Thursday, November 18, 2010

ئه‌حمه‌د کایا ١٦ی نۆڤامبری ٢٠٠٠



ئه‌حمه‌د کایا ١٦ی نۆڤامبری ٢٠٠٠
عەزیزی سیامەندی

دەساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی ئاوا دا ئێمە دۆست ، هونەرمەند، شاعیر ، گۆرانیبێژ و پارێزەرێکی مافی مرۆمان لە دەست دا. ئەمن لە ژیانم دا ئەو ڕۆژە قەت لە بیر ناکەم کاتێک دوکتور پێی گوتم ئیدی هیچی لە دەست نایە و ئەحمەد ناژی. ئەحمەد لە ئاویلکەدان دا دەستی دە دەستی گویلتەن و کچەکەی دا بوو. ئەمن بە بەرچاومەوە دوادەمی ژیانی پارێزەرێکی مافی مرۆم دەدی کە لە ماوەی ژیانی دا بوێرانە بۆ پاراستنی مافی کەمایەتییەکان و ئازادییان لە هەر شوێنێک خەباتی دەکرد. ئەحمەد کایا دەیزانی گەلی کورد زوڵمی گەورەی لێ کراوە و دەیەویست ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی بە سەر شێوەی فەرمانڕەوایی لە ووڵاتەکەی دابێ، ئەو لەو کوشتوبڕە بە کۆمەڵەی کە ئەڕتەشی ترکییە بە دژی کوردەکانی کردبوو ئاگادار بوو، دەیزانی منداڵانی دێرسیم بە ساوایی کوژراون،دەیزانی خەڵک بە کۆمەڵ لە زێدی خۆیان دوور خراونەتەوە و ئەڕتەشی ترکییە گوندی کوردانی خاپوور کردووە و بە هەزاران کەسی دڵڕەقانە لە زیندانان دا توند کردووە.

ئەمن یەکەم جار بە دەم کۆنفڕانسێکی چاپەمەنییەوە لە پاریس لە گەڵ ئەحمەد ناسیاویم پەیدا کرد و ئەوە بووە سەرەتای دۆستایەتییەک کە هەتا سەر بەردەوام بوو. پێش ئەحمەدیش من یەڵماز گونەییم ناسی و ئەویش لە غەریبایەتی لە سێپتامبری ١٩٨٤ سەری نایەوە.توانایی و مرخی ئەحمەد لە گۆرانیبێژێکی ئاسایی، لە شاعیرێکی ئاسایی زیاتر بوو. ئەو لە ماوەیەکی کورت دا زۆر کاری گەورە گەورەی لە بواری موسیقا دا پێشکێش کرد. نێوەرۆکی شێعری گۆرانییەکانی کە زۆربەی بۆ خۆی دەینووسین چیرۆکی ناعەداڵەتی دەگێڕنەوە؛ چەمکێک کە ئەو قەت نەیدەویست سەری لە بەر دانەوێنێ و بەردەوام خەباتی بەدژی دەکرد. ئەو داوخوازی ئەوە بوو بتوانێ بە زمانی بە ناحەق قەدەغە کراوی خۆی ، کوردی، بچڕێ.لە ساڵی ١٩٩٨ کە خەڵاتی باشترین گۆرانیبێژی ساڵی پێ بەخشرابوو لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتەکە دا کاتێک ڕایگەیاند لێبڕاوە بە کوردیش گۆرانی بڵێ و کلیپێک بڵاو بکاتەوە، دڵڕەق و خێرنەخوازان هەر لەو ڕێورەسمەدا هێڕشیان کردە سەری و هەڕەشەی کوشتنیان لێ کرد.

ئەو بۆ ئەوەی هەر وا بە خۆڕایی نەکەوێتە زیندان و بەر ئەشکەنجەی نامرۆیانە، بە نابەدڵی ناچار بوو ووڵاتی خۆی بە جێ بهێڵێ. ئەگەر ماباوە وەک زۆر هونەرمەند و نووسەری دیکە بە پێی مادەی ٣٠١ی قانوونی سزا بە تاوانی "خیانەت بە وولات " حوکم دەدرا. ئەحمەد زۆریش دڵپەشێوی ئەندامانی بنەماڵەکەی بوو. لە ساڵی ١٩٩٩ ترکییەی بە جێ هێشت و لە دوای ناسیاویمان تا ١٨ مانگ بەردەوام لە گەڵی دە پێوەندی دا بووم. ئەمن لە ئەحمەد کایا دا ئینسانێکی گەورەی ووشیارم بەدی کرد کە دڵێ بۆ ووڵاتەکەی لێی دەدا و هەمیشە لە بیری ئەوە دابوو ڕۆژێک زووتر بگەڕێتەوە ووڵاتی خۆی. کاتێک یەکتریمان ناسی نە ئەو کوردی باش دەزانی و نە ئەمن ترکییەکەم تێری دەکرد بەڵام دوای ماوەیەک بە هاسانی لە یەکتری تێدەگەیشتین. لەو ماوە کورتەی دا کە لەهەندەران بوو لە سوید، سویس، دانمارک، ئینگلیستان و ئەڵمان چەند کۆنسێرتی پێشکێش کرد. دەساڵ لەوەپێش لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ لە ١٦ی نۆڤامبری ساڵی ٢٠٠٠ لە سەعات ٧ی بەیانی ئەمن لە نەخۆشخانە لە لای بووم کە دوکتوران هەرچی حەولیان دا نەیانتوانی ڕزگاری کەن و گیانی پاکی ئەسپارد. دوای ئەوە ئەمن واقم وڕمابوو، باوەڕم نەدەکرد ئەحمەد وا زوو بمرێ.دەمدی ئەوە گەلی کورد ڕۆڵەیەکی بە ئەمەگی خۆی لە دەست داوە. ئێستا ئەحمەد لە نێومان دا نییە ببینێ کە لە سایەی تێکۆشانی هونەرمەندی وەک ئەو ئیتر چبڕ گۆرانی گوتن بە کوردی قەدەغە نییە و خەباتی ئەو گەڵە بۆ داوخوازە ڕەواکانی هەر بەردەوامە.

No comments: