دێمۆکڕاتیک کردن و دۆزی کورد دەبێ هاوکات بەرەو پێشببردرێن هەڤپەیڤینی: ئاژانسی مێزۆپۆتامیا لەگەڵ پرۆفێسۆر حەمید بۆزئەرسلان
دێمۆکڕاتیک کردن و دۆزی کورد دەبێ هاوکات
بەرەو پێش ببردرێن
هەڤپەیڤینی: ئاژانسی مێزۆپۆتامیا لەگەڵ پرۆفێسۆر
حەمید بۆزئەرسلان
شەمە
٨-مارسی ٢٠٢٥
وەرگێڕان لە تورکییەوە: حەسەن قازی
پرسیار: لە ٧-ی مانگی ئۆکتۆبرەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووتە ناو سەروبەندێکی
تازەوە. بە هێرشە بەربڵاوەکانی ئیسراییل،بە ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد و پاشەکشەی ئێران
هاتینە ناو سەردەمێکی نوێ. مەسەلەی ئەوەش کە تورکیا بییەوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
دا ببێتە هێزێکی هێژێمۆن و باڵا دەست لە گۆڕێ دایە. گەلۆ تورکیا
دەتوانێ ئەوە بکا؟ ئایا هیچ ڕاستییەک لەوە دا هەیە؟
بۆزئەرسڵان: ئەگەر تەماشای ساڵانی٢٠٠٠ ەکان بکەی،لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری عەڕەبی
لە ساڵی ٢٠١١ تەماشای ستراتێژی تورکیا بکرێ قەت دەستی لەو پڕۆژەیە هەڵنەگرتووە کە
ببێ بە هێزی حاکم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، بەڵام بۆ ئەوەی بگاتە ئەو پایەیە تا
ئێستا دەرفەتەکانی بەر دەستی بەس نەبوون. لە لیبی تورکیا نفووزێکی هەیە بەڵام
ئەگەر تەماشای لوبنان بکەین تورکیا لەوێ چ نفووزێکی بەدەر نەکەوتووە. لە عێڕاقیش
پێم وایە نییە نفووزێکی ئەوتۆی هەبێ. یانی لە نێوان پڕۆژەکان و واقعییەتەکان دا
جیاوازی هەیە. ئەوە لە سەر سووریاش دەتوانێ وا بێ، مەبەستم لە حکوومەتی ئێستای
سووریا، هەیئەتی تەحریری شامە. بەڵام دەبێ لە بیرمان بێ کە ئەو ڕێژیمە ڕێژیمێکی
لاوازە، ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد بەمانای بەهێز بوونی هەیئەتی تەحریری شام نییە.
بەڵام ئەو هێزانەی کە پشتیوانییان لە ڕێژیمی ئەسەد دەکرد واتە ئێران و ڕووسیا لەوێ
لاواز بوون. ئێستا ئەو حکوومەتەی لە سووریا پێک هاتووە حکوومەتێک نییە خاوەنی
پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بێ. حکوومەتێکە کە لە ئیتیلافی میلیشیایان پێک هاتووە و
حکوومەتێکە کە دەیەوێ خۆی لە شەڕێکی تازە بپارێزێ. کوردەکانیش لەگەڵ دەسەڵاتێک
ڕووبەڕوون کە نایەوێ شەڕ بکا. دیارە ئەگەر بەیانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
هێزەکانی بکشێنێتەوە دەکرێ ڕووبەڕووی سێناریۆیەکی تازە بین. بەڵام حالی حازر
دەسەڵاتێکی زۆر لاواز لەسەر کارە و لێرە دا بۆ ئەوەی ئاکترێکی بەهێزە بێتە مەیدانێ
سەرەڕای هەموو شتێک ئیسرائیلە. ئێستا بەشێکی سووریای داگیر کردووە و جار جار تا
بیست کیلۆمیتری شام دێتە پێشێ و ئیسراییل هەتا بڵیی لە نفووزی تورکیا لە سووریا
ناڕەحەتە و ئەوە دەبێ هەموو کەس بیزانێ. ئەمڕۆ ئاژانسی ڕۆیتێرز خەبەرێکی بڵاو کردەوە
کە ئیسراییل داوای لە ئەمریکا کردووە کارێکی وا بکا ڕووسیا لە سووریا بمێنێتەوە
وئیسراییل نایەوێ بە شێوەیەک لە شێوەکان سووریا تەسلیمی تورکیا بکرێ.
پرسیار: نێوانی تورکیا – ئیسراییل و تورکیا – پادشاییە عەڕەبەکان چۆنە؟ باسی
گرژییەک دەکرێ. ئەو گرژییە چۆنە و لە بنچینەکەی دا چ هەیە؟
بۆزئەرسڵان: بەڵام مرۆڤ دەبێ ئەو کێشەیەی بە گردبڕی لە بیر بێ. ئەو گرژییە بە
تایبەتی لەو ساڵانەی دوایی دا لە هەمبەر ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی و عەڕەبستانی
سعوودی گرژییەکە کە هاتووەتە گۆڕێ و ئەردۆغان لە هەمبەر هەر دووک ئەو ڕێژیمانە دا
قسەی زۆر توندی بەکار برد و دوایە بە شێوەیەک لە شێوەکان هەم لە بەرانبەر ئیماڕاتی
یەکگرتووی عەڕەبی و هەم لە بەرانبەر عەڕەبستان دا ناچار بوو چۆک دابدا. ئەو چۆک
دادانەی ئەردۆغان هۆی جۆر بەجۆری هەیە چونکە دەرەقەتی ئەوانە نەهات و لەوەش دەرچێ
بارودۆخی ئابووری تورکیا دەزانین چۆنە. لە ڕوانگەی ئەردۆغانەوە لەو
سەرچاوانەوە دەکرا یارمەتی مادی وەربگیرێ. بەڵام لە وڵاتانی عەڕەبی، لە وڵاتە
سەلتەنەتییە عەرەيبییەکان دا ئەو کێشەیە لە بیر نەچووەتەوە، قسەکانی ئەردۆغانیان
لە بیر نەبردووەتەوە و بەم شێوەیە یان بەشێوەیەکی دیکە لە جێدا لە
ئیسراییل زۆر نزیکترن. ڕێژیمی ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی زۆر بە ئاشکرا هاوکاری
دەکا لەگەڵ ئیسراییل و بەتایبەتی تەنانەت ئەگەر دژی تورکیاش نەبێ بە گشتی رێژیمێکە
کە لە ئیسراییل زۆر نزیکە و عەڕەبستانی سعوودیش بە هیچ جۆر نایەوێ بیکاتە ئامانجی
هێرشی خۆی. تەنانەت شازادەی وەلیعەهدی عەڕەبستان گوتی فەلەستینییەکان چ
گرینگییەکیان بۆ من نییە. یانی لە ڕوانگەی ئەوانەوە پێوەندییەکانیان لەگەڵ
ئیسراییل، پێوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە
پێوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا زۆر گرینگترە و پێم وایە دواجار ئیسراییل ئێستا
ئەوەی دەیەوێ تەسلیم بوونی سووریا و پەیوەست بوونی بە ڕێکەوتنەکەی ئابڕاهامە.
(پەیمانی برایم)، بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەست بوونی لوبنان بە ڕێکەوتنی
ئابڕاهام و ئێستا سووریا بۆ ئەوەی لە سووریا دا جەبهەیەکی نوێ بە دژی نەکرێتەوە
نایەوێ هیچ وڵاتێک لەوێ نفووزی هەبێ.
پرسیار: لە هەمبەر ئەو گرژیانە دا هێزە جیهانییەکان لە تەنیشت تورکیا
دەبن، یان لە تەنیشت وڵاتە عەڕەبییەکان و ئیسراییل؟
بۆزئەرسڵان: باسی هێزە جیهانییەکان کردن زۆر زەحمەتە. چین بە شێوەیەک لە
شێوەکان نایەوێ خۆی لە سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەردا. زۆر لە نزیکەوە
چاوەدێری دەکا بە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. چین سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناووەڕاست
لێکۆلەرەوەی زۆر گرینگی هەیە، چاوەدێری هەیە بەڵام ئەگەر تەواو بە سەر هاوسەنگی
ناوچەیەک دا زاڵ نەبێ نایەوێ لەوێ ببێتە ئاکترێک. ئەوەی لە ڕوانگەی چینەوە گرینگە
ئەوەیە لەو ناوچەیە دا سەبات هەبێ و بتوانێ سەرمایە دانێ و وەگەڕی خا. چین لەو
ناوچەیە سەرمایەی زۆر وەگەر دەخا، پێوەندییەکانی لەگەڵ عەڕەبستانی سعوودی زۆر باشە
و نایەوە هەستێ و لە پشت سەری وییەوە ببێتە ئاکترێکی ستڕاتێژیک. لە مەڕ ڕووسیاش
ئیستا قسە لە سەر ئەوە کردن کە بوونی بە هێزێکی جیهانی لە حالی حازر دا زۆر
زەحمەتە، ئەگەر بەیانی شەڕی ئوکڕاین تەواو ببێ و ڕووسیا هێزەکەی لە ناوچە، لە لیبی
دا بتوانێ ڕابهێزێنێ و لە سووریا دا بتوانێ بمێنێتەوە بەڵکوو ئەو دەمی دەکرێ باسی
بکەیەن وەک هێزێکی جیهانی. ئەوانیدیش ئینگلیستان و فەڕانسە وڵاتی ئاوا نین کە
بەسەری خۆیان بتوانن چالاکی بکەن و ستڕاتێژییەکی تایبەتی گەڵاڵە بکەن.
ئوڕووپا لەگەڵ ئینگلیستان دەتوانێ ستڕاتێژییەکی ئەوتۆ گەڵاڵە بکا،
ئیمکانی ئەوە هەیە بەڵام حاڵی حازر ئەوە لەگۆڕێ دا نییە. لە جیهان دا هێزێکی
جیهانی کە بمێنێتەوە ئەمریکایە و ئەوەش بە باشی نازانین کە
ستڕاتێژییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەبێ بەڵام ئەوە زۆر ڕوونە،
بەیانی ئەمریکا دەتوانێ سووریا بە جێ بێڵێ و کوردەکان بە سەری خۆیان بەجێ بێڵێ. لە
سەر ئەو جوورە پرسانە دەبێ زۆر بە دیقەت بین. بەڵام ئەوەی کە ئەمریکا ئێماڕاتی
یەکگرتووی عەڕەبی یان عەڕەبستانی سعوودی بەجێ بێڵێ هیچ هۆیەک بوونی نییە چونکە
ئەوانەش ئەو جۆرە هێزانەن کە پێویستییان بە پشتیوانی ئەمریکا هەیە و ئەو جۆرە
هێزانەن کە جۆرەیەک سەبات و سەقامگرتووییان هەیە و لە ڕوانگەی ئەمریکا ئەوەی
گرینگە بەهێز کردن و پاراستنی ئیسراییلە. یانی دەکرێ باسی هێژێمۆنی ئەمریکا بکەین
و هێزەکانی دیکە بۆ ئەوەی بتوانن دژ بەری ئەو هێژێمۆنییە بکەن لە دیدی منەوە
مومکین نییە.
پرسیار: ئایا ئەوەش بۆ ئەوەی تورکیا ببێ بە هێزێکی باڵادەست و هێژێمۆن
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ئاستەم دەکا؟
بۆزئەرسڵان: سبەینێ ئەگەر لە بەر هۆی جیاواز ئەمریکا بڕیار بدا لە سووریا وەدەر
کەوێ ئەو دەمی تەواو لەگەڵ سێناریۆیەکی تازە ڕووبەڕوو دەبین. ئەو سێناریۆیە یان
بەشێوەیەک لە شێوەکان حاکمییەتی تورکیا بە سەر ڕێژیمی سووریا دا دەڕەخسێنێ یان
ئەوەی کە ئیسراییل و سووریا لە جێدا ڕووبەڕوی تورکیا دەبنەوە.
پرسیار: سەبارەت بە سازکردنی نەزمێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا لێک دانەوە
هەیە. لێکدانەوەی ئەوتۆش هەیە کە ئاکترەکانی دەرەوەی دەوڵەت دەپاڵێودرێرن و بە
بیچمی جیاوازە لەو نەزمە دا جیێان دەکرێتەوە. بە باوەڕی ئێوە چ گەڵایەک هەیە بۆ
فۆرمپێدانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
بۆزئەرسڵان: ئەوە نزیکەی سی ساڵ، چل ساڵە باسی نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
دەکرێ یانی ئەوە دەگەڕێتەوە ساڵانی ١٩٩٠ کاتی داگیرکردنی کووەیت لەلایەن عێڕاق
وجۆرج بووش کە ئەودەمی سەرۆککۆماری ئەمریکا بوو، مەبەست لە بابی بووشە ڕایگەیاند
ئیدی لەمەو دواوە چاوەڕوان دەکرێ نەزمێکی نوێ لە دنیا دا بەرقەرار بێ. لە دوای
ڕووداوی ١١-ی سێپتامبر دیسان باس لە نەزمێکی نوێی دنیا کرا. و ئەمڕۆش
بە هەمان شێوە باسی ساز بوونی نەزمێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێ. سەبارەت
بە داهاتوو دەبێ زۆر بە دیقەت بین. چونکە لەگەڵ ئەو جۆرە دەوڵەتانە
ڕووبەڕووین کە هەتا بڵێی لاوازن. مەیدانی حاکمییەت لەگەڵ میلیشیاکانی دیکە بەش
کردن و لەگەڵ جۆرە دەوڵەتێک ڕووبەرووین کە خۆشیان خەسڵەتی میلشیاییان پێوە دیارە.
ئەوە زۆر بە ڕوونی لە عێڕاق دەبینین، ئەوە لە سووریا دەبینین، یانی لە سووریا
ئێستا مەشڕووعییەت دان بە دەسەڵاتی جوڵانی ئیتیلافێکە کە لە ١٨ هێزی
میلیشیا پێک هاتووە. ئەوە لە لیبیش دەبینین، جەزاییر و توونس هەتا بڵیی وڵاتانێکی
لاوازن، یانی لەگەڵ لاواز بوونی دەوڵەتەکان، و داڕمانی کۆمەڵگەکان ڕووبەڕووین.
یانی لە زۆر شوێن هەر دەوڵەتەکان نین بەڵکوو کۆمەڵگەکانیش خەریکی داڕمانن و ئەوە
بمانەوێ و نەمانەوێ لە وەزعێکی ئاوا دا ئاکترەکانی دەرەوەی دەوڵەت
دەتوانن هێندێک دەرفەت وەدەست بێنن. بەڵام ئەو ئاکترانەی دەرەوەی دەوڵەتانە
بۆ ئەوەی ببن بە دەوڵەت زۆر ئاستەمە. بۆ وێنە ئەگەر باسی داعش، دەوڵەتی ئیسلامی
بکەین. ئەو دەوڵەتە ئیسلامییە لە جێدا دانەڕما، یانی ئەگەر داش ڕمابێ ئێستا تا
ڕادەیەک خاوەن دینامیزمێکە و سبەینێ لە بارودۆخی قەیرانێک دا زۆر بە هاسانی
ڕێخستنێکە کە دیسان دەتوانێ بێتەوە مەیدانێ. لەبەر ئەوە لە هەلومەرجێک دا کە
دەوڵەتەکان بە هێز نین، و باوەش لە کۆمەڵگەکان وەرناهێنن، یان بار ودۆخی ئابووری
بەهێز نییە و لە شوێنێک کە سەبات بە خۆیەوە نابینێ باسی نەزمێکی نوێ کردن
بەڕاستیش زۆر زەحمەتە. بەڵام ئەوە لە هەمان کاتدا هێندێک دەرفەت بۆ ئاکترەکانی
دەرەوەئ دەوڵەت دەخولقێنێ، داعش یەک لەوانە بوو. سبەینێ دەکرێ داعش ڕووبەڕووی
خۆمان ببینین. لە لایەکی دیکەوە ئەو ئاکترانەی کە دەتوانن ببنەخاونی هێزی
هێژێمۆنیک لە سەرووی ئەوانەشەوە ئیسراییل دێ و لە پلەی دووەم دا وەک باسم کرد
ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی و عەڕەبستانی سعوودی دێ.
پرسیار: لە سووریا درووزییەکان باڵادەستی و هێژێمۆنی خۆیان ڕاگەیاند. هەسەدە
جوغڕافیایەکی هەراو کۆنتڕۆڵ دەکا. خاوەنە تازەکانی شام، لە ئاستی وڵات دا کێشەیان
هەیە، لە لایەکی دیکەوە ژمارەیەکی زۆر لە ئاکتری جیهانی و ناوچەیی لەوێ
بەرژەوەندییان هەیە. لە دیمەن و بەرجەوەندێکی ئاوا دا گەلۆ ئیمکانی ئەوە هەیە کە
لە سووریا ئیدارەیەکی ناوەندی بوونی هەبی؟
بۆزئەرسڵان: هەرچۆنێک بێ ناکرێ بگەڕێینەوە دواوە. ئیدەئۆلۆژی پێشووی بەعس
بەڕاستیش لە ژێر تاوی فاشیزمدا ساز بوو و ناسیۆنالیست سۆسیالیستێکی ناسیۆنالیزمی
عەڕەبی بوو. و ئەو ناسیۆنال سۆسیالیستە ناسیۆنالیزمە عەڕەبییە هەم لە
کۆمەڵگەی عێڕاق و هەم لە کۆمەڵگەی سووریا دا بینیمان کە بە چ قیمەتێکی گران تەواو
بوو و داڕمانی ڕێژیمیش بە سەری خۆی بە شێوەیەکی ئاشکرا نیشانی دا کە
گەڵالەیەکی ئەوتۆ مەحکووم بە ئیفلاس و نەمانە. ئەو ڕێژیمەی داڕما ڕێژیمێکی چەتە
بوو، رێژیمێکی میلیشیا بوو، ڕێژیمێکی کاپتاگۆن بوو و ئیمپراتۆرییەکی
زیندانەکانی بن ئەرزی بوو. ئەوە ئاشکرایە کە گەڵاڵەیەکی ئەوتۆ نابێ بگەڕێتەوە ئەوە
ئاشکرایە، ئەوە هەر لە بەر ئەوە ناڵێم کە لە ئاست دۆزی کورد هەستیارم، یانی ئەگەر
دۆزی کورد نەشبووبا، ئەگەر لە هەمبەر دۆزی کورد هەستیاریش نەبوو بام و
حەساسییەتێکیشم نیشان نەدابا ئەو ڕاستییەم دادەگرتەوە کە گەرانەوە بۆ ڕابردوو
فەلاکەت و کارەساتێکی گەورەیە. دووهەم ریالیتەکانن، پێویستە باسی
ریالیتەکان بکرێ چونکوو کاتێک باسی سووریا دەکەین لە ڕاستیدا باسی کۆمەڵگەیەک
دەکەین کە تا ڕادەیەکی زۆر وێران بووە. یانی لە نفووسی ٢٢ میلیۆنی سۆریا پێنجسەد
هەزار کەس کووژراون، ٧ میلیۆن کەس ئاوارە و لە دەرەوەی وڵات پەنابەرن، نزیکەی ٦-٧
میلیۆن ئینسانیش کۆچبەری ناوخۆن و لە زێد و واری خۆیان هەڵکەندراون. یانی لە نیوەی
زیاتری کۆمەڵگە لە زێد و نیشتمانی خۆی هەڵکەندراوە یان لە ناو چووە. بۆ ئەوەی
کۆمەڵگەیەکی ئەوتۆ دیسان سەبات و سەقام گرتوویی بەدەست بێنێتەوە هەر چۆنێک بێ دەبێ
هەستیارییە ناوچەییەکان قەبووڵ بکرێن و سەرنجیان بدرێتە سەری. سووریا وڵاتێکە کە
لە ساڵی ١٩٢٠ ساز کرا و دامەزرێندرا. لە سووریا شاری دەمیشق کە پێتەختی ئەوێیە هیچ
کات دەوری قاهیرە یان توونسی نەگێڕاوە. حەڵەب هیچ کات چاوی لە دەمیشق نەبووە و قەت
نەویستووە داهاتووی خۆی بە لەبەرچاوگرتنی دەمشق دیاریی بکا. ئەگەر تەماشای دەرعا
بکەین، دەرعا زیاتر دڕێژەی ئۆردۆنە. باسی درووزییەکانتان کرد، درووزییەکان ئێستا
زۆر بە ئاشکرایی دەڵێن ئەگەر سیستمێکی لا مەرکەزی لە گۆڕێ دا نەبێ داوای پشتیوانی
لە ئیسراییل دەکەن، ئەگەر تەماشای دەیرە زوور بکەی، دەیرەزوور ناوچەیەکە کە بە
هەودای پێوەندی عێڕاقەوە بەستراوەتەوە و دیارە واقعییەتی کوردستان هەیە، واقعییەتی
ڕۆژئاوا هەیە. کاتێک باسی واقعییەتی ڕۆژئاوا دەکەم دیارە مەبەستم ڕەقا نییە چونکە
کوردەکان ناچار بوون بچنە ناو ڕەقا و ئەوە یەکەم ستراتێژی ئەوان نەبوو، بەڵام بۆ
تێکشکاندنی داعش دەبوو ڕەقا بگرن، بەڵام ئەگەر تەماشای ڕۆژئاوای کلاسیک بکەین،
ڕۆژئاوا کەم تازۆر هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ نەتەوەی عەڕەب دا نییە. دیارە ڕۆژئاوا
دەکرێ پارچەیەک لە سووریا بێ، بەشێک لە سووریا بێ و ئەوە دەزانین بۆ وێنە لە ساڵی
١٩٥٠، ١٩٦٠ کاندا لە کاتێکدا کە ڕادیکالیزمێکی چەپ لە گەشە و نەشە دا بوو کوردەکان
هەم وەک میلیتانتی کورد و بەرگریکارانی دۆزی کورد و هەم وەک بەرگریکارانی چەپی
سووریا توانییان بێنە نێو مەیدانێ. کوردەکان هەم دەتوانن کورد و هەم دەتوانن
سوورییەیی بن. بەڵام ئایا بە قیمەتی قەبووڵ کردنی کوردەکان ئەوان دەتوانن
سوورییەیی بن سوورییەیی بوونەکەیان لە حاڵێک دایە کە کورد بوونەکەیان دە ناوخۆیدا
بحاوێنێتەوە. دەکرێ مرۆ بیر لە فۆرموولێکی ئاوا بکاتەوە. دەڕاستیدا لە سووریا تاقە
گرووپی ئێتنیکی کوردەکانن.چونکە کاتێک باسی درووزییەکان یان عەلەوییەکان دەکرێ وەک
گرووپی مەزهەبی باسیان لێوە دەکەین. کوردەکان گرووپێکی ئێتنیکی – نەتەوەیین و ئەمن
پێم وایە بۆ ئەوەی هەموو ئەو گرووپانە وەکوو پارچەیەکی سووریابمێننەوە، سووریا
نابێ بگەڕێتەوە سەر مۆدێلە پێشووەکان، نابێ بگەڕێتەوە سەر گەڵاڵە پێشووەکان و لە
جێدا بە قەبووڵی پلورالیزمی سووریا و لە سەر بنەمای ریالیتەکانی سووریا دەبێ و
ناچارە سیستمێکی لامەرکەزی پەسند کاو بیپەرژێنێ. هەڵبەت دیارە ئەوە
نازانین کە ئەو لامەرکەزییەتە چ فۆڕمێک بەخۆیەوە دەگرێ، دەتوانێ لە
شێوەی خۆسەرەییەکانی ناوچەیی دا بێ، دەتوانێ لە شێوەی شارەدارییە خۆسەرەکان دا بێ،
بەڵکوو سبەینێ لە شێوەی فێدراسیۆنێک دابێ. بەڵام ئەوەی کە شام هەستێ و هەموو شتێک
کۆنتڕۆڵ بکا ئەوە مەیسەر نابێ. با ئەوەشی لێ زیاد کەم. کاتێک باسی سووریا دەکەین
باسی شوێنێک دەکەین کە زۆر پارچە پارچەیە، حەڵەب یان دەمیشق لەجێدا لەگەڵ حومس یان
حەما دەکرێ بڵیین هیچ شتێکی هاوبەشیان نییە، یانی کرە کۆمەڵناسانەکانیان وەک یەک
نییە، بنەما عەشیرەتییەکانیان وەک یەک نییە، ژمارەی ڕووناکبیر و ئینتێلێنجیسیایان
وەک یەک نییە. پێشتر باس لە بورژوازی سووریا دەکرا بەر لە سالی ٢٠١١. شوێنی ئەو
بورژوازییە زیاتر شام، حەڵەب، حومس یان حەما نییە یانی دەبێ گشت ئەو
جیاوازییە کۆمەڵناسیانە لەبەر چاو بگیرێن. و بە لانی کەمەوە لە حەڵەب و لە
شام بۆ ئەوەی مرۆ بتوانێ نەفەس بکێشێ قەبووڵی پلورالیسم و
لامەرکەزێتیی ناچارییە.
پرسیار: گەلۆ، تورکیا ئەوە قەبووڵ دەکا؟
بۆزئەرسلان: ئەوە زۆر ئاشکرایە هەیئەتی تەحریری شام زۆر جار گوتوویەتی نایەوێ
لەگەڵ کوردەکان شەڕ بکا، لە سووریادا شەڕێکی تازەی ناوێ، چونکە شەڕێکی تازە لەگەڵ
کوردەکان لە جێدا بە مانای ئەوەیە کە وڵات جارێکی دیکە تووشی شەرێکی
ناوخۆیی ببێ و ڕێبەرانی هەیئەتی تەحریری شام ئەوەیان ڕوون کردەوە کە
شتێکی وا حەمامی خوێن وەڕێ دەخا. تا ئەو جێگای من دەزانم لە سووریا جگە
لە چەتەکانی دەستنێژی تورکیا نەبێ کەس شەڕێکی ئەوتۆی ناوێ. گەلۆ سبەینێ
تورکیا چۆن هەڵسو کەوت دەکا، ئایا تورکیا شان دەداتە بەر کەمپەینێکی نەهێشتن
و مەحو کردنەوەی ڕۆژئاوا؟ دیارە ئەوە دەبێ وەک سێناریۆیەک دابندرێ و ئەمن پێم
وایە کە یەکە نیزامییەکانی ڕۆژئاوا ئاگایان لەوە هەیە بەڵام لە هەمان کاردا
زۆر شت بە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەستراوەتەوە، بەستراوەتەوە بە مانەوە و
نەمانەوەی ئەمریکا لەوێندەرێ، یانی ئەگەر ئەمریکاییەکان لەوێ بمێننەوە دەستەبەری
ساخی و ئەمنییەتی کوردەکان دەبن یان نا؟ ئەوە نازانین و پێم وایە لێرەش دا فاکتۆری
ئیسراییل دەور دەبینێ، گەلۆ ئیسراییل ئیزن دەدا بە تورکیا بۆ پەلامارێکی ئەوتۆ،
ئایا هێزێکی دەبێ بۆ بەرهەڵست لەبەرانبەر ئەوە دا؟ دیارە ئێستا ئەوانە نازانین
بەڵام ئەمن زۆر دڵنیا نیم کە ئیسراییل ڕەزایەت بدا بە سێناریۆیەکی ئەوتۆ.
پرسیار: لەو دواییانە دا زۆر لە سەرنجەکان لە سەر ئێران چەقیان بەستووە. سەبارەت
بە چارەنووسی ئێران بۆچوونتان چۆنە، وەزعی کوردەکان چۆن دەبێ؟
بۆزئەرسڵان: لە جێدا ئیدارەی تڕامپ نایەوێ لەگەڵ ئێران بەشەڕ بێ. بەڵام
دەیەوێ ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەری دا چۆک دابدا. لە لایەکی دیکەوە دەبێ چاو لە
دینامیکە ناوخۆییەکانی ئێران بکرێ. رێژیمی ئێران ئەوە لەماوەی دە ساڵی ڕابردوو
بیست ساڵی ڕابردوو دا توانی مەشڕووعییەتی خۆی، بە پاڵپشتی لەدۆزی فەلەستین، و لە
سووریا ببەستێتەوە . یەکێک لە ژەنەڕاڵەکانی سپای پاسدارانی ئێران دەیگوت: سووریا
ئەیالەت یان ویلایەتی سی و پێنجەمینی ئێمەیە ئەگەر سووریاو خووزستان لە هەمان
کاتدا داگیر بکرێن لە پێشدا ئێمە دەبێ سووریا ڕزگار بکەین چونکە ئەگەر سووریا
ڕزگار بکەین دەتوانین خووزستانیش ڕزگار کەین بەڵام ئەگەر
سووریا ڕزگار نەکەین تەنانەت تارانیشمان پێ ناپارێزدرێ. و لە حاڵی حازر دا
سووریا داڕما. ئێران هەڕەشەیەک نییە لە سەر ئیسراییل ئەوە هەتا بڵێی ڕوونە.
ڕێژیمی ئێران لە داهاتوو دا مەشڕووعییەتی خۆی چۆن بەردەوام دەکا؟ بە پاڵپشتی چی
ئەوە دەکا؟ دەزانین کە لە ناوخۆی ئێران دا ئۆپۆزیسیۆنێکی زۆر هەیە دیارە ئەو
دژایەتییە لە ساڵی ٢٠٢٢ بە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی هاتە مەیدانێ. دیارە ئەو
ئۆپۆزیسیۆنە هەر لە کوردان پێک نایەو تەنێ هەر دژایەتییەک لە لایەن کۆمەڵگە
نەتەوەییەکانی دیکە، لە هەمان کاتدا لە ناو کۆمەڵگەی فارسی ئێرانیش دا
دژایەتییەکی توند هەیە لە هەمبەر دەسەڵاتی حاکم و بەلانی کەمەوە ڕەد
کردنەوەی. پەراوێز خراوەکانی ئێران،کورد و بەلووچە پەراوێز خراوەکان،
لەهەمان کاتدا زۆربەی سوننی ناشیعە پەراوێزخراوەکان، لە کوردستان خۆڕاگرییەکی زۆر
جیدی و توند لە گۆڕێ دایە. ئەو خۆڕاگرییە عەسکەری نییە، خۆڕاگرییەکی کولتووری و
مەدەنی یە و وشیاری سەبارەت بە کورد بوون، دەبێ ئەوانە هەموو لەبەرچاو بگیرێن
یانی ئەگەر سبەینێ لە نێوان ئێران و ئەمریکا دا موزاکەرەش هەبێ، ئێران
ناچار بێ لە هەمبەر ئەمریکا چۆکیش دابدا، ئەو دینامیکە ناوخۆییانە چەندە
دەتوانن بەردەوام بن دیارە ئەوانە لە ئێستاوە ناتوانین پێشبینی بکەین. تەنێ
ئەوەندە دەزانین وەک گوتم لە کوردستان وشیارییەکی زۆر جیدی هەیە سەبارەت بە
کوردێتی. و ئەو وشیارییە لەمەڕ کوردێتی ئەگەر سبەینێ ڕێژیم هەڵوەشێ بەشێوەیەک
یان شێوەیەکی دیکە خۆی بەیان دەکا.
پرسیار: ڕێبەری پ.ک.ک عەبدوڵا ئوێجاڵان بانگەوازێکی بڵاو کردەوە. ناوەرۆکی ئەو
بانگەوازە لە ڕووی ماناوە زۆر درێژە، بەڵکوو لەمەڕ وردە ڕیشاڵەکانی کاتێکی دیکە بە
درێژی قسەیان لێوە بکەین. بەڵام ئێستا دەمەوێ بە گشتی لە سەر بانگەوازەکە
پرسیارتان لێ بکەم. بانگەوازەکەتان پێ چۆن بوو؟
بۆزئەرسڵان: ئێمە چاوەڕوانی ئەو بانگەوازەمان دەکرد. جا بۆیە لە ڕوانگەی
منەوە بانگەوازێکی لەپڕ و سورپریز نەبوو، بەڵام بانگەوازێک بوو کە وڵامی
چاوەڕوانییەکانی ڕێژیمی تورکیای نەداوە. جا بۆیە دەبێ هەم ئەو شتانەی کە ئوێجاڵان
گوتوویە و هەم ئەو شتانەی کە نەیگووتووە لە بەر چاو بگرین. باخچەلی و ئەردۆغان
داوای ئەوەیان لە ئوێجاڵان دەکرد کە بڵێ ئەو دۆزە بە تێڕۆریزمی پ.ک.ک وە دەستی
پێکرد، ئێستا تەشکیلاتە تێرۆریستییەکەم لەغو دەکەم و هەڵی دەوەشێنم و ئەو کارە
تەواو بوو. ئوێجاڵان ئەوەی نەگوت تەواو بە پێچەوانە باسی ئەوەی کرد کە دۆزی کورد
دۆزێکی سەد ساڵەیە و ئەو دۆزی کوردە بە پ .ک.ک وە دەستی پێ نەکردووە و سبەینێ
ئەگەر پ.ک.ک هەڵیش بوەشێ، لەغویش بکرێتەوە لە دوای ئەوەش دیاردەیەکە بەردەوام دەبێ
و درێژە دەکێشێ. ئەو مەسەلەیە هێنانە گۆڕی چارەسەر کردنی مەسەلەی کوردە. نوختەی
دووهەم ئەوەیە ئەو شتەی کە باخچەلی جاری یەکەم هێنایە گۆڕێ ئەوە بوو کە چاوەڕوانی
ئەردۆغان ئەوەیە کە کوردەکانی سووریا تەسلیم بن بەلام لە بانگەوازەکەی ئوێجاڵان
پەیامێکی ئاوای تێدا نەبوو. جا بۆیە من لەو باوەرە دا دەبێ بانگەوازە کە هەم بە
ناوەرۆکی و هەم بەو شتانەی کە تێیدا نەهاتوون لەبەر چاو بگیرێ. ئەو شتانەی کە
نەگوتراون بۆ تورکیا شکانێکی زۆر گەورەیە.
پرسیار: بە فەسخ کردنەوەی پ.ک.ک و دەست لە چەک بەردان دڕێژە دانی خەباتی
ڕێکخراوەکە بە شێوەیەکی دی ئایا مومکینە؟ ئایا تورکیا بەو شێوەیەی کە
عەبدوڵا ئوێجاڵان ویستوویەتی وڵام دەداتەوە؟
بۆزئەرسڵان: لەحاڵی حازر دا ئامادەییەکی ئەوتۆ نییە، ئەوە زۆر ڕوونە.
ئاوای بڵێم بانگەوازەکەی ئوێجاڵان لە هەمان کاتدا بەو مانایەیە چل ساڵ لەمەو
بەر، پەنجاساڵ لەمەوبەر ستڕاتێژی خەباتی چەکدارانە، کە ڕەخنەی لەو ستڕاتێژییە
نەگرت، ئینکاری نەکرد و مەحکوومی نەکرد، گوتی سەردەمی ئەو ستڕاتێژییە بەسەرچووە و
تەواو بووە. دێینە ناو لاپەڕەیەکی تازەوە سەردەمی خەباتی چەکدارانە ئیدی لە
هەلومەرجی تورکیا دا تەواو بوو، دینامیکی تازە پێکهاتوون وە ئەوە لەجێدا لە
ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە دیاردەیەکی بەرچاوە. یانی چل ساڵ لەمەو پێش لە پێشدا لە
کوردستانی تورکیا دا چینی ناوەڕاست نەبوو، توێژی ڕووناکبیر تا بڵێی لاواز بوو،
خەڵکێکی زۆر کەم خۆیان لە کورد دەکرد بە ساحێب. هەرچەند بزووتنەوە کوردییەکان
دەستیان پێ کرد بوو لە دیاربەکر سەۆک شارەدارییەک هەڵبژێردرابوو و شتی دیکە بەڵام
لە حاڵی حازر دا کۆمەڵگەی کورد هەتا بڵێی لە سەر پێیانە، کۆمەڵگەیەکە
کە توانایی بەرخوەدان و خۆڕاگری هەیە یانی سەرەڕای ئەو هەموو فشارانە لە سەر
هەدەپەو پارتی دەم ئەو پارتییە خاوەنی دە لە سەدی دەنگانە و
ئەوە هەتا بڵێی گرینگە. کوردەکان تەنانەت ئەگەر بۆ ڕۆژێکیش خۆ
لەشارەدارییەکان بەساحێب کەن بەر لە قەیوم دانانەکان ئەوە هەر
بەسەری خۆی دیاردەیەکی زۆر گرینگە. لە ڕوانگەی سەمبۆلیکەوە دیاردەیەکی زۆر گرینگە
و ئەمن پێم وایە پ.ک.ک ئەوە دەبینێ و ئوێجاڵانیش بە ئاسانی ئەوە دەزانێ ودەبینێ.
بەڵام ئێستا ئەوەی بەرباس بێ لە جێدا ئەوە شانۆیەکە لە سایەی دەوڵەت یان لە
سایەی ڕێژیمەوە پێکهاتووە، بەڵام لەو شانۆیە دا تەنێ کوردەکان هەن. ئاکترەکان ئەو
شانۆیە دا کوردەکانن. ئوێجاڵان کوردە، پارتیی دەم تاڕادەیەکی زۆر کوردە
ئەوە دەزانین، ئەو کۆمەڵگەیەی بەر باس واتە کۆمەڵگەی کورد ئەو مەسەلەیە لێک
دەداتەوە وقسەی لەسەر دەکا، بەڵام وەک دەردەکەوێ لە کۆمەڵگەی تورک دا قسە لە
سەر کردن و گەنگەشەیەکی کە پێی بزاندرێ نییە و ئەوەی لە نێوان دۆزی کورد و
دێمۆکڕاسی پێوەندی پێک بێنێ بزووتنەوەی کوردە. لەتورکیا دا وێژمانێکی
ئەوتۆ نییە. لە لای باغچەلیش وێژمانێکی ئەوتۆ نییە، هەر نەبێ ئێستا
نییە. ئەردۆغانیش وێژمانێکی ئاوای نییە. و ئەگەر تەماشای پڕاتیک بکەین لە تورکیا
لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوو دا سەبارەت بە دیمۆکراتیک کردن تەنانەت نیشانەیەکی هەرە
کەمیش نابیندرێ.
پرسیار: ئایا دەکرێ بڵێێن کوردەکان بە دەنگ ئەو بانگەوازەوە هاتوون و خۆیان لێ
کردووە بە ساحێب؟
بۆزئەرسڵان: یانی ئێستا ئاکترەکانی ئەوشانۆیە تەنیا کوردەکانن. هەم ئەو کوردانەی
کە لە ناوخۆی تورکیان و هەم کوردەکانی ڕۆژئاوا، چونکە کوردەکانی ڕۆژئاوا ئەو
پێشوەچوونە تا ئەو جێیەی دەکرێ بە گرینگ دەزانن، کوردەکانی
باشوور ئەوەیان بە پێشوەچوونێکی زۆر گرینگ زانی یانی لە مەیدانی کوردی دا هەموویان
هەم لە تورکیا و هەم لە دەرەوەی تورکیا لەو مەسەلەیە خۆیان کردە ساحێب، لە سەر ئەو
مەسەلەیە نیقاش و گەنگەشە دەکەن و لەناو ئەو مەسەلەیە و مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست دا پێوەندییەک ڕایەڵ دەکەن، لە ناو ئەو مەسەلەیە و دێمۆکڕاسی دا
پێوەندییەک ساز دەکەن و ئەو پێوەندییە تەنیا پێوەندییەک لەمەڕ تورکیا نییە لە
هەمان کاتدا بۆ دێمۆکڕاتیک کردنی سووریا، بۆ دێمۆکراتیک کردنی عێڕاق و سبەینی لە
پێناو دێمۆکڕاتیک کردنی ئێرانیش دا دەورێکی گرینگی هەیە. بەڵام لە بەرەی تورکیا دا
سەبارەت بەو پێواژۆیە بەلانی کەمەوە ئێستا هیچ نابیندرێ.
پرسیار: عەبدوڵا ئوێجاڵانیش لەجێدا سەبارەت بە چەک دانان و جێ بەجێ کرانی فەسخ
کردنەوە باس لە ئامادە کردنی زەمینەی سیاسی و حقووقی و یان حازر کردنی دەکا. لە
ڕووی حقووقی و سیاسییەوە چ جۆرە هەنگاوێک هەڵبهێندرێتەوە بە مانای وەدیهاتنی
بانگەوازەکەی ئوێجاڵانە یان ئەو شەرتە چۆن بەجێ دێ؟
بۆزئەرسڵان: ئەوە نازانم، ئەوە هەڵبەت بزووتنەوەی کورد تاو وتوێی دەکا و هەڵی
دەسەنگێنێ، ئەو مەسەلەیە ئوێجاڵان دەی نرخێنێ، پ.ک.ک هەڵی
دەسەنگێنێ ئەوە کۆمەڵگەی کورد دەی نرخێنێ، چونکە پێم وایە ئەوە
دیاردەیەکی زۆر گرینگە. بە بۆچوونی من لەو ڕووەوە تەنێ ئوێجاڵان بە بەردەنگ دانان
دروست نییە، تەنێ پ.ک.ک یان دەم پارتی بە بەردەنگ دانان دروست نییە، ئەوە ئاشکرایە
کە پێویستی بە بەردەنگان هەیە بەڵام لەهەمان کات دا کۆمەڵگەیەکی کورد
هەیە، ئەو کۆمەڵگە کوردە هەمووی دەبێ بێتە نێو بابەتەکە و لێی بدوێ. بۆ
نموونە شارەدارییەکان هەن، سەرۆکی شارەدارییەکان هەم ئەوانەی کە قەیوومیان بۆ
داناون و هەم ئەوانیدییان، بە هەزاران زیندانی سیاسی هەن ئەو
زیندانیانە قسەیان پێیە لەو بارەیەوە بیکەن. بەڵام پێم وایە ئەگەر
باسی هەرە کەمیان بکەین شارەدارەییە کوردەکان،بەڕێوەبەرە هەڵبژێردراوەکانی کورد
دەبێ بێنە ناو پێواژۆیەکە. شارەدارییەکان هەرکامەیان بە سەری خۆ و بەتایبەتی دەبێ
حیسابیان بۆ بکرێ ئەوە هەتا بڵێی گرینگە. دووهەم بەردانی زیندانییە سیاسییەکان،
سێهەم کرانەوەی دوان لە سەر مەسەلەی کورد کە لەوە دەبێ هەموو بوارەکان زیاد بکرێ،
هەم لە چاپەمەنی و مێدیا دا، هەم لە زانکۆکان و لە کۆڕوکۆمەڵی ئاکادێمی دا، بو
وێنە ئێستا لە ئاستی ئاکادێمی دا نالوێ و مومکێن نییە لەسەر دۆزی کورد تێزێک
بنووسرێ. و چوارەم بابەتێکە کە لە زەمانی شازادە سەباحەدینەوە قسەی لێوە کراوە، لە
ساڵی ١٩٠٧، ١٩٠٨ ەکان ئەو قسانەی هێنایە سەر زمان ئەویش پێداویستی لامەرکەزێتی.
ئەو لامەرکەزێتی یە ئیلا و بیلا میکانیزمی ئۆتۆنۆمی نییە،ئیلا بیلا مەسەلەی
فێدراسیۆن نییە بەڵام لە تورکیا بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەو ناوچانەی کە خاوەن
کۆمەڵناسی و کر (بافت) تایبەتین دەبێ ببنە خاوەنی خۆسەرییەکی لەمەر خۆیان. ئەوە
تەنیا بۆ کوردەکان نییە.
پرسیار: ئایا ئەو سیستمە بۆ تورکیاش زۆر بەکەلک دەبێ؟
بۆزئەرسڵان: شازادە سەباحەدین ئەوەی دەگوت. دیارە ئاخرەکەی بە کارەسات و
فەلاکەت تەواو بوو. هاوکارەکانی شازادە سەباحەدین ئێعدام کران بۆخۆی دوورخرایەوە و
ناچار بوو هەڵێ و لە تاراوگە مرد. باسی ساڵی ١٩٠٧ دەکەین یانی ئەوە دیاردەیەکە کە
سەد و بیست ساڵ لەمەوبەر باسی لێوە کراوە و هێشتا قەبووڵ
نەکردنی هەڵبەت ئەو دیاردەیە دیارە بەسەری خۆی گیروگرفتێکە بەڵام وەکوو
گوتم ئوێزاڵ تەواو بە شێوەیەکی کراوە دەیتوانی ئەوە بدا. ئوێزاڵ دەیگوت
لامەرکەزێتی تەنێ چارەسەر کردنی دۆزی کورد نییە بەڵام لەهەمان کاتدا دیسان
بەخۆداهاتنەوەی تورکیایە. دیسان بە نەخشەی تورکیا دا
هاتنەوەیە. بە کۆمەڵگەی تورکیا دا هاتنەوەیە. بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی تورکیا بتوانێ پێش
بکەوێ ئەو لامەرکەزێتییە پێویستە. بەڵام وەک گوتم ئەگەر هەنگاو بە هەنگاویش بچینە پێشێ
بەر لەهەموو شتێک دەبێ ئەو مەسەلەی قەیوم دانانانە چارەسەر بکرێ. کوردەکان دەبێ
خۆیان لە شارەدارییەکانی خۆیان بکەنە ساحێب و شارەدارییەکان دەبێ وەک
کۆمەڵەی خۆسەر هەڵبسەنگێندرێن، کە ئەوە مافێکی قانوونی یە و قانوونی بنچینەیی
دابینی کردووە.
پرسیار: لە داخویانییەکانی دا ئەردۆغان بە خودی دەرکەوتن لەو پێڤاژۆیە گوتی ئەوە
لاپەڕەیەکی نوێیە. ئێوە ئەو بۆچوونە چۆن لێک دەدەنەوە؟
بۆزئەرسڵان: دەمیش ئەوەی وەبیرهێنایەوە، لە پەیامەکەی ئوێجەڵانیش دا
ئەوە هەیە. لە پشتەوەی قسەکان و دەربڕینی زارەکی حەوجێ بە پڕاتیک و
هەنگاونانی بەکردەوەیە. بۆ وێنە بڵێم بەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش، عوسمان کاڤاڵا و
فیگەن یوکسەک داغ یان زۆر بە ئاشکرا ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئیتر چیدی
قەیوم داناندرێ بۆ شارەدارییەکان. لابردنی فشار و بەرتەنگی لە سەر میدیای کورد و
میدیاکانی دیکە. بەڵام پێم وایە بزووتنەوەی کورد ئەمەی زۆر بە ڕوونی دی، ئەوە لە
پەیامی ئوێجاڵان دا هەیە، لە پەیامی دەم دا هەیە و لە لێدوانە جۆر بەجۆرەکانی
پارتیی دەم دا هەیە. لە نێوان دۆزی کورد و دێمۆکڕاسی دا پێوەندییەک هەیە، لە
تورکیایەکی دا کە دێمۆکڕاتیک نەکرابێ، بە بڕوای من جێ بەجێ کردنی دۆزی کورد نا
مومکینە. لەبەر ئەوە دێمۆکڕاتیک کردن بۆ جێ بەجێ کردنی دۆزی کورد لە پلەی یەکەم
دایە و ئەمن نییەتی ئەوە لە ڕێژیمی هەنووکە دا نابینم بۆ ئەوەی هەنگاوێکی ئەوتۆ
هەڵێنێتەوە.
پرسیار: مەسەلەی هەنگاوهەڵێناوەی جەهەپەش هەیە. بەپێی قسەکانی ئوێزگیور ئوێزەل
لەلایەکەوە جەهەپە دەیەوێ لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک کۆماری دا ئەکڕەم ئیمام
ئۆغڵوو کاندیدا بکا و دەڵێ " بەرپرسیارەتی هەر یەک لایەنە نییە" و لە
داخویانییەک دا ئەوەی باس کرد. ئێوە ئەو داخویانییانەی دوایی چەهەپە چۆن
دەبینن؟ لە دوایین قسەکردنم لەگەڵ ئێوە سەبارەت بە جەهەپە گوتتان
" هیوام بە جەهەپە نییە" و ئاواش قسەکەتان تەواو کرد. چاوەڕوانیتان لەو
داخویانییانەی دوایی چییە؟
بۆزئەرسڵان: هەر وەها هیوا بە جەهەپە بوونیش بە پێی ئەو ڕوونکردنەوانەی دەیدا بەش
ناکا، جەهەپە دەبێ زۆر زیاتر لەوە بچێتە پێشێ. ئەگەر هەڵە نەکەم ئەکڕەم ئیمام
ئۆغلوو لە هەمان وتە دانی دا کە باسی کوردانی دەکرد ئاماژەی بە مستەفا کەماڵیش
کرد.ئەوەی کە گوتی دۆزی کورد جێ بەجێ دەکەم بەڵام ڕێبەری مەزنمان مستەفا کەماڵی
قارەمان کوا ئەوە دەگوترێ. ئیدی تورکیا درک بەوە ناکا. لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕنی شێخ
سەعید دا بە هەزاران ئینسان کووژران، زیلان بێننەوە بیرتان و ئەو گوندانەی کاول
کران، ئەو گوندانەی بە شانازییەوە خاپوور کران، دۆزی دەرسیم، گشت ئەوانە کێ کردی؟
ئەوانە هەموویان لە دوای هاتنەسەر کاری دەسەڵاتەکانی دوای مستەفا کەماڵ نەکران،
یانی جەهەپە دەبێ حیسابی خۆی لەگەڵ کەماڵیزم پاک بکا و لە نوختەیەک دا لەگەڵ
تاریخی خۆی حیسابی پاک بکا. ئایا کارێکی ئەوتۆ دەتوانێ بکا؟ جەهەپە بە شێوەیەک لە
شێوەکان پارتییەکە کە دێمۆکڕاسیی شۆڕ دەکاتەوە بۆ سیکولاریسم و سەرەتی بەو دەدا
لەهەمان کاتدا دێمۆکڕاسی بە جێبەجێ کردنی دۆزی کورد نازانێ. یان بەلانی کەمەوە
حاڵی حازر ئەو جۆرەی پێویستە وای نابینێ و بۆ ئەوەی وای ببینێ بەلانی کەمەوە دەبێ
لەگەڵ ڕابردووی خۆی حیسابی پاک بکا. لە حاڵی حازر دا نابینم کارێکی ئەوتۆ بکا.
پرسیار: لە ئاستی جیهانی دا بە گشتی بانگەوازی ئوێجاڵان زۆر بە گرینگی وەرگیرا.
دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داخویانییەکی دا. دوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە
داخویانییەکەی دا سەرنجی دایە سەر ڕۆژئاوا و ڕایگەیاند ئەو بانگەوازە ڕێگا
دەکاتەوە بۆ کەمبوونەوەی گرژی لە ڕۆژئاوا . ئێوە بەرتەکەکانی سەبارەت بەو
بانگەوازە چۆن شڕۆڤە دەکەن؟ ئایا دنیا هیچ هەنگاوێک هەڵدەهێنێتەوە بۆ ئەوەێ ئەو
پێواژۆیە بگاتە نوختەیەکی گۆڕان ؟
بۆزئەرسڵان: ئەو وەزعەی دنیای تێدایە زۆر باش نییە، یانی ئەوە لە مەسەلەی ئوکڕاین
دا دەبینین، ئەوە لە مەسەلەی غەزە دا دەبینین، یانی لەو هەلومەرجەی دا کەهەین
بەڕاستی زۆر باش نییە و بە داخەوە لە ئوڕووپا دا هێزێک نییە، سبەینێ ڕەنگە لە
ئوڕووپا هێزێکی ئەتۆ ساز بکرێ و سەرهەڵێنێ، کاتێک باسی هێز دەکەم مەبەستم تەنێ
هێزی عەسکەری نییە، باسی هێزی ئەخلاقی، هێزی مەعنەوی دەکەم. یانی هێزیێکی مەعنەوی
کە خاوەنی ڕوانگەیەکی بە قیمەت بێ. حاڵی حازر ئوڕووپا هێزێکی وای نییە. دەوڵەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا سیاسەتێکی هەلپەرستانەی هەیە و سبەینێ چ دەکا نازانم بەڵام
لەو هەلومەرجەی ئێستای دنیا دا لەو هەلومەرجە ئاڵۆزەی ئێستا دا لە میدیای جیهانی
لە هەموویان دا و لە لای گشت حکوومەتە گرینگەکان ئەو بانگەوازەی
ئوێجالان کاردانەوەیەکی گرینگی هەبوو، تۆ بڵێ گشت دەسەڵاتەکان ئەگەر تەماشای
ئەڵمان بکەی، تەماشای فەڕانسە بکەی سڵاویان لەو پێشوەچوونە کرد و ئەوە دیاردەیەکی
زۆر زۆر گرینگە یانی قەبووڵ کردنی مەشڕووعییەتی دۆزی کورد و قەبووڵ کردنی ئەو
دەورەی ئوێجاڵان دەیگێڕێ و هیوادارم کە هەنگاوی دوای ئەوە هێنانە دەری پ.ک.ک لە
لیستەی ڕێکخراوە تیڕوریستیەکان بێ.
پرسیار: ئایا لەو لیستەیەی لا دەبەن؟
بۆزئەرسڵان: بێلژیک ئەو کارەی کرد، کاتێک ڕێکخراوێک بڵێ کە ئەمن ئیدی خەباتی
چەکداری ناکەم ڕاگرتنی لە لیستی تێرۆریزم دا بێ مانایە و هیچ واتایەکی نییە. بوونی
پ.ک.ک لە لیستی تێڕۆر دا مەشڕووعییەتێکی دەدا بە هەڵسوکەوتی تورکیا، ئەگەر سبەینێ
هەنگاوێکی ئەوتۆ هەڵبهێندرێتەوە ئاشکرایە ئەوە بە مانای لە دەستدانی ئەو
مەشرووعییەتەی تورکیایە.
پرسیار:پێداگری دەکرێ لە سەر دەوری ئەمپریالیزم. هێزە جیهانی و ناوچەیەکان لە سەر
ئەو وەزعە تازەیە چ دەڵێن؟ سەبارەت بە دەستپێشخەری ئوێجاڵان لەمەڕ یەکێتیی کورد –
توک چ دەڵێن؟
بۆزئەرسڵان: لە ڕۆژئاوا، لەهەموو وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە جێدا چاوەڕوانییەک هەیە بۆ
ئەوەی دۆزی کورد لە تورکیا بە شێوەی سیاسی جێبەجێ ببێ. ئەو چاوەڕوانییە بریتی نییە
لە یەکێتی و برایەتی کورد و تورک، بەڵکوو جێبەجێ بوونی ئەو مەسەلەیەیە. لەبەر ئەوە
لەهیچ شوێنێکەوە دژی ئەو دەستپێشخەرییە دژایەتییەک نەبووە. بە لانی کەمەوە لە
ئوڕووپاوە هەست ناکەم کاردانەوەیەکی ئەوتۆ هەبێ. دیارە ئەوە هۆی جۆر بەجۆری هەیە.
یەکەم مەسەلەی ویژدانە چونکە لە ئوڕووپا هەموو کەس دەزانێ کە لە بنچینەی مەسەلەی
کوردستان دا پەیماننامەی لۆزانی ساڵی ١٩٢٣ هەیە. دەزانن چۆن دەستیان لە کوردان بەر
دا. دووهەم ئەوەیە هیچ کەس نییە کە بییەوێ تورکیا لە نەزمێکی بێ سەباتی دابێ.
سێهەم بوونی موهاجیرانی تورکە لە ئوڕووپا و لە ناو ئەوان دا شەپۆلی ڕادیکالیزم
هەستان. هیچ هۆیەک نییە بۆ برایەتی کورد و تورکان، بۆ دوژمنایەتیشیان چ سۆنگە و
هۆیەک نییە، بۆ برا نەبوونیشیان هیچ سەبەێک نییە. مەسەلە دامەزرانی
یەکسانییە لە ناویان دا. یانی یەکسان بوونی کوردەکان و تورکەکان. لە دوای ئەوە
گەلۆ دەبنە برا یان نابن ئەوە بۆخۆیان بڕیاری لە سەر دەدەن، بەڵام بۆ ئەوەی ئەوە
پێک بێ بەر لەهەمووشت ناسین و ددانپێداهێنان پێویستە. ئەگەر کوردەکان بە ڕەسمی
نەناسرێن مومکین نییە باس لەو برایەتییە بکرێ. تەنیا و تەنیا لە قبووڵ و پەسندی
بوونی کوردان دایە و قەبووڵکردنی مافی یەکسانیانە کە کورەکان دەتوانن ببنە برای
تورکەکان. و بە هەمان شێوە ئەمن پێم وایە هێزە ئەمپریالیستەکان لا لە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست ناکەنەوە، لە زەمانی خۆی دا لایان لێ دەکردەوە و پێیەوە خەریک بوون لە
ساڵانی ١٩٦٠، ١٩٧٠ کان دا، لە سەردەمی شەڕی سارد دا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر گرینگ
بوو بەڵام لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوو جگە لە مەسەلەی ئیسراییل نەبێ و تا ڕادەیەک
مەسەلەی کورد نەبێ هێزە ئەمپریالیستەکان هێندە خۆ بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە خەریک
ناکەن. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مێژە گرینگی ستراتێژیکی خۆی لە دەست داوە. لە
ڕوانگەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ئەوەی ئێستا گرینگ بێ پاراستنی ئیسراییل
و وەک گوتم بەشکم پاراستنی شانشینەکان و گەورە نەبوونەوەی ئیسلامییەکانە و ئەگەر
مومکین بێ خیانەت نەکردنە بە کوردان. بۆیە دەڵێم ئەگەر مومکین بێ چونکە لای ئەوان
کوردەکان هێندە گرینگ نین. ڕاستت بوێ دەتوانێ نەش بێ. لە ئوڕووپا وەزعەکە بڕێک
جیاوازە. لە ئوڕووپا هیچ وڵاتێک نییە کە دەست لە ئیسراییل بەر دا و پشتی بەتاڵ کا.
هاوپشتی و هاوپێوەندی لەگەڵ ئیسراییل بەردەوام دەبێ و لە هەمان کاتدا سەمپاتییەک
هەیە لە ئاست کوردەکان و هەر وەها بۆ جێبەجێ کردنی مەسەلەی کورد. بەڵام پێویستە
ئەوە لە زەینی خۆمان دەرباوێژیبن کە بەڵێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دڵی دنیایە و لەم
قسانە. شتێکی ئاوا بیست ساڵە نییە، پێویست مرۆ درک بەوە بکا.
پرسیار: پ.ک.ک بڕیاری ئاگر بەسی داوە. بە دوای بانگەوازەکە دا ئێوە هەنگاوێکی
ئەوتۆ چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
بۆزئەرسڵان: هەڵبەت ئوێجاڵان چەندە لەوە ئاگادارە، یان چۆن شتەکان دەخوێنێتەوە
ئەوە نازانم بەڵام بەڵکوو ئاگادارکردنی وی لە پێشوەچوونێکی ئەوتۆ ڕەنگە مومکین بێ.
لە جێدا باسی ساز کردنی پێوەندییەک لە نێوان ئوێجاڵان و پ.ک.ک دا کرابوو و پ.ک.ک ش
قەبووڵی کرد بوو دووەهەم لێرە دا یەکدەنگییەک پێویستە و سێیەم پێم وایە
لەو بانگەوازە دا هەرچەندبە پەلەش خوێندبێتمەوە گرینگ وەگیان خستنێتی.
پرسیار: بۆ ئەوەی بە تەواوی دەست لە چەک بەربدرێ قسەی ئاوا هەیە کە پێویست دەکا
ئوێجاڵانیش بێتە ناو ئەو پێواژۆیە؟
بۆزئەرسڵان: ئەوە زۆر زۆر گرینگە، یانی زۆر شت لە ئاست قسە
دا مانەوە تێر ناکا دەبێ بە کردەوە بکرێ. بەشداری ئوێجاڵان لە کۆنگرەی
پ.ک.ک دا ئەوە لەهەموو شتێکی دیکە تەبیعی ترە چونکوو ئەو سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە،
باسی ڕێبەڕێک دەکەین کە بەڕەسمی سەرۆکی پ.ک.ک یە.
پرسیار: ئەو پێشوەچوونانەی کە هەن دەتوانێ وەزعێکی ئاوا بخولقێنێ؟ چونکە
پێشوەچوونی زۆر جیدی هەیە. ئەوەش مەسەلەیەکی زۆر جیدییە. ئایا تورکیا "
ئیزنی" ئەوە دەدا؟
بۆزئەرسڵان: ئەوە هەمیشە دەڵێم وڵام دانەوەی ئەو شتانەی لە داهاتوو دا
ڕوو دەدەن بە ڕاستی ئاستەمە. ئایا تورکیا ئەو داوایە قەبووڵ دەکا؟ تورکیای ئێستا
وڵامی ئەرێنی ناداتەوە، پێشوەچوونەکانی سبەینێ چ دەبن دیارە پێشبینی کردنیان بۆ من
مومکین نییە. بەڵام هیچ کەس هەڵناستێ بڵێ لەمانگی ئۆکتۆبر دا چاوەڕوانی پێشنیارێکی
ئەوتۆی لەلایەن باغچەلییەوە دەکرد. بەلانی کەمەوە ئەمن پێم وا نەبوو بێ و شتێکی وا
بڵێ. هێشتا ناتوانم لە کۆدەکانی ئەو پێشوەچوونە تێ بگەم، بەڵام ئەو پێشوەچوونە
ئیدی وەڕاست گەڕا، لە بنچینەی ئەو پێشوەچوونە دا شەڕی غەزە هەبوو، هێشتا شەڕی
لوبنان نەبوو، هێشتا حیزبوڵا نەشکابوو، با ئیسراییل دەستی خۆی لەو
مەسەلەیە وەرنەدا بۆیە دەبێ ئەو مەسەلەیە چارەسەر بکەین، نیگەرانییەکی
ئاوا لە گۆڕێ دا بوو، بەڵام بێ ئەوەی کەس چاوەڕوان بکا هەنگاوێکی ئاوا
هەڵێندرایەوە. تا ئەو جێگەی من بزانم دوێنێ لە چاوپێکەوتنێکی تونجەر باکرهان دا
گوتی کە باغچەلی تەلەفۆنی بۆ کردووە و پێی گوتووە بەیەکەوە دێمۆکڕاسی
دادەمەزرێنین. لە جێدا، کەسێکی کە زۆر زیاتر لە ئەردۆغان خاوەنی بیروڕای ڕاست
ئاژۆیانەیە ئێستا لە کاتێکدا کە چاوەڕوان ناکرێ هێندێک وەپێش ئەردۆغان کەوتووەتەوە
لە هێندێک بابەتان دا. هەر وەکوو گوتم من لە کۆدی ئەو قسانە تێناگەم. بە ئەگەری
زۆر لە داهاتوو دا هێندێک بەڵگە دەگاتە دەستمان، هێندێک بیرەوەری دەنووسرێن،
هێندێک لێکدانەوە دەکرێن، ئەو لێکدانەوانەی کە لە ناوخۆی پارتییەکان دا دەکرێن،
ئەوانە ئێستا بە دەستمانەوە نین. بەڵام کەس چاوەڕوانی شتێکی وای نەدەکرد یانی
ئێستا لەو هەلومەرجانە دا تورکیا هەستێ ئیزن بدا کە ئوێجالان لە کۆنگرەی پ.ک.ک دا
بەشداری بکا منیش پێم وا نییە ئەو ئیزنە بدا.
پرسیار: پێویستی پێی هەیە، بەڵام وا نییە؟ پ.ک.ک بە چەمکی جۆر بەجۆر پێداگری دەکا.
بۆزئەرسڵان: بەڵام لە ڕوانگەی منەوە ئەوی هەرە گرینگ چەک دانانی پ .ک.ک
و دۆزی ڕۆژئاوا لە یەک جوێ کردنەوەیە. دەبێ ڕۆژئاوا وەک دیاردەیەکی کوردستانی
سووریا لێک بدرێتەوە، وەکوو پرسێکی لەمەڕ سووریا و نەک دڕێژەیەک لە چالاکی پ.ک.ک.
یانی بۆچوونی شەخسی من بەساڵان ئەوەیە کە نە لە ئێران و نە لە تورکیا خەباتی
چەکدارانە نەپێویستە و نەمومکینە و هەلومەرجی سەرکەوتنیان لە گۆڕێ دا نییە.
سەردەمی خەباتی چەکدارانە تەواو بووە.
بەڵام لە ڕۆژئاوا دیاردەیەکی کورد هەیە، ئەو دیاردەیە مانەوەی تەنیا وەک
دیاردەیەکی سیاسی مومکین نییە، تەنیا مانەوەی وەک هەرێمێکی خۆسەر مومکین نییە، ئەو
ناوچەیە دەبێ بپارێزدرێ. گەلۆ ئەو ناوچەیە چۆن دەپارێزدرێ دەکرێ بە ئەڕتەشێکی
کوردی بپارێزدرێ، دەکرێ ئەوە بە یەکانگیر بوونی هەبوونی عەسکەریی کورد لە ئەڕتەشی
سووریا دا بپارێزدرێ، دەکرێ بە پەیوەست بوونی رێبەرە عەسکەرییە کوردەکان لە
ئەڕتەشی سووریا دا بپارێزدرێ . لێرە دا هەبوونی عەسکەری تۆبزی و پێویستە. لەو
ڕوانگەیەوەیە دەڵێم لە حاڵی حازر دا بۆ من هەرە گرینگ بەڵکوو لە دەرەوەی
پێشوەچوونەکانی تورکیا خودی دەرکەوتن لە ڕۆژئاوا و خۆ لێ بە ساحێب کردنی، پاراستنی
ڕۆژئاوا و زێندوو ڕاگرتنی ڕۆژئاوایە. یانی هەم بزووتنەوەی کورد لە
تورکیا، هەم بزووتنەوەی کورد لە سووریا تا ئەو جێگایەی من بزانم بزووتنەوەی کورد
لە باشوور لەوە تێ دەگەن. یانی پێوەندی نێوان باشوور و ڕۆژئاوا ئێستا جارێکی دیکە
هەر دوو لا پێی دا دێنەوە کە ئەوە خۆی پێشوەچوونێکی زۆر گرینگە و پێم وایە لێرەش
دا هەم دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەتوانێ دەوڕێکی زۆر بگێڕێ و هەم ئوڕووپا
دەتوانێ زۆر دەور ببینێ، پێویستە گرینگی بەوە بدرێ، لە دەرەوەی ئەوە وەکوو گوتم لە
ناو پ.ک.ک دا و لە کۆنگرەیەکی پ.ک.ک دا کە ئوێجاڵانیش بەشداری تێدا بکا لە
بانگەوازی ئوێجاڵانیش دا بە پێچەوانەی ئەوە چ ڕچەیەک نابینم.
پرسیار: بەڵکوو لەو پێواژۆیە دا هەرێمی فێدراڵی کوردستانیش هەبێ. هەر نەبێ ئاگادار
دەکرێ. ئەوەندەی ئێمە دەزانین. ئایا سەرکەوتنی ئەو پێواژۆیە بۆ ئیدارەی ئەوێش
بەکەلک دەبێ؟
بۆزئەرسڵان: یانی ئەو کەسانەی کە وەکوو ئێمە ساڵانی ١٩٨٠ کانیان
تەجروبە کردووە ڕووبەڕووی تڕاومایەکی زۆر هاتن، ئەو دەمی بزووتنەوەی کورد
بزووتنەوەیەکی هەڵتەکاو و پارچە پارچە بوو و بزووتنەوەیەک بوو کە لە ناوخۆی شەری
یەکتری دەکرد ساڵانی ٩٠ کانیش هەر وا بوو و لە ماوەی دە ساڵی ڕابردووش دا گرژی زۆر
جیدی لە ناو بزووتنەوەی کورد دا هەبوو و دابران ڕووی دا، ئێستا پاراستنی یەکێتیی
زۆر گرینگە . وەکی گوتم پێوەندییەکانی ڕۆژئاوا و باشوور بەڵانی کەمەوە کرانەوەی
سنوور، پشت گەرمی دان و دەرفەتی موزاکەرەی ئاکترەکان لەگەڵ یەکتری و بەیەکەوە قسە
کردنیان زۆر زۆر گرینگە. لەبەر هۆکاری مێژوویی کوردەکان بە بێ ئەوەی بیانەوێ لە
بەر هۆکارە مێژووییەکان کوردستان چوار پارچەیە. ئەو چوار پارچەیە لە هەمان کات دا
بە مانای چوار نەریت، بە مانای چوار جیهان بینی، بە مانای چوار کولتووری سیاسی یە.
دەبێ گشت ئەوانە قبووڵ بکرێ . ئەو پلورالیزمەی کەدابەشکردنەی کورد سازی کردووە،
بەبێ ئەوەی خۆی بییەوێ ئیستا دەبێ بکرێتە دەوڵەمەندییەک و ئەوە بە مانای قەبووڵ کردنی
کوردستان خۆیەتی. قەبووڵ کردنی باشوور لە لایەن ڕۆژئاواوە، قەبووڵ کردنی ڕۆژئاوا
لەلایەن باشوورەوە. دیتنی واقعییەتی کورد لە تورکیا لە لایەن باشوورەوە، ئەو
ریالیتەیە هەم لە باشوور درێژە بە بەردەوامی دەدا و هەم خۆی بوونێکە بە خەسڵەت و
کاراکتێری لەمەڕ خۆیەوە. بە باوەڕی من قەبووڵی ئەو پلوورالیزمە زۆر زۆر گرینگە،
کورد بوون وەک دیاردەیەکی ناوچەیەک هەڵسەنگاندن و وەک ناوچەییەکی تاقانە
هەڵسەنگاندن بەڵام لە هەمان کاتدا لەو تاقانەبوونەیەی دا قەبووڵی
پلوورالیزمێک و هەڵسەنگاندنی ئەو پلورالیزمە وەک دەوڵەمەندییەک، ئەوە نەک وەک
گرفتێک بەڵکوو وەک ڕاستییەک دیتن و پێم وایە ڕوداو و پێشهاتەکانی ئەو سێ چوار
مانگەی ڕابردوو هی هەرە گرینگن و قەبووڵی ئەوە یانی دیداری مەزلووم عەبدی و
مەسعوود بارزانی لە ڕوانگەی منەوە لە ماوەی دەساڵی ڕابردووی مێژووی کورد دا یەک لە
پێشوەچوونە گرینگەکانە
ئاژانسی مێزۆپۆتامیا / مەهمەت ئەسڵان
No comments:
Post a Comment