Tuesday, September 1, 2026

دیدارێکی لەبیرنەکراو لە لەندەن


 دیدارێکی لەبیرنەکراو لە لەندەن

لەمانگی مارسی ٢٠٠٩ دوای بەشداری لە یەکەم کۆنفڕانسی کوردناسی لە زانکۆی ئێیگزێتر و گەڕانەوە بۆ لەندەن، لە پاپێک لە نزیک زانکۆی لەندەن دیدارێکی خۆش و بەناوەڕۆکمان هەبوو لەگەڵ دوکتور جان چالێنکۆ نووسەری کتێبی سەرنجڕاکێشی Images from the Endgame: Persia Through a Russian Lens, 1901-1914 " وێنەکانی گەمی کۆتایی: ئێران بە چاوی دووربینێکی ڕووسییەوە ١٩١٤- ١٩٠١ " کە بەشێکی ئەو کتێبە لەمەر وێنەکان و هێندێک لە ڕاپۆرتەکانی ئەلێکساندر ئیاس کۆنسوولی رووسیای تێزارییە لە سابڵاغ.
لەو دیدار دا نەمران دوکتور ئەمیر حەسەن پوور و موزەفەر شافعی و دوکتور سەعید شەمس و من ئامادە بووین. باسی ڕاپۆرتەکانی ئیاس و ئەو ناوچانە کران ئیاس سەری لێداون و لە ڕاپۆرتەکانی دا بە هەر دێ و چیا و دۆڵێک دا تێپەڕیبی ناوی ئاستە کردوون.
لەبەر ئەوەی چالێنکۆ فیلمسازیشە، بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی پێشتریش سەفەری ئێرانی کردبوو و وەک بوولەرەناسێک لە ئاکامی بوولەرزەی سەڵماسی کۆڵیبوەوە و هەر بە دوای ئەو توێژینەوانە دا و بە خوێندنەوەی ڕاپۆرتێک ئیاسی ناسی بووەوە و زانیبووی خزمێتی، دەستی کرد بە گەران بە دوای وێنەکان و ڕاپۆرتەکانیدا، باش دەبێ دیسان بچێتەوە ئەو ناوچانەی کوردستان ئیاس باسی لێوە کردوون و فیلمێک لەو بارەیەوە ساز کا و ڕەنگە موزەفەریش هونەرمەندی هەرە لێوەشاوە بێ بۆ ئەوەی دەوری ئەلێکساندر ئیاس بگێڕێ.
بە ڕاستی پێشنیاری ئامادە بووان بۆ چالێنکۆ زۆر سەرنجڕاکێش بوو و بەڵێنی دا بیری لێ بکاتەوە و موزەفەریش زۆری پێ خۆش بوو ئەگەر هەڵکەوێ دەورێکی ئاوا بگێڕێ، ئەو پێشنیارە هەر وەک فکر و خەیاڵێک مایەوە. ئێستا هێندێک لە کار و ڕاپۆرتەکانی ئیاس بە کوردیی سۆرانیش بڵاو بوونەتەوە. هیوادارم یان جان چالێنکۆ یان فیلمسازێکی دی بە یادی ئەلێکساندر ئیاس و موزەفەر شافعی گەڵاڵەی ئەو پڕۆژەیە وەدی بێنن.
حەسەن قازی
١-ی سێپتامبری ٢٠٢٦

No comments: