Friday, March 11, 2011

بە بۆنەی کۆچی دوایی غەنیی بلووریان


پێشوازی خەڵک لە غەنیی بلووریان لە مەهاباد کاتی بەربوونی لە زیندان

بە بۆنەی کۆچی دوایی غەنیی بلووریان

تێبینی: نیزیکەی ٣٤ ساڵ لەمەوبەر ئەو بانگەوازەم لە لایەن کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی ووڵات(ئاکسا)وە گەڵاڵە کرد و لە نێو کۆڕو کۆمەڵی خوێندکارانی ئێرانی لە دەرەوەی وولات (کۆنفێدراسیۆن) بڵاومان کردەوە بۆ ڕاکێشانی پشتیوانیان بۆ بەشداری لە کەمپەینی داوای ئازادیی بۆ غەنیی بلووریان.
پێشتریش لە لەندەن – ئەمنێستی بریتانیا لە مانگی نۆڤامبری ساڵی ١٩٧٤ بلووریانی وەک زیندانی سیاسی مانگ وەخۆ کرد و یارمەتی ماڵی کرد بە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە دەرەوەی زێندان. باشم لەبیرە کاربەدەسێکی ئەمنستی ئەنترناسیۆناڵ جارێک ئەو یارمەتییەی گەیاند بە دەست بەڕێز یۆنسی بلووریان برای ڕەحمەتی غەنیی بلووریان لە لەندەن.
کۆپی ئەو دەقە و بانگەوازی ئەمنێستی م بۆ داوخوازی بەربوونی غەنی بلووریان لە ساڵی ١٩٩٦ لە سوێد لە بەردەست کۆکەرەوەی بیرەوەرییەکانی غەنیی بلووریان، حامیدی گەوهەری نا و لە پاشکۆی کتێبی ئاڵەکۆک دا چاپ کراون. ئەو دەقەم بە زمانی فارسی نووسیبوو و لێرەدا وەرگێڕاوی کوردییەکەی دەخوێننەوە.زانیارییەکان لە مەڕ پێشینەی خەباتی غەنی بلووریان بەشێکی بەپێی لێکۆڵینەوەی خۆم و بەشێکی لە ڕێبەڕایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان (ئێران) کە ئەو دەمی لە بەغدا بوو وەرگیراوە.

حەسەنی قازی

بۆ ئازادیی غەنیی بلووریان، ڕۆڵەی شۆرشگێڕی گەلی کورد لە زیندانی شای جەلاد، با یەکگرتووانە تێبکۆشین

غەنیی بلوویان لە ساڵی ١٣٠٣ی هەتاوی لە مەهاباد هاتە دنیاوە. باوکی غەنی تاجر بوو و لە تافی لاوێنی غەنی دا بنەماڵەکەی لە ڕووی داراییەوە دەستڕۆیشوو بوون. غەنی هەر لە تەمەنی مێردمنداڵییەوە ڕوحییەکی سەرکێشی هەبوو و لە مەترسی نەدەپرینگایەوە.لەسەردەمی دامەزرانی کۆماری مەهاباد لە ئامادەیی دەیخوێند و لە یەکەم تیاتری کوردی دا کە لە سەروبەندی کۆمار دا پێک هاتبوو ،لە درامایەک دا کە بە ناوی "دایکی نیشتمان" پیشان درا دەوڕێکی سەرەکی گێڕا. ئەو درامایە هێمایەک بوو بۆ دابەشکرانی کوردستان و داگیرکرانی مافی نەتەوەیی کوردەکان و خەبات بۆ ئەستاندنەوەی ئەو مافانە. لە مانگی ٤ی ساڵی ١٩٤٦ ژمارەیەک لە لاوانی کورد بۆ پەروەردەی عەسکەری لە لایەن کۆمارەوە ناردران بۆ ئازەربایجانی شووڕەوی و غەنێ ش یەكێک لەو خوێندکارانە بوو. لە دوای شکانی ناکاو و هاسانی کۆمار، ئەو لاوانەی لە مەدرەسەی نیزامی باکۆ دەیانخوێند، بڕیاریان دا بگەڕێنەوە ئێران و کاتێک بەرپرسانی مەدرەسەی نێزامی ئەو داوخوازەیان نەپەژراند دەستیان کرد بە مان گرتن. غەنی یەکێک لەو کەسانە بوو کە پرۆتێست و خوڕاگری خوێندکارەکانی بەڕێوە دەبرد. ئەوان دواجار توانیان داوخوازەکەیان وەدی بهێنن و زۆربەیان گەڕانەوە بۆ ئێران، ژمارەیەک لەوانە بۆ ماوەیەک لە ئێران زیندانی کران و دواتر بەردران.
غەنی بلووریان یەکێک لەو کەسانەیە کە لە زیندووکردنەوەی چالاکی سیاسی لە کوردستانی ئێران لە دوای شکانی کۆماری مەهاباد، دەوڕێکی بەرچاوی گێڕاوە. یەکەم بڵاوکراوەی نهێنی دوای شکان واتە " ڕێگا" بە هاوکاری وی بڵاو کرایەوە. لەو سەروبەندە دا لە هێندێک لە ناوچەی کوردستانی ئێران چالاکی سیاسی و دژی ڕێژیم بە ناوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و لە هاوکاریی تەواوی سیاسی لە گەڵ حیزبی توودەی ئێران ئەنجام دەدرا.
دوای گەڕانەوە لە شوورەوی غەنی هاوکات لە گەڵ درێژەدان بە خوێندن و کار کردن، بە شێوەیەکی شێلگیرانە دەستی کرد بە کاری ڕێکخراوی و چالاکیی سیاسی و لە بیروڕا گۆڕینەوە و یارمەتی دانی ڕێکخراوی تێکۆشەرانی کورد لە عێراقیش چالاکانە بەشدار بوو. غەنی بۆ جاری یەکەم کاتێک لە گەڵ دوو هاوڕێی خۆی دەیانەویست بەنهێنی لە سنووری شووڕەوی بپەڕنەوە گێران. دوای بەر بوون لە زیندان دیسان دەستی کردەوە بە چالاکی و دوای کۆدەتای ٢٨-ی گەلاوێژی ١٣٣٢ لە کاتێک دا لە گەڵ هاوڕێیەکی لە مەهاباد کتێبفرۆشییەکی دانابوو لە بەر پێویستی چالاکییەکانی و بۆخۆ پاراستن لە هێرشی دیژبانەکانی " سەرهەنگ خواجە نووری" و " ڕوکنی دووهەمی ئەڕتەش" خۆی شاردەوە و لەو ماوەیە دا توانی چەند ژمارە لە ڕۆژنامەی کوردستان چاپ و بڵاو بکاتەوە. تا ئەوەی کە لە ساڵی ١٣٣٥ دیسان گیراوە و ئەوجار ٣ ساڵی لە زیندان دا تێپەڕ کرد.یەک دوو سێ ساڵ لە دوای کەشفی ڕێکخراوی ئەفسەریی حیزبی توودە،حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان پێوەندی خۆی لە گەڵ پاشماوەی ڕێبەڕایەتی هەڵوەشاوی نێوخۆی ئێرانی حیزبی توودە پساند و ئەو تەشکیلاتە بەگشتی چەند ساڵ خۆی لەوەپاراست کە پۆلیس بیدۆزێتەوە. خۆڕاگری و پایەداری چەند کەس لە تێکۆشەران لە زیندان دا، لەوانە غەنی بلووریان پێشی بەوە گرت پۆلیس و ڕوکنی دووهەمی ئەڕتەش بتوانن خەباتکارانی کورد تێکەوە پێچن، سەرەڕای ئەوەی لەو ساڵە ڕيسانە دا زۆر کەس گیران و چۆک دادانی پەیتا پەیتا لە ئارا دا بوو.
غەنی بلووریانیان بۆ جاری سێهەم لە ١٠ی مانگی خەزەڵوەری ١٣٣٨ لە مەهاباد گرت. ئەوە لە بارودۆخێک دا بوو کە ساواک بۆ ناوزڕاندنی غەنی دەستی کردبوو بە بانگەشەی ژاراوی.
گیرانی غەنی بانگەشەی چەپەڵی ساواک و دەستنێژە ناوچەییەکانی پووچەڵ کردوە. خۆڕاگری غەنی و چەند کەسی دیکە لە تێکۆشەرانی کورد لە ژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی جەلادی وەکوو سەرهەنگ وەزیری، سیاحەتگەر، سەرتیپ ئەمجەدی و ئیتستیوار ساقی بەردەستانی ئەو دەمی سەرۆکی سازمانی ئەمنییەتی شای مرۆڤکوژ، نموونەیەکی بی هاوتای پێبەندی و وەفاداری بە ئەو جۆرە بیروباوەڕانەیە کە سەرچاوەی لە هەلومەرجی بەڕچاو و ئیمان بە بەحەق بوونی سەروەری زۆربەی بێ بەش ئاو دەخواتەوە.


ڕەحیمی قازی و غەنیی بلووریان لە کاتی هاتنەوەی ڕەحیمی قازی لە ئازەربایجانی شووڕەوی بۆ کوردستان دوای ٣٣ساڵ دووری مانگی مارسی ١٩٧٩

برینی ئەشکەنجە بە سەر لەشی غەنی یەوە ئەوەندەقووڵ بوو کە دوای تێپەڕینی ٦ مانگ هێشتا گۆشتەزوون نەبووبوەوە.لەکاتی "لێپرسینەوە" و ئەشکەنجەی زیندانییەکان،بۆ تێکشکاندنی وورە و خۆڕاگری ئەوان بەدنی غەنی یان پێ نیشان دەدان.
چەندین مانگ لە دوای گێرانی ئەو تێکۆشەرانە و دوای ئەشکەنجەی پرزە تاوێن ئەوانیان لە "دادگە"یەکی عەسکەری دەرگا داخراو دا بە تاوانی " حەول دان بۆ لە بەریەک هەڵوەشاندنی وولات و هەبوونی مەڕام و شێوەی ئیشتیراکی" محاکەمە کرد و غەنی و چوار کەسی دیکە حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕایەوە. ئەوان ماوەی سێ مانگان
لە ژێرئەو حوکمە دا چاوەڕیی مەرگیان دەکرد، لەبەر هەلومەرجی سیاسی ڕۆژ و ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە ئەوسەروبەندی لە عێراق و لە کوردستانی عێڕاق لە گۆڕێ دا بوو ترس و خۆفی زۆری ڕێژیم لەو وەزعە و، هەر وەها کەمپەینێکی ئێعتیرازی بەربڵاو کە لە شارەکانی کوردستانی عێڕاق و بەتایبەتی لە سلێمانی وەڕێ کەوتبوو، ڕێژیم ناچار ما " دادگە"ی پێداچوونەوە پێک بهێنێ و حوکمی زیندانییەکان بکا بە زیندانی هەمیشەیی.هەر لەو سەروبەندە، لە پاییزی ساڵی ١٣٣٩ دا پێنج کەس لە تێکۆشەرانی ئازەربایجانی، ئەییووبی کەڵانتەری و هاوڕێیانی لە تەورێزێ تیرەباران کران. غەنی لەو سێ مانگەی دا کە لە ژێر حوکمی ئێعدام دا بووە وەسییەتنامەیەکی بە زمانی کوردی نووسیوە، کە بەڵگەی وورەی کۆڵنەدارانەی ڕۆڵەیەکی ڕاستەقینەی خەڵکی زەحمەتکیش و بە هیچ دانەنانی مردنە لە ڕێبازی ئاوات و ئامانجەکانی ئەوان دا.
دوای بڕانەوەی حوکم، غەنیی بلووریان و زۆربەی زیندانییە کوردەکانیان گواستەوە بۆ بەندی ٣ی زیندانی قەسری قاجار. لەو ماوەیە دا غەنی نموونەیەک بوو لە خۆڕاگری و بەرخوەدان و هەمیشەبە لێبڕاوی لە گەڵ زیندانەوان و کەسانی کەمچیکڵدانە دەجووڵاوە . ئەگەر کەسێک روخساری بە بڕیار و وورەی بەرزی غەنی لە پشت میلەکانی زیندان دیتبێ، کارتێکەری کەسایەتی ئیلهامدەری وی هەمیشە لەسەری دەمێنێتەوە. بە دەم خۆڕاگرییەکانی ناو زیندان لە ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی غەنییان گواستەوە بۆ زیندانی بەرازجان و تا ساڵی ١٣٤٥ لەوێیان ڕاگرت و دیسان جارێکی دیکە ڕایانگوێستەوە بۆ بەندی ٤-ی زیندانی قەسر لە تاران. لە ساڵی ١٣٤٨ دیسان بردیانەوە بەرازجان و لەوێوە ڕایانگوێست بۆ زیندانی عادل ئاباد لە شیراز. غەنی لە زیندان دا ووشەنامەیەکی کوردی ئامادە کردووە.
وەزعی تەندروستی غەنی لە زیندانێ زۆر خراپە و ئەوە چەندین ساڵە بە دەست برینی گەدەوە دەناڵێنێ. ڕێکخراوی ئەمنێستی ئەنترناسیۆناڵ لە مانگی نۆڤامبری ساڵی ١٩٧٤غەنیی بلووریانی وەک زیندانی مانگ هەڵبژارد. سەڕەڕای حەولەکانی ئەمنێستی رێژیمی خوێنخۆرەوەی پەهلەوی هێشتا هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە چارەنووسی وی لە بەر دەست ئەو رێکخراوەیە نەناوە.
بە پێی نەریتی درەوشاوەی کۆنفێدراسیۆنی جیهانیی خوێندکارانی ئێرانی هەموو ساڵێ مانگی خەزەڵوەر (نۆڤامبر) تەرخان کراوە بۆ بەرگری لە زیندانییە سیاسییەکان و بنەماڵەکانیان. لە هەلومەرجی ئێستا دا کە بزووتنەوەی پێشکەوتووی خوێندکاریی ئێران لە دەرەوەی ووڵات دابڕ دابڕ بووە و ڕێکخراوی جۆر بە جۆری هەیە، سەڕەرای ئەوە بەرگری لە خەباتی شۆڕشگێڕانی یەخسیری ڕێژیمی دڕندەی پەهلەوی و حەول دان بۆ بەردرانی ئەو زیندانیانە با وەکوو چەندبەرەکی ناوخۆیی دەبێ بەرەوپێش بچێ.
ئێمە لە گشت پارچەکانی پێشکەوتووی بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران لە دەرەوەی ووڵات داوا دەکەین ویستی ئازادیی هاوڕێ غەنیی بلووریان بخەنە ڕۆژەوی بەربەرەکانی بەرگری لە زیندانییە سیاسییەکان.
ئێستا ١٨ ساڵە غەنیی بلووریان ئەو ڕۆڵە دلێرەی گەلی کورد و هەموو زەحمەتکێشانی ئێران لە زیندانەکانی شا دا یەخسیر کراوە و لە سەر یەک ٢١ ساڵ لە ژیانی خولقێنەری خۆی لە پشت میلەی زیندانەکانی رێژیمی دڕندەی پەهلەوی تێپەڕاندووە. ئێستا غەنی لە زیندان ڕووبەڕووی مردنی تەدریجییە. ئێمە داوا لە هەموو ئینسانە ئازادیخوازەکان دەکەین بۆ ئازادیی غەنی لە زیندان هەموو دەرفەت و دەرەتانی خۆیان وەکار بخەن.

کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لەدەرەوەی ووڵات (ئاکسا)
لقی سوێد
نۆڤامبری ١٩٧٧


بانگەوازی ئەمنێستی ئەنترناسیۆناڵ بۆئازادیی غەنیی بلووریان و دیاریکردنی وەک زیندانی مانگ لە نۆڤامبری ١٩٧٤



وێنەی یەکەم بە سپاسەوە لە دیواری ماڵی کاک ئازادی مەستانی لە فەیس بووک خوازراوەتەوە

2 comments:

Unknown said...

Kak Hassan,
So moving! I was thinking 1977 you were actively working for liberation of Mr. Blurian as an activist and 34 years later things have barely changed! are we doomed to Sisyphus' fate?
however, it was duly to translate and republish your article. Many thanks

زاگروس said...

ژینی کورتم دی پراوپر بوو له‌ شانازی و شه‌ره‌ف
عومری زورم دی که‌ دوایی هات به‌ رسوایی و نه‌ده‌م