پرسی زمانی ڕه‌سمی/فه‌رمیی کوردی
فه‌رهه‌نگ (هه‌فته‌نامه‌ی فه‌رهه‌نگیی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر) ژماره‌ی 14، (چوارشه‌مۆ 6ی ژانڤییه‌ی2010 ) وتارێکی دوکتور هاشمی ئه‌حمه‌د زاده سه‌رۆکی نێوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی له زانکۆی ئێکسێتری- بریتانیای به نێوی "ناسنامه و زمان" بڵاو کردووه‌ته‌وه. بۆئاگاداری هۆگرانی مافی وه‌کوویه‌کی زمانی له کوردستان به سپاس له‌م هه‌فته‌نامه‌یه، به‌شێک له‌م وتاره له ڕوانگه دا بڵاوده‌که‌ینه‌وه.
جێی ئاماژه‌یه،هه‌ر وه‌ک له قسه‌کانی دوکتور ئه‌حمه‌دزاده ڕادهردهکهوێ،"ئه‌که‌دیمیای کوردی"که به ڕواڵه‌ت ده‌زگایه‌کی سه‌ر به حکوومه‌تی کوردستانه به پێویستی نه‌زانیوه له نێوه‌ندێکی ئه‌وتۆ بۆ به‌شداری له "کۆنفڕانسه ناسه‌رکه‌وتوو"ه‌که‌ی دا، بگێڕێته‌وه.
"نێوه‌ندیی لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردیی زانکۆی ئێکسێتر" مهکۆیهیهکی به‌نرخی توێژینه‌وه‌ی کوردناسییه له هه‌نده‌ران و چه‌ندین زانستکاری به وه‌ج کاری تێداده‌که‌ن و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش پشتیوانی لێ ده‌کا.
حه‌سه‌نی قازی
7ی ژانڤییه‌ی 2010
پرسی زمانی ڕه‌سمی/فه‌رمیی کوردی
هاشمی ئه‌حمه‌د زاده
له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا پرسی هه‌بوونی زمانی ڕه‌سمی و دیاریکردنی یه‌ک له زاراوه کوردییه‌کان وه‌ک زمانی فه‌رمیی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پتر له هه‌میشه بووه‌ته بابه‌تی مشتومڕی کۆمه‌ڵێک له هۆگرانی زمانی کوردی. کۆنفڕانسه داخراوه‌که‌ی ڕۆژانی 21-23ی مانگی دێسامبری 2009 یه‌ک له‌و ڕووداوانه بوو که له درێژه‌ی هه‌وڵه‌کانی چه‌ند ساڵی ڕابروودا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێکهات. ئاکامه‌کانی ئه‌م کۆنفرانسه هێشتا به شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی ڕانه‌گه‌یه‌ندراون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له زنجیره ڕاپۆرته‌کانی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر له ڕۆژانی 22، 23، 24، 27، و 28ی مانگی 12ی 2009دا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌وه‌یه که دوو به‌ره له به‌رامبه‌ر یه‌کتردا ڕاوه‌ستاون. به‌ره‌یه‌ک که ده‌یهه‌وێت کرمانجیی خواروو یاخۆ ناوه‌ڕاست ببێته زمانی ڕه‌سمیی هه‌رێمی کوردستان و به‌ره‌یه‌کیش که پێ له‌سه‌ر دووستانداردبوونی زمانی کوردی دادگرێت و ده‌یهه‌وێت ڕاستیی جیاوازیی دوو زاراوه‌ی سه‌ره‌کیی کوردی له به‌رچاو بگیرێت. ئه‌گه‌رچی من نامهه‌وێت له‌م وتاره‌دا باسی پرسی زمانی ڕه‌سمی و ستانداردکردنی زمانی کوردی بکه‌م و پێموایه ئه‌م باسه پێویستی به پشوودرێژییه‌کی زۆرتر هه‌یه، به‌ڵام به پێویستی ده‌زانم له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌زموونی گه‌لانی تر و گرنگیی هه‌بوونی زمانێکی گه‌شه‌کردوو بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ناسنامه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی ئاماژه به چه‌ند پێشنیارێک بکه‌م که له کورتخایه‌ندا بتوانن ببنه ڕێگه‌خۆشکه‌ری وه‌دیهێنانی فه‌زایه‌ک که تێیدا کێشه‌ی زمانی کوردی به به‌رفراوانی بخرێته به‌رباس و گفتوگۆی شاره‌زایان و پسپۆڕانی زمانی کوردی و دواجار بڕیاری ژیرانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کورد. به باوه‌ڕی من بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه پێویستن له زووترین کاتدا به‌پێی پلان و پڕۆژه‌ی ورد ڕه‌چاو کرێن:
1) له‌به‌ر ڕۆڵی گرنگی په‌روه‌رده له یه‌کده‌ستکردنی زماندا پێویسته ئه‌وپه‌ڕی وشیاریی له داڕشتن و ئاماده‌کردنی کتێبه‌کانی خوێندن له هه‌موو قۆناغه‌کانی سه‌ره‌تایی، ناوه‌ندی و دواناوه‌ندیدا ڕه‌چاو کرێت و ئه‌م کتێبانه له بواری ڕێنووس، ڕێزمان و وشه‌دا یه‌کده‌ست بکرێن. دانانی لێژنه‌ی تایبه‌ت به‌م بوارانه پێداویستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره. ئه‌م ئه‌رکه ده‌بێت بۆ هه‌ر دوو زاراوه سه‌ره‌کییه‌کانی زمانی کوردی ڕه‌چاو بکرێت. له‌بیرمان بێت که ناسیۆنالیزمی کوردی گرێدراوی هیچ زاراوه‌یه‌کی کوردی به ته‌نیایی نییه و ئاخێوه‌رانی هه‌موو زاراوه‌کان له گه‌شه‌پێدانی خه‌بات بۆ ڕزگاریی کورددا ده‌ستیان هه‌بووه و هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه له ڕابردوودا ڕاست بوو، ئه‌مڕۆ ڕه‌وا نییه به فه‌رمیکردنی زاراوه‌یه‌ک درز بخه‌ینه ناو هاوده‌نگی و هاوهه‌ستیی کوردان و تۆراندنی ئاخێوه‌رانی زاراوه‌یه‌ک. له هه‌مان کاتدا ئاماژه به ده‌وڵه‌مه‌ندی و که‌م و کوڕیی هه‌ر کام له زاراوه‌کان له بواری نووسین و پێشینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کێکییان به سه‌ر ئه‌وی تردا بسه‌پێندرێت شتێکی ڕێژه‌ییه و ناتوانێت به پێوه‌ره‌کانی زمان‌ناسی پاساو بدرێت. ڕه‌چاوکردنی هه‌ر سیاسه‌تێکی زمانی ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای مافی زمانیی بێت و قه‌ت له‌بیر نه‌کرێت که سیاسه‌تی داسه‌پاندن ناتوانێت ڕێگه چاره‌ی گرفته زمانییه‌کان بێت. ئه‌زموونی تورکیا و ئێرانمان زۆر لێ دوور نییه.
2) کارتێکه‌ریی ڕاگه‌یاندنه گشتییه‌کان له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر و پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ئه‌وه ده‌خوازێت که هه‌موو ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندنی گشتی به هه‌ر دوو زاراوه‌که له ده‌کارهێنانی ڕێنووسه جێگرتوووهکانی خۆیاندا نۆڕمێکی هاوبه‌ش ڕه‌چاو که‌ن. پێکهێنانی لێژنه‌ی تایبه‌ت بۆ یه‌کده‌ستکردنی وشه سه‌ره‌کییه‌کانی بواری ڕاگه‌یاندن ده‌توانێت له جێخستنی نۆڕمه‌کانی زماندا ڕۆڵێکی کارا بگێڕێت. ئه‌گه‌ر پلانێکی هاوبه‌ش له هه‌موو ته‌له‌ڤیزیۆن و ڕادیۆ کوردییه‌کاندا به‌ڕێوه‌بچێت مرۆڤ ده‌کرێت ئومێده‌وار بێت له زه‌مه‌نێکی نه زۆر دووردا زمانی کوردی ببێته خاوه‌نی گوتارێکی ڕه‌وان و به بڕشت. بۆ پێشخستنی ڕێنووس و ڕێزمانێکی یه‌کده‌ست له میدیای چاپکراودا، (ڕۆژنامه، گۆڤار و کتێب)، ده‌بێت هه‌موو ناوه‌نده‌کانی چاپ و بڵاوکردنه‌وه له‌سه‌ر یه‌ک ڕێنووس و ڕێزمان ڕێککه‌وتنیان هه‌بێت و به کرده‌وه په‌یڕه‌ویی لێ بکه‌ن. ده‌بێ به ڕوونکردنه‌وه و شیکردنه‌وه‌ی شیاو ئه‌م سیاسه‌ته هاوبه‌شه ببێت به به‌شێک له وشیاریی زمانی و نه‌ته‌وه‌یی و دواجار له ڕێی لێژنه‌گه‌لی پێویسته‌وه ده‌سته‌به‌ر بکرێت.
3) بۆ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی ئه‌رکه‌کانی سه‌ره‌وه پێویسته ئۆرگانێکی ڕه‌سمی، بۆ نموونه ئاکادێمیای زمان به چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌گه‌لی پێویست ڕێگه‌خۆشکه‌ری پێکاندنی ئه‌م ئامانجانه بێت. چاپی کتێبێکی نۆرماتیڤ له‌سه‌ر ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی ده‌توانێت وه‌ک نموونه‌یه‌کی دانپێنراو و ژێده‌ر یارمه‌تییه‌کی گه‌وره به‌م ڕه‌وته بکات. ئه‌م کتێبه پێویسته به‌رهه‌می هاوبه‌شی زمانناسانی کورد بێت. له بواری وشهڕۆنانیشهوه ده‌بێت لێژنه‌ی پسپۆڕ بۆ بواره جیاوازه‌کانی زمان، بۆ نموونه بواره‌کانی زانستی، مرۆڤی، سیاسی، فه‌رهه‌نگی، ده‌روونناسی، فه‌لسه‌فه و هتد، دامه‌زرێت و ئه‌م لێژنانه له ڕێگای بڵاوکراوه و ماڵپه‌ڕه‌کانی خۆیانه‌وه به‌رده‌وام ئه‌رکی وشه‌ڕۆنان به‌جێ بهێنن. ده‌بێ به هۆی میکانیزمێکی گونجاوه‌وه کار و به‌رهه‌می ئه‌م لێژنانه بگاته ده‌ست خه‌ڵک و که‌ڵکیان لێ وه‌رگیرێت. ئاماده‌کردنی فه‌رهه‌نگێکی نۆڕمایڤ ده‌توانێت ڕێگه‌چاره‌یه‌کی به‌كه‌ڵک بێت بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی سه‌رچاوه‌یه‌ک که هه‌موو نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسان وه‌ک ژێده‌رێکی ڕێنوێن که‌ڵکی لێ وه‌رگرن. فه‌رهه‌نگی زاراوه کوردییه‌کان ده‌توانێت له شاره‌زاکردنی ئاخێوه‌رانی زاراوه‌کان به یه‌کتردا ده‌ورێکی کارا بگێڕێت و له هه‌مان کاتدا ده‌بێت به سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ کۆکردنه‌وه‌ی وشه کوردییه‌کانی هه‌موو زاراوه‌کان.
4) له پارێزگا و شاره‌وانییه‌کاندا ده‌بێت که‌سانێک به‌رپرسی ڕێنووسی سایت و تابلۆکان و ناوی دوکان و فرۆشگاکان بن و ڕێنووسێکی هاوبه‌شی درووست بۆ هه‌موو شوێنه گشتییه‌کان په‌یڕه‌و بکرێت. ئه‌وه ده‌ردێکی گرانه که تۆ هه‌موو ڕۆژێ ناوی ناوه‌نده گشتێیهکان به ڕێنووسێکی هه‌ڵه ببینی و هیچیشت له‌ده‌ست نه‌یه‌ت.
5) له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ویستی فێربوونی زمانی کوردی له‌لایه‌ن که‌سانی غه‌یری کورده‌وه گه‌شه‌یه‌کی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینیوه. ئه‌م ڕاستییه و ژماره‌ی زۆری کوردانی تاراوهگهش که ده‌یانهه‌وێت مناڵه‌کانیان زمانی زکماکیی خۆیان له‌بیر نه‌که‌ن، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له گرنگی ڕه‌خساندنی بوار بۆ فێرکردنی زمانی کوردی له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان ده‌کات به پێداویستییه‌ک. به‌داخه‌وه ئێستا که‌ره‌سه‌ی پێویست بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له به‌رده‌ستدا نییه و ده‌بێت بۆ ناساندنی زمانی کوردی له ده‌ره‌وه‌ی کوردستاندا هاسانکاریی پێویست ڕه‌چاو بکرێت. هاوکاریی ناوه‌نده‌کانی فێرکردنی زمان له ده‌ره‌وه بۆ ئاماده‌کردنی ماتریالی شیاو و پێویست ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌ییه. له هه‌مان کاتدا بۆ ئه‌و خوێندکاره بیانییانه‌ی ده‌یانهه‌وێت بێن و له کوردستان فێری زمانی کوردی بن ده‌بێ ڕێ و شوێنی پێویست ده‌سته‌به‌ر بکرێت.
نابێ پێمان وابێت ئه‌م ئه‌رکانه کاری ڕۆژێک و دوو ڕۆژن. ئه‌زموونی ئێرانییه‌کان دوای سه‌ده‌یه‌ک له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌دا هێشتا له‌م بورانه‌دا به ئاکام نه‌گه‌یشتووه و مشتومڕی ڕێنووس و وشه هێشتا به‌رۆکی به‌ر نه‌داون. ئه‌زموونی تورکه‌کان بۆ پاڵاوتنی زمانه‌که‌یان له وشه‌ی بێگانه، سه‌ره‌ڕای به‌کاربردنی سیاسه‌ت و مێتۆدگه‌لی ڕاسیستی قه‌ت نه‌یتوانیوه سه‌رکه‌وتوو بێت. له هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆی جیهاندا که ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان زۆر خێرایه و مرۆڤه‌کان له یه‌ک کات و ساتدا ئامانجی سه‌دان و بگره هه‌زاران سوژه‌ی ناسنامه‌خواز و ناسنامهسازن به‌جێهێنانی ئه‌رکه زمانییه‌کان کارێکی سانا نییه. به‌ڵام وێناچێت چاره‌یه‌ک جگه له ده‌ستپێکردن و کاری به پلان له ئارادا هه‌بێت. دواجار گفتوگۆی به‌رده‌وام و پسپۆڕانه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه ده‌توانێت پێداویستیی ڕێفۆرمی زمانی و ڕه‌چاوکردنی سیاسه‌تێکی زمانیی گونجاو بکات به ویستی هاوبه‌شی هه‌موو تاکێکی کورد.
No comments:
Post a Comment