پوخته‌ی به‌شێک له ووتاره‌کانی کۆنفڕانسی زمانی له زانکۆی کالیفۆرنیا – لوس ئانجلیس
ڕۆژی جومعه 5ی نۆڤامبری 2010 کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌مریکایی کوردی په‌روه‌رده له ئه‌مریکای باکووری به‌یارمه‌تی کۆمه‌ڵێک له داوده‌زگای زانکۆیی و کولتووری کۆنفڕانسێکی سه‌باره‌ت به زمان و کولتووری کوردی له زانکۆی کالیفۆرنیا له لوس ئانجلیس به به‌شداری ژماره‌یه‌کی زۆر له زانایانی کورد و لاوه‌یی پێک هێنا. کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌مریکایی کوردی په‌روه‌رده کورته‌ی هێندێک له‌و ووتارانه‌ی به‌ر له کۆنفڕانسه‌که به زمانی ئینگلیسی له ماڵپه‌ڕه‌که‌یان دا بڵاو کردووه‌ته‌وه. به‌شێک له هه‌لێنجاوه‌ی ئه‌و باسانه‌م وه‌رگێڕاوه و بۆ ئاگاداری هۆگرانی زمانی کوردی له ڕوانگه دا بڵاویان ده‌که‌مه‌وه.
حه‌سه‌نی قازی
جەعفەری شێخەلئیسلامی، زانکۆی کارلتن، مەدرەسەی زمان‌ناسی و سیاسەتی زمانی، کانادا
زمانی کوردی و سیاسەتی زمانی لە ئێران
ئەم ووتارە لە پلەی زمانی کوردی لە چوارچێوەی سیاسەتی زمانیی ئێران دەکؤڵێتەوە لە وەتا پێکهاتنی ڕێژیمی پاشایه‌تی" مۆدێرن کەرەوە"ی پەهلەوی لە ساڵی 1925 تا ساڵی 2010. دوای ناساندنی نەخشەی زمانی ئێران بە کورتی، لە بابەتە کەدا باسی سیاسەتی ڕەسمی دەکرێ لە ئاست زمانە کەمایەتییەکانی وەکوو کوردی.ووتارەکە لە گەڵ ناساندنی زمانی کوردی لە ئێران جەخت لە سەر چلۆنایەتی بەکارهێنان و پاراستنی دەکا وەک زمانی کۆمەڵگەی کوردی، لە پەروەردە و لە میدیا دا، هەم لە ئێران و هەم لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران.بە پێی ئەم لێکۆڵینەوەیە، هەم لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی و هەم لە سەروبەندی دەستەڵاتی رێژیمی ئیسلامی دا سیاسەتی (ئا) فرە زمانێتی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکپارچەیی خاک و یەکێتی نەتەوەیی داندراوە، (ب) بە کار هاتنی زمانانی نا فارسی بەرتەنگ کراوە و،(پ) زمانی فارسی سەر خراوە و بەکار هاتووە وەک ئامرازێک بۆ داڕشتن و یەکگرتنی سیاسەتێک بە ئامانجی یەکدەست کردنی ئێتنیکی و زمانی . لە کاتێکدا بەردەوامی ئەو سیاسەتە زمانییە ی هەر دوو ڕێژیمەکان بە ئاشکرایی بە دەرەوەیە، جیاوازییەکانیشیان سەرنجیان دەدرێتێ بە تایبەتی لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانانەی لە جوگرافیای زمانی دا ڕوویانداوە. بۆ نموونە ئەو دەستکەوتەی زمانی کوردی لە هەرێم دا وەدەستی هێناوە وەک زمانی ڕەسمی لە عێراق لە ساڵی 2005 ەوە و هەر وەها کەمتر بوونەوەی گوشار و سیاسەتی زمانکووژی ترکییە لە وەتا ساڵی 1991. تیکنۆلۆژی نوێی پێوەندی و هەر وەها تۆڕی پێوەندی کۆمەڵایەتی و زمانی نێو کوردەکان بە تێپەڕاندنی سنووران له نێوان هەموو کوردەکان لە سەرتاسەری کوردستان دادەوروپشتی زمانی گۆڕیوە بەڵام هێشتا جێگەی بە سیاسەتی ڕەسمی " یەک نەتەوە/ یەک زمان" چۆل نە کردووە و ئەو سیاسەتە هەر ماوە. فارساندنی گەلە نافارسەکان هێشتاش وەک بەردی بناخەی سیاسەتی زمانی ڕێژیمی ئیسلامی درێژەی پێ دەدرێ.
کریستیان سینکلێر، زانکۆی ئیکسێتر
ترکییە: سیاسەتی زمانی . میدیا و ، زمانی کوردی.
مەبەست لە پلان داڕشتنی زمانی تێکۆشانی زانایانە و نەخشە دانانی بە تەکووزە بۆ کار تێکردن یان گۆڕینی ئاکاری زمانی ئەوانیتر،ئامانجی ئەو پلانە دەتوانێ کۆمەڵگەیەکی زمانی بە تەواوی بێ یان دەستەیەک بێ لە نێو ئەو کۆمەڵگەیە دا ( O’Laoire, 2000) . لە ترکییە، وێژمانی ڕەسمی بریتییە لە، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک زمان و ئەوەش هیچ جێیەک ناهێڵێتەوە بۆ هیچ جۆرە دەربرینێک بە کوردی. سەرەڕای بە دەیان ساڵ زۆرداریی زمانی لە کوردان، حکوومەتی ترکییە لە ژانڤییەی 2009 کاناڵێکی کوردیی کردەوە (TRT6 ). لە 13ی نۆڤامبری هەمان ساڵدا ئانکارا گشت ئەو لەمپەرانەی لابرد کە لە سەر رێی بەکارهێنانی زمانە کەمایەتییەکان لە بڵاو کردنەوەی میدیایی دا مابوون. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە بە مانای ئەوە نییە میدیا لە چوارچێوەی دەوڵەتی ترک دا ئازاد بێ بۆ باس کردنی بابەتی لە مەر کوردان.میدیای کوردی تا ڕادەیەک ڕێگای پێ دەدرێ ، بەڵام هەر جۆرە بابەت و پەیامێکی لایەنگری لە کورد بە توندی بەرتەنگ دەکرێ. ئەم ووتارە لە هۆکارە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی ئەو بڕیارانە دەکۆڵێتەوە؛ چەند نموونە لە کارتێکەرییەکانی نێوخۆیی و دەرەکی بریتین لە پارتییە سیاسییە کوردییەکان لە چوارچێوەی ترکییە دا، ئاکەپە ، ڕۆژ تیڤی، یەکێتی ئوڕووپا و پەیدا بوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.ئەو نووسینە هەر وەها چاولە زۆرداریی مێژوویی زمانی دەکا لە لایەن دەوڵەتانەوە و ئەو هۆکارانەی کە هێشتاش دەگەنە بەرتەنگی و ڕاو نان لە بەر بەکارهێنانی کوردی لە میدیا دا.
ئۆپنگین ئەرگین، زانکۆی 3ی پاریس / سۆربۆنی نوێ
بارودۆخی زمانی کوردی له ترکییه لە ڕووی زمانناسیی کۆمەڵایەتییەوە: لێکدانەوەیەکی شیکاریانە لەمەڕ هۆکاره‌سیاسییە کۆمەڵایەتییەکان و کردە زمانییەکان
زمانی کوردی لەترکییە، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی ئاخێوانی یەكجار زۆرە ( بە تەخمین دەوری 15 - 20 میلیۆن کەس) و تێکەڵاوی مێژوویی خۆی لە گەڵ زۆر لە زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ، زۆر بە دەگمەن بووه‌ته بابەتی لێکۆڵینەوە و باس لێوە کردن لە ڕووی زمانناسیی کۆمەڵایەتییەوە. مەبەستی ئەم ووتارە ئەوەیە ڕەهەندەکانی کۆمەلایەتی سیاسی بار و دۆخی زمان لە هەرێمی کوردیی ترکییە بە ووردە ڕیشاڵ ڕابخرێتە بەرچاوان و هێندێک دەرئەنجام پێشکێش بکرێن سەبارەت بە کردەوەی زمانی ڕۆژانەی ئاخێوان. لەم لێکۆڵینەوەیە دا بیرۆکەی جۆرناسی ئێدواردس دەکار هێندراوە بۆ شیکردنەوەی هۆکارە کۆمەڵایەتی سیاسییەکان. ئێدواردس یازدە مەقوولە/ هۆکار پێشنیاز دەکا وەکوو لایەنی حەشیمەت ناسی، کۆمەڵایەتییانە، زمانەوانیانە و هتاد. هەر هۆکارەی بە پێی " ئاخێو" ، "زمان" و " چوار چێوە" شی کراوەتەوە؛ بەم پێیە، ئەو مۆدێلە بە گشتی 33 گۆڕەر پێشنیاز دەکا بۆ ئەوەی شیکردنەوەیەکی هەموو لایەنە بڕەخسێ. ئێدواردس دەڵێ شیکردنەوەی ئەو هەموو ڕەهەندانە دەتوانێ لایەنی زەق و دەرفەتەکانی بارودۆخێکی تایبەتی زمانی بە دەستەوە بدا. لەم لێکۆڵینەوەیە دا زانیارییەکانی لەمەڕ کردەوەی زمانی بە ڕێگای پرسیارنامەک کۆ کرانەوە کە بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە گەڵاڵە کرابوو و نموونەی ووڵامی 76ئاخێو لە سێ چوارچێوە دا وەرگیران، واتە لەبەستێنی شارنشین بوون، نیوە شارنشین بوون و لادێ نشین بوون دا. لە ووڵامەکاندا، تەمەن، جینسی کۆمەڵایەتی و چوارچێوە کۆنتڕۆڵ کران؛ لە لێکدانەوەکە دا ئەوان وەک گۆڕەری سەربەخۆ لە بەرچاو گیران لە گەڵ ئاستی خوێندەواری زانیاریدەرەکان. بنەما تێۆرییەکانی پرسیارنامەکە لە سەر چەمکی وەک دوو زارێتی و شیکردنەوەی بواری جاشوا فیشمەن ( 1967 ، 1968 ) و زیندوویه‌تی زه‌ینی ئێتنیکی زمانی بۆرهیس و هاوکارانی (1981) داندراوه. له ڕوانگه‌ی جاشوا فیشمه‌نه‌وه (1967 ، 1968) سه‌بات و ڕۆنیشتنی بارودۆخی دووزارێتی هه‌لومه‌رجێکی گرینگه بۆ پاراستنی زمان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بێتوو دۆخی سه‌بات و ڕۆنیشتن له ئاکامی گۆڕانی ده‌سته‌به‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌لومه‌رجی زمانه‌کانی ژێر لێکۆڵینه‌وه دا هه‌ڕه‌شه‌ی لێبکرێ، ئه‌زموونی زمانی باڵاده‌ست جۆره‌یه‌که که بادانه‌وه که له ڕووی توانایه‌کییه‌وه ده‌توانی بگاته گۆڕانی هه‌لومه‌رجه‌که. کاری بۆرهیس و هاوکارانی ( 1981)، مۆدێلێکه له‌سه‌ر بنه‌مای تیۆری زیندوویه‌تی ئێتنیکی زمانی گیلز و هاوکارانی هه‌ڵنراوه (1977)، ئه‌و مۆدێله حه‌ول ده‌دا له بۆچوونه‌کانی ئه‌ندامانی گرووپه‌که بگا له هه‌مبه‌ر گۆڕه‌ره زه‌قه‌کانی زیندوویه‌تی ئێتنیکی زمانی دا. شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندکانی فاکتی له سه‌ر بنه‌مای ئه‌ده‌بییاتی به‌رده‌ست و ڕاپۆرتی کۆمه‌ڵناسانه‌ی ده‌ستی یه‌که‌م که له لایه‌ن نێوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه و ڕێکخراوه نا حکوومه‌تییه‌کان له ترکییه و نووسراوه‌ی نێو گۆوار و بلۆگان سه‌باره‌ت به‌هه‌رێمی کوردستان ئاماده کرابوون به‌ڕێوه چوون. شێکردنه‌وه‌که ده‌یسه‌لمێن چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی زیندوویه‌تی ئێتنیکی زمانی کۆمه‌ڵگه‌ی زمانی ڕاده‌هێزێنن.بۆ نموونه، هه‌لکه‌وتی جوگرافیایی که‌مایه‌تی کورد، که به گشتی له ڕووی حه‌شیمه‌ته‌وه له هه‌رێمه‌که دا زۆربه‌یه، ئه‌و کارانه‌ی که له سه‌ر داڕشتنی په‌یکه‌ره‌ی زمانی کوردی کراون که تاراده‌یه‌ک بووه‌ته هۆی ده‌سته‌به‌ر کردنی ستاندارد بوونی کوردیی نووسراو، چالاکییه‌کانی کولتووری و سیاسی له سه‌ر ته‌وه‌ری ئێتنیکی که بووته هۆی ده‌سته‌به‌ر کردنی ددان پێداهاتن و ناسینی به کرده‌وه‌ی ئه‌و گه‌له و زمانه‌که‌ی،هتاد. له کاتێکدا، له لایه‌کی دیکه‌وه، له جێ‌دا پله‌و هه‌ڵکه‌وتی زاره‌کی بوونی زمانی کوردی له سه‌رتاسه‌ری سه‌ده‌کانی پێشوو دا، هه‌نگاوی زۆر توند و تێژ هه‌ڵێنان بۆ به‌رته‌نگ کردنی به‌کارهاتنی زمانه‌که له بورای گشتی دا و فت کردن و ده‌رهاویشتنی ره‌های ئه‌و زمانه له سیستمی په‌روه‌رده،ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی که شارنشینی له نێو کوردان دا سازی کردوون و هتاد، ئه‌و هۆکارانه‌ن که گه‌یشتوونه ته/ ده‌گه‌نه ئه‌و جێیه‌ی ئه‌و زمانه له هه‌مبه‌ر زمانی سه‌ر ده‌ست دابڕووخێ و هه‌ر وه‌ها به‌رته‌نگکرانی به‌کار هێنانی ته‌نێ له چه‌ند بواران دا. شیکردنه‌وه‌ی کرده‌وه‌کانی زمانی که لێره دا له به‌ر که‌می کات ته‌نێ چه‌ند ده‌رئه‌نجامێکیان نیشآن دراوه ، ده‌یسه‌لمێنن ئیدی کوردی چبڕ زمانی پێوه‌ندی نییه له نێو ئاخێوانی دا و ؛ ئه‌وه‌ی که ئاخێو هه‌تا گه‌نجتر، په‌روه‌رده‌دیتووتر، خوێنده‌وارتر بێ و له ده‌ره‌وه‌ی چوار چێوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی دا بێ زمانی کوردی که‌متر به کار ده‌هێنێ ؛ ئه‌وه‌ی که زمانی سه‌رده‌ستی ترکی له ئه‌و جۆره بوار و هه‌لومه‌رجی پێوه‌ندییانه دا که له ڕووی نه‌ریتییه‌وه کوردی یان تێدا به‌کارهاتووه هه‌بوونی خۆی تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو داسه‌پاندووه. له کۆتاییدا ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه به‌و ئاکامه گه‌یشتووه که هه‌لومه‌رجی زمانی کوردی له ترکییه وێده‌چێ نموونه‌یه‌ک بێ له " دوو زمانێتی به بێ دوو زارێتی" به پێی زاراوه‌ی جاشوا فیشمه‌ن و به‌و پێیه، پێواژۆی گۆڕانی زمانی به‌رده‌وامه.
هاشمی ئه‌حمه‌دزاده، مامۆستای لێکۆلینه‌وه‌ی کوردی، ڕۆژهه‌ڵاتناسی، زانکۆی ئێکسێتر، بریتانیا.
به‌کارهاتنی زمان له ڕۆمانه کوردییه‌کان دا
له‌ساڵی 1935 به‌م لایه‌وه ڕۆماننووسانی کورد سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش که زمانه‌که زمانی په‌روه‌رده نه‌بووه ڕۆمانه‌کانی خۆیان به‌و زمانه به‌رهه‌م هێناوه.75 ساڵ له دوای بڵاو بوونه‌وه و چاپ بوونی یه‌که‌م ڕۆمانی کوردی و به‌ره‌وپێشجوونی ڕیشه‌یی له‌و ژانره ئه‌ده‌بییه واته له ڕۆماننووسی دا، به تایبه‌تی له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوو دا، مرۆ ده‌کرێ له خۆی پرسێ چۆنه ڕۆمانی کوردی پێی کراوه نێشانه و پێداویستییه زمانییه‌کانی جێ به جێ بکا، له کاتێکدا زمانی کوردی، جگه له به‌شێکی کوردستان نه‌بێ، نه له سیستمی په‌روه‌رده دا به کار هاتووه و نه بۆ کار‌و باری ئیداری. ئه‌م نووسینه‌ی لێره پێشکێش ده‌کرێ تێده‌کۆشێ ئه‌و ڕازه‌ی ڕۆمانی کوردی وه ڕوو بخا و بناسێته‌وه، به له به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌ی که ژانری ڕوماننووسی کوردی هاوشانی یه‌کتری به سێ دیالێکتی کوردی به‌ره‌و پێش ده‌چێ. له‌وه‌ش ده‌رچێ، ووتاره‌که ئامانجی ئه‌وه‌یه ڕوونی کاته‌وه داخودا به‌کارهاتنی زمان له ڕۆمانه کوردییه‌کاندا توانیویه توانایی خۆی بۆ ساز کردنی زمانی له‌بار بۆ هه‌رکام له که‌سایه‌تییه‌کانی بدۆزێته‌وه؟ به گێڕانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ک نموونه له ڕۆمانه جێاوازه‌کان و، شێوازی خۆ ده‌ربڕین و قسه‌کردنی که‌سایه‌تی جیاواز له ڕۆمانه‌کان دا، ئه‌م ووتاره ده‌ڵێ نێشانه و خه‌سڵه‌ته‌کانی شێواز له ڕۆمانه کوردییه‌کان دا زۆر له‌وه دوورن که بتوانن هه‌رکام له‌و که‌سایه‌تیانه‌ی له ڕۆمانه‌کانیان دا جێ ده‌گرن به زمانی تایبه‌تی خۆیانه‌وه پێشکێش بکه‌ن. له ڕاستییدا، له نیشانه تایبه‌تمه‌نده‌کانی ئه‌و زمانه کوردییه‌ی که له زۆربه‌ی ڕۆمانه کوردییه‌کان دا به کارهاتوون ده‌رده‌که‌وێ له ڕۆمانه‌کان دا به شێوه‌ی سه‌ره‌کی که‌سایه‌تییه‌کان " که‌سایه‌تی پانن" و، " که‌سایه‌تی خڕ" نین. ووتاره‌که هه‌ر وه‌ها چاوی له‌وه‌ش کردووه له ڕۆمانه‌کاندا ئه‌و زمانه‌ی به‌کار هاتووه له ڕووی شێوه‌ی وتووێژه‌وه چۆنه و هه‌ر وه‌ها له ئاستی به‌ر له قسه کردن دا واته له‌و کاته دا که ڕۆماننووس حه‌ول ده‌دا بۆ شیکردنه‌وه‌ی بیری که‌سایه‌تییه‌کان به‌ر له‌وه‌ی وه‌قسه‌یان بهێنێ.
یۆنا سابار، زانکۆی کالیفۆرنیا، لوس ئانجلیس
کاردانه‌وه‌ی زمانی کوردی له سه‌ر زمانی ئارامیی نوێ
ته‌نانه‌ت ئارامی نێو ئینجیلیش کاردانه‌وه‌یه‌کی خه‌ستی فارسی به‌سه‌ره‌وه دیاره، به‌تایبه‌تی له ڕووی په‌یڤه‌وه. له‌هجه‌کانی مۆدێرنی ئارامیی نوێی ڕۆژهه‌ڵاتیش به توندی که‌وتوونه‌ته به‌ر کارتێکه‌ری فارسی و کوردییه‌وه، نه‌ک هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ی که ووشه‌یه‌کی زۆری خوازراوه‌یان ( له‌وانه ووشه‌ی که دیسان خوازراونه‌ته‌وه) له گشت بواری مانا ناسی دا تێدایه ، به‌ڵکوو کارتێکه‌ری ڕێزمانیش، له‌وانه ده‌نگسازی، ووشه ڕۆنان و سینتاکس. ئه‌و کارتێکردنانه له هێندێک بواری زمانی پسپۆڕی دا زیاترن تا ئه‌وانیتر، بۆ نموونه له مۆرفۆلۆژی ناوان دا. له ناوچه‌ی جووله‌که‌نشینی کوردستان دا ،هه‌موو که‌س کوردی ده‌زانی، کوردیی زمانی پێوه‌ندی دوو کۆمه‌ڵگه‌که و زمانی کڕین و فڕۆشتن بوو، له گه‌ڵ زمانی هاوبه‌شی جووله‌که‌یی یان مه‌سیحی ئارامیی نوێ. زۆربه‌ی موسیقا و فۆلکلۆر به گشتی کوردی بوو و به‌وشێوه‌یه کارتێکه‌ری خه‌ستی به سه‌ر ئارامیی نوێوه به‌رچاو بوو.
مکاییل ل. شایه‌ت ، کتێبخانه‌ی کۆنگره‌ی ئه‌مریکا
خه‌ونی من له مه‌ر سیستمی په‌روه‌رده‌ی کوردی
قسه‌کانم له مه‌ڕ خه‌ونی منه سه‌باره‌ت به سیستمی په‌روه‌رده‌ی کوردی که تێیدا هه‌م کورمانجی و هه‌م سۆرانی هه‌ردووکیان فێری منداڵه مه‌دره‌سه‌یی کورد بکرێ. چه‌مکی ڕێزی دوولایه‌نه له نێوان ئه‌و دوو له‌هجانه دا و هه‌ر وه‌ها له‌هجه و زمانه‌کانی دی له کوردستان دا به‌شێکه له پێواژۆی نه‌ته‌وه دروستکردنی کوردی...
(ئه‌وانه بۆچوونی منن و نوێنه‌رایه‌تی هه‌ڵوێستی خاونکاره‌که‌م واته کتێبخانه‌ی کۆنگره‌ی ئه‌مریکا ناکه‌ن)
هشیار ئوێزسۆی، زانکۆی تێگزاس له ئاوستین
تیپه سه‌رهه‌ڵداوه‌کانی W،X،Q و لایه‌نی پێگریان و پێکه‌نیناوی سه‌رکوتکردنی زمانی کوردی له ترکییه
مشتومڕی سیاسی سه‌باره‌ت به زمانی کوردی له ترکییه به تایبه‌تی دوای ده‌ستپێکردنی حه‌ول دانی ترکییه بۆ هاتنه نێو یه‌کێتی ئوڕووپا له ساڵی 1999 وه و، هه‌ر وه‌ها شوێن وه‌ده‌ستهێنان له ئاستی ئیداره‌ی ناوچه‌یی له هه‌رێمی کوردی دا له لایه‌ن پارتی لایه‌نگری کوردی هاده‌پ هه‌ر له هه‌مان ساڵ دا خه‌سڵه‌ت و گورجییه‌کی جیاواز و تایبه‌تی داوه به مشتومڕی له مه‌ڕ زمان . له ساڵی 2001 حکوومه‌تی ئیتیلافی ترکییه ماده‌ی 42ی قانوونی بنچینه‌یی هه‌موار کرد که پێشتر ئه‌و ماده‌یه به‌کار هێنانی کوردی له په‌روه‌رده‌ی ڕه‌سمی دا قه‌ده‌غه ده‌کرد.له ساڵی 2002 وه پارتیی داد و گه‌شه پێدان که هێشتا له سه‌ر ده‌سته‌ڵاته ئه‌و هه‌موار کردنه‌ی وه‌ک چاکسازییه‌ک نیشان داوه و ڕێگه‌ی داوه به به‌ڕێوه‌چوونی هێندێک مافی به‌رته‌نگی زمانیی کوردی؛ وه‌کوو په‌روه‌رده‌ی کوردی به ڕێگای کردنه‌وه‌ی ده‌وره‌ی خوسووسی،کاناڵی تێلێڤیزیۆنی ته‌ڕه‌ته شه‌ش.کردنه‌وه‌ی ئه‌نیستیتوویه‌کی زانکۆیی که له‌وێ دا زمانی کوردیش له گه‌ڵ زمانی دیکه ده‌خوێندرێ و، به ڕه‌سمی لابردنی قه‌ده‌غه له سه‌ر به‌کارهێنانی زمانی کوردی له کاتی سه‌ردانی زیندانیان له لایه‌ن خزمه‌کانیانه‌وه، به‌لانی که‌مه‌وه له‌سه‌ر کاغه‌ز. له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا زۆر له کوردان ڕه‌خنه له‌و حه‌ولانه ده‌گرن و به هه‌نگاوی که‌میان داده‌نێن و پێیان وایه بۆیه کراون بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی ترکییه بۆ ئه‌ندامه‌تی له یه‌کێتی ئوڕوه‌پا دا خۆش بکرێ و، داوخوازی زۆر ڕێفۆرمی ڕیشه‌یی تر ده‌که‌ن به‌ره‌و په‌سند کردنی ڕه‌سمی په‌روه‌رده به زمانی دایکی و به کارهاتنی ته‌واوی کوردی له خزمه‌ته‌کانی شاره‌داری و ژیانی گشتی و سیاسی دا.ئه‌من له‌م ووتاره دا به پشت به‌ستن به لێکۆلینه‌وه‌ی مه‌یدانی خۆم که‌له نێوان ساڵانی 2005 و 2008 له دیاربه‌کر (ئامه‌د) کردم بۆ وه‌رگرتنی ده‌ره‌جه‌ی دوکتورایه‌که‌م، لێره کورته‌ی ئه‌و مشت‌و مڕانه له‌سه‌ر زمانی کوردی ده‌گێڕمه‌وه، به تایبه‌تی شوێنگێڕی ئه‌و زۆردارییه جێی گریان و جێی پێکه‌نینه‌ی ده‌که‌م که ده‌وڵه‌تی ترک ده‌رحه‌ق به زمانی کوردی کردوویه و ووڵامدانه‌وه‌ی کورده‌کان به‌و زوڵمه به‌ڕێگای سیاسه‌تی نافه‌رمانی مه‌ده‌نییه‌وه. یه‌كیك له جه‌خته سه‌ره‌کییه‌کانی من له‌م ووتاره دا ئه‌وه ده‌بێ که چۆن به کارهێنانی تیپه‌کانی W،X و Q له نووسین دا – ئه‌و تیپانه‌ی که له ئه‌لفوبێی ترکی دا نین و له ڕووی قانوونییه‌وه وه‌ک " تیپی تاوانکار" ڕاو ده‌نرێن – خه‌سڵه‌تێکی سه‌رهه‌ڵداوانه‌یان په‌یدا کرد.گاڵته جاڕییان به ده‌وڵه‌تی ترک کرد، که هه‌تا ئێستاش پشت ده‌به‌ستێ به چه‌مكێکی تاکانه‌ی کولتووری، زمانی و ناسێنه‌یی وه‌ک به‌ردی بناغه‌ی کۆماری ترکییه. جا بۆیه ئه‌من باسی ئه‌و ورووژان و هه‌ڵچوونانه ده‌که‌م که به کار هێنانی تیپی W،X و Q نایانه‌وه وه‌کوو چاویلکه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه بۆ وورد بوونه‌وه له‌هه‌لومه‌رجی ئێستای مافی زمانی کوردی و خه‌باتی به‌رده‌وامی کورده‌کان له پێناو به‌کارهێنان و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی زمانه‌که‌یان له ترکییه.
سه‌رچاوه: http://www.kaes.us/
No comments:
Post a Comment