Thursday, April 22, 2010

چەند سەرنجێک لە سەر "چێشتی مجێور"ی هەژار موکریانی، نووسینی: مەلا ڕەسووڵی پێشنماز، گۆواری گزینگ، ژمارەی ٢١، پاییزی ١٩٩٨




لە پەراوێزی کتێبی " هەژاری مرۆڤ و دەور وبەری یان کارەساتی کۆمیدییایەک" دا

چەند تێبینی و داوخوازییەک

لە ژمارەی ٢١ی گۆڤاری گزینگ دا (پاییزی ١٩٩٨)، مەلا ڕەسوولی پێشنماز یەک لەو تێکۆشەرانەی لە ساڵانی نیوەی دووهەمی شێستەکانی ڕابردوو لە خەباتی سیاسی و چەکداری بە دژی ڕێژێمی نەماوی حەمەڕەزا شای پەهلەوی لە کوردستانی ئێراندا بەشداری کردبوو و لە نزیکەوە ئاگای لە بۆچوون و تێکۆشانی شەهیدانی وەک سەید عەبدوڵای ئیسحاقی (ئەحمەد تۆفیق) و سولەیمانی موعینی (فایق ئەمین) هەبووە، بە ماوەیەکی کورت لە دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی "چێشتی مجێور"ی مامۆستا هەژار، لە نووسێنێکی بوێرانە و دلسۆزانە دا وڵامی ئەو هەموو چەواشەکارییەی دایەوە کە بە دوای مەرگی هەژار لە "چێشتی مجێور" دا بە نێوی وی دەرحەق بە شەهیدی گەورە سولەیمانی موعینی کرابوو.
بە خوێندنەوەی کتێبی " هەژاری مرۆڤ و دەورو بەری یان کارەساتی کۆمیدییایەک" ئەمن پێم وابوو بەڕێز شێرکۆ هەژار لەم بەرگە دا ئەو باسەش دەکاتەوە،چونکە لە کتێبەکەی دا زۆر شتی هێناوەتە گۆڕێ کە بەدوای ڕووداوی ساڵانی ٦٧- ٦٨ دا قەوماون. بەڵام بە دیتنی کتبێکی دیکەی شێرکۆ هەژار کە مێژووی ساڵی بڵاو کردنەوەی ٢٠٠٨ ی پێوەیە دەردەکەوێ ئەویش وەک "چێشتی مجێور" دڕێژەی داوە بە ڕێبازی بابی بۆ هەڵگێڕانەوەی ئەو بڕگەیە لە مێژووی سیاسی کورد لە کوردستانی ئێران.بۆیە بە پێویستم زانی بۆ ئاگاداری وەچەی نوێ جارێکی دیکە ئەم نووسینەی بەڕێز ڕەسووڵی پێشنماز، بە ئیجازەی بەڕێزیان و سەرنووسەری گۆواری "گزینگ" کە بەداخەوە ئیدی دەرناکەوێ، جارێکی دیکە لە ڕوانگە دا بڵاو بکەمەوە.
بێ ئەملاوئەولا شەهید سولەیمانی موعینی مەزلوومترین شەهیدی سیاسی کوردە،چونکە بە دەستی کورد کووژرا و لە ١٥-٥- ١٩٦٨ تەرمی درایەوە بە دۆژمنی کورد. من چەند ساڵ لەمەوبەریش ئەم داخوازییەی کە دەمەوێ لە خوارەوە باسی بکەم لە بەرنامەیەکی تێلێڤیزیۆنی دا هێنایە گۆڕێ:
ئێستا کە گەلی کورد لە کوردستانی عێراق تا ڕادەیەکی زۆر بە سەرچارەنووسی خۆی دا زاڵە، حەق وایە کاک مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان،پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان، حکوومەت و پارلمانی هەرێم بۆ ئەوەی هەستی کوردان لەم بەر ئەو بەری سنووران سەبارەت بەو ڕووداوە تڕاژێدییە هەر وەک سارێژی برینێک تەشەنا نەبێتەوە، بە ڕەسمی و بە ئاشکرا پێ لەو هەڵە مێژووییەی کوشتنی سولەیمانی موعینی و گشت ئەو تێکۆشەرانەی کە درانەوە بە ڕێژێمی ئاو و ئاچووی پەهلەوی بنێن و لە پێش هەموان دا داوای لێبوردن لە بنەماڵەی موعینی: هاوسەری، سيامەند و سامڕه‌ند موعينی کوڕ و کچی شەهید سولەیمان و خوشک و براکانی فاتم، پەریزاد، ئامین ، فه‌ریبا ، جەعفەر ، نەوید ، مسته‌فا موعینی و گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بکەن.
دوای ڕوخانی کۆماری کوردستان، ڕۆڵه‌کانی به‌ ئه‌مه‌کی کورد نه‌یان هێشت ئاڵای کۆمار له‌ سەر زەوی بمێنێتەوە و له‌و پێناوە دا بە سەدان تێکۆشەر درێژەیان بەخەبات دا،لە نێو ئەوانەدا، کەسایەتی کاک سۆله‌یمان یه‌کێک له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی بزووتنه‌وەی‌ خۆڕاگری ساڵانی ٤٦ -٤٧،ببووه‌ مایه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوکیی حکوومه‌تی ئێران.
داوخوازی بێزاری دەربڕین لە کارەساتی کوشتن و دانەوەی تەرمی سولەیمانی موعینی بە ڕێژیمی حەمەڕەزا شا،بە هیچجۆر بە مەبەستی کولاندنەوەی برینی ڕابردوو نییە، بەڵکوو کردەوەیەکی ئەوتۆ نەک هەر دەبێتە هۆی دڵدانەوەی کوردان لەوبەر ئەمبەری سنووران،دەکرێ نموونەیەکی پڕماناش بێ بۆ مەشرووعییەتی دەستەڵاتی کوردی. شەهید سولەیمانی موعینی یەک لە هێماکانی ناسێنەی سیاسی کوردە لە کوردستانی ئێران.

حەسەنی قازی
ئاوریلی ٢٠١٠


چەند سەرنجێک لە سەر "چێشتی مجێور"ی هەژار موکریانی

نووسینی : مەلا ڕەسووڵی پێشنماز


لەم دواییانەدا کتێبی "چێشتی مجێور"ی کاک هەژارم دەست کەوت دوای خوێندنەوە بە پێویستم زانی لە سەر ئەو بەشانە کە خۆم لە نزیکەوە ئاگاداریان بووم و بەشداریم تێدا کردوون،چەند خاڵێک بخەمە ڕوو.
هەرکەسێک کاک هەژار بناسێ و بەرهەمەکانی خوێندبێتەوە،دەزانێ کە ئەو ئینسانە لە ڕادەبەدەر خزمەتی بە فەرهەنگ و زمانی کوردی کردووە و لەو بوارانەشدا ئینسانێکی لێزان و ماندوویی نەناس بووە. هەژار هەر لە سەرەتای دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکافەوە دەستی بە تێکۆشانی سیاسی کردووە و دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان، هەتا هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارە بووە و پاشان لە گەڵ بارزانی چۆتەوە ژێر سایە و سێبەری "حەمەڕەزاشا"ی گۆڕکراو.لەو ماوە دوور و درێژە دا کە لە وڵات تەرە بووە، هەزاران چەرمەسەری و ساردی و گەرمیی ڕۆژگاری چێشتووە و تووشی زۆر ئینسانی چاک و خراپ هاتووە و زۆر جاران بۆ ژەمە نانێک ڕوویان لێوەرگێڕاوە و دەرگایان لێ گاڵە داوە.لە تەواوی دەورانی ئاوارە بوونیدا سەری بۆ دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کۆردستان شۆڕ نەکردووەتەوە و لە هەر جێگایەک هەلی بۆ هەڵکەوتبێ بە هۆنراوە و بە نووسراوە دەردی دڵی خۆی لە دژی داگیرکەران هەڵڕشتووە.
بەڵام هەژاریش وەک هەموو ئینسانەکان،سەرەڕای ئەو لێزانی و خۆڕاگریی و کۆڵنەدان و لێهاتووییە،قابیلی هەڵە و ئیشتیبا و ناڕاستییە. کاک هەژار چێشتی مجێوری وەک حیکایەتێک بۆ " خانی" کوڕی گێڕاوەتەوە و گۆیا داوای کردووە هەتا دوای مردنی بڵاوی نەکەنەوە. دیارە بۆخۆشی باشی زانیوە چی چاندووە بۆیە تا خۆی ماوە بڵاوی نەکردووەتەوە. ناوی کتێبەکەشی کە ناوە چێشتی مجێور، ئیتر زۆر لە گەڵ ناوەرۆکەکەی یەک دەگرنەوە، چونکە چێشتی مجێور هەم شتی زۆر بە تامی تێدایە و هەم شتی زۆر بێتام کە بەرماوی کاسە سفرەی هەموو ماڵەکانە کە بۆ مجێور دەمێننەوە.
بۆ ڕوونبوونەوەی خوێنەوەرانی بەرێز،ئەمن لە گەڵ کاک هەژار نەک هەر قەت چکۆڵەترین ناکۆکیم نەبووە، بەڵکە یەکجار زۆریش دۆست بووین و هەوێنی نیشتمانپەروەریم لە نووسراوەکانی ئەو و هێمن ڕا سەچاوەی گرتووە و بەشی هەرە زۆری هۆنراوەکانی ئەوانم لە بەر بووە. بۆ نموونە (بەرەو موکریان)ی هەژار کەئینقلابی لە نێو شاعیرانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا پێکهێنا یەک لەوانەیە.کە وابوو ڕوونکردنەوەی من لە سەر ئەو خاڵانەی باسیان دەکەم تەنیا و تەنیا بۆ ئەوەیە کە ڕاستییەکان بکەونە ڕوو. ئینسانەکان چۆنن ئاوا بناسرێن بە تایبەت ئەو بەشانەی کە ڕوویان دە شەهید " سولەیمانی موعینی" ناسراو بە فایق ئەمینە لە جووڵانەوەی ساڵانی ٤٧- ١٣٤٦(٦٨- ١٩٦٧).
خۆزیا کاک هەژار، پێش مردنی خۆی ئەو کتێبەی بڵاو کردبایەوە و ئەو نووسراوەیەی منی بدیبایە بۆ ئەوەی زانرابا وەلامی دە بەرانبەر ڕاستییەکانی من و ناڕاستییەکانی خۆیدا چۆن دەبوو؟ بۆ ئەوەی نەبووبا بە "درۆی" پاش مردوو و، زۆر لە کەسی گوێ لە مست و کوڕی ڕۆژیش بۆیان نەبووبا بە مەسەلە. بە داخەوە ئێمەی کورد، لە کۆنەوە هەر وامان کردووە، هەرچی رەهبەر و بەرپرس و نووسەر و شاعیر بوون، هەر بە سەروگوێلاکماندا هەڵاگوتوون و بە چاکە و خراپەیان هەر دڵخۆش بووین و هێندەمان ئۆباڵ بۆ کێشاون، یەکدانەشیان نە هەڵەکانیان دەبینین و نە بەرلاقی خۆیان.ڕەنگە ئی واش هەبن لۆمە لەو نووسراوەیە بگرن و بڵێن هەژاری موکریانی و فڵانە کەس کوجا مەڕحەبا و چی بە سەر چییەوە و چۆن جورئەتی کردووە دەگژ ئەو کابرا شاعیر و ئەدیب و نووسەرە گەورەیە ڕۆ بچێ؟
ئەوجار ئەمن ڕوو لە خاوەن نەزەران و ئینسانی ئاگا و خوێنەرەوانی بەڕێز دەکەم و دەڵێم ئەمنێکی کە ساڵەهای ساڵ لە گەڵ هەر دووک ئەو برادەرانە ژیاوم و وەک ڕۆژی ڕوون لێم عەیانە کە ئەوەی هەژار لە سەر شەهید سولەیمانی موعینی و چەند کەسێکی دیکە نووسیویە وانییە و تەنیا و تەنیا بۆ خۆ شیرن کردن لای بارزانی ئەوەی کردووە! دەنا هیچ کوردێکی سیاسی و شۆڕشگێڕ نییە نەزانێ کە سولەیمانی موعینی بە ناهەق و بە بێ هیچ سووچ و تاوانێک گیراوە و بەئەسیری کووژراوە و تەرمەکەی دراوەتەوە بە دوژمنی کورد و کوردستان کە رێژیمی "شا"ی تیهەڵدراو بووە. هەر ئەو "شا"یەش پاش ماوەیەکی کەم پاداشی خزمەتەکەی دانەوە و تووشی ئاشبەتاڵ و هەرەسهێنانی کردن.
هەژار لە لاپەڕەی ٤٩١ی چێشتی مجێور دا دەنووسێ:
"لە پاش ڕۆیشتنی " ئەحمەد تۆفیق" بۆ سنووری تورکیە، " سولەیمانی موعینی" خۆی کردە جێ نشینی لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دا. ڕەنگە ئەوانەی زۆری دەگەڵ ژیاون چاکتری بناسن.بەڵام هیچ وەبەر دڵی من نەدەکەوت. دەیانگوت داوێن پیسە، دەیانگوت فەرقی گیرفانی خۆی و هەواڵانی لە بەرە، دەیانگوت ترسەنۆکە...کە من هەر دەمبیست و خۆم وەک پێویستە نەمدەناسی. هەر هێندە بوو مەرحەبا و چاک و خۆشیمان پێکەوە هەبو،چونکە من کارم بە سەر کاری ئێرانیەکانەوە نەبو، بەڵام وەک دۆست و برادەر خۆشم دەویستن. دەم بیستەوە کەموعینی و هەواڵانی پێشمەرگەی دەچنەوە ئێران و چالاکی دەنوێنن. موعینی برایەکی لە خۆی بچوکتری هەبوو بە ناوی "عەبدوڵا"، کوڕی پەسند و ڕەند ئەو بو، بەڕاستی زۆر پیاوێکی بە قیمەت بو. کە بە داخەوە لە نێو گەورکان دەگەڵ " مینە شەم"- کە ئەویش ماڵم هەقە پاڵەوانێک بو- شەهید کرا."
ئەو نەزەرانە لە سەر کاک سولەیمانی شەهید بۆ نموونە یەکدانەشیان ڕاست نییە و لە بوغز و کینە و خۆشیرن کردن بەولاوە چی تری تێدا نییە. چونکە کاک سولەیمان خۆی نەکردووەتە جێنیشینی ئەحمەد تۆفیق،بەڵکە هەر لە کۆنگرەی دووهەمەوە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و دەعەمەلدا نەفەری دووهەمی حیزب بووە.باسی داوێن پیسی و پووڵ پەرستی و ترسەنۆکی دەکا.کەسێکی هەژاری لە نیزیکەوە نەناسیبێ ڕەنگە وا بیر بکاتەوە لەوبارانەوە بێچووە مەلائیکە بووە. ئەوانەی ماون و لەگەڵ ئێمە بوون دەزانن من و کاک سولەیمان یەکجار زۆرمان یەکتر خۆشدەویست و بەشی هەرە زۆری ئەو چەند ساڵەش هەتا پێش شەهید بوونی هەر بە یەکەوە بووین و لە تەواوی سەفەرەکانی کە بۆ وڵات کردوومانە، لێک دانەبڕاوین و شەوانەش چ لە ئاوەدانیان و چ لە چۆلیان لە نیزیک یەک نووستووین، قەتم عەمەلێکی وا پێوە نەدیوە دوور بێ لە ئەخلاقی پێشمەرگانە و شۆڕشگێڕانە.
بۆ مەسەلەی گیرفان و فەرق و جیاوازی لە گەڵ هەواڵەکانی،ئێمە ئەو کات هیچمان گیرفانێکمان نەبوو تا فەرق و جیاوازی تێدا هەبێ،ماڵم هەقە لەو بارانەشەوە سولەیمانی موعینی پووڵ و کای لە لا وەک یەک بوو، تەنانەت لە سەر ئەو مەسەلانە لە گەڵ بابی خۆشی نێوانی زۆر خۆش نەبوو.
لە سەر ترسەنۆکی، ئەگەر ئەو ئینسانە وەکی هەژار دەڵێ ئاوا با، چۆن بوو لێکدا لێکدا سەفەری وڵاتی دەکردەوە و دوو مانگ و سێ مانگ دە زەمانی "شا"ی دا بەو هەموو ژاندارم و پاسگا و دەسەڵاتەوە، لە ناوچەکانی سەردەشت و پیرانشار و مەهاباد و بۆکان دەخولایەوە و پیتاکی بۆ شۆڕشی ئەیلوول و بارزانییەکان کۆ دەکردەوە و تەشکیلات و حەوزە و شانەی بۆ حیزبی دێمۆکڕات پێک دێنا؟ چۆنە ئێمە کە لە گەڵی بووین هەستمان پێ نەکردووە، بەڵام هەژار لە بەغدا ڕا زانیویە کە سولەیمانی موعینی ترسەنۆکە!
دەڵێ: برایەکی چکۆڵەی هەبوو بە ناوی عەبدوڵا کوڕی پەسند و ڕەند ئەو بوو.پێموایە ئەوەشی هەر بۆ عەوامفریوی نووسیوە. دەنا هەمووکەس کە ئەو دوو برایەی ناسیبێ دەزانێ کە عەبدوڵا گەنج و تازە پێگەیشتوو بوو، ڕەنگە ئەگەر پازدە بیست ساڵێکی دیکە مابا توانیبای نیو هێندەی کاک سولەیمان کارامە و لێزان و کارکوشتە بێ.چونکە سولەیمانی شەهید هەر لە دوای تەمەنی پازدە شازدە ساڵییەوە دەکاری سیاسی و تەشکیلاتی وەردرابوو و هەتا شەهید بوونی، لەوماوەیەشدا زۆر جار تووشی زیندان و لێدان و ئاوارە بوون و خۆ پەنادان لە تاران و تەورێز و ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستان ببوو.کە وابوو قاڵبووی مەیدانی تاقیکردنەوە بوو کەلەگەڵ عەبدوڵای گەنجی بێ ئەزموون فەرقی یەکجار زۆر بوو. دیارە ئەوە بەو مانایە نییە ئەمن بمهەوێ لە قارەمانەتی و فیداکاریی کاک عەبدوڵا کەم کەمەوە. مەبەستی من بۆچوون و لێکدانەوەی ناڕاستی هەژارە لە سەر ئەو جووتە برا شەهیدە.لەگەڵ ئەوەی کاک عەبدوڵا بە دەستی ژاندارمی ئێرانی و جاشە خۆماڵییەکان شەهید کراوە و خانەی موعینی برای بە دەست ڕێژیمی بەعسی عێراق،کەچی داخی سولەیمانی موعینی لە هەمووان بە ئێشتر و جەرگبڕترە، چونکە بە دەستی کەسێک شەهید کراوە کە ئەو، ئەوانی لە هەموو کەسوکار و دۆستانی خۆی خۆشتر دەویست.ئەگەر بە زۆری و بە دەسیسەی سیخوڕەکانی سەر بە ساواکی ئێران دەناو شۆڕشدا دەریان نەپەڕاندبا قەت ئەو کارەی نەدەکرد و لە زۆربەی ئەو کەسانەش دڵسۆزتر بوو بۆ کورد و کوردستان کە لە سەر حیسابی خەڵک لای بارزانی خۆیان بە شۆڕشگێڕ و دڵسۆز دەزانی.
هەژار، لە لاپەڕەی ٤٩٢ دا سەبارەت بە چاوپێکەوتنی خۆی لە گەڵ سولەیمانی موعینی کە گۆیا داوای لە هەژار کردووە ببێتە ڕەئیسیان،ئاوا دەنووسێ:
"- کاک فایق تۆ لەو سەفەرانەی کە بۆ کوردستانی ئێرانت کردوە، تەقەتان لە دێی (شێلم جاڕان) کردوە و منداڵتان کوشتوە؟ حاجیەکت گرتوە،تا چوارهەزار تمەنت لێ نەستاندوە بەرت نەداوە و دارکاریت کردوە؟ گیشەی وەرزێرانت سوتاندوە چونکە پووولیان نەداویەی؟ ڕادیۆت لە پشت بەرد شاردۆتەوە و ئانتێلەکەت بڵند کردوە، وات نیشان داوە کە بە بێسیم قسە دەگەڵ بارزانی دەکەی و گوتوتە: " قوربان! حاجی فڵان هەر پێنج هەزار تمەن دەدا،لێی وەرگرین؟ بەڵێ باشە، خوا ڕاوەستاوت کا، دەستت ماچ دەکا؟!". ئەو کارانەت کردوە یان نا؟ نابێ درۆم دەگەڵ بکەی... گوتی: بەڵێ هەموم کردون، بەڵام لەوە بەولاوە لە قسەی تۆ دەرناچین.
_ کاک فایق با قسەکەت تەرجەمە کەم: تۆ دەفەرموی من بوشکەیەکی پڕ لە پیساییم، بۆنی دەرچوە، هەژار وەرە بتکەمە سەرپۆشێکی بێ کەلێن، ئەو بۆگەنە داپۆشە. برام نە چاوم لە گەورەیی و سەرۆکی یە، نە ئەو کارانەشم بە دڵە. ئێمە لە باتی دڵسۆزی بۆ میللەتەکەمان ببینە چەتە و ڕێگر و باج ئەستێن لە سەریان،پێم بە کارێکی بە ناموسانە نیە.خۆت چۆنت ڕابواردوە حیساب بۆ من مەکە،کارم بە کاری کوردستانی ئێران نەداوە."

لێرەشدا کە گۆیا سولەیمانی موعینی چووبێت داوای لێ کردبێ بۆ ئەوەی هەژار ببێتە سەرۆکی ئێمە وا نییە. چونکە ئێمە وەک حیزبی دێمۆکڕاتی ئێران باوەڕمان بە ڕابەرایەتی دەستەچەمعی بووە و هەمیشە لە کۆمیتەی ناوەندی سکرتێری حیزب هەڵبژێردراوە. ئەوەندەی دەزانم کە چەند جار داوامان لە کاک هەژار کردووە وەک ئەندامی حیزب کارمان لەگەڵ بکا و ئەگەر کردباشی شکم نییە دەبوو بەئەندامی ناوەندی و دەفتەری سیاسی، بەڵام نە کاک سولەیمان مولاقاتی وای لە گەڵ هەژار کردووە و نە ئەو پێشمەگانە چەتەیی و ڕێگرییان کردووە؛ نە گیشە گیا سووتێندراوە و نە لە (شێلم جاڕان) تەقە کراوە و نە منداڵیش کوژراوە... ئەوانە هەموو بوختان و درۆی پاش مردووانن.
بە تایبەتی ئەوەی کە گۆیا سولەیمانی موعینی ئانتێلی ڕادیۆی بڵیند کردبێ و وای گەیاندبێ کە گۆیا بە بێسیم قسە لە گەڵ بارزانی دەکا، ئیتر ئەوە هەر بە ئاشکرا دەست بادانە.چونکە لەو سەفەرە دا،ئێمە پێنج کەس بووین: کاک سولەیمان،شەهید مینە شەم، عەبدول نەستانی، کەریم نەستانی و من، کە لەو پێنج کەسە حاڵی حازر ٣ نەفەرمان ماوین و هەر سێکیشمان لە وڵاتی سوێد دەژین.تەواوی یارمەتییەکی کە لەو سەفەرەمان کۆ کردووەتەوە،لەڕێگای شەهید ئەحمەد تۆفیق (سەید عەبدوڵای ئیسحاقی) یەوە بە بارزانییەکان گەیون،بە بۆچوونی من، هەژار ئەو قسانەی هەموو بۆ ئەوە ساز کردووە کە وابنوێنێ سولەیمانی موعینی کە لە لایەن بارەگای بارزانییەوە شەهید کراوە و داویانەتەوە بە ئێران،ئینسانێکی دژی بارزانی و شۆڕشەکەی بووە و ئەوان هەقیان بووە کە کووشتوویانە.دە حاڵێکدا بۆخۆیان بۆیان ڕوون بۆتەوە کارێکی خراپ و هەڵەیەکی مێژووییان کردووە و هیچ بەڵگەیەکیان بە دەستەوە نییە کە سولەیمانی موعینی و هاواڵەکانی چکۆڵەترین هەڵەیەکی دژی شۆڕش و بارزانیان کرد بێ. ئەوەش بە جێگای خۆی، "مونتەقیمی قازی" چی کردبوو، لە گەڵاڵە و لە بن دەستی بارەگای بارزانی درایەوە بە ڕێژیمی شا؛ "مەلا ڕەحیمی وێردی" چی کردبوو، عەبدولوەهابی ئەترووشی خۆفرۆش کوشتی و تەحویلی ئێرانی دایەوە؛ "خاڵە ئەسکەندەری هەورامی" و پێنج هاواڵەکانی چیان کردبوو، تەسلیمی ئێرانیان کردنەوە؟ مەگەر " ساڵح لاجانی" و ڕەفیقەکانی خۆیان تەسلیمی شۆڕش نەکردەوە، کەچی بە بۆچوونی من هەژار بە هێنانە گۆڕی ئەو باسانە هەم شەخسییەتی خۆی هێناوەتە ژێر پرسیارەوە و هەم دەردی سەریی زیاتری بۆ پارتی و بارەگای بارزانی دروست کردووە. هەر بۆیەش داوای کردووە پاش خۆی چێشتی مجێور بڵاو بکرێتەوە.
کاک هەژار دەڵێ کە " جەماعەتی ساڵح لاجانییان هێنا تەحویلیان بدەنەوە. دایک و بابی " عومەر حەوتەوانە" خۆیان دەکن هاویشتم و پاڕانەوە کە کوڕەکەیان ڕزگار کەم، چووم داوام لە بارزانی کرد و پێش درانەویان عومەریان بەرهەڵدا کرد بوو و گوتبوویان ڕای کردوە".
بە ڕاستی شت ئاوا نەڕەنگێ و هەڵنەبەسترێ تامی نابێ.ئەدی بۆچی ناڵێ عومەر جاسووسی خۆیان بوو ناردبوویانە ناو ئەوان بۆخەبەرچینی و جاسووسی. باشە ئەگەر ڕاست دەکا و هێندە قسەی لای بارزانی ڕۆیوە بۆ کارێکی وای نەکرد سولەیمان و ساڵح لاجانی و ئەوانی دیکەش لە کوشتن و تەحویل درانەوە بە ئێران ڕزگار بکا.
لە لاپەڕەی ٤٩٤ دا دەنووسێ:
" بیستمەوە کەدوای ئەوەی لە بارزانی و شۆڕشەکەی ناهومێد بوون، ویستویانە بۆ خۆیان لە ئێران کارێک بکەن. "حەمەدەمینی سراجی" لە هەموان دڵ گەرمتر بوە کە دەبێ هەر بچین. شەوێک لە دۆڵە ڕەقەوە ڕۆیشتون و حەمەدەمین تا سەر سنور دەگەڵیان بوە، گوتویە برا وا باشە ئەمن بچم دەگەڵ دەوڵەتی عیراق قسە بکەم و چەک و ئەسپابتان بۆ وەربگرم،خۆی لێ دزیونەوە و خۆی گەیاندۆتە بە‌دایە و ماتەی هەڵ گرتوە."
لە قەدیمەوە بیستوومە کە دەیانگوت درۆی شاخدارە بەڕاستی بەوە دەڵێن.زۆرم پێ سەیرە و بۆم ناچێتەوە سەر یەک کە ئەو ئینسانە مەبەستی چ بووە؟ ئاوا لە دژی جووڵانەوەی ٤٧-١٣٤٦ شتی ناڕەوا و دوور لە ڕاستی کۆکاتەوە، دە حاڵێکدا ئەو جووڵانەوەیە ئەو هەموو شەهیدە بەنرخانەی داوە و، تەواوی تاوانەکانیشی لە ئەستۆی بەڕێوەبەرانی پارتی و سەرکردەکەی بووە.

ڕاستی ڕووداو چۆن بوو؟

دوای ڕاونانی مەکتەبی سیاسی پارتی لە لایەن بارزانییەوە و دوای کۆنگرەی دووهەمی حیزب،بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی بەرە بەرە لە حکوومەتی ئێران نیزیک بوونەوە و ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ قافییەیان بە ئێمە تەنگتر دەکردەوە.هەر ڕۆژ بڕوبیانوویەکیان پێ دەگرتین. "کاک ئەحمەد تۆفیق" یان دەرپەڕاند بۆ "کانی ماسی" لای سنووری تورکییە و ئێمەیان لە سنوورەکانی "سونێ" و " زینوی شێخی" داپەڕاندە خوارێ، کاک سولەیمانی موعینی و هێندێک لە برادەرانیان ناردە " دۆڵە ڕەقە" و "دێرێ". تەنیا چەند کەسێک نەبێ کە خۆیان وە پارتی هەڵاوەسیبوو،یەک تۆزقاڵ باوەریان بە فەعالییەت و تەنزیماتی حیزبی دێمۆکڕات نەبوو،بە دایم تەبلیغاتیان ئەوە بوو کە ئێمە دەبێ ڕاوەستین و دەست لە سەر دەست دانێین هەتا شۆڕشی کوردستانی گەرمێن سەر دەکەوێ.
سەرەڕای ئەوەش کە ئێمە لە دڵەوە هەموو خزمەتێکی شۆڕشمان دەکرد و هەر سەفەرێکمان بۆ وڵات کردباوە لە یارمەتی ماڵی ڕاهەتا خەنجەر و دووربینی باش و جۆرەها شتی دیکەمان تەحویلی پارتی و بارزانییەکان دەدا. لە کاتی پێویست دا دەچووینە جەبهە و هەرچی لە دەستمان هاتبا دەمانکرد. کەچی وردە وردە ئێران نفووزی دەنێو دا کردن و زۆر بەرپرسی وەک فەتاح ئاغا و عەبدولوەهاب ئەترووشی و مام وسوو و مەلۆ وشێخ محەمەدی هەرسینی کاریان بۆ دەکردن. لە هەموو لا ڕا لە ئێمە وەخۆکەوتن و بوو بە ڕاوە کوردی کوردستانی ڕۆژهەڵات،بەتایبەت ئەوانەی لە چالاکی حیزبی دێمۆکڕات دەوری سەرەکییان هەبوو. دوای کوشتنی "سەدیقی ئەنجیری" بە دەست برازای ئەحمەد تۆفیق بە ناوی " حەسەنی ئیسحاقی" ، کە کاک هەژار زۆری تاریف لێدەکا و لە تاران و لە کەرەچ یش بە دایم تێکەڵاوی بووە و درانەوەی " مونتەقیمی قازی" بە ئێران، بوو بەهەرا و شایعە کە بارزانی وەعدی بە "شا" داوە کە کوردەکانی ئێرانی تەحویل بداتەوە بە سازمانی ئەمنییەتی ئێران (ساواک) دە موقابیل دا یارمەتی مادی و هەموو کەرەسەیەکی شەڕ دا.لەو دەمەشدا مەکتەبی سیاسی داوای لە کاک سولەیمان کردبوو کە گۆیا کاریان پێیەتی.ئەویش بە خۆی و بە برادەرانییەوە گەڕابووەوە سەر سنوور و، لە پشتی "ئاڵواتان" ڕا نامەیەکی بۆ من نووسی کە ئەو دەم ماڵم لە گوندی "‌هێرۆ"ی پژدەر بوو.لە نامەکەیدا نووسیبووی کە خۆتان لە تەحویل درانەوە بە ئێران بپارێزن و بۆ ماوەیەک خۆتان پەنا بدەن (نامەکە ئێستا لای من هەیە).
ئەو کات کاک "مینەی سیراجی" و شەهید " سمایلی شەریفزادە" و "سالاری حەیدەری" لە پشت ماڵەکانی سونێ لە جێگایەک بە ناوی گەڵوەڕەز دەژیان کە شەهید " مەلا ئاوارە"ش بۆ ماوەیەک لایان بوو. بە دوای نامەی کاک سولەیماندا چووم بۆ ئەوێ و شەو نیزیک ١٥ نەفەرێک کۆ بووینەوە و بڕیارمان دا نامەیەکی دەستەجەمعی بۆ بارزانی بنووسین و داوای لێ بکەین کە دەست لە ڕاونان و تەحویلدانەوەمان هەڵگرن و ئێمە تا بستێک کوردستانی ڕزگارکراو هەبێ لە گەڵ ئێوە دەبین و هیچ کردەوەیەکی دژی ئێوەمان نەکردووە و نایکەین. کاک سولەیمانی موعینی و هاواڵەکانیشی ئەوە لە لای ئاڵیە مەڕان وئاڵواتان چاوەڕوانی ئەوەن کە لە لایەن ئێوەوە ئەمریان پێ بکرێ بۆ گەڕانەوە.
هەر لەو کۆبوونەوە دا بڕیار درا من و مەلا ئاوارە و سالاری حەیدەری بە نوێنەرایەتی برادەران بچین بۆ لای کاک سولەیمان و برادەران و داوایان لێبکەین نەچنەوە قووڵایی وڵات و لەو ناوە خۆیان ڕاگرن هەتا وەلامی بارەگای بارزانی بۆ ئێمە دێتەوە. ئەوانیش عەینی نەزەری ئێمەیان هەبوو، بە تایبەتی کاک سولەیمانی موعینی.ئەوانەی لە هەمووان گەرم وگوڕتر بوون بۆ مانەوە و شەڕ کردن لە ئێراندا عەبدوڵای موعینی و مینە شەم و هەڵمەت بوون.
بە دوای گەڕانەوەی مەلا ئاوارە و سالاری حەیدەری و مانەوەی من لە گەڵ برادەران، دوای حەوت ڕۆژ شەڕی (سپی سەنگ) مان بە سەر دا سەپا کە یەکەم تێکهەڵچوونی ئێمە بوو لە گەڵ ڕێژیم.لەو شەڕە دا عەبدوڵای موعینی لە پەنای من بریندار بوو،بە هۆی ئەوەی کە نە پێوەندیمان بە دەوڵەتی عێراقەوە هەبوو و نە بە مەکتەبی سیاسی ئەو دەم ( مامۆستا برایم و مام جەلال و باقی برادەران) کە دەناو حکوومەتی عێراقدا بوون،من عەبدوڵام بە برینداری هێناوە بۆ قەڵادزە و لەوێ لە چنگ " حەسۆ میرخانی ژاژەڵەیی"م قوتار کرد و فڕاندم بۆ (داری کەلی) بۆ ماڵی شێخ لەتیفی شێخ مەحموودی ڕەحمەتی کەهەتا هەم مرۆڤایەتی و ئینسانییەت و دڵسۆزی ئەو گەورە پیاوەم لە بیر ناچێ و لە گەڵ ئەوەی لە حەوت ئاسمانان ئەستێرەیەکمان شک نەدەبرد بۆ ماوەی دوو مانگ لە ماڵە خۆی لە داریکەلی و سیتەک خزمەتی کردین و دوکتوری تایبەتی هێنایە سەر. تا عەبدوڵا چاک بۆوە.شێخ لەتیف بە دایم دەیگوت هەر چەندە برادەرتان هەن و دە مەترسی ئەو ناپیاوانە دان بیانهێنن بۆ ئێرە من دەیانپارێزم و پیاو نییە خۆیان تێبگەیێنێ.
ئێمە لەو ماوەیە دا کە لە ماڵی شێخ لەتیف بووین، لە ناوچەی قەڵادزە و تەواوی شوێنەکانی دیکە ڕا، دووبارە شاڵاو بۆ سەر برادەرانمان دەست پێدەکاتەوە کە هێندێک وەک کاک مینەی سیراجی و شەهید شەریفزادە و... هەڵدێن و خۆ دەگەیێننەوە هاواڵان و، هێندێکی دیکەش وەک " سەننار مامەدی" و "سالاری حەیدەری" و ... خۆیان تەحویل دەدەنەوە.
دوای حەوت- هەشت مانگ مانەوە لە وڵات کاک سولەیمان و کاک مینە گەڕانەوە بۆ ئەوەی هەم پێوەندی بە برادەرانی دەرەوە و ئەوانەی لە گەرمێن ماونەوە، بگرن و، هەم فکرێک بۆ حاڵ و وەزعی خۆیان بکەنەوە.بەدایم و لە هەموو ڕێگایەکەوەش، هەوڵی ئەوە دراوە و لێکدا لێکدا نامە بۆ بارزانی و مەکتەبی سیاسی نووسراوە کە ئەو برادەرانە ڕێگایان بدەن بگەڕێنەوە.... ئەوە کوێی دژی بارزانی و شۆڕشەکەی بووە؟ بۆ بە سەڕاحەت ڕاستییەکان ڕوو ناکەن و ناڵێن کە ئێمە بووین بووینە هۆی گرتن و کوشتن و لە بەین چوونی ئەو برادەرە کوردە بێ تاوانانە. چۆن هەژاری موکریانی لە ڕووی هەڵاتووە ئەو بوختان و تۆمەتانە هەڵبەستێ؟
لێرە دا پێویستە ئەوەش وەک نموونە باس بکەم. کاتێک من و شەهید عەبدوڵا لە ماڵی شێخ لەتیف بووین لە سیتەک،ڕۆژێک کاک شەفیق لایان و شەهید عەزیز ئەترووشی و شێخ محەمەد ناوێک بە خۆیان و هەشتا پێشمەرگەوە، میوانی شێخ بوون و لە باسەکاندا شێخ باسی کوردە ئێرانییەکانی هێنا گۆڕێ و گوتی بۆ شۆڕش و بارزانی زۆر ئیرادە وا لەو کوردە ئێرانییانەی حیزبی دێمۆکڕات دەکەن. شەفیق لایان لە وەڵامدا گوتی بۆخۆیان لێمان یاغی بوون و هەرچی دەکەین ناگەڕێنەوە و ئێرانمان لێ هاڵۆز دەکەن.شێخ ئیشاڕەی لای ئێمەی کرد و گوتی ئەو دوو برادەرە یەکیان مەلا ڕەسووڵی سابڵاغی و ئەندامی حیزب و وەکیلی سولەیمانی موعینی یە و، ئەوی تریشیان عەبدوڵای برایەتی و پەنایان بۆ من هێناوە و دژی ئێوەش نین. هەر ئێستا ئێوە پێوەندی بە بارەگای بارزانییەوە بگرن مەلا ڕەسووڵ دەتوانێ لە ماوەی مانگێک هەمووان بگەڕێنێتەوە بەو شەرتەی جەنابی مەلا مستەفا خۆی وەعد بدا.
دوای وتووێژ لە گەڵ ئێمە کە ماڵم حەقە شەهید ئەترووشی و شێخ محەمەد کە هەر دووکیان ئامیر بەتالیۆن بوون زۆریان لایەنگیری کردین و خۆیان بە تاوانبار دەزانی،بڕیار درا لە سەر دەستی شێخ لەتیف من بچم بە شوێنیاندا و هەموویان بگەڕێنینەوە. ئەوان گوتیان لاسلکی لە (گەڕەدێ) یە و دوای حەوت ڕۆژ خەبەرەکە دەدەینەوە بە جەنابی شێخ لەتیف . خەبەرەکە بوو بە یەک مانگ و وەڵامەکەش ئەوە بوو کە شۆڕش تازە ڕێگا بە وانە نادا بگەڕێنەوە،چونکە لە بەر ئێران پێمان ڕاناگیرێن.ئیتر لە هەموو لا ڕا لە سەر سنوورەکان زۆر لە کاربەدەستانی شۆڕش بە هاوکاری ژاندارم و ساواکییەکان لێمان وەخۆ کەوتن و هەر لە سنووری حاجی ئۆمەران ڕا هەتا قەندیل و ناوچەی سەردەشت و لای شللێر و ناوخوان و حدوودی بانە دەگەڕان و تاقیبی ئێمەیان دەکرد. وەک بۆ خۆیان پاشان دەیان گێڕاوە لە زۆرجێگا و لە ناو خێوەت و ڕەشماڵەکانی سەرسنوورەکان، ژنان قسەی ناشیرن و جنێویان پێدابوون.
جا ئەگەر هەژار دەیهەوێ باسی ڕاپەڕینی ٤٧- ١٣٤٦ ئاوا بگێڕێتەوە کە هیچی وا نییە،تەنیا بۆ خۆ شیرنکردن لای ئەو کەسانەی مەبەستێتی، کای کۆنی بە با کردووە! دەنا زیاتر لە پەنجا جاران وێکڕا ئەو باسانەمان کردووە و هەموو جاریش قەبووڵی بووە کە غەدرمان لێکراوە.زۆر جێگەی سەرسوڕمانە کە نووسراوەی هەژار یەک جێگاشی لە سەر ڕووداوی ٤٧ – ١٣٤٦ ڕاست نییە و هەمووی پڕیەتی لە بوغز و قین و شتی بەراوەژوو. هەر لە لاپەڕەی ٤٩٤ دا دەنووسێ:
" لەم بەینانە دا کە ئەو برادەرە ئێرانیانە لە دژی ئێران خەبات دەکەن و لە شۆڕشی بارزانی تەکیونەوە و پێشمەرگەی شؤڕشی عێڕاق بە کارتێکدەریان دەزانن، ژن و کوڕی فایق موعینی لە سەنگەسەرە و لە ماڵی حەسۆ میرخانی ژاژەڵەییە.فایق چۆتە سولەیمانی،چاوی بە فەرماندەی ئەڕتەشی پێنجەم کەوتوە،قەولی چەک و یارمەتی لێ ساندوە.چۆتە بەکرە جۆ لای جەلال تاڵەبانی کە چەکداری دەوڵەتن و دژی بارزانین. هاتۆتەوە شاری سولەیمانی، میوانی شێخ لەتیف بوە.نامەی بۆ حەسۆ میرخان نوسیوە کە: " ئێوە ژن و کوڕی منتان داگیر کردوە، کارێکی زۆر نامەردانەیە.ئەگەر نەتان گرتون،بیان نێرنە سیتەک،بۆ ماڵی شێخ لەتیف". ویستویە لە سنوری بانەوە بڕواتەوە دیوی ئێران،لە چوار ڕێ یانی سیتەک – چوارتا، جیپەکەیان ڕاگرتوە کە فایقی تێدایە. " سەدیق ئەفەندی"ناوێکی لە کۆنەوە پێشمەرگە و خەڵکی سولەیمانی، کە هەمومانی باش دەناسی دای دەبەزێنێ:
- کاک فایق کارم بە تۆیە.
فایق بە لیباسی فەقێ وە، بێ چەک دەڵێ من فایق نیم و ناوم مەلا قادرە.
- هەرچییەک بێ ڕەگەڵم کەوە.
ڕۆژێک کە بۆ کاری چاپجانە، کە ئەو دەم لە سورەبان بوین،چومە ماڵی بارزانی. گوتی:
- ئەگەر بتەوێ دەتوانی فایق موعینی ببینی و قسەی دەگەڵ بکەی،با هەرچی دەیزانێ دەربارەی قاید فیرقەی پێنج و جەلال و جاشەکانی بەکرەجۆ پێمان بڵێ،دەنا ئەوە ئێرانی داوای دەکەنەوە و لە خەتەر دایە.
چومە (وەسان). فایقم دیت کە دەگەڵ پێشمەرگەیەک بە ناوی " خەلیل شەوباش" لە ماڵێکی چۆل دا حەبس کرابو.دو چەکداری بارزانی لە دەرک و سەربان بون.پێکەوە دانیشتین،کاک فایق نەقڵی گیرانی خۆی و شەوباشی بۆ گێڕامەوە.کە گوتم ئەگەر هاوکاری دەگەڵ شۆڕشی بارزانی نەکەی،زۆر لە چارەنوست دەترسم،گوتی:" ئەوانە یاریدەمان نادەن،تەنانەت برینداریشمان بۆ دەرمان ناکەن،حازر نیم هیچ هاوکاریەک بکەم..."
گوتم:" کاکی خۆم، دەڵێن تەیری گۆشتخۆر دندوکی خوارە.تۆ پیاوی ئەو کارانە نەبوی،بەزۆر بە ملە خۆتدا هێنا و نەشت زانی چدەکەی. ئەگەر من بومایە لە جیاتی تۆ،کە دەمزانی دوژمنایەتی بارزانی دەکەم و بە وڵاتی بەردەستی ئەو دا دێم و دەچم، هەر بە شەو، بە بێ ڕێ،بە ناو دارستان دا سەفەرم دەکرد.هەمیشە چل تفەنگچیەکم دەگەڵ دەبو، لە سەر هەست و دەست لە سەر پەلەپیتکە.توشی هەر ڕێبوارێک دەبوم، نەم دەهێشت بڕوا و خەبەرم لێ بدا،دەم بەستەوە تا زۆر دور دەکەوتمەوە.بۆ چەند کیلۆمیتر لە پێشەوە ڕێگەیان بۆ تاقی دەکردمەوە و هەمیشە دەستەیەک لە دواوە دەیان پاراستم. لە کوێ دەنگ درابام دەمکردە تەقە و خۆم ڕزگار دەکرد.لێم ڕونە ئەحمەد تۆفیق لە جیاتی تۆ ئەمەی بکردایە،زۆر بە هاسانی پێکی دێنا و دەگیر نەدەکەوت. تۆ دەزانی "حەسۆ" شیری کەریشی خواردبێ، تێدەگا کە تۆ داوا دەکەی ژن و کوڕت بچنە (سیتەک)، مانای وایە خۆت لەو ناوەی و دەتەوێ بیان بینی. جوابت بۆ دەنوسێتەوە کە ژنی تۆ خوشکی منە و کوڕی تۆم لە کوڕی خۆم هەڵ ناواردوە،ئەوا بۆم ناردیە سیتەک. سدیق ئەفەندیت لە سەر ڕێگا دادەنێ کە باشت دەناسێ و دەت گرێ. تەنانەت دەمانچەیەکیشت پێ نیە دیفاع لە خۆت بکەی.چۆن کەسێک بە ئاشکرا دژی بارزانی بجوڵێتەوە و هەمو کەسیش بیناسن،دەچێ سواری جیپی مسافر بەری دەبێ و بە نێوەڕاستی جادە دا سەفەر دەکا و دەیەوێ بچێ بە چەک و ئەسپابی دوژمنانی بارزانی لە ئێران کار بکا و بە عەقیدەی بارزانی زیان لە شۆڕشەکەی ئەو بدا؟ زۆر بە داخەوە پیاوی ئەو کارە نەبوی،خۆزیا ئەحمەد تۆفیق با.زۆریش بۆ ئایندەت دڵ تەنگم، بەڵام دەستم ناڕوا،ئەوەندەی بتوانم حەولی خۆم دەدەم کە لە کوشتن ڕزگار بی".

لەو باسەی سەرەوەی هەژار دا،ئەگەر ئینسانی بێلایەن و خاوەن ویژدان و ڕاستگۆ لێی ورد ببنەوە بۆیان دەردەکەوێ کە هیچی وا نییە. غەیری ئەوە نەبێ کە ئەو برادەرە یەکم شت،بۆ دیتنی برادەرانی دەرەوەی وڵات هاتووەتە ئەوێ و لە ڕێگای ئەوانەوە ویستوویە چارەیەک بۆ مەسەلەکە بدۆزنەوە و پشتیوان و یارمەتیدەرێک غەیری حکوومەتی عێراق بە هاو فکری هەموو لایەک بۆ خۆیان پەیدا کەن. دەنا ئەگەر کاک هەژار ڕاست دەکا، کە دەزانم ڕاست ناکا و ڕەنگە لە قەبریشدا بۆخۆی ویژدانی ناڕەحەت بێ، کە ئەو هەموو شتە ناڕەوایانەی لە سەر ئەو برادەرە شەهیدانە نووسیوە. کە هەر لەوسەفەرە دا کاک سولەیمان دە داو کەوتووە نە هیچ پووڵێکی پێ بووە و نە ئەسلەحەیەک و، نە بەڵگە و مەداریکێک؛ ئەگەر شتێکی لەو بابەتانە دەگۆڕێدا بووە،چۆنە بەڕێوەبەرانی شۆڕش لانیکەم بۆ پاکانەی ئەو کارە چەوتەی خۆشیان بووبێ بڵاویان نەکردووەتەوە؟! نووسینەکانی هەژار لەو بارەوە وەک ئینسانی پەککەوتەی قوون تەندووران دەچێ، کوا زەمانی ئەوە ماوە فڵان کەس وای بۆ گێڕامەوە و فیسارە کەس وای گوت!
دووهەم شت، مەبەستی هاتنەوەی کاک سولەیمان بۆ شاری سولەیمانی ئەوە بوو بەڵکە بتوانێ ژن و کوڕی ی دەستبەسەرکراو و یەخسیری لە چنگی حەسۆ ڕزگار کا.ئەویش لە ڕێگای شێخ لەتیفەوە کە لە زۆر بارەوە بۆ کوردایەتی نەک هەر قسووری نەبوو بەڵکە لە زۆر لە گەورەپیاوەکانی ناو شۆڕشی ئەیلوول خزمەتگوزارتر و دڵسۆزتر بوو.
هەموو "تاوان"ی کاک سولەیمان لە نەزەر هەژارەوە ئەوەیە کە گۆیا لەو سەفەرە دا چاوی بە مام جەلال کەوتووە یان فەرماندەی ئەڕتەشی پێنجی دیوە و قەولی چەک و یارمەتی لێوەرگرتوون. دیارە ئەوە فڕی بەسەر ڕاستییەوە نییە. گریمان ئەوە ڕاست بێ! کوا ئەوە تاوانە؟ مەگەر تاقمی مەکتەبی سیاسی کۆن کە لە لایەن بارزانییەوە جارێک ڕەتێنرابوون بۆ هەمەدان (ئێران)، و دوای ئەوەی " شا" هەرچی بێ حورمەتی و نائینسانییەت بوو لە گەڵی کردبوون، بە ناچاری نەهاتنەوە ناو شۆڕش؟ ئەگەرچی زۆریش لە سەرکردەکانیان لە دۆڵە ڕەقە و لای هەباس ئاغا دانیشتن و خۆیان بێ ئیلاقە کرد.بەڵام واش وێیان هەڵنەکردن و کەوتنە ئازار دان و تاقیب کردنیان کە بە ناچاری پەنایان بۆ دوژمنی خۆیان (حکوومەتی عەبدولڕەحمان عارف)بردەوە و بە قەولی خۆیان دەستیان کردەوە بە کاری سیاسی. لەگەڵ ئەوەی کە ئەوان بە عالەم ئاشکرا هاوکاری دەوڵەتی عێراق بوون،بەڵام لە سەرتاسەری کوردستانی عێڕاق بەشی هەرە زۆری ڕووناکبیر و ئینسانە سیاسییەکان ئەوانیان پێ باشتر بوو. هەرچەند ئەمن قەت پاڵ وە دوژمن دانم بە لاوە ڕاست نەبووە و نییە،بەڵام وەک ڕاستی و بۆ مێژوو بیڵێم ئەوان کە گۆیا لە بەکرەجۆ بوون و هاوکاری حکوومەت،کەچی زیاتر لە سەد کەس لە پێشمەرگە و هەڵاتووەکانی ئێمەیان کە لە چنگی تەسلیم کردنەوە بە ئێران خۆیان گەیاندبووە لای ئەوان بەو پەڕی ڕێز و حورمەتەوە ئاگاداری کرد، کە زۆربەیان ئێستا ماون.لە حاڵێکدا زۆری وەک ساڵح لاجانی،سولەیمان کەرقەشان، عەوڵای بایزە قنجە و عەزیز ئەحمەد و ... خۆیان تەحویلی شۆڕش دایەوە لە سەر وەعدە و بەڵێنی خۆیان،بەڵام زۆر بێشەرمانە درانەوە بە ڕێژیمی ئێران و لە پادگانی " جەڵدیان" ئیعدام کران.
هەژار هەموو کارەکان و پێوەندییە ناسالمەکانی بەڕێوەبەرانی شۆڕش و بەتایبەت بارەگای بارزانی ( و کەرەج نشینییەکەی دوای ئاشبەتاڵیی خۆشی بێتە سەر) بەلاوە پەسند بووە و بە هەقی زانیوە. بەڵام ئەوە بە ڕەوا نابینێ کە ئەندامانی ڕاونراوی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانێ دە بەرانبەر ڕێژیمی " حەمە ڕەزا شا"ی زاڵم و خوێنڕێژ دا، دۆستێکیان هەبێ! کە نەشیان بووە.
کاک هەژار دەڵێ گۆیا لە سەر داوای بارزانی لە گوندی (وەسان) چاوی بە کاک سولەیمان کەوتووە و لە سەر چوونی بەکرەجۆ و پێوەندی قاید فیرقەی پێنج قسەی لە گەڵ کردووە. هەر ئەوەی کە بۆ خۆی دەڵێ فایق گوتی" ئەوانە یاریدەمان نادەن تەنانەت برینداریشمان بۆ دەرمان ناکەن،حازر نیم هاوکاریتان بکەم" لێرە دا غیرەت و شەهامەت و بێ تاوانی کاک فایق زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێ بە تایبەتی دەو کاتە ناسکە دا کە ئەو دە ژێر تەهدیدی مەرگ دابووە و سوور دەزانێ یان دەکووژرێ یان دەدرێتەوە بە ئێران. بەڵام حازر نەبووە باسی کەس بە درۆ و ناڕاستی بکا، چونکە هەم بێ منەت بووە و هەم پاک. دەنا ئەگەر پێوەندی گرتبا بۆچی باسی نەدەکرد، خۆ ئەو و هاواڵەکانی هەرچی کردوویانە لە دژی ڕێژیمی شایان کردووە نەک لە دژی بارزانی و شۆڕشەکەی. لە لایەکی دیکەشەوە بۆ مەگەر بارزانی وەکیلی ڕێژیمی "شا"ی گۆڕبەگۆڕکراو بووە تاخەڵکی لە سەر مەحکەمە و ئیعدام بکا؟ ئەوەش کە هەژار دەڵێ دوای گەڕانەوە داوام لە بارزانی کردووە تەحویلی ئێرانی نەداتەوە وا نییە.چونکە دەلیلی بەهێز هەیە هەر بە نووسراوەی خودی هەژار، ئەویش ئەوەیە چۆنە بۆ " عومەری حەوتەوانە" تکای قەبووڵ کراوە و ئازادیان کردووە وەک لە پێشەوە ئیشاڕەم پێکردووە، بەڵام بۆ کاک سولەیمان تکای ناگرن کە هەم لە باری ڕابردووی سیاسییەوە،هەم لە باری هاوشارێتی و ناسیارییەوە دەبێ فەرقی لە گەڵ عومەر حەوتەوانە هەبێ!!
ڕاستی ئەوەیە دوای گەڕانەوەی لە لای سولەیمان موعینی بە بارزانی گوتووە مەیلی خۆتە هەرچی لێی دەکەی بەڵام ئەمن ئەوەی دەزانم کە ئەو ئینسانە یەکجار ترسەنۆکە و ئەگەر بە زیندوویی بدرێتەوە بە ئێران عالەم زۆر بە گرتن دەدا و پاشانیش لە دژی خۆت بەکاری دێننەوە.هەر وەک ئەو ڕاستییە کە ئەو دەم نەفەرمان لە بن دەستی خۆیاندا هەبوو و ئەو شتانەی بە ئێمە ڕادەگەیاند،لە چێشتی مجێور دا دوای نیزیک بە بیست ساڵ بۆ خۆی ئیشاڕە بە ترسەنۆکی کاک سولەیمان دەکا و دەڵێ پێمگوتووە:"ئەتۆ کوڕی ئەو مەیدانە نەبوی و ئەگەر ئەحمەد تۆفیق بایە لە جیاتی تۆ زۆر باشتری بەڕێوە دەبرد". هەژار ئەوەی بە قازانجی کاک سولەیمان و بە زەرەری خۆیانە خۆی لێ بواردووە و باسی ناکا.دەنا هەر ئەوکات ئەوەی ئێمە بیستمان کاک سولەیمان زۆر قسەی ناشیرینی بە هەژار گوتووە کە" بۆ تنۆکە خوێنێک نە لە بەر تۆ، نە لە بەر گەورەکەت ناپاڕێمەوە،چونکە دەزانم ئێوە دۆڕاندووتانە و تەحویلم هەر دەدەنەوە.خوێنی منیش لە خوێنی هاواڵەکانم زیاتر نییە."
ئەوەی کە هەژاری زۆر دەهری کردووە و هجوومی دەکاتە سەر، دوو شتە: یەکەم هەر وەک گوتم لامە لامە لای بارزانی کە پیشەی دائیمی بووە و، دووهەم ئەوەیە کە کاک سولەیمان ئاوا بە شەهامەتەوە و دەو کاتە ناسکە دا ئیهانەی کردووە و بە دۆڕاوی لە قەڵەم داوە. هەر وەک دوای هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلوول دەرکەوت کە هەژار بە لارەملی خۆی دە ئێران کوتایەوە و تەنانەت چەند ساڵیش پێشتر بە هەموو شێوەیەک خۆی لە باسی " پێشەوا قازی" و کۆماری مەهاباد دەپاراست و مەگەر بۆ وەزنی شێعر دەنا باسیشی نەدەکرد. دە حاڵێکدا پێشەوا قازی جگە لە زانایی و ئازایەتی و شەهامەتێکی کە هەیبووە و سوور زانیویە ئێعدامی دەکەن،بەڵام دڵی بڕوای نەداوە بە قەولی "عیفەت خانم"ی شەهیدی کچی ئەو کەسک و سوورانەی سابڵاغێ بەجێبێڵێ و لە گەڵ خەڵک ماوەتەوە. بێ لەوەش،هەر ئەو پێشەوایەی کە مامۆستای دڵسۆزی فێر کردن و بارهێنانی هێمن و هەژاریش بووە و، هەر ئەویش بۆتە هۆی ئەوە کە لەقەبی (شاعیری میللی)یان بدەنێ.لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە کە هەژار گلەیی لە خەڵکی مەهاباد دەکا و دەنووسێ:
"... من ئەگەرچی هەمو ژیانی خۆم دۆڕاندبو، بەڵام دەمگوت خەڵکی سابڵاغ لێم ڕونە ئەو هەمو ماندوبون و ژیان بە فیڕۆ چونەی منیان هەر لەبەر چاوە و ڕەنگە زۆرم حورمەت بگرن. بەڵام تەواو پێچەوانە بو...
... شتێکیش کە زۆر لەبەر دڵم گران دەهات: دەمدی هیچ سابڵاغییەک خۆ بە کورد زانینی لە بیر نەماوە.سەروبنی هەمو قسان، لە هەمو شوێنان،سفتە و بانک و نەغدینە بو."

کاک هەژار خۆی گێل دەکا و عەوامفریویمان لە گەڵ دەکا.دەنا زۆر باش دەزانێ بۆچی خەڵکی مەهاباد ڕوویان نەداوەتێ و خۆیان لێ بێ ئیلاقە کردووە.چونکە بە یادگاری کۆماری مەهاباد و قازی محەمەدیان دەزانێ، کەچی ئەو، وەک ئەوەی نە بای پێدا هاتبێ و نە باران، هاتۆتەوە نێو باوەشی هەر ئەو ڕێژیمەی کە بۆتە هۆی "دۆڕاندنی ژیان"ی ئەو.
کاک هەژار چاک دەزانێ کە خەڵکی مەهاباد و دەوروبەری، لە دوای کۆماری کوردستان بوونەتە چقڵی چاوی ڕێژیمەکانی ئێران و بە دایم لە ژێر فشار و عەزاب و شکەنجە و زێندان و ئاوارەییدا بوون.ئەو قارەمانەتییەی لە کوردستانی ئێران کرا بە تایبەتی لە مەهاباد و بۆکان و سەقز و بانە و سنە و مەریوان و سەردەشت و پیرانشار، لە مێژووی جووڵانەوەی کوردستان دا کەم وێنە بووە.بە داخەوە، ئەو هەموو شتانە دەخاتە پشت گوێ وباسیشی ناکا.هەژار، زیاد لە هەموو خەڵکی کوردستانی ئێران، دوو خۆشەویستی هەبووە. "ئەحمەدی باران میرزا" و " حەسەنی ئیسحاقی" برازای ئەحمەد تۆفیق(عەبدوڵای ئیسحاقی)، کە هەر دووکیان بە شاهیدی هەموو ئەو کەسانەی دەیانناسن پاشەڵ پیسترین ئینسانن ، ئەحمەدە کوێر بە قەولی خۆی جاسووسی پاراستن و ساواک بووە و ڕاپۆرتی لەخۆشی داوە و هەر زاتەن ئینسانێکی بێ ئەرزشی بێ کیفایەتە و حەسەنی ئیسحاقیش ئیدی هەر باسی ناکرێ.
هەژار لە لاپەڕەی ٣٩٢ی کتێبەکەیدا دەنووسێ:
"...شەو هەمو هەواڵە ئێرانییەکان لە ئەشکەوتێک کۆ بوینەوە کە چۆن بڕۆین چبکەین؟ "سولەیمان موعینی" کە ناوی " فایق" بو، زۆربە دڵ گەرمی باسی فیداکاری دەکرد و دەیگوت:" دەبێ ئێمە خۆمان لەو شەڕەدا نیشاندەین".
ئەحمەد بە سرتە پێی گوتم: " فایق ناوێرێ بێ،ئێستا بە فێڵێک خۆی دەدزێتەوە".
گوتم: "دیسان بەدبینی،بەسییە...".
پاش وتو وێژێکی زۆر، فایق گوتی:" کاک ئەحمەد،ئێمە هەمومان بچینە بارزان و هێندە لە ئێران دور کەوینەوە،ئەدی کێ دەرمانێک،قەند و چایەک،جلێک،شتێکمان بۆ بنێرێ؟".
ئەحمەد چاوی لێ داگرتم:
- ڕاست دەکەی،جا کێ بچێ ئەو کارە بکا؟
- من دەگەڵ چەند برادەرێک دەچینە قەڵادزە.ئاگامان لێتان دەبێ، کە زۆر لازمە".

لێرەشدا دەستبادانەکە چەند چەندان دەبێ و ئەو باسەی هەژار دەیکا هیچ وا نەبووە.هاوینی ١٩٦٣ بوو، لە چیای برادۆست لە بنکەی مەلا مستەفا وێگرا دەژیاین. لەو سەوبەندیدا،کاک ئەحمەد تۆفیق دە کاک سەلاحی موهتەدی و محەمەدی ئێلخانیزادەی هەڵکێڵابوو.هەرچەندە هەژار زۆریشی پشتیوانی لێدەکردن،بەڵام لە لای بارزانی بەدەرکردنی دان و گەڕانەوە بۆ ناوچەی پشدەر و نیزیک قەڵادزە.پێش ئەوانیش کوێخا کەریمێکی بانەیی بە خۆی و چوارپێنج نەفەرەوە کە زۆریش ئازا و لێهاتوو بوون،چەک کرابوون.لە سەر ئەو شتانە و گوێنەدانی ئەحمەد تۆفیق بە کاری تەشکیلات، ئێمە چەند کەسێکی یەکگرتوو(کە لە لاوەش کاک سولەیمانی موعینیمان لەگەڵ بوو، بەڵام تەنیا لای من دەیدرکاند) کەوتینە دژایەتی لە گەڵ ئەحمەد تۆفیق،.ئەوەی لە بیرم مابێ ئەو کەسانەبوون: حەسەنی ڕەستگار،حوسێنی مەدەنی،قادری قازی ناسراو بە مامەند(کە نەماوە و خوا لێی خۆش بێ)،جەعفەری کەریمی،فەتاحی قادری (کوڕی کاکە ڕەزا) و سمایلی نمەشیری و لەناو پێشمەرگەکاندا شەهید مینەشەم،کەریم نەستانی و عەبدول نەستانی کە کارمان لە سەر کردبوون و دڵ گەرممان کردبوون بۆ چوونەوەی وڵات و کاری نهێنی. کێشەی ئێمە چەند جار گەیشتە لای بارزانی و زۆری ئامۆژگاری کردین و گوتی بۆ واز لە ئەحمەد ناهێنن. لە وەڵامدا گوتمان ئێمە نەهاتووین لێرە بنووین و بخۆین، ئێمە بۆ کاری سیاسی و یارمەتی ئێوە هاتووین،نە ڕێگامان دەدەی بچینە جەبهە و نە هەتا ئێستاش هیچ کارێکمان بۆ شۆڕش کردووە... بارزانی گوتی من ئیجازە نادەم ئێوە کە لە ئێران هەڵاتوون و پەناتان بۆ من هێناوە بچنە شەڕ و لە بەین بچن.من مرۆم زۆرە و ئێوە غەریبن.بەڵام ئەگەر یارمەتی ترتان لە دەست دێ بیکەن.دوای ئەوە ئێمە گوتمان کە وابێ دەتوانین سەفەری وڵات بکەینەوە و یارمەتی و پیتاک بۆ ئێوە بهێنین وکاری تەشکیلاتی خۆشمان بکەین بەو شەرتە لە سەر سنووری لای حاجی ئۆمەران و قەڵادزە ڕێگامان بدرێ بنکە بکەینەوە. هەر لەوێ بارزانی موافەقەتی کرد و نامەی بۆ بەرپرسانی ئەو کاتە نووسی کە بنکە بکەینەوە.لە سەر ئەو بڕیارە، ئێمە نیزیکەی ١٥ کەس بە کاک سولەیمانیشەوە هاتینە زینوێی شێخی کە ئەو کات کاک سەعید کاوە (کوێستانی) وەک ڕابیتی حیزب، ماڵی لەوێ بوو.ئەو مەدرەسەی کە ئەو ماڵی تێدا بوو کرا بە بنکە و بەرپرسی ئەو کاتی پارتی لەوێ کاک عەزیز عەقراوی و عەزیز سورمی (سەر بە بارزانی بوون).مەلا حەسەنی ڕەستگار بوو بە بەرپرسی ئەو بنکەیە.کاک سولەیمانی موعینی و من و مینە شەم و کەریم نەستانی و عەبدول نەستانی و کۆمەڵێکی دیکەش هاتینە ناوچەی قەڵادزە و زۆری کێشا هەتا پارتی ڕازی بوو ئێمە لە سونێ بنکە بکەینەوە.بە دوای کردنەوەی بنکەی سونێ،زۆری نەخایاند پێشمەرگەمان زیادی کرد و زۆر کۆنە ئەندام و کادری حیزبمان لێ کۆ بوونەوە وەک "ڕەئووف مەلا حەسەنی بۆکانی" و شەهید "ڕێبوار" و "هەڵمەت" (پاشان بوو بە جاش و کووژرا).
لە کاتی خانوو دروستکردندا ڕۆژێک بڕیارمان دا،چەند کەسێک بۆ سەفەری ناوەوەی وڵات و پیتاک کۆکردنەوە دەستنیشان بکرێن. لەو جەمعەی کە لەوێ بوون تەنیا ئەو پێنج کەسەی خوارەوە ئامادەی ئەو سەفەرە بوون:
١- سولەیمانی موعینی ٢- مینە شەم ٣- کەریم نەستانی ٤- عەبدول نەستانی و ٥- ڕەسووڵی پێشنماز ( ٣ نەفەری ئاخر لە ژیاندا ماوین).
ئێمە لەو سەفەرە دا سێ مانگمان پێچوو.تەواوی ناوچەکانی سەردەشت و لاجان و مەنگوڕایەتی و گەورکایەتی و چۆمی مەجیدخان و بۆکان و بانەمان کرد لە هەمووی ئەو ناوچانە کۆمیتەمان دانان و پووڵ و یارمەتییەکی یەکجار زۆرمان بۆ شۆڕش هێنایەوە.لە بەشی هەرە زۆری ئەو ناوچانە زەکات دەدرا بە حیزب و زەکاتی گەنم و دانەوێڵەیان بۆ دەچاڵ دەکردین وپاشان دەنێردرا بۆ سونێ یان زینوێ و ئەوانیتر بە وڵاغی کوێستانچییان بۆ بارزانمان ڕەوانە دەکرد و کاک ئەحمەد تۆفیق بە ناو پێشمەرگە و بارزانییەکاندا بڵاوی دەکردەوە.هەرچی دووربینی باش و خەنجەری جەوهەرداری چاک بوون کە ئاغاکان دەیانداینێ،ئێمە بە دیاری دەماندا بە بارزانی.
بەسەرهاتی لێک بڵاو بوونی ئێمە ئاوا بوو، نەک ئەوەی کاک هەژار وەک چیرۆک سازی کردووە.
وەک ئاخر سەرنج،کاک هەژار لە لاپەڕە ٣ دا،زۆر باسی چاولەدەستی و لارەملی و هەژاری و بەدبەختیی شاعیران و نووسەرانی کورد دەکا و ئەوەی بە خراپ دەزانێ کە بە گەورە پیاوانیان هەڵاگوتووە و دە موقابیلدا پووڵیان وەرگرتووە. بەڵام بابزانین بۆخۆی چ دەڵێ. لە لاپەڕەی ٣ی کتێبەکەیدا دەنووسێ:
"... من بارزانیم بە گەورەی خۆم قبووڵ کرد بو،شانازیم بەوە دەکرد کە نۆکەری بم،پێشم شەرم نەبو ئەو یاریدەم بدا،چونکە لام وابو مەرد و ڕەندێکە نمونەی کەم لە دنیا دا هاتون."
ئەوەی کە بارزانی بەشی هەرە زۆری عومری خۆی دە بەربەرەکانی و ململانێ لە گەڵ دوژمنانی کورد بردۆتە سەر حاشای لێناکرێ و تەنانەت ئەوانەی کە ناخۆشیشیان دەوێ ناتوانن خۆ لەو ڕاستییە ببوێرن؛جا کە تیپی ئێمەش وەک شەهیدان ئەحمەد تۆفیق و کاک فایق، یان من و مەلا حەسەنی ڕەستگار و زۆری دیکە بارزانیمان خۆش ویستووە،زۆرتر بە نێوی بابی گەورە یان بابی کوردان باسمان کردووە نەک کەلیمەی نۆکەر.بەباوەڕی من ئەگەر کەلیمەی نۆکەر بەکار هێنرا ڕاستەوخۆ ئاغایەک دروست دەبێ کە ئەمن لە هەموو ژیانمدا موخالیفی ئاغایەتی بووم و ڕقم لەنۆکەر و نۆکەرسفەتان هەستاوە و لە ژیانمدا ئەو کەلیمەیەم بەرانبەر بە بابیشم بەکار نەهێناوە و هەر کەسیش بەرانبەر بە من بەکاری هێنابێ زۆرم لە دڵی گران هاتووە.دەشزانم و لێشم ڕوونە بارزانی ڕەحمەتیش ئەگەر وەسەرخۆشی نەهێنابێ، بەو کەلیمەیە ناڕەحەت بووە. هەرچی دەکەم بۆم ناچێتەوە سەر یەک ئینسانێکی زانا، کوردێکی تێکۆشەر،چۆن دەتوانێ هێندە خۆی چووک بکاتەوە کەلیمەی نۆکەر بەکار بهێنێ.
لە کۆتاییدا، شتێکی دیکە کە دەمهەوێ ئیشارەی پێبکەم ئەوەیە کە زۆر لە شەخسیەتە سیاسییەکانی کورد،چ ئەوانەی پارتی بوون و چ ئەوانەی شیوعی،یان بێلایەن بوون لە کتێبەکەی کاک هەژار دا کەوتوونەتە بەر لۆمە و تەشەر و حەملە پێکردن. بە تایبەتی هێندێک لەوان نەماون و تەنانەت لە ڕێگای کوردستاندا شەهید بوون؛پێم وایە کاک هەژار لەو بارەیەشدا وەک مەسەلەی کاک سولەیمانی موعینی و برادەرانی دیکە غەدری لێکردوون و بە غایەی تایبەتی ئەو شتانەی نووسیوە. بۆ نموونە شەهید کاک "ساڵح یووسفی" جگە لەوەی بە دەستی بەعسی عێراق شەهید کراوە،ئەوەندەی ئەمن ناسیومە لە ساڵی ١٩٦٣وە هەمیشە وەک نەفەری دووهەم لە دوای بارزانی ناوی هاتووە و سەبارەت بە پێوەندی لە گەڵ ڕێژیمی دیکتاتۆری "شا"ش هەڵوێستی زۆر قاتعانە و چوامێرانە بوو.
ئەوەش بڵێم کە ئەمن لە سەر ڕوونکردنەوەکانی خۆم کە لە بارەی بۆچوونە پڕ لە هەڵە و ناڕاستییەکانی کاک هەژار ئیشاڕەم پێکردوون،بەتایبەت مەسەلەی شەهید سولەیمانی موعینی و هاواڵەکانی،باکم لە کەس نییە و وەک ڕۆژ لێم عەیانە هەرچی گوتوومە ڕاستە و لە زۆر بارانیشدا لێم کەم کردووەتەوە کە بۆتە هۆی ناڕەحەتی دڵ و دەروونی خۆم.تەنیا و تەنیا داوای لێبوردن لە براژنە،مەعسوومەی خێزانی کاک هەژار دەکەم و هیوام وایە لێم دڵمەند نەبێ، چونکە لەو مەسەلانە دا،نە لەگەڵمان بووە و نە ئەو کەسانەی دەناسی کە من باسم لە سەر کردوون؛ دیارە بۆخۆشی باش دەزانێ کە ئێمە چەندە بەیەکەوە ئاموشۆ و تێکەڵاویمان گەرم و دۆستایەتیمان خۆش بووە.

___________________

سەرچاوە: گۆڤاری گزینگ ٠ ژمارە ٢١، پاییزی ١٩٩٨ (١٣٧٧)

تێبینی: گۆڤاری گزینگ، گۆڤارێکی وەرزانەی فەرهەنگی-ئەدەبی بوو کە نووسەر و شاعیر سولەیمانی چیرە(س.چ.هێرش) لەسوێد دەریدەکرد. ئەو گۆڤارە لە ماوەئ ١٠ ساڵدا ٤٠ ژمارەی لێ بڵاو کرایەوە.

1 comment:

sapankurdi said...

ده‌سته‌کانتان خۆش بێ. سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، جوامێریی و ووره‌به‌رزی سه‌رکرده‌کانی ئه‌و شۆڕشه‌ واتا شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزکانی کوردستان کاك سوله‌یمان موعینی، کاك سمایل شه‌ریفزاده‌ و مه‌لا ئاواره‌ و ده‌یان شه‌هیدیتر زۆر له‌م نووسینه‌ی به‌رێز کاك ڕه‌سولی پێشنماز هه‌ڵكده‌گرێ. به‌ داخه‌وه‌ ـامۆستا هه‌ژار له‌م ڕوویه‌وه‌غه‌درێکی گه‌وره‌ی له‌ کورد و کوردستان کردووه‌، که‌ ئاوا به‌ نه‌زانی پاکانه‌ی بۆ کرده‌وه‌ی دزێوی بارزانی کردووه‌.کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ یارمه‌ری‌دانی به‌ شۆڕشی ئه‌یلول به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌ وره‌به‌رزیی و شانازیی‌یه‌وه‌ هاوکاری ده‌کرد، له‌ بیرمه‌ که‌ چۆن ئه‌ندامه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ نموونه‌ شه‌هید سوڵتان قویتاس چۆن به‌ ماڵان‌دا به‌ دوکانان‌دا ده‌گه‌ڕا و یارمه‌تی بۆ شۆڕش کۆ ده‌کرده‌وه‌. به‌ڵام کاك حه‌سه‌ن ئه‌و داواکارییه‌ی تۆ، له‌ که‌سێک ده‌کرێ که‌ نڕخی سه‌رکردایه‌تیی و دان هێنان به‌ هه‌ڵه‌ی سیاسیی و مێژوویی بزانێ، هه‌رچيند ئه‌گه‌ر خۆی ڕاسته‌وخۆش له‌ تاوانه‌کاندان به‌شادر نه‌بووبێ. ئه‌گه‌ر ده‌بینین سه‌رۆکی ووڵاتانێك داوای لێبوردن له‌ نه‌ته‌وه‌ و ووڵاتانێك ده‌که‌ن، که‌ پێشتر سه‌رۆکی ووڵاته‌که‌یان غه‌دری لێ‌کردوون، نموونه‌ی به‌رزی مرۆڤایه‌تیی نیشآن ده‌ده‌ن، بۆ نموونه‌ ئێستاش به‌رپرسانی سیاسیی و حکومه‌تی ئاڵمان داوای لێبوردن له‌ جوله‌که‌ و نه‌ته‌وه‌کانیتر ده‌که‌ن،که‌ ڕژێمی فاشیستی هیتله‌ر له‌گه‌ڵێ کردوون، به‌ڵام کورد و شتی وا، پارتی و بارزانی و داوی لێبوردن گۆرانی شاعیر ووته‌نی کوجا مه‌رحه‌با.