Saturday, June 26, 2010

شێعرێکی مەلا مارفی کۆکەیی


مەلا مارفی کۆکەیی (١٢٥٣- ١٣٢٤ی هەتاوی)[١٨٧٤- ١٩٤٥ی زایینی


شاعیر عموومی کەوتنە مەقالات و بۆڵەبۆڵ
مەدحی وەتەن دەکەن بە قەسیدەی شڕ و شڕۆڵ
تەعریف دەکەن لە میللەتی کوردی بە سەد زمان
پاک بوونە چاوەشێکی بەبێ دمبەگ و دەهۆڵ
کوردیش چ کوردە؟! میللەتی خۆخۆرە پێکەوە
بۆ گیان و ماڵی یەکتری سمکۆڵ دەکەن لە خۆڵ
دیۆ و درنج و ورچ و بەراز و ڕێوی و چەقەڵ
کوێر و کەڕ و شەل و کەچەڵ و گۆج و گێڕ و کۆڵ
یەعنی گەورک و مەنگوڕ و پیران و کاڵەموو
زەرزا و شکاک و مامەش و هەرکی، سەگی گەڕۆڵ
بۆ ماڵی کوردی هاتنە سەما و ڕەقس و پێکەنین
بەربوونە گرمە گرم و چەق و لوور و گۆڵە گۆڵ
وەک گورگی هار و برسی بڵاو بوون لە دەشت و دەر
دەخولێنەوە هەموو ئەشکەوت و خڕ و شیو و دۆڵ
بۆ کاڵە کۆن و پیاڵەشکاو و فەڕشی دڕاو
خۆیان دەخستە ئاو و ئاور و ژێر ئەرزی چاڵ و چۆڵ
پوڵ و ئەساس و دەوڵەت و ماڵی نە کەم نە زۆر
هیچیان نەهێشت و بۆ مە نەما غەیری خاک و خۆڵ
عێلات کە ڕووی ڕەشە، لە شەڕەف و پاکی بێبەشە
ئەمما بڵێن بە خان و خەوانین و میر و قۆڵ
تاکەی وەتاغی بەرز و ژنی تەرز و تەرکی فەڕز
لێتان حەرام بێ سوحبەتی خاتوونی نەرم‌ونۆڵ
سەرتان کە سازە، هەریەکە ئاوازێ لێدەدا
پاک ساحێبی تفەنگ و سوپاهـ و جاڕ و جۆڵ
ئاواڵکراسی کیژ و کچ و خانمی وەتەن
دایانڕنین ئەوان دە سەبابانی قون تڕۆڵ
سابڵاغیی دەست ‌و پێ بە خەنەی قەت هەتاو نەدیو
ڕەنگین و نازەنین و سپی و سۆڵ و نەرم‌ونۆڵ
قازی و مەلا و تاجر و ئەسناف و ئەهلی شار
گیران بە سۆغرە، کەوتنە ژێر باری دار و کۆڵ
سەردار و کەیخودای موکریان خەڵات کران
ڕانکێکی کۆن و لەت ‌لەت و چۆغێکی بێ گوڕۆڵ
ئەو ڕۆژە غیرەت و شەڕەف و دینی خۆت فرۆت
ئەی ئافەرین ڕەئیس و ئەمیرانی تۆند و تۆڵ
دوێنێ دڵم بە ئاوری حوببی وەتەن دەسووت
ئەوڕۆکە وایە، سارد و سڕە هەر وەکوو سەهۆڵ
مەیڕێسە! بەسیە! شاعیری چەپرەک بڵێ: بەڵێ
ڕەببی وڵاتی کوردی ببینین بە چۆڵ و هۆڵ.

--------------------------------------------
مەلا مارف ئەو شێعرەی ساڵی ١٩٢٢، دوای هاتنی سمایل ئاغای شکاک(سمکۆ) بۆ مەهاباد و تاڵانی ئەو شارە، نووسیوە.
تێبینی ڕوانگە. ئەو وێنەی مەلا مارف و شێعرەکەی بە سپاسەوە لە لاپەڕەی بەڕێز هێدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووکەوە، ڕاگوێزراوەتە ئێرە

No comments: