Monday, January 6, 2025

Sunday, January 5, 2025

نامەیەکی دیکەی نەمر ڕەحیم سوڵتانیان بۆ کاربەدەستانی سۆڤیەت بە ناوی حیزبی نهێنی دێمۆکڕاتی کوردستان " حیزبی ژیانی کورد"!

وێنەیەکی نەمر ڕەحیم سوڵتانیان  لە لەندەن ، سێپتامبری ١٩٧٥


                                             نامەیەکی  دیکەی نەمر ڕەحیم سوڵتانیان

نامەیەکی نەمر ڕەحیم سوڵتانیان بۆ کاربەدەستانی شووڕەوی کە لە فارسییەوە وەرگێڕدراوە بۆ زمانی ڕووسی و لە زمان ڕووسییەوە بەڕێز دوکتور کامران ئەمین ئاوە کردوویەتە کوردی.

 بەڕێز سوڵتانیان لە لایەن " حیزبی ژیانی کورد "وە نامەکەی ئیمزا کردووە، ئەویش ئی سەردەمێکە هێشتا هەڕەشەی گیران و ڕاوەدوونانی ئەندامانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی سەردەمی کۆمار لە گۆڕێ دا بووە. تەنانەت لەو سەروبەندە دا بڵاوکراوەی " ڕێگا  " لە باشووری کوردستان کە حەسەن قزڵچی و غەنی بلووریان بابەتیان تێدا نووسیوە وەکوو ئۆرگانی حیزبی ژیانی کورد بڵاو کراوەتەوە.  بەداخەوە دەقی نامە فارسییەکە لەئارشێڤی " ئەنیستیتووی نێونەتەوەیی مێژووی کۆمەڵایەتی " لە ئامستردام دا نەبوو، لە خوارەوە سکانی میکرۆ فیلمی دەقە ڕووسییەکە دەبینن. سپاسێکی زۆر بۆ بەڕێز دوکتور کامڕان ئەمین ئاوە.

حەسەن قازی

 ژانڤییەی ٢٠٢٥

ئەم نامەیە لە فارسییەوە کراوەتە ڕووسی

وەرگێڕان لە ڕووسییەوە: دوکتور کامڕان ئەمین ئاوە

 بۆ ڕێبەری دادپەروەریی و خەبات بۆ ڕزگاریی مرۆڤایەتی

وێرای ڕێز و حورمەتم بۆ ئێوە، دەمەوێ دۆخی ئێستای کوردستان و چالاکیی حیزبی دیموکراتی کوردستانتان پێ ڕابگەیەنم کە ئێستا ناوی بۆته "حیزبی ژیانی کورد".

سەرەڕای لە ناوبردنی دەوڵەتی گەلیی کورد لە لایەن بەڕێوەبەرە فاشیستەکانی ئێرانەوە، ئەوان نەیانتوانی ڕێز و خۆشەویستی کورد بۆ ئازادی و دیموکراسی لە دڵی خەڵک بێنە دەرێ.

به هۆی ئەندامە ئەمەکدارەکانەوە، ڕێکخراوەکەمان دەستی به کاری نهێنی کرد و لە هەموو شارەکانی کوردستانی ئێران کومیتە خۆجێیەکانی حیزبی دامەزران. لەو شوێنانەدا کۆمیتەی لاوان و کۆمیتەی پارتیزانی ڕێکخران کە به پێی توانایی خۆیان، بە پارێزێکی زۆرەوە کارەکانیان ڕادەپەڕێنن.

ئەم ڕێکخراوەیە هاوکارییەکی نزیکی برایانەی لەگەڵ فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان هەیە و لە بابەتی گرینگدا ڕاوێژیان پێ دەکات.

بێ‌گومان بەرنامەی ئێمە هەمان بەرنامەی یەکیەتی کۆمارە سۆسیالیستییەکانی سۆڤیەتە، و لە هەر حاڵەتێکدا چاوەڕێی ڕێنوێنی ڕێبەرانی بزووتنەوەی دیموکراتیک و ئازادین. ئێمە چەندین جار به شێوەی زارەکی نوێنەرانی فەرمی[سۆڤیەت]‌مان لە سەرجەمی ڕووداو و کارەکانمان، هەم لە خاکی عێراق لە ڕێگەی نوێنەری ڕاستەوخۆمان لە بەغدا و هەم لە تاران و تەوریز ئاگادار کردۆتەوە. بێجگەوە لەوەش، حیزبی ئێمە پێوەندیی نزیکی لەگەڵ پارتی دیموکرات لە عێراق هەیە.

چاوەکانمان ڕوو له کرێملینە، شوێنێک کە تیشکەکان لەوێوە دەدرەوشێنەوە و، ڕێگای ئازادی و بەختەوەریی ڕووناک دەکەنەوە، لەوێشەوە تەواوی گەلە زۆرلێکراوەکان کە بۆ ئازادیی خۆیان خەبات دەکەن پشتیوانی دەکرێن و ئەم تیشکانه تەنیا هیوای ئێمەن، تیشکی یاسای بنەڕەتیی ستالین.

ئێمە دەزانین یەکیەتی سۆڤیەتی لە دوایین شەڕدا خەباتی کرد بۆ ڕزگاریی خەڵکی ستەملێکراو و هەموو سەرکەوتنە گەورەکانی یەکیەتی کۆمارە سۆسیالیستییەکانی سۆڤیەت لە ڕێگای خەبات بۆ دادپەروەریدا بووە.

گەلی کورد به ناوی ڕزگاریی، به ناوی سەرکەوتن لە دوایین شەڕدا، به ناوی ئەو خوێنە ڕژاوانه، به ناوی ئەوانەی لە گۆڕەپانی  خەبات لە پێناو دادپەروەریدا گیانیان بەختکرد، داوای یارمەتی لە یەکیەتی سۆڤیەت دەکات و بەم هیوایەوە دەژی کە داواکەی قەبووڵ بکرێ و یارمەتی بدرێ.

گەلی کورد به پێی توانایی خۆی خەبات دەکات.

باوەڕ بکەن، ئێمە به زنجیری چەوسێنەر دەور دراوین. ئێمە  لە ژێر راوەدوونان و سووکایەتی پێکرانی بەردەوامداین. بە هۆی هومانیزمی گەلی سۆڤیەتیەوە، بەشێک لە براکانمان پەنایان بۆ سەر خاکی یەکیەتی سۆڤیەت هێنا و ئێمە لێرە وێرای بەرگەهێنانی سەختی و ئازار، لەهەر چەشنە ئازادیەک بێبەش کراوین. تەنانەت منداڵەکانمان ناتوانن به ئازادی بخوێنن، خیزانەکانمان لە ژیانێکی ئینسانی بێبەشن، و چارەنووسی ئێمە لە دەستی چەوسێنەر و خوێنڕێژەکاندایە، هەرلەبەر ئەوەش، گەلی کورد داوای رزگارکرانی دەکات، لە ستەم ڕزگار بکرێ و ئازادی و بەختەوەریی پێببەخشرێ.

داوا لە ڕێبەر و مامۆستای مەزن، ڕزگاریکەری تەواوی مرۆڤایەتی، باوکی ژیر، ستالینی مەزن دەکەین کە بیر لەهەموو کەس دەکاتەوە، سەرنجێکیش بداته وەزعی ئێمە. وێرای ئاگادار کردنەوەتان لە پێداویستییەکانمان، داواتان لێدەکەین یارمەتیمان بدەن.

سەرەڕای هەلومەرجی سەخت، ئێمە پێوەندیمان لەگەڵ تەواوی کۆمیتە خۆجێییەکان هەیە و، تا ئەو کاتەی دڵمان لێبدات، ئامادەی خەباتین بۆ ڕزگاریمان.

ئێمە هیچ پارەیەکمان بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانمان نییه و پێویستیمان به پارە هەیە. هەموو ئەو عەشیرەتانەی کە پێوەندیمان لەگەڵیان هەیە، ئامادەی ڕاپەڕین بۆ خەباتن. ئێمە پێویستیمان به ڕێنوێنی و ئامۆژگاریی ئێوەیه، بۆ ئەوەی ئێمە بەرەو ڕێگای راست ببات. چاوەڕێی ڕێنمایی و فەرمانی ئێوەین.

به ناوی حیزبی نهێنی دێمۆکڕاتی کوردستان "حیزبی ژیانی کورد"

ڕەحیم سوڵتانیان

(٢٤ فێوریەی ١٩٥٠) ٥/ ١٢/ ١٣٢٨

به ڕای ئێمە، پێویسته ئەم هەنگاوانه هەڵبگیڕی:

1.بەرنامە به زمانی کوردی بخرێته ناو پرۆگرامی ویستگەی ڕادیوی مۆسکۆ

2.بەرنامە به زمانی کوردی بخرێته ناو پرۆگرامی ویستگەی ڕادیوی باکۆ

3.بەرنامەی تایبەتی به زمانی کوردی بخرێته ناو پرۆگرامی ویستگەی ڕادیۆی نهێنی دیموکراتیکی ئازەربایجان.

4.تا ئێستا هیچ ڕێنوێنیەک به دەستمان نەگەیشتووە، داوا دەکەین لەکاتی شیاودا فەرمانی پێویستمان بۆ کار و ڕێکاری گونجاوی پیویست تا بچووکترین وردەکارییەکانمان پێبدەن.

ئاگادارتان دەکەینەوە که نوێنەری ئێمە لە شاری تاران تەواوی خاڵەکان لە ڕێگای ئاغای ئێحسان تەبەرییەوە پێتان رادەگەیەنێ. تکایه یارمەتی بدەن بۆ پێکهێنانی پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ.

پشتراستدەکرێتەوە: جێگری سەرۆکی ئیدارەی یەکەمی وەزارەتی ئاسایشی دەوڵەتی ئازەربایجانی کۆمارە سۆسیالیستەکانی سۆڤیەتی

سەرهەنگ /نەزەرلی/