Wednesday, January 20, 2010

باسی کێشەی زمانی ڕەسمی لە هەرێمی کوردستان لە بەرنامەیەکی تایبەتی نەورۆز تێڤی دا



باسی کێشەی زمانی ڕەسمی لە هەرێمی کوردستان لە بەرنامەیەکی تایبەتی نەورۆز تێڤی دا

حەسەنی قازی
چوارشەمۆ ٢٠ی ژانڤییەی ٢٠١٠

ئێوارەی سێشەمۆ ١٩ی ژانڤییە، بەڕێز سیاوەشی گۆدەرزی لە نەورۆز تیڤی دا بەرنامەیەکی تایبەتی سەبارەت بە زمانی ڕەسمی لە هەرێمی کوردستان پێشکێش کرد.
لەو بەرنامەیە دا بەڕێز نەوزادی هرۆری زمانناس و بەرپرسی کتێبخانەی کوردی لە ستۆکهۆڵم و بەڕێز هەندرێنی ئەحمەد نووسەر و شاعیر میوانی ستودیۆ بوون و بەتەلەفوونیش مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور و کاک کاوەی ئەمین نووسەر و مامۆستای زمانی دایکی لە سوێد بەشدار بوون. بە پێی ڕاگەیاندنی پێشکێشکار و ئامادەکاری بەرنامە بڕیار بوو دووکەسیش لە کوردستانی عێڕاقەوە بە تەلەفون لەو بەرنامەیە دا بەشدار بن، بەڵام وەک ئەو ڕایگەیاند لە بەر کێشەی تێکنیکی ئەو پێوەندییە تەلەفونییانە گرێ نەدران و ئەوان نەیانتوانی لەو بەرنامەیە دا بەشداری بکەن.
پێشکێشکاری بەرنامە لەسەرەتاوە ڕایگەیاند میوانانی بەرنامە لە دوو ڕوانگەی جیاوازەوە بۆ ئەو پرسە دەچن و لە درێژایی بەرنامە دا، بەڕێز نەوزادی هرۆری کە یەک لە ئامادە بووانی کونفڕانسی بێ ئەنجامی ئەو دواییانەی "ئەکادیمیای کوردی" لە هەولێرێ بوو، خرابووە هەڵوێستێکی بەرگرییەوە و ئەوەش لەنگەری ڕوونکردنەوەی بابەتەکەی لە ئاستێکی یەکسان دا تێک دەدا. ئەوەی جێی خۆشحاڵی بوو بەڕێز هەندرێنی ئەحمەد بە پێچەوانەی بۆچوونەکانی خۆی لە سەرەتای هاوێنی ٢٠٠٨، هەر لە دەستپێکی بەرنامە دا لە گەڵ ئەوەش کە پێویستی ڕاگەیاندن و بوونی زمانی "فەڕمی" لە کوردستانی عێڕاق دەپاراست، لە هەمان کاتیشدا جەختی لە سەر ئەو خاڵە گرینگە دەکردەوە کە نابێ شێوەزارەکانی دیکە پشت گوێ بخرێن و دەبێ لە هەموو ڕوویەکەوە زەمینە و دەرفەتی پێشوەچوون و بە خۆداهاتنیان بۆ بڕەخسێ، بەڕێز هەندرێن هەبوونی زمانی "فەڕمی" لە سەراوەردی کوردستانی عێراق دا دەبەستەوە بە تەبەلوری "ئیرادەی نەتەوەیی" و بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە پێویستییەکی ئەوتۆ پێوەندی بە "مافی مرۆ" وە نییە، وەک لایەنگرانی فرەچەشنی زمانی بۆ پاساودانی تێڕوانینەکانیان دەیهێننە گوڕێ. تەنانەت کاتێک مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور بە زمانێکی سادە و ئاشکرا ڕایگەیاند کە لە چوار چێوەی دەوڵەتێک دا "نەتەوە" دەتوانێ نەک یەک زمان بەڵکوو چوار زمانی ڕەسمیشی هەبێ، بەڕێز هەندرێن ئەو بۆچوونەی بە " ساختە" نێوزەد کرد و ڕایگەیاند ئێمە باسی دوو شێوەزاری زمانێک دەکەین کە کامەیان ببێتە ڕەسمی نەک زمانانی جیاواز. وا بزانم بە لێوردبوونەوەیەکی کەم ئەو ئیحتیجاجەی بەڕێز هەندرینی ئەحمەد هەڵدەوەشێتەوە، چونکە کاتێک باسی سویس وەک دەوڵەت نەتەوە دەکرێ، لە وێدا ئیرادەی "فەڕمی" نەتەوە بە چوار زمان خۆی دەردەخا. بە زمانێکی سادەتر شارومەندانی سویس، ئەگەر بە ئەڵمانی، فەڕانسەیی، ئیتالیایی و ڕۆمانشیش قسە بکەن، بەر لە هەموو ناسێنەیەکی دیکە وەک "سویس"ی تەعبیر لە ناسێنەی خۆیان دەکەن. هیچ سویسییەک نییە بڵێ ئەمن ئەڵمانی، ئیتالیایی یان فەڕانسەییم،سەرباقی ئەوەش کە ئەو جۆری زمانییەی لە قسەکردنی ڕۆژانە، لە پێوەندی ئیداریی و لە میدیا دا بەکار دەهێندرێ هەر هەمان ستانداردی ئەڵمانیی ئەڵمانی، فەڕانسەیی فەڕانسە و ئیتالیاییی ئیتالیا نییە.
ئاکامی مەنتیقی بۆچوونی بەڕێز هەندرێن لە بە یەکدانانی "یەکێتی نەتەوەیی" و "یەکێتی زمانی" بە بێ بە هێند گرتنی "مافی مرۆ" دەگاتە سەرکوت کردن و زمان کوژی. چونکە ئەگەر هاتوو ئاخێوانی کورمانجی سەروو لە بەهدینان قانیع نەبوون بە پێی ئیرادەی ئازادانەی خۆیان دەست لە زمانەکەیان هەڵگرن، ئەودەمی بۆ تەبەلوری "ئیرادەی نەتەوەیی" دەبێ شێوەزارەکەیان سەرکوت بکرێ و "زمانیان بە بڕین چێ". ئەوەش بە تەواوی ناکۆکە لە گەڵ ئەو دەربڕینەی سەرەتای بەرنامە کە بەڕێز هەندرێنی ئەحمەد ڕایگەیاند: "نابێ شێوەزارەکانی دیکە پشت گوێ بخرێن و دەبێ زەمینە و دەرفەتی پێشوەچوونیان بۆ بڕەخسێ". ئەگەر بەڕێز هەندرێنی ئەحمەد وەک شاعێرێک بە هەستی ناسکانەوە پیی وابێ "کۆدی هاوبەشی نەتەوە" هەودای "بەیەکەوەگرێدانی نەتەوە" دەکرێ بە بێ لا کردنەوە لە "مافی مرۆ" لە پلانی نەتەوەسازی نویباو دا وەدی بێ،ئیدی وای بە حاڵی نەتەوەیەک کە بییەوێ بە سەرکوتکردنی پارچەیەک لە خۆی هەر ئەوە لە گەڵ خۆی بکا، کە "ئەوانیدی" لە گەڵیان کردووە و ئێستاش دەیکەن.
لێرە دا با ڕەخنەیەکیش ئاڕاستەی بەڕێز نەوزادی هرۆری بکەم کە لە سەرتاسەری بەرنامە دا خۆی خستبووە پۆزیسیۆنی بەرگرییەوە.نووسەرێکی قەڵەم بە بڕشتی کوردستانی عێڕاق، لەو دواییانە دا مەسەلەی زۆربە و کەمایەتی، برا گەورەیی و برا چکۆڵەیی زۆر جوان شی کردووەتەوە و دەنووسێ: " بڕوای پته‌وی‌ ئێمه‌ش ئه‌وسا‌و ئێستاش ئه‌وه‌یه‌ كورد برابچوكی‌ هیچ گه‌لێك نیه‌‌و هیچ شتێكی‌ له‌ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ تر كه‌متر نیه‌. هه‌ر جۆره‌ برایه‌تی‌ و هاوكاریه‌كیش باسی‌ برا گه‌وره‌یی و بچوكی‌ تیا كرا، برایه‌تی‌ نیه‌‌و كوێله‌یه‌تی‌ و سوكایه‌تی‌ پێكردنه‌. له‌نێوان گه‌لانی‌ دنیادا گه‌ورە و بچوكی‌ نیه‌، به‌ڵكو یه‌كسانی‌ و هاوشانی‌ و رێزگرتنی‌ به‌رامبه‌ر و به‌رژوه‌ندی‌ هاوبه‌ش هه‌یه‌. مرۆڤ ئاژه‌ڵ نیه‌ ‌و به‌ لۆژیكی‌ دارستان ناژی‌ كه‌ تیای دا ئه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌ و به‌هێز بێت، مافی‌ زیاتر و گه‌وره‌تری‌ هه‌بێت. گه‌لان هه‌مو ئه‌بێت له‌پێگه‌یه‌كی‌ یه‌كسان‌و چونیه‌ك و رێزی‌ هاوبه‌شه‌وه، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك بكه‌ن، نه‌ك به‌ پێی گه‌وره‌ی‌ و بچوكی‌" دیارە ئەو بۆچوونە لە نێو خۆی کوردیش دا هەر دەبێ پەیڕەو بکرێ، یانی هیچ پاساوێک بۆ ئەوە نییە کە خەڵکی بادینان خۆیان لە خەڵکی مەهاباد و سلێمانی بە پچووکتر یان گەورەتر بزانن.
لەو بەرنامەیە دا بەڕێز نەوزادی هرۆری دەبوو وەک زمانناسێک بە پاڵپشتی زانستیی زمانناسی زۆر زیاتر لەوەی بڵێ کە هێنایە گۆڕێ. ڕەنگە چارەسەری "کێشە"ی زمان لە هەرێمی کوردستان، بە ئاڵوگۆڕی بنچینەیی لە سیستمی پەورەردە و ڕێز گرتن لە ئیرادەی خەڵکی دەوەری بەهدینان بۆ خوێندن بە زمانی خۆیان وەدی بێ.
ماوەتەوە دەستخۆشانە بکەم لە بەڕێز سیاوەشی گۆدەرزی ئامادە کار و پێشکێشکاری ئەو بەرنامەیە لە تێلێڤیزیۆنی مانگیلەی نەورۆز دا. هێوادارم لە دەرفەتی دیکەش دا درێژە بە ساز کردنی بەرنامەی ئاوا سەرکەوتوو بدا.

1 comment:

Anonymous said...

sipas ji bo kekê Hesen Qazî, ji bo vê şirovekirina di bloga xwe de...