Thursday, January 21, 2010

چاوپێکەوتنێکی سانسورکراو





چاوپێکەوتنێکی سانسور کراو

بە دوای باس و لێدوان سەبارەت بە کۆنفڕانسی بێ ئەنجامی ئەکادیمیای کوردی لە هەولێر، ڕۆژنامە نووس عەلی سەدیق بە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک پێوەندی پێوەکردم و داوای چاوپێکەوتنێکی کرد سەبارەت بە مەسەلەی زمانی فەرمی و پێی ڕاگەیاندم ئەو چاوپێکەوتنە لە ڕۆژنامەی ئاسۆ دا بڵاو دەکاتەوە. بەڕێزیان پرسیارەکانی بۆ ناردم و ئەمنیش لە ماوەیەکی کورت دا وڵامەکانم ئامادە کرد .ئەمن سەردێڕی " ئەکادیمیای کوردی دەبێ بە ڕەسمی داوای لێبوردن لە دوکتور ئەمیر حەسەنپوور بکا" م بۆ وڵامەکان دانابوو. دوایە سەبارەت بە ئەوەی داخودا چاوپێکەوتنەکە کەنگێ بڵاو دەبێتەوە؟ و سەر دێڕی باسەکە وەک خۆی بڵاو دەبێتەوە یان نا؟ کاک عەلی سدیق لە پەیامێک دا کە لە ١٢ی ژانڤییە دا بۆی ناردبووم ئاگاداری کردم: " ... هەر ناوەرۆکێک ئێوە بینووسن ئازادن و ئێمە وەک خۆی بڵاوی دەکەینەوە. بەڵام بۆ سەردێڕی بابەتەکە من ناتوانم بەڵێن بدەم.... بەڵام تۆ دەتوانی لە ناوەرۆکی نووسینەکان ئەوە بنووسیت و ئێمە لای نادەین
ڕۆژنامەی ئاسۆ لە ژمارەی ١١٤١ ی خۆی، لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٠/١/٢٠١٠ دا ئەو چاوپێکەوتنەی بە سانسۆرکراوی، بەڵادانی گشت ئەو بۆچوونانەی لەو چاوپێکەوتنەدا لەمەڕ کۆنفڕانسی ئەکادیمیای کورد باس کراون بڵاو کردووەتەوە و تەنانەت لە لاپەڕەی یەکەمیش دا لە زمان منەوە ڕستەیەکی کردووەتە مانشێت "ڕێکخستننی زمان سوودی باشی دەبێت " و لەو بەشانەی چاوپێکەوتنەش دا کە بڵاوی کردووەتەوە بۆ نموونە وشەی لە زاران خۆشی نۆروێژی لێکردووم بە نەرویج
بەپێی ئەوەی بەڕێز عەلی سدیق پێی ڕاگەیاندووم، ئەو خۆی لەو دەستێوەردان و سانسۆر کردنە بە بێ بەری دەزانێ. بەڵام سەرنجی سەرنووسەری ئاسۆ بۆ ئەو ڕاستییە ڕادەكێشم کە کارێکی ئاوا بە پێچەوانەی نەریتی ڕۆژنامەگەری ئازادە وناکرێ بە بێ ئاگاداری کەسێکی کە چاوپێکەوتنی لە گەڵ کراوە، بەشێکی زۆر لە قسەکانی سانسۆر بکرێ. لە سەر دەمی عەولەمە دا کاری ئەوتۆ ناشاردرێتەوە. لەخوارەوە چاوپێکەوتنی سانسۆرکراو و بە دووی دا دەقی ئەسڵی چاوپێکەوتنەکەبخوێننەوە
حەسەنی قازی
٢١/١/٢٠١٠
تێبینی: بەشە سانسورکراوەکانی ئەم چاوپێکەوتنە بە ڕەنگی سوور دیاری کراون


ڕۆژنامەی ئاسۆ، ژمارەی ١١٤١، چوارشەمە ٢٠/١/٢٠١٠ لاپەڕەی ٨



ئه‌کادیمیای کوردی ده‌بێ به‌ ڕسمی داوای لێبوردن له‌ دوکتور ئه‌میر حه‌سه‌نپوور بکا

١- سەرەتا دەمەوێ لەو پرسیارەوە دەست پێبکەم، ئایا زمانی فەرمی بۆ کورد چەندە پێویستە لە ئێستا دا؟

زۆر سپاس بۆ ئەم دەرفەتە. بەر لە هەموو باشتر وایە سنووری باسەکە دیاری بکەین داخودا پێویستە لە کوردستانی عێراق شێوەزارێک بکرێتە زمانی ڕەسمی یان نا؟ ئەگەر حەولی وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بدرێتەوە کێشەیەی لەوبوارە دا هەیە چاکتر دێتە ڕوو و ڕێگا چارەسەریشی هاسانتر دەبێتەوە. ئێستا هەر دووک شێوەزاری کوردیی نێوەڕاست (سۆرانی) و کوردیی سەروو ( بادینیی کورمانجی) بە بەربڵاوی لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکار دەکرێن. لە ژیانی ڕۆژانە دا خەڵک لە ناوچەی خۆیاندا بە بەربڵاوی قسەیان پێ دەکەن، لە بواری ڕاگەیاندنی گشتی دا بەکار دەهێندرێن و ئەوە بۆ چەند ساڵێک دەچێ کورمانجی لە هێندێک لە ناوچە کورمانجی - ئاخێڤە کان لە سیستمی پەروەردە دا جێی کراوەتەوە، ئەگەرچی ئەو ئەمری واقیعە هێشتا بە تەواوی ڕۆ نەنیشتووە. بەلەبەر چاو گرتنی ئەو تابڵۆیە بە ڕەسمی ڕاگەیاندنی شێوەزارێک و دەپەراوێز خستنی شێوەزار یان شێوەزارەکانی دیکە نە لە ڕوانگەی مەنتیقی ژیانی سەردەم، نە لە ڕووی پرێنسیپەکانی زمانناسی کۆمەڵایەتی و نە لە ڕووی مافی مرۆڤ و مافی زمان دەکرێ پاساو بدرێ. وڵاتێکی گەورەی وەک دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەتا ئێستاش زمانی ڕەسمی نییە. ڕەنگە ئەوە جێی پرسیار بێ ئەوە بۆ وایە، لە بناوانە وای بۆچوون ئەگەر لە قانوونی بنچینەیی دا ئینگلیسیی ئەمریکایی وەکوو تاقە زمانی ڕەسمی ڕابگەیندرێ، ئەوە دەبێتە هۆی ڕەسمییەت پێدانی باڵادەستی ئاخێوانی زمانی ئینگلیسی بە سەر ئێسپانیایە زمانەکاندا و، لەو دەمییەوە، سەرەڕای حەولی کەمایەتییەکی دەمارگرژی ئینگلیسی ئاخێڤ نەیانتوانیوە ئەو نابەرابەرییە بە سەر سیاسەتداڕێژان دا بسەپێنن. ژمارەی دانیشتووانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٠ دا دەگاتە ٣١٠ میلیۆن، بە پێی هەژماری ڕەسمی ١٧ میلیۆن لە دانێشتووانی ئەمریکا ئینگلیسی نازانن و ١٨ میلیۆن کەسیش لە ماڵێ دا بە زمانی ئینگلیسی قسە ناکەن، دەوڵەتی فێدێڕال ساڵانە بیلیۆن و نیوێک دۆڵارلە بواری پێوەچاران بە زمانەوە سەرف دەکا، هێندێک لەوپارەیە بە مەبەستی ئەوەیە ئینگلیسی جێی زمانە کەمایەتییەکان بگرێتەوە و ئەویدیکەشی بۆ پەرەپێدانی خوێندنی زمانی بێگانەیە بۆ ئەوەی ڕقەبەری لە بازاری ئازاد ی جیهانی پەرەی پێبدرێ.سەبارەت بە کێشەی زمانی دوو بەرە لە ئاست یەک سەنگەریان لێداوە: یەکیان "یەکێتی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمریکایە "American Civil Liberties Union " ئەویتریشیان دەستەیەکی دەمارگرژ و ڕەگەزپەرستی کەمایەتییە بە ناوی "یەکەم ئینگلیسی" English First کە لە ساڵی ١٩٨٦ دامەزراوە و سێ ئامانجی سەرەکی هەیە: ١- کردنی ئینگلیسیی ئەمریکایی بە زمانی یەکەم. ٢- دانی دەرفەت بە هەموو منداڵێک بۆ ئەوەی فێری زمانی ئینگلیسی ببێ.٣- نەهێشتن و هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتەکانی پاراستنی فرە زمانی کە خەرجێکی زۆری تێدەچێ. جا هەر لە سەر ئەو خاڵەی سێیەمە کە تێکۆشەرانی ئازادییەمەدنییەکان لە ئەمریکا بە گژ ئەو دەمارگرژە ڕەگەزپەرستانەدا دێنەوە و خەسڵەتی ڕاستەقینەی لایەنگرانی ئینگلیش فێرست وەڕوو دەخەن و بەخۆشییەوە تائێستا توانیویانە پێش بەوە بگرن ئینگلیسیی ئەمریکایی بکرێتە زمانی ڕەسمی و ئەوە ببێتە هۆی قووڵبوونەوەی نابەرابەری زیاتری زمانی
دیارە ئەوەش ئاشکرایە کە زمانی ئینگلیسیی ئەمریکایی لە بواری کردەیی دا باڵا دەستە، بەڵام هەر ئەوەی کە لە قانوون دا وەک زمانی ڕەسمی ڕانەگەیاندراوە، زەمینەی دەپەراوێز خستنی زمانی ئێسپانیایی و زمانەکانی دیکە کەمتر دەکاتەوە
ئەگەر لە هەرێمی کوردستانی عێراق بڕوانین ئەو ڕەوتە تەبیعییەی کە هەتا ئێستا لە بواری زمانی دا بەڕێوەچووە لە ڕوانگەی ئیداری یەوە چ کێشەیەکی ئەوتۆی نەناوەتەوە، ئێستا لە باری قانوونییەوە زمانی کوردی یەکێک لە زمانەکانی دەوڵەتە، ئەو دەستکەوتە دەبێ قووڵتر بکرێتەوە و له‌ سه‌رتاسه‌ری عێڕاق دا پەرەی پێبدرێ. لە هەرێمی کوردستان، ڕەچاو کردنی مافی یەکسان بۆ هەموو شێوەزارە کوردییەکان دەتوانێ لە پتەو کردنی ئاستی زمانی کوردی لە هەموو عێراق دا کاردانەوەی زۆر باشی هەبێ


٢- پێتان وایە پێشتر زمانی کوردی ستانده‌ردایز بکرێت باشترە کە خۆشی لە خۆیدا دەبێتە زمانی فەرمی، یان بە بڕیارێکی سیاسی زمانی فەرمی دیاری بکرێت و کێشەی بە ستاندارد بوونیش لەو لاوە بمێنێتەوە؟ ئایا کاریگەری ئەم دووحاڵەتە لە هەر دۆخێکدا چۆن دەبێت؟

ئێستا زمانی کوردی دوو ستانداردی هەیە. شێوەزارەکانی دیکەش هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم لە دەرەوەی هەرێم لە بواری نووسین دا کەم تا زۆر لە گەشە کردن دان. مەسەلەی زمانیش وەکوو هەموو بوارێکی دیکەی کۆمەڵایەتی بە سیاسەتەوە گرێ دراوە. ئەوەی دەبێ لە هەرێم دا تەرکیزی سەرەکی لە سەر بکرێ سیاسەتی خوێندن و پەروەردەیە. لەسیستمێکی پەروەردەی پێشکەوتوو دا بەڕەسمی ناسینی کورمانجی لە هەموو ئەو شوێنانەی هەرێم کە کورمانجی ئاخێوان زۆربەی دانیشتوان پێک دەهێنن هەم توانایی و زەرفییەتی پەروەردەی منداڵان پێش دەخا و هەمیش کاردانەوەیەکی پۆزیتیڤی بەرچاوی دەبێ بۆ تەبایی کۆمەڵایەتی کە واچاوەڕوان دەکرێ دەستەڵاتی سیاسی لەو پێناوە دا کار بکا. کە وابوو باشتر وایە مەسەلەی ستاندارد و ناستاندارد، ڕەسمی و ناڕەسمی، یەک گرتوو و نایەکگرتوو بەلاوە بندرێ و حەوڵ بدرێ بۆ داڕشتتنی سیستمێکی پەروەردە کە داوخواز و پێداویستی هەموو دانیشتووان وەدی بهێنێ

٣-بەڕای ئێوە هۆکاری چییە لە ئێستا دا ئەکادیمیای کوردی خەمی زمانی فەرمی دەخوات و کۆنفڕانسی بۆ دەبەستێت؟ ئەگەر بە کورتی تیشکێک بخەنە سەر دوا کۆنفڕانسی ئەکادیمیا

لە کۆتاییەکانی مانگی ئووت (ئاب)ی ٢٠٠٩ ئەمن بانگهێشتنی ئەکادیمیام بۆ بەشداری لە "کۆنفڕانسێک بۆ زمانی فەرمی لە هەرێمی کوردستان" لە گەڵ دۆسییەک سەبارەت بە دانو ستاندەکانی کە ئەکادیمیا لە مەڕ زمان لە ماوەی ساڵی ڕابردوو دا کردبووی بەدەست گەیشت. لە بەشێک لەو نامەی بانگهێشتنە دا هاتبوو: تکایە لە کورتەیەکدا ( ملخص/ کورتەیەک) بیروبۆچوونی خۆت لە سەر ناوەرۆکی دۆسییەی نێردراوی زمانی فەرمی لە هەرێمی کوردستاندا، تا ١٥/9/ 2009 بنێره‌ بۆمان. پابه‌ندبوونتان به‌ ته‌وه‌ره‌ی ئه‌م کۆنفڕانسه‌ که‌ زمانی فه‌رمییه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا،هۆکارێکی گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامێکی دیار له‌م کۆنفڕانسه‌ دا" لە‌ بانگهێشتنامه‌ ڕا ده‌رده‌که‌وت که‌ کۆنفڕانس به‌ر له‌ به‌سترانی دیاری کردووه‌ که‌‌ ده‌بێ له‌ سه‌ر "زمانی فه‌رمی" بگا به‌ "ئه‌نجامێکی دیار" و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی دیاری نه‌کرابوو داخودا ئه‌و که‌سه‌ی لێی گێڕدراوه‌ته‌وه‌ هه‌ر وه‌ک گوێگرێک له‌و کۆنفڕانسه‌ دا به‌شداری ده‌کا یان ده‌کرێ له‌و باره‌یه‌وه‌ باسێکیش پێشکێش بکا، ئه‌من له‌گه‌ڵ سپاس بۆ ئه‌و بانگهێشتنه‌ پێم ڕاگه‌یاندن ناتوانم به‌شداری بکه‌م، به‌ڵام هه‌ر وه‌ک ئه‌کادیمیا داوای کرد بوو به‌ کورتی بۆچوونی خۆم نووسی و ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ‌ یارمه‌تییه‌کی زیاتر بکه‌م به‌ دیتنه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری له‌و بواره‌ دا، هه‌موو ئه‌و دۆسییه‌یه‌ی که‌ ئه‌کادیمیا بۆی ناردبووم وه‌رمگێڕا سه‌ر زمای ئینگلیسی و بۆ چه‌ندین زمانناسی ناسراوی نێونه‌ته‌وه‌ییم نارد بۆ ئه‌وه‌ی بۆچوونه‌کانی ئه‌وانیش ببیسترێ و به‌ پێی ئیمکان که‌لکی لێ وه‌رگیرێ.
من بۆچوونه‌کانی خۆم له‌م سێ خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ دا ئاوا کورت کردبووه‌وه‌: ئه‌گه‌ر بێتوو له‌ هه‌رێمی کوردستان دا شێوه‌زارێک بکرێ به‌ زمانی "ڕه‌سمی" ئه‌وکاره‌ له‌ چه‌ند ڕووه‌وه‌ به‌ زیانی زمانی کوردی و ئاخێوانی ته‌واو ده‌بێ

١- هه‌ڵکه‌وتی زمانی کوردی وه‌کوو یه‌ک له‌ زمانه‌ ڕسمییه‌کانی ده‌وڵه‌تی عێراق بنکۆڵ ده‌کا. ئه‌و لایه‌نانه‌ی ‌ چاویان به‌ هه‌بوونی پله‌یه‌کی ئه‌وتۆ بۆ زمانی کوردی هه‌ڵ نایه‌، له‌ ئه‌گه‌ری ڕه‌سمییه‌ت دان به‌ شێوه‌زارێک له‌ هه‌رێمی کوردستان دا پرسی فره‌ له‌هجه‌یی و فره‌ چه‌شنی زمانی کوردی [ وه‌ک هه‌ر زمانێکی دیکه‌] گه‌وره‌ ده‌که‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێش به‌ سه‌قامگیر بوونی ئه‌و مافه‌ ڕه‌وایه‌ی گه‌لی کورد که‌ له‌ قانوونی بنچینه‌یی عێڕاق دا گونجێندراوه‌ بگرن و به‌ره‌یه‌کی نوێ به‌ دژی ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ گه‌وره‌یه‌ی گه‌لی کورد بکه‌نه‌وه‌. کورد به‌ ده‌ستی خۆی نابێ ئه‌و هه‌له‌ بۆ لایه‌نه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بڕه‌خسێنێ

٢- جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌ سه‌ر هه‌ر شێوه‌زارێک له‌ بن هه‌ر ناوێک و به‌ پشت به‌ستن به‌ هه‌ر تێۆرییه‌کی زمانی و پاشخانی مێژوویی شێوه‌زاره‌کانی کوردی ده‌بێته‌ هۆی دابڕانی ئاخێوانی کوردی له‌ یه‌کدی له‌ جوگرافیای هه‌رێمی کوردستان دا و دووبه‌ره‌کی و چه‌ند به‌ره‌کی سازکردنێکی ئه‌وتۆ نه‌ک هه‌ر کارێکی ناڕه‌وایه‌ به‌ڵکوو به‌ پێچه‌وانه‌ی عه‌قڵی سه‌لیمیشه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی شارومه‌ندانی هه‌رێمی کوردستان دا نییه‌.

٣- باوه‌ڕی من "ئه‌کادیمیای کوردی" بۆ ئه‌وه‌ی کاری سیاسه‌تداڕێژان و بڕیار به‌ده‌ستان هاسان کا ده‌بێ پێشنیاره‌کانی به‌ پێی بارودۆخی هه‌نووکه‌یی بێ له‌ کوردستانی عێڕاق دا. ئێستا ئه‌وه‌ بۆ چه‌ند ساڵێک ده‌چێ‌ له‌ ناوچه‌ی بادینان هه‌موو چین و توێژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان داوا ده‌که‌ن کاربه‌ده‌ستانی په‌روه‌رده‌ی کوردستان به‌ ڕه‌سمی ڕیگا بده‌ن‌ به‌به‌کارهاتنی شێوه‌زاری کرمانجی سەروو وه‌کوو ئامرازی خوێندن له‌و ده‌ڤه‌ره‌ دا . هیچ داوخوازییه‌ک له‌و داوایه‌ ڕه‌واتر نییه‌، که‌ وابوو له‌ جیاتی ( کۆنفڕانسی زمانی ڕه‌سمیی هه‌رێمی کوردستان) پێشنیار ده‌که‌م " کۆنفڕانسی چلۆنایه‌تی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی شێوه‌زاره‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان" ببه‌سترێ و له‌ سه‌ر بنه‌مای ته‌جره‌به‌ و ده‌ستکه‌وتی ولاتانی هاوشوبار له‌و بواره‌ دا باشترین ڕیگه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی سیاسه‌تێکی زمانی هه‌مووگره‌وه‌ له‌ په‌روه‌رده‌ و خوێندن دا وه‌به‌ر بگیرێ.

جگە لەو بۆچوونەی خۆم من بیروڕای سێ شارەزای بواری زمانیشم لەگەڵ نامەکەی خۆم لە ١٢ سێپتامبری ٢٠٠٩ بۆ ئەکادیمیانارد. دوایە دیارە کۆنفڕانسەکە لە مانگی ئۆکتۆبر دا نەکرا بوو و لە ٢٢ی مانگی دێسامبر بەڕێگای چاپەمەنی دا خوێندمەوە کە کۆنفڕانسێکی ٣ ڕۆژانە ئەوە بەڕێوەیە. دیارە بیستم گۆیا ئەکادیمیا نامەکەی منی "بزر" کردووە بۆیە لە کۆنفڕانسەکە دا نەخوێندراوەتەوە. من هیچ بە تەما نەبووم ئەو نامەیە بڵاو بکەمەوە، بەڵام لەبەر دوو هۆ بڕیارم دا بۆ ئاگاداری بیروڕای گشتی بڵاوی بکەمەوە. یەکیان بۆ ئەوەی لە داهاتوو دا ئەگەر ئەکادیمیا بانگەوازی لە کەسێک کرد، هەر نەبێ ڕێزی کارەکەی خۆی بگرێ و دووەم لە بەر ئەو ڕووداوە سەرسووڕهێنەره‌ی کە لە ڕۆژی سێیەمی کۆنفڕانس دا سەبارەت بە مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور کرابوو.ئیدی ئەوە بە پێی بەڵگەی ئەتۆ کە هیچ حاشای لێ ناکرێ تەواو ڕوون بووەتەوە کە ڕێکخەرانی کۆنفڕانس ئەو نامەیەی خۆیان ( کۆنفڕانسی زمانی ڕەسمیی هەرێمی کوردستان) کە بۆ بانگکراوانیان ناردبوو، وەک نامەی دوکتور ئەمیری حەسەنپوور خوێندبووە کە نێوەرۆکەکەی بە تەواوی بە پێچەوانە بۆچوونەکانی مامۆستا ئەمیری حەسەنپوورە لەوبارەیەوە. تەنانەت بەپێی ئەوەی لە چاپەمەنی دا هاتووە (بڕوانە ڕۆژنامەی ئەڤڕۆ ڕۆژی 2-1-2001) دوای ئەوەش کە چەند کەس لە ئامادەبووان سرنجی بەڕێوەبەری کۆبوونەوەیان ڕاکێشابوو و یەک لە ئامادەبووان توانیبووی کۆپی ئەسڵی نامەی دوکتور حەسەنپوور وەدەست بهێنێ و لەنێو ئامادە بووان دا بڵاوی بکاتەوە، دیسان پێکێشیان کردووە کە ئەوان نامەی حەسەنپووریان بە ئیمەیل بەدەست گەیشتووە. ڕێزدار شەفیق قەزاز لە چاوپێکەوتنێک دا لە گەڵ ئاکا نیوز (٢٥ی دێسامبر) دەڵێ: " ئەمیر حەسەن پوور نامەکەی بۆ ئیمەیلی ئەکادیمیا ناردووە و ئێمەش خوێندمانەوە،کاتێ بەشدارانیش گومانیان لا دروست بوو من خۆم ئاگەدارم کردنەوە کە پێوەندیی پێوەبکەن، بەڵام ئێستە نامەیەکی تری ناردووە تەواو بە پێچەوانەی ئەو نامەیە کە بۆ ئێمەی ناردبوو، بۆیە پێویستە ئەو ڕوون کردنەوە بدات لەوبارەیەوە". ئەو قسانەی بەڕێز دوکتور قەزاز دوو ڕۆژ دوای کۆتایی کۆنفڕانسەکە بڵاو کراونەتەوە. لە گەڵ ئەوەشدا لە نێو هۆڵی کۆنفڕانسەکە بە تەواوی ڕوون کراوەتەوە کە ئەو نامەیەی بەناوی حەسەنپوورەوە خوێندوویانەتەوە دەقاودەق هەر ئەو نامەیەی ئامادەکارانی کۆنفڕانس بووە کە بۆ بەشدارانی کۆنفڕانسیان ناردووە، دیسانیش پێکێشی لە سەر ئەو زەلەیە دەکەن. بەڕاستی ئەوە سەرسووڕهێنەرە. لە هەر جێیەکی دیکەی دنیا لە کۆنفڕانسێکی "ئاکادێمی" دا شتێکی وا ڕوویدابا، بێ ئەملاو ئەولا دەبوو بە سەرنووسی ڕۆژنامان و پێهاتی تایبەتی لێدەکەوتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوە جگە لە ڕێپۆرتاژەکەی ئاکا نیوز ( ئەویش بە چڵ و نیوە چڵی) و ڕۆژنامەی ئەڤڕۆ نەبێ لە هیچ کوێ دا دەنگی نەداوە. یەک لە ئامادەبووانی کۆنفڕانس لە باسەکەی خۆی دا لە inter group mobility دوابوو واته‌ هه‌ڵسوورانی ناوکۆیی گرووپی هاوبه‌رژه‌وه‌ند، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ پێوه‌ند بده‌ین به‌ وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌سڵی نامه‌ی حه‌سه‌نپوور، ڕاستی ئه‌و به‌گه‌ڕ که‌وتنه‌مان له‌ دنیای ئینترنێت دا به‌جوانی بۆ ده‌رده‌که‌وێ.یانی ئه‌تۆ پێکێشی ده‌که‌ی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ناوی ئاکادێمیکێک که‌ له‌ بواری کوردناسییه‌وه‌ ئیعتیباری جیهانی هه‌یه شتێک پێشکێش کەی‌، به‌ڵام ئه‌و مۆبیلییتیه‌ی ئینترنێت زه‌مینه‌ی خۆش کردووه‌، ڕیسه‌که‌ت لێ ده‌کاته‌وه‌ خوری.
ئه‌من له‌ جێی دیکه‌ش کوتوومه‌ ته‌نیا کارێک که‌ ده‌توانێ ئیعتیباری ئاکادێمی بکڕێته‌وه‌، داوخوازی ئاشکراو بێ پێچ و په‌نای لێبوردنه‌ له‌ لایه‌ن ڕێکخه‌ران و سه‌رۆکی ئه‌کادیمیا له‌ مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌نپوور. من ئه‌و داوا لانی که‌مه‌م دیسان به‌ به‌ره‌که‌تی ده‌رفه‌تی تێکنێکی له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یس بووک دا له‌ لاپه‌ڕه‌ی دوکتور به‌رهه‌م سالح یش دا به‌دیواره‌که‌یه‌وه‌ نووساندووه‌ و هیوادارم لێی ئاگادار بووبێ

٤- بۆچی ئه‌کادیمیای کوردی که‌ به‌ ناوی کورده‌وه‌ دروست بووه‌، کۆنفڕانس بۆ زمانی ڕه‌سمی له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌به‌ستێ و پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان پشتگوێ ده‌خات، له‌ کاتێکدا خۆی به‌ ئه‌کادیمیای کورد هه‌موو ده‌زانێت و هیچ کاتێکیش به‌ وردی کاری له‌ نێو زمانی کوردیدا نه‌کردووه‌؟

به‌ڕاستی ئه‌وه‌ کاری من نییه‌ که‌ بڵێم "ئه‌کادیمیای کوردی" پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانی پشتگوێ خستووه‌. پێشم وا نییه‌ ئه‌و ئه‌کادیمیایه‌ چ ئه‌ندامی ڕه‌سمی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانی تێدا بێ، یان ڕیساله‌تی ئه‌وه‌ی خستبێتە سەر ئەستۆی خۆی ڕێوشوێن بۆ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان دیاری بکا

٥-تێبینی ئه‌وه‌ ده‌کرێت ئه‌کادیمیای کوردی به‌ بڕیاری سیاسی کار بکات و هێنده‌ گوێ به‌ بیرو بۆچوونی زمانه‌وانان نه‌دات، ئایا ئێوه‌ش وه‌ک شاره‌زایه‌کی بواری زمان که‌ دوور و نزیک له‌ کاره‌کانی ئه‌کادیمیا ئاگادارن ئه‌و تێبینییه‌تان لا دروست بووه‌

ئاشکرایه‌ که‌ ئه‌و ئه‌کادیمیایه‌ به‌ بڕیاری سیاسی دامه‌زراوه‌ و ئه‌وه‌ش شتێکی ته‌بیعی یه‌. ئه‌وه‌ی چه‌نده‌ گوێ له‌ بۆچوونی خاوه‌نڕایان ده‌گرێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و کۆنفڕانسه‌ بێ ئه‌نجامه‌ی مانگی پێشوو بکه‌ینه‌ پێوه‌ر وا ده‌رده‌که‌وێ هه‌ڵسووڕێنه‌رانی سه‌ره‌کی ئه‌و ئه‌کادیمیایه‌‌ لایه‌کی وا له‌بۆچوون و ئیحتیجاجی ئه‌و خاوه‌نڕایانه‌ی که‌ وه‌ک ئه‌وان بیر نا‌که‌نه‌وه‌ ناکه‌نه‌وه‌ . به‌ڵام ئه‌وه‌شمان له‌ بیر بێ که‌ بڕیار دانی چاره‌نووس ساز دیسان ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ ده‌سته‌ڵاتی سیاسی و ئه‌گه‌ر ئه‌کادیمیایه‌ک به‌ په‌له‌ په‌ڵ پێشنیازێک به‌رز بکاته‌وه‌ بۆ ده‌سته‌ڵاتی سیاسی له‌وانه‌یه‌ ئه‌ویش تووشی زه‌له‌کا.ئه‌من له‌ بۆچوونی چه‌ندێک له‌و مامۆستایانه‌ی که له‌و ئه‌کادیمیا دا کار ده‌که‌ن ئاگادارم و ده‌زانم ئه‌وان لە بەپێی پێوەرەی زانستی باوه‌ڕی پته‌ویان به‌وه‌یه‌ که‌ کوردی زمانێکی جووتستاندارده‌ و ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ زۆر له‌ مێژه‌ ده‌ستی پێکردووه‌

6- ٦-کێشه‌ی کورد و زمانی کورد، نه‌ک ته‌نیا زمانی ستاندارد و زمانی ڕه‌سمی ده‌وڵه‌ته‌، به‌ڵکوو ئه‌و کێشه‌یه‌ له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ که‌ ته‌نیا له‌ یه‌ک ئاستدا سه‌یر بکرێت، بۆ وێنه‌ مه‌سه‌له‌ی ڕێنووس، شێوازی وتن، داڕشتن، میدیا، پڕۆگرامی خوێندن، نووسراوه‌ی ڕه‌سمی حکوومه‌ت له‌ ناوچه‌یه‌که‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌کی دیکه‌، یان ئینترنێت که‌ ده‌بینین زازاکی له‌ وێب سایتی تورکی زمانێکی سه‌ربه‌خۆیه‌، ڕۆشه‌نبیرانیش هێنده‌ی خه‌ریکی لاف لێدانی ناوچه‌گه‌ری و مه‌سه‌له‌سیاسییه‌کانن، هێنده‌ له‌ خه‌می زمان نین بۆ ئه‌مانه‌ چی بکرێت باشه‌؟
دیاره‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ ڕاستیدا کۆمه‌ڵه‌ پرسیارێکن و ‌له‌ چوارچێوه‌ی هاوپرسه‌کییه‌کی ئاوا دا ناکرێ وڵامی هه‌موویان بدرێته‌وه‌. یه‌کێک له‌ بواره‌کانی که‌ نابێ دڵه‌ ڕاوکه‌یه‌کی زۆری له‌ سه‌ر هه‌بێ مه‌سه‌له‌ی ڕاپه‌ڕاندنی کارو باری ئیداری و نووسراوه‌ی ڕه‌سمی حکوومه‌ته‌، ئه‌گه‌ر پێوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و پارێزگای دهۆک به‌ شێوه‌زاری کورمانجی بێ ئه‌وه‌ هیچ گیروگرفت و خه‌رجی زیادی بۆ داو ده‌زگا حکوومییه‌کان ساز ناکا. بۆ مه‌سه‌له‌ی نووسین له‌ سه‌ر دراو و پاسپۆرتیش ئه‌وه‌ ده‌کرێ به‌ پێی ته‌وافوق جێ به‌ جێ بکرێ. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌و ستاتوسی زمانی دوه‌ڵه‌تی و سه‌رانسه‌رییه‌ی که‌ بۆ زمانی کوردی له‌ عێڕاق دا هه‌مانه‌ بپارێزین و له‌ سه‌ربارودۆخی ئێستای شێوه‌زاره‌ کوردییه‌کان ڕاوه‌سته‌ بکه‌ین، به‌ر له‌ هه‌موو شت ده‌بێ مه‌سه‌له‌ی به‌کارهاتنی کورمانجی له‌ خوێندن و بواره‌کانی دیکه‌ی ژیان دا به‌ ڕاستی و به‌دڵی کراوه‌ جێگیر بکرێ. ‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر پێکێشی بکرێ له‌ سه‌ر ڕه‌سمییه‌ت دان به‌ شێوه‌زارێک بۆ زمانی ئیداری و به‌ڕێوه‌به‌ری باشتر وایه‌ ئه‌و مافه‌ هه‌ر به‌ کوردیی نێوه‌ڕاست (سۆرانی) نه‌درێ به‌ڵکوو بۆ کوردیی سه‌روو (کورمانجی) ش ڕه‌چاو بکرێ. به‌ڵام ئه‌من له‌ بناوانه‌وه‌ پێم وایه‌ ئه‌وه‌ هیچ ناگۆڕێ و کێشه‌ی زمانی ئاڵۆزتر ده‌کا. ئیدی ئێمه‌ له‌ قۆناغی ئه‌وه‌ی ستاندارد چییه‌ و چ نییه‌ تێپه‌ڕبووین. کێشه‌که‌مان کێشه‌ی پێوه‌چاران به‌ دوو له‌هجه‌ی زمانێکه‌ که‌ سیاسه‌تێکی کراوه‌ و دێمۆکراتی په‌روه‌رده‌ به‌ هاسانی ده‌توانێ له‌گه‌ڵیان بجووڵێته‌وه‌ و گه‌شه‌یان پێبدا، هه‌ر وه‌ک وڵاتی نۆروێژ که‌ له‌وێ ئه‌م کێشه‌یه‌ به‌ سه‌رکه‌وتوویی یه‌کلا کراوه‌ته‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو کورد زمانێک له‌ ته‌بایی دا بژی و زمان نه‌بێته‌ دابڕی خه‌ڵک له‌ سه‌ر بنه‌مای شێوه‌ی قسه‌کردن یان به‌کارهێنانی شێوه‌زاره‌که‌یان له‌ نووسین و په‌روه‌رده‌ دا، ئەوەی گرینگ بێ ئه‌وه‌یه‌ منی سۆرانی ئاخێو چه‌نده‌ حه‌ز له‌ شێوه‌زاری موکریی سۆرانی ده‌که‌م هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش زاراوه‌ی که‌لوڕی خانه‌قی و بۆتی بادینانم پێ خۆش بێ و بە یەکسانی ڕێزیان لێ بگرم

No comments: