نۆروێژی وه‌کوو زمانێکی ئاسایی، نووسینی پیتر ترادگیل
تێبینی وه‌رگێر: ئه‌م وتاره‌ی پیتر ترادگیل، یه‌ک له زمانناسانی کۆمه‌ڵایه‌تی ناسراوی ئه‌م بواره، به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی لێدوان و یارمه‌تی کردنی زیاتر به ڕوونکردنه‌وه‌ی ڕێبازی چلۆنایه‌تی پێوه‌چاران به زمان/ شێوه‌زاره کوردییه‌کان وه‌رگێڕدراوه. ئاشکرایه لێدوان و لێکۆڵینه‌وه‌ی ئافرێنه‌ر به بێ پشتبه‌ستن به تیۆری زمانی، و به‌تایبه‌تی کۆمه‌ڵناسیی زمانی له‌مه‌ر بارودۆخی زمان/شێوه‌زاره کوردییه‌کان هیچی لێ شین نابێ. به دوای ئه‌و نووسینه‌ی پرۆفێسۆر پیتر ترادگیل دا، دوو نووسینی دیکه ش سه‌باره‌ت به زمانی جووتستانداری نۆڕوێژی که زیاتر باسی لایه‌نی پێشوه‌چوونی مێژوویی ئه‌و ستانداردانه ده‌که‌ن و له ڕوانگه‌ی جیاوازه‌وه نووسراون بۆ ئاگاداری خوێنه‌ره‌وانی هۆگری بابه‌تی زمانناسانه پێشکێش ده‌کرێ.
نۆڕوێژی وه‌کوو زمانێکی ئاسایی
پیتر ترادگیل
وه‌ڕگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
نوروێژییه‌کان زیاتر پێیان خۆشه وا بیر بکه‌نه‌وه له‌وانه‌یه، بارودۆخی زمانی نۆڕوێژی،سه‌یر و سه‌مه‌ره و به دڵنیاییه‌وه نائاسایی بێ. تا ئه‌وجێیه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رتێگه‌یشتنی یه‌که‌م، ئه‌من له‌جێی دیکه‌ش دا باسم کردووه ( بۆ وێنه، بڕوانه Trudgill,1995 ) که، ئه‌و بارودۆخه‌ی زمانی نۆڕوێژی تێدایه نه‌ک هه‌ر سه‌یر و سه‌مه‌ره نییه، به‌ڵکوو زۆریش هێمن و مه‌عقولانه‌یه، به‌تایبه‌تی له ڕوانگه‌ی ته‌حه‌مولی زمانی و دێمۆکراسی زمانییه‌وه و له زۆر ڕووه‌وه ده‌کرێ جێی لێ‌فێربوون و ته‌نانه‌ت لاساییکردنه‌وه و پیاده کردن بێ له زۆرێک له به‌شه‌کانی دنیادا. له‌م وتاره دا، ئه‌من به‌شی دوویه‌می ئه‌و تێگه‌یشتنه واته گۆیا نائاسایی بوونی بارودۆخی زمانی نۆڕوێژی شی ده‌که‌مه‌وه. ئه‌من ده‌ڵێم ، ئه‌گه‌رچی له چه‌ند لایه‌نێکه‌وه بارودۆخی زمانی له نۆروێژ زۆر ده‌گمه‌نه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ئاسۆیه‌کی به‌رفره‌وانتر دا لێی بڕواندرێ ، له ڕاستیدا سه‌یر نییه. دیاره کارێکی هاسانه ئه‌گه‌ر مرۆ بییه‌وێ زیاده له‌وه‌ی پێویسته سه‌یروسه‌مه‌ره بوونی کۆمه‌ڵناسیی زمانی مۆدێرنی نۆروێژی گه‌وره‌کاته‌وه. ئه‌من له‌خواره‌وه هێندێک له‌ولایه‌نانه چڕ ده‌که‌مه‌وه که ده‌یسه‌لمێنن له ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵناسیی زمانه‌وه نۆڕوێژی به‌ته‌واوی زمانێکی ئاساییه و ئاماژه به‌وه‌ش ده‌که‌م له‌زۆر شوێنی دیکه له سه‌رانسه‌ی دنیا بارودۆخی زمانیی ئه‌وتۆ هه‌ن که زۆر له نزیکه‌وه وه بارودۆخی زمانی نوروێژی ده‌چن. نوروێژی وه‌کوو زمانێکی ئاوسباو
زۆر خه‌ڵک له نۆروێژ وا وێده‌چێ پیان وابێ ساز کردنی گۆیا " ده‌سکردانه"ی نی نۆرشک (نۆروێژی نوێ) تا ڕاده‌یه‌ک سه‌یره، و ئاماژه به‌و ڕاستییه ده‌که‌ن که ئه‌و زمانه هیچ ئاخێوه‌ری بوومی نییه، له ڕاستییدا ئه‌مه به‌ته‌واوی شتێکی ئاساییه و زۆرێک له شێوه‌زاره ستانداردکراوه‌کان له سه‌رانسه‌ی دنیا دا سازکراوه‌ی ده‌سکردن که له‌لایه‌ن پلانداڕێژانی زمانه‌وه پێش خراون که زۆر جار له سه‌ر بنه‌مای دۆزینه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی هاوبه‌شی نێوان له‌هجه‌کانی قسه‌پێکردنی خۆڕسکی ئه‌وکاره‌یان ڕاپه‌ڕاندووه.
سه‌رباقی ئه‌مه‌ش لایه‌نێکی پێوه‌ندیدار و ڕه‌نگه زۆر گرینگتر هه‌یه که ده‌یسلمێنی به‌ره‌وپێشچوونی ستانداردی نی نۆرشک ده‌کرێ به‌ته‌واوی به ڕه‌وتێکی ئاسایی دابندرێ. رێگه‌یه‌ک بۆ تێگه‌یشتنی ڕوونتر سه‌باره‌ت به بارودۆخی زمانی نۆڕوێژی ده‌کرێ ورد بوونه‌وه له‌و لایه‌نه‌ی بارودۆخی زمانی بێ که ئه‌من نێوم لێناوه "زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی ئاوسباو " ( بڕوانه ( 1992a;1992b Trudgill . ئه‌م زه‌مینه‌ی لێکۆڵینه‌وه یه له سه‌ر ئه‌و جوێکردنه‌وه‌یه داندراوه که له سه‌ره‌تاوه هاینس کلۆس Heinz Kloss (1967)ئه‌نجامی دا، له نێوان ئه‌وه‌ی ئه‌و پێیان ده‌ڵێ " زمانانی ئاپشتانت" Abstandsprache یان " زمانان له ڕووی مه‌ودا "و " زمانانی ئاوسباو" Ausbausprache " زمانان له ڕووی دڕێژ بوونه‌وه ".
گشت زمان‌ناسان زۆر به‌چاکی له‌وه‌ئاگادارن مانای " زمانێک " ، ته‌نیا به‌شێکی به پێی پێوه‌ره زمانناسییه‌کانه وه دیاری ده‌کرێ. ئێمه به هه‌موو قوتابییه‌کانمان که تازه له لای ئێمه ده‌ست به خوێندن ده‌که‌ن ده‌ڵێین ، ئه‌و پرسیاره‌ی گه‌لۆ شێوه‌زاری زمانێک ده‌بێ به " زمانێک " یان " له‌هجه‌یه‌ک " دابندرێ ( یان دیسان شتێکی دیکه) به هیچجۆر هه‌ر به پێی بڕیارێکی زمانناسانه دیاری ناکرێ. له‌و باره‌یه‌وه هۆکاره‌کانی کولتووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و مێژوویی ش ده‌کرێ ده‌وری زۆر قووڵیان هه‌بێ. کلۆس Kloss، به ئاماژه کردن به‌وه‌ی که ده‌کرێ هێندێک له‌زمانان ته‌نیا و ته‌نیا به پێی پێوه‌ری زمانناسانه به زمانی جیاواز دابندرێن، ڕووناکایی ده‌خاته سه‌رئه‌م بابه‌ته --- ئه‌وه‌ش له‌به‌ر دووری و مه‌ودای زمانیی ئه‌وان له گه‌ڵ گشت شێوه‌زاره‌کانی دیکه‌ی که هه‌ن. له چوارچێوه‌ی ئوڕووپا دا، زۆر جار زمانی باسک وه‌کوو نموونه‌یه‌کی ئاشکرای زمانی ئاپشتاند باسی لێوه ده‌کرێ. چونکوو هێچ خزمێکی نزیکی له نێو زمانانی دوه‌ر و به‌ری خۆیدا نییه، و قه‌ت ڕێی تێناچێ بکرێ وه‌کوو له‌هجه‌ی زمانێکی دیکه دابندرێ.
به‌ڵام، زۆربه‌ی زمانانی دیکه --- زمانانی ئاوسباو --- ن ، واته له‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی له بارودۆخی زنجیره‌ی زمانی دا ڕوویان داوه که‌وتوونه‌ته‌وه و په‌یدا بوون و ئه‌وه‌ی که به‌زمانانی جیاواز له یه‌کتری داده‌ندرێن به‌هیچجۆر به ته‌واوی له به‌ر پێوانه‌ی زمانی نییه،نموونه‌ی کلاسیکی له ئورووپای ڕۆژئاوا که ته‌بیعه‌تی زمانانی ئاوسباو نیشان ده‌دا له جیاوازی نێوان زمانی ئاڵمانی و زمانی هۆله‌ندی دا ده‌رده‌که‌ێ. به‌ڵام، ده‌کرێ ئاماژه به زۆر نموونه‌ی دیکه‌ش بکرێ وه‌کوو جیاوازییه‌کانی نێوان زمانانی له‌هیستانی، سڵۆڤاکی و چێکی؛ یان نۆروێژی، سوێدی و دانمارکی؛ یان پورتوگاڵی ، ئێسپانیایی و کاتاڵانی. سه‌باره‌ت به نموونه‌ی ئاڵمانی/ هوله‌ندی، ده‌کرێ بڵێین ( بڕوانه Chambers و Trudgill ، 1997) که زنجیره‌یه‌کی له‌هجه ڕۆژئاواییه‌کانی ژێرمه‌نی هه‌بوون که له هه‌ناوی ئه‌وانه‌وه له ماوه‌ی چه‌ندین سه‌دان دا دوو زمانی ستانداردی جیاواز سه‌ریان هه‌ڵهێناوه، واته هۆله‌ندی و ئاڵمانی. ئێمه له‌هجه‌کانی ئه‌و زنجیره‌ی زمانییه که له هۆله‌ند و بێلژیک قسه‌یان پێده‌کرێ به له‌هجه‌ی زمانی هوله‌ندی و ئه‌و له‌هجانه‌ی ده‌نێو زنجیره‌ی زمانی ئاڵمان، سویس و ئوتریش دا قسه‌یان پێده‌کرێ به له‌هجه‌ی سه‌ر به زمانی ئاڵمانی داده‌نێین --- ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوی له‌به‌ر هۆی غه‌یری زمانی.
به به‌کارهێنانی قسه‌ی هاوگنHaugen)1968) ده‌ڵێم ، له‌هجه‌کانی زمانی هۆله‌ندی ئه‌و له‌هجانه‌ن که به‌سترانه‌وه‌یه‌ک به ستانداردی هۆله‌ندییه‌وه نیشان ده‌ده‌ن: واته، ئه‌وان پشت به ستانداردی هۆله‌ندی ده‌به‌ستن به‌و مانایه‌ی ئاخێوه‌رانیان وه‌کوو زمانی ستاندارد چاو له هۆله‌ندی ده‌که‌ن که به شێوه‌یه‌کی خۆڕسکی له گه‌ڵ شێوه زمانی خۆیان ده‌گونجێ ، و ئه‌وان هۆله‌ندی ستاندارد به مه‌به‌ستی خوێندنه‌وه و پێ نووسین فێر ده‌بن. هه‌رئاواش ، له‌هجه ئاڵمانییه‌کان ،ئه‌وله‌هجه ڕؤژئاواییه ژێرمه‌نییانه‌ن که پشت به ستانداردی ئاڵمانی ده‌به‌ستن و پێڕۆیی لێ ده‌که‌ن، هه‌ر له‌به‌ر هه‌مان هۆی له‌مه‌ڕ هۆله‌ندی باسمان کرد. (سنووری جوگرافیایی له نێوان له‌هجه هۆله‌ندییه‌کان و له‌هجه‌کانی زمانی ئاڵمانی به وردی ده‌بێ له‌و شوێنه دیاری بکرێ که سنووری سیاسییه له نێوان وڵاتانی هۆله‌ند و ئاڵمان دا.) ئه‌و دوو زمانه ستانداردانه که قاعیده و ڕێسایان بۆ داندراوه واته کتێبی ڕێزمان وقامووسیان بۆ داندراوه، و خاوه‌نی سامانی ئه‌دبین که به‌وستانداردانه نووسراون ، هه‌ر یه‌که‌ی به‌سه‌ری خۆیان ده‌بێ به سه‌ربه‌خۆ دابندرێن – ده‌توانین بڵێین ، هه‌رکام له‌وان هه‌بوونێکی سه‌ربه‌خۆیان هه‌یه. به‌م پێیه ده‌توانین چه‌مکی زمانی ئاوسباو بناسێنین و بڵێین زمانێکی ئاوسباو چییه: زمانی ئاوسباو زمانێکه که شێوه‌زارێکی ستاندارد کراوی هه‌یه له گه‌ڵ گشت شێوه‌زاره ناستانداره‌کان که له ئاست ئه‌و ستاندارده په‌یوه‌ست بوون و به‌سترانه‌وه‌یه‌ک له خۆیانه‌وه نیشان ده‌ده‌ن.
ئه‌م ناساندنه به جوانی ڕوونی ده‌کاته‌وه که زمانان ته‌نێ سازکراوه‌ی کولتووری نین به‌ڵکوو له باری توانایه‌کییه‌وه سازکراوه‌ی له گۆڕانهاتووشن. له‌به‌رئه‌وه‌ی که سه‌ربه‌خۆیی دیاره‌ده‌یه‌کی سیاسی و کولتوورییه تا ئه‌وه‌ی که دیارده‌ییه‌کی زمان‌ناسی بێ، شێوه‌زاره‌کان ده‌کرێ سه‌ربه‌خۆیی وه‌ده‌ست بهێنن یان سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له ده‌ست بده‌ن.سکاتله‌ندی، ئاڵمانیی ته‌ختاییان ( Plattdeutsch ) و پڕۆڤێنسال گشتیان نموونه‌ی ئه‌و زمانانه‌ن که بوون به له‌هجه: ئه‌وان سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له ده‌ست دا و بوونه پاشکۆ و گرێدراوی زمانانی دیکه ( واته ئینگلیسی، ئاڵمانی و فه‌ڕانسه‌یی). به‌ڵام زمانی دیکه‌ی ئه‌وتۆ هه‌ن که سه‌ربه‌خۆیییان وه‌ده‌ست هێناوه: ئه‌فریکانس و مه‌قدوونییه‌یی هه‌ر دووکیان له‌هجه‌ی ( هۆله‌ندی و بوڵغاری – یان ڕه‌نگه سربی ) ن که ئێستا بوونه‌ته زمان : ئه‌و دوو زمانه زمانی ئاوسباون که درێژ کراونه‌ته‌وه یان ساز دراون یان له له‌هجه‌کانی پێشووه‌وه پێش خراون و په‌یدابوون.
دوولایه‌نی ئه‌م بابه‌ته له‌گه‌ڵ باسکردنی بارودۆخی زمانی نۆروێژی دا ده‌گۆنجێن. یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه، که ئێمه جیاوازی نێوان زمانانی ئاوسباو و ئاپشتانتمان ده‌ست نیشان کرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌م ده‌ستنیشانکردنه‌ی جیاوازیان جۆره‌یه‌ک ساده‌کردنه‌وه‌یه. چونکوو، ئاشکرایه ، ئاپشتانت یان مه‌ودای زمانی دیارده‌یه‌که که‌متازۆر ڕێگه ده‌دا به ده‌ره‌جه‌ی ئه‌و مه‌ودایه.خاڵی دوویه‌م ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌رچی ئێمه گوتمان خه‌سله‌ته‌کانی زمانی زۆر گرینگ‌ترین بۆ پێناسه کردنی زمانانی ئاپشتانت و ئه‌و گرینگییه‌یان بۆ زمانانی ئاوسباو نییه، به‌ڵام ده‌شزانین که پێوه‌ندییه‌کی سه‌رنجڕاکێش له نێوان ئه‌م دوانه دا هه‌یه. کاتێک به ئانقه‌سته حه‌ول ده‌درێ بۆ تێکدانی پله و هه‌ڵکه‌وتی زمان به هێرشکردنه سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی شێوه‌زاره ستاندارده‌کان – زۆر جار به مه‌به‌ستی سیاسی – به ئاسایی مه‌ودا و دووری زمانی ده‌بێ له‌به‌ر چاوبگیرێ. بۆیه، له سالانی 1930 یه‌کانی ئێسپانیای فاشیست دا که سیاسه‌تێکی به‌ناوه‌نده‌وه گرێدان به‌ڕێوه ده‌چوو، فڕانکۆی دیکتاتۆر هێرشی برده سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی زمانی کاتاڵانی به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌شی زمان و ئه‌ده‌بییاتی کاتاڵانی له زانکۆی بارثێلۆنا و وه‌شان و بڵاو کردنه‌وه‌ی به‌و زمانه قه‌ده‌غه کرد، سه‌رباقی ئه‌وه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌شی هه‌بوو حکوومه‌ته‌که‌ی بڵێ که کاتاڵانی " به‌ڕاستی زمانێک نییه" به‌ڵکوو ته‌نێ " له‌هجه‌یه‌کی ئێسپانیاییه" ئه‌وه‌ش له به‌ر وه‌یه‌کچوونی ئاشکرای زمانی ئه‌و دراوسێیانه و په‌یوه‌ست بوونیان له زنجیره‌ی جوگرافیایی له‌هجه‌یی دا.
به پێچه‌وانه، و زۆر گرینگتر بۆ شێکردنه‌وه‌ی ئه‌م مه‌به‌سته‌ی لێره باسی لێوه ده‌که‌ین ، ئێمه هه‌موومان گوێمان له‌و مه‌تۆڵه‌که بووه که " زمان له‌هجه‌یه‌که که ئه‌ڕته‌ش و هێزی ده‌ریایی هه‌بێ"، به‌ڵام له ڕاستیدا به ئاسایی هه‌بوونی ئه‌ڕته‌شێک و هێزێکی ده‌ریایی به‌س نییه( له‌وانه‌یه به پێویستی هۆکاری زۆر سه‌ره‌کیش نه‌بن، ته‌نانه‌ت بۆ زمانانی ئاوسباویش، وه‌ک نموونه‌ی بووژانه‌وه و زیندوو بوونه‌وه‌ی زمانی کاتاڵانی ده‌یسه‌لمێنی، به‌ڵام ئه‌مه باسێکی دیکه‌یه). جا بۆیه حه‌ولدانی به ئانقه‌ست بۆ ئه‌وه‌ی له‌هجه بکرێ به زمان به‌ئاسایی ده‌بێ گه‌وره‌کردنه‌وه‌ی ئاپشتانتی زمانیشی له‌گه‌ڵدا بێ واته مه‌ودای دوور بکرێته‌وه، و هه‌ر وه‌ها پێشخستنی ئامرازی دیکه بۆ وه‌دی هێنانی پڕۆژه‌یه‌کی تایبه‌تی، وه‌کوو به‌کارهێنانی ڕێنووسێکی نوێ یان ته‌نانه‌ت ده‌کارکردنی ئه‌لفوبێیه‌کی به ته‌واوی جیاواز. بۆ نموونه، ستانداردی زمانی مه‌قدوونییه‌یی تا ڕاده‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش ، به ڕێگه‌ی پڕۆسه‌ی پڵانداڕشتنی زمانی پێش خرا، له سه‌ر بنه‌مای زنجیره‌ی له‌هجه سڵاڤییه باشوورییه‌کان، که له‌باری جوگرافیایی و هه‌ر وه‌ها زمانییه‌وه، له‌هجه‌گه‌لی هه‌ره‌دووربوون له زمانی بوڵغاری و له زمانی سڕبۆ-کڕواتی --- واته له‌هجه‌کانی باشووری ڕۆژئاوای مه‌قدوونییه. دیاره به هه‌ڵکه‌وت ئه‌وه نه‌کرا. ئه‌گه‌ر مرۆ بییه‌وێ ئیدیعا بکا له‌هجه‌که‌ی خۆی له ڕاستیدا زمانێکه ئه‌و ده‌می مرۆ ده‌بێ ده‌سته‌و داوێنی ته‌پکه‌کانی سه‌ربه‌خۆیی بێ وه‌کوو هه‌بوونی قامووس، کتێبی ڕێزمان ، و ڕێنووس ، و زۆر له‌مانه‌ش گرینگتر، هه‌بوونی نێوێک بۆ زمانه‌که. به‌ڵام گومانیش له‌وه‌دا نییه که مرۆ هه‌تا مه‌ودا و دووری نێوان زمانه‌که‌ی خۆی و دراوسێیه‌کانی،به‌رینتر کا، که قه‌فی زنجیره‌ی له‌هجه‌یی هاوبه‌شن، باشتره. به‌م ڕێگایه دا مرۆ ئه‌و مه‌ترسییه که‌م ده‌کاته‌وه که ئه‌وانیتر ئیدیعا بکه‌ن که زمانه‌که‌ی مڕۆ " له ڕاستیدا " هێشتا له‌هجه‌ی زمانێکی دیکه‌یه.
لێره، له باسی زمانی نۆڕوێژی دا، ئێمه ده‌توانین ئاماژه بکه‌ین به‌و جه‌خته تایبه‌تییه‌ی که ئیڤار ئاسێن Ivar Aasen له سه‌ر له‌هجه ڕۆژئاواییه‌کانی نۆڕوێژی کردی. ئه‌وه زۆر جار وه‌کوو سه‌رنجدان و ئیستگرتن له سه‌ر ئه‌و له‌هجانه نیشان دراوه که ئه‌و به " پاکترین " یان " تێکنه‌چووترین" شێوه‌زاری زمانه‌که‌ی داده‌نان. به‌ڵام هه‌ڵبه‌ت یه‌ک له‌وشتانه‌ی که ئاسێن حه‌ولی ده‌دا بیکا ئه‌وه بوو سه‌ربه‌خۆیی بۆ زمانی نۆڕوێژی وه‌ده‌ست بهێنێ، واته جوێبوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی له زمانی دانمارکی هاوته‌ریبی سه‌ربه‌خۆبوون و جوێبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی نۆڕوێژ له وڵاتی دانمارک . جا بۆیه، هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ی که زمانی مه‌قدوونییه‌یی سه‌ربه‌خۆیی خۆی به‌ده‌ست هێناوه و له سڕبۆ- كڕۆواتی و بوڵغاری جوێ بووه‌ته‌وه به ڕێگه‌ی جه‌خت کردن له سه‌ر ئه‌و ده‌ره‌جه‌یه له خۆ دوورخستنه‌وه‌ی زمانی که پێی کراوه بیکا، ئاسێن یش زۆر به وردی ئه‌و له‌هجه نۆڕوێژییانه‌ی هه‌ڵبژارد که دوورترین له‌هجه بوون له زنجیره‌ی له‌هجه‌یی دانمارکی ( هه‌ر وه‌ها سوێدی )، و له باری زمانییه‌وه له‌هجه‌ی هه‌ره دوور بوون له‌وان، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌هجانه ببن به بنه‌مای زمانێکی ستاندارد کراوی نوێ، که دوا جار بوو به زمانی نۆڕوێژی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌وه کارێکی هه‌ره مه‌عقوول، و به‌ته‌واوی ئاسایی بوو که ده‌بوو بیکا. "
نۆڕوێژی وه‌کوو زمانێکی فره‌نۆرم
هۆکارێکی دیکه‌ی که به چاوی خه‌ڵکێکی زۆر وه‌کوو بارودۆخی نائاسایی زمانی نۆڕوێژی ده‌بیندرێ ئه‌وه‌یه که به‌ده‌ست هێنانی سه‌ربه‌خۆیی بۆ زمانی نۆڕوێژی تاقه حه‌ولی ئیڤار ئاسێن نه‌بوو، به‌ڵکوو ئاکامی کاره‌که‌ی گه‌یشته ئه‌وه‌ی که ئێستا ئه‌م زمانه دوو شێوه‌ی ستانداردی هه‌یه: نی نۆرشک ( نۆروێژی نوێ )، ڕۆڵه‌ی شێوه‌زارێک که ده‌ره‌جه‌ی ئاپشتاندی واته مه‌ودای له‌زمانه ده‌رو دراوسێکان هه‌ره دووره؛ و بووکمۆل ( زمانی دانمارکیی نۆڕوێژی) که زۆر وه زمانی دانمارکی ده‌چێ به‌ڵام ئێستا جیاوازی ڕێزمانی ، وشه و ڕێنووسی له گه‌ڵ دانمارکی ئه‌وه‌نده هه‌یه که ناکرێ به زمانی دانمارکی دابندرێ، جگه له‌هێندێک له پشتیوانانی نی نۆڕشک نه‌بێ که هه‌تا ئێستاش بووکمۆل نه‌ک به نۆڕوێژی، به‌ڵکوو به دانمارکی ده‌زانن.
ئه‌مه گرینگه لێی تێبگه‌یشترێ که ته‌نانه‌ت ئه‌م بارودۆخه‌ش ده‌گمه‌ن نییه. به‌ر له‌هه‌مووشت له ڕوانگه‌ی مێژووییه‌وه ده‌گمه‌ن نییه. نۆڕوێژی تاقه زمانێکی ئوڕووپایی نییه که له‌کاتی به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی نه‌ته‌وه دا دوو ڕێگه چاره‌سه‌ری ڕکه‌به‌ری هه‌بووبێ بۆ دامه‌زراندنی زمانی ستاندارد. له پڕۆسه‌ی پێشوه‌چوونی ستانداردی مۆدێڕنی زمانی یۆنانیش دا لاری و ناڕێکی هه‌بوو له سه‌ر ئه‌وه‌ی که کامه ڕێباز وه‌به‌ربگیرێ . له یۆنانیش دوولایه‌نی چاره‌سه‌ری ڕکه‌به‌ر له‌به‌رانبه‌ر یه‌کتری دا ڕاوه‌ستابوون، یه‌کیان ده‌یه‌ویست ئه‌و ستاندارده له سه‌ر بنه‌مای شێوه‌زاری دێمۆتیکی ساز بکرێ که له سه‌ر بن _ له‌هجه بوومییه‌کان پێک هاتبوو، لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ش ده‌یه‌ویست شێوه‌زارێکی دیکه که زۆر ئێلیتیستی [ شێوه‌زمانی نوخبه]تر بوو، واته کاتارێڤووسا Katharevousa پێش بخرێ. ئه‌گه‌رچی، له‌و نموونه‌یه دا ( بڕوانه Jahrو Trudgill، 1993)، مه‌سه‌له‌ی ئاپشتانت و ئاوسباو له گۆڕێ‌دا نه‌بوو، له به‌ر ئه‌وه‌ی که زمانی یۆنانی زمانێکی ئاوسباو نییه و هێجۆره پێوه‌ندی و خزمایه‌تییه‌کی زمانی له گه‌ڵ زمانی ترکی دا نییه، که زمانی ده‌سته‌لاتی کۆلۆنیالی پێشوو بوو له یۆنان. له‌و ساڵانه‌ی دواییدا، ڕکه به‌ری و کێشه‌که یه‌ک لا کراوه‌ته‌وه، و یۆنانی دێمۆتیکی جێگه‌ی کاتارێڤووسا یان یۆنانی په‌تی و پاکی ته‌قریبه‌ن له گشت به‌ستێن و چوارچێوه‌یه‌کدا گرتووه‌ته‌وه. له نۆروێژی هه‌تا بڵێی دێمۆکراتیک دا، جێگه‌ی هه‌بوون و مانه‌وه‌ی هه‌ر دوو چاره‌سه‌رییه‌کان واته جووتستانداردی کراوه‌ته‌وه.
له‌مه‌ش زیاتر، خاڵی دوویه‌م ئه‌وه‌یه که ئێمه ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رده‌میانه یانی له‌م زه‌مانه‌دا ته‌ماشای ئه‌م دیارده‌یه بکه‌ین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه هیچ نائاسایی نییه که زمانێکی تاقانه زیاترله یه‌ک ستانداردی هه‌بێ. شێوه‌یه‌ک له تێڕوانین له بارودۆخی زمانی نۆروێژی ئه‌وه‌یه بگوترێ نوروێژی زمانێکی تاقانه‌ی جووتستاندارده. لێره دا ده‌بێ ئه‌مه‌شمان له‌به‌رچاو بێ که سه‌ربه‌خۆییش ، وه‌کوو ئاپشتانت ، دیارده‌یه‌کی ئاڵۆزه که که‌متازۆر ڕێگه ده‌دا به هه‌بوونی ده‌ره‌جه‌ی مه‌ودای دووری و نزیکی. سه‌باره‌ت به زمانی نۆروێژی مۆدێرن ده‌توانین بڵێین که جۆره‌یه‌ک سه‌ربه‌خۆیی هاوبه‌ش هه‌یه له نێوان بووکمۆل و نێ نۆرشک دا که هه‌ردووکیان شێوه‌زاری سه‌ربه‌خۆن که به وردی له عه‌ینی زنجیره‌ی له‌هجه‌یی که‌وتوونه‌ته‌وه و په‌یدا بوون، ئه‌گه‌رچی ده‌شکرێ نێ نۆرشک به تایبه‌تی به ڕۆژئاوای نۆڕوێژ ( و بووکمۆل، ڕه‌نگه بکرێ، به تایبه‌تی به باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی نۆڕوێژه‌وه بلکێنین ).
ئه‌و پێچه‌ڵپێچی و ئاڵۆزییانه سه‌باره‌ت به سه‌ربه‌خۆیی زمانی هێنده‌ش نائاسایی نین. بۆ وێنه ده‌کرێ ئاماژه بکه‌ین به شێوه‌جیاوازه‌کانی ئینگلیسی ستاندارد که له دنیای ئینگلیسی زمان داهه‌ن ، که جیاوازییه‌کانیان له‌هه‌موو بواره‌کانی زمانی‌دا و هه‌ر وه‌ها له رێنووسیشدا ده‌بیندرێ، و ئه‌مه گرفتێک بۆ تێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی زمانی ساز ده‌کا. هێندێک له‌و شێوه‌زاره ستانداردانه به ڕوونی زۆر پله‌و هه‌ڵکه‌وتی یه‌کسانتریان هه‌یه له ئه‌وانیدی، ستاندارده ئینگلیسییه‌کانی ئوسترالیایی، نیوزیله‌ندی، ئه‌فریقای باشووری، کاراییبی، سکاتله‌ندی و ئیرله‌ندی به شێوه‌یه‌ک له شێوان مافیان له‌و سه‌ربه‌خۆییه‌دا له ستانداردی ئینگلیسیی ئینگلیسی و ستانداردی ئینگلیسیی ئه‌مریکایی که‌متره. به‌ڵام ئه‌مه ئاشکرا و ڕوونه که زمانی ئینگلیسی، وه‌کوو زمانێکی فره‌ناوه‌ند، وه‌ک نۆڕوێژی، زیاتر له یه‌ک شێوه‌ی ستانداردی هه‌یه. نموونه‌ی دیکه‌ی ئه‌وتۆ له ئێسپانیایی، پورتوگالی، هۆله‌ندی و ژماره‌یه‌کی تری زماناندا ده‌بینین.
له مه‌ڕبارودۆخی زمانی ئینگلیسی ڕه‌نگه باشترین شێوه ئه‌وه‌بێ وه‌کوو نوێنه‌ری نموونه‌ی نیوه- سه‌ربه‌خۆی نێوزه‌د بکه‌ین بۆ شێوه‌زاره جیاوازه نه‌ته‌وه‌ییکان. و نیشانه‌کانی ئه‌مه‌ش به‌وه ڕا ده‌ناسرێته‌وه که تا ڕاده‌یه‌ک شێوه‌زاری ستاندارد کراوی جیاوازی هه‌یه و ئه‌وه‌ی که هه‌موو که‌س به عه‌ینی زمانی داده‌نێ که له گه‌ڵ ده‌سته جیاوازه‌کانی له‌هجه ناستاندارده‌کان له وڵاتانی جیاواز دا خۆی ده‌گونجێنێ. له‌وانه‌یه هه‌بن دژی ئه‌و قسه‌یه ده‌رکه‌ون، به‌ڵام شتی سه‌یر سه‌باره‌ت به بارودۆخی زمانی نۆڕوێژی ئه‌وه‌یه، که به پێچه‌وانه‌ی زمانی ئینگلیسی، دووستانداردی ئه‌م زمانه له چوارچێوه‌ی وڵاتێک له سه‌ربه‌خۆیی دا هاوبه‌شن. پاڵپشتی ئه‌م قسه‌یه زۆر پته‌وه. بارودۆخه‌کان جیاوازن، بۆیه ئێمه ناتوانین به هاسانی وه‌کوو زمانێکی فره‌ناوه‌ند ئاماژه به زمانی نۆڕوێژی بکه‌ین.
ئێمه حه‌وجێمان به باسکردنی نموونه‌ی ڕوونتر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنین که بارودۆخی زمانی نۆڕوێژی شتێکی ده‌گمه‌ن و ڕێزپه‌ڕ نییه. ئه‌مه دوو نموونه‌ی دیکه. هیندی و ئۆردوو زۆرجار وه‌کوو زمانی جیاواز داده‌ندرێن. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ڕێگه‌ی واقعیتر ئه‌وه‌یه که ئه‌وان، به عه‌ینی زمان دابندرێن به دوو ستانداردی سه‌ربه‌خۆ وه ، که جار جار به زمانی هیندووستانی نێوزه‌د ده‌کرێ. وئه‌گه‌رچی زمانی ئۆردوو تاقه زمانی ڕه‌سمییه له پاکستان، به‌ڵام له هیندووستان هه‌م هیندی و هه‌م ئۆردوو به دوو زمانی ڕه‌سمی ده‌ناسرێن . ئه‌گه‌ر له هیندووستان له که‌سێک بپرسی گه‌لۆ ئه‌و به زمانی هیندی یان ئۆردوو قسه ده‌کا : وه‌ک ئه‌وه وایه له نوروێژ له که‌سێک پرسیار بکه‌ی گه‌لۆ به بووکمۆل یان به نی نۆرشک قسه ده‌کا: زۆرجار پرسیارێکی ئه‌وتۆ هیچ وڵامی بۆ نییه. له ئاستی قسه پێکردندا ،ئه‌و " زمانانه" له یه‌کتری جوێ ناکرێنه‌وه.جیاوازییه‌که‌یان له نووسین دایه، هیندی به ئه‌لفوبێی دێڤاناگاری، و ئۆردوو به ئه‌لفوبێی عه‌ڕه‌بی ده‌نووسرێ. له ئاستی به‌کارهێنانی وشه‌ش دا، جیاوازن ، هه‌ر ئه‌و جۆره جیاوازییه‌ی که له نێوان نی نۆرشک و بووکمۆل دا هه‌یه، هیندی زۆر وشه‌ی له سانسکریته‌وه خواستووه‌ته‌وه، و ئۆردوو له عه‌ڕه‌بی و فارسییه‌وه.
سڕبۆ- کڕۆواتی نموونه‌یه‌کی دیکه‌ی زۆرچاکه. له یۆگۆسڵاڤیای پێشوو دا، زمانی سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌یی به‌و نێوه ده‌ناسرا و به‌و ته‌قه‌ڵه ئینگلیسییه‌ی که له نێوانیاندا داندراوه به جوانی و به ڕوونی نیشان ده‌درێ که ئێمه باسی زمانێکی تاقانه ده‌که‌ین به دوو نۆڕمی جیاوازه‌وه. هه‌ر وه‌کوو هیندی/ئوردوو، ئه‌لفوبێی جیاواز بۆ نووسینیان ده‌کار ده‌کرێ، شێوه‌ی کڕۆواتی ئه‌لفوبێی لاتینی به‌کار ده‌هێنێ و شێوه‌ی سڕبی ئه‌لفۆبێی سیریلیک. جیاوازی فۆنۆلۆژی، ڕێزمانی و وشه‌ییش له نێوانیاندا هه‌یه. هه‌روه‌ک نۆڕوێژی جیاوازییه‌کی جوگرافیاییش له پهرهسهندیاندا به‌دی ده‌کرێ، شێوه‌ی کڕۆواتی زیاتر له سه‌ر بنه‌مای له‌هجه ڕۆژئاواییه‌کان و سڕبی زیاتر له سه‌ر بنه‌مای له‌هجه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان پێگه‌یشتوون. دیسان وه‌کوو نۆڕوێژی، ئه‌گه‌رچی ، له یۆگسڵاڤیای پێشوو زۆر ئاڵۆزتر بوو ، وهه‌ر وه‌کوو هیندی/ئۆردوو، ئه‌وه‌ی که ئاخێوه‌ران کامه‌یه‌ک له شێوه‌کان بۆ نووسین به‌کار بهێنن تاڕاده‌یه‌کی زۆر به‌سترابووه‌وه به ناسێنه‌ی ئێتنیکی و دینی ئه‌وان تا ئه‌وه‌ی که له به‌ر لایه‌نی زمانی بێ. جا بۆیه پرسیار کردن له که‌سێک گه‌لۆ به سڕبی یان کڕۆواتی قسه ده‌کا ده‌کرا له ئه‌و په‌ڕی ڕۆژئاوا و ئه‌وپه‌ڕی ڕۆژهه‌ڵاتی وڵات به پێی به‌سترانه‌وه‌ی زمانی وڵام درابایه‌وه، به‌ڵام له ناوچه ناوه‌ندییه‌کانی وڵات وڵامی پرسیاره‌که به پێی به‌سترانه‌وه‌ی ئێتنیکی ده‌درایه‌وه.
له‌وه‌تا هه‌ڵوه‌شانی یۆگۆسڵاڤیا، بارودۆخه‌که له به‌ر حه‌ولی حکوومه‌ته‌کانی كڕۆاتیا و سڕبستان که ئیدیعا ده‌که‌ن له ڕاستیدا ئه‌مانه دوو زمانی جیاوازن زۆر ئاڵۆزتر و پێچه‌ڵپێچتر بووه . له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌و حه‌ولانه ژیانی له موسوڵمانه‌کانی بۆسنیایی که له باری جوگرافیاییه‌وه له ناوه‌ند ده‌ژین دژوار کردووه ( بڕوانه Trudgill، 1995). له‌کاتێکدا هێندێک کڕۆوات له سارایێڤۆ له‌وانه‌یه به خۆشییه‌وه وڵام بده‌نه‌وه که به کڕۆواتی قسه ده‌که‌ن ، و هێندێک سڕبی له عه‌ینی شار دا که به وردی به هه‌مان له‌هجه قسه ده‌که‌ن له‌وانه‌یه به خۆشییه‌وه بڵێن که به سڕبی قسه ده‌که‌ن، ڕوون نییه موسوڵمانه‌کان، ئه‌گه‌ر ڕێگه‌یان نه‌درێ له وڵامدا زاراوه‌ی سڕبو- کڕۆواتی به‌کار بهێنن، ده‌بێ بڵێن به چ زمانێک قسه ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش په‌پێی ویست و دڵخوازی حکوومه‌ته‌کانی کڕۆواتیا و سڕبستان. جا بۆیه هیچ سه‌یر نییه که ئێستا حکوومه‌تی بۆسنیا ڕایگه‌یاندووه پێی خۆشه زمانه‌که‌یان به نێوی بۆسنیایی هه‌ڵبدرێ. هه‌نگین زۆر وێده‌چێ زمانێک که به پێی پێوه‌ری زمانی هێشتا مه‌عقوولانه‌یه پێی بگوترێ سڕبۆ-کڕۆواتی له داهاتوویه‌کی نزیک دا دوو شێوه نا به‌ڵکوو سێ شێوه‌ی ستانداردکراوی لێ بکه‌وێته‌وه.
ئاخێوه‌رانی موسوڵمانی ئۆردوو و ئاخێوه‌رانی هیندووی هیندی پێویست ناکا هه‌میشه پێیان خۆش بێ پێیان بگوترێ ئه‌وان زمانه‌که‌یان یه‌که و عه‌ینی زمانه، هه‌روه‌ک به‌کارهێنانی زاراوه‌ی سڕبۆ- کڕۆواتی له لای ناسیۆنالیستانی کڕۆوات و ناسیۆنالیستانی سڕب وه‌ک کفرێکی ڕه‌های لێهاتووه. هه‌ر ئاواش، دیاره به خۆشییه‌وه به شێوه‌یه‌کی زۆر نه‌رمتر، هێندێک له نۆڕوێژییه‌کان دژی ئه‌وه‌ن بگوترێ که نێ نۆرشک و بووکمۆل زمانانی جیاواز نین و شێوه‌ی جیاوازی زمانێکی تاقانه‌ن --- لێره دا بابه‌تگه‌لی گرینگی ناسێنه‌ی گرووپی و تاکی سه‌ر هه‌ڵده‌دا.
به‌ڵام چاودێرێکی بێلایه‌ن له ده‌ره‌وه ڕا، ئه‌من پێم وایه، بتوانێ ته‌واو به دڵنیاییه‌وه بڵێ ، که لێره دا، له گشت سێ نموونه‌کاندا،باس باسی زمانانی تاقانه‌ن که خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆیی هاوبه‌شن. ئێمه ده‌کرێ وه‌کوو زمانانی فره نۆڕم ئاماژه به‌و جۆره زمانانه بکه‌ین. وه‌بیر بهێننه‌وه ئه‌و ناساندنه‌ی وا بۆ ئاوسباو بوونی زمانێک له سه‌ره‌وه دا باسمان کرد واته: زمانێکی که له شێوه‌زارێکی سه‌ربه‌خۆی ستاندارد و له‌هجه ناستانداره‌ده‌کان پێک دێ که ئه‌م له‌هجانه به‌و ستاندارده به‌ستراونه‌ته‌وه. جا بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان به دوو زمانی جیاواز دابندرێن شه‌رت هه‌ر ئه‌وه نییه که دوو ستانداردی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێ، به‌ڵکوو ده‌بێ دوو کۆمه‌ڵه له‌هجه‌شیان هه‌بێ. ئاڵمانی و هۆله‌ندی دوو شێوه‌زاری ستانداردی سه‌ربه‌خۆن که له‌گه‌ڵ دووبه‌شی جیاوازی زنجیره‌ی له‌هجه‌یی ده‌گونجێن. ئه‌وه ڕاسته که له نموونه‌ی سڕبۆ-کڕۆواتی، نموونه‌ی بووکمۆل/ نی نۆرشک و هیندی/ئۆردوو دا دوو ( یان زیاتر) شێوه‌زاری ستاندارد هه‌ن. به‌ڵام، ئه‌وه‌ی لێره دا گرێنگ بێ ئه‌وه‌یه که له‌مه‌ڕ هه‌رکامێکیان ته‌نیا یه‌ک کۆمه‌ڵه له‌هجه به‌وان به‌ستراونه‌ته‌وه، جا بۆیه ئه‌وان یه‌ک زمانن. و ، به پێچه‌وانه‌ی ئاخێوه‌رانی ئاڵمانی یان هۆله‌ندی، ئاخێوه‌رانی ئه‌و زمانانه‌ی باسمان کردن بۆیان هه‌یه له هه‌ڵبژاردنی ستاندارده‌کاندا سه‌رپشک بن.
ئه‌مه ده‌مانگه‌یێنێته ئه‌وه‌ی که ده‌بێ مانای ناساندنی زمان ئاڵوگۆڕ که‌ین وبڵێین " زمانێک بریتیه له یه‌ک یان زیاتر شێوه‌زاری سه‌ربه‌خۆی ستاندارد له گه‌ڵ گشت ئه‌و شێوه‌زاره ناستانداردانه‌ی که به‌و یان به ئه‌وان به‌ستراونه‌ته‌وه". و ئه‌وه ناساندنێکی ته‌واو و بێ ئه‌ملاو ئه‌ولامان سه‌باره‌ت به زمانی فره نۆڕم له به‌ر ده‌م ڕۆ ده‌نێ، وبه‌و پێیه ده‌رده‌که‌وێ که زمانی نۆڕوێژی نمونه‌یه‌کی به‌رز و بێ کون وکه‌له‌به‌ری ئه‌وتۆیه: زمانێک که دوو یان زیاتر فۆڕمی ستاندرادکراوی هه‌یه به تاقه کۆمه‌ڵێک له له‌هجه‌ی نا ستاندارده‌وه.
ژێده‌ره‌کان
References
Chambers, J.K., and Peter Trudgill 1997Dialectology Cambridge: Cambridge University Press, 2nd edition
Chambers, J.K., and Peter Trudgill 1997Dialectology Cambridge: Cambridge University Press, 2nd edition
Haugen, Einar 1966The Scandinavian languages as cultural artifacts. In J. Fishman et al. (eds) Language problems in developing nations. New York: Wiley
Jahr, Ernst Hakon, and Peter Trudgill 1993Parallels and differences in the linguistic development of Modern Greek and Modern Norwegian. In E. H. Jahr (ed.), Language conflict and language planning. Berlin: Mouton de Gruyter. pp. 83–98Kloss, Heinz 1967Abstand- languages and Ausbau-languages. Anthropological linguistics 9, 29–41
Trudgill, Peter 1992aThe Ausbau sociolinguistics of Greek as a majority and minority language. In M. Makri-Tsilipakou (ed.), Proceedings of the 6th International Symposium on the Description and/or Comparison of English and Greek. Thessaloniki: Aristotle University. pp. 213–35
Trudgill, Peter 1992bAusbau sociolinguistics and the perception of language status in
contemporary Europe. International Journal of Applied Linguistics vol. 2.2: 167–77
Trudgill, Peter 1995Sociolinguistics: an introduction to language and society. London: Penguin
Trudgill, Peter 1995Sociolinguistics: an introduction to language and society. London: Penguin
3rd edition
[1] Peter Trudgill is now Professor of English Linguistics at Norwich. We wish to thank Professor Trudgill for giving us permission to publish this article on the web
[1] Peter Trudgill is now Professor of English Linguistics at Norwich. We wish to thank Professor Trudgill for giving us permission to publish this article on the web
پیتر ترادگیل ئێستا پرۆفێسۆری زمانناسیی ئینگلیسییه له زانکۆی ناروێچ له ئینگلیستان. ئێمه سپاسی پرۆفێسۆر ترادگیل ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی پێداین که ئه‌م وتاره له ماڵپه‌ڕه‌که‌مان دا بڵاو بکه‌ینه‌وه. (ئه‌نجومه‌نی زمانی نۆروێژی )
دوایین نوێکردنه‌وه 14 –ی ژووییه‌ی 2006
سه‌رچاوه : ئه‌م ده‌قه به‌سپاسه‌وه له ماڵپه‌ڕی Språkrådet (ئه‌نجومه‌نی زمانی نۆروێژی ) وه‌رگیراوه و وه‌گێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی
دوایین نوێکردنه‌وه 14 –ی ژووییه‌ی 2006
سه‌رچاوه : ئه‌م ده‌قه به‌سپاسه‌وه له ماڵپه‌ڕی Språkrådet (ئه‌نجومه‌نی زمانی نۆروێژی ) وه‌رگیراوه و وه‌گێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی
No comments:
Post a Comment