Sunday, February 10, 2008

ئێگۆئیزم و ڕوانگه‌ کوجا مه‌رحه‌با

Egoism
From Wikipedia, the free encyclopedia.
Egoism may refer to any of the following:
psychological egoism, the doctrine that holds that individuals are always motivated by self-interest
ethical egoism, the doctrine that holds that individuals ought to do what is in their self-interest
rational egoism, the belief that it is rational to act in one's self-interest
solipsism, (sometimes called egoism), the belief that only one's self exists, or that only the experiences of one's self can be verified
egotism, an excessive or exaggerated sense of self-importance


ویکیپێدیا، ئێنسیکلۆپێدیای ئازاد به‌م شێوه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ چه‌مکی ئێگۆیزم شی ده‌کاته‌وه‌:
*ئێگۆییزمی ده‌روونناسانه‌، ئه‌و دوکتورینه‌ی که‌ پێی وایه‌ تاکوته‌رایان هه‌میشه‌ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی دنه‌یان ده‌دا
* ئێگۆییزمی ڕه‌وشتانه‌، ئه‌و دوکتورینه‌ی پێی وایه‌ تاکوته‌رایان ده‌بێ ئه‌وه‌ی بکه‌ن وا له‌ به‌رژه‌وه‌ندییان دایه‌
* ئێگۆییزمی مه‌عقوولانه‌، ئه‌و باوه‌ری پێی وایه‌ جووڵانه‌وه‌ به‌ قازانجی خۆ مه‌عقووله‌.
* سۆلیپسیسم،(که‌ جار جار پێی ده‌گوترێ ئێگۆئیزم )،باوه‌ڕی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ر خۆ هه‌یه‌،یان ئه‌وه‌ی که‌ ته‌نێ ئه‌زموونه‌کانی خۆده‌کرێ به‌ ڕاست دابندرێن
* ئێگۆتیسم،هه‌ستێکی زیاد له‌ڕاده‌ یان گه‌وره‌ کراوه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ گرینگی خۆ

زۆرم هێناو برد و بیرم لێکرده‌وه‌ هیچکام له‌م پێناسانه‌ی سه‌ره‌وه‌
"ڕوانگه‌" وه‌به‌ر ناگرێ



Saturday, February 9, 2008

هه‌ڵ سه‌نگاندنی ماڵپه‌ڕی ڕوانگه‌




هه‌ڵ سه‌نگاندنی ماڵپه‌ڕی ڕوانگه‌:

ڕێزدار کاک حه‌سه‌نی قازی،

هه‌میشه‌ زۆر به‌ تاسه‌وه‌ سه‌رنجی ماڵپه‌ڕی ڕوانگه‌ ده‌دم.پێم وایه‌، ده‌توانێ
که‌لێنێکی زۆر زله‌،له‌ مێژوو و له‌ دۆزی کورد دا پڕبکاته‌وه‌، که‌ ئێستا به‌ستێنه‌که‌ی زۆر به‌ بووره‌یی ماوه‌ته‌وه‌ و باسێکی وای له‌ سه‌ر نه‌کراوه‌.

به‌ تایبه‌ت ئه‌م گۆشه‌یه‌ ده‌توانێ،به‌ وه‌بیرخستنه‌وه‌ی هاوکاری و په‌یوه‌نده‌ نزیکه‌کانی کۆماری دێمۆکڕاتیکی کوردستان و کۆماری ئازه‌ربایجانی ئێران،له‌ سڕینه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد و ئازه‌ری دا،که‌ ناحه‌زان به‌ فڕ وفێڵ خولقاندوویانه‌،
زۆر به‌ که‌لک بێ. به‌ڵام ئه‌م کاره‌ جوانه‌ ده‌بێ زۆر به‌ پارێز و به‌ بێ هه‌ستی
"ئێگۆیزم" بکری.

ئه‌م شته‌ پێویسته‌، ده‌بوو زووتر بکرێ.به‌ڵام ئێستاش دره‌نگ نیه‌.ده‌ست خۆش.

برات __ ح.س. سۆران - 2707.11.20

هێندێک تێبینیی زمانی 23


ڕێزدار کاک حه‌سه‌ن،
بابه‌تی زمانناسانه‌ له‌ ڕوانگه‌ دا گه‌لێک باشن،ده‌ستتان خۆش بێت. تکاده‌که‌م باسێکی نوێ سه‌باره‌ت به‌ دوو پاشگری '-ئیسم' و '-ئیست' دابمه‌زرێنن و جگه‌ له‌ بۆچوونی خۆتان داوا له‌ خوێنه‌رانیش بکه‌ن بێنه‌ ناو باسکه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا به‌ڵکوو بتوانین 2 به‌رانبه‌ری کوردی ڕێک وپێک بۆ ئه‌و دوو پاشگره‌ گرینگه‌ بدۆزرێته‌وه‌ و له‌ده‌ست '-گه‌را' و ' – گه‌رایی' ڕزگارمان بێت که‌ زیاتر بۆ ماسی ناو ڕووبار ده‌بن تا مرۆڤی کورد!
ڕێزی زۆرم
ئه‌.سوڵتانی

هێندێک تێبینیی زمانی 23

بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی داوخوازی به‌ڕێز ئه‌نوه‌ری سوڵتانی، له‌ گه‌ڵ شیکردنه‌وه‌یه‌کی کورت ،ئه‌و نووسینه‌ی له‌ زنجیره‌ نووسینی "تێبینیی زمانی 5 " ڕوانگه‌" دا هاتبوو تازه‌ ده‌که‌مه‌وه‌.
به‌ڕێز سوڵتانی!
ئه‌من پێشتر سه‌باره‌ت به‌ نامۆ بوونی دوو پاشگری '-گه‌را' و 'گه‌رایی' له‌ زمانی نووسینی کوردی نێوه‌ڕاست دا نووسیومه‌ و ئه‌وه‌ له‌ خواره‌وه‌ دیسان نووسراوه‌که‌ هه‌ڵده‌کێشمه‌وه‌ سه‌رێ وبه‌رچاوتانی ده‌خه‌م.تا ئه‌و جێیه‌ی من ئاگادار بم و خوێندبێتمه‌وه، و له‌ بیرم بێ له‌ سه‌ره تای ساڵانی حه‌فتای سه‌ده‌ی ڕابردوو دا، لێژنه‌ی زمانی "کۆڕی زانیاری کورد" له‌ به‌غدا بۆ هاوتای پاشگری '-ئیسم'، 'ئیزم'، که‌ له‌ زۆربه‌ی زمانه‌ ئوڕووپاییه‌کاندا ده‌کار ده‌هێندرێ،پاشگری '- ایه‌تی' پێشنیار کردبوو. بۆوێنه‌ له‌ بری "مارکسیزم" ، "مارکسایه‌تی". دیاره‌ نووسه‌رانی کورد، به‌تایبه‌تی له‌ باشووری کوردستان زۆر گوێیان به‌و پێشنیاره‌ نه‌بزووت و تا ئێستاش نه‌بزووتووه‌ و "گه‌را دانانی" زمانی فارسییان له‌ زمانی کوردیدا به‌ هێند نه‌گرتووه‌.
بۆ پاشگری '- ئیست' که‌ به‌ '-گه‌را' گه‌رای داناوه‌، ئه‌من پێم وایه‌ پاشگری '-گر' یان '- خواز' ده‌توانێ هاوتایه‌کی باش بێ،هه‌رچه‌ند ده‌کرێ هێندێک وشه‌ی ئوڕووپایی که‌ له‌ناو+ پاشگر پێک هاتوون بۆ وێنه‌: "ناسیۆنال + ئیست" وه‌کوو خۆیان بگوێزرێنه‌وه‌ ناو زمانی نووسینی کوردی،هه‌رنه‌بێ ئه‌وه‌ له‌ " گه‌را" دانانمان!! ده‌پارێزێ.

" گه‌را" و " گه‌رایی" نا، " گر" و "گری" با!

له‌ نووسراوی کوردی دا زۆر بێژه‌ و زاراوه‌ی ڕووتی فارسی ده‌کار ده‌کرێ که‌ ئه‌و کاره‌ خواستنه‌وه‌یه‌کی نه‌پیویسته‌،چونکوو ده‌ره‌تانی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌پێی توانایی وگونجانی زمانی کوردی ئه‌و واتایانه‌ دابتاشرێن.
یه‌ک له‌وانه‌،‌ده‌کارهێنانی بنه‌ی چاوگی "گرائیدن"[گه‌رائیده‌ن]؛"گه‌را"ی فارسییه‌بۆ سازدانی ناو و "گه‌رایی" بۆسازدانی ناوی واتا.وه‌کوو:میللی گه‌را،میللی گه‌رایی،بۆنیادگه‌را، بونیادگه‌رایی و زۆر بێژه‌ی دیکه‌ی ئاوا.
وه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ دا باس کرا له‌ بنه‌ی چاوگی "گرائیدن" فارسی، "گه‌را" وشه‌ی لێکدراو ساز کراون وه‌کوو میللی گه‌را [ که‌سێک که‌ مه‌یل و مرخی میللی هه‌بێ]، بونیاد گه‌را، [که‌سێک که‌ بنچینه‌گر] بێ . هه‌رله‌وه‌ "گێرایێش" داتاشراوه‌ به‌ مانای مه‌یل و ته‌ما و وه‌کوو هاوتایه‌ک بۆده‌ربڕینی واتای تێندێسی ئێنگلیسی یان تاندانسی فه‌رانسه‌یی.
ئه‌و نووسه‌رانه‌ی له‌ کوردی دا "گه‌را" و "گه‌رایی" به‌ واتا فارسییه‌که‌ی ده‌کار ده‌که‌ن له‌وه‌ ورد نه‌بوونه‌ته‌وه‌ که‌ "گه‌را" له‌ زمانی کوردی دا واتایه‌کی ته‌واو جیاوازی له‌ وشه‌ هاوشوباره‌که‌ی له‌ فارسی دا هه‌یه‌. چه‌ند قامووسی کوردی مانای "گه‌را" و لێ پێکهاته‌کانی ئه‌و وشه‌یه‌یان ئاوا لێکداوه‌ته‌وه‌:
1- هه‌مبانه‌ بۆرینه‌، هه‌ژاری موکریانی: گه‌را: 1) تۆمی وردی هێشتا نه‌گووراوی بێ بزاوی جانه‌وه‌ران؛ 2) به‌رز و ئه‌ستوور،بۆ زگی په‌نه‌ماوی ئێژن؛ 3) ڕاوکه‌ی مریشک.
گه‌را خستن: تۆم داخستنی جانه‌وه‌ران
گه‌رادان :1) جێگه‌ی گه‌راتێکردن؛ 2) جێگه‌ی خا له‌ زکی که‌ڕگی دا
گه‌را دانان: گه‌راخستن

2- کوردستان ، گیوی موکریانی: گه‌را: تۆدان _ ی ماسی و بۆق و ئیدی _، ئه‌سپێ،ڕشک

3-فه‌رهه‌نگی کوردی –فارسی ، بۆره‌که‌یی: گه‌را : تخم ماهی ، گه‌راخستن: تخم گذاشتن ماهی ، گه‌رادان: تخم دان مرغ، گه‌رادانان: تخم گذاشتن ماهی و برخی از حشرات

4- خوه‌رهه‌ڵات ، که‌ریمی که‌ریمپوور: گه‌را :بێ قه‌ول و قه‌رار له‌ کوردیی ئیلامی دا

که‌وابوو به‌ پاڵپشتی ئه‌و قامووسانه‌ ده‌رده‌که‌وێ که‌ "گه‌را" ی کوردی و " گه‌را"ی فارسی مانایان له‌ یه‌ک نزیک نییه‌،

بۆ هاوتای کوردی "گه‌را" ی فارسی ، ده‌کرێ "گر"ی کوردی له‌ بنه‌ی چاوگی "گرتن" ده‌کاربهێنین و هه‌مان مانای پێ ده‌رببڕین و له‌جیات "میللی گه‌را" بنووسین "میللی گر"، له‌ جیات "میللی گه‌رایی"، " میللی گری" ، له‌ جیات "بونیادگه‌را" "بنچینه‌گر" و له‌ جیات "بونیادگه‌رایی" "بنچینه‌گری" و له‌ خوت و خۆرایی له‌ زمانی به‌شه‌براوه‌ نه‌خوازینه‌وه‌.

Friday, February 8, 2008

پێڕستی به‌ڵگه‌کان

پێڕستی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له‌ ئاڕشیڤی ڕه‌حیمی قازی وه‌رگیراون و تاکوو ئێستا له‌ ڕوانگه‌دا بڵاو کراونه‌ته‌وه‌:

1.به‌ڵگه‌ی ژماره‌ 1، حوکم به‌ ئیمزای محه‌مه‌دی نانه‌وازاده‌ " له‌ طرف وه‌زیر[ی] هێز[ی] جه‌مهوریه‌ت [ی] کوردستان" بۆ ڕه‌حیمی سه‌یفی قازی. 25.1.27

[1946.04.16]

2. به‌ڵگه‌ی ژماره‌2، داوخوازی سه‌ید عه‌زیزی شه‌مزینی بۆ وه‌رگیران له‌ به‌شی زانستی سیاسی به‌ زمانی ترکی ئازه‌ربایجانی [ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ تاریخی پێوه‌ نییه‌،وێده‌چێ له‌ کۆتایی چله‌کان و به‌رایی ساڵانی په‌نجاکان نووسرابێ].

3. به‌ڵگه‌ی ژماره‌ 3،نامه‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی بۆ ڕه‌حیمی قازی به‌ ده‌ستخه‌تی خۆی

1955.02.13

4.به‌ڵگه‌ی ژماره‌ 4، نامه‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی بۆ ڕه‌حیمی قازی به‌ ده‌ستخه‌تی خۆی

1955.02.25

5. به‌ڵگه‌ی ژماره‌ 5، نامه‌ی مسته‌فای سه‌ڵماسی بۆ ڕه‌حمانی گه‌رمیانی و حه‌سه‌نی حیسامی [ ئه‌و نامه‌یه‌ تاریخی پێوه‌ نییه‌، به‌ڵام به‌ ناواخنی ڕا ده‌رده‌که‌وێ ساڵی 1955 یان 1957 نووسراوه‌]

6. به‌ڵگه‌ی ژماره‌ 6، نامه‌ی ڕه‌حیمی قازی بۆ مه‌لا مسته‌فای بارزانی به‌ ده‌ستخه‌تی خۆی

1957.03.07

7. به‌ڵگه‌ی ژماره‌ 7،وڵامی مه‌لا مسته‌فای بارزانی بۆ ڕه‌حیمی قازی به‌ ده‌ستخه‌تی خۆی

1957.07.17

8.به‌ڵگه‌ی ژماره‌ 8، نامه‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی بۆ ڕه‌حیمی قازی به‌ ده‌ستخه‌تی خۆی

1957.05.31

9.به‌ڵگه‌ی ژماره‌ 9، ڕه‌شنووسی نامه‌ی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ڕۆژنامه‌ی کوردستان بۆ مه‌لامسته‌فای بارزانی به‌ ده‌ستخه‌تی عه‌لی گه‌لاوێژ

1958.05.15


به‌ڵگه‌ی ژماره‌ 9، نامه‌ی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی کوردستان بۆ مه‌لا مسته‌فای بارزانی به‌ ده‌ستخه‌تی عه‌لی گه‌لاوێژ



به‌ڵگه‌ی ژماره‌ 9 ڕه‌شنووسی نامه‌ی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ڕۆژنامه‌ی " کوردستان" ( ئۆرگانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان) بۆ مه‌لا مسته‌فای بارزانی به‌ ده‌ستخه‌تی عه‌لی گه‌لاوێژ

هاوالی به‌رز و خوشه‌ویست مه‌لا مصطفی بارزانی


ایمه‌ ---- ده‌سته‌ی نوسه‌رانی روژنامه‌ی " کوردستان" ( اورگانی حزبی دیموکراتی کوردستان) به‌ حرمت و صمیمیتیکی بی انتهاوه‌ بو ایوه‌ سلاو ده‌نیرین و له‌ قولایی دله‌وه‌ به‌ آوات ده‌خووازین که‌ ایوه‌ همیشه‌ سلامت ، موفق و سه‌رکه‌تو بن.
بعضه‌ فکریک که‌ له‌ نقطه‌ نظری مسئولیتی حزبی و نه‌ته‌واتیه‌وه‌ ماوییکی دریژه‌ ایمه‌ی به‌ خویه‌وه‌ خه‌ریک کردووه‌ مجبووری کردین که‌ به‌ وسیله‌ی ئه‌و کاغذه‌ به‌ ایوه‌ مراجعه‌ بکه‌ین و عقیده‌ی خومان له‌ مه‌ر بعضه‌ مه‌به‌ستیکی مبارزه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد و وظیفه‌ی ایمه‌ به‌ ایوه‌ رابگه‌ینیین. بو حلی ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ به‌ ایوه‌ مصلحت بکه‌ین و له‌ ایوه‌ یارمه‌تی بخووازین.
اساس مراجعه‌ کردنمان به‌ ایوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ایمه‌ جنابتان به‌ پیاویکی صادق و مبارزی کوردستان ده‌زانین که‌ له‌ ریگای رزگاری نه‌ته‌وه‌ی کورد دا فداکاری ییکی زورتان کردووه‌. دلنیاین که‌ ئه‌وروکه‌ش ئه‌وه‌ی به‌ مصلحتی نه‌ته‌وه‌ی کورد بیت ایوه‌ قبولی ده‌که‌ن. ایوه‌ اندامی حکومتی نه‌ته‌وایه‌تی کوردستان ، ژنرالی اوردوی نه‌ته‌وایه‌تی کوردستان ، عضوی حزبی دیموکراتی کوردستان، اندامی کومیته‌ی ناوه‌ندی و صدری کومیته‌ی ناوه‌ندی حزبی دیموکراتی کوردستان بون و گه‌لیک له‌ به‌سه‌رهاته‌ به‌دیمه‌نه‌کانی میژوی ئه‌وروکه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌ نیوی عشیرتی قاره‌مانی بارزان و به‌ نیوی شخصی ایوه‌ مربوطه‌. عشیرتی بارزان ییکیک له‌ مبارزترین ده‌سته‌کانی به‌ربه‌ره‌کانی رزگاری نه‌ته‌وه‌ی کورد و گه‌لیک له‌ غلبه‌کانی حکومتی نه‌ته‌وایه‌تی کوردستان نتیجه‌ی پیاوه‌تی و رشادتی عشیرتی بارزان و افسرانی رشیدی کوردی عراقی بووه‌. ته‌واوی ئه‌وانه‌ ئه‌و فکره‌ی له‌ دلی ایمه‌ دا به‌ وجود هینا که‌ به‌ ایوه‌ مراجعه‌ بکه‌ین و قسه‌ی دلی خومان به‌ ایوه‌ رابگه‌ینیین.
ایمه‌ مدتیک بو له‌ سه‌ر ئه‌و فکره‌ بوین که‌ هه‌مومان پیکه‌وه‌ ویا چه‌ند نفریکمان بینه‌ خزمه‌ت جنابتان و به‌ طرزی شفاهی مه‌به‌سته‌کان به‌ عرضی ایوه‌ بگه‌ینیین. به‌لام متاسفانه‌ وضعی کار و خویندنی هاوالان اجازه‌ی نه‌دا و جاری نه‌مان تووانی به‌ خزمه‌ت بگه‌ین. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ وامان به‌ لازم زانی که‌ جاری به‌ وسیله‌ی ئه‌و کاغذه‌ به‌ کورتی فکری خومان به‌ ایوه‌ عرض بکه‌ین و له‌و جهته‌وه‌ استقامتی فکری وه‌ربگرین [ تێبینی
بڵاوکه‌ره‌وه‌: ڕسته‌ی " له‌ جنابتان استقامتی فکری وه‌ربگرین." خه‌تی به‌ سه‌ر دا کێشراوه‌ و به‌ خه‌تی ڕه‌حیمی قازی له‌ جیاتیان نووسراوه‌ " فکری ایوه‌ بزانین" ] اگر ایوه‌ به‌ مصلحت بزانن له‌ پاشان ایمه‌ هه‌مومان و یا چه‌ند هاوالیک که‌ امکانیان ببی دینه‌ لای ایوه‌ و به‌ تفصیل مه‌به‌سته‌کان شرح ده‌ده‌ن. یا اگر ایوه‌ میلتان لی بی و بو ایره‌ تشریف بهینن ایمه‌ له‌ دله‌وه‌ شاد ده‌بین و پیلاوتان له‌ سه‌ر چاو داده‌نین [ تێبینی بلاوکه‌ره‌وه‌: ڕسته‌ی " پیلاوتان له‌ سه‌ر چاو داده‌نین" خه‌تی به‌ سه‌ر دا کێشراوه‌ و دیاره‌ له‌و نامه‌یه‌ی دا که‌ نێردراوه‌ ده‌رهاوێژراوه‌]

هاوال و برای گه‌وره‌مان ! ایمه‌ راجع به‌ مبارزه‌ی پیاوانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد هیچ نالین. چونکه‌ بو ایوه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌دای عشیرتی قاره‌مانی بارزان دا همیشه‌ له‌ مرکزی ئه‌و مبارزه‌یه‌دا راوه‌ستاون شرحی مبارزه‌ی کوردان شتیکی زیادیه‌. نه‌ته‌وه‌ی کورد همیشه‌ به‌لونیکی پیاوانه‌ هه‌ولی داوه‌ که‌ ببی به‌ خاوه‌نی بی شریکی مالی خوی. ژیان و تجربه‌ نشانی ده‌دات که‌ تا نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ سه‌ر اساسی دیموکراتیک و اینترناسیونالیزم حاکمیتی سیاسی کوردستان نه‌گرێته‌ ده‌ست خوی میلیونها زحمت کیشی کورد له‌ بی به‌شی و هه‌ژاری رزگاری نابیت و ده‌رگای رزگاری و به‌خته‌وه‌ری به‌ روی کومه‌لانی مه‌زنی کوردستاندا آواله‌ نابیته‌وه‌. بو وه‌ده‌ست هینانی حاکمیتی سیاسی ده‌بی مبارزه‌ بکریت و بو ئه‌وه‌ی مبارزه‌ سه‌رکه‌وتو بیت ده‌بی تشکیلاتیکی انقلابی سیاسی رهبری ئه‌و مبارزه‌ بکات. چونکه‌ مبارزه‌ی سیاسی بی تشکیلاتی سیاسی و بی رهبری متشکل و ایدیولوژی انقلابی هیچ کاتیک به‌ نتیجه‌ ناگات. ئه‌وه‌ الفبای مارکسیزم _ لینینیزمه‌.
جیا له‌ حزبی انترناسیونالیستی نه‌ته‌وه‌ی کورد هیچ تشکیلاتیکی دیکه‌ ناتوانیت به‌ لونی پیویست مبارزه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد تشکیل بدات. ایستا له‌ کوردستاندا حزبی دیموکراتی کوردستان و چه‌ند تشکیلاتی سیاسی دیکه‌ موجودن که‌ به‌ مبارزه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد ریگا نشان ده‌ده‌ن. ایمه‌ که‌ باسی ضروری بونی تشکیلاتی سیاسی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌که‌ین ابدا منظورمان ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ له‌ کوردستاندا حزبێکی نوی به‌ نیویکی نوی دروست بکریت. منظوری ایمه‌ شتیکی دیکه‌یه‌ که‌ ئه‌وا له‌ خوواره‌وه‌ به‌ عرضی ایوه‌ ده‌گه‌یه‌ندریت:

مهاجرینی سیاسی کورد ( عراقی و ایرانی ) [ تێبینی بڵاو که‌ره‌وه‌ ئه‌م ڕسته‌یه‌ " ( عراقی و ایرانی)"
خه‌تی به‌ سه‌ر دا کێشراوه‌] که‌ ایستا لیره‌ ده‌ژین له‌ تاشکه‌ند، مه‌سکه‌و، باکو و جیگاکانی دیکه‌ هه‌رچه‌ند ژماره‌یان نسبتا که‌مه‌، به‌لام امکانات و کیفیتی ایمه‌ به‌ جوریکه‌ که‌ ده‌تووانین به‌ مبارزه‌ی تشکیلاته‌ سیاسیه‌کانی کوردستان که‌ ایستا له‌ نهینی دا کار ده‌که‌ن یارمه‌تی ییکی زور گه‌وره‌ بکه‌ین. ایمه‌ کادرمان هه‌یه‌ ، روژنامه‌مان هه‌یه‌، تجربه‌ی تشکیلاتی مان هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی که‌ بو ییک تشکیلاتی حزبی سیاسی انقلابی پیویسته‌ هه‌موی موجوده‌. به‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ کافیه‌ که‌ ئه‌وانه‌ پیکه‌وه‌ ییک خرین، متشکل بکرین و له‌مه‌ولا به‌ شکلی تشکیلاتیکی واحد مبارزه‌ییکی خومان به‌ریوه‌ ببه‌ن. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ایمه‌ پیشنهاد ده‌که‌ین که‌ مهاجرینی سیاسی کورد ( به‌ر له‌ عراقی و ایرانی) [ تێبینی بڵاوکه‌ره‌وه‌ ڕسته‌ی : " ( به‌ر له‌ عراقی و ایرانی)" خه‌تی به‌ سه‌ر دا کێشراوه‌ و له‌ بری وی نووسراوه‌] ( ئه‌وانه‌ی له‌ تاشکه‌ند، مه‌سکه‌و و باکو و غیره‌ ده‌ژین) تشکیلاتی سیاسی حزبی مستقلی خویان ساز که‌ن .
جیا له‌ ته‌واوی ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ کوترا اصلا وضعی ژوره‌وه‌ی ئه‌وروکه‌ی ایمه‌ غیری عادیه‌ [ تێبینی بڵاوکه‌ره‌وه‌: " غیری عادی" خه‌تی به‌ سه‌ر دا هاتووه‌ و له‌ جیاتیان نووسراوه‌" باش نیه‌" ] و ده‌بێ اصلاح [ تێبینی بڵاوکه‌ره‌وه‌ : وشه‌ی "اصلاح" خه‌تی به‌ سه‌ر دا کێشراوه‌ و له‌ جیاتیان نووسراوه‌ " چاک" ]
بکریت. له‌ نیوان ایمه‌ دا علاقه‌ی تشکیلاتی وجودی نیه‌ و حتی مناسباتی شخصی نیوانی هیندیک له‌ هاوالان غیری قابلی تحمله‌ [ تێبینی بڵاوکه‌ره‌وه‌: ڕسته‌ی " غیری قابلی تحمله‌" خه‌تی به‌ سه‌ر دا کێشراوه‌ و له‌ جیاتیان نووسراوه‌ " زور خراپه‌"] ادامه‌ی ئه‌و وضعه‌ ضرریکی زور گه‌وره‌ به‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌گه‌یینی. وظیفه‌ی ته‌واوی ایمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌و وضعه‌ ناریکه‌ خاتمه‌ [ تێبینی بڵاوکه‌ره‌وه‌ وشه‌ی "خاتمه‌" خه‌تی به‌ سه‌ر دا کێشراوه‌ و له‌ جیاتیان نووسراوه‌ " دووایی" ] بده‌ین. هه‌م له‌ جهتی تشکیلاتی و هه‌م له‌ نقطه‌نظری مناسباتی شخصییه‌وه‌ خومان له‌ هه‌مو جوره‌ ناکوکی و جیایی ییک رزگار که‌ین. به‌ عقیده‌ی ایمه‌ ده‌بی لیره‌ تشکیلاتی سیاسی کوردان رسما موجود بیت ، به‌ نیوی نه‌ته‌وه‌ی کورد رسما خبات بکات و نوینه‌ری رسمی نه‌ته‌وه‌ی کورد بیت. نه‌بونی تشکیلاتیکی رسمی به‌وجوره‌ بو مبارزه‌ی [ تێبینی بڵاوکه‌ره‌وه‌: وشه‌ی
" مباره‌زه‌ی" خه‌تی به‌ سه‌ر دا کێشراوه‌] ئه‌ورو و ژیانی [ تێبینی بڵاوکه‌ره‌وه‌ وشه‌ی " ژیانی" خه‌تی به‌ سه‌ر دا کێشراوه‌] پاشه‌روژی نه‌ته‌وه‌ی کورد ضرریکی زور گه‌وره‌ی هه‌یه‌.
ساز بونی ئه‌و تشکیلاته‌ش به‌ر له‌ هه‌مو شتیک به‌سته‌ به‌ موافقت و یارمه‌تی ایوه‌یه‌. البته‌، یارمه‌تی و مصلحتی برایانه‌ی حزبی کومونیستی ییکه‌تی سویتیش واجب و پیویسته‌.
له‌و نوسراوه‌یه‌ دا امکانی ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ فکری خومان به‌ تفصیل شرح بده‌ین. گه‌لیک مه‌به‌ستی دیکه‌ش بون که‌ اگر ایوه‌ به‌ پیویست بزانن کاتی ملاقات به‌ وردی شرح ده‌دریت.
هاوالی خوشه‌ویست! ایمه‌ دلنیاین که‌ ایوه‌ ئه‌و نوسراوه‌یه‌ به‌ دقت ده‌خویننه‌وه‌ بو خاطری قازانجی
[ تێبینی بڵاوکه‌ره‌وه‌: " قازانجی" خه‌تی به‌ سه‌ر دا کێشراوه‌ و له‌ جیاتیان نووسراوه‌ " رزگاری"] نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ هیچ جوره‌ یارمه‌تی ییک دریغی ناکه‌ن. به‌ بی صبریه‌وه‌ چاوه‌ریی ئه‌وه‌ین که‌ جنابتان نظری خوتان له‌ ایمه‌ معلوم که‌ن.
له‌ آخر دا دوباره‌ سلاوی گه‌رم و گوری کورده‌واری به‌ ایوه‌ پیشکیش ده‌که‌ین و هه‌ویادارین که‌ همیشه‌ سلامت و سه‌رکه‌وتو بن. داوخووازی ده‌که‌ین له‌ قولی ایمه‌وه‌ سلاوی برایانه‌ به‌ ته‌واوی دوستان و هاوالان بگه‌ینن.

ایتر هه‌ر سلامت بن ! ده‌سته‌ی نوسه‌رانی روژنامه‌ی "کوردستان"
اورگانی حزبی دیموکراتی کوردستان

1) رحمن گه‌رمیانی
2) رحیم قاضی
3) عبدالله‌ رزم آور
4) علی گه‌لاویژ
5) قادر محمود زاده‌
ئه‌و لیسته‌ی سه‌ره‌وه‌ خه‌تی به‌ سه‌ر دا کێشراوه‌ و جارێکی دیکه‌ ناوه‌کان ، ئه‌و جار به‌ خه‌تی ڕه‌حیمی قازی ئاوا نووسراون:
1) عبدالله‌ رزم آور
2) رحیم قاضی
3) قادر محمودزاده‌
4) سلطان اوطمیشی
5) علی گلاویژ

15 ی مای 1958
(باکو)

تێبینی : هه‌ر وه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ دا باس کرا، ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌ ڕه‌شنووسی نامه‌ی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی کوردستان ه‌ که‌ له‌ نێو خۆیاندا قسه‌یان لێوه‌ کردووه‌ و ئاڵوگۆڕیان تێدا پێک هێناوه‌. ڕه‌حیمی قازی له‌ پشته‌وه‌ی دوایین لاپه‌ڕه‌ دا نووسیویه‌: " قادر : عراقی و ایرانی ده‌رهاوین
ئه‌و کوردانه‌ی که‌" ده‌بێ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بێ که‌ یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی نووسه‌ران واته‌ قادری مه‌حموودزاده‌ پێشنیاری کردووه‌ دوو وشه‌ی "ایرانی و عراقی" ده‌ربهاوێژرێ و له‌ جیاتیان بنووسرێ "ئه‌و کوردانه‌ی که‌".
ئه‌و سه‌نه‌ده‌ گرینگییه‌کی مێژوویی زۆری هه‌یه‌ و ده‌بێ زیاتر شیته‌ڵ بکرێته‌وه‌.

Copy Right: http://www.ruwange.blogspot.com

Thursday, February 7, 2008

له‌ مه‌ڕ وێنه‌ی خوێندکارانی کورد له‌ مه‌دره‌سه‌ی نیزامی



له‌ مه‌ڕ وێنه‌ی خوێندکارانی کورد له‌ مه‌دره‌سه‌ی نیزامی باکۆ
دوای بڵاو کردنه‌وه‌ی وێنه‌ی خوێندکارانی کورد له‌ مه‌دره‌سه‌ی نیزامی باکۆ،که‌ له‌ سه‌ر ده‌می "ده‌وڵه‌تی جمهوورییه‌تی کوردستان"دا بۆ په‌روه‌رده‌ی نیزامی ناردرانه‌ وێنده‌رێ، به‌ خۆشییه‌وه زانیاری تازه‌ی زۆر به‌که‌لک به‌ ده‌ست ڕوانگه‌ گه‌یشتووه‌ که‌ به‌ زوویی جارێکی دیکه‌ له‌گه‌ڵ وێنه‌که‌ بڵاوی ده‌که‌مه‌وه‌‌.
زۆر له‌ وێنه‌که‌ خورد بوومه‌وه‌ و زۆرم هێنا و برد، ڕه‌حیمی سه‌یفی قازی [ڕه‌حیمی قازی]م له وێنه‌ به‌ کۆمه‌ڵه که‌‌ دا بۆ نه‌ناسراوه‌.ده‌کرێ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بڵێم ئه‌و له‌ کاتی هه‌ڵگرتنی وێنه‌که‌ له‌وێ ئاماده‌ نه‌بووه‌.به‌ڵام وێنه‌یه‌کی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ که‌ ئی ئه‌و سه‌روبه‌ندییه‌ وئه‌واله‌ سه‌ره‌وه‌ دا ده‌یبینن.

بابه‌تی زمانناسانه‌، مێژووناسانه‌ و کۆمه‌ڵناسانه‌


وه‌ک له‌م نووسینه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌بینن ، به‌ڕێز زانیار بۆچوونی زۆر وه‌ستایانه‌ی له‌ مه‌ڕ بابه‌تی زمانناسانه‌ هه‌یه‌. بۆ سه‌لماندنی پێشنیاری زانستییانه‌ی به‌ڕێزیان سه‌رباسی ڕوانگه‌ ڕاست ده‌که‌مه‌وه‌ و له‌ دڵه‌وه‌ سپاسی تێبینییه‌ به‌ جێیه‌که‌ی ده‌که‌م
حه‌سه‌نی قازی

به‌ریز کاک حه‌سه‌ن،
سلاویکی گه‌رم و دوستانه‌ له‌ جه‌نابت و سوپاس بو ره‌خنه‌که‌ت و هیوادارم مانی نه‌بی!
ده‌مه‌وی لیره‌دا سه‌رنجی جه‌نابت بو بابه‌ته‌یکی ریزمانناسانه‌ رابکشیم که‌ پیوه‌ندیی راسته‌وخوی هه‌یه‌ به‌ ناونیشانی ویبلاگه‌که‌ی جه‌نابته‌وه‌. له‌م ویبلاگه‌دا نووسراه‌
"روانگه‌ ویبنووسیکه‌ بو لیکالا کردنه‌وه‌ی بابه‌تی زمانناسی، میژوویی و کومه‌لایه‌تی له‌مه‌ر کورد و کوردستان." ئه‌گه‌ر سه‌رنجیکی زیاتر بده‌ینه‌ ده‌سته‌واژه‌ی "بابه‌تی زمانناسی، میژوویی و کومه‌لایه‌تی"، بومان ده‌رده‌که‌وی که‌ هه‌ر سی وشه‌ی "زمانناسی"، میژوویی" و"کومه‌لایه‌تی" له‌ پیگه‌ی ئاوه‌لناودان بو ناوی "بابه‌ت". جه‌نابه‌ت له‌ من باشتر ده‌زانی که‌ وشه‌ی "زمانناسی" ناوه‌ و ئه‌گه‌ر بمانه‌وی له‌ کوردیدا ئاوه‌لناوی بو ساز بکه‌ین، ئه‌وا ده‌توانین که‌لک له‌ وشه‌ی زمانناسانه‌ وه‌ربگرین.
ئه‌گه‌ر هه‌ر دوو وشه‌ی "میژوویی" و "کومه‌لایه‌تی" ئاوه‌لناو بن، که‌واته‌ پیویسته‌ لیره‌د‌ا له‌جیاتی "زمانناسی" ئاوه‌لناوی زمانناسانه‌ به‌کار بهینین. بویه‌، ده‌لیم وشه‌ی "کومه‌لایه‌تی" ئاوه‌لناوه‌ چونکه‌ ده‌زانم جه‌نابت لیره‌دا به‌ پیچه‌وانه‌ی بوچوونه‌که‌ی ره‌حمه‌تی مه‌سعوود محه‌مه‌د وشه‌ی کومه‌لایه‌تی وه‌کوو ئاوه‌لناو ره‌چاو ده‌که‌ی (ره‌حمه‌تی مه‌سعوود محه‌مه‌د پیی وایه‌ کومه‌لایه‌تی، وه‌کوو مروڤایه‌تی و تاکایه‌تی و رابه‌رایه‌تی و هتد، ناوه‌ نه‌ک ئاوه‌لناو؛ به‌ هه‌ر حال ئه‌مه‌ بابه‌تیکی تره‌ و پیوه‌ندی به‌م باسه‌ی ئیستاوه‌ نییه.‌)
لیره‌دا پیویسته‌ ئاماژه‌ش بو ئه‌و خاله‌ بکه‌م که‌ ده‌کری جگه‌ له‌ پاشگری "انه‌" و "یانه‌" (وه‌ک زمانناسیانه‌) ئاوه‌لناویکی تریش بو ئه‌و وشه‌ و زاراوانه‌ دابنیین که‌ به "ناسی" یه‌وه‌ کوتایی‌یان پیدی وه‌ک ده‌رووننانسی، کومه‌لناسی، مروڤناسی و هتد. ئه‌م ئاوه‌لناوه‌ که‌ لیره‌دا باسی لیده‌که‌م به‌ پاشگه‌ی "یک" ه‌وه‌ ساز ده‌کری. ده‌زانم له‌وانه‌یه‌ جه‌نابت یان خوینه‌رانی تر لیره‌دا توزی تووشی سه‌رسوورمان بن؛ که‌واته‌ با زیاتر باسه‌که‌ روون بکه‌مه‌وه.‌
له‌و زمانانه‌ی ره‌گیان له‌ ناو زمانی لاتیندایه‌، وه‌ک فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی، پاشگری "یک" ئاوه‌لناوسازکه‌ره‌ وه‌ک ئایدیولوژیک یان رومانتیک که‌ ئاوه‌لناوی ئایدیولوژی و رومانسن. لیره‌دا له‌وانه‌یه‌ چه‌ند خوینه‌ریک خیرا تووشی واق ورمان بن و بلین باشه‌ یاساوریسای ریزمانناسانه‌ی ئه‌و زمانانه‌ پیوه‌ندییان به‌ زمانی کوردییه‌وه‌ چییه‌
کومه‌لی نووسه‌ر و وه‌رگیری فارس، وه‌ک داریووش ئاشووری و بابه‌ک ئه‌حمه‌دی، وای بو ده‌چن که‌ پاشگری "یک" له‌ زمانی فارسی میانه‌دا به‌کار هینراوه‌ و که‌واته‌ ئه‌وان هه‌ندی جار له‌ نووسراوه‌کانیاندا له ئاوه‌لناوی "زبانشناسیک" که‌لک وه‌رده‌گرن.
ماموستا مه‌سعوود محه‌مه‌د (به‌ بی ئاگاداربوون له‌ روانگه‌ی ئه‌و دوو نووسه‌ره‌ فارسه‌) له‌ زاراوه‌ناسی پیوانه‌دا پیی وایه‌ که‌ له‌ کوردیشدائه‌کری له‌ پاشگری "یک" بو سازکردنی ئاوه‌لناو سوود وه‌ربگرین. ئه‌و نموونه‌یه‌ش که‌ ده‌یهینیته‌وه‌ وشه‌ی "په‌لیک" ه‌ که‌ پیی وایه هه‌مان "په‌لکراو"ه‌ (په‌لیک ئه‌و چیوه‌ په‌لکراوه‌یه‌ که‌ مندالان له‌ یارییه‌کی کونی کورده‌واریدا به‌کاری ده‌هینن). که‌واته‌، ده‌رئه‌نجامی باسه‌که‌مان تا ئیره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ مه‌به‌ستی دانانی ئاوه‌لناو بو که‌مه‌له‌ ناویک وه‌ک زمانناسی و کومه‌لناسی ده‌توانری که‌لک له‌ 'زمانناسانه'‌، 'زمانناسیانه'‌ و زمانناسیک' و ' کومه‌لناسانه‌'، 'کومه‌لناسیانه‌' و 'کومه‌لناسی' و 'کومه‌لناسیک' وه‌ربگیردری.
هه‌رچه‌نده‌، ده‌بی ئه‌وه‌ش بلیم که‌ من و چه‌ند هاورییه‌کم سه‌ره‌تا وشه‌ی زمانناسه‌کی و کومه‌لناسه‌که‌ی-مان وه‌ک ئاوه‌لناو به‌کار دهینا و به‌لگه‌که‌شمان کو‌مه‌‌له‌ ئاوه‌لناویکی تر بوو وه‌ک ده‌شته‌کی و گونده‌کی و ده‌ره‌کی وهتد. (هه‌رچه‌نده‌ لیره‌شدا ره‌حمه‌تی مه‌سعوود محه‌مه‌د بیر و بوچوونی خوی هه‌یه‌) به‌لام با له‌مه‌ زیاتر دریژدادری نه‌که‌م.
به‌ کورتی، له‌ فارسیدا بو دروستکردنی ئاوه‌لناوی وشه‌یه‌کی وه‌ک 'جامعه‌شناسی' سی ریگامان له‌به‌ر ده‌ستدایه‌ که‌ ئه‌نجامه‌کانیان ده‌بنه‌: جامعه‌شناسانه‌، جامعه‌شناسیک و جامعه‌شناختی. له‌ کوردیشدا، چوار ریگه‌مان هه‌یه‌ له‌ ئه‌نجامه‌کانیان ده‌بنه‌: کومه‌لناسانه‌، کومه‌لناسیانه‌، کومه‌لناسیک و کومه‌لناسه‌کی. هه‌رچه‌نده‌ ریگایه‌کی پینجه‌میش هه‌یه‌ که‌ ئیدی تاقه‌تم نییه‌ باسی بکه‌م چونکه‌ قسه‌ و باسی زور هه‌لده‌گری.
ئیستا له‌ نووسینی کوردیدا به‌ شیوه‌یه‌کی گشتی له‌ کومه‌لناسانه‌ که‌لک وه‌رده‌گرین تا ئه‌و نموونه‌کانی تر. ئه‌م باسه‌م بویه‌ هینایه‌ گوری چوونکه‌ ئه‌مروکه‌ له‌ بووسینی زور که‌سدا ده‌بینم که‌، بو نموونه‌، جیاوازیی نیوان پیشه‌سازی و پیشه‌سازانه‌ ره‌چاو نه‌که‌ن. به‌و هیوایه‌ی جه‌نابت، که‌ ریزی زورم بوتان هه‌یه‌ و وه‌ک مروڤیکی چالاک و کاریگه‌ر و خه‌مخوری گه‌له‌که‌مان سه‌یرتان ده‌که‌م، جیاوازیی نیوان زمانناسی و زمانناسانه‌ ره‌چاو بکه‌ن، هه‌رچه‌ند ده‌زانم جه‌نابت پیشتر ‌ بیرت له‌ زوربه‌ی خاله‌کانی ناوه‌روکی ئه‌م یاداشته‌ کردوته‌وه‌‌، به‌لام له‌ نووسینی ده‌سته‌واژه‌ی "بابه‌تی زمانناسی، میژوویی و کومه‌لایه‌تی" دا‌ سه‌رنجی ئه‌وتوت نه‌داونه‌تی.
داوای لیبوردن ده‌که‌م کاتی جه‌نابتم گرت و هیوادارم به‌رده‌وام چاومان به‌ بابه‌ته‌ به‌پیزه‌کانت روون بیته‌وه‌.

زانیار

Tuesday, February 5, 2008

بۆ بیره‌وه‌ری سه‌ید ڕه‌سووڵی دێهقان


بۆ بیره‌وه‌ری سه‌ید ڕه‌سووڵی دێهقان
حه‌سه‌نی قازی

له‌ پاییزی ساڵی 1983 بۆ چه‌ند مانگێک له‌ ئوڕووپاوه‌ چوومه‌ بنکه‌ی سه‌رکردایه‌تی حدکا له‌ شینکایه‌تی و ئه‌وه‌ سه‌رده‌مێک بوو که‌ ئاماده‌یی به‌سترانی کۆنگره‌ی شه‌شه‌می حیزب ده‌کرا.پێش ئه‌وه‌ی بچمه‌وه‌ کوردستان نێو و نێوبانگی سه‌ید ڕه‌سووڵی بابی گه‌وره‌م زۆر بیستبوو، به‌ڵام به‌ گه‌وره‌یی قه‌ت له‌ نزیکه‌وه‌ نه‌مدیبوو.به‌ ئاسته‌م و دوو به‌ڵا وه‌بیرم دێ ‌ جارێک له‌ گه‌ڵ سه‌ید عه‌بدوڵای ئێسحاقی [ئه‌حمه‌د تۆفیق] له‌ سابڵاغی هاتنه‌ ماڵی ئێمه‌،به‌ڵام نا‌زانم هۆی ئه‌و سه‌ردانه‌چ بوو.
ئه‌و کاته‌ی ئه‌من چوومه‌ سه‌فه‌ره‌ و زه‌روون نه‌ک ته‌سه‌ورێکی واقیع بینانه‌، به‌ڵکوو هه‌ستێکی ئیحساسیم به‌رانبه‌ر به‌ خۆم و ده‌ور وبه‌ر هه‌بوو.به‌ کوردی و کورتییه‌که‌ی نه‌مده‌زانی به‌ کرده‌وه‌ ئاکاروهه‌ڵسوکه‌وتی"دێمۆکراتی" و " کوردانه‌" چۆن ڕه‌نگده‌داته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌م ده‌زانی که‌ قسه‌ و گوته‌ هه‌میشه‌ ده‌بێ به‌ پێوانی کرده‌وه‌ و کریار له‌ محه‌ک بدرێ.
ئه‌من له‌ سه‌روبه‌ندێک دا سه‌ید ڕه‌سووڵم دی، که‌ به‌رپرسیاره‌ تییه‌کی ئه‌وتۆی له‌ ڕێوه‌به‌ری حدکا دا نه‌مابوو،له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌لس و که‌وتی وه‌کوو ڕێبه‌ڕێک وابوو، ده‌مدی به‌ زمان و مه‌نتقی لادێی له‌ گه‌ڵ لادێییه‌ک و به‌ زمانێکی "شارستانیانه‌" له‌ گه‌ڵ یه‌کی "شارستانی" ده‌دوێ و له‌ قسه‌ و ئاکاریه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وت ناسیاوی له‌ گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌که‌ی زۆر قووڵتره‌ له‌وه‌ی که‌ پله‌ی "فه‌رمی" ڕه‌فتاری ئاڵوگۆڕ کا. هه‌ستی ده‌کرد هێندێک دڵمه‌ندم، به‌ڵام نه‌ک هه‌ر ئاگری ناڕه‌زایه‌تی و ڕه‌خنه‌ی منی نه‌ ده‌گه‌شانده‌وه‌ و "بڵێسه‌" که‌ی خۆشتر نه‌ده‌کرد، به‌ڵکوو حه‌ولی ده‌دا قووڵتر بیر بکه‌مه‌وه‌ و حه‌ول بده‌م ڕاستیه‌کان ئه‌وجۆره‌ی که‌ هه‌ن تێبگه‌م.
ڕۆژێک تۆپخانه‌ی ئێران به‌ خه‌ستی ناوچه‌که‌ی کاتیوشا باران ده‌کرد، سه‌ید ڕه‌سووڵم دی بێ ئه‌وه‌ی که‌مترین شڵه‌ژانێکی پێوه‌ دیار بێ، له‌ ده‌رگای هۆڵی کۆبوونه‌وه‌ که‌ له‌ به‌ر زرمه‌ی تۆپان دواخرابوو،هاته‌ ده‌رێ داوای کرد به‌ بناری دا هه‌ڵکشێین و خۆن په‌سار ده‌ین.
له‌سه‌ر بڵینداییه‌ک که‌ جه‌ماعه‌تێکی دیکه‌ به‌ره‌و حدکا سه‌نگه‌ریان لێ دابوو، که‌سمان نه‌دی، به‌ڵام دیار بوو ئه‌وانه‌ی له‌وێبوون خه‌ریکی کایه‌ی شه‌تره‌نج بوون و له‌ به‌ر زرمه‌ زرمی عه‌جه‌مان خۆیان نه‌دیو کردووه‌.سه‌ید ڕه‌سووڵ هه‌رای لێکردن کاکه‌ وه‌رنه‌وه‌ هیچ نییه‌، وه‌رن له‌ سه‌ر کایه‌ی شه‌تره‌نجه‌که‌تان به‌رده‌وام بن.پێشمه‌رگه‌کان هاتنه‌وه‌ جێی خۆیان و ده‌مدی که‌ مه‌تانه‌ت و قووڵوومه‌ندی سه‌ید ڕه‌سووڵ چه‌نده‌ی شوێن له‌ سه‌ر داناون ، هه‌رچه‌نده‌ش دۆستایه‌تییه‌کی ئه‌وتۆشیان له‌گه‌ڵ حدکا نه‌بوو.
جارێکێش به‌یه‌که‌وه‌ چووینه‌ بنکه‌ی " هێزێکی سه‌رانسه‌ری" و ده‌مدی ئاماده‌ بووانی کۆبوونه‌وه‌که‌ چه‌نده‌ ڕێزی لێده‌گرن. زۆرم وشه‌ و زاراوه‌ی ناوچه‌یی له‌ زمان سه‌ید ڕه‌سووڵه‌وه‌ نووسیوه‌ته‌وه‌،به‌داخه‌وه‌ ئێستا له‌به‌رده‌ستم دانین که‌ هێندێکیان بکه‌مه‌ تێهه‌ڵکێشی ئه‌م نووسینه‌.
ئه‌مساڵ دوای " بیست ساڵ بێده‌نگی" ئه‌و بۆنه‌یه‌ی له‌ سوێد به‌ڕێوه‌ چووه‌، ده‌سپێکێکی هێژایه‌ بۆ له‌ سه‌ر حه‌ق کردنه‌وه‌ و حه‌ولدان بۆ تیشک خستنه‌ سه‌ر ڕاستی.
سه‌ید ڕه‌سووڵێکی به‌وخه‌سڵه‌تانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ باسم کرد بۆ ئه‌وه‌نابێ و لێی ناوه‌شێته‌وه‌ که‌سێک بێ‌ ئاگای له‌ بێ حورمه‌تی کردن به‌ گڵکۆی مه‌لا مسته‌فای بارزانی بێ. بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ی تاوانی ده‌ستتێدابوون له‌جینایه‌تی تێڕۆڕی سه‌ید ڕه‌سووڵی دێهقان و دڵدانه‌وه‌ی که‌سو کاری ئه‌منیش ده‌نگم ده‌خه‌مه‌ پاڵ ئه‌و ده‌نگانه‌ی داوا له‌‌ سه‌رۆکایه‌تی پارتیی دێمۆکراتی کوردستانی عێراق ده‌که‌ن به‌ ڕه‌سمی ئه‌و تاوانه‌ له‌ سه‌ر خۆیان وه‌لاده‌ن و یارمه‌تی بکه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی بکه‌رانی ڕاسته‌ قینه‌ی کرده‌وه‌ی نگریسی سووکایه‌تی به‌ گڵکۆی بارزانی و قاتڵانی سه‌ید ڕه‌سووڵی دێهقان و بیانده‌نه‌ ده‌ست عه‌داڵه‌ت.
سه‌ید ڕه‌سووڵ زیندوو نابێته‌وه‌، به‌ڵام یادیشی کوێر نابیته‌وه‌.
http://www.ruzange.blogspot.com

وێنه‌ ده‌ڵێ بمناسنه‌وه‌ به‌شێکم له‌ مێژووی سیاسی ئێوه‌


نوسخه‌یه‌کی دیکه‌ له‌ وێنه‌ی خوێندکارانی کورد له‌ مه‌دره‌سه‌ی نیزامی باکۆ.
ئه‌م نوسخه‌یه‌ به‌ڕێزێک گه‌وره‌یی نواندووه‌ و بۆ ڕوانگه‌ی ناردووه،
وه‌ک ده‌رده‌که‌وێ
گه‌لێک له‌ نوسخه‌ی به‌رده‌ستی ئێمه‌ ڕووناکتره‌.
ریزی دوویه‌م له‌ ڕاسته‌وه‌بۆچه‌پ، نه‌فه‌ری یه‌که‌م : خه‌لیلی سه‌دیقی
ڕیزی دوایی له‌ ڕاسته‌وه‌ بۆ چه‌پ، نه‌فه‌ری ئاخر : غه‌نی بلووریان

وێنه‌ ده‌ڵێ بمناسنه‌وه‌، به‌شێکم له‌ مێژووی سیاسی ئێوه



وێنه‌ ده‌ڵێ بمناسنه‌وه‌، به‌شێکم له‌ مێژووی سیاسی ئێوه! ‌

سه‌باره‌ت به‌ کاروچالاکی ئه‌و خوێندکاره‌ کوردانه‌ی وا‌ له‌ سه‌رده‌می کۆماری کوردستان دا بۆ په‌روه‌رده‌ی نیزامی ناردرانه‌ ئازه‌ربایجانی شووره‌وی و دوای تێکچوونی کۆمار نه‌گه‌ڕانه‌وه،‌لێکۆڵینه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌و ئۆبژێکتیف نه‌کراوه‌.

ئه‌و چالاکییانه‌ له‌ سه‌رده‌مێکدا کاردانه‌وه‌ی خۆی هه‌بووه‌ له‌ سه‌ر پاراستنی وره‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک.له‌ هه‌لومه‌رجێکدا که‌ به‌ دوای ڕووخانی حوکمی خۆیی گه‌لانی کورد و ترکی ئازه‌ربایجان له‌ ئێران دا،ڕێژیمی شایشایانی بڕستی له‌ هه‌موو ده‌نگێگی مافخواز بڕیبوو و وه‌ک ده‌ڵێن " که‌س نه‌ی ده‌وێرا سه‌ری [سیڕی] دڵی هه‌ڵاوێ." به‌رنامه‌ کوردییه‌کانی "ڕادیۆ دزه‌" که‌ ڕه‌حیمی قازی و عه‌لی گه‌لاوێژ له‌ هه‌ڵسووڕێنه‌ره‌‌ سه‌ره‌کییه‌کانی بوون وه‌ک به‌شێک له‌و تێکۆشانه‌،یه‌ک له‌ئامرازه‌ کانی هه‌ستانه‌وه‌ و بووژانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی بوو له‌ هێندێک ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌و سه‌روبه‌ندی دا.

سه‌باره‌ت به‌ تێکۆشان و هه‌ڵسوورانی ئه‌و کوردانه‌ی به‌ دوای ڕووخانی کۆمار دا له‌ شووڕه‌وی مانه‌وه‌ و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌، حه‌ول ده‌ده‌م به‌ره‌ به‌ره‌ به‌ پاڵپشتی به‌ڵگه‌ و پرسیارکردن لێروله‌وێ هێندێک تیشک بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌.

ئه‌م وێنه‌یه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ دا ده‌یبینن و له‌ به‌ر خانووی مه‌دره‌سه‌ی نیزامی باکۆ کاتێک له‌ ساڵی 1946 و به‌رله‌ ڕووخانی کۆمار گیراوه‌،وێنه‌ی 48 له‌و خوێندکارانه‌ی تێدایه‌.سه‌رچاوه‌ی جیاواز ژماره‌ی خوێندکاره‌کانیان به‌ 55 تا 67 که‌س داناوه‌.زۆربه‌ی ئه‌و خوێندکارانه‌ هه‌ر به‌ بیستنی تێکچوونی بزووتنه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ کوردستان ویه‌ک له‌وان،غه‌نی بلووریان له‌ بێره‌ورییه‌کانی خۆی (ئاڵه‌کۆک) دا له‌ ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه‌ ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی باس کردووه‌.

به‌جێیه‌ به‌ یارمه‌تی ئه‌م وێنه‌یه‌ و به‌ پرس کردن له‌و که‌سانه‌ی ماون نێو و ژماره‌ی ته‌واوی خوێندکاره‌کان ساخ بکرێته‌وه‌.

ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌من له‌م وێنه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ دا بیانناسمه‌وه‌ ئه‌وانه‌ن: ڕیزی یه‌که‌م،دانیشتوو، له‌ ڕاسته‌وه‌ بۆ چه‌پ نه‌فه‌ری سێیه‌م که‌ریمی مه‌نسووری قازی (کۆچی دوایی کردووه‌)،ڕیزی دووم له‌ ڕاسته‌وه‌ بۆ چه‌پ نه‌فه‌ری چواره‌م ڕه‌حمانی قازی (ماوه‌)،ڕیزی چواره‌م، دانیشتوو، له‌ ڕاسته‌وه‌ بۆ چه‌پ، نه‌فه‌ری یه‌که‌م حوسێنی فه‌تاحی قازی ( کۆچی دوایی کردووه‌)،نه‌فه‌ری سێیه‌م سه‌ید عه‌زیزی شه‌مزینی ( کۆچی دوایی کردووه‌).

لیسته‌یه‌کی ناته‌واو له‌و خوێندکارانه‌ی له‌ سه‌ر ده‌می کۆماری کوردستان دا ناردرانه‌ ئازه‌ربایجانی شووه‌ره‌وی:

1. سوڵتانی وه‌ته‌میشی خه‌ڵکی سابڵا‌غ

2. سه‌ید که‌ریمی ئه‌یووبی خه‌ڵکی سابڵاغ

3. عه‌بدولڕه‌حمانی حه‌له‌وی خه‌ڵکی سابڵاغ

[ ئه‌و سێ که‌سه‌ بۆ خوێندنی ئاسایی ناردرا بوون]

4. سه‌ید عه‌زیزی شه‌مزینی خه‌ڵکی باتاس (باشووری کورستان)

5.عه‌لی گه‌لاوێژ خه‌ڵکی ساروقامیش [ی سه‌ر جه‌غه‌توو]

6.که‌ریمی مه‌نسووری قازی خه‌ڵکی ساروقامیشی [سه‌ر ته‌ته‌هوو]

7.فه‌تاحی قازی خه‌ڵکی حاجیابات

8.حه‌سه‌نی قازی خه‌ڵکی حاجیابات

9.غه‌نی بلووریان خه‌ڵکی سابڵاغ

10. حوسێنی فه‌تاحی قازی خه‌ڵکی قزڵجه‌

11.ڕه‌حمانی قازی خه‌ڵکی سابڵاغ

12.محه‌مه‌دی سه‌دیقی خه‌ڵکی سابڵاغ

13.ڕه‌حمانی گه‌رمیانی (حاجی با‌غر) خه‌ڵکی سابڵاغ

14.قادری ڕیحانی خه‌ڵکی سابڵاغ

15. مسته‌فای سه‌ڵماسی [ شه‌ڵماشی ] خه‌ڵکی سابڵاغ

16.محه‌مه‌دی ڕه‌ییانی خه‌ڵکی سابڵاغ

17.حه‌سه‌نی حیسامی خه‌ڵکی شێخاڵی

18.قادری مه‌حموود زاده‌ خه‌ڵکی سابڵاغ

20.حه‌بیبوڵای قاسملوو خه‌ڵکی ورمێ

21. ڕه‌حیمی سه‌یفی قازی خه‌ڵکی گوێگجه‌لی

22. خوسره‌وی زولفه‌قاری خه‌ڵکی محاڵی

ئه‌م که‌سانه‌ی خواره‌وه‌ش هه‌ر له‌و سه‌روبه‌ندی دا یان له‌ دوای تێکچوونی کۆمار چوونه‌ شووڕه‌وی

23. حامیدی خوسره‌وی خه‌ڵکی سابڵاغ [ له‌ گه‌ڵ بارزانییه‌کان چوو]

24.هاجه‌ری زه‌ندی [کچی عه‌زیز ئه‌ڵمانی]

25.عه‌بدوڵای ڕه‌زماوه‌ر خه‌ڵکی کرماشان

26.مرادی ڕه‌زماوه‌ر خه‌ڵکی کرماشان [ئه‌فسه‌ری فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان]

27. حه‌مه‌دی مه‌ولوود خه‌ڵکی سابڵاغ [ پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌ی کۆماری کوردستان]

ئه‌و خوێندکارانه‌ی له‌ شووڕه‌وی مانه‌وه‌

1.سوڵتانی وه‌ته‌میشی [ دوکتوری پژیشکی]

2.سه‌ید که‌ریمی ئه‌یووبی [ دوکتورای زمانناسی ]

3.سه‌ید عه‌زیزی شه‌مزینی [ دوکتورای زانستی سیاسی]

4.ڕه‌حمانی گه‌رمیانی [ دوکتوری پژیشکی]

5.حه‌سه‌نی حیسامی [ دوکتوری پژیشکی]

6. عه‌لی گه‌لاوێژ [ دوکتورای ئابووری]

7.ڕه‌حیمی قازی [سه‌یفی قازی]، [ دوکتورای مێژوو ]

8.مسته‌فای سه‌ڵماسی [شه‌ڵماشی]، [ دوکتوری پژیشکی ]

9.قادری مه‌حموود زاده‌ [ دوکتوری پژیشکی]، [ دوکتور مه‌حموود زاده‌ [ئاسۆ ] له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی خوێندکاره‌کان گه‌ڕاوه‌‌ سابڵاغێ، به‌ڵام دیسان له‌گه‌ڵ دۆستێکی خۆی به‌ به‌ نێوی ... فه‌رهادی چووه‌وه‌ شووڕه‌وی. دوکتور ئاسۆ به‌ر له‌وه‌ی کۆچی دوایی بکا به‌ دوور ودرێژی به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆی به‌ زمانی فارسی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌. و به‌داخه‌وه‌ هاوڕێیه‌که‌ی له‌ زیندانی شووڕه‌وی دا مردووه‌ و یان خۆی دوایی به‌ ژیانی هێناوه.

11. خوسره‌وی زولفه‌قاری [ دوکتوری پژیشکی]، ئه‌و دوای خوێندن گه‌ڕایه‌وه‌ وڵات، ماوه‌یه‌ک له‌ مه‌هاباد کاری کرد به‌لام، دواتر چووه‌ ئه‌مریکا.

12.عه‌بدوڵای ڕه‌زماوه‌ر

13.مرادی ڕه‌زماوه‌ر [ دوکتورای زانستی سیاسی]

14.ڕه‌عنای باقی حه‌سه‌نه‌ شه‌لی [ هاوسه‌ری قادری مه‌حموود زاده‌]،دواتر به‌ یارمه‌تی سه‌ید عه‌بدوڵای ئیسحاقی [ئه‌حمه‌د تۆفیق] به‌ ڕیگه‌ی عێراق دا له‌ گه‌ڵ منداڵ[ه‌کان]ی چووه‌ لای مه‌حموود زاده‌ له‌ باکۆ

15. حه‌مه‌دی مه‌ولوود [ باغه‌وان]

هیوا دارم ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌یان به‌رچاو ده‌که‌وێ به‌ پرس و ڕا له‌ گه‌ڵ که‌سانی به‌ ساڵداچوو و به‌ یارمه‌تی ئه‌و وێنه‌یه‌ی لێره‌دا ده‌یبینن، حه‌ول بده‌ن بۆ ساخکردنه‌وه‌ی نێوی گشت ئه‌و خوێندکارانه‌ی کۆماری کوردستان ناردنی بۆ شووڕه‌وی و ئه‌م نووسه‌ره‌ی لێ ئاگادار که‌نه‌وه‌ . ده‌بێ یادی هه‌مووشیان بکه‌ینه‌وه‌ که‌ به‌ داخه‌وه‌ ئێستا زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان له‌ ژیاندا نه‌ماون.

حه‌سه‌نی قازی

فێڤرییه‌ی 2008