Thursday, January 14, 2010

سایتی سبەی : لە خۆپێشاندانێکدا خوێندکار و قوتابیانی دەوەری ئامێدی داخوازی زمانی کورمانجی دەکەن




ماڵپەڕی "سبەی" لە وەشانی ئەمڕۆی خۆیدا ( پێنجشەمۆ ١٤ی ژانڤییەی ٢٠١٠) ئەم خەبەرەی خوارەوەی سەبارەت بە خۆپێشاندانی خوێندکاران لە ئامێدی بە کوردیی کورمانجی بڵاو کردووەتەوە:

پێنجشەمۆ، ١٤ی ژانڤییەی ٢٠١٠

لە خۆپیشاندانێکدا خوێندکار و قوتابیانی دەوەری ئامێدی داخوازی زمانی کورمانجی دەکەن

(سبەی):

دوێنێ ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان لە خۆپیشاندانێکدا چوونە بەر دەرگای قایمقامێتی قەزای ئامێدیێ و لە یاداشتنامەیەکدا داوخوازیان کرد لە قوتابخانەکانی دەوەری بادینان دا خوێندن بە شێوەزاری کورمانجی بێ.
سەبارەت بەو داوخوازە شەریف فەتتاح بەرپرسی لقی ئامێدی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بە سبەی ڕاگەیاند لە خۆپێشاندانەکە دا زیاتر لە ٤٠٠ قوتابی پلەکانی سەرەتایی و ئامادەیی کە لە قوتابخانەکانی سەر بەقەزای ئامێدی یەوە هاتبوون بەشدار بوون و لە رێپێوانێک دا کە لە بەرامبەر لقی یەکێتی قوتابییانەوە دەستی پێکرد بەرەو بینای قایممقامێتی ئامێدێ وەرێ کەوتن، ئەوان چەندین لافیتەیان پێ بوو و چەندین دروشمیان دا کە تێیاندا هاتبوو زمانی کورمانجی واتە بادینی لە دەوەری بادینان لە نێو ئامادەبووانی قوتابخانان دا پەیڕەو بکرێ. دوایە لە نزیکەوە یاداشتنامەیەکیان پێشکێشی قائیمقام و بەڕێوەبەری قەزای ئامێدێ کرد کە تێیدا داوای سەرەکی بریتی بوو لە پەیرەو کردنی بەکارهێنانی کورمانجی لە قوتابخانەکانی دەوەری بادینان دا. قائیمقامیش بەڵێنی پێدان گازندە و داوخوازی ئەوان بگەیێنێتە دەسەڵاتی بەرزتر وەکوو ئەنجومەنی پارێزگای دهۆکێ. شەریف فەتتاح بە سبەی ڕاگەیاند هەرچەند ئێستا هەتا پۆلی حەوتی سەرەتایی زمانی کورمانجی بەکاردەهێندرێ و بەرەو ژوور دەچێ، بەڵام، هێشتاش بە هەزاران قوتابی دەکرێنە قوربانی زاراوەی سۆرانی، نێوبراو هەر وەها لە قسەکانی زیاد کرد دروشم و لافیتەی خۆپێشاندەرەکان بە دژی هیچ زاراوەیەک نەبوو بەڵکوو هەر زاراوەیەک لە جێی خۆی و لە نێو دانێشتووانی خۆی و کتێبی قوتابیان دا دەکرێ بەکار بهێندرێ. لە یاداشتنامەکە دا هەر وەها داوا کرابوو کۆنتڕۆڵێکی تایبەت لەسەر مامۆستای پۆلی دوازدەی ئامادەیی لە پارێزگای دهۆک بەڕێوە بچێ چونکە ئەو مامۆستایانەی سۆرانن لە زاراوەی بادینی تێناگەن و لە کاتی تاقیکردنەوە دا ئەگەر وڵامەکان دروستیش بن نومرەیان نادەنێ.
لە وڵامی ئەو پرسیارە دا داخودا هەر ڕێکخراوەکەی ئەوان ئەو خۆپیشاندانەی رێکخستبوو؟ بەرپرسی لقی ئامێدی یەکێتی قوتابیانی کوردستان گوتی: ئەوە داوخوازی هەموو قوتابیانە و جگە لە ئەندامانی ئێمە کە ئەو خوپیشاندانەمان بەڕێوە دەبرد ئەندامەکانی ڕێکخراوی خوێندکاران و گەشە پێدانی قوتابییەکانی کوردستان و قوتابیانی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان یش لە نێو خۆپیشاندانەکە دا بەشداربوون. ئێمە بۆیە ئەو خۆپیشاندانەمان کرد چونکەبە پێی بۆچوونی قوتابیان و ئەو بەدوا داچوونانەی ڕێکخراوەکەی ئێمە کردوویەتی، لە دەوەری بادینان خاڵی هەرە سەرەکی لاواز بوونی ئاستی خوێندن بەکارهێنانی سۆرانییە.

گۆڤەند ئامێدی

No comments: