Wednesday, March 30, 2011

بە بۆنەی ١٠-ی خاکەلێوە: ڕاگەیاندنی سەرلەشکر هومایوونی


ڕاگەیاندنی سەرلەشکر هومایوونی


ئەم بەڵگەیە یەکەمجار لە پەیام [ژمارە ٦ نەورۆزی ١٩٩٨] دا وەک بەڵگەیەکی گرینگی میژوویی بڵاو کراوەتەوە. بەڕێز کاک ئەنوەری سوڵتانی ئەو بەڵگەیەی داوە بە "پەیام" بێ ئەوەی بە دوای ئەوەوە بووبێ نێوی خۆی باس بکا. بەڕێزی ڕوونکردنەوەیەکی لە سەر نووسیوە و وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. لێرە دا ڕوونکردنەوە و وەرگێڕانەکە بەو جۆرەی لە "پەیام " دا بڵاو بووەتەوە دەخوێننەوە.

ژمارە ٦ نەورۆز ١٩٩٨ پەیام بنکەی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی ڕەسەن

بەڵگەیەکی مێژوویی

ئەوەی لێرە دا دەکەوێتە بەرچاوی خوێنەر، وەرگێڕاوی ڕاگەیاندنێکی سوپای ئێرانییە لە مەڕ ئیعدامی پێشەوا قازی و هاوڕێیانی. ڕاگەیاندنەکە، لە سەعات ٨ی بەیانی ڕۆژی ٣٠-٣- ١٩٤٧ واتە چەند سەعاتێک دوای بەڕێوەچوونی حوکمی ئیعدامی پێشەوا و سەیف و سەدری قازی لە لایەن ستادی هێزی [دەوڵەتی ئێران] لە کوردستانە و لە شاری ورمێ دەرچووە و دوای ٥٠ ساڵ نوسخەیەکی فۆتۆکۆپی کراوی لە لایەن کاک " آ.ش" ەوە بە دیاری نێردراوە بۆ ئێمە.
بۆچوون و هەڵوێستی پیاوکوژانی سوپای ئێرانی لە مەر ئەو سێ قارەمانە و ، سووکایەتیکردنیان بە داخوازی و مافی ڕەوای گەلەکەمان، شتێکی چاوەروانکراوە. ئەوانەی کە حوکمی ئیعدامی گەورە پیاوانی کورد بەڕێوە دەبەن، ئاشکرایە هەوڵی کوشتنی (کەسایەتی) شیان دەدەن و گاڵتە بە داخوازییەکانی گەلیش دەکەن. ئێمە ڕاگەیاندنەکە وەک بەڵگەیەکی مێژوویی سەیر دەکەین و لە گەڵ سپاسی کاک آ.ش. وا لێرە دا بڵاوی دەکەینەوە. یادی هەر سێ شەهیدی گەلی کورد بە خێر بێت!


ستادی هێز[ی دەوڵەتی ئێران] لە ڕەزائییە [ورمی]
روکنی دووهەم ژمارە ١٩١٢٥
بەرواری ١٠ – ١ – ٢٦ [ ٣٠ – ١٠ – ١٩٤٧ ]
سەعات ٨ [ی بەیانی ]
نیشانەی شێر و هەتاوی سوور

ڕاگەیاندن

لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٢٠ دا [١٩٤١ی زایینی]. محەمەدی قازی، ئەبولقاسمی سەدری قازی [و] محەمەدحوسێنی سەیفی قازی لە مەهاباد، دەستیان دایە زنجیرەیەک هەڵخلاندن و چالاکی دژ بە ئاسایش و هێمنایەتی ناوچە و بەرە بەرە،کاری پیاوکوژانەی خۆیان پەرە پێ دا، کە بوو بە هۆی هەندێ ڕووداوی جێگەی داخ – وەک هێرش کردنە سەر شارەوانی* مەهاباد و کوشتنی پێنج پاسەوان، تاڵان کردنی شارەوانی و لە ناو بردنی بەڵگە و دەستاوێژی پیاوکوژییەکانی خۆیان، کوشتنی "مەحموودیان' تاجری مەهابادی و " قازی زادە"ی سەرۆکی [دائیرەی] ئامار، کە هەموویان بوونە قوربانی خواست و زێدەخوازی ئەوان، هەر وەها تاڵانی گوندەکان و ڕووداوی دیکەی ناوچەکە.
محەمەدی قازی بە هاوکاریی برای خۆی، سەدری قازی کە (بە ڕواڵەت نوێنەری [خەڵکی] مەهاباد [ لە مەجلیسی شووڕای میللی ئێران]، بەڵام لە ئەسڵدا، ماک و بەڕێوەبەری سەرەکی نەقشەی گڵاوی دابەش کردنی بەشێک لە ئێران بوو )، هەر وەها سەیفی قازی بۆ بەڕێوەبردنی ئامانجی ناپیرۆز و گڵاوی خۆیان هەموو سەرۆکانی ئیداراتی دەوڵەتییان لە مەهاباد وەدەر نا و لە ڕۆژی [٢٤ی ئازەری [ساڵی] ١٣٢٤ [ ١٥ ی دێسامبری ١٩٤٥] ** دا ئاڵای سێ ڕەنگی شێرو هەتاوی ئێرانیان لە سەر بینا دەوڵەتییەکان هێنایە خوارەوە و ئاڵایەکیان بە ناوی ئاڵای کوردستان هەڵکرد.
محەمەدی قازی لە ڕۆژی دووهەمی [مانگی] بەهمەنی ١٣٢٤ [ ٢٢-ی جانیوەری ١٩٤٦] دا، خۆی بە سەرەک کۆماری کوردستان ناساند و تاقمێک خەڵکی خەیانەتکار و پێشینە خراپی بە ناوی وەزیری دەوڵەتی خودموختاری کوردستان لە سەر ئیش و کار دانا،کە هەموویان هاوکاری خۆی بوون. ئینجا بۆ بەربەرەکانی هێزی دەوڵەت، تاقمێکی چەکداری لە کۆمەڵانی خەڵکی مەهاباد و بارزانی پێک هێنا و ژمارەیەکی بەرچاوی چەک و تەقەمەنی بە نێو دانیشتوان و عەشیرەکاندا دابەش کرد و ڕەوانەی سەقز و سەردەشتی کردن.[ئەوەش] بوە هۆی زۆر ڕووداوی خوێناوی هەر چەندە هێزی [دەوڵەت لە] کوردستان، چەند جار داوای ئیتاعەتی لێ کردن هیچ سوودێکی نەبەخشی و هەر وەها بەڕێوەبەرانی بەڕێزی دەوڵەت لە تاران گەلێک هەوڵیان دا لەو بیرە نابەجێیە دووریان بخەنەوە، بەڵام کەلکی نەبوو و هەمان رێبازی خۆیان درێژە پێ دا. دانیشتوان[ی شار] و خەڵکی عەشیرەتیان هان دەدا بۆ ئەوەی بەربەرەکانی هێزەکان[ی دەوڵەت] بکەن و بە نووسینیش، فەرمانی هێرش بردنە سەر تاقمی سەربازانی [دەولەت]یان دەر دەکرد. بەڵام بەختەوەرانە، عەشیرەتەکان بە بیری گڵاوی ئەوانیان زانی و گوێیان نەدانێ، ئینجا تاقمی هێزە سەربازییەکان درێژەیان بە چوونە پێشی خۆیان دا و هەموو پیلانی خەیانەتکارانەیان دەست بەجێ بێ سوود مایەوە، لە ئاکامدا ئەم عونسورە خەیانەتکارانە دەست بە سەر کران و کەوتنە بەر پەنجەی دادگەریی، [ئینجا] دەوسییەیان نێررایە "دادگای عەسکەریی سەردەمی شەڕ" و هەر سێ کەسیان بە ئیعدام مەحکوم کران. دادگای پێداچوونەوە (تجدید نظر)، و هەر وەها ئەعلا حەزرەتی هومایونی شاهەنشا، [حوکمەکەیان] پەسند کرد و لە سەعات ٦ [ی بەیانی] ڕۆژی دەهەمی [مانگی] فەروەردین
[٣٠ مارچی ١٩٤٦]دا، حوکمەکە، بەڕیوە چوو.

فەرماندەی لەشکری چوارەم و هێزی [دەوڵەتی ئێران لە] کوردستان

سەرلەشکر هومایوونی

چاپخانەی شێر و خورشیدی ڕەزائییە [ورمێ]

تێبینی حەسەنی قازی: * وەرگێڕ " شهربانی" کە مەبەست ئیدارەی پۆلیسە بە " شارەوانی " وەرگێڕاوە. ئەگەڕچی ئەو مانایە دروستە، بەڵام لە زمانی کوردیی لە باشووری کوردستان " شارەوانی" بە مانای " شارەداری" لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان دا بەکار دەهێندرێ.** ئەو بەروارەی هومایوونی بۆ هەڵکرانی ئاڵای کوردستان باسی لێوە کردووە هەڵەیە. ٢٦ی ئازەر [سەرماوەز] ی ١٣٢٤/ ١٧ی دیسامبری ١٩٤٥ دروستە

No comments: