Wednesday, August 27, 2008

زمانی نی نۆرشک ی نۆروێژ ، لارش س. ڤیکور





ئیڤار ئۆسێن شۆڕشگێڕی زمانی و بابه‌ گه‌وره‌ی زمانی نی نۆرشک ی
( Nynorsk ) نۆروێژ
1813-1896


نووسینی :لارش ئێس. ڤیکور
وه‌رگێڕان له‌ ئینگلیسییه‌وه‌: حه‌سه‌نی قازی

تێبینی وه‌رگێڕ: ئه‌م نووسراوه‌یه‌ی لارش ئێس. ڤیکور،Lars S. Vikør پرۆفێسۆری زمانناسیی زمانه‌ سکاندیناڤیاییه‌کان له‌ زانکۆی ئۆسلۆ وئیدیتۆری سه‌ره‌کی قامووسی نۆروێژی(Norsk Ordbok)،قامووسێکی زانستی سه‌باره‌ت به‌ نی نۆرشک و له‌هجه‌ نۆروێژییه‌کان، سێیه‌مین بابه‌ته‌ ‌ له‌ لایه‌ن ئه‌م وه‌رگێڕه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی ناسیاوبوونی هۆگرانی بابه‌تی ناسک و گرینگی زمانناسانه‌ له‌ کوردستان له‌ گه‌ڵ بارودۆخی زمانی له‌ نۆروێژ وه‌ک وڵاتێک که‌ دوو ستانداردی زمانی هه‌یه‌ وه‌رگێردراوه‌. ئه‌م بابه‌ته به‌ پێچه‌وانه‌ی وتاری پێشوو‌ له‌ ڕوانگه‌ی له‌سه‌رکردنه‌وه‌ی نی نۆرشکه‌وه‌ نووسراوه‌


نی نۆرشک چییه‌ ؟

نێ نۆرشک شێوه‌زارێکی ستانداردیی نووسینی زمانی نۆروێژییه‌. وشه‌که‌ بۆ خۆی مانای " نۆروێژی نوێ " یان " نۆروێژی مۆدێرن "ه‌. ئه‌م زمانه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای له‌هجه‌ نۆروێژییه‌کان داندراوه‌، که‌ له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م دا زمانناس و شاعیر ئیڤار ئۆسێن Ivar Aasen قاعیده‌ و ڕێسای پێنووسینی له‌ شێوه‌ی هه‌ره‌ به‌ڕایی خۆیدا بۆ داڕشت، و له‌ ساڵی 1885وه‌ شان به‌ شانی زمانی ستانداردی نه‌ریتی ، که‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک دانمارکی بوو، به‌ڵام به‌ره‌ به‌ره‌ بوو به‌ " بووکمۆلی نۆڕوێژی" ددانی پێدا هاتووه‌ و وه‌کوو زمانی نۆڕوێژیی پێنووسین به‌ ڕه‌سمی ناسراوه‌. بووکمۆل و نی نۆرشک به‌ ته‌نیشت یه‌که‌وه‌ له‌ هاوژینی هێمنانه‌ دا بوون وهه‌ن ، به‌ڵام هه‌ر وه‌ها له‌ سه‌رانسه‌ری سه‌ده‌ی ڕابردوو دا له‌ ڕکه‌به‌ری به‌رده‌وام و خه‌بات ( شه‌ڕه‌ قسه‌شدا‌) بوون. ئه‌م وتاره‌ زانیاریی سه‌ره‌تایی له‌مه‌ڕ نی نۆرشک و بارودۆخی زمانی نۆروێژی له‌ ڕوانگه‌ی نی نۆڕشکه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌.

پێشینه‌ی مێژوویی

زمانی نۆروێژی سه‌ربه‌ بنه‌ماڵه‌ی زمانیی ژێرمه‌نییه‌‌، که‌ به‌ئاسایی به‌ لکی زمانانی ژێرمه‌نی ڕۆژئاوایی ( ئینگلیسی، ئاڵمانی، هۆله‌ندی، فریسییایی و ئیدیکه‌.) و لکی زمانانی ژێرمه‌نیی باکووری ( نۆروێژی، سوێدی، دانمارکی، ئایسله‌ندی، فارئۆێسه‌یی) دابه‌ش ده‌کرێ. نۆروێژی زۆر له‌ سوێدی و دانمارکی نزیکه‌، و ئاخێوه‌رانی ئه‌و زمانانه‌ له‌ یه‌کتری تێده‌گه‌ن.
له‌ سه‌روبه‌ندی سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاستدا، نۆروێژ شانشینێکی سه‌ربه‌خۆ بوو وله‌وێدا به‌ له‌هجه‌ جیاوازه‌کانی زمانی نۆرسێی کۆن Old Norse قسه‌ ده‌کرا، ئه‌و زمانه‌ به‌ ته‌نیشت زمانی لاتینییه‌وه‌ وه‌کوو زمانی ڕه‌سمیی نووسینیش ده‌کار ده‌کرا. به‌ڵام له‌ ساڵی 1380 به‌ دواوه‌، نۆروێژ شای خۆی له‌ گه‌ڵ دانمارک به‌ش کرد، و به‌ره‌ به‌ره‌ بوو به‌ ژێرده‌سته‌ی ئه‌و وڵاته‌. بۆیه‌ له‌ ماوه‌ی سه‌ده‌کانی پازده‌ و شازده‌ی زایینیدا زمانی دانمارکی وه‌کوو زمانی ستانداردی نووسین جێگه‌ی نۆرسێی کۆنی گرته‌وه‌. به‌ڵام، له‌ ئاستی قسه‌کردن دا له‌هجه‌ نۆڕوێژییه‌کان له‌ نه‌ریتی خۆیان هه‌ڵنه‌بڕان و به‌کار ده‌هێندران و ڕێزمانه‌کانییان له‌ ڕووی زمانی نۆرسێی کۆنه‌وه‌ که‌ ده‌زگایه‌کی زۆر پێچه‌ڵپێچی گه‌ردان کردنی هه‌بوو ساده‌ کرانه‌وه‌ و بناخه‌یه‌کی هاسانی مۆدێڕنیان په‌یدا کرد به‌ سیستمێکی گه‌ردان کردنی زۆر که‌مه‌وه‌.
له‌ ساڵی 1814ی زایینیدا، نۆڕوێژ له‌ دانمارک جوێ بووه‌وه‌. دوای حه‌ولێکی نیوه‌ ته‌واو بۆ ئه‌وه‌ی وڵاته‌که‌ ببێ به‌ وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ، له‌ گه‌ڵ سوێد که‌وت و یه‌کێتییه‌کی له‌ گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ پێک هێنا، به‌ڵام تا ده‌ره‌جه‌یه‌کی زۆر حوکم و فه‌رمانڕه‌وایی نێوخۆیی هه‌بوو، و له‌گه‌ڵ شتی دیکه‌ دا، پارڵمان، حکوومه‌ت و سیستێمی قه‌زایی له‌ مه‌ڕ خۆی هه‌بوو.
له‌و سه‌روبه‌نده‌ دا کۆڕوکۆمه‌ڵی نوخبه‌ی نۆڕوێژ به‌ زمانی دانمارکی ده‌یاننووسی و له‌ قسه‌کردنیشدا له‌ سه‌ر بنه‌مای ده‌زگای فۆنێتیکی نۆروێژی شێوه‌یه‌کی ئاڵوگۆڕکراوی ئه‌و زمانه‌یان به‌کار ده‌هێنا. سوێدییه‌کان قه‌ت حه‌ولیان نه‌دا زمانی خۆیان به‌ سه‌ر نۆروێژییه‌کاندا بسه‌پێنن، جا بۆیه‌ ده‌سته‌ڵاتی زمانی دانمارکی هه‌روا به‌رده‌وام بوو و چ قۆرتی له‌ سه‌ر ڕێ نه‌بوو.
سه‌رهه‌ڵهێنانی ناسیۆنالیزم و ڕۆمانتیسیزمی نه‌ته‌وه‌یی ، که‌ له‌ ئاڵمانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت و له‌و سه‌روبه‌نده‌ دا رێگه‌ی بۆ نێو زۆر وڵاتان ده‌ر کردبوو پڕیشکی گه‌یشته‌ نۆڕوێژیش، ئه‌مه‌ له‌ نێو کۆر و کۆمه‌ڵی ده‌ستڕۆیوی نۆڕوێژ ناڕه‌زایه‌تێکی وه‌رووژاند سه‌باره‌ت به‌و ڕاستییه‌ی که‌ زمانێکی جیاوازی نۆروێژی له‌ گۆڕێدا نه‌بوو‌، جگه‌ له‌ له‌هجه‌کان نه‌بێ ، که‌ زۆر له‌ نیشانه‌کانی زمانی نۆرسێی کۆنیان پاراستبوو‌ و به‌رگه‌ی ئه‌وه‌یان گرتبوو‌ که‌ زمانی دانمارکی له‌ نێو خۆیدا نه‌یان تووێنێته‌وه‌ و به‌ ڕوونی له‌و زمانه‌ جیاوازبوون. ڕۆمانتیسیزمی نه‌ته‌وه‌یی بزووتنه‌وه‌یه‌ک بوو بۆ نه‌ته‌وه‌ چێکردنی کولتووری له‌ نۆروێژ، و به‌شێکی گرینگ و گه‌وره‌ له‌ چالاکییه‌کانی بریتی بوو له‌ کۆکردنه‌وه‌ وبڵاو کردنه‌وه‌ی فۆلکلۆر ( چیرۆک و حه‌قایه‌ت، ئه‌فسانه‌ی بوومی، به‌یت وباو، مووزیکی فۆلکلۆری جۆر به‌ جۆر)، و کۆ کردنه‌وه‌ی ده‌ق به‌ زمانی نۆرسێی کۆنOld Norse ( که‌ زۆر جار بنچینه‌ی ئایسله‌ندییان هه‌بوو)، گرده‌وه‌کۆیی مێژووی سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاست و کۆنینه‌ ناسی و چالاکی دیکه‌ی له‌و چه‌شنه‌. لێکۆڵینه‌وه‌ و " ئاشکراکردنی" له‌هجه‌ نۆروێژییه‌کان به‌شێک له‌و خه‌باته‌ بوو. ئیڤار ئۆسێن Ivar Aasen (96- 1813) ، کوڕی جووتێرکی خه‌ڵکی ڕۆژئاوای نۆڕوێژ شانی وه‌به‌ر ئه‌وکار دا، که‌ که‌متا زۆر له‌ لای خۆی چه‌ندین زمان و له‌وانه‌ نۆرسێی کۆن، زمانناسی به‌راوه‌ردکارانه‌، و له‌هجه‌ی خۆی فێر ببوو و ڕێزمانێکی بۆ دانا و وشه‌کانی له‌ کتێبێکدا شی کرده‌وه‌، كۆمه‌ڵه‌ی سه‌لته‌نه‌تی زانسته‌کان، که‌ داوودزگایه‌کی تایبه‌تی و ناده‌وڵه‌تی بوو له‌ شاری ترۆندهایم، یارمه‌تی ماڵی پێکرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتدا بگرێ و سه‌باره‌ت به‌ له‌هجه‌کان زانیاری کۆکاته‌وه‌؛ پڕۆژه‌یه‌ک که‌ چوارساڵی خایاند، و له‌ ساڵی 1848 دا ئیڤار ئۆسێن ڕێزمانێکی به‌راو‌ردیی له‌مه‌ر له‌هجه‌ نۆڕوێژییه‌کان بڵاو کرده‌وه‌ که‌ ده‌یسه‌لماند ئه‌وان ده‌کرێ وه‌کوو زمانی نۆڕوێژی خه‌سڵه‌ت و هه‌بوونێکی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێ ، له‌ گوێن و هاوشان له‌ گه‌ڵ زمانانی سوێدی و دانمارکی. دوو ساڵ دواتر ئه‌و قامووسێکی تێر و ته‌سه‌لی بڵاو کرده‌وه‌.
له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌و زانیارییانه‌ی کۆی کردبوونه‌وه‌، ئاسێن قاعیده‌ و ڕێسای زمانێکی نووسینی داڕشت که‌ ده‌کرا وه‌کوو
" شێوه‌زاری سه‌ره‌تایی" بێ بۆ له‌هجه‌کان؛ واته‌ ئه‌و له‌هجه‌کانی له‌ گه‌ڵ یه‌کتری و له‌ گه‌ڵ زمانی نۆرسێی کۆن له‌ به‌ر یه‌ک ڕۆنا، و تێکۆشا ئه‌و خاڵه‌ بدۆزێته‌وه‌ که‌ ئه‌وانی له‌ یه‌کتری جوێ ده‌کرده‌وه‌‌. به‌ سازدانه‌وه‌ی فۆڕمی هاوبه‌ش که‌ ئه‌و هه‌ستی ده‌کرد له‌ بناخه‌ی ڕاستینه‌ و شێوه‌ جیاوازه‌کانی قسه‌ کردن داهه‌بوون،ئۆسێن به‌و ئاکامه‌ گه‌یشت که‌ بنچینه‌یه‌کی هاوبه‌شی بۆ زمانێکی نۆروێژی ستاندارد دۆزیوه‌ته‌وه‌. له‌ ساڵی 1853 دا، ئیڤار ئۆسێن کتێبێکی بڵاو کرده‌وه‌ که‌ ده‌قی له‌هجه‌ جیاوازه‌کانی تێدابوو و هه‌ر وه‌ها سه‌باره‌ت به‌و زمانه‌ ستاندارده‌ی که‌ پێشنیاری ده‌کرد و نێوی لێنابوو " Landsmål "، واته‌ زمانی وڵات ( له‌ وشه‌ی " وڵات" مه‌به‌ستی نۆڕوێژ بوو، ئه‌گه‌رچی زۆر جار ئه‌و نێوه‌ به‌ مانای دووه‌می، واته‌، " گوند و ده‌ره‌وه‌ی شاران" لێکده‌درایه‌وه‌). ئاسێن درێژه‌ی به‌ کاره‌کانی خۆی دا و له‌ ساڵی 1864 دا ڕێزمانێکی پێوه‌ردانه‌ری گه‌وره‌ی بڵاو کرده‌وه‌ و له‌ ساڵی 1873 ش دا قامووسێکی پێوه‌ردانه‌ری هه‌موولایه‌نه‌ی بڵاو کرده‌وه‌ و به‌و کاره‌ی له‌وبڕوایه‌ دابوو که‌ ستاندارده‌که‌ی بڕاوه‌ته‌وه‌ و ته‌واوه‌.

ئاسێن به‌ زمانی خۆی هۆنراوه‌شی بڵاو کرده‌وه‌، که‌ ئێمه‌ پێی ده‌ڵێن نی نۆرشک ئه‌گه‌رچی ئه‌م نێوه‌ به‌ ڕه‌سمیی ته‌نێ له‌ ساڵی 1929دا وه‌خۆ کرا. نووسه‌رانی دیکه‌ش به‌ ڕێپێڵگه‌ی ئاسێن داچوون و هێنده‌ی پێنه‌چوو‌ زمانه‌که‌ بۆ نووسینی مژارو بابه‌تی جۆر به‌جۆر به‌کار هێندرا، هۆنراوه‌، په‌خشانی داستانی . په‌خشانی ناداستانی، ڕۆژنامه نووسی، کتێب و که‌ره‌سته‌ی خوێندن، دراما و شانۆ. ئه‌و فۆرمه‌ی ئاسێن بۆ زمانه‌که‌ی داڕشتبوو له‌ لایه‌ن زۆر که‌سانه‌وه‌ تا ڕاده‌یه‌ک به‌ کۆن داده‌ندرا، به‌ڵام به‌کارهێنه‌رانی له‌ به‌شه‌ جیاوازه‌کانی وڵات دا زمانه‌که‌یان تیفتیفه‌ دا و هاسانتریان کرد به‌ داهێنانی شێوه‌ی خۆیان له‌ سه‌ر بنه‌مای له‌هجه‌ هه‌رێمییه‌کانی زێدی خۆیان.

نی نۆرشک به‌ پێی بڕیارێکی پارلمانی له‌ ساڵی 1885 دا به‌ڕه‌سمی وه‌ک زمانێکی یه‌کسان له‌ گه‌ڵ دانمارکی ڕاگه‌یێندرا، و له‌ ساڵی 1892 دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ پێک هات که‌ وه‌کوو زمانی خوێندن له‌ فێرگه‌ سه‌ره‌تاییه‌کاندا بخوێندرێ. له‌ ماوه‌ی سی ساڵی دواتر دا زۆر به‌ خێرایی په‌ره‌ی سه‌ند؛ و تا ساڵانی 1920 ، بوو به‌ زمانی بانده‌ست و زاڵ له‌ به‌شی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شاران له‌ نۆڕوێژ، به‌ تایبه‌تی له‌ ڕۆژئاوای نۆڕوێژ، به‌ڵام هه‌ر له‌وێش نا. له‌ ساڵی 1902 دا وه‌ک زمانی تۆبزی لێهات بۆ په‌روه‌رده‌ی مامۆستا و فێرکاران و له‌ ساڵی 1907 ته‌نانه‌ت له‌ تاقیکردنه‌وه‌کانی خوێندنی ئاماده‌ییشدا تۆبزی بوو، به‌ ته‌نیشت زمانه‌که‌ی دیکه‌وه‌ ، دانمارکی ( که‌ به‌ڕێگه‌ی چاکسازی له‌ ڕێنووس دا له‌ سالانی 1907 و 1917 دا نوروێژێندرابوو له‌ سه‌ر بنه‌مای شێوه‌ قسه‌ کردنی باشووری – ڕۆژهه‌ڵات، و بووکمۆلی مۆدێڕنی لێ ساز بوو). له‌ ساڵی 1930 دا، بڕیار درا‌ حکوومه‌ت ده‌بێ به‌ پێی ویست و داوخوازی شارۆمه‌ندان و ئه‌وه‌ی که‌ کامیان هه‌ڵده‌بژێرن هه‌ر دووک زمانه‌کان به‌کار بهێنێ.( و ئه‌م بڕیاره‌ له‌ ‌کۆمه‌ڵێک ڕێسا و په‌سندکراوی ڕه‌سمی دا شیکرایه‌وه‌)

هه‌رله‌و سه‌روبه‌نده‌ دا ڕواڵه‌تی زمان گۆڕدرا.حکوومه‌ت حه‌ولی دا دوو شێوه‌زاره‌کان له‌ یه‌ک نزیک کاته‌وه‌ ودواجار به‌ ڕێگه‌ی زنجیره‌یه‌ک چاکسازی له‌ ڕێنووس دا به‌ به‌کارهێنانی شێوه‌کانی قسه‌کردنی ڕۆژهه‌ڵاتی و باکووری،له‌ جیات شێوه‌کانی ڕۆژئاوایی له‌ نی نۆرشک و شێوه‌ی دانمارکی له‌ بووکمول داهه‌ردووک شێوه‌زاره‌کان تێکه‌لاو بکا و له‌ یه‌کتریاندا بتووێنێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و سیاسه‌ته‌ له‌ گه‌ڵ خۆڕاگری و دژایه‌تییه‌کی زۆر به‌ره‌وو ڕوو بووه‌وه‌ و له‌ ساڵانی 1960کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو دا به‌ره‌ به‌ره‌ ده‌ستی لێهه‌ڵگیرا. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و سیاسه‌ته‌ ئاکامی ئه‌وه‌ی لێ که‌وته‌وه‌ ، که‌ ستانداردی نووسینی نی نۆرشک له‌ سه‌ر بنه‌مای له‌هجه‌ ڕۆژئاواییه‌کان که‌متر بێته‌وه‌ و ئێستا ئه‌مه‌ له‌ به‌کارهێناندا بانده‌سته‌. به‌ڵام نۆڕمی نووسینی ڕه‌سمی نه‌رمونیانه‌، واته‌ ده‌کرێ مرۆ به‌ پێی شێوه‌زاره‌کانی هه‌رێمی نی نۆرشک بنووسێ، یان به‌ره‌و بووکمۆل لێی نزیک بێته‌وه‌ یان به‌ ئاراسته‌ی دیکه‌ دا، به‌ره‌و فۆرمێکی زۆر نه‌ریتیترکه ‌له‌ سه‌ر بنه‌مای ‌ داڕشتنی ئێڤار ئۆسێنه‌.
له‌ کرده‌وه‌ دا، په‌ره‌سه‌ندنی نی نۆرشک به‌ هۆی له‌مپه‌رێکی گه‌وره‌ به‌رته‌سک کرا، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو‌ که‌ نی نۆرشک قه‌ت نه‌یتوانی شارۆچکه‌ یان شارێک داگیر بکا. له‌ شارۆچکه‌ وشاراندا ده‌سته‌ڵاتی بووکمۆل بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا بوو، هه‌م توانایی و هه‌م لاوازیی نی نۆرشک له‌ به‌ر ئه‌و جیاوازییانه‌ و تا ڕاده‌یه‌کیش ئه‌و دژایه‌تی و ناکۆکییانه بوو که‌ له‌ نێوان شارنشینی نۆروێژ و گوند نشینی نۆڕوێژ له‌ گۆڕێدا بوون؛ نی نۆرشک ڕه‌مزی " گوندایه‌تی " بوو، و له‌ سه‌رده‌می ڕۆمانتیسیزمی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ له‌ هێز وتوانایی نرخه‌کانی گوندێتی نۆروێژ که‌لکی وه‌رده‌گرت .
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و بارودۆخه‌ له‌ دوای شه‌ڕی دوویه‌می جیهانی ئاڵوگۆڕی به‌سه‌رداهات. به‌ سنعاتی بوونی وڵات و به‌ره‌وپێشچوونی گه‌یاندن و تێکنۆلۆژی مۆدێڕن، شارنشینی و ناوه‌ندێتی زیادی کرد و په‌ره‌ی ئه‌ستاند ، که‌ ئه‌مه‌ش بووکمۆلی به‌هێز کرد و بووه‌ هۆی لاوازی نی نۆرشک.جا بۆیه‌، به‌ ده‌م ساڵانی په‌نجا و شێسته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م،‌ نی نۆرشک زۆربه‌ی هه‌ڵویست و پله‌ی خۆی له‌ فێرگه‌ سه‌ره‌تاییه‌کاندا له‌ ده‌ست دا، و ته‌نێ له‌ ساڵانی حه‌فتاکاندا له‌ چه‌قی ناوچه‌ی خۆی ئاهێکی به‌ به‌ردا هاته‌وه‌، که‌ له‌ به‌شی دواتر دا باسی لێوه‌ ده‌که‌ین. به‌ پێی " تێکه‌ڵاوێک له‌ بیرهه‌ڵسه‌نگاندن و شیکردنه‌وه‌ی دێمۆگرافی" ئێستا وا داده‌ندرێ که‌ نی نۆرشک له‌ لایه‌ن 10 تا % 15 دانیشتووانی نۆڕوێژه‌وه‌ به‌کار بهێندرێ؛ ئه‌مه‌ ده‌کاته‌ نیومیلیۆن نه‌فه‌ر. له‌ ئاستی سه‌رتاسه‌ری، هه‌رله‌و سه‌روبه‌نده‌ دا نی نۆڕشک راهێزێندراوه‌ ‌، به‌ ڕێگه‌ی ده‌رفه‌ت پێدانی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌زگای وه‌شانی ده‌وله‌تی دا به‌ کار بهێندرێ، و به‌ ڕێگه‌ی پێشخستنی داو و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ی کولتووریی به‌ هێزی نی نۆرشک. سه‌رباقی ئه‌وه‌ش، حه‌وجێ به‌ خه‌باتێکی به‌رده‌وام هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نی نۆرشک بتوانێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی مه‌ڵبه‌ندی به‌هێزی جوگرافیایی خۆی، خۆی بپارێزدرێ.

سنووردانانی جوگرافیایی

له‌ ڕووی جوگرافیاییه‌وه‌، مه‌ڵبه‌ندی به‌هێزی نی نۆرشک به‌ ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م بریتییه‌ له‌ ڕۆژئاوای نۆروێژی گوند نشین و ده‌وه‌ره‌کانی ده‌وروبه‌ری ( زۆربه‌یان دۆڵ و ده‌ره‌ی شاخاوین له‌ باشووری نۆڕوێژ). شارۆچکه‌کان هێشتا ملی لێ ده‌سوون و وه‌خۆی ناکه‌ن، به‌ڵام له‌ نۆڕوێژی ڕۆژئاوا دا ژماره‌یه‌ک شارۆچکه‌ی "نوێ" قوت بوونه‌ته‌وه‌ بۆ پیشه‌سازی ئێلێکترۆ – شیمی و ئێلێکترۆ – متالیک، یان ئه‌رک و کاری کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌کوو په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی یان نێوه‌ندگه‌لی میدیا،و لێره‌دا، نی نۆرشک پله‌ و هه‌ڵکه‌وتی تا ڕاده‌یه‌ک به‌ هێزی به‌ده‌ست هێناوه‌ و وه‌کوو زمانی هاوبه‌ش له‌ گشت ئه‌ر‌که ‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به‌کار ده‌هێندرێ و به‌م پێیه‌ زمانه‌که به‌شێک له‌‌‌ " شارستانی بوونی " به‌ ده‌ست هێناوه‌.

سنووردانانی زمانی

له‌باری زمانییه‌وه‌، زۆر جار بۆ بێگانان ئاسته‌مه‌‌ له‌پێوه‌ندییه‌کانی نێوان نی نۆرشک و بووکمۆل تێبگه‌ن. ئه‌وان زۆر وه‌یه‌کتری ده‌چن، به‌شێکی له‌ به‌ر نزیکی و وه‌یه‌کچوونی ته‌واو له‌ نێو گشت زمانه‌ سکاندیناڤیاییه‌کان و، به‌شێکیشی له‌به‌ر سیاسه‌تی ڕه‌سمی دۆستانه‌ و ئاشتیانه‌ی زمانی، به‌ڵام زیاتر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ر دووک زمانه‌کان به‌ به‌رده‌وامی له‌ عه‌ینی به‌ستێن و چوار چێوه‌ دا ده‌کار کراون ، ئه‌وه‌کارێکی وای کردووه‌ هه‌موو نۆڕوێژییه‌کان ناچالاکانه‌ش بێ هه‌ردووکییان بزانن، جا بۆیه‌ جێکردنه‌وه‌ی هه‌ر دووکیان له‌ بارودۆخی پێوه‌ندی ته‌بیعی و ئاسایی دا ڕێگه‌ی کردووه‌ته‌وه‌ بۆ زۆر شێوه‌ی دیکه‌ی نێوه‌ڕاست و تێکه‌ڵاو " دیاره‌ زۆر زیاتر به‌ چوونی نی نۆرشک به‌ ره‌و ئاراسته‌ی بووکمۆل ، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ‌ بووکمۆل لایه‌نی به‌هێزتره‌"، به‌ڵام دیاره‌ هه‌میشه‌ش ئاوانییه‌. زۆربه‌ی نۆروێژییه‌کان به‌ له‌هجان ‌، یان شێوه‌ی ئاڵوگۆڕکراوی له‌هجان قسه‌ ده‌که‌ن ، که‌ تێیاندا تۆوی شێوه‌ی بووکمۆل و شێوه‌ی نی نۆرشک هه‌ن.
جیاوازی سه‌ره‌کی له‌ نێوان بووکمۆل و نی نۆرشک له‌ بناخه‌ی وشه‌ و وشه‌ ڕۆنان دایه‌. زۆربه‌ی ئه‌و جیاوازییانه‌ له‌ مه‌ڕ فۆڕمی دیارن، نه‌ک چین و ده‌سته‌ی وشان، به‌ڵام هێندێک جیاوازی ئه‌وتۆش هه‌ن وهه‌ر دووک زمانه‌که‌ " ده‌رخه‌ر" ی ناسراوی له‌ مه‌ڕ خۆیان هه‌یه‌. له‌ گه‌ردانکردنی ناو دا، نی نۆرشک سیستێمێکی سێ زایه‌ندی هه‌یه‌ که‌ له‌ نۆرسێی کۆنه‌وه‌ بۆی به‌ میرات ماوه‌ته‌وه‌، له‌ کاتێکدا ناو له‌ بووکمۆلی دا دوو زایه‌ندی هه‌یه‌ که‌ ئه‌مه‌شی له‌ دانمارکییه‌وه‌ بۆ ماوه‌ته‌وه‌، کاتێک که‌، نێر و مێ له‌ " زایه‌ندێکی هاوبه‌ش" دا تێکه‌ڵ ده‌بنه‌وه‌ و لێک ده‌به‌سترێن. له‌بار ئه‌وه‌ی ته‌قریبه‌ن گشت له‌هجه‌ نۆروێژییه‌کان له‌و خاڵه‌ دا له‌ گه‌ڵ سیستێمی نی نۆرشک هاوبه‌شن، ته‌نانه‌ت ئه‌و له‌هجانه‌ش که‌ له‌ باشووری ڕۆژهه‌ڵات و له‌ چه‌قی پێگه‌ی بووکمۆلی مۆدێرن دا به‌کار ده‌هێندرێن، ئه‌م شێوه‌زاره‌ زۆر فۆرمی مێی ناوانی وه‌خۆ کردووه‌ که‌ وێده‌چێ له‌ قۆناخی تێپه‌ڕێن دا مابنه‌وه‌‌ له‌ نێوان دوو زایه‌ندی و سێ زایه‌ندی دا. بناخه‌ی وشه‌ و وشه‌ ڕۆنان له‌ نی نۆرشک دا زۆر له‌ بووکمۆل پێچه‌ڵپێچتر، به‌ڵام زۆر به‌ قاعیده‌تریشه‌.
له‌باری ده‌نگسازییه‌وه‌ (phonology (،به‌ته‌واوی وه‌ک یه‌ک وان؛ واته‌ هه‌ر دووکیان ده‌کرێ به‌ ڕاوێژی جیاوازی هه‌رێمی ته‌له‌فوز بکرێن وهه‌ر کامیان زیاتر ده‌ناو خۆیاندا جیاوازی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ تا ئه‌وه‌ی له‌ ئاست یه‌کتری جیاوازبن. له‌ ڕووی نه‌حویشه‌وه‌، ئه‌وان ته‌واو وه‌ک یه‌ک وان، ئه‌گه‌رچی لهنی نۆرشک دا گوشارێکی به‌هێزتری پێوه‌ریی هه‌یه‌ به‌ره‌و ڕسته‌ دارشتنی ساکار تر " له‌ سه‌ر بنه‌مای زمانی زاره‌کی"، به‌ بڕبڕ وێژی و ڕسته‌ی کورتتر له چاو‌ بووکمۆل ، که‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ جیاوازی گه‌وره‌تری هه‌یه‌ ده‌ناو شێوه‌ی به کارهێنانی جۆربه‌جۆردا. به‌ڵام له‌م بواره‌ش دا که‌متازۆر پێکهاتن و نزیکبوونه‌وه‌یه‌کی له‌خۆوه‌ ڕووده‌دا، ئه‌ویش له‌ به‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ی که‌ هه‌ر دووکیان له‌ عه‌ینی کۆمه‌ڵگه‌ دان، و گشت نۆڕوێژییه‌کان که‌متازۆر نۆڕم و قاعیده‌کانی هه‌ر دووک زمانه‌کانیان ده‌ مێشکی دایه‌ وکاتێک که‌ ده‌نووسن له‌ بن کارلێکه‌ری هه‌ر دووکیان دان.
جیاوازی وشه‌ییان له‌ نێو دا هه‌یه‌ که‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و جیاوازییانه‌ زۆر زیاتر بوون: له‌ کاتێکدا‌ بووکمۆل بۆ هه‌نبانه‌ی وشانیش پشتی به‌ دانمارکی ده‌به‌ست، و به‌ لێشاو وشه‌ی لێ ده‌خواسته‌وه،نی نۆرشک په‌تیگه‌ری ده‌کرد و پشتی به‌ وشه‌ی خۆماڵی ده‌به‌ست ، که‌ زۆر جار له‌ له‌هجانی وه‌رده‌گرت یان دای ده‌تاشین. به‌ڵام ئه‌و جیاوازییانه‌ که‌متر بوونه‌ته‌وه‌: بووکمۆل زۆر وشه‌ی له‌ له‌هجان وه‌رگرتووه‌، له‌ هه‌مانکاتدا ‌ نی نۆرشک ده‌ستی له‌ په‌تیگه‌ری هه‌ڵگرتووه‌ له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ئه‌ووشه‌ نێونه‌ته‌وییانه‌ی که‌ ڕیشه‌ی یۆنانی- لاتینیان هه‌یه‌. دیاره‌ نی نۆرشک هێشتا مه‌یلی په‌تیگه‌ری پاراستووه‌ له‌ هه‌مبه‌ر وشه‌ی خوازراوه‌ له‌ زمانی دانمارکی و له‌ زمانی ئاڵمانی نه‌وی Low German ڕا ( که‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی زۆر به‌هێزی وشه‌ به‌قه‌رزدان بوو به‌ زمانه‌ سکاندیناڤیاییه‌کان له‌ ڕابردوو دا)، چونکوو ئه‌و جۆره‌ وشانه‌ له‌ نووسینی نی نۆرشک دا به‌ وشه‌ی " بووکمۆل" و دواجار به‌ " خراپ" داده‌ندرێن، ئه‌گه‌رچی زۆر له‌وان له‌ زمانی قسه‌کردندا ئاسایی و باون. ژماره‌یه‌کی له‌زێده‌ له‌و جۆره‌ وشانه‌ له‌ ستانداری نی نۆرشکیش دا وه‌خۆ کراون، و زۆر له‌ به‌کارهێنه‌ران بۆیان ئاسته‌مه‌ که‌ وشه‌ی شیاوی په‌سند کردن و ناپه‌سند لێک بکه‌نه‌وه‌، جا بۆیه‌ ئه‌و په‌تیگه‌رییه‌ زۆرجار ده‌بێته‌ هۆی ناڕه‌زایه‌تی.

هه‌ڵکه‌وت و پله‌ی قانوونی

به‌پێی قانوون نی نۆرشک له‌ گه‌ڵ بووکمۆل یه‌کسانه‌. ئه‌وقانوونی زمانییه‌ی که‌‌ ئێستا له‌‌ بواری خزمه‌ته‌ گشتییه‌کاندا کاری پێده‌کرێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1980، و ئه‌و پرێنسیپه‌ی تیدا گونجێندراوه‌، که‌ دیاره‌ زۆر کۆنتر دامه‌زراوه‌ و کاری پێکراوه‌. ئه‌و قانوونه‌ به‌ وردی باسی گشت ئه‌و ئه‌رکانه‌ ده‌کا که‌ ده‌که‌ونه‌ سه‌ر ئه‌ستۆی حکوومه‌ت بۆ به‌کارهێنانی ئه‌و دوو شێوه‌زارانه‌ له‌ بواری گشتیدا: ئه‌ونامانه‌ی له‌ لایه‌ن شارۆمه‌ندان ڕا بۆ داو ودزگا حکوومه‌تییه‌کان ده‌نێردرێن ده‌بێ به‌و شێوه‌زاره‌ زمانییه‌ وڵام بدرێنه‌وه‌ که‌ نامه‌که‌ی پێ نووسراوه‌. فۆرم و پرسنامه‌ی جۆر به‌ جۆر که‌ ده‌رده‌کرێن ده‌بێ به‌ هه‌ردووک شێوه‌زاره‌کان، یان هێندێکیان هه‌ر به‌ بووکمۆلی و هێندێکیان هه‌ر به‌ نی نۆرشکی بن. هه‌ر شاردارییه‌ک بۆی هه‌یه‌ شێوه‌زارێک وه‌کوو زمانی ڕه‌سمی خۆی هه‌ڵبژێرێ، و حکوومه‌ت له‌ پێوه‌ندییه‌کانی خۆیدا له‌ته‌ک ئه‌و شاردارییه‌ دا ده‌بێ ئه‌و شێوه‌زاره‌ به‌کار بهێنێ.ئه‌و شێوه‌زاره‌ی بۆ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ دابه‌شکراوی‌ ئیداری‌ گه‌وره‌تر له‌ شاردارییه‌کان (وه‌کوو ئه‌ستانه‌کان) به‌کار ده‌هێندرێ به‌پێی کۆمه‌ڵێک ڕێسای دیکه‌ دیاری ده‌کرێ و ئه‌وه‌ش به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ژماره‌ی ئه‌و شاردارییانه‌ی که‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ر کام له ئه‌ستانه‌کاندا ئه‌م یان ئه‌و شێوه‌زاریان هه‌ڵبژاردووه‌. نزیکه‌ی یه‌ک له‌ له‌ چواری شاردارییه‌کان نی نۆرشکیان هه‌ڵبژاردووه‌، گشتیان له‌ نێو ئه‌و ناوچه‌ جوگرافیاییه‌یدا هه‌ڵکه‌توون که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باس کرا. ئه‌وانی دی، زۆر له‌ شاردارییه‌کان بووکمۆلیان هه‌ڵبژاردووه‌، له‌ کاتێکدا، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش بێلایه‌نن که‌ ئه‌مه‌ش به‌ ئاسایی مانای وایه‌ که‌ له‌واندا هه‌م بۆ ڕاپه‌ڕاندنی کاروباره‌کانی خۆیان و هه‌م له‌ پێوه‌ندییه‌کانیان له‌ گه‌ڵ حکوومه‌تدا بووکمۆل بانده‌ست و زاڵه‌. دیاره‌ ده‌بێ ئاماژه‌ی پێبکرێ که‌ ئه‌و قانوونه‌ زۆر جار پێشێل ده‌کرێ و له‌وجێیه‌ی ده‌بێ نی نۆرشک به‌کاربهێندرێ، بووکمۆل ده‌کار ده‌کردرێ؛ ئه‌مه‌ گیروگرفتێکی باوه‌ و زۆر جار دووپاته‌ ده‌بێته‌وه‌ و هه‌میشه‌ پێداویستی ئه‌وه‌ی هێناوه‌ته‌ گۆڕێ که‌ ڕێکخراوه‌کانی پارێزه‌ری نی نۆرشک حه‌ول بده‌ن تا ئه‌وجێیه‌ی ده‌کرێ ئه‌و ناحه‌قییه‌ که‌م بکه‌نه‌وه‌.

پله‌و هه‌ڵکه‌وتی شێوه‌زاره‌کان له‌ په‌روه‌رده‌ دا

نی نۆرشک زمانی یه‌که‌می % 15 منداڵه‌ مه‌دره‌سه‌ییه‌کانه‌ له‌نۆروێژ، که‌ زۆربه‌یان له‌ مه‌ڵبه‌ندی جوگرافییای به‌هێزی ئه‌و شێوه‌زاره‌دا ده‌ژین. بۆ هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ک، زمانی په‌روه‌رده‌ یان به‌ڕێگه‌ی هه‌مووپرسییه‌کی گشتیی خۆجێیی ، یان ( به‌ر له‌ ساڵی 1915) به‌ ڕێگه‌ی بڕیارێک له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی ناوچه‌یی قوتابخانه‌ دیاری ده‌کرێ، یان ئه‌گه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ پێشووتر قه‌ت هیچ بڕیارێک وه‌رنه‌گیرابێ بووکمۆل به‌کارده‌هێندرێ وه‌کوو دانمارکی پێشوو. قانوون ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ دانیشتووانی ناوچه‌یه‌ک داوخوازی گۆڕینی زمانی په‌روه‌رده‌ بکه‌ن، له‌ ناوچه‌که‌ هه‌مووپرسییه‌کی گشتی ده‌کرێ، به‌ڵام ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ بڕیار ده‌دا، بێتوو ژماره‌یه‌کی که‌م له‌ ده‌نگده‌ران له‌ هه‌مووپرسییه‌که‌ دا به‌شداری بکه‌ن. ئه‌گه‌ر به‌لانی که‌مه‌وه‌ ده‌سه‌رخێزان ( دایکوباوک) بیانه‌وێ ،منداڵه‌کانیان به‌ شێوه‌زارێکی دیکه‌ بخوێنن، ئه‌وده‌می پۆلێکی هاوشانی پۆله‌کانی دیکه‌یان به‌و شێوه‌زاره‌ بۆ رێک ده‌خه‌ن. بۆیه‌ زۆر له‌ قوتابخانه‌کان به‌ کرده‌وه‌ هه‌ر دووک شێوه‌زاره‌کان به‌کار ده‌هێنن. ئه‌وه‌ مانای وایه‌ که‌ بووکمۆل له‌ زۆرێک له‌ قوتابخانه‌ بووکمۆلییه‌کان به‌کار ده‌هێندرێ، به‌ڵام پێچه‌وانه‌که‌شی هه‌ر ڕاسته‌، و له‌ قوتابخانه‌کانی هێندێک له‌ شارو شارۆچکه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌کان ، له‌ وانه‌ ئۆسلۆش، پۆل هه‌نه‌ که‌ منداڵان تێیاندا فێری نی نۆرشک ده‌بن ، ئه‌گه‌رچیش ژماره‌ی ئه‌و جۆره‌ پۆلانه‌ زۆرکه‌من.
قوتابیان له‌ ساڵی هه‌شته‌می خوێندندا، بۆ خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن وه‌کوو " شێوه‌زاری سه‌ره‌کی" بووکمۆل یان نی نۆرشک هه‌ڵبژێرن. به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا ده‌بێ شێوه‌زاره‌که‌ی دیکه‌ش وه‌کوو " شێوه‌زاری دوویه‌م" بخوێنن، و ئه‌وان له‌ تاقیکردنه‌وه‌ی کۆتاییدا که‌ به‌ئاسایی له‌ ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ساڵاندا ده‌کرێ ده‌بێ ئینشایه‌ک به‌ هه‌ر دوو شێوه‌زاره‌کان بنووسن.
بۆیه‌ نی نۆرشک له‌ هه‌موو وڵات دا ئاماده‌یه‌، به‌ڵام زیاتر وه‌کوو" شێوه‌زارێکی دوویه‌م".
به‌پێی ڕێسای په‌روه‌رده‌ گشت که‌ره‌سته‌ و کتێبی خوێندن له‌ قوتابخانه‌کانی نوروێژ دا ده‌بێ له‌ سه‌ربنه‌مای بووکمۆل و نی نۆرشک گه‌ڵاڵه‌ کرابن بۆ ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تی به‌کارهێنانیان بدرێ. ئه‌مه‌ش، دوای خه‌باتێکی دوورودرێژ له‌ لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی نی نۆرشک و ئێستا به‌ یارمه‌تی دارایی به‌رچاوی ده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بۆ زۆربه‌ی کتێبه‌کان سه‌باره‌ت به‌ بابه‌ته‌ گه‌وره‌کانی خوێندن جێ به‌ جێ کراوه‌، له‌ کاتێکدا بۆ بابه‌ته‌ پچووکتره‌کان، هه‌ر دووک شێوه‌زاره‌کان له‌ به‌شه‌ جیاوازه‌کانی کتێبێکدا جێیان کراوه‌ته‌و. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بارودۆخی به‌ کار هێنانی هه‌ر دووک شێوه‌زاره‌کان له‌ میدیای ئێلێکترۆنی مۆدێرن دا هیچ ڕێسایه‌کی ئه‌وتۆی بۆ دانه‌ندراوه‌.
له‌ زانکۆکان و کۆلیجه‌ هه‌رێمییه‌کان که‌ ئێستا له‌ هه‌موو ئه‌ستانه‌کانی وڵاتدا دامه‌زراون، نی نۆرشک زیاتر به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ به‌کارهێنه‌رانی تاک. نی نۆرشک له‌ چه‌قی مه‌ڵبه‌ندی به‌هێزی خۆی ، له‌ کۆلیجه‌کانی Sogn og Fjordane و Telemarkو Møre og Romsdal زاڵه‌ ،دیاره‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێ هه‌رواش بێ. له‌ هێندێک دامه‌زراوه‌ی دیکه‌ی به‌رزی خوێندندا، وه‌کوو زانکۆی بێرگن، نی نۆرشک به‌ ڕێژه‌ به‌ به‌ربڵاوی ده‌کار ده‌کرێ، و له‌ زانکۆکانی دیکه‌شدا، تا ڕاده‌یه‌ک ده‌رفه‌ت ده‌درێ به‌ به‌کارهێنانی. له‌ هێندێک ده‌وروبه‌ری پچووکتری ئاکادێمی دا ‌ ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ به‌کارهێنه‌رانی نی نۆرشک کۆبوونه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ بواری زانستییه‌ مرۆییه‌کاندا. له‌ بابه‌تی " زمان و ئه‌ده‌بییاتی سکاندیناڤیایی، به‌ تایبه‌تی زمانی نوروێژی" دا، هه‌ڵبه‌ت نی نۆرشک وه‌کوو تۆوێکی گرینگ ده‌پارێزدرێ. نێوه‌نده‌ هه‌ره‌ به‌هێزه‌کانی نی نۆرشک له‌ دنیای ئاکادێمی دا بریتین له‌ ئه‌نیستیووی ئیڤار ئاسێن له‌ کۆلێجی Møre og Romsdal ( له‌ ڤۆڵدا، نزیکی شوێنی له‌دایکبوونی ئیڤار ئاسێن) و به‌شی نی نۆرشکی دیپارتمانی قامووسنووسی و له‌هجه‌ناسیی نوروێژی زانکۆی ئۆسلۆ.

پله‌ و هه‌ڵکه‌وتی نی نۆرشک له‌ کۆمه‌ڵگه‌ دا به‌ گشتی

له‌ بواری میدیا دا، نی نۆرشک هه‌ڵکه‌وتی به‌هێزه‌ به‌ ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م له‌ مه‌ڵبه‌ندی به‌هێزی خۆی و له‌ هێندێک له‌ دامه‌زراوه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌کاندا. نۆڕوێژ زۆر ڕۆژنامه‌ی هه‌رێمی و ناوچه‌یی هه‌یه‌، له‌وانه‌ له‌ ناوچه‌ی نی نۆرشک دا، ئه‌گه‌رچی زۆریان به‌ تیراژێکی که‌م بڵاوده‌بنه‌وه‌. ڕۆژنامه‌یه‌کی سه‌رتاسه‌ری ڕۆژانه‌ به‌ نی نۆرشک نییه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ سه‌ده‌ی ڕابردوو دا هه‌بوو. به‌ڵام حه‌وتوونامه‌یه‌ک هه‌یه‌ به‌ نێوی Dag og Tid ( ڕۆژ و کات )، که‌ بڵاوکراوه‌یه‌کی بیریه‌ و باسی بابه‌تگه‌لی سیاسی، کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کا. له‌ زۆربه‌ی ئه‌و ڕۆژنامانه‌ دا که‌‌ ‌ به‌ بووکمۆلی ده‌رده‌که‌ون، له‌وانه‌یه‌ نی نۆرشک له‌ لایه‌ن نووسه‌رانی ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژنامه‌کان ڕا به‌کاربهێندرێ، به‌ڵام زۆر که‌م له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ئه‌و ڕۆژنامانه‌وه ده‌کار ده‌کرێ‌. ڕۆژنامه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ و پڕ خوێنه‌ره‌وه‌‌ سه‌رتاسه‌رییه‌کان لاپه‌ڕه‌کانی خۆیان به‌ڕووی نی نۆرشک دا داخستووه‌، له‌ کاتێکدا ئه‌و ڕۆژنامانه‌ی له‌ ڕۆژئاوای نۆڕوێژ بڵاو ده‌بنه‌وه‌، به‌تایبه‌تی ڕۆژنامه‌ی هه‌ره‌ به‌ ڕمێنی Bergens Tidende ، به‌ ڕێژه‌ جێیه‌کی باش ده‌ده‌ن به‌ که‌ره‌سته‌ی نی نۆرشک ، هه‌رچه‌ندیش به‌ ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م بووکمۆلی به‌کارده‌هێنن.
له‌ بواری وه‌شانی ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنی دا، نۆڕوێژ له‌ ساڵانی 1980کاندا له‌بارودۆخی ئینحیساری ده‌وڵه‌تییه‌ وه‌ ( ده‌گازی وه‌شانی ده‌وڵه‌تی نۆڕوێژ یانNRK ) به‌ره‌و سیستێمێکی ڕکه‌به‌ری تایبه‌تی گۆڕا به‌ چه‌ندین کاناڵی تێلێڤیزیۆنی و زۆر ئیستگه‌ی ڕادیۆیی ناوچه‌ییه‌وه‌. له‌ وه‌شانه‌کانی NRK دا بووکمۆل هه‌میشه‌ زاڵ و بانده‌ست بووه‌، به‌ڵام نی نۆرشک و له‌هجه‌ هه‌رێمییه‌کان له‌و ده‌زگایه‌ دا به‌ ڕێژه‌ هه‌میشه‌ جێیه‌کی سه‌لامه‌تی که‌مایه‌تییان هه‌بووه‌. له‌ ساڵی 1970 دا پارلمانی نۆڕوێژ ڕایگه‌یاند NRK ده‌بێ حه‌ول بدا ئامانجی ئه‌وه‌ بێ که‌ %25 وه‌شانه‌ زاره‌کییه‌کانی به‌ نی نۆرشک بێ، ئامانجێکی که‌ هه‌تا ئێستا قه‌ت پێی نه‌گه‌یشتووه‌، به‌ڵام به‌ ئاسایی ڕێژه‌ی بڵاو کردنه‌وه‌ به‌ نی نۆرشک له‌ نێوان 10 و 20 له‌ سه‌د له‌ ڕایه‌ڵه‌ دا بووه. به‌کارهێنانی له‌هجه‌کان له‌ ساڵی 1970وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو زیادی کردووه‌، و نۆروێژی کردووه‌ به‌ یه‌کێک له‌ وڵاتانی هه‌ره‌ له‌سه‌ره‌خۆ و هه‌ڵکه‌ر له‌و بواره‌ دا، ئه‌گه‌رچی زۆرکه‌سیش، به‌ تایبه‌تی ده‌ناو ئاخێوه‌رانی شارنشینی بووکمۆل دا، به‌ئاشکرایی ئه‌و هه‌ڵکردن و ڕێگه‌ پێدانه‌ شه‌رمه‌زار ده‌که‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ‌ له‌ هجه‌ جیاوازه‌کان ، و بووکمۆل و نی نۆرشک به‌ گشتی چاک له‌ یه‌کتری تێده‌گه‌ن‌، بارودۆخێکی ئه‌وتۆ ڕه‌خساوه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ گیروگرفتێکی گه‌وره‌ بێته‌ گۆڕێ. NRK هێشتا سه‌ره‌کیترین و گه‌وره‌ترین کۆمپانی وه‌شانی ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنییه‌ له‌ نۆڕوێژ، به‌ڵام ده‌زگای وه‌شانی هه‌ره‌ گرینگی تایبه‌تی ، واته‌ TV2، ئه‌گه‌رچی ملی نه‌داوه‌ به‌وه‌ی که‌ به‌رنامه‌یه‌کی زۆر به‌ نی نۆرشک بڵاو بکاته‌وه‌، به‌ڵام باوه‌شی بۆ له‌هجه‌کان کردووه‌ته‌وه‌، و ئه‌مه‌ش به‌ جوانی ده‌یسله‌مێنێ که‌ زۆربه‌ی بیسته‌ران ئه‌وه‌یان به‌لاوه‌ په‌سنده‌ و قه‌بووڵی ده‌که‌ن. هه‌لبه‌ت له‌ ڕادیۆ ناوچه‌ییه‌کاندا، له‌هجه‌کان زۆر ده‌کار ده‌کرێن.
وه‌زعی نی نۆرشک له‌ بواری شانۆ دا به‌هێزه‌ ئه‌مه‌ش له‌ سایه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌یدا که‌ یه‌کێک له‌ تیاتره‌‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کان له‌ ئۆسلۆ(Det Norske Teatret) ، له‌ لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی نی نۆرشکه‌وه‌ دامه‌زرا و کاره‌کانی ته‌نێ به‌ نی نۆرشک پێشکێش ده‌کا. دامه‌زرانی ئه‌و تیاتره‌ ‌ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1913، ویه‌ک له‌ شانۆ هه‌ره‌ چالاکه‌کانه‌ بۆ پێشکێش کردنی نواندنی موزیکال له‌ نۆڕوێژ. له‌ ساڵانی 1970 به‌ملایانه‌وه‌، زۆر تیاتری هه‌رێمی دامه‌زراون ( جگه‌ له‌وانه‌ی که‌ پێشتر له‌ شاره‌گه‌وره‌کاندا هه‌بوون). نی نۆرشک به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام له‌ تیاتره‌کانی نۆروێژی ڕۆژئاوا، و به‌ڕاده‌یه‌کی که‌متر،له‌ جێگه‌ی دیکه‌ش به‌ کار ده‌هێندرێ. دیاره‌ زۆربه‌ی شانۆکان کلاسیکین، و زۆر جار له‌ زمانی ماکی بێگانه‌وه‌ وه‌رگێڕدراون، یان وه‌خۆ کردنی ئه‌ده‌بییاتی کلاسیکن. له‌ زه‌مانی ئیبسێن Ibsen، به‌ملایه‌وه‌ درامای نۆروێژی هێنده‌ زۆر چالاک نه‌بووه‌، به‌ڵام یه‌کێک له‌ دراماتیسته‌ هه‌ره‌ کارامه‌ و پڕ به‌رهه‌مه‌کان له‌و ساڵانه‌ی دواییدا که‌ له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییشدا به‌ نێوبانگه‌ واته‌ یۆن فۆسێ Jon Fosse (1959- )، به‌ نی نۆرشک ده‌نووسێ

به‌ نی نۆرشک فیلم زۆرکه‌م ساز ده‌کرێ، ته‌نێ چه‌ند فیلمێک نه‌بێ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ده‌بییاتی کلاسیکی نی نۆرشک.

له‌نێو کلیسای ( لوتێری ده‌وڵه‌تی) دا ( که‌ %85 دانیشتوان به‌ قسه‌ سه‌ر به‌و ڕێڕه‌وه‌ن)، نی نۆرشک له‌ چه‌قی
ناوچه‌ی به‌هێزی خۆیدا هه‌ڵکه‌وت و پله‌ی پته‌وه‌. یارمه‌تیدانی سه‌ره‌کی نی نۆرشک به‌ ژیانی کلیسایی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ دا هه‌بوونی کۆمه‌ڵێک سروودی دینییه‌ به‌ نی نۆرشک ، که‌ به‌نێوبانگن و له‌ هه‌موو جێیه‌ک ده‌خوێندرێنه‌وه‌. کتێبی ئینجیل، هه‌ڵبه‌ت هه‌م به‌ بووکمۆل و هه‌م به‌ نی نۆرشک هه‌یه‌ ( یان چاپی جیاواز به‌ هه‌ردووکیان که‌ له‌ سه‌رده‌می جیاواز دا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ و له‌ زمانی ده‌قه‌کاندا حه‌ول دراوه‌ ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی له‌ هه‌ر دوو شێوه‌زاره‌کاندا ڕوویان داوه‌ ڕه‌نگ بداته‌وه‌).
له‌ زۆربه‌ی ڕێکخراوه‌کاندا ( سێندیکا پیشه‌ییه‌کان، ڕێکخراوه‌کانی دیکه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیپارێز یان کۆمه‌ڵه‌ دڵخوازانه‌کان)، له‌ ده‌ره‌وه‌ی پێگه‌ی ناوچه‌ی نی نۆرشک، بووکمۆل بانده‌سته‌، جگه‌ له‌ ڕێکخراوه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌کاندا نه‌بێ که‌ له‌ ئاکامی بزووتنه‌وه‌ی پاراستنی نی نۆرشک دا سه‌ریان هه‌ڵهێناوه‌ و سه‌ربه‌ کولتووری گوندیانه‌ و ده‌ره‌وه‌ی شارانی نی نۆرشکن. پارتییه‌‌ سیاسییه‌کان زۆرتر بووکمۆل به‌کارده‌هێنن، به‌ڵام له‌ پێگه‌ی نی نۆرشک و جار جار له‌ بۆنه‌ و به‌ستێنی دیکه‌ش دا نی نۆرشک ده‌کار ده‌که‌ن.
له‌ ژیانی بیزنس و ته‌جاره‌ت ، له‌ رێکلامی بازرگانی، وبواری دیکه‌ی ئه‌وتۆ دا، هێزه‌کانی بازاری ئازاد مه‌یلیان به‌ره‌و به‌کار هێنانی شێوه‌زاری هه‌ره‌ گه‌وره‌ واته‌ بووکمۆله‌، ته‌نێ له‌ هێندێک به‌ستێنی تایبه‌تی دا که‌ به‌ "بێلایه‌ن" دا ده‌ندرێ ڕێگه‌ ده‌ده‌ن به‌ که‌مایه‌تی خۆی بنوێنێ. له‌وبوارانه‌دا نی نۆرشک جگه‌ له‌ چه‌قی ناوچه‌ی خۆی ڕۆژئاوای نۆروێژ نه‌بێ ده‌نگی نییه‌.

ئه‌ده‌بییات

ئه‌ده‌بییات هه‌میشه‌ و ئێستاش یه‌ک له‌ بواره‌ به‌هێزه‌کانی نی نۆرشک بووه‌‌. ئیڤار ئاسێن به‌ته‌نیشت زمانناس بوون و زمانداڕێژ بوونه‌یه‌وه‌ شاعیریش بوو، و کۆمه‌ڵێک له‌ شێعره‌کانی و ئه‌و گۆرانییانه‌ی له‌ سه‌ر شێعره‌کانی وی ساز کراون هێشتاش زۆر خۆشه‌ویست و گه‌لویستن. زۆر له‌ نووسه‌رانی ئه‌ده‌بییات ڕێچکه‌ی ئه‌ویان گرت، و زمانه‌که‌یان ده‌وڵه‌ومه‌ند کرد و به‌ بۆن و به‌رامه‌ی جیاوازی به‌شه‌جیاوازه‌کانی وڵات خه‌مڵاندیان و به‌ره‌وپێشیان برد، و په‌ڕه‌یان دا به‌ شێواز و بابه‌ته جیاوازه‌ ئه‌ده‌بییه‌کان. دوو شاعیر و نووسه‌ری هه‌ره‌ گرینگ و‌ به‌نێوبانگ که‌ به‌ دووی ئیڤار ئاسێن دا هاتن ئاسموند ئوولاڤسۆن ڤینیێ Aasmund Olavsson Vinje (1818-70) و ئارنێ گاربۆری Arne Garborg (1851-1924) بوون. ئه‌وان زۆریان له‌ سامانی شێعری به‌کارهێنه‌رانی دواتری نی نۆرشک زیاد کرد و شێوازی مۆدێڕنی نی نۆرشکیان له‌ به‌ستێنی ڕۆژنامه‌نووسی و وتارنووسی دا به‌ره‌وپێش برد و خه‌مڵاندیان.له‌ سه‌ره‌تاوه‌ نی نۆرشک له‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ دا بوو له‌ چواردیواری " فۆلکلۆر" و کولتۆرێکی زمانی که‌ هه‌ر چاوی له‌ ڕابردووبێ، قه‌تیس بێ. ڤینیێ و گاربۆری ده‌ورێکی بڕیار ده‌ر و سه‌ره‌کییان هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی زمانه‌که‌ بکه‌ن به‌ ئامرازی ده‌ربڕینی بیر و ڕامانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی هاوچه‌رخ ، و یارمه‌تیان کرد به‌ ڕادیکاڵ بوون و دێمۆکراتیک کردنی بزووتنه‌وه‌که‌ له‌و سه‌روبه‌ندی دا. گاربۆری ڕۆماننووسیش بوو، و سه‌رچاوه‌ی نووسینه‌کانی له‌و زانیاری و لێزانییه‌دا بوو که‌ سه‌باره‌ت به‌ کولتووری دینی ناوچه‌ی گوندیی زێدی خۆی له‌ باشووری ڕۆژئاوای نۆڕوێژ وله‌مه‌ڕ ڕه‌وته‌ ئانارشیست و نیهیلیسته‌کان ده‌نێو ڕووناکبیران و " بۆهێمییه‌کان" ی پێته‌خت دا هه‌یبوو.
به‌دوای تێوه‌رسووڕانه‌وه‌ی سه‌ده‌ دا ئه‌ده‌بییاتێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌رین په‌یدا بوو. لێره‌ دا باسی چه‌ند نووسه‌ری هه‌ره‌ ناسراو و هه‌ڵکه‌وتوو ده‌که‌ین. ئوولاڤ دوون Olav Duun (1876-1939)، ‌ به‌ ڕۆمانه‌کانی که‌ بارودۆخی زێدی خۆی له‌ ده‌وه‌ری قه‌راخ ده‌ریا له‌ Trøndelag, باکوور ده‌گێڕنه‌وه‌ وله‌باری ده‌روونییه‌وه‌ شوێنێکی زۆر له‌ سه‌رمرۆ ده‌که‌ن، له‌ ساڵانی 1920کاندا له‌وانه‌ بوو خه‌ڵاتی نۆبێلی ئه‌ده‌بییات بباته‌وه‌؛ تاریێی ڤێساس Tarjei Vesaas (1897-1970) که‌ له‌ ساڵانی په‌نجاکان و شێسته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو دا چه‌ندین ڕۆمانی بڵاو کرده‌وه‌ که‌ کارتێکه‌رییه‌کی قووڵی ڕه‌مزیان هه‌بوو وله‌ وه‌جی سه‌رده‌می خۆیدا بوو به‌ یه‌ک له‌ نووسه‌رانی هه‌ره‌ خۆشه‌ویستی نۆڕوێژ، و ته‌نانه‌ت له‌ ئاستی نێوه‌نه‌ته‌وه‌ییشدا. ؛ شارتان فلوێگستاد Kjartan Fløgstad (1944- ) ، که‌ جارێکی دیکه‌ ئه‌ده‌بییاتی نی نۆرشکی نوێ کرده‌وه‌ به‌ نووسینه‌ گاڵته‌ ئاماله‌کانی خۆی، له‌ ژێر کارتێکه‌ریی رێئالیزمی جادوویی ئه‌مریکای لاتین دا، و زۆر جاربه‌ ئیلهام وه‌رگرتن له‌ بارودۆخی شارۆچکه‌ سنعاتییه‌کانی باشووری نۆروێژ یان ده‌وروپشتی کۆمه‌ڵگه‌کانی نزیکی ده‌ریا ‌، نووسینه‌کانی بۆن و به‌رامه‌ی سیاسییان هه‌یه‌، به‌ڵام نه‌ک به‌زه‌قی وشێوه‌یه‌کی بانگه‌شه‌ده‌رانه‌؛ ئێدڤارد هوم Edvard Hoem (1949- )، زۆرتر ڕۆمانی سیاسی ده‌نووسێ و بارو دۆخی ده‌ره‌وه‌ی شاران یان شاره‌ پچووکه‌کانی ڕۆژئاوای نۆروێژ ده‌گێڕێته‌وه‌. ئه‌وه‌ ته‌نێ چه‌ند نووسه‌رێک بوون ده‌ناو ژماره‌یه‌کی زۆر دا، به‌ڵام له‌ به‌رئه‌وه‌ی که‌ کاره‌کانی زۆربه‌ی ئه‌وان وه‌رنه‌گێردراون " به‌تایبه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ شێعره‌ به‌رزانه‌ی که‌ به‌ نی نۆرشک هۆندراونه‌ته‌وه‌" پێویست ناکا زیاتری له‌ سه‌ر بڕۆین. ‌ جگه‌ له‌ ئاماژه‌ به نێوی ‌ ئوولاڤ ئێچ. هاوگ Olav H.Hauge 1908-1984 نه‌بێ ، شاعیرێک که‌ کاره‌کانی وه‌رگێڕدراونه‌ته‌ سه‌ر زمانی ئینگلیسی، و یه‌ک له‌ شاعیره‌ هه‌ره‌ به‌نێوبانگه‌کانی وه‌جی خۆیه‌تی.
هه‌بوونی کۆمه‌ڵێکی زۆری کاری ئه‌ده‌بی هۆیه‌کی گرینگه‌ که‌ نی نۆرشک توانیویه‌تی ئاوا به‌ باشی خۆی بپارێزێ و بمێنێته‌وه‌، چونکوو به‌گشتی به‌شێکی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ ئه‌ده‌بییاتی نۆروێژی که‌ هه‌موان ده‌بێ فێری ئه‌و ئه‌ده‌بییاته‌ بن و لێی بزانن جا خۆیان چ ئاخێوه‌ر و به‌کارهێنه‌ری بووکمۆل بان یان نی نۆرشک ( له‌ هه‌مان کاتدا ئاخێوه‌ر و به‌کارهێنه‌رانی نینۆرشکیش ده‌بێ له‌ گه‌ڵ ئه‌ده‌بییاتی ده‌وڵه‌مه‌ندی بووکمۆل ناسیاوی په‌یدا که‌ن و لێی فێربن). به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و نووسه‌ره‌ نی نۆرشک نووسانه‌ له‌ لایه‌ن وشانخانه‌ی جۆر به‌ جۆره‌وه‌ بڵاوکراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ بڵاوکه‌ره‌وه‌ی ئه‌وتۆش هه‌بوون که‌ هه‌ستێکی تایبه‌تی به‌رپرسیارانه‌یان له‌ ئاست نی نۆرشک له‌ خۆیانه‌وه‌ نیشان داوه‌. وه‌شانخانه‌ی , Det Norske Samlaget ( له‌ ئۆسلۆ)، که‌ له‌ ساڵی 1868 دامه‌زراوه‌، له‌ ساڵانی 1960 کانه‌وه‌ وه‌کوو یه‌ک له‌ بڵاوکه‌ره‌وه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی نی نۆرشک خۆی دامه‌زراندووه‌.

سه‌رچاوه‌ به‌ زمانی نی نۆرشک

بۆ ئه‌وانه‌ی بیانه‌وێ فێری نی نۆرشک ببن ، سه‌رچاوه‌ به‌ ده‌سته‌وه‌ن، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌نده‌ش نین که‌ دڵ پێیده‌وێ. لێره‌ دا باسی سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌کییه‌کان ده‌که‌ین

کتێبی سه‌ره‌تایی

بۆ ئه‌وانه‌ی نۆروێژیی بووکمۆل، دانمارکی، یان سوێدی ده‌زانن، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌تایی بۆ فێربوونی نی نۆرشک زۆرن، که‌ زۆربه‌یان بۆ فێرگه‌ی سه‌ره‌تایی و نێوه‌ندی نووسراون ( زۆربه‌یان به‌ نی نۆرشک. ئه‌وکه‌سانه‌ی که‌ یه‌کێک له‌ شێوه‌کانی سکاندیناڤیایی بزانن ده‌توانن ده‌قی نی نۆرشک تا ڕاده‌یه‌کی زۆر بخوێننه‌وه‌ و لێی تێبگه‌ن، ئه‌گه‌رچی کتێبێکی سه‌ره‌تایی پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆ فێر بێ چالاکانه‌ له‌ زمانه‌که‌ ڕابێ و به‌کاری بهێنێ).
ڕێزمان
هێندێک کتێبی سه‌ره‌کی ڕێزمان به‌ نی نۆرشک نووسراون. ته‌نیا کتێبی ڕێزمان که‌ به‌ ئینگلیسی له‌ سه‌ر ڕێزمانی نی نۆرشک نووسرابێ کتێنی په‌ر مۆن و په‌ر- بیۆرن پێدرسنه‌. ڕێزمانی نۆروێژی:
Per Moen and Per-Bjørn Pedersen: Norwegian
grammar (1983
قامووس
چه‌ندین قامووس و وشه‌نامه‌ی نۆروێژی – ئینگلیسی بڵاو بوونه‌ته‌وه‌. باشترینیان قامووسی نۆروێژی – ئینگلیسییه ئاینار هاوگن‌ گرده‌وه‌کۆیی کردووه‌، که‌ هه‌م فۆرمی بووکمۆل و هه‌م نی نۆرشک ی تێدایه‌
Einar Haugen 1965



نووسه‌ر پڕۆفێسۆر لارش س.ڤیکور مامۆستای زمانناسی زانکۆی ئۆسلۆ - نۆروێژ

تێبینی : ئه‌م وتاره‌ی پرۆفێسۆر لارش ئێس. ڤیکور مامۆستای زمانناسیی سکاندیناڤیایی له‌ زانکۆی ئۆسلۆ، نۆڕوێژ له‌ ماڵپه‌ڕی نێوه‌ندی ئیڤار ئۆسێن Ivar Aasen- Tunet به‌ زمانی ئینگلیسی بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.

http://www.aasentunet.no/default.asp?menu=94&id=453

وێنه‌ی لارش س.ڤیکور وێنه‌گرMartin Toft هه‌ڵیگرتووه‌
وێنه‌ی ئیڤار ئاسێن بابه‌گه‌وره‌ی نی نۆرشک له‌ گووگل وه‌رگیراوه‌

No comments: