Tuesday, March 29, 2011

بە بۆنەی ١٠-ی خاکەلێوە: "محاکەمە"ی پێشەوا، سەدری قازی و سەیفی قازی



ئەبولقاسمی سەدری قازی، پێشەوا قازی محەمەد و محەمەد حوسێنی سەیفی قازی ئەو کاتانەی لە زیندان دا بوون

نەوشیرەوان مستەفا ئەمین لە کتێبی " حکومەتی کوردستان ریبەندانی ١٣٢٤ - سەرماوەزی ١٣٢٥ کورد لە گەمەی سۆڤێتی دا دەنووسێ:
تاوانەکانی بە پاڵ قازی و سەرانی حکومەت ئەدرا بریتی بون لە : پۆشینی بەرگی جەنەڕاڵی، سەرۆکایەتی جمهوریەتی کوردستان، گۆڕینی ڕەنگی ئاڵای ئێران،لابردنی نیشانەی شێر و خورشید، چون بۆ باکۆ و، کۆبونەوە لە گەڵ جەنەڕاڵەکانی بێگانە، کوشتنی ئەفسەر و سەربازی ئێرانی، بەڵێندانی بەخشینی نەوت بە بێگانە... هەر وەها نامەی دەسخەت و، ڕونوسی نوطقەکانی ناو کۆبونەوە گشتییەکان
لە بەفرانباری ١٣٢٥ دا هەر ٣ قازی بە ئیعدام حوکم دران. حوکمی ئێعدامی قازییەکان لەو کاتە دا بە بڵاو نەکراوەیی هێڵرایەوە. قازییەکان داوایان کرد مەسەلەکەیان بخرێتە بەر دەم " دادگاە تجدید نظر" بۆ چاو پیاگێڕانەوەی. لەو ماوەیە دا هەوڵێکی زۆریان دا بۆ ئەوەی موحاکەمە ببرێتە تاران. بەڵام ستادی ئەڕتەش سور بو لە سەر ئەوەی هەر لە مەهاباد بکرێتەوە.
ڕۆژی ٧ی بەفرانباری ١٣٢٦ ئەندامانی "دادگاە تجدید نظر" گەیشتنە مەهاباد. ئەمجارەیان دادگا بە سەرۆکایەتی سەرهەنگ عطاء و دادستانی سەرهەنگ نکوزاد بو. دادگا دو پارێزەری بۆ قازییەکان دانا بو: سەروان صلح جو و، سەوان نبوی. ئەو "تاوانانە"ی لە " دادگاه بدوی صحرایی" بە پاڵ قازی محمد درا بون و ، لە سەری بە ئیعدام حوکم درا بو، بریتی بون لە: ڕاپەڕینی چەکدار دژی حکومەتی ناوەندی، بەستنی ڕێککەوتنی نەوت لە گەڵ بێگانە، سوکایەتی کردن بە ئەڕتەش و حکومەتی مەرکەزی، فەرمانی کوشتن و سوتاندنی ماڵی فەرمانبەرانی حکومەت... ئەو تاوانانەی بە پاڵ سیف و صدریش درابون، شتێکیان کەم نەبو، لە وانەی بە پاڵ قازی درابون
هەیئەتی دادگا لە گەڵ ستادی ئەڕتەش بەردەوام بە بێتەل پێوەندی تەلگرافی هەبو. پرسی پێ ئەکرد و فەرمانی لێ وەرئەگرت. ئەمیش حوکمی ئیعدامی : محمد قاضی،محمد حسین خانی سیفی قاضی ، صدری قاضی دایەوە. کاتێ کە ستادی ئەڕتەش ئاگادار کرا لەوەی دادگا حوکمی ئێعدامی داون، ستادی ئەڕتەش فەرمانی دا بە فەرمانداری نیظامی مەهاباد لە ماوەی ٢٤ سەعات دا حوکمەکە جێبەجێ بکات
ڕووداوەکانی ناو دادگا لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمەی تاران دا بە یەک شێوە و زمان بڵاو کراونەتەوە . پێ ئەچێ کاربەدەستانی ئەڕتەش ، بەوجۆرەی خۆیان ویستویانە، ڕاپۆرتەکەیان بو چاپ و بڵاوکردنەوە ئامادە کردبی، بەتایبەتی بو شکاندنی شەخسییەتی قازییەکان کە بوبون بە ڕەمزی خەباتی رزگاریخوازی کورد

تێبینی: ئەم وێنەیە لە کتێبی ویلیام ئیگلتن وەرگیراوە

No comments: