دڵمه‌زنیی زمانی
دڵمه‌زنیی زمانی
حه‌سه‌نی قازی
خوێندنه‌وه‌ی کامێنتێکی کاک مه‌زن عوسمان له ماڵپه‌ڕی ڕێنێسانس دا بووه هه‌وێنی نووسینی ئه‌م دێڕانه .
کاک مه‌زن عوسمانی به‌ڕێز با له سه‌ر نووسی بابه‌ته‌که‌ته‌وه ده‌ست پێبکه‌م. به داخه‌وه عه‌قڵ ناکرێ ستاندارد بێ، چونکوو، ئه‌گه‌ر تێخوێندنه‌وه‌مان له چه‌مکی عه‌قڵ ئاوا بێ ئه‌و ده‌می ئه‌و چه‌مکه وه‌کوو شتێکی نه‌گۆڕ ده‌بینین و ده‌زانین مرۆ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ وڵامی گێره و کێشه‌کانی ده‌وروبه‌ری بداته‌وه، پێویسته عه‌قڵی به‌کار بهێنێ به‌ڵام عه‌قڵ به پێی گۆڕانکارییه‌کانی ده‌وروبه‌ر گۆڕانی به‌سه‌ردادێ و هه‌ربۆیه‌شه کورد ده‌ڵێ : " هه‌ر عه‌قڵه‌ی له خه‌سارێک " ؛ واته بۆ ڵێکاڵا کردنه‌وه و تاو توێکردنی بابه‌ته‌کان له‌وانه‌یه پێویستی به عه‌قڵی جیاواز هه‌بێ. ئه‌من له‌و قسه‌یه‌ت به جۆرێکی دی تێده‌گه‌م ئه‌ویش هه‌بوونی ته‌بایی و ته‌وافوقێکی گشتییه بۆ پێوه‌چاران به بابه‌تی زمان و دیاره ئه‌وه تێڕوانینێکی ڕاسته.
سه‌باره‌ت به پرسی " ستاندارد" وه‌ک تائێستا ده‌بێ ڕوون بووبێته‌وه له به‌ر هۆی مێژوویی، سیاسی و په‌روه‌رده‌یی و زۆر هۆکاری دیکه، " له‌هجه ئه‌ده‌بییه‌کان" یان " شێوه‌زاره نووسینه " کوردییه‌کان ڕه‌وتی جیاوازیان پێواوه تا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و کاته‌ی که ئێمه قسه‌یان لێوه ده‌که‌ین . ده‌کرێ بڵێین پڕۆسه‌ی ده‌ستپێکردنی ستانداردایه‌تی له‌وه‌تا په‌یدا بوونی نووسینی کوردی به چاپ ده‌ستیپێکردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و ڕه‌وته بۆ ماوه‌ی دوورودرێژ له قۆناخی پێش – ستاندارد بووندا ماوه‌ته‌وه، بۆ وێنه ڕۆژنامه‌ی کوردستان که له ساڵی 1898 به کرمانجی و به خه‌تی عه‌ڕه‌بی له قاهیره ده‌ست به بڵاو کردنه‌وه‌ی کراوه ، یان دواتر ئه‌و کۆڤار و ڕۆژنامانه‌ی له ئیستانبووڵ بڵاو بوونه‌ته‌وه نه‌یانتوانیوه " جه‌ماوه‌رێکی به‌ربڵاوی خوێنه‌ره‌وه" دروست بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی داهێنان و داڕشتنه‌کانیان ببێ به پێوه‌رێک بۆ زمانی نووسین و پێوه‌ندی له نێوخه‌ڵکدا – دیاره ئه‌مه یه‌کێکه له خسڵه‌ته‌کانی ستاندارد بوونه بۆ هه‌ر زمانێک – ، چونکوو زمانه‌که زمانی په‌روه‌رده، زمانی نووسین و پێوه‌ندی نێو خه‌ڵک نه‌بووه. خوێنده‌واران، به عه‌ڕه‌بی، یان به فارسی و یان به عوسمانی نامه‌یان له گه‌ڵ یه‌ک ئاڵوگۆڕ کردووه، له سه‌روبه‌ندی دواتر دا به‌تایبه‌تی له سییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا سیدقی و تۆفیق وه‌هبی له عێراق و عوسمان سه‌بری و برایانی به‌درخانی له سوورییه و ئوڕووپا ده‌ستیان کردووه به گرده‌وه‌کۆیی زمانی، و ده‌کرێ بڵێین پڕۆسه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی به‌ره‌و ستاندارد چوونی دوو شێوه‌زاره‌کان ( کرمانجی و سۆرانی) له‌و ده‌مییه‌وه ده‌ست پێده‌کا. له عێڕاق نووسینی کوردی به خه‌تی ئاڵوگۆڕکراوی عه‌ڕه‌بی گۆڕانی به‌سه‌ر دادێ و تاڕاده‌یه‌کی زۆر ئامانجی بۆ هه‌ر ده‌نگێک، نیشانه‌یه‌ک وه‌دی دێ و له سووریاش جه‌لاده‌ت عالی به‌درخان و هاوکارانی له گۆ واری هاوار" دا ده‌ست پێده‌که‌ن به‌ره به‌ره خه‌تی لاتینی بۆ نووسینی کوردی ده‌کار بکه‌ن. ده‌زانین سه‌ره‌ڕای قه‌ده‌غه بوونی کوردی له ترکییه و له ئێران ئیدی ئێستا کوردی بووه به ئامرازی پێوه‌ندی. هه‌م له په‌روه‌رده و چاپه‌مه‌نیدا به کار دێ و هه‌م، که‌ڵه شوێنه‌واری پێ نووسراوه و پێی وه‌رگێڕدراوه و به دوای په‌یدا بوونی تێلێڤیزیۆنی مانگیله و ئینرنێت دا ستاندارده کان له باری نێوه‌رؤک و له شکڵ و فۆڕم دا پێشوه‌چوونی گه‌وره‌یان به خۆ وه دیوه و ده‌بینن. دیاره نابێ مانای چه‌مکه‌کان تێکه‌ڵ بکه‌ین ستاندارد بوون و ڕه‌سمیی بوون به ته‌واوی له‌یه‌ک جیاوازن. شتێکی که به داخه‌وه به بڵاو بوونه‌وه‌ی " په‌یامی داوخوازی " ستانده‌رایزکردنی زمانی کوردیی " زۆر که‌سی وه‌سه‌ر هه‌ڵه په‌ڕاند. به بڕیاری سیاسی ده‌کرێ " له‌هجه‌ی زمانێک " له سه‌ر حیسابی " له‌هجه و زمانگه‌لی دیکه" ڕه‌سمییه‌تی پێبدرێ، به‌ڵام ستاندارد بوون ڕه‌وتێکی دیکه‌یه که سیاسه‌تمه‌دارنیش به پێی ئه‌وه‌ی چه‌نده زمانه‌که به‌کارده‌هێنن به نۆره‌ی خۆیان وه‌کوو زمان‌ناسان، پلانداڕێژانی زمان، ده‌زگای په‌روه‌رده و میدیا، نووسه‌ران ،قامووسنووسان و هونه‌رمه‌ندان ده‌توانن به‌شداری تێدا بکه‌ن. ستاندارد بوون ده‌ستپێده‌کا به‌ڵام قه‌ت ته‌واو نابێ.
ده ڕاستیدا ئه‌و نموونانه‌ی له مه‌ڕ سه‌رده‌ست کردنی شێوه‌زارێک به سه‌ر شێوه‌زاری دی دا هاوکات له گه‌ڵ دامه‌زرانی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه کان له وڵاتانی ئوڕووپایی و شوێنی دیکه باسیان لێوه ده‌کرێ له هه‌موو جێیه‌ک به زه‌بر و زه‌نگ و به نه‌هێشتن ، یان ده په‌راوێز هاویشتنی زمان و شێوه‌زاره‌کان له جوگرافیای جۆر به جۆر دابه‌ڕێوه چووه. ڕاسته ئاتاتورک به مه‌به‌ستی سیاسی و بۆ پێشخستنی" وشیاریی" نه‌ته‌وه‌یی و توواندنه‌وه‌ی هه‌موان له " مه‌نجه‌ڵی ترکی " دا ویستی به گۆڕینی خه‌ت " نه‌ته‌وه"یه‌کی نوێ که چ کارتێکه‌ری فه‌رهه‌نگ و هێژێمۆنی فکری ڕابردووی به سه‌ره‌وه نه‌بێ دروست کا. به‌ڵام ئه‌و سیاسه‌ته به وه‌گه‌ڕ خستنی ئه‌ویدی و به قیمه‌تی زمانبڕینی کوردان به‌ڕێوه چوو. ڕاسته تاساڵانی کۆتایی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی پێشوو، فه‌ڕانسه‌یی تاقه زمانی په‌روه‌رده و خوێندن بووه له‌و وڵاته و زمانه‌کانی دی وه‌کوو کۆرسیکایی، پرۆڤانس، برۆتۆنی و چی و چی هه‌موو له په‌راوێز خرابوون و تا ئاستی زمانی ماڵێ که‌مڕه‌نگ کراوبوونهوه و له گیانه‌ڵا دابوون ، به‌ڵام ئیدی ئێستا وانییه، ئێستا کۆرسیکا ئۆتۆنۆمی هه‌یه، له ئاستی زانکۆ دا به زمانی کۆرسیکایی ده‌خوێندرێ و ئه‌وه‌ش شتێک نیشان ده‌دا؛ بار‌و دۆخی سیاسی و کولتووری وای کردووه جڤاتی فه‌رانسه ڕه‌نگاوڕه‌نگی و فره چه‌شنی زمانی ده‌نێو خۆیدا قه‌بووڵ بکا. نه زمان و نه‌کولتوور هیچ سنوورێکی ده‌وڵه‌تی به ڕه‌سمیی ناناسن. ده ڕاستیدا ئه‌مرۆ ئاکادێمی زمانی فه‌ڕانسه زۆر زیاتر له کارتێکه‌ری ئینگلیسی نیگه‌رانه تا ئه‌وه‌ی داوخواز به‌رزکاته‌وه بۆ پێش‌گرتن به خه‌ڵکی کۆرسیکا ، برۆته‌ن وباسک بۆ ئه‌وه‌ی زمانه‌کانیان ده هه‌موو بواره‌کاندا به‌کار نه‌هێنن. هه‌ر بینا له دهنگو باس‌دا ببیستین " کارڵا بروونی " پێوه‌یه ئاڵبۆمێکی نوێی گۆرانییه‌کانی به زمانی کۆرسیکایی بڵاو کاته‌وه.
نه نموونه‌ی ڕابردووی فه‌رانسه و نه ڕه‌چاو کردنی نموونه‌ی ترکییه بۆ سازکردنی " ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه " ئی ئه‌وه نین ده‌سته‌ڵاتێکی که بییه‌وێ له سه‌ر بناوانی ماف و ئازادییه‌کانی تاک و کۆمه‌ڵ خۆی دامه‌زرێنێ،ڕه‌چاویان کا.
نه‌ته‌وه‌ی کورد و زمانه‌که‌ی، بزووتنه‌وه‌ی کورد و ئامانجه‌که‌ی، ئینسانی کورد و خولیاکه‌ی هه‌موویان سنوور به‌زێنن. له هه‌ر به‌شێکی کوردستان سیاسه‌تێکی باش و هه‌موو گره‌وه‌ی فره چه‌شنی و فره ڕه‌نگی – لێره له بواری زمان دا – په‌ێڕه‌و بکرێ بۆ هه‌موان باشه و پێچه‌وانه‌که‌شی هه‌ر وایه.
تێکه‌ڵکردنی شێوه‌زاره‌کان له زمانی نووسیندا کارێکی باش نییه و زه‌ره‌رێکی زۆر به پێشوه‌چوونیان ده‌گه‌یێنێ. به‌ر له‌هه‌موو شت له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کرمانجی و سۆرانی زۆر له یه‌ک نزیکن و دوو ئاخێوه‌ری ئه‌و دوو شێوازانه دوای ماوه‌یه‌کی کورتی هه‌ستان و دانیشتن و دانوستاندن ده‌توانن له یه‌کتری تێبگه‌ن، به‌ڵام له باری ڕێزمانه‌وه جیاوازییان هه‌یه. بۆ نموونه گه‌ردانی نێوی مێ و نێر، له کرمانجی و ڕاناوی لکاو له سۆرانی‌دا. ئه‌وانه به پێی داوخوازی له ئاخێوه‌رانی ئه‌و شێوه‌زارانه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستیان لێهه‌ڵبگرن هه‌ڵناسووڕێ، گریمان ئه‌وه نووسه‌رێک په‌یدا بوو و " ڕێنوێنییه‌کان" ی زه‌ینی ئه‌وانه‌ی که یه‌کێتی کورد له یه‌کێتی زمانی‌دا ده‌بینن بپه‌ژرێنێ ، به‌ڵام ئه‌وه کوا ده‌توانێ ببێته ڕه‌وتێکی هه‌موو که‌س گره‌وه. گریمان چه‌ندکه‌سێک په‌یدا بوون و ویستیان لاسای " هه‌ژار" بکه‌نه‌وه و ڕسته‌یه‌ک به کرمانجی و دوو به مامه‌شی بنووسن و له‌و شێوه‌زارانه‌ش نه‌زانن گه‌لۆ ئه‌وه نابێته زۆرداری له‌و شێوه‌زارانه و ڕه‌وتی خۆڕسکی و ئاسایی به‌ره‌وپێشچوونیان نائالؤزکێنێ؟
له‌و باوه‌ڕه دام حه‌ولێکی ئه‌وتۆ هیچی لێ شین نابێ و خسڵه‌تی ده‌روونی زانه‌وه‌ی جوانیی زمانی که له هه‌موو شێوازه کوردییه‌کاندا هه‌یه ده‌گوژێ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لاریم نییه له‌وه‌ی زمانان و شێوه‌زاران وشه و کوته و ته‌عبیر له یه‌کتر بخوازنه‌وه. ئه‌و ڕه‌وته ئه‌گه‌ر خۆڕسکی بێ هه‌ر هه‌ستیشی بێناکرێ و نابێ به هۆکارێکیش بۆ چه‌ت تێخستن له شێوازی نووسین و تێکه و لێکه‌یی لێ ناکه‌وێته‌وه.
ئه‌گه‌ر زمان به ڕیشه و ئامرازی بوون و بیریی ئینسانی دابنێین، ئه‌وده‌می فره زمانی و ڕه‌نگاوڕه‌نگی زمانی له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان به سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌کی ئاوا چاو لێده‌که‌ین که پاراستن و پێشخستنیان ده‌بێته به‌شێک له خه‌باتی ناسێنه‌خوازیمان. ده په‌ڕاوێز هاویشتنی یه‌ک له‌و ڕه‌نگاوڕه‌نگییانه، نه‌هێشتن و بڕینه‌وه‌ی هه‌ر لکێک له‌و داری زمانییه بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ، له ژێر هه‌ر بڕو بیانوویه‌ک دا بێ هۆکارێکه بۆ کوشتتنی به‌شێک له بوون و بیریی ئینسانی.
با له‌سه‌ر بنچینه‌ی تۆ هه‌ی و منیش هه‌م و ئه‌ویش و ئه‌وانیش هه‌ن یارمه‌تیده‌ر بین بۆ دانان و به‌ره‌وپێشبردنی به‌رنامه‌یه‌کی زمانی ئه‌وتۆ که هه‌موو شێوه‌زاره‌کان له باوه‌شی گه‌رمی خۆی دا بحاوێنێته‌وه و یه‌ک بۆ ئه‌ویدی له خۆی نه‌بان نه‌کا.
هه‌ربژی .
No comments:
Post a Comment