هەڤپەیڤینی یەکەم: بەرنامەی پرس و بەرسڤ،غەنی بلووریان، مەد تیڤی، ئەو بەرنامەیە لە ڕۆژی چوارشەمە ٢٦- ٧- ١٩٩٥ بڵاو کراوەتەوە
چوار هەڤپەیڤینی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان
لە ساڵی ١٩٩٥، ساڵی
دامەزرانی یەکەم تێلێڤیزیۆنی مانگیلەی کوردی مەد تیڤی، یەکەم وتوێژ لەبەرنامەی
" پرس و بەرسڤ" بەڕێز ئەحمەد باراچ کلیچ لە ئاڵمان لەگەڵ نەمر غەنی
بلووریانی کردووە. وتوێژی دووەم هەر باراچ کلیچ لەساڵی ١٩٩٧ بۆ هەمان کاناڵ
بەڕێوەی بردووە. لە مانگی ئاوریلی ٢٠٠١ میدیا تیڤی بەرنامەیەکی تەواوی "
ڕۆژباش کوردستان"ی بە مودێراتۆری مێدیا ڕێناس تەرخان کردووە بۆ وتووێژ لەگەڵ
بلووریان و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠١ دا هەر لە میدیا تیڤی دا بەڕێز دوکتور جەبار قادر لە بەرنامەی " بۆ
مێژوو " دا وتوێژێکی درێژی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان کردووە کە لە پێنج
ئاڵقە لە دیسامبر ٢٠٠١ و ژانڤییەی ٢٠٠٢ دا لە میدیا تیڤییەوە بڵاو
کراوەتەوە.
لێرە دا ئەو چوار وتوێژانە بە وردی دابەزێندراون و ئامادە کراون. لە سێ بەرنامەی
یەکەم دا بە مەبەستی هاسانکاری بۆ خوێنەرەوە پرسیاری مۆدێڕاتۆڕەکان لە کوردیی
کورمانجییەوە کراونەتەکوردیی سۆرانی.
قسەکانی بەڕێز بلووریان ئەو جۆرەی وڵامی داوەتەوە، وەک دەڵێن بێ ئەوەی واوێکی لێ
بپەڕێ وەکوو خۆی دابەزێندراوە. من وەکوو دابەزێنەری ئەو بابەتە هەڵوێستم لەمەر ڕووداوەکانی
جودایی گرووپی حەوت کەسی
لە ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران هەر لە کاتی خۆی دا دەربڕیوە.
دەکرێ لەگەڵ بۆچوونەکانی
نەمر بلووریان نەبین بەڵام لەڕوانگەی خۆیەوە بەشێک لە مێژووی سیاسی بە تایبەتی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگێڕێتەوە. دابەزاندنی ئەو هەڤپەیڤینانە بە مەبەستی خزمەت بە
ئاستە کردنی مێژووی سیاسی کراوە. ئەو وتوێژانە بەرە بەرە بڵاو دەکەینەوە.
حەسەن قازی
دێسامبری ٢٠٢٥
هەڤپەیڤینی
یەکەم:
بەرنامەی پرس و بەرسڤ،غەنی بلووریان، مەد تیڤی، ئەو بەرنامەیە لە ڕۆژی چوارشەمە ٢٦-
٧- ١٩٩٥ بڵاو کراوەتەوە.
ڕاگەیاندنی بەرنامە: بینەرانی
هێژا! سیاسی بە ناوبانگ غەنی بلووریان وەک نیلسۆن ماندێلا بە ساڵان لە پێناو
ئازادیی گەلی خۆی دا دە زیندان دا بووە. ئێمە ئەو هەڤپەیڤینەی لەگەڵمان کردووە
پێشکێشتان دەکەین!
ئەحمەد باراچ
کڵیچ: مامۆستا غەنی ئێوە
چەند ساڵ دە زیندانی شا دا بوون؟
غەنی
بلووریان: من سەرجەم، سەرجەم
بیست و پێنج ساڵ
مەد تیڤی: ئەحمەد باراچ کلیچ: هۆی سەرەکی گرتنی ئێوە چ بوو؟
بلووریان: سەبەبی گرتنی ئەساسی ئیتیهام لێ دان کە ئێمە داوای
جیابوونەوەی کوردستان دەکەین لە ئێران؛ ئیتیهامی سەرەکی یەک. دوو ئامادە بوون بۆ
کوشتنی شای ئێران. ئەو ئیتیهامەیان لە ئێمە دا. دیارە ئەو ئیتیهامەی کوشتنی
شایەکەی دروستکراو بوو بۆ وەی کە حوکمەکەمان سەخت بێ، بتوانن ئێعدام بکەن. چون
قانوونی ئێران قەستی گیانی شا، کوشتنی شا بۆ خۆی ئێعدامە. قەستەکەی، نەک
عەمەلەکەی. قەستەکەی خۆی مەحکووم بە ئێعدامە جا ئەو دانەیان قەستی جودا بوونەوە لە
ئێران ئێعدام نییە چون دە قانوونی ئەساسی ئێران دا ئەوە بەحس نەکراوە. بەڵام بۆ
ئەوەی ئێمە ئێعدام بکەین[بکەن] ئەوەیان لە
لای ئەم دانا کە ئێمە قەستی کوشتنی شاشمان هەبۆ. بۆ وەی کە بتوانن ئێعدام بکەن.
باراچ کلیچ: مامۆستا ئەتۆ دەتوانی بە کورتی باسی هەلومەرجی
زیندانێ، لێدان و ئەشکەنجە بکەی؟
بلووریان: بەڵێ ئێمە کە چووینە زیندانی تەبرێز، سازمانی
ئەمنییەتی تەبرێز دوو دەستە ئینسان گیرابوون؛ عیدەیەک کورد بوون کە ئێمە ١٢٠ کەس
بووین.عیدەیەک ئازەربایجانی بوون. حیزبی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجانی ئێران.
ئەوانیش دەگەڵ ئێمە هاوزەمان هەموویان گرتن. شکەنجە لە تەبریز بوو. بەر لە هەموو
شتێک شکەنجە لە تەبریز بوو.
شکەنجە شەلاق بوو [بە دەست نیشان دەدا. ح.ق] زۆرتر، لوخت دەکردن بەدەن
باراچ کلیچ: تازی [ڕووتیان] دەکردنەوە؟
بلووریان: بەڵێ ڕووت دەکردن، ڕووت. ڕووت ڕووت لە سەر تەخت درێژ
دەکردن، یەک ئینسان دادەنیشت لێرە [ دەست دەبا بۆ پشت ملی. ح.ق]، یەک ئینسان دا
دەنیشت لێرە [ ئاماژە بۆ خوارەوە دەکا. ح.ق] ساواکی، شکەنجەگەر ئا، یەک ئینسان لەو
بەر، یەک ئینسان لەو بەر شکەنجە دەکرد، بە شەلاق. پێی دەڵێن، لە وڵاتی ئێمە پێی
دەڵێن کابل، بە کابل شەلاقیان دەکرد، لێ دەدا. دیارە دەورێکیان لێ دەدا پاشان
هەڵیان دەستاند دەستبەندیان دەکرد، ئە ئاوا
[هەر دوو دەستی دەباتە پشت ملی. ح.ق]، قەپانی پێ دەڵێن دەستبەندی قەپانی.
دەستبەندەکە ئەو جوورە، جا سەنگی پێ هەڵداوەسن. سەنگی چوار کیلۆ، سێ کیلۆ وە پێنج
کیلۆ. بەستە بە تەوان و قودرەتی ئینسانەکەیە. سەنگی پێ هەڵداوەسن ئەزییەت دەکا
ئیتر. ماوەیەکی بە سەنگ، جا ئەو جار بە شەلاقی دوولا، شەلاق ئاوا دوو لا کردن دەی
دا لە سەر، ئەوجوورە دەی دا لە سەر. ئەو شکەنجە، بێ خەو کردن.
باراچ کلیچ: مامۆستا، محامی ئەوقاتی [ پاریزەر] ئێوە هەبوو؟ کە
بەرگری لە ئێوە بکا؟
بلووریان: محامی ئەسڵەن نەبوو، دادگای ئێمە دادگای نیزامی /
عەسکەری بوو، محامی نەبوو ئەوان خۆیان دیارییان دەکرد پێنج کەس، شەش کەس، دە کەس
لیستەیان دەدا بە تۆ کە ئەو ئەفسەرانە،
ئەو زابتانە دەتوانی تۆ لە نێو ئەوانە یەک نەفەری ئینتیخاب کەی. پیاوی خۆیان
بوون، نە ئینکی ئەمن ئازادانە محامێکی
ئازاد لە دەرەوە بە پارەی خۆم [بگرم].
باراچ کڵیچ:یانی ئەڤۆقات ژی [ پارێزەکانیش] پیاوی ساواک بوون؟
بلووریان: بەڵی ئەوان ساواک لیستەکەی دەدا، ساواک لیستەکەی دەدا
کە بە ئەو لیستە. دە نیو ئەو لیستەیە دە ئەفسەری، زابتی ئیران مەسەلەن نۆ نەفەر
دەی دا بە تۆ، تۆ لە نێوان ئەوانە دەیگوت یەک نەفەری ئینتیخاب کە. منیش دەستم
دەگێڕا دەمگوت ئەوە. کێیە نایناسم. تەواوی دەورەی محاکەمەش من فەقەت ڕۆژی کە
بردیانینە سەر جەلەسەی محاکمە ئەو محامییەم دیوە بەڵام،
باراچ کڵیچ: مامۆستا ئێوە یەک لەو کەسانەن کە حیزبی دێمۆکڕاتی
کوردستانی ئێرانتان دامەزراند، ئێستا دەتوانی بە کورتی باسی هەلومەرجی کوردستانی
ڕۆژهەڵات، کوردستانی ئێران بۆ ئێمە بکەی لە دوای کوشتنی دوکتور عەبدولڕەحمان
قاسملوو لە وییەنێ و دوکتور شەڕەفکەندی لە بێرلین وەزعی گەل، وەزعی سیاسی چۆنە لە
کوردستانی ڕۆژهەڵات؟
بلووریان: عەرزت بکەم خەڵکی کوردستان، کوردستانی ئێران زۆر
تەڕەفداری دەکا لە حیزبی دێمۆکڕات، لایەنگری دەکا. هێندێک شایەد بە عەمەل، هێندێک
هەر وا [دەست لە سینگی دەدا، ح.ق] لە دڵەوە. دیارە هەموو گەل ئامادە نییە گیان
فیدا بکا لە هیچ کوێ هەموو گەل نییە. عیدەیەک موشەخەسن، ئەفڕادێکن فیداکارن دێنە
مەیدانی خەبات عەمەلی. بەقییە جەماعەت خۆی لایەنگرە، تەڕەفدارە بە عیلەتی ئەوەی کە
دژی حکوومەتە. عیلەتی وەک کوردە و داوای کوردایەتی هەیە، خواستی کوردایەتی هەیە.
دیارە وەختێک یەکێک لە ڕەهبەرانی خۆی ئەکووژرێ، یەکێک لە ئەفڕادی خۆی ئەکووژرێ
ناڕەحەت دەبێ و عەکسولعەمەل نیشان دەدا بەڵام زەخت و فشاری حکوومەت ئەوەندە زۆرە
لە سەر خەڵک ئیتر ئیجازەی نادا کە خۆی پێشان بدا. بەڵام خەڵک لە دڵەوە فەوقولعادە
ناڕەحەت دەبێ.
ناڕەحەتی زۆر بووە. ئێستاش خاترەی ئەو ڕۆژە، لە فکری لە زێهنی خەڵک دا هەیە. بەڵام
حکوومەت مەجالی عەکسولعەمەل نادا مەسەلەن جەماعەت ئێعتراز بکات. موغازە دا بخات،
موزاهەرە بکات شتی وا لە ئێران ئیجازەی پێ نادەن.
باراچ کڵیچ: یانی گەلی کورد کە کوردستانی ئێرانێ زەحمەتێکی گەورە
دەکێشێ؟
بلووریان: بەڵێ، بەڵێ فشارێکی زۆری لە سەرە. کوردستانی ئێرانیش
ئیجازەی ئازادیی تەزاهورات، ئازادی حیزب دروست کردن، ئازادیی بەیان و عەقیدە بە
ئازادیی کوتن، دەربڕینی ئەوە یا عەکسولعەمەلێک نیشان دان دە موقابیل حەوادسێک دا
کە بکرێ وەکوو شەهید کردنی دوکتور قاسملوو یا سادق شەڕەفکەندی کە بێنە خیابان،
شەقام موزاهەرە بکەن ئێعتراز بکەن شتی وا بکەن [سەری ڕادەوەشێنێ ح.ق]
باراچ کڵیچ: نینە، قەدەغەیە
بلووریان: ئەسڵەن. مومکین نابێ.
باراچ کڵیچ: مامۆستا بە دیتنی ئێوە جیاوازی لە نێوان کوردی
ڕۆژهەڵات و کوردی باشوور و کوردی باکوور دا هەیە یانی لە ڕوانگەی فکرییەوە، یانی
جیاوازی لە باری فکری و ڕامانی هەیە یان نا، یان کورد وەک یەک بیر دەکاتەوە. بیر
کردنەوەی کورد یەکە؟
بلووریان: فکر دەکەم
هەموو کورد لە مەڵبەندی خاوەرمیانە بە تێگڕایی هەموو یەک جوور فکر دەکەنەوە
دەبارەی چارەنووسی خۆیان دا. ئەویش وەکوو میلەتێک داوا دەکا کەیان و کەڕامەتی خۆی
هەبێ. حەقی خۆی هەبێ، ساحێبی ئاو و خاکی خۆی بێ. ئەوە ئاواتی هەموو کوردە جا لە
تورکییەی بێ، لە عێڕاق بێ، لە سوورییە بێ، لە ئێران بێ ئەوە ئاواتێکی عموومی
میلەتی کوردە مولاحەزەت فەرموو. ئەوە ئاواتی عموومی یە. بەڵام لە خەباتی سیاسی دا
مەراحیلێک دێتە پێش کە هەر حیزبە شعار و دروشمێک
هەڵدەگرێ بۆ خەباتی خۆی لە محەل بە پێی زرووف. بە پێی زرووف حەڕەکەت دەکا.
ئەگی نا [ ئەگەر نا] خواستی عموومی کورد حەقی میلەتی کوردە، حەقی تەعیینی
سەرنیویشتی میلەتی کوردە بە دەستی خودی میلەتی کورد. ساحیبی ئاو و خاکی خۆ بوون،
ساحێبی ئیستیقلالییەتی خۆ بوون ئەوە ئاواتی هەموو کوردە لە هەموو دونیا دا.
باراچ کڵیچ: مامۆستا جارێکی دی پرسم بە دیتنی ئێوە کێشەی کورد هەر
تەنێ کێشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە یان کێشەی جیهانە، کێشەی دنیایە؟ یانی ئەو کێشەیە
دەکرێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا جێ بەجێ
بێ یان پێویستە چارەسەرییەکی گشتی، چارەسەرییەک کە دنیا لە دەوری یەک کۆ بێتەوە و
چارەسەییەکی سیاسی بۆ دۆزی کورد ببینێتەوە؟
بلووریان: عەرزت بکەم حەلی مەسەلەی کورد هێندێک موشکیلاتی زۆرە.
عیلەتی ئەوەیە کورد چوار پارچە کراوە، هەر پارچەی لە وڵاتێکە. ئەو پارچە پارچە
بوونە لە قووەتی موبارەزەی خەڵک کەم دەکاتەوە ئیتر مەعلوومە. لە هێزی موبارەزە
کەم دەکاتەوە. دروشمەکانیش هەر کەس بە پێی زرووفی خۆی ئەو کارە دەکا. لە ئەوڕۆی،
ژیانی ئەوڕۆی کوردستاندا، ئەڕۆ، لە شەراییتی ئەوڕۆی کوردستاندا وەزعێکی تایبەت لە
کوردستان هاتۆتە پێشێ کە بەر لەوە ئەو زرووفە نەبوو لە کوردستان. بە تایبەت پاش
شەڕی کەنداو. پاش شەڕی خەلیجی فارس و تەجاوزی سەدام بە کو -وەیت و هوجوومی وڵاتانی
غەڕب و ئەمریکا بە مەنتەقەی عێڕاق و ئەو مەنتەقەی خەلیجی فارس هاتنە ئەوێ شەرائیتی
جەهانیش بە عیلەتی تێکچوونی سۆسیالیزم، ولاتانی سۆسیالیستی و ئەوانەش هەموو
عامیلێکن کە مەسەلەیەکی خاسی لە دونیا دا بەوەجوود هێناوە بۆ حەلی مەسەلەی میلی لە
سەرتاسەری دونیایە. زرووفێکی خاسە.
ئێستا دەبینی لە ئێریترە مەسەلەن شەڕ تەواو بووە، لە فەلەستینێ ئەوە بەرەو تەواوی
دەڕوا. لە شوێنی تر لە ئەفریقای جنووبی مەسەلە حەل بووە. ئەو مەسەلەی ئێستا کە
هەیە لەو مەنتەقەیەی وەکوو چەچەن و وەکوو یۆگۆسڵاوی و ئەوانەش، ئەوانەش قابیلی
حەلە. ئەوانە قابیلی حەلە. مەسئەلەی
موهیممی کە هەیە ئەوڕۆ دە شەرائیتی ئێستا دا هەم بۆ مەنتەقە هەم بۆ جیهان مەسەلەی
کوردە. ئێستا گەورەترین مەسئەلە بۆ غەربیش مەسەلەی کوردستانە. لە سەتحی جەهانیدا. مەسەلە
عومدەیە، مەسەلەی گەورەیە بۆ ئەوانەش ڕێگای حەلی بۆ ببیننەوە، ڕێگای حەلی مەسەلەی
کورد دە چوارچێوەی سازمانی میلەل و حکوومەتهایی جەهانی بە نەزەری من قابیلی حەلە.
لە مەڵبەندێک دەگەڵ تورکییەی، یا دەگەڵ ئێرانێ یا دەگەڵ عێڕاقێ یا دەگەڵ سوورییەی
قابیلی حەل نییە ئەوە مەقتەعی یە، شتێکە مەقتەعی.دیارە مومکینە ئیمتیازاتێک بدەن
شتێک بدەن مودەتێک خامۆش بێ. لەوێ شتێک بدەن خامۆش بێ بەڵام ئەوە هەموو داوای
میلەتی کورد نییە. ئەوە خواستی میلەتی کورد نییە. خواستی میلەتی کورد تەعینی
سەرنیویشتی خۆی بە دەستی خۆیەتی و بۆ ئەوەش خەبات دەکات.
هەمیشە خەبات دەکات و ئەو خەباتە بەردەوامە. ئەو ئیمتیازەی لە تورکییەی وەر دەگرێ
یا لە ئێرانێ وەری دەگرێ یا لە سوورییەی، لە عێڕاقێ ئەیدات، ئەیدەنێ وەک
خودموختارییەک یا فەرعییاتێکی شتێکی ئاوا ئەو مەقتەعی یە، بۆ کورد مومکینە قازانجی
هەبێ مەرحەلەیەک بەڵام ئەوە داوای کورد نییە کورد حەقی تەواوی دەوێ.
باراچ کڵیچ: مامۆستا دە نێو کورد خۆیدا گەلێک فکر و ڕامانی موختەلیف
هەن، یانی فەردی هەن کورد هەن دەڵێن مافی کولتووری و سەقافی بەسمانە، کوردی واش
هەن دەڵێن مافی ئۆتۆنۆمی، حوکمی زاتی، خودی موختاری، کوردی دیکەی واش هەن دەڵێن
مافی سەربەخۆیی. گەلۆ بۆ چل میلیۆن ئینسانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دەرمان چییە؟
بلووریان: ئەو خەباتەی عەرزم کردی بەعیلەتی پارچە پارچە بوونی
کوردستان، شەرائیتی تاریخی وە وەزعی جوغڕافیای سیاسی کوردستان وە ڕابیتەی ئەو
دەوڵەتانەی کە کوردیان تێدایە لەگەڵ حکوومەتهای جیهانی، گەورەی جەهانی، ئەو
ڕابیتانە هێندێک موشکیلاتێکی زۆری بۆ کورد هێناوەتە پێشێ کە یەک دەفعە کورد شەرایەتی
نەبووە، زرووفی نەبووە هەستێ وێگرا داوای ئیستیقلالییەت بکا. ئەوە بۆ هەر کەس
موتابیقی زرووفێکی کە تێیدا بۆ دە زەمان دا موتابیقی ئەو زرووفە داوای کردۆ، لە
کوردستانی ئێران خودموختاریان داوا کردۆ، لە کوردستان عێڕاق زەمانێک داوای
خودموختارێیان کردۆ
باراچ کڵیچ: حوکمی زاتی، ئۆتۆنۆمی
بلووریان: [داوای] ئۆتۆنۆمی، حوکمی زاتییان کردۆ، مومکینە لە
سوورییەی هێندێک زەمانێک داوای کولتورییان کرد بێ، مەسائیلی کولتووریان کرد بێ.
ئەوە ئێستا لە تورکییە شەرائیتێکە فەرق ئەکات. شەرائیتی کە تورکییە هەیەتی ئێستا
فەرق دەکا. ئەو قودرەتی هەیە. یانی کوردی تورکییەی ئێستا قودرەتمەندترن لە شەرایتی
ئەوڕۆ دا قودرەتی تەشکیلاتی، قودرەتی تەشکیلاتی دە پێش دا، دەرەجە یەک. قوودرەتی
تەشکیلاتی یەک، پشتیوانی جەمعی گەل و هاتنە مەیدانی هەموو گەلی کوردی تورکییە ئەوە
بۆ خۆی زۆر زۆر موهیممە کە حیزبەکانی دی، بەشی کوردستانەکانی تر ئەو شەراییەی نییە
کە ئێستا پێ کەکە هەیەتی. ئەو شەرایتەی کە لە باری جوغرافیاییشەوە پشت و پەنای هەم
لە باری ئوڕووپاوە و هەم لە باری مەنتەقەی خاوەر میانەوە ئەوەی کە ئیمکاناتی بۆ پێ
کەکە هەیە بۆ ئەوانیتریش نییە. ئیمکانای پی کەکە لە پشتی مەرزەکانێوە جێگای
ئاوەڵەی زۆرە، ئیمکاناتی زۆرترە لە کوردستانی تورکییەی.
باراچ کڵیچ: یانی ئیمکانییاتی چی؟ ئیمکانییاتی گەلە، ئیمکانییاتی
عەسکەرییە؟
بلووریان: ئیمکانییاتی گەل کوتم لە ڕێگای خۆیەتی، گەڵ لەگەڵیەتی،
ئیمکاناتێکی کە لە حدوودەکانی دەتوانێ ئازادانە بێتە دەرێ، حەدی ئەقەل پشتی لەو
سەرەی یۆنانە، لەو سەرەی ئەرمەنستانە، پشتی لەو بەرە دەوڵەتهای دیکەیە،
ئەوجارەکانێ دەتوانێ پشتی بەو دەریایانە دا بێ بەرەو ئوڕووپا بڕوا. کوردی تورکییە
ئیمکاناتی زۆرترە. کوردی عێڕاق، کوردی ئێران چوارچێوێکی مەحدوود [بە دەستی
بازنەیەک نیشان دەدا. ح.ق]. هەموو بەستەیە، بەستراوە. کوردی عێڕاق گشتی بەستراوە.
تورکییە، پشتی کوردی تورکییەی هێندێک ئاواڵەترە. دەتوانێ ئاواڵەتر بێ.
باراچ کڵیچ: یانێ بە پێی دیتنی ئێوە شۆڕشی کوردستان لە باکووری
کوردستانەوە دەست پێ دەکا؟ یانی بنەمای شۆڕشی کوردستانی گەورە، کوردستانی باکوورە؟
بلووریان: بە نەزەری من حەڕەکەی کوردستان، بۆ کوردستانی گەورە
زیاتر دەتوانێ لە کوردستانی تورکییەی ڕا دەست پێ بکات. بە عیلەتی وەی ئیمکاناتی
زۆرترە. پشتی ئاواڵەیە. ئەوان دەتوانن مولحەق بەو حەڕەکەتە بن، پشتی ئەو حەڕەکەتە
بگرن
باراچ کلیچ: یارمەتی بکەن، ئاریکاری بکەن
بلووریان: یارمەتی ئەو حەڕەکەت، یارمەتی بدەن چونکوو ئەو
ئیمکاناتی زۆرترە، هەر وەکوو کوتم لە باری خەڵکەوە خەڵکی زۆر دەگەڵە، لە باری
تەشکیلاتەوە بە قودرەتە، لە باری خاریجەوە هێزی کوردی لە خاریج زۆرە، فرە، چوارسەد
هەزار کورد لە ئوڕووپا هەس. لە ئاڵمان هەس بێجگەلە وڵاتانی دی. یەکیش پشتی
ئاواڵەترە. پشتی کوردی ئێرانێ، ئەولایە ئێرانە، ئەو لایە عێڕاقە. پشتی کوردستانی
عێڕاقێ ئەو لایەی تورکییەیە، ئەولا ئێرانە، ئەولا سوورییەیە. کوردستانی سوورییەی
ئیمکاناتی کەمترە. کوردستانی تورکییە لایەکی ئەقەلەن، جیهەتێکی، پشتی ئاواڵەیە
دەتوانێ ئیستیفادەی لێ بکا. لایەکی ئەوە ئەرمەنستانە ئێستا پاش ئەو حەوادیسەی لە دونیایێ دا، سۆسیالیزم تێک چوو، ئەرمەنستان
چی بۆ، لەو لایە یۆنان هەیە. ئیختیلافی بەینی، تەزادی بەینی تورکییە و یۆنان دەتوانێ ئیمکاناتێک بۆ
کوردی تورکییەی بە وجوود بێنێ
باراچ کڵیچ: دەتوانێ ئیستفادەی لێ بکا.
بلووریان: ئەوانە دەتوانێ ئیستیفادە بکا کە ئەو ئیمکاناتە بۆ
کوردستانی ئێران و عێڕاق و ئەوانە، سوورییە وجوودی نییە.
باراچ کڵیچ: مامۆستا ئێوە لە سەر ئەو شەڕی براکووژی لە باشووری
کوردستان دەڵێن چی؟ لە نێوان پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق و یەکێتی نیشتمانی
کوردستان دا کە بە سەدان بە هەزاران کەسیان لێک کوشتووە؟
بلووریان: بە داخەوە نەک لە کوردستانی عێڕاق شەڕی برادەرکوژی
هەبوو بەڵکە لە کوردستانی ئێرانیش هەبوو، بەینی حیزبە سیاسییەکانی ئێرانیش پێکەوە
یەکتر کوشتنیان هەبوو، زیانیان زۆر لە حەڕەکەی خۆیان دا،لە حەڕەکەی کورد دا لەو
مەنتەقەی بە کوشت و کوشتار و دوژمنایەتی، ئێستاش دوژمنایەتییەکە هەر بەردەوامە، کە
حەل نەبۆ بەینیان. بەڵام لە کوردستانی
عێڕاق کە وەزعێکی خاس [ لێرە دا وشەکە مانا عەڕەبی و فارسییەکەی لە زەین دا بووە،
ح.ق] و تایبەتی بۆ هاتە پێشێ لە جەرەیانی کەنداو دا ئومێدێک هەبوو بۆ وەی
کوردستانی عێڕاق بتوانێ نەخشی ڕەهبەری کوردستان بە تێگڕایی ئی گەورە بازی بکات.
یانی ڕێبەریی هەموو کوردستانی گەورە بکات. ئەوە فورسەتەی بۆ هات بەڵام نەیان توانی
ئیستیفادە بکەن. بە خاتر چی؟ بە خاتری ئەوەی بۆخۆیان موتەحید نەبوون، بۆ خۆیان
هاوفکر نەبوون، بۆخۆیان دوژمنی یەکتر بوون. مەسڵەحەتی حیزبایەتییان فیدا کرد!!
یانی مەسڵەحەتی میلەتیان فیدای مەسڵەحەتی حیزبایەتی کرد.
خەڵک فەرامۆش بوو بۆ ئەوان. حیزب بۆ ئەوان موهیم بوو، ئیتیحادیان نەبوو، ئەو
عەدەمی ئیتیحادە، نەبوونی ئەو ئیتیحادە زیانێکی زۆری لە ئیعتیباری ئەوانە دا لە
سەتحی جەهانی دا. ئەو دۆستانەی کە دەستی یارمەتییان بۆ درێژ دەکرد وەلەو مەقتەعی
بێ یا سیاسی بێ بیلەخەرە دەستێکیان درێژ کرد ئەوان ئێستا ئیعتیباریان لە کن
ئەوانیش کەم بۆتەوە. زۆر زۆر کەم بۆتەوە.
لە ناو خودی گەلی کوردیش دا ئیعتیباری خۆیان لە دەست دا. خەڵک ئەوەڵێ زۆری ئومێد و
هیوا پێ بەستبوون. هیوایان هەبوو کە ئەوە بیلەخەرە چرایەک، حەدی ئەقەل شوعلەیەک بۆ
کورد ئەوە دائیسێت. بەڵام ئەوانە بە عەمەلی خۆیان ئەو شوعلەیان ئەوەندە زەعیف
کردووە هەموو ئومێدی خەڵک لە بەین چووە.
باراچ کڵیچ: ئەوە حەفتا ساڵە خەباتی سیاسی و عەسکەری خۆیان
بەیەکەوە دەکەن، بەڵام بۆ چی هەتا ئێستا نەیانتوانیوە کەسێکی خۆیان بنێرنە هەیئەتێکی
نیونەتەوەیی وەکوو کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان. بۆچی کورد نەیانتوانیوە نوێنەرێکی
خۆیان بنێرنە وێندەرێ ببێتە بەرپرسیاری گەلی کورد؟
غەنی
بلووریان: ئەو زرووفە کە ئێمە
ئێستا تێیداین ئێستا ئەو زرووفە دەتوانێ ئەوە چێ بکات، زرووفی بەر لەمە ئی پێشوو
ئەو زرووفە بۆ کورد نەبوو کە بتوانێ ئیمکاناتێکی ئە ئاوا فەڕاهەم بکات. وەکوو بۆ
سازمانی فەلەستین چێ بوو، بۆ کورد بە تێگڕایی ئیمکانییات ئەوە نەبوو. ئێستا ئەو
ئیمکانییاتەی هەیە بە شەرت، یەک شەرت. شەرتەکە ئەوە بوو کوردەکە بۆخۆی موتەحید بێت. بۆ خۆی بتوانێ خۆی
شەخسییەتی خۆی بە سەر جیهان دا، بە سەر سازمانی میلەل دا تەحمیل بکات، ئەزانیت
تەحمیل بکات؟
باراج کڵیچ: [ وشەیەک نابیستری]
غەنی
بلووریان: فەرز بکات، بە
ئیتیحادی خۆیەوە ئەتوانێ خۆی وەکوو میلەت فەڕز بکات لە خەباتێکی هاوبەش، موشتەڕەک
بتوانێ نوێنەری خۆی دابنێ لەوێ. ئەو ئیتیحادە، ئەو یەکێتییە دەتوانێ کەیان و
شەخسییەت بەو ئینسانە بدا کە وەک نوێنەرێک لە سازمانی میلەل قبووڵ بکرێت.
ئەوەی کە ئێستا چێ بووە ئەو پارڵمانی کوردستانە بە ڕای من گەورەترین ئومێدە بۆ
ئەوەی بتوانێ ببێتە نوێنەری گشت کورد.
باراج کڵیچ: ئەو پارڵمانی کوردستانی کە لە هۆلەندا لە باژێڕی
لاهای.
بلووریان: ئەو پاڕلمانی کوردی ئێستا لە هۆلەندا چێ بووە، ئەوەی
ئێستا چێ بووە دەتوانێ ئەوە خۆی فەڕز بکا
بەسەر هەموو جیهاندا بە سەر سازمانی میلەلی موتەحید دا وەکوو نوێنەری
میلەتی کورد، ئەوەش شەرتی ئەوەیە کە هەموو کوردەکان پشتی ئەو پارڵمانە بگرن. هەموو
حیزبەکانی کورد، هەموو میلەتی کورد، هەموو شەخسیاتی کورد پشتی ئەو پارڵمانە بگرن
کە بە جیهانی فەڕز بکەن. بە سازمانی میلەلی فەڕز بکەن.
باراج کڵیچ: یانی ئەتۆ لەم باوەڕییە دای کە ئەو پارڵمانە دەتوانێ بەرپرسیاریی
گەلی کورد بکات؟
بلووریان: دەتوانێ بەرپرسیاری ئەو گەلە ببێت بە شەرتێک گشت
کوردەکان بە تێگڕایی پشتی بگرن، پشتیوانی لێ بکەن بە دونیایەی سابیت بکەن کە ئەوان
پشتیوانیان لێ دەکەن وە ئەوانەش نوێنەری خەڵکن. میلەتی کورد لەو زرووفەی ئێستا دا
ئەگەر ئەوەی دەرک نەکا، ئەو پارڵمانەی نەکاتە نوێنەری خۆی، وەکوو نوێنەرێکی جەهانی
بۆ کورد، نەیکا ئەوە زیانێکی تاریخی لە خودی کورد داوە. لە میلەتی کورد کەوتۆ ئەو
زیانە. ئێمە نابێ چاو بەوەی بکەین ئێ خۆ چی لە من نەپرسیوە! ئەو پارڵمانە نەهاتۆ
بۆ لای من پرسێت تۆ کێی؟ ئەوە نییە، ئەو پارڵمانە ئێستا چێ بووە، وجوودی هەیە، خۆی
فەڕز کردووە تا حدوودێک وەک پارڵمان، ئێ. دەبێ میلەتی کورد پشتی ئەو پارڵمانەی
بگرێ بیناسێنێ بە جیهان ئەو پارڵمانە نوێنەری میلەتی کوردە. ئەگینا ئەو پارڵمانەش
نەخشی تەواو میلەتی بازی ناکا. ناتوانێ ئەو کارەی بکا کە کورد ئاواتێتی. ئەو دەم
هەموو دەوڵەتان، هەموو ڕێکخراوان، هەموو ئەحزابان، هەموو خەبەرنیگاران ڕوو دەو
پارڵمانە دەکەن بۆ مەسەلەی کورد، پرسیار لەم دەکەن. موشکیلاتی کورد لە تورکییە، لە
عێڕاق ، لە ئێران، لە سوورییە یا لە هەر جێگایەک ببێت ڕوو دەو پارڵمانەی دەکەن،
ئەو پارڵمانە دەتوانێ موشکیلاتی ئەو میلەتە بە جیهان ڕابگەیێنێ، بەو خەبەرنیگارە
ڕابگەیێنێ، بەو سازمانە سیاسییە ڕابگەیێنێ، بە سازمانی میلەل ڕابگەیێنێ. ئەو
مەڕجەعەمان ئێمە نییە لە دونیایێ دا عیلەتی ئەوەیە کە ئێمە دونیاش قیمەتمان بۆ
دانانێ. دنیاش ئەهەمییەتمان پێ نادا چونکە ئێمە موتەحید نین لە سەر شتێکی ئاوا. لە
سەر پارڵمانێکی ئاوا وەکوو نوێنەری میلەتی کورد مەعریفی کەین بە جیهان. بە عەمەل،
بە کردەوەی خۆمان، بە پشتیوانی کردنی لێی ئەوە مەسەلەیە.
باراچ کڵیچ: مامۆستا غەنی لە باکووری کوردستان شۆڕش هەیە، ئەو
شۆڕشەش بە ڕێبەریی پارتیی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە یە. ئێوە ئەو شۆڕشە چۆن
دەبینن؟
بلووریان: من عەرزم کردی کە ئەو شۆڕشەی کە لە تورکییەی چێ بووە
بەر لەوەی ئەوانە چەک هەڵگرن، شەڕ بکەن ئەوانە مودەتی سێزدە چاردە ساڵ کاری
تەشکیلاتی و حیزبییان دە نێو خەڵک [دا] کردووە بە نهێنی، حیزبیان چێ کردۆ،
تەشکیلاتیان چی کردۆ، کادریان تەربییەت کردۆ، کادری سیاسییان تەربییەت کردۆ.
ئیڕتیباتاتیان دەگەڵ جیهەتهایەکی کە دەتوانن ئیستیفادەی لێ بکەن، دەگەڵ ئەو
ئیرتیباتانەیان پێکەوە ناوە، فەڕاهەم کردۆ. پاش ئەوەی کە ئەو شەڕاییتە دروست بووە،
لە زرووفێکی ئەوڕۆ دا ئیستیفادەی کردۆ چەکی هەڵگرتۆ بۆ وەی کە بتوانێ دەنگی خۆی بە
جیهان ڕابگەیێنێ.
بە داخەوە، بە داخەوە هیچ ڕێگایەکی نەبۆ
پێ کەکەش بەغەیرەز چەک کە بتوانێ ئەو ئیمکاناتەی یانی خۆی مەعرەفی کا بە دونیایێ. میلەتی کورد مەعریفی کا بە
دونیایێ.
باراچ کڵیچ: یانی کورد مەجبوور بوو چەک هەڵگرێ.
بلووریان: کورد مەجبوور بوو چەک هەڵگرێ. هەمیشە ئەو
حکوومەتە دیکتاتۆریانە تەحمیل دەکەن بە
کورد کورد چەک هەڵگرێ، ئەگەر لێ گەڕابایەن کوردستانی تورکییە حیزبێکی سەرتاسەری یا
ئەحزابێکی موتەحیدی هەبایە، بە ئازادانە فەعالییەتی کردبایە، قانوونی فەعالییەتی
کردبایە، وەکوو میلەتی کورد بتوانیبایە قسەی کرد بایە، داوای خۆی لە سەتحی جیهان
مەتڕەح کردبایە، حەقی خۆی کوتبایە، دێمۆکڕاسی هەبایە لە تورکییەی نیاز نەبوو بە
چەک.
باراچ کلیچ: یانی کورد ئاشتیخوازە، دەیەوێ کێشەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست دا بە ڕێگایەکی ئاشتی و بێ چەک جێ بەجێ بکا؟
بلووریان: بەڵێ، من عەرزم کردی کورد شەڕی پێ خۆش نییە. نایەوێ
شەڕ بکا، بەڵام داوا دەکا، حەقی داوا دەکا. بەڵام ڕێگای نادەن ئەو داوایەی بکا.
ئیجازەی پێ نادەن ئەو حەقەی بڵێ. ئیجازەی پێ نادەن دەنگی خۆی بەرز کاتەوە بۆ
جیهان، ڕێگای نییە، هیچ ڕێگای پێ نادرێ. ئەگەر ڕێگای پێ بدرێ کورد بۆ چەک
هەڵئەگرێ؟ ئەسڵەن چەک چ لازمە. وەختێکی ڕێگای دێمۆکڕاسی هەبێ بۆ چەک؟ وەختێکی
دێمۆکڕاسی نییە منیش حەقێکم هەیە دەمەوێ داوای ئەو حەقەی بکەم. منیش میلەتێکم
دەمەوێ خۆم مەتڕەح کەم بۆ جیهان. چی بکەم، بە کێ بڵێم، بە کێ بێژم؟ هیچ، کەس دەنگم
نابیسێ. بەڵام مەجبوور دەبم، حکوومەتەکە ئەمگرێ، ئەمکوژێ، لێم دەدا، زیندانم دەکا،
ئێعدامم دەکا مەجبوورم دەس دەمە چەک بڕۆم بۆ شاخ، بۆ کێو شەڕ بکەم بۆ وەی دەنگی
خۆم بگەیێنم بە دونیا، هاوار بکەم بە دنیا کاکە من حەقێکم هەیە ئەوانە دەمکووژن،
ئەو حەقەم نادەنێ.
باراچ کڵیچ: مامۆستا غەنی دەڵێن ئیستیقرارێکی سیاسی و عەسکەری و
ئابووری، ئیقتیسادی دە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ساز نابێ ئەگەر دۆزی کورد چارەسەرییەکی
سیاسی بۆ نەدۆزرێتەوە. گەلۆ ئەوە ڕاستە؟
بلووریان: عەرزی حزوورت بکەم
مەسەلەی کورد بە عیلەتی وەی کە جەمعییەتێکی نزیک بە سی میلیۆن لەو مەناتیقە
هەیە، بە عیلەتی وەی دەگەڵ چوار پارچە دەوڵەت تێکەڵە وە مەسئەلەی هەیە؛ مەسئەلەی
میلی، خواستی میلی هەیە ئەو موبارەزە بەردەوام دەبێ، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو موبارەزە
گەورەتر دەبێ، شێوەی خەباتی ئەو میلەتەی مەجبوور دەکەن ئەو میلەتەی، حەتتا شێوە
خەباتی خۆی عەوەز بکا. یانی زیاتر لەو شێوەی خەباتەی کە هەیەتی شێوە خەباتی تازە
بۆ خۆی بخولقێنێ بۆ خەباتی خۆی. پێی تەحمیل دەبێ.
بەنا بەر ئین مەسئەلەی کورد دە خاوەرمیانەی دا ئەگەر حەل نەبێ، ڕێگای سیاسی بۆ
نەدۆزنەوە، یا سازمانی میلەلە یا دەوڵەتەگەورەکانی جیهانن ڕێگایەکی حەلی سیاسی بۆ
مەسەلەی کورد بە عام نەبیننەوە ئەو دەوڵەتانەی خاوەرمیانەی، خودی مەسالیحی وڵاتانی
غەڕب لە ئەمریکا بگرە هەتا دووەلی ئوڕووپایی هەمیشە لێرە تووشی ئەو موشکیلاتەی
هەیە کە مەسەلەی کورد حەڕەکە دەکا بۆ ئازادی. شەڕ ئەکا بۆ ئازادی. وە ئێستا تازە
تازە بیدایەتی ئەو حەڕەکەتەیە. دە زرووفی گۆڕانکاری جیهانی ئەوڕۆ دا دەتوانین بە
بیدایەتی دا بنێین. ئەوە زۆری درێژە هەیە. زۆر لەوەی بەرزتر دەبێتەوە دەوڵەتهایی
دنیایە دەبێ بیر لەوەی بکەنەوە دە ساڵی دیکە کورد چی ئەکا.
باراچ کلێچ: تورکییە دەڵێ ئێمە دەمانەوێ مەسەلەی کورد وەک ١٩٢٥،
وەک ١٩٣٨ بە شێوەی نیزامی چارەسەر بکەین، پرسیار ئەوەیە گەلۆ مەسەلەی کورد بە
ڕێگای عەسکەری حەل دەبێ؟
بلووریان: نا، ئەو مەسەلەی کورد لە پێشووش دا، لە ساڵهای درێژ
پێش زەمانی شێخ مەحموود و زەمانی شێخ عەبدولقادر و زەمانی دوکتور فوئاد و زەمانی
ئێحسان [نووری] پاشا و زەمانی شێخ سەعید و زەمانی قازیی محەمەد و لە پێشوو دا کورد
خەباتی کردووە، کورد سەرکوتیش کراوە، ئێعدامیش کراوە، زیندانیش کراوە، سازمان و
تەشکیلاتەکەشی لە ناو چووە بەڵام ئەزنەو خەبات هاتۆتەوە گۆڕێ و ئەزنەو موبارەزە
دەستی پێکردووەتەوە لە سیاسی ڕا بۆ چەکداری. تەحمیلی، بۆ چەکداری ئیجباری،
تەحمیلی، مەجبووری. ئەگەر وا بێ ئیسپات دەکا ئەو زەمانە تاریخییە کە مەسئەلەی کورد
بە چەک و کوشتن و زیندان کردن حەل نابێت، کورد خواستی هەیە دەبێ خواستی کورد پێک
بێت. دەبێ کە خواستی کورد بە جێ بێنن، جەهان دەبێ فکر لە خواستی کورد بکاتەوە. خواستی
کورد بەوەی کە ئەمڕۆ تورکییە کورد سەرکووب بکا یان عێڕاق بیکا یان فڵان دەوڵەت
بیکا سەرکوتی بکا ئەوە تەواو دەبێ نا! بە جوورێکی دیکەوە دێ، بە تەجروبەیەکی
تازەوە دێتەوە خەبات. بە موبارەزەیەکی قەویترەوە، بە تەشکیلاتێکی قەویترەوە بە
تەجرەبەیەکی زۆرترەوە، بە دانیشی موبارەزەیەکی زۆرترەوە دێتە خەبات، دێتە مەیدانی
خەبات. ئەوە خەیاڵی خاوە ئەگەر کەسێک فکر بکاتەوە ئەوڕۆۆ وەکوو زەمانی ١٣٢٥ [
مەبەستی ١٩٢٥ە] کوردستان خاپوور کا لە تورکییە، خاپووری نەکرد، پێ کەکە هات.
باراچ کڵیچ: مامۆستا غەنی بلووریان پشتی تێکچوونا یەکێتیی سۆڤیەت،
ڕاوەستانی شەڕی سارد لە نێوان سۆڤیەت و ئەمریکا دا گەلێک کێشە لە دنیا چارەسەر
کران وەکوو باشووری ئەفریقا، ئیریتێرێ، فەلەستین، باکووری ئیرلەند. ئێوە باوەڕ
دەکەن دە ماوەیەکی کورت دا مەسەلەی کوردیش چارەسەر بێ؟
بلووریان: مەسەلەی کورد وەکوو من دەیبینم زۆر جیاوازە دەگەڵ ئەو حەڕەکانەی کە ئێستا باست
کرد، دەگەڵ ئی فەلەستینیش فەرقی هەیە، دەگەڵ باشووری ئەفریقاش فەرقی هەیە، دەگەڵ
ئیریترێش فەرقی هەیە مەسەلە کورد. مەسەلەی کورد مەسئەلەیەکە بەینی دەوڵەتهایی
موختەلیف لە خاوەری میانە دا. ئێ، کورد یەکپارچە لە سەر یەک دەوڵەت نییە کە بتوانێ
زوو مەسەلەکەی حەل ببێت.
بە نەزەری من مەسەلەی کورد ئەوڕۆ مەسەلە عومدەترە لە جاران مەسەلەی کورد، گەورەتر
بۆتەوە لە سەتحی جیهانی مەسەلەی کورد. دونیای غەڕب، سازمانی میلەل هەمووی
موتەوەجیهی ئەو مەسەلەی هەن کە مەسەلەی کورد دواڕۆژێکی زۆر زۆر موهیم و پوڕ
موخاتەرەی هەیە لە مەنتەقە دا. شتی گەورە دەخولقێنێ دەو مەنتەقە دا، دەبێ فکری بۆ
بکەنەوە. بەڵام ئەساسی مەتڵەبی ئەوەی کە ئەو دەوڵەتانە وادار بکا بۆ ئەوەی زووتر
ئەو فکرەی بکەنەوە، زووتر هەستن بۆ حەلی ئەو مەسەلەیەی خەباتی هاوبەش و موشتەڕەکی
خودی میلەتی کوردە بە تێگڕایی.
باراچ کلیچ: یانی کورد وەک یەک بیر بکاتەوە؟
بلووریان: کورد وەک یەک حەڕەکە، کوردێک لە عێڕاق، کوردێک لە
تورکییە، کوردێک لە ئێران، کوردێک لە فڵان ئەوە هەر کەسە بۆ خۆی و ئەوانەش هەموو
دژی یەکتر و هەموو موخالیفی یەکتری ئەوانە لە قیمەتی خەباتی کورد کەم دەکاتەوە
مولاحەزەت فەرموو!
باراچ کڵیچ: مامۆستا گیان
تێگەیشتم. مامۆستا گیان دەڵێن کە ڕەوشەنبیری کورد سەربەخۆ نییە یانی موستەقیل
نییە. ڕەوشەنبیری کورد و سیاسی کورد لە ژێر تەئسیری ڕەوشەنبیری ترک و عەڕەب و فارس
دایە یانی شەخسییەتێکی موستەقیلی خۆی، کوردانەی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ساز
نەکردووە. بەڵام تۆش دەڵێی کورد دەبێ وەک یەک بیر بکاتەوە، ئەو مەسەلە چۆن دەبێ؟
بلووریان: مەسەلەی پەوەندی فکری ڕەوشەنفکری کوردی تورکییە دەگەڵ
تورک یا ئی ئێران دەگەڵ فارس، یا ئەویتر دەگەڵ عەڕەب بە تێگڕایی ئەو پەیوەندییانە
پەیوەندێکە جەبری یە. یانی شتێکە کە کورد لە ئێران دادەنیشێ پەیوەندی دەگەڵ ئێران
و حکوومەتێک هەیە کە حکوومەتی فارسە. پەیوەندی دەگەڵ تورکییەی هەیە حکوومەتێکە کە
حکوومەتی تورکە بە زبان و فەرهەنگ و کولتوور و هەمووشتێکی تورکە بەسەر کورد دا
ئەسەپێنێ عەڕەب هەر وەتر.
بەسەر کوردا ئەسەپێنێ، ئەوە شتێکە جەبری یە کە تەئسیر دەکاتە سەر ڕەوشەنفکری کورد.
زۆر هەن من ئەناسم کەم ، دیارە زۆر نین بەو شیدەتەی کە بڵێین زۆر بە حیساب دێن
بەڵام هەم ئینسانی کورد هەیە، هەم لە ئێرانێ، هەم لە تورکییە، هەم لە عێڕاق، هەم
سوورییە ئەسڵەن خۆی بە کورد نازانێ.
باراچ کڵیچ: ڕاستە!
بلووریان: ئەڵێ من کورد چ نییە، من کوردی سوورییەم، کوردی فڵانم،
فەوقی[ ئەوپەڕی] ئەڵێ کوردم بەڵام ئێستا نەهاتۆتە ئەو حەدە، نەگەیشتۆتە ئەو، بە
تێگڕایی ڕەوشەنفکری کورد وەکوو کوردێک فکر بکاتەوە کە کوردە. ها! وەکوو کوردێک فکر
بکاتەوە کە کوردێکی موستەقیلە. دروستە لە ژێر فەرهەنگی ئەوانی دیکە دا هەیە بەڵام
ڕەوشەنفکری کورد دەتوانێ بۆ خۆی بێت، ساحیبی کەیانی خۆی بێت. خۆی کوردی فکر
بکاتەوە. ئەو کوردی فکر کردنەوە دەبێتە سەبەبی ئیتیحادی هەموو ڕەوشەنفکری کورد.
ئیتیحادی هەموو ڕەوشەنفکری کورد دەبێتە بەقووەت کردنی حەڕەکەی کورد لە مەڵبەندی خاوەرمیانە، بە قەوەت بوونی حەڕەکەی
کورد دەبێتە قودڕەتێک دە موقابیل هەموو قودڕەتەکانی جیهان دا، دەوڵەتەکانی جیهان
دا.
باراچ کلیچ: مامۆستا غەنی بلووریان پرسیاری دواییم من دەمەوێ تۆ بۆ
بینەرانی مەد تیڤی قسە بکەی و پێشنیاری خۆت لەگەڵ بینەرانی هێژا بهێنییە گۆڕێ،
داوات لە وان چییە، و چت لە دڵ دایە بەوان بڵێی؟
بلووریان: منیش سپاسی ئێوە دەکەم کە فورسەتێکوو بە من دا کە لە
سەر تێلێڤیزیۆنی تازەی کوردی کە ئاواتێک بوو بۆ کورد کە ئێوە پێکوو هێناوە من
نەزەرییاتی خۆم بڵێم ئومێدی زۆر پێشکەوتنی ئەو تێلێڤیزیۆنە دەخوازم .
بۆ خەڵکی خۆم وەکوو هەمیشە ئاواتی یەکێتیی و نزیکبوونەوە و ئیتیحادم هەیە بە
تایبەت کە لە ئوڕووپا ئێستا فورسەتێک خولقاوە بۆ کورد کە لە هەموو پارچەکانی کورد
[ستان] کوردە، خەڵک لە ئوڕووپا بڵاو بوونەوە، بەڵام ئیرادم ئەوەیە کە هەر کوردەی
لە هەر پارچەی زیاتر لە نێو خۆی دایە. نەک وێگڕا هەموو کوردەکان بەیەکەوە پەیوەندی
بگرن. مەسەلەم ئەوەیە کە کوردی ئێران هەر
دە دەورو بەری یەکتری دان، کوردی عێڕاق هەر دە دەوروبەری یەکتری دان، کوردی
تورکییەی دەوروبەری یەکن، کوردی سوورییەی دەور و بەری یەکن تێکەڵاوێکی زۆر نییە.
زۆر کەمە لەو فورسەتەی دا کە ئێمە لە ئوڕووپایە دەستمان دەگاتە یەکتر وە ئازادین
دەتوانین یەکتر بناسین، دەتوانین دۆست بین لەگەڵ یەکتر، بە سەداقەت دۆست بین دەگەڵ
یەکتر، بە ڕاستی دۆست بین دەگەڵ یەکتر. بەڵام جیاین، فاسیلەمان زۆرە، ئەوە کارێکی
غەڵەتە نادروستە لەو فورستە، ئەمە نەمانتوانیوە لەوەش ئیستیفادە بکەین. ئێستاش
ئێمە یەکتر ناناسین دەگەڵ کوردی تورکییەی. ئێستاش ئێمە یەکتر ناناسین دەگەڵ کوردی
عێڕاق. کوردی عێڕاق کوردی تورکییە باش ناناسێ، کوردی ئێران کوردی تورکییە باش
ناناسێ ئەوە گوناحە، تاوانە لەو فورسەتە ئەمە ئیستیفادە نەکەین دەگەڵ یەکتری بە
دۆستایەتی و بە سەمیمییەت ئەوە یەک وە دەر سانی ئەو مەسائیلی کە ڕابردووە، هەبۆ من
ئەوە بووم و تۆ ئەوە بووی ئەوە دەبێ تەواو
بێ بۆ کورد، ئەوە دەبێ سەرفی نەزەر بکرێ لە هەموو شتێک بۆ کورد. ئەوەی کە موهیممە
دە زرووفی ئەوڕۆ دا، دە شەڕایتی ئەوڕۆ دا بۆ کورد، بۆ دواڕۆژی کوردیش ئیتیحاد و
هەمبەستەگی و پەیوەندی [ هەر دووک دەستی ڕێک دەکوشێ. ح.ق]، نزیک بوونی هەیە و
دەگەڵ یەکتر بوون.
ئەوەیە کە من سپاسی ئێوە دەکەم کە توانیم ئەو
بەیانەش بکەم.
ئەحمەد باراچ
کلیچ: ئێمەش سپاستان
دەکەین و هیوادارین دیسان دان و ستاندنمان هەبێ. زۆر سپاس.
غەنی
بلووریان: زۆر سپاس
تێبینی: مەد تیڤی لە مانگی مارسی ١٩٩٥ دەستی بە وەشانی تاقیکردنەوە کرد. بەرنامەی
" پرس و بەرسڤ" یەک لە یەکەم بەرنامەکانی کۆمەڵایەتی – سیاسی بوو لەو
یەکەم تێلێڤیزیۆنە مانگیلەیەی کوردی دا. ئەو هەڤپەیڤینەی بەڕێز ئەحمەد باراچ کلیچ
لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان لە مانگی جووڵای ١٩٩٥ لە ئاڵمان ئاستە کراوە و لە
چوارشەمە ٢٦-ی جووڵای ١٩٩٥ لە مەد تیڤی ڕا بڵاو کراوەتەوە.


No comments:
Post a Comment