Saturday, January 16, 2010

کورمانج لە کۆنفڕانسی زمانی ڕەسمی دا سەرکەوتن



کورمانج لە کۆنفڕانسی زمانی ڕەسمی دا سەرکەوتن

لە بن ئەم سەردێڕەی سەرەوە دا ڕۆنامەنووس ئەمین عەبدولقادر لە ژمارەی دوایی گۆواری "ڤەژەن"، کە لە شاری دهۆک چاپ و بڵاو دەکرێتەوە بابەتێکی درێژی سەبارەت بە کۆنفڕانسی بێ ئەنجامی "زمانی ڕەسمیی بۆ هەرێمی کوردستان" بە پێی دوان و هاوپرسەکی لە گەڵ هێندێک لەو کەسانەی لەو کۆنفڕانسە دا ئامادە بوون،بڵاو کردووەتەوە. جێی سرنجە، بەڕێز ئەمین عەبدولقادر لەو نووسراوە دوورو درێژە دا هیچ باسی ئەو دەستبادانە گەورەیەی نەکردووە کە ئامادەکارانی کۆنفڕانس خەریک بوون دەرحەق بە بۆچوونی مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور بیکەن ، بەڵام لەبەر وشیاری بەشێک لە ئامادە بووانی ئەو کۆنفڕانسە ڕیسەکە بووەوە خوری. لە خوارەوە دەستچنێک لە نووسراوەکەی ئەمین عەبدولقادر بە کوردیی سۆرانی بخوێننەوە.
حەسەنی قازی

لەمەر ئەو کۆنفڕانسە ، موئەیید تەییب ئەندامی کارای ئەکادیمیای کوردی دەڵێ :" ئەوە زیاتر لە دووساڵە سەرۆکی ئەکادیمیا دوکتور شەفیق قەزاز لە گەڵ چەند کەسی دیکە کە ئەندامی کارای ئەکادیمیان بە هەموو هێزی خۆیان حەول دەدەن زاراوەی سۆرانی بکەنە تاقە زمانی ستانداردی کوردی بۆ هەریمی کوردستانێ.بە گوتنێکی دیکە کورمانجی وەک زمانی خوێندن و نووسینی ڕەسمی و کاروباری دیکە قەدەغە بکرێ. ئەمنیش بە بەردەوامی لە دژی ئەو هەڵوێستە بووم و مشتومڕی زۆر توندمان لە نێو دا بووە. هێندێک لە ئەندامانی کارای ئەکادیمیایێ لە سەر ئەوبابەتە بێدەنگیان لێ ڕاکردووە، هێندێکیان لە گەڵ بۆچوونی من بوون و هێندێکیشیان لە گەڵ بۆچوونی سەرۆکی ئەکادیمیا بوون". سەبارەت بە چلۆنایەتی پەیدا بوونی فکری بەسترانی کۆنفڕانسێکی ئاوا موئەیید تەییب دەڵێ:
" دوای دانوستاندنێکی درێژ،سەرۆکی ئەکادیمیا پێشنیازی کرد ئێمە ئەو مەسەلەیە بخەینە دەنگ دان لە دانیشتنەکەماندا. دیارە ئەو پێشنیازەی سەرۆکی ئەکادیمیا لە بەر باوەڕی وی بە دێمۆکڕاسی نییە، بەڵکوو لە بەر ئەوە بوو دەیزانی زۆربەی بۆچوونەکان لە گەڵ بۆچوونی ئەون. ئەمن دژایەتی پێشنیازێکی ئەوتۆم کرد و ڕامگەیاند مافی خەڵک نابێ بخڕیتە دەنگ دان. دوایە ئەوان زانیان بەو شێوەیە چیان پێ ناکرێ و ناتوانن ئەو مەسەلەیە لە نێو ئەندامانی ئەکادیمیا دا چارەسەر بکەن و دوکتور شەفیق قەزاز پێشنیازی بەسترانی ئەو کۆنفڕانسەی هێنا گۆڕێ و لەوە دڵنیا بوو لەو کۆنفڕانسە دا بۆچوونەکەی سەر دەگرێ. بەڵام دەستەی نوێنەرایەتی ئێمە کە لەدهۆکەوە چوون و لەو کۆنفڕانسە دا بەشدار بوون زانستیانە پشتگیرییان لە کورمانجی کرد و تەنانەت هێندێک ئاواڵی سۆرانیش کە لەو کۆنفڕانسە دا بەشدار بوون ڕایانگەیاند کورمانج زانستیان لە پشتە و تەعەسوب و دەمارگرژیش لە لای بەرانبەری وانە. بەڕاستیش ئەوە جوانترین وەسف بوو بۆ ئەو کۆنفڕانسە. ئەوجارەش لە شەری نێوان زانست و دەمارگرژی دا، زانست سەرکەوت."
لە وڵامی ئەو پرسیارە دا ئەگەر هاتبا و کۆنفرانس بە گوێڕەی دڵی سەرۆکی ئەکادیمیا هەڵسووڕابا، چ شوێنێکی لە سەر هەڵکەوتی کورمانجی دەکرد؟ مامۆستا بێهرووز شوجاعی دەڵێ:
" ئەو سەردەمەی کە شێوەزارێک یان لەهجەیەک وەک زمانی ڕەسمی بە سەر شێوەزار یان لەهجەی دیکە دا دەسەپێندرا، ناوەند بە هێز بوون و هێزی جووڵە و وەگەڕکەوتن لە نێو گرووپی زمانی دا لاواز بوو. بۆیە دەسەڵاتی ناوەندی بە ئاسانی دەتوانی شێوەزارێک بە سەر یەکی دیکە دا بسەپێنێ و بە پاڵپشتی داو دەزگای حکوومەتی و سیستمی خوێندن و پەروەردە ئەو شێوەزارە یان لەهجەیە ستاندارد دەکرا. بەڵام لە سەردەمی ئێمە دا، ناوەند بەگشتی لاوازە و لەبەر ئامرازی پێوەندی و لە سایەی مۆدێرنێتە توانایی و جووڵەی ناو گرووپی گەلێک بەهێزترە. چونکە ناسێنە (زاناو) لەم سەرەبەندە دا کە ئێمەی پێدا تێدەپەڕین ئەوەندەی دیکە بە هێزتر بووە و بۆیە ڕەهەندی زمان، کە بەشێکە لە ناسێنەی ئێتنیکی، لە چاو ڕابردوو لە ئاستێکی بەرزتر دایە و بووە بە ناسێنەی تاک و گرووپان. هەر بۆیەش ئەگەر شێوەزارێک (لەهجەیەکی زمانی) بە سەر شێوەزارەکانی دیکە دا بسەپێندرێ ئاکامی دەبێتە ساز بوونی پێواژۆیەکی دیالێکتیک کە دەکەوێتە دژایەتی لە گەڵ پڕۆسەی نەتەوەسازی کوردی. واتە لە ئەنجامی داسەپاندنی لەهجەیەک (با بڵێین سۆرانی) بە سەر لەهجەیەکی دیکە دا، ئەو گرووپەی کە شێوەزارەکەی سۆرانی نییە خۆی دەپەراوێز دا دەبینێ. چونکە ئەگەر تۆ هاتی و شێوەزارێکت کردە ڕەسمی مانای ئەوەیە کە تۆ مەشڕووعییەت و ڕەوا بوونێکت داوە بەو شێوەزارە. پرێستیژ و پلەوپایەت بەرز کردووەتەوە، ئەو ڕەوایەتی ، پڕێستیژ وبەهاو نرخ پێدانە لە هاوسەنگییەکی نایەکسان دا بەرز کراوەتەوە. واتە، ئەگەر نرخ و بەهای شێوەزارێک بەرز بکەیەوە، نرخ و بەهای ئەویدیکەیان نزمتر دەبێ، ئەگەر یەکیان مەشڕووع و ڕەوا بێ، ئەویدیکەیان مەشڕووعییەتی لە کیس دەدا.بۆیە ئەو ئاخێوەرانەی شێوەزارەکەیان لە مەشرووعییەت کەوتووە، هەست دەکەن لە کۆمەڵیش دا خراونەتە پەراوێزەوە، لەبەرئەوەی کە مافی زمانیان پێشێل کراوە.
ئەو گرووپە بۆ دامەزراندنی هەبوونی خۆی و بۆ وەدست هێنانی مافی زمانی خۆی – کە بەشیکی جیانەکراوە یە لە مافی مرۆڤی وی- هەڵوێستێکی دژبەرانە ڕەچاو دەکا و لە بەرامبەر سیاسەتێکی ئاوا دا ڕادەپەڕێ، چونکە دەپەراوێز کەوتن خۆڕاگری و دەستکردنەوەی بەدوو دا دێ. لە لایەکی دیکەوە سیاسەتێکی زمانی دەسەڵات کە لە سەر بنەمای تاک شێوەیی، تاکزمانی و تاک کولتووری داڕێژرابێ، هەر ئەو جۆرە سیاسەتەیە کە شێوەزارێک بە سەر شێوەزارێکی دیکە دا دادەسەپێنێ. لە بەرانبەر خۆڕاگری و دەستکردنەوەی ئەو گرووپەی دەپەراوێز کەوتووە دەسەڵاتی ناوەندی – بە گوێرەی چەمکی ناوەندێتی خۆی – سیاسەتی چەوساوندنەوە و سەرکوت بەڕێوە دەبا. دواجار چەوساندنەوەی زمانی تەنانەت شێوەی چەوساندنەوەی فیزیکیش بە خۆیەوە دەگرێ و ئەو گرووپەی خراوەتە پەراوێزەوە بە تەواوی لە دەسەڵاتی سیاسی نامۆ دەکا. کاتێک ئەو گرووپەی خراوەتە پەراوێزەوە بەدەستی دەسەڵاتی سیاسی نامۆ کرا، چەوسێندرایەوە، ئەو دەمی ئێمە دەگەینە قۆناخی کۆتایی ئەو دیالێکتیکە، کە دەکرێ وەک جودابوونەوە بە نێوی بکەین. واتە ئەو ڕوانگەیەی دەڵێ بە وەپێشخستن و وەخۆ کردنی تاقە ستانداردێکی زمانی کوردی ئێمە دەتوانین نەتەوەی کورد ساز دەین، لە نێو خۆی دا ناکۆک و دژلەهەڤە و بە پێچەوانەی ئیدیعایەکەی کارێکی ئەوتۆ دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنی پڕۆسەی نەتەوە سازی کوردی. هەر بۆیە دیسکۆرسی زمانی یەکگرتووی کوردی، گەلی کورد پارچەپارچە دەکا و دەبێتە بەرهەڵست لە سەر ڕێبازی پڕۆسەی نەتەوە سازی کورد."
دوکتور عەبدولوەهاب خالید، یەكێکی دیکە لە ئامادەبوانی کۆنفڕانسی زمانی دەڵی:
" هێندێک دیاردە و کێشەی ئینسانی هەن کە ناخرێنە چوارچێوەیەکی تەنگ و داخراوەوە، واتە تەنێ بە پێی تیورییەک شی ناکرێنەوە یان تەنێ بە ڕێگای دەکار کردنی چەمکێکی تایبەتی شی ناکرێنەوە و پۆلێن بەندی ناکرێن. هەڵبەت زمانیش یەکێک لەودیاردە کۆمەڵایەتی و مرۆڤیانەیە کە لەگەڵ پەیدابوونی کۆمەڵە مڕۆڤییەکان سەری هەڵێناوە و زمان و کۆمەڵ وەکوو دوو ڕووی سکەیەک وان، هەر کام لەو ڕوویانە بەها و نرخی لە ڕوویەکەی دیکەی وەردەگرێ و بێ نرخ بوونی ڕوویەکیان واتە بێ نرخ بوونی ڕوویەکەی دی.
کە وابوو زمان مافێکی کولتوورییە و بە بیرکردنەوەی مڕۆڤ وهەڵسوکەوتی ئینسانەکان لەگەڵ یەکدی گرێ دراوە و نابێ ئەو مافە لە خەڵکی بستێندرێ . جا ژمارەی ئەو خەڵکە هەر چەندی دەبێ بڵا ببێ، زیاد بێ یا کەم. واتە کار کردن و بەکارهێنانی لەهجەیەک یان زمانێک لە ژێر پەردە و بە نێوی دێمۆکڕاسی بە دەنگدان چارەسەر ناکرێ، لە بەر ئەوەیکە زمان مافێکی خۆڕسکی مرۆڤییە و بەشێکە لە کولتووری هەموو مرۆڤایەتی، ئەوە لە لایەک، لە لایەکی دیکەشەوە زمان داناسەپێندرێ، چونکە داسەپاندن بۆ خۆی چەمکێکی دیکتاتۆرییە و لە دنیای سەردەم دا قەبووڵ ناکرێ."
لەوڵامی ئەم پرسیارە دا ئەگەر دەنگدان لە سەر هەڵبژاردنی زمان کارێکی عادڵانە بووبا، لە [ کوردستانی عێڕاقێ] ڕێژەی سۆرانی ئاخێڤان چەندە؟ مامۆستا عەبدولوەهاب دەڵێ: " دەگوترێ کە کورمانجی نێوەڕاست (سۆرانی) زمانی زۆربەی دانیشتووانی باشووری کوردستانە. بەڵام بە پێی ئەو ئامارەی لە لایەن " نێوەندی جێهانی لێکۆڵینەوەی تەبشیری " لە ساڵی 2000 دا بڵاو بووەتەوە، ئێمە دەبینین کە ڕێژەی کوردان لە عێراقی فێدێڕال دا % 21.5 ە. بانەڵێین ئەوە ڕێژەیەکی دروستە، بەڵام لەوانەیە لە ڕاستی نزیک بێ و ئامارێکی بێلایەنە و هیچ نەبێ زیاترە لەو ڕێژەی % 17. کە ئێستا لە عێڕاقی فێدێڕال دا بۆ کوردان داندراوە، بە پێی ئەو ئامارە، ڕێژەی بەکارهێنانی کورمانجی سەروو (کورمانجی) % 6,5 و ڕێژەی بەکارهێنانی کورمانجی نێوەڕاست ( سۆرانی) % 8.5 و ڕێژەی بەکارهێنانی لەهجەکانی دیکەی زمانی کوردیش % 6.5 ە. کە وابوو % 13 لە دانیشتووانی کورد لە باشووری کوردستان بە لەهجەی نێوەڕاست (سۆرانی) قسە ناکەن، بۆیە هەموو بیانوویەک بۆ داسەپاندنی کورمانجی نێوەڕاست لە نێو دەچێ،چونکە ڕێژەی زۆربە لە باشوور بە کورمانجی نێوەڕاست قسە ناکەن. هەر وەها لە ڕووی ڕووبەریشەوە، دەوەری کورمانجی ئاخێڤ30 % و ئه‌و ده‌وه‌رانه‌ی که‌ به‌کورمانجی نێوه‌ڕاست ( سۆرانی ئاخێڤ) ن % 40 لە خاکی کوردستانێ (باشووری کوردستان) پێک دەهێنن و ئەو دەوەرانەش کە بە لەهجەکانی دیکە قسە دەکەن % 30 خاكی کوردستان دادەپۆشن. کەوابوو لە % 60 خاکی کوردستاندا خەڵکی ئاوا دەژین کە بە کورمانجی نێوەڕاست (سۆرانی) قسە ناکەن. ئەمن داوا دەکەم خوێنەرەوەی بەڕێزی گۆوارەکەتان بۆ ئاگاداری تەواو لە سەر ئەو ڕێژانە بڕواننە نامەی ماستری ( ئەتڵەسی زمانی) کە عەبدولمەناف ڕەمەزانی ئامادەی کردووە".
لە کۆتایی دا ئێمە پرسیارمان لە مامۆستا نەوزادی هرۆری کرد، داخودا فێر بوونی کورمانجی ( کورمانجی سەروو) زەحمەت و محاڵە، هەر وەک هێندێک لە سۆرانی ئاخێڤان دەڵێن: وڵامی وی بە کورتی ئاوا بوو:
" بە پێی زانستی زمان، زمانی زەحمەت و زمانی هاسان نییە، بەڵگەی ئەو قسەیەش ئەوەیە کە منداڵان دەتوانن فێری هەموو قانوونەکانی زمانی مرۆڤی ببن و دەتوانن بەو زمانە دانوستاندن لە گەڵ دەوروبەریان بکەن. ئەوانەی بە تۆ دەڵێن زمانەکەت زەحمەتە خۆیان دەکەنە تەوەرە و پێوەر و ڕوانگەیان، ڕوانگەیەکی بابەتیانە نییە"

سەرچاوە : کولتوورنامە
www.kulturname.com

No comments: