قەوام پێی گوتم من ئاگام لە ئێعدامی برایانی قازی نەبوو، بە فەرمانی شا نیزامییەکان کردیان
قەوام پێی گوتم من ئاگام لە ئێعدامی برایانی قازی نەبوو، بە فەرمانی شا نیزامییەکان کردیان
١-بابەتی دیدار لەگەڵ قەوام
هەر وەک لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی دا باسم کردووە، ئەمن بە پێی داوخوازی
مەنووچهری کەلبادی، کە چەندین جار هات بۆ دیتنی من و دەی گوت قەواموسەلتەنە لە
ئێرانەوە هاتووە و هێندێک قسەی پێیە و دەیەوێ لەگەڵ منی بهێنێتە گۆڕێ، لەگەڵ
ناوبراو لە هۆڵی هۆتێلی ژۆرژی پێنجەم، کە شوێنی لێمانەوەی بوو لە پاریس، دیدارم
کرد. بەرواری وردی ئەو چاوپێکەوتنە ئێستا ناتوانم بە وردی دیاری بکەم بەڵام پێم
وایە لە کۆتاییەکانی ژانڤییە یان سەرەتاکانی مانگی فێڤرییەی ساڵی ١٩٥٠ بێ. ( پێم
وایە مەنووچێهری کەلبادی ش لەو دیدارە دا ئامادە بوو.)
هەڵبەت بە وردی مومکین نییە گشت ئەو قسانەی لە نێوان ئێمە لەو دیدارە دا ئاڵوگۆڕ کرا وەبیر بهێنمەوە؛
بەڵام ئەو جۆرەی لە بیرم ماوە قەوام باسی بارودۆخی خراپی ئێران و ئەو دژایەتییانەی
دەکرد کە ئەو ئیدیعای دەکرد شا لەگەڵی دەکا و دوایە باسی " نییەتی باش"
ی خۆی کرد بەرانبەر بە حیزبی توودەی ئێران و لێی پرسیم کە ئەگەر جارێکی دیکە
حکوومەت بە دەستەوە بگرێ چ جۆرە کارێک بکا باشە. منیش لە وڵام دا پێم گوت کە ئێوە
لە مێژووی ژیانی خۆتان دا جارێک دەرفەتێکی ئاوا گەورەتان دەست کەوت کە حیزبی
توودەی ئێران و ژمارەیەک لە تاکوتەرای پێشکەوتنخوازی وڵات پشتیوانیان لە
حکوومەتەکەتان کرد و ئێوە دەتان توانی بە پاڵپشتی ئەوان زنجیرەیەک هەنگاوی باش لە
پێناو خەڵک و وڵات دا هەڵ بهێننەوە، بەڵام بەداخەوە بە پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەی کە
چ بەر لە دەسەڵاتداری خۆتان و چ لە دوای ئەو داتان پشتتان بە کەسانی کۆنەپەرست و
دەستنێژانی سیاسەتی بێگانە بەست و هێزە دێمۆکڕاتیکەکانتان سەرکوت کرد. بەو پێیە،
ئیدی پێم وا نییە کە چبڕ دەرفەتێکی دیکەی ئاوا سەر لەنوێ وەدەست بخەن. قەوام لە
وڵام دا ویستی بەرگری لە خۆی بکا و هەموو سووچ و خەتایەک باوێتە سەر ملی شا. قەوام
دەیگوت ئەمن بە هیچ جۆر لە خەیاڵم دا
نەبوو لە حیزبی توودەی ئێران داببڕێم بەڵام شا بە جیدی داوای لێ دەکردم ئەوە بکەم
و من ماوەیەک خۆم لێ گنخاند و موافەقەتم نەکرد تا ئەوەی کە ئێوە خۆتان لە
دانیشتنەکانی هەیئەتی دەوڵەت دا ئامادە نەبوون و شا بانگی کردم و پێی گوتم: کاتێک
حیزبی توودە خۆشی نایەوێ لەگەڵ حکوومەت هاوکاری بکا ئیدی ئێوە پێکێشیتان لە چییە. ئەوە بوو کە من
دەستم لە کار کێشایەوە و لە سەر ڕا کابینەیەکی تازەم پێک هێنا بە بێ بەشداری
وەزیرە توودەییەکان. ئەمن بە قەوامم گوت: قسە لە سەر بەشداری کردن لە کابینە دا
نییە، ئێوە دەبێ باش وەبیرتان بێ کە حیزبی توودە قەت هیچ داوخوازێکی نەکرد بۆ
بەشداری لە دەوڵەتی ئێوە دا و بە پێچەوانە ئەوە ئێوە بوون کە پێداگریتان دەکرد و
ئەو پێشنیارەتان هێنا گۆڕێ، بەو پێیە بەشداری یان بەشداری نەکردنی ئەندامانی حیزب
لە دەوڵەت دا ئەسڵی بابەتەکە نییە، ئەوەی گرینگە هەڵسوکەوت و شێوەی جووڵانەوەی
ئێوەیە بە دژی هێزە دێمۆکڕاتیکەکان و بە تایبەتی سەرکوتکردنی بزووتنەوەی
دێمۆکڕاتیکی ئازەربایجان کە ئێوە خۆتان بە ڕەسمییەتتان ناسیبوو. قەوام گوتێ:ئەمن
دژی لەشکر کێشان بووم بۆ سەر ئازەربایجان بەڵام شا سەرەڕای مەیلی من فەرمانی چوونی
نەیرووی دا بۆ وێندەرێ. پێم گوت: ئەی ئەگەر وایەبۆ دەستت لە کار نەكێشاوە و ئەوەت
لای خەڵک لە قاو نەدا؟ بە پێی قانوونی بنەڕەتی شا بەرپرسیارەتی نییە و هەر
کردەوەیەکیش کە ئەو دەیکا دەوڵەت لێی بەرپرسیارە و دەبێ وڵامدەرەوە بێ، بۆیە کەس
ناتوانێ ئەو بەرگری کردنەی ئێوە بپەژرێنێ. قسەمان لەو بارەیەوە درێژ بووەوە.
ئەوەندەی لە بیرم مابێ ئەو دەیگوت من ( واتە قەوام) بە
جیدی دژی زیندانی کردن و تیرەباران کردنەکان و ئەو کردەوانەی بوم کە لە ئازەربایجان کرا و
لە ڕاستەوە کەسی یەکەم ئیرەج ئەسکەندەری لە باکۆ، کەسی هەشتەم ڕەحیم قازی
گشت ئەو کارانە نیزامییەکان بە فەرمانی شا کردیان و تەنانەت سەبارەت بە
ئێعدامی برایانی قازی ئەمن بە هیچ جۆر ئاگادار نەبووم، کاتێک پێم زانی،چوومە لای
شا و بە توندی ئێعترازم کرد. شا پێکەنی و گوتی: ئەمنیش لەگەڵ ئەو کارەنەبووم
فەرماندە نیزامییەکان ئەو کارەیان کردووە. ئەوە بوو تەقریبەن ناوەرۆکی
قسەکانمان کە ئێستا لە زەینم دا ماوەتەوە. ئەمن هەر وەک لە دانیشتنی کۆمیتەی
ناوەندیشدا ڕامگەیاند ، هەر ئەوە دەمێ لە نامەیەک دا کە بۆ تارانم نووسی بە
سەرداگیراوی حیزبم لەو دیدارە ئاگادار کرد. دەڵێم بە سەرداگیراوی، چونکە بە بارودۆخێک
کە لە ئێران هاتبووە گۆڕێ، هاوڕێیان لە ئێرانەوە تەئکیدیان دەکرد کە ئەو نامانەی
لە پاریسەوە دێن سانسۆر دەکرێن، لە نووسین دا وشیار بن. بەڵام هەر چۆنێک بوو
گوزارشی بابەتی ئەو دیدارە و ئەوەی کە قەوام دیسان دەیەوێ ببێتەوە سەرۆکوەزیر بۆ
هاوڕێیان نارد.
دوای ماوەیەک نامەیەک بە بەرواری ....، بە دەستم گەیشت کە هاوڕێ بەهرامی ئیمزای
کرد بوو و بە دەسخەتی هاوڕێ قوڕەیشی بوو، لەو نامەیەدا شیکردنەوەی زیاتریان لە من
داوا کرد بوو سەبارەت بە مەیل و ویستی قەوام. چونکە لە ناوەرۆکی نامەکەیانەوە وام
بۆ دەرکەوت کە گۆیا فڕو فێشاڵی ئەو کۆنەکارە عەیارە لە لای هاوڕێیانی ئێمە تا ڕادەیەک
شوێنی داناوە ( ئەو جۆرەی کە لە دەقی نامەی ناوبراو دەردەکەوێ کە دراوە بە کۆمیتەی
ناوەندی و تێێدا باس لە بێدەنگی حیزب لە بەرانبەر قەوام کراوە) ئەمن دەستبەجێ
نامەیەکی تێر و تەسەلم نووسی ودیسان هاوڕێیانم وشیار کردەوە کە ئاگایان لە کەڵک و
دۆڵابی ئەو کەسە بێ، ئەوەندەی لە بیرم مابێ، لەو نامەیە دا بە تایبەتی نووسیم کە
هەڵبەت ئەگەر بۆ نموونە شومریش ڕۆژێک بێتە سەر کار و حیزبی ئێمە وەک حیزبێکی
قانوونی ڕابگەیێنێ ئێمە ستایشی کارەکەی دەکەین، بەڵام بەو پێشینەیەی لەگەڵ
قەواممان هەیە نابێ دڵمان بە بەڵێنەکانی خۆش کەین و هەر لە ئێستاوە بە هیوای جێ
بەجێ کرانی بەڵێنەکانی موافەقەتی لەگەڵ بکەین. لە نامەیەکی دیکە دا بە بەرواری
...، کە بە دستخەتی هاوڕێ قاسمی و ئیمزای هاوڕێ بەهرامی یە و لە دانیشتنی
بەرواری... لەگەڵ نامەی پێشوو پێشکێش بە کومیتەی ناوەندی کراوە وەک دەبینن وڵامە
بۆ نامەی من، هاوڕێیان بە ڕاشکاوی دەنووسن: " بیروڕای ئێوە سەبارەت بەو
پیرەپیاوە هەشتاد ساڵەیە ڕاستە".
سەرچاوە: خاطرات ایرج اسکندری، موسسە مطالعات و
پژوهشهای سیاسی، چاپ اول، تهران ١٣٧٢،لاپەڕەی ٥٤٢، ٥٤٣
No comments:
Post a Comment