چوار تابڵۆی نەمر عەبدوڵا ناهید
بەشێک لە
وتوێژی من لەگەڵ نەمر ڕابێعەی ناهید لەمەر باوکی عەبدوڵا ناهید
لەندەن، یەکشەمە
٢٩-ی مارسی٢٠١٥

قازی:
باسی " سڵەمان کەندی " مان کرد. ئەمن وام لە بیرە بابت کە بۆخۆی
هونەرمەندێکی زۆە گەورە بوو، نەققاشێکی باش بوو ، نەققاشێکی گەورە بوو. لە
سڵەمانکەندی دیواری ماڵەکەی ڕازاندبووەوە بە نەققاشی . دەکرێ هێندێک باسی ئەو
نەقاشییانە بکەی زەحمەت نەبێ؟
ناهید: لە دیوەکەی خۆی دا چوار
جۆرە نەققاشی کرد بوو. لایەکی زستان بوو، لایەکی پاییز بوو، لایەکی بەهار بوو
و لایەکی هاوین و هەر لە سەر دیواریشی دروست کرد بوو. بەداخەوە دنیا ئەگەر
وای لێ هات و نیزامی ئەرباب و رەعێتی نەما، ئیدی ڕەعێتەکان ئەو نەققاشییانەیان
هەموو ڕووخاند، هەموویان خراپ کرد. نەققاشی بێ ئەندازە جوانی هەبوو بابم، یەکجار
زۆر ئەلئانیش تابڵۆکانی هێندێکی ماوەتەوە لە لای خەڵکی یە بە یادگار هەڵیان
گرتووە. نەققاشی دەکرد بۆ خۆی، مووزیکیشی دەزانی، تاریشی لێ دەدا، تا ئەندازەیەکی
نووسەریش بوو .
قازی:
یەکێک لە کتێبەکانی بە نێوی " خاطرات من " بە زمانی فارسی
وا بزانم بە هیممەتی جەنابت و بە دەست نووسەرێکی کورد بژار کراوە و چاپ کراوە.
ناهید:
کتێبی زۆر بوو.
قازی:
کتێبی دیکەشی هەبوو؟ دەکرێ باسی ئەو کتێبانە بکەی زەحمەت نەبێ!
ناهید: کتێبەکانی دە تەلیسێکی
گەورە دا بوون. لە تەلیشێکی گەورەیان دا دانا بوو بە بێ ئیحترامی و بێ حورمەتی
نەیان دەزانی ئەو کتێبانە گرینگن. مامە عەلیم بابم هەرچی هەیبوو بردی لەگەڵ
خۆی. ئەو کتێبانەشی لەگەڵ خۆی برد. کتێبەکانیشی یەکیان ناوی " مصاحبە
با شیطان " بوو.
قازی: چاپ کرا بوو؟
ناهید: نەخێر هەر دەستنووس بوو.
یەکیان " احمد و رعنا " بوو. یەکێک ئەو " خاطرات من " بوو.
ئەوەمان بە فێڵ لە مامم ئەستاند، نەی دەدا مامە عەلی، دەیگوت بۆ خۆم چاپیان
دەکەم. یەکێکیان " چگونە بە مریخ رفتم" ، یەکیان
" پهلوانان گمنام" ئەوەیان پێنج شەش بەرگ بوو. عەرزت بکەم ئەو
کتێبانەی هەبوو ، هەمووشیان دەستنووس بوون. بۆ خۆی نووسی بوونی بەڵام بە چاپ
نەگەیشتبوون.
قازی: ئەو دەمی کە ئەو لە تارانێ
بوو ، جەنابت وەبیرت دێ، جەنابیشت لە تاران بووی؟ لەگەڵ بابت لە تاران بووی؟ یانی
پوورە ئامین یش لەوێ بوو؟
ناهید: نەخێر، عەرزم کردی، ئەمن ٨
مانگم عومر بووە کە دایکم لە بابم جوێ بووەتەوە. ئەمن دایکم مێردی بە ئاغای ئەمیری
کرد بوو. مامە سەیفم خودا عەفووی کا موافەقەتی کرد بوو لە سەر ئەو ئیزدیواجە. ئەمن
دایکیشم قەت نەدەدی. زۆر کەم دەمدی. چونکە ئەوان لە " بەردە زەرد "
دەژیان، ئێمە لە مەهاباد.
قازی:
مەڕحوومی عەبدوڵای ناهیدی بابت چ ساڵێک وەفاتی کردووە؟
ناهید: ساڵی پێم وایە ١٣٢٤ی
هەتاوی.
قازی: یانی دوای تەواو بوونی
خولی ١٣ی مەجلیسێ؟
ناهید:
هەر لە تارانێ نەخۆش بوو . دەچووە لای دوکتور. پێیان گوتبوو بچووە جێیەکی هەوای
خۆش بێ. ئەویش فکری کرد بووەوە کە هیچ کوێ لە " سڵەمان کەندی " باشتر
نییە . نەخۆشی سیلی هەبوو جا هاتەوە سڵەمانکەندی و لەوێ مەڕحووم بوو.
قازی: کتێبەکانی لە زەمانی حەیاتی
خۆی دا چەندیان چاپ کرا بوون؟
ناهید:
دوو سێ بەرگ لە " پهلوانان گمنام" . پێم وایە " چگونە بە مریخ
رفتم" ئەو دوانەی چاپ کرا بوون. " خاطرات من" یشمان بە فێڵ و فەرەج
لە ماممان وەرگرت، نەیدەدا. ئەمن پێم خۆش بوو ئەو کتێبانەی هەر وا یەکە یەکە لێ
وەرگرم . " احمد و رعنا" دەیانگوت کتێبێکی زۆر جالبە ، " مصاحبە با
شیطان" زۆر زۆر جالب بوو ئەو کتێبە. مامم نەیدەدا. تەواو ئەسباب و ئەساسییەی
شەخسیشی، پیاوان تەسبێحیان هەیە، نازانم وەساییلی خۆیان هەیە هەمووی لە لای مامم
بوون . نازانم بۆ چی بوو. ئەگەر دابێی بە منداڵەکانی بۆ یادگار با لە لایان بێ.
قازی:
ئەو نەققاشییانەی کە دیوەکانی ڕەنگ کرد بوو. فەرمووت ئەو دیوانە ڕووخاون، نەماون
هیچیان؟
ناهید: نەخێر نەماون. لەگەڵ خاک
یەکسان بوون.
ناهید: ئەو دوو تابڵۆیانە ( بە ئەنگوست ئاماژە دەکا بۆ سەر دیوار، لێرە وێمەی یەکەم و سێیەم ) لە لای من ماون.
ئەمن چوارنەققاشی ویم هەبوو . دوویان لێ دزیم لە تاران. ئەڵبەت ئەو دوو تابڵۆیانەی دزران یەکیان ئی بابم بوو،
ئەویدیکەیان ئی مامە فەیزووڵام بوو ، ئیدی ئەوانی دیکەش بڵاو بوونەوە لە لای مامەکانم و هەر یەکەی دوو و
سێ تابڵۆی لە لا بوو. خانمەخانم و خانمی دایکشی سەرو دوو تابڵۆیان هەبوو. خانم پێم وایە تابڵۆکانی خۆی دا
بە مووزەی لە مەهاباد، ئەلئان هەر دوویان ماوە.
( لێرە مەبەست وێنە دووهەم و چوارەمە)


No comments:
Post a Comment