Saturday, August 17, 2024

بەرنامەی ڕوانگە لە تێلێڤیزیۆنی ڕۆژ، ٢٨-ی مەی ٢٠٠٦

بەرنامەی ڕوانگە لە تێلێڤیزیۆنی ڕۆژ، ١٤-ی مەی ٢٠٠٦

جەعفەر حەسەنپوور، لێکۆڵینەوەیەک لە مەر وشەی قەرزکراوی ئوڕووپایی، فارسی و عەڕەبی لە ستانداردی سۆرانیدا!


دوایین دیداری نەمران دوکتور ئەمیر حەسەنپوور و دوکتور جەعفەر حەسەنپوور لە شاری کارلستاد لە سوێد لە ساڵی ٢٠١٢ دوکتور جەعفەر حەسەنپوور لە ساڵی ١٩٩٩ پایاننامەی خۆی بە نێوی: ( لێکۆڵینەوەیەک لە مەڕ وشەی قەرزکراوی ئوڕووپایی، فارسی و عەڕەبی دە ستانداردی سۆرانیدا) پێشکێشی دیپارتمانی زمانانی ئاسیایی و ئەفریقایی زانکۆی ئووپسالا کرد لە سوێد و پلەی دوکتورای پێ وەرگرت. ئەو تێزە بە زمانی ئینگلیسی نووسراوە و زانکۆی ئووپسالا هەڵێنجاوەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە ناساندووە.
حەسەن قازی
لێکۆڵینەوەیەک لە مەر وشەی قەرزکراوی ئوڕووپایی، فارسی و عەڕەبی لە ستانداردی سۆرانیدا!
ئەو پایاننامەیە لە پێواژی قەرزکردنی پەیف لە ستانداردی سۆرانی زمانی کوردی دەکۆڵێتەوە، کە لە عێڕاق، ئێران و دیاسپۆرای کوردی دا قسەی پێ دەکردرێ. قەرز کردن، بریتییە لە شێوەیەک لە پێوەندی زمانی، کە لە هەموو ئاستەکانی ستروکتووری زمان دا ڕوو دەدا. لە کوردیی ئەدەبی بەر لە ستاندارد بوون دا ( کورمانجی و سۆرانی) کە لە سەروبەندی بەر لە مۆدێڕن دا سەری هەڵێنا ، قەرزکردن لە عەڕەبی و فارسی ئامرازێک بوو بۆ پێشخستنی نەریتێکی تایبەتی ئەدەبی و زمانەوانی.بە پێچەوانە، لە ستانداردی سۆرانی و کورمانجی دا قەرز کردن لە زمانە دەوڵەتییەکان، عەرەبی، فارسی و تورکی، وەک شێوەیەک لە زاڵدەستی چاو لێدەکرێ، هەڕەشەیەک بۆ سەر کەسایەتی، کولتوور و تایبەتمەندی جوێی نەتەوەیی نەتەوەی کورد. لە وڵامدانەوە بە قەرز کردن و لە جیاتیان، پەتی کردن بە ڕێگای داڕشتن، قەرزکردنی ناوخۆیی و ئامرازیدیکە بۆ دەوڵەمەند کردنی سەرچاوە پەیڤییەکانی زمان دەکار دەکردرێ.
سۆڕانی وەکوو زمانێکی ژێر دەستە، لەگەڵ دەرجەی جۆر بەجۆری سەرکوت و زوڵمی زمانی بەرەو ڕوو بووە و ئەوە ڕێگای پێ نەداوە ئازادانە پێش بکەوێ.لە بەر ئەوەی ئاخێوەرانی سۆرانی لە (ئێران) تەنێ بە زمانی فارسی خوێندوویانە و پەروەردە کراون، یان تا ڕادەیەکی زۆر بە عەڕەبی لە (عێڕاق)، وشەی قەرز کراو لە زمانە ئوڕووپاییەکانەوە لە سۆرانی دا بە گشتی ناڕاستەوخۆ لەزمانی فارسی و لە عەڕەبییەوە لە (عێڕاق) هاتوونەتە نێو زمانی کوردی. ئەو وشە قەرزکراوانە سەرچاوەیەکی سەرەکین بۆ مۆدێرن کردنی پەیڤان. لەم لێکۆڵینەوەیە دا لیستێک لەو وشە قەرزکراوە ئوڕووپاییانەی وا هێمن و کۆد دانەرەکانی دیکەی سۆرانی دەکاریان کردوون ئامادە کراوە. زۆربەی ئەو وشە قەرزکراوە ئوڕووپاییانە ڕۆنیشتوون و جێی خۆیان گرتووە، لە گۆڤاران، کتێبان، و زمانی ئاخافتن دا دەکار دەکردرێن هەر چەند ئەوان نە ڕێنووسیان ستاندارد کراوە و نە لە قامووسەکان دا ئاستە کراون. هێندێک وشەی قەرزکراوی موتوربە،وشەی قەرزکراوی ئاڵوگۆڕ کراو، وشەی ساز کراو، وشەی پەتی کوردی کە هێنراونە نێو کوردی ڕۆنیشتوون و دامەزراون. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ژێر تاوی بارو دۆخی پێوەندی زمانی بە گوڕ و نەپساوە،وشە قەرز کردن و پەتی کردن دڕێژە دەدن بەوەی کە مەیلی سەرەکی بن بۆ ستاندارد کردن.


 

کۆچی دوایی دوکتور جەعفەر حەسەنپوور


 زۆر بە داخەوە بە پێی ئاگادارییەک کە لە لایەن پرۆفێسۆر شەهرزاد موجاب بە دەستم گەیشتووە دوکتور جەعفەر حەسەنپوور برای پچووکی مامۆستای نەمر ئەمیر حەسەنپوور سەعات ١٠-ی شەوی پێنجشەمە ١٥-ی ئووتی ٢٠٢٤ لە نەخۆشخانەیەکی وڵاتی سوێد چاوی بۆ هەمیشە وێک ناوە. کاک جەعفەر لە سەر دەمی ڕێژیم پاشایەتی بە " تاوانی " سیاسی چەند ساڵ لە ژیانی لە زیندان دا بەسەر برد و دوای ئاڵوگۆڕەکانی ساڵی ١٩٧٩ لە ڕیزی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دا درێژەی دا بە خەبات. لە سەرەتای ١٩٨٠ کان هاتە سوێد و یەکەم کورد بوو لە دیپارتمانی زمانانی ئاسیایی و ئەفریقایی لە زانکۆی ئووپسالای سوێد دەرەجەی دوکتورای وەرگرت, - لە پۆستێکی دیکە دا تێزەکەی دەناسێنم-. خەبەری مەرگی زانایەکی وا زۆر ناخۆشە. زۆر جار بە فشە بە فارسی تێهروونی قسەمان دەکردلەگەڵ ئاغا جەعفەر. ڕوحی شاد بێ. سەرەخۆشی دەکەم لە هەموو خزم و دۆستانی، بە تایبەتی کاک موحسین حەسەنپوور و دوکتور هاشم ئەحمەد زادە.

ئەم وێنەیەی خوارەوە لە ساڵی ١٩٩٣ لە ماڵی دوکتور هاشم ئەحمەد زادە لە ئووپسالا - سوێد هەلگیراوە . لە ڕاستەوە: حەبیب یەغمایی، جەعفەر حەسەنپوور، مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور، هاشم ئەحمەد زادە ، حەسەن قازی

Sunday, August 11, 2024

پریمۆردیالیسم، مۆدێڕنیسم، ئێتنۆ-سیمبۆلیسم

 



پریمۆردیالیسم
پریمۆردیالیسم ئەو بیرەیە کە دەڵێ نەتەوە و ناسێنە ئێتنیکییەکان فیکسد،تەبیعی و کەوناران. پریمۆردیالیستەکان دەڵێن هەر تاکێک زگماک ناسێنەیەکی ئێتنیکی هەیە بە بێ لەبەرچاوگرتنی پێڤاژۆی مێژوویی. لەکاتێکدا کە وادانانی ناڕاستەوخۆی پریمۆردیالیسم لە کۆمەڵگە و لێکۆڵینەوەی ئاکادێمی دا باوە، پریمۆردیالیسم لە لایەن زانایانی بواری ناسیۆنالیسم و ئێتنیسیتی، بە چڕی وەدوا دەدرێتەوە چونکە دەڵێن تاکەکان دەکرێ چەندین ناسێنەی ئێتنیکییان هەبێ کە لە گۆڕان دێن و لە باری کۆمەڵایەتییەوە دروست دەکرێن.
زاراوە
زاراوەی پریمۆردیالیسم بە ناوی کۆمەڵناس ئێدوارد شیلس و مەردمناس کلیفۆرد گیرتزەو لکاوە.شیلس یەکەم کەس بوو لە ساڵی ١٩٥٧ ئەم زاراوەیەی دەکار کرد بۆ ئەوەی پێوەندی نێوان ئەندامانی خێزان شی کاتەوە. پێوەندی نێوان ئەندامانی خێزان ناکرێ وەکوو پێوەندی نێوان شەخس لێکاڵا بکرێتەوە بەڵکوو چلۆنایەتی لەمەڕ خۆی هەیە کە تەنێ دەکرێ وەک
" پریمۆردیال" بە ناو بکرێ و ئەویش لە تێکەڵی خوێنییەوە کەوتووەتەوە.
دواتر مانای ئەم چەمکە لە لایەن کلیفۆرد گیرتز ڕا پەرەی پێدرا ، و بە پێی بۆچوونی گیرتز پێوەندی تاکەکان لەگەڵ کۆمەڵگەیەک بە هاتنە دنیایان و لە دایک بوونیان لە ناو ئەوکۆمەڵگەیە دا دادەمەزرێ ، چونکوو ئەوان خۆ بەخۆ زمانی ئەو کۆمەڵگەیە و کردەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەخۆ دەکەن و وەریدەگرن. بە پێی قسەی گیرتز ، بەسترانەوەی تاکوتەرایان بە دەستەی تایبەتی " تەبیعی" یە و ئاکامی تێکەڵی و تەعامولی کۆمەڵایەتی نییە. لەوەش زیاتر، ئەو جۆرە تێکەڵییە ڕووحییانە لە هەموو کۆمەڵگەکان دا هەن  و لای هەموو تاکان دا هەیە، هەرچەند توانایی پێوەندییە پریمۆردیالییەکان  دەکرێ لە ئاستی تاکان دا و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دی یان بە درێژایی زەمان جۆر بە جۆر بێ.
لەگەڵ ئەوەشدا، زانای سیاسی جان کۆکلی ناوی شیلس یان گیرتز بە یەکەم تیۆریست و وەرگری چەمکی پریمۆردیالیزم ناهێنێ هەرچەند لە کارەکانیان دەدوێ. بە پێی بۆچوونی کۆکلی، نە شیلس و نە گیرتز دەکرێ بە بیرمەندی پریمۆردیالیست دابندرێن، چونکە شیلس تەنێ بە شێوەی زەینی باسی تێکەڵی خوێنی و گرینگی خزمایەتی خوێنی وەک هەیە دەکا. بە پێی قسەی کۆکلی، گیرتزیش حەولی نەدا نیشان بدا کە بەسترانەوەی نێوان ئەندامانی دەستە بە شێوەی بەرچاو تەبیعی و " پێدراو " بن ، بەڵکوو تەنێ بە " پێدراو" داندراون لە لایەن ئەندامانی دەستەوە خۆیان کە ئەوەش لەگەڵ چەمکی پریمۆردیالیسم ناکۆکە و ڕێک ناکەوێ.

فکر
پریمۆردیالیسم وەکوو فکر دەکرێ بچێتەوە سەر فکری ڕۆمانتیسمی ئەڵمانی. بە تایبەتی دەکارەکانی یووهان گۆتلیب فیختە ویوهان گۆتفرید هێردر دا. لە ڕوانگە هێردرەوە  نەتەوە مانای دەستەی زمانی یە. لە بیرکردنەوەی هێردر دا  زمان واتە بیر ، و لە بەر ئەوەی هەر زمانەی [ مرۆڤ] لەکۆمەڵگەیەک دا فێری دەبێ، بۆیە هەر کۆمەڵگەیەک دەبێ بە جیا بیر بکاتەوە. ئەوەش دەڵێ کە هەر کۆمەڵگەیەک بە دەم تێپەڕینی زەمانەوە تەبیعەتێکی فیکسد پەیدا دەکا.
سەبارەت بە تەبیعەتی تیوری پریمۆردیالیست بۆچوونی کێشە لەسەر و دڕکاوی هەیە. لە ڕوانگەی پریمۆردیالیستی ڕادیکالەوە ناسێنەی دەستە نەتەوەییەکان بە پێی خەسڵەتە بیۆلۆژیکەکان و ژێنی ئەوان دیاری دەکرێ. ڕەخنەگرانی پریمۆردیالیسم، مەردمناس جەك دەیڤید ئێلر و کۆمەڵناس ڕید م.کاگلان ، باوەڕیان وایە کە ڕوانگەی پریمۆردیالیست لە سەر بنەمای ئیدەکانی گیرتز دەتوانێ بگاتە ئاکامێکی ئاوا ڕادیکاڵ ، چونکە پێی وایە ناسێنەی ئێتنیکی شیاوی شیکردنەوە نییە بەڵام لە هەمان کات دا بە دیاردەیەکی فەرهەنگی هەستیشی دادەنێ کە ئەوەش  دەگاتە ئوستوورە کردنی هەستە نەتەوەییەکان  و ئەوەش ڕێگا خۆش دەکا بۆ ئاکامی ڕادیکاڵ.
لەگەڵ ئەوەشدا ، زانای سیاسی هێنری ئی، هەیل بۆ وێنە  پێی وایە پریمۆردیالیستەکان بە گشتی ئەوەندە دەمارگرژ و دۆگماتیک نین وەک ڕەخنەگرەکانیان دەڵێن . ئەو پێداگری دەکا ئەو لێکۆلەرەوانەی کە نوێنەرایەتی ڕوانگەی پریمۆدریالیست دەکەن بە گشتی پێیان وا نییە کە ئێتنیستی لە سەر بنەمای بەسترانەوەی خوێنی و ژێنەوە دا دەمەزرێ بەڵام دەڵێن کاتێک نێوانی دستەگەلی دیاری ئێتنیکی مەعریفی یەخەسڵەتەکانی ئەو دەستانەی کە بنەمای ئەو مەعریفەیە پێک دێنن پێش کەوتوون و بۆ ماوەیەکی درێژ بە سەبات و بە سەقاگرتوویی دەمێننەوە. بە پێی بۆچوونی هەیل، ڕوانگەی پریمۆردیالیست لە مەر نەتەوە تا ڕادەیەکی زۆر لە سەر ساز کردنی ستروکتورە کۆمەڵایەتیەکان هەڵدەنرێ.
کۆمەڵگە بە دەستەیان دابەش دەبێ ، بە خەسڵەتی دەستەیی جۆر بەجۆرەوە (وەکوو خەسڵەتی فەرهەنگی، نەریت، مێژوو، خەسڵەتی فیزیکی، زمان، دین ) ئەوانە هەر کامیان تا ڕادەیەک بەشی لێکتری جیاوازن.  لە ئاستی دەستە دا، ئەو خەسڵەتانە بە گشتی  بە نەگۆڕ دەمێننەوە، و پێوەندی خزمایەتی لە نێوان تاکوتەرایان دا ئەو خەسڵەتانە هەڵ دەگرێ و دەیانگوێزێتەوە و دەستەکە بەیەکەوە ڕادەگرێ.
زانای سیاسی مورات بایاریش پێی وایە پریمۆردیالیسم زۆر بەو ڕوانگەیەوە ناناسرێتەوە کە نەتەوایەتی لە سەر بنەمای تەبیعەت و ژێنەکان دیاری بکرێ بەڵکوو بە تێگەیشتن لە هەڵسووڕانی ناسێنەی ئێتنیکی، بە قسەیەکی دیکە، هەر هاتوو ناسێنەی دەستەیەکی نەتەوەیی دامەزرا، ئیدی بە گشتی بە هاسانی ناگۆڕدرێ. بە پێی قسەی بایار، پریمۆردیالیستەکان پێیان وایە ئەگەڕچی زمانی دایکی ، دین و فەرهەنگ  بە ڕێگای ژێنەکانەوە ناگوێزرێنەوە بەڵام پێڤاژۆی فۆڕم گرتنیان لە ڕووی پریمۆردیالییەوە دراوە ، تا ئەو جێیەی کە تاکوتەرایان ناتوانن هەڵبژێرن لە چ دای و بابێک یان لە چ دەوروبەرێکی کولتووری دا لە دایک بن. ئەو ڕاستییە ناکرێ بگۆڕدرێ.
لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی پریمۆردیالیسم بە گشتی بێ ئیعتیبار بوو ، چونکوو زۆر لە زانایانی ناسیۆنالیسم گەیشتنە ئەوەی کە وەکوو کۆمەڵگەیەک بە نەتەوەوە بچارێن کە بەڕیگای تێکنۆلۆژی و سیاسەتەکانی مۆدێرنیتی ساز دەدرێ.


مۆدێرنیتی و ناسیۆنالیسم
جاناتان م. ئاکوف
پرسی ڕیشەی مێژوویی نەتەوان و ناسیۆنالیسم بۆ ماوەی دوور و درێژ کەوتووەتە بەر باس و گەنگەشەی گەرم و گوڕ لە ناو زانایان دا.  لە ڕاستیدا، هیچ یەکگرتووییەک لە نێودیسیپلینان لە نێوان  مێژووناسان، کۆمەڵناسان و مەردمناسان نەبووە لەمەر کاتی وردی سەرهەڵێنان و پەیدا بوونی نەتەوان و ناسیۆنالیسم. زۆربەی زانستی لەمەر پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و زانستی سیاسی هاوچەرخ  لەمەڕ نەتەوان  بە شێوەی سەرەکی بە دوو وادانانی دژبەیەک دابەش بوون : یەکێک تا ڕادەیەک سادە کراوەی دوو فاقی  " کینەی باستانی/ مۆدێرنیستی " لە ئاست ئێدیعای پریمۆردیالیستی یان نموونەی دی ئیدیعایە کە ئەو ناڕێکی و ناتەباییە سەبارەت بە ڕیشە مێژووییەکانی ناسیۆنالیسم  کاردانەوەی هەیە هەم لە سەر بیری بوونەوەر ناسی کە تەبیعەتی مۆدێرنیتی و نەتەوان بەڕێوە دەبا، هەر وەها
 کاریگەرە گرینگەکانی ئێپیستۆمۆلۆژییەکان بۆ هەڵبژاردن و تەعبیری گۆڕەرەکان.

 مۆدێرنیستەکان دەڵێن  ناسیۆنالیسم بریتییە لە بەرهەمی کاردانەوەی تایبەتی لە چاخی مۆدێرن دا، کە کەمتازۆر دەگاتەوە سەردەمەهەرە دواییەکانی چاخی ڕووناکایەتی یان شۆڕشی فەڕانسە بە تایبەتی. ئەوان هەر وەها جەخت دەکەن لە سەر  دەوری سیستمی نێو نەتەوایەتی  لە سازدانی ناسێنەی نەتەوەیی دا. پریمۆردیالیستەکان و ئێتنۆ سیمبۆلیستەکان تیوری لەمەر خۆیان دەرحەق بە ناسیۆنالیسم پێش خستووە ، بەڵام زۆربەی زانایانی هاوچەرخی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لایەنگری پارادایمی " مۆدێرنیست "ن.  لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە ژمارەیەکی زۆری ئەدەبیات لە دەرەوەی بۆچوونی مۆدێرنیست هەڵبسەنگێندرێ بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە گەلۆ نەتەوە مۆدێرنەکان زۆر دڕکاوی و سەر بەگێچڵن لەمەڕ بەردەنگە ئێنیکە بەساڵاداچووەکانیان ، یان گەلۆ گۆڕانە ستروکتوورییەکان  لە سیستمی نێونەتەوەیی دا  لە وەتا نەمانی شەڕی سارد  پەنجەرەی نوێی کردووەتەوە بە ڕووی ئیدیعای دەرفەت و وەلات بووژاندنەوە بۆ نەتەوە مەلۆتکەکان.

ئێتنۆ سیمبۆلیسم

ئێتنۆ سیمبۆلیسم بریتییە لە قوتابخانەیەکی فکری لە مەڕ ناسیۆنالیسم کە  جەخت دەکالە سەر گرینگی سیمبۆلەکان، ئوستوورەکان، بایەخەکان و نەریتەکان لە ساز دان و بەردەوامی دەوڵەت نەتەوەی مۆدێڕن دا.
ئەو بیرە وەک ڕەخنەیەک لە تیورییە مۆدێرنیستەکانی ناسیۆنالیسم کەوتەوە.
ئێتنۆسیمبۆلیسم پێدا دەگرێ لە سەر ڕیشە و کۆکی مێژوویی نەتەوان لە سەر بنەمای سیمبۆلە ئێتنیکییەکان، ئەفسانەکان، بایەخەکان و نەریتەکان کە لە سەردەم و چاخی پێشووترەوە بە میرات وەرگیراون.  وەک مۆدێڕنیستەکان، بە پێچەوانەی پریمۆردیالیستەکان ، زانایانی ئێتنۆ سیمبۆلیستی  باوەریان وایە ناسیۆنالیسم بە تایبەتی دیاردەیەکی مۆدێڕنە.
ئەو زاراوەیە لە سەرەتاوە وەک " بۆچوونی ئێتنۆ – سیمبۆلیست" لە مەقالەیەک دا بە قەڵەمی دانییێل کانڤێرسی شاگردی پێشووی ئانتۆنی سمیت لە مەدرەسەی ئابووری لەندەن، پێش خرا، لەگەڵ ئەوەشدا کانڤێرسی لەحنێکی ڕەخنەگرانەی هەبوو  و دەیگوت:
 " ئەگەر ئێمە هەر لە سەر دەسەلات و توانایی پێشوو و سیمبۆلەکانی جەخت بکەین، دوو نیشانەی دیکەی کلیلیی ناسیۆنالیسم دەڕەوێنین: یەکەم، پێوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی، و بە تایبەتی لەگەڵ دەوڵەت؛ دووهەم فۆنکسیۆن و ئەرکی گرینگی دامەزراندنی سنوور.
جان ئەی. ئارمستڕانگ ئانتۆنی دی. سمیت و جان هاچینسن بە گشتی بە تیوریستی کلیلی ئێتنۆ سیمبۆلیسم دادەندرێن.
تیوریستە گرینگەکان
یارمەتی ئارمسترانگ بە چەمکی ئێتنۆسیمبۆلیسم لە کتێبێکەی دا " نەتەوەکان بەر لە ناسیۆنالیسم" (١٩٨٢) لە ئەفسانە – ئاڵۆزی سیمبۆلەکان دەدوێ، بە پێی قسەی ئانتۆنی دی. سمیت ئەو یەکەم جار جەختی کردەوە لە سەر  لانگ دوورێ. ئارمسترانگ پێی وایە وشیاری ئێتنیکی دەکرێ بگەڕێتەوە زۆر دوور بۆ شارستانییەتە کەونارەکانی وەکوو میسر، و ناسیۆنالیسم تەنێ " دوایین قۆناغی چەرخێکی مەزنترە لە وشیاری ئێتنیکی کە دەگاتەوە شێوەکانی پێشووترو سەرەتای ڕێکخراویی بە کۆمەڵ.  بۆیەش وەک لانگ دوورەی مەکتەبی مێژوو نووسی فەڕانسەیی ئاناڵ ، ساز بوونی ناسێنەی ئێتنیکی دەبێ لە ماوەیەکی زۆر سەدان  دا تاقی بکرێتەوە.
لە سەر بنەمای کاری فڕێدریک بارت، ئارمستڕانگ دەڵێ" دەستەکان مەیلیان ئەوەیە خۆیان نەک بە پێی خەسڵەتەکانی خۆیان بە ڵکوو بەدەر هاویشتن واتە بە خۆ بەراوەد کردن لەگەڵ " بێگانان" بناسێنن. بە قسەیەکی دیکە، کەسایەتی دەستەیەک قەت فیکسد نییە، و بە پێی بۆچوونی فەردی ئەندامێکی دەستەکە سنوورەکانی ناسێنەکان جۆر بەجۆرن.  ئارمسترانگ ئەوە لەگەڵ بیری مۆدێڕنی ناسیۆنالیستی ڕا دەنێ، کە " حەولی داوە جەوهەرێکی  داییمی بۆ خەسڵەتی نەتەوەیی بدۆزێتەوە لە جیات ئەوەی کە سنوورە لە گۆڕانهاتوو بەڵام بنەڕەتییەکانی ناسێنەی ئینسانی بە ڕەسمی بناسێ". سەڕەای ئەو بە دواداچوونە، ئارمسترانگ  دەڵێ لە ڕووی مێژووییەوە " ناسێنەی بەردەوامی دەستەیی بە ئاسایی ڕەوایی نادا بە ساز دراوی سیاسی زال "
با وەکوو ئەمە  لە ڕوانگەی ئارمسترانگەوە ، " ئەفسانە، سیمبۆل، پێوەندی و هێشووگەلێک لە هۆکاری تێگەیی  بە ئاسایی زۆر ماندگارترن لەو فاکتۆرانەی کە هەر مادی نە: و بەوە ڕا جەختی خۆی دادەگرێتەوە لە سەر بەردەوامی مێکانیزمی سنووریی سیمبۆلی. ئەو چەندین هۆکار دەستنیشان دەکا و شی دەکاتەوە  کە دەستەبەری بەردەوامین.
یەکەم هۆکارێکی ئاوا ، واتە ئی هەرە گشتییان، بریتییە لەو شێوانەی ژیان  و ئەو ئەزموونانەی کە لێیان دەکەوێتەوە. بە شێوەی بنەڕەتی دوو شێوەی جیاوازی ژیان هەیە: ژیانی کۆچەری و ژیانی دامەزراو. هۆکاری دووەم دینە کە لە مەسیحییەت و ئیسلام دا خۆی نیشان دەدا  کە ئەو دینانە هەر کامیان ڕێگایان خۆش کرد بۆ لە دایکبوونی شارستانییەت و ئوستوورە/ سیمبۆلی جیاواز ، هۆکاری سێیەم  ساز بوونی شارە، کە شوێنی لە سەر خۆناساندنی ئێتنیکی پێداویستی بە لەبەرچاوگرتنی زنجیرەیەک فاکتور هەیە لە تەئسیری پلاندانانی شار تا یەکخستنی لە ناوەند دوورکەوتنەوە کۆدی جۆر بەجۆری قانوونی ، بە تایبەتی قانوونی لوبێک و ماگدێبورگ. هۆکاری چوارەم  دەوری سیاسەتی ئێمپریالییەی لەپاراستنی ئوستوورە – سیمبولەکان لە فەزایەکی بەربڵاوی جوغرافیایی دا. دوایین هۆکار زمانە. ئارمسترناگ بەو ئاکامە دەگا کە لە سەردەمی بەر لە مۆدێڕن " گرینگی زمان بۆ ناسێنەی ئێتنیکی هەتا بڵێی
  پێویستە ".گرینگییەکەی لە بەر هێزی سیاسی و دینی و وەفادارییە بە ماوەی سەدان.
لە کارەکانی دا، ئارمستڕاناگ زۆر روونتر لە دووی قسەی مودێرنیستی وەک بێنێدیکت ئاندرسن و ئێریک هاوبسبام دەدا کە ناسێنەی نەتەوەیی داهێنانێک بووە ، ئەگەر چی ئەو پێی وایە جەختکردن لە سەر " کۆنینە بوونی هێندێک لە داهێنانان و ئەو خەسڵەتانەی دەستەیی کە پێشتر هەبوون کە داهێنەران توانیویانە لە سەریان هەڵنێن.
ئانتۆنی دی. سمیت
شاگردێکی پێشووی مۆدێرنیستی هەڵکەوتوو ئێرنێست گێلنێر، ئانتۆنی دی. سمیت  ڕوانگەیەکی جیاوازی لە مامۆستایەکەی پێش خست، کە نموونەی هەرە دیاری لە
 "
LSD DEBATE " دەردەکەوێ سەبارەت بە ناسیۆنالیسم ( ناوێک کە گێلنێر لێی ناوە).  سمیت دەڵی مرۆڤ ناتوانێ " لە دەوڵەتی مۆدێڕن تێ بگا بە بێ لە بەر چاوگرتنی ئەو کوتە ئێتنیکیانەی کە پێشتر هەبوون، نەبوونی ئەوە دەکرێ کەمایەسییەکی جیدی ساز کا لە سەر ڕێی " دەوڵەت ساز کردن".  سمیت باوەری وا بوو کە ناساندنی " نەتەوە " و 
" ناسیۆنالیسم" کە لە لایەن  مۆدێرنیسم و پریمۆردیالیسمەوە پێش خراون  بەرتەنگە. لە ڕوانگەی سمیتەوە، کێشەی مۆدێرنیسم  بە شێوەی سەرەکی ئەوەیە کە مۆدێرنیستەکان  نەتەوە وەک " نەتەوەی مۆدێڕن" بە ناو دەکەن بەو خەسڵەتانەوە کە نەتەوە ئوڕووپاییەکان لە سەدەی ١٨ و ١٩ دا بوویانە و بەو شێوەیە ناساندنەکەی ئەوان دەبێ بە ئووڕووپا تەوەری و یەک لایەنە. سمیت پێشنیاری ناساندنێکی " ئیدێئالی و نموونەی لە نەتەوە دەکا بەو مانایە  نەتەوە: " بریتی یە حەشیمەتێکی ئینسانی کە لە سەرزەوییەکی هاوبەشدا شەریکە، ئەفسانە و بیرەوەری مێژوویی هاوبەش ، کولتوورێکی کۆمەڵی و گشتی هاوبەش، ئابوورییەکی هاوبەش و مافی قانوونی و ئەرکی قانوونی هاوبەشی هەیە بۆ گشت ئەندامەکانی ".

سمیت هەر وەها زاراوەی گرینگی " ئێتنی " داهێنا ، بە مانای " دەستەی ئێتنیک " کە دەکار دەکردرێ بۆ باسکردنی کۆمەڵگە ئێتنێکییەکانی بەر لەمۆدێڕن. ئەوە شەش خەسڵەتی سەرەکی هەیە:
ناوێکی بە کۆمەڵی تەواو [ لەبار]
ئوستوورەیەک لە مەڕ ڕەچەڵەکی هاوبەش
یەک یان زیاتر عونسوری جیاکەرەوەی کولتوورێکی گشتی
" بەسترانەوە بە " نیشتمانێکی " تایبەتی"
هەبوونی هەستێکی هاوپێوەندی لە ناو بەشە گرینگەکانی حەشیمەتەکە دا
بە بۆچوونی سمیت چوار مێکانیزمی سەرەکی هەیە بۆ ئەوەی ئێتنیکێک خۆی تازە بکاتەوە.
ڕێفۆرمی دینی، وەک لە نموونەی مێژووی جوولەکاندا ڕووی دا
قەرزی کولتووری لە نموونەی ڕووبەڕوو یەک هاتنی نێوان کولتوورەکانی جوولەکە و یۆنانی
بەشداری جەماوەری لە نموونەی بزووتنەوی کۆمەڵایەتی – دینی لە نموونەی مەزدەکییەکان لە سەدەی پێنجەمی ساسانییەکان دا  کە بووە هۆی وەلەرزە خستنی بناغەکانی دەوڵەتی ساسانی
ئەفسانەی هەڵبژاردنی ئێتنیک ، کە نەبوونی دەکرێ پێوەندی پەیدا بکاتەوە بە لە کورتی دانی مانەوەی ئێتنیکی ئاسوورییە، فینیقییە و فیلیستین.
بۆ ئەوەی لەوە تێ بگەیشتردرێ کە بۆچی و چۆن نەتەوەیەک سەرهەڵدێنێ و پەیدا دەبێ، سمیت باس لە دوو جۆر لە کۆمەڵگەی ئێتنیک دەکا: لایەنی ( ئاریستۆکڕاتیک) و ئەستوونی (هەڕەمە) . لە بەرهەمەکانی دواتری دا سمیت جۆرەیەکی سێیەمیشی لێ زیاد کرد : نەتەوەی موهاجیرەکان کە بریتین لە بەش و کوتی ئێتنی دیکە ، وەک دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئاوسترالیا.

بە پێی بۆچوونی سمیت سێ ڕێگا هەیە بۆ ئەوەی ڕابردوو بتوانێ لە سەر ئێستای نەتەوە شوێن دانێ:
بە ڕێگای دووبارە بوونەوەی فۆڕمی نەتەوە. سمیت پێمان دەڵێ. چەمکی نەتەوە سەبارەت بە شێوەیەک لە سەرچاوەی کولتووری و تێکەڵی ئێنسانییە کە بە تواناییەکی لە هەموو سەردەمەکانی  مێژووی ئینسانی دا هەیە بە ڕێگای بەردەوامیی دامەزراو دا. بەردەوامی دەکرێ لە " ناوی هاوبەشی لەبار، کۆدە زمانییەکان و سەرزەوییە ئێتنیکییەکان  دا ببیندرێتەوە کە گشتیان دەکرێ بمێننەوە، تەنانەت دوای ئەوەی ئەو کۆمەڵگەیەی بەوانەوە پەیوەستن  هەموو بزر بووبێ " ئەو کوتانە دەکرێ چوارچێوەیەک بۆ بووژانەوە و زیندووبوونەوەی کۆمەڵگە بن لە فۆڕمێکی نوێ دا. سمیت وەکوو نموونەیەکی باش ئاماژە دەکا بە یۆنانییەکان، کە بە ڕێگای زیندووبوونەوەی بەردەوامی ناوەکان، زمان وسەرزەوییەکان بە ڕێگای تەرخانکردن و دیسان تەفسیر کردنەوە – لە نموونەی مەیلی وەچەکانی دواتر بۆ کەشف کردنەوە، بەڵگەمەند کردن، و ڕەهەندی لەباری ئەو شتەی ئەوان بە ڕابردووی ئێتنیکی  " خۆیان " ی دەزانن.

جان هاچینسۆن
جان هاچینسۆن خوێندکارێکی پی ئێچ دی سمیت بوو لە مەدرەسەی ئابووری لەندەن.  یارمەتی سەرەکی هاچینسۆن بە ئێتنۆسیمبۆلیسم  بریتییە لە تیوری ناسیۆنالیسمی کولتووری ، کە بەڕێگای دینامیکی ناسیۆنالیزمی کولتوورییەوە پێش خراوە.
هاچینسۆن ناسیۆنالیسم وەک " ناسیونالیسمی سیاسی " و " ناسیونالیسمی کولتووری " جوێ دەکاتەوە ، کە ئەوانە جیاوازن ، تەنانەت چەمکە ڕقەبەرەکانی نەتەوە، بە توندی ستراتێژی سیاسییان هەیە کە دەچن دەباڵ یەکەوە. ناسیۆنالیستە سیاسییەکان لە جێدا ناسیۆنالیستی کۆسمۆپۆلیتن (جەهان میهەنن)  کە بۆچوون و چەمکاندنی نەتەوە لای ئەوان " بەرەو پێشەوە دەڕوانێ بۆ ئەوەی بگاتە ئینسانییەتێکی هاوبەش کە لە جیاوازییە کولتوورییەکانەوە کەوتووەتەوە". ئەگەر چی ئەو ڕاستییەی کە جیهان دابەش بووە بە سەر فرە کۆمەڵگەی سیاسی ئەوانی وا لێکردووە کە لە چوارچێوەی سنوورە هەییەکاندا کار بکەن. ئامانجی ناسیۆنالیستە سیاسییەکان ئەوەیە " دەوڵەتێکی نوێنەرایەتی ساز کەن بۆ کۆمەڵگەیەکەیان  کە ئەو بتوانی بەشداری بکا وەکوو یەکسانێک لە پێشخستنی شارستانییەتییەکی عاقڵمەندی کۆسمۆپۆلیت دا".
بە پێچەوانەی ئەوە  ناسیۆنالیستە کولتوورییەکان باوەریان وایە ئینسانییەت " لە هێزێکی ئافرێنەر موتوربە کراوە کە هەموو شت بە تاکایەتی دەبەستێتەوە" هەر وەک تەبیعەت. ئەوان دەوڵەتیان پێ شتێکی بە رێکەوتە، چونکە لە ڕوانگەی ئەوانەوە نەتەوە لە جێدا شارستانییەتێکی لەمەڕ خۆ و تایبەتە، کە " بەرهەمی مێژوویەک و کولتوورێکی تاقانە و پرۆفیلێکی جوغڕافیایی یە". نەتەوەکان بریتین لە ئێتنیتی ئۆرگانیک و ئەو کەسانەی کە دەژین. هاچینسۆن بە توندی ناسیۆنالیسمی کولتوری دەخاتە ژێر پرسیار. ئەو نەک هەر ئالنگاری مۆدێرنیزم دەکا لە بەرهەمەکانی پێشووتری خۆیدا، بەڵکوو لە بەرهەمە تازەترەکانی دا بە پۆست مۆدێرنیزمیشەوە دەچارێ بە تایبەتی لە کتێبی  نەتەوەکان وەک مەکۆی کێشە دا.

ڕەخنە و سەرکۆنە
تۆماس هیلاند ئێریکسن دەلێ ئەوە چەواشەکارییە ئیدیعا بکرێ کە بەردەوامییەکی نەپساوە هەیە لە کولتوورەکانی بەر لە مۆدێرن دا تا نەتەوەکان. هەر ئاوا ، واکر کۆنور  و جان بریولی رەخنە لە ئێتنۆ سیمبۆلیستەکان دەگرن  بۆ ئەوەی
دەستە ئێتنیکییەکان و نەتەوەکان تێکەڵ دەکەن. بریولی دەلێ ئەوە نامومکینە بزاندرێ بە پێی بەڵگە  بەش و کوتە ئێتنیکییەکان چ مانایەکیان هەیە بۆ زۆربەی خەڵک لە سەردەمێکی بەر لە مۆدێڕن دا ، و بەردەوام دەبێ ئاماژە دەکا، بە پێچەوانەی نەتەوە مۆدێرنەکان، زۆر لە ناسێنە بەر لە مۆدێڕنەکان بنەمایەکی دامەزراوەییان نییە کە بەڕێگای ئەودا ناسێنە نەتەوەییەکە فۆڕم بە دەست بێنێ.
بیولی هەر وەها دڕدۆنگ و بە گومانە لە تێخوێندنەوەی ئەم زەمانییە لەمەڕ کەرەستە کولتوورییەکانی لەمەڕ ڕابردوو، بە باسی ئەوەی کە چۆن ڕووناکبیرە ناسیۆنالیستەکان و سیاسەتمەداران دەست دەبەن بۆ زەق کردنەوەی ئەفسانە و سیمبۆلەکان بۆ ئەوەی ناسێنەیەکی نەتەوەیی تایبەتی پێش بخەن. لە ڕاستیدا، لە زۆر نموونە دا، ئەو دەڵێ لە جێدا ناسیۆنالیستەکان ئەفسانەیان دادەهێنن یان چاو لە بەڵگەی دژ بە بۆچوونی خۆیان دەنووقێنن.  لەوەش زیاتر بە پێچەوانەی  ئێتنۆ سیمبۆلیستان کە جەخت دەکەنەوە لە سەرسیمبۆڵە سەرەتاییەکان، ئوستوورەکان ، بایەخەکان و نەریتەکان، بریولی ئاماژە دەکا کە زۆر لە بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکان سەرکەوتوون بە بێ ئەوەی مێژوویەکی دەوڵەمەندی ئێتنیکیان هەبێ کە لە بەهرەی بخۆن.
ئوموت ئوێزکرملی و سپیرۆس سۆفۆس ڕەخنە دەگرن لە  پێوەندی بێ کێشەی  نێوان نەتەوەکان و ئەو ئێتنیانەی کە سمیت هێناویەتە گۆڕێ و دەڵێن کە بیرکردنەوەی ئێتنۆسیمبۆلیست بە " ئاوردانەوە لە ڕابردوو و بە ئێتنی کردن " دەناسرێتەوە . ئەوە واتە زانایان دێن  ڕابردوویەکی ئاڵۆز، دژ لە هەڤ و ناڕوون " دەئێتنیکێنن " ، و نەریتە کۆمەڵایەتی و کولتووریە جیاوازەکان دەخەنە پرێسکەیەک و لیکیان دەبەستن، کە زۆر جار پێوەندییان بەیەکەوە نییە، بە بەکار هێنانی فکری ئێتنی. ئەوان دەڵێن  نەتەوان لەلایەن ناسیۆنالیستانەوە دەناسێندرێن  کە خۆیان بە ئاوڕدانەوە بۆ دوایە ئەو ئێتنیانە ساز دەدەن – " کۆمەڵ
/
 کۆ کراوە ی پڕاتیکە  کولتوورییەکان کە بە درێژایی زمان دامەزرێندراو یان داهێندراوە ، و ئەوانە زۆر جار بە تۆبزی لێک دەبەستن  بە پێی داوەری یان پێداویستییەکانی  ئەوانەی نەتەوە چێ دەکەن – سیاسەتمەداران یان ڕۆمانتیکان، فۆلکلۆریستان، میزیکۆلۆژیستان، پەروەردەکاران وەکوو دیکە – زۆر جار بەرهەمی بە ئاوردانەوە سەر ڕابردوو بە ڕەوا دانانی هەمان پێواژۆی کە پڕۆژە ناسیۆنالیستییەکانی دا ڕشتووە."
کرێگ کالۆن دەلێ ڕچە هەڵگرتنی بەردەوامیی لە نەریتی -ئێتنیکەکان دا  ئەوە شرۆڤە ناکا کە کام نەریت دەمێنێتەوە و کامەیان دەبێ بە بنەمای نەتەوان. ئەو جەخت لە سەر ئەوە دەکا کە نەریتەکان نەک هەر بەئیرس ماونەتەوە و وەخۆ کراون بەڵکوو بەرهەم هێندراونەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ بارودۆخی نوێ بگونجێندرێن و مانایان پێ ببەخشرێ ، کە دەکرێ مانایان بە شێوەی بەرچاو ئاڵوگۆڕی بەسەر دابێ.


وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە
تێبینی: ئەو بابەتانەی سەرەوە لە ئینترنێت وەرگیراون و وەرگێڕدراون. زمانی وەرگێڕانەکە قورسە دەکرێ بۆ سووکتر کردن و ئاسانتر تێگەیشتنی دوای خوێندنەوەی بۆچوونی خۆتان بنێرن بۆ وێبنووسی ڕوانگە


Friday, August 9, 2024

Saturday, July 27, 2024

پێشەکی وتوێژ لەگەڵ تۆفیق وەهبی


 

پێشەکی وتوێژ لەگەڵ تۆفیق وەهبی

Dear Hassan,

Mamosta Kemal Re'uf wants to publish the text of my 1976 London interview with Towfiq Wahby and he has asked me to write an intro. Here is the first draft of it, I would appreciate it if you find the time to go through it for editing and suggestions. I just sent it to him, too, because, it has taken me a year to find the time to write it and under much pressure. I have told him that this is not the final version.

Best,

مامۆستا ئەمیر لە بەرواری پێنجشەمە ١٠ – ژووەنی ٢٠١٠ ئەم پەیامەی سەرەوەی لە گەڵ ئەم بابەتەی خوارەوە    ناردم بۆ ناردم و لەپەیامەکەی دا دەنووسێ:
'حەسەنی خۆشەویست، مامۆستا کەماڵ ڕەئووف دەیەوێ چاوپێکەوتنەکەی من لەگەڵ تۆفیق وەهبی کە ساڵی ١٩٧٦ لە لەندەن لەگەڵم کرد بڵاو کاتەوە و داوای لێ کردووم سەرەتایەکی بۆ بنووسم. ئەوە یەکەم سیایی نووسراوەکەت بۆ دەنێرم . جێی پێزانییە ئەگەر کاتت هەبێ پێیدا بێیەوە و بژاری بکەی و ئەگەر پێشنیازکەت هەیە پێم ڕابگەیێنی. هەر ئێستا دەقەکەم بۆ نارد، چونکە نزیکەی ساڵێکی خایاند تا کات پەیدا بکەم و ئەمە بنووسم و سەرەڕای فشاری زۆری دیکە. ئەمن ئاگادارم کردووەتەوە کە ئەمە دەقی کۆتایی نییە

لەگەڵ ئاواتی هەرە باش
.......
بە داخەوە خودالێخۆشبوو مامۆستا کەمال ڕەئووف کە کتێبەکەی خۆی لەمەر تۆفیق وەهبی چاپ کرد ئەم سەرەتا بە ناوەرۆکەی مامۆستا ئەمیری نەپەژراند و بێ ئەوەی ئاگاداری کاتەوە سەرەتاکەی لە کتێبەکە دا چاپ نەکرد، بەڵام دەقی وتووێژی حەسەنپووری لەگەڵ تۆفیق وەهبی لە کتێبەکە دا بڵاو کردەوە و چۆنی پێی خۆش بوو پێی داهاتەوە و تەنانەت لە یوتیووبیش دا بێ ئەوەی مامۆستا ئەمیر ئاگادار بکا کاسێتە دەنگییەکەی لەگەڵ چەند وێنەی وەهبی بڵاو کردەوە. ئێمە کە ئەو ناحەقیمان دی لەگەڵ هاورێ عەلیی کەریمی زۆرمان ئیسرار لێ کرد هەرچۆنێک بێ دەبێ خۆی ئەم سەرەتایەی کە نووسیویە لەگەڵ دەقی دابەزێندراوی چاوپێکەوتن لەگەڵ وەهبی و بابەتی پێوەندیداری دیکە بڵاو کاتەوە.

بەخۆشییەوە بە قسەی کردین و ئاکامەکەی بوو بە کتێبی: " سەدەیێک خەبات لە پێناوی زمانی کوردیدا: تیۆری، سیاسەت وئیدەئۆلۆژی" کە بنکەی ژین لە ساڵی ٢٠١٥ ، لە ٥٠٠ نوسخە دا بڵاوی کردەوە. مامۆستا ئەمیر بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکانی بابەتەکە و دە ڕاستیدا ناوەرۆکی ئەو سەرەتایەی کە لەمەڕ گفتوگۆ لەگەڵ تۆفیق وەهبی نووسیبووی باشتر ڕوون بێتەوە ، 'دوو تەقەلای بێ سوود' ی ئەمین زەکی بەگی کردە پاشکۆی کتێبەکەی.
ئەوەش سیاییی ئەو پێشەکییەیە کە نەمر حەسەنپوور نووسیویە و بە یادی وی لە سێیەمین ساڵی لە کیس دانی بڵاوی دەکەینەوە،

ح،قازی ٢٤ – ٦ - ٢٠٢٠

پێشەکی وتوێژ لەگەڵ تۆفیق وەهبی

من له‌ ساڵی 1976 له‌ زانکۆی ئیلینۆی ده‌ستم کرد به‌ کاری لێکۆڵینه‌وه‌ی تێزی دوکتورام‌ سه‌باره‌ت به‌ پڕۆسه‌ی ستانداردبوونی زمانی کوردی. دوای ئه‌وه‌ی پێشنیاری تێزی دوکتوراکه‌م په‌سندکرا، له‌ گۆڤارێکدا خوێندمه‌وه‌ که‌ س. ج. ئیدمۆندز، ئه‌فسه‌ری سیاسیی حکوومه‌تی ئینتیداب له‌ کوردستان، ئه‌و چاپه‌مه‌نییه‌ کوردییه‌ی که‌ له‌ عێراق کۆیکردۆته‌وه‌ پێشسکه‌شی کتێبخانه‌ی سواس له‌ زانکۆی له‌نده‌نی کردووه‌].١]

رێککه‌وتی وام به‌ خه‌یاڵیشدا نه‌ده‌هات. لێکۆڵینه‌وه‌ی تێروته‌سه‌لی ستانداردبوونی زمانی کوردی له‌ ساڵانی 1970دا کارێکی هاسان نه‌بوو. ستانداردبوون گۆڕانێکی به‌رچاو له‌ ده‌کارهێنانی زمان پێکدێنیێ، هه‌م له‌ خوێندن/نووسین و هه‌م له‌ قسه‌کردندا. جا بۆیه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی ستانداردبوون به‌ بێ له‌به‌رده‌ستدابوونی به‌رهه‌می نووسراو به‌ تایبه‌ت چاپکراو ئیمکانی نییه‌. به‌ڵام له‌ هیچ کتێبخانه‌ و ئارشیوێکدا ته‌واو یان به‌شێکی زۆری چاپه‌مه‌نی کوردی په‌یدا نه‌ده‌بوو و ده‌نگی تۆمارکراوی رادیۆ کوردییه‌کانیش له‌ هیچ کوێ وه‌ده‌ست نه‌ده‌که‌وت. لێکۆڵینه‌وه‌ کارێکی فکری و کوولتووری و سیاسییه‌. له‌ ساڵانی 1970دا، له‌ ئێران و تورکییه‌ و سوورییه‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ ئازادی ئه‌کادێمیک و سیاسی نه‌بوو. ئه‌و کاتی له‌ زانکۆی تاران زمانناسییم ده‌خوێند (له‌ به‌رنامه‌ی ماجێستر و دوکتورا له‌ 1968 هه‌تا 1972)، رێگه‌یان نه‌ده‌دا کوردی وه‌ک زمان باس بکرێ و ئه‌گه‌ر باسی کرابا ده‌بوو پێی بگوترێ "گویش" یان "له‌هجه"‌. کۆسپێکی دی که‌م بوونی سه‌رچاوه‌ بوو. کتێبخانه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌ به‌رهه‌می چاپیی کوردییان زۆر که‌م ‌بوو و ئه‌ونده‌ی که‌ هه‌بوو، بۆ وێنه‌ چاپه‌مه‌نی پێش 1923 له‌ تورکییه‌، به‌ هاسانی وه‌به‌رده‌ستی لێکۆڵه‌ره‌وه نه‌ده‌خرا‌.[2] له‌ یه‌کێتی سۆڤێت، کتێبخانه‌کان سه‌رچاوه‌ی چاپکراو و ده‌ستنووسی کوردی زۆریان هه‌بوو به‌ڵام سه‌فه‌رکردن و مانه‌وه‌ له‌و وڵاته‌ بۆ من نه‌ده‌گونجا. له‌ عێراق سه‌رچاوه‌ی چاپه‌مه‌نی و ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که‌ خۆی له‌ گۆڕانی زماندا به‌شداریان کردوه زۆر بوون به‌ڵام دیسان سه‌فه‌رکردن بۆ عێراق، به‌ هۆێ سیاسی (به‌ربه‌ره‌کانیکردنم له‌ دژی ریژیمی به‌عس)، بۆ من نه‌ده‌گونجا

له‌ ئه‌مریکا و وڵاته‌ رۆژئاواییه‌کان کتێبخانه‌ گه‌وره‌ و زۆرباش هه‌ن که‌ گشت سه‌رچاوه‌یێکی به‌ زمانه‌ رۆژئاواییه‌کان بڵاو بووبێته‌وه‌ وه‌به‌رده‌ستی خوینه‌ره‌وه‌ ده‌خه‌ن. بێجگه ‌له‌ سه‌رچاوه‌ی نووسراو و کوتراو، لێکۆڵینه‌وه‌ی ستانداردبوونی زمانی کوردی یان هه‌ر زمانێکی دی پێویستی به‌ زانستیی تیۆری هه‌یه.‌ بۆ وێنه‌ پرسیاری سه‌ره‌کی له‌ بواری تیۆری ئه‌وه‌یه‌: "ستانداردبوونی زمان چییه‌، چۆن و بۆچی پێکدێ؟" و ئه‌وه‌ش خۆی کۆمه‌ڵێک پرسیاری دی دێنێته‌ گۆڕێ که‌ لێره‌دا جێگه‌ی پێداچوونه‌وه‌ی نییه‌. کتێبخانه‌ی زانکۆی ئیلینۆی کانگایێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی کتێب و گۆڤار، به‌ زمانی جۆراوجۆر، سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ بوو. هه‌وه‌ها، یه‌کێک له‌ مامۆستاکانم، لادیسلاو زگووستا، پسپۆرێکی ناسراوی تیۆری ستانداردبوونی زمان بوو.

ئه‌و کتێبخانانه‌ شتی وایان تێدایه‌ که‌ له‌ کوردستان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌گیر ناکه‌ون. بۆ وێنه‌، به‌شێک له‌ چاپه‌مه‌نی کوردی سه‌رده‌می عوسمانی و به‌شێکی گرینگی که‌له‌پووری ده‌ستنووس له‌و کتێبخانانه‌ پارێزراون.[3] کتێبخانه‌ی زانکۆی ئیلینۆی که‌ سێهه‌م کتێبخانه‌ی گه‌وره‌ی زانکۆیی ئه‌مریکا بوو (دوای هاروارد و یه‌یل) کانگایێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی گشت چه‌شنه‌ زانستێک بوو و له‌ ساڵی 1976 دا نزیکه‌ی شه‌ش ملیۆن کتێب و 90 هه‌زار گۆڤار و رۆژنامه‌ی هه‌بوو؛ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و کتێبخانه و کتێبخانه‌کانی دی له‌ ئه‌مریکا‌ سه‌رچاوه‌ی گرینگیان به‌ زمانی کوردی یان سه‌باره‌ت به‌ زمانی کوردی هه‌بوو،[4] دیسان بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ به‌س نه‌بوون‌.[5] بۆ وێنه‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاری تازه‌ی کوردیان بۆ نه‌ده‌هات، به‌ڵام من له‌ رێگه‌ی کتێبفرۆشی ڤیکتر که‌مکین توانیم رۆژنامه‌ی ریا ته‌زه‌ چاپی ئیرڤان ئابوونه‌ ببم ئه‌ویش ساڵێک به‌ نۆ دۆڵار. ئه‌و کتێبخانه‌یه‌ کتێبی چاپی سۆڤێتیشی ده‌فرۆشت. له‌ ئه‌مریکا و ئورووپا، کتیبخانه‌کان‌ ده‌توانن له‌ کتێبخانه‌کانی وڵاتی دی کتێب به‌ ئه‌مانه‌ت وه‌ربگرن و من جارجاره‌ به‌و شێوه‌یه‌ کتێبم وه‌ده‌ست ده‌که‌وت. جا له‌و بارودۆخه‌دا، وه‌ده‌ستکه‌وتنی کۆمه‌ڵه‌ کتێبی ئیدمۆندز کێشه‌ی سه‌رچاوه‌کانی تا راده‌یێکی زۆر چاره‌سه‌رکرد. من له‌ مانگی 7 دا به‌ره‌و له‌نده‌ن وه‌ڕێکه‌وتم.

له‌ له‌نده‌ن میوانی کاک حه‌سه‌نی قازی بووم. کاک حه‌سه‌ن چالاکی سیاسیی و زمانیی و کوولتووری ده‌کرد، له‌ نووسین و وه‌رگێڕان بۆ زمانی کوردیدا شاره‌زا بوو، و له‌و بوارانه‌دا له‌ تێبینی و بۆچوونه‌کانی که‌ڵکێکی زۆرم وه‌رده‌گرت، و بۆ دیتن و پێوه‌ندیگرتن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی که‌ بۆ کاری لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی من ده‌کارده‌هاتن یارمه‌تی ده‌دام.

من رۆژانه‌ به‌یانی به‌ کۆڵێک سیکه‌وه‌ ده‌چوومه‌ سواس و هه‌تا ئێوارێ که‌ کتێبخانه‌که‌‌ داده‌خرا خه‌ریکی فۆتۆکۆپیکردنی چاپه‌مه‌نییه‌کان ده‌بووم (هاوینان کتێبخانه‌ هه‌تا کاتژمێری پێنج ئاواڵه‌ بوو). ته‌واوی گۆڤار و رۆژنامه‌کانم (وه‌ک زبان، ژیان، گه‌لاوێژ، بانگی کوردستان، زاری کرمانجی، روناکی، دیاری کوردستان...) فۆتۆکۆپیکرد و کتێبه‌کانیش ئه‌وه‌نده‌ی بۆم کرا کردم و ئه‌وانه‌ی که‌ نه‌متوانی ته‌واویان بکه‌م پێش و پاشی کتێبه‌که ‌و چه‌ند لاپه‌ڕه‌ییكی هه‌وه‌ڵ و ئاخریم کۆپی کرد. که‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ئیلینۆی له‌ کتێبخانه‌ی زانستگام داوا کرد که‌ بۆ کاری لێکۆڵینه‌وه‌که‌م میکرۆفیلمی ته‌واوی کتیبه‌ ده‌رسیه‌کانی سواسم بۆ وه‌ربگرن. من لیستی کتێبه‌کانم دا به‌ کتێبخانه‌ و ئه‌وانیش داوایان کرد و دوای دوومانگان گه‌یشتنه‌ ده‌ستم. کتێبه‌کانی ئیدمۆندز شتی زۆر نایابیان تێدابوو که‌ له‌ کوردستانی عێراقیش وه‌ده‌ست نه‌ده‌که‌وتن وه‌ک ته‌علیمی تاقم که‌ تۆفیق وه‌هبی نووسیبووی و حکوومه‌تی شێخ مه‌حموود بڵاوی کردبۆوه‌ (تعلیم طاقم، سلیمانی، مطبعه‌ حکومت، 1338) و دوو ته‌قه‌لای بێسوود که‌ له‌ به‌غدا چاپکرابوو به‌ڵام سانسۆرکرابوو.

له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا روونه‌ که‌ ئاکامی ستانداردبوون به‌رهه‌مه‌ چاپکراوه‌کان و ئاخافتنی سه‌ر رادیۆ و مه‌دره‌سه‌ و ده‌زگای کارگێڕییه‌، ناتوانین ته‌نیا به‌ به‌رهه‌می چاپکراو پڕۆسه‌ی ستانداردبوون باش تۆماربکه‌ین و لێکیبده‌ینه‌وه‌. ستانداردبوونی زمان پرۆسه‌ییکی خۆڕسکیی گۆڕانی زمان نییه‌ و راستتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ باتی ستانداردبوون بڵێین ستانداردکردن‌‌. بۆ وێنه‌ به‌ لێکدانه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ چاپییه‌کان، مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌یه‌ که‌ به‌ کوردی نووسراون‌، ناتوانین خه‌بات بۆ چاککردنی ئه‌لفووبێی کوردی ته‌واو روونبکه‌ینه‌وه‌. چاپه‌مه‌نییه‌ کوردییه‌کان، بۆ وێنه‌، ئه‌وه‌یان تۆمارکردووه‌ که‌ نیشاندانان له‌ سه‌ر حه‌رفی ل، ر یان و که‌ی ده‌ستی پێکرد و چی به‌سه‌رهات به‌ڵام ئه‌وه‌مان بۆ روون ناکه‌نه‌وه‌ که‌ خه‌باتی سیاسی و فکری بۆ ئه‌و گۆڕانه‌ چۆن به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌و زانیارییه‌ زۆرتر له‌ رێگه‌ی وتووێژکردن، پرسین و باسکردن، نامه‌نووسین، به‌ڵگه‌ی بڵاونه‌کراوه‌، یان بیره‌وه‌ری وه‌ده‌ستده‌که‌ون. زمانی کوردی له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌ به‌تایبه‌ت دوای شه‌ڕی جیهانی هه‌وه‌ڵ ده‌ستی به‌ ستانداردبوون کرد و له‌ ساڵی 1976 دا زۆرکه‌س له‌وانه‌ی له‌و خه‌باته‌دا چالاک بوون هێشتا مابوون. یه‌کێک له‌وانه‌ تۆفیق وه‌هبی بوو که‌ له‌ له‌نده‌ن ده‌ژیا. من له‌ ساڵی 1971 یان 1972، پێش ئه‌وه‌ی بچمه‌ ئه‌مریکا، له‌ به‌رنامه‌ی به‌یانی به‌شی فارسی رادیۆ له‌نده‌ن وتووێژێکم له‌گه‌ڵ تۆفیق وه‌هبی گوێ لێببوو و ده‌مزانی له‌ له‌نده‌ن ده‌ژیا. به‌ڵام له‌ 1976دا، ئه‌وه‌نده‌ به‌و چاپه‌مه‌نیانه‌ خه‌نی بووم زۆر فکرم له‌ وتووێژکردن نه‌ده‌کرده‌وه‌. پێموابوو ده‌بێ پاداران بگرم چونکه‌ بێپایان ئێ خۆمن. بۆ من که‌ له‌ له‌نده‌ن نه‌ده‌ژیام، پاداره‌کان چاپه‌مه‌نییکه‌ بوون. به‌ڵام له‌ راستیدا، پاداره‌کان وه‌هبی و ئه‌و که‌سانه‌بوون که‌ له‌و خه‌باته‌دا به‌شداربوون و هێشتا مابوون و له‌به‌ر ده‌ستان بوون. کاک عه‌زیزی ژیان که‌ بۆ درێژه‌دان به‌ خوێندنی هاتبووه‌‌ بریتانیا و ئه‌وکات‌ له‌ له‌نده‌ن بوو، پێی کوتم که‌ هاتووچۆی تۆفیق وه‌هبی ده‌کا و ده‌توانین پێکه‌وه‌ بچینه‌ دیتنی.

ستانداردکردن، پرۆسه‌ییکی وشیارانه‌ی ده‌ستتێوه‌ردانی زمانه؛ زمان خۆی له‌ خۆیه‌وه‌‌ به‌ شێوه‌یێکی خۆڕسکی ستانداردنابێ؛ ستانداردبوون به‌رهه‌می ده‌کارهێنانی زمانه‌ له‌ نووسین و خوێندنه‌وه‌دا و هه‌روه‌ها له‌ قسه‌کردندا به‌ تایبه‌ت له‌ شوێنی ره‌سمیی وه‌ک مه‌دره‌سه‌ و پارلمان و به‌رنامه‌ی رادیۆیی و تلڤیزیۆنی. ستانداردبوونی له‌هجه‌یێک له‌ له‌هجه‌کانی زمان پێوه‌ندی نیوان له‌هجه‌کان ده‌گۆڕێ و ده‌سه‌ڵات ده‌دا به‌ له‌هجه‌ی ستاندارد. هه‌روه‌ها پێوه‌ندی زمانه‌که‌ له‌گه‌ڵ زمانه‌کانی دی ده‌گۆڕێ. به‌ڵام سنووره‌کانی ده‌ستتێوه‌ردانی وشیارانه‌ له‌ زماندا له‌ هه‌ر زمانێکدا تایبه‌تێتی خۆی هه‌یه‌. جاری واهه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی که‌ قامووسێک داده‌نێن یان به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی (رۆمانێک، کۆمه‌ڵه‌ شیعرێک...) ده‌نووسن یان کتێبێک وه‌رده‌گێڕنه‌ سه‌ر زمانی خۆیان (وه‌ک مارتین لووتر که‌ ئینجیلی کرده‌ ئه‌لمانی) یان رۆژنامه‌ و گۆڤارێک بڵاوده‌که‌نه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ پێنه‌زانن که‌ به‌ دانانی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ پرۆسه‌ی ستانداردکردن وه‌رێده‌خه‌ن یان به‌هێزده‌که‌ن. ستانداردکردنی زمانی کوردی له‌ بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆز و سه‌ختدا ده‌ستی پێکرد. کوردی دوای شه‌ڕی جیهانی هه‌وه‌ڵ به‌ سه‌ر پێنج وڵات دا دابه‌ش کرا، له‌ تورکییه‌ و ئێران که‌ زۆربه‌ی کوردی-ئاخێوانیان لێده‌ژیا، زمانه‌که‌ قه‌ده‌غه‌کرا و له‌ سووریه‌ بێده‌نگ کرا و ته‌نیا له‌ دوو وڵات هه‌لی بۆ هه‌ڵکه‌وت که‌ به‌ره‌و ستانداردبوون بڕوا -- له‌ عێراق و یه‌کێتی سۆڤێتدا  ه‌ کوردستانی عێراق، که‌ فره‌له‌هجه‌یی باوبوو و دوو له‌هجه‌ی کورمانجی و سۆرانی له‌ باری نفووسه‌وه‌ ئاخێوه‌ریان زۆرتر‌بوو، کاتێک چاپه‌مه‌نی و خوێندن و کارگێڕی حکوومه‌تیی ده‌ستی پێکرد، کێشه‌ی هه‌ڵبژاردنی له‌هجه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ نه‌هاته‌ گؤڕێ و ته‌نیا سۆرانی ده‌کارده‌هات. ئه‌و ده‌کارهێنانه‌ی سۆرانی ‌هه‌لبژاردنێکی وشیارانه‌ و به‌ به‌رنامه‌ و به‌ پشت ئه‌ستووری به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی نه‌بوو. وانه‌بوو که‌ ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری بریتانیا (1918-1920) و حکوومه‌تی ئینتیداب (1920-1932) له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ساخببنه‌وه‌ که‌ له‌هجه‌ی سۆرانی له‌ له‌هجه‌کانی دی باشتر و جوانتر و ره‌سه‌نتر و پێشکه‌وتووتره. ئه‌گه‌ر پێوانه‌ی هه‌ڵبژاردنی له‌هجه‌ی ستاندارد و ره‌سمی پێشکه‌وتوویی و پێشینه‌ی نووسین و چاپه‌مه‌نی بووبا، ده‌بوو له‌هجه‌ی کورمانجی له‌ عێراق ببێته‌ له‌هجه‌ی ره‌سمی، چونکه‌ له ساڵی‌ 1898ه‌وه‌ (بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستان) هه‌تا هه‌ڵوه‌شانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی عێراق، چاپه‌مه‌نی کوردی زۆرتر به‌ کورمانجی بوو. رۆشنبیری وه‌ک پیره‌مێرد یان تۆفیق وه‌هبی و ره‌فیق حیلمی پێش دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌شێک له‌ توێژی رۆشنبیری کوردی وڵاتی عوسمانی بوون و زۆر باش ئاگایان لێبوو که‌ پێش ساڵی 1918، له‌هجه‌ی کورمانجی، له‌ چاپه‌مه‌نی کوردی و کۆڕوکۆمه‌ڵی کورددا، بانده‌ست بوو. که‌وابێ، ده‌کارهێنانی سۆرانی له‌ کوردستانی عێراق له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بوو، که‌ له‌ سنووری ده‌وڵه‌تی تازه‌داتاشراوی عێراقدا، ناوچه‌ی سۆرانی-ئاخێو زۆرتر شارنشین و خوێنده‌واربوو، و بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی چالاکتر بوو و داوای مافی سه‌ربه‌خۆیی ده‌کرد. هه‌ر له‌وبه‌ری سنووری رۆژئاوای عێراق، له‌ وڵاتی تازه‌داتاشراوی سوورییه‌دا‌، چاپه‌مه‌نی، ئه‌وه‌نده‌ی که‌ رێگه‌یان ده‌دا، به‌ کورمانجی بڵاوده‌بۆوه‌. له‌ هه‌ر پێنج پارچه‌ی زمانی کوردیدا، چاره‌نووسی زمانه‌که -- ستانداردکردن و ره‌سمیکردنی -- وه‌ک کێشه‌ی نێوان ده‌وڵه‌ته‌کان و گه‌لی کورد وه‌ڕگه‌ڕکه‌‌وت.‌ نه‌ له‌ عێراق نه‌ له‌ سوورییه‌، کێشه‌کانی زمانی کوردی له‌ باری تیۆرییه‌وه‌ لێکنه‌درانه‌وه و ده‌وڵه‌ته‌کان رێگه‌یان ‌نه‌ده‌دا که‌ کێشه‌ی زمانی کوردی به‌ شێوه‌یێکی ئازاد و کراوه‌وه‌ و جه‌ما‌وه‌ریی چاره‌سه‌ربکرێ. له‌ عێراق له‌ ساڵانی 1920دا به‌ رؤشنبیره‌کان پرس ده‌کرا به‌ڵام ده‌وڵه‌تی به‌غدا گوێی نه‌ده‌دا به‌ بۆچوون و داخوازییه‌کانی ئه‌وان، و مه‌ندووبی سامیش گوێی لێ ده‌ئاخنی (ساطع الحصری له‌ بیره‌وه‌ریه‌کانی دا باسی فێڵ و فریوی خۆی ده‌کا). له‌ سه‌ره‌تاوه‌، کێشه‌که‌ وه‌ک ناکۆکی نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ و رۆشنبیرانی کورد ده‌ستی پێکرد و درێژه‌ی پێدرا.

له‌ قه‌فقاز (هه‌رمه‌نستان، گورجستان و ئازه‌ربایجان)، دوای دامه‌زرانی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی سۆڤێت له‌ 1921به‌ولاوه‌، سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌ بوو که‌ نووسین و خوێندن به‌ زمانی کوردی بێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ته‌واوی کوردی سۆڤێت کورمانجی-ئاخێو بوون و به‌ پێویستیان نه‌ده‌زانی که‌ کێشه‌ی جیاوازی له‌هجه‌یی بێته‌ گۆڕێ، به‌ پێچه‌وانه‌ی کوردستانی عیراق، پڕۆژه‌ی ستانداردکردن له‌ بوار‌ی تێوری و سیاسییه‌وه‌ موناقشه‌ی لێکرا. بۆ وێنه‌ له‌ کۆنفه‌رانسی 1934ی ئێریڤاندا باسی زمانی ئه‌ده‌بیی کوردی و نۆرمه‌که‌ی کرا و له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ساخبوونه‌وه‌ که‌ زمانی ئه‌ده‌بیی (ستانداردی) کوردی سۆڤێت له‌ سه‌ر بنچینه‌ی مه‌کته‌بی ئه‌حمه‌دی خانی و شیوه‌ی ئاخافتنی چینی کرێکاری کورد له‌و وڵاته‌ دامه‌زرێ.[6]له‌ یه‌کێتی سۆڤێت، به‌ پێچه‌وانه‌ی عێراق، که‌ توێژێکی رۆشنبیری کورد (ته‌واویان پیاو بوون) له‌ ئاخری سه‌ده‌ی نۆزده‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵێنابوو، زۆربه‌ی خه‌ڵک نه‌خوێنده‌واربوون به‌ڵام نه‌خوێنده‌واری، به‌ پێچه‌وانه‌ی عێراق که‌ تا ئه‌وڕۆ درێژه‌ی هه‌یه‌، زۆر زوو بنه‌ڕه‌تکرا، و توێژێکی رۆشنبیر که‌ ژنیشیان تێدابوو ره‌گی داکوتا. کوردی-ئاخێو ڵه‌ سۆڤێت، به‌ پێچه‌وانه‌ی عێراق، پرش وبڵاو بوون و که‌م بوون – نزیکه‌ی سه‌دهه‌زار له‌ سۆڤێت و دوو ملیۆن له‌ عێراق.

له‌ گشت زمانێکدا، ستانداردکردن ئه‌رکی سه‌رشانی رۆشنبیرانه‌ که‌ زمان له‌ بواری فکری و رۆشنبیری و زانست و ئامڕازی راگه‌یاندنی گشتی و په‌روه‌رده‌دا ده‌کاردێنن. له‌ کوردستانی عێراق، به‌ پێچه‌وانه‌ی سۆڤێت، که‌ ده‌وڵه‌ت یارمه‌تی ده‌دا به‌ ستاندارد کردنی زمانه‌ نه‌نووسراوه‌کان،[7] ده‌وله‌ت کۆسپێک بوو له‌ رێگه‌ی ستانداردکردندا. له‌و بارودۆخه‌دا، ئه‌رکی سه‌رشانی رۆشنبیران قورستر بوو. ده‌وڵه‌تی عێراق که‌ وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی عه‌ره‌بی-زمان خه‌ریکی دامه‌زران بوو و نه‌یده‌ویست زمانی کوردی گه‌شه‌ بکا و وشیارانه و به‌ به‌رنامه ته‌نگی به‌و تێکۆشانه‌ هه‌ڵده‌چنی (وتووێژه‌که‌م له‌گه‌ڵ تۆفیق وه‌هبی گۆشه‌یێک له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و ناکۆکییانه‌ ده‌رده‌خا). به‌ڵام ده‌وڵه‌تی عێراق خۆی له‌ پرۆسه‌ی دامه‌زران و سه‌قامگرتن دابوو و ئه‌و ته‌نگپێهه‌ڵچنینه‌ به زمانی کوردی به‌‌شێک له‌و پرۆسه‌یه‌ بوو. ده‌وڵه‌تی بریتانیا، وه‌ک‌ میعماری ئه‌و پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌تڕۆنان و نه‌ته‌وه‌ ڕۆنانه‌، زۆرتر لایه‌نی ده‌وڵه‌تی به‌غدای ده‌گرت. رۆشنبیران ئاگایان له‌و سیاسه‌ته‌ بوو. جارێ به‌ کورتی باسی ئه‌و وشیارییه‌ سیاسییه‌ ده‌که‌م و دوایه‌ دێمه‌وه‌ سه‌ر نه‌بوونی وشیاری تیۆریی.

کاتێکی له‌ ساڵی 1930دا ده‌وڵه‌تی ئینتیداب په‌یمانێکی له‌گه‌ڵ ده‌وله‌تی به‌غدا به‌ست بۆ ئه‌وه‌ی عیراق سه‌ربه‌خۆ بێ، رابه‌رانی کورد و ئاشۆری ناره‌زایی خۆیان ده‌ربڕی وگوتیان‌ ئه‌و په‌یمانه‌ هیچ مافێکی سه‌ربه‌خۆیی و ئۆتۆنۆمی دابین ناکا. جا ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و ناکۆکییه‌ به‌ڵێنیان دا که‌ مافی زمانیی کورد و ئاشۆری‌ ده‌پارێزرێ. ئه‌وه‌ش قه‌راربوو به‌ دانانی "قانون لغات محلی" وه‌دیدبێ. کاتێکی ئه‌و باسه‌ هاته‌ گۆڕێ و له‌ 1931دا لایحه‌ی ئه‌و قانوونه‌ بڵاو بۆوه‌، ئه‌مین زه‌کی به‌گ له‌ عه‌ریزه‌یێکدا که‌ له‌ 20ی کانوونی دووهه‌می 1930 بۆ مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی نارد و هه‌روه‌ها له‌ دیدارێک له‌ گه‌ڵ مه‌ندووبی سامی دا ره‌خنه‌ی له‌ سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت و له‌ قانوونه‌که‌ گرت و دوایه‌ش له‌ 20ی مایسی 1931 دا ره‌خنه‌کانی خۆی له‌ عه‌ریزه‌یێکدا بۆ مه‌ندووب نارد. ئه‌و دوو عه‌ریزانه‌ له‌ سالی 1935دا له‌ ژێردێڕی دو ته‌قه‌لای بیسود دا (به‌غدا، چاپخانه‌ی مه‌ریوانی، 69 لاپه‌ڕه‌) چاپکرا به‌ڵام ده‌وه‌ڵه‌تی به‌غدا رێگه‌ی نه‌دا کتێبه‌که‌ له‌ چاپخانه‌ بچێته‌ ده‌ر و بڵاوبێته‌وه‌ و کۆیانکرده‌وه‌. له‌‌‌و دوو عه‌ریزانه‌دا، وردبینیی و تێگه‌یشتنی نووسه‌ر و لێکدانه‌وه‌ و ره‌خنه‌یێکی گرینگی سیاسه‌تی زمانیی ده‌وڵه‌تی ئینتیداب وعیراق‌ تۆمارکراوه‌. س. ج. ئیدمۆندز له‌ نووسراوه‌یێکی نهێنی حکوومه‌تی ئینتیدابدا ده‌ڵێ:

هیچکام له‌ میوانه‌ کورده‌کانم هه‌روا له‌ خۆیانه‌وه‌ باسی [قانوونی لۆغاتی محه‌للی] ناکه‌ن. کاتێکی پرسیاریان لێده‌که‌م هیچ پێخۆشبوونێک ده‌رنابڕن. به‌ پێچه‌وانه،‌ ره‌خنه‌یانگرتووه‌ له‌ که‌موکوورییه‌کانی. ئه‌وه‌ زۆر جێی سه‌رنجه‌ چونکه‌ ئه‌و [قانوونه] له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ به‌ڵێنیێکی هه‌ره‌ کۆنکرێته‌‌ که‌ تا ئێسته ‌[به‌ کورده‌کان] دراوه‌. به‌ڵام کوردان به‌ ده‌لیل ده‌زانن که‌ که‌نداوێکی گه‌وره‌ له‌ نیوان به‌ڵێن و کرده‌وه‌ دا هه‌یه‌.]8]

وه‌هبیش له‌ وتووێژه‌که‌ دا ناره‌زایی خۆی له‌ قانوونی لوغاتی محه‌لی ده‌رده‌بڕێ به‌ڵام روون نییه‌ که‌ له‌کاتی خۆی دا، له‌ 1928 هه‌تا 1932، چ به‌ربه‌ره‌کانیێکی سیاسی کردووه. خۆی ده‌ڵێ "من له‌ وه‌زعێکدا نه‌بووم سیاسه‌ بکه‌م." به‌ڵام ئه‌گه‌ر رۆشنبیران له‌ سیاسه‌تی زمانیی له‌نده‌ن و به‌غدا باش تێده‌گه‌یشتن، له‌ بواری تیۆری زمانناسی و ستانداردکردنی زماندا (ئه‌و کات چه‌مکی "زمانی ستاندارد" باونه‌بوو) شاره‌زایی که‌م بوو و مۆدێلێکی که‌ بۆ زمانی کوردییان ره‌چاوده‌کرد هه‌ر ئه‌وه‌ بوو که‌ له‌ زمانی عه‌ره‌بی و فارسی و تورکیدا به‌دییان ده‌کرد. له‌ روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ کوردی ده‌بوو وه‌ک ئه‌و سێ زمانانه‌ی لێ بێ دیاره‌ بێجگه‌ له‌ ئه‌لفووبێیه‌که‌یان. به‌ڵام ئه‌و زمانانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێشینه‌ی ئه‌ده‌بیی ده‌وڵه‌مه‌ند و کۆنیان هه‌بوو، خۆیان له‌ نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌وه‌ ده‌ستیان به‌ ستانداردبوون کردبوو.[9] ئه‌و کوردانه‌ی که‌ له‌ مه‌دره‌سه‌کانی عوسمانی ده‌رسیان خوێندبوو زمانێکی ئورووپایی وه‌ک فه‌رانسه‌یی یان ئه‌لمانی فێرببوون و تۆفیق وه‌هبی، به‌ پێچه‌وانه‌ی سعید صدقی که‌ رێزمانی کوردی له‌ سه‌ر پێوانه‌ی صرف و نحوی عه‌ره‌بی داده‌نا (مختصر صرف و نحوی کوردی، به‌غدا، نه‌جاح، 1928)، زمانی ئینگلیسی و فه‌رانسه‌یی کردبوو به‌ مۆدێلێک بۆ دانانی رێزمانی کوردی.

جا له‌ بارودۆخی نه‌بوونی به‌رنامه‌دانانی زمانیی و وشیاری تێۆری و له‌ سای سیاسه‌تی ته‌عریبی به‌غدادا، ئه‌رکی ستانداردکردنی زمانه‌که‌ له‌ سه‌ر شانی رۆشنبیره‌کان بوو. حکوومه‌تی ئینتیداب به‌ تایبه‌ت دوای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی مووسڵ (1925) و ته‌نانه‌ت له‌ پێشتر، دوای دامه‌زرانی حکوومه‌تی سۆڤێت له‌ قه‌فقاز له‌ 1921، زۆرتر لایه‌نی ده‌وڵه‌تی به‌غدای ده‌گرت. بۆ وێنه‌، ئیدمۆندز له‌ نووسراوه‌ نهێنییه‌کانیدا که‌ ئێسته‌ له‌ ئارشیوه‌کاندا له‌ به‌ر ده‌ستدایه‌، ره‌خنه‌ی له‌ سیاسه‌تی ته‌عریبی به‌غدا ده‌گرت. له‌ نووسراوه‌یێکی نهێنی که‌ له‌ 12 مایسی 1929 بۆ مه‌ندووبی سامی ناردووه‌ هه‌م له‌ سیاسه‌تی خۆیان ره‌خنه‌ ده‌گرێ هه‌م له‌ سیاسه‌ت و کرده‌وه‌ی به‌غدا به‌ تایبه‌ت له‌ وه‌زاره‌تی مه‌عاریف و سیاسه‌تی ته‌عریب. له‌ به‌شێکی ئه‌و به‌ڵگه‌دا ده‌نووسێ:

من ناڵیم که‌ وه‌زاره‌تی مه‌عاریف له‌ هه‌ر وه‌زاره‌تێکی دی خه‌تابارتره‌ به‌ڵام چه‌ند نموونه‌ی چه‌شنه‌ چالاکییێکی کورتبینانه‌ وه‌به‌رچاوده‌خا که‌ ته‌نیا هه‌ستی توندڕۆیی کوردان ده‌ورووژێنێ. نموونه‌ی ئه‌و کرده‌وانه‌ ئه‌وانه‌ن: (ئه‌لف) حه‌ولدان بۆ ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ڵکی سلێمانی له‌ باتی کوردی زمانی عه‌ره‌بی بۆ خوێندن له‌ مه‌دره‌سه‌ی ناوه‌ندی ده‌کاربێنن، (ب) خۆلادان له‌ کردنه‌وه‌ی مه‌دره‌سه‌یێکی ناوه‌ندی له‌ هه‌ولێر مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی کهخه‌ڵک زمانی عه‌ره‌بی بۆ ده‌رس خوێندن قبووڵ بکه‌ن، (ج) دوایه‌ش حه‌ولیاندا که‌ زمانی ده‌رس خوێندن له‌ کلاسی 5 و 6 له‌ هه‌ولێرێ له‌ کوردی ڕا بکرێ به‌ عه‌ره‌بی، (د) لابردنی زمانی کوردی له‌ مه‌دره‌سه‌ی کچان له‌ هه‌ولێرێ، (ه) وه‌دره‌نگی خستنی نابه‌جێی په‌سندکردنی کتێبه‌ ده‌رسییه‌کان که‌ دراون به‌ وه‌زاره‌ت، و دانه‌مه‌زراندنی که‌سانێکی ته‌واووه‌خت بۆ وه‌رگێڕانی کتێبه‌ده‌رسییه‌کان، و هتد. ده‌بێ نموونه‌یێکی شایسته‌ی گاڵته‌پێکردن به‌ دوورودرێژێکی زۆرتر بگێڕمه‌وه‌. دانه‌ری کتێبێکی ئه‌لفووبێی کوردی سه‌ره‌تایی، که‌ له‌ پێشدا له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ په‌سندکرابوو، له‌و ئاخرانه‌دا ته‌بعی دووه‌می بڵاوکرده‌وه‌.[10] ئێسته‌ کوردی بێجگه ‌له‌ ر و ل ێ ئاسایی، جۆری ده‌ماندنیی ((aspirated variantsئه‌و دوو حه‌رفانه‌ی هه‌یه‌ که‌ به‌ دانانی نوخته‌یێک له‌ ژێر ر و له‌سه‌ر لدیاریده‌کرێن. ئێسته‌ که‌ تیپ [حه‌رفی چاپخانه‌] له‌ به‌غدا وه‌ده‌ست ده‌که‌وێ، دانه‌ری کتێبه‌که‌ داوای له‌ مودیری مه‌عاریف کرد که‌ ئیجازه‌ی بدرێتێ ئه‌و دوو حه‌رفانه‌ ده‌کاربێنێ. هه‌ڵبه‌ت ره‌دکردنی ئه‌و داخوازییه‌ وه‌ک دژایه‌تی له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌ی کوردی چاوی لێکرا و زیانێکی زۆری هه‌بوو. تێگه‌یشتنی ئه‌وه‌ زه‌حمه‌ته‌ که‌ چۆن تێخستنی دوو نوخته‌، یان ته‌نانه‌ت په‌نجا نوخته‌، ده‌توانێ زیان له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق بدا. دیاره‌ زۆربه‌ی ئه‌و نموونانه‌ ئی هه‌ولێرن. ئه‌وه‌ش ئاکامی جیاکردنه‌وه‌ی هه‌ولێره‌ له‌ خوشکه‌لیواکانی که‌رکووک و سلێمانی ۆ تێهاویشتنی هه‌ولێر، بۆ مه‌به‌ستی ئیداره‌کردنی مه‌دره‌سه‌کان، له‌ ژێر مودیری مه‌عاریفی مووسڵ که‌ که‌سێکی له‌راده‌به‌ده‌ر دژی-کورده‌. ئه‌وه‌ بۆ خۆی پێشیلکردنی وشه‌ و رۆحی به‌ڵێنه‌‌کانه‌.[11]

به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێدمۆندز له‌و به‌ڵگه‌‌ نهێنییه‌دا نووسیوێتی قه‌ت له‌ نووسراوه‌ چاپکراوه‌کانی دا وه‌سه‌ر کاغه‌زی نه‌ده‌خست و له‌ سه‌ر سیاسه‌تی له‌ندەن و به‌غدایه‌ی ده‌کرده‌وه‌. مه‌ندووبی سامی و له‌نده‌نیش ره‌خنه‌کانی ئیدمۆندزیان وه‌پشت گوێ ده‌خست. سیاسه‌تی بریتانیا ئه‌وه‌ بوو که‌ ده‌وڵه‌تی عیراق له‌ سه‌رپێی خۆی راوه‌ستێ، له‌ ژێر فه‌رمانی له‌نده‌ندا بمێنێ، و بتوانێ به‌ربه‌ره‌کانی کۆمۆنیسم بکا. بزوتنه‌وی ناسیۆنالیستیش ده‌بوو لغاوبکرێ بۆ ئه‌وه‌ی، له‌ روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌، نه‌بێته‌ هاوده‌ستی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی. له‌ سوورییه‌ش سیاسه‌تی فه‌رانسه‌ هه‌ر ئا‌وا‌ بوو.

رۆشنبیره‌کان توێژێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بوون که‌ پێکهاتبوون له‌ نووسه‌ر، رۆژنامه‌نووس، مامۆستا، وه‌رگێڕ، هۆنه‌ر، فه‌رهه‌نگنووس و هتد. هێندێکیان، مه‌لا و فه‌قێ، له‌ حوجره‌ی مزگه‌وته‌کان پێگه‌یشتبوون و ئه‌وانی دی له‌ مه‌دره‌سه‌ تازه‌کانی عوسمانی فێری زانستی مۆدێرن ببوون. ناکۆکی ئه‌و دوو به‌شه‌ی رۆشنبیران له‌ بۆچوونی تۆفیق وه‌هبی بۆ سه‌عید سیدقی کابان ده‌رده‌که‌وێ: وه‌هبی له‌ وتووێژه‌که‌دا ده‌ڵێ ئه‌و مه‌لایه‌ "هیچ نازانێ...مه‌لاکه‌ ترکی خوێندبوو، فارسی ئه‌زانی.. عه‌ره‌بیشی ئه‌زانی کابرایه‌کی مۆدێرن نه‌بوو..". له‌ باری سیاسییه‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی یه‌کێتی سۆڤێت که‌ رێبازی سۆسیالیستیی ره‌چاوکرد، له‌ کوردستانی عێراق ناسیۆنالیسم رێنوێنی رۆشنبیره‌کان بوو. ئه‌و ناسیۆنالیسمه‌ خۆی تازه‌ په‌یدا ببوو و له‌ بواری زماندا ده‌گوورا و زمانیشی ده‌گووراند. له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دوو ره‌وه‌ندی ستانداردکردن ره‌چاوکرا: چاککردنی ئه‌لفووبێ و وشه‌ڕۆنان. وشه‌ڕۆنانه‌که‌ش‌ زۆرتر په‌تیکردن بوو، ئه‌ویش به‌ فڕێدانی وشه‌ی عه‌ربی و، له‌ راده‌یێکی که‌متردا، تورکی و فارسی. په‌تیکردنه‌که‌ش دوو شێوه‌ی سه‌ره‌کی هه‌بوو، یه‌کیان ده‌کارهێنانی ئه‌و وشانه‌ی که‌ له‌ زمانی زاره‌کیدا باوبوون و له‌ نووسیندا ده‌کارنه‌ده‌هاتن، ئه‌وی دیش داتاشینی وشه‌ بوو. له‌ چاککردنی رێنووسیشدا، سیاسه‌تی کوردی کردن یان په‌تیکردن رێنوێنی رۆشنبیران بوو: به‌ دژی ده‌وڵه‌تی به‌غدا، زمانی کوردی ده‌بوو ئه‌وه‌نده‌ی ده‌کرێ له‌ زمانی عه‌ره‌بی هه‌ڵاواردرێ. هه‌تا ده‌وڵه‌تی عێراق زۆرتر جێگرده‌بوو و سیاسه‌تی ته‌عریبی زۆرتر ره‌چاو ده‌کرد، په‌تیکردنیش توندوتیژتر ده‌بوو. به‌شێکی زۆری وتوووێژه‌که‌م له‌گه‌ڵ وه‌هبی باسی سه‌ره‌تاکانی ئه‌و شه‌ڕه‌یه‌ له‌ نێوان ناسیۆنالیسمی کورد و ده‌وڵه‌تی به‌غدایه.‌

وه‌هبی باسی ناکۆکی خۆی و ابوخلدون ساطع الحصری (مودیری مه‌عاریفی عام، 1921-1927) ده‌کا له‌ سه‌ر کێشه‌ی چاککردنی ئه‌لفووبێ. له‌ 1923دا، ساطع الحصری داوای له‌ وه‌هبی کرد که‌ رێزمانێکی کوردی بۆ مه‌دره‌سه سه‌ره‌تاییه‌کان دابنێ. به‌ڵام کاتێکی وه‌هبی ده‌ستی به‌ کارکرد، به‌و بڕوایه‌ گه‌یشت که‌ ئه‌لفوبێی عه‌ره‌بی بۆ نوسینی کوردی که‌موکووڕی هه‌یه‌ و ده‌بێ چاک بکرێ و، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، چه‌ند نیشانه‌ و نوخته‌ له‌ حه‌رفه‌ عه‌ره‌بییه‌کان زیادبکرێ. ساطع الحصری به‌ توندی به‌ربه‌ره‌کانی ئه‌و به‌رنامه‌ی کرد و کوتی عه‌ره‌بی زمانی قورعانه‌‌ و دانانی نیشانه‌ و زیادکردنی نوخته‌ له حه‌رفی عه‌ره‌بی کوفره. وه‌هبیش به‌ره‌نگاری مودیر بوو و کوتی کاتێکی قورعانی زاره‌کییان نووسییه‌وه‌‌‌، حه‌رفی عه‌ره‌بی نه‌ ئیعرابی هه‌بوو و نه‌ نوخته، قورعانه‌ ده‌ستنووسه‌ هه‌ره‌کۆنه‌کانیش ئیعراب و‌ نوخته‌یان نه‌بوو،‌ و زمانی فارسیش هه‌م نوخته‌ی لێ زیادکرد و هه‌م نیشانه. وه‌هبی ئه‌و باسه‌ی له‌ پێشدا، له‌ ساڵی 1973 دا به‌ نووسین، گێڕابۆوه به‌ڵام من نووسراوه‌که‌م نه‌دیتبوو و خۆی کۆپییه‌کی دامێ.[12] ساطع الحصریش له‌ بیره‌وه‌رییه‌کانیدا باسی ئه‌و کێشه‌ی کردبوو به‌ڵام له‌ کاتی وتووێژه‌که‌دا من هێشتا ئه‌و بیره‌وه‌رییه‌م نه‌خوێندبۆوه[13]‌ ، و ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌رچاوانه‌م خوێندبووباوه‌ و به‌ ئاماده‌یی پرسیارم کردبا له‌وانه‌ بوو زانیاری و تێبینی تازه‌ی لێهه‌ڵوه‌ریبا. له‌ مێتۆدۆلۆژی لێکۆڵینه‌وه‌دا، وتووێژکردن وه‌ک شێوه‌یێکی گرینگی وه‌ده‌ستهێنانی زانیاری باسی لێده‌کرێ: بۆ وێنه‌ پێوه‌ندی نێوان دوو لایه‌نی پرسیارکه‌ر و وه‌ڵامده‌ر له‌ روانگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، جێگه‌ی و بڕگه‌ی وتووێژه‌که‌، شێوه‌ی پرسیارکردن (بۆ وێنه‌، پرسیاری له‌ پێشدائاماده‌کراو، مه‌ودادان به‌ هه‌ر پرسیارێکی بێته‌ گۆڕێ، وه‌ڵامده‌ر خۆی پرسیارکه‌ر بێ و بتوانێ هه‌رچی ده‌یه‌وێ باسی بکا)، مه‌به‌ستی وتووێژ و زۆر باسی دی.

وتووێژه‌که‌ له‌ ماڵی وه‌هبی به‌ڕێوه‌چوو. مامۆستا ئێواران له‌ ماڵێ داده‌نێشت و میوانان ده‌هاتن بۆ دیداری و به‌ قسه‌وباس رایانده‌بوارد. من له‌ دانیشتنێکی وا دا که‌ چه‌ند که‌سی لێبوو، یه‌کیان کاک عه‌زیزی ژیان، پرسیاره‌کانم ده‌ست پێکرد و میوانه‌کانیش ئازادبوون قسا‌ن بکه‌ن.

له‌ وتووێژه‌که‌دا، زۆر باس هاته‌ گۆڕێ و لێره‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م پێده‌کرێ له‌ باتی پێداچوونه‌وه‌ به‌ ته‌واوی باسه‌کان، وتووێژه‌که‌ بخه‌مه‌ ناو باروودۆخی گشتی لێکۆڵینه‌وه‌که‌ و ده‌ست رابکێشم بۆ یه‌ک دوو بابه‌تێکی باسکراو و چه‌ند بۆچوون و تێبینییێکی خۆم سه‌باره‌ت به‌ رابردوو و ئێسته‌ی زمانی کوردی. وه‌هبی به‌ خه‌باتی خۆی بۆ چاککردنی ئه‌لفووبێ کوردی ده‌ست پێده‌کا و ده‌ڵێ که‌ وه‌زاره‌تی مه‌عاریف داوای لێکرد که‌ رێزمانێکی کوردی بۆ مه‌دره‌سه‌کان دابنێ:

له‌گه‌ڵ نامه‌ ره‌سمییه‌که‌دا که‌ وه‌زاره‌تی مه‌عاریف ناردبووی گرامێرێکی ئینگلیزیشیان ناردبوو بۆم که‌ په‌یڕه‌وی بکه‌م له‌ نووسینی گرامێره‌که‌م دا به‌ڵام من له‌ ئه‌ندیشه‌ی نووسینی ده‌نگه‌کاندا بووم؛ ئه‌و ئه‌ندیشه‌ به‌ راستی داگیری کردبووم و له‌و وه‌خته‌دا خواوڕاستان نامیلکه‌یێکم دی له‌ نامه‌فرۆشی مه‌که‌نزی دا (مه‌که‌نزی نامه‌فرۆشی ئینگلیزی بوو له‌ به‌غدا)؛ له‌و نامیلکه‌دا گشت ئه‌و زمانانه‌ی که‌ ئینجیلیان [پێ] ته‌رجومه‌کردووه‌، نموونه‌یان نووسرابوو. ئه‌وانه‌ که‌ بۆ نموونه‌ ئایه‌ته‌کانی ئینجیلیان نووسیبوو له‌ گشت ئه‌مانه‌دا نیشانه‌ی پێویست دانرابوو له‌ سه‌ر ده‌نگه‌ تایبه‌تییه‌کاندا...له‌و ئایه‌ته‌دا به‌ پێی ده‌نگه‌کانی ئه‌و زمانه‌ نیشانه‌یان دانابوو له‌ سه‌ر حه‌رفه‌کان. ئه‌وه‌م دی موهیم بوو ئه‌وه‌. منیش که‌وتمه‌ ده‌ستی ئه‌وه‌وه‌، به‌ندی ئه‌وه‌وه‌، ده‌ربه‌ست بووم که‌ نیشانه‌دابنێم له‌سه‌ر تیپه‌ عه‌ره‌بییه‌کان بۆ نووسینی کوردی...

دیاره‌‌ که‌ له‌ ته‌رجومه‌ کوردییه‌کانی ئینجیلدا که‌ له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌ به‌ حه‌رفی عه‌ره‌بی بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ ئه‌و نیشانانه‌ی که‌ ئه‌وڕۆ له‌ نووسینی کوردی داباون (وه‌ک نیشانه‌ی سه‌ر ڵ) ده‌کارهاتوون. به‌ڵام ئه‌وه‌ جێی سه‌رنجه‌ که‌ وه‌هبی ئه‌و ئینجیله‌ کوردییانه‌ی نه‌دیبوون و له‌ نامیلکه‌یێکدا که‌ نموونه‌ی ئه‌و ته‌رجومانه‌ی تێدایه‌ ئه‌و نیشانانه‌ ده‌بینێ. هه‌وڵ جار نیشانه‌ی سه‌ر ڵ له‌ کتێبی ئینجیلی مه‌رقوس که‌ له‌ 1909 دا بڵاوببۆوه‌ ده‌کارهات و ده‌ ساڵ دوایه‌ش له‌و چوار ئینجیله‌ی که‌ له‌ ساڵی 1919دا به‌ کوردی موکری بڵاوبۆوه‌ (انجیل متی، انجیل مرقوس، انجیل یوحنا، انجیل لوقا، نیویۆرک، چاپی "بیبل سوسائیتی امریکا و بریتیش و فورن بیبل سوسائیتی") ره‌چاوکرا. ته‌نانه‌ت له‌ عیراقدا، که‌ کتێبی کوردی قه‌ده‌غه‌ نه‌بوو، که‌مبوونی سه‌رچاوه‌، نه‌بوونی کتێبخانه‌ی گشتی و زانکۆیی و به‌ کورتی به‌ر‌ته‌نگبوونی ژیانی کوولتووری وه‌ک کۆسپێک بوو بۆ گه‌شه‌پێدان به‌ زمانی کوردی‌. به‌ هه‌ڵکه‌وت‌ له‌ ئێران، که‌ له‌ ساڵانی 1960دا کتێبی کوردی قه‌ده‌غه‌بوو، له‌ کتێبخانه‌یێکی که‌ له‌ خه‌یابانی قوام السلطنه‌ چاپه‌مه‌نی مه‌سیحی ده‌فرۆشت داوای ئینجیلی کوردیم کرد و هه‌ر چوار ئینجیله‌کانی چاپی 1919یان هه‌بوو و وه‌رمگرتن.

له‌ سه‌ره‌وه‌ باسی نه‌بوونی وشیاریی تیۆریم کرد. ئه‌و که‌م وکوووڕییه‌ ده‌وری گێڕا له‌ به‌رته‌نگکردنی پرۆژه‌ی ستانداردکردن. بۆ وێنه‌، له‌ وتووێژه‌که‌ ده‌رده‌که‌وێ خه‌می گه‌وره‌ی وه‌هبی چاککردنی ئه‌لفووبێ و په‌تیکردنی وشه‌ی کوردی بوو؛ ئه‌وه‌ش بۆچوونی زۆربه‌ی رۆشنبیران بوو. مامۆستا حقی شاویس له‌ 1925دا نووسی: "...به‌ ده‌ستووری عه‌ره‌بی نووسین و خوێندن بۆ ئێمه‌ موعه‌مایه‌: هه‌م موعه‌مایێکی زۆر گه‌وره‌یه...‌ هه‌ر شکڵێک هه‌ر حه‌رفێک مه‌ته‌ڵێکه‌..." (دیاری کوردستان، ژماره‌ی 10، لاپه‌ڕه‌ی 12). که‌س نه‌بوو بپرسێ که‌ ئه‌ده‌بیاتی کوردی له‌ چوار سه‌ده‌ی پێشوودا چۆن به‌ ئه‌لفووبێی عه‌‌ره‌بی ده‌نووسرا و که‌س که‌موکوورییه‌کانی نه‌ده‌کرد به‌ موعه‌ما یان خسڵه‌تێکی ره‌گه‌زیی. ئێسته‌، نه‌وه‌د ساڵ دوای ئه‌وه‌ی‌ که‌ ئه‌لفووبێیه‌که‌ تا راده‌یێکی زۆر چاککراوه ده‌کرێ بپرسین ده‌ستکه‌وته‌که‌ی چییه‌‌؟ فارسی که‌ وه‌دوای به‌رنامه‌ی وا نه‌که‌وت چ به‌ڵایێکی به‌ سه‌رهات یان تورکی که‌ ئه‌لفووبێی عه‌ره‌بی وه‌لانا و ئه‌لفووبێی لاتینی وه‌خۆگرت چ ده‌ستکه‌وتێکی له‌ باران دایه‌؟ پتر له‌ هه‌زار ساڵ له‌وه‌ی پێش فارسی به‌ زیاد کردنی نوخته‌ له‌ سه‌ر سێ حه‌رف (پ، چ، ژ) و دانانی نیشانه‌یێک (گ) ئه‌و ئه‌لفووبێیه‌ی وه‌رگرت و ئه‌ده‌بیاتێکی مه‌زنی خولقاند و بوو به‌ هاوشانی عه‌ره‌بی و ئێسته‌ش له‌ تورکی و ئه‌لفووبێیه‌ لاتینییه‌که‌ی یه‌کجار ده‌وڵه‌مه‌ندتره‌. رێنووسی ئینگلیسیش له‌ رێنووسی کوردیی پێش سالی 1918 ناته‌واوتره‌‌. ئینگلیسی (ستانداردی بریتانیا) 44 فۆنیم (ده‌نگی سه‌ره‌کی)[14] هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌لفوبێیه‌که‌ی 26 حه‌رفی هه‌یه‌. ئه‌و ناته‌باییه‌ی ژماره‌ی ده‌نگه‌کان و ژماره‌ی حه‌رفه‌کان وێڕای چه‌ند هۆی دیکه‌ رێنووسی ئینگلیسی ته‌واو ئاڵۆزکردووه‌. بۆ وێنه‌، حه‌رفی x له‌ سه‌ره‌تای وشه‌ی xorex دا نوێنه‌ری ده‌نگی /z/یه‌ به‌ڵام هه‌ر ئه‌و حه‌رفه‌ له‌ ئاخری وشه‌که‌دا نۆێنه‌ریی دوو ده‌نگی‌ / ks/ ده‌کا. واهه‌یه‌ ده‌نگێک له‌ وشه‌یێکدا به‌ هیچ حه‌رفێک نیشان نادرێ یان حه‌رفی وا هه‌یه‌ ده‌نووسرێن به‌ڵام له‌ کوتندا نایه‌نه‌ سه‌رزار.[15]

دیاره‌ له‌ ساڵانی چاککردندا‌، تیۆری خوێندنه‌وه‌ زۆر پێشکه‌وتوو نه‌بوو و له‌ وڵاتیش که‌س ئاگای له‌و باسانه‌ نه‌بوو به‌ڵام رۆشنبیران ده‌کرا به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌ رێنووسی فارسی و عه‌ره‌بی که‌ مۆدێلی رێنووسی کوردی بوون ئه‌وه‌ بزانن که‌ چاککردنی ئه‌لفووبێ به‌ شێوه‌یێکی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ پێویستییێکی مێژوویی نییه. ئه‌وه‌ی پێویست بوو بکرێ ئه‌وه‌ بوو که‌ کوردی له‌ مه‌یدانی نووسینی هه‌مه‌ چه‌شنه‌، شێوازی نووسین، وشه‌ڕۆنان، دانان و وه‌‌رگێڕانی سه‌رچاوه‌ی زانستی، قامووس دانان، کۆکردنه‌وه‌ی زمان و ئه‌ده‌بی زاره‌کی، و کۆکردنه‌وه‌ و بڵاوکردنه‌وه‌ی که‌له‌پووری ده‌ستنووس هه‌نگاوهه‌لبگرێ. له‌ باری تیۆرییه‌وه‌، ئێسته‌ روون بۆته‌وه‌ که‌ له‌ پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌دا، خوێنه‌ره‌وه‌ وشه‌کان حه‌رف-به-حه‌رف ناخوێنێته‌وه‌ و هه‌ر وشه‌یێک وه‌ک یه‌ک شکڵ ده‌بینێ و ده‌یخوێنێته‌وه‌. جا بۆیه‌ له‌ زمانی فارسی و ئینگلیسی و زۆرزمانی دی دا، سه‌خڵه‌تیی رێنووس وه‌ک کۆسپێک چاوی لێناکرێ و منداڵیش ده‌توانێ، به‌ مێتۆدی باش، هه‌ر رێنووسێک له‌ ماوه‌یێکی که‌مدا فێرببێ.‌ زمانی چینی ئه‌لفووبێشی نییه‌ و چه‌ند هه‌زار نیشانه‌ی هه‌یه‌ به‌ڵام هه‌م منداڵان باشی فێرده‌بن و هه‌م زمانه‌که‌ له‌ کوردی و تورکی و ته‌نانه‌ت عه‌ره‌بی و فارسی ده‌وڵه‌مه‌ندتره‌. به‌ کورتی، رۆشنبیری کورد له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا ئه‌وڕۆ وه‌دوای کڵاوی لار که‌وتوون

‌با وای دابنێین ئه‌و دوو پرۆژه‌یه‌ پێویست و به‌جێ بووبن. دیسان لێنه‌زانینی تیۆری ده‌وری گێڕا له‌ سه‌ره‌ڕۆییێک که‌ تا ئێسته‌ به‌رده‌وامه‌. زۆر جار وا بوو که‌ چاککه‌رانی ئه‌لفوبێ له‌ پێوه‌ندی نێوان حه‌رف و ده‌نگ تێنده‌ده‌گه‌یشتن و نه‌یان ده‌زانی که‌ ئه‌و پێوه‌ندییه‌ زاتی و فیتری نییه‌ و له‌ سه‌ر‌ قه‌رارومه‌دار دامه‌زراوه‌: هیچ ده‌نگێک ماڵی خۆی له‌ قالبی هیچ حه‌رفێک دا نه‌کردووه‌ و هه‌ر حه‌رفێک به‌ قه‌راردانان نوێنه‌ری ده‌نگ ده‌کا. هه‌روه‌ها، چاککه‌رانی ئه‌لفوبێ له‌ باری تیۆرییه‌وه‌ نه‌یانده‌زانی که‌ فۆنیمه‌کانی کوردی چۆنن، و زۆر جار فۆنیم و ئه‌لۆفۆنیان تێکه‌ڵده‌کرد (بۆ وێنه‌ ده‌نگی /ڵ/ له‌ کوردی سۆرانیدا فۆنیمه‌ چونکه‌ جیاوازی مانایی له‌ نێوان /که‌ل/ و /که‌ڵ/ و زۆر که‌مینه‌-جووته‌ی وا پێکدێنی به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ده‌نگه‌ له‌ ئینگلیسیدا فۆنیم نییه‌ و ئه‌لۆفۆنه‌ (شێوه-فۆنیم) چونکه‌ جووته‌ وشه‌یێکی وا له‌و زمانه‌دا ناتوانین ببینینه‌وه که‌ دوو /ل ڵ/ێیه‌که‌ بتوانێ جیاوازی مانایی له‌ نێوانیاندا پێکبێنێ. گیوی موکریانی ده‌یه‌ویست بۆ چه‌ند ئه‌لۆفۆن حه‌رف دابنێ وه‌ک /گ/ له‌ /گێزه‌ر/ و /گورگ/دا. به‌ڵام ئه‌لفووبێیێکی ئه‌لۆفۆنه‌کانیش به‌ حه‌رف نیشان بدا به‌ کاری نووسین و خوێندنه‌وه‌ نایا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆربه‌ی رۆشنبیران پرۆژه‌ی چاککردنی ئه‌لفوبێیان وه‌ک چاره‌سه‌رکردنی "که‌م وکووڕی" یان "سه‌خڵه‌تی" ئه‌لفوبێی عه‌ربی ده‌نواند، واهه‌بوو که‌ له‌ روانگه‌یێکی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌وه ‌‌دژایه‌تی ئه‌و ئه‌لفووبێیه‌ ده‌کرا‌. بۆ وێنه‌ هه‌ر زۆر زوو نووسه‌رێک له‌ دیاری کوردستان دا ("کوردی به‌ چه‌ حه‌رفی بنوسری،" ژماره‌ 11-12، کانوونی هه‌وه‌ڵی 1925، لاپه‌ڕه‌ی 9) نووسی: "ئه‌ساسه‌ن میلله‌تی کورد ئارییه‌ و لیسانیشی شوعبه‌یێکی ئارییه‌. له‌ به‌ر ئه‌مه‌ باوه‌ڕ ناکه‌م حرووفی لیسانێکی سامی که‌ زاده‌ی رووح و عیرقی سامییه‌ به‌ عه‌مه‌لی ئێمه‌ بێت." بۆچوونی وا له‌ زمانناسی ئه‌وڕۆدا هیچ جێگه‌یێکی نییه‌ و وه‌ک خه‌یاڵاتی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ داده‌ندرێ، به‌ڵام هێشتا له‌ کورده‌واریدا باوه‌

ئێسته‌، دوای نه‌وه‌د ساڵ، ئه‌لفووبێیه‌که‌ تا راده‌یێکی زۆر چاککراوه‌ به‌ڵام رێنووسه‌که‌ هێشتا ستانداردنه‌کراوه‌. زمانی کوردی هێشتا له‌ باری وشه‌ و زاراوه‌ی زانستی یه‌کجار کزه. ئه‌گه‌ردانان و وه‌رگێڕانی کتێبێکی زانکۆیی له‌ بابه‌تی وه‌کوو کۆمه‌ڵناسی، زمانناسی، ئابووری، فیزیک، یان شیمی به‌ فارسی و تورکی و عه‌ره‌بی کارێکی ئاساییه، به‌ زمانی کوردی ئه‌ر‌کێکی گرانه‌‌. په‌تیکردن هه‌ر دێ و توندوتیژتر و سه‌ره‌ڕۆیانه‌تر ده‌بێ. په‌تیکردنی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ زمانی کوردی کۆڵه‌وارکردووه‌

تۆفیق وه‌هبی و هاوفکره‌کانی له‌ سه‌ده‌ی 20دا رێبازێکیان ره‌چاوکرد و پراتیکێکیان دامه‌زراند که‌ ئێسته‌ دوای نه‌وه‌د ساڵان پێویسته‌ به‌ شیوه‌یێکی ره‌خنه‌گرانه‌ پێیدابچینه‌وه‌ و هه‌ڵیبسه‌نگێنین. من ده‌زانم که‌ کوردی به‌ نه‌وه‌د ساڵ چاککردن وه‌ک فارسی و عه‌ره‌بی لێنایا به‌ڵام نه‌وه‌د ساڵیش ماوه‌یێکی کورت نییه. به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی من په‌تیکردنی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ کۆسپی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی پێشکه‌وتنی زمانی کوردیی

[1] SOAS, School of Oriental and African Studies, University of London.

[2] بۆ وێنه‌ له‌ ساڵی 1976دا، له‌ کاک بورهان ئێلتووران، که‌ له‌ زانکۆی ئیندیانا ده‌رسی ده‌خوێند، داوام کرد کاتی سه‌فه‌ری بۆ تورکییه‌ فۆتۆکۆپی چه‌ند گۆڤاری کوردی که‌ له‌ کتێبخانه‌یێک هه‌بوو بۆم بێنێ. ئه‌ویش سه‌رباقی مه‌ترسی لێپرسینه‌وه‌ وگیران، فۆتۆکۆپی ژماره‌ی هه‌وه‌ڵی کرد تعاون و ترقی غزته‌سی بۆ هێنام. هه‌روه‌ها داوام لێکرد که‌ چه‌ند به‌رنامه‌ی رادیۆ ئێرڤان و رادیۆ به‌غدام بۆ تۆمار بکا؛ ئه‌وه‌شی کرد و شریتێکی کاسێتی له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه‌. ئه‌و کارانه‌ پڕ له‌ ریسک بوون چونکه‌ چاپه‌مه‌نی و شریت و قه‌وانی کوردی قه‌ده‌غه‌ بوون.

[3] "کۆمه‌ڵه‌ ده‌ستنووسی کوردی لێنینگراد" به‌شێکی هه‌ره‌ گرینگی ئه‌و ده‌ستنووسانه‌ن که‌ ئه‌لیکساندر ژابا له‌ ساڵانی 1860 دا کۆی کردبۆونه‌وه‌ وزۆربه‌یان له‌ یه‌کێتی سۆڤێت چاپکران. د. که‌ماڵ فۆاد تێزی دوکتۆراکه‌ی ته‌رخانی دۆزینه‌وه‌ و ناساندنی ده‌ستنووسه‌کانی کتێبخانه‌کانی ئه‌لمان کردووه‌. کتێبخانه‌ی وڵاته‌کانی دیش به‌ تایبه‌ت بریتانیا ده‌ستنووسی کوردییان هه‌یه‌ به‌ڵام تا ئیستا کاتالۆگی سه‌ربه‌خۆیان (وه‌ک کتێبه‌که‌ی که‌مال فواد) بۆ دانه‌ندراوه‌.

[4] بۆ وێنه‌ به‌شێک له‌ چاپه‌مه‌نییه‌کانی کۆماری کوردستان که‌ له‌ جێی دی نه‌پارێزرابوون له‌ کتێبخانه‌ی کۆنگره‌ و کتێبخانه‌ی زانکۆی پرینستن وه‌ده‌ست ده‌که‌وتن.‌ کتێبخانه‌ی زانکۆی پرینستن هه‌ر نۆ ژماره‌ی نیشتمان، سێ ژماره‌ی گڕوگاڵی مندالانی کورد، چوار ژماره‌ی گۆڤاری کوردستان، آله‌کۆک، وهه‌دیه‌ی کوردستانی هه‌بوو. ئه‌وانه‌ ئه‌و چاپه‌مه‌نییانه‌ن که‌ کاربه‌ده‌ستانی کۆمار له‌ کاتی دیداری ئارچی رووزڤێلت له ‌کۆمار وه‌ک دیاری دابوویانێ و ئه‌ویش دوایه‌ به‌ دیاری دابووی به‌ کتێبخانه‌ی زانکۆی پرینستن. من هه‌ر ئه‌و وه‌ختی فۆتۆکۆپی ئه‌و چاپه‌مه‌نیانه‌م بۆ چه‌ند ئاشنایێک له‌ ئورووپا نارد.

[5] بۆ وێنه‌، به‌شیکی زۆری گۆڤاری کوردستان میشنری که‌ له‌ ساڵی 1910 له‌ شیکاگۆ ده‌ستی به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ کرد له‌ کتێبخانه‌ی زانکۆی ئیلینۆی راگیراوه‌. ئه‌و گۆڤاره‌ له‌ هیچ بیبلیۆگرافیایێکی کوردی یان له‌ هیچ کتێبێکی که‌ سه‌باره‌ت به‌ کوردستان نووسراوه‌ باسی نه‌کرابوو و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و میسیۆنه‌ی که‌ گۆڤاره‌که‌ی بڵاوکردبۆوه‌ له‌ شاری سابڵاخ بوو و من، ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ڵک باسیان ده‌کرد، ده‌مزانی میسیۆنێکی وا هه‌بوو به‌ڵام نه‌م بیستبوو که‌ گۆڤارێکی وایان بڵاوکردۆته‌وه‌. کاک حه‌سه‌نی قازی چه‌ند ساڵیکه‌ خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه‌ و کۆکردنه‌وه‌ و ناساندنی که‌له‌بووری ئه‌و میسیۆنه‌یه.

[6]بۆ کورته‌ باسێکی زمانی ئه‌ده‌بی کوردی سۆڤێت بڕوانه‌: ئۆ. ل. ڤیلچێفسکی، "ده‌رباره‌ی یه‌که‌مین کۆنفرانسی کوردناسیی سۆڤییه‌تی ساڵی 1934 له‌ ئێرڤان و زمانی ئه‌ده‌بیی یه‌کگرتووی کوردی،" چه‌ند وتارێکی کوردناسی، 2، ئه‌نوه‌ر قاده‌ محه‌مه‌د له‌ رووسییه‌وه‌ کردۆۆنی به‌ کوردی، ستۆکهۆلم، 2001، ل.27-40

[7] M. I. Isayev, National Languages in the USSR: Problems and Solutions, Moscow, Progress Publishers, 1977.

[8] C. J. E., “Kurdish Policy,” Secret, F[ile] No. 13/14, Vol. X,, Kurdistan Policy, p. 31.

[9] دیاره‌ له‌ عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی عوسمانی پێش سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، قاعیده‌ و شێوه‌ و شێوازی نووسین به‌ وردی داندرابوون. له‌ ئینگلیسیدا به‌و قاعیده‌دانانه‌ ده‌ڵین کۆدیفیکه‌یشن، به‌ڵام قاعیده‌دانان و ستانداردکردن یه‌ک دیارده‌ نین. زمانی ستانداردیش وه‌ک زمانه‌ ئه‌ده‌بییه‌ کلاسیکه‌کان (عه‌ره‌بی، لاتین، چینی،،،) ده‌بێ نووسین و خویندنه‌وه‌که‌ی به‌ قاعیده‌ بێ به‌ڵام، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وان، ده‌بێ زمانێک بێ که‌ خه‌ڵک له‌ گشت بوارێکدا پێی بدوێن و ده‌کاری بێنن نه‌ک ته‌نیا زمانی که‌مایه‌تیێکی خوێنده‌وار بێ. هه‌ر‌بۆیه‌ ده‌کرێ بڵێین زمانی ستاندارد زمانی نه‌ته‌وه‌ییه‌ و نه‌ته‌وه‌ش له‌ کۆمه‌ڵی ده‌سمایه‌داریدا پێکدێ که رێگه‌ ده‌کاته‌وه‌ بۆ جووڵانه‌وه‌ی ئاخێوه‌ران و تێکه‌ڵاوییان.

[10] ئه‌و کتێبه‌ ده‌بێ الفبای کوردی دانراوه‌ی "احمدی عزیز اغا" بێ که‌ طبعی دووه‌می له‌ مطبعة الفرات له‌ به‌غدا له‌ 1929 دا بڵاوبۆوه‌.

[11] C. J. E., Secret Bi, S. A. 321, Ministry of the Interior, Baghdad, the 12thMay, 1929, to The Secretary to His Excellency the High Commissioner for Iraq, Baghdad (Kurdish Policy File No. 13/14 VI Secret pp. 189-199) (p. 194)

[12] تۆفیق وه‌هبی، "حول مقال مسؤولیة الادیب الکردی الکبری للاستاذ عبدالمجید لطفی"، په‌روه‌رده‌ و زانست، ژماره‌ی 5، ساڵی 3، به‌غدا، 1973، ل. 81-91

[13] ابوخلدون ساطع الحصری، [13] ابوخلدون ساطع الحصری، مذکراتی فی العراق 1921-1941. الجزُ الاول 1921-1927، منشورات دارالطیعة، بیروت، 1967. نووسه‌ر فه‌سڵێک له‌و کتێبه‌ی ته‌رخانی ئه‌و باسه‌ کردووه‌: "قضیة‌ کتابة اللغة الکردیة"، صص457-551. بۆ زانیاری زۆرتر سه‌باره‌ت به‌و کێشه‌یه‌ بڕوانه: که‌ماڵ ره‌ئووف محه‌ممه‌د، "کێشه‌یێکی سیاسی به‌ نێوی نووسین و خوێنده‌واریی کوردییه‌وه‌" له‌ ده‌سته‌واره‌یێ نان بۆ مێژوو (سلێمانی، 2004)، لاپه‌ڕه‌ی 133-172

[14] بۆ باسی فۆنیم بڕوانه‌: د. که‌ماڵ فۆئاد، فۆنێمه‌کانی زمانی کوردی، سلێمانی، کانوونی دووه‌می 2000

[15] through ئه‌وه‌ وشه‌یێکه‌ که‌ له‌ کوتندا سێ ده‌نگی هه‌یه‌ به‌ڵام به‌ حه‌وت حه‌رف ده‌نووسرێ. دوو حه‌رفی هه‌وه‌ڵی ئه‌و وشه‌ و دووحه‌رفی چواره‌م و پێنجه‌م هه‌ر جووته‌ی نوێنه‌ری یه‌ک ده‌نگن و دوو حه‌رفی ئاخریش هه‌ر ناخوێندرێنه‌وه‌