Monday, March 29, 2010

١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی ڕۆژێکی ڕەشە لە مێژووی سیاسی کوردستان دا، بەڵام ئاڵای کۆماری کوردستان بە شەکاوەیی دەمێنێتەوە




ئاڵای کۆماری کوردستان بە شەکاوەیی دەمێنێتەوە

٦٣ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی (٣٠ی مارسی ١٩٤٧) پێشەوا قازی محەمەد رەئیس جمهووری کوردستان، محەمەد حوسێنی سەیفی قازی وەزیری هێزی دێمۆکڕاتی کوردستان و جێگری ڕەئیس جمهوور و ئەبولقاسمی سەدری قازی نوێنەری شاری مەهاباد لە خولی ١٤ی مەجلیسی شووڕای میللی و نوێنەری کوردستان بۆ وتووێژ لە گەڵ حکوومەتی ناوەندی، دوای "محاکەمە" یەکی فەرمایشی و داخراو بە فەرمانی محەمەدڕەزا شا و ستادی ئەڕتەش لە مەیدانی چوارچرا هەر ئەو شوێنەی کۆماری کوردستانی لێ ڕاگەیێندرا لە داری بێدادی دران.
لە وەبیرهێنانەوەی ئەم ڕۆژە ڕەشە دا لیستەیەکی شەهیدانی کۆماری کوردستان لە خوارەوە دەخوێننەوە. ئەوانیان کوشت بەڵام داوخوازی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە پێناو ماف و ناسێنەی خۆیان ناکووژرێ و ئەو ئاڵایەی قازیی محەمەد و شەهیدانی سوورخەڵاتی کۆمار هەڵیان کرد هەر بە شەکاوەیی دەمێنێتەوە.
لە ٢٥-٣-١٣٢٥ خۆشەوی خەلیل مزوری یەک لە پێشمەرگەکانی لکی بارزانیان لە شەڕێکی قارەمانە لە گەڵ ئەڕتەشی ئێران لە جەبهەی سەقز بریندار بوو و دوای چوار ڕۆژ لە نەخۆشخانەی شووڕەوی لە تەورێز گیانی پاکی خۆی لە پێناو پاراستنی کۆماری کوردستان دانا و دەکرێ وەک یەکەم شەهیدی کۆمار دابندرێ. هەر لەو سەروبەندە دا لە جەبهەی میرەدێ محەمەد ئاغای شقویف شەهید بوو. مانگێک دوای ئەوە لە شەوی ٢٥- ٤- ١٣٢٥ سەرپۆلی ٢ محەمەدی نانەوازدە معاونی سیاسی وەزیری هێزی دێمۆکڕاتی کوردستان کە بۆ وتووێژ لە گەڵ ئەفسەرانی ئەڕتەشی ئێران چووبووە جەبهەی سەقز، ئەو فڕۆکەی تێیدا بوو لە نێوان بانە – سەقز کەوتە خوارێ و بە شەهید بوونی نانەوازدە کۆمار یەک لە کادرە هەرە بەوەجەکانی خۆی لە کیس دا.
ماوەیەک بەر لە سێدارەدرانی قازییەکان، سەرلک عەلی شێرزاد فەرماندەی هێزی چڵی ٥ی ناوەندی لە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٢٥ (١٥ی فێڤرییەی ١٩٤٦) لە تەنیشت حەوزی بۆکان لە سێدراە درا. بەدوای ئەو دا لە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٢٥ی هەتاوی* لە سەقز ١١ کەس لە تێکۆشەرانی کۆماری کوردستان: ئەحمەدی فاروقی معاونی فەرماندەی هێزی بۆکان و مەنتەقە لە سەرا، عەبدوڵای مەتین (برای ئەحمەد خان)، محەمەدی دانیشوەر (برای ئەحمەد خان)، محەمەدی فەیزوڵابەگی، حەسەنی فەیزوڵابەگی، ئەحمەدی شەجیعی، عەلی فاتیح، ڕەسووڵی مەحموودی، عەلی جەوانمەردی، ئەمینی ئەسعەدی و سدیقی ئەسعەدی لە سەقز لە سێدارە دران. ٩ لەو تێکۆشەرانە سەر بە عەشیرەتی فەیزوڵابەگی و عەشیرەتی گەورکی سەقز بوون و دوویان لە شێخانی ئەسعەدی مەڵبەندی سەقز بوون. ئەحمەد خان و براکانی لە گەڵ پێشەوا و سەدری قازی و سەیفی قازی خاڵۆزا و پوورزان بوون. یەک لە "تاوانە" سەرەکییەکانی کە لە "دادگە" ی فەرمایشی دا وەپاڵ ئەحمەد خان و هاوڕێیانی درا، کووژرانی سەرتیپ مەحموودی ئەمین بوو کە چەند ساڵ بەر لەپێکهاتنی کۆمار لە شەر لە گەڵ هێزی حەمەڕەشید خانی قادر خانزادە دا کووژرابوو.
حەوتوویەک دوای لە سێدارە درانی پێشەوا، سەیفی قازی و سەدری قازی چوار ئەفسەری تێکۆشەری کۆمار:
سەربەرز حامیدی مازووچی سەرۆکی دێژبانیی ناوەندیی مەهاباد،ناودار محەمەدی نازمی یەک لە تێکۆشەرانی بەرایی کۆمەڵەی ژیانی کورد،ناودار عەبدوڵای ڕەوشەنفکر ( عەبدوڵای خدر حەیرانێ) و ناودار ڕەسووڵی نەغەدەیی کە لە تەورێز بەند کرابوون لە شەوی ١٧ی خاکە لێوەی ١٣٢٦ (٧ی ئاوریلی ١٩٤٧) بە نیوە شەو لە مەهاباد لە سێدارە دران. چەند مانگ دواتر لە ١٩- ٦- ١٩٤٧ چوار لە سەرکردە ( ئەفسەر) بەوەجەکانی کۆماری کوردستان لەوانە سەرپۆلی ٢ عێزەت عەبدولعەزیز، سەر پۆلی ٢ مستەفا خۆشناو، سەربەرز خەیڕوڵا عەبدولکەریم و سەربەرز محەمەد مەحموود قودسی کە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان چووبوونەوە کوردستانی عێڕاق، لە لایەن حکوومەتی پاشایەتییەوە ئیعدام کران.

بۆ بینیی وێنەی شەهیدان بڕوانە:
http://www.weneykk.blogspot.com/
*رۆژی لەسیدارە درانی شەهیدانی سەقز لە سەرچاوەی چاپکراو دا جیاوازە. ساخکردنەوەی تەئریخی دروستی ئەو جینایەتە و نووسینەوەی ژیاننامەی ئەو شەهیدانە ئەرکێکی نەتەوەیییە.

No comments: