Wednesday, December 24, 2025

چوار هەڤپەیڤینی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان، هەڤپەیڤینی سێیەم، بەشی یەکەم


 چوار هەڤپەیڤینی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان، هەڤپەیڤینی سێیەم، بەشی یەکەم

لە ساڵی ١٩٩٥، ساڵی دامەزرانی یەکەم تێلێڤیزیۆنی مانگیلەی کوردی مەد تیڤی، یەکەم وتوێژ لەبەرنامەی " پرس و بەرسڤ" بەڕێز ئەحمەد باراچ کلیچ لە ئاڵمان لەگەڵ نەمر غەنی بلووریانی کردووە. وتوێژی دووەم هەر باراچ کلیچ لەساڵی ١٩٩٧ بۆ هەمان کاناڵ بەڕێوەی بردووە. لە مانگی ئاوریلی ٢٠٠١ میدیا تیڤی بەرنامەیەکی تەواوی " ڕۆژباش کوردستان"ی بە مودێراتۆری مێدیا ڕێناس تەرخان کردووە بۆ وتووێژ لەگەڵ بلووریان و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠١ دا هەر لە میدیا تیڤی دا  بەڕێز دوکتور جەبار قادر لە بەرنامەی " بۆ مێژوو " دا وتوێژێکی درێژی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان کردووە کە لە پێنج ئاڵقە  لە دیسامبر ٢٠٠١ و  ژانڤییەی ٢٠٠٢ دا لە میدیا تیڤییەوە بڵاو کراوەتەوە.

لێرە دا ئەو چوار وتوێژانە بە وردی دابەزێندراون و ئامادە کراون. لە سێ بەرنامەی یەکەم دا بە مەبەستی هاسانکاری بۆ خوێنەرەوە پرسیاری مۆدێڕاتۆڕەکان لە کوردیی کورمانجییەوە کراونەتەکوردیی سۆرانی. لەم پۆستەدا بەشی یەکەم هەڤپەیڤینی سێیەم کە ڕۆژی دووشەمە ٢-ی ئاوریلی ٢٠٠١ لە میدیا تیڤی بڵاو کراوەتەوە دەخوێننەوە.

قسەکانی بەڕێز بلووریان ئەو جۆرەی وڵامی داوەتەوە، وەک دەڵێن بێ ئەوەی واوێکی لێ بپەڕێ وەکوو خۆی دابەزێندراوە. من وەکوو دابەزێنەری ئەو بابەتە هەڵوێستم لەمەر ڕووداوەکانی جودایی گرووپی حەوت کەسی

لە ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران هەر لە کاتی خۆی دا دەربڕیوە. دەکرێ لەگەڵ بۆچوونەکانی

نەمر بلووریان نەبین بەڵام لەڕوانگەی خۆیەوە بەشێک لە مێژووی سیاسی بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگێڕێتەوە. دابەزاندنی ئەو هەڤپەیڤینانە بە مەبەستی خزمەت بە ئاستە کردنی مێژووی سیاسی کراوە.

حەسەن قازی

دێسامبری ٢٠٢٦

تێڵێڤیزۆنی مێدیا، بەرنامەی ڕۆژباش کوردستان، ئاخافتن لەگەڵ غەنی بلووریان لە ستودیۆ، مۆدێڕاتۆر: مێدیا ڕێناس

بەرواری بڵاو بوونەوە دووشەمە  ٢-ی ئاوریلی ٢٠٠١ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، لە دابەزاندن دا پرسیارەکان هێنراونەتە سەر کوردیی سۆرانی

میدیا ڕێناس: مژاری ئەمڕۆی بەرنامەکەمان وەک دەزانن ئێمە لە٣١-ی مارس دا بە پەژارەیەکی زۆرەوە لە سێدارەدانی پێشەوا قازیی محەمەد و هاوڕێیانی ویمان وەبیر هێنایەوە. لە ساڵی ١٩٤٧ دا پێشەوا قازی و هاوڕێیانی لە سێدارە دران، قازیی محەمەد سەرۆکی کۆماری مەهاباد. ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ مامۆستا غەنی بلووریان لەمەر ئەزموونی کۆماری مەهاباد و هەر وەها لەمەر خەباتی مامۆستا قسە دەکەین.

هەر وەک لە سەرەتای بەرنامەش دا کوتمان ئەمڕۆ مژاری بەرنامەکەمان تایبەتی یە، بەیەکەوە  ئەمساڵیش سێدارەدانی پێشەوا قازیی محەمەد و هاوڕێکانی لە ٣١-ی مارسی ١٩٤٧ مان وەبیرمان هێنایەوە. ئێستا لە ستودیۆ مامۆستا غەنی بلووریان ئامادەیە ئێمە پێی دەڵێین بەیانیی باش مامۆستا! بەخێر بێن.

غەنی بلووریان: زۆر سپاس

میدیا ڕێناس: بەر لەوەی من دەست بە پرسیارەکانم بکەم پێم خۆشە بە کورتی مامۆستا بلووریان بە بینەرانی ڕۆژباش بناسێنم. مامۆستا غەنی بلووریان سیاسەتمەدارێکی کوردە، ماوەیەکی درێژ دە نێو سیاسەتی کورد دا بووە. خەڵکی مەهابادە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بنەماڵەیەکی سیاسی دا هاتووەتە دنیا و گەورە بووە. مامۆستا لە سەردەمی کۆماری مەهاباد دا لاوێک بووە و لەو ئەزموونە دا ژیاوە. لە لایەن کۆماری کوردستانەوە لەگەڵ نزیکەی ٥٠ جەوانی کورد دەنێردرێ بۆ جمهووری ئازەربایجانی سۆڤیەتی کە لەوێ پەروەردە ببن و بگەڕێنەوە خزمەتی کۆمار بکەن، بەڵام بەداخەوە کاتێک میوانی مە و لاوانی دیکەی کورد خەریکی خوێندن بوون لە ئازەربایجان، کۆماری مەهاباد تێک چووو هەڵوەشا، هەر بۆیە مامۆستا غەنی و زۆربەی ئەو لاوانەی لە ئازەربایجان دەیان خوێند دیسان گەڕانەوە خاکی نیشتمان. لە گەڕانەوە دا هەوڵی مامۆستا غەنی بلووریان لەتەک هێندێک لە هاواڵانی ئەوە بوو کە جارێکی دیکە بزاوی کوردی زیندوو بکەنەوە و هەر بۆیە درێژیان دا بە خەباتی خۆیان دە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دا.

دیارە ئەوەی سەرنجڕاکێشە مامۆستا دەگەڵ هاوڕییانی لەدوای تێکچوونی کۆمار جارێکی دیکە ڕۆژنامەیەکیان بە زمانی کوردی بڵاو کردەوە بە ناوی " ڕێگا". لەو ڕۆژنامەیە هەر دوو ژمارە بڵاو کرایەوە. لایەنێکی دیکەی ژیانی مامۆستا ئەوەیە کە لە ساڵانی ١٩٥٠ بەم لایەوە زۆر جار گیرا لەبەر خەباتی سیاسی و نەتەوەیی خۆی و لە ساڵی ١٩٥٩ دوای هێرشێکی بەربڵاو بۆ سەر ئەندامانی حیزبی دێمۆکڕات مامۆستا و ٢٥٠ کەس لە هاوڕێیانی گیران و بەڕێزیان لە ساڵی ١٩٥٩ تا ساڵی ١٩٧٩ دە زیندانێ دا ما، یانی ماوەی ٢٠ ساڵان مامۆستا غەنی بلووریان دە زیندانێ دا ما. لە بەندیخانە و گرتووخانەی جۆر بە جۆر لە ئێرانێ. پنج کەس لەو ٢٥٠ کەسە بە ئێعدام حوکم درابوون کە یەکیان ڕێزدار بلووریان بوو بەڵام ئەو حوکمە شکا و بوو بە زیندانی هەتا هەتایی.
مامۆستا دوای دەرکەوتن لە زیندان درێژەی دا بە خەباتی خۆی دە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دا و دە کۆنگرەی چواری ئەو حیزبە دا وەک ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا، بەڵام دواتر ئەو و  چەند ئەندامی دیکەی ڕێبەرایەتی لە بەر جیاوازی بیروڕا لە حیزبی دێمۆکڕات جوێ بوونەوە و وەک لایەنگرانی کۆنگرەی چواری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران درێژەیان بە چالاکی خۆیان دا. دوایە ئەو لایەنەش بڵاوەی دەکا و مامۆستا لەگەڵ حیزبی توودە دەکەوێ لەگەڵ چەند هاوڕێی خۆی بەڵام دیسان لەبەر جیاوازی بیرو ڕا لەو حیزبەش جیا دەبێتەوە ولە دوای ساڵانی ١٩٨٠ ئیدی مامۆستا لە دەرەوەی وڵات دەژی. بێگومان ژیانێکی ئاوا مرۆ ناتوانێ بە چەند سەعات و بە چەند ڕۆژان بگێڕێتەوە بەتایبەتی ئەوەی کە مامۆستا زیاتر لە بیست ساڵ لە ژیانی خۆی دە زیندان دا تێپەڕاندووە.
ئێمە ئەمرۆ زۆری پێ خۆشحاڵین بەڕێزیان میوانی ئێمەن. مامۆستا ئەمن هێندێک ئێوەم ناساند، بێگومان ئەوە کەمە چونکوو ئەو هەموو خەبات و تێکۆشانی ئێوە تێری ماوەیەکی ئەوەندە کورت ناکا. با لێرەوە دەست پێبکەین ئێمە باسی ساڵوەگەرێ لە سێدارە درانی پێشەوا قازیی محەمەد و هاوڕێکانمان کرد دەمەویست لە سەرەتا دا هێدێک لەسەر کەسایەتی پێشەوا قازیی محەمەد و هاوڕییانی باس بکەی.
لە سەرەتاوە لە قازیی محەمەدەوە دەست پێ بکەین، ئێوە لە سەردەمی کۆمار دا ژیاون، کەسایەتی قازیی محەمەد بە دیتنی ئێوە چۆن بوو؟

غەنی بلووریان: بەر لەوەی کە دەست پێ بکەم  بە باسی کەسایەتی، شەخسییەتی قازیی محەمەد وام پێ باشە هێندێک بگەڕێمەوە دواوە بۆ زەمانی ڕەزا شا. ڕێژیمی ئێران ئەو دەم بە ڕێبەریی ڕەزا شا پەیوەندی هەبوو لەگەڵ دەوڵەتی هیتلێری و جاسووسەکانی نازی و هیتلێری لە ئێرانێ بە وەسیلەی ڕەزا شا دەستووباڵیان باز بوو، چالاکی خۆیان دەنواند، بە تایبەت لە نێو عەشاییری دەوری نەفت کە خووزستان بوو چالاکییان دەنواند. لەو بەرەشەوە خەتری هەبوو بۆ مەرزی شووڕەوی، سۆڤیەتی پێشوو کە ئەویش نەفتی باکۆی هەبوو لەوێ هیتلێر چاوی لەویش بوو، چاوی لە نەفتی ئێرانیش  بوو. بۆ ئەوەی کە ئەو خەتەرە لابەرن لە سەر پەیوەندی دەوڵەتانی ئەمریکاو ئینگلیس وە فەڕانسە جەبهەی موتەحیدی دژی فاشیستی قەراریان دا کە ئێران داگیر بکەن و جاسووسانی هیتلێری لە ئێران دەر کەن و  حکوومەتەکە لە دەست ڕەزاشای بێتە دەرەوە و ئەو خەتەرە لە سەر باکۆ و ئازەربایجانی شووڕەوی و نەفتەکەی و لەسەر نەفتی ئێرانیش ئەو خەتەرە لابەرن.
ئەوە بوو کە قشوونی ئەمریکی و ئینگلیسی هاتن بۆ داخڵی ئێران، ئێرانیان گرت، حکوومەتی شووڕەویش دەگەڵ ئەوان هات تەقسیم کرا ئێران بەینی ئەوانە، بەشی زۆری قسمەتی شمال کەوتە بەردەستی شووڕەوی کە بەشێک لە ئازەربایجان کە کوردستانی مەهاباد و دەوروبەری وەکوو ئازەربایجان چەسپێندراوە بە ئازەربایجان بەڵام ئەو بەشی کوردستان کە غەڕبی ئێرانە کە دەکەوێتە سەنەندەج و کرماشان و ئیلام و ئەوانە کەوتە دەست ئینگلیس. لەسەر قەرارێکی کە دابوویان ئەو حدوودانە تەقسیم کرا بوو هیچیەک لەوانە دەستێوەردان نەکەن دە کاروباری یەکتری دا. ئەو دەم ئیمکاناتێک بە وجوود هات لە کوردستانی ئێران، لە ڕۆژهەڵات، لە مەهاباد. دیارە پێش ئەوەی کە من باسی ئەوەی بکەم کە لە کوردستان حەڕەکە دەستی پێکرد لە زەمانی ڕەزا شا دا چالاکی ڕەوشەنفکرانی کورد دەستی پێکرد بوو بە زۆر نهێنی، زەمینەیەکی باشیان دروست کرد بوو  بۆ تەشکیلی کۆمەڵەی ژێکاف. بەڵام چونکوو دیکتاتۆری زۆر سەخت بوو، فشار زۆر بوو ئەو چالاکییانە بە شکڵێکی ڕەسمی نەیدەتوانی موبارەزە ئیدامە بدرێ، خەبات بکرێت بە نهێنی  هاتوچۆ هەبوو دەگەڵ یەکتریان، خەڵکەکە پێکەوە، ڕەوشەنفکرانی کورد هەتا قشوونی شووڕەوی هات واریدی مەهاباد بوو. مەهاباد و مەنتەقەی ئازەربایجانی غەڕبی بوو.

ئازەربایجانی غەربی کە باس دەکەین مەقسەد ئەوەیە مەرکەزی ئورومییەیە. کوردستانی مەهاباد و بەشی موکریان و ئەو مەنتەقانە خودی ڕەزا شا، زەمانی ڕەزاشا بۆ ئەوەی کە جونبشی کورد لە مەهاباد ئەو دەم زۆر بە تین و قەوی بوو ئەوانەیان دابڕی لە کوردستانی بەخشی غەڕبی ئێران لە کرماشان و سنە و ئەوانە. مەنتەقەی مەهاباد و موکریانیان  دەگەڵ ئازەربایجان تێک خستەوە. دەگەڵ ئەوانەیان پەیوەند پێ دا، ئەو ڕابیتەیان بەینی مەهاباد و مەنتەقەی موکریانی دەگەڵ مەنتەقەی سنە و سەقز و کرماشان و ئەوانەوە قوت کرد.
ئەو دەم کۆمەڵەی ژێکاف زەمینەیەکی چەنگ کەوت کە بە عەلەنی، بە ئاشکرا بێتە خەباتی جەماوەری کە موجەلەیەکی دەر کرد بە نامی " نیشتمان" وە خەباتی خۆی بەردەوام کرد.

میدیا ڕێناس: مامۆستا ئەوانە هەموو بەر لە کۆمار بوون؟

بلووریان: بەر لە کۆمار بوو. ئەمن مەخسووسەن ئاوام کرد کە بەرە بەرە بچینە شەخسییەتی قازیی محەمەد، پاشان بچینە سەر کۆمار. بە تەدریج بڕۆین، قەدەم بە قەدەم بڕۆین. کۆمەڵەی ژێکاف کە تەشکیل بوو، دیارە دروشمی کۆمەڵەی ژێکاف کوردستانی سەربەخۆ بوو، هەموو کوردستان بە تێگڕایی، نەک کوردستانی ڕۆژهەڵات.

میدیا ڕێناس: هەر چوار پارچە

بلووریان: هەر چوار پارچە، دروشمی ئەم، شیعاری ئەم ئەوە بوو. دەگەڵ هێندێک ئەحزابی کوردی باشوور و دەگەڵ هێندێک شەخسییەتهای باکوور وەکوو مەلا وەهابێک، بە نێوی مەلا وەهاب کە لە کوردستانی باکوورەوە هاتبوو دەگەڵ  کۆمەڵەی ژێکاف پەیوەندییان پێکەوە گرت کە بەیەکەوە خەبات بکەن، موشتەڕەک بۆ خەبات بۆ ئازادی هەموو کوردستان. بەڵام ئەو دەم شووڕەوی موافیقی ئەو دروشمە نەبوو. شوورەی کە لە مەهاباد تەسەلوتی بە سەر مەهاباد دا هەبوو دەگەڵ ئەو دروشمە موافیق نەبوو بە خاتری ئەوەی کە عەقیدەی خۆی وابوو کە ئەو دروشمە دروشمێکی زووە ئێستا، ئێمکانی وەی هەموو کوردستان موبارەزەی بۆ بکرێ موشکیلە. دەکرێ لە چوار چێوەی ئێران ئەو خەباتە دەست پێ بکرێ بۆ کورد بۆ خودموختاری. دیارە بەینی ئەمریکا و شووڕەوی و ئینگلیس قەرار درا بوو کە دەستێوەردان لە خاکی ئێران و پارچەپارچە کردنی ئێران دەستێوەردانی تێدا نەکرێ. لەسەر ئەو بڕیارە شووڕەویش نەیدەویست ئەو مەسەلەیە پشتیبانی بکات، لە سەر هەموو پارچەکانی کوردستان و موبارەزە بۆ، خەبات بۆ پێکهێنانی کۆمارێکی کورد لە هەموو پارچەکان دا. بۆ بەرژەوەندی خۆی ڕێگای نەدەدا بەسەر ئەوە دا.
ئەوە بوو قەرار درا کە گۆڕانکارییەک لە کۆمەڵەی ژێکاف دا پێک بێنن، ئەو گۆڕانکارییە ببێتە خەباتێک بۆ، لە چوارچێوەی خاکی ئێران، بۆ خودموختاری. ئەوە بوو کە دروشمی دێمۆکڕاسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان لێرە دا هاتە کایەوە. لە کۆنگرەیەکی دا کە تەشکیل بوو کۆمەڵەی ژێکافیان گۆڕی ناویان نا حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان. یانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان حیزبی پێشەوا قازیی محەمەدە، دامەزرێنەری قازیی محەمەد ە، ڕەهبەریشی قازیی محەمەد بووە.

میدیا ڕێناس: مامۆستا چ ساڵێک پێک هات؟

بلووریان: حیزبی دێمۆکڕتی کوردستان، تاریخەکەی ئەمن بە دروستی لە بیرم نییە بەڵام دەبێت مەسەلەن ساڵی ١٣٢٢ –ی ئێرانی، ٦٢١-ی پێ ئیزافە کە دەبێتە چی ١٩٤٥ دروستە؟ ئەوە بوو کە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان تەشکیل بوو بە دروشمی دێمۆکڕاسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان. دیارە لێرەش دا کۆمارێکی دیکە تەشکیل بوو وەکوو کۆماری ئازەربایجان [ ئازەربایجان قەت کۆماری ڕانەگەیاند بەڵکوو بە تەشکیلاتەکەی خۆی دەگوت میللی حکوومەت واتە حکوومەتی میللی. ح.ق]، مەرکەزی تەبریز. ئازەربایجانییەکان عەقیدەیان وابوو کە مەنتەقەی مەهاباد و موکریان جزوی سەرزەمینی ئازەربایجانە، بە حیسابی ئەوەش کە ڕەزا شاش ئەو تەقسیماتەی کرد بوو مەنتەقەی مەهاباد و موکریانی دابوو بە ئازەربایجانی غەڕبی، لەسەر ئەوە ئازەربایجانییەکان ڕاوەستا بوون لەسەری دەیانگوت کە ئەوە جزوی ئازەربایجانە ئیجازەیان نەدەدا کۆمار تەشکیل ببێت. دیارە ئەو دەمی باغرۆف کە ڕەئیش جمهووری ئازەربایجانی شووڕەوی بوو [ دیارە باغرۆف سکرتێر و ڕێبەری پارتیی کۆمۆنیستی ئازەربایجان بوو، نەک ڕەئیس جەمهوور. ح. ق]، پشتی ئەو دروشمەی دەگرت. بەڵام قازیی محەمەد لە کۆبوونەوەیەک دا کە لە تەبرێز پێک هات دژی ئەوە ڕاوەستا کوتی ئێمە خۆمان تەسمیم دەگرین، خۆمانیش کۆمار دروست دەکەین و خەباتیشی بۆ دەکەین، بە هەموو شێوەیەکی خەبات.
شووڕەوی پاشەکشەی کرد لەو ڕەوشەی قازیی محەمەد کە تەسمیمی گرت ئەو کارە بکات، پاشەکشەی کرد و قەبووڵی کرد کە کوردەکانیش خۆیان بۆخۆیان کۆماری خۆیان پێک بێنن. ئەوەی کە زۆر تەبلیغات دەکرێ، دوژمنان تەبلیغات دەکەن کە کۆماری مەهاباد ئیتیحادی شووڕەوی/ یەکێتی سۆڤیەتی دروستی کردووە ئەوە پڕ غەڵەتە، پڕ درۆیە، پڕ تۆهمەتە. ئەسڵەن ئەوان دژی تەشکیلی کۆماری مەهاباد بوون، چون شووڕەوی بە پشتیوانی لە ئازەربایجان دەیانەویست ئەو مەنتەقەی بە ئازەربایجان حیساب بکەن، بەڵام قازیی محەمەد ڕاوەستا و کۆماری تەشکیل دا بە بێ موافەقەت و ئیزنی ئیتیحادی شووڕەویش و ئازەربایجانی پیشەوەریش کە ڕەهبەری ئازەربایجانێ بوو پیشەوەری.

میدیا ڕێناس: [ قازیی محەمەد] کۆماری ئێعلان کرد؟

بلووریان: کۆماری ئێعلان کرد بەڵێ.

میدیا ڕێناس: بەڵام مامۆستا دەگوترێ کە سۆڤیەت پشتیوانی کرد، ئاریکاری کرد.

بلووریان: پشتیوانی لە چی؟

میدیا ڕێناس: پشتیوانی لە کۆمار. پشتیوانی نەبوو؟

بلووریان: کێ شووڕەوی؟

میدیا ڕێناس: ئیتیحادی سۆڤیەتی

بلووریان: ئیتیحادی سۆڤیەتی ئاریکاری بەو شێوەی کە دەگەڵ ئازەربایجان دەیکرد دەگەڵ کوردستان بەو شێوەی نەدەکرد. هێندێک سیلاحی دەدا، کۆمەگ دەکرد بەڵام کەم. ئەوەی کە زۆرتر سیلاحی دەدا بە ئازەربایجان، هەموو نەوعە چەکێکی دەدا بە ئازەربایجان بەڵام بە غەیرەز تفەنگ، ئەویش تفەنگی بڕنۆی ئی زەمانی هیتلێری بوو کە بە چەنگ شووڕەوی کەوتبوو، ئەوەی هێنا دای بە کوردستان بەڵام بە ئازەربایجان دا هەموو شتێکی هەبوو!! حەتتا تانک و زۆر شتی، سیلاحی سەنگین و قورسیشی دابوو بە ئازەربایجانێ، بەڵام بە کوردستانی نەدەدا.
عیلەتەکەشی ئەوە بوو بە نەزەری من، عیلەتەکەشی ئەوە بوو کە ئەو سیلاحانەی نەدەدا چونکە دەیزانی کوردەکان دروشمی کۆماری کوردستانی گەورەیان هەیە، کوردستانی مەزنیان هەیە. ترسیان لەوە بوو کە ئەو سیلاحانە بۆ ئەو ئاڕمانجە بەکاری بێنن کە ئەوە بە بەرژەوەندی شووڕەویش نەبوو  لەسەر ئەو قەرارەی کە دەگەڵ ئەمریکا و ئینگلیسی بەستبووی ئەوە بوو کە سیلاحی سەنگینیان نەدەدا.

میدیا ڕێناس: بەڵام بۆچی ئاریکاری کۆماری ئازەربایجانیان دەکرد؟

بلووریان: کۆماری ئازەربایجان بە خاتری ئەوەی کە بەشێک لە کۆماری ئازەربایجان دەگەڵ شووڕەوی بوو. جەمهووری ئازەربایجان مەرکەزی باکوو. سیاسەتی خودی باقرۆف کە ڕەهبەری ئازەربایجانی شومال بوو مەرکەزی باکوو ئەوان هەدەفیان ئەوە بوو ئەگەر بتوانن ئیمکان هەبێ ئازەربایجانی ئێران بخەنە سەر ئازەربایجانی شووڕەوی. جا لەبەر ئەوە بوو کۆماری مەهاباد و ئەوانەشیان ڕازی نەدەبوو  بە خاتری ئەوەی دەیانگوت ئەوەش ئازەربایجانە، ئەوەش دەگەڵ ئەوان بچێت  بۆ لای شووڕەوی و موعتەقیدیش بوون کە ئەوە خەباتی بۆ بکەن. بەڵام بەخاتری سیاسەتی ئەمریکا و ئینگلیسی کە دژی ئەو مەسەلە بوون شووڕەوی زۆر جیدی نەبوو لە پشتی ئەو مەسەلە بگرێ کە جودا بکاتەوە لە ئێران بە خاتری ئەو قەرارەی دابوویان کە نابێ دەستێوەردان و تەقسیمی ئێران بکرێت. بەڵام بۆ ئەوەی کە ئازەربایجان خۆی جەمهووری تەشکیل بدا پشتی دەگرت کە خۆی جەمهووری تەشکیل بدا. کە کۆماریش خۆی جەمهووری خۆی تەشکیل دا کۆماری مەهاباد، کۆماری کوردستان.
ئەو دەم ئێمە بۆ ئەوەی دەرس بخوێنین بچینە شووڕەوی فێری دەرسی عەسکەری نیزامی بین عیدەیەکیان هەڵبژاردین ڕۆیشتین بۆ شووڕەوی بۆ دەرسی نیزامی بۆ گەڕانەوەمان بێنین دە ئەڕتەشی جەیشی کوردستان کار بکەیین.

میدیا ڕێناس: مامۆستا بەر لەوەی کە ئێوە بچنە ئازەربایجان دەگەڵ لاوانی کورد، چوون بۆ ئازەربایجان بۆ ئەوەی پەروەردەی عەسکەری ببینن. بەر لەوە ئێعلان کردنی کۆماری مەهاباد، کۆماری کوردستان تەئسیری چ بوو لە نێو کوردان دا؟ دەکرێ هێندێک باسی بیرەوەری ئەو دەمی بکەی؟

بلووریان: ئەگەر ئێمە موقایەسە بکەین بەینی کۆماری مەهاباد، بڵێین کۆماری کوردستان دروستترە دەگەڵ کۆماری ئازەربایجان موقایەسە بکەین تەفاوەت زۆرە. لە کوردستان هەستی  نەتەوایەتی قەوی بوو. خەڵکەکە خواستی هەبوو پشتیوانی لەو دروشمەی کرد کە قازیی محەمەد بەرزی کردەوە کۆماری مەهابادیان کە تەشکیل دا کوردستان بەغەیرەز عیدەیەک ڕەئیس عەشایر کە ئەوانە هەمیشە فێئۆدالیزم ئەسڵەن دژی مەسڵەحەت و بەرژەوەندیی کورد بوون لە توولی تاریخ دا بەغەیرەز ئەوانە موخالیف بوون ئەگینا، دیارە بەعزێکیش لە فێئۆدالیزمی میللیش هەبوو کە ئەوانیش پشتی مەهابادیان گرت، پشتی کۆماریان گرت  وێگڕا دەگەڵ خەڵک. کوردستان پشتیوانی کۆماری مەهاباد خەڵکی کورد بوو دە حاڵەتێکدا لە ئازەربایجان خەڵکی ئازەربایجان پشتی کۆماری ئازەربایجانی نەدەگرت ئەسڵەن  خواستی نەتەوایەتی زۆر زەعیف بوو لە ئازەربایجان. زۆر زۆر نزم بوو، بەڵام لە کوردستان زۆر زۆر بەرز بوو.ئەوە بوو کۆماری مەهاباد دە حەقیقەت دا کۆمارێکی  دامەزرێنەرەکەی خەڵک بوو  یانی خەڵک پشتیوانی تەواوی دەکرد، بە گیان و بەدڵ ئامادە بوون. لە ئازەربایجانێ بەو شێوەیە نەبوو.
لە کۆماری مەهاباد دا بەو شێوەیە کە دەزانین بۆ ئەوەڵین بار بە زمانی کوردی مەدرەسە داندرا، ڕۆزنامە داندرا. موجەلە هەبوو، ڕۆزنامە هەبوو بە زمانی  کوردی خەڵک ئیستیقباڵی لێ دەکرد، زۆر شاد بوو خەڵکی کوردستان بەو کارە بەڵام هەر وەکوو تاریخ نیشانی دا زل هێزەکان، ئەو هێزە گەورانەی جیهانی بۆ بەرژەوەندی خۆیان پشتی کۆماریان نەگرت و پشتی حکوومەتی ئێرانیان گرت. شووڕەویش بۆ خۆی بە خاتری وەی مەسڵەحەت و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی هەبێ چاوی لە نەفتی شیمالی ئێران بوو دەگەڵ حکوومەتی ئێران ڕێک کەوتن بۆ وەی کە نەفتی شیمال بدەن بە شووڕەوی، شووڕەویش لە بارەی کۆماری ئازەربایجان و کوردستان دا بێدەنگ بێت.یەک ئەمە بوو، یەکیش قەرار بوو لە زەمانێکی موعەیەن دا قشوونی ئەمریکی و ئینگلیسی و شووڕەوی لە ئێران دەرچن.
ئەوە بوو ئەمریکا و ئینگلیس دەرچوون دە وەختی خۆی دا کە قەرارەکەیان دانا بوو بەڵام شووڕەوی دەر نەچوو. شووڕەوی بەخاتری ئەوەی دەرنەچوو کە دەیەویست ئیمتیازی نەفتەکەی بستێنێ، لە مەجلیسی ئێرانیش قبووڵی بکەن ئەو دەم جا دەرکەوێ. بەڵام لەسەر زەخت و فشاری ئەمریکا و ئینگلیس مەجبوور بوو بچێتە دەرەوە. ىچێتە دەرەوە و نەفتەکەی قەول و قەراریان پێ دا نەفتەکەشی هەر بدەنێ. ئەوە دە حەقیقەت دا فیدای نەفت بوو. لە کوردستانی بەشی تریش هەر ئەو نەفتە باعیسی بەدبەختی میللەتی کورد بووە، ئێستاش هەر هەیە، مولاحەزەت فەرموو.

میدیا ڕێناس: مامۆستا پرسیاری بینەرێکمان بە تەلەفون ئەوەیە. کاتێک کۆماری کوردستان تێک چوو ئەو فاکتۆرانەی بوونە هۆی ئەو تێکچوونە چی بوو و گەلۆ کوردیش خیانەتیان پێ کرد بۆ ئەوەی تێک بچێ؟

بلووریان: عەرزت بکەم هەر وەکوو پێشووش عەرزم کردن هێندێک لە فێئۆداڵهای کورد ئەو دەم کە لە کۆمار دا بەشداریشیان دەکرد لە ژێرەوە دەگەڵ حکوومەتی تاران پەیوەندییان هەبوو. پەیوەندییان هەبوو بەڵام بزاویان نەدەتوانی بکەن، حەرکەتیان نەدەتوانی بکەن دژی کۆمار بە خاتری جەماوەری کورد بەڵام دژایەتیان هەبوو خەیانەتیان دەکرد لە ژێرەوە. دیارە هەموو فێئۆداڵەکان ناتوانین ئەوە باس بکەین. هێندێک لە فێئۆداڵی کوردی میللی ئینسانی باش بوون لە کەنار کۆمار بوون، لەکەنار پێشەوا قازیی محەمەد بوون کاریان ئەکرد. بەشێکیش لەوانە دەگەڵ قازیی محەمەد شەهید کران لە سەقز، لەو بەگزادانەی سەقز، ئەوانیش هەر ئاغا بوون، ئەرباب بوون، فێئۆداڵ بوون بەڵام ئینسانی میللی بوون، نیشتمان پەروەر و کورد پەروەر بوون بەڵام لە ژێرەوەش ئەشخاسی تر هەبوون، فێئۆداڵی تر هەبوون کە لە ژێرەوەش یارمەتییان دەدا بە حکوومەتی ئێران، جاسووسیان دەکرد، ئیتیلاعاتیان دەدا ئەمانە ئەو خەیانەتەشیان دەکرد.

میدیا ڕێناس: ئەوانە کورد بوون؟

بلووریان: بەڵێ کورد بوون. کوردی فێئۆداڵی مەنتەقە و مەڵبەند بوون. حەتا ناوی هێندێک لە وانە لە ئێعلامی کۆماری مەهاباد دا ئێعلام کرا، نێویان کوتن، ئەوانەی کە لە ژێرەوە خەیانەت دەکەن ناویان کوتن، دیارە ئەمن نامەوێ ئێستا باسی ئەوە بکەم. ئەوە شتێکە بۆ ئەوڕۆ بە قازانج نییە بەڵام ئەو دەم نێوەکانیان کوتن کە ئەو عەشیرەیە، ئەو فێئۆداڵە، ئەو فێئۆداڵە، فڵان فێئۆداڵە ئەوانە لە ژێرەوە خەیانەت دەکەن. ئەوە کوتراوە ئەو مەسەلەیە.
بەڵام هەر وەکووباسم کرد لە سەر بەرژەوەندی خودی ئەمریکا و شووڕەوی و ئینگلیس مەجالی ئەوەی کۆماری مەهاباد حەیاتی هەبێ و ئیدامەی پێ بدرێ مەجالی نەبوو چونکە ئەوانە موافەقەتیان نەدەکرد. ئەمریکا و ئینگلیس بە تایبەت شووڕەویش هەدەفی ئەوە بوو کە، دە حەقیقەت دا شووڕەوی ئەو پشتیوانییەی کە لە ئازەربایجانی دەکرد یا ئەگەر لە کوردستان بیکردبا بۆ بەرژەوەندی خۆی بوو نەک دڵسۆزی بۆ ئەو. ئەوە بوو کە کۆمار بەداخەوە بە ساوایی حکوومەتی ئێران قشوونی هێناوە ئازەربایجان. لە ئازەربایجان هێندێک عەناسوری خائینی ئازەربایجانی کە زەمانی کۆماری ئازەربایجان [ لە سەرەوە شیکراوە کە نێهزەتی ئازەربایجان بە ڕێبەری پێشەوەری بە تەشکیلاتی خۆی نەدەگوت کۆمار بەڵکوو ناوی میلی حکوومەت [ حکوومەتی میللی] ی دەکار دەکرد. ح.ق]  فەراریان کرد بوو چووبوونە تێهران دەگەڵ جەیشی ئێران و ئەڕتەشی ئێران هاتنەوە بۆ ئازەربایجان. ئەڕتەشی ئێران ئەوانەیان دا پێشەوە. دا پێشەوە ئەوانە خەڵکی ئازەربایجانیان قەتڵی عام کرد تاڵان و غاڕەت و ئەمانەیان کرد. بیست هەزار نەفەر ئینسان کووژران لەوێ.

میدیا ڕێناس: بیست هەزار نەفەر؟
 بلووریان: بیست هەزار کەس  ئینسان کووژران بە دەستی خودی ئازەربایجانیان. ئەو ئازەربایجانیانەی کە ئوباش و خائین بوون، خۆ فرۆش بوون لەگەڵ حکوومەت هاتن، حکوومەت ئەڕتەشی نەبردە پێشێ دەپێشدا، ئەوانەی دانا بچنە ئازەربایجان کوشتاری خۆیان بکەن کە بڵێن خەڵکی خۆیان خۆیان یەکتریان کوشتووە.

میدیا ڕێناس: مامۆستا ڕووداوێکی زۆر تڕاژێدییە. تەلەفۆنێکی دیکەمان هەیە. ئەو تەلەفۆنەمان لە ئاڵمانەوەیە. ئێمە بەو بینەرەمان کە لەسەر هێڵی تەلەفۆنە دەڵێین ڕۆژباش!

ئیبڕاهیـم: ڕۆژ باش سپاس  بۆ پڕۆگڕامەکەتان.

میدیا ڕێناس: گەلێک سپاس بۆ ئێوەش

ئیبڕاهیم: ڕێز و حورمەتی خۆم پێشکێش دەکەم بۆ شەهیدانی چوار چرا، بۆ هەموو شەهیدانی سەربەرزی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانێ. بەخێرهاتنی بەڕێز مامۆستا بلووریان دەکەم.

بلووریان: زۆر سپاست دەکەم

ئیبڕاهیم: هاوڕێ میدیا، تاوێک لەوە پێش کە تۆ مامۆستا بلووریانت ناساند لەبەر ئەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵات نی پێویستە هێندێک شتتان بۆ ڕوون کەمەوە. مامۆستا بلووریان لە ڕۆژی ١٨-ی مارسی ١٩٤٦ لە گۆڤاری کوردستان ئۆرگانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانێ ئێرانێ دا شتێکی نووسیوە بە ناوی " ئازادی " [ دیارە ئەو کەسەی تەلەفۆنی کردووە وەهاب بلووریان برای گەورەی کاک غەنی لەگەڵ وی تاق و جووت کردووە. ئەو کەسەی لە گۆڤاری کوردستان دا بابەتی نووسیوە وەهاب بلووریانە کە لە سەردەمی کۆمار دا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حدک بووە. ح.ق]. ئەو نووسینەی وی ئی ٥٤ ساڵ لەمەو بەرە. نووسیویە کە ئازادی چەند لکی هەیە، ئازادیی وڵات، ئازادیی قەڵەم، ئازادیی زمان، ئازادیی عەقیدە، ئەوانە دەناسێنێ. یانی ئەوە بەڵگەیەکە. مامۆستا بلووریان پێش ٥٤ ساڵ لە سەر ئەو بوارانە قسەی کردووە بەڵام ئێمە ئەمڕۆ دەبینین لە کوردستانێ ئێمە دا شتێکی ئەوتۆ نەگۆڕاوە. کورد هەر بندەستن. دوای ئەوەی کە کۆماری کوردستان بەدەستی دوژمنانی کوردستان ڕووخا، کوردی ئێمە ڕۆژهەڵات ناچار لە کوردستان دەرکەوتن. مامۆستا بلووریان چەند ساڵ کەوتە بەندیخانە، ئەشکەنجە کرا، لە زیندان دا  نەخۆش کەوت چەند جار ڕۆژنامەنووس لەلایەن خاچی سوورەوە چوونە زیندانێ کە شۆڕشگێڕانی کورد وەکوو مامۆستا بلووریان، شەهید عەزیز یۆسفی زیارەت بکەن و وەزعی ژیانیان لە ناوخۆی زیندان بزانن. بەڵام حکوومەتی ئێران رێگەی نەدەدان. لە دوای سەرهەڵدانی ڕۆژهەڵات، سەرهەڵدانی ئێران و ئەو خۆپێشاندانانەی کە لە ئێران کران مامۆستا بلووریانیش لە زیندان دەرکەوت. لە مەهاباد بەهەزاران کەس پێشوازییان کرد لە مامۆستا بلووریان کاتی هاتنەوەی. خەڵک هاواریان دەکرد:
" مامە غەنی هاتەوە/ یاخودا بەخێر بێتەوە". ئەوە شتێکی مێژووییە ئێمە ناتوانین حاشای لێ بکەین. دوای ئەوە مامۆستا بلوریان لە مەهاباد دیسان تێکەڵی چالاکی حیزبی دێمۆکڕات بوو. مامۆستا بلووریان وەکوو نوێنەری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران کاندیدای مەهاباد بوو بۆ نوێنەرایەتی لە پارڵمانی ئێران دا. مامۆستا بلووریان ٢٩٣٨٥ دەنگی مەهابادی هێناوە یانی لە سەدا ٨٢ ی دەنگی بەدەست هێنا. دوای چەند مانگ حیزبی توودەی ئێران خۆی خزاندە ناو شۆڕشی کوردستانی ئێران خەیانەتی دەستی پێکرد حیزبی توودە نامیلکەیەکی نووسی ناردییە لای ئاغای بلووریان و سیڕاجی و کەسی دیکە ئەوان ژێر ئەو بانگەوازەیان ئێمزا کرد و لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران جوێ بوونەوە. لە هەلومەرجێکی زۆر خراپ دا کە کوردستان کەوتبووە بەر هێرشی حکوومەتی ئێران و بە هەزاران  کوردی ئێمە ئێعدام کرا بوون حکوومەتی ئێران بە فڕۆکە، بە هێلیکۆپتێر کوردستانی دەسووتاند و خەڵکی دەکوشت، ئەو زەمانی پێڕۆیانی بارزانیش لە ناوچەی سۆما و برادۆست دژی ئێمە شەڕیان دەکرد، دژی کوردی ئێران شەڕیان دەکرد. ئەوانە بە هاوکاری عەسکەری ئێرانی لە کوردی ئێمەیان دەدا دەیان کوشتن. دەو وەختی دا مامۆستا بلووریان و ئەو کەسانەی لەگەڵی بوون بەئالیکاری مرۆڤی بارزانی لە هەمبەر کوردی ئێمە دا شەڕیان دەکرد. بەڵگە هەیە کە لە زستانی ١٩٨٠ دا حکوومەتی ئێران بۆ قیادەی مووەقەت واتە لایەنگرانی بارزانی، و غەنی بلووریان و ڕەحمان کەریمی پەیامی ناردووە. ئەو جوێبوونەوەی مامۆستا غەنی بلووریان لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانێ زەرەرێکی زۆر زۆر گەورەیە کە مرۆ باوەڕ ناکا جارێکی دیکە ئەوە بۆ گەلی ئێمە قەرەبوو بکرێتەوە. مامۆستا بلووریان دوای ئەوە لە بڵاوکراویەک دا کە بەرواری ١٣-ی مانگی ١٩٨١ دا بڵاو کراوەتەوە دەڵێ ئەو شەڕەی کە ئێمە لە باکووری کوردستانی ئێران کردمان و لایەنگرانی قاسملوومان و هێزی پچووکی ئەوانمان لە سەڵماس و تا شنۆیە لە ناو برد و بە یارمەتی هێزی پێشکەوتووی شۆڕشگێڕ دەرمان پەڕاندن. بەڵام مامۆستا بلووریان ئەو دەمی بەڕێزت ئەندامانی حیزبی دێمۆکڕاتی ئێرانت دەکوشت گەلۆ ئەوە کارێکی شۆڕشگێڕانە بوو؟ مامۆستا بلووریان دەڵێ:

" شکست باند قاسملو و متحدین ڕنگارنگش پیروزی انقلاب مردمی در کردستان است". یانی بۆ مامۆستا بلووریان لە ناوبردنی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران ئەوە شۆڕشێکی زۆر باشە. بەڵام من شتێک دەڵێم، ئەوانە بەڵگەن بە دەستمانەوەن. مامۆستا بلووریان لە بڵاوکراوەیەکی دیکە دا دەنووسێ ئەویش ئی ساڵی ١٩٨٠ یە، دەنووسێ کە خەڵکی کوردستانی ئێران، خەڵکی بەشەڕەفی شاری مەهاباد ىچن ناوی خۆتان وەک سەرباز و بەسیج و پاسدار بنووسن و وەرن لە دژی دەستنێژانی سەدام و مرۆڤێن قاسملوو شەڕ بکەن. مامۆستا بلووریان وڵامی چییە بۆ ئەو قسانە؟ کە بە هاوکاری عەسکەری ئێرانێ کوردی ئێمەیان دەکوشت و ئەندامی پێشکەوتووی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانیان قەتڵی عام دەکرد.

میدیا ڕێناس: زۆر سپاس زۆر درێژە بووەوە. هیوادارین ئەو کەسانەی تەلەفۆن دەکەن کات لەبەرچاو بگرن. مامۆستا وەک گوێت لێ بوو بینەڕێک بەشداری بەرنامەکەمان بوو هێندێک هەڵسەنگاندنی کرد. دەمەویست بۆچوونی بەڕێزت لە سەر قسەکانی ببیسم.

بلووریان: عەرزت بکەم ئەو کەسەی کە قسەی کرد دیارە نێوی ئەسڵی خۆی نەکوتووە ناوی وی ئیبڕاهیم نییە، ناوێکی تر هەیە بەڵام بە نێوی ئیبڕاهیم قسەی کرد بەڵام ئەو برادەرە پڕ خەتا دەکا، ئیشتیبایە دەکا، غەڵەتییە قسەکانی وی. بە خاتری ئەوە ئێمە کۆنگرەی چواری حیزبی دێمۆکڕات کە دامەزرا بەر لە کۆنگرەی چوار ئێمە دەگەڵ زیندەیاد قاسملوو قسەمان کرد کە ئێمە شەڕ نەکەین باشە وە پشتیوانی سەدام حوسێن. سەدام حوسێن دوژمنی میللەتی کوردە، شەڕ نەکەین باشە ئێمە بە موزاکەرە، بە وتوێژ مەسائیلی خۆمان حەل بکەین. وە کۆنگرەی چواریش کە تەشکیل بێت، کۆنگرەی چواریش ئەو مەساجە [ مەسەیج = پەیام ح.ق] مەتڕەح بکا بۆ مەسەلەی موزاکەرە.

وە بوو ئێمە کۆنگرەمان تەشکیل دا. من لە خاتراتی خۆمدا بە ناوی  "ئاڵەکۆک" ئەو شتانەم ڕوون کردۆتەوە. ئەو برادەرە یا ئاڵەکۆکی نەخوێندۆتەوە یا ئەگەر خوێندوویەتەوە نایهەوێ حەقیقەت بڵێ، نایەوێ حەقیقەت قبووڵ بکات. من بە سەداقەتەوە، لە ئاڵەکۆک دا هەرچی نووسیومە بە سەداقەتەوە نووسیومە، دیارە من نامەوێ بچمەوە سەر باسی کۆن بەڵام ئەوەی کە ئەو دەڵێ ئێمە دەگەڵ ئەڕتەشی ئێران چووین دەگەڵ حیزبی دێمۆکڕات شەڕمان کردووە پڕ ئیشتیبا دەکا، ئەوەڵەن ئێمە کۆنگرەی چوار چەکدار نەبووین، چەکمان نەبوو.

میدیا ڕێناس: چەک نەبوو.

بلووریان: نەخێر. ئێمە کوتمان ئێمە موزاکەرە ئەکەین. وەختێکی ئێمە موزاکەرە دەکەین چەکەکانمان دانابوو. ئێمە چەکمان نەبوو. ئەمن موخالەفەتم دەگەڵ شەڕ کردووە، وەختێکی ئەمن موخالەفەتم دەگەڵ شەڕ کردووە لە حیزبی دێمۆکڕات جودا بوومەوە ئیتر دەلیلی نییە چەک هەڵگرم بچم دەگەڵ دەوڵەتێ[شانبەشانی دەوڵەتێ] شەڕ بکەم. یان تفەنگ هەڵگرم.
ئەوە وا نییە، ئەو شەڕە باعیسی وەی نەبوو. سەنناری مەمەدی [مامەدی] هەبوو، یەکێک لە ئەربابانی مەنتەقەی شکاک. ئەوە پێش ئەو جەرەیانەی کۆنگرەی چوارە دەگەڵ خودی دوکتور قاسملوو ئیختیلافی خۆیان هەبوو لە سەر ئەمە!!. سەنناری مامەدی ڕابیتەی دەگەڵ حیزبی دێمۆکڕات قەتع کرد هێزێکی هەبوو بە نێوی هێزی نەحۆ، پێشمەرگەی هەبوو خۆی لەو مەنتەقەی شکاک. دوکتور قاسملوو قەراری دا کە هێزی بنێرێتە سەر ئەم وە ئەم چەک بکات. مەنتەقەکەی لە دەست وی دەر بێنێ.
سەنناری مامەدیش دەگەڵ کۆنگرەی چوار ئاشنایی هەبوو، هەبوو دەگەڵ کۆنگرەی چوار ئەویش بۆ موزاکەرە ئامادە بوو دەگەڵ حکوومەت حەتتا نوێنەری خومەینی هات دەگەڵ سەنناری مامەدی قسەی کرد، موزاکەرەی کرد، وتوێژی کرد. سەنناریش نەیدەویست شەڕ بکا دەگەڵ دەوڵەت. دەیویست بە موزاکەرە مەسەلەکەی حەل بکا. بەڵام چەکی دانەنابوو، چەکەکانی هەر بوو لە لای خۆی بوو، بەڵام قاسملوو دەستوری دا کە پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕات بچن چەکەکانی لێ بستێنن، سەنناری مامەدیش بگرن بیهێنن بۆ مەهاباد.
ئێ، سەنناری مامەدی دیفاع لە خۆی دەکا ئیتر. حازر نییە تەسلیم بێ ئەوە شەڕێک بوو بەینی سەنناری مامەدی و هێزی حیزبی دێمۆکڕات. لێرە دا کە باسی قیادەی موەقەت دەکا ئەو برادەرە ئەسڵەن نازانێ قیادەی موەقەت یانی چی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق پاش ئەوەی شکستی خوارد و بارزانی چوو بۆ شووڕەوی کۆمیتەیەکی موەقەتیان دانا یانی کۆنگرە نەبوو، قیادەیەکیان دانا، قیادە یانی ڕەهبەر بە عەڕەبی قیادە یانی ڕەهبەر. قیادەی موەقەت یانی ڕەهبەریی موەقەت. ڕەهبەرێکی موقەتیان دامەزراند هەتا وەکوو تەشکیلی کۆنگرە بێ. پاش ئەوەی کە تەشکیلی کۆنگرە بوو کۆمیتەی مەرکەزی دامەزرێنن، دەفتەری سیاسی دامەزرێنن. [ دیارە قسەی بەڕێز بلووریان هیچ بەڵگەیەک لە دووی نادا، دوای چوونی بارزانی بۆ شووڕەوی و دوای گەڕانەوەی بۆ عێڕاق پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق هەر نەبێ ٨ کۆنگرەی بەستووە.قیادەی مووەقەت پاش ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ لە شاری نەغەدە دامەزرا. ح.ق].  جا ئەو دەڵێ بارزانییەکان لە مەنتەقەی شنۆ بوون، پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕاتیش چەندین کەڕەت  دەگەڵ پێشمەرگەی بارزانی شەڕیان بوو پێشوو، ئیختیلافیان هەبوو پێشوو، هێندێک لەبارزانییەکان دەگەڵ سەننار مەمەدی پێوەندییان پەیدا کرد و بۆ دیفاع لە مەنتەقەی خۆیان بەرخوردیان کرد دەگەڵ حیزبی دێمۆکڕات. دێرە دا کۆنگرەی چوار ئەسڵەن نەخشی نەبوو.
من ئەو دەم لەتاران بووم کە خەبەرم زانی شەڕێکی ئاوا هەیە من هاتمەوە مەنتەقە موخالەفەتم دەگەڵ شەڕ کرد بەڵام پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕات شکستی خوارد بوو، عەقەب نشینی کرد بوو شەڕ تەواو بوو. ئێمە کۆنگرەی چوار ئەسڵەن دەخالەتمان دەو شەڕەی دا نەبوو؟

میدیا ڕێناس: ئێوە دژی شەڕ بوون؟

بلووریان: ئێمە دژی شەڕ بووین. شەڕەکەش ئێستا کە ئەڕۆ هەواڵ عەبدوڵا ئوێجاڵان پاش پازدە ساڵ شەڕ، ها، ئاشتی مەتڕەح کرد، ئازادی مەتڕەح کرد، دێمۆکڕاسی مەتڕەح کرد چونکە تێگەیشتووە کە بەچەکداری، بە شەڕی چەکداری ناتوانێ سەرکەوێ بەڵام بە سیاسەت، بە ئاشتی، بە دێمۆکڕاسی دەتوانێ سەرکەوێ. ئێستا دەبینی لە کوردستانی تورکیا جەماوەر گشتی هەستاوەتە سەر پێ.

میدیا ڕێناس: ئاشتی دەخوازن.

بلووریان: ئاشتی دەخوازن، ئازادی ئەخوازن، مافی خۆ دەخوازن مولاحەزەت فەرموو. حکوومەتی تورکیا کەوتۆتە بنبەست. ئا. دە بنبەست دایە نازانێ چ بکات. وە هیچ ڕێگایەکی نییە ئیلا ئەوە کە داخوازی کوردەکان بەجێ بێنێ ئەگینا ئوڕووپاش ڕێگای پێ نادا بچێتە ناو ئوڕووپاوە. ئێمە ئەو دەم ئەوەمان مەتڕەح کردووە. من ئەو دەم کوتوومە شەڕ ناخوازم. ئاشتی ئەخوازم، موزاکەرە ئەخوازم، بە مزاکەرە مەسەلەی خۆم حەل دەکەم  بۆ کورد، نەک بە شەڕ من بە شەڕ ناتوانم سەرکەوم.

میدیا ڕێناس: بێگومان.

بلووریان: بە کۆمەگی سەدام حوسێن. سەدام حوسێن بەرژەوەندی خۆی هەیە، سەدام حوسێن قازانجی خۆی دەوێ دێ پشتیوانی لە تۆ دەکا.

میدیا ڕێناس: بەڵێ مامۆستا هەموو هێز مەسڵەحەتی خۆیان هەیە.

بلووریان: هەموو هێز مەسڵەحەتی خۆیان هەیە، ئێ منیش مەسڵەحەتی خۆم هەیە. مەسڵەحەتی خۆم ئەوەیە کە من دەگەڵ سەدام نەبم، پیاوی سەدام نەبم، نۆکەری سەدام نەبم.  لەگەڵ حکوومەتی خۆم تەفاهوم بکەم ڕێک بکەوم بۆ ئەوەی بتوانم شەڕ نەبێ لە کوردستان، خوێن نەڕژێ. ئیمتیاز وەرگرم.

میدیا ڕێناس: بێگومان ئامانج ئەوەیە!! مامۆستا ئێوە هێندێک لاپەڕەی مێژووتان هەڵداوە، بێگومان هەر کەس بەپێی بۆچوونی خۆی هەڵیدەسەنگێنێ. هەر کەس بە نەزەری خۆی تەماشای دەکا.

بلووریان: هەر کەس بە نەزەری خۆی تەماشای دەکا. بەڵام ئەوەی کە نەزەری خۆی دەنرخێنێ، بە سەداقەتەوە بنرخێنێ زۆر باشە.

میدیا ڕێناس: بێگومان، گەلێک باشە.

بلووریان: بێ غەرەز بێ بێ غەرەز. یانی بە سەداقەتەوە بێ.
دڕێژەی هەیە ...



Monday, December 22, 2025

Wednesday, December 17, 2025

چوار هەڤپەیڤینی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان، هەڤپەیڤینی دووەم

           چوار هەڤپەیڤینی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان، هەڤپەیڤینی دووەم

لە ساڵی ١٩٩٥، ساڵی دامەزرانی یەکەم تێلێڤیزیۆنی مانگیلەی کوردی مەد تیڤی، یەکەم وتوێژ لەبەرنامەی " پرس و بەرسڤ" بەڕێز ئەحمەد باراچ کلیچ لە ئاڵمان لەگەڵ نەمر غەنی بلووریانی کردووە.
 وتوێژی دووەم ، ئەم وتوێژە، هەر باراچ کلیچ لەساڵی ١٩٩٧ بۆ هەمان کاناڵ بەڕێوەی بردووە.
 لە مانگی ئاوریلی ٢٠٠١ میدیا تیڤی بەرنامەیەکی تەواوی " ڕۆژباش کوردستان"ی بە مودێراتۆری مێدیا ڕێناس تەرخان کردووە بۆ وتووێژ لەگەڵ بلووریان.
 و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠١ دا هەر لە میدیا تیڤی دا  بەڕێز دوکتور جەبار قادر لە بەرنامەی " بۆ مێژوو " دا وتوێژێکی درێژی لەگەڵ نەمر غەنی بلووریان کردووە کە لە پێنج ئاڵقە  لە دیسامبر ٢٠٠١ و  ژانڤییەی ٢٠٠٢ دا لە میدیا تیڤییەوە بڵاو کراوەتەوە.
لێرە دا ئەو چوار وتوێژانە بە وردی دابەزێندراون و ئامادە کراون. لە سێ بەرنامەی یەکەم دا بە مەبەستی هاسانکاری بۆ خوێنەرەوە پرسیاری مۆدێڕاتۆڕەکان لە کوردیی کورمانجییەوە کراونەتەکوردیی سۆرانی.
قسەکانی بەڕێز بلووریان ئەو جۆرەی وڵامی داوەتەوە، وەک دەڵێن بێ ئەوەی واوێکی لێ بپەڕێ وەکوو خۆی دابەزێندراوە. من وەکوو دابەزێنەری ئەو بابەتە هەڵوێستم لەمەر ڕووداوەکانی جودایی گرووپی حەوت کەسی لە
ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران هەر لە کاتی خۆی دا دەربڕیوە. دەکرێ لەگەڵ بۆچوونەکان
نەمر بلووریان نەبین بەڵام لەڕوانگەی خۆیەوە بەشێک لە مێژووی سیاسی بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگێڕێتەوە. دابەزاندنی ئەو هەڤپەیڤینانە بە مەبەستی خزمەت بە ئاستە کردنی مێژووی سیاسی کراوە.
حەسەن قازی
دێسامبری ٢٠٢٦

هەڤپەیڤینی دووەم
هەڤپەیڤینی ئەحمەد باراچ کڵیچ لە مەد تیڤی لەگەڵ غەنی بلووریان ، ١٩٩٧

غەنی بلووریان: حەتتا لەباری، حەتتا پێشمەرگەی تفەنگ بەدەست کە شەڕ دەکا زانایی سیاسی نییە. زۆر پایینە، زۆر کەمە. ڕابەرایەتی مومکینە شتێکی بزانێ، کەموو کووڕێک بەڵام لە خوارەوە کە دەبێتە بەدەنەی حیزب، بەدەنەی حەڕەکەت، بەدەنەی بزاو بەدەنەکە لادێیەکی بێ سەوادە. دیارە مەردانە دەیکا، شەڕی پیاوانە دەکا، خۆی بە کوشت دەدا بەڵام ئەگەر ڕووناکبیر زۆرتر دە ناو حیزبەکە دا بن حیزبەکە حەڕەکەی سالمترە، دروستترە.
یانی نیزامی حیزبەکە قەویترە چونکوو ئەندامی زانا دە داخڵی، دە دەروونی حیزب دا ئەندامی زانا هەست دەکا، فام دەکا وەزیفەی خۆی کە دەبێ چ بکا لە حەڕەکەت دا بەڵام ئینسانی کە سەوادی نەبێ دە حەڕەکەت دا بەشداری دەبێ زانایی سیاسی نەبێ زۆر کاری بێ جێ دەکا، کاری خراپ دەکا، کاری خراپی بە خیلافی مەسڵەحەتی حیزب حەڕەکەیەکی دەکا کە بە زیانی حیزب تەواو دەبێ چون نافامێ بەعزە حەڕەکەیەکی دەکا.
بەڵام وەختێکی زانایی حیزب گریلاش هەیبێ، پیشمەرگەش هەیبێ زانایی سیاسی هەبێ حیزب زۆرتر ڕەهبەری دەتوانێ نەزم بدا بە سازمانی و تەشکیلاتی مونەزەمتر بکات. ئەوەیە کە وەزیفەی ڕووناکبیرانی کورد تێکەڵاو بوون دەگەڵ خەباتە، پتەوکردنی حیزب و پتەو کردنی حەڕەکە و بزووتنەوەکەیە، موحکەم کردنی ئەو حەڕەکەتەیە ئەوە وەزیفەیانە. کەسانێکی نایکێشن دەبێ فەسخ بکەن کە ڕووناکبیری کورد وەزیفەی تاریخێتی بۆ میلەتەکەی دەبێ خەبات بکات. چون ڕووناکبیری کورد هەست دەکا بە وەی کە میلەتی کورد ئەسیرە، میلەتی کورد بن دەستە. ئەو هەستەی کە تۆ دەکەی وەزیفەت بۆ دادەنێ. وەختێکی کە تۆ هەست دەکەی میلەتەکەت ئەسیرە وەزیفەشت، وەزیفەی ویژدانیشت بۆ دادەنێ کە دەبێ تێکەڵاوی خەبات بێ بۆ نەجاتی ئەو میلەتە. ئەوە وەزیفەی ڕووناکبیرانە دە شەڕایتی تاریخی ئەوڕۆ دا، دە شەڕایتی ئەوڕۆ و زەمان دا زۆرتر، خورتتر بەرەو خەباتی سیاسی بکێشرێن. بێنە ناو خەباتەوە بە قازانجی حەڕەکەی میلەتەکەمان.


 

ئەحمەد باراچ کڵیچ: مامۆستای هێژا ئێمە دەمانەوێ بە تایبەتی لەمەڕ تێکەڵی کوردان و سۆڤیەت و تەنانەت بەر لە ساز بوونی یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ ڕووسان بپرسین و پاشان دوای ئەوەی لە دوای ساڵی ١٩٤٥ کۆماری مەهاباد دامەزرا و لەو سەردەمی دا دە دامەزراندن و هەڵوەشانی کۆمار دا لەو سەر دەمی دا دیتنی ئێوە لەمەڕ تێکەڵاوی کورد و ڕووس چییە؟
 غەنی بلووریان:  دیارە تێکەڵیی کورد و ڕووس لە زووەوە بووە پێش ئینقیلابی ئۆکتۆبر بووە. لە سەرهەڵدانەکانی کورد چ لە کوردستانی عێڕاق، چ لە کوردستانی باکوور تورکیا، چ لە کوردستانی ئێران وەکوو ڕەهبەریی ئەو حەڕەکاتانە ئەو بزاوانەی کورد، ڕەهبەری جونبیشی کورد پێوەندی لەگەڵ تێزاریسم هەبوو، حکوومەتی تێزاری پێش حکوومەتی سۆڤیەتی. حکوومەتی پادشایی لە ڕووسیا. ئەو پێوەندییە بۆ ئەوە بۆ کە کوردەکان دژی ئیمپڕاتۆری عوسمانی شەڕیان ئەکرد بۆ ئازادی، دەیانەویست دۆستێک بگرن بۆ خۆ، ئیستفادەی لێ بکەن کەلکی لێ وەربگرن پشتیان بگرێ، پشتیوانیان لێ بکا دەستیان بۆ ڕووس درێژ دەکرد. ڕووسیش بۆ ئەوە ئەوان هان بدا دژی ئیمڕاتوری عوسمانی کە دوژمنی خۆی بوو، ئیستفادە لە کوردەکان بکات زۆرجار تێکەڵاوی دەگەڵ کوردەکان دەکرد بەڵام داوخوازی کوردەکانی بە تەواوی جێ بەجێ نەدەکرد. چی نەدەکرد ئا. ئەو دەم کە قازانجی خۆی دەبوو دەهات بە تەڕەفی کوردەکانەوە کە قازانجی خۆی تەواو دەبوو دەگەڕاوە دواوە. داوخوازی کوردەکانی قەبووڵ نەدەکرد. دەنگی لێ دەر نەدەهات، بێدەنگەی لێ دەکرد. ئەوە تاریخ، زۆر نووسراوە دە تاریخ دا ئەو حەڕەکەتەی ڕووسەکانی تەزاریسم دەگەڵ کوردەکان ئەو پێوەندییەیان هەبۆ زۆر بە تەکمیلی. بە تێر و تەسەلی ئەو ئیرتیباتە هەبۆ قەبلەن.
بە هەر سووڕەت ئیمپڕاتوری عوسمانی تێک چوو کوردستان دابەش کرا دیسان. لە ڕووسیا ئینقیلاب کرا، ئینقیلابی ئۆکتۆبر کرا لێنین هاتە سەر کار. ئەوەڵین کوردێکی کە دەگەڵ ئینقیلابی ئۆکتۆبری ڕووسیا و دەگەڵ لێنین پێوەندی گرت شێخ مەحموودی بەرزنجی بوو کە نامەی شاند، نامەی نارد بۆ لێنین بۆ سەرانی حکوومەتی سۆڤیەت داوای یارمەتی لێکردن، داوای کۆمەگی لێ کردن. داوای ئیتیحادی لێ کردن.
دیارە ئەو داوایەی شێخ مەحموودیش نەتیجەی نەبوو. لێنین و ئینقیلابی ئۆکتۆبر کە تازەهاتبوونە سەر کار  لەو دەورە دا توانا و قودرەتێکی ئەوەیان نەبوو بتوانن کۆمەگ بە کورد بکەن. وە هیچ حەڕەکەتێکیان نەکرد دە موقابیل داوخوازییەکانی شێخ مەحموود. پەیوەندی بەینی شێخ مەحموود و ئەوە ئەمجارە بوو.
باراچ کڵیچ: لەبەر چێ لێنین نەی کرد، شێخ مەحموودی بەرزنجی دوو نامە، سێ نامەی ناردووە هەر وەک ئێوەش کوتتان داوخوازیان ئەوە بووە لەگەڵ سۆڤیەت بکەون. کوردیش مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەبێ و دوای ئەوە کە هیچ وڵامێکی ئەو داوخوازانە نادرێتەوە و هیچ یارمەتییەکیش ناکرێ. بۆچی لێنین ئالیکاری نەکرد. نە دژایەتی کرد و نە پشتیوانیش و هیچیشی لە سەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد نەگوت.

           
 
بلووریان: شیعاری ئینقیلانی ئۆکتۆبر پشتگرتنی زەحمەتکێشان و کارگەران و کرێکاران و میلەتی ئەسیر و چەوساوە بوو. بە شیعار، بە دروشم

باراچ کڵیچ: لە باری تیۆری وا بوو
بلووریان: لە باری تیۆریک. پاشان شێخ مەحموودیش لە سەر ئەو دروشمانە کە درا ئومێدەوار بوو کە دەست درێژ کا بۆ یەکێتی سۆڤیەتی دەتوانێ کوردی چەوساوەی ڕەنجبەر بکەوێتە ئەو قۆناغە کە ئینقیلابی ئۆکتۆبریش کە دروشمی پشتیوانی لەمیلەتی ڕەنجبەر و لە زەحمەتکێشان و لە چەوسێنەران!! [چەوساوان] هەیە کوردیش کەلکی لێ وەربگرێ. لەبەر ئەوە بوو شێخ مەحموود نامەی شاند ئەگینا شێخ مەحموود کۆمۆنیست نەبوو. شێخ مەحموود ئینسانێکی، شێخێکی ئایینی بوو بەڵام لەبەر ئەوە تەجروبەی هەبوو کە ئەمپریالیزم و سەرمایەداری جیهانی پشتی کورد نەک ناگرن بەڵکە دژی کوردیش ڕادەوەستن، پشتیوانی دەکەن لەو حکوومەتانەی کە کورد ئەکووژێت [ئەکووژن].
شێخ مەحموود چ بکا دە موقابیل ئەوە دا. تەنها پەنایەکی کە شێخ مەحموود هەستی پێ دەکرد ئینقیلابی ئۆکتۆبر بوو. کە ئەوە بوو چەند نامەی شاند بۆ لێنین داوای پشتیوانی کرد بەڵام هیچ جوابی نەبوو. بۆچی جوابی نەبوو بە نەزەری من ئینقیلابی ئۆکتۆبر ئێستا [هێشتا] خۆی نەگرتبوو. بە چاکی حکوومەتی لێنین نەچەسپی بوو، خۆی نەگرتبوو بە تەواوی. یەکیش بە مەسڵەحەتی بەرژەوەندی خۆی نەدەزانی کە دەگەڵ ئینگلیس و سەرمایەداری ئێستا دژ بەرابەر بێ ئەو کارانە بکا لەبەر ئەوە هیچ، بێدەنگەی لێ کرد و مەسەلەی کورد بۆ ئەو مەسەلەیەکی ڕۆژ نەبوو کە پشتی بگرێت. لە قازانجی خۆی نەدەزانی.
کوردەکان، دیارە ئینقیلابی ئۆکتۆبر پاشان تەئسیراتی خۆی لە سەر کوردستان دانا. پاش ئەو بزاوە، شکستی بزووتنەوەکانی کورد تەئسیراتی خۆی دانا لە سەر کوردستان. وەکوو ڕووناکبیری کورد بەشی زۆری تێئۆری مارکسیستی – لێنینیستی قبووڵ کرد. زۆر ڕەوشەنفکران دەگەڵ ئەحزابی کۆمۆنیست تێکەڵاو بوون، بوون بە جوزوی ئەحزابی کۆمۆنیست لە ئێران، لە تورکییە، لە عێڕاق ئەو هاوکارییەیان کرد. بە خاتری ئەوەی ئومێدەوار بوون کە ئەو حیزبە کۆمۆنیستانە لیرە سەرکەون؛ لە کوردستاناتی موختەلیف، ئێران و عێڕاق و کوردستانی تورکییە و سوورییە  سەرکەون ئەحزابی کۆمۆنیست کۆردەکانیش وەکوو جمهوورییەتەکانی سۆڤیەتی بتوانن ئەوانیش جمهوورییەتێک چێ بکەن لەو کوردستانانا بۆخۆیان.
بەو هەوایە دەگەڵ کۆمۆنیستەکان ڕێک کەوتن دیارە بەخاتری ئەوەی گیانی دژایەتی دەگەڵ سەرمایەدارییان هەبوو چون لە تاریخیان خوێندۆتەوە ڕەشەنفکرانی کورد کە سەرمایەداری هەتا ئێستا دژی کورد بووە دەگەڵ کورد دۆستایەتی نەبووە، هەمیشە پشتی دوژمنانی کوردی گرتووە. ئەگە وابێ دۆستی ئێستای ئێمە ئەو ئینقیلابی ئۆکتۆبرەیە. دەبێ ڕوو دە ئەوێ بکەین. ئەوە بوو کە ڕەوشەنفکرانی کوردی هان دەدا کە بەرەو دروشمی یەکێتی سۆڤیەتی و ئینقیلابی ئۆکتۆبر ڕابکێشن بچن بەرەو ئەو دروشمە.
ئەوە ئێستا ئەحزابی کۆمۆنیستی ئێستاش هەر لە کوردستان هەن، ماون دەگەڵ کۆمۆنیستەکانی میلەتەکانی دیکە تێکەڵن یا موستەقیل حیزبی کۆمۆنیستی خۆیان هەیە. ئێستاش دیارە یەکێتی سۆڤیەتی نەماوە بەڵام بەوەی کە مەسەلەی ئێعتیقاد بە تێئۆری کۆمۆنیستی ئێستاش هەر خەباتی خۆیان بەردەوام دەکەن بە نێوی کۆمۆنیسم و کۆمۆنیست و تێئۆری کۆمۆنیستی.
باراچ کڵیچ: لە کوردستانی ڕۆژهەڵات یەکەم جار تێکەڵی و پێوەندی کوردان و ڕووسان چۆن ساز بوو لە کام ساڵی دا؟
بلووریان: لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ساڵی ١٣١٧-ی ئێرانی [تەماشای کاغەزی سەر مێزەکە دەکا ح.ق] کە دەبێتە ١٩٣٨-ی زایینی/ میلادی یەکەم جار لە کوردستان لە مەهاباد کۆمەڵەی ژێکاف ناوی هاتە ئاراوە. ناوی هاتە ئاراوە، مەتڕەح بوو
باراچ کڵیچ: ئاشکرا کرا؟
بلووریان: نا، ئاشکرا کردن نا، مەتڕەح بوو یانی بە نهێنی
باراچ کڵیچ: بە دزی
بلووریان: بە نهێنی بە دزییەوە دەستیان بە کار کرد وە یەکەم نامەیان شاند، نارد بۆ یەکێتی سۆڤیەتی کە ئەو نامەیە  بە ئیمزای یەکێک لەو ئەندامانە بوو کە کۆمەڵەی ژێکاف خەریک بوون چێ بکەن لە مەهاباد. دیارە وەکوو تەشکیلات و ڕێکخراوە هەنووز چێ نەببوو بەڵام کۆمەڵ هەبوون. کۆڕ و کۆمەڵەی کۆمەڵەی ژێکاف هەبوو، چێ ببوو. ئەوەڵ نامە ئەوان شاندیان بۆ یەکێتی سۆڤیەتی ساڵی ١٩٣٨، بەڵام هەر نامە بوو جوابێکیان وەرنەگرتەوە. جواب نەهاتەوە دەیانەویست خۆیان بناسێنن بە یەکێتی سۆڤیەت کە لێرە کورد حەڕەکەتی هەیە. کورد خەبات ئەکات. خۆ مەعرەفی بکەن بناسێنن ها، بە یەکێتی سۆڤیەت. ئەو نامە هەدەف ئەوە بوو.
بەڵام نەتیجەی نەبوو هەتا ساڵی ١٣٢٠-ی ئێرانی کە دەبێتە ١٩٤١-ی  میلادی. لە ١٩٤١-ی میلادی دا کە شەڕی جیهانی دژی هیتلێر بوو  ئینگلیس و ئەمریکا و ڕووس وە وەڵاتانی تر موتەحید بوون دژی هیتلێر. ئەو دەم لە ئێران ڕەزاشا پەهلەوی دە حوکم دا بوو. ڕەزا شا  بەدەستی ئینگلیسیان لە ئێران هاتە سەر کار و بوو بە پاشای ئێران. ئینگلیسیان دەستیان تێدا بوو ئەویان کرد بە پادشای ئێرانێ. بەڵام پاشان کە هیتلێر شەڕی دەست پێکرد و زۆری هەموو ئوڕووپا گرت و  هێندێک شووڕەوی داگیر کرد و زەمینی شووڕەوی داگیر کرد و ئەوانە، ڕەزا شا فکری کردەوە کە ڕەنگە هیتلێر لە دونیایە دا سەرکەوێ با من دەستی خۆم درێژ کەم بۆ هیتلێر دەگەڵی دۆستایەتی بکەم کە هاتە ئەو مەڵبەندە موەفەق بوو منیش بتوانم  ئەو جمهوورییەتانەی سۆڤیەتی کە بەرێ هی ئێران بوون بستێنمەوە و هێندێکیش لە خاکی عێڕاق و هێندێک لە خاکی تورکییە و ئەوانەش بستێنم و ئێرانی گەورە چێ بکەم. لەبەر ئەوە  دەستی درێژ کرد بۆ هیتلێر، ئیتیحادی دەگەڵ بەست وە هیتلێر عەوامیل و ئەندامی خۆی شاند بۆ ئێران لە ژێر پووششی سەفیر و کارمەندی دەوڵەتی و شیرکەتی ئەوانە هاتن جاسووسانی ئاڵمان بۆ ئیران وە دەستیان کرد بە سازمان دان و ڕێکخستنی عەشیرەی جنووب، جنووبی ئێران، وەکوو بە تایبەت لە مەنتەقەی خووزستان وەکوو بۆیر ئەحمەدی، وەکوو عەشاییری تری لوڕ و ئەوانە. کە بەڵکە بتوانێت جەبهەیەک لە ئێران بکاتەوە دژی سۆڤیەت کە هەمی نەفتی باکوو ئازەربایجان بستێنێ، هەمی لەو بەرەوە جەبهە بکا دژی سۆڤیەت شەڕ بکات، هەمیش دەستی بگاتە کەنداوی فارس هیتلێر. بەڵام موتەفیقین یانی دەوڵەتانی هەڤگر وەکوو ئینگلیس و ڕووس!، سۆڤیەت و ئەمریکا  موتەوەجیهی ئەو حەڕەکاتانە بوون یەک، دوو پێویستیان بە جادەیەک هەبوو، رێگایەک هەبوو، ڕێگای تڕانزیت هەبوو  کە لە خەلیجی فارسەوە، لە کەنداوی فارسەوە کۆمەک بکەن بە یەکێتی سۆڤیەتی دژی هیتلێر، یارمەتی بۆ بنێرن. ئەوە بوو ئەوان بەو دوو نییەتە کە هەم هیتلێر و عەوامیلی هیتلێر لێرە لە بەین بەرن  لە ئێران و هەمی ڕێگا باز کەن  بۆ تڕانزیت بۆ ناردنی سیلاح و ئەسلەحە بۆ یەکێتی سۆڤیەتی هاتنە ئێران. وەختێکی ئەوانە هاتنە ئیران غەربی ئیران ئینگلیس و ئەمریکا هاتن، بە تایبەت ئینگلیس، ئەمریکاش هات لە تاران دامەزرا وە شومالی ئێران کە مەنتەقەی ئازەربایجان وە خۆراسان وە مەنتەقەی مازندەران و گیلان بوو، باکووری ئیران یەکێتی سۆڤیەتی هات دای گرت [داگیری کرد].
ئەو تەقسیماتە بەر لەوەی هێرش بکەنە ئیران بەینی ئەو دەوڵەتانەی هەڤگر دیاری کرا بوو، موشەخەس کرا بوو. کە سۆڤیەت لێرە بێ، ئینگلیس لەوێ بێ، ئەمریکا لێرە بێ، بەو شێوەیەی تەقسیمیان کرد بوو. دیارە شومالیان دا بوو بە وی بۆ وەی کە
باراچ کڵیچ: یانی بەڕێزت دەڵێی یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ ئینگلیس و ئەمریکا پێوەندیان هەبوو؟
بلووریان: بەڵێ، بەڵێ
باراچ کڵیچ: و باکوور بۆ وان و باشووەر بۆ وان دە ناو خۆیان دا بەشیان کرد بوو؟
بلووریان: بەڵێ مەخسووسەن باشووریان [باکووریان] بە یەکێتی سۆڤیەت دا بوو کە نەیەتە خوارەوە بۆ وەی کە دەستی نەگاتە کەنداو. بۆ وەی دەستی نەشگاتە نەفتی ئیران. نەفتی ئینگلیس بوو ئەو دەم. بە دەستی ئینگلیسەوە بوو، یەکێتی سۆڤیەتییان دوور خستەوە بە شیمالی ئێران فەقەت مەحدوودیان کرد بوو دە کۆبوونەوەیەک دا کە بەینی ئەو سێ دەوڵەتە گیرابوو؛ وەختێکی دەچینە ئیران بۆ پێنج ساڵ ئیران داگیر دەکەین وە یەکێتی سۆڤیەتیش دەبێ لە شیمالی ئێران بێ و جنووبی ئێران بە دەست ئینگلیس و ئەمریکا و ئەوانەوە بێ.
ئەو دەم بەشی کوردستانی موکریان کە مەرکەزی مەهابادە جوزوی ئازەربایجان بوو کە من لێرە [ئاماژە دەکا بە کتێبی ئاڵەکۆک کە لەسەر مێزەکەی بەردەمێتی. ح.ق] لە ئاڵەکۆک دا تەوزیحم داوە کە بۆچی ئەو بەشە بۆتە ئازەربایجانی غەڕب و و ئەو بەشە کوردستانەیان لە کوردستانی تر جودا کردووەتەوە لە سەقز و سنە و کرماشان و ئیلام لەوانە بۆچی بە جوغڕافیای سیاسی ئەوانەیان لێک جیا کردۆتەوە. ئەوەم باس کردووە دەو کتێبەی دا. ئەو بەشەی کە دە ئازەربایجانێ دا بوو کەوتە دەست ڕووسەکان. وەبوو هۆردووی ڕووسان هاتن مەهابادیشیان داگیر کرد. گرت ئەڕتەشی ئێران و ئیداراتی سیاسی ئێرانیان دەرخست، خۆیان دامەزراند، کوردستان، ئەو بەشە کوردستانە ئازاد کرا.
یانی تەقریبەن دەتوانم بڵێم  یەک چوارەمی هەموو کوردستانی ئێران بوو. ئەو بەشەی کە بە دەست سۆڤیەتەوە بوو. لە چواران یەک، بەقیە هەموو بەدەست ئینگلیس و ئەوانەوە بوو زیاتر، بەدەست ئینگلیسەوە بوو. کە ئەو مەنتەقانەیان نەدابوو بە سۆڤیەت. سۆڤیەت حەقی نەبوو لەو مەنتەقانە فەعال بێت. قشوون بەرێت، ئازەربایجانیان دابوویە. چون ئەوبەشەش موکریانیش جزووی ئازەربایجان بوو سۆڤیەت هات ئازەربایجانی داگیر کرد.
باراچ کڵیچ: یانی مەبەستی یەکێتی سۆڤیەت، جمهووری کوردی نەبوو؟
بلووریان: نەخێر مەسەلەی جمهووری کوردی نەبوو، مەسەلەی ئەوە بوو کە ئازەربایجان تەقسیم کرا بوو، داگیر کرا مولاحەزەت فەرموو، داگیر کرا، ئەوانە ئازەربایجانیان بەر کەوتبوو دەو تەقسیماتەی دا کرا.
 ئازەربایجانیان بەر کەوت کە هاتنە مەهاباد، لە مەهاباد مەنتەقە ئازاد بوو، کۆمەڵەی ژێکاف، ئەو جارەکە لە دزییەوە، لە نهێنییەوە هات بوو بە ئاشکرا. کە یەکێتی سۆڤیەتی هاتە ئەوێ ئیدی حکوومەتی ئیران نەما لەوێ. حکوومەتی ئێران نەما لەوێ.
باراچ کڵیچ: یەکێتی سۆڤیەت بە کۆمەڵەی ژێکافی نەگوت فەرموو حوکم بکە!
بلووریان: نەخێر. کۆمەڵەی ژێکاف هەبوو، کۆمەڵەی ژێکاف وجوودی هەبوو، نەک سۆڤیەت چێی کرد بێت، نەک سۆڤیەت  دروستی کردبێ. نە بێگانە دروستی کردبێ. کۆمەڵەی ژێکاف
باراچ کڵیچ: یارمەتی کۆمەڵەی ژێکافیشی نەدا؟
بلووریان: هیچ ئالیکاری نەبوو. هیچ، فەقەت یەک نامە کە کوتم کۆمەڵەی ژێکاف ناردی بۆ سۆڤیەت تەواو. کە سۆڤیەت هاتە مەهابادێ دە ساڵی ١٣٢٠ دا، ١٩٤١ هاتە کوردستانی مە، مەڵبەندی ئازەربایجان ئازاد بوو. کە کۆماری، مەنتەقەی موکریانیش کە کۆمار دوایە تێیدا چێ بوو ئەوەش دە ژێر دەستی یەکێتی سۆڤیەت بوو. بەڵام کۆمەڵەی ژێکاف هەبوو، کۆمەڵەی ژێکاف ئەو جار بەخورتی هات و بە ئاشکرا هات خەباتی لە مەهاباد دەست پێکرد و لە مەنتەقە. وە پێوەندێکی نزیکتری دەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی پەیدا کرد. بە ئومێدی ئەوە...
باراچ کڵیچ: ئەو پێوەندییە چۆن بوو؟ بە ڕێگای شەخس دا بوو؟
بڵووریان: بە ڕێگای حیزب دا بوو. کۆمەڵەی  ژێکاف، بە ڕێگای کۆمەڵەی ژێکاف دا پێوەندی گرت دەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی.
باراج کڵیچ: یانی یەکێتی سۆڤیەتی چۆن، بەڕێگای سەفاڕەتخانەی وان لەئازەربایجان؟
بلووریان: خودی یەکێتی سۆڤیەتی لە ئازەربایجانێ دابوو. ئەڕتەشی تێدابوو، کۆنسوولگەری تێدا بوو، شەخسیاتی سیاسی تێدا بوو، شەخسیاتی نیزامی و عەسکەری تێدا بوو بەڵام پێوەندیی ڕەسمی ئەوان، کۆمەڵەی ژێکاف موستەقیم و ڕەسمی دەگەڵ کۆنسوول بوو، کۆنسوولگەری یا تەورێز یا ئورمییە.
باراچ کلێچ: ئەوان هیچ داوایان لە کۆمەڵەی ژێکاف هەبوو؟
بلووریان: ئەوان نا هیچیان نە دەخواست فەقەت پێوەندی هەبوو، ئەو دەم سۆڤیەت هیچ بەرنامەی نەبوو. ئەو دەمی کە هاتبۆ ئێرە هیچ بەرنامەی نەبوو. بەرنامەی ئەو دوو خاڵانە بوو کە لە سەرەوە باسم کرد کە داگیرکردنی ئێران بە مەبەستی ناردنی سیلاح بۆ سۆڤیەت و جەمع کردنەوەی فاشیزم لە مەنتەقەی ئێران بەو هەدەفە هاتبوون. دوایە خەبات کە لە کوردستان دەستی پێکرد، لە کوردستانی بندەستی عێڕاقیش، باشوور بارزانییەکان، سەرۆک بارزانی و ئەوان دە فەعالییەت و تەلاش و خەبات دا بوون. ئەوانیش وەختێکی یەکێتی سۆڤیەتی هات بۆ داخڵی موکریان ئەوانیش پێوەندییان دەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی گرت، هەر وەکوو کۆمەڵەی ژێکاف پێوەندی گرت، حەڕەکەی بارزانیش پێوەندی دەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی گرت لە حدوود، مەرز، چون بوونە هاومەرز. چون قوشوونی سۆڤیەت هات موکریانی گرت. موکریان مەرزی دەگەڵ مەرزی باشوورە ئیدی؛ کوردستانی عێڕاق. لەوێوە فورسەت بوو بۆ بارزانی کە دەگەڵ سۆڤیەت پێوەندی بگرێ. فەقەت پێوەندی، نە یارمەتی، کۆمەک. هیچی پێ نەکرد، فەقەت پێوەندی. ئەو پێوەندییە بە ئومێدی وەی بوو کە ڕۆژێک بتوانێ [بتوانرێ] ئیستیفادە لە سۆڤیەت بکرێ.
کە وابوو بارزانی نەیتوانی بە عیلەتی وەی ئینگلیس موتەوەجیهبوو کە ڕووس هاتۆتە مەرزەکە،حدوودەکە، سنوورەکە خەتەری حیس کرد ئینگلیس، سەرکوتی بارزانی کرد. سەرکورت بارزانی کرد، کە بارزانییەکان شکستیان خوارد هاتنە ئێرانێ، کوردستانی ئێران. هاتن بۆ مەنتەقەی موکریان هاتن بۆ مەهاباد، هاتە کوردستانی ڕۆژهەڵات. دەو بەینە دا کە یەکێتی سۆڤیەتی لەوێ بوو لە مەنتەقەی کوردستان یەکێتی سۆڤیەتی قشوونی نەبوو. هەوەڵێ قوشوونی هات تا ئەڕتەشی ئێرانی چەک کرد، سیلاحی لێ ئەستاند، حکوومەتی ئێرانی دەر کرد لەو مەڵبەندە. خۆی کشاوە چوو بۆ تەبرێز و ورمێ و ئازەربایجان، مەنتەقەی ئازەربایجان.
لەو کوردستانە نەما، ئەو کوردستانە ئازاد بوو. ئازاد، فەقەت کۆمەڵەی ژێکاف لەوێدا فەعال بوو.
باراچ کڵیچ: مامۆستا گیان هەر وەک ئێوە گوتتان لە سەردەمی شۆڕشی ئۆکتۆبر زۆربەی ڕووناکبیری کوردان، پێشەنگی کوردان، ڕامانی سۆسیالیزم، کۆمۆنیزمیان وەخۆ کرد بوو و مۆسکۆیان پەسن دەدا. و سەرەڕای هەموو داوخوازێکیش هیچ یارمەتییەک لە سۆڤیەت وەرنەگیراوە. ئێوە دەڵێن ئەوان هیچ ئالیکاری کوردیان نەکردووە. وایە؟
مرۆ دەکرێ وا بڵێ؟


 بلووریان: یەکێتی سۆڤیەت، ئالیکاری کوردان؟ ئەوەی باسم کرد. دەپێشدا هیچ ئالیکاری نەکردۆ بە کورد.باراچ کلیچ: لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش نەیکردووە؟

بلووریان: لە ڕۆژهەڵاتیش هەر ئەوە بوو کە عەرزم کردی. لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەر ئەو ڕابیتەیەی کۆمەڵەی ژێکاف بوو بە نامە دانێک پاشانیش کۆماری مەهاباد چێ بوو. ئەو جارەکە ئێستا باسی دەکەین.
وەختێکی کۆمەڵەی ژێکاف ئاشکرا دەستی بە فەعالییەت کرد. سۆڤیەت، کوردستان، ئازەربایجان ئازاد کرا بوو بە دەست سۆڤیەتەوە بوو. ئیمکان هەبوو بۆ کۆمەڵەی ژێکاف کە بخەبتێ بە ئاشکرا. ئێ! خەباتی ئاشکرا بکات بەڵام ڕووسەکان دەگەڵ [لە] دروشمی کۆمەڵەی ژێکاف ڕازی نەبوون.
باراچ کڵیچ: بۆچی ڕازی نەبوون؟ مەبەستی ئەوان چ بوو؟
بلووریان: لەبەر ئەوە نەزەریان ئەوە بوو، نەزەریان ئەوە بوو کە ئەوە وەختی نییە. شیعاری کوردستانی گەورە چێ کردن زەمانی نییە، فورسەتی نییە لێرە ئێستا وەختی نییە، وەختی نەهاتۆ.
باراچ کڵیچ: ئەخر کوردستانی گەورە هیچ کوردستانی پچووکیشیان نەویستووە.
بلووریان: نا، کوردستانی گەورە، کۆمەڵەی ژێکاف شیعاری، دروشمی کوردستانی گەورەی هەبوو. سۆڤیەت دەیگوت ئەو دروشمە نادروستە. دروست نییە، نە دروستە. دەبێ ئێوە دروشمتان بگۆڕن بیکەنە خودموختاری، حوکمی زاتی لە چوارچێوەی ئێران دا، ئۆتۆنۆمی. ئەوە بوو کە حیزبی دێمۆکڕات ئەو دەم شیعاری دێمۆکڕاسی بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستان، ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی هێنا کایەوە، مەتڕەح کرد.
باراچ کڵیچ: ئەو داوخوازەی یەکێتی سۆڤیەت کێ بە ئێوەی گوت؟ سەفاڕەتخانە و کۆنسوولخانەی وان گوتیان یان؟
بلووریان:کاکی من، کۆمەڵەی ژێکاف، کۆمەڵەی ژێکاف دەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت و کۆنسوولگەری و سەرانی سۆڤیەتی کە دە ئێرانێ دا بوون پێوەندی هەبوو. ئەوان چوونە باکوو چەند دەفعە. قازیی محەمەد و چەند نەفەر لە سەرانی حیزب، کۆمەڵەی ژێکاف چوونە یەکێتی سۆڤیەت و دەگەڵ وانە پێوەندیان گرت، دەگەڵ باغرۆف و ئەوانە پێوەندیان گرت و ڕەئیس جمهووری ئازەربایجانی سۆڤیەت [ باقرۆف، ڕەئیس جمهوور نەبوو، بەلکوو لە نیوان ساڵانی ١٩٣٣ تا ١٩٥٣سکرتێری یەکەمی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیی کۆمۆنیستی ئازەربایجانی سۆڤیەت بوو. ح.ق] پەیوەندییان گرت و لەو پەیوەندییانە دا ئەو باسە کراوە کە ئێوە دروشمی کوردستانی گەورە هەڵمەگرن. دروست نییە ئێمە ناتوانین پشتیوانی لێ بکەین.
ئێمە وەک ڕووس ناتوانین پشتیبانی لە دروشمی کوردستانی گەورە بکەین بە خاتری ئەوەی کە ئەوان قەراریان دەگەڵ ئەمریکا و ئینگلیس نەدابوو کە ئەوان پشتیبانی لە کوردان بکەن خۆ.
باراچ کڵیچ: حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان یەکەم جار کە هات دامەزراندن، دەستی سۆڤیەتی تێدا هەبوو؟
بلووریان: ئەوە عەرزت دەکەم ئێستا ئەوە. من عەرزم کردی کۆمەڵەی ژێکاف چێ بوو. کۆمەڵەی ژێکاف نە ڕووس دروستی کرد، کۆمەڵەی ژێکاف پێش ڕووس بێتە ئێران چێ کرابوو. کوتم یەک نامەی شاند بۆ سۆڤیەت. پاشان کە یەکێتی سۆڤیەتی بە ڕەهبەرانی کۆمەڵەی ژێکافی کوت دروشمی ئێوە، دروشمی کوردستانی گەورە زەمانی نییە، کۆمەڵەی ژێکاف کۆنگرەی گرت، بە نێوی حیزبی دێمۆکڕات کۆنگرەی گرت. یەکەم کۆنگرەی حیزبی دێمۆکڕات چێ بوو، لەو کۆنگرەیە دا دروشمەکە گۆڕا.
باراچ کڵیچ: لە سەر مەبەستی
بلووریان: لە سەر داوخوازا کوردستانی گەورە گۆڕا، عەوەز بوو، تەغیر کرد بوو بە ئۆتۆنۆمی داخڵی ئیران. لە چوارچێوەی ئێران دا.
باراچ کڵیچ: ئەوە لەسەر داوای یەکێتی سۆڤیەت بوو؟
بلووریان: بەڵێ. یەکێتی سۆڤیەتی کوتی من پشتیوانی ناكەم لەو دروشمە. لە دروشمی کۆمەڵەی ژێکاف پشتیوانی ناکەم. بەڵام لە خودموختاری داخڵ پشتیوانی دەکەم.
باراچ کڵیج: دەی خودموختاری کردە بەرنامەی خۆی بەڵام سۆڤیەت دیسان پشتگیری نەکرد.
بلووریان: جا پاشان باسی دەکەین.
باراچ کڵیچ: فەرموو
بلووریان: ئەوە بوو کە ئەوان دروشمەکەیان گۆڕی، ناوی کۆمەڵەی ژێکافیان گۆڕی کردیان بە " حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئێران" [ لە سەرەتای دامەزرانی حیزب و لە چاپەمەنییەکانی سەردەمی جمهووری دا لە هەموو جێیەک نووسراوە " حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان". ح.ق]، دروشمەکەشیان بوو دێمۆکڕاسی بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستان. ئیتر کۆمەڵەی ژێکاف نەما. بوو جوزوی تاریخ. ئێستا کۆمەڵە، ئێستا حیزبی دێمۆکڕاتە. حیزبی دێمۆکڕات هەمان کۆمەڵە بوون. تەواوی ڕەهبەرانی کۆمەڵەی بوون بە ڕەهبەرانی حیزبی دێمۆکڕات. ئێ، ناوی عەوەز بوو. کەسێکی تر نەهاتۆ حیزبی دێمۆکڕات دروست کا. کە واتە سۆڤیەت دروستی نەکردووە. ئەمانە ڕەهبەرانی کۆمەڵەی ژێکاف بوون  کە هاتن بوون بە ئەندامی حیزبی دێمۆکڕات لە یەکەمین کۆنگرەی دا نێوی کۆمەڵەیان گۆڕی، کۆمەڵەی ژێکافیان گۆڕی بۆ حیزبی دێمۆکڕات. یانی تەئسیری ڕووسان نەک لە سەر چێ کردنی حیزبی دێمۆکڕات یا کۆمەڵەی ژێکاف بووبێ بەڵکوو تەئسیری سۆڤیەت فەقەت لە سەر گۆڕینی دروشمەکە بوو. حاڵی بووی؟
باراچ کڵیچ: تێگەیشتم
بلووریان: لەسەر دروشمەکە بوو [کوتیان] دروشمەکە نە ڕاستە بۆ ئەو دەورە و زەمانەی، نە باشە. ئەوە بوو دە ماوەیەکی کە کۆمەڵەی ژێکاف خەباتی سیاسی دەکرد فورسەت هەڵکەوت کە لە ئازەربایجان حەڕەکەتێک دەست پێ بکا. لەئازەربایجان حەڕەکەت دەست پێ بکا، نە کوردستان. لە ئازەربایجان ئەوەڵێ حەڕەکەتی دەست پێ کرد بە ڕەهبەری فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجانی ئیران. فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجانی ئێران کە ڕەهبەرییەتی وی پیشەوەری بوو کە مودەتی زۆر پازدە شازدە ساڵ، حەڤدە ساڵ لە زیندانی ڕەزا شا دا بوو ئازاد ببوو هاتبوو سەرۆکایەتی فیرقەی بە دەستەوە گرتبوو کۆمۆنیست بوو، جوزوی کۆمۆنیستەکانی دەورانی جەنگەڵ!! بوو پیشەوەری [ مەبەستی بزووتنەوەی میرزا کوچک خانی جەنگەڵی یە لە گیلان. ح.ق] کە ئەوە تاریخە باس ناکرێ لێرە. ئەو ڕەهبەری حەڕەکەی ئازەربایجانی [بەدەست] خۆیەوە گرت و جمهووری ئازەربایجانی چێ کرد، ئەوجا
[لە سەردەمی بزووتنەوەی فیرقە دا بە تەشکیلاتی خۆیان نەدەگوت جمهووری بەڵکوو بە " میلی حکوومەت " واتە حکوومەتی میللی ناویان دەبرد. ح.ق] کوردستانیش داوای کرد کە ئەویش کۆماری خۆی دروست دەکا.
کوردستان داوای کرد، نەک سۆڤیەت بڵێ دروستی بکەن. فام دەکەی؟  
باراچ کڵیچ: بەڵێ.
بلووریان: کوردەکان خۆیان چوون لە کۆبوونەوەیەکی دا کە لە تەبرێز دەگەڵ قازیی محەمەد و هێندێک سەرانی کورد، ڕێبەرایەتی کورد ئەو دەم، عەشیرەت و سەرانی حیزب و ئەوانە چوون بەشدارییان کرد لە کۆبوونەوەکە دا دەگەڵ پیشەوەری و ڕووسەکانیش لەوێ بوون بۆ چێ کردنی کۆماری ئازەربایجان [حکوومەتی میلی نەک کۆمار. ح.ق]، قەراریان دا بوو لە کۆماری ئازەربایجان [ حکوومەتی میلی ئازەربایجان. ح.ق] کە کوردستان ببێتە خودموختار داخڵی  ئازەربایجان قەراریان وا دا بوو. خودموختارییەکی فەرهەنگی و ئیداری بدەنێ و لە ژێر دەستی ئازەربایجانی ئێران بمێنێتەوە. ئەوە قازیی محەمەد قەبووڵی نەکرد، عەشیرەکانی کە دەگەڵی بوون ئەمەرخان کە لە دۆستانی سمکۆ بوو، ئەمەرخان، سمایل ئاغای سمکۆ بوو، ئەویش پازدە شازدە حەڤدە ساڵان لە زیندانی ڕەزا شای دا زیندانی بوو ئەویش دەگەڵ قازیی محەمەد بوو. ئەوانیش عەشایر دەگەڵ قازیی محەمەد هەستان گوتیان ئێمە قبووڵ ناکەین لە ژێر دەستی ئازەربایجان بین. ئێمە لە ژێر دەستی ئێران دەمانەوێ خۆمان ڕزگار بکەین، ئێمە چۆن بێینە ژێر دەستی ئازەربایجان. ئێمەش خۆمان حکوومەتی خۆمان چێ دەکەین. ئەگەر ناهێڵن ئێوە ئێمە چێ بکەین ئێمە بە زۆر چێ ئەکەین بە تفەنگ چێ ئەکەین.
دەزانی، ڕەنگە کەس نەزانێ ئەمە، ڕەنگە کەس ئیتلاعی لەو شتەی نەبێ کە من دەڵێم. نووسیومە دێرە دا [ ئاماژە دەکا بە کتێبی ئاڵەکۆک لە سەر مێزەکەی بەردەمی. ح.ق]، ئەوە، شایەد یەکەمجار بێ ئەوە باس کرا بێ. کە سۆڤیەت خودموختاری کوردستانی چێ نەکردووە. سۆڤیەت خودموختاری ئازەربایجانی چێ کردووە. حەقی کوردانی داوە بە ئازەربایجان کە ئازەربایجان بیدا؛ کە پیشەوەری لوتف بفەرموێ خودموختارێک بدا بە کوردان لە داخڵی ئازەربایجان دا. بەڵام کوردەکان قبووڵیان نەکرد کوتیان ئێمە خۆمان حکوومەتی خۆمان چێ دەکەین. وە هاتنە دەر لە کۆبوونەوەکە، هاتنە دەرەوە. ئیتر ڕووسەکان مەجبوور بوون دیتیان کوردەکان لەوانەیە شەڕ بکەن، سەرهەڵدان بکەن، ئێ، قبووڵیان کرد کوتیان بابە ئێ، ئێوەش بڕۆن حکوومەتی خۆتان چێ کەن.
حکوومەتی خودموختاری کوردستان لە مەهاباد، جەمهووری مەهاباد ئاوا چێ بوو. نەک ڕووسان کۆماری مەهابادیان چێ کرد بێ.
باراچ کڵیچ: بە دەستی کوردان چێ بوو.
بلووریان: بە دەستی کوردان چێ بوو. بە زۆری کوردان چێ بوو ئەو شتە. ئەوەی کە دوژمنان دەڵێن ڕووسان هاتن و حیزبی دێمۆکڕاتیان دروست کرد و ڕووسان هاتن کۆماری مەهابادیان دروست کرد ئەوانە هەموو درۆ و تەبلیغاتی دوژمنە.
باراچ کڵیچ: نەڕاستن ئەوانە
بلووریان: نە ڕاستن، ئەوە هەمووی دەو کتێبە دا [ئاماژە دەکا بە ئاڵۆک و بە دەستەوەی دەگرێ و نیشانی دەدا ح.ق] ئەمن هەمووم نووسیوە، ئەوانەم هەموو بە ڕاستی نووسیوە، لێرە تەوزیحاتی کەم دەدەم بەخاتری ئەوەی ئەو کتێبە نووسیێتی بە تەوزیح! لەبەر ئەوە فەقەت ئەمن ئەوەی ڕەد دەکەمەوە کە دەڵێن سۆڤیەت دەستی تێدا بۆ، حیزبی دێمۆکڕاتی دروست کردووە یا سۆڤیەت، بێگانە دەستی تێدا بۆ حیزبی دێمۆكڕات چێ بۆ ئەبەدا. حیزبی دێمۆکڕات خۆی واریسی کۆمەڵەی ژێکاف بوو، خۆیان کوردەکان چێیان کرد وە خودموختاری کوردستان بە دەستی کوردەکان چێ بوو.
دوایە قەرار بوو پینج ساڵ یەکێتی سۆڤیەت و ئینگلیس و ڕووس دە ئێرانێ دا بمێننەوە. پێنج ساڵ کە تەواو بوو ئەمریکا و ئینگلیس دەرچوون لە ئێران لەسەر ئەو قەرارە کە دابوویان. پەیمانێک کە بەستبوویان، ئیمزایان دابوو. یەکێتی سۆڤیەتیش دەبوایە دەرکەوێ، بەڵام  یەکێتی سۆڤیەتی دەر نەدەکەوت. بۆچی دەر نەدەکەوت دەیەویست لە ئێران ئیمتیاز وەربگرێ، مافێک وەربگرێ لە نەفت. ها، جا ئەو دەم بچێتە دەرەوە.
وەبوو حکوومەتی قەواموسەلتەنە قەولی پێدا کە نەفتی شومال، شومالی ئیران بە دەستی ڕووسەکان چێ بکرێت لە ئێران.
باراچ کڵیچ: بەحری خەزەر
بلووریان: پەیمانیان ئیمزا کرد، قەبووڵیان کرد دەوڵەتی سۆڤیەت و دەوڵەتی قەواموسەلتەنە. بەڵام قەرار بوو ئەو پەیمانە بچێ لە مەجلیسی شووڕای میللی ئێران تەسویب بکرێ ئیتر. هەر ئەوەندەی مابوو، ئەگینا قەراری دەوڵەتی بەسترا بوو ڕەسمی. ئەوە بوو سۆڤیەت دەرچوو. سۆڤیەت کە دەرچوو، ئێمە، من لە یەکێتی سۆڤیەت بووم، ئەو دەمی من لە تەڕەف کۆماری مەهابادەوە دەگەڵ هێندێک برادەر چوو بووین بۆ دەرسی عەسکەری بخوێنین. کە مەهاباد تێک چوو من لە یەکێتی سۆڤیەت لە باکۆ بووم.
ئێمە ئێعترازمان کرد بە ڕووسەکان کە ئێوە بۆچی پشتیوانیتان نەکرد لە کوردستان؟ وە حەتتا لە ئازەربایجانیش کە بۆخۆتان سازتان کرد بوو. کوتیان ئاخر یەکێتی سۆڤیەتی لە شەڕی جەهانی دا ٢٤ میلیۆن کوشتەی داوە، مەملەتەکەی وێران بۆ،ئەمریکا و غەڕب، ئەمریکا و غەڕب ئێستا ئەتۆمیان هەیە ئەوە لە ناکازاکی و هیرۆشیمایان داوە، ئێمە ئەتۆممان نییە ئەگەر ئێمە نەهاتباینە دەرەوە و دەخالەتمان نەکردبا!! دەبووایە دەگەڵ ئەمان شەڕ بکەین و ئەگەر شەڕیشمان کردبا بە بۆمبی ئەتۆمی لێیان داباین ئێستا یەکێتی سۆڤیەت نەدەبوو پشتیوانی لە ئێوە بکا. ئێوە بێنێتە ئێرە دەرسی نیزام بخوێنن، مولاحەزەت فەرموو. بەڵام ئەگەر یەکێتی سۆڤیەتی هەر بژی و هەر بمێنێ و هەرزیندوو بمێنێ ڕۆژێک دێ دیسان تاریخییەن دیسان ئێمە یارمەتی بدەین بە کوردان. کوتمان ئێستا خۆ یارمەتیتان نەدا، پشتوو تێ کرد.


            

باراچ کڵیچ: پێتان وایە ئێستا فێدراسیۆنی ڕووسیا، سۆڤیەتی پێشوو ئالیکاری کوردان بکا؟ یانی هیوایەکی وات هەیە؟
بلووریان: من بە تەجروبەی ئەو سەفەرەم کە لە یەکێتی سۆڤیەت بووم و دەستم گەیشتە ڕەهبەرانی شووڕەوی، و لەوە دا [ ئاماژە دەکا بە ئاڵەکۆک. ح.ق] باسم کردۆ، کە قسەم دەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت کردۆ لە سەر مەسەلەی کورد و داوای ڕادیۆی کوردیم کردۆ بۆ، ڕادیۆیەک بە زمانی کوردی بەرنامەیەک بە زمانی کوردی. نەک بۆ کورد، فەقەت بە کوردی بەرنامە. سیاسەتی ڕووس، ئی خۆی وەک بە ئازەربایجانی هەیە، بە فارسی هەیە با بە کوردیش هەبێ. خۆت چی دەڵێی بڵێ بەڵام بە زبانی کوردی بڵێ. جنێو بە کورد دەدەی بە زمانی کوردی بڵێ. ها، جنێویشمان پێ دەدەی بە زمانی کوردی جنێومان پێ بدە. بەڵام بە زمانی کوردی قسە هەبێ لە ڕادیۆ مەسکەو.  من ئەوەم بۆ موهیم بوو کە دەنگی کورد لە مەسکەو بێتە دەرێ. ئەو دەم نەزەر وا بوو ئیتر.
حەتتا ڕازی بەوە نەبوون. ڕازی بەوە نەبوون کە کورد دەنگی لە مۆسکۆ بێتە دەرێ؛ لە ڕادیۆی سوڵح و تەڕەقی. کە ڕادیۆی سوڵح و تەڕەقی بە فارسی قسەی دەکرد، بە ئازەربایجانی قسەی دەکرد، ئازەربایجانی ئیران، بە ئازەربایجانی ئێران قسەی دەکرد، بە فارسی قسەی دەکرد بەڵام  بە کوردی قبووڵی نەکرد قسە بکا. منیش دەمەویست بە کوردی قسە بکا بەڵام قەبووڵیان نەکرد.
وەختێکی ئەو ئامادە نییە حەتتا بە زمانی کوردێکی ساکار لە سەر ڕادیۆی سەدای میللی قسە بکا بە کوردی دروشمی خۆی بدا، نەک دروشم بۆ کورد حەتتا ئەوە قەبووڵ نەکا چۆن پشتیوانی لە حەڕەکەی کورد دەکا. بە مەسڵەحەت و بەرژەوەندی خۆی دەزانێ پشتی کورد بگرێ و ئەوە بکا. بەرژەوەندی ویش وەکوو دێرە دا [ ئاماژە دەکا بە کتێبی ئاڵەکۆک. ح.ق]، مەسڵەحەتی ویش وەک مەسڵەحەتی ئەمریکا و ئینگلیس و دونیای غەڕب مەسڵەحەتی بازاڕ بوو. مەسڵەحەتی ئیقتیسادی بوو. مەسڵەحەتی ڕەوابیتی سیاسی و ئیقتیسادی دەگەڵ حکوومەتی ئێران و ئەو دەوڵەتانەی کە کوردیان تێدا هەیە. مەسڵەحەت ئەوە بوو.
باراچ کڵیچ: یانی سۆسیالیزم، کرێکار، پڕۆلێتاریا ، گوندی
بلووریان: ئەوانە قسەن خاڵە گیان. پڕۆلێتاریا [ی جیهان] موتەحید شەوید دروشمە. دروشم دەگەڵ عەمەل فەرق ئەکا. ئەوان دروشمیان هەبوو و ئێمەش وەدوای دروشمەکەی کەوتبووین پێمان وا بوو ڕاستە. ئێ.
باراچ کڵیچ: ئەمڕۆ ئێوە دەڵێن چی؟
بلووریان: ئیمڕۆ ڕوون بۆتەوە، هەموو کورد ڕوون بۆتەوە کە وەدوای دروشمی دەوڵەتان نەکەوێ، نەک سۆڤیەتی بەڵکە هیچ دەوڵەتێک. وەدوای دروشم نەکەوێ وەدوای عەمەلی دەوڵەتان کەوێ ئەگەر ڕاست دەکەن. کوردان پێوەندی موستەقیل بگرن، سەربەخۆ بگرن. نەک ئالەتی دەستی ئەم دەوڵەت و ئەم دەوڵەت بن، ببنە نۆکەری ئەم و ئەو  بۆ پارە وەرگرتن یا بۆ کارێکی تر. بۆ میللەتی خۆیان دەتوانن بە موستەقیلی پەیوەندیش بگرن بە هەموو دەوڵەتی دنیایەوە بۆ قازانجی کورد، بەڵام موستەقیل، سەربەخۆ. ئەوە تەجروبەی تاریخی یە بۆ میللەتی کورد کە دەبێ تاریخی خۆی بەسەر دا، پێدا بچێتەوە، بخوێنێتەوە، بە قەولی کورد دەڵێ ئاوڕێک بداتە دواوە بزانێ ڕابردوو چییە.  

تێبینی: ئەم چاوپێکەوتنەلە وڵاتی ئاڵمان کراوە و لە ساڵی ١٩٩٧ لە مەد تیڤی بڵاو کراوەتەوە. بەداخەوە ڕۆژ و مانگەکەی ئاستە نەکراوە. شوێنی وتوێژەکە دەکرێ ماڵی نەمر غەنی بلووریان بێ. ئەمە دووەمین هەڤپەڤینی ئەحمەد باراچ کڵیچ ە لەگەڵ بلووریان. بۆ هاسانکاری پرسیارەکان لە کوردیی کورمانجییەوە کراونەتە کوردیی سۆرانی. وڵامەکانی بلووریان چۆنی ئاستە کراوە بێ هیچ گۆڕانێک دابەزێندراون.