Wednesday, December 24, 2025

چوار هەڤپەیڤینی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان، هەڤپەیڤینی سێیەم، بەشی یەکەم


 چوار هەڤپەیڤینی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان، هەڤپەیڤینی سێیەم، بەشی یەکەم

لە ساڵی ١٩٩٥، ساڵی دامەزرانی یەکەم تێلێڤیزیۆنی مانگیلەی کوردی مەد تیڤی، یەکەم وتوێژ لەبەرنامەی " پرس و بەرسڤ" بەڕێز ئەحمەد باراچ کلیچ لە ئاڵمان لەگەڵ نەمر غەنی بلووریانی کردووە. وتوێژی دووەم هەر باراچ کلیچ لەساڵی ١٩٩٧ بۆ هەمان کاناڵ بەڕێوەی بردووە. لە مانگی ئاوریلی ٢٠٠١ میدیا تیڤی بەرنامەیەکی تەواوی " ڕۆژباش کوردستان"ی بە مودێراتۆری مێدیا ڕێناس تەرخان کردووە بۆ وتووێژ لەگەڵ بلووریان و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠١ دا هەر لە میدیا تیڤی دا  بەڕێز دوکتور جەبار قادر لە بەرنامەی " بۆ مێژوو " دا وتوێژێکی درێژی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان کردووە کە لە پێنج ئاڵقە  لە دیسامبر ٢٠٠١ و  ژانڤییەی ٢٠٠٢ دا لە میدیا تیڤییەوە بڵاو کراوەتەوە.

لێرە دا ئەو چوار وتوێژانە بە وردی دابەزێندراون و ئامادە کراون. لە سێ بەرنامەی یەکەم دا بە مەبەستی هاسانکاری بۆ خوێنەرەوە پرسیاری مۆدێڕاتۆڕەکان لە کوردیی کورمانجییەوە کراونەتەکوردیی سۆرانی. لەم پۆستەدا بەشی یەکەم هەڤپەیڤینی سێیەم کە ڕۆژی دووشەمە ٢-ی ئاوریلی ٢٠٠١ لە میدیا تیڤی بڵاو کراوەتەوە دەخوێننەوە.

قسەکانی بەڕێز بلووریان ئەو جۆرەی وڵامی داوەتەوە، وەک دەڵێن بێ ئەوەی واوێکی لێ بپەڕێ وەکوو خۆی دابەزێندراوە. من وەکوو دابەزێنەری ئەو بابەتە هەڵوێستم لەمەر ڕووداوەکانی جودایی گرووپی حەوت کەسی

لە ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران هەر لە کاتی خۆی دا دەربڕیوە. دەکرێ لەگەڵ بۆچوونەکانی

نەمر بلووریان نەبین بەڵام لەڕوانگەی خۆیەوە بەشێک لە مێژووی سیاسی بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگێڕێتەوە. دابەزاندنی ئەو هەڤپەیڤینانە بە مەبەستی خزمەت بە ئاستە کردنی مێژووی سیاسی کراوە.

حەسەن قازی

دێسامبری ٢٠٢٦

تێڵێڤیزۆنی مێدیا، بەرنامەی ڕۆژباش کوردستان، ئاخافتن لەگەڵ غەنی بلووریان لە ستودیۆ، مۆدێڕاتۆر: مێدیا ڕێناس

بەرواری بڵاو بوونەوە دووشەمە  ٢-ی ئاوریلی ٢٠٠١ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، لە دابەزاندن دا پرسیارەکان هێنراونەتە سەر کوردیی سۆرانی

میدیا ڕێناس: مژاری ئەمڕۆی بەرنامەکەمان وەک دەزانن ئێمە لە٣١-ی مارس دا بە پەژارەیەکی زۆرەوە لە سێدارەدانی پێشەوا قازیی محەمەد و هاوڕێیانی ویمان وەبیر هێنایەوە. لە ساڵی ١٩٤٧ دا پێشەوا قازی و هاوڕێیانی لە سێدارە دران، قازیی محەمەد سەرۆکی کۆماری مەهاباد. ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ مامۆستا غەنی بلووریان لەمەر ئەزموونی کۆماری مەهاباد و هەر وەها لەمەر خەباتی مامۆستا قسە دەکەین.

هەر وەک لە سەرەتای بەرنامەش دا کوتمان ئەمڕۆ مژاری بەرنامەکەمان تایبەتی یە، بەیەکەوە  ئەمساڵیش سێدارەدانی پێشەوا قازیی محەمەد و هاوڕێکانی لە ٣١-ی مارسی ١٩٤٧ مان وەبیرمان هێنایەوە. ئێستا لە ستودیۆ مامۆستا غەنی بلووریان ئامادەیە ئێمە پێی دەڵێین بەیانیی باش مامۆستا! بەخێر بێن.

غەنی بلووریان: زۆر سپاس

میدیا ڕێناس: بەر لەوەی من دەست بە پرسیارەکانم بکەم پێم خۆشە بە کورتی مامۆستا بلووریان بە بینەرانی ڕۆژباش بناسێنم. مامۆستا غەنی بلووریان سیاسەتمەدارێکی کوردە، ماوەیەکی درێژ دە نێو سیاسەتی کورد دا بووە. خەڵکی مەهابادە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بنەماڵەیەکی سیاسی دا هاتووەتە دنیا و گەورە بووە. مامۆستا لە سەردەمی کۆماری مەهاباد دا لاوێک بووە و لەو ئەزموونە دا ژیاوە. لە لایەن کۆماری کوردستانەوە لەگەڵ نزیکەی ٥٠ جەوانی کورد دەنێردرێ بۆ جمهووری ئازەربایجانی سۆڤیەتی کە لەوێ پەروەردە ببن و بگەڕێنەوە خزمەتی کۆمار بکەن، بەڵام بەداخەوە کاتێک میوانی مە و لاوانی دیکەی کورد خەریکی خوێندن بوون لە ئازەربایجان، کۆماری مەهاباد تێک چووو هەڵوەشا، هەر بۆیە مامۆستا غەنی و زۆربەی ئەو لاوانەی لە ئازەربایجان دەیان خوێند دیسان گەڕانەوە خاکی نیشتمان. لە گەڕانەوە دا هەوڵی مامۆستا غەنی بلووریان لەتەک هێندێک لە هاواڵانی ئەوە بوو کە جارێکی دیکە بزاوی کوردی زیندوو بکەنەوە و هەر بۆیە درێژیان دا بە خەباتی خۆیان دە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دا.

دیارە ئەوەی سەرنجڕاکێشە مامۆستا دەگەڵ هاوڕییانی لەدوای تێکچوونی کۆمار جارێکی دیکە ڕۆژنامەیەکیان بە زمانی کوردی بڵاو کردەوە بە ناوی " ڕێگا". لەو ڕۆژنامەیە هەر دوو ژمارە بڵاو کرایەوە. لایەنێکی دیکەی ژیانی مامۆستا ئەوەیە کە لە ساڵانی ١٩٥٠ بەم لایەوە زۆر جار گیرا لەبەر خەباتی سیاسی و نەتەوەیی خۆی و لە ساڵی ١٩٥٩ دوای هێرشێکی بەربڵاو بۆ سەر ئەندامانی حیزبی دێمۆکڕات مامۆستا و ٢٥٠ کەس لە هاوڕێیانی گیران و بەڕێزیان لە ساڵی ١٩٥٩ تا ساڵی ١٩٧٩ دە زیندانێ دا ما، یانی ماوەی ٢٠ ساڵان مامۆستا غەنی بلووریان دە زیندانێ دا ما. لە بەندیخانە و گرتووخانەی جۆر بە جۆر لە ئێرانێ. پنج کەس لەو ٢٥٠ کەسە بە ئێعدام حوکم درابوون کە یەکیان ڕێزدار بلووریان بوو بەڵام ئەو حوکمە شکا و بوو بە زیندانی هەتا هەتایی.
مامۆستا دوای دەرکەوتن لە زیندان درێژەی دا بە خەباتی خۆی دە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دا و دە کۆنگرەی چواری ئەو حیزبە دا وەک ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا، بەڵام دواتر ئەو و  چەند ئەندامی دیکەی ڕێبەرایەتی لە بەر جیاوازی بیروڕا لە حیزبی دێمۆکڕات جوێ بوونەوە و وەک لایەنگرانی کۆنگرەی چواری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران درێژەیان بە چالاکی خۆیان دا. دوایە ئەو لایەنەش بڵاوەی دەکا و مامۆستا لەگەڵ حیزبی توودە دەکەوێ لەگەڵ چەند هاوڕێی خۆی بەڵام دیسان لەبەر جیاوازی بیرو ڕا لەو حیزبەش جیا دەبێتەوە ولە دوای ساڵانی ١٩٨٠ ئیدی مامۆستا لە دەرەوەی وڵات دەژی. بێگومان ژیانێکی ئاوا مرۆ ناتوانێ بە چەند سەعات و بە چەند ڕۆژان بگێڕێتەوە بەتایبەتی ئەوەی کە مامۆستا زیاتر لە بیست ساڵ لە ژیانی خۆی دە زیندان دا تێپەڕاندووە.
ئێمە ئەمرۆ زۆری پێ خۆشحاڵین بەڕێزیان میوانی ئێمەن. مامۆستا ئەمن هێندێک ئێوەم ناساند، بێگومان ئەوە کەمە چونکوو ئەو هەموو خەبات و تێکۆشانی ئێوە تێری ماوەیەکی ئەوەندە کورت ناکا. با لێرەوە دەست پێبکەین ئێمە باسی ساڵوەگەرێ لە سێدارە درانی پێشەوا قازیی محەمەد و هاوڕێکانمان کرد دەمەویست لە سەرەتا دا هێدێک لەسەر کەسایەتی پێشەوا قازیی محەمەد و هاوڕییانی باس بکەی.
لە سەرەتاوە لە قازیی محەمەدەوە دەست پێ بکەین، ئێوە لە سەردەمی کۆمار دا ژیاون، کەسایەتی قازیی محەمەد بە دیتنی ئێوە چۆن بوو؟

غەنی بلووریان: بەر لەوەی کە دەست پێ بکەم  بە باسی کەسایەتی، شەخسییەتی قازیی محەمەد وام پێ باشە هێندێک بگەڕێمەوە دواوە بۆ زەمانی ڕەزا شا. ڕێژیمی ئێران ئەو دەم بە ڕێبەریی ڕەزا شا پەیوەندی هەبوو لەگەڵ دەوڵەتی هیتلێری و جاسووسەکانی نازی و هیتلێری لە ئێرانێ بە وەسیلەی ڕەزا شا دەستووباڵیان باز بوو، چالاکی خۆیان دەنواند، بە تایبەت لە نێو عەشاییری دەوری نەفت کە خووزستان بوو چالاکییان دەنواند. لەو بەرەشەوە خەتری هەبوو بۆ مەرزی شووڕەوی، سۆڤیەتی پێشوو کە ئەویش نەفتی باکۆی هەبوو لەوێ هیتلێر چاوی لەویش بوو، چاوی لە نەفتی ئێرانیش  بوو. بۆ ئەوەی کە ئەو خەتەرە لابەرن لە سەر پەیوەندی دەوڵەتانی ئەمریکاو ئینگلیس وە فەڕانسە جەبهەی موتەحیدی دژی فاشیستی قەراریان دا کە ئێران داگیر بکەن و جاسووسانی هیتلێری لە ئێران دەر کەن و  حکوومەتەکە لە دەست ڕەزاشای بێتە دەرەوە و ئەو خەتەرە لە سەر باکۆ و ئازەربایجانی شووڕەوی و نەفتەکەی و لەسەر نەفتی ئێرانیش ئەو خەتەرە لابەرن.
ئەوە بوو کە قشوونی ئەمریکی و ئینگلیسی هاتن بۆ داخڵی ئێران، ئێرانیان گرت، حکوومەتی شووڕەویش دەگەڵ ئەوان هات تەقسیم کرا ئێران بەینی ئەوانە، بەشی زۆری قسمەتی شمال کەوتە بەردەستی شووڕەوی کە بەشێک لە ئازەربایجان کە کوردستانی مەهاباد و دەوروبەری وەکوو ئازەربایجان چەسپێندراوە بە ئازەربایجان بەڵام ئەو بەشی کوردستان کە غەڕبی ئێرانە کە دەکەوێتە سەنەندەج و کرماشان و ئیلام و ئەوانە کەوتە دەست ئینگلیس. لەسەر قەرارێکی کە دابوویان ئەو حدوودانە تەقسیم کرا بوو هیچیەک لەوانە دەستێوەردان نەکەن دە کاروباری یەکتری دا. ئەو دەم ئیمکاناتێک بە وجوود هات لە کوردستانی ئێران، لە ڕۆژهەڵات، لە مەهاباد. دیارە پێش ئەوەی کە من باسی ئەوەی بکەم کە لە کوردستان حەڕەکە دەستی پێکرد لە زەمانی ڕەزا شا دا چالاکی ڕەوشەنفکرانی کورد دەستی پێکرد بوو بە زۆر نهێنی، زەمینەیەکی باشیان دروست کرد بوو  بۆ تەشکیلی کۆمەڵەی ژێکاف. بەڵام چونکوو دیکتاتۆری زۆر سەخت بوو، فشار زۆر بوو ئەو چالاکییانە بە شکڵێکی ڕەسمی نەیدەتوانی موبارەزە ئیدامە بدرێ، خەبات بکرێت بە نهێنی  هاتوچۆ هەبوو دەگەڵ یەکتریان، خەڵکەکە پێکەوە، ڕەوشەنفکرانی کورد هەتا قشوونی شووڕەوی هات واریدی مەهاباد بوو. مەهاباد و مەنتەقەی ئازەربایجانی غەڕبی بوو.

ئازەربایجانی غەربی کە باس دەکەین مەقسەد ئەوەیە مەرکەزی ئورومییەیە. کوردستانی مەهاباد و بەشی موکریان و ئەو مەنتەقانە خودی ڕەزا شا، زەمانی ڕەزاشا بۆ ئەوەی کە جونبشی کورد لە مەهاباد ئەو دەم زۆر بە تین و قەوی بوو ئەوانەیان دابڕی لە کوردستانی بەخشی غەڕبی ئێران لە کرماشان و سنە و ئەوانە. مەنتەقەی مەهاباد و موکریانیان  دەگەڵ ئازەربایجان تێک خستەوە. دەگەڵ ئەوانەیان پەیوەند پێ دا، ئەو ڕابیتەیان بەینی مەهاباد و مەنتەقەی موکریانی دەگەڵ مەنتەقەی سنە و سەقز و کرماشان و ئەوانەوە قوت کرد.
ئەو دەم کۆمەڵەی ژێکاف زەمینەیەکی چەنگ کەوت کە بە عەلەنی، بە ئاشکرا بێتە خەباتی جەماوەری کە موجەلەیەکی دەر کرد بە نامی " نیشتمان" وە خەباتی خۆی بەردەوام کرد.

میدیا ڕێناس: مامۆستا ئەوانە هەموو بەر لە کۆمار بوون؟

بلووریان: بەر لە کۆمار بوو. ئەمن مەخسووسەن ئاوام کرد کە بەرە بەرە بچینە شەخسییەتی قازیی محەمەد، پاشان بچینە سەر کۆمار. بە تەدریج بڕۆین، قەدەم بە قەدەم بڕۆین. کۆمەڵەی ژێکاف کە تەشکیل بوو، دیارە دروشمی کۆمەڵەی ژێکاف کوردستانی سەربەخۆ بوو، هەموو کوردستان بە تێگڕایی، نەک کوردستانی ڕۆژهەڵات.

میدیا ڕێناس: هەر چوار پارچە

بلووریان: هەر چوار پارچە، دروشمی ئەم، شیعاری ئەم ئەوە بوو. دەگەڵ هێندێک ئەحزابی کوردی باشوور و دەگەڵ هێندێک شەخسییەتهای باکوور وەکوو مەلا وەهابێک، بە نێوی مەلا وەهاب کە لە کوردستانی باکوورەوە هاتبوو دەگەڵ  کۆمەڵەی ژێکاف پەیوەندییان پێکەوە گرت کە بەیەکەوە خەبات بکەن، موشتەڕەک بۆ خەبات بۆ ئازادی هەموو کوردستان. بەڵام ئەو دەم شووڕەوی موافیقی ئەو دروشمە نەبوو. شوورەی کە لە مەهاباد تەسەلوتی بە سەر مەهاباد دا هەبوو دەگەڵ ئەو دروشمە موافیق نەبوو بە خاتری ئەوەی کە عەقیدەی خۆی وابوو کە ئەو دروشمە دروشمێکی زووە ئێستا، ئێمکانی وەی هەموو کوردستان موبارەزەی بۆ بکرێ موشکیلە. دەکرێ لە چوار چێوەی ئێران ئەو خەباتە دەست پێ بکرێ بۆ کورد بۆ خودموختاری. دیارە بەینی ئەمریکا و شووڕەوی و ئینگلیس قەرار درا بوو کە دەستێوەردان لە خاکی ئێران و پارچەپارچە کردنی ئێران دەستێوەردانی تێدا نەکرێ. لەسەر ئەو بڕیارە شووڕەویش نەیدەویست ئەو مەسەلەیە پشتیبانی بکات، لە سەر هەموو پارچەکانی کوردستان و موبارەزە بۆ، خەبات بۆ پێکهێنانی کۆمارێکی کورد لە هەموو پارچەکان دا. بۆ بەرژەوەندی خۆی ڕێگای نەدەدا بەسەر ئەوە دا.
ئەوە بوو قەرار درا کە گۆڕانکارییەک لە کۆمەڵەی ژێکاف دا پێک بێنن، ئەو گۆڕانکارییە ببێتە خەباتێک بۆ، لە چوارچێوەی خاکی ئێران، بۆ خودموختاری. ئەوە بوو کە دروشمی دێمۆکڕاسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان لێرە دا هاتە کایەوە. لە کۆنگرەیەکی دا کە تەشکیل بوو کۆمەڵەی ژێکافیان گۆڕی ناویان نا حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان. یانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان حیزبی پێشەوا قازیی محەمەدە، دامەزرێنەری قازیی محەمەد ە، ڕەهبەریشی قازیی محەمەد بووە.

میدیا ڕێناس: مامۆستا چ ساڵێک پێک هات؟

بلووریان: حیزبی دێمۆکڕتی کوردستان، تاریخەکەی ئەمن بە دروستی لە بیرم نییە بەڵام دەبێت مەسەلەن ساڵی ١٣٢٢ –ی ئێرانی، ٦٢١-ی پێ ئیزافە کە دەبێتە چی ١٩٤٥ دروستە؟ ئەوە بوو کە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان تەشکیل بوو بە دروشمی دێمۆکڕاسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان. دیارە لێرەش دا کۆمارێکی دیکە تەشکیل بوو وەکوو کۆماری ئازەربایجان [ ئازەربایجان قەت کۆماری ڕانەگەیاند بەڵکوو بە تەشکیلاتەکەی خۆی دەگوت میللی حکوومەت واتە حکوومەتی میللی. ح.ق]، مەرکەزی تەبریز. ئازەربایجانییەکان عەقیدەیان وابوو کە مەنتەقەی مەهاباد و موکریان جزوی سەرزەمینی ئازەربایجانە، بە حیسابی ئەوەش کە ڕەزا شاش ئەو تەقسیماتەی کرد بوو مەنتەقەی مەهاباد و موکریانی دابوو بە ئازەربایجانی غەڕبی، لەسەر ئەوە ئازەربایجانییەکان ڕاوەستا بوون لەسەری دەیانگوت کە ئەوە جزوی ئازەربایجانە ئیجازەیان نەدەدا کۆمار تەشکیل ببێت. دیارە ئەو دەمی باغرۆف کە ڕەئیش جمهووری ئازەربایجانی شووڕەوی بوو [ دیارە باغرۆف سکرتێر و ڕێبەری پارتیی کۆمۆنیستی ئازەربایجان بوو، نەک ڕەئیس جەمهوور. ح. ق]، پشتی ئەو دروشمەی دەگرت. بەڵام قازیی محەمەد لە کۆبوونەوەیەک دا کە لە تەبرێز پێک هات دژی ئەوە ڕاوەستا کوتی ئێمە خۆمان تەسمیم دەگرین، خۆمانیش کۆمار دروست دەکەین و خەباتیشی بۆ دەکەین، بە هەموو شێوەیەکی خەبات.
شووڕەوی پاشەکشەی کرد لەو ڕەوشەی قازیی محەمەد کە تەسمیمی گرت ئەو کارە بکات، پاشەکشەی کرد و قەبووڵی کرد کە کوردەکانیش خۆیان بۆخۆیان کۆماری خۆیان پێک بێنن. ئەوەی کە زۆر تەبلیغات دەکرێ، دوژمنان تەبلیغات دەکەن کە کۆماری مەهاباد ئیتیحادی شووڕەوی/ یەکێتی سۆڤیەتی دروستی کردووە ئەوە پڕ غەڵەتە، پڕ درۆیە، پڕ تۆهمەتە. ئەسڵەن ئەوان دژی تەشکیلی کۆماری مەهاباد بوون، چون شووڕەوی بە پشتیوانی لە ئازەربایجان دەیانەویست ئەو مەنتەقەی بە ئازەربایجان حیساب بکەن، بەڵام قازیی محەمەد ڕاوەستا و کۆماری تەشکیل دا بە بێ موافەقەت و ئیزنی ئیتیحادی شووڕەویش و ئازەربایجانی پیشەوەریش کە ڕەهبەری ئازەربایجانێ بوو پیشەوەری.

میدیا ڕێناس: [ قازیی محەمەد] کۆماری ئێعلان کرد؟

بلووریان: کۆماری ئێعلان کرد بەڵێ.

میدیا ڕێناس: بەڵام مامۆستا دەگوترێ کە سۆڤیەت پشتیوانی کرد، ئاریکاری کرد.

بلووریان: پشتیوانی لە چی؟

میدیا ڕێناس: پشتیوانی لە کۆمار. پشتیوانی نەبوو؟

بلووریان: کێ شووڕەوی؟

میدیا ڕێناس: ئیتیحادی سۆڤیەتی

بلووریان: ئیتیحادی سۆڤیەتی ئاریکاری بەو شێوەی کە دەگەڵ ئازەربایجان دەیکرد دەگەڵ کوردستان بەو شێوەی نەدەکرد. هێندێک سیلاحی دەدا، کۆمەگ دەکرد بەڵام کەم. ئەوەی کە زۆرتر سیلاحی دەدا بە ئازەربایجان، هەموو نەوعە چەکێکی دەدا بە ئازەربایجان بەڵام بە غەیرەز تفەنگ، ئەویش تفەنگی بڕنۆی ئی زەمانی هیتلێری بوو کە بە چەنگ شووڕەوی کەوتبوو، ئەوەی هێنا دای بە کوردستان بەڵام بە ئازەربایجان دا هەموو شتێکی هەبوو!! حەتتا تانک و زۆر شتی، سیلاحی سەنگین و قورسیشی دابوو بە ئازەربایجانێ، بەڵام بە کوردستانی نەدەدا.
عیلەتەکەشی ئەوە بوو بە نەزەری من، عیلەتەکەشی ئەوە بوو کە ئەو سیلاحانەی نەدەدا چونکە دەیزانی کوردەکان دروشمی کۆماری کوردستانی گەورەیان هەیە، کوردستانی مەزنیان هەیە. ترسیان لەوە بوو کە ئەو سیلاحانە بۆ ئەو ئاڕمانجە بەکاری بێنن کە ئەوە بە بەرژەوەندی شووڕەویش نەبوو  لەسەر ئەو قەرارەی کە دەگەڵ ئەمریکا و ئینگلیسی بەستبووی ئەوە بوو کە سیلاحی سەنگینیان نەدەدا.

میدیا ڕێناس: بەڵام بۆچی ئاریکاری کۆماری ئازەربایجانیان دەکرد؟

بلووریان: کۆماری ئازەربایجان بە خاتری ئەوەی کە بەشێک لە کۆماری ئازەربایجان دەگەڵ شووڕەوی بوو. جەمهووری ئازەربایجان مەرکەزی باکوو. سیاسەتی خودی باقرۆف کە ڕەهبەری ئازەربایجانی شومال بوو مەرکەزی باکوو ئەوان هەدەفیان ئەوە بوو ئەگەر بتوانن ئیمکان هەبێ ئازەربایجانی ئێران بخەنە سەر ئازەربایجانی شووڕەوی. جا لەبەر ئەوە بوو کۆماری مەهاباد و ئەوانەشیان ڕازی نەدەبوو  بە خاتری ئەوەی دەیانگوت ئەوەش ئازەربایجانە، ئەوەش دەگەڵ ئەوان بچێت  بۆ لای شووڕەوی و موعتەقیدیش بوون کە ئەوە خەباتی بۆ بکەن. بەڵام بەخاتری سیاسەتی ئەمریکا و ئینگلیسی کە دژی ئەو مەسەلە بوون شووڕەوی زۆر جیدی نەبوو لە پشتی ئەو مەسەلە بگرێ کە جودا بکاتەوە لە ئێران بە خاتری ئەو قەرارەی دابوویان کە نابێ دەستێوەردان و تەقسیمی ئێران بکرێت. بەڵام بۆ ئەوەی کە ئازەربایجان خۆی جەمهووری تەشکیل بدا پشتی دەگرت کە خۆی جەمهووری تەشکیل بدا. کە کۆماریش خۆی جەمهووری خۆی تەشکیل دا کۆماری مەهاباد، کۆماری کوردستان.
ئەو دەم ئێمە بۆ ئەوەی دەرس بخوێنین بچینە شووڕەوی فێری دەرسی عەسکەری نیزامی بین عیدەیەکیان هەڵبژاردین ڕۆیشتین بۆ شووڕەوی بۆ دەرسی نیزامی بۆ گەڕانەوەمان بێنین دە ئەڕتەشی جەیشی کوردستان کار بکەیین.

میدیا ڕێناس: مامۆستا بەر لەوەی کە ئێوە بچنە ئازەربایجان دەگەڵ لاوانی کورد، چوون بۆ ئازەربایجان بۆ ئەوەی پەروەردەی عەسکەری ببینن. بەر لەوە ئێعلان کردنی کۆماری مەهاباد، کۆماری کوردستان تەئسیری چ بوو لە نێو کوردان دا؟ دەکرێ هێندێک باسی بیرەوەری ئەو دەمی بکەی؟

بلووریان: ئەگەر ئێمە موقایەسە بکەین بەینی کۆماری مەهاباد، بڵێین کۆماری کوردستان دروستترە دەگەڵ کۆماری ئازەربایجان موقایەسە بکەین تەفاوەت زۆرە. لە کوردستان هەستی  نەتەوایەتی قەوی بوو. خەڵکەکە خواستی هەبوو پشتیوانی لەو دروشمەی کرد کە قازیی محەمەد بەرزی کردەوە کۆماری مەهابادیان کە تەشکیل دا کوردستان بەغەیرەز عیدەیەک ڕەئیس عەشایر کە ئەوانە هەمیشە فێئۆدالیزم ئەسڵەن دژی مەسڵەحەت و بەرژەوەندیی کورد بوون لە توولی تاریخ دا بەغەیرەز ئەوانە موخالیف بوون ئەگینا، دیارە بەعزێکیش لە فێئۆدالیزمی میللیش هەبوو کە ئەوانیش پشتی مەهابادیان گرت، پشتی کۆماریان گرت  وێگڕا دەگەڵ خەڵک. کوردستان پشتیوانی کۆماری مەهاباد خەڵکی کورد بوو دە حاڵەتێکدا لە ئازەربایجان خەڵکی ئازەربایجان پشتی کۆماری ئازەربایجانی نەدەگرت ئەسڵەن  خواستی نەتەوایەتی زۆر زەعیف بوو لە ئازەربایجان. زۆر زۆر نزم بوو، بەڵام لە کوردستان زۆر زۆر بەرز بوو.ئەوە بوو کۆماری مەهاباد دە حەقیقەت دا کۆمارێکی  دامەزرێنەرەکەی خەڵک بوو  یانی خەڵک پشتیوانی تەواوی دەکرد، بە گیان و بەدڵ ئامادە بوون. لە ئازەربایجانێ بەو شێوەیە نەبوو.
لە کۆماری مەهاباد دا بەو شێوەیە کە دەزانین بۆ ئەوەڵین بار بە زمانی کوردی مەدرەسە داندرا، ڕۆزنامە داندرا. موجەلە هەبوو، ڕۆزنامە هەبوو بە زمانی  کوردی خەڵک ئیستیقباڵی لێ دەکرد، زۆر شاد بوو خەڵکی کوردستان بەو کارە بەڵام هەر وەکوو تاریخ نیشانی دا زل هێزەکان، ئەو هێزە گەورانەی جیهانی بۆ بەرژەوەندی خۆیان پشتی کۆماریان نەگرت و پشتی حکوومەتی ئێرانیان گرت. شووڕەویش بۆ خۆی بە خاتری وەی مەسڵەحەت و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی هەبێ چاوی لە نەفتی شیمالی ئێران بوو دەگەڵ حکوومەتی ئێران ڕێک کەوتن بۆ وەی کە نەفتی شیمال بدەن بە شووڕەوی، شووڕەویش لە بارەی کۆماری ئازەربایجان و کوردستان دا بێدەنگ بێت.یەک ئەمە بوو، یەکیش قەرار بوو لە زەمانێکی موعەیەن دا قشوونی ئەمریکی و ئینگلیسی و شووڕەوی لە ئێران دەرچن.
ئەوە بوو ئەمریکا و ئینگلیس دەرچوون دە وەختی خۆی دا کە قەرارەکەیان دانا بوو بەڵام شووڕەوی دەر نەچوو. شووڕەوی بەخاتری ئەوەی دەرنەچوو کە دەیەویست ئیمتیازی نەفتەکەی بستێنێ، لە مەجلیسی ئێرانیش قبووڵی بکەن ئەو دەم جا دەرکەوێ. بەڵام لەسەر زەخت و فشاری ئەمریکا و ئینگلیس مەجبوور بوو بچێتە دەرەوە. ىچێتە دەرەوە و نەفتەکەی قەول و قەراریان پێ دا نەفتەکەشی هەر بدەنێ. ئەوە دە حەقیقەت دا فیدای نەفت بوو. لە کوردستانی بەشی تریش هەر ئەو نەفتە باعیسی بەدبەختی میللەتی کورد بووە، ئێستاش هەر هەیە، مولاحەزەت فەرموو.

میدیا ڕێناس: مامۆستا پرسیاری بینەرێکمان بە تەلەفون ئەوەیە. کاتێک کۆماری کوردستان تێک چوو ئەو فاکتۆرانەی بوونە هۆی ئەو تێکچوونە چی بوو و گەلۆ کوردیش خیانەتیان پێ کرد بۆ ئەوەی تێک بچێ؟

بلووریان: عەرزت بکەم هەر وەکوو پێشووش عەرزم کردن هێندێک لە فێئۆداڵهای کورد ئەو دەم کە لە کۆمار دا بەشداریشیان دەکرد لە ژێرەوە دەگەڵ حکوومەتی تاران پەیوەندییان هەبوو. پەیوەندییان هەبوو بەڵام بزاویان نەدەتوانی بکەن، حەرکەتیان نەدەتوانی بکەن دژی کۆمار بە خاتری جەماوەری کورد بەڵام دژایەتیان هەبوو خەیانەتیان دەکرد لە ژێرەوە. دیارە هەموو فێئۆداڵەکان ناتوانین ئەوە باس بکەین. هێندێک لە فێئۆداڵی کوردی میللی ئینسانی باش بوون لە کەنار کۆمار بوون، لەکەنار پێشەوا قازیی محەمەد بوون کاریان ئەکرد. بەشێکیش لەوانە دەگەڵ قازیی محەمەد شەهید کران لە سەقز، لەو بەگزادانەی سەقز، ئەوانیش هەر ئاغا بوون، ئەرباب بوون، فێئۆداڵ بوون بەڵام ئینسانی میللی بوون، نیشتمان پەروەر و کورد پەروەر بوون بەڵام لە ژێرەوەش ئەشخاسی تر هەبوون، فێئۆداڵی تر هەبوون کە لە ژێرەوەش یارمەتییان دەدا بە حکوومەتی ئێران، جاسووسیان دەکرد، ئیتیلاعاتیان دەدا ئەمانە ئەو خەیانەتەشیان دەکرد.

میدیا ڕێناس: ئەوانە کورد بوون؟

بلووریان: بەڵێ کورد بوون. کوردی فێئۆداڵی مەنتەقە و مەڵبەند بوون. حەتا ناوی هێندێک لە وانە لە ئێعلامی کۆماری مەهاباد دا ئێعلام کرا، نێویان کوتن، ئەوانەی کە لە ژێرەوە خەیانەت دەکەن ناویان کوتن، دیارە ئەمن نامەوێ ئێستا باسی ئەوە بکەم. ئەوە شتێکە بۆ ئەوڕۆ بە قازانج نییە بەڵام ئەو دەم نێوەکانیان کوتن کە ئەو عەشیرەیە، ئەو فێئۆداڵە، ئەو فێئۆداڵە، فڵان فێئۆداڵە ئەوانە لە ژێرەوە خەیانەت دەکەن. ئەوە کوتراوە ئەو مەسەلەیە.
بەڵام هەر وەکووباسم کرد لە سەر بەرژەوەندی خودی ئەمریکا و شووڕەوی و ئینگلیس مەجالی ئەوەی کۆماری مەهاباد حەیاتی هەبێ و ئیدامەی پێ بدرێ مەجالی نەبوو چونکە ئەوانە موافەقەتیان نەدەکرد. ئەمریکا و ئینگلیس بە تایبەت شووڕەویش هەدەفی ئەوە بوو کە، دە حەقیقەت دا شووڕەوی ئەو پشتیوانییەی کە لە ئازەربایجانی دەکرد یا ئەگەر لە کوردستان بیکردبا بۆ بەرژەوەندی خۆی بوو نەک دڵسۆزی بۆ ئەو. ئەوە بوو کە کۆمار بەداخەوە بە ساوایی حکوومەتی ئێران قشوونی هێناوە ئازەربایجان. لە ئازەربایجان هێندێک عەناسوری خائینی ئازەربایجانی کە زەمانی کۆماری ئازەربایجان [ لە سەرەوە شیکراوە کە نێهزەتی ئازەربایجان بە ڕێبەری پێشەوەری بە تەشکیلاتی خۆی نەدەگوت کۆمار بەڵکوو ناوی میلی حکوومەت [ حکوومەتی میللی] ی دەکار دەکرد. ح.ق]  فەراریان کرد بوو چووبوونە تێهران دەگەڵ جەیشی ئێران و ئەڕتەشی ئێران هاتنەوە بۆ ئازەربایجان. ئەڕتەشی ئێران ئەوانەیان دا پێشەوە. دا پێشەوە ئەوانە خەڵکی ئازەربایجانیان قەتڵی عام کرد تاڵان و غاڕەت و ئەمانەیان کرد. بیست هەزار نەفەر ئینسان کووژران لەوێ.

میدیا ڕێناس: بیست هەزار نەفەر؟
 بلووریان: بیست هەزار کەس  ئینسان کووژران بە دەستی خودی ئازەربایجانیان. ئەو ئازەربایجانیانەی کە ئوباش و خائین بوون، خۆ فرۆش بوون لەگەڵ حکوومەت هاتن، حکوومەت ئەڕتەشی نەبردە پێشێ دەپێشدا، ئەوانەی دانا بچنە ئازەربایجان کوشتاری خۆیان بکەن کە بڵێن خەڵکی خۆیان خۆیان یەکتریان کوشتووە.

میدیا ڕێناس: مامۆستا ڕووداوێکی زۆر تڕاژێدییە. تەلەفۆنێکی دیکەمان هەیە. ئەو تەلەفۆنەمان لە ئاڵمانەوەیە. ئێمە بەو بینەرەمان کە لەسەر هێڵی تەلەفۆنە دەڵێین ڕۆژباش!

ئیبڕاهیـم: ڕۆژ باش سپاس  بۆ پڕۆگڕامەکەتان.

میدیا ڕێناس: گەلێک سپاس بۆ ئێوەش

ئیبڕاهیم: ڕێز و حورمەتی خۆم پێشکێش دەکەم بۆ شەهیدانی چوار چرا، بۆ هەموو شەهیدانی سەربەرزی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانێ. بەخێرهاتنی بەڕێز مامۆستا بلووریان دەکەم.

بلووریان: زۆر سپاست دەکەم

ئیبڕاهیم: هاوڕێ میدیا، تاوێک لەوە پێش کە تۆ مامۆستا بلووریانت ناساند لەبەر ئەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵات نی پێویستە هێندێک شتتان بۆ ڕوون کەمەوە. مامۆستا بلووریان لە ڕۆژی ١٨-ی مارسی ١٩٤٦ لە گۆڤاری کوردستان ئۆرگانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانێ ئێرانێ دا شتێکی نووسیوە بە ناوی " ئازادی " [ دیارە ئەو کەسەی تەلەفۆنی کردووە وەهاب بلووریان برای گەورەی کاک غەنی لەگەڵ وی تاق و جووت کردووە. ئەو کەسەی لە گۆڤاری کوردستان دا بابەتی نووسیوە وەهاب بلووریانە کە لە سەردەمی کۆمار دا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حدک بووە. ح.ق]. ئەو نووسینەی وی ئی ٥٤ ساڵ لەمەو بەرە. نووسیویە کە ئازادی چەند لکی هەیە، ئازادیی وڵات، ئازادیی قەڵەم، ئازادیی زمان، ئازادیی عەقیدە، ئەوانە دەناسێنێ. یانی ئەوە بەڵگەیەکە. مامۆستا بلووریان پێش ٥٤ ساڵ لە سەر ئەو بوارانە قسەی کردووە بەڵام ئێمە ئەمڕۆ دەبینین لە کوردستانێ ئێمە دا شتێکی ئەوتۆ نەگۆڕاوە. کورد هەر بندەستن. دوای ئەوەی کە کۆماری کوردستان بەدەستی دوژمنانی کوردستان ڕووخا، کوردی ئێمە ڕۆژهەڵات ناچار لە کوردستان دەرکەوتن. مامۆستا بلووریان چەند ساڵ کەوتە بەندیخانە، ئەشکەنجە کرا، لە زیندان دا  نەخۆش کەوت چەند جار ڕۆژنامەنووس لەلایەن خاچی سوورەوە چوونە زیندانێ کە شۆڕشگێڕانی کورد وەکوو مامۆستا بلووریان، شەهید عەزیز یۆسفی زیارەت بکەن و وەزعی ژیانیان لە ناوخۆی زیندان بزانن. بەڵام حکوومەتی ئێران رێگەی نەدەدان. لە دوای سەرهەڵدانی ڕۆژهەڵات، سەرهەڵدانی ئێران و ئەو خۆپێشاندانانەی کە لە ئێران کران مامۆستا بلووریانیش لە زیندان دەرکەوت. لە مەهاباد بەهەزاران کەس پێشوازییان کرد لە مامۆستا بلووریان کاتی هاتنەوەی. خەڵک هاواریان دەکرد:
" مامە غەنی هاتەوە/ یاخودا بەخێر بێتەوە". ئەوە شتێکی مێژووییە ئێمە ناتوانین حاشای لێ بکەین. دوای ئەوە مامۆستا بلوریان لە مەهاباد دیسان تێکەڵی چالاکی حیزبی دێمۆکڕات بوو. مامۆستا بلووریان وەکوو نوێنەری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران کاندیدای مەهاباد بوو بۆ نوێنەرایەتی لە پارڵمانی ئێران دا. مامۆستا بلووریان ٢٩٣٨٥ دەنگی مەهابادی هێناوە یانی لە سەدا ٨٢ ی دەنگی بەدەست هێنا. دوای چەند مانگ حیزبی توودەی ئێران خۆی خزاندە ناو شۆڕشی کوردستانی ئێران خەیانەتی دەستی پێکرد حیزبی توودە نامیلکەیەکی نووسی ناردییە لای ئاغای بلووریان و سیڕاجی و کەسی دیکە ئەوان ژێر ئەو بانگەوازەیان ئێمزا کرد و لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران جوێ بوونەوە. لە هەلومەرجێکی زۆر خراپ دا کە کوردستان کەوتبووە بەر هێرشی حکوومەتی ئێران و بە هەزاران  کوردی ئێمە ئێعدام کرا بوون حکوومەتی ئێران بە فڕۆکە، بە هێلیکۆپتێر کوردستانی دەسووتاند و خەڵکی دەکوشت، ئەو زەمانی پێڕۆیانی بارزانیش لە ناوچەی سۆما و برادۆست دژی ئێمە شەڕیان دەکرد، دژی کوردی ئێران شەڕیان دەکرد. ئەوانە بە هاوکاری عەسکەری ئێرانی لە کوردی ئێمەیان دەدا دەیان کوشتن. دەو وەختی دا مامۆستا بلووریان و ئەو کەسانەی لەگەڵی بوون بەئالیکاری مرۆڤی بارزانی لە هەمبەر کوردی ئێمە دا شەڕیان دەکرد. بەڵگە هەیە کە لە زستانی ١٩٨٠ دا حکوومەتی ئێران بۆ قیادەی مووەقەت واتە لایەنگرانی بارزانی، و غەنی بلووریان و ڕەحمان کەریمی پەیامی ناردووە. ئەو جوێبوونەوەی مامۆستا غەنی بلووریان لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانێ زەرەرێکی زۆر زۆر گەورەیە کە مرۆ باوەڕ ناکا جارێکی دیکە ئەوە بۆ گەلی ئێمە قەرەبوو بکرێتەوە. مامۆستا بلووریان دوای ئەوە لە بڵاوکراویەک دا کە بەرواری ١٣-ی مانگی ١٩٨١ دا بڵاو کراوەتەوە دەڵێ ئەو شەڕەی کە ئێمە لە باکووری کوردستانی ئێران کردمان و لایەنگرانی قاسملوومان و هێزی پچووکی ئەوانمان لە سەڵماس و تا شنۆیە لە ناو برد و بە یارمەتی هێزی پێشکەوتووی شۆڕشگێڕ دەرمان پەڕاندن. بەڵام مامۆستا بلووریان ئەو دەمی بەڕێزت ئەندامانی حیزبی دێمۆکڕاتی ئێرانت دەکوشت گەلۆ ئەوە کارێکی شۆڕشگێڕانە بوو؟ مامۆستا بلووریان دەڵێ:

" شکست باند قاسملو و متحدین ڕنگارنگش پیروزی انقلاب مردمی در کردستان است". یانی بۆ مامۆستا بلووریان لە ناوبردنی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران ئەوە شۆڕشێکی زۆر باشە. بەڵام من شتێک دەڵێم، ئەوانە بەڵگەن بە دەستمانەوەن. مامۆستا بلووریان لە بڵاوکراوەیەکی دیکە دا دەنووسێ ئەویش ئی ساڵی ١٩٨٠ یە، دەنووسێ کە خەڵکی کوردستانی ئێران، خەڵکی بەشەڕەفی شاری مەهاباد ىچن ناوی خۆتان وەک سەرباز و بەسیج و پاسدار بنووسن و وەرن لە دژی دەستنێژانی سەدام و مرۆڤێن قاسملوو شەڕ بکەن. مامۆستا بلووریان وڵامی چییە بۆ ئەو قسانە؟ کە بە هاوکاری عەسکەری ئێرانێ کوردی ئێمەیان دەکوشت و ئەندامی پێشکەوتووی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانیان قەتڵی عام دەکرد.

میدیا ڕێناس: زۆر سپاس زۆر درێژە بووەوە. هیوادارین ئەو کەسانەی تەلەفۆن دەکەن کات لەبەرچاو بگرن. مامۆستا وەک گوێت لێ بوو بینەڕێک بەشداری بەرنامەکەمان بوو هێندێک هەڵسەنگاندنی کرد. دەمەویست بۆچوونی بەڕێزت لە سەر قسەکانی ببیسم.

بلووریان: عەرزت بکەم ئەو کەسەی کە قسەی کرد دیارە نێوی ئەسڵی خۆی نەکوتووە ناوی وی ئیبڕاهیم نییە، ناوێکی تر هەیە بەڵام بە نێوی ئیبڕاهیم قسەی کرد بەڵام ئەو برادەرە پڕ خەتا دەکا، ئیشتیبایە دەکا، غەڵەتییە قسەکانی وی. بە خاتری ئەوە ئێمە کۆنگرەی چواری حیزبی دێمۆکڕات کە دامەزرا بەر لە کۆنگرەی چوار ئێمە دەگەڵ زیندەیاد قاسملوو قسەمان کرد کە ئێمە شەڕ نەکەین باشە وە پشتیوانی سەدام حوسێن. سەدام حوسێن دوژمنی میللەتی کوردە، شەڕ نەکەین باشە ئێمە بە موزاکەرە، بە وتوێژ مەسائیلی خۆمان حەل بکەین. وە کۆنگرەی چواریش کە تەشکیل بێت، کۆنگرەی چواریش ئەو مەساجە [ مەسەیج = پەیام ح.ق] مەتڕەح بکا بۆ مەسەلەی موزاکەرە.

وە بوو ئێمە کۆنگرەمان تەشکیل دا. من لە خاتراتی خۆمدا بە ناوی  "ئاڵەکۆک" ئەو شتانەم ڕوون کردۆتەوە. ئەو برادەرە یا ئاڵەکۆکی نەخوێندۆتەوە یا ئەگەر خوێندوویەتەوە نایهەوێ حەقیقەت بڵێ، نایەوێ حەقیقەت قبووڵ بکات. من بە سەداقەتەوە، لە ئاڵەکۆک دا هەرچی نووسیومە بە سەداقەتەوە نووسیومە، دیارە من نامەوێ بچمەوە سەر باسی کۆن بەڵام ئەوەی کە ئەو دەڵێ ئێمە دەگەڵ ئەڕتەشی ئێران چووین دەگەڵ حیزبی دێمۆکڕات شەڕمان کردووە پڕ ئیشتیبا دەکا، ئەوەڵەن ئێمە کۆنگرەی چوار چەکدار نەبووین، چەکمان نەبوو.

میدیا ڕێناس: چەک نەبوو.

بلووریان: نەخێر. ئێمە کوتمان ئێمە موزاکەرە ئەکەین. وەختێکی ئێمە موزاکەرە دەکەین چەکەکانمان دانابوو. ئێمە چەکمان نەبوو. ئەمن موخالەفەتم دەگەڵ شەڕ کردووە، وەختێکی ئەمن موخالەفەتم دەگەڵ شەڕ کردووە لە حیزبی دێمۆکڕات جودا بوومەوە ئیتر دەلیلی نییە چەک هەڵگرم بچم دەگەڵ دەوڵەتێ[شانبەشانی دەوڵەتێ] شەڕ بکەم. یان تفەنگ هەڵگرم.
ئەوە وا نییە، ئەو شەڕە باعیسی وەی نەبوو. سەنناری مەمەدی [مامەدی] هەبوو، یەکێک لە ئەربابانی مەنتەقەی شکاک. ئەوە پێش ئەو جەرەیانەی کۆنگرەی چوارە دەگەڵ خودی دوکتور قاسملوو ئیختیلافی خۆیان هەبوو لە سەر ئەمە!!. سەنناری مامەدی ڕابیتەی دەگەڵ حیزبی دێمۆکڕات قەتع کرد هێزێکی هەبوو بە نێوی هێزی نەحۆ، پێشمەرگەی هەبوو خۆی لەو مەنتەقەی شکاک. دوکتور قاسملوو قەراری دا کە هێزی بنێرێتە سەر ئەم وە ئەم چەک بکات. مەنتەقەکەی لە دەست وی دەر بێنێ.
سەنناری مامەدیش دەگەڵ کۆنگرەی چوار ئاشنایی هەبوو، هەبوو دەگەڵ کۆنگرەی چوار ئەویش بۆ موزاکەرە ئامادە بوو دەگەڵ حکوومەت حەتتا نوێنەری خومەینی هات دەگەڵ سەنناری مامەدی قسەی کرد، موزاکەرەی کرد، وتوێژی کرد. سەنناریش نەیدەویست شەڕ بکا دەگەڵ دەوڵەت. دەیویست بە موزاکەرە مەسەلەکەی حەل بکا. بەڵام چەکی دانەنابوو، چەکەکانی هەر بوو لە لای خۆی بوو، بەڵام قاسملوو دەستوری دا کە پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕات بچن چەکەکانی لێ بستێنن، سەنناری مامەدیش بگرن بیهێنن بۆ مەهاباد.
ئێ، سەنناری مامەدی دیفاع لە خۆی دەکا ئیتر. حازر نییە تەسلیم بێ ئەوە شەڕێک بوو بەینی سەنناری مامەدی و هێزی حیزبی دێمۆکڕات. لێرە دا کە باسی قیادەی موەقەت دەکا ئەو برادەرە ئەسڵەن نازانێ قیادەی موەقەت یانی چی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق پاش ئەوەی شکستی خوارد و بارزانی چوو بۆ شووڕەوی کۆمیتەیەکی موەقەتیان دانا یانی کۆنگرە نەبوو، قیادەیەکیان دانا، قیادە یانی ڕەهبەر بە عەڕەبی قیادە یانی ڕەهبەر. قیادەی موەقەت یانی ڕەهبەریی موەقەت. ڕەهبەرێکی موقەتیان دامەزراند هەتا وەکوو تەشکیلی کۆنگرە بێ. پاش ئەوەی کە تەشکیلی کۆنگرە بوو کۆمیتەی مەرکەزی دامەزرێنن، دەفتەری سیاسی دامەزرێنن. [ دیارە قسەی بەڕێز بلووریان هیچ بەڵگەیەک لە دووی نادا، دوای چوونی بارزانی بۆ شووڕەوی و دوای گەڕانەوەی بۆ عێڕاق پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق هەر نەبێ ٨ کۆنگرەی بەستووە.قیادەی مووەقەت پاش ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ لە شاری نەغەدە دامەزرا. ح.ق].  جا ئەو دەڵێ بارزانییەکان لە مەنتەقەی شنۆ بوون، پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕاتیش چەندین کەڕەت  دەگەڵ پێشمەرگەی بارزانی شەڕیان بوو پێشوو، ئیختیلافیان هەبوو پێشوو، هێندێک لەبارزانییەکان دەگەڵ سەننار مەمەدی پێوەندییان پەیدا کرد و بۆ دیفاع لە مەنتەقەی خۆیان بەرخوردیان کرد دەگەڵ حیزبی دێمۆکڕات. دێرە دا کۆنگرەی چوار ئەسڵەن نەخشی نەبوو.
من ئەو دەم لەتاران بووم کە خەبەرم زانی شەڕێکی ئاوا هەیە من هاتمەوە مەنتەقە موخالەفەتم دەگەڵ شەڕ کرد بەڵام پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕات شکستی خوارد بوو، عەقەب نشینی کرد بوو شەڕ تەواو بوو. ئێمە کۆنگرەی چوار ئەسڵەن دەخالەتمان دەو شەڕەی دا نەبوو؟

میدیا ڕێناس: ئێوە دژی شەڕ بوون؟

بلووریان: ئێمە دژی شەڕ بووین. شەڕەکەش ئێستا کە ئەڕۆ هەواڵ عەبدوڵا ئوێجاڵان پاش پازدە ساڵ شەڕ، ها، ئاشتی مەتڕەح کرد، ئازادی مەتڕەح کرد، دێمۆکڕاسی مەتڕەح کرد چونکە تێگەیشتووە کە بەچەکداری، بە شەڕی چەکداری ناتوانێ سەرکەوێ بەڵام بە سیاسەت، بە ئاشتی، بە دێمۆکڕاسی دەتوانێ سەرکەوێ. ئێستا دەبینی لە کوردستانی تورکیا جەماوەر گشتی هەستاوەتە سەر پێ.

میدیا ڕێناس: ئاشتی دەخوازن.

بلووریان: ئاشتی دەخوازن، ئازادی ئەخوازن، مافی خۆ دەخوازن مولاحەزەت فەرموو. حکوومەتی تورکیا کەوتۆتە بنبەست. ئا. دە بنبەست دایە نازانێ چ بکات. وە هیچ ڕێگایەکی نییە ئیلا ئەوە کە داخوازی کوردەکان بەجێ بێنێ ئەگینا ئوڕووپاش ڕێگای پێ نادا بچێتە ناو ئوڕووپاوە. ئێمە ئەو دەم ئەوەمان مەتڕەح کردووە. من ئەو دەم کوتوومە شەڕ ناخوازم. ئاشتی ئەخوازم، موزاکەرە ئەخوازم، بە مزاکەرە مەسەلەی خۆم حەل دەکەم  بۆ کورد، نەک بە شەڕ من بە شەڕ ناتوانم سەرکەوم.

میدیا ڕێناس: بێگومان.

بلووریان: بە کۆمەگی سەدام حوسێن. سەدام حوسێن بەرژەوەندی خۆی هەیە، سەدام حوسێن قازانجی خۆی دەوێ دێ پشتیوانی لە تۆ دەکا.

میدیا ڕێناس: بەڵێ مامۆستا هەموو هێز مەسڵەحەتی خۆیان هەیە.

بلووریان: هەموو هێز مەسڵەحەتی خۆیان هەیە، ئێ منیش مەسڵەحەتی خۆم هەیە. مەسڵەحەتی خۆم ئەوەیە کە من دەگەڵ سەدام نەبم، پیاوی سەدام نەبم، نۆکەری سەدام نەبم.  لەگەڵ حکوومەتی خۆم تەفاهوم بکەم ڕێک بکەوم بۆ ئەوەی بتوانم شەڕ نەبێ لە کوردستان، خوێن نەڕژێ. ئیمتیاز وەرگرم.

میدیا ڕێناس: بێگومان ئامانج ئەوەیە!! مامۆستا ئێوە هێندێک لاپەڕەی مێژووتان هەڵداوە، بێگومان هەر کەس بەپێی بۆچوونی خۆی هەڵیدەسەنگێنێ. هەر کەس بە نەزەری خۆی تەماشای دەکا.

بلووریان: هەر کەس بە نەزەری خۆی تەماشای دەکا. بەڵام ئەوەی کە نەزەری خۆی دەنرخێنێ، بە سەداقەتەوە بنرخێنێ زۆر باشە.

میدیا ڕێناس: بێگومان، گەلێک باشە.

بلووریان: بێ غەرەز بێ بێ غەرەز. یانی بە سەداقەتەوە بێ.
دڕێژەی هەیە ...



No comments: