وڵامێک
ره‌حیم عه‌لی
ئه‌م باسه‌ی کاک ئه‌میری حه‌سه‌نپور ئه‌وه‌نده‌ی باسێکی سیاسی و ئیدئۆلۆژیکیه باسێکی زمانه‌وانی نیه. ئه‌م دۆسته کورده رقی له‌هه‌مو شتێکی کورد و ناسیۆنالیزمی کوردیه، وه‌لێ له‌زماندا خۆی کردوه به‌خه‌مخۆری زمانی نه‌ته‌وه‌ی کورد. به‌م کاره‌شی گه‌لی کورد دابه‌شکراوه ئه‌وه‌نده‌ی دی زیاتر دابه‌ش ده‌کات. کورد وه‌ک نه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر یه‌ک زمانی نووسین و فه‌رمیی نه‌بێ ئه‌وه ده‌بێ به‌چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌که‌وه. کاک ئه‌میر بۆچۆنی پانئێرانی به‌ئاشکرا به‌سه‌ردا زاڵه و مارکیسیستێکی ئه‌وه‌نده سه‌یریشه، (...........). ئه‌م زنجیره وتارانه‌ی کاک ئه‌میر یه‌ک حه‌رفی زیاده‌ی نه‌خسته سه‌ر زمانی کوردی جگه له سه‌رگه‌ردانی و به‌لاڕیدا بردن نه‌بێ، ئه‌وانه‌ی تهئیدیشی ده‌که‌ن، زۆربه‌یان له ناو(.........)ئه‌گینا له دڵسۆزی بۆ کوردان نیه. ئه‌وه‌ی کاک ئه‌میر به‌ناوی زمانناسیه‌وه داوای ده‌کات، ده‌یان ساڵه که‌مالیزم و پانئێرانی و پانعه‌ره‌بی ئه‌م کاره ده‌که‌ن، ئه‌و خوێندنه‌ی به بادینانی له کوردستانی عێراقدا له‌سه‌رده‌می سه‌دامدا روی دا، به‌شێک بو له‌م عه‌قڵیه‌ته سیاسیه‌ی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست. کاک ئه‌میر مێژوویه‌ک بۆ خۆی ده‌نوسێته‌وه، که نه‌وه‌کانی دوایی گومان له هه‌موو بۆچونێکی ده‌که‌ن، گومان لهکوردبونیشی ده‌که‌ن. کاک ئه‌میر چونکه رقی له‌ناسیۆنالیزمی کورده ( نه‌ک له ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کان) ، خۆشیی به‌زمانی نه‌ته‌وه‌ی کوردیش‌دا نایا، چونکه ناسیۆنالیزم و زمان دوو دیارده‌ن یه‌کتری ته‌واو ده‌که‌ن.
حه‌سه‌نی قازی
کاک ڕه‌حیم عه‌لی ده‌نووسی " ئه‌م دۆسته کورده ڕقی له هه‌موو شتێکی کورد و ناسیۆنالیزمی کورده" ئه‌و ده‌ربڕینت له پێشداوه‌رییه‌کی بانهکی و سست به‌ولاوه نه‌بێ هیچی تر نییه. مامۆستا حه‌سه‌نپوور له‌م زنجیره نووسینانه‌ی دا به کورتی و به وردی هاتووه ڕه‌وتی پێشوه‌چوون و باری ئێستای شێوه‌زاره کوردییه‌کانی به زمانێکی که هه‌موو که‌س ئه‌گه‌ر بییه‌وێ لێی تێده‌گا شیکردووه‌ته‌وه. ئه‌و چ په‌کی له به‌ر ئه‌وه نه‌که‌وتووه بێ کورد دابه‌ش بکا. له ڕاستیدا هه‌ڵسه‌نگاندنی تۆ هه‌ڵسه‌نگاندنێکی پانێێرانیانهوپان ترکانه و وه‌فادارییه به ڕێبازی نووری سه‌عید، چونکوو ئه‌وانیش له ژێر په‌رده‌ی "یه‌کێتی خاک و نه‌ته‌وه " دا نکووڵیان له جیاوازییه‌کان ده‌کرد و ده‌که‌ن و له مێشکیان دا جێیه‌ک نه‌بوو بۆ بیرکردنه‌وه له هه‌بوونی کورد و زمان/ شێوه‌زاره کوردییه‌کان. ئه‌و قسه‌یه‌ی دیکه‌شت " کورده وه‌ک نه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر یه‌ک زمانی نووسین و فه‌رمی نه‌بێ ئه‌وه ده‌بێ به چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌ک" ته‌واو کڵۆڵ و بێ بناخه‌یه، له زه‌مانی نووسرانی شه‌ڕه‌فنامه‌وه تائێستا کورد له زۆربه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی لێی ده‌ژی وه‌ک نه‌ته‌وه یه‌ک زمانی نووسینی ڕه‌سمی نه‌بووه و ئێستاش نییه‌تی ونه‌ش بووه به چه‌ند نه‌ته‌وه وزۆربه‌ی هه‌ره زۆری کوردان باوهکووئهوهی چه‌ندین شێوه‌زار و له‌هجه‌ی نووسینیان هه‌یه وه‌ک کورد هه‌ست به‌خۆیان ده‌که‌ن. ئه‌تۆ که خۆت به "خه‌مخۆر" و " ناسیۆنالیست" ی کورد داده‌نێی حه‌ق وایه ڕێز و حورمه‌تت هه‌بێ بۆ بایه‌خ و نرخی فکری کوردی، یه‌ک له ڕه‌مزه‌کانی ئه‌و بایه‌خه لێکۆڵینه‌وه‌کان و لێکدانه‌وه‌کانی ئه‌میری حه‌سه‌نپووره و ئه‌تۆ دێی ئاوا سه‌رچڵانه نکووڵی لێده‌که‌ی و بێ ڕێزی له ئاست که‌سایه‌تی وی ده‌نوێنی، و ناسێنه (پێناسه)ی کوردی لێ ده‌ستێنییه‌وه. ئه‌و زنجیره نووسینانه‌ی مامۆستا حه‌سه‌نپوور په‌یامی خۆشه‌ویستی و ته‌بایی و ڕێزی فره لایه‌نه‌ی ناوکۆیی کوردی لێ ده‌بارێ، ئه‌تۆش له جیاتی نێوونرتکه و پلارتێگرتن وه‌ره مێژووی گه‌شه و نه‌شه‌ی زمان/شێوه‌زاره کوردییه‌کان بگێره‌ره‌وه، دڵنیام شتێکی ئه‌وتۆت پێ نییه له گوتنه‌کانی حه‌سه‌نپووری زیاد که‌ی. بار و دۆخی زمان/ شێوه‌زاره‌کانی کوردی 1. له کوردستانی عێراق به کرمانجی نێوه‌ڕاست (سۆرانی) و کرمانجی ژووروو (بادینی) ده‌نووسرێ و له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا کاری پێده‌کرێ، کوردی یه‌ک له زمانه ڕه‌سمییه‌کانی ده‌وڵه‌تی عێراقه، له ده‌ستووری عێراقدا ئه‌و زمانه وه‌کوو کوردی باسی لێوه‌کراوه و هه‌موو شێوه‌زاره‌کان وه‌به‌ر ده‌گرێ. ئه‌گه‌ر شێوه‌زارێک بابڵێین ئه‌وه‌ی موحسین جوامێر نێوی لێناوه " دایه‌گه‌وره" به سه‌ر شێوه‌زاره‌کانی دی‌دا زاڵ بکرێ یان هه‌رێم ئه‌و دایه‌گه‌وره‌یه بکاته وه‌کیل و وه‌سی شێوه‌زاره‌کانی دیکه، ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ی له به‌غدا هه‌یه به ده‌ستی کورد بنکۆڵ ده‌کرێ. خوێندنی چه‌ند سه‌عات به زمانی هه‌ورامی له هه‌ورامان وه‌فاداری و پێبه‌ندی خه‌ڵکی دانیشتووی ئه‌وێ له ئاست زۆربه‌ی دانیشتووان به‌هێزتر و پته‌وتر ده‌کا. تۆ ده‌ڵێی " ناسیۆنالیزم و زمان دوو دیارده‌ن یه‌کتری ته‌واو ده‌که‌ن " منیش ده‌ڵێم ئه‌و یه‌کتری ته‌واو کردنانه له‌م سه‌روبه‌نده‌ی ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین ، به تایبه‌تی له نێو کوردان‌دا به تاقه زمان و شێوه‌زارێک هه‌ڵناسووڕێ.
کوردستانه‌که‌م ڕه‌گی حه‌یاتم – فره‌چه‌شنییه ڕێگای نه‌جاتم
تێبنی: ئه‌م بابه‌ته‌ی سه‌ره‌وه له تێبییهکانی له‌مه‌ڕ به‌شی سێیه‌می زنجیره نووسینه‌کانی مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌نپوور " کێشه‌ی زمانی ڕه‌سمیی کوردی" له زێدی "سبه‌ی" دا بڵاو کراوه‌ته‌وه. بۆ ئاگاداری خوێنه‌ره‌وانی ڕوانگه لێره‌دا بڵاوی ده‌که‌ینه‌وه.
No comments:
Post a Comment