Sunday, February 1, 2009

زمان و جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی، نووسینی پیتر ترادگیل




زمان و جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی
نووسینی: پرۆفێسۆر پیتر ترادگیل
وه‌رگێڕان له‌ ئینگلیسییه‌وه‌: حه‌سه‌نی قازی

‌ له‌وانه‌یه‌ یه‌که‌م شتی‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌و که‌سانه‌ی‌ ئێوه‌ بۆ یه‌که‌م جار چاوتان پێیان ده‌که‌وێ بیری لێ بکه‌نه‌وه‌ جلوبه‌رگه‌کانیان، ده‌نگیان، یان ڕه‌نگی چاویان، یان بزه‌ی سه‌ر لێوانیان بێ.ئه‌گه‌ر ئێوه‌ وا بیربکه‌نه‌وه‌ به‌ته‌واوی هه‌ڵه‌نه‌. له‌ ڕاستی دا یه‌که‌م شتی که‌ به‌ زه‌ینی ئێوه‌ دا ڕاده‌برێ کاتێک یه‌که‌م جار که‌سێک ده‌بینن ئه‌وه‌یه‌ ‌ ئه‌و سه‌ر به‌ چ جینسێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌، واته‌ ژنه‌ یان پیاوه‌. ئه‌وه‌ ئه‌وه‌ندی ئاشکرایه‌‌ ته‌نانه‌ت بیر لێکردنه‌وه‌شی ناوێ. دابه‌شبوونی ڕه‌گه‌زی ئینسانی به‌ مێ و نێر ئه‌وه‌نده‌ بنه‌ڕه‌تی و ئاشکرایه‌ که‌ ئێمه‌ هه‌ر پێشی نازانین. ئه‌و ڕاستییه‌ که‌ جیاوازییه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ سه‌ره‌تاییه‌ به‌و مانایه‌یه‌ ‌ سه‌یر نییه‌‌ ئه‌وجیاوازییه‌ له‌ هه‌موو زمانه‌ ئینسانییه‌کانیشدا ڕه‌نگ بداته‌وه‌ و نیشان بدرێ. ئه‌وه‌ ماناناسییه‌کی دنیاگره‌وه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌موو زمانه‌کانی دنیادا وه‌کوو دووزاراوه‌ی جووتۆکه‌ی پیاو- ژن ، کوڕ- کچ ، کوڕ- دوێت و هتد بوونه‌ته‌ وشه‌ی قامووسی و ووشێندراون.
به‌ڵام سه‌رنجڕاکێشه‌،‌ زمانه‌کان تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو جیاوازن سه‌باره‌ت به‌ ڕاده‌ی ئه‌و جیاوازییه‌ی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که‌ که‌وتوونه‌ته‌ هه‌نبانه‌ی ووشه‌کانیانه‌وه‌. بۆ نموونه‌، له‌ زمانی ئاڵمانی دا، مرۆ ده‌بێ ئه‌وه‌ دیاری بکا کاتێک باسی دۆست ێک ده‌کا ئه‌و نێر Freund یان مێFreundin یه‌‌. له‌ ئینگلیسیدا ئه‌و فه‌رقه‌ داناندرێ. زاراوه‌ی له‌ مه‌ڕ خزمایه‌تیش جیاوازن؛ بۆ نموونه‌ له‌ زمانی ئینگلیسیدا وشه‌ی ' cousin ' (ئامۆزا، پوورزا، خاڵۆزا ) به‌ نێر یان مێ نیشانه‌ ناکرێ به‌ڵام له‌ زۆر زمانی دیکه‌ دا وه‌کوو فه‌ڕانسه‌یی مرۆ ده‌بێ دیاریی بکا گه‌لۆ باسی cousin ده‌کا یان cousine. ئه‌وه‌ ده‌کرێ له‌مه‌ڕ باس و هێماکردن به‌ کاری پیشه‌یش هه‌ر وا بێ، بۆ نموونه‌ هیندێک له‌ زمانان له‌وانه‌یه‌ ' actor' "هونه‌رمه‌ندی پیاو"- 'actress' " هونه‌رمه‌ندی ژن" ، ' manager ' " به‌ڕێوه‌به‌ری پیاو" –
' manageress' " به‌ڕێوه‌به‌ری ژن " و هتد له‌ یه‌کتری بکه‌نه‌وه‌ یان نه‌که‌نه‌وه‌. ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ودواییانه‌ دا بووه‌ته‌ هۆی مشتومڕی زۆر جه‌نجاڵی، لێداون له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ دنیای ئینگلیسی زماندا ده‌کرێ به‌ ژنێک بگوترێ chairman یان نا، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی کوتێکی وشه‌که‌ man، پیاوه‌، یان له‌ دنیای فه‌ڕانسه‌یی زماندا ده‌کرێ به‌ ئاگرکوژێنه‌ره‌وه‌یه‌کی مێ بگوترێpompière‌ یان نا. ( ئێمه‌له‌ به‌ندی 10ی ئه‌م کتێبه‌ دا دێینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌.)
له‌وه‌ش زیاتر ئه‌وه‌ هه‌ر وه‌ها جێی سه‌رنجدانێکی وردیشه‌ که‌ ئه‌و جۆره‌ جیاوازییه‌، زۆر جار له‌ ڕووی ڕێزمانیشه‌وه‌ له‌ زمانه‌کانی دنیا دا نیشان دراوه‌. شێوه‌ی ده‌رکه‌وتنی ئه‌و جیاوازییه‌ له‌ زمانه‌کان دا به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له‌ یه‌ک تاق و جووته‌. ڕێگه‌یه‌کی هه‌ره‌ ئاشکرا بۆ ئه‌و له‌یه‌ک کردنه‌وه‌یه‌ به‌کار هێنانی جێناوی جیاواز بۆ نێر و مێ یه‌. هێندێک له‌ زمانه‌کان، وه‌ک مه‌جارستانی و فه‌نلاندی، له‌ ده‌زگای جێناوه‌کانیاندا هیچ نیشانه‌یه‌کیان نییه‌ بۆ جوێکردنه‌وه‌ی نێر و مێ. له‌ زمانی فه‌نلاندی دا، وشه‌ی hän هاوتای 'he ' یان ‘ she’ یه‌. و له‌ زمانی مه‌جارستانی دا on هه‌م به‌ مانای ‘he’ و هه‌م به‌ مانای ‘ she’ یه‌. زمانه‌کانی دی، وه‌ک ئینگلیسی جێناوی جیاوازیان هه‌یه‌ بۆ له‌یه‌ک کردنه‌وه‌ی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڵام ته‌نێ له‌ دۆخی که‌سی سێیه‌می تاک دا واته‌ - he ( ئه‌وی نێر) و she ( ئه‌وی مێ) – و هێندێکی دیکه‌یان ، وه‌ک فه‌ڕانسه‌یی، له‌ دۆخی که‌سی سێیه‌می کۆ ش دا ئه‌وانه‌ له‌ یه‌ک ده‌که‌نه‌وه‌: ils ( ئه‌وان ی نێر) و elles ( ئه‌وان ی مێ). ته‌نانه‌ت هێندێک زمانی دی له‌ دۆخی که‌سی دووه‌میشدا ئه‌و دوو جینسه‌ له‌ یه‌ک ده‌که‌نه‌وه‌: له‌ زمانی ئێسپانیایی دا vosotros (ئێوه‌ که‌سی دوویه‌می نێری کۆ)، vosotras ( ئێوه‌ بۆ ئاماژه‌ به‌ که‌سی دوویه‌می مێی کۆ). هێندێک له‌زمانه‌کان بۆ جێناوی که‌سی یه‌که‌می کۆش ئه‌وانه‌ له‌یه‌ک ده‌که‌نه‌وه‌؛ دیسان له‌ زمانی ئێسپانیایی دا: nosotros ( ئێمه‌ی کۆی نێر ) و Nosotras ( ئێمه‌ی کۆی مێ).
جیاوازی جینسی ئینسانی ده‌کرێ به‌ ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی حه‌رفی ته‌عریف و ئاوه‌ڵناوی جیاوازیش نیشان بدرێ وه‌ک له‌ زمانی فه‌ڕانسه‌یی دا هه‌یه‌: une étudiante très intelligente ( خوێندکارێکی زۆر ژیری مێ )، une étudiante très intelligent ( خوێندکارێکی زۆر ژیری نێر). ته‌نانه‌ت ئه‌و جیاوازییه‌ ده‌کرێ له‌ شێوه‌ی کردارانیش دا ده‌رکه‌وێ، بۆ نموونه‌ له‌ دۆخی زه‌مانی ڕابردوو و دۆخی شه‌رتی له‌ هێندێک له‌ زمانه‌ سڵاوییه‌کاندا. له‌ زمانی له‌هیستانی دا przyjechat واته‌ ( ئه‌و ی نێر گه‌یشتێ ) و przyjechata واته‌ ( ئه‌وی مێ گه‌یشتێ).
له‌ زمانناسی دا باوه‌ڕێکی ئاسایی هه‌یه‌ که‌ ده‌بێ جه‌ختی له‌ سه‌ر بکرێته‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌‌ زمانه‌کان له‌وه‌یدا که‌ ده‌ریده‌بڕن جیاواز نین، ته‌نێ جیاوازییان ئه‌وه‌یه‌ که‌ چۆنی ده‌رده‌بڕن. جێی سه‌رنجه‌، ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ ڕێزمانییانه‌ی که‌ هه‌ر ئێستا ئاماژه‌مان پێکردن کارتێکه‌ری ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ که‌ هه‌ر ئاخێوه‌ره‌ی به‌ گوتنیان جینسی ئه‌و که‌سانه‌ی باسیان لێوه‌ ده‌کا و هه‌ر وه‌ها ئی خۆشی دیاری بکا. (هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ ده‌کرێ تا ڕاده‌یه‌ک له‌ وشه‌ی قامووسی هه‌موو زمانه‌کانیشدا ده‌رکه‌وێ ڕسته‌ی وه‌کوو: I am a happy woman ' ئه‌من ژنێکی شادم' و I am a sick man 'ئه‌من پیاوێکی نه‌خۆشم' ده‌کرێ هاو واتایان به‌ هه‌موو زمانێک ده‌رببڕدرێ.) له‌ زمانه‌کانی دنیا دا وێده‌چێ ژماره‌یه‌ک ده‌رفه‌ت هه‌بن که‌ ئه‌و ده‌ربرینه‌ پێداویسته‌ ڕێزمانییانه‌ی له‌ مه‌ڕ جینسی خۆ بکرێ ده‌رکه‌ون:
1. له‌وانه‌یه‌ قه‌ت ده‌رنه‌که‌ون- وه‌ک له‌ زمانی ئینگلیسی و زمانی مه‌جاری دا. له‌ ڕۆمانێکی ئینگلیسی دا که‌ گێڕه‌وه‌ره‌ له‌ دۆخی که‌سی یه‌که‌م دا قسه‌ ده‌کا، به‌ هیچ ڕێگه‌یه‌کی زمانناسییانه‌دا دا ناکرێ بگوترێ ئه‌و نێره‌ یان مێ یه‌، مه‌گین ئه‌وه‌ی نێوی خۆی بڵێ یان سه‌ره‌په‌تێکی دیکه‌ بۆ ناسینه‌وه‌ی له‌ به‌ر ده‌ست خوێنه‌ره‌وه‌ بنێ.
2. له‌وانه‌یه‌ به‌ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی جینسی ئاوه‌ڵناو دا ده‌رکه‌وێ، وه‌ک له‌ زمانی فه‌ڕانسه‌یی دا je suis heureuse ' ئه‌من شادم' که‌ ژنێک ده‌یڵێ و je suis heureux که‌ فۆڕمی ' ئه‌من شادم' ه‌ ئه‌گه‌ر پیاوێک بیڵێ. له‌ زۆرێک له‌ زمانه‌ سڵاوی و ڕۆمانه‌ کاندا ناوی به‌رکاری کرداره‌کانیش وه‌ک ئاوه‌ڵناوه‌کان ده‌رده‌که‌ون، که‌ ئه‌وه‌ش ئاکامێکی سه‌یری لێ ده‌که‌وێته‌وه‌، به‌ زمانی پورتوگاڵی، ئاخێوه‌ری پیاو بۆ ڕسته‌ی ' ئه‌من مه‌منوونم' ده‌ڵێ obrigado، له‌ کاتێکدا ئه‌گه‌ر ژن بێ ده‌ڵێ obrigada ( مانای موو به‌ مووی 'obliged' ی ئینگلیسی یه‌).
3. له‌وانه‌یه‌ به‌ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی جینسی کرداره‌کان له‌ دۆخی یه‌که‌م که‌سی تاک دا ده‌رکه‌وێ، وه‌ک له‌ زمانی له‌هیستانی له‌ دۆخی ڕابردوو دا: پیاوێکی له‌هیستانی ده‌ڵێ przyjechatem ' ئه‌من گه‌یشتمێ' و ژنێک ده‌ڵێ
przyjechata ' ئه‌من گه‌یشتمێ'.
4. زۆر چاوڕاکێشتر، له‌وانه‌یه‌ به‌ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی جێناوی جوێی که‌سی یه‌که‌می تاک ده‌رکه‌وێ. هێندێک له‌ زمانه‌کان، وه‌ک ئێسپانیایی که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ دا دیتمان، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ی‌ شێوه‌ی جیاوازی جێناوی که‌سی یه‌که‌می کۆیان هه‌یه‌ ' ئێمه‌'، به‌ڵکوو جێناوی که‌سی یه‌که‌می تاکی جیاوازیشیان هه‌یه‌ ' ئه‌من'. زمانی Ngala نگالای گینه‌ی نوێ شێوه‌ی /wn / ' ئه‌من' ( نێر) و /nan / 'ئه‌من' (مێ) شی هه‌یه‌. و له‌ زمانی تایی دا، له‌ یه‌کتردوانی به‌ڕێزه‌وه‌ له‌ نێو یه‌کسانان دا، پیاوێک بۆ جێناوی که‌سی یه‌که‌می تاک ' ئه‌من' ده‌ڵێ phom له‌ کاتێکدا ژنێک به‌ خۆی ده‌ڵێ dichan.
سه‌رنج بده‌ن که‌ ئه‌مه‌ تا راده‌یه‌ک دیارده‌یه‌کی چاوڕاکێشه‌ و یه‌کڕاست ڕوون نییه‌ بۆچی زمان ده‌بێ ئه‌و نیشانه‌یه‌ی هه‌بێ. ئاشکرایه‌ جیاوازی ڕێزمانی له‌ نێوان دوو جێناوی he و she دا زۆر جار ده‌کرێ ته‌واو گرینگ بێ وه‌کوو ڕێیه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی نیشان بدا ئه‌و که‌سه‌ی باسی لێوه‌ ده‌کرێ پیاوێکه‌ یان ژنێکه‌، کوڕێکه‌ یان کچێکه‌. به‌ڵام داخودا هۆی ده‌رکه‌وتن و په‌یدا بوونی جێناوه‌ جیاوازه‌کانی جینسی که‌سی‌ یه‌که‌می تاک ده‌بێ چ بێ؟ ته‌قریبه‌ن له‌ هه‌موو بارودۆخێک دا، جینسی ئاخێوه‌ر بۆ گشت لایه‌کی پێوه‌ندیدار ئاشکرایه‌.
ئێمه‌ ڕه‌نگه‌ بکرێ به‌م ڕێگه‌یه‌ی خواره‌وه‌ دا حه‌ول بده‌ین بۆ شیکردنه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌یه‌. له‌ سێ به‌ندی پێشووی ئه‌م کتێبه‌ دا‌ باسی هێندێک له‌و پێوه‌ندییانه‌مان کرد که‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ زمانییه‌کاندا له‌ نێوان جیاوازێتی کۆمه‌ڵایه‌تی و جیاوازێتی زمانی دا هه‌یه‌، و به‌ ده‌ستنیشانکردنی ئه‌و شێوانه‌ی که‌ له‌و جیاوازێتییه‌ زمانیانه‌ دا ده‌رده‌که‌ون.دوو جۆره‌ جیاوازێتی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ تا ئێستا ئێمه‌ لێیان دواوین بریتی بوون له‌ توێژبه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی و جیاوازێتی گرووپی ئێتنیکی. له‌ هه‌ر دووک نمووناندا ئێمه‌ توانیمان هاوته‌ریبی نێوان جیاوازێتی کۆمه‌ڵایه‌تی و جیاوازێتی جوگرافیایی جه‌خت بکه‌ینه‌وه‌ له‌مه‌ڕ کاردانه‌وه‌یان له‌ سه‌ر زمان: وا وێده‌چێ، مه‌ودای کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ر هه‌مان ئاکامی زمانی هه‌بێ که‌ مه‌ودای جوگرافیایی هه‌یه‌تی. ده‌سته‌کانی ئێتنیکی و چینی کۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌ک ده‌سته‌ هه‌رێمییه‌کان، خه‌سڵه‌تی زمانی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ چونکوو ئه‌ندامه‌کانیان زۆر زیاتر پێوه‌ندییان له‌ گه‌ڵ یه‌کتریدا هه‌یه‌ تا له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی دیکه‌ دا.
له‌م به‌نده‌ دا، ئێمه‌ له‌ گه‌ڵ ڕه‌هه‌ندێکی دیکه‌ی جیاوازێتی زمانی ڕووبه‌ڕووینه‌ که‌ وێناچێ بکرێ هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ شی بکرێته‌وه‌. به‌ پێی لێکۆڵینه‌وه‌ی زمانی زاندراوه‌‌ له‌ زۆر کۆمه‌ڵان دا شێوه‌ی قسه‌ کردنی پیاوان و ژنان به‌ شێوه‌ی جۆر به‌جۆر له‌یه‌ک جیاوازن.له‌ ڕاستیدا، ئه‌و جیاوازییانه‌، له‌ هێندێک نمووناندا ده‌کرێ ته‌واو زۆر بن، به‌ ئاشکرایی هه‌ستیان پێ بکرێ، و ڕه‌نگه‌ ته‌نانه‌ت چالاکانه‌ش فێری منداڵان بکرێن. بۆ نموونه‌ ،له‌ زمانی Gros Ventre گرۆس ڤانتر دا، که‌ زمانێکی ئیندیانی ئه‌مریکاییه‌ له‌ باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ، ده‌نگی ددانی مه‌ڵاشوویی له‌ قسه‌ کردنی پیاواندا، له‌ قسه‌ کردنی ژناندا ده‌بێ به‌ نه‌رمه‌مه‌ڵاشوویی – پیاوان به‌ 'نان' ده‌ڵێن / djasta / ژنان ده‌ڵێن /kjasta /، هه‌ر ئاوا، له‌ زمانی یوکاگیر Yukaghir دا، که‌ زمانێکی باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیایه‌، ده‌نگی /tj / و /dj / له‌ قسه‌کردنی پیاوان دا، له‌ قسه‌ کردنی ژنان دا وه‌ک /ts / و / / dz
ده‌رده‌بڕدرێن. ئێمه‌ ده‌توانین تا ڕاده‌یه‌کی زۆر دڵنیا بین که‌ له‌و نموونه‌یه‌ی دواییدا ئه‌و جوێ کردنه‌وانه‌ به‌ زانایی ده‌کرێن ، چونکوو ئه‌وان پێوه‌ندییان به‌ جیاوازیی ته‌مه‌نیشه‌وه‌ هه‌یه‌. منداڵانیش وه‌ک ژنان شێوه‌ی /ts / و / dz / به‌کار ده‌هێنن، له‌ کاتێکدا خه‌ڵکی به‌ساڵداچووی هه‌ر دوو جینسه‌که‌ شێوه‌ه‌ی /cj / , / jj / به‌کار ده‌هێنن. ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌یه‌ که‌ ئاخێوه‌ڕێکی پیاو له‌ ماوه‌ی ژیانی خۆیدا سێ فۆڕمی جیاواز به‌کار ده‌هێنێ، و بۆیه‌ رێی تێده‌چێ ئه‌و ئاگادار بێ سه‌باره‌ت به‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی ده‌یکا.
ئه‌گه‌ر به‌گشتی بڵێین، ئێمه‌ ناتوانین ئه‌و جۆره‌ جیاوازییانه‌ به‌پێی مه‌ودای کۆمه‌ڵایه‌تی شی بکه‌ینه‌وه‌. له‌ زۆربه‌ی کۆمه‌ڵه‌کاندا پیاوان و ژنان به‌ ئازادانه‌ له‌ گه‌ڵ یه‌ک هه‌ڵسو که‌وت ده‌که‌ن و ده‌پێوه‌ندی دان، و وا وێده‌چی به‌رهه‌ڵستی کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر که‌م هه‌بێ که‌ کار بکاته‌ سه‌ر پێوه‌ندی چڕوپڕی نێوان جینسه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. هه‌ر بۆیه‌ش، ئێمه‌ ناتوانین پێشوه‌چوونی جیاوازییه‌کانی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ زمان دا وه‌ک جیاوازی چینایه‌تی، گرووپی ئێتنیکی، یان له‌هجه‌گه‌لی جوگرافیایی بپێوین . باشه‌، که‌ وا بێ، ئه‌و جۆره‌ جیاوازییانه‌ چۆن ده‌رده‌که‌ون؟
بۆچی زۆر جار شێوه‌ی قسه‌کردنی پیاوان و ژنان له‌ یه‌کدی جوێیه‌؟ بڵا با باسی چه‌ند نموونه‌یه‌ک بکه‌ین که‌ کاریان له‌ سه‌ر کراوه‌، و حه‌ول بده‌ین بزانین ئه‌و هۆکارانه‌ی‌ له‌ به‌ره‌وپێشچوونیاندا گرینگ بوونه‌ چنه‌.
نموونه‌ی کلاسیکی جیاوازێتی زمانی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌ شاگردانی زمان باش لێی ئاگادارن، له‌مه‌ڕ هیندیی ڕۆژئاوایه‌. زۆر جار ئه‌وه‌ باس کراوه‌ که‌ کاتێک ئوڕووپاییه‌کان بۆ جاری یه‌که‌م گه‌یشتنه‌ ئانتیلزی خواروو Lesser Antilles و پێوه‌ندیان کرد به‌ ئیندیانه‌کانی کاریبه‌وه‌، که‌ خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی ئه‌وێ بوون و له‌وێ ده‌ژیان ، بۆیان ده‌رکه‌وت‌ له‌وێ پیاوان و ژنان ' به‌ زمانی جیاواز قسه‌ ده‌که‌ن '. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ دۆزینه‌وه‌یه‌کی زۆر زه‌ق بوو و مرۆ واقی پێ وڕ ده‌ما، شتێکی که‌ وێنه‌ده‌چوو له‌ هیچ شوێنێکی دیکه‌ی دنیا دا له‌ وێنه‌ی هه‌بێ: له‌ هیچ جێگه‌یه‌کی دی نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ که‌ جیاوازی زمانی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ بێ که‌ خه‌ڵک بێنه‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که‌ له‌ ڕاستیدا زمانگه‌لی جوی تایبه‌تی پیاوان و ژنان هه‌بن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، وێده‌چێ ئه‌و گوزاریشتانه‌ ( یان دواتر ده‌ستێدان و ڕازاندنه‌وه‌ی ئه‌وان) تا ڕاده‌یه‌ک گه‌وره‌ کرابێتنه‌وه‌. گوزاریشتێکی هاوچه‌رخ له‌وباره‌یه‌وه‌ ( که‌ سه‌باره‌ت به‌ چه‌رخی حه‌ڤده‌هه‌مه‌) ده‌ڵێ:

پیاوان ژماره‌یه‌کی زۆر کوته‌ و زاراوه‌ی تایبه‌تی به‌ خۆیان هه‌یه‌، که‌ ژنان لێیان تێده‌گه‌ن به‌ڵام خۆیان قه‌ت نایانڵێن. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ژنانیش ووشه‌ و ڕسته‌ی ئه‌وتۆیان هه‌یه‌ که‌ پیاوان قه‌ت به‌کاریان ناهێنن، یان ئه‌گه‌ر به‌کاریان بهێنن پێیان پێده‌که‌نن و گاڵته‌یان پێ ده‌که‌ن. جا بۆیه‌ کاتێک له‌گه‌ڵ یه‌کتری ده‌دوێن زۆر جار واوێده‌چێ ‌ ژنان زمانێکی جوێیان هه‌بێ له‌ ئی پیاوان.

به‌پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی ئه‌و نووسه‌ره‌ی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م، و له‌و قسه‌ گێڕانه‌وه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ ڕا ده‌رده‌که‌وێ، وا وێده‌چێ ئه‌گه‌رچی جیاوازییه‌کی ڕوون و ئاشکرا له‌ نێوان شێوه‌ی قسه‌کردنی پیاوان و ژنان دا هه‌بووه‌، ئه‌و جیاوازییه‌ ته‌نێ له‌مه‌ڕ ژماره‌یه‌کی که‌م بووه‌. واته‌، پیاوان و ژنان به‌ زمانی جیاواز قسه‌یان نه‌کردووه‌، به‌ڵکوو ئه‌وان به‌ شێوه‌زاری جیاوازی عه‌ینی زمان قسه‌یان کردووه‌- ئه‌و جیاوازییانه‌ ته‌نێ جیاوازی ووشه‌یی بوون. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئاواش بێ، ئێمه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ک ده‌توانین ئه‌و جیاوازییه‌ تایبه‌تییانه‌ ڕوون بکه‌ینه‌وه‌؟ ئیندیانه‌کان خۆیان شیکردنه‌وه‌یه‌کیان له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌بوو که‌ ئێستا به‌ به‌ربڵاوی قۆڵی له‌ سه‌ر کێشراوه‌. ئه‌و گوزاریشته‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ باس کرا به‌رده‌وام ده‌بێ و ده‌ڵێ :

وه‌حشییه‌ خۆجێییه‌کانی دۆمێنیکا ده‌لێن هۆی ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ کاتێک کاریبه‌کان هاتن بۆ داگیرکردنی ئه‌م دوڕگانه‌، له‌و شوێنانه‌ دا هۆزی ئاراواک ڕۆده‌نیشت به‌ ته‌واوی جوقه‌واریان لێ بڕین، جگه‌ له‌ ژنه‌کانیان نه‌بێ، که‌ له‌ خۆیان ماره‌ کردن بۆ ئه‌وه‌ی زه‌و و زوو بکه‌ن و وڵاته‌که‌ ئاوه‌دان بێته‌وه‌. هێندێک وه‌یه‌ک چوون له‌ نێوان قسه‌کردنی ئه‌و ئاراواکانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕا هاتوون و ژنانی کاریب دا هه‌یه‌.

باوه‌ڕیی وا بوو، ئه‌و جیاوازییانه‌ له‌ ئاکامی تێکه‌ڵاوی ئه‌و دوو ده‌سته‌ زمانییه‌، واته‌ کاریب و ئاراواک دا په‌یدا بووبێ، که‌ له‌ ئاکامی داگیرکارییه‌که‌دا‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی دابه‌ش کرابوون. ئه‌وه‌ ده‌کرێ ڕاست بێ و ڕاستیش نه‌بێ،و له‌ وانه‌یه‌ قه‌تیش نه‌زانین‌ ڕیشه‌ی ئه‌و جیاوازییانه‌ له‌ چیدا بووه‌.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، شتێک ئاشکرایه‌: ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و شیکردنه‌وه‌یه‌ش ڕاست بێ، ئێمه‌ ناکرێ ئه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕیشه‌ی جیاوازییه‌کانی زمانی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ به‌شه‌ کانی دیکه‌ی جیهاندا دا‌به‌زێنین و به‌ پێوانه‌یه‌کی دابنێین. ئێمه‌ هه‌ر وه‌ها، ته‌نانه‌ت له‌و نموونه‌یه‌ تایبه‌تییه‌شدا ده‌بێ تا راده‌یه‌ک له‌ تیۆری ' داگیرکردن' بۆ ساز بوونی ئه‌و جیاوازییانه‌ به‌ گومان بین. یه‌که‌م، ئه‌و جیاوازییانه‌ی له‌ نێو ئیندیانه‌کانی کاریب دا باسیان کراوه‌ تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو هه‌ر ئه‌و جۆره‌ جیاوازییانه‌ بوون که‌ له‌ شوێنه‌کانی دیش له‌نێو زمانه‌کانی دی ئیندیانی ئه‌مریکایی دا هه‌بوون.نوخته‌ی دووهه‌م ئه‌وه‌یه‌، زمانناس ئۆتۆ یه‌سپرسن otto Jespersen بۆچوونێکی دیکه‌ی هێناوه‌ته‌ گۆڕێ که به‌لانی که‌مه‌وه‌،‌ هه‌ر ئاوا شیاوی په‌ژراندنه‌ و ڕه‌نگه‌ بکرێ له‌ گه‌ڵ نموونه‌ی دیکه‌ش دا بگونجێ ( که‌ ئێمه‌ پێمان خۆشه‌ وا بێ ). یه‌سپرسن ده‌ڵێ جیاوازی جینسی، و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌ زماندا ده‌کرێ له‌ ئاکامی دیارده‌ی taboo بڤه‌ دا بێ که‌ له‌ به‌ندی 1 دا قسه‌مان لێوه‌ کرد. ئه‌و ئاماژه‌ ده‌کا ئه‌وه‌ زاندراوه‌ کاتێک پیاوانی کاریبی به‌ره‌و شه‌ڕ به‌ ڕێگاوه‌ بوون ئه‌وان ژماره‌یه‌ک وشه‌ی تایبه‌تییان به‌کار ده‌هێنا که‌ ته‌نێ ئه‌ندامانی نێری پێگه‌یشتوو بۆیان هه‌بوو بیانڵێن . ئه‌گه‌ر ژنان یان کوڕانی بێ ئه‌زموون و مێردمنداڵ، ئه‌و جۆره‌ ووشانه‌یان به‌کارهێنا با ده‌یانگوت ئه‌وه‌ به‌دبه‌ختی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌. جا بۆیه‌ به‌ گشتی بڤه‌ ده‌توانێ کارلێکه‌رییه‌کی به‌هێزی هه‌بێ له‌ سه‌ر په‌یڤی جیاوازی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌گه‌ر وشه‌ بڤه‌کان گرێبدرێنه‌وه‌ به‌ هێندێک شت یان چالاکی ئه‌وتۆوه‌، که‌ ژنان بۆیان نه‌بێ ‌ ناوه‌ ڕه‌سه‌نه‌کانیان بهێننه‌ سه‌ر زمان ، دیاره‌ له‌ جیاتیان وشه‌ی نوێ یان کینایه‌ی نوێ به‌کار ده‌هێندرێن، و ئاکامی ده‌بێته‌ جیاوزای پێک هاتن له‌ نێوان جینسی کۆمه‌ڵایه‌تیدا و په‌یڤی تازه‌ی به‌ دوودا دێ. نموونه‌کانی ووشه‌ی بڤه‌ وه‌کوو هۆکارێکی شیکه‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌ له‌ به‌شه‌کانی دیکه‌ی دنیاش دا هه‌ن. بۆ نموونه‌، به‌وه‌ زاندراوه‌ ‌ له‌ زوولوو، ژنێک بۆی نه‌بووه‌ نێوی خه‌زووری یان نێوی براکانی خه‌زووری بێنێته‌ سه‌ر زمان ، و ئه‌گه‌ر ئه‌و بڤه‌یه‌ی شکاندبا له‌وانه‌بوو به‌ مردنی ته‌واو بێ. له‌وه‌ش زیاتر، له‌ به‌ندی 1ی ئه‌م کتێبه‌ دا دیتمان که‌ بڤه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و جۆره‌ ووشانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ که‌ وه‌ ووشه‌ی بڤه‌ ده‌چن. له‌ زمانی زوولوو دا، وێده‌چێ ئه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ درێژ بووبێته‌وه‌ ‌ ته‌نانه‌ت هێندێک ده‌نگی تایبه‌تی زمانیشی گرتبێته‌وه‌. بۆ نموونه‌، با بڵێین ‌،ئه‌گه‌ر نێوه‌ بڤه‌که‌ ده‌نگێکی /z/ ی تێدابووبێ، ئه‌وه‌ به‌ ڕواڵه‌ت به‌و مانایه‌ بووه‌ که‌ ئه‌و ژنه‌ی باسی لێوه‌ ده‌کرێ بۆی نه‌بووه‌ وشه‌یه‌کی وه‌ک amanzi 'ئاو' به‌کار بهێنێ به‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌جۆرێک ده‌ریبرێ که‌ ده‌نگه‌ بڤه‌که‌ی تێدا نه‌بێ و له‌ جیاتیان بڵێ amandabi . ئه‌گه‌ر ئه‌و جۆره‌ پێڤاژۆیه‌ گشت ژنه‌کان له‌ نێو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا بگرێته‌وه‌، ئاکامی ئه‌وه‌ ده‌کرێ وه‌ک له‌هجه‌گه‌لی جوێی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی ببیندرێ.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بڤه‌، ناتوانێ شێکردنه‌وه‌یه‌کی هه‌موو گره‌وه‌ بێ له‌مه‌ڕ هه‌بوونی جیاوازی زمانی له‌ نێو جینسه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا. یه‌که‌م، به‌ ڕاستی ته‌واو ڕوون نییه‌ گه‌لۆ ده‌کرێ ئه‌و جۆره‌ جیاوازییانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌دا باس کران بگشتێندرێن و هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌که‌ بکرێته‌وه‌. نوخته‌ی دووهه‌م ئه‌وه‌یه‌ له‌ زۆر نموونه‌ی دیکه‌یدا که‌ ووشه‌ی قامووسی نین ته‌واو ئاشکرایه‌‌ بڤه‌ بوون له‌ گۆڕێدا نییه‌. بۆ وێنه‌، له‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی که‌ له‌ ساڵانی 1930 یه‌کاندا کراو‌ن، جیاوازییه‌کی جینسی زۆر به‌رچاو له‌ زمانی ئیندیانی ئه‌مریکایی کۆواساتی Koasati دا بیندراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ زمانێکه‌ سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌ی زمانانی Muskogean، که‌ له‌ لوییزیانا Louisiana قسه‌ی پێده‌کرێ. ئه‌و جیاوازییانه‌، که‌ وێده‌چوو له‌ سه‌روبه‌ندی به‌ڕێوه‌چوونی لێکۆڵینه‌وه‌ دا خه‌ریک بوون بزر ده‌بوون، بریتی بوون له‌ دۆخی ده‌نگسازی هێندێک جۆری تایبه‌تی کردار. ئه‌و نموونانه‌ی خوراوه‌ له‌ به‌ر چاو بگرن:
' ئه‌و خه‌ریکه‌ ده‌ڵێ' نێر / ka:s/ مێ / Kà / . ' هه‌ڵی مه‌هێنه‌' نێر / lakauçi:s/ نێر / lakauçin / ' ئه‌و خه‌ریکه‌ پاکی ده‌کا' نێر / mols/ مێ / mol / ' ئه‌تۆ ئاگر ده‌که‌یه‌وه‌' نێر / o:sc / مێ / o:st /

له‌و لیسته‌ی سه‌ره‌وه‌ دا جیاوازییه‌کان تا ڕاده‌یه‌ک تێکه‌ڵپێکه‌ڵ وه‌به‌رچاو ده‌که‌ون، به‌ڵام، له‌ ڕاستیدا ئه‌وان به‌ پێی کۆمه‌ڵێک قاعیده‌ی پێچه‌ڵپێچه‌وه‌ به‌ ته‌واوی چاوه‌ڕوانکراون.( بۆ نموونه‌، ئه‌گه‌ر شێوه‌یه‌کی مێ به‌ ڤاوێلێکی که‌پۆییی کۆتایی پێ بێ، شێوه‌ی نێر به‌ ڤاوێلێکی نا- که‌پۆیی له‌گه‌ڵ /s/ ێک کۆتایی دێ، واته‌ / lakauwà / مێیه‌ ، و / lakauwas / نێره‌ به‌ مانای ' ئه‌و هه‌ڵی ده‌گرێ'.) هۆی باش به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ مرۆ له‌و باوه‌ڕه‌ دا بێ که‌ هه‌ر ئه‌و جۆره‌ جیاوازییه‌ پێشتووتر له‌ زمانه‌کانی دیکه‌ بنه‌ماڵه‌ی Muskogean دا هه‌بووبێ، به‌ڵام له‌و زمانانه‌ دا زمانه‌ ژنانه‌یه‌کان نه‌ماون و کپ بوون. ( ئه‌وه‌ به‌شێکی به‌و ڕاستییه‌ پشت ڕاست ده‌بێته‌وه‌ که‌ له‌ زمانی کۆواساتی دا ته‌نێ ژنانی پیر ئه‌و فۆرمه‌ جوێیانه‌یان پاراستبوو. ژنانی گه‌نج له‌هجه‌کان و فۆرمه‌کانی پیاوانیان ده‌کار ده‌کرد.) جیاوازی ئه‌و جۆره‌ له‌ ژماره‌یه‌ک زمانانی ئه‌مریکایی دیکه‌ دا دۆزراونه‌‌ته‌وه‌. جگه‌ له‌ نموونه‌ی زمانی Gros Ventre، که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ دا ئاماژه‌ی پێکرا، جۆره‌یه‌ک جیاوازی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ زمانه‌ ئیندیانییه‌ ئه‌مریکاییه‌کانی Yana یانا و Sioux سیوکسیش دا دۆزراوه‌ته‌وه‌ و هه‌ر وه‌ها له‌ زمانی ئینویت ( زمانی ئێسکیمۆ) که‌ له‌ دوڕگه‌کانی بافین قسه‌ی پێده‌کرێ.
له‌و نموونانه‌ له‌ هیچکامیاندا وێناچێ ووشه‌ی بڤه‌ ده‌ورێکی ئه‌وتۆ بگێڕێ. بۆ نموونه‌،‌ له‌ دوو شێوه‌زاری زمانی کۆواساتی دا ئه‌گه‌ر منداڵان له‌ دایکو بابی ئه‌وتۆ وه‌ فێربووبان که‌ ناسیاوییان له‌گه‌ڵ هه‌ر دووک شێوه‌زاره‌که‌دا هه‌بوو‌ ئه‌گه‌ر پێویست با قسه‌ی منداڵه‌که‌یان‌ راست ده‌کرد‌ه‌وه. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر کوڕه‌ چکۆڵه‌ گوتبای /kà ‌ /، دایکی که‌ بۆ خۆی شێوازی پیاوانه‌ به‌ کار ده‌هێنا پێشی پێده‌گرت و ده‌یگوت ' نا، ده‌بێ بڵێی / ka:s /' . هیچ بڤه‌یه‌کی رێپێنه‌دراو پێشی پێ نه‌ده‌گرت که‌ ئه‌و فۆرمێکی ئاوا به‌کار بهێنێ. هه‌ر‌ ئاواش کاتێک پیاوێک چیرۆکێکی ده‌گێڕاوه‌ زۆر به‌جێ ده‌یتوانی شێوه‌ی مێیانه‌ به‌کار بهێنێ کاتێک قسه‌ی ژنێکی نێو چیرۆکه‌که‌ی ده‌گێڕاوه‌ - و ژنانیش هه‌ر ئاوایان ده‌کرد.نموونه‌یه‌کی دیکه‌ی‌ یارمه‌تی ده‌کا بۆ سه‌لماندنی ئه‌و پنکته‌ له‌ زمانی دارخاتی مه‌غولی دایه‌. ڤاوێله‌ خڕه‌کانی /u/ و /o/ له‌ قسه‌کردنی پیاوان به‌و زمانه‌ دا ده‌بن به‌ ڤاڤێلی نێوه‌ڕاستی /ʉ/ و /ø/ له‌ قسه‌ کردنی ژنان دا، و ژنان /ʉ/ و /ø/ ی پیاوان وه‌ک ڤاوێلی پێشه‌وه‌ی /y/ و /ø/ ده‌رده‌بڕن. ئه‌گه‌رچی ئاخێوه‌رانی ژن /ʉ/ و /ø/ به‌کار ناهێنن،ئاخێوه‌ری پیاو به‌کاریان ده‌هێنن، هیچ بڤه‌یه‌کی رێپێنه‌دراو نییه‌ که‌ پێشی ئه‌وان بگرێ بۆ به‌کارهێنانی ئه‌و ده‌نگانه‌ له‌ نموونه‌ی دیکه‌دا.

ئێمه‌ چۆن ده‌کرێ جیاوازی ئه‌و چه‌شنه‌ شی بکه‌ینه‌وه‌؟ له‌ زمانی کۆواساتی دا، به‌لانی که‌مه‌وه‌، ده‌رکه‌وت‌ ئه‌و شێوانه‌ی ژنان به‌کاریان ده‌هێنن له‌ ڕووی مێژووییه‌وه‌ له‌ ئی پیاوان کۆنتر بن. به‌ گوتنێکی دی وا وێده‌چوو ‌ شێوه‌زاری پیاوانه‌ گۆڕانی به‌سه‌ر هاتبێ به‌ڵام ئه‌و گۆڕانه‌ له‌ شێوه‌زاری ژنانه‌ دا ڕووی نه‌دابوو ( یان تازه‌ خه‌ریک بوو ده‌ستی پێده‌کرد). بۆ نموونه‌،‌ زمانی چوکچی Chukchi ، زمانێکه‌ له‌‌ سیبێریای ڕۆژهه‌ڵات دا. له‌ هێندێک له‌هجه‌کانیدا، ئه‌و شێوه‌زاره‌ی ژنان قسه‌ی پێده‌که‌ن له‌ هێندێک وشان دا کۆنسۆنانتی نێوان ڤۆکاڵانی هه‌یه، به‌تایبه‌تی /n/ و /t/ که‌ ئه‌وه‌ له‌و شێوه‌یه‌ی دا که‌ پیاوان به‌کاری ده‌هێنن نییه‌؛ بۆ نموونه‌، پیاو ده‌ڵێن:/ /nitvaqaat، ژن ده‌ڵێن:/ nitvaqenat/. بزر بوونی کۆنسۆنانته‌کانی نێوان ڤۆکاڵان گۆڕانێکی ده‌نگییه‌که‌ زۆر زیاتر و زۆر چاوه‌ڕوانکراوتره‌ له تێوه‌ هێنانی کۆنسۆنانتی له‌خۆوه‌، و زۆر نموونه‌ی بزر بوونی کۆنسۆنانت له‌ شوێنی ئاوادا له‌ زمانه‌کانی گشت شوێنه‌کانی جیهان دا به‌دی کراوه‌. ئه‌و جۆره‌ جیاوازییه‌ی نێوان قسه‌کردنی ژنانه‌ و پیاوانه‌ به‌ ڕوونی ده‌یسه‌لمێنێ که‌ شێوه‌زاری ژنانه‌ له‌ له‌هجه‌ی پیاوانه‌ کۆنتره‌.ئه‌وه‌ش له‌ زیاتر له‌ زمانێک دا، جا بۆیه‌ ئاخاوتنی ژنان زۆر خۆپارێزتره‌ له‌ قسه‌کردنی پیاوان.
سه‌ره‌په‌تێکی دیکه‌، دیسان، له‌ زمانی کۆواساتی دا هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ بۆچوون و تێڕوانینی خه‌ڵکی کۆواساتی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ دوو شێوه‌زاره‌که‌ی زمانه‌که‌یان‌. ئاخێوه‌رانی به‌ساڵداچووتر، به‌ تایبه‌تی پیاوان، کاتێک پرسیاریان لێده‌کرا سه‌باره‌ت به‌ شێوه‌زاره‌کان، ده‌یان گوت ئه‌وان شێوه‌زاری ژنان به‌ باشتر ده‌زانن له‌و شێوه‌زاره‌ی که‌ پیاوان به‌ کاری ده‌هێنن. ئه‌وه‌ گرینگه‌، چونکوو به‌شێوه‌یه‌کی چاوڕاکێش ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌مه‌ڕ زۆر له‌ کۆمه‌ڵگه‌ پێشکه‌وتووتره‌ زمانییه‌کان که‌ له‌ ڕووی تێکنۆلۆژییه‌وه‌ پێشکه‌وتووترن، له‌ به‌ر ده‌ستماندان ده‌کرێ له‌وان گرێ بدرێ (بڕوانه‌ خواره‌وه‌).هه‌ر وه‌ها ئه‌وه‌شمان پێشان ده‌دا که‌ شێوه‌زاره‌ جینسه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان نه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر جیاوازن: به‌ڵکوو به‌لانی که‌مه‌وه‌ له‌ دوو زمانان دا شێوه‌زاره‌ پیاوانه‌یه‌کان تازه‌یه‌تی و گۆرانیان تێدایه‌ و ئه‌وانی ژنانه‌کان خۆپارێزن، و له‌ نموونه‌یه‌ک دا واته‌ نموونه‌ی زمانی کۆواساتی دا شێوه‌زارێک به‌ باشتر و ئه‌ویدیان به‌ خراپتر هه‌ڵسه‌نگێندراوه‌. جیاوازی ئه‌و جۆره‌ ده‌بێ هاسانتر بێ بۆ شیکردنه‌وه‌ له‌ جیاوازییه‌ زمانییه‌کان، به‌ پاکی و ساده‌ییه‌وه‌.
با ئێستا ئه‌م لێدوان و قسه‌ له‌ سه‌ر کردنه‌ هه‌نگاوێکی دیکه‌ به‌رینه‌ پێشه‌وه‌ به‌ چاولێکردن و لێخوردبوونه‌وه‌ له‌ جیاوازی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ زمانی ئینگلیسی دا، که‌تێیدا به‌گشتی جیاوازییه‌کان زۆر که‌مترن، که‌متر ئاشکران و زۆر که‌متر فه‌رقیان پێ ده‌کرێ. ئه‌وه‌ ڕاسته‌، ژماره‌یه‌ک ووشه‌ و ڕسته‌ هه‌نه‌ که‌ له‌ شێوه‌ی به‌کار هێنانیاندا ئه‌و جیاوازییانه‌ ده‌رده‌که‌ون.( به‌ هه‌ڵکه‌وت، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ وێده‌چێ جۆره‌یه‌ک له‌ واق وڕمان بن. ئه‌وه‌ پێمان ده‌ڵێ له‌وانه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌ک له‌شێوان له‌ مه‌ڕ ووشه‌ی بڤاوی بێ: به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ ڕووی نه‌ریتییه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵی ئێمه‌ دا زۆر زیاتر شیاوی قه‌بووڵ کردنه‌ که‌ پیاوان له‌ قسه‌کانیان دا جنێو بده‌ن یان ووشه‌ی بڤه‌ به‌کار بهێنن هه‌تا ژنان.) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا،زۆربه‌ی جیاوازییه‌کان له‌ زمانی ئینگلیسی دا جیاوازی فۆنێتیکی و ده‌نگسازییه‌،
و به‌کارهێنانی ووشه‌ی بڤه‌ ناکرێ ئه‌وه‌ شی کاته‌وه‌. له‌وه‌ش زیاتر، جیاوازییه‌کان به‌گشتی ئه‌وه‌نده‌ که‌من زۆربه‌ی خه‌ڵک گشتیان فه‌رقیان پێ ناکه‌ن. هه‌ر وه‌ها گرینگه‌ سه‌رنجی بدرێته‌ که‌ ئه‌م جیاوازییانه‌ جیاوازی هه‌ژمارین و به‌ مانای جوێبوون و جیاوازی ڕه‌ها نین. ده‌کرێ جیاوازی ڕێزمانیش له‌ ئارا دابێ، هه‌ر وه‌ک له‌ خواره‌وه‌ ده‌بینین.
زۆربه‌ی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ جیاوازییه‌کانی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ زمانی ئینگلیسی دا به‌ ده‌ستمانه‌وه‌ن ئاکامی ئه‌و لێکۆلێنه‌وه‌ زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ن که‌ له‌ بریتانیا و ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا دا کراون که‌ ئێمه‌ پێشتر هێمامان پێ کردن، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ مه‌ڕ ئاوسترالیا، ئه‌فریکای خواروو و نیو زیلاندیش به‌ڵگه‌مان له‌ به‌ر ده‌ست دایه‌. ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ زانیارییانه‌ی که‌ له‌و توێژینه‌وانه‌ وه‌ده‌ست که‌وتوون به‌ شێوه‌یه‌کی ئه‌وپه‌ڕی چاوڕاکێش نیشانه‌ و خه‌سڵه‌تی هاوبه‌شیان هه‌یه‌. له‌ گشت ئه‌و نموونانه‌یدا وا‌ چاویان لێکراوه‌ و تاقی کراونه‌ته‌وه‌، ده‌رکه‌وتووه‌، به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی هۆکارگه‌لی دیکه‌ وه‌ک هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی، چینایه‌تی، گرووپی ئێتنیکی و ته‌مه‌ن، به‌ شێوه‌یه‌کی مام ناوه‌ندی ژنان شێوه‌یه‌ک به‌کارده‌هێنن که‌ زۆر له‌ شێوه‌زاری ستاندارد یان ڕاوێژی به‌ پرێستیژ نزیک ده‌که‌وێته‌وه‌ له‌ چاو ئه‌و شێوه‌یه‌ی که‌ پیاوان به‌کاری ده‌هێنن. ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ ناتوانین پێشبینی بکه‌ین پیاوێک یان ژنێکی تایبه‌تی له‌ بۆنه‌یه‌کی تایبه‌تی دا چ شێوه‌یه‌ک به‌کار ده‌هێنێ. به‌ گوتنێکی دی، ئاخێوه‌رانی مێی ئینگلیسی، وه‌ک هاوتاکانیان له‌ زمانی کۆواساتی دا، ئه‌و شێوه‌ زمانییانه‌ به‌کار ده‌هێنن که‌ له‌و‌ شێوانه‌ی پیاوان به‌کاریان ده‌هێنن 'باشتر' ن.
له‌ به‌ندی 2ی ئه‌م کتێبه‌ دا له‌ هێندێک له‌و ڕێیانه‌مان کۆڵییه‌وه‌ که‌ تێیاندا هۆکاره‌ گۆڕێنه‌ره‌ زمانییه‌کان له‌ گه‌ڵ چینی کۆمه‌ڵایه‌تی لێک به‌ستراونه‌ته‌وه‌. هه‌ر ئه‌و جۆره‌ هۆکاره‌ له‌گۆڕانهاتووانه‌ ده‌کرێ به‌کار بهێندرێن هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ بۆ نیشاندانی جیاوازێتی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی.
ئه‌م ڕه‌قه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ له‌ به‌رچاو بگرن. له‌ دیترۆیت ئاخێوه‌رانی سه‌ر به‌ چینی سه‌ره‌وه‌ که‌متر نموونه‌کانی ناستانداری فره‌ خستنه‌ دۆخی نه‌فی به‌کار ده‌هێنن ( وه‌ک: I don’t want none ) له‌ چاو ئاخێوه‌رانی چینی نێوه‌ڕاست. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌گه‌ر چاو له‌ چینی کۆمه‌ڵایه‌تی بکرێ، ژنان به‌ شێوه‌یه‌کی مام ناوه‌ندی ئه‌و شێوانه‌ که‌متر له‌ پیاوان به‌کار ده‌هێنن:

له‌ سه‌دی به‌کار هاتووی‌ خستنه‌ فره‌ دۆخی نه‌فی له‌ نێو توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست دا : پیاوان 6.3،
ژنان 0.0، له‌ نێو توێژی خواره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست دا : پیاوان 32.4، ژنان: 1.4، له‌ نێو توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی کرێکار دا پیاوان : 40.0، ژنان: 35.6 ، له‌ نێو توێژی خواره‌وه‌ چینی کرێکار دا پیاوان 90.1، ژنان: 58.9

له‌ ڕاستی دا جیاوازی نێوان توێژی نێوه‌ڕاستی چینی نێوه‌ڕاست و توێژی خواره‌وه‌ی چینی کرێکار گه‌لێک زۆره‌: زۆر زیاتر ڕێی تێده‌چێ پیاوان زیاتر له‌ ژنان بڵێن I don’t want none ، ئه‌وه‌ ده‌ریده‌خا ‌ ژنان زۆر هه‌ستیارترن له‌ پیاوان له‌مه‌ڕ ته‌بیعه‌تی به‌دنێوکراوی ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ ڕێزمانییه‌. له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌و هه‌ستیارێتیه‌، هه‌ر به‌ خه‌سڵه‌ته‌ زمانییه‌کانه‌وه‌ به‌ربه‌ست نابێ. بۆ نموونه‌، له‌ شێوه‌ی قسه‌کردنی ڕه‌شه‌کانی دیترۆیت دا، ژنان له‌ سه‌دێکی زیاتر له‌ پیاوان /r/ ی نا- به‌ر له‌ ڤۆکاڵ به‌کار ده‌هێنن ( نیشانه‌یه‌کی به‌پرێستیژ هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ نیۆیۆرک هه‌یه‌)، له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ له‌ نێو چینی کۆمه‌ڵایه‌تی دا به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه‌:

له‌سه‌دی به‌کارهاتووی /r/ ی نا- به‌ر له‌ ڤۆکاڵ له‌ شێوه‌ی قسه‌کردنی ڕه‌شان له‌ دیترۆیت له‌ نێو توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست پیاوان 66.6، ژنان 90.0 ، له‌ نێو توێژی خواره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست پیاوان 52.5، ژنان 70.0، له‌ نێو توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی کرێکار پیاوان 20.0، ژنان 44.2 ، له‌ نێو توێژی خواره‌وه‌ی چینی کرێکار پیاوان 25.0، ژنان 31.7

هێندێک له‌ نووسه‌ران حه‌ولیان داوه‌ ئه‌و جۆره‌ نموونه‌یه‌ له‌ نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ڕه‌ش دا به‌ ئاماژه‌ کردن به‌وه‌ شی بکه‌نه‌وه‌ که‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌فریکایی ئه‌مریکایی چینی خواره‌وه‌ نموونه‌ی بنه‌ماڵه‌ی مێ وه‌جاغی (matriarchal ) یه‌ و له‌ بنه‌ماڵه‌ دا ئه‌وه‌ دایکه‌‌ کاروباری ماڵێ له‌ گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌ هه‌ڵده‌سووڕێنێ و پێوه‌ندی پیشه‌یی له‌ گه‌ڵ ئاخێوه‌رانی شێوه‌زاری به‌ پرێستیژ هه‌یه‌. به‌ڵام، ئه‌م شیکردنه‌وه‌یه‌ ته‌واو نییه‌، چونکوو هه‌ر هه‌مان نموونه‌ له‌ نێو کۆمه‌ڵگه‌ی سپییان و له‌ ئینگلیسیی بریتانیاش دا ده‌بیندرێ. بۆ نموونه‌، له‌ ئینگلیسیی نارویچ دا، هه‌ر هه‌مان جۆره‌ نموونه‌ له‌ گۆڕێنه‌ری (ng) دا ده‌رده‌که‌وێ ( ئاخێوه‌ران چ بڵێن walking یان walkin’ ). ئه‌م خشته‌یه‌ی خواره‌وه‌ شێوه‌ی به‌کارهاتووی‌ له‌ سه‌دی نا- RP( ته‌له‌فوزی وه‌خۆکراو)ی in’' له‌ نێو ئاخێوه‌رانی چێنه‌ جیاوازه‌کان و ده‌سته‌کانی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دا:

توێژی نێوه‌ڕاستی چینی نێوه‌ڕاست پیاوان 4 ، ژنان 0 ، توێژی خواره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست پیاوان 27 ، ژنان 3، توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی کرێکار پیاوان 81، ژنان 68، توێژی نێوه‌ڕاستی چینی کرێکار پیاوان 91، ژنان 81 ، توێژی خواره‌وه‌ی چینی کرێکار پیاوان 100 ، ژنان 97

دیسان، ژنان له‌سه‌دێکی به‌رزتر له‌ شێوه‌ ' باشه‌کان' زیاتر به‌کار ده‌هێنن. له‌ ئینگلیسیی له‌نده‌نیشدا، زۆر زیاتر ڕێی تێده‌چێ ‌ پیاوان به‌ستی گه‌روویی زیاتر له‌ ژنان به‌کار بهێنن له‌ ووشه‌ی وه‌کوو butter و but دا. و ئه‌و دیاره‌ده‌یه‌ ته‌نێ به‌ ئینگلیسیی بریتانیایی و ئینگلیسیی ئه‌مریکایی به‌ربه‌ست نابێ. بۆ نموونه‌، له‌ ئه‌فریکای خواروو له‌ ترانسڤال Transvall لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک کراوه‌ بۆ به‌راورد کردنی شێوه‌ی قسه‌ کردنی ئینگلیسی ئاخێوه‌رانی نێرومێی شاگردانی خوێندنگه‌ی ئاماده‌یی که‌ هاوته‌مه‌ن بوون و هه‌ر خه‌ڵکی هه‌مان شار بوون. له‌وێ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک کرا سه‌باره‌ت به‌ ته‌له‌فوز کردنی چوار ڤاوێلان:

1. ڤاوێل له‌ ووشه‌ی gate ، دا، که‌ له‌ ئه‌فریکای خواروو شێوه‌ی ده‌ربڕینی له‌ ئی هه‌ره‌ به‌پرێستیژه‌وهRP‌ ده‌ست پێده‌کا [geit] تا ده‌گاته‌ شێوه‌ی هه‌ره‌ که‌م پرێستیژی ئه‌فریکای خواروو [gʒt]، که‌ کوتی یه‌که‌م زۆر دێته‌ خوارێ و زۆر دێته‌ نێوه‌ڕاسته‌وه‌ و به‌ره‌و دیفتۆنگ ده‌چێ، وه‌ک له‌ ووشه‌یbird دا.

2. ڤاوێل له‌ can’t دا، که‌ له‌ [ka:nt] ی RP یه‌وه‌ هه‌یه‌ تا، [kD:nt ] ی خوارووی ئه‌فریکایی، که‌ چۆنێتی ڤاوێله‌که‌ زۆر نزیکه‌ له‌وه‌ی له on‌ ی RP دا هه‌یه‌ - ڤاوێلێکی خڕی که‌ به‌ڕه‌و پشته‌وه‌ ده‌رده‌بڕدرێ.

3. ڤاوێلی out، که‌ له‌ ده‌ربڕینی [aut] ی RP یه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کا تا ده‌گاته‌ [æut] ی خوارووی ئه‌فریکایی، که‌ یه‌که‌م کوتی له‌ پێشه‌وه‌ ده‌رده‌بڕدرێ و وه‌ ڤاوێلی cat ده‌چێ له‌ RP دا.

4. ڤاوێلی ووشه‌ی boy که‌ له‌ شێوه‌ی ده‌ربڕینی RP یه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کا [bɔı]، تا ده‌گاته‌ شیوه‌یه‌کی که‌ کوتی یه‌که‌می خڕ ده‌رده‌بڕدرێ[ bui ] وه‌ک ده‌ربرێنی وشه‌ی school له‌ RPدا.

کوڕان، زۆر ڕێی تێده‌چێ ته‌له‌فوزکردنه‌کانی ناوچه‌یی ناستاندارد زۆر له‌ کچان زیاتر به‌ کار بهێنن.
که‌ وابوو،له‌ به‌شه‌ جیاوازه‌کانی دنیای ئینگلیسیی زمان دا، هه‌روه‌ها له‌ کۆواساتی دا ،ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ ئاخێوه‌رانی ژن ئه‌و شێوانه‌ به‌کارده‌هێنن که‌ به‌ ' باشتر' و ' دروستتر' داده‌ندرێن له‌و شێوانه‌ی که‌ پیاوان به‌ کاریان ده‌هێنن. ئه‌و دۆزینه‌وانه‌ دواجار له‌ زۆر زمانانی دیکه‌ی ئوڕووپا و شوێنی دیدا دووپاته‌ کراونه‌ته‌وه‌ و به‌ مۆدێل داندراون.
( له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌وباره‌یه‌وه‌، لێره‌ دا ده‌بێ ڕاستکردنه‌وه‌یه‌کی گرینگ بکرێ: له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌یدا که‌ شێوه‌زاری ستاندارد ته‌نێ به‌ ڕێگه‌ی په‌روه‌رده‌ و/یان به‌ڕێگه‌ی پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ که‌ وه‌رده‌گیرێ و خه‌ڵک فێری ده‌بن، ئه‌و ژنانه‌ی وا له‌ خوێندن و په‌روه‌رده‌ و/یان سه‌فه‌ر بێ به‌ش کراون ئاشکرایه‌ که‌ شێوه‌ ستاندارده‌کان له‌ پیاوان زیاتر به‌کار ناهێنن – بۆ نموونه‌، ئه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هێندێک کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ڕه‌بی زمان گوتراوه‌.)
له‌ ڕاستیدا، ئێمه‌ ده‌توانین بڵێین که‌ جیاوازێتی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و جۆره‌ تاکه‌ دۆزینه‌وه‌ی هه‌ره‌ شیلگیره‌ که‌ له‌ کاری زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری دنیا له‌ ماوه‌ی سی ساڵی ڕابردوو دا سه‌ری هه‌ڵهێناوه‌. ئه‌وه‌ بۆ ده‌بێ وابێ؟ وڵامی دروست ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ به‌وردی نازانین، به‌ڵام زمانناسانی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌و باره‌یه‌وه‌ ژماره‌یه‌ک پێشنیازی جیاواز، و به‌ پێویستی جێی پرسیاریان، هێناوه‌ته‌ گۆڕێ.
یه‌که‌م، ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ ئاخاوتنی چینی کرێکار، وه‌ک هێندێک لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی کولتووری چینی کرێکار له‌ کۆمه‌ڵی ئێمه‌ دا، وێده‌چێ مانای سه‌ربه‌ستراوی پیاوانه‌ بێ یان به‌ نێرایه‌تی به‌سترابێته‌وه‌، که‌ ئه‌وه‌ش ده‌توانێ پیاوان بگه‌یێنه‌ته‌ ئه‌وه‌ی که‌ که‌وتنه‌ به‌ر کارتێکه‌ری شێوه‌ ناستاندارده‌کانی زمان زیاتر له‌ ژنان به‌لایانه‌وه‌ په‌سندتر بێ. ئه‌وه‌ش، به‌ نۆره‌ی خۆی،ڕه‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌بێ‌ قسه‌کردنی چینی کرێکار به‌ ' توف بوون' ه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌، که‌ له‌ ڕووی نه‌ریتییه‌وه‌ واداندراوه‌‌ ئه‌وه‌ یه‌کێک له‌ خه‌سڵه‌ته‌کانی ژیانی چینی کرێکاره‌ - و ' توف بوون' به‌ به‌ربڵاوی وا داده‌ندرێ خه‌سڵه‌تێکی به‌دڵی پیاوانه‌ و نێرانه‌ بێ.
دووه‌م، ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌‌ زۆر له‌ کۆمه‌ڵان وێده‌چێ چاوه‌ڕوانی ئاستێکی زیاتر له‌ پێبه‌ندی به‌ نۆڕمه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان – ئاکار و کرده‌وه‌ی باشتر – له‌ ژنان بکه‌ن تا ئه‌وه‌ی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌یان له‌ پیاوان هه‌بێ. ئه‌گه‌ر بابێک شه‌وێکی شه‌مۆ به مه‌ستی بێته‌وه‌ ماڵێ و به‌ سه‌ر مافووره‌ی ژووری به‌رده‌ستاندا بڕشێته‌وه، ئه‌وه‌ خراپه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دایکه‌که‌ ئه‌وه‌ بکا، زۆر له‌ خه‌ڵک وا هه‌ست ده‌که‌ن ئه‌وه‌ خراپتر بێ. ژنێکی نۆروێژی که‌ له‌ پڕۆژه‌یه‌کی لێکدانه‌وه‌ی له‌هجه‌ دا چاوپێکه‌وتنی له‌ گه‌ڵ کرابوو، کاتێک پرسیاری لێکرا بۆچی ئه‌و ته‌له‌فوزی به‌پرێستیژی ' ɛg ] 'egg ] به‌کار هێناوه‌، به‌ڵام براکانی گوتوویانه‌ [æg ] : له‌ وڵام دا گوتبووی 'بۆ ژنێک نابێ بڵێ [æg ]. هه‌ر وه‌ک له‌ نیو زیلاند زمانناسی کۆمه‌ڵایه‌تی ئێلیزابێت گۆردون ئاماژه‌ی پێکردووه‌، ئه‌و بواره‌ی که له‌ ڕووی نه‌ریتیه‌وه‌ به‌ ڕاشکاوی چاوه‌ڕوانی ‌ ئاکاری 'باشتر' له‌ژنان کراوه‌، له‌ به‌ر دووپێوانه‌یی بوون له‌ کۆمه‌ڵی ئێمه‌دا، بواری چالاکی جینسی بووه‌. ئه‌و ده‌ڵێ له‌وانه‌یه‌ ژنان له‌ به‌ر ئه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر به‌پرێستیژتر قسه‌ بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی گومانی ئه‌وه‌یان لێ نه‌کرێ که‌ له‌ ڕووی جینسییه‌وه‌ هه‌رزه‌ بن.
به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئاخاوتن دا گۆڕێنه‌ری زمانی هه‌ن و پێوه‌ندییه‌کی هاوچه‌شنێتییان له‌ گه‌ڵ چینی کۆمه‌ڵایه‌تی دا هه‌یه‌ ( ئه‌و فۆرمانه‌ی چینی سه‌ره‌وه‌ به‌کاری ده‌هێنن پله‌ و پرێستیژی له‌و فۆرمانه‌ی چینی خواره‌وه‌تر به‌کاری ده‌هێنێ زیاتر یان ' دروست' تره‌)، بۆیه‌ گوشارێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ سه‌ر ئاخێوه‌ران هه‌یه‌ پرێستیژ وه‌ده‌ست بهێنن یان به‌ ' دروست' وه‌به‌رچاو بێن به‌ به‌کار هێنانی فۆرمه‌کانی چینی سه‌ره‌وه‌تر. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌گه‌ر شته‌کانی دیکه‌ش بۆ ژنان و پیاوان یه‌کسان بن، ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ ڕاستییه‌ک بێ ئه‌گه‌ر بگوترێ ‌ ئه‌و جۆره‌ گوشارانه‌ له‌ سه‌ر ژنان زیاترن.له‌ سه‌رێکی دیکه‌شه‌وه‌،گوشار هه‌یه‌ بۆ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر به‌کارهێنانی شێوه‌ی که‌متر به‌ پرێستیژی ناستاندارد، هه‌ر وه‌ک له‌ نموونه‌ی ڤاینیاردی مارتا Martha’s vineyard ( پێشتر دوڕگه‌یه‌کی تاک که‌وتوو بووه‌ له‌ قه‌راغی نیو ئێنگلاند له‌ باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا) دا دیتمان وه‌ک نیشانه‌یه‌کی هاوپێوه‌ندی ده‌سته‌یی و ناسێنه‌ی که‌سێتی. به‌ڵام، لێره‌ دا ئه‌و جۆره‌ گوشارانه‌ له‌ سه‌ر پیاوان زیاترن تا ژنان، ئه‌وه‌ش له‌ به‌ر چه‌مکه‌کانی پیاوه‌تی و نێرایه‌تی که‌ له‌ کۆمه‌ڵی ئێمه‌ دا باون.
تا ئه‌و جێگه‌ی که‌ پێوه‌ندی به‌ زمانی ئینگلیسییه‌وه‌ هه‌بێ ئێمه‌ به‌ڵگه‌ی زۆر چاوڕاکێشمان هه‌ن له‌ مه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ چۆن نرخه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ده‌وری جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی کارلێکه‌ری ده‌بێ له‌ سه‌ر بۆچوون و ڕوانگه‌ی ئاخێوه‌ران له‌ ئاست شێوه‌ زمانییه‌کان – و هه‌ر وه‌ها به‌کارهێنانی به‌کرده‌وه‌ی ئه‌و شێوانه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌. ئێمه‌ به‌ڵگه‌یه‌کی زۆرمان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ نیشان بده‌ین که‌، له‌ ئینگلیستان، ئینگلیسیی ستاندارد و ڕاوێژی RP پرێستیژێکی به‌رزیان هه‌یه‌. ( بۆ نموونه‌، ئه‌وه‌ زۆر به‌ باشی پێی زاندراوه‌‌، ئه‌و ئاخێوه‌رانه‌ی که‌ سه‌رنجێکی زۆر ده‌ده‌نه‌ سه‌ر شێوه‌ی قسه‌ کردنی خۆیان له‌ باری زمانییه‌وه‌ به‌ره‌و ئاراسته‌ی ئه‌و شێوه‌زاره‌ به‌پله‌ وپایانه‌ ده‌چن.) ئه‌ی باشه‌، ئه‌و قسه‌یه‌ چی که‌ ده‌ڵێ شێوه‌ی ئاخاوتنی چینی کرێکار زیاتر به‌لای شێوه‌ی قسه‌کردنی پیاوانی داده‌شکێنێ؟ داخودا ئێمه‌ ده‌توانین بیسه‌لمێنین ئه‌وه‌ وایه‌؟ قسه‌یه‌کی ئاوا به‌ ڕاستی پشت به‌و باوه‌ڕه‌ ده‌به‌ستێ که‌ شێوه‌زاره‌کانی زمانی ناستانداردی چینی خواره‌وه‌ش جۆره‌ ' پرێستیژ' ێکیان هه‌یه‌، و ئه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی له‌مه‌ڕ پیاوان وایه‌. ( ئێمه‌ ده‌کرێ وای دابنێین‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ڕاسته‌: ده‌نا ئه‌گه‌ر وانه‌بێ ده‌بوو زۆر ئاخێوه‌ری زیاتری RP و ئینگلیسیی ستاندارد هه‌بووبان له‌وه‌ی که‌ له‌ ڕاستیدا هه‌نه‌. به‌ڵام دیاره‌ ئه‌وه‌ ڕه‌زامه‌ندییه‌کی زۆر پێک ده‌هێنێ ئه‌گه‌ر مرۆ بتوانێ نیشانی بدا.) لابۆڤ نێوی ئه‌و جۆره‌ 'پرێستیژ'ه‌ی ناوه‌ پرێستیژی شاراوه‌ چونکوو بۆچوونی له‌و چه‌شنه‌ به‌ ئاشکرایی ده‌رنابڕدرێن ، و به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له‌ نرخه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ باو و سه‌ره‌کییه‌کان دوور ده‌که‌ونه‌وه‌ ( واته‌ له‌ خوێندنگه‌ و دامه‌زراوه‌کانی دی) که‌ هه‌موو که‌س پێیان ده‌زانێ. بۆ نموونه‌، وشه‌ی په‌سناوی وه‌ک 'باش' و ' خۆش' به‌ ئاسایی بۆ شێوه‌زاره‌ ستاندارده‌ به‌ پرێستیژه‌کان ته‌رخان کراوه‌.
نموونه‌ی به‌ڵگه‌یه‌ک که‌ نیشان ده‌دا پرێستیژی شاراوه‌ هه‌یه‌ به‌ شێوه‌ی خواره‌وه‌یه‌.له‌ لێکدانه‌وه‌ی له‌هجه‌ی شاریانه‌ی نارویچ دا، داوا له‌ زانیاریده‌ران کرا له‌ تاقی کردنه‌وه‌یه‌ک دا که‌ ' بۆ خۆیان هه‌ڵیسه‌نگێنن' به‌شداری بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ بکۆڵدرێته‌وه‌‌ ئه‌وان بۆخۆیان پێیان وایه‌ ووشه‌یه‌ک چۆن ته‌له‌فوز ده‌که‌ن و له‌ ڕاستیدا شێوه‌ی ته‌له‌فوز کردنه‌که‌یان چۆنه‌. له‌ تاقیکردنه‌وه‌که‌دا به‌ ده‌نگی به‌رز ووشه‌ بۆ به‌ دوو یان زیاتر ته‌له‌فوز کردنی جیاوازه‌وه‌ بۆ زانیاریده‌ره‌کان خوێندرانه‌وه بۆ نموونه‌ وشه‌ی ‌ tune جارێک وه‌ک[ tju:n]
و جارێک وه‌ک [tu:n] . ( شێوه‌ی یه‌که‌میان y ی [j] تێدایه‌ که‌، ده‌خزێ، ئه‌وی دووه‌میان 'toon ' ئه‌وه‌ی تێدا نییه‌. ئه‌و دوو جۆره‌ ته‌له‌فوزکردنه‌ هه‌ردووکیان له‌ نارویچ باون. ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان ته‌له‌فوزێکی RP یه‌، وپرێستیژی زۆر له‌وه‌ی دووهه‌میان زیاتره‌.) دوایه‌ داوا له‌ زانیاریده‌ره‌کان کرا‌ به‌ نیشانه‌ کردن له‌ سه‌ر خشته‌یه‌ک ژماره‌یه‌ک بنووسن و دیاریی بکه‌ن به‌ ئاسایی ئه‌وان خۆیان کام ته‌له‌فوز ده‌کار ده‌که‌ن. به‌ به‌راورد کردنی ئاکامه‌کانی ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ ڕاستیدا وڵامه‌کانیان به‌ ده‌م هاوپرسه‌کییه‌کاندا له‌سه‌ر ڕێکۆردر ئاسته‌ کرابوون، هه‌لی ئه‌وه‌ ڕه‌خسا جیاوازی نێوان ئه‌وه‌ی که‌ زانیاریده‌ره‌کان پێیان وابوو ته‌له‌فوزیان کردووه‌ و ئه‌وه‌ی که‌ له‌ڕاستیدا کردبوویان ده‌رکه‌وێ. ئاکامه‌کان له‌ ده‌ربڕینی ڤاوێلی ووشه‌ی وه‌ک tune،student ، music و هتد دا زۆر چاوڕاکێش بوون، و له‌ خشته‌ی ژماره‌ 7 دا نیشان دراون. زانیاریده‌ره‌کان به‌ دووده‌سته‌ دابه‌ش کران: ئه‌وانه‌ی که‌ 50 له‌ سه‌د یان زیاتر [j] یان به‌ کار هێنابوو له‌ قسه‌کانیاندا که‌ له‌سه‌ر ڕێکۆرد ئاسته‌ کرابوو به‌ به‌کارهێنه‌ری درێژکه‌ره‌وه‌ی [j] داندران، و ئه‌وانه‌ش که‌ که‌متر له‌ 50 له‌سه‌دیان به‌کار هێنابوو، به‌ به‌کارنه‌هێنه‌ر داندران. ئه‌و خشته‌یه‌ نیشان ده‌دا زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی‌ بۆخۆیان پێیان وابوو ووشه‌که‌یان چۆن ته‌له‌فوز کردووه‌ وڵامه‌که‌یان ڕاست بوو: 84 له‌ سه‌دی ئه‌وانه‌ی له‌ قسه‌ کانیان دا[ j] درێژکراوه‌یان به‌ کار نه‌هێنابوو، ڕایانگه‌یاند به‌کاریان نه‌هێناوه‌، و ته‌نێ 16 له‌ سه‌د له‌وانه‌ی که‌ به‌کاریان نه‌هێنابوو له‌ ڕاستیدا ئیدیعایان کرد‌ ئه‌وان شێوه‌ی زۆر به‌ پرێستیژتریان به‌کارهێناوه‌، له‌ کاتێکدا به‌کاریان نه‌هێنابوو. به‌ڵام سه‌رنج بده‌نه‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌نگه‌که‌یان درێژ ده‌کرده‌وه‌. له‌ کاتێکدا که‌ 60 له‌ سه‌دیان وڵامه‌که‌یان ڕاست بوو، له‌ ڕاستیدا 40 له‌ سه‌دیان ئیدیعایان کرد ‌ ئه‌وان ته‌له‌فوزی پله‌ی خواروو،نه‌به‌ پرێستیژیی
[ tu:n ]به‌ کار هێنابوو، ته‌نانه‌ت وه‌ک ئه‌و جۆره‌ی کاسێتی ڕێکۆردره‌که‌ش ده‌ری خست گوتبوویان [tju:n ]. ده‌کرێ به‌و جۆره‌ خه‌ڵکانه‌ بڵێین ' گێڕه‌وه‌ره‌ی خراپ' چونکوو ئه‌وان ئیدیعایان ده‌کرد شێوه‌ی که‌متر به‌ پله‌وپایه‌یان که‌متر به‌کار هێناوه‌ له‌ کاتێک دا وانه‌بوو، و ده‌کرێ به‌ 16 له‌ سه‌ده‌که‌ی دیکه‌ش بڵێین ' گێڕه‌وه‌ره‌ی چاک' چونکوو چاکی بۆچووبوون.
خشته‌ 7. خۆ بڕیار دان له‌ سه‌ر چلۆنایه‌تی ته‌له‌فوز کردنی tune له‌ نارویچ
زانیاریده‌ره‌کان به‌ %
ئه‌وانه‌ی گوتیان ده‌نگی ڤاوێله‌که‌یان درێژ کردووه‌ته‌وه‌ 60
ئه‌وانه‌ی گوتیان ده‌نگی ڤاوێله‌که‌یان درێژ نه‌کردووه‌ته‌وه‌ 40
ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌نگه‌که‌یان له‌ ڕاستیدا درێژ کردبووه‌وه‌ 16
ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌نگه‌که‌یان له‌ ڕاستیدا درێژ نه‌کردبووه‌وه‌ 84

جا ئێستا ئێمه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و پنکتانه‌ی کۆ کرانه‌وه‌ به‌ پێی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی دابه‌ش بکه‌ین ،ئاکامه‌کانی زۆر شت ده‌رده‌خه‌ن. له‌ نێو 40 له‌ سه‌دی ' گێڕه‌وه‌ره‌ی خراپ' دا نیوه‌یان پیاو و نیوه‌یان ژن بوون. به‌ڵام له‌ نێو 16 له‌ سه‌دی 'گێڕه‌ره‌وه‌ی چاک' دا، گشتیان ژن بوون. هه‌ژماره‌کانی ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه‌ به‌ گشتی له‌ خشته‌ی 8 دا دیاری کراون.
ئێمه‌ ده‌توانین ببینین که‌ زانیاریده‌ره‌ پیاوه‌کان، به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش زۆر له‌ هاوتا ژنه‌کان وڵامه‌کانیان ڕاستتره‌. ژنه‌کان ، ده‌توانین بڵێین ، له‌ زۆر نمووناندا، ده‌ڵێن که‌ شێوه‌کانی چینی سه‌ره‌وه‌تریان به‌کار هێناوه‌ بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ وابێ – له‌وانه‌یه‌ ئه‌و جۆره‌ وڵامدانه‌وه‌یه‌وه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ بێ‌ ئه‌وان ئاواتیان وابووه‌ که‌ ته‌له‌فوزیان وابێ یان وایان بیرکردووه‌ته‌وه‌ که‌ ده‌بێ ته‌له‌فوزیان وابێ، جا بۆیه‌، ڕێشی تێده‌چێ ‌ به‌ ڕاستیش له‌و باوه‌ڕه‌ دابووبن که‌ ته‌له‌فوزیان ئی شێوه‌ی چینی سه‌ره‌وه‌یه‌. ئه‌و ئاخێوه‌رانه‌ی که‌ ده‌ڵێن شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی به‌کار ده‌هێنن و مه‌به‌ستیانه‌ وابکه‌ن ئه‌و شێوه‌یه‌ به‌لایانه‌وه‌ په‌سندتره‌ له‌وه‌ی که‌ ئه‌وان به‌ ئاسایی به‌کاری ده‌هێنن. ( وا وێده‌چی ‌ هیچ خۆ هه‌ڵخه‌ڵتاندنێکی وشیارانه‌ له‌ گۆرێ دانه‌بێ.)
له‌ خواره‌وه‌تر هه‌ژماره‌کانی خشته‌ی 9 له‌ به‌رچاو بگرن. ئه‌وه‌ ئاکامی تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک نیشان ده‌دا که‌ ئاخێوه‌ران خۆیان هه‌ڵیانسه‌نگاندووه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڤاوێلی ئه‌م ووشانه ear ، here ، idea له‌ ئینگلیسیی نارویچ دا ( له‌ نارویچ دوو شێوه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌و ڤاوێله‌ هه‌یه‌ یه‌کیان ɪə] RP ]یه‌ ئه‌وی دیکه‌یان [:ɛ ] یه‌، ڤاوێلی وشه‌ی care ، ear ، air ، here، hair وه‌ک یه‌ک وان.) ئه‌و خشته‌یه‌ نیشان ده‌دا زۆربه‌ی ژنه‌کان گوتوویانه‌ ‌ ئه‌وان شێوه‌ی RP ڤاوێله‌که‌ به‌ کار ده‌هێنن ، که‌ له‌ ڕاستیدا وا نییه‌، به‌ڵام نیوه‌ی پیاوه‌کانیش به‌پێچه‌وانه‌یان وڵام داوه‌ته‌وه‌. ئه‌وان گوتوویانه‌ ‌ شێوه‌یه‌کی که‌متر به‌ پله‌ و پایه‌، و زۆرتر ئی چینی خواره‌وه‌تریان به‌کار هێناوه له‌وه‌ی که‌ به‌ ئاسایی به‌کاری ده‌هێنن. ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌کمان ده‌خاته‌ به‌رده‌ست که‌ ئاخێوه‌رانی پیاوله نارویچ ، به‌ بێ ئه‌وه‌ی
خشته‌ی 8. خۆبڕیاردان له‌ سه‌ر چلۆنایه‌تی ته‌له‌فوز کردنی tune‌ له‌ نارویچ
زانیاریده‌ره‌کان به‌ %
ئه‌وانه‌ی له‌ وڵامه‌که‌یان زیاد کردووه‌ به‌ گشتی 13
رێژه‌ی پیاوان 0
ڕێژه‌ی ژنان 29
ئه‌وانه‌ی له‌ وڵامه‌که‌یان که‌م کردووه‌ به‌ گشتی 7
رێژه‌ی پیاوان 6
ڕێژه‌ی ژنان 7
وڵامی دروست به‌ گشتی 80
ڕێژه‌ی پیاوان 94
ڕێژه‌ی ژنان 64

خویان هه‌ستی پێ بکه‌ن، شێوه‌کانی ناستاندارد و پله‌ نزمی ئاخاوتنیان به‌لاوه‌ په‌سندتره‌ - له‌ ڕاستیدا، ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌، که‌ ئه‌وان ئیدیعا ده‌که‌ن ئه‌و شێوانه‌ به‌کار ده‌هێنن یان ته‌نانه‌ت ده‌نگی خۆیان ئاوا ده‌بییێن که‌ به‌کاریان ده‌هێنن ته‌نانه‌ت له‌ کاتێکیش دا‌ ئه‌وان ئاوا ناکه‌ن. وێده‌چێ، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ ئاخێوه‌رانی پیاو، زیاتر بیر له‌وه‌ بکه‌نه‌وه‌ که‌ پرێستیژێکی شاراوه‌ به‌ ده‌ست بخه‌ن تا ئه‌وه‌ی پله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیان ده‌ست که‌وێ ( که‌ زۆر به‌ ئاسایی ئاوا دیاریی کراوه‌). له‌ ڕوانگه‌ی پیاوی نارویچی یه‌وه‌ ( و ڕه‌نگه‌ ئێمه‌، بتوانین له‌ سه‌ر پیاوی خه‌ڵکی جێگه‌ی دیکه‌ش بڵێین) شێوه‌ی قسه‌کردنی چینی کرێکار هه‌م به‌ پله‌ و هه‌م به‌ پرێستیژه‌. له‌ سه‌رێکی دیکه‌وه‌، پێچه‌وانه‌ی ئاشکرای ئه‌وه‌‌ به‌و پنکتانه‌ی له‌ بۆچوونی ژنه‌ زانیاریده‌ره‌کانه‌وه‌‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌رکه‌وتوون داده‌گیرێته‌وه‌، و نیشان ده‌دا ئه‌وان ( ئه‌وان تا 68 له‌سه‌د 'گێڕه‌ره‌وه‌ی چاک' نین له‌ نموونه‌ی ڤاوێله‌کانی نێو ووشه‌گه‌لی له‌گوێن ear دا )، زۆریان به‌لاوه‌ په‌سندتره‌ فۆرمه‌کانی RP چینی نێوه‌ڕاست به‌کار بهێنن. ئه‌و جیاوازی بۆچوونانه‌ له‌ نێوان پیاوان و ژنان دا ئه‌وه‌ شی ده‌کاته‌وه‌ بۆچی ئه‌و جیاوازێتییه‌ی له‌ مه‌ڕ جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ نموونه‌ی ng نارویچ و دوو هۆکاره‌ له‌ گۆڕانهاتووه‌کانی دیترۆیت ئه‌و شێوانه‌ به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌گرن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ خه‌سڵه‌ته‌ جیاوازه‌کان له‌ نێو دوو جێنسی کۆمه‌ڵایه‌تی دا جیاواز هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ، پرێستیژی شاراوه‌ کارلێکه‌رییه‌کی زۆر به‌هێزتر وپته‌وتر له‌ پیاوان ده‌کا، و ئه‌وکارلێکه‌رییه‌ له‌ سه‌ر ژنان پرێستیژی ' ئاسایی' یه‌. ئاکامه‌که‌شی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر چینی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی ببه‌سترێته‌وه‌ جیاوازێتی ڕاوێژ ده‌رده‌که‌وێ هه‌روه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ دا وێنا کرا.
خشته‌ی 9. خۆ بڕیاردان له‌ سه‌ر چلۆنایه‌تی ته‌له‌فوز کردنی ear له‌ نارویچ
زانیاریده‌ره‌کان به‌ %
ئه‌وانه‌ی له‌ وڵامه‌که‌یان زیاد کردووه‌ به‌ گشتی 43
ڕێژه‌ی پیاوان 22
ڕێژه‌ی ژنان 68
ئه‌وانه‌ی له‌ وڵامه‌کانیان که‌م کردووه‌ به‌گشتی 33
رێژه‌ی پیاوان 50
ڕێژه‌ی ژنان 14
وڵامی دروست به‌ گشتی 23
ڕێژه‌ی پیاوان 28
ڕێژه‌ی ژنان 18
له‌ زمانی کۆواساتی، و به‌تایبه‌تی له‌ زمانی چوکچی دا دیتمان ‌ ئاخاوتنی ژنان زۆر له‌ ئی پیاوان خۆپارێزتره‌. گۆڕانی زمانی، که‌ له‌ لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ سه‌رکێشی ده‌کرا، و دوایه‌ ژنانیش به‌ شوێنیاندا چوون ، ئه‌گه‌ر چووبێتن. نموونه‌ی ئه‌وتۆ، دیاره‌ به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر ئاڵۆز و پێچه‌ڵپێچتر، له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌ ڕۆژئاواییه‌کانیشدا ده‌بیندرێ: بۆ وێنه‌، کاتێک باس دێته‌ سه‌ڕ گۆڕانه‌ زمانییه‌کان که‌ به‌ئاڕاسته‌ی دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ ستانداردی پڕێستیژ دا ده‌چن ، وێده‌چێ ژنان زۆر له‌پیاوان خۆپارێزتر بن – بۆ نموونه‌ له‌ سازکردنی به‌ستی گه‌روویی glottal stop ی /t / له‌ زمانی ئینگلیسی دا. له‌و نموونانه‌ی دا که‌ جۆره‌یه‌ک شێوه‌زاری پله‌ به‌رز یان پێوه‌رێکی نه‌ته‌وه‌یی له‌ گۆڕێ دایه، ئه‌و ده‌می گۆڕان به‌ره‌و ئاراسته‌ی ئه‌و نۆڕمه‌ خۆی ده‌رده‌خا، که‌ ئه‌وه‌ش زۆرجار، له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ سه‌رکێشی ده‌کرێ. بۆ وێنه‌، له‌ Hillsboro له‌ هیلسبۆرۆ، کالیفۆرنیای باکووری، وێده‌چێ ژنان پێشه‌نگی گۆڕانی نۆرمێکی کۆنتری پرێستیژ بن به‌ره‌و یه‌کی نوێتر. له‌ کاتێکدا شێوه‌ قسه‌کردنی خوێنده‌وارانه‌ی باشووری به‌وجۆره‌ی له‌ ڕابردوو دا له‌ هیلسبۆرۆ به‌ پرێستیژ دا ده‌ندرا که‌متر ده‌نگی r ی ده‌کار ده‌کرا، ئێستا به‌ تایبه‌تی ژنان نۆرمێکی به‌ربڵاوی نه‌ته‌وه‌یی به‌پرێستیژ به‌کار ده‌هێنن که‌ /r/ی نابه‌ر- له‌ ڤۆکالی تێدایه‌ له‌ ووشه‌گه‌لی وه‌ک car و cart دا.
به‌ره‌وپێشچوونێکی ئه‌وتۆش له‌ ناوچه‌ی لارڤیک له‌ باشووری نۆڕوێژ ڕوویداوه‌، و ئێستا فۆرمه‌کانی نێو شاری به‌ ناوچه‌کانی ده‌ره‌وی شار دا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ و جێگه‌ی فۆرمه‌کانی پێشووی گوندیانه‌یان گرتووه‌ته‌وه‌. لێره‌ش دا ژنان سه‌رکێش و ڕێشانده‌رن. له‌ نێو زۆر بنه‌ماڵاندا ده‌کرێ سێ قۆناخی جیاواز له‌ یه‌کتری بکرێنه‌وه‌: بابان له‌ ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شاریدا زۆر خۆپارێزتر له‌ کوڕه‌کانیانن ، و کۆڕه‌کانیش به‌ نۆره‌ی خۆیان زۆر له‌ دایکه‌کان و خوشکه‌کانیان خۆپارێزترن. بۆ نموونه‌، زۆر وێده‌چێ ژنان فۆرمی به‌پریستیژی شاری [mɛlk ] 'شیر' به‌کار بهێنن تا فۆرمی ته‌واو گوندیانه‌ی [ mjæɽk ] و به‌ گشتی وێده‌چێ وه‌جێک له‌ پێش ئاخێوه‌رانی پیاو بن.
له‌ نارویچ یش، هه‌ر ئه‌و جۆره‌ نموونه‌یه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌هێنێ، له‌وێش ژنان پێشه‌نگی گۆڕانن به‌ره‌و ته‌له‌فوزکردنی به‌ پرێستیژ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش، له‌ ئینگلیسی نارویچ دا ڕێزپه‌ڕێک هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ گۆڕانیی زمانی نموونه‌ی ئاسایی جیاوازێتی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی شێواندووه‌. هۆکاره‌ گۆڕێنه‌ره‌ که‌ له‌و نموونه‌ نائاساییه‌دا ده‌نگی ڤاوێلی وشه‌گه‌لی وه‌ک top، hot ، dog ه‌. له‌ نارویچ ئه‌و ده‌نگه‌ ده‌کرێ وه‌کوو ڤاوێلێکی پشته‌وه‌ی‌ خڕ ببیسترێ، وه‌ک له‌ ته‌له‌فوزی RP دا ده‌رده‌که‌وێ [pɒt ] ، یان ڤاوێلێکی کراوه‌ [ pɑt]. ئه‌م ڕه‌قه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ له‌ سه‌دی به‌کارهێنانی فۆرمه‌کانی نا RP له‌ لایه‌ن ئاخێوه‌رانی جیاوازه‌وه‌ نیشان ده‌دا.
پیاوی سه‌ر به‌ توێژی نێوه‌ڕاستی چینی نێوه‌ڕاست 1، پیاوی توێژی خواره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست 11، پیاوی توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی کرێکار 44، پیاوی توێژی نێوه‌ڕاستی چینی کرێکار 64، پیاوی توێژی خواره‌وه‌ی چینی کرێکار 80 .
ژنی سه‌ر به‌ توێژی نێوه‌ڕاستی چێنی نێوه‌ڕاست 0 ، ژنی توێژی خواره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست 1، ژنی توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی کرێکار 68، ژنی توێژی نێوه‌ڕاستی چینی کرێکار 71، ژنی توێژی خواره‌وه‌ی چینی کرێکار 83.

بۆ ده‌سته‌کانی چینی نێوه‌ڕاست، هه‌ر وه‌ک مرۆ چاوڕێ ده‌کا، پنکتی پیاوان له‌ ئی ژنان باڵاتره‌ (واته‌ ئه‌وان فۆرمه‌کانی نه‌- به‌ پرێستیژ زیاتر به‌ کار ده‌هێنن). له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، بۆ سێ ده‌سته‌ی چینی کرێکار، پنکه‌ته‌کان به‌رده‌وام به‌ لای دیکه‌ دا (' هه‌ڵه‌') دا ده‌کشێ: له‌نێو ئه‌واندا پنکتی ژنه‌کان باڵاتره‌.ئێمه‌ ده‌کرێ ئه‌وه‌ ئاوا شی بکه‌ینه‌وه‌: ڤاوێلی سه‌ره‌وه‌ له‌ نارویچ ئێستا خه‌ریکه‌ ده‌که‌وێته‌ به‌ر گۆڕانی زمانی: ڤاوێله‌ خڕه‌کانی جۆری ڕاوێژی RP له‌ زیاد بوون دان، هه‌ر وه‌ک له‌خواره‌وه‌ له‌ سه‌دی به‌کارهێنانی ڤاوێلی خڕ له‌ نێو ده‌سته‌ جۆر به‌جۆره‌ ته‌مه‌نییه‌کاندا نیشان ده‌دا.
ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 10 تا 29 ساڵان دایه‌ 55% ، ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 30 – 49 ساڵان دایه‌ 63% ، ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 50 – 69 ساڵان دایه‌ 67 %، ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ی 70 ساڵانن 93 %

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و گۆڕانه‌ به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش و نائاسایی ڕوو ده‌دا، ڤاوێله‌ خڕه‌ نوێیه‌که‌ له‌ لایه‌ن ژنانی چینی نێوه‌ڕاسته‌وه‌ له‌ ڕاوێژی RP‌یه‌وه‌ هێنراوه‌ته‌ نێو ئینگلیسیی نارویچ، که‌ شێوه‌کانی به‌ پرێستیژیان به‌لاوه‌ په‌سنده‌ و بۆیه‌ نزیکه‌ی 100 له‌ سه‌دی ڤاوێله‌ خڕه‌کان به‌کار ده‌هێنن. ئه‌وه‌، هه‌ر وه‌ها پیاوانی چینی کرێکاریش هێناویانه‌ته‌ نێو له‌هجه‌که‌، بۆ لاسایی کردنه‌وه‌ی شێوه‌ ئاخاوتنی چینی کرێکار له‌ ناوچه‌ی له‌نده‌ن و مه‌ڵبه‌ندی دراوسێیان سافۆڵک. ئه‌و ڕاوێژانه‌ی چینی کرێکارکه‌ [ɒ]ش به‌کار ده‌هێنن بۆ پیاوانی نارویچ مانایه‌کی سه‌ربه‌ستراوی ( پرێستیژی شاراوه‌) یان هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌وان زیاتر ڤاوێلی خڕ به‌کار ده‌هێنن و پنکه‌تاکانیان له‌ ژنانی چینی کرێکار که‌متره‌.ئه‌مه‌،خۆی نموونه‌یه‌کی نائاسایی یه‌ له‌ پرێستیژی ئاشکرا‌ و گونجان له‌ گه‌ڵ پرێستیژی شاراوه‌ و ئه‌و ده‌وره‌ ده‌سه‌لمێنێ که‌ جیاوازێتی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانێ له‌ گۆڕانی زمانی دا بیگێڕێ.
که‌وابوو، جیاوازێتی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ زمان دا، ئه‌و کاته‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دا، هه‌ر وه‌ک ئێمه‌ دیتمان، زمان، وه‌کوو دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ نزیکه‌وه‌ به‌ بۆچوون و ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ به‌سترابێته‌وه‌.پیاوان و ژنان له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ باری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ جیاوازن چونکوو کۆمه‌ڵ قالبی جیاوازی ده‌وری کۆمه‌ڵایه‌تییان بۆ داده‌نێ و چاوه‌ڕوانیی نموونه‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی جیاوازیان لێ ده‌کا. زمان ته‌نێ ئینعیکاس و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه‌. له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌گه‌ر ده‌وری کۆمه‌ڵایه‌تی پیاوان و ژنان گۆڕانی به‌سه‌ر دابێ، هه‌ر وه‌ک ئێستا له‌ نێو زۆر کۆمه‌ڵان دا ئه‌و گۆڕانه‌ به‌ڕێوه‌یه‌، که‌وابێ، ڕێی تێده‌چێ جیاوازی جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ زمان دا بگۆڕدرێ یان که‌میش ‌بێته‌وه‌، و ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ دا هێندێک به‌ڵگه‌مان دی که‌ ده‌کرێ له‌ دووی ئه‌و بۆچوونه‌ بده‌ن. له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئه‌و " قالبه‌ی کۆمه‌ڵ بۆ ژن و پیاوانی داناوه‌" بگۆڕدرێ، ئه‌و ده‌می ده‌بێ تا ڕاده‌یه‌ک له‌ سه‌ر زمان جه‌خت بکرێته‌وه‌ و هه‌وڵ بدرێ بۆ گۆڕینی. (له‌ به‌ندی 10 دا هه‌موولایه‌نتر له‌و مژاره‌ ده‌دوێین.)
بۆچوون و ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ ڕوونی پێوه‌ندییه‌کی گرینگی به‌ ناسێنه‌وه‌ هه‌یه‌. ئێمه‌ له‌ به‌ندی پێشوو دا دیتمان که‌ زمان ده‌توانێ ده‌ورێکی گرینگ بگێڕێ له‌ نیشاندانی ناسێنه‌ی ئێتنیکی دا.ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین ‌ نیشاندان و ده‌ربڕینی ناسێنه‌ی جێندر (جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی)ش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ گرینگه‌.ئاشکرایه‌ ‌ جوێبوونی جێناوی که‌سی یه‌که‌می تاک به‌ هیچجۆر پێویستییه‌کی ڕه‌ها نییه‌، هه‌ر بۆیه‌شه‌ ‌ زۆربه‌ی زمانه‌کان ئه‌و جیاوازییه‌ جێناوییه‌یان نییه‌. به‌ڵام ئه‌و جوێبوونانه‌، له‌و زمانانه‌ی دا که‌ هه‌یانه‌ ده‌ورێک ده‌گێڕن و ناسێنه‌ی ئاخێوه‌ر وه‌ک پیاو یان ژن نیشان ده‌ده‌ن و ڕای ده‌هێزێنن. هه‌ر ئاواش ده‌بێ له‌وه‌ تێبگه‌ین ‌ هۆکاره‌ گۆڕێنه‌ره‌کانی ووشه‌یی، ده‌نگسازی و ڕێزمانی ،که‌ له‌و به‌نده‌ دا باسمان کردن، ده‌وریان هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌ی ئه‌م وه‌رگێڕانه‌، به‌ندی 4ی کتێبی:
Sociolinguistics An introduction to language and society
Peter Trudgill
Penguin Books, Fourth edition 200, pp.61-80

Tuesday, January 27, 2009

====دیسان سه‌باره‌ت به‌ په‌یمانی سێ سنوور====

نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی هیوا له‌ کۆنفڕانسی په‌یمانی سێ سنوور، له‌ ڕاسته‌وه‌ بۆچه‌پ شێخ عوبه‌یدیلای زینوێ (نه‌خشبه‌ندی - که‌ماڵی)، سه‌ید عه‌زیزی شه‌مزینی
ئه‌م وێنه‌یه‌ بۆ یه‌که‌مین جار له‌ کتێبی سێبه‌ری ئازادی " هه‌وراز ونشێوه‌کانی مێژووی خه‌باتی کۆمه‌ڵه‌ی ژێ.کاف" نووسینی که‌ماڵ عه‌بدوڵاهی، بنکه‌ی ژین، سلێمانی 2008 بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ و به‌ سپاسه‌وه‌ ڕاگوێزراوه‌ته‌ ئێره‌



ده‌سته‌ی نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. له‌ کۆنفڕانسی سێ سنوور،له‌ ڕاسته‌وه‌ بۆ چه‌پ: عه‌بدولره‌حمانی شه‌ره‌فکه‌ندی، عه‌بدولڕه‌حمانی زه‌بیحی، قاسمی قادریی قازی سه‌رۆکی نوێنه‌ران، محه‌مه‌د سه‌عیدی کانی مارانی رابطی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. و کۆمه‌ڵه‌ی هیوا

سه‌رچاوه‌ی پێشوو


هه‌موو ئه‌ندامانی به‌شداری کۆنفرانسی په‌یمانی سێ سنوور له‌ ڕاسته‌وه‌ بۆچه‌پ: قاسمی قادریی قازی سه‌رۆکی نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک.، عه‌بدولڕه‌حمانی شه‌ره‌فکه‌ندی نوێنه‌ری ژ.ک.، عه‌بدولڕه‌حمانی زه‌بیحی نوێنه‌ری ژ.ک.، سه‌ید عه‌زیزی شه‌مزینی نوێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی هیوا،محه‌مه‌د سه‌عیدی کانی مارانی رابطی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک.و کۆمه‌ڵه‌ی هیوا، شێخ عوبه‌یدیلای زینوێ نوێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی هیوا

سه‌رچاوه‌ی پێشوو


هه‌موو به‌شدارانی کونفڕانسی په‌یمانی سێ سنوور به‌یه‌که‌وه‌.له‌ ڕاسته‌وه‌ بۆچه‌پ:شێخ عوبه‌یدیلای زینوێ، محه‌مه‌دسه‌عیدی کانی مارانی،عه‌بدولڕه‌حمانی شه‌ره‌فکه‌ندی، سه‌ید عه‌زیزی شه‌مزینی، عه‌بدولڕه‌حمانی زه‌بیحی، قاسمی قادریی قازی

سه‌رچاوه‌ی پێشوو


دیسان سه‌باره‌ت به‌ " په‌یمانی سێ سنوور"
حه‌سه‌نی قازی

ئه‌مڕۆ 7ی ڕێبه‌ندان، کتێبێکم به‌ده‌ست گه‌یشت به‌ نێوی ( سێبه‌ری ئازادی " هه‌وراز و نشێوه‌کانی مێژووی خه‌باتی کۆمه‌ڵه‌ی ژێ.کاف") له‌ نووسینی به‌ڕێز که‌ماڵ عه‌بدوڵلاهی که‌ له‌ کۆتاییه‌کانی ساڵی 2008 له‌ شاری سڵیمانی له‌ لایه‌ن بنکه‌ی ژینه‌وه‌ له‌ 473 لاپه‌ڕه‌ دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. له‌و کتێبه‌دا چه‌ندین وێنه‌ی به‌نرخی مێژوویی بۆ جاری یه‌که‌م بڵاو کراونه‌ته‌وه‌ و ئه‌م وێنانه‌ تیشکێکی زیاتر ده‌خه‌نه‌ سه‌ر په‌یمانی سێ سنوور و به‌شدارانی.
دیاره‌ له‌و کتێبه‌دا زۆر باس و بابه‌تی له‌مه‌ڕ مێژووی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف و بڵاوکراوه‌کانی هاتوونه‌ته‌ گۆڕێ که‌ هه‌ڵده‌گرن به‌ دوورودرێژتر قسه‌یان لێوه‌ بکرێ، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی‌ نووسه‌ری به‌ڕێز ده‌ڵێ : ' مامۆستا هه‌ژار باشترین زانیاری سه‌باره‌ت به‌ "په‌یمانی سێ سنوور"ی له‌ کتێبه‌که‌یدا تۆمار کردووه‌' که‌ ئه‌وه‌ قسه‌یه‌کی ڕاسته‌ (لاپه‌ڕه‌ی 181 )، له‌ لاپه‌ڕه‌ی (190 ) دا تووشی هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ هاتووه‌ و دوای به‌ شاهید هێنانه‌وه‌ی به‌شێک له‌ لاپه‌ڕه‌ی 10: 'م.س. خوێنین 1060، رابیتی نێوان ئێمه‌ و هیوا بوو تا کۆنفرانس ته‌شکیل درا، کۆمه‌ڵه‌ له‌ کۆششتی ئه‌و لاوه‌ ئازایه‌ [ بێ به‌هره‌ نه‌بووه‌ وه‌ له‌ ناوبراو و به‌شداران …] سپاس و ته‌شه‌ککور ده‌کا." دوایه‌ له‌ پڕ به‌دوای ئه‌م ڕسته‌یه‌ دا لێی زیاد ده‌کا " ئه‌گه‌رچی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ده‌کرێ و ده‌توانین بڵێین ئه‌و 'لاوه‌ ئازایه‌'ش " سه‌عیدی حه‌مه‌قاله‌ی بێستانچی " یه‌ …. دیاره‌ نووسه‌ر ئه‌و چه‌ند ڕسته‌یه‌ی نێو لاپه‌ڕه‌ی 10ی به‌ باشی بۆ نه‌خوێندراوه‌ته‌وه‌ و له‌ ناو [ ] به‌ ته‌خمین چه‌ند وشه‌یه‌کی زیاد کردووه‌. ڕسته‌کان به‌و جۆره‌ی له‌ نیشتمان ی ( 7، 8، 9) لاپه‌ڕه‌ی 10دا نووسراون ئاوان:
" م.س.خوێنین 1060 رابطی نیوانی ایمه‌ و هیوا بوو تا کونفرانس ته‌شکیل درا کومه‌له‌ له‌ کوششتی ئه‌م لاوه‌ آزایه‌ و هه‌ر وه‌ها له‌ گشت ئه‌ندامه‌کانی ئه‌م کونفرانسه‌ گرینگه‌ که‌ بی گومان له‌ دوایی دا ده‌بیته‌ فه‌سلیکی گه‌وره‌ ده‌ میژووی فه‌عالییه‌ت و کوششتی دوو کومه‌له‌ دا، سوپاس و تشکر ده‌کا."
ده‌ ڕاستیدا ئێمه‌ به‌ له‌ به‌ر یه‌ک ڕۆنانی لاپه‌ڕه‌ی 10ی نیشتمان و نووسینه‌که‌ی ‌هه‌ژار له‌ "چێشتی مجێور" دایه‌ که‌ ناوی به‌شدارانی کۆنفرانسی " په‌یمانی سیه‌ سنوور"مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ و که‌مترین گۆمانمان له‌وه‌دا نامێنێ که‌ م.س.خوێنین 1060 به‌ڕیز " محه‌مه‌د سه‌عیدی کانی مارانی" یه‌ نه‌ک که‌سێکی دیکه‌. ئه‌من بۆم ناچێته‌وه‌ سه‌ر یه‌ک چۆنه‌ به‌ڕێز عه‌بدوڵاهی ئه‌و ڕاستییه‌ی له‌ پته‌ ده‌رچووه‌ ، له‌ کاتێکدا به‌و وێنه‌ به‌نرخانه‌ی که‌ له‌ ئه‌ندامانی به‌شدار له‌ کۆنفڕانسی "سێ سنوور" له‌ کتێبه‌که‌ی دا بڵاوی کردوونه‌ته‌وه‌ ده‌بوو ئه‌وه‌ی بۆ ڕوون بباوه‌ و نه‌ینووسیبا:
"ئه‌گه‌رچی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ده‌کرێ و ده‌توانین بڵێین ئه‌و 'لاوه‌ ئازایه‌'ش سه‌عیدی حه‌مه‌قاله‌ی بێستانچی یه‌"
له‌و شه‌رحه‌ی دا که‌ نووسه‌ر له‌ بن وێنه‌کانی لاپه‌ڕه‌ی 463 و 464ی کتێبه‌که‌یدا نووسیویه‌تی ده‌ڵێ:" سه‌عیدی کانی مارانی ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی هیوا نه‌بووه‌، به‌ڵکوو وه‌ک هاوڕێ ده‌گه‌ڵ دوو ئه‌ندامی نوێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی هیوا له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ دا به‌شداری کردووه‌" و له‌ هه‌ر دووک لاپه‌ڕه‌ش دا بۆ شاهیدیی ئه‌مه‌ داوا ده‌کا خوێنه‌ره‌وان بڕواننه‌ " (لاپه‌ڕه‌ی 181)" که‌ له‌و لاپه‌ڕه‌یه‌ ده‌ڕوانین له‌ دوو شوێن قسه‌کانی مامۆستا هه‌ژار ده‌خووێنینه‌وه که‌ له‌ جێیه‌کیان ده‌ڵێ‌: " نوێنه‌رانی هیوا: "شێخ عوبه‌یدیللای زینوێ"، "سه‌ید عه‌زیزی شه‌مزینی" که‌ ئه‌فسه‌رێکی عراق بو،" سه‌عیدی کانی مارانی" ناوێکیش که‌ تازه‌ لاوێک و خوارزای شێخ عوبه‌یدیللا بو ده‌گه‌ڵیان هاتبو" له‌و قسانه‌ دا هیچ باسی ئه‌وه‌ نه‌کراوه‌ که‌ به‌ڕێز " محه‌مه‌د سه‌عیدی کانی مارانی" ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی هیوا نه‌بووبێ و ئه‌و حوکمه‌ی نووسه‌ر له‌ ڕاستیدا قسه‌ هه‌ڵبه‌ستنه‌ به‌ده‌م هه‌ژاره‌وه‌.
له‌ لاپه‌ڕه‌ی 10ی نیشتمانی ژماره‌ ( 7،8،9 ) دا ده‌خوێنینه‌وه‌ "م.س.خوێنین 1060 رابطی نیوان ایمه‌ و هیوا بوو تا کۆنفرانس ته‌شکیل درا؛ کومه‌له‌ له‌ کوششتی ئه‌م لاوه‌ آزایه‌ و هه‌ر وه‌ها له‌ گشت ئه‌ندامه‌کانی…" ئه‌و ڕستانه‌ مانایان ئه‌وه‌یه‌ که‌ م.س.خوێنین 1060 واته‌ محه‌مه‌د سه‌عید کانی مارانی ده‌ورێکی گرینگی هه‌بووه‌ تا ئه‌وه‌ی که‌ کۆنفڕانس ته‌شکیل دراوه‌، چۆن ده‌کرێ هه‌ر وا له‌ گۆتره‌ بگوترێ ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی هیوا نه‌بووه‌. ئه‌ی ئه‌و کورته‌ی ناو و ژماره‌یه‌ چییه‌؟
له‌ دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی ' لاپه‌ڕه‌ی 10، ڕاستیی په‌یمانی سێ سنوور' له‌ ڕوانگه‌ دا به‌ڕێز محمد سعید یوسف کانی مارانی [م.س.خوێنین 1060] دوای بانگه‌وازی نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه‌ باسێکی کورتی سه‌باره‌ت به‌ (په‌یمانی سێ سنوور) نووسی و له‌ گه‌ڵ وێنه‌ی به‌ڕێزیان له‌ ڕوانگه‌ دا بڵاو کرایه‌وه‌. له‌و نووسراوه‌ کورته‌ دا به‌ دیقه‌تێکی سه‌رسوڕهێنه‌ر دوای تێپه‌ڕینی 65 ساڵ به‌ ورده‌ ڕیشاڵ باسی ئه‌وه‌ ده‌کا که‌ چۆن له‌ 5/7/1944 له‌ دێی "ماوه‌تان"وه‌ چووه‌ته‌ زینوێ و ڕێکه‌وتی هه‌موو ڕۆژه‌کان تاگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دێیه‌کی خۆی 'ماوه‌تان' له‌ 3/8/1944 باس ده‌کا. به‌ڕێزیان شاهیدی ده‌دا : " وه‌ئه‌من له‌و شه‌ش که‌سه‌ زیاتر که‌سی دیم نه‌دیت به‌شدار بێ له‌ گفتوگۆیه‌که‌"
واته‌: شێخ عوبه‌یدیلای زینوێ، سه‌ید عه‌زیزی شه‌مزینی، محه‌مه‌د سه‌عیدی کانی مارانی، قاسمی قادریی قازی، عه‌بدولرحمانی زه‌بیحی و عه‌بدولره‌حمانی شه‌ره‌فکه‌ندی.
نووسه‌ر له‌ کۆتایی لاپه‌ڕه‌ی 189و سه‌ره‌تای لاپه‌ڕه‌ی 190 ی کتێبه‌که‌یدا ده‌نووسێ : "هه‌ر وه‌ک ده‌بینین ناوی نوێنه‌رانی به‌شدار له‌ کۆپوونه‌وه‌ی داڵانپه‌ڕ" له‌ به‌ڵگه‌ی نێو بڵاوکراوه‌که‌ی گۆڤاری" نیشتمان" دا به‌ شێوه‌ی ڕه‌مز و نهێنی هاتووه‌. بۆ ساغ کردنه‌وه‌ی ئه‌وبه‌شه‌ش ڕۆژی جومعه‌ 9ی به‌فرانباری ساڵی 1384
(30ی 12ی 2005) له‌ سه‌ردانێکی مامۆستا "عوبه‌یدیلا ئه‌ییووبیان" سه‌باره‌ت به‌ ئه‌و ناوانه‌ پرسیارم لێکرد و به‌یارمه‌تی ئه‌و توانیمان ناوی دوو ئه‌ندامه‌که‌ی کۆمه‌ڵه‌ی هیواش بدۆزینه‌وه‌" و دوایه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ناوی نهێنی (ع.هووشه‌نگ ئه‌ندامی ژماره‌ 7) نووسیویه‌ سه‌ید عه‌زیزی شه‌مزینی و له‌ به‌رامبه‌ر ناوی نهێنی (ع.جانگیر،ئه‌ندامی ژماره‌ 716) نووسیویه‌ شێخ عوبه‌یدیلای زینوێ. به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ نێوی ڕاستی و نێوی نهێنی به‌شداران به‌ له‌به‌ریه‌ک ڕۆنانی "چێشتی مجێور " و لاپه‌ڕه‌ی 10 ساغ ده‌بنه‌وه‌ ئێمه‌ ناکرێ به‌ لێبڕوای بڵێین ع. هووشه‌نگ سه‌یدعه‌زیز بووه‌ یان شێخ عوبه‌یدیلای زینوێ، یان ع.جانگیر شێخ عوبه‌یدیلا بووه‌ یان سه‌ید عه‌زیز . به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی هیوا ئه‌و دووکه‌سه‌ بوون، ناوه‌نهێنییه‌کان ده‌کرێ ئی هه‌رکامیان بێ. خۆ ئه‌وه‌ش ناکرێ بگوترێ ‌ به‌ڕێز عوبه‌یدیلای ئه‌ییووبیان وردتر له‌ لاپه‌ڕه‌ی 10 و هه‌ژار ئاگای له‌ نێوی نهێنی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌ی هیوا بووه‌! و ئه‌وه‌ش هیچ که‌ "چێشتی مجێور"ه‌که‌ی هه‌ژاریش هه‌شت ساڵ به‌ر له‌ دیداری نووسه‌ر و به‌ڕێز مامۆستا ئه‌ییووبیان بڵاو بووه‌ته‌وه‌.
وه‌ک له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م نووسینه‌ دا باسم کرد کتێبی ' سێبه‌ری ئازادی' زۆر بابه‌تی تێدایه‌ که‌ هه‌ڵده‌گرێ به‌وردتر و درێژتر قسه‌ی لێبکرێ، تا ئه‌وجێگه‌یه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر په‌یمانی سێ سنوور جگه‌ له‌و وێنه‌ به‌نرخانه‌ نه‌بێ که‌ به‌ڕێز عه‌بدوڵاهی بڵاوی کردوونه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ نێوه‌رۆکی په‌یمانه‌که‌ ‌ جگه‌له‌و ماده‌یه‌ی که‌ مامۆستا هه‌ژار له‌ "چێشتی مجێور: دا باسی لێوه‌کردووه چیدیکه‌ نابینین.
به‌ڕێز عه‌بدوڵاهی له‌ لاپه‌ڕه‌ی 321 یه‌کی کتێبه‌که‌ی دا وێنه‌ی به‌ڵگه‌یه‌کی بڵاو کردووته‌وه‌ که‌ کاتی خۆی نووسه‌ری ئه‌م دێرانه‌ له‌ به‌ر ده‌ست لێکۆله‌ره‌وی هێژا نه‌مر مه‌حموودی مه‌ڵا عێزه‌تم نا که‌ له‌ به‌رگی سێیه‌می 'ده‌وڵه‌تی جمهوی کوردستان، نامه‌ و دۆکومێنت، ستۆکهۆم – 1977 ، لاپه‌ڕه‌ی 763 ' بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.
له‌ ڕاستیدا ئه‌و نامه‌یه‌ که‌ له‌ لایه‌ن 'معاونی کومیته‌ی مرکزی حزبی دیموکراتی کوردستان' وه‌هابی بلووریان ئیمزا کراوه‌ ئیجازه‌ی هاتوچۆیه‌که‌ بۆ ' [سعید محمد]. به‌له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و حه‌ولانه‌ی ئه‌و سه‌روبه‌ندی له‌ مهاباده‌وه‌ دراوه‌ بۆ کاروباری ڕێکخراوه‌یی له‌ کوردستانی عێراق و بیره‌وه‌رییه‌کانی ئه‌بولحه‌سه‌نی ته‌فرێشیان ئه‌و که‌سه‌ جگه‌ له‌ ' محه‌مه‌د سه‌عیدی کانی مارانی ' ناکرێ که‌سێکی دیکه‌ بێ.
به‌ هیوای ئه‌وه‌ی‌ به‌ڕێز کانی مارانی ئه‌و لایه‌نه‌ش ڕوون کاته‌وه‌.

Friday, January 23, 2009

**** ئازادی،سه‌ربه‌خۆیی، میری و گه‌وره‌یی **** **** **** داوا بکه‌ن به‌ زار و زمان و ددان ولێو



ئه‌م کتێبه‌ دوای نزیکه‌ی دوو ساڵ هه‌وڵ و تێکۆشان، به‌ تایبه‌تی خۆ ماندوو کردنی بێوێنه‌ی مامۆستا ئه‌نوه‌ری سوڵتانی له‌ کۆتاییه‌کانی ساڵی 2008 دا له‌ لایه‌ن بنکه‌ی ژین له‌ سلێمانی له‌ 1500 نوسخه‌ دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.
له‌ کتێبه‌که‌ دا وێڕای هه‌ڵسه‌نگاندنی نێوه‌رۆکی شێعره‌کانی سه‌یف ، زۆربه‌ی ئه‌و باسانه‌ی تا ئێستا له‌ چاپه‌مه‌نی کوردی دا سه‌باره‌ت به‌ سه‌یف و شێعره‌کانی بڵاو کراونه‌ته‌وه‌ و ده‌ستیان وێڕاگه‌یشتووه‌ کۆ کراونه‌ته‌وه‌. بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌و کتێبه‌ ده‌کرێ به‌و ژماره‌ ته‌له‌فونانه‌ی خواره‌وه‌ له‌ سلێمانی پێوه‌ندی به‌ بنکه‌ی ژینه‌وه‌ بکه‌ن.
64 658 15 0770 ئاسیا
33 648 14 0770 ئاسیا
3300262 نۆرماڵ
1128309 سانا

Tuesday, January 20, 2009

دووی ڕێبه‌ندان جێژنی نه‌ته‌وه‌یی کورد پیرۆز بێ



دووی ڕێبەندان جێژنی نەتەوه‌یی کورد پیرۆز بێ

ڕؤژی 2ی ڕێبه‌ندانی ئه‌مساڵ 63 ساڵ له‌ ڕاگه‌یاندنی کۆماری کوردستان ڕاده‌برێ.
له‌م شێست و سێ ساڵه‌ دا چ له‌ کوردستان و چ له‌ پاشماوه‌ی جیهان دا زۆر شت گۆڕاوه‌، به‌ڵام داخوازی نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆ ژیانێکی ئازاد و به‌ ئێروو، به‌ دوور له‌ ترس و دڵه‌ڕاوکێ هێشتا وه‌دی نه‌هاتووه‌. ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ ده‌بێ ڕاستییه‌کی به‌ کورد و هه‌مبه‌ره‌کانی سه‌لماندبێ :
ئه‌وان ناتوانن کورد بتوێننه‌وه‌ و له‌ ناوی به‌رن ، کوردیش پێویسته‌ زیاتر باوه‌ڕی به‌ هێزی خۆی بێ .‌
سه‌رکه‌وتن و شکانی کۆماری کوردستان پێڤاژۆیه‌کی لێکهاڵاو بوو، هه‌لومه‌رجی ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی ڕێگه‌ی به‌ به‌ خۆداهاتنی کۆمارێکی سه‌ربه‌خۆی کورد نه‌ده‌دا.شێست و سێ ساڵ دوای 2ی ڕێبه‌ندان ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ گۆڕانێکی ڕیشه‌یی به‌ سه‌ر دا نه‌هاتووه‌، به‌ڵام وشیاریی ناسنامه‌ خوازی کورد زیادی کردووه‌ و به‌ پێجه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌کان ئه‌و وشیارییه‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌ جه‌غزی هه‌رێمی ڕزگاری بێ و هه‌موو جوگرافیای کوردستان بگرێته‌وه‌.
ڕه‌نگه‌ پته‌و کردنی بیره‌وه‌ری هاوبه‌شی مێژوویی له‌ ده‌ره‌وه‌ی جه‌غزی ته‌نگی حیزبایه‌تی و ناوچه‌یی و رێزلێنان له‌ جیاوازی و ڕه‌نگاوڕه‌نگی کۆمه‌ڵی کوردستان له‌ ڕێبازی ناسێنه‌خوازی دا بتوانێ یه‌کێتی له‌ جیاوازی دا بکاته‌ باوه‌ڕێکی گشتی . دیاره‌ تا ئه‌و کاته‌ هه‌وراز و نشێوی ئه‌و ڕێبازه‌ به‌رده‌وام ده‌بێ و ئه‌رکی خه‌باتی ڕووناکبیریی و سیاسییه‌ پێوانی ئه‌و ڕێبازه‌ کورتتر کاته‌وه‌.
‌ یه‌ک له‌ خه‌سڵه‌ته‌ هه‌ره‌ جێی سه‌رنجه‌کانی ڕاگه‌یاندنی کۆمار، باوه‌کوو ته‌مه‌نی کورت و ڕووخانی هاسانی،ده‌ربڕینی بوونی سیاسی کورد و داهێنانی ڕه‌مزه‌کانی ئه‌و هه‌بوونه‌ بوو، بۆیه‌ ده‌بێ له‌م ڕۆژه‌ دا گشت ئه‌و تێکۆشه‌رانه‌ی کۆماریان ڕاگه‌یاند‌ و له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د به‌ پێزانییه‌وه‌ وه‌بیر بهێندرێنه‌وه‌ چونکه‌ ڕێگه‌یان بۆ پێ سه‌لماندن و به‌خۆدا هاتنی ناسێنه‌ی کورد کرده‌وه‌، ڕیگه‌یه‌ک که‌ جارێ هه‌ر به‌رده‌وامه‌ ...

حه‌سه‌نی قازی
2ی ڕێبه‌ندانی 1387

Monday, January 19, 2009

دڵی شاعیری گه‌وره‌ی کورد محه‌مه‌دی نووری له‌ کوته‌ که‌وت به‌ڵام ، ئاڵای هومێد نانه‌وێ و هه‌ر ڕاده‌وه‌شێ


به‌داخ و که‌سه‌رێکی زۆره‌وه‌ هه‌ر ئێستا ئاگادار بووم که‌ ڕۆژی دووشه‌مۆ 30 به‌فرانبار شاعیری گه‌وره‌ محه‌مه‌دی نووری که‌ شێعر و په‌خشانه‌کانی شان له‌ شانی شێعرو په‌خشانه‌کانی هێمن و هه‌ژار ده‌ده‌ن له‌ شاری بۆکان کۆچی دوایی کردووه. ئه‌اونه‌ی گیرۆده‌ی شێعری کوردین بێشک ' له‌ سه‌ر بستووی ژیان ' ی نووریان بیستووه‌ و ڕه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ من هاوڕابن ئه‌گه‌ر بڵێم ئه‌و پارچه‌ هۆنراوه‌یه‌ له‌ ئه‌ده‌بی کوردی دا جێیه‌کی وای داوه‌ به‌ محه‌مه‌دی نووری که‌ شوێنه‌واری قه‌ت کوێر نابێته‌وه‌. وێرای ده‌ربڕینی هاو ده‌ردی له‌ گه‌ڵ له‌پاشبه‌جێماوانی، لێره‌ دا بۆ ڕێزلێنان له‌ بیره‌وه‌ری ئه‌و که‌ڵه‌ شاعیره‌ ' له‌سه‌ر ‌بستووی ژیان ' ده‌نووسمه‌وه‌ و به‌ دوای دا شه‌رحێکیش که‌ خۆی له‌ کتێبه‌که‌ی دا ' شه‌وێک و خه‌وێک ' سه‌باره‌ت به‌و هونراوه‌یه‌ی نووسیوه‌ ده‌گێڕمه‌وه‌
حه‌سه‌نی قازی

له‌ سه‌ر بستووی ژیان

له‌سه‌ر بستووی ژیان وه‌ک داری چاکی
به‌ ته‌نیا مامه‌وه‌ بێ به‌رگ و بێ به‌ر
گه‌لێک بێ تینتره‌ تاوی هومێدم
له‌ زه‌رده‌ی ڕۆژپه‌ڕی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر

شه‌وی تاریک وه‌ره‌ بکشێ به‌ سه‌رما
که‌ ئامێزت په‌نای ڕۆژگار ڕه‌شانه‌
وه‌کووژێنه‌ چرای ئه‌ستێره‌کانت
که‌ ڕووزه‌ردیم له‌ به‌ر تالیع گه‌شانه‌

له‌گه‌ڵ ڕۆژی هومێد نالێکه‌ هیوام
وه‌کوو سێبه‌ر له‌ ڕووناکی ڕه‌ویوم
هه‌ناسه‌ی لێبڕا بای فێنکی ئاوات
به‌ کووره‌ی داغی حه‌سره‌ت دا چزیوم

له‌ چۆل و به‌رده‌ڵانی قاقڕی ژین
له‌ پێ که‌وتووم ته‌ریک و دووره‌ ده‌ستم
به‌ڵام ده‌نگێ وه‌کوو خه‌ونێکی هاڵۆز
به‌ گوێی ڕوحما ده‌چرپێنێ که‌ هه‌ستم

به‌ ده‌سته‌ کوته‌، ده‌ر و دیوار و قوژبن
هه‌تا ڕۆچنه‌ی نه‌جات بست بست ده‌پێوم
بزانم تیشکی سه‌ربه‌ستی له‌ کوێ ڕا
ده‌دا شۆق و بزه‌ی داوێته‌ لێوم

بڕۆ ئه‌ی شه‌و، وه‌ره‌ ئه‌ی ڕۆژی هیوا
له‌ چاڵاوی به‌ڵای دیلیم ده‌رێنه‌
له‌سه‌ر قسنی فه‌نای ئاواته‌کانم
په‌ڕۆی ئاڵای هومێدم ڕاوه‌شێنه‌

به‌هاری 1326 ی هه‌تاوی

محه‌مه‌دی نووری له‌سه‌ر بستووی ژیان

له‌ سه‌ر بستووی ژیان هۆنراوه‌یه‌که‌ ده‌ڕوانێته‌ ساڵه‌ ڕه‌شه‌کانی 1325 و 26ی هه‌تاوی،یانی ئه‌و کاته‌ی زه‌بروزه‌نگی رێژیمی شایه‌تی به‌ تاوانی کوردی گوتن و نووسین، ته‌ف و چه‌قی خسته‌ هه‌رێمی کوردستان و پیاوه‌ به‌ڕێزه‌کانی شه‌هید کرد و له‌ سێداره‌ی دان و لاوه‌ به‌هێزه‌کانی په‌ران په‌ران و ئاواره‌ی کێو و شاخه‌کانی وڵاتی کردن . "هه‌ژار" بێ هاوڕێ به‌ هه‌ردێک دا و "هێمن" هه‌ڵوه‌دا به‌ هه‌ڵه‌مووت و زه‌ردێک دا و ئه‌وانی دیکه‌ش هه‌ر یه‌ک به‌ ئاخ و داخێک به‌ شاخ و داخێکه‌وه‌ ده‌خولانه‌وه‌ و ده‌گلانه‌وه‌، چونکه‌ خوینخوا، خانه‌خوێ بوو!
باوه‌شی شه‌وی تاریک جێی حه‌سانه‌وه‌ و حه‌ساری حاوانه‌وه‌بوو، زیته‌ و زریوه‌ی ئه‌ستێره‌کانیش ده‌بوونه‌ زیپکه‌ و زیخی چاوی به‌ شه‌وار که‌وتووه‌کان و به‌ ده‌واره‌ ڕه‌پێ که‌وتووه‌کان. ئه‌منی به‌ ته‌نیا ماوه‌ وه‌ک " یه‌هوودا"ی سه‌رگه‌ردان، له‌و هه‌ڵدێر بۆ ئه‌و گۆل و ئه‌ستێر ده‌بوو خۆم ببوێرم و سێبه‌رم وه‌شێرم؛ شه‌قاوم شل ده‌بوو، هه‌نگاوم کول ده‌بوو، نه‌ ڕۆژ ده‌بڕایه‌وه‌ و نه‌ شه‌و ده‌پسایه‌وه‌. ڕۆژانه‌ له‌ بن شاخ و به‌ردێک دا و شه‌وانه‌ له‌ نێو شیو و وه‌ردێک دا ده‌که‌وتم و ده‌خه‌وتم؛ به‌ نێوی ماجه‌ڕاجوو و بێگانه‌ په‌رست و سه‌دان نێو و نیتکه‌ی ناحه‌ز، وه‌ک سێبه‌ر له‌ ڕووناکی ده‌ڕه‌ویمه‌وه‌ و وه‌ک ده‌س لێوه‌شاوێ له‌ سێبه‌ری خۆم ده‌سڵه‌میمه‌وه‌!
له‌ خاک و نیشتمانی خۆم دا غه‌واره‌ بووم، دزێو و به‌دقه‌واره‌ بووم، ته‌نیا شه‌وی تاریک و ڕێگای باریک هاوڕاز و ده‌مسازم بوو. شه‌وێ ئه‌ستێره‌م ده‌بژارد و ڕۆژێ خۆم له‌ خۆم ده‌بوارد. له‌و هه‌ل و مه‌رجه‌ دا بوو " له‌سه‌ر بستووی ژیان" له‌ دنیای ده‌ردئاژنی ده‌روونه‌وه‌ هه‌ڵقوڵی و له‌ ده‌راوی دیده‌وه‌ هه‌ڵچۆڕا . له‌ یه‌که‌م دیدارێک دا دوای هاتنه‌وه‌ که‌ مامۆستا "هه‌ژار"م دی، کوتی : " کاک نووری، زۆر جاران له‌ سه‌ر دوندی چیاکان له‌ گه‌ڵ "هێمن" ، له‌ کاتی ڕۆژپه‌ڕی ئێواران دا " له‌ سه‌ر بستووی ژیان" ی تۆمان ده‌خوێنده‌وه‌. دوو جاران ده‌گریاین، جارێک بۆ خۆمان و جارێک بۆ نیشتمان و دوور وڵاتییه‌که‌مان !"
له‌و کاته‌وه‌ ئه‌منی به‌ ته‌نیا ماوه‌ چاوه‌کانم دوو جاران ده‌بارین، جارێک بۆ "هه‌ژار"ی هێژا و جارێک بۆ " هێمن"ی هه‌رماو و ده‌ڵێم:
" هه‌ژار"، " هێمن" . شوێنه‌واری ژیانتان ڕێبازی هه‌رمانه‌ ....

Sunday, January 18, 2009

په‌یمانی سێ سنوور : محه‌مه‌د سه‌عیدی کانی مارانی


له‌ دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی بابه‌تی "لاپه‌ڕه‌ی 10، ڕاستیی په‌یمانی سێ سنوور "له‌ ڕوانگه‌ دا ( 25ی نۆڤامبری 2008 )له‌ سایه‌ی خۆماندوو کردنی به‌ڕێز یۆسفی کانی مارانی وێنه‌ و نووسراوه‌یه‌کی کورتی به‌ڕێز محه‌مه‌د سه‌عیدی کانی مارانی مان به‌ده‌ست گه‌یشتووه که‌ لێره‌ دا بۆ ئاگاداری هۆگرانی مێژووی سیاسی کوردستان بڵاوی ده‌که‌ینه‌وه‌. گرینگی ئه‌م وێنه‌ و نووسراوه‌ کورته‌ی تاکه‌ شاهیدی زیندووی به‌شدار له‌ کۆبوونه‌وه‌ی به‌ستنی په‌یمانی سێ سنوور دا پێویستی به‌ شیکردنه‌وه‌ و له‌ سه‌ر رۆیشتنی زیاتر ناکا. ده‌کرێ ' لاپه‌ڕه‌ی 10 لێره‌ بخوێننه‌وه‌
http://ruwange.blogspot.com/search?updated-max=2008-11-26T20%3A09%3A00-08%3A00&max-results=7




بسم الله‌ الرحمن الرحیم

( په‌یمانی سێ سنوور )



له‌ 5\7\1944 له‌ سه‌ر داوا کردنی به‌ڕێزان جه‌نابی خاڵم شێخ عبیدالله‌ ی زینوێ و دکتور عزیز شه‌مز‌ینی چوومه‌ دێی ( زینوێ). ئه‌و ده‌می ته‌مه‌نم حه‌ڤده‌ ساڵ بوو به‌ پێی ناسنامه‌ی عێراقی وه‌ له‌ پۆلی چواره‌می ئاماده‌یی بووم> هاوینان له‌ دێی (ماوه‌تان) ده‌بووم که‌ ده‌که‌وێته‌ نیزێک دێی ( حاجی ئۆمه‌ران). له‌ زینوێ نامه‌یه‌کیان دامێ که‌ بیگه‌یه‌نمه‌ ده‌ست ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف (ژ.ک.) له‌ سابڵاغێ (مه‌هاباد)، وه‌ گوتیان ئێمه‌ش لێره‌وه‌ ده‌چیینه‌ دێی (دزه‌) له‌ (مه‌رگه‌وه‌ڕ)ێ.
له‌ 8\7\ 1944 به‌ سواری وڵاغ به‌ره‌و سابڵاغ که‌وتمه‌ ڕێ ده‌گه‌ڵ پیاوێکی ڕێناس. بۆ شه‌و گه‌یشتینه‌ چاخانه‌ی (کانی باغ)> بۆ به‌یانی له‌ 9\7\1944 گه‌یشتمه‌ سابڵاغ. له‌وێ چوومه‌ کن به‌ڕێزان عبدالرحمن زه‌بیحی و صدیق حیدری و دلشاد رسولی، که‌ پێشدانیش ده‌مناسین ، وه‌ نامه‌که‌م به‌ ده‌ست گه‌یاندن.
له‌ 11\7\ 1944 کۆمه‌ڵه‌ی ( ژ.ک.) کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌یان ڕێکخست ئه‌منیش تێیدا به‌شدار بووم، نامه‌که‌یان خوێنده‌وه‌ و ده‌رکه‌وت که‌ کۆمه‌ڵه‌ی (هیوا) له‌ کۆمه‌ڵه‌ی (ژ.ک.) ی داوا کردبوو که‌ په‌یمانه‌ک ببه‌ستن له‌ نێوان هه‌ر دوک لا بۆ یارمه‌تیدانی یه‌کدی له‌ هه‌موو بارێکه‌وه‌. له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ به‌ڕێزان قاسمی قادری و عبدالرحمن زه‌بیحی و عبدالرحمن هه‌ژار موکریانی هه‌ڵبژێردران ده‌گه‌ڵ من بچین بۆ (دزێ) به‌ سه‌رۆکایه‌تی خوالێخۆشبو قاسمی قادری بۆ گفتوگۆ کردن ده‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی پارتی (هیوا). هه‌مان ڕۆژ بۆ ئێوارێ شه‌هیدی گه‌وره‌ی کورد پێشه‌وا (قازی محمد) بانگێشتنی کردین بۆ نانخواردن.
له‌ 14\7\1944 هه‌ر جوارمان به‌ره‌و (مه‌رگه‌وه‌ڕ) که‌وتینه‌ ڕێ. شه‌و له‌ دێی (قاسملو) که‌ ده‌که‌ویته‌ بن چیای (دم دم) ماینه‌وه‌. له‌ 15\7\1944 پاش ماندوبوونه‌کی زۆر به‌ وڵاغ و به‌ پێیان گه‌یشتینه‌ دێی (گردوان) له‌ (مه‌رگه‌وه‌ڕ)ێ. تاکه‌ برای به‌رێز دکتور عزیز، به‌رێز سید عبدالقادر له‌وێ بوو. بێ ئه‌وه‌ی خۆمان ئاشکرا بکه‌ین
هه‌واڵی گه‌یشتنمانم نارد بۆ خاڵم له‌ (دزێ). بۆ ئێوارێ، خاڵم و دکتۆر عزیز هاتن ده‌گه‌ڵ چه‌ند سوارێکیدیش بۆ پێشوازین. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڵ وان چوینه‌ (دزێ). به‌رێز سید عبدالله‌ شه‌مزینی بابی دکتور عزیز مابوو له‌ دێی (دزێ )داده‌نیشت.
له‌ 17\7\ 1944 له‌ بناری چیای ( داڵان په‌ڕ) پاش گفتوگۆیه‌کی زۆر له‌ نێوان کۆمه‌ڵه‌ی (هیوا) و کۆمه‌ڵه‌ی (ژ.ک.) په‌یمانێک به‌سترا به‌ نێوی (په‌یمانی سێ سنوور) چونکه‌ دێی (دزێ) و چیای ( داڵان په‌ڕ) ده‌که‌ونه‌ نیزێک سێ پارچه‌ له‌ پارچه‌ دابه‌شکراوه‌کانی نیشتیمانه‌که‌مان. ئه‌و په‌یمانه‌ش به‌ چه‌ند نوسخه‌یه‌ک نووسرا. هه‌ر لایه‌ک نوسخه‌ی خۆی وه‌رگرت. وه‌ ئه‌من له‌و شه‌ش که‌سه‌ زیاتر که‌سی دیم نه‌دیت به‌شداربیت له‌ گفتوگۆیه‌که‌.
له‌ 18\7\ 1944 ئه‌من ده‌گه‌ڵ نێردراوانی (ژ.ک.) دێی (دزێ)ن به‌ جێ هێشت بۆ شه‌و چوینه‌ شنۆێێ. له‌ 19\7\ 1944 گه‌یشتینه‌ (نه‌غه‌ده‌) و (سابڵاغ). پاش چه‌ند ڕۆژ مانه‌وه‌م له‌ (سابڵاغ)، له‌ 29\7\ 1944 (سابڵاغ)م به‌جێ هێشت. شه‌و له‌ (نه‌غه‌ده‌) بووم. له‌ 30\7 \ 1944 گه‌یشتمه‌ گه‌ڵی (نامسین). له‌ 31\7\ 1944 گه‌یشتمه‌ دێی (په‌سوێ). له‌ 1\8\ 1944 گه‌یشتمه‌وه‌ دێیه‌که‌ی خۆم (ماوه‌تان). له‌ 3\8\ 1944 خاڵم و سید عزیزیش گه‌ڕانه‌وه‌ (زینوێ).

ئێمزا
محمد سعید علی یوسف کانی مارانی
هه‌ولێر 1 \ 1 \ 2009


Thursday, January 15, 2009

زمان و چینی کۆمه‌ڵایه‌تی، نووسینی پیتر ترادگیل




زمان و چینی کۆمه‌ڵایه‌تی
نووسینی:پرۆفێسۆر پیتر ترادگیل
وه‌رگێڕان له‌ ئینگلیسییه‌وه‌: حه‌سه‌نی قازی

ئه‌گه‌ر مرۆ ئینگلیسی زمان بێ یان هێندێک سه‌باره‌ت به‌ کۆمه‌ڵه‌کانی ئینگلیسیی زمان بزانێ، ده‌توانێ ته‌نێ به‌پێی ئه‌م به‌ڵگه‌ زمانییانه‌ی لێره‌دا ئاماژه‌یان پێ ده‌که‌ین به‌ ته‌خمین پله‌و هه‌ڵکه‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م ئاخێوه‌رانه‌ی خواره‌وه‌ هه‌ڵدا. ئاخێوه‌ری ئه‌ی : I I done it yesterday(‌ئه‌من دوێنێ ئه‌وم کرد)، ئاخێوه‌ری ب : I did it yesterdy ، ئاخێوه‌ری ئه‌ی: : ‌‌He ain’t got it (ئه‌و وه‌رینه‌گرتووه‌)، ئاخێوه‌ری ب : He hasn’t got it ، ئاخێوه‌ری ئه‌ی: It was her what said it ( ئه‌وه‌ ئه‌و بوو گوتی)، ئاخێوه‌ری ب: It was her that said it
ئه‌گه‌ر مرۆ گوێی له‌و ئاخێوه‌رانه‌، گوێی له‌و شتانه‌ بێ، به‌ ته‌خمین وای داده‌نێ کهB پله‌ و هه‌ڵکه‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ A به‌رزتر بێ، و مرۆ‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ چاکی بۆچووه‌. ئه‌وه‌ چۆنه‌ که‌ ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌وجۆره‌ شتانه‌ له‌یه‌ک بکه‌ینه‌وه‌؟
وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ له‌هه‌بوونی شێوه‌زاره‌ زمانییه‌کان دایه‌ که‌ ئێستا به‌ له‌هجه‌گه‌لی چینی – کۆمه‌ڵایه‌تی یان، له‌لایه‌ن هێندێک نووسه‌ره‌وه‌ به‌ سۆسیۆلێکت نێوزه‌د کراون. له‌نێوان قسه‌کردنی ئه‌و دووئاخێوه‌رانه‌دا جیاوازی ڕێزمانی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ سه‌ره‌په‌تێکه‌ بۆ درکاندن و ده‌رخستنی پاشخانی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وان. هه‌ر وه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌لوێ، ئه‌گه‌رچی له‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی چاپکراو دا نیشان نه‌دراوه‌، که‌ ئه‌وجیاوازییانه‌ هاوکات جیاوازی فۆنێتیکی و ده‌نگسازیشیان له‌ نێوان دایه‌- واته‌، ڕاوێژگه‌لی (accents ) جیاوازی چێنی – کۆمه‌ڵایه‌تیش هه‌ن. جیاوازییه‌کانی ناوکۆیی کۆمه‌ڵه‌ ئینسانییه‌کان له‌ زمانه‌کانیان دا ڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه‌. ده‌سته‌ جیاوازه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان شێوه‌زاری جیاوازی زمانی به‌کارده‌هێنن و وه‌کووئه‌ندامانی به‌ئه‌زموونی کۆمه‌ڵگه‌ زمانییه‌کان ئێمه‌ ( و ئه‌و که‌سه‌ ئینگلیسییه‌که‌ له‌ به‌ندی یه‌که‌می ئه‌م کتێبه‌دا) ڕاهاتووین که‌ ئاخێوه‌ران به‌و پێیه‌ پۆلێن به‌ندی بکه‌ین.
جیاوازێتی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆچی ئه‌و کارلێکه‌رییه‌ی له‌ سه‌ر زمان هه‌یه؟ ئێمه‌‌ ده‌کرێ ئاماژه‌ به له‌به‌ریه‌ک ڕۆنانی‌ به‌ره‌وپێشجوونی ئه‌و شێوه‌زاره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ و به‌ره‌وپێشچوونی شێوه‌زاره‌ هه‌رێمییه‌کان بکه‌ین: له‌ هه‌ردووک نمووناندا به‌رهه‌ڵست و مه‌ودا به‌ڕواڵه‌ت خۆ ده‌رده‌خه‌ن. له‌هجه‌ناسان (dialectologists ) دۆزیویانه‌ته‌وه‌ که‌ سنووره‌کانی له‌هجه‌ی هه‌رێمی زۆرجار له‌ته‌ک به‌رهه‌ڵستی جوگرافیایی، یه‌ک ده‌گرنه‌وه‌‌ وه‌کوو چیا،زه‌ل و چۆم: بۆ نموونه‌، گشت ئاخێوه‌رانی له‌هجه‌گه‌لی نه‌ریتی له‌ ناوچه‌کانی بریتانیا له‌ سه‌رووی چۆمی هامبر ( له‌ نێوان لینکۆلنشایر و یۆرکشایر ) دا ووشه‌ی وه‌کوو House ( ‘hoose’ [ hu:s] ) هێشتا به‌monophthong مۆنۆفتۆنگ* ده‌رده‌بڕن، له‌کاتێکدا ئه‌و ئاخێوه‌رانه‌ی که‌ خه‌ڵکی لای باشووری ئه‌و چۆمه‌ن بۆچه‌ندین سه‌د ساڵان جۆره‌یه‌ک diphthong دیفتۆنگی**وێنه‌ی [haus] یان به‌کارهێناوه‌ ، وله‌ ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا سنووری نێوان له‌هجه‌کانی باکووری و نێوه‌ڕاست ( بۆ ئاگاداری زیاتر بڕوانه‌ به‌ندی 8ی ئه‌م کتێبه‌)له‌ هێندێک ناوچان هاوته‌ریبی چۆمی ئۆهایۆن. هه‌ر وه‌ها ئه‌وه‌ش ڕوون بووه‌ته‌وه‌ که‌ هه‌رچه‌ندی مه‌ودای جوگرافیایی نێوان دوو له‌هجان زیاتر بێ له‌ ڕووی زمانییه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ش له‌ یه‌کتری دوور ده‌که‌ونه‌وه‌: بۆ نموونه‌، ئه‌و شێوه‌زارانه‌ی ئینگلیسیی بریتانیایی که‌ له‌ شێوه‌ی قسه‌کردنی له‌نده‌ن هه‌ری دوورن بێگومان شێوه‌زاره‌کانی باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سکاتله‌ند- بوچانن، و له‌ ئه‌مریکای باکووری جیاوازی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی زمانی له‌ نێوان شێوه‌زاره‌ هه‌رێمییه‌کانی ئینگلیسی دا به‌ به‌راورد کردنی شێوه‌ی قسه‌کردنی نیوفاوندله‌ند و میسیسیپی به‌ جوانی ده‌رده‌که‌وێ.
به‌ره‌وپیشچوونی شێوه‌زاره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڕه‌نگه‌ بکرێ به‌ هه‌مان شێوه‌- واته‌ به‌رهه‌ڵستی کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ودای کۆمه‌ڵایه‌تی دا شی بکرێنه‌وه‌. تێوه‌ هاتن و وه‌خۆکردنی نێشانه‌ و خه‌سڵه‌تێکی زمانی بۆ نێو کۆمه‌ڵێک ده‌کرێ به‌ هۆی به‌رهه‌ڵسته‌‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی چێنایه‌تی، ته‌مه‌ن، ڕه‌گه‌ز، دین یان هۆکارگه‌لی دیکه به‌ربه‌ست بکرێ.و مه‌ودای کۆمه‌ڵایه‌تی له‌وانه‌یه‌ هه‌رهه‌مان جۆره‌ کارلێکه‌ری هه‌بێ که‌ مه‌ودای جوگرافیایی هه‌یه‌تی: بۆنموونه‌،تازه‌یه‌تییه‌کی زمانی که‌ له‌نێو ده‌سته‌یه‌کی هه‌ره‌به‌رزی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ست پێده‌کا کارتێکه‌ری له‌ نێو ده‌سته‌ی هه‌ره‌ نزمی کۆمه‌ڵایه‌تی دا ئی هه‌ره‌ دوایی یه‌، ئه‌گه‌ر کارتێکه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی هه‌ر هه‌بێ.( له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئێمه‌ ده‌بێ وشیار بین ، و گشت ئه‌و جیاوازییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی زمانی ته‌نێ هه‌ربه‌وشێوه‌ ته‌واو میکانیکییه‌ شی نه‌که‌ینه‌وه‌، چونکوو هه‌ر وه‌ک له‌ به‌ندی یه‌که‌می ئه‌م کتێبه‌ دا دیتمان، بۆچوون و دیتن سه‌باره‌ت به‌زمان به‌ ئاشکرایی ڕۆڵێکی گرینگ ده‌گێڕێ له‌ پاراستن یان ڕه‌واندنه‌وه‌ی جیاوازییه‌ له‌هجه‌ییه‌کاندا.)
له‌نێوهه‌موو شێوه‌کانی جیاوازێتی کۆمه‌ڵایه‌تی دا، بۆ نموونه‌، جیاوازی چینایه‌تی، ته‌مه‌ن، جینس،ڕه‌گه‌ز یان دین، ئێمه‌ له‌م به‌نده‌ دا ده‌بێ له‌ سه‌ر ئه‌و شێوه‌ تایبه‌تییه‌ له‌ جیاوازێتی کۆمه‌ڵایه‌تی جه‌خت بکه‌ینه‌وه‌ که‌ له‌نموونه‌ی ئاخێوه‌رانی A ‌‌وB دا نیشانمان دا _ واته‌ توێژبه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی. توێژبه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی زاراوه‌یه‌که‌ بۆ ئاماژه‌به‌ که‌ڵه‌که‌به‌ندی ده‌سته‌کان له‌کۆمه‌ڵ دا ده‌کارده‌کردرێ به‌تایبه‌تی له‌ ڕووی ده‌سته‌ڵات، سه‌روه‌ت و ده‌وڵه‌مه‌ندی و پله‌وپایه‌وه‌. له‌ کۆمه‌ڵه‌ پیشه‌سازییه‌کانی ڕۆژائاوا دا ئه‌و شێوه‌یه‌ی توێژبه‌ندی چینه‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌خۆیه‌وه‌ ده‌گرێ ده‌بێته‌ هۆی په‌یدابوونی له‌هجه‌گه‌لی چینی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ڕووی زمانییه‌وه‌.(گشت پرسی چینی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ڕاستیدا تا ڕاده‌یه‌ک جه‌نجاڵییه‌،به‌تایبه‌تی له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کۆمه‌ڵناسان له‌مه‌ر ته‌بیعه‌تی ڕاسته‌قینه‌، مانا و نێوه‌رۆک یان هه‌بوونی چینه‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هاوڕانین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش، لێره‌ دا به‌جێ نییه‌ حه‌ول بدرێ بۆ ڕیزکردن یان هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆچوونی جیاواز که‌ سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ له‌لایه‌ن تێیۆریزانانی کۆمه‌ڵناسه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ گۆڕێ.هه‌ر ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌س بێ هێمای پێبکه‌ین که‌ به‌گشتی چینه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌ کۆی ئه‌و تاکوته‌رایانه‌ی داده‌ندرێن که‌ خه‌سڵه‌تی وه‌کوو یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و/یان ئابوورییان هه‌یه‌.بۆچوونی گشتی له‌مه‌ر چینی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ زۆربه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ زمانییه‌کاندا له‌بڕگه‌کانی خۆاره‌وه‌ دا ده‌رده‌که‌ون.)
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، توێژبه‌ندی چینی – کۆمه‌ڵایه‌تی دیارده‌یه‌کی جیهانی نییه‌. بۆ نموونه‌، له‌ هیندووستان، کۆمه‌ڵی نه‌ریتی به‌ کاستی castes جیاواز دابه‌ش بووه‌. له‌ ڕوانگه‌ی زمانناسێکه‌وه‌، لێکۆڵینه‌وه‌ و شیکردنه‌وه‌ی له‌هجه‌گه‌لی کاست تا ڕاده‌یه‌ک له‌ له‌هجه‌گه‌لی چینی کۆمه‌ڵایه‌تی هاسانتره‌. ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ کاسته‌کان به‌ڕێژه‌ پته‌وتر و خۆڕاگرترن، به‌ڕوونی نێویان لێندراوه‌، به‌ ته‌واوی له‌یه‌کتری جوێ کراونه‌ته‌وه، سه‌ر به‌ئه‌وان بوون و ئه‌ندامه‌تی تێیاندا میراتییه‌ و ده‌ره‌تانی زۆرکه‌م هه‌یه‌ بۆ ده‌ست به‌ردان له‌ کاستێک و چوونه‌ناو و له‌گه‌ڵ که‌وتنی کاستێکی دیکه‌.( دیاره‌ ئه‌وه‌هه‌تابڵێی ساده‌ کردنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌مکه‌یه‌، مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی من لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ جه‌خت له‌ سه‌ر جیاوازی نێوان کاست و کۆمه‌ڵه‌ چینایه‌تییه‌کان بکه‌مه‌وه‌.) له‌به‌ر ئه‌و جوێکردنه‌وه‌ ئاشکرایه‌ی خه‌ڵک به‌ ده‌سته‌ی تایبه‌تی و جیاواز، جیاوازی له‌هجه‌یی له‌ نێو کاسته‌کاندا به‌ ئاشکرایی به‌ده‌ره‌وه‌ن، و جیاوازی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ زماندا هێندێک جار گه‌وره‌تر و زیاترن له‌ جیاوازییه‌ هه‌رێمییه‌کان. خشته‌ی ژماره‌ 2 ئه‌و خاڵانه‌ نیشان ده‌دا له‌مه‌ڕ زمانی کانناندا، که‌ زمانێکه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی دراڤیدیایی باشووری هیندووستان که‌ له‌ گه‌ڵ زمانی تامیل دا خزمایه‌تی هه‌یه‌. ئه‌وخشته‌ ژماره‌یه‌ک له‌و شێوانه‌ نیشان ده‌دا که‌ له‌ لایه‌ن براهمینه‌کانه‌وه‌ به‌کار ده‌هێندرێن، که‌ به‌رزترین کاستن، و هاوتاکانیان له‌ قسه‌کردنی کاسته‌ خواره‌وه‌تره‌کان، له‌ دووشاری بانگالۆر و دهاروار نیشان ده‌دا، که‌ نزیکه‌ی 350 میل ( 400 کیلۆمیتر) له‌ یه‌کتری دوورن.
سێ نموونه‌ی یه‌که‌م نیشان ده‌ده‌ن که‌، ئه‌گه‌رچی فۆڕمه‌کانی بانگالۆر و دهاروار بۆ کاسته‌ خواره‌وه‌تره‌کان وه‌ک یه‌ک وان، به‌ڵام کاستی براهمین فۆڕمی ئه‌وتۆی هه‌یه‌ که‌ نه‌ک هه‌ر جیاوازن له‌ کاسته‌کانی دیکه‌ به‌ڵکوو له‌و دوو شاره‌ دا ده‌نێو یه‌کتریش دا له‌یه‌ک جیاوازن.
خشته‌ی 2. جیاوازییه‌کانی هه‌رێمی و کاست له‌ زمانی کاننادا
براهمین شاری دهاروار ' هه‌یه‌' eda شاری بانگالۆر ide، دهاروار ' له‌نێوێ دا' –olage ، بانگالۆر –alli ناوگری چاوگ: دهاروار- likke ، بانگالۆر-ök ، ناوگری ئاوه‌ڵناوی کرداری، دهاروار -ö، بانگالۆر –ö
دهاروار ، 'دانیشه‌' küt- ، بانگالۆر küt- ، جێناوی ئینعیکاسی ، دهاروار kö، بانگالۆر kö
کاستی غه‌یری براهمین له‌ شاری دهاروار ' هه‌یه‌' ayti ، له‌ شاری بانگالۆر ayti ، دهاروار ' له‌ نێوێ دا' ،- àga بانگالۆر –àga ، ناوگری چاوگ: دهاروار –à، بانگالۆر –à ، ' دانیشه‌' دهاروار kunt- ، بانگالۆر kunt-
جێناوی ئینعیکاسی، دهاروار kont-، بانگالۆر kont
فۆرمه‌کانی کاستی به‌رزتر زۆر له‌ فۆرمه‌کانی خواره‌وه‌تر ناوچه‌ییترن.( دواتر ده‌بینین سه‌باره‌ت به‌ شێوه‌زاره‌ چینایه‌تییه‌کانی ئینگلیسی ئه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌یه‌.)سێ نموونه‌ی دووهه‌م نیشان ده‌ده‌ن که‌ له‌ نێو ده‌سته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دآ وه‌یه‌کچوون زیاتره‌ تا ده‌سته‌ جوگرافیاییه‌کان- مه‌ودای کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر زیاتر له‌ مه‌ودای جوگرافیایی جیاوازی ده‌خاته‌ نێو ده‌سته‌کان.
له‌ کۆمه‌ڵه‌ چینایه‌تییه‌کانی دنیای ئینگلیسی زماندا بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر له‌گۆڕانهاتووتره‌، و هه‌ر بۆیه‌ش بارودۆخی زمانی زۆر ئاڵۆزتره‌،به‌ڵانی که‌مه‌وه‌ له‌ هێندێک ڕووه‌وه‌. چوارچێوه‌ی چینه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌ ڕوونی دیاری ناکرێ یان شه‌قڵی هه‌بوونێکی سنووردیاریکراویان لێ نادرێ، به‌ڵکوو ته‌نێ وه‌کوو کۆیه‌ک له‌ خه‌ڵک داده‌ندرێن که‌ خه‌سڵه‌تی وه‌کوویه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییان هه‌یه‌؛ و وه‌گه‌رکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تییان وه‌ک یه‌که‌ - جووڵه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ و خواره‌وه‌ی هێڕارشی کۆمه‌ڵایه‌تی – به‌ ته‌واوی ده‌لوێ و ڕووده‌دا. جا ئه‌وانه‌ شته‌کان بۆ هه‌ر زمانناسێکی که‌ بییه‌وێ شێوه‌زارێکی تایبه‌تی شی بکاته‌وه‌ زۆر زیاتر دژوارتر ده‌که‌ن- کۆمه‌ڵه‌یه‌ک هه‌رچه‌ندی جۆراروجۆر و چه‌شناوچه‌شن بێ، زمانیش تێیدا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ جۆراجۆر و چه‌شناوچه‌شنه‌. به‌ ساڵانی دوورودرێژ هه‌ڵوێست و کاردانه‌وه‌ی زمانناس له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و پێچه‌ڵپێچی و ئاڵۆزییه‌ به‌ گشتی نه‌دیتن و چاولێ هه‌ڵبواردن بوو- ئه‌وه‌ش به‌ دووشێوه‌ی تا راده‌یه‌ک جیاواز.
زۆر له‌ زمانناسان له‌ لێکۆڵینه‌وه‌کانی خۆیاندا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئیدیۆلێکت ده‌کرد – واته‌ شێوه‌ی قسه‌کردنی تاکه‌ که‌سێک له‌ کاتێکدا و به‌ شێوازێک – که‌ ئه‌وه‌ش وا داده‌ندرا – (به‌ گشتی ئه‌وه‌ زۆر ڕووده‌دا - بڕوانه‌ لاپه‌ڕه‌ی 29ی ده‌قی ئینگلیسی ئه‌م کتێبه‌) زۆر به‌ قاعیده‌تر بێ له‌ شێوه‌ی ئاخافتنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک له‌ گشتی خۆیدا. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، له‌هجه‌ناسان dialectologists، له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی خۆیاندا جه‌ختیان له‌ سه‌ر شێوه‌ی قسه‌کردنی زانیاریده‌رانی ده‌ره‌وه‌ی شاران و گوندان ده‌کرد، و به‌تایبه‌تی له‌ شێوه‌ی قسه‌کردنی ئه‌وجۆره‌ خه‌ڵکانه‌ ورد ده‌بوونه‌وه‌ که‌ خوێنده‌واری که‌میان هه‌بوو و له‌ گونده‌ تاک که‌وتووه‌کاندا ده‌ژیان، و زۆر به‌تایبه‌تیتر له‌وانه‌ی که‌ زمانناسی کانادایی جه‌ک چامبرز نێوی ناوه‌ 'NORMS' - ‌ نێرینه‌ی به‌ساڵداچووی نه‌جووڵی گوند نشین – none – mobile older rural males ( هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وان پیاوانیان له‌ به‌ر چاو گرتووه‌ و نه‌ک ژنان له‌ به‌ندی 3ی ئه‌م کتێبه‌دا ڕوون ده‌کرێته‌وه‌). هه‌ڵبه‌ت، ته‌نانه‌ت گونده‌ پچووکه‌کانیش له‌ ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ جۆراجۆر و چه‌شناوچه‌شنن، به‌ڵام له‌ گونده‌کان دا چاوهه‌ڵبواردن له‌و ڕاستییه‌ له‌ شاره‌ گه‌وره‌کان هاسانتره‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ته‌نێ به‌جێیه‌ بگوترێ، که‌ دوو شیکردنه‌وه‌ی زێده‌ی دیکه‌ش هه‌ن که‌ بۆچی له‌هجه‌ناسان به‌و شێوه‌یه‌ جه‌ختیان له‌ سه‌ر ناوچه‌ گوندییه‌کان ده‌کرد. یه‌که‌م، ئه‌وان پێیان خۆش بوو زۆر له‌ نیشانه‌کان و خه‌سڵه‌ته‌کانی له‌هجه‌ی به‌رباس که‌ له‌ حاڵی ئاویلکه‌دان دا بوون به‌ به‌ڵگه‌ کۆبکه‌نه‌وه‌ به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ له‌هجانه‌ به‌ته‌واوی کپ بن و نه‌مێنن. دووهه‌م، هه‌ستێک هه‌بوو که‌ له‌ شوێنێک له‌ قسه‌کردنی خه‌ڵکی به‌ساڵداچووتر دا شارابووه‌وه‌، قسه‌ کردنی خه‌ڵکی نه‌خوێنده‌وار و په‌روه‌رده‌ نه‌دیتوو له‌هجه‌ی 'ڕاستی' و ' ڕه‌سه‌ن و پاک' بوون که‌ به‌ره‌به‌ره‌ له‌ به‌ر کارلێکه‌ری شێوه‌زاری ستاندارد شێوا بوون، به‌ڵام له‌هجه‌ناسان ئه‌گه‌ر زیره‌ک بووبایه‌ن ده‌یانتوانی بیاندۆزنه‌وه‌ و شییان بکه‌نه‌وه‌.( ئه‌وه‌ ده‌رکه‌وت که‌ چه‌مکی له‌هجه‌ی یه‌کده‌ستی ' ڕه‌سه‌ن و پاک' یش تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ئه‌فسانه‌یه‌ و فڕی به‌ڕاستییه‌وه‌ نییه‌: هه‌موو لایه‌نی زمان ده‌که‌وێته‌ به‌ر کارتێکه‌ری جیاوازی شێوازی و کۆمه‌ڵایه‌تی، چونکوو هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ ئینسانییه‌کان له‌باری کارکرده‌وه‌ له‌ ئاستی جۆربه‌جۆر دا جیاواز، جۆراوجۆر و چه‌شناوچه‌شنن. هه‌موو شێوه‌زاری زمانیش ده‌که‌ونه‌ به‌ر کارتێکه‌ری گۆڕان. بۆیه‌،ته‌نانه‌ت له‌ له‌هجه‌یه‌کی هه‌ره‌ تاک که‌وتوو و هه‌ره‌ خۆپارێزی گوندیشدا تۆوێکی جێاوازیکه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌.)له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌هجه‌ناسان به‌ره‌ به‌ره‌ بۆیان ده‌رکه‌وت که‌ هه‌ر به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی قسه‌کردنی ئاخێوه‌رانی به‌ساڵداچووتر، و نه‌خوێنده‌وار و په‌روه‌رده‌ نه‌دیتوو ئه‌وان وێنه‌یه‌کی ناته‌واو و نا دروستی قسه‌ کردنی ناوچه‌ جیاوازه‌کانیان ده‌ست ده‌که‌وێ. ( بۆ نموونه‌، به‌ڵگه‌کانی ئاسته‌کردنی لێکدانه‌وه‌ی له‌هجه‌ ئینگلیسییه‌کان نیشان ده‌ده‌ن که‌ له‌ گه‌ڕه‌ک و ده‌وه‌ری ساری Surrey، که‌ له‌ ته‌نیشت خوارووی له‌نده‌ن هه‌ڵکه‌وتووه‌، ناوچه‌یه‌که‌ له‌وێ خه‌ڵک /r/ ی نا به‌ر له‌ ڤۆکاڵ له‌ وشه‌ی وه‌کوو yardو farm دا ته‌له‌فووز ده‌که‌ن ( بڕوانه‌ لاپه‌ڕه‌ی 149ی ده‌قی ئینگلیسی ئه‌م کتێبه‌)له‌ کاتێکدا هه‌رکه‌س چووبێته‌ ساری ده‌زانێ که‌ ئه‌وه‌ لای به‌شێکی زۆر له‌ دانیشتووانی ئه‌وێ وا نییه‌.)
دواتر له‌هجه‌ناسان ده‌ستیان کرد به‌ زیاد کردنی زانیاری کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ر وه‌ها جوگرافیایییش له‌ کاری خۆیان بۆ لێکدانه‌وه‌ی له‌هجه‌کان. بۆ نموونه‌، ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ سه‌ر ئه‌تڵه‌سی زمانی له‌ ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و کانادا کاریان کردووه‌، ئه‌و کاره‌ی که‌ له‌ ساڵانی 1930 یه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو دا ده‌ستی پێکرد‌، زانیاریده‌ره‌کانی خۆیان به‌ سه‌ر سێ ده‌سته‌ دا دابه‌ش کرد، زیاتر به‌ پێی پله‌ی خوێنده‌واری و په‌روه‌رده‌ی ئه‌وان، و به‌و شێوه‌یه‌ ڕه‌هه‌ندێکی کۆمه‌ڵایه‌تیشیان له‌ زانیاریی زمانی خۆیان زیاد کرد. ئه‌وان هه‌ر وه‌ها ، تا ڕاده‌یه‌ک به‌ پارێزه‌وه‌، ده‌ستیان کرد به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی قسه‌کردنی ناوچه‌ شارییه‌کانیش. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌ ڕاستیدا تا دوای کۆتایی هاتنی شه‌ڕی دووهه‌می دنیا گره‌وه‌ی پێچوو، که‌ زمانناسان ده‌ست بکه‌ن به‌ تێگه‌یشتن له‌و ڕاستییه‌ی که‌ سنووردارکردنی لێکۆڵینه‌وه‌کانیان به‌شێوه‌ی سه‌ره‌کی به‌ ناوچه‌ گوندییه‌کان کارێکی وا ده‌کا ئه‌وان سه‌باره‌ت به‌ قسه‌کردنی زۆربه‌یه‌کی هه‌راو له‌ دانیشتووان نائاگادار بن و له‌ سه‌ری نه‌زانن – واته‌ شێوه‌ی قسه‌ کردنی ئه‌وانه‌ی له‌ شاره‌کاندا ده‌ژیان. کۆمه‌ڵێکی زۆر زانیاریی زمانی که‌ هه‌م سه‌ربه‌خۆ چاوڕاکێش بوون و به‌ توانایه‌کی به‌نرخ بوون بۆ تیۆری زمانی له‌ ده‌ست چوون. هه‌ربۆیه‌ش، نووسراوه‌ی وه‌ک شێوه‌ی قسه‌کردنی شاری نیۆیۆرک و ته‌له‌فوزکردنی ئینگلیسی له‌ سانفرانسیسکۆ سه‌ریان هه‌ڵدا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ له‌هجه‌ی شاره‌کان گیروگرفتێکی دیکه‌ی له‌به‌ر ده‌م قوت بووه‌وه‌ - ئه‌ی داد و بێداد زمانناسێک چۆن ده‌توانێ ' شێوه‌ی قسه‌ کردنی شاری نیۆیۆرک' شی کاته‌وه‌- شارێک که‌ هه‌شت میلیۆن یان زیاتر دانیشتووی هه‌یه‌؟ ئه‌وه‌ چه‌ند ڕاست بوو که‌ به‌ گردبڕی ئاماژه‌ به‌ 'زمانی ئینگلیسی له‌ سانفرانسیسکۆ' بکرێ له‌ کاتێکدا شیکردنه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌که‌ ته‌نێ له‌ سه‌ر بنه‌مای شێوه‌ی قسه‌کردنی ژماره‌یه‌کی که‌م له‌ ئاخێوه‌ران له‌ نێو به‌ده‌یان هه‌زار که‌س کرابوو که‌ مرۆ ده‌یتوانی لێی بکۆڵێته‌وه‌ـ به‌گوتنێکی دی، گه‌لۆ ڕه‌وا بوو یان ئه‌وه‌نده‌ی ده‌هێنا مێتۆدی نه‌ریتی لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌هجه‌ناسی گوندیانه‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ له‌هجه‌ و شێوه‌ی ئاخاوتنی ناوچه‌ گه‌وره‌ شارییه‌کان ده‌کار بکردرێ؟ دوا جار وڵامی ئه‌وپرسیاره‌ ده‌رکه‌وت‌ ' نا' بێ.
ئه‌و له‌هجه‌ناسانه‌ی له‌ له‌هجه‌ شارییه‌کانیان ده‌کۆڵییه‌وه‌ و تێگه‌یشتن نابێ مێتۆدی کۆن به‌کاربهێندرێ ناچار مان ڕێگه‌یه‌ک ببیننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شێوه‌ی قسه‌کردنی شارۆچکه‌ و شاره‌گه‌وره‌کان به‌ ته‌واوی و به‌دروستی شی بکه‌نه‌وه‌ و له‌ وڵامدانه‌وه‌ به‌و گیروگرفته‌ دا بوو که‌له‌هجه‌ناسیی شارییانه‌ دواجار بوو به‌ زمانناسی کۆمه‌ڵایه‌تی. له‌ ساڵی 1966 زمانناسی ئه‌مریکایی ویلیام لابۆڤ کتێبی 'توێژبه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی زمانی ئینگلیسی له‌ شاری نیۆیۆرک' ی بڵاو کرده‌وه‌ و ئاکامه‌کانی هه‌ڵسه‌نگاندنێکی به‌ربڵاوی شێوه‌قسه‌کردنی نیۆیۆرکی تێدا بوو. لابۆڤ ئه‌و چاوپێکه‌وتنانه‌ی کردبوونی هه‌موویانی له‌ سه‌ر رێکۆردر ئاسته‌ کردبوو، ئه‌ویش نه‌ک هه‌ر له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێک، به‌ڵکوو له‌ گه‌ڵ 340 که‌س. له‌وه‌ش گرینگتر، ئه‌و زانیاریده‌ره‌کانی خۆی به‌ ڕێگه‌ی دۆست و ناسیاوان و پێوه‌ندی شه‌خسی ده‌ستبژێر نه‌کردبوو ( وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشووتر ده‌کرا)، به‌ڵکوو ئه‌و کاره‌ی به‌ ڕێگه‌ی نموونه‌یه‌کی له‌گۆتره‌ که‌ زانستانه‌ گه‌ڵاڵه‌ کرابوو به‌ڕێوه‌ برد، به‌و مانایه‌ ئه‌گه‌رچی نه‌ده‌کرا له‌ گه‌ڵ هه‌موو که‌س چاوپێکه‌وتن بکرێ، به‌ڵام هه‌مووکه‌س ده‌رفه‌تی یه‌کسانی هه‌بوو که‌ بۆ چاوپێکه‌وتن ده‌ستبژێر بکرێ. به‌ به‌کارهێنانی مێتۆدی کۆمه‌ڵناسانه‌ وه‌ک نموونه‌هێنانه‌وه‌ی له‌گۆتره‌ بۆ نێو زمانناسی، لابۆڤ له‌ وزه‌ی دا بوو ئه‌وه‌ پاساو بدا که‌ شێوه‌ی قسه‌کردنی زانیاریده‌ره‌کانی به‌ڕاستیش نوێنه‌رایه‌تی شێوه‌ی قسه‌کردنی خه‌ڵکی نیویۆرک ده‌که‌ن ( یان به‌لانی که‌مه‌وه‌ ئه‌و ناوچه‌ تایبه‌تییه‌ی که‌ ئه‌و لێی کۆڵییه‌وه‌، واته‌ به‌ری خواره‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی شاره‌که‌). له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زانیاریده‌ره‌کان نموونه‌یه‌کی نوینه‌رایه‌تێتی بوون، بۆیه‌ش شێکردنه‌وه‌ زمانییه‌که‌ ده‌یتوانی بڵێ شیکردنه‌وه‌یه‌کی دروسته‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو ئه‌و شێوه‌زارانه‌ی ئینگلیسی که‌ له‌ ناوچه‌که‌ قسه‌یان پێده‌کرا. لابۆڤ هه‌ر وه‌ها، جۆره‌ تێکنیکێکیشی پێشخست، که‌ دواتر ته‌واوترکرا، بۆ ده‌رخستنی قسه‌کردنی ئاسایی له‌خه‌ڵک سه‌ره‌ڕای له‌ به‌رده‌ست دابوونی ڕێکۆردر( ئه‌وه‌ به‌ره‌وپێشچوونێکی زۆر گرینگ بوو که‌ ئێمه‌ له‌ به‌ندی 5ی ئه‌م کتێبه‌ دا زیاتری له‌ سه‌ر ده‌ڕۆین.)ئه‌و هه‌ر وه‌ها هێندێک مێتۆدیشی داهێنا بۆ پێوانی چه‌ندایه‌تی زانیاریی زمانی، که‌ به‌شێکی له‌ خواره‌وه‌ دا باس ده‌که‌ین. له‌وه‌تا ئه‌و پێشکه‌وتنه‌ زۆر لێکۆڵینه‌وه‌ی دیکه‌ سه‌باره‌ت به‌ له‌هجه‌ شارییه‌کان، له‌ زۆر شوێنی دنیا کراون، هه‌ر به‌پێی ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ی که‌ لابۆڤ دایناوه‌.
ئه‌و مێتۆدانه‌ی لابۆڤ پێشی خستوون سه‌لماندوویانه‌ که‌ زۆر گرینگن بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ له‌هجه‌ و ڕاوێژگه‌لی چینی کۆمه‌ڵایه‌تی. مێتۆده‌کانی له‌هجه‌ناسی نه‌ریتی ده‌کرێ له‌باربن بۆ شیکردنه‌وه‌ و باسکردنی له‌هجه‌گه‌لی کاسته‌کان ( ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ش قسه‌ی له‌سه‌ره‌، چونکوو هه‌ر تاکێک، ئه‌گه‌رچیش ده‌ستبژێر کرابێ، ڕێی تێده‌چێ جیاوازییه‌کی هێنده‌ زۆری له‌ گه‌ڵ ده‌سته‌ی کاسته‌که‌ به‌ گشتی نه‌بێ. به‌ڵام له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی چینی کۆمه‌ڵایه‌تی دا ناکرێ به‌ ده‌ستبژێرکردنی ئاخێوه‌رانی تاکوته‌را ئه‌وان وه‌ک ئاخێوه‌ری گشت چینه‌که‌ بژمێردرێن. ئه‌وه‌ پنکتێکی گرینگ بوو که‌ له‌ لایه‌ن لابۆڤه‌وه‌ نیشان درا. شێوه‌ی قسه‌کردنی ئاخێوه‌رانی تاکانه‌ ( ئیدیۆلێکته‌کانیان) له‌وانه‌یه‌ تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو له‌ شێوه‌ی قسه‌کردنی ئه‌و که‌سانه‌ی وه‌ک ئه‌وانن جیاواز بێ، له‌وه‌ش زیاتر، له‌نێو خۆیدا، ده‌توانێ زۆر ناشێلگیریش بێ. شێوه‌ی قسه‌کردنی زۆرله‌ خه‌ڵکی نیۆیۆرک به‌ شێوه‌یه‌کی به‌ ته‌واوی له‌گۆتره‌ و چاوه‌ڕواننه‌کراو ده‌رکه‌وت جیاوازبێ. جار جار ئه‌وان ده‌نگی /r/ یان له‌ ‌ وشه‌ی guard گارد دا ده‌رده‌بڕی و جار جار کلۆریان ده‌کرد. هێندێک جار ئه‌وان beard و bad یان به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌رده‌بڕی و جار جار به‌ جیا ته‌له‌فوزیان ده‌کردن. زمانناسان له‌ ڕووی نه‌ریتییه‌وه‌ نێوی ئه‌و جۆره‌ ته‌له‌فوزکردنیان ناوه‌ ' جۆراجۆری ئازاد'. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، لابۆڤ سه‌لماندی که‌ ئه‌و جۆراجۆرییه‌ ئازاد نییه‌.به‌له‌به‌رچاوگرتنی پێشخانی کۆمه‌ڵگه‌ی زمانی له‌ گشتی خۆیدا، ئه‌و جۆراجۆرییه‌ له‌ گۆتره‌ نه‌بوو، به‌ڵکوو هۆکارگه‌لی ده‌ره‌وه‌ی زمانی به‌ شێوه‌یه‌کی ته‌واو چاوه‌ڕوانکراو ئه‌وه‌یان دیاری ده‌کرد. واته‌، مرۆ ناتوانێ له‌ بۆنه‌یه‌ک دا پێشبینی بکا که‌ تاکوته‌رایان ده‌ڵێن cah یان car ، به‌ڵام ده‌کرێ نیشان بدرێ که‌، ئه‌گه‌ر ئاخێوه‌ران سه‌ربه‌ چێنێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، هاوته‌مه‌ن، هاوجینس بن ، ئه‌وان شێوه‌یه‌ک یان شێوه‌یه‌کی دیکه‌ به‌ ته‌خمین x له‌ سه‌د جار به‌ شێوه‌ی مامناوه‌ندی، له‌ بارودۆخێکی له‌به‌رچاوگیراو دا، به‌کارده‌هێنن. ئیدیۆلێکت ( شێوه‌ی قسه‌کردنی تاکه‌که‌سی) له‌وانه‌یه‌ له‌گۆتره‌ بێ، به‌ڵام شێوه‌ی قسه‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌ زمانییه‌که‌ ته‌واو چاوه‌ڕوانکراو بوو. هه‌رچۆنێک بێ، به‌ڕێگه‌ی ئه‌و جۆره‌ مێتۆدانه‌ی لابۆڤ به‌کاری هێنان، گیروگرفتی ناهاوجینسی و نه‌وه‌کوو‌یه‌کی کۆمه‌ڵگه‌ زمانییه‌کان، به‌لانی که‌مه‌وه‌، تا ڕاده‌یه‌ک ، یه‌ک لا کراوه‌ته‌وه‌. ئێستا ئێمه‌ ده‌توانین نیشانه‌ و خه‌سڵه‌ته‌ زمانییه‌کان به‌ دروستی له‌ چینی کۆمه‌ڵایه‌تی گرێ ده‌ین، و به‌و ڕێگه‌یه‌ دا وێنه‌یه‌کی ڕوونتر له‌ جیاوازێتی له‌هجه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ده‌ست بهێنین.
تا ئه‌و جێیه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر زمانی ئینگلیسی، له‌ مێژه‌‌ زمانناسان ده‌زانن که‌ له‌هجه‌ و ڕاوێژه‌ (dialects and accents‌ ) جیاوازه‌کان پێوه‌ندیان هه‌یه‌ به‌ پاشخانی جیاوازی چینی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌. له‌ بریتانیا، ئێمه‌ تاڕاده‌یه‌ک به‌ شێوه‌یه‌کی ساده‌کراوه‌، ده‌توانین بارودۆخی ئێسته‌کانێ به‌شێوه‌ی خواره‌وه‌ شی بکه‌ینه‌وه‌. له‌هجه‌ خۆپارێزه‌کان، و ، به‌تایبه‌تی له‌هجه‌ شارییه‌کان – شێوه‌زاره‌ کۆنه‌باوه‌کان که‌ ئی ده‌سته‌کانی هه‌ره‌ خواره‌وه‌ی هیڕاڕشی کۆمه‌ڵایه‌تین – به‌ره‌ به‌ره‌ به‌ جووڵان و ده‌رکه‌وتن له‌ ناوچه‌ی ده‌ره‌وه‌ی شاران ڕا ده‌گۆڕدرێن. ئه‌و خاڵه‌ی له‌ به‌ندی یه‌که‌می ئه‌م کتێبه‌دا له‌ مه‌ڕ سه‌فه‌ر کردن له‌ نۆرفۆلکه‌وه‌ Norfolk به‌ره‌و سافۆڵک Suffolk باسمان کرد به‌ته‌واوی سه‌باره‌ت به‌ سه‌فه‌ر کردن له‌ کۆرنواڵه‌وه‌ Cornwall به‌ره‌و ئابێردینیش‌ Aberdeen هه‌ر وایه‌: له‌و ناوبه‌ره‌ دا زنجیره‌یه‌ک له‌هجه‌گه‌لی جیاواز هه‌ن که‌ ورده‌ ورده‌ ده‌چن ده‌باڵ یه‌کترییه‌وه‌. ئه‌و زنجیرانه‌ وه‌ک زنجیره‌ی له‌هجه‌یی ئاماژه‌یان پێ ده‌کرێ – ژماره‌یه‌کی زۆر له‌هجه‌ی جیاواز، به‌ڵام به‌ ئاسایی نه‌ک جوێی ناستاندارد که‌ به‌ڕێگه‌ی زنجیرێکی وه‌یه‌کچوون به‌یه‌کدی به‌ستراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ له‌هجه‌کانی قه‌فی هه‌ره‌ سه‌ره‌وه‌ و هه‌ره‌ خواره‌وه‌ی ئه‌و زنجیره‌ دوورن و وێیان ناچن. ئه‌وه‌ له‌ مه‌ر سه‌فه‌رکردن له‌ بانگۆر Bangor، و مه‌ێین Maine ، تاڵاهاسێ Tallahasse،فلۆریداFlorida یان له‌ سه‌رێکی ئاڵمان یان فه‌ڕانسه‌ یان ئیتالیا بۆ سه‌رێکی دیکه‌یان هه‌ر ئاوایه‌.
له‌ بریتانیا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌ سه‌رێکی دیکه‌ی ته‌رازووی کۆمه‌ڵایه‌تی دا، بارودۆخه‌که‌ زۆر جیاوازه‌. ئاخێوه‌رانی چینی هه‌ره‌ به‌رزی چینی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌هجه‌یه‌ک به‌کار ده‌هێنن که‌ ئێمه‌ وه‌ک له‌هجه‌ی ستانداری ئینگلیسی ئاماژه‌مان پێکرد، و هه‌ر وه‌ک له‌ به‌ندی 1ی ئه‌م کتێبه‌دا دیتمان، ته‌نێ هێندێک جیاوازه‌ له‌ به‌شه‌ جیاوازه‌کانی وڵات دا. با نموونه‌یه‌کی قامووسی باس بکه‌ین، له‌ له‌هجه‌ی ئینگلیسیی ستاندارد دا تاقه‌ وشه‌یه‌ک هه‌یه‌ بۆscarecrow داوه‌ڵ،ئه‌ویش شتێکه‌ وه‌ک ئینسان ڕازێندراوه‌ته‌وه‌ که‌ جووتبه‌ندان له‌ زه‌وییه‌کانیان دایده‌چه‌قێنن بۆ ترساندن و ڕه‌واندنه‌وه‌ی باڵندان، له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، له‌ نێو شێوه‌زاره‌ هه‌رێمییه‌کاندا ئێمه‌ زۆر وشه‌ی ناوچه‌ییمان هه‌یه‌ هه‌ر بۆ ئه‌م مانایه‌، وه‌ک bogle،flay-crow ،mawpin،mawkin ،bird- scarer،moggy، shay ،guy ، bogeyman ،shuft، rook – scarerو چه‌ندین وشه‌ی دیکه‌ش [ به‌ پێی قامووسی هه‌نبانه‌ بۆرینه‌ی هه‌ژار، ئه‌م وشانه‌: داڵه‌هۆ،داوڵ،داڵۆ له‌ کوردیدا هاوواتای داوه‌ڵ ن – تێبینی وه‌رگێڕ).هه‌ر ئه‌وجۆره‌ نموونانه‌ له‌ جیاوازییه‌ ڕێزمانییه‌کانیشدا ده‌بیندرێنه‌وه‌‌. بۆ نموونه‌ ئێمه‌ له‌ ئینگلیسیی ستاندارد دا هه‌م ڕسته‌ی وه‌ک:He’s a man who likes his beer ( ئه‌و پیاوێکه‌ که‌ ئاویجۆی خۆی پێخۆشه‌) و هه‌م ڕسته‌ی وه‌ک: He’s a man that likes his beer ده‌بینین. به‌ڵام جۆراوجۆری هه‌رێمی له‌ شێوه‌زاره‌ ناستاندارده‌کانی ئینگلیسیی بریتانیایی دا زۆر له‌وانه‌ زیاترن. گشت ئه‌م نموونانه‌ی خواره‌وه‌ که‌ یه‌ک مانان هه‌موویان به‌کارده‌هێندرێن. ‌He’s a man who likes his beer، He’s a man that like his beer ، He’s a man at likes his beer، he’s a man as likes his beer، He’s a man what likes his beer ،He’s a man he like his beer ،‌He’s a man likes his beer
تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ڕاوێژ(accent )، بارودۆخ له‌ بریتانیا هێندێک جیاوازه‌، ئه‌ویش له‌به‌ڕ هه‌ڵکه‌وتی تاکانه‌ی RP واته‌ (ته‌له‌فوزی وه‌خۆکراو). ( ئه‌وه‌ به‌ومانایه‌ نییه‌ بگوترێ‌ له‌نێو RP دا جۆراوجۆریی نییه‌، به‌ڵکوو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وه‌ له‌ ڕووی هه‌ڕیمییه‌وه‌ دیاری ناکرێ)،‌ له‌ هه‌رشوێنێکی ئینگلیستان دا، و به‌لانی که‌مه‌وه‌ له‌ هێندێک به‌شه‌کانی دیکه‌ی شانشینی یه‌کگرتوو دا، زنجیره‌یه‌ک له‌ ڕاوێژان هه‌ن، له‌ ڕاوێژی RP یه‌وه‌ بگره‌، تا ده‌گاته‌ ڕاوێژه‌ جۆربه‌جۆره‌ ناوچه‌ییه‌کان، و تا ده‌گاته‌ ئه‌و ڕاوێژه‌ی که‌ به‌ ڕاوێژی هه‌ره‌ ناوچه‌یی چینی هه‌ره‌ خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی داده‌ندرێ. له‌ خشته‌ی سێیه‌مدا چلۆنایه‌تی ته‌له‌فوز کردنی وشه‌یه‌ک، واته‌ home نیشان دراوه‌. له‌ هێڵی سه‌ره‌وه‌ی خشته‌که‌دا ته‌‌نێ یه‌ک شێوه‌ی ده‌ربڕینی وشه‌که‌ ده‌بیندرێ له‌ کاتێکدا له‌ هێڵی هه‌ره‌ خواره‌وه‌ دا 8 جۆره‌ ته‌له‌فوز کردن نیشان دراوه، له‌وه‌ش زیاتر، بوونی شێوه‌ ڕاوێژی ئێدینبورگ و نیوکاسڵ که‌ [ho:m] وه‌کوو یه‌ک ده‌رده‌بڕن له‌ هێڵی دووهه‌مدا و به‌تایبه‌تی شێوه‌ی ده‌ربڕینی [ hoµm] له‌ ڕاوێژی لیڤرپووڵ و برادفۆرد دا، نیشان ده‌دا که‌ هێندێک له‌ ته‌له‌فوزکردنه‌کانی غه‌یری RPیی له‌ به‌شه‌ جۆربه‌جۆره‌ کانی وڵات دا ده‌گه‌نه‌ ئاستی ستانداره‌ده‌کانی ته‌له‌فوز کردنی هه‌رێمی، و که‌متر له‌ ڕاوێژی ناوچه‌یی دا به‌رته‌نگ ده‌مێننه‌وه‌.
ئێمه‌ له‌مێژه‌ ئاگامان له‌وجۆره‌ جۆراوجۆرییه‌ی له‌هجه‌ و ڕاوێژی کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌رێمی هه‌یه‌، و تا ڕاده‌یه‌کی باش ئاگادارین سه‌باره‌ت به‌ چۆنییه‌تی RP. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، تا به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ لێکۆڵینه‌وانه‌ ده‌ست پێبکرێن ، ئێمه‌ نه‌مانده‌زانی‌ RP و ڕاوێژه‌کانی نێوه‌ڕاست و ڕاوێژگه‌لی هه‌ره‌ ناوچه‌یی به‌چ شێوه‌یه‌ک پێوه‌ندییان به‌ چینی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ هه‌یه‌؛ نه‌مان ده‌زانی RP تاچه‌نده‌ی ته‌رازووی کۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ شوێنی جیاواز چۆن بڕ ده‌کا، نه‌مان ده‌زانی چ جۆره‌ ئاخێوه‌رێک ته‌له‌فوزی ستانداریی هه‌رێمی به‌کارده‌هێنێ؛ نه‌مان ده‌زانی به‌ وردی ڕاوێژگه‌لی نێوه‌ڕاست و به‌ناوچه‌یی کراو چنه‌. زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ ئێستا له‌ هه‌لومه‌رجێک داین بۆ وڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌.

خشته‌ی 3. شێوه‌ی ته‌له‌فوزکردنی وشه‌ی home به‌ ڕاوێژی RP و ڕاوێژی ناوچه‌یی

RP له‌ ئێدینبورگ høum ، له‌ نیوکاسڵ høum، له‌ لیورپوول høum، له‌ برادفۆرد‌ høum، له‌ دادلی høum، له‌ نارویچ høum، له‌ له‌نده‌ن høum
ڕاوێژی نێوه‌ڕاست له‌ ئێدینبورگ ho:m ، له‌ نیوکاسل ho:m ، huom له‌ لیورپوول ،houm ، له‌ برادفۆرد houm، h):m له‌ دادلی h)um ، )um له‌ نارویچ hu:m ، hum له‌ له‌نده‌ن hAum، Aum
ڕاوێژی هه‌ره‌ ناوچه‌یی له‌ ئێدینبورگ he:m ، له‌ نیوکاسڵ heim، jem، له‌ لیورپوول oum، له‌ برادفۆر ):m ، له‌ دادلی wum ، له‌ نارویچ um، له‌ له‌نده‌ن aeum

ئه‌گه‌ر‌ بمانه‌وێ و‌ێنه‌یه‌کی دروست له‌ پێوه‌ندی نێوان زمان و تۆێژبه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ده‌ست بهێنین ده‌بێ بتوانین هه‌ر دووک دیارده‌ی زمانی و کۆمه‌ڵایه‌تی بپێوین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌وان به‌دروستی له‌یه‌ک ببه‌ستینه‌وه‌ و پێوه‌ندییان دیاری بکه‌ین.تائه‌وجێیه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر چینی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه‌ به‌ڕێژه‌ به‌ هاسانی (ئه‌گه‌رچی وه‌نه‌بێ زۆریش هاسان بێ) ده‌کرێ به‌ ڕێگه‌ی مێتۆدی کۆمه‌ڵناسانه‌وه‌ ڕابپه‌ڕێندرێ واته‌ خشته‌یه‌ک به‌ دیاریکردنی پنکت‌ بۆ تاکوته‌رایان له‌مه‌ڕ پیشه‌، داهات، ئاستی خوێندن و په‌روه‌رده‌ و/یان خه‌سڵه‌ته‌کانی دیکه‌یان ساز بکرێ دوایه‌ ئه‌وان وه‌ک گرووپێک بخرێنه‌ پاڵ ده‌سته‌ی دیکه‌ی که‌ خشته‌یان بۆ ساز کراوه‌( ئه‌گه‌رچی پاساودانی دابه‌شکردن به‌ سه‌ر ده‌سته‌ی جیاواز دا له‌وانه‌یه‌ قسه‌هه‌ڵگر و جه‌نجاڵی بێ). پێوانی زمان زۆر له‌وه‌ دژوارتره‌. ئه‌و چاره‌سه‌رییه‌ی وا له‌ لایه‌ن لابۆڤه‌وه‌ پێش خراوه‌ و داهاتووه‌ و له‌و ده‌مییه‌وه‌ له‌لایه‌ن که‌سانی دیکه‌شه‌وه‌ به‌کارهێندراوه‌بریتییه‌ له‌وه‌ی ئه‌و‌ نیشانه‌ زمانییانه‌ی پێیان زاندراوه‌ له‌ به‌رچاو بگیرێن، یان به‌ پێی لێکۆڵینه‌وه‌ی پێشووتر یان به‌ پێی ته‌خمین و له‌گۆتره‌ له‌ لایه‌ن ئاخێوه‌ری زمانناسه‌وه‌، بۆ ده‌رخستنی جیاوای له‌ نێو ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی لێی ده‌کۆڵدرێته‌وه‌، و به‌شێوه‌یه‌ک به‌ هاسانی له‌ پێوان دێ. بۆ نموونه‌، له‌ دوو هه‌ڵسه‌نگاندنی جیاواز دا، یه‌کیان له‌ دیترۆیت، له‌ ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، و ئه‌و دییان له‌ نارویچ، له‌ ئینگلیسیتان، ده‌رکه‌وت که‌ نیشانه‌ی ڕێزمانی وه‌کوویه‌ک به‌و شێوه‌یه‌ له‌بارتر و به‌جێتره‌. له‌ ئینگلیسیی ستاندارد دا که‌سی سێیه‌می زه‌مانی ئێستای شێوه‌ی تاکی کردار پاشگرێکی هه‌یه‌، که‌ له‌ ڕێنووس دا به‌ s -ده‌رده‌که‌وێ، که‌ له‌ خه‌ڵکی دیکه‌ی جوێ ده‌کاته‌وه‌: I Know ئه‌من ده‌زانم ، we know ئێمه‌ ده‌زانین، they know ئه‌وان ده‌زانن، به‌ڵام بۆ که‌سی سێیه‌م she knows ئه‌و ده‌زانی. له‌ ئانگلیای ڕۆژهه‌ڵات، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئینگلیستان که‌ نارویچی لێ هه‌ڵکه‌وتووه‌، و له‌ دیترویت ئه‌م s-ه‌ زۆر جار ده‌رناکه‌وێ، به‌لانی که‌مه‌وه‌ له‌ قسه‌کردنی هێندێک خه‌ڵک دا. واته‌ مرۆ ده‌کرێ گوێی له‌م شێوانه‌ ببێ: She like him very much ، He don’t know a lot , do he ?، It go ever so fast
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئینگلیسیی ستانداردs- ی هه‌یه‌، و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی شێوه‌زاریی ستاندارد به‌گشتی شێوه‌زاری هه‌ره‌نزیکه‌ له‌ ده‌سته‌ هه‌ره‌ به‌رزه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ، گۆمانی ئه‌وه‌هه‌بوو له‌وانه‌یه‌ پێوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی دوولایه‌نه‌ له‌ نێوان هه‌ڵکه‌وتی چێنی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌کارهێنانی s- دا هه‌بێ. لێکۆڵینه‌وه‌ له‌وئه‌گه‌ره‌ به‌ڕێژه‌ هاسان بوو، چونکوو هیچ دژوارییه‌ک بۆ پێوانی ئه‌و نیشانه‌ زمانییه‌ له‌ گۆرێ دانه‌بوو: ته‌نێ به‌ گوێگرتن له‌‌و نه‌وارانه‌ی له‌ کاتی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌که‌دا ئاسته‌ کرابوون و بژاردنی ئه‌وه‌ی که‌ ئاخێوه‌ر چه‌ند جار s-ی به‌کارهێناوه‌ ئه‌وه‌ ڕوون ده‌بووه‌وه‌.ئاکامی ئه‌و لێکۆڵینه‌و‌انه‌ له‌ نێو ئاخێوه‌رانی خه‌ڵکی نارویچ له‌ بریتانیا و ئاخێوه‌رانی ئه‌مریکایی ئه‌فریکایی له‌ دیترۆیت ئه‌مه‌ نیشان ده‌دا. لێکۆڵینه‌وه‌که‌ ده‌ریده‌خا ‌ ئه‌و گومانه‌ی هه‌بوو‌ ته‌واو پاساو ده‌درێ – واته‌ بوونی هاوپێوه‌ندییه‌کی ئاشکرا له‌ نێوان چینی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌کارهێنانی –s دا.( له‌ لێکۆڵینه‌وه‌که‌دا زانیاریده‌رانی خه‌ڵکی نارویچ به‌ سه‌ر پێنج ده‌سته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا دابه‌ش کرابوون – توێژی نێوه‌ڕاستی چینی نێوه‌ڕاست؛ توێژی خواره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست؛ توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی کرێکار،توێژی نێوه‌ڕاستی چینی کرێکار و توێژی خواره‌وه‌ی چینی کرێکار – به‌ گوێڕه‌ی پنکه‌ته‌کان له‌ لیسته‌ی چینی کۆمه‌ڵایه‌تی دا. ئه‌و زمانناسانه‌ی له‌ گه‌ڵ زانیاریده‌رانی دیترۆیتی کاریان ده‌کرد ئه‌وانیان به‌ چوار ده‌سته‌ی چینی کۆمه‌ڵایه‌تی دابه‌ش کردبوو.) لێره‌ش دا پێوه‌ندی نێوان چینی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌کارهێنانی s- ته‌واو به‌ ئاشکرایی ده‌رکه‌وت.
ئه‌و بارو دۆخه‌ی له‌ مه‌ر هه‌ر دوو نموونه‌کان له‌سه‌ره‌وه‌ دا وێنا کرا ده‌کرێ وه‌کوو نموونه‌یه‌کی تێکه‌ڵاوبوونی له‌هجه‌یی دابندرێ. ئێمه‌ ده‌توانین بڵێین ، که‌ له‌ نموونه‌ی یه‌که‌مدا، ئێمه‌ ده‌ ڕاستیدا له‌ گه‌ڵ دوو له‌هجه‌ی جیاواز به‌ره‌وڕووینه‌، یه‌کیان s-به‌کار ده‌هێنێ و ئه‌ویدیکه‌یان به‌کاری ناهێنێ.( کۆی پنکه‌ته‌کانی تویژی نێوه‌ڕاستی چینی نێوه‌ڕاست له‌ نارویچ هێندێک پشتی ئه‌و بۆچوونه‌ ده‌گرێ.) دوایه‌ ئێمه‌ ده‌توانین بڵێین که‌ ئه‌و دوو له‌هجه‌ جوێیانه‌ به‌ ڕێژه‌ی جیاواز له‌لایه‌ن ئاخێوه‌رانی سه‌ر به‌ چینی جیاوازه‌وه‌ تێکه‌ڵ ده‌کردرێن.له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ شیکردنه‌وه‌یه‌کی به‌نرخی مێژوویی بێ بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی که‌ بارودۆخه‌که‌ چۆن هاتووه‌ته‌ گۆڕێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌ بۆچوونی من ، باشتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و بارودۆخه‌ وه‌کوو نموونه‌یه‌ک له‌ جۆراوجۆرێتی زاتی شی بکرێته‌وه‌. جۆراجۆرێتی زاتی مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ جۆراوجۆری له‌ به‌ر تێکه‌ڵابوونی دوو یان شێوه‌زاری زیاتر نییه‌ به‌ڵکوو به‌شێکی جوێنه‌کراوه‌یه‌ له‌ شێوه‌زاره‌که‌ خۆی. بۆیه‌ به‌پێی ' ڕوانگه‌ی تێکه‌ڵاوی له‌هجان' ئاخێوه‌رانی دیترۆیتی له‌ به‌ر ئه‌وه‌ شێوه‌ی گه‌ردانکردنی کردار ده‌گۆڕن چونکوو ئه‌وان ئینگلیسیی ڕه‌شی دیترۆیتی تێکه‌ڵاوی شێوه‌ قسه‌کردنی ( که‌ له‌ شێوه‌ی 'ڕه‌سه‌ن'ی خۆیدا s-ی نییه‌)ئینگلیسیی ستاندارد ده‌که‌ن ( که‌ ئه‌مs- ی هه‌یه‌). له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، به‌ پێی ' ڕوانگه‌ی ' جیاوازێتی زاتی' ئه‌و جۆراوجۆرییه‌ ته‌نێ خه‌سڵه‌تێکی ئێنگلیسیی ئه‌مریکایی ئه‌فریکایی دیترۆیته‌. به‌ڵگه‌ی سه‌لماندنی ئه‌م ڕوانگه‌ی دوایی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و جۆراوجۆرییه‌ له‌ ئاستێکی به‌ربڵاو دا خۆی ده‌رده‌خا، چ له‌ نێو گشت ئاخێوه‌ران دا و چ له‌ ژماره‌یه‌کی به‌ربڵاوی نیشانه‌ی دیکه‌ی زمانیدا. شتێکی ئه‌و بۆچوونه‌ زۆر ڕوونتر داده‌گرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئه‌م شێوه‌ له‌ جۆراجۆرێتییه‌ ته‌نانه‌ت له‌ شێوه‌ی قسه‌کردنی منداڵانی زۆرکه‌م ته‌مه‌نیشدا به‌دی ده‌کرێ که‌ قه‌ت نه‌که‌وتوونه‌ته‌ به‌ر کارلێکه‌ری له‌هجه‌کانی دیکه‌.واوێده‌چێ جۆراوجۆرییه‌کانی زمانی له‌زاتی خۆیاندا وه‌کوو قاعیده‌ و ڕێسایه‌ک له‌گۆڕانهاتوو بن تائه‌وه‌ی که‌ ڕێزپه‌ڕبن، و ڕه‌نگه‌ جیاوازێتی زاتی هاوتایه‌کی زمانی، نه‌گونجان و نه‌وه‌کوویه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بێ.
ژماره‌یه‌کی دیکه‌ش له‌ نیشانه‌کانی ڕێزمانی، که‌ تا ڕاده‌یه‌ک ئاڵۆز و پێچه‌ڵپێچن، نیشان دراون بۆ به‌ستنه‌وه‌یان به‌ چینی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ر له‌ گوێن ئه‌و نموونه – واته‌، به‌ ده‌ستنیشانکردنی ڕاده‌ی دیارکه‌وتن و بوونیان و له‌ نێو له‌هجه‌ چینایه‌تییه جیاوازه‌کاندا ( به‌ بێ ئه‌وه‌ی لێک دابڕابن). بۆ نموونه‌، له‌م ڕستانه‌ی خواره‌وه‌ ورد بنه‌وه‌ کاتێک بمانه‌وێ له‌ دۆخی نه‌فی دا ده‌ر‌یانببڕین: I can eat anything ئه‌من ده‌توانم هه‌موو شتێک بخۆم. له‌ شێوه‌زاری ستانداردی ئینگلیسیدا دوو ڕیگه‌ هه‌یه‌ بۆ ده‌ربڕینی ئه‌م ڕسته‌یه‌ له‌ دۆخی نه‌فی دا، یان کرداره‌که‌ ده‌خرێته‌ دۆخی نه‌فی یه‌وه‌ که‌ ڕسته‌یه‌کی ئاوای لێ ساز ده‌بێ:I can’t eat anything ئه‌من ناتوانم هه‌موو شتێک بخۆم، یان ده‌کرێ جێناوه‌که‌ بخرێته‌ دۆخی نه‌فی یه‌وه:I can eat nothing ( هه‌مان شت له‌ ڕسته‌ی هاوشوبار دا که‌ حه‌رفی ته‌عریفێکی نادیار یان جێناوێکی نادیاری تێدا بێ هه‌ر ئاوایه‌.) له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌ هێندێک له‌ شێوه‌زاره‌کانی ئینگلیسییدا ده‌رفه‌تێکی سیێه‌میش هه‌یه‌- که‌ ئێمه‌ ده‌توانین هه‌م کردار و هه‌م جێناوه‌ نادیاره‌که‌ بخه‌ینه‌ دۆخی نه‌فی یه‌وه‌: I can’t eat nothing ئه‌من ناتوانم هیچ بخۆم.
به‌ ته‌ماشا کردنی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌ دیترۆیت کرابوو، ده‌رکه‌وت پێوه‌ندییه‌کی ئاشکرا له‌ نێوان به‌کار هێنانی سێ شێوه‌ی خستنه‌ دۆخی نه‌فی کردن – دووجار، یان باشتر، فره‌ جار - و چینی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ئارا دایه‌.له‌ سه‌دی به‌کارهێندرانیان له‌ شێوه‌ناستاندارده‌کاندا ئاوا بوو. له‌ نێو توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی کرێکار 2، له‌ نێو چینی خواره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست 11، له‌ نێو توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی کرێکار 38، له‌ نێو چینی خواره‌وه‌ چینی کرێکار 70. – لێره‌شدا هه‌ر هه‌مان نموونه‌ی چینایه‌تی ده‌بینین، و دیسان ده‌رده‌که‌وێ که‌ هیچ چینێک به‌ شێلگیری ته‌نێ جۆره‌ شێوه‌یه‌ک یان یه‌کیدی به‌کارناهێنێ.
ڕاوێژه‌کانی accents ، چینایه‌تی، به‌ پێچه‌وانه‌ی خه‌سڵه‌ته‌ رێزمانییه‌کان به‌ ڕواڵه‌ت پێوه‌چارانیان زۆر دژوارتره‌.ئێمه‌ وه‌کوو ئاخێوه‌رانی خۆجێیی [ئینگلیسی]، به‌ پێی ئه‌زموونی خۆمان ده‌زانین که‌ زنجیره‌یه‌کی به‌ربڵاو که‌ مۆرکی کۆمه‌ڵایه‌تییان پێوه‌ دیاره‌ هه‌ن، به‌ڵام گه‌لۆ ئێمه‌ به‌وردی ئه‌ونیشانه‌ فۆنێتیکی و ده‌نگسازییانه چلۆن‌ به‌ ده‌رخه‌ره‌ parameters کۆمه‌ڵناسانه‌کانه‌وه‌ بلکێنین و پێوه‌ندیان پێ بده‌ین؟ مێتۆدی ئاسایی ئه‌وه‌یه‌ که‌ تاک تاک، له‌ ته‌له‌فوزی ڤاوێله‌کان و کۆنسۆنانته‌کان بکۆڵدرێته‌وه‌. بۆنموونه‌، به‌ ڕێژه‌ هاسانه‌ بوون یان نه‌بوونی ده‌نگێکی کۆنسۆنانتی تایبه‌تی له‌ کوتێکی قسه‌ کردن دا بژمێردرێ. له‌شاری نارویچ له‌م سێ نیشانانه‌ کۆڵدراوه‌:
1. له‌ سه‌دی هه‌بوونی n’ له‌ به‌رامبه‌ر ng له‌وشه‌گه‌لی وه‌ک walking،running و هتد دا – [w):kn] له‌ ئاست [w):ki?] دا.
2. له‌ سه‌دی بوونی به‌ستی گه‌روویی glottal stops له‌ ئاست t له‌ وشه‌ی وه‌کوو butter، bet و هتد دا. – [ba?e] له‌ به‌رامبه‌ر
[bata] دا.
3. له‌ سه‌دی ' hsی کلۆر ' له‌ به‌رامبه‌ر h له‌ وشه‌ی وه‌کوو hammer،hat و هتد دا. [aeme] له‌ به‌رامبه‌ر [haema] دا.
له‌ خواره‌وتر دا ڕاده‌ی ده‌رکه‌وتنی ئه‌و کۆنسۆنانتانه‌ باس ده‌که‌ین. ئه‌و سێ کۆنسۆنانتانه‌ به‌ ئاشکرایی ده‌رخه‌ری باشن بۆ هه‌ڵکه‌وتی چینی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ نارویچ، و به‌ تایبه‌تی وه‌کوو ده‌رخه‌ر گرینگن بۆ نیشاندانی ئه‌وه‌ی که به گشتی ‌ ئاخێوه‌ر ئه‌ندامی چینی نێوه‌ڕاست یان چینی کرێکاره‌. له‌وه‌ش زیاتر، وا وێده‌چێ نه‌کرێ باسی ڕاوێژگه‌لی جوێی چینی کۆمه‌ڵایه‌تی پاساوی بۆ بهێندرێته‌وه‌- به‌ڵکوو دیسان زنجیره‌یه‌ک له‌ گۆرێدایه‌، که‌ زۆربه‌ی ئاخێوه‌ران جارێک ته‌له‌فوزێک ده‌کار ده‌که‌ن و جارێکی دیکه‌ ته‌له‌فوزێکی دیکه‌. فۆرمه‌کانی غه‌یری RP ( ته‌له‌فوزی وه‌خۆکراو) بۆ ده‌ربڕینی سێ کۆنسۆنانتان له‌ نارویچ. Ng – ( چه‌ند له‌سه‌د) له‌ نێو توێژی نێوه‌ڕاستی چینی نێوه‌ڕاست 31، له‌ نێو چینی خواره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست 42، له‌ نێو توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی کرێکار 87، له‌ نێو توێژی نێوه‌ڕاستی چینی کرێکار 95، له‌ نێو چینی خواره‌وه‌ی چینی کرێکار 100 . t ( چه‌ند له‌ سه‌د) له‌ نێو توێژی نێوه‌ڕاستی چینی نێوه‌ڕاست 41، له‌ نێو چینی خواره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست 62، له‌ نێو توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی کرێکار 89، له‌ نێو توێژی نێوه‌ڕاستی چینی کرێکار 92، له‌ نێو چینی خواره‌وه‌ی چینی کرێکار 94. h( چه‌ند له‌ سه‌د ) له‌ نێو چینی نێوه‌ ڕاستی چینی نێوه‌ڕاست 6، له‌ نێو چینی خواره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست 14، له‌ نێو توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی کرێکار 40، له‌ نێو توێژی نێوه‌ڕاستی چینی کرێکار 59، له‌ نێو چینی خواره‌وه‌ی چینی کرێکار 61.
زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئاخێوه‌رانی نارویچ هه‌ر دووک ته‌له‌فوزه‌کانی گشت کۆنسۆنانته‌کان به‌کار ده‌هێنن. ئه‌وه‌ به‌تایبه‌تی چاوڕاکێشه‌ سه‌رنجی بدرێتێ که‌ به‌ شێوه‌ی مامناوه‌ندی ته‌نانه‌ت چینی هه‌ره‌ سه‌ره‌وه‌ش ته‌له‌فوز کردنی شێوه‌ - walkin’ له‌ سه‌دی 31 جاران به‌کارده‌هێنێ.
ڕه‌نگه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌و جۆره‌ جۆراوجۆری کۆنسۆنانتییه‌کان یه‌که‌م جار له‌ لایه‌ن لابۆڤ له‌ شاری نیۆیۆرک کرابێ، به‌ر له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی. ئه‌و فه‌رزییه‌یه‌ی که‌ به‌کارهێنانی /r/ ی نا- به‌ر له‌ ڤۆکاڵ پێوه‌ندی ده‌درێته‌وه‌ به‌ چینی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌زموونی تاقیکرایه‌وه‌ نه‌ک وه‌ک زۆر له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ زمانییه‌کان که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر ڕاشکاوانه‌تر به‌ڕيوه‌ چوون. ( لابۆڤ به‌لانی که‌مه‌وه‌ له‌ لایه‌ن پسپۆڕێکی دیکه‌ی زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌وه‌ وه‌کوو ' نابیغه‌یه‌کی کاری به‌ مێتۆد' نێوزه‌د کراوه‌). ئه‌وه‌ی ئه‌و کردی ئه‌وه‌ بوو که‌ شێوه‌ی قسه‌ کردنی شاگرد و به‌رده‌ستی دووکانان له‌ سێ فرۆشگه‌ی گه‌وره‌ به‌ تاقی بکاته‌وه‌، که‌ ئه‌و فرۆشگه‌یانه‌ به‌ ڕیز پله‌و ئاستیان به‌رز، مامناوه‌ندی وله‌ خواره‌وه‌ دا بوو. کاره‌که‌ی ئاوا بوو له‌ پێشدا بزانێ کامه‌یه‌ک له‌ فرۆشگه‌ گه‌وره‌کان له‌ نهۆمی چواره‌مدان و دوایه‌ له‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌رده‌ستی دووکانه‌ی که‌ ده‌کرا له‌ شوێنه‌کانی دی فرۆشگه‌که‌ پرسیارێکی ئاوا بکا : ' Execuse me , where are the women’s shoes? ( ببووره‌ که‌وشی ژنان له‌ کوێ هه‌نه‌؟) دیاره‌ وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ fourth floor ( نهۆمی چواره‌م ) بوو به‌ دوو ده‌رفه‌تی ده‌رکه‌وتنی/r/ نا-به‌رله‌ڤۆکاڵ. به‌وشێوه‌یه‌ زانیاری سه‌باره‌ت به‌ به‌کارهێنانی /r/ له‌ 264 زانیاریده‌ران وه‌ر‌گیرا ( که‌ هه‌ڵبه‌ت، ئه‌وان نه‌یانده‌زانی له‌لایه‌ن زمانناسێکه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌یان لێکراوه‌). ئاکامی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ ئاوا بوو: 38 له‌ سه‌دی به‌رده‌ستانی پله‌ به‌رزی فرۆشگه‌کان چ /r/ به‌کارناهێنن، 49 له‌ سه‌دی به‌رده‌ستانی فرۆشگه‌کان که‌ پله‌وپایه‌ی مامناوه‌ندیان هه‌بوو‌ و 83 له‌وانه‌ی که‌ پله‌و ئاستی خواره‌وه‌یان هه‌بوو ئه‌وانیش/r/ یان به‌کارنه‌ده‌هێنا.جابۆیه‌، لابۆڤ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ زانیارییه‌کی وردی سه‌باره‌ت به‌ شوێنناسی topography فرۆشگه‌ گه‌وره‌کانی نیۆیۆرک وه‌ده‌ست خست ئه‌وه‌شی ڕوون کرده‌وه‌ که به‌ڕێژه‌ خه‌سڵه‌تی به‌ هێند نه‌گیراوی ڕاوێژی accent‌ له‌باری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ده‌توانێ چه‌نده‌ گرینگ بێ.
کێشه‌ی پێوانی ڤاوێلان، که‌ له‌ ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ زۆر له‌کۆنسۆنانته‌کان گرنگترن گه‌وره‌تره‌، چونکوو له‌و باره‌یه‌وه‌ کاره‌ که‌ له‌ سه‌ر بوون و نه‌بوونی ده‌نگێکی تایبه‌تی نییه‌،به‌ڵام جیاوازی که‌می (زۆر جار زۆرکه‌م ) چۆنییه‌تی ڤاوێل له‌ گۆڕێ دایه‌.زمانناس بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌و کێشه‌یه‌ به‌ له‌یه‌ککردنه‌وه‌ی وردی نێوان چۆنییه‌تی ڤاوێله‌کان وایان داده‌نێ که‌ ئه‌وان وه‌ک ده‌نگی جوێ وابن. بۆ نموونه‌، له‌ ئینگلیسیی نیۆیۆرک دا زنجیره‌یه‌ک جۆراوجۆری گرینگی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ن بۆ ته‌له‌فوزکردنی ده‌نگی ڤاوێل له‌ وشه‌ی وه‌ک:cab ، bag ،bad ، half ،path ، dance دا. ئه‌و جۆراوجۆرییه‌ جیاوازانه‌ زنجیره‌یه‌ک پێک ده‌هێنن، به‌ڵام ناکرێ به‌ شێوه‌یه‌کی ده‌ستکرد جوێ بکرێنه‌وه‌.به‌ گشتی ده‌کرێ به‌ چوار جۆر دابه‌ش بکرێن. دوایه‌ ده‌کرێ لیسته‌یه‌ک ساز بکرێ بۆ هه‌ژماردنی هه‌رکامیان به‌ ته‌نێ ( و دوایه‌ بۆ هه‌ر کامیان لیسته‌یه‌کی گرووپی ساز بکرێ)به‌ حیسابکردنی ڕێژه‌ی مامناوه‌ندی ئه‌و نرخه‌ی ده‌درێ به‌ ده‌رکه‌وتنی ئه‌و ڤاوێله‌ له‌ قسه‌کانیاندا. ئه‌وه‌ به‌کارهێنانی ته‌له‌فوزکردنی مامناوه‌ندی تاکێک یان ده‌سته‌یه‌ک نیشان ده‌دا – ئه‌گه‌ر تاکه‌کان به‌ به‌رده‌وامی با بڵێین bad ‌ ، bag ، half وه‌ک [ bie:d ] و هتد ته‌له‌فوز بکه‌ن، ئه‌وان 1.0، پنکتیان ده‌درێتێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان شیلگیرانه‌ بڵێن [bae:d ]چوار پنکتیان ده‌درێتێ. ئاکامی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ نێو سێ ده‌سته‌ی چینی کۆمه‌ڵایه‌تی ئاوا بوو. چینی سه‌ره‌وه‌ 2.7 پنکت، چینی نێوه‌ڕاست 2.5 پنکت، چینی خواره‌وه‌ 2.3 پنکت.
که‌ وابێ، له‌ قسه‌کردنی خۆمانه‌ دا، گشت نیۆیۆرکییه‌کان به‌ شێوه‌ی مامناوه‌ندی ته‌له‌فوزکردنێکی نێوان [bead] و [bae:d] به‌کار ده‌هێنن،ده‌نا جیاوازییه‌کی که‌م به‌ڵام به‌رده‌وام له‌ نێوان ته‌له‌فوزکردنی چینه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا هه‌یه‌: ئاخێوه‌رانی چینی خواره‌وه‌ زۆر زیاتر له‌ ئاخێوه‌رانی چینی سه‌ره‌وه‌ ڤاوێلێکی زۆر به‌یه‌که‌وه‌لکاوتر به‌کارده‌هێنن. جابۆیه‌ جیاوازییه‌کی که‌م له‌ چۆنییه‌تی ڤاوێل دا ده‌رکه‌وت که‌ له‌ ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ تا ڕاده‌یه‌ک گرینگه‌.
هه‌ر ئه‌و جۆره‌ تێکنیکه‌ بۆ تاوتوێ کردن و شیته‌ڵ کردنی ڕاوێژه‌کانی بریتانیایی ده‌کار کراوه‌. له‌ ئینگلیسیی نارویچ دا ده‌کرێ سێ چۆنییه‌تی ڤاوێل له‌ وشه‌ی وه‌کوو pass، part،shaft ،bath ، card دا له‌ یه‌ک بکرێنه‌وه‌. 1.ڤاوێلێکی درێژی پشته‌وه‌ی شێوه‌ی RP ( ته‌له‌فوزی وه‌خۆکراو) وه‌ک [a:] له‌ ووشه‌ی وه‌کوو pass دا ده‌رده‌که‌وێ یان ده‌نگی ڤاوێل له‌ وشه‌ی ئه‌مریکایی pot دا. 2. ڤاوێلێکی نێوه‌ڕاسته‌، و 3. ڤاوێلێکی پێشه‌وه‌یه‌ [a:] هه‌روه‌ک شێوه‌ی ده‌ربڕینی ده‌نگی ڤاوێل له‌ ووشه‌ی part دا له‌ ئاوسترالیایی یان ڕۆژهه‌ڵاتی شێوه‌ی نیوئێنگلاند دا. ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌یه‌ که‌ ئه‌و پنکتانه‌ی به‌سه‌ریاندا دابه‌ش ده‌کرێن له‌ 1.0 وه‌ ده‌ستپێده‌کا بۆ ته‌له‌فوزکردنی شێلگیری RP تا ده‌گاته‌ 3.0 پنکت بۆ به‌کارهێنانی شێلگیرانه‌ی ڤاوێلی پێشه‌وه‌. هاوگونجی نێوان چۆنییه‌تی ڤاوێل له‌گه‌ڵ چینی کۆمه‌ڵایه‌تی ئاوا ده‌رده‌که‌وێ. توێژی نێوه‌ڕاستی چینی نێوه‌ڕاست 1.9 پنکت، چینی خواره‌وه‌ی چینی نێوه‌ڕاست 2.1 پنکت، توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی کرێکار 2.8 پنکت، توێژی نێوه‌ڕاستی چینی کرێکار 2.9 پنکت، توێژی خواره‌وه‌ی چینی کرێکار 3.0 پنکت.
به‌گشتی، ئاخێوه‌رانی ئێنگلیسیی نارویچی چینی کرێکار ڤاوێلێکی پێشه‌وه‌یان هه‌یه‌، له‌ کاتێکدا ئاخێوه‌رانی چینی نێوه‌ڕاست له‌وێ ڤاوێلێکی نێوه‌ندی به‌کار ده‌هێنن، به‌ڵام، هێشتاش به‌ شێوه‌یه‌کی مامناوندی ، جیاوازییه‌کی که‌م له‌ نێوان چۆنێتی ڤاوێل دا هه‌یه‌ که‌ به‌ڕێگه‌ی ئه‌ودا چێنێک له‌ چینێکی دیکه‌ ده‌کرێته‌وه‌. زۆر نموونه‌ی دیکه‌ی جیاوازی چینایه‌تی ئه‌و چه‌شنه‌ ده‌کرێ له‌هه‌موو شوێنێک ده‌ربکه‌وێ و باس بکرێ ئه‌گه‌ر مرۆ بییه‌وێ نێویان به‌رێ. بۆ نموونه‌، له‌ لیدز Leeds، له‌ ئینگلیستان، ئاخێوه‌رانی چینی نێوه‌ڕاست ڤاوێلێکی [A] ئامال له‌ ووشه‌ی وه‌کوو but،up،fun دا به‌کار ده‌هێنن، له‌کاتێکدا ئاخێوه‌رانی چینی کرێکار هه‌مان ده‌نگ وه‌کوو ڤاوێلێکی به‌رزتر و خڕتر ده‌کار ده‌که‌ن [0]؛ له‌ له‌نده‌ن ووشه‌ی وه‌کوو name،gate،face و هتد.وه‌کوو [neim]، [néim] یان
[naem] ته‌له‌فوز ده‌کرێن به‌پێی چینی کۆمه‌ڵایه‌تی ( چینی هه‌ره‌ سه‌ره‌وه‌ له‌ فۆرمی یه‌که‌مدا)؛ له‌ شیکاگۆ ده‌نگی ڤاوێل له‌ ووشه‌ی وه‌ک roof،tooth،root دا زۆرجار وه‌ک [u] ته‌له‌فوز ده‌کردرێ، به‌ڵام له‌ قسه‌کردنی ئه‌ندامانی سه‌ر به‌ چینێکی به‌رزتری کۆمه‌ڵایه‌تی دا زۆر جار به‌ به‌ وێکهێنانی هه‌ر دووک لێوه‌کان ده‌رده‌بڕدرێ [0]؛ له‌ بۆستۆن، ماساچووسێتس، ئاخێوه‌رانی چینی سه‌ره‌وه‌ له‌ ووشه‌ی وه‌ک ago،know دا ڤاوێله‌کان وه‌ک [où] ده‌رده‌بڕن، له‌کاتێکدا ئاخێوه‌رانی دی وه‌ک [oµ] ته‌له‌فوزیان ده‌که‌ن.
لێره‌دا زۆربه‌جێیه‌ خوێنه‌ره‌وه‌ پرسیار بکا باشه‌، دانی ئه‌و جۆره‌ زانیارییانه‌ ئاوا به‌‌ وردی چ نرخێکی هه‌یه‌؟ هۆیه‌کی گرینگ بوونی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هێنذیک له‌و نووسه‌رانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تییان نووسیوه‌ وه‌ک ' زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌یه‌کبه‌ستراوانه‌ ‌' corretional sociolinguistics گاڵته‌یان به‌و جۆره‌ کاره‌ کردووه‌. وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ مه‌به‌ست له‌ ڕاهاتنه‌که‌ هه‌ر گوتنی ئه‌وه‌ی بێ که‌به‌یه‌کبه‌سترانه‌وه‌یه‌ک له‌ ئارا دایه‌،نه‌ک ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بتوانین شتێکی لێ فێر بین. له‌وڵامی پرسیاری به‌جێی خوێنه‌ره‌وه‌ دا ده‌بێ بگوترێ، یه‌که‌م، ئه‌وه‌ نیشان ده‌دا که‌ به‌ وردی ئێمه‌ له‌ سه‌ر چ جۆره‌ زانیارییه‌ک کار ده‌که‌ین کاتێک ئێمه‌ پله‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ئاخێوه‌رێک شه‌ته‌ک ده‌ده‌ین له‌ سه‌ر بنه‌مای به‌ڵگه‌ی زمانی. به‌ڕێگه‌ی ئه‌زموونی زمانی خۆمان ڕا ئێمه‌ هه‌ستیارییه‌کمان تێدا پێک هاتووه‌، به‌ ئاسایی بێ ئه‌وه‌ی پێی بزانین ، له‌ به‌یه‌که‌وه‌ به‌سترانه‌وه‌ی ئه‌وتۆ له‌ نێوان چینی کۆمه‌ڵایه‌تی و شێوه‌ ستاندارد یان ناوچه‌ییه‌کانی زمانی دا‌. خاڵی دووهه‌م ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وجۆره‌ زانیارییه‌ هێندێک شتمان سه‌باره‌ت به‌ بناخه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگه‌گه‌لی تایبه‌تی بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه‌،بۆ نموونه‌، سه‌باره‌ت به‌ هه‌م نارویچ و هه‌م دیترۆیت مه‌ودای دووری و نزیکی هه‌ره‌ زۆر‌ له‌ نێوان پنکته‌کاندا بریتییه‌ له‌ جیاوازی نێوان توێژی خوراوه‌ی چینی نێوه‌ڕاست و توێژی سه‌ره‌وه‌ی چینی کرێکار دا. ئه‌و ڕاستییه‌ش ده‌یسه‌لمێنێ که‌ دابڕانی کۆمه‌ڵ به‌ دووچینی سه‌ره‌کی، واته‌ 'چینی نێوه‌ڕاست' و 'چینی کرێکار'، دابڕانێک که‌ تائاستێکی زۆر به‌ڵام نه‌ک به‌ته‌واوی له‌ سه‌ر بنه‌مای جیاوازی نێوان پیشه‌ی کاری ده‌ستی و کاری ناده‌ستی پێک هاتووه‌، هێندێک نرخ و گرینگایه‌تی هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ که‌ندوکۆسپی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ ڕوونی له‌ زماندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌.خاڵی سێیه‌م ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و جۆره‌ زانیارییه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ش ڕوون ده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ له‌ مه‌ڕ ئیدیۆلێکت ( شێوه‌ی قسه‌ کردنی تاک له‌ کاتێکی تایبه‌تی دا) باسی لێوه‌ کرا. ئه‌گه‌رچی تاکوته‌رایان هێندێک جار هه‌ر شێوه‌یه‌کی کردار به‌کار ده‌هێنن، و کاتێکی دی شێوه‌یه‌کی دیکه‌، له‌سه‌دی مامناوه‌ندی بۆ هه‌ر ده‌سته‌یه‌ی ده‌که‌وێته‌ نێو قالبی نموونه‌یه‌کی به‌ته‌واوی چاوه‌ڕوانکراوه‌وه‌.
خاڵی چواره‌م ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و جۆره‌ زانیارییه‌، ئاگادارییه‌کی گه‌لێک زۆرمان سه‌باره‌ت به‌ له‌هجه‌کانی چینی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ به‌ر ده‌ست ده‌نێ. بێتوو ئێمه‌ سه‌رنج بده‌ینه‌ سه‌ر ته‌نێ خه‌سڵه‌تێکی زمانی تائه‌وه‌ی که‌ له‌ شێوه‌زارێک به‌ گشتی ورد بینه‌وه‌، ئه‌وه‌ ئاشکرایه‌‌، له‌هجه‌گه‌له‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، هه‌ر وه‌ک له‌هجه‌ هه‌رێمییه‌کان هه‌بوونی به‌ته‌واوی له‌یه‌ک جیاواز نین، ئه‌وان تێکه‌ڵاوی یه‌کتری ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی زنجیره‌یه‌ک پێک بهێنن. ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ده‌کرێ نێوی له‌هجه‌یه‌ک وه‌ک ' له‌هجه‌ی نارویچی چینی نێوه‌ڕاستی چینی کریکار' هه‌ڵده‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بکه‌ین ده‌بێ زۆر به‌رچاومان ڕوون بێ (a) که‌ دابه‌شکردنی چینه‌کان به‌ پێنج چینی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ یه‌کلایه‌نه‌ بێ، (b) که‌ ئه‌و جیاوازییه‌ زمانییانه‌ی له‌ گۆرێ دان ته‌نێ ڕێژه‌یی بن و ڕاده‌ی ده‌رکه‌وتنیان هه‌ر له‌مه‌ڕ نیشانه‌ و خه‌سله‌تی تایبه‌تی بن و (c) له‌وانه‌یه‌ ئاکامی جیاواز ده‌رکه‌وێ ئه‌گه‌ر هۆکاری گۆڕێنه‌ری دیکه‌ی زمانی له‌به‌رچاوبگێرێ. جا بۆیه‌ قالبی باوی نێوخه‌ڵک سه‌باره‌ت له‌هجه‌گه‌لی چینی کۆمه‌ڵایه‌تی ته‌قریبه‌ن هه‌میشه‌ ڕاست ده‌رناچن و سه‌ر لێ شێوێنه‌رن.بۆ نموونه‌، ئه‌وه‌ ڕاست نییه‌ که‌ قسه‌ی ئاوا به‌ گردبڕی بکرێ که‌ به‌ڵێ ' له‌هجه‌ی دیترۆیتی ئه‌مریکایی ئه‌فریکایی له‌ کرداره‌کانی زه‌مانی ئێستا دا هیچ ده‌رخه‌ری که‌سی سێیه‌می نییه‌' ئه‌مریکاییه‌ ئه‌فریکاییه‌کانی خه‌ڵکی دیترۆیتی سه‌ر به‌ گشت چینه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌م شێوه‌ی it go، و هه‌م it goes به‌کار ده‌هێنن – ته‌نێ ڕاده‌ و چه‌ندیی به‌کارهێنانه‌کان جیاوازن.
له‌ کۆتایی دا، و له‌هه‌موان گرینگتر ده‌بێ بگوترێ، ئه‌و جۆره‌ زانیارییه‌، ئاگادارییه‌کی زۆر و لێتێگه‌یشتنێکی زۆرمان ، سه‌باره‌ت به‌ ئه‌و پێڤاژۆیانه‌ی که‌ گۆڕانی زمانییان تێدا ڕووده‌دا له‌ به‌ر ده‌ست ده‌نێ – یه‌کێک له‌ ڕازه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌کان له‌مه‌ڕ زمانه‌ ئینسانییه‌کان ، و یه‌ک له‌و ڕازانه‌ی که‌ زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ماوه‌ی چل ساڵی ڕابردوو دا زۆر تێکۆشاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاکتر سه‌ره‌ده‌ری لێده‌رکه‌ین. هه‌ر وه‌ک له‌ به‌ندی دابێ دا ده‌بینین، پێوه‌ندییه‌ دوولایه‌کانی هۆکاره‌ گۆڕێنه‌ره‌ زمانییه‌کان و هۆکاره‌ گۆڕێنه‌ره‌ زمانناسییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ئامانجی ئه‌وجۆره‌ لێکۆڵینه‌وانه‌‌ نین؛ له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی گۆڕانی زمانی دا، ئه‌و جۆره‌ به‌یه‌ک به‌سترانه‌وه‌یه‌ ئه‌و شوێنه‌ نییه‌ که‌ ئێمه‌ کاره‌که‌مان له‌وێ کوتایی پێ بێ به‌ڵکوو کارمان له‌وێوه‌ ده‌ست پێده‌کا.
-------
* مۆنۆفتۆنگ monophthong : زاراوه‌یه‌که‌ له‌ بواری فۆنێتک دا بۆ پۆلێن کردنی ده‌نگی ڤاوێل به‌کار ده‌هێندرێ له‌ سه‌ربنه‌مای ده‌رکه‌وتن و چۆنییه‌تی ده‌ربڕانی: ئاماژه‌یه‌‌ به‌ ڤاوێلێک (ڤاوێلێکی ڕه‌سه‌ن) که‌ له‌کاتی ده‌ربڕینی له‌ سیلابێکدا هیچ هه‌ست به‌ گۆڕانی ناکرێ. وه‌ک ده‌نگی ڤاوێل له‌م وشه‌ ئینگلیسییانه‌دا: cart، cut. ئه‌و ڤاوێلانه‌ی که‌ له‌ وشه‌ دا درێژ ده‌بنه‌وه‌ و چۆنییه‌تیان ده‌گۆڕدرێ پێیان ده‌گوترێ دیفتۆنگ diphthong . له‌هێندێک لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌ مه‌ڕ له‌هجه‌ ومێژووی زمانیدا ، پێڤاژۆیه‌کی به‌ مۆنۆفتۆنگ بوون ده‌کرێ به‌دی بکرێ،واته‌ گۆڕانی چۆنێتی دیفتۆنگ به‌ مۆنتۆفۆنگ.

** دیفتۆنگ diphthong : زاراوه‌یه‌که‌ له‌ بواری فۆنێتیک دا بۆ پۆلێن کردنی ده‌نگی ڤاوێل به‌کار ده‌هێندرێ له‌ سه‌ربنه‌مای ده‌رکه‌وتن و چۆنییه‌تی ده‌ربڕانی: ئاماژه‌یه‌ به‌ ڤاوێلێکی ساده‌ ( هه‌ست پێکراو) که‌ له‌ کاتی ده‌ربڕینی له‌ سیلابێکدا هه‌ست به‌ گۆڕانێکی ئاشکرا له‌ چۆنییه‌تی دا ده‌کرێ.وه‌ک ده‌نگی ڤاوێل له‌م وشه‌ ئینگلیسییانه‌دا: beer،time ، .loud
A Dictionary of Linguistics And Phonetics, Sixth Edition, David Crystal Blackwell Publishing , 2008

سه‌رچاوه‌ی ئه‌م وه‌رگێڕانه‌، به‌ندی دووه‌می
Sociolinguistics
An introduction to language and society
Peter Trudgill
Penguin books, Fourth edition 2000, pp. 23- 41

Monday, January 12, 2009

*** زۆر به‌ڕێز چاودێرێک ***


زۆر به‌ڕێز چاودێرێک

وێڕای سڵاو، ڕاستت بوێ هێشتا بۆم نه‌چووته‌وه‌ سه‌ریه‌ک کامه‌یه‌ک له‌ هاوڕێیانی؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ گرینگ نییه‌ چونکوو له‌ زێهنییه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی دا مرۆ ڕاشکاوانه‌تر له‌ گه‌ڵ که‌سی نه‌ناسیاو ده‌دوێ.
له‌ بیروڕا گۆڕینه‌وه‌ و مشتومڕی زمانه‌وانیدا، ده‌توانم بڵێم له‌ سه‌ر بابه‌ت و بواری دیکه‌ش هیچ شتێک له‌ قسه‌ی یه‌کتر سه‌لماندن و قۆڵ کێشان له‌ سه‌ر بۆچوونی هه‌وتر خوشتر نییه‌ و به‌پێی ئه‌و سه‌رنجه‌ی داوته‌ جارێ بۆ هاوتای چه‌مکی sociolinguistics له‌وه‌رگێڕانی کوردی دا ' زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی' به‌کارده‌هێنم، هه‌تائه‌وه‌ی ‌ زمانخوازێکی دیکه‌مان لێ په‌یدا بێ و پێشنیازێکی باشتر بکا که‌ ئێمه‌ هه‌ردووکمان بتوانین بیسه‌لمێنین.
سه‌باره‌ت به‌ society و community ئه‌من جارێ بۆ یه‌که‌میان ' کۆمه‌ڵه‌، کۆمه‌ڵ' و بۆ ئه‌وی دووه‌میان ' کۆمه‌ڵگه‌' به‌کار ده‌هێنم و له‌ خواره‌وه‌ تێده‌کۆشم هێندێک شی که‌مه‌وه‌ بۆچی؟
وه‌ک ده‌زانی زۆرێک له‌و چه‌مکه‌ تیۆریانه‌ی له‌ بوار و دیسیپلینی جۆربه‌جۆر، به‌ تایبه‌تی له‌ زانستی زمانناسی تازه‌ دا به‌کار ده‌هێندرێن ڕه‌چه‌ڵکی خۆماڵیان نییه‌، ئه‌وه‌ نه‌ک هه‌ر له‌ مه‌ڕ زمانی کوردی، به‌ڵکوو سه‌باره‌ت به‌ زمانه‌کانی ده‌روجیرانیش که‌ هێندێکیان مێژووی شێوه‌زاری نووسینیان زۆر له‌ کوردی کۆنتره‌، هه‌ر وایه‌،واته‌ زۆرێک له‌ چه‌مکه‌کان له‌ لایه‌ن وه‌رگێڕانه‌وه‌ له‌ زمانی کوردیدا پسپۆڕایه‌تیان پێدراوه‌ و پێشتر له‌ هه‌نبانه‌ی وشه‌ی کوردی دا نه‌بوون. بۆ وێنه‌ وشه‌ی 'sociology ' له‌وانه‌یه‌ له‌ پێشدا بۆ سه‌ر یه‌کێک له‌ زمانه‌کانی عه‌ڕه‌بی، فارسی یان ترکی وه‌رگێڕدرابێ و له‌یه‌کێک له‌وزمانانه‌وه‌ کرابێته‌ ' کۆمه‌ڵناسی' یان ڕاسته‌وڕاست له‌ ئینگلیسی یان فه‌ڕانسه‌ییه‌وه‌ کرابێته‌ کوردی. ئیدی وه‌ک ' کۆمه‌ڵناسی ' جێی خۆی کردووته‌وه‌ و هه‌موو خوێنه‌ره‌وه‌یه‌کی کورد به‌ ئاستێکی ڕێژه‌یی له‌ خوێنده‌واری لێی تێده‌گا. بۆیه‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌و جۆره‌ چه‌مکانه‌ی له‌زمانی کوردی دا ڕۆنیشتوون، جگه‌ له‌ بێژه‌ و ته‌عبیری ئه‌وتۆ نه‌بێ که‌ له‌زمانی کوردی نه‌بانن و ئه‌گه‌ر به‌ ده‌یان و سه‌دان جاریش بنووسرێن و کاوێژ بکرێنه‌وه‌ هه‌ر ناقۆڵان، وه‌نه‌بێ کارێکی خێر بێ و یارمه‌تییه‌ک بێ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندتر کردنی هه‌نبانه‌ی وشان له‌ زمانی کوردیدا.
له‌ وه‌رگێڕاندا دیاره‌ بیر و بۆچوونی نووسه‌ر وه‌رده‌گێردرێ ،نه‌ک ته‌عبیری ئه‌وه‌ی باسی لێوه‌ ده‌کا. بۆ وێنه‌ ئه‌گه‌ر پیتر ترادگیل وه‌کوو پسپۆڕێکی زمانناسی کۆمه‌ڵایه‌تی society و community به‌و مانایه‌ی بۆ زێهنییه‌تی ئینگلیسی زانان ئاشکرایه‌ به‌کار ده‌هێنێ، کاری وه‌رگێڕی کوردی ئه‌وه‌ نییه‌ بزانێ ئاستی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌وشوێنانه‌ی کورد زمانن هه‌لسه‌نگێنێ، به‌ڵکوو به‌پێی ئاستی ناسیاوی خۆی له‌ گه‌ڵ ئه‌و شێوه‌زاره‌ کوردییه‌ی ده‌قه‌که‌ی پێ وه‌رده‌گێڕێ شیاوه‌ وشه‌ی هه‌ره‌ نزیک بۆ ده‌ربڕینی بۆچوونی نووسه‌ر هه‌ڵبژێرێ.
لایه‌کی دیکه‌ کاری وه‌رگێڕان ئاستی language intuition ( بۆچوونی زمانی ) له‌ هه‌ر دووک زمانه‌کان دایه‌.
به‌ پێی بۆچوونی زمانی من، له‌ کوردی دا ' کۆمه‌ڵه‌ ، کۆمه‌ڵ' له‌ ' کۆمه‌ڵگه‌، کۆمه‌ڵگا' به‌ گه‌وره‌تر هه‌ست پێده‌کرێ و ئه‌گه‌ر له‌ داڕشتنێکی ڕسته‌یه‌ک دا نووسیم ' کۆمه‌ڵه‌ی بریتانیا کۆمه‌ڵگه‌ی جیاوازی زمانی تێدایه‌'
هه‌ست ده‌که‌م‌ خوێنه‌ره‌وه‌ به‌ ته‌واوی له‌و مانایه‌ تێده‌گا. دیاره‌ له‌ مه‌ڕ Society و community به‌ پێچه‌وانه‌ی زمانی ئینگلیسی ئێمه‌ له‌ کوردی دا بۆ هه‌ر کام له‌ چه‌مکه‌کان وشه‌ی ' کۆمه‌له‌، کۆمه‌ڵ ' به‌ کار ده‌هێنین و له‌ یه‌کیان پاشگری ' گه‌' زیاد ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی واتای ئه‌ویدیان ده‌رببڕین. – ئه‌من له‌گه‌ڵ پاشگری 'گا' نیم که‌ پێموایه‌ کورتکراوه‌ی 'گاه‌' فارسییه‌- . ئێمه‌ زۆر وشه‌ی که‌ونارای کوردیمان هه‌یه‌‌ ته‌عبیر له‌ ' شوێن، جێ' ده‌که‌ن و به‌ ' گه‌' کۆتاییان دێ وه‌کوو: شه‌ڕگه‌، شه‌له‌گه‌، جێگه‌، جۆگه‌، ڕه‌وگه‌، پێگه‌ . ڕێگه، دانگه‌ ‌؛ که‌ دواتر له‌ ڕووی وان زۆر وشه‌ی دیکه‌ داڕێژراون و له‌ نووسین دا هێندێکیان جێی خۆیان کردووته‌وه‌ وه‌ک ' ڕوانگه‌'، 'زاڵگه‌'
سه‌رکه‌وتنت ئاواته‌ خوازم، به‌ هیوای دیدار
حه‌سه‌نی قازی

Friday, January 9, 2009

چاودێرێک له‌ درێژه‌ی باسی پێشوودا ده‌نووسێ




به‌ڕێز کاک حه‌سه‌ن،
سوپاس بۆ روانگه‌که‌ت.
من له‌ تێبینییه‌که‌مدا دوو باسم ئاراسته‌ی جه‌نابت کردبوو. وا دیاره‌ له‌ سه‌ر یه‌که‌میان، واته‌ دانانی 'زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی' بۆ sociolinguistics تۆزێک له‌ یه‌کدی نزیکین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دووه‌میان، واته‌ جیاوازیی نێوان کۆمه‌ڵ و کۆمه‌ڵگا، له‌ راستیدا به‌ ده‌ستپێکی باسێکی گرنگ و ورده‌کارانه‌ داده‌نرێ‌ که‌ پێوه‌ندیی به‌ "کۆمه‌ڵ"ێک پرسی کۆمه‌ڵناسانه‌شه‌وه‌ هه‌یه‌. دیاره‌ له‌م رسته‌یه‌دا من 'کۆمه‌ڵ'م به‌ مانای کۆمه‌ڵگا به‌ کار نه‌هێناوه‌! که‌واته‌، کۆمه‌ڵ له‌ کوردیدا وه‌ک جه‌نابت ده‌زانی گه‌له‌گ مانای تریشی هه‌یه‌. هه‌ر بۆیه‌ش من ده‌بوایه‌ بڵێم ئه‌م باسه‌ پێوه‌ندیی به‌ کۆمه‌ڵێک پرسی کۆمه‌ڵگاناسانه‌شه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌که‌ هه‌مووان و ته‌نانه‌ت منیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ زاراوه‌که‌ به‌کار ئه‌هێنین. واته‌، دروست ئه‌وه‌یه‌ بڵێین کۆمه‌ڵگاناسی که‌چی ده‌ڵێین کۆمه‌ڵناسی.
ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵناسی رێککه‌وتووین، که‌واته‌، وه‌ک جه‌نابت ده‌ڵێی سۆسایێتی ده‌بێته‌ کۆمه‌ڵ. که‌واته‌، دوو رێگه‌مان له‌به‌ر ده‌سته‌: یه‌که‌م، بڵێین کۆمه‌ڵگاناسی و سۆسایێتی بکه‌یه‌نه‌ کۆمه‌ڵگا، دووه‌م بڵێین کۆمه‌ڵناسی و سۆسایێتی بکه‌ینه‌ کۆمه‌ڵ (ئه‌م کێشه‌یه‌ش له‌ زمانی فارسیدا له‌ نێوان 'اجتماع' و 'جامعه‌'دا هه‌یه‌ که‌ ته‌نانه‌ت نووسه‌ره‌ فارسه‌کانیش سه‌رنجی ناده‌نێ). من پێم وایه‌، ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان راسته‌ و جه‌نابت پێت وایه‌ ئه‌وه‌یه‌ دووه‌م دروسته‌.
بنه‌ڕه‌تی ئه‌م کێشه‌یه‌ به‌ر له‌وه‌ی زمانناسانه‌ بێ، کۆمه‌ڵناسانه‌یه‌. من کۆمه‌ڵناس نیم به‌ڵام ده‌زانم که‌ له‌ کۆمه‌ڵناسیدا جیاوازییه‌کی زۆر هه‌یه‌ له‌ نێوان کۆمیۆنێتی و سۆسایێتی دا. کۆمیۆنێتی له‌ به‌ستێنێکی پێش‌مۆدێرن دا به‌کار ئه‌برێ و سۆسایێتی بۆ پێناسه‌ی کۆمه‌ڵگای مۆدێرن دێته‌ به‌ کار هێنان (من به‌ ته‌واوه‌تی لایه‌نگری ئێرنێست گێلنێر نیم، به‌ڵام روانگه‌کانی له‌ سه‌ر جیاوازیی کۆمیۆنێتی و سۆسایێتی جێگه‌ی سه‌رنجن). ده‌کرێ بڵێم ئه‌وه‌ی له‌ شار و شارۆچکه‌ و گونده‌کانی کوردستاندا ده‌یبینین تێکه‌ڵآوێکه‌ له‌ کۆمه‌ڵ و کۆمه‌ڵگا. واته‌، ئه‌گه‌رچی له‌ شاره‌ گه‌وره‌کانی کوردستاندا تا راده‌یه‌ک هه‌ست به‌ هه‌بوونی سۆسایێتی ده‌که‌ین، هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌ش، له‌ گونده‌کاندا و ته‌نانه‌ت له‌ شاره‌کانیشدا ئه‌وه‌ی ده‌یبینین کۆمیۆنێتی یه‌. به‌ واتایه‌کی روونتر، له‌ هه‌ر کوێ یاساکانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی (و مۆدێرن) له‌ ئارادا بوو، ئه‌و شوێنه‌ سۆسایێتی یه‌ نه‌ک کۆمیۆنێتی؛ هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ش، له‌ هه‌ر شوێنێک خه‌ڵک به‌ شێوه‌ی سوننه‌تی و پێش‌مۆدێرن ژیان ده‌باته‌ سه‌ر، ئه‌وه‌ کۆمیۆنێتی یه‌ نه‌ک سۆسایێتی. له‌ کوردستاندا به‌ هۆی پارچه‌پارچه‌بوونی ئه‌م پۆلێنکاریانه‌ ناتوانین بڵێین شار یان گوندێک به‌ ته‌واوی سۆسایێتی یه‌ یان کۆمیۆنێتی. له‌ وانه‌یه‌ له‌ قوتابخانه‌ی گوندێکی کوردستاندا به‌ هۆی ره‌چاوکردنی یاساکانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه‌ سۆسایێتی هه‌بێ که‌چی له‌ هه‌مان گوندا شێوه‌ی خوازبێنی و ژن هێنان وامان لێ بکا بڵێین ئه‌و گونده‌ کۆمیۆنێتی یه‌ نه‌ک سۆسایێتی. له‌ شاره‌کانی کوردستانیشدا، هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ تێکه‌ڵاوییه‌ک له‌ سۆسایێتی و کۆمیۆنێتی هه‌یه‌.
به‌ هه‌ر حاڵ، کۆمه‌ڵ بۆ من تا راده‌یه‌ک وه‌ک 'کمون اولیه‌' وایه‌، که‌چی کۆمه‌ڵگا هه‌ڵگری واتایه‌کی مۆدێرنه‌. گه‌لۆ له‌ کوردستاندا سۆسایێتی هه‌یه‌ یان کۆمیۆنێتی؟ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی زانستی کۆمه‌ڵناسی (واته‌ کۆمه‌ڵگاناسی) له‌ کۆمه‌ڵگا ئه‌کۆڵێته‌وه‌ نه‌ک له‌ کۆمه‌ڵ، که‌واته‌ من بۆ سۆسایێتی کۆمه‌ڵگا و بۆ کۆمیۆنێتی کۆمه‌ڵ ده‌کار ده‌گرم.

ئه‌م پرسه‌ باسوخواس و کاتی زۆرتری پێویسته‌ و هیوا دارم ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت هه‌بوو زیاتر له‌ سه‌ری قسه‌ بکه‌ین.
ماڵاوا و هه‌ر به‌رده‌وام بیت

Thursday, January 8, 2009

خوێنه‌ره‌وه‌یه‌ک به‌ نێوی 'چاودێرێک' سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگێڕانی 'کۆمه‌لناسیزمان- زمان و کۆمه‌ڵ' نووسیویه‌


نووسه‌ر: چاودێرێک
کاک حه‌سه‌ن مانی نه‌بی،
به‌ راستی ده‌ستوچاوت خۆش.
به‌ بڕوای من وه‌رگێڕانی دروستی ناوی به‌شی یه‌که‌می ئه‌م کتێبه‌ ئه‌مه‌یه‌: زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی: زمان و کۆمه‌ڵگا .دیاره‌ ئه‌م وه‌رگێڕانه‌ جیاوازه‌ له‌وه‌ی جه‌نابت واته‌: کۆمه‌ڵناسیزمان: زمان و کۆمه‌ڵ. کۆمه‌ڵناسیزمان ده‌بێته‌: sociology of language. هه‌روه‌هاش. کۆمه‌ڵ و کۆمه‌ڵگا لێک جیاوازن: یه‌که‌میان واته‌ کۆمیونێتی و دووه‌میان واته‌ سۆسایێتی. بۆ جیاوازییه‌کانیان بڕوانه‌ بۆ گێلنێر.
دیسانه‌وه‌ سوپاس بۆ بابه‌ته‌کانت
دووشه‌مۆ 16ی به‌فرانباری 1387، سه‌عات 7:45

ئه‌و خوێنه‌ره‌وه‌ وردبینه‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ نێوونیشانێک له‌خۆیه‌وه‌ به‌ جێ بهێڵێ ئه‌و تێبینییه‌ی سه‌ره‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگێڕانی به‌ندی یه‌که‌می کتێبی به‌نرخی پرۆفێسۆر پیتر ترادگیل :Sociolinguistics An introduction to society and language نووسیوه‌. ئه‌من له‌م وه‌رگێڕانه‌دا زاراوه‌ی sociolinguistics م، به‌ کۆمه‌ڵناسیزمان وه‌رگێڕاوه‌ ، نه‌ک به‌ مانای sociology of language. دیاره‌ ئاگام له‌وه‌هه‌یه‌ که‌ پێشتر sociolinguistics له‌ کوردیدا به‌ ' کۆ زمانناسی' وه‌رگێڕدراوه‌ به‌ پێی قه‌رینه‌ سازی له‌ گه‌ڵ ئینگلیسیی. واته‌ ' کۆ' وه‌ک کورتکراوه‌ی 'کۆمه‌ل'، ' کۆمه‌ڵگه‌' یان 'کۆمه‌ڵگا' societyو زمانناسی ش بۆ linguistics.به‌ بڕوای من ئه‌و داڕشتنه‌ واته‌ ' کۆزمانناسی' مانای sociolingustics به‌ ته‌واوی ده‌رنابڕێ. ئه‌وه‌ی که‌ خوشک یان برای چاودێر نووسیویه‌: کۆمه‌ڵناسیزمان ده‌بێته‌ sociology of language هه‌ڵده‌گرێ لێوردبوونه‌وه‌ و لێدوانی زیاتری له‌ سه‌ر بکرێ. له‌ ڕاستیدا sociology of language بۆخۆی لکێکه‌ له‌ زانستی sociolinguistics.ئه‌گه‌ر له‌ زمانی کوردیدا ئه‌و دوو زاراوه‌یه‌ وه‌کوو یه‌ک وه‌ربگێڕدرێن ئه‌و ده‌می سه‌ره‌گێژه‌ زیاتر ده‌بێ. سه‌باره‌ت به‌ زمانناسی کۆمه‌ڵایه‌تی [ زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی] به‌ مانای sociolinguistics ده‌کرێ مرۆ چ لاری نه‌بێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ وه‌رگێڕانێکی وشه‌ به‌ وشه‌یه‌ ، به‌ڵام 'کۆمه‌ڵناسیزمان' یان 'زمانناسیکۆمه‌ڵ' ده‌کرێ هه‌موو زانسته‌که‌ داپۆشێ. هه‌رچۆنێک بێ تا ڕۆنیشتن و سه‌لماندنی یه‌کێک له‌و به‌دیلانه‌ ده‌کرێ قسه‌ی زیاتریان له‌ سه‌ر بکرێ.
به‌ پێچه‌وانه‌ی ' چاودێرێک' ئه‌من ' کۆمه‌ڵ' بۆ society و 'کۆمه‌ڵگه‌' ، ' کۆمه‌ڵگا' بۆ community به‌ کار ده‌هێنم و پێم وایه‌ بۆ هێما کردن به‌ ئه‌و ده‌ور و به‌ره‌ی خه‌ڵک تێیدا ده‌ژین و گشت ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی تێیدا ڕووده‌ده‌ن ' کۆمه‌ل' ئه‌و مانایه‌ی لێ ده‌خوێندرێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر له‌و کۆمه‌ڵه‌ دا ویسترا باسی ده‌سته‌یه‌کی تایبه‌تی بکرێ ئه‌و ده‌می بێژه‌ی 'کۆمه‌ڵگه‌' یان ' کۆمه‌ڵگا‌' ده‌کرێ به‌کار بهێندرێ.
سه‌باره‌ت به‌ جیاوازی sociology of language زمان له‌ ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ و ته‌عریف و ناساندنی sociolinguistics با بزانین پیتر ترادگیل له‌ ' A glossary of Sociolinguistics ' دا ده‌ڵێ چی :
" Sociolinguistics زاراوه‌یه‌که‌ بۆ شیکردنه‌وه‌ی گشت بواره‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌ی پێوه‌ندی نێوان زمان و کۆمه‌ڵ جگه‌ له‌و بوارانه‌ی نه‌بێ که‌ له‌ ئامانجه‌کانی خۆیاندا به‌ ته‌واوی زانستی کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ن، وه‌ک ئێتنۆئێتنۆلۆژی. به‌و پێیه‌ توێژینه‌وه‌ی sociolinguistics کارێکه‌ به‌ مه‌به‌ستی وه‌ده‌ست خستنی تێگه‌یشتنێکی باشتر له‌مه‌ڕ ته‌بیعه‌تی زمانی ئینسانی ده‌کرێ به‌ ڕێگه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی زمان له‌ چوارچێوه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌یدا و/یان بۆ وه‌ده‌ست‌ خستنی تێگه‌یشتنێکی باشتر له‌مه‌ڕ ته‌بیعه‌تی ئه‌و پێوه‌ندییه‌ و هاوکرده‌وه‌یی دوولایه‌نه‌ی نێوان زمان و کۆمه‌ڵ. Sociolinguistics ئه‌م بوارانه‌ وه‌به‌ر ده‌گرێ : زمانناسیی مه‌ردمناسانه‌ anthropological linguistics ، له‌هجه‌ناسی dialectology، شیکردنه‌وه‌ی وێژیاگ discourse analysis ، ئێتنۆگرافیی قسه‌ کردن ethnography of speaking ، زه‌ویناسیزمان geolinguistics ،لێکۆڵینه‌وه‌کانی تێکه‌ڵاویی زمانی language contact studies ، زمانناسی لاییک secular linguistics ، ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تیی زمان the psycology of language ، و کۆمه‌ڵناسیی زمان [ زمان له‌ ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵناسییه‌وه‌]the sociology of language

Sociology of language لکێکی sociolinguistics ه‌ که‌ له‌ ئاستێکی به‌ربڵاو یان macrosociolinguistics دا سه‌روکاری له‌گه‌ڵ ئه‌وبابه‌تانه‌ هه‌یه‌ که‌ به‌ پێوه‌ندی نێوان هۆکارگه‌لی کۆمه‌ڵناسانه‌ و زمان به‌ستراونه‌ته‌وه‌، و به‌ تایبه‌تی ئه‌و بابه‌تانه‌ی که‌ باس له‌ ده‌ستبژێرکردنی زمان ده‌که‌ن، به‌و پێیه‌ ئه‌و جۆره‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ بابه‌تگه‌لی وه‌کوو فره‌ زمانێتی multilingualism، پلانداڕشتنی زمانی language planning، پاراستنی زمان language maintenance و گۆڕانی زمانی language shift وه‌به‌ر ده‌گرێ."

هێوادارم به‌ڕێز ' چاودێڕیک' ئه‌م دێڕانه‌ بخوێنێته‌وه‌ و بۆ لێدوانی زیاتر سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی زمانناسانه‌ نێونیشانی پۆستی ئێلێکترۆنی خۆیم بۆ بنێرێ.
حه‌سه‌نی قازی