Thursday, November 25, 2010

بەنگی یڵدز: پێویستە زمانی كوردی ببێتە مەرجی خۆپاڵاوتن



بەنگی یڵدز: پێویستە زمانی كوردی ببێتە مەرجی خۆپاڵاوتن


ئاکانیوز لە ٢٢ی نۆڤامبر ئەم هاوپرسەکییەی خوارەوەی لە گەڵ بەنگی یڵدز نوێنەری ئێلحێ (باتمان)ی پارتیی ئاشتی و دێمۆکراسی کردووە سەبارەت بە زمانی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا. لە بەر گرینگی ئەو بابەتە لە ڕوانگە دا بڵاوی دەکەینەوە.

دیاربەكر 22 تشرینی دووەم/نۆڤامبر (ئاكانیوز) – بەنگی یڵدز پارلمانتاری پارتی ئاشتی و دیموكراسی "بەدەپە" رای گەیاند، پێویستە زمانی كوردی ببێتە مەرجی سەرەكی خۆپاڵاوتن بۆ ئەندامیەتی پارلمان، سەرۆك و ئەنجوومەنی شارەدارییەکان و جەختی كردەوە ئەگەر ئەم مەرجە جێ بە جێ بکرێ هەموو كەسێك فێری زمانی كوردی دەبێ .

یڵدز كە پێش 3 حەوتوو لە پارلمانی توركیا بەمەبەستی سەركۆنەكردنی قەدەخەكردنی زمانی كوردی، گوتارێكی بەكوردی پێشكێش كردبوو، بیروبۆچوونی خۆی دەربارەی دۆخ و پاشەرۆژی زمانی كوردی بۆ ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) دەربڕی.

پرسیار: لەكاتێ دادگەییكردنی ئەندامانی "بەدەپە" بەتۆمەتی هاوكاریكردنی كۆما جڤاكێن كوردستانێ "كەجەكە"، زمانی كوردی وەك "زمانی نایێتە تێگەیشتن" وەسپ كرابوو، بەبۆچوونی تۆ ئەم هەڵوێستە، هەڵوێستی دادگەیە یاخۆ هەڵوێستی دەوڵەتە؟

وەڵام: ئەمە هەڵوێستی دەوڵەتی توركیا، رێژیمی كەمالیزم و ئیتیحاد و تەرقییە. ئەو دەوڵەتانەی ئیمزایانە لەسەر یاسا نێودەوڵەتییەكانیان كردووە وپێڕۆی ناكەن، تەنیا دەوڵەتە فاشیست و دیكتاتۆرییەكانن، دەوڵەتانی دیموكرات و پێشكەوتوو كاتێ یاسایەك دادەنێن یاخۆ ئیمزای دەكەن پێوەی پابەند دەبن

پرسیار: ئایا ئێوە پرسی قەدەخەكردنی زمانی كوردی دەبەنە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی؟

وەڵام: هەڵبەت، ئێمە سەردانی دادگەی مافی مرۆڤی یەكەتیی ئورووپا دەكەین، ئەم هەنگاوە پاڵەپەستۆیەك دەخاتە سەر دادگەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆی لەبارەی زمانی كوردی بگۆڕێ، هیچ ئەندامێكی پارتی داد و گەشەپێدان "ئاكەپە" ناتوانێ لەبارەی ئەم پرسە رای خۆ بەئاشكرا رابگەینێ، كاتێ سەرۆكی پارلمانی توركیا بەئازادانە قسە دەكات هیچ پارلمانتارێكی "ئاكەپە" ناتوانێ بەڕاشكاونە بڵێ "راستە، پێویستە گەلی كورد زمانی خۆی بەكار نەهێنێ"، چونكە "ئاكەپە" هەموو جارێك بەوڵاتانی یەكەتیی ئورووپا دەڵێ "ئێمە قەدەخەی سەر زمانی كوردیمان هەڵگرتووە، ئیتر پروپاگەندە، سیاسەت و كولتوور بەزمانی كوردی ئازادە".

پرسیار: دەڵێن "ئاخاوتن بەكوردی ئازادە، بەڵام لە دەزگەكانی دەوڵەتدا قەدەخەیە"، ئایا ئەمە چ واتایەكی هەیە؟

وەڵام: ئێستە حكوومەت دەڵێ دەبێ زمانی كوردی لە دەزگەكانی دەوڵەتدا بێتە بەكارهێنان، ئەگەر قەدخە هەبێت، پێویستە وەشانی كاناڵی "تەرەتە 6" بێتە راگرتن، چونكە ئەو كاناڵەش دەزگەیەكی دەوڵەتە، بۆیە بۆمان ئاشكرا دەبێت كە هەڵوێستی دەوڵەت پێچەوانەی یاسایە.

پرسیار: ئەگەر لە دەستووردا رێگە بەبەكارهێنانی زمانی كوردی نەدرێ، چ هەڵوێستێكتان دەبێ؟

وەڵام: كورد بەهیچ شێوەیەك قەدەخە سەر زمان قبوڵ ناكات، هەر یاسایەك ناچارە زمان، مێژوو و كولتووری كوردان بناسێ، ئەگەر یاسایەك بڵێ "ئێمە 20 ملیۆن كورد ناناسین" ئایا كورد بەم یاساییە رازی دەبێ؟. گۆمانی تێیدا نییە كورد ئەم جۆرە یاسانە قبۆڵ ناكات چونكە ئاخاوتن بەزمانی دایك مافێكی سرۆشتییە، بۆیە ئێمەش ئەو یاسانەی كە كورد و زمان، مێژوو و كولتووری بەنەناسراو وەسپ دەكات، ناناسین.

پرسیار: "بەدەپە" بڕیاری داوە ئیتر سیاسەتی خۆی بەزمانی كوردی بكات، ئایا ئێوە چۆن ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن؟

وەڵام: پێویستە ئێمە لە كۆبوونەوە ناوەخۆییەكان و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ گەلدا و هەروەها لە ناو پارلمان و لە هەموو بوارێكی ژیاندا زمانی كوردی بەكار بێنین، پێویستە سیاسەتمەدار و سەركردەكانی كوردیش لەبارەی بەكارهێنانی زمانی كوردی رژد بن. ئێمە داوای پەروەردە بەزمانی كوردی دەكەین، بەڵام لە كۆبوونەوكانماندا بەزمانی كوردی قسە ناكەین، ئایا ئەمە دەكرێ؟ نەخێر بەهیچ شێوەیەك ناكرێ، ئێستە رۆژانە زمانی دایکی لەناو دەچێ، منداڵانەكانمان بەتوركی قسە دەكەن، وەك گەلیش ئێمە لە كۆڵانەكان ، بازار، خوێندنگە و لە هەموو بوارەكانی ژیاندا بەتوركی قسە دەكەین. دەبێ بزانین دوای لەدەستدانی زمان، مرۆڤ ناتوانێ هیچ شتێك بەدی بێنێ.

پرسیار: ئایا ئێوە لەمڕۆ بەدواوە لە كۆبوونەوەی هەفتانەی فراكسیۆنەكەتان لەناو پارلمان بەزمانی كوردی قسە دەكەن؟

وەڵام: بەبۆچوونی من دەبێ ئێمە لە كۆبوونەوكان پارلمان و فراكسیۆنەكەماندا ئاخاوتن بەزمانی كوردی بكەین، كاتێ سیاسەتمەدار بەزمانی كوردی قسە دەكات، دەوڵەت و فاشیستەكانی ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن و ئەمەش یەكەتیی گەلەكەمان بەرامبەر بەم هەڵوێستە بەهێزتر دەكات.

پرسیار: بەم دواییە، حكوومەتی توركیا بڕیاری دا تابلۆكان كە بەزمانی توركی و كوردی وئینگلیزی لە گوندەكانی دیاربەكر هەڵواسراون هەڵبگیرێن، ئایا ئێوە چ رێوشوێنەك لەمبارەوە دەگرنە بەر؟

وەڵام: حكوومەتی بەخۆی بڕیاریدا ئەگەر هەر گوندێك یاخۆ هەرێمەك بیەوێ ناوی خۆی بگۆڕێ، دەتوانێ بیكات، بەڵام وەك دەبینرێ ئێستە ئەو تابلۆیانەی بەزمانی كوردی و توركی هەڵواسروان لا دەبردرێن، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانیش دەڵێ ئەمە بڕیاری دادگەیە، پێشتر ئەردۆغان دەیگوت "دەستوورم گۆڕی و یاساكانیش گۆڕ دران، ئیتر كورد ئازادن و دیموكراسی بۆ هەموو كەسێك هەیە"، بەڵام ئەم لێدوانانە بێ واتان.

پرسیار: دەزگە راگەیاندنەكانی توركیا هەمیشە دەڵێن "ئێوە ئەوەندە باسی زمانی كوردی دەكەن، بەڵام پارلمانتارەكانتان نازانن بەكوردی قسە بكەن"، ئێوە چۆن ئەم پرسە چارەسەر دەكەن؟

وەڵام: لە كاتێكی نێزیكدا كۆبوونەوەیەك لەمبارەوە ساز دەكەن، پێشتر چەند جارێك باسمان لەو پرسە كردووە، هەندێك هاوڕێیەكانمان لە ناو فراكسیۆنەكەماندا توانایان هەیە وانە بەزمانی كوردی بدەن، عوسمان ئۆزچەلیكیش یەكێكە لەوان، پارلمانتارەكانمان هەر 2 تا 3 رۆژ وانەی زمانی كوردییان پێ دەگوترێ، سەرجەم پارلمانتارانی "بەدەپە" لە وانەی زمانی كوردیدا بەشدار دەبەن.

پرسیار: دەتوانی بۆمان باسی داوای پارلمانتار گایا ئەرباتۆر بۆ فێربوونی زمانی كوردی بكەی؟

وەڵام: گایا ئەرباتۆر پارلمانتاری ئەدەنەی سەر بەپارتی كۆماری گەل داوای لێ كردم كە بۆ فێربوونی زمانی كوردی هاوكاری بكەم، ئیتر پارلمانتارانی توركیش ئەوانەی كە لە شارە كوردنشینەكاندا دەژین دەیانەوێ فێری زمانی كوردی ببن، چونكە دەزانن كە قسەكردنیان بەزمانی كوردی كاریگەریەكی باشتر دەخاتە سەر هاووڵاتییانی كورد.

بەنگی یڵدز لە 15ی تشرینی دووەم/نۆڤامبری ساڵی 1965 لە باتمان (ئێلحێ) لە دایك بووە و دەرچووی كۆلێجی یاسای زانكۆی ئەستەنبووڵە، ماوەیەك وەك پەیامنێری هەفتەنامەی "یەنی ئوێلكە" كاری كردووە و هەروەها كاری پەیامنێری کردووە بۆ رۆژنامەكانی "گویندەم، دیموكراسی و ئوێلكەدە ئۆزگویر گویندەم ، دواتر بووە راوێژكار و پارێزەری شارەداریی باتمان، بۆ ماوەیەك سەرۆكی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی باتمان بوو، یڵدز لە ساڵی 2007دا بووە ئەندامی پارلمانی توركیا و هەروەها ئێستا ئەندامی كۆمیسیۆنی پارلمانی تێكەڵاوی یەكەتیی ئورووپا و تورکیایە

دیمانە: ماشەڵا دەكاك، و: هوشی مراد
سەرچاوە . ئاکا نیوز

No comments: