردەستییەک لەوێ نابینین بەڵام شکڵ و فۆڕم و سەردەستییەکانی دیکە کە لە سەر بنەمای سەردەستی بە سەر ژن دا دروست کراون ماوەتەوە.
جا بۆیە لیرە ڕۆڵی ژن گرینگە چون ئێمە دەبێ بە وشیارییەکی زیاترەوە و وردبینییەکی زیاترەوە هەم نرخاندن بۆ بابەتەکە بکەین کە هەیە و هەمیش وریای داهاتوو بین چون لە هەمان کات دا ئێمە دەزانین کە ئەم شۆڕشە ڕۆئیا و دەهەمان کات دا دوژمنی زۆریشی هەیە. هێزی دژی شۆڕشی یەکجار زۆر هەن کە دیانهەوێ ئەم شۆڕشە بە لارێ دا بەرن.
قازی: دیارە بەڕێزت دەزانی کە ئەو یەکسانی جێندری جاری وا هەیە کە لەنەتەوەی تێ دەپەڕێنێ بەڵام لەو بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە بەو دروشمەوە تەنییەوە و تەئسیرێکی زۆریشی هەبوو لەوەدا کە ژنان توانییان لەو بزووتنەوەیە دا ڕۆڵی سەرەکی و پێشەنگ بلیزن ، بە ڕۆڵێکی ئاواوە لە کۆمەڵ دا دەرکەون بەڵام دیارە وەکوو پێشتریش باسم کرد هەم لە ڕوانگەی فێمێنیستانی کوردەوە ئەو جۆرەی کە دەبێ ژنانی ناوەند، ئەوانەی کە بە زمانی فارسی دەنووسن  و بەشێوەی سەرتاسەری و هەموو جوغڕافیای ئێران تەماشای مەسەلەکان دەکەن ئەو جۆرەی کە دەبێ لە داوخوازی نەتەوەیی کە بۆ ژنانی فێمێنیستی کوردیش لە گۆڕێ دایە، بە دەنگیانەوە نەهاتوون. جەنابت بۆچوونی ژنانی ناوەند چۆن لێک دەدەیەوە؟
موکریان: بەڵێ ئێمە کاتێک باسی ژنانی ناوەند دەکەین ئەوانیش بۆ خۆیان بە ڕاستی چەند لقن، یانی ناتوانین بە ڕاستی بە شێوازێکی تاقانە سەیریان بکەین. با بڵێین ئەو ژنە فێمێنیستە دەوڵەت ناوەندەکان یا فێمێنیستە لیبێڕالەکان ئەوان هەر مێژووی خۆیان لە سەرەتای مێژووی مێدێرنیزاسیۆنی ئێرانەوە یانی با بڵێین لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەوە کاتێک قاجار دێتە ناو پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆنەوە ژنان یا با بڵێن باسی جێندری لەوێدا بە کار هات، ئاوا بڵێین باشترە، بەکار هات نەک بۆ دەوڵەتسازی، دەوڵەت دە دەستی پیاو دا بوو بەڵام ژنان و ڕێفۆرم و ئەوانەیان بەکار هێنا بۆچی بۆ پڕۆسەی نەتەوە دروستکردنی خۆیان. یانی هەڵوێستی فێمینیستە لیبێڕاڵەکان دیارە ئێمە بە ڕاستی پێم وا نییە بتوانین هیچ قسەیەکمان لەگەڵیان هەبێت، بەڵام فێمێنیستەکانی دیکە با بڵێین فێمێنیستە چەپەکان، فێمێنیستە مارکسیستەکان، ئێکۆ فێمێنیستەکان، ترانس جێندرەکان ئەوانە هێندێک لایەنی بچووک هەن ئەوانیش با بڵێین شێوازی چەند قاتی چەوسانەوەکان و ستەمەکان دەبینن و دەرکی پێدەکەن و تێیگەیشتوون کە بابەتی نەتەوایەتی بۆ ژنێکی کورد هاوتەریب لەگەڵ بەحسی ژنایەتی و ئازادیی جێندری دەچێتە پێشێ. هەر وەها با بڵێین ستەمەکانی دیکە. ستەمی چینایەتی و بەحسی ژینگە ئەوانە هاوتەریبن بۆ ژنی کورد. و هێندێک لایەن هەیە کە ددانی بەوە دا هێناوە، بەڵام هێندێک لایەن، تەنانەت لایەنی چەپ هەیە،چەپە مارکسیستە کلاسیکەکان ئەوان گفتوگۆیان لە سەر ئەوەیە کە ئێمە دەبێ لە گوفتمان و لە وتاری نەتەوایەتی دەرباز بین، هەمان شتی کە مارکس دووپاتەی دەکردەوە کە ئێمە دەبێ لە نەتەوە دەرباز بین بۆچی چون دەیانگوت بەحسی نەتەوە دەبێتە هۆکاری دروست بوونی ناکۆکی و درز کەوتنە بەینی تێکۆشان و بزووتنەوەی چینایەتی، دەبێتە بەربەستێک لە بەر ئەوەی کە ئێمە بتوانین شەڕ بکەین لە دژی سیستمی سەرمایەداری. بەڵام ئێمەی ژنی کورد دەڵێین ئێمە بە ڕاستی تێگەیشتنێکی جیاوازترمان لە خودی چەمکی ئازادی هەیە. چەمکی ئازادی بۆ ئێمە تێکەڵاوێکە لە هەم دیاریکردنی چارەنووس بە واتای ئەوەی کە هەر تاکێک، هەر کۆمەڵگایەک دەبێ لە سەر ئیرادەی ئازادی خۆی شکڵ و فۆڕمی سیاسی هەم کۆمەڵگاکەی خۆی و هەم ژیانی تاکە کەسی خۆی پێک بێنێت، و هەر وەها ئازادی بە واتای ئەوەی کە نەگاتە سەردەستی، یانی عەدەمی سوڵتە،  non-domination بۆ ئێمەی ژنی کورد ئازادی تێکەڵاوێکە لەو دوانە. بەڵام بۆ کەسێکی چەپی مارکسیست بە ڕاستی تێگەیشتنی ئەو شتە زەحمەتە. چون ئەو ئێشی پێ ناگا چون ئەو هەمیشە وەک نەتەوەی فارس  سەردەست بووە، ئەو هیچکاتێک وەکوو نەتەوە نەچەوساوەتەوە، وەکوو ژن چەوساوەتەوە، لە بواری چینایەتی وەک چین، لە بواری ئابووری دا چەوساوەتەوە بەڵام بۆ ئێمەی ژنی کورد مێژووەکەمان شتێکی دیکەمان پێ دەڵێ. ئێمە دەڵێین نەتەوە بوونی ئێمە، کورد بوونی ئێمە تەنانەت بووەتە هۆکاری ئەوە کە چینایەتی لە ناو کۆمەڵگای کوردی دا دروست بێ. ئەوە لە بیر نەکەین، ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ پڕۆژەی مۆدێڕنیزاسیۆنی ئێران پێش ئەو گەلی کورد بەڕاستی دەستی بە سەر بژێوی ژیانی خۆی دا هەبووە، ئێمە دەزانین کە ئێمە کۆچەر بووین، ژیانی ئێمە لەسەر پەروەردەکردنی مەڕ و ماڵات و جووتیاری بووە و ئەوەی کە ئێمە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ بژێوی ژیانمان هەبوو، یانی چینایەتییەکی وەها بە واتای مارکس هێشتا لە کوردستان پەرەی پێ نەدرابوو. بەڵام چون ئێمە کورد بووین، ئێمە پەراوێزخستراین، دوایە کە سەرمایە هات کوردیان مەجبوور کرد شارنشین بێ، لە شارنشینییەوە ، چون لە شارەکانی خۆی دا چ سنعات و کارگەیەک نەبوو، مەجبووریان کرد كۆچبەر بێ بۆ شارەکانی دیکەی ئێران. مەجبووریان کرد ببێ بە کۆڵبەر. کە واتە تەنانەت ئەو چینایەتییە، ئەو شێوازی چینایەتییە کە لە ناوەند دا ئێمە دەیبینین بەو شێوازە ئێمە لە کوردستان دا نایبینین. لە کوردستان دا بە شێوەیەکی دیکەیە و ئەو ناهاوسەنگی و جیاوازییە چینایەتییەش  سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەحسی نەتەوایەتی بوون. بۆیە بابەتی نەتەوایەتی زۆر زۆر گرینگە و من دەڵێم، پێشتر ئەوەشم لە کۆنفڕانسی ژن،ژیان، ئازادی لە سوێد گوت. کۆنفڕانسێکی فرە نەتەوەیی هەبوو لە سوێد و بەحسەکەی من بە ڕاستی لە سەر ئەوە بوو کە بە تایبەتی بۆ ژنانی فێمێنیستی چەپ ئەگەر ئێمە دەمانهەوێ ئەو هەڤگرتن و ئەو هاوپشتییە یان ئەو پێوەندییە لە نێوان ئەو بزووتنەوانە قووڵتر بکەین پێویستمان بە وتارێکی هاوبەشی نەتەوایەتی یە.
قازی: باشە ئەگەر لێرە دا ڕوو لە ژنانی غەیری کورد و غەیری بەلووچ بکەین یانی ژنانی ناوەند پێت وایە بە چ شێوەیەک دەکرێ تەعامولیان لەگەڵ بکرێ. هەر لە ناوی ژینا را دەست پێ بکەین. لە ئێران وا هەیە بە ناوێک سجیل وەردەگرن و ناوێکی دیکە بەکار دێنن، هەرچۆنێک بێ لە ئەدەبییاتی زاڵی فارسی دا ئەوان زیاتر لە بری "ژینا"، مەهسا بەکار دێنن. و تەئکیدی لایەنی کوردیش ئەوە بوو کە لەو ڕەوتە دا هووییەتی خۆی نیشان بدا. یان تەنانەت ئەوەش دەگوترا دروشمەکە تەرجومە نەکرێ. چۆن  کە ڕێفرێنس دەدرێ بە دروشمی شۆڕشی فەڕانسە بە زمانی خۆی باشتر وا بوو هەر ژن، ژیان، ئازادی بگوترێ بێ ئەوەی وەربگێڕدرێ و بگوترێ زن، زندگی، آزادی.
پێت وایە ڕۆڵی ژنانی کورد چییە بۆ ئەوەی کە بتوانن ئەو زێهنییەتە لە ناو هاوجێندرەکانیان دا، لە بەینی ژنانی غەیری کورد و غەیری بەلووچ و غەیری ئازەربایجانی و غەیری عەڕەب دا بگۆڕن لە ناوەند؟

موکریان: ئێمە ئەوە لە بیر نەکەین کە ئەم شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە پەراوێزی جوغڕافیای سیاسی ئێرانەوە دەستی پێکرد و ژنانی کورد پێشەنگی بوون لە ناوخۆ دا، و ئەرکی ژنانی کورد ئەوەیە ئەو پێشەنگایەتییە لە عەرسە سیاسییەکەش دا بگرنە دەست. یانی ئێستا ئێمە لەگەڵ هێندێک لە فێمێنیستە چەپەکان کە گفتوگۆی ئیدێئۆلۆژی بکەین یا بەحسی ئیدێئۆلۆژی بکەین بەڵێ جیاوازی هەیە. بەڵام ئێمە داواکەمان ئەوەیە کە ئەوان دەبێ ڕوویکەردەکانیان بگۆڕن، مێتۆدۆلۆژییەکانیان بگۆڕن، ڕەوش شناختییەکانیان بگۆڕن. ئێمە تەنانەت داوایان لێ دەکەین ئەوان ڕوویکەرد و ڕێبازێکی پۆست – کۆلۆنیالیسم بگرنە دەست کە بەو واتایە بێ هەر لە سەرەوە چاو لە بابەتەکە نەکەن و ڕوویکەردێکی پۆست – ستراکچرالیسم بگرنە دەست یانی پەسا ساختاری کە وشەکان، چەمکەکان بە شێوازێکی فیکسد و سابیت و ئەوە نەبینن. زانست لە حاڵی گۆڕان دایە، هێشتا پەنا دەبەنەوە بەر ئەوە بزانن مارکس سەبارەت بە نەتەوە چی گوتووە و هەمان شت درێژە پێ بدەنەوە. بەڵام ئەوەی کە ژنی کورد لەو پێوەندییە دا دەتوانێ چ ڕۆڵێکی هەبێ دیسان من دەڵێم ئێمەی ژنانی نەتەوە پەراوێزخستراوەکان بە دروستکردنی هاوپشتی و هەڤگرتنێک کە ئەوەندە قووڵ و بەر فرەوان بێ کە ببێتە هۆکاری کردار و عەمەلێکی یەکگرتوو دەتوانین ئاڵوگۆڕ بە سەر زێهنییەتی فێمێنیستە چەپەکانیش دا بێنین. یانی هەمبەستەگییەک کە ببێتە عەمەل لە نێوان ژنانی نەتەوە پەراوێزخراوەکان، ئەوە دەتوانێت ئەو گۆڕانکاری لە زێهنییەتی ژنە چەپە فێمێنیستەکان دا وەدی بێنێ و ئەگەر ئەو هاوپشتییە لە نێوان ژنی نەتەوە پەراوێزخراوەکان دا شکڵ نەگرێ من دەڵێم  کارێکی سەختمان لە پێشە.
قازی: لە لێکدانەوەیەک دا کە سەبارەت بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەکرێ باسی ئەوە دەکرێ کە ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەییان نەبووە بۆ جووڵانەوەیەکی ئاوا و وەختێک ئەوە هاتە گۆڕێ و کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان و دواتر لە بەشەکانی دیکەی جوغڕافیای ئێران ئاوا بە لێشاو تێیدا بەشدار بوون، ئەوە بۆ ڕێکخراوە سیاسییەکان تازەیی هەبوو. بەڕێزت ئەو ئامادە نەبوونە چۆن لێک دەدەیەوە؟
موکریان: حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات ئێمە دەزانین کە هەمیشە لە پێوەندییەکی ئۆرگانیک لەگەڵ کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات دا بوون و لە خودی ئەو بزووتنەوەیەشدا ئەوە سەلمێندراوە. بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە سەر کارنامەی یەک ساڵ و نیوەی ئەوان لە کاتی ئەم شۆڕشە دا ئەوان چ هەڵوێستێکیان بوو بەڵێ دەگەینە ئەو ئەنجامە کە ئەوان بە ڕاستی ئامادە نەبوون و شۆکێک پێیان وارید بوو لە کاتێک دا  کە ئەم شۆڕشە ئاوا سەری هەڵدا و بە خێراییەکی زۆر زوو تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و ئەوەی نیشان دا کە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندە یەکگرتوون، چەندە لەو ئێدێئۆلۆژییە حیزبییەکانی خۆیان تێپەڕ بوون، بەڵام لە ناو حیزبە سیاسییەکاندا بە پێی ئەو کار و خەباتەی کە بینیمان بەڵێ ئەوەمان بۆ دەرکەوت. چون ئێمە بینیمان کە هێندێکیان  و نەک هەموویان  هەر یەکەی ڕوویان کردە لایەنێک. و لە جیات ئەوەی کە دانیشن لە ناو خۆیان دا و ئەوانیش بەرەیەکی نەتەوایەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست کەن هەر یەکە ڕوویان کردە لایەنێک و لە فکری ئەوە دا بوون چۆن زوو بگەنە دەسەڵات. یانی دیسان هەر لە سەر ئەو بنەمای مل ملانی بۆ دەسەڵات و باخۆم پێش خەم با وەدوا نەکەوم، لە سەر ئەوە هەڵسوکەوتیان کرد، بۆ وێنە لایەنێکمان دی چوو زوو خۆی لە کوڕی شای پێشوو نزیک کردەوە، هەر یەکەی بە لایەکدا چوون، بەر لەوەی کە لە پێشدا بەرەیەکی نەتەوەیی پێک بهێنن. کاتێک کە ئێمە باسی بەرەی نەتەوەیی دەکەین بێگومان ئێمە باسی یەکگرتووییەکی نەتەوە بە واتا کلاسیکەکەی ناکەین، ئەوەی کە یەک کەس ببێتە ڕێبەرمان و ئەو بڕیار بدا بۆ گەلی کورد. بەڵام، ئێمە دەمانتوانی ئەنجومەنێکمان بێ، شووڕایەکی ڕێبەرایەتیمان بێت کە خاوەن گوتارێکی هاوبەش بۆ بەحس و پرسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بین و بێگومان ئەگەر ئەو بەرە هاوبەشە شکڵی گرتبایە ئێمەی کوردیش دەمانتوانی دەنگمان بەهێزتر بێت، و تەنانەت دەمانتوانی بە هێزێکی زیاترەوە بچینە دەوری مێزی گفتوگۆ لەگەڵ
لایەنەکانی دیکە. بەڵام ئەوەمان تێدا نەبینین. لە جیات ئەوە هەر لایەنێک تێکۆشا لەسەر بنەمای ئیدێئۆلۆژی خۆی
جێگایەک بۆ خۆی، بۆ دەسەڵات لە داهاتوو، کاتێک کە کۆماری ئیسلامی نەما چێ بکات. جێی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بکەین هێندێکیش دەسکەوت هەبوو بۆ وێنە ئێمە هێندێک لایەنمان بینی کە دوو جار پێکەوە دانیشتن، جارێک لە سوێد بۆ یەکەم  جار نوێنەری سێ حیزبمان بینی کە لەوێ دانیشتن. لە پارڵمانی ئوڕووپا دیسان  بەڕاستی ئەوە لە مێژووی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا  بۆ جاری یەکەم  نوێنەری سێ حیزبمان بینی کە پێکەوە لە یەک ڕیز دا دانیشتن و پێکەوە قسەیان کرد. ئەوانەش دەسکەوتن کە من دەڵێم ئەوە دەسکەوتی ئەو شۆڕشەیە، چون ئەو شۆڕشە و گەلی کوردستان بوو کە پاڵی بە حیزبەکانەوە نا کە لە یەک نزیک بنەوە. بەڵام لە هەمان کات دا بە پێی کارنامەی ئەوەی کە کرداریان چ بوو، ئەوەی کە چ سیاسەتێکیان گرتە بەر و تا ئێستاش نەیانتوانیوە ئەو بەرە هاوبەشە بۆ  ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ دەنگی کوردستان، بۆ ئەم شۆڕشە پێک بێنن ئەوە نیشان دەدا کە بەڵێ ئەوان بەڕاستی ئامادە نەبوون و هێشتاش ئامادە نین و لێرەوە پێم وایە جێی خۆیەتی ئەوە بڵێین کە هەلی سیاسی، دەرفەتی سیاسی بە ڕاستی زۆر بە دەگمەن دێتە پێشێ ، جارێک لە ساڵی ١٩٢١ بڵێین تا ساڵی ١٩٢٣ دا هاتە پێشێ گەلی کورد لە دەستی دا. لەو شۆڕشەش دا دیسان دەرفەتێکی سیاسی بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات گونجا کە ئەگەر حیزبە سیاسییەکان ئامادەکارییان بۆ کردبایە و پێشبینی وەها دەرفەتێکیان بکردبایە دەیانتوانی کەلکی لێ وەربگرن. دیسان دەرفەتی سیاسی ڕەنگە لە ئایەندە دا بێتە پێشێ و گرینگە حیزبە سیاسییەکان لە سەر ئەو نزیکبوونەوەیەی خۆیان پێداگر بن و بتوانن بەرەیەکی هاوبەش بۆ ئەو دەرفەتە کە لە داهاتوو دا ڕەنگە بێتە پێشێ خۆیان ئامادە کەن بۆ ئەوەی ئەگەر دیسان هاتە پێشێ ئێمە هەر ئاوا لێی تێپەڕ نەبین.
قازی: زۆر باشە، ئەو ژنانە یانی ئەو تێکۆشەرە سیاسییانەی کە ئەندامی حەڕەکەتە سیاسییەکانن یا سەمپاتییان هەیە بۆ ئەو ڕێکخراوە جۆربەجۆرانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەن پێت وایە یەک لە بەر ئامادە نەبوونی پێشوو و دووەمیش ئەو لێکەوتانەی کە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ڕا کەوتوونەتەوە، ئەوانە دەتوانن چ دەورێک بگێڕن ئایا بەڕاستی ژن دەتوانن، یانی گەیشتوونە ئەو ئاستە کە بتوانن ئەو ڕۆڵی پێشەنگایەتی لە بواری سیاسی لە چوارچێوەی ڕێکخراوەکانیان دا بگێڕن؟

موکریان: پرسیارێکی زۆر زۆر گرینگە چون دیسان ئەوە نکووڵی لێ ناکردرێ هەر وەک ئێوە لە دەسپێکی بەرنامە دا ئاماژەتان کرد بە وتاری باوکی شەهید محەمەد حەسەنزادە لە شاری بۆکان ئەوەی کە  " زەمانێک ئێمە ئەگەر دەمانویست بە یەکێ بڵێین زۆر بە غیرەتە دەمانگوت زۆر پیاوە. ئەلعان پیاوێک کە بییەوێ زۆر پیاو بێ دەبێ زۆر ژن بێ." ئەوە بۆ خۆی چی بۆ ئێمە دەردەخات کە ئەم شۆڕشە هێندێک گۆڕانکاری دروست کردووە بەڵام لە ناو حیزبەکان دا چی؟ لە ناو حیزبەکانیش دا دیسان من پەنا دەبەمەوە بۆ سەرچاوە و قسەکانی یەکێک لە سەرکردەکانی حیزبە سیاسییەکان لە پارڵمانی ئوڕووپا دا کە پێکەوە دانیشتبوون، یەکێک لە سەرکردەکانی یەکێک لە حیزبە سیاسییەکان گوتی: ئێستا ئێمە گەیشتووینە جێگایەک کە ئەگەر دەچین بۆ کۆبوونەوەیەک چەند ژن بە دەورمانەوە نەبێت، چەند ژن لەگەڵمان نەبێت پێمان عەیبە، شەرم دەکەین کە بڕۆینە ئەو شوێنەوە. ئەوە بۆ خۆی بۆ من دوو واتای هەبوو یەک ئەوەی کە ئێمەی ژن دیسان دەبێ لێرە وریا بین کە لەو عامیلییەتە سیاسییەی کە لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنان بەدەستیان هێناوە لە دەرەوە حیزبە سیاسییەکان کەلکی لێوەرنەگرن، یانی هەر وا واتایەکی سەمبۆلیکی نەبێ کە ژنەکان هەبن. ژن بۆ ئەوەی کە کاریگەری بێ دەبێ لە بڕیاردانی دەسەڵاتی سیاسی دا هاوبەش بێت. دەبێ مافێکی یەکسانی لە ناو ئەو حیزبە سیاسییانەدا هەبێ بۆ ئەوەی کە بتوانێ گۆڕانکارییەکی بەڕاستی بنچینەیی بەسەر ئەم  حیزبە سیاسییانە دا بێنێتە دی. ئێمە دەزانین بە گشتی لە ئاستی جیهان دا ئەوە دیسان هەر ناگەڕێتەوە بۆ کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان حیزبی سیاسی با بڵێین سروشتێکی پیاوانەی هەیە، لە سەر زێهنییەتی پیاوسالارانە و ئەو بەهایانەی کە بۆ پیاوانیان داناوە دامەزراوە. جا ئەو حیزبە سیاسییانەی ڕۆژهەڵات ئێستا کە ڕووبەرووی شۆڕشێکی وەها ڕادیکاڵ لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات بوونەتەوە جێی خۆیەتی کە دەرگا بۆ ژنان بکەنەوە کە لە بڕیاردانی سیاسی دا دەنگی هاوبەش و یەکسانیان هەبێت. بەڵام ئەگەر نەبوو؛ چون ئێمە ئێستاش دەیبینین، با دیسان ئێمە چاو لە کارنامەی حیزبە سیاسییەکانمان بکەین، دوای ئەم شۆڕشەش تەنیا یەکێک لە حیزبەکانمان هاوسەرۆکێکی ژنی هەیە و تەنیا ژنێکمان هەیە وەکوو وتەبێژی دەرەکی حیزبێک. ئەوی دەمێنێتەوە دیسان تەسویر و وێنایەکی پیاوانەیان هەیە، ئێمە پیاوەکان لە ڕێبەرایەتی دا دەنێین و دەزانین کە ئەگەر ژن لە ڕێبەرایەتی دا نەبێت ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان لە بڕیار دان، لە سیاسەتگوزاری حیزبەکە دا جێگایان نییە. ئێستا ئێمە نەخشی ژنان لێرە دا چۆن دەبینین، نابێ ئەو عامیلییەتە سیاسییەی ناوخۆ لە دەست بدەین. بۆ ژنان دەتوانین لە ڕێکاری خودی حیزبەکان کەلک وەرگرین ئێمە دەزانین حیزبەکان بەردەوام بانگەوازی لەگەلی کورد لە ڕۆژهەڵات دەکەن کە مانگرتنێکی گشتی بکەن بۆچی بۆ ئەوەی گەل دیسان "نا"یەک بە کۆماری ئیسلامی بڵێتەوە، دووش ئەوەی کە ئەو بەدەنگەوە هاتنە پێگەی حیزبەکان بە ئێمە نیشان دەدا. لە ناو حیزبەکانیش دا بە بڕوای من ژنەکان دەتوانن ڕێکارێکی وا ڕادیکاڵ وەبەر بگرن یا دەبێ دەسەڵاتی سیاسی، هێزی سیاسی، هێزی بڕیاردانی سیاسی لەگەڵ ئەم ژنانە لە حیزبەکان دا دابەش بکردرێت و ئیجازە بدەن کە ژنەکان لە سیاسەتگوزاری حیزبەکان دا دەخالەتی هاوبەشیان بێ یان ژنەکانیش دەتوانن مانگرتن ڕابگەیێنن. ژنەکانیش دەتوانن ئەوجار خۆیان لێ بکشێننەوە دواوە بە شێوازێکی با هەر تەواو چێهرەکانیان پیاوانە بێ. بۆ خۆیان گەیشتوونەتە ئەو ئاستە کە بۆخۆیان دەڵێن بە ڕاستی ئیدی ئێمە ناتوانین بەبێ ژنان بچین بۆ کۆبوونەوەیەک چون دیسان گەلی کورد لە ناوخۆوە ئەو حیزبانەی مەجبوور کردووە، بەڵام با لە دەرەوەش لە حاڵەتی سەمبۆلیک دا نەمێنێت و ئەگەر زانیمان هیچ ڕێکارێکی دیکەمان نییە، ئەگەر زانیمان تێکۆشانی ئێمە لە ناو حیزبەکە دا هیچ وڵامێکی نییە بێگومان ڕێگای ڕادیکاڵەکەی ئەوەیە کە ژنان لە دەرەوەی حیزبەکان بە شێوازێکی ڕادیکال ئەوانیش ڕای خۆیان ڕابگەیێنن. بۆ وێنە ژنی تەواوی ئەو حیزبانە دەتوانن لە گوتارێکی هاوبەش دا بەیاننامەیەکی وەها بدەنە دەرێ کە ئێمە لەبەر هۆی ئەوەی کە لە ناو ئەو حیزبانە دا ڕێگای ئەوەمان لێ گیراوە کە ڕای خۆمان دەرببڕین و دەسەڵاتی بڕیاردانی سیاسیمان نییە بڕیارمان داوە ئێمە لەو حیزبانە دا جێگامان نەبێ، ئەگەر هەر سیمبۆلیکین با هەر لە دەرەوە بین و ئەگەر سیمبۆلیک نین با ببین.

قازی: وەکوو پارالێلێکی مێژوویی لە بزووتنەوەی سیاسی بریتانیا دا بۆ وێنە بزووتنەوەی سافرج، داوخوازی مافی ژنان بۆ دەنگدان، ژنان بۆ خۆیان دەستپێشخەرییان کرد، ژن بە بێ پیاو لە چوارچێوەیەک دا ڕێکخستنی خۆیان ساز کرد. بەڵام، پرسیارێکی دیکەش هەر لەو پێوەندییە دا دێتە پێشێ ئەویش ئەوەیە کە بە بۆچوونی بەڕێزت ئەو شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی چەندە توانیویەتی زێهنییەتی پیاوان بگۆڕێ؟ یانی خەسڵەتی بابمەزنی  دە پیاوان دا چەندە بگۆڕێ، چەندە پیاوان ئامادە بکا بۆ وەخۆکردنی یەکسانیی جێندری کە ئێستا باسی لێوە دەکەین.
موکریان: پرسیارێکی یەکجار زۆر زۆر گرینگە بە ڕاستی شڕۆڤە و لێکدانەوەیەکی یەکجار زۆریشی دەوێ. ئێمە بۆخۆمان ئاماژەمان بە یەک دوو نموونە کرد. ئێوە ئاماژەتان بە قسەکانی باوکی شەهید محەمەد حەسەنزادە کرد، ئەمن ئاماژەم بە قسەی سەرکردەی یەکێک لە حیزبە سیاسییەکان کرد. ئێمە نموونەی حیزبمان هەیە کە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتە کە دەبێ ئاڵوگۆڕ بە سەر ئەو زێهنییەتە پیاوسالارییە دا بێنن. با لێرە دا جیاییەک بخەینە ناو کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە ناو کۆمەڵگا دا ئێمە بە وێنە، بە تەسویر دەبینین کە هێندێک ئاڵوگۆڕ بە سەر زێهنییەتی پیاوسالاری پیاو دا هاتووە. بەڵام من دیسان دەگەڕێمەوە بۆ وڵامی ئەو پرسیارەی پێشتر کە دامەوە ئاڵوگۆڕی بە سەر زێهنییەتی پیاوسالاری کاتێک دێتە دی کە ژن بوونی هاوسەنگ، بوونی یەکسانی لە سیاسەت، ئابووری لە حەموو بوارەکانی کۆمەڵگا دا هەبێت. و تا نەگەیشتووینە ئەو ئاستە من دەڵێم زێهنییەتی پیاو سالاری  بەردەوام دەبێ چون کاتێک ئێمە باسی زێهنییەتی پیاو سالاری دەکەین بەڕاستی ئێمە باسی ساختار و پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی – سیاسی دەکەین کە لە سەر بنەمای هێژێمۆنی و دەسەڵاتداری و هێزی پیاو بە سەر ژن دا دامەزراوە و پیاوێک کە لە پێگەی هێز دایە، هەر پیاو نا، ئێمە دەزانین هەر کەسێک، هەر بوونەوەرێکی دیکە کە لە پێگەی، لە ستاتۆی هێز و دەسەڵات دایە، هێز و دەسەڵات بۆ خۆی ناچێتە دەرەوە، بۆخۆی خۆی لە بەین نابات، ئەگەر بردبایەی ڕاپەڕاندنی کێشەکان زۆر ئاسان دەبوو. دیکتاتۆرەکان بە ئاسانی لە بەین دەچوون، بۆخۆیان وازیان لە هێز و دەسەڵات دێنا. ئەوە ژنە بەڕاستی لێرە بە تێکۆشان بێت، چووزانم بە شێوازگەلی ڕادیکاڵی خۆی، بە بوونی هاوسەنگ و بەرابەر و یەکسانی خۆی بە تایبەتی لە سیاسەت دا دەتوانێ ئاڵوگۆڕی بەسەر زێهنییەتی پیاوسالاریش دا بێنێتە دی هەر وەکوو ئەو بزووتنەوەیەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئەوەی پێ نیشان داین. چی بووە هۆی ئەوەی کە باوکی شەهید محەمەد حەسەنزادە وەها شتێک بڵێ ئەوە کرداری ژنان بوو، تێکۆشانی ژنان بوو ئەوە جورئەتی ژنان بوو کە ئەو تابوویانەی نێو کۆمەڵگای شکاند و بوو بە پێشەنگی ئەو شۆڕشە. بەو شێوازە ئێمە دەتوانین بە ڕاستی گۆڕانکاری بە سەر زێهنییەتی پیاو سالاری بێنین.
قازی: بۆ ئەوەی ئەو کارە بکرێ، یانی ژنان بتوانن ئەو دەورە بگێڕن، ئەو دەورە کایە بکەن لە کۆمەڵگە دا و ئەوە ببێتە کولتوورێک، ببێتە فەرهەنگێک بۆ ئەو مەبەستە دەبێ فەرهەنگسازی بکرێ وا نییە؟ یانی ئەو ئاڵوگٶڕە سیاسییە دەبێ بە ڕێگای فەرهەنگییەوە بەڕێوەبچێ. ئەوە چۆن لێک دەدەیەوە، چۆنی بۆ دەچی؟
موکریان: شتێکی کە لێرە دا گرینگە ئەوەیە ئێمە چۆن کولتوور پێناسە دەکەین. کولتوور، فەرهەنگیش بۆ خۆی بە ڕاستی دیسان پێوەندیی بە شێوازی بیرکردنەوەی ئێمەوە هەیە یانی هێندێک باوەڕ و خەیاڵات و ئەو شتەی کە ئێمە باوەڕمان پێیەتی ، شێوازی هەڵوێستە کردن یانی حاڵەتێکی زێهنی هەیە بۆ خۆی کولتوور و بێگومان ئەوە ژێرسازی دەوێ. ژێرسازی ئەوەیە کاتێک ئێمە باسی ئاڵوگۆرێ بە سەر پێکهاتەکانی دیسان دەسەڵات و سیستم دا دەکەین باس لە شێوازی بەڕێوەبەرایەتی دەکەین. شێوازی بەڕێوەبەرایەتی لێرە دا گرینگە، شێوازی بەڕێوەبەرایەتییە کە بەڕاستی فەرهەنگسازی دەکا و چ شێوازێکی بەڕێوەبەرایەتی دەتوانێ ئەو فەرهەنگسازییە بکا بە ڕاستی دیسان با ئاماژەی پێ بکەینەوە دێمۆکڕاسییەکی ڕاستەوخۆیە. تەنیا لە دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ دا ئێمە دەتوانین با بڵێین هێزی سیاسی بە شێوازێکی ئاسۆیی لە نێو کۆمەڵگا دا، لە بەینی ژن و پیاو دا، لە نێوان کۆمەڵگای مرۆڤ و ژینگە دا بەش بکەین. بۆچی دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ؟ چون لە دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ دا هەر تاکێک، هەر کۆمەڵێک، لە سەر بنەمای ئیرادەی ئازادی خۆی کە لە خۆشی دوور نەبووەتەوە بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ هەم گفتوگۆ لە سەر مژارەکە دەکا، بابەتەکە دەکا، هەم بڕیاری بۆ دەدا و هەمیش هێزی جێ بەجێ کردنی هەیە. یانی لە ئیرادەی خۆی بێگانە نەبووە . پێم وابێ دیسان لێرە دا جێی خۆیەتی کە ئاماژە بە مارکس بکەینەوە. مارکس پێش ئەوەی کە چەمکی بێگانەسازی لە سەر بنەمای ئابووری و سەرمایەداری پێش بخات چەمکێکی هەبوو، چەمکێک لە بێگانەسازی کە لە سەر بنەمای سروشتی مرۆڤایەتی بوو و بە پێی قسەکانی مارکس سروشتی مرۆڤایەتی ئەوە بوو کە مرۆڤ توانای  ئەوەی هەیە بتوانێ بۆخۆی بڕیار بدات، بۆخۆی هەڵوێستی هەبێت لە سەر ئیرادەی خۆی. و ئەوە لێرە دەستپێخەرییە بۆ دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ و لە سەر ئەو بنەمایە من دەڵێم ژنان تەنیا لە ڕێگای دابەشکردنی هێز بەشێوازی هاوسەنگ و یەکسان دەتوانن بەڕاستی زێهنییەتی پیاوسالاری کۆتایی پێ بێنن  ئە ئەو دێمۆکڕاسییە ڕاستەوخۆیەیە و هەر وەها جێی خۆیەتی ئاماژەی پێ بکەین ئەوەش بۆخۆی هەمووشت تەواو ناکا. ئێمە پێویستیمان بە ڕێکخراوە و تەشەکولاتی سەربەخۆی ژنان هەیە چونکە پیاوسالاری پرۆسەیەکی مێژوویی یە. هێندێک کەس ئاماژەی پێ دەکەن پڕۆسەیەکی پێنجهەزار ساڵەیە، هەر چەند ناتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە شێوازەکەی چۆن بوو، چۆن دروست بوو، چۆن هاتە مەیدانێ بەڵام زۆربەی ڕۆشنبیران و چاودێران و فێمێنیستەکان لە سەر ئەو باوەڕەن کە پڕۆسەیەکی لانی کەم پێنجهەزار ساڵەی هەیە. ئەم زێهنییەتە، ئەم شێوازی دەسەڵاتدارییە کە پێنجهەزار ساڵە بەردەوامە تەنیا بە ئاڵۆگۆرێکی دێمۆکڕاتیک با بڵێین دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆش بە تەنیا نایەتە دی. ئێمە پێویستیمان بە ڕێکخراوەی سەربەخۆی تایبەتی بە ژنانە کە ژن لە حەموو بوارێک دا چ با بڵیین بەرگریکردنی فیزیکی لە خۆی بێ، لە بواری پاڵپشتی ژنان لە حیزبەکان دا بێ، لە بواری ئابووری دا بێ، لە بواری کۆمەڵایەتی دا بێ، لەو بوارانەی دا کە تایبەتییە بە ژن لە حەموو بوارێک دا ژن بپارێزێ. لە سیستمێکی ئاوا دایە کە ئەمن دەڵێم ئێمە دەتوانین بە ڕاستی سیستمێکی بەڕێوەبەرایەتی تازە کە دەسەڵاتی تێدا نییە، بەڵکوو هێز هەیە ئەو هێزەش بە شێوازێکی ئاسۆیی لە نێوان ژن و پیاو دا و لە بەینی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا دا، لە بەینی نەتەوە چیاوازەکان دا بڵاو بووەتەوە.
قازی: زۆر سپاست دەکەم کاتمان خەریکە تەواو دەبێ بەڵام پێم خۆش بوو ئاخر وتەشت ببیسم. پێت وا نییە ڕۆژێک بەس نییە کە تەرخان بکرێ بۆ مەسەلەی ئازادیی ژنان و ئەوە وەک دیاردەیەکی بەردەوام، وەک شۆڕشێکی نەپساوە دەبێ بەردەوام بێ.
موکریان: بەڵێ بێگومان، ئەمن یە، دەڵێم کە ڕێژەی بەرابەری لە دەسەڵات دا بۆ خۆی تەواو نییە، ئەوە فێمێنیستە لیبێڕاڵەکان باوەڕیان بەوەیە لەم سیستمەی هەنووکەیی دا لە جێدا تەواو نییە و پڕۆسەی ڕزگاری ژن و ئاڵوگۆڕی  بە سەر ئەم سیستمە هەنووکەییە دا و سیستمێکی با بڵێین لە سەر بنەمای چاندی دایکایەتی پێشکێش کردن بۆ خۆی ئەویش پڕۆسەیەکی دوور و دڕێژی دەوێ کە بە خەبات و تێکۆشان هەر وەکوو ئێمە دەبینین  لە باکوور سەری هەڵداوە، لە ڕۆژئاوا سەری هەڵداوە و ئێستا گەیشتووەتە ڕۆژهەڵات و لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ئێران لە کار دایە و بابڵێین تەنانەت هێندێک لە فێمێنیستەکانی جیهانیشی گرتووەتەوە بەڵام، پڕۆسەیەکی درێژخایەنە.
قازی: زۆر سپاست دەکەم بەڕێز ڕۆژین موکریان بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا. جارێکی دیکەش پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە پیرۆزەت لێ دەکەم کاتێکی خۆش.
موکریان: زۆر سپاس بۆ ئێوە، سپاس بۆ میوانداریتان.
قازی: زۆر سپاست دەکەم. بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە کۆتایی ڕاوێژی ئەمجارەشمان. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.    

تێبینی: ئەم بەرنامەیەی ڕاوێژ بە ڕێگای سکایپەوە بە ئاوایەکی زیندوو سەر لە ئێوارەی پێنجشەمە ٧-ی مارسی ٢٠٢٤ لە تێلێڤیزۆنی ستێرکەوە بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە بەم لینکەی خوارەوە  لە مەکۆی بەرنامەی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵیی یوتیوب دا تەماشا بکەن.   
https://www.youtube.com/watch?v=KT8SnsHprHs









 

No comments: