Wednesday, December 31, 2025

چوار هەڤپەیڤینی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان، هەڤپەیڤینی سێیەم، بەشی دووەم و کۆتایی

 

 چوار هەڤپەیڤینی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان، هەڤپەیڤینی سێیەم، بەشی دووەم و کۆتایی، بەرنامەی ڕۆژباش کوردستان، میدیا تیڤی، مۆدێڕاتۆر میدیا  ڕێناس، دووشەمە ٢-ی ئاوریلی ٢٠٠١، ئەم بەرنامەیە بە ڕاوێژکاری کاکشار ئۆرەمار پێشکێش کراوە                        

لە ساڵی ١٩٩٥، ساڵی دامەزرانی یەکەم تێلێڤیزیۆنی مانگیلەی کوردی مەد تیڤی، یەکەم وتوێژ لەبەرنامەی " پرس و بەرسڤ" بەڕێز ئەحمەد باراچ کلیچ لە ئاڵمان لەگەڵ نەمر غەنی بلووریانی کردووە. وتوێژی دووەم هەر باراچ کلیچ لەساڵی ١٩٩٧ بۆ هەمان کاناڵ بەڕێوەی بردووە. لە مانگی ئاوریلی ٢٠٠١ میدیا تیڤی بەرنامەیەکی تەواوی " ڕۆژباش کوردستان"ی بە مودێراتۆری مێدیا ڕێناس تەرخان کردووە بۆ وتووێژ لەگەڵ بلووریان و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠١ دا هەر لە میدیا تیڤی دا  بەڕێز دوکتور جەبار قادر لە بەرنامەی " بۆ مێژوو " دا وتوێژێکی درێژی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان کردووە کە لە پێنج ئاڵقە  لە دیسامبر ٢٠٠١ و  ژانڤییەی ٢٠٠٢ دا لە میدیا تیڤییەوە بڵاو کراوەتەوە

لێرە دا ئەو چوار وتوێژانە بە وردی دابەزێندراون و ئامادە کراون. لە سێ بەرنامەی یەکەم دا بە مەبەستی هاسانکاری بۆ خوێنەرەوە پرسیاری مۆدێڕاتۆڕەکان لە کوردیی کورمانجییەوە کراونەتەکوردیی سۆرانی. لەم پۆستەدا بەشی دووەم و کۆتایی هەڤپەیڤینی سێیەم کە ڕۆژی دووشەمە ٢-ی ئاوریلی ٢٠٠١ لە میدیا تیڤی بڵاو کراوەتەوە دەخوێننەوە

قسەکانی بەڕێز بلووریان ئەو جۆرەی وڵامی داوەتەوە، وەک دەڵێن بێ ئەوەی واوێکی لێ بپەڕێ وەکوو خۆی دابەزێندراوە. من وەکوو دابەزێنەری ئەو بابەتە هەڵوێستم لەمەر ڕووداوەکانی جودایی گرووپی حەوت کەسی

لە ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران هەر لە کاتی خۆی دا دەربڕیوە. دەکرێ لەگەڵ بۆچوونەکانی

نەمر بلووریان نەبین بەڵام لەڕوانگەی خۆیەوە بەشێک لە مێژووی سیاسی بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگێڕێتەوە. دابەزاندنی ئەو هەڤپەیڤینانە بە مەبەستی خزمەت بە ئاستە کردنی مێژووی سیاسی کراوە

حەسەن قازی
دێسامبری ٢٠٢٦


دڕێژەی بەشی یەکەم
میدیا ڕێناس: ئۆبژێکتیف هەڵسەنگێنێ، مەوزووعی. مامۆستا ئێمە هێندێک لە سەر کەسایەتی پێشەوا قازیی محەمەد قسەمان کرد. بەڵام من دەخوازم ئێمە هێندێک لە سەر کەسایەتی هاوڕییانی قازیی محەمەدیش قسە بکەین. موحەمەد حەسەن [حوسێن] سەیفی قازی و هەر وەها قاسم سەدری قازی. ئەوان چ جۆرە کەسایەتییەک بوون؟
بلووریان: عەرزت بکەم لە پێشدا ئەمە باسی قازیی محەمەد بکەین باشە. ئەمن دیسان باسم کردەوە دەگەڕێمەوە سەر ئەسڵی مەتڵەبەکەی. وەختێکی قشوونی ئەمریکی و ئینگلیسی و شووڕەوی هاتنە مەنتەقە کوردستان ئازاد بوو حکوومەتی ئێران نەما لەوێ. خەڵکی مەهاباد چووە لای قازیی محەمەد داوایان لە قازیی محەمەد کرد کە سەرپەرشتی مەنتەقە بگرێتە دەستی خۆی کە حکوومەت نییە لێرە ئارامش و ساکینی هەبێت. قازیی محەمەد قبووڵی کرد وە سەرپەرشتی مەنتەقەی کرد. خەڵکی کوردستان قازیی محەمەدی باش دەناسی کە لە باری شەخسییەتییەوە، لە باری تێگەیشتنیەوە، لەباری عەقلییەتییەوە، لەباری کوردایەتییەوە بە نرخە، ئەوە بوو کە هەر ئەو دەم پێش وەی کۆمار تەشکیل بێ قازیی محەمەدیان کردە سەرپەرستی مەنتەقە. خودی خەڵک خۆی
ئەوە بوو قازی محەمەد سەرپەرستییەکەی قبووڵ کرد. پاشانیش کە کۆماری تەشکیل دا خۆی بوو بە ڕەئیس جەمهووری کۆمار. وەختی کە حکوومەتی ئێران هاتەوە ئازەربایجان، هەر وەکوو باسم کرد کوشتارێکی زۆریان لە خەڵک کرد. قشوونی ئێران هاتە میاندۆئاب، لە سی چل کیلۆمیتری مەهاباد. شاری میاندۆئاب هات لەوێ بوون ئەو  سەرلەشکر هومایوونی کە ئێستا نیشانی دا [ مەبەستی ئەو کورتە فیلمەیە کە  لە سەر کۆمار لە بەرنامەکە دا بڵاو بووەتەوە، بەڵام دیمەنی سەرلەشکر هومایوونی تێدا نییە. ح.ق] ئەو لەوێ ئینتیزاری دەکێشا کە بێتەوە مەهاباد. عەشیرەتیان هێنابوو، عەشیرەتی ئەتڕافی کرماشان و ئەوانە، ئی  کورد، فیئۆداڵی دەوڵەتخواز کە ئەوانە بێنن لە مەهاباد کوشتار بکەن. ئەوەی کە لەئازەربایجان کردیان. لە مەهاباد کوشتار بکەن، غاڕەت بکەن، تەجاوەز بکەن، نامووسی خەڵک بەرن بەڵام قازیی محەمەد پەیامی نارد بۆ لەشکری ئێران کوتی ئەگەر بێت و عەشیرەت بێت، عەشیرەت بێت بۆ ناو مەهاباد من شەڕ ئەکەم، لەگەڵ عەشیرەت شەڕ ئەکەم بەڵام ئەگەر عەشیرەت نەیە حکوومەتی ئێران خۆی بێ مەهاباد لە من تەحویل وەرگرێ من مەهاباد تەحویل دەدەم بە بێ شەڕ. بەڵام ئەگەر عەشیرەت بێ من شەڕی دەگەڵ دەکەم، رێگا نادەم عەشیرەت بێ دەستدرێژی بکا بۆ نامووسی خەڵک و بۆ تاڵان و بۆ غاڕەت و ئادەم کوشی وەکوو لە ئازەربایجانێ کردیان.

پیشەوەری کە پێشەوای جەمهووری ئازەربایجان بوو [ پێشتر گوتڕا کە ئازەربایجان جمهووری ڕانەگەیاند بوو بەڵکوو بە تەشکیلاتی خۆی دەگوت میللی حکوومەت. ح.ق] داوای لە قازیی محەمەد کرد بێ دەگەڵ وی بچن بۆ یەکێتی سۆڤیەت. قازیی محەمەد قبووڵی نەکرد کوتی من لە خۆشیدا دەگەڵ خەڵک بووم، لە ناخۆشیشدا دەگەڵ خەڵک دەبم. من ئامادەم گیانی خۆم فیدای خەڵک بکەم خەڵک تەنیا نەهێڵمەوە. پاش ئەوەی حکوومەتی عێڕاقی ئەو دەم ، ئی پاشایەتی. سەید عەلی حیجازی وەزیری کێشوەری حکوومەتی عێڕاق بوو ئەو دەم نامەی شاند بۆ قازیی محەمەد داوای کرد کە قازیی محەمەد بێتە عێڕاق پەناهەندە بێ ئێمە ئیستیقبالی لێ دەکەین. نامەکەی دا بە شێخ عەلائەدینی کەماڵیزادە، شێخ عەلائەدینی کەماڵیزادەی خەلان باوکی ڕزگاری کەماڵیزادە کە ئەو دەمی شێخێکی پایەبەرز بوو، موریدێکی زۆری هەبوو، مامی منیش موریدی ئەو بوو.  نامەی سەید عەلی حیجازی شێخ عەلائەدین کەماڵیزادە نامەکەی شاند بۆ مامی من کە مامی من بیدا بە قازیی محەمەد. نامەی سەید عەلی حیجازی کە قەبووڵ بکەن بێتە عێڕاق و پەناهەندەیی قبووڵ بکات. مامی من نامەکەی دا بە قازیی محەمەد. قازیی محەمەد ڕەدی کرد کوتی من سوپاسی سەید عەلیی حیجازیش دەکەم، بەڵام من میللەتی خۆم جێ ناهێڵم، جودا نابمەوە لە میللەتی خۆم لەگەڵ میللەتی خۆم دە خۆشێش دا بووم دە ناخۆشێشدا دەبم. هەر ئەو جوابەشی داوە ڕەدی کردەوە.
میدیا ڕێناس: داوای لێبوورین دەکەم مامۆستا تەلەفۆنێکی دیکەشمان هەیە. تەلەفۆنی ئێمە لە ئەڵمانەوەیە. من دەڵێم ڕۆژباش!

ڕۆژ باش، من لە ئەڵمانەوە تەلەفۆن دەکەم

میدیا ڕێناس: کێمان لەگەڵە؟ سەرچاوان، بەیانی باش! فەرموو

قادر: سڵاو ڕێزم هەیە بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان. سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی مەهاباد، لە سەرووی هەموویانەوە شەهیدی شەهیدان قازیی محەمەد دادەنوێنم. سڵاو و ڕێزی تایبەتیم هەیە بۆ ماندێلای کورد مامۆستا غەنی بلووریان. بە ڕاستی لە لای منەوە مامۆستا غەنی بلووریان وەکوو ماندێلای کورد دەبینم. خۆزگەش لەو پارچە ئازادەی کوردستان کە باشووری کوردستانە ئەوڕۆکە، نەک هەر خیابانێک، جادەیەک بە ناوی مامۆستا غەنی بلووریان نەکراوە دەبوایە شارێکی بە ناو بکرێتن. پێش ئەوەی هێندێک پرسیار لە مامۆستا غەنی بلووریان بکەم، ئەو برادەرەی کە پێشتریش تەلەفۆنی کرد دوور نییە هێندێک لە شتەکانی ڕاست بێتن بەڵام من لەسەر یەک شت کۆکم لەگەڵ مامۆستا غەنی بلووریان، وەکوو پشتگیرییەک لەو، بە ڕای منیش لە زەمانی شۆڕشی ئێرانی یا وەکوو بەو ناوە ناوی دەر کردووە شۆڕشێ خومەینی، هەرچەندە کورد لە سەر حەق بوو کە شۆڕشی ئێران ئەو وەخت ئەو مافە ڕەوایانەی بە گەلی کورد نەدا بەڵام بۆ قازانجی سەرووی کورد و کوردستان گەلێک باشتر بوو بە هەر شێوەیەک بێ شەڕ نەکرابایە لەگەڵ شۆڕشی ئێرانی چونکە شۆڕش تازە بوو، خەڵک بە تەواوی پشتگیری ئەو شۆڕشەیان دەکرد و حەتا شۆڕش لەو پەڕی بەهێزی دا بوو، بەڵام ئەگەر بەرامبەر هێزی کورد بەراوەردی بکەی مامۆستا غەنیش کە خۆی خاوەنی تەجروبەیەکی زۆر بوو لەو شتانە دەیزانی کە شەڕ بە قازانجی کورد ناشکێتەوە تەنیا وێرانکردنی گوند و شار و کوشتنی خەڵک نەبێتن. مەسەلەی کوردیش تا ئەوڕۆکە لەهەموو پارچەکانی کوردستان کە داوا دەکرێ لە هەر یەک لە پارچەکانی کوردستان بە جیا چارەسەر بکرێتن، تەنیا لە ڕێگای دیالۆگەوە دەبایە چارەسەر بکرێ.
جا وابزانم مامۆستا غەنی بلووریان لە کۆنگرەی چار ئەوانە بە ناوی ئەگەر هەڵە نەبم بە ناوی " حەوت کەسەکە" کە جیا بوونەوە هەمان ئەو بیروباوەڕەیان هەبوو. ئەگەر زەحمەت نەبێ یەک دوو پرسیارم لە مامۆستا غەنی بلووریان هەیە بە کورتی.
میدیا ڕێناس: تکایە بە کورتی چونکە تەلەفۆنی دیکەش هەیە

قادر: زۆر بە کورتی. بێگومان بارزانییەکان دەوری مەزنیان هەبوو لە شۆڕشی مەهاباتێ دا. من چونکێ خۆم خەڵکی باشووری کوردستانم ئەوە دەڵێم حەز دەکەم یەک پرسیار لە مامۆستا غەنی بلووریان بکەم ئایا پێش ئەوەی مەلا مستەفای بارزانی بێتە ئەودیوی سنوور چ پێوەندییەک هەبوو لە بەینی قازیی محەمەد و بارزانی دا واتە ئەو هاتنەی بارزانی هەر بە تەگبیر بوو یان هەر بە ڕێکەوت بوو ئەو کاتە چون فشاری حکوومەتی عێڕاقی زۆر بوو بۆ سەر بارزانییەکان حەڕەکەتی کورد لەو دیو کە هاتنە ئەو دیو. ئەوە ئەو پرسیارەمە. پرسیاری دووەم بێگومان دەوری ڕووس وەکوو مامۆستا غەنی بلووریان ئیشارەی پێوە کرد ئەمە دەورێکی هەرە خراپ بوو بەڵام بێگومان دەوری ئینگلیس و ئەمریکا زۆر خراپتریش بوو لەو مەسەلەیە چونکە زۆر جار ئێمە وا دیفاع لە سۆڤیەت دەکەین گۆیا فشاری ئینگلیس و ئەمریکا بووە هۆی ئەوەی کە سۆڤیەت خۆیان بکێشنەوە بەڵام  وا بزانم سۆڤیەتەکان خۆیان لە نیازی ئەوەیان نەبوو کە هیچ شتێک بۆ کورد بکەن. زۆر سپاس جارێکی دیکەش سپاس بۆ مامۆستا غەنی بلووریان.
بلووریان: زۆر سپاستان دەکەم
میدیا ڕێناس: تەلەفۆنێکی دیکە هەیە لە هولەندەوە عەلیی ڕەحیمی، ئێمە پێی دەڵێین ڕۆژباش!
عەلیی ڕەحیمی: ڕۆژباش مەڕحەبا. ئەمن بە سۆرانی قسە دەکەم. من دەتوانم بە کورمانجیش قسە بکەم بەڵام لەبەر مامۆستا دەیکەمە سۆرانی. مامۆستا پێش هەمووشتێک سەرەخۆشی لە دەستچوونی خوشکی بەڕێزتان کە چەند ڕۆژ لەوە پێش بیستم لێتان دەکەم. من عەلیی ڕەحیمیم.
بلووریان: زۆر سپاس
ڕەحیمی: خەڵکی سەردەشتێم، وا بزانم بە خزمەتیشت گەیشتووم بەڵام چەند سوئالی لە خدمەت دا هەیە ئەوە کە ئەو برادەرەی پێش ئەو برادەرە یەکێک تەلەفوونی کرد بە نیسبەتی ئەوەی کە ئێوە ئێعلامتان کردووە کە دژی حیزبی دێمۆکڕات چەک هەڵبگرن بە ڕەئی من ئەو شتە، ئەو برادەرە بە هەڵە دا چووە. ئەو شتە ئەگەر من وەبیرم بێ سازمانی موجاهیدینی خەڵک و بەنی سەدر بوو  کە ئێعلامی کرد پۆتینەکانتان دا مەکەن وە موجاهیدینیش ئێعلامی کرد کە دژی ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی هەموو هەوادارەکانی خۆیان سەبتی نێو بکەن وە دژی حیزبی دێمۆکڕات لە هاوکاری لەگەڵ جمهووری ئیسلامی دژی کوردەکان لە سەنەندەج بوو شەڕ بکەن ئەوەیە یەک. پرسیاری من لە جەنابت ئەوەیە کە وا دەردەکەوێ کە لە کتێبی " ئاڵەکۆک" دا، یانی دیاری ئاڵەکۆکی جەنابت کە کاک عەلیی گەلاوێژ دەڵێی ئیختیلافێکی شەخسی دەگەڵ ڕەحمەتی قاسملوو هەبوو وە ئەمن وام بەرداشت کردووە وە پێت وا نەبوو جەنابت شۆوێنیستی فارس لە حیزبی توودە دا بەسەر ئەو حیزبەدا زاڵ بوو و تەئسیری هەبوو لە سەر برادەرانی حیزبی توودە لە کوردستان دا، ئەوە یەک سوئالی منە، وە سوئالی دووەمی منیش لە جەنابت ئەوەیە کە ئایا جیا بوونەوەی ئێوە بە نەزەری جەنابت هەڵەیەکی تاریخی نەبوو کە یەکگرتوویی گەلی کوردی؛ هەر چەند من مەوازیعی جەنابت لە سەر نەبوونی، لەسەر ڕەد کردنەوەی شەڕی چەکداری ئەمن تەئید دەکەم چون بە تایبەتی ئێستا هەلومەرجی ئەوڕۆی دنیا وا دیارە کە شەڕی چەکداری لە هەموو لایەکەوە مەحکوومە چون بە هیچ ناگا، هیچ نەتیجەیەکی نییە بە غەیرەز ماڵوێرانی هەر وەکوو ئێمە لە بۆمبارانی هەڵەبجەی کە ١٤٠٠٠ کەس کووژرا، هەرچەند ئەمارەکەی دەقیق نازانم. لە بۆمبارانی شاری سەردەشتێ کە من ئەوڕۆژە خۆم لە بیمارستان بووم  نزیک بە ٢٤٠ کەس کووژرا، ٥٠٠٠ کەس بریندار بوو وە چەند جاریش داوام لە برادەرانی میدیا [تیڤی] کردووە کە بێن قسەیان بۆ بکەم بەڵام ڕەدیان کردووەتەوە و تا ئێستا هیچ خەبەرێک نەبۆ، بەڵام من بەڕەئی من، ئێوە بە ڕەئی خۆتان هەڵەیەکی تاریخی نەبوو کە ئێوە بە جێی وەی کە هەر لە حیزبی، ئەگەر پێتان وا بوو سیاسەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان غەڵەت بوو ئێوە لە وێدا بمانانەوە و پێوەندییەکەتان بە قووەتتر کردبایە و لەگەڵ برادەران موناقەشە و موزاکەرە و بە حیساب بەحس و موجادەلە زۆرتر بووبایە باشتر بوو یا ئینکی جیا بوونەوەکەتان. ئێوە بە ڕەئی خۆتان ئەوە هەڵەیەکی تاریخی بوو ، نەتان کرد یان نا؟
میدیا ڕێناس: زۆر سپاس
ڕەحیمی: دیارە من قسەکانم کەم دەکەمەوە چون وەخت نییە زۆر سپاستان دەکەم

میدیا ڕێناس: زۆر سپاس ئێستا ئێمە پرسیارەکانتان پێشکێشی مامۆستا دەکەین

بلووریان: حاڵی بووم

میدیا ڕێناس: باشە، فەرموو

بلووریان: من زۆر سپاسی ئەو برادەرەی دەکەم کە ئینتیقاد و ڕەخنە دەکا بەڵام بە سەداقەتەوە دەکا، بە ڕاستی دەکا یانی بە دوژمنی ناکا بۆ ڕوونکردنەوە دەبێت. دیارە لە هەر ئینشیعابێکی دا، جیابوونەوەیەک دا، لە هەر حیزبێک بە نەزەری من غەڵەتە، دروست نییە و قازانجی نییە. چونکە بزووتنەوەکە کە دوو پارچە بێ زەعیف دەبێ، حەڕەکەتەکە زەعیف دەبێ. ئەوە واقعییەتێکە. بەڵام واقعییەتێکیش دێتە پێشێ کە ئینسان بەسەری دا دەسەپێ، بەسەری دا تەحمیل دەبێ. مولاحەزە فەرموو ئێمە ئینتیخاباتی جەمهووری ئیسلامیمان هەبوو. من کاندیدی جەمهووری ئیسلامی!! بووم بۆ پارڵمان، لە کوردستانێ کاندید بووم  بۆ نومایەندەی پارڵمان. هەر وەکوو باس کرا ڕەئیەکی زۆریشم هێناوە.
ئێمە کۆنگرەی چوارمان کە تەشکیل دا چەند مادەمان دانا کە ئەو چەند مادەیە دە "ئاڵەکۆک" دا ئەمن نووسیومە کە ئەو برادەرە جارێکی دیکەش بیخوێنێتەوە بە دیقەت ئاڵەکۆکی کە ئەو خاڵانەمان دانا بۆ وەی کە حکوومەتی ئێران ئەو خاڵانە بزانێ کە کۆنگرەی چوار ڕێگای ئاشتی و ڕێگای دیالۆگ و ڕێگای موزاکەرەی گرتۆتە پێشێ. تەشویق بکا حکوومەت ڕایکێشێ. حکوومەتی ئێران ئەو دەم حیزبی دێمۆکڕاتی بە ئاشکرا ئێعلام کرد کە دەتوانێ بە ئازادی خەبات بکات. ئێمە لەو هەلەی ئیستیفادەمان نەکرد مولاحەزەت فەرموو ئێمە شەڕمان هەڵئایساند دە حاڵێک دا حکوومەت داریوشی فرۆهێر هات لە مەهاباد، ڕەحمەتی داریوشی فروهێر یادی بەخێر هاتە مەهاباد [ داریووشی فڕووهەر لە زەمانی شا یەک لە ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن بوو  و بە ساڵان لە زیندانی شا دا بوو و لەگەڵ زۆرێک لە زیندانییە کوردەکان لەوانە غەنی بلووریان دۆستایەتی هەبوو. لە یەکەم حکوومەتی جمهووری ئیسلامی لە کابینەی مێهدی بازرگان  لە فێڤرییەی ١٩٧٩ – کۆتایی سێپتامبری ١٩٧٩ وەزیری کار و هەروەها نوێنەری دەوڵەت بوو بۆ موزاکەرە لەگەڵ بزووتنەوەی کورد.  لە ٢٢-ی نۆڤامبری ساڵی ١٩٨٨ بە شێوەیەکی درندانە لەتەک هاوژینەکەی لەماڵی خۆیان دا لە تاران بە دەست مەئموورانی جمهووری ئیسلامی بە چەقۆ کووژران. ح.ق]  کوتی ئێمە لە تەڕەف حکوومەتی بازرگانەوە هاتووین حیزبی دێمۆکڕات ئازادە بە عەلەنی،قانوونی خەبات بکات.  ئێمە دەبوو ئەو دەم ئیستیفادەمان لێ کردبایە ئیستیفادەمان نەکرد.
میدیا ڕێناس: ئیستیفادەتان نەکرد
بلووریان: ئێمە ئیستیفادەم نەکرد، دیارە منیش هەر شەریکی ئەو ئیشتیباهاتە بووم. وەنەبێ بڵێم هەر ئەوانیدیکە ئیشتیبایان کرد. منیش هەر ئەوە بوو کە دەبوو ئەمن هەر ئەو دەم ڕاوەستابام، چودا بووبامەوە، ڕێگای خۆم جودا کردباوە لەوانە. ئەوە هەڵەی من بوو کە زوو جودام نەکردەوە. درەنگ جودام کردەوە. مولاحەزەت فەرموو چونکە ئەو دەم  ئەمن حیزبی دێمۆکڕاتم بە ئاشکرا و بە عەلەنی دادەنا دەگەڵ حکوومەتیش موزاکەرەم دەکرد، بەرەو موزاکەرە دەڕۆیشتم ئێستا دەبینی لە کوردستانی ئێران ئیمکاناتێکی زۆر بۆ کورد بەوجوود هاتۆ. ئەو دەمی ئەگەر ئێمە شەڕمان نەکردبایە بە دەستووری سەدام حوسێن، بە دەستووری ئەو ٧ مادەیە، شەڕمان نەکردبایە کە ئەمن حەوت مادەکەم لە کتێبی ئاڵەکۆک دا نووسیوە تیکراری ناکەمەوە. داوا دەکەم لەو برادەرە و برادەرانی دیکەش لە سەر ڕا ئاڵەکۆک بخووێننەوە حەوت مادەکەش بخوێننەوە. ئێ وەختێکی ئەمن دەبینم حکوومەتی عێڕاق دەڵێ تۆ دەبێ شەڕ بکەیت، تۆ دەبێ جاسووسی بۆ میش بکەی. تۆ دەبێ ئیتیلاعات بە من بدەی، من دەبێ مەوزعی خۆم ڕوون کەمەوە
میدیا ڕێناس: بەڵێ بێگومان
بلووریان: ئایا ئەمن دەو حیزبەی دا بمێنمەوە کە حیزبێک ببێتە جاسووسی حکوومەتی عێڕاق. من پاش ئەو هەموو بەدبەختی و موبارەزە و خەبات و زیندانەی تازە بێم ببم بە جاسووسی حکوومەتی عێڕاق؟

جا من بۆ لەگەڵ حکوومەتی تارانی خۆم ڕێک نەکەوم بۆ بچم ببمە پیاوی ڕێژیمی عێڕاق؟ ڕێژیمی بەعسی عێڕاق کە ئەو هەموو کوشت و کوشتاری لە میللەتی کورد کردۆ لەو دیو.
 
میدیا ڕێناس: یانی شتێکی ئێوە دەتانەوێ بیڵێن مامۆستا ئەوەیە کە مرۆڤ دەبێ لەهێندێک دەرفەتان ئیستیفادە بکا!

بلووریان: بەڵێ.  فورسەتەکەمان ئەمە لە دەست داوە. دەبێ هەموومان قەبووڵی بکەین کە ئەمیش هەر دەگەڵ ئەوان فورسەتمان لە دەست دا. لەکوردستانی ئێران زۆرمان فورسەت لە دەست دا. ئەگەر هەر ئەو دەم ئەوان کە هێنایان مەسەلەی خودگەردانییان مەتڕەح کرد، ها، حکوومەتی ئێران خودگەردانی مەتڕەح کرد ئەگەر ئێمە خودگەردانییەکەمان قبووڵ کردبایە ئێستا بەشێکی زۆر ئیمتیازی دیکەمان وەردەگرت لەو حکوومەتەی ئێستا هەیە. بەڵام بەداخەوە ئێمەی کورد لە تاریخی خۆمان بەرژەوەندی وەرناگرین یانی تەجروبە وەرناگرین. ئێستاش ئەو هەموو شەڕ و شوورە، تێک هەڵدان و کوشت و کوشتاری بەینی کوردان و ئەوانە هەیە لەبەر بێ تەجروبەگییە، لەبەر وەی کە لە ئەزموونی تاریخی میللەتی خۆیان دەرس وەرناگرن.  هەرچی ئەڵێن دەرس وەرناگرن.
ئە
وە دەو ڕۆژانەدا عوسمان ئوێجاڵان ڕایگەیاند کوتی با پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق و یەکێتی نیشتمانی و پێ کەکە بێین بەیانێکی دەرکەین لە خەڵکی کورد مەعزەڕەت بخوازین، بەڵێ، ئەوە شوجاعەتە ئیدی. یەک ئینسانی خەباتگێڕ، شوجاع دەبێ بە شوجاعەتەوە قسە بکا. ئەمن پێم وایە ئەگەر ئە ئەو کارە بکرێ ئەوە بە قازانجی میللەتی کوردە، بە بەرژەوەندی میللەتی کوردە، لە ئیتیحادی ئەو سێ حیزبە قەوییە دەتوانێ دوژمن، پشتی دوژمن بشکێنێ. ئەو ئیتیحادە دەتوانێ کۆمەگ بە یەکتری بکا ئیتر ئیحتیاجی بەو دوژمن و بەو دوژمن نابێت. یەکێتی ئیتیحادی میللەتی کورد دەتوانێ ببێتە قودرەتێک، نیڕوویەک.
ئەما، ئەمن ئەو دەم خۆم پێم وا بوو کە نابێ. دیارە ئەمن دیسان تەئیدی ئەو برادەرەی دەکەمەوە کە جودابوونەوە زەرەرە. بەڵام وەختێکی هاتە مەرحەلەیەک کە دەبێ ئەمن ڕێگا تەسمیم بگرم یا جودا بوونەوە بەرەو حکوومەت بۆ موزاکەرە یان ببمە نۆکەر بۆ سەدام. ئەو دوانە ئینتیخاب کەم. من جودابوونەوەکەم دامەزراند. نۆکەریم قبووڵ نەکر
میدیا ڕێناس: بەڵێ مامۆستا ئەوە ڕووداوی مێژووییین و مێژووش دەیاننووسێ. مامۆستا من پێشتر پرسیارێکم کردبوو، پرسیبووم جگە لە کەسایەتی پێشەوا قازیی محەمەد شەخسییەتی هاوڕێیانی چۆن بوو، ئێمە لەسەر ئەو لایەنەش ڕاوەستین.  یانی دەوری ئەو کەسایەتییانە لە کۆمار دا چۆن بوو؟ تەئسیری وان لە سەر پێواژۆی ئەو دەمێ چۆن بوو؟

بلووریان: دیسانەکە باس بکەینەوە لە سەر شەخسییەتی قازیی محەمەد. ئەمن پێم وابێ قازیی محەمەد یەکێک لە گەورەترین شەخسییەتی تاریخی میللەتی کورد بوو وە جەوانمەردتەرین [ترین] ئینسانی تاریخی میللەتی کورد بوو. قازیی محەمەد دەیتوانی بچێتە عێڕاق، قازیی محەمەد دەیتوانی بچێتە یەکێتیی سۆڤیەت/ ئیتیحادی شووڕەوی، قازیی محەمەد دەیتوانی تەسلیمی ئێران نەبێ. بەڵام ئیشتیباهنەبێ لێرە دا قازیی محەمەد تەسمیمی نەگرتۆ خۆی کە دەگەڵ ئێرانێ تەفاهوم بکات بەڵکە قازیی محەمەد لە مزگەوتی هەباس ئاغا جەماعەتی، جەماوەری مەهابادی کۆ کردەوە، ئەو قسەی کرد لە سەر [سەکۆی]  مزگەوتەکە! کوتی کاکە گیان ئەوە حکوومەتی ئێران هاتۆتەوە، ئازەربایجانیش گیراوە، ئورمییەش گیراوە، ئێمە دە موحاسەرە داین، زەعیفیشین، هێز و توانای ئەوەشمان نییە دەگەڵ حکوومەت شەڕ بکەین، بەڵام ئەگەر شەڕ بکەین ئێوە دەبێ شەڕ بکەن. من دەگەڵ ئێوە ئەگەر بم دەبێ ئێوە شەڕ بکەن. ئێوە دەبێ تەسمیم بگرن ئایا شەڕ بێ باشترە یا خەیر شەڕ نەکەین باشترە. ئەوە ڕەئی خەڵکی وەرگرتووە قازیی محەمەد. قسەی خۆی نەبووە بە تاقی تەنێ ئەو کارەی بکا.
ئەوە بوو سەید حەمەدەمینی ئیسحاقی خەڵکی مەهاباد هەستا کوتی من لە تەڕەف ئەو جەماعەتی میللەتەوە کە لێرە کۆ بۆتەوە قازیی محەمەد عەرزت دەکەم کە شەڕ بە قازانجی میللەتی کورد نییە، بێ شەڕ باشترە وەلە ئەوەی کە هیچمان چەنگ  نەکەوێ، خوێنی خۆڕایی نەڕژێت. مولاحەزەت فەرموو، ئەوە ڕاستە، ئەوە واقعییەتە. قازیی محەمەد لە خۆیەوە تەسمیمی نەگرتووە. بەڵکە نەزەری خەڵکی ویست جا پاشان قەبووڵی کردووە.
ئیشتیباهێکی تریش کە لێرە دا دەکرێ، لە بەعزە جێگایەکی دا نووسراوە خوێندوومەتەوە دەڵێ قازیی محەمەد چوو ئیستیقبالی حکوومەتی ناوەندی کرد لە میاندواو. ئەوە غەڵەتە، ئەوە ئیشتیباهە. قازیی محەمەد ئیستیقبالی نەکردۆ، قازیی محەمەد پەیامی ناردۆ بۆ هێزی ئێران، ئەڕتەشی ئێران کە عەشیرەت مەهێنن بۆ مەهاباد، ئەگەر عەشیرەت بێنن من شەڕ دەکەم. ئەگەر ئەڕتەش بۆخۆی بێت بەرپرسی و مەسئوولییەتی شارەکە بە عۆهدە بگرێ من تەسلیم دەبم شەڕ ناکەم بە خاتری وەی کە ئەگەر ئیتیفاقێک بقەومێ ئەڕتەشی ئێران مەسئوول بێ. نەک بێنن دانیشن کوردی بە کوردی بکووژن. من موخالیفی ئەوەم دەگەڵ ئەو کوردانەی دەیهێنن من شەر ئەکەم. ئەو کوردە خۆ فرۆشن. مولاحەزەت فەرموو.
ئەوە بوو کە شای ئێران دەستووری دا بە سەرلەشکر هومایوونی کە قسەی قازیی محەمەد قبووڵ بکا عەشیرەکان بگەڕێننەوە نەچنەوە بۆ مەهاباد با قازیی محەمەد خۆی دەگەڵ ئێوە تەفاهوم بکەن. ئەوە بوو باعیسی تەفاهومی ئەوەی. پەیامی نارد، نە خۆی چوو. مولاحەزەت فەرموو. کە دوایەش گیانی خۆی فیدا کرد، قوربانی کرد بۆ ئەوەی وە لە سەر چوارچرایەش پاش ئەوەی کە بردیانە مەیدانی ئێعدامێ فەریادی کرد ئەمن قەولم دابوو بە میللەتی کورد کە تا ئاخرین قەترەی خوێنم ڕاوەستم لەسەر داوای حەقی خۆم بەڵام بمرم تەسلیمی دوشمن نەبم بەڵام داوا دەکەم لە گەنجان و لاوانی کورد کە ئینتیقامی خوێنی مە بستێننەوە. ئەوە قسەی قازیی محەمەدە.

میدیا ڕێناس: مامۆستا ئێمە لە کۆتایی بەرنامەکەمان دا لە سەر ئەوە ڕاوەستین جەوانی کورد، گەنجی کورد بۆ بە بیرهێنانەوەی ئەو کەسانە چ بکەن؟ من دەمەوێ ئەوە پرسم و دەمەوە ئەوەش پرسم لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد دا چالاکی کۆمەڵایەتی زۆر هەبوو، چالاکی و خەباتی کولتووری چاندی. ئێوە خۆشتان تێیدا بەشدار بوون  شانۆی "دایکی نیشتمان"تان هەبوو، جگە لە لایەنی سیاسی، دەکری باسی چالاکی کولتووری چاندیش بکەن. چالاکی ژنان هەبوو، چالاکی لاوان هەبوو و چالاکی شانۆیی هەبوو. ئەو چالاکیانە چۆن بوون مامۆستا؟

 

بلووریان: عەرزت بکەم بە حزوورت ئەوە هێندێک ئیشتیباهنەکرێ. دایکی نیشتمان، نمایشی دایکی نیشتمان بەر لە کۆمار بوو. بەر لە کۆمار بوو، سازمانی جەوانانیش بەر لە کۆمار بوو دەگەڵ کۆمەڵەی ژێکاف بوو. سازمانی جەوانان. من سازمانی جەوانان لە " ئاڵەکۆک " دا نووسیومە، ئەو سازمانی جەوانانە من تەشکیلم دا بە ناوی " سازمانی جەوانانی کورد"، دوایە ئێمە سازمانی جەوانان دەگەڵ کۆمەڵەی ژێکاف بووین بە یەک. بووین بە ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف کە پێشەوا قازیی محەمەد نمایشنامەی دایکی نیشتمانی دا بە ئێمە کە ئەو نمایشنامەی بێنینە سەر سەحنە. سەحنەی نمایش. نمایشێکی سیاسی بوو. مولاحەزەت فەرموو بەر لە کۆمارە.
میدیا ڕێناس: ناوەرۆکی ئەو شانۆیە چ بوو مامۆستا؟
بلووریان: عەرزرت بکەم دایکێکی نیشتمانمان دروست کرد بوو کە لیباسی ژنانی دەبەر کرد بوو، پرچی سپی دروست کرد بوو بۆ خۆی، زنجیری دەبەر دابوو، کە نیشتمان زنجیر کراوە، عەرزت بکەم شێعری دەخوێندەوە داوای لە جەوانان و خەڵکی کورد دەکرد نەجاتی بدەن، لە سەحنەی ئەوەڵ دا. دوایە هێندێک هێزی موسەلەح هاتن دایکی نیشتمانیان نەجات دا، زنجیرەکانیان پساند وە کۆماریان تەشکیل دا دە دایکی نیشتمان دا. یانی فکری قازیی محەمەد ئەو دەم ئەوە بوو کە کاری وا بکات. ئەو نمایشنامەشی هەر بۆیە دانابوو کە ئەو نمایشنامە سەمبولێک بێ بۆ ئەوەی کە خواستی میللەتی کورد مەتڕەح بکا بۆ نێو خەڵک، جەماوەر.
ئەوە بوو کە خەڵک زۆر ئیستیقبالێکی عەزیمی لە دایکی نیشتمان کرد. ئێمە چووینە نەغەدە، چووینە شنۆ  لەوانە نمایشمان دا، جەماعەتێکی زۆر، ژن، پیاو دەهاتن لە لادێوە دەهاتن. پەیامی خواستی داواکاری کوردی مەتڕەح کرد بوو دایکی نیشتمان، جەمهووری داوا دەکرد دایکی نیشتمان لەو نمایشنامەیە دا. کە قازیی محەمەد لەوێش سوخەنڕانێکی باشی کرد، تەشویقی ئێمەی کرد، سپاسی ئێمەی کرد. دایکی نیشتمان بەر لەوەی بوو، سازمانی جەوانانیش بەر لە کۆماری مەهاباد بوو. جا لە بەر ئەوەیە...
جا پاش ئەوەی قازیی محەمەد و وانە ئێعدام کران، هێندێکی دیکە برادەری دیکەمان هەبوو، ئەفسەری دیکەمان هەبوو وەکوو حەمیدی مازووچی وەکوو عەبدوڵای ڕۆشەنفکر، وەکوو ڕەسووڵی نەغەدەیان و وەکوو محەمەدی نازمی  عەرزت بکەم ئەوانەش ئێعدام کران هەر لە پاش کۆماری  لە چوارچرای مەهاباد. ئەوانەش ئێعدام کران.
ع
یدەیەکیش لەو بەگزادانە،ئەو فێئۆداڵانەی کە میهەنپەرست بوون، کوردپەروەر بوون، نیشتمانپەروەر بوون لە سەقز تێعدادێکی زۆریان لەوانەش لە سەقز ئێعدام کرد. پاش قازیی محەمەد. ئەوانەش کە بە داخەوە زۆر کەم باسیان دەکرێ. ئەوە مەسەلێک بوو. لە باری شەخسییەتی برادەرانی دیکەوە ئەوەی کە سەیفی قازی و سەدری قازی و ئەوانە بوو ئەوانەش ئننسانهایەکی مەزن بوون، ئینسانی گەورە بوون بەڵام زۆر کەس ڕەنگە ئەو شتە نەزانێ کە حەمە حوسێن خانی سەیفی قازی فرە ئینسانێکی مەزن بوو، قەڵەو، مەزن بوو وەختێکی دایان لە دارەکە پەتەکە، پەتی دارەکە پسا، پسا کەوتە عەرزی، جەیشی ئێران کەوتنە سەری بە دەست خەفەیان کرد لەسەر عەرز  بە دەست خەفەیان کرد پاش خەفەکردنێ ئەو جار تەنابیان تێ خست و بردیانەوە سەر دارەکە. ئەوە ڕەنگە بۆ کەس ڕوون نەبێتەوە  بەڵام ئەوە واقعییەتی هەیە.
میدیا ڕێناس: تڕاژێدییەکی گەورەیە. مامۆستا جگە لەوە پێم خۆشە پرسیارێکی دیکە بکەم  لە ناو کۆماری کوردستان لە مەهاباد خەباتی ژنانی کورد چۆن بوو؟ لە دەقەکەش دا بیستمان یەکیتی ژنانی کورد دامەزرێندرا بوو. چالاکی و خەباتی ژنان چۆن بوو؟
بلووریان: دیارە قازیی محەمەد ئینسانێکی ڕەوشەنفکر بوو، ڕووناکبیر بوو، ئازادیخواز بوو. ئەو دەم  گەرچی ئینسانێکی مەزهەبی بوو بۆخۆی بەڵام بۆ وی حقووقی ژنان بەرابەر بە پیاو ئێعتیقادی بەوەی هەبوو  لەبەر ئەوەی پێی وا باش بوو کە ژنیش وەکوو پیاو حیزبی هەبێ، ژنیش دەبێ سازمانی خۆی هەبێت. ئەوە بوو کە مینا خانمی قازی دەگەڵ هێندێک ژنانی خەڵکی مەهاباد سازمانی ژنانیان دروست کرد کە پاش کۆماریش کە تێک چوو ئێمە کە سازمانمان تەشکیل داوە ئەمە سازمانی ژنانمان زیندوو کردەوە. ئەو سازمانە هەر بوو، هەر مینا خانم بۆ خۆی بەرپرسی ئەو سازمانە بوو کە منیش سەرپەرستیم دەکردن و دەگەڵی پێوەندیم هەبوو. ڕابیت بووم لە حیزبی دێمۆکڕات دەگەڵ سازمانی ژنان. ژنان سازمانی خۆیان هەبوو، خەباتی خۆیان هەبوو. ئەو بەشە بوو لێرە باسم کرد.
میدیا ڕێناس: مامۆستا ئێوە لە قسەکانی خۆتان دا گوتتان، ئێستا بەرنامەکەمان بەرەو تەواو بوون دەچێ؛ دە دەقیقەمان ماوە. من دەمەوێ لە سەر پێواژۆی ئێستا هێندێک قسە بکەین. ئێوەش گوتتان، گەلی کورد بە گەڵێک پێواژۆ و گەلێک مەرحەلەی زۆر زەحمەت و ئاستەم دا دەرباز بووە  ئێستا گەلی کورد لەم پێواژۆیە دا، ئێمە ئێستا لە ساڵی ٢٠٠١ داین، ئێوە بەساڵانی درێژ خەباتی سیاسیتان کردووە و تەجروبەی گەورەتان هەیە، زۆر پارتیی گۆڕاون، زۆر ئاڵوگۆڕ بووە، گەلۆ پەیامی ئێوە و ڕێنوێنیتان بۆ گەنجانی کورد بۆ لاوانی کورد و بۆ گەلی کورد چییە؟
بلووریان: کورد، مەسەلەی کورد ئیتیحادە، یەکێتی یە، برادەرییە. دوژمن لە هەموو بوارێک دا تێدەکۆشێ کە نەهێڵێ کورد پێکەوە موتەحید بێ. حیزبەکانی کورد پێکەوە دۆست بن. پەیامی من ئەوەیە کە ئەو حیزبانە دەبێ لە قازانجی حیزبایەتی خۆیان سەرفی نەزەر بکەن بە خاتری بەرژەوەندی و مەسڵەحەتی میللەتی کورد. موتەحید بن بە یەکەوە، یەک پارچە بن بە یەکەوە، شەڕ نەکەن دەگەڵ یەکتر، دوژمنایەتی نەکەن ئەگەر ئەوان موتەحید بن دوژمن ناتوانێ دەگەڵ ئێمە بەرخورد بکات. ئێمە ئیعتیباری جەهانیمان زۆرترئەبێت.
لەو ئیختیلافەی کە بەینی کورد هەیە شەڕ دەکا بە ڕاستی کەسایەتی کورد و حیزبەکان لە سەتحی جەهانیدا زۆر هاتۆتە خوارەوە. ئەوە زۆر عەیبە زۆر شتێکی ناشیرین و ناحەزە. ئەو برادەرانە هەموو ئینسانێکن لەمن بە تەجروبەترن لەمن دونیادیدەترن ئەوان خەباتیان هەبۆ، ساڵهای ساڵیش خەباتیان کردۆ دەبێ قەبووڵ بکەن کە دەستی یەکتر بکوشن،ئیتیحاد ببەستن، شەڕ نەکەن بە تەحریکی ئەو دوژمن و ئەو دوژمن، نەبنە دوژمنی یەکتر ئەوە بە زەرەری کوردە. جوانی کورد، موعتەقیدم کە جوانی کورد دەبێ دەرس بخوێنێ، کتێب بخوێنێتەوە، ڕۆزنامە بخوێنێتەوە، ڕیگای ئاشتی و خەبات و دێمۆکڕاسی بگرێتە پێشێ. فکری تفەنگ لە کەلەی بێتە دەرەوە. ها. ئەو کەلەیە ساڵەهای ساڵە  تفەنگ چۆ دە کەلەی ئێمەوە، باب و باپیرمان هەر تفەنگی پێوە بۆ. دیارە ئەمن ئەوەی ناڵێم کە دە توولی تاریخدا زرووف و شەڕایتێک هەبۆ کە کورد بە چەک توانیویەتی حیفزی مەوجوودییەتی خۆی بکا ئەو شتێکە، بەڵام دە زەمانی ئەوڕۆ دا ئیتر ئەو چەکە ئەو قازانجەی نییە کە دوێنێ هەیبوو. زەرەری هەیە ئێستا چەکەکە. ئاشتی و سوڵح و ئازادی و دێمۆکڕاسی بەڵێ مەدەنییەت ئەوە بۆ میللەتی کورد ئەهەمییەتی  هەیە موهیممە.
کە داوا دەکەم  کە هەموو کوردێک لەو ڕێبازە دا حەڕەکەت بکەن دەست لە شەڕ هەڵگرن. تاکەی شەڕ ئەکەن، بۆچ شەڕ ئەکەن فکر بکەنەوە بزانن شەڕ بۆچی دەکەن. تۆ ئەو حیزب و ئەو حیزبە بۆ یەکتری دەکووژن؟ لەبەرچی؟ کوردستانەکەتان هەموو بەش بەشە، هەموو داگیر کراوە، ئێوە دەبێ بەیەکەوە موتەحید بن ئەو میللەتەی نەجات بدەن نەک یەکتر بکووژن. میللەت قەبووڵ ناکا لە ئێوە. ئەگەڕ ڕێفراندۆمێک بە ئازادی لە نێو میللەت ڕەئی وەربگرێ کە ئەوانەی کە شەڕ دەکەن چۆن ڕەئی بدەن من پێم وابێ سەد دەر سەدی میللەتی کورد ئەو شەڕانە مەحکووم دەکا، ئەو حیزبانەش مەحکووم دەکا شەڕ دەکەن. ئەوە نەزەری من بوو.
میدیا ڕێناس: مامۆستا دەمەوێ پرسیارێکی دیکەش بکەم ئێوە گوتتان کە چۆن قازیی محەمەد و هاوڕێیانی ئەوانەی کە لە سێدارە دران پەیامێکیان نارد بۆ گەلی کورد، پەیامێکیان هەبوو بۆ لاوانی کورد، یەیامێکیان پێ بوو نەک هەر بۆ گەلی کورد، بەڵکوو گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان. نەتیجەیەک کە ئێمە  پێویستە لە پەیامی ئەوانێی وەر بگرین و بە چ شێوەیەک بەردەوام بین لە سەر خەباتی خۆمان چییە؟
بلووریان: خەباتی ئەوان هەر ئەوەی کە عەرزم کردی لە ڕێگای ئاشتی و دێمۆکڕاسییەوە خەبات بکەن. ئەو ئاشتی و دێمۆکڕاسییەش بە بێ ئیتیحاد و یەکپارچەگی هەموو پارچەکانی ئەحزابەکان، هەموو میللەتی کورد ئەویش سەرناکەوێ. سەرکەوتن بە ئیتیحادە. سەرکەوتنی سیاسی، دێمۆکڕاسیش بە ئیتیحادە، بە ئیتیحادەوە دەتوانن بەو ڕێبازە دا حەڕەکەت بکەن.
مێدیا ڕێناس: مامۆستا زۆر زۆر سپاستان دەکەم
بلووریان: زۆر سپاس بۆ ئێوە
میدیا ڕێناس: بەرنامەی ئێمە دوو سەعات بوو بەڵام زوو تەواو بوو. چونکە هەر چەند ئێمە قسە بکەین تەواو نابێ. مێژوویەکی پڕتژییە، پر مەزنە. جارێکی دیکە سپاس بۆ ئێوە. بینەرێکمان بە ئێوەی کوت ماندێلای کورد. من دەتوانم ئەوە بڵێم بیست ساڵ زیندان، خەباتی سیاسی، نەتەوەیی کەم نییە، مەزنە. ئێمە ڕێزی لێ دەگرین

بلووریان: زۆر سپاس
میدیا ڕێناس: لە خەبات دا کەموکووڕی دەردەکەوێ، بەڵام پێویستە ئێمە لە هەڵەکان دەرس و تەجروبە وەربگرین. زۆر سپاستان دەکەم.
بلووریان: زۆر سپاس
میدیا ڕێناس: سپاسی هەموو بینەرانی خۆشەویستیش دەکەم. بەرنامەیەکی زۆر دەوڵەمەند بوو، زۆر دەرسی لێ فێر دەبین، کاتێک مرۆڤ لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەداتەوە. پێم وایە لەو ڕووەوە ئێوەش وەک من بیر دەکەنەوە. چونکوو قسەکانی مامۆستا ئێمەی بردەوە شوێنی دوور، ئێمەی بردەوە مەهاباد، ئێمەی بردەوە ناو مێژووی کورد. پێویستە ئیدی لە ئەزموون و تەجروبەیان فێر بین و دەرس وەربگرین لەو تەجروبانەی گەلی کورد.
جارێکی دیکە ئێمە سەری نەوازش دادەنوێنین بۆ پێشەوا قازیی محەمەد و هەموو شەهیدانی چوار چرا و بە ڕێزەوە وەبیریان دێنینەوە. سپاس بۆ مامۆستا غەنی بلووریان کە ئەمڕۆ میوانی ئێمە بوو و داوای تەمەنێکی درێژی بۆ دەکەین. سەرکەوتوو بی مامۆستا! سپاس بۆ هەموو بینەران. ڕۆژی چوار شەمە ئێمە دیسان بەیەکەوە دەبین. تا دیدارێکی دیکە. ڕۆژ باش  دەخێر و خۆشی دا بژین.

تێبینی:  ئەم بەرنامەیەی  " ڕۆژباش" کوردستان لە تێلێڤیزۆنی میدیا سەر لەبەیانی ڕۆژی دووشەمە ٢-ی مانگی ئاوریلی ٢٠٠١ بە ئامادە بوونی نەمر بلووریان لە ستودیۆی میدیا تیڤی لە بروکسێل ڕاستەو ڕاست بڵاو کراوەتەوە. مۆدێڕاتۆری ئەو بەرنامەیە میدیا ڕێناس  و ڕاوێژکاری بەرنامە کاکشار ئۆرەمار بووە. بۆ یەکدەستکردنی بابەتەکە پرسیارەکانی مۆدێڕاتۆر کراوەتە کوردیی کورمانجی و قسەکانی نەمر بلووریان وەکوو خۆی دابەزێندراوە

 



No comments: