ساداتی نه‌هری یان گه‌یلانیزاده‌ی کوردستانی نێوه‌ندی
ساداتی نه‌هری یان گه‌یلانیزاده‌ی کوردستانی نێوه‌ندی
نووسینی: مارتین ڤان بڕاونێسن
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
بنه‌ماڵه‌یه‌ک له عوله‌ما که خۆیان به تۆره‌مه‌ی عه‌بدولقادری گه‌یلانی ده‌زانن ده‌ورێکی به‌رچاویان گێڕا له مێژووی کووردستانی نێوه‌ندی دا له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی 19هه‌م و به‌رایی سه‌ده‌ی 20مدا. ئه‌وان به ساداتی نه‌هری به‌نێوبانگن، نه‌هری نێوی گوندی شوێنی نیشته‌جێ بوونیان بووه له مه‌ڵبه‌ندی شه‌مزینان. شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری سه‌رۆکایه‌تی ڕاپه‌ڕێنی 1880ی کرد که کوردان به گشتی به یه‌که‌م ڕاپه‌ڕینی کوردی داده‌نێن به نێوه‌رۆک و داوخوازی ناسیۆنالیستیه‌وه. کوڕه‌کانی و نه‌وه‌کانیشی، جگه له به‌هێزکردنی هه‌ڵکه‌وتی سیاسی و ئابووری خۆیان ده‌وری سه‌ره‌کییان له بزووتنه‌وه‌ی کوردی دا گێڕاوه.
ئێمه بۆ زانیاری خۆمان سه‌باره‌ت به مێژوو و شه‌جه‌ره‌نامه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه زۆر قه‌رزداری باسیل نیکیتینین، که له‌نێوان ساڵانی 1918- 1915، کۆنسوولی ڕووسییه بوو له ورمێ، که له‌وێ له نێو په‌نابه‌رانی شه‌ڕ دا که له تورکییه‌وه هاتبوون مه‌لایه‌کی کوردی خه‌ڵکی نه‌هری ناسی، به نێوی مه‌لا سه‌عیدی قازی. مه‌لا سه‌عید بوو به مامۆستای زمانی کوردی نیکیتین و له سه‌ر داوخوازی وی زنجیره‌یه‌ک ده‌قی نووسییه‌وه سه‌باره‌ت به ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و دینی کوردستانی نێوه‌ندی، که دوایه نیکیتین وه‌ریگێڕان و بڵاوی کردنه‌وه ( نیکیتین و سۆن 1923؛ نیکیتین 1925ئا و 1928بێ). دیاره سه‌یر نییه که له‌و ریوایه‌تانه‌ی مه‌لاسه‌عید دا ساداتی نه‌هری ده‌وری نێوه‌ندی ده‌گێڕن، چونکه مه‌لا سه‌عید له سه‌روبه‌ندی ژیانی محه‌مه‌د سدیق کوڕی عوبه‌یدوڵا دا له نه‌هری مه‌لایه‌تی کرد بوو.
ڕه‌چه‌ڵه‌ک
ساداتی نه‌هری خۆیان به تۆره‌مه‌ی عه‌بدولقادری کوڕی عه‌بدولعه‌زیز ده‌زانن، که به به‌پێی نه‌ریتی بنه‌ماڵه‌یه‌یی، له ئاکرێ ( له باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی مووسڵ) دامه‌زرا و له‌وێوه فێرکرده‌کانی بابی خۆی بڵاو کرده‌وه. له دوای مه‌رگی، له ئاکرێ نێژرا، که له‌وێ به پێی قسه‌ی مه‌لا سه‌عید له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 20میشدا گۆڕه‌که‌ی هێشتا زیارهتگهیهک بوو. کوڕه‌که‌ی عه‌بدولعه‌زیز، ئه‌بووبه‌کر هێندێک به‌ره‌و باکوورتر، واته له ناوچه‌ی شاخاوی عه‌شیره‌تی هه‌رکی له شه‌مزینان دامه‌زرا.سێ یان چوار وه‌چه دواتر، یه‌ک له تۆره‌مه‌کانی مه‌لا حاجی له گوندێکی دیکه له مه‌ڵبه‌ندی شه‌مزینان ماڵی دانا، له نێو عه‌شیره‌تی درواسێی خوماروو دا. دیسان چه‌ند وه‌چه‌ی دیکه دواتر ، سه‌رۆکی بنه‌ماڵه‌که مه‌لا ساڵح له گه‌ڵ کوڕه‌کانی عه‌بدوڵا و ئه‌حمه‌د ماڵی بار کرد بۆ گوندی نه‌هری. ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه ده‌ڵێ له زنجیره‌یه‌کی نه‌پساوه دا تا سه‌رده‌می عه‌بدولعه‌زیز ته‌ریقه‌تی قادرییه‌ی بڵاو کردووه‌ته‌وه. گواستنه‌وه‌یان بۆ نه‌هری، هاوکاته له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌ردان له ته‌ریقه‌تی بنه‌ماڵه‌ییان قادرییه و وه‌خۆ کردنی ته‌ریقه‌تی نه‌خشبه‌ندییه - خالیدییه.1 سه‌یید عه‌بدوڵا ( و به پێی هێندێک سه‌رچاوه، براکه‌ی سه‌یید ئه‌حمه‌د) بوون به خه‌ڵیفه‌ی ته‌ریقه‌ت دانه‌ری گه‌وره‌ی، نه‌خشبه‌ندییه، مه‌ولانا خالید، که خۆی پێشتر به ده‌ستی سه‌یید عه‌بدولا هێنرابووه نێو ته‌ریقه‌تی قادرییه.دوای مردنی عه‌بدوڵا، برازاکه‌ی سه‌یید ته‌ها جێی گرته‌وه، که ئه‌ویش له مه‌ولانا خالید ئیجازه‌ی وه‌رگرت ( مه‌کێنزی 3-162 :1962).
چه‌ندین لکی دیکه‌ی قادرییه سلسله‌ی خۆیان ده‌بنه‌وه سه‌ر عه‌بدولعه‌زیز، به‌ڵام له هه‌موو نموونه‌کاندا لایه‌نی مێژوویی ئه‌و پێوه‌ندییه به‌به‌ڵگه‌وه ناسه‌لمێ – وه‌ک سه‌باره‌ت به به‌راییه‌کانی په‌یدا بوونی ته‌ریقه‌تی قادرییه به گشتی.جه‌ماعه‌تی جه‌لیله‌ی ئه‌فریقای باکووری، که ڕێز له شێخ عه‌بدولقادر ده‌گرن، وه‌فاداریی خۆیان ده‌به‌ستنه‌وه به بنه‌ماڵه‌یه‌کی پیرۆزی فێز به نێوی شوره‌فای جه‌لیله که ئه‌وانیش خۆیان به تۆره‌مه‌ی عه‌بدولقادر ده‌زانن به ڕێگای عه‌بدولعه‌زیز و برایه‌که‌ی ئیبڕاهیم وه (مارگۆلیوت 382: 1974). ئه‌و لکه‌ی ته‌ریقه‌تی قادرییه‌ش که ئێستا له ئێندۆنێزی زاڵه سلسله‌ی خۆی ده‌باته‌وه سه‌ر عه‌بدولعه‌زیز و جێنشینێکی به نێوی محه‌مه‌د ئه‌لهه‌تتاک.2
له سه‌رچاوه به‌راییه‌کانی عه‌ڕه‌بی دا ئاماژه به عه‌بدولعه‌زیز کراوه ( ئه‌گه‌رچی، ئه‌وانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه زیاتر له سه‌ده‌یه‌ک له دوای مردنی)، که ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ری ئه‌وه ده‌هێنێته گۆڕێ ئه‌و درێژه‌ی دابێ به فێرکرده‌کانی بابی – جا نێوه‌رۆکیان هه‌رچییه‌کی بووبێ. ئه‌لوه‌سیتی(مێژووی مردن 1343/744)ئه‌وه داده‌گرێته‌وه که عه‌بدولڕه‌ززاق و عه‌بدولعه‌زیز ته‌نیا ئه‌و کوڕانه بوون که پیشه‌یه‌کی دنیاییان نه‌گرته به‌ر( تریمینگام 42 : 1971). مارگۆلیوت ، هه‌ر وه‌ها – دیار نییه به پاڵپشتی چ سه‌رچاوه‌یه‌ک – ئاماژه ده‌کا به گوندی جه‌یال له سنجار (ڕۆژئاوای مووسڵ) و نه‌ک ئاکرێ وه‌کوو ئه‌و شوێنه‌ی که عه‌بدولعه‌زیزی لێ مرد بێ ( مارگۆلیوت 382: 1974).
ئه‌و شه‌جه‌ره‌ی له گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌یه به‌ره‌بابی سه‌ره‌کی بنه‌ماڵه‌که نیشان ده‌دا، واته ئه‌و باڵه‌ی که ئه‌ندامانی هه‌ره هه‌ڵکه‌وتوو سه‌ر به وی بوون.3 ئه‌من هیچ ئاماژه‌یه‌کم به نێوی ساداتی نه‌هری نه‌دۆزیوه‌ته‌وه به‌ر له "وه‌رگه‌ڕانیان" به‌ره‌و نه‌خشبه‌ندییه. ئه‌وان له نێوه‌ڕاست سه‌ده‌ی 18هه‌مدا نێوبانگیان بڵاو بووه‌وه، له ئاکامی ئه‌و گۆڕانانه‌ی له پارسه‌نگی هێز دا هاتنه گۆڕێ و هه‌ر وه‌ها بوونی میسیۆنێران له ناوچه‌که، که بۆ ئه‌وان ساداتی نه‌هری وه‌کوو بنه‌ماڵه‌یه‌کی سه‌ره‌کی موسوڵمانی ده‌سترۆیشتوو له هه‌رێمه‌که دا، ئاشکرا بوو هێزێک بوون که ده‌بوو حیسابیان له سه‌ر بکه‌ن و به به‌رده‌وامی باسی کاروباری خۆیانیان له گه‌ڵ بهێننه گۆڕێ.
چاکسازی ئیداری له ئیمپراتۆری عوسمانی له سه‌رده‌می سوڵتان مه‌حموودی دووهه‌م ( 1839- 1808) و عه‌بدولحه‌مید دا (1888 – 1839) کوتایی هێنا به خۆسه‌ری سلسله کورده‌کان که به چه‌ند پشت و وه‌چه حکوومه‌تیان کرد بووبه سه‌ر به‌شه ده‌ستوێڕانه‌گه‌یشتووه‌کانی کوردستان دا. له‌وانه سلسله‌ی شاملوو له حه‌کاری ( که دوایین فه‌رمانڕه‌واکه‌ی، نه‌سروڵابه‌گ ، له سه‌ر کار لا درا و له ساڵی1849 دا دورخراوه بۆ دوڕگه‌ی کرێت) و سلسله‌ی عه‌بباسی به‌گزاده‌ی شه‌مزینان. هه‌ر وه‌ک له جێی دیکه‌ی کوردستانیش دا ڕوویدا، ئه‌و کاربه‌دستانه‌ی له سه‌ر کار داندران بۆ ئه‌وه‌ی جێگای فه‌رمانڕه‌وا " فئۆداڵ" ه‌کان بگرنه‌وه، نه ڕه‌وایه‌تی و نه تێگه‌یشتنیان هه‌بوو سه‌باره‌ت به هه‌لومه‌رجی ناوچه‌یی که پێویست بوو بۆ ئه‌وه‌ی جێی خاڵی فه‌رمانڕه‌وا لادراوه‌کان بگرنه‌وه و، ئه‌وه‌ش رێبه‌رانی دینی به‌ره‌و گێڕانی ده‌وری سیاسی کشاند.4 ده‌سته‌ڵاتی ڕاسته‌قینه له ناوچه‌یه‌کی به‌ربڵاوی کوردستانی نێوه‌ندی به شێخ سه‌یید ته‌ها ئه‌سپێردرا ، که له ڕاستیدا له‌ماوه‌ی حوکماتی ساڵانی دوایی نه‌سروڵا به‌گ دا ناوبژیوان بوو له نێوان ئه‌و و ده‌سته‌ڵاتدارانی عوسمانی دا5.
شێخ سه‌یید ته‌ها زۆر به ووردی ئاگای له به‌ره‌وپێشجوونه جوگرافیاییه‌کان له هه‌رێمێکی به‌ربڵاوتر دا هه‌بوو و به تایبه‌تی نیگه‌ران بوو له گه‌وره‌بوونه‌ی بێ ئه‌ملاو ئه‌ولای ڕووسییه به‌ره‌و باشوور و ده‌سته‌ڵاتی له زێده‌ی هێزه سه‌ره‌کییه ئیمپریالیستییه‌کان ( بریتانیا،ڕووسییه و فه‌ڕانسه) به سه‌ر ئیمپراتۆری عوسمانی دا. له ماوه‌ی شه‌ڕی کڕه‌یمه دا (56- 1854) شێخ سه‌یید ته‌ها به شه‌خسه به‌شداری کرد له جیهاد به دژی ڕووسه‌کان دا.6 ئه‌و هه‌ر وه‌ها پێوه‌ندی دامه‌زراند له گه‌ڵ قاره‌مانی خۆڕاگری دژی ڕووسییه له داغستان، شێخ شامیل ( له ساڵی 1871 کۆچی دوایی کرد) و ته‌نانه‌ت وا دیاره شه‌رکه‌ری کوردیشی نارد بێ بۆ داغستان بۆ به‌شداریکردن له بزووتنه‌وه‌ی خۆڕاگری دا.7
شێخ عوبه‌یدوڵا
شێخ عوبه‌یدوڵاش نیگه‌رانییه‌کانی وه‌ک ئی بابی وا بوو، ئه‌ویش شه‌ڕی ڕووسییه - عوسمانی ساڵانی 78- 1877 بوو، که له‌و شه‌ڕه دا حکوومه‌تی عوسمانی شێخی کرده فه‌رمانده‌ی هێزه عه‌شێره‌ته کورده‌کان که ئه‌وه‌ش ئه‌وی کێشایه نێو چاڵاکیی سیاسی. ساڵێک دوای شه‌ڕ ئه‌و بۆ ماوه‌یه‌کی کورت له دژی ئیداره‌ی هه‌رێمیی عوسمانی ڕاپه‌ڕی و، سه‌لماندی له ووزه‌ی داهه‌یه له کوردستانی نێوه‌ندی دا ده‌سته‌ڵاتێکی کاریگه‌ر دامه‌زرێنێ و، له ساڵی 1880 دا ئه‌ڕته‌شی عه‌شیره‌تی وه‌فادار به شێخ په‌لاماریان کرده سه‌ر ناوچه دراوسێیه‌کانی ئێران، به مه‌به‌ستی لا بردنی ئیداره‌ی نابه‌جێ و بێکه‌لکی ئێرانی و دامه‌زراندنی حوكمی شێخ عوبه‌یدوڵا له جیاتیان. به‌ڵگه‌به‌ده‌سته‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه وه‌کوو یه‌که‌م ڕاپه‌ڕینی کوردی به هه‌بوونی لایه‌نێکی ئاشکرای ناسیونالیستی دابندرێ. له پێوه‌ندیی نامه‌یی له گه‌ڵ بێگانان دا شێخ باس له کورده‌کان وه‌ک گه‌ڵێکی جوێ ده‌کا – به‌تایبه‌تی ده‌بێ مه‌به‌ستی له جوێ بوون له هه‌رمه‌نییان بێ، که ئاوری ناسیونالیسمه‌که‌یان له لایه‌ن ڕووسه‌کانه‌وه خۆش ده‌کرا – و گله‌یی و گازه‌نده ده‌کا له ئیداره‌ی گه‌نده‌ڵی ئێران و عوسمانی. کاربه‌ده‌ستانی عوسمانی و میسیۆنێر و کۆنسووله بێگانه‌کانیش له هه‌رێمه‌که‌دا له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوون که شێخ مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی ئه‌میرنشینێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی بوو.
ده‌وری نیزامی شێخ له شه‌ڕی ڕووسیه- عوسمانی دا هه‌ڵکه‌وتی وی ( هه‌ر وه‌ها ته‌سه‌وری وی له سه‌ر خۆی) داگرته‌وه وه‌کوو ڕێبه‌رێکی کوردی ئه‌و په‌ڕی جێی ڕێز و حورمه‌ت له نێو خه‌ڵک دا. زۆربه‌ی ئه‌و چه‌ک وچۆڵه‌ی له‌ماوه‌ی شه‌ڕی نێوبراو دا درا بوو به عه‌شیره‌ته‌کان له کوردستان مابووه‌وه، ئه‌وه‌ش هه‌ڵکه‌وتی شێخی ئه‌وه‌نده‌ی دیکه به‌هێزتر کرد.هۆکاری سه‌ره‌كی که بووه هۆی ڕاپه‌ڕینی وی ڕه‌نگه ئه‌و ته‌سه‌وره‌ی بووبێ که ههرمهنییهکانی وان، به پاڵپشتی نێونه‌ته‌وه‌یی، خه‌ریکی خۆ ئاماده کردن بن بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ و ئه‌وه‌ی که نه‌ستووررییه‌کانی ناوچه‌ی خۆشی داوخوازی پاراستنیان کرد له بریتانیا.8 هۆیه‌کی دیکه‌ش که ئه‌و به به‌رده‌وامی ئاماژه‌ی پێ ده‌کرد،حوکمداری خراپ و زوڵم و زۆرداری ئیداره‌ی ناوچه‌یی و ده‌سته‌وه‌ستان بوونی بۆ پێشگیری له تاڵان وبڕۆی عه‌شیره‌ته کۆچه‌ره گه‌وره‌کانی هه‌رکی و شکاک بوو. له ساڵی 1879 ئه‌و بۆ ماوه‌یه‌کی کورت له دژی ئیداره‌ی هه‌رێمیی عوسمانی ڕاپه‌ڕی له‌به‌ر کێشه‌یه‌ک له گه‌ڵ حاکمی گه‌وه‌ر.سه‌ره‌ڕای دژپه‌لامارێکی کوردی بۆ سه‌ر گوردانێکی عوسمانی که بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی نه‌زم و ئارامی ناردرابوو، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به شێوه‌یه‌کی دۆستانه یه‌کلا کرایه‌وه، کاربه‌ده‌ستی هێرشکار له سه‌ر کار لادرا و نیشانی فه‌خری درا به شێخ و مووچه‌ی بۆ بڕدراوه له به‌ر خزمه‌ته‌کانی له شه‌ڕی ڕابردوو دا.
به له به‌ر چاو گرتنی دژایه‌تییه‌کانی شێخ له گه‌ڵ ئاواته‌کانی هه‌رمه‌نییه‌کان، ئه‌وه چاوڕاکێشه که پێوه‌ندی و دان و ستاندنه‌کانی وی له گه‌ڵ ئه‌و عیساییانه‌ی له نیزیکه‌وه دراوسێی بوون، واته نه‌ستوورییه‌کان، له ماوه‌ی ڕاپه‌ڕینی 1880 دا زۆر باش بوو؛ له ڕاستییدا، له به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بووبێ، له‌و ڕاپه‌ڕینه‌دا نه‌ستوورییه‌کان پشتیوانی‌یان لێ ده‌کرد.ئه‌و هه‌ر وه‌ها پێوه‌ندی له گه‌ڵ ئه‌و میسیۆنێره بێگانانه‌ی له هه‌رێمه‌که دا کاریان ده‌کرد دامه‌زراند، که به‌گشتی بیر‌و ڕایان له سه‌ر وی باش بوو.له ماوه‌ی په‌لامار دانی ئێران دا،ژن براکه‌ی که خه‌ڵیفه‌شی بوو، واته شێخ محه‌مه‌د سه‌عید به کۆنسوولی گشتی بریتانیا و ئه‌و میسیۆنێره ئه‌مه‌ریکاییانه‌ی که له ورمێ بوون گوت ئامانجی عوبه‌یدوڵا "نه‌هێشتی ڕێگری و چه‌ته‌یی، دامه‌زراندنه‌وه‌ی هێمنی و ئاسایشت له سنووره‌کانی تورکییه و ئێران، ده‌سته‌به‌رکردنی یه‌کسانی مه‌سیحییه‌کان و موسوڵمانه‌کان، لایه‌نگری له په‌روه‌رده و، ڕێگا دانه بۆ ساز کردنی کلیسا و مه‌دره‌سان"و، ئه‌و داوخوازی پشتیوانی مه‌عنه‌وی ئوڕووپاییه بۆ وه‌دیهێنانی پڕۆژه‌که‌ی (جووه‌یده: 239: 1960).
که وابوو ئه‌و ڕاپه‌ڕینه هه‌ر ئه‌وه نه‌بوو که کورده‌کان بخاته هه‌ڵکه‌وتی دژایه‌تی له گه‌ڵ مه‌سیحییه‌کانی ناوچه یان گرووپه ئێتنیکییه‌کانی دیکه.سه‌ربازانی شێخ که له سێ ئه‌ڕته‌ش دا ڕێک خرابوون له لایه‌ن دوو کوڕه‌کانی محه‌مه‌د سدیق و عه‌بدولقادر و ژن براکه‌ی محه‌مه‌د سه‌عیده‌وه فه‌رمانده‌یی ده‌کران، و ئه‌و له‌شکرانه له‌ئه‌ندامانی زۆربه‌ی عه‌شیره‌ته‌کانی هه‌رێمه‌که پێک هاتبوون و ئه‌وه‌ش دیسان ده‌یسه‌لماند ده‌سته‌ڵاتی شێخ ده‌توانێ له سه‌رووی دابه‌شبوون و کێشه عه‌شیره‌تییه‌کان دا بێ.9 یه‌ک له ئامانجه‌کانی په‌لاماردانی ئێران که ڕاگه‌یاندرا ته‌نبێ کردنی عه‌شیره‌تی گه‌وره‌ی شکاک بوو که زۆرجار جووتێرانی کورد، ئازه‌ری و نه‌ستووری ده‌شتی ورمێی تاڵان ده‌کرد. ، وه‌ک ڕوویدا له‌شکری شێخ‌یش ده‌ستیان له تاڵان نه‌گێڕایه‌وه، به‌ڵام له شارۆچه‌که‌کانی کوردنشینی ناوچه‌که پێشوازییان لێ کرا و عه‌شیره‌ته کورده‌کانی ناوچه له‌گه‌ڵیان که‌وتن و کاربه‌ده‌ستانی ئێرانی هه‌موو هه‌ڵاتن.
دوای ئه‌وه‌ی دانیشتوانی ئازه‌ری (شیعه‌ی) شارۆچکه‌ی میاندواو دژایه‌تی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یان کرد و نوێنه‌رانی کوردیان کوشت که هاتبوون بۆ داوخوازی پیتاک بۆ له‌شکریانی شێخ بزووتنه‌وه‌که خه‌سڵه‌تێکی دژی شیعه‌ی په‌یدا کرد. ده‌گوترێ مه‌لای سه‌ره‌کی ساوجبولاغ (مه‌هاباد) فتوایه‌کی ده‌رکرد،تێیدا بانگه‌وازی جیهادی کرد به دژی شیعان و، ئه‌وه‌ش ده‌توانێ ده‌ورێکی گرینگی گێڕا بێ.10 میاندواو په‌لامار درا و چه‌ندین هه‌زار که‌س له دانیشتوانی قه‌تڵی عام کران. له‌شکریانی کورد له‌و به‌ره‌یه دا که شێخ عه‌بدولقادر فه‌رمانده‌یی ده‌کردن به‌رده‌وام بوون له په‌لامار دانی زیاتری خاکی ئازه‌ری و ده‌ره‌وه‌ی شارانیان تا نیزیک مه‌راغه چه‌پاند و تاڵان کرد.
سه‌رکوت کردنی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه به ده‌ست له‌شکری ئێران هه‌ر ئاوا خوێناوی بوو ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بووبێ. ئه‌رته‌شی ئێران بێ فه‌رق و جیاوازی دانان خه‌ڵکی ده‌کوشت، نه‌ک هه‌ر کورده‌کان، به‌ڵکوو نه‌ستوورییه‌کانی ده‌شتی ورمێ‌ش. ئه‌وه‌ی که تا ئه‌و ده‌می له هێزه عه‌شیره‌تییه‌کانی شێخ مابووه‌وه هه‌ڵوه‌شا و چوونه‌وه ماڵێ له‌و به‌ری سنوور. شێخ و کوڕه‌کانیشی گه‌ڕانه‌وه بۆ شه‌مزینان. بۆچوونی شێخ عوبه‌یدوڵا له ئاست حکوومه‌تی عوسمانی و هه‌ر وه‌ها بۆچوونی حکوومه‌ت له ئاست شێخ، له کاتی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه دا وا وێده‌چێ ڕارایانه بووبێ. شێخ هیچ کاتێک باسی نه‌مانی وه‌فاداری خۆی له ئاست سولتانی نه‌کرد (که دیاره ئه‌وی وه‌ک خه‌ڵیفه ده‌ناسی)، به‌ڵام هێندێک له کاربه‌ده‌ستانی عوسمانی و هه‌ر وه‌ها میسیۆنێره‌کان له سه‌ر ئه‌و باوه‌ره بوون که ئه‌و حه‌ول ده‌دا بۆ جوێبوونه‌وه له ئه‌سته‌نبوولیش. حکوومه‌ت هه‌تا بڵێی به نه‌رمی له گه‌ڵی جووڵایه‌وه‌و هێندێک له چاوه‌دێران له‌و بڕوایه دابوون حکوومه‌ت ناڕاسته‌وخۆ پشتیوانی لێ ده‌کا بۆ وه‌گه‌رخستنی کورده‌کان وه‌کوو ده‌سته‌به‌رێک له ئاست مه‌ترسی گه‌وره‌تری ناسیۆنالیسمی هه‌رمه‌نی.11
له دوای ته‌واو بوونی ڕاپه‌ڕینه‌که شێخ بانگ کرا بۆ ئه‌سته‌نبووڵ، به‌ڵام ئه‌و پێشوازییه‌ی که وه‌ک قاره‌مانێک لێی کرا له هه‌موو جێیه‌ک له سه‌ر ڕێگا ئه‌وه‌ی سه‌لماند ئه‌و وه‌ک ڕاپه‌ڕیوێکی ئاسایی مامڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناکرێ. دوای مانه‌وه‌یه‌کی تۆبزی یه‌ک ساڵه له ئه‌سته‌نبووڵ ئه‌و دیسان چووه‌وه شه‌مزینان. له ژێر گوشاری ده‌ره‌وه‌یی دا، دیسان ده‌سته‌ڵاتداران گرتیانه‌وه، ئه‌وجار دووریان خسته‌وه بۆ مه‌که و له‌وێ له ساڵی 1883 دا سه‌ری نایه‌وه.12
شێخ محه‌مه‌د سدیق (کۆچی دوایی 1911)
محه‌مه‌د سدیق، کوڕی گه‌وره‌ی عوبه‌یدوڵا، ڕێگای درا بگه‌ڕێته‌وه نه‌هری و له‌وێ جێی بابی بگرێته‌وه وه‌کوو که‌سی هەرە ده‌سترۆیشتووی کوردستانی نێوه‌ندی – هه‌ڵکه‌وتێکی که ئه‌و ده‌بوو به به‌رده‌وامی له ئاست شێخ و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته ڕقه‌به‌ره‌کان دا بی پارێزێ. دیکسۆن (1910) وه‌ک ڕێبوارێک باسی ئه‌و ڕقه‌به‌رییانه ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی هه‌ره چاوڕاکێش سه‌باره‌ت به به‌سه‌رهاته‌کانی محه‌مه‌د سدیق، بێگومان ریوایه‌تی مه‌لا سه‌عید، میرزای پێشوویه‌تی ، که بۆ نیکیتینی نووسیوه ( نیکیتین و سۆن 1923) ئه‌وه ڕیوایه‌تێکی به‌رزه که باسی ئه‌وه ده‌کا شێخ چ شێوازێکی به‌کار هێناوه بۆ ئه‌وه‌ی ڕقه‌به‌رایه‌تی بخاته نێوان سوتۆ و تاتۆ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌فاداری هه‌ر دووکیان به‌ره‌و لای خۆی مسۆگه‌ر بکا.
مێسیۆنێر و.ئه‌ی. ویگرامیش ڕیوایه‌تێکی سه‌رنجڕاکێشی هه‌یه سه‌باره‌ت به کار و چالاکی ئابووری شێخ محه‌مه‌د سدیق و پێوه‌ندی وی له گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتدارانی عوسمانی. " [ شێخ محه‌مه‌د سدیق] که، له‌بابی زیره‌کتر بوو، له ڕاسته‌قینه‌ی هێز ڕازی بوو و به‌ڕێگای قاچاغی تووتن له ئاستێکی به‌ربڵاو دا سه‌روه‌ت و سامانێکی زۆری وه‌سه‌ر یه‌ک نابوو.کاروانه‌کانی به‌ره‌و خواروو ده‌چوون بۆ ئێرانێ، که زۆر جار له سه‌د یه‌ستر پێک ده‌هاتن؛ ئه‌وه‌ش به سه‌روه‌به‌رنه‌هێنانی ئاشکرای کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌ت و؛ به‌شێکی زۆر له داهاتی ئه‌وه ده‌درا به تفه‌نگ که به قاچاغی له ڕووسییه‌وه ده‌هێندرا بۆ ورمێ." 13 شێخ هێندێک له دراوی خۆی له بانکێکی بریتانیای دا پاشکه‌وت کرد ( که داوای له ویگرام کرد بۆی هه‌ڵبژێرێ) ؛ ئه‌و ده‌بێ یه‌که‌م سه‌رۆکی کورد بوو بێ که دراوی له هه‌نده‌ران دانابێ. هه‌م قایممقام (حاکمی ناوچه‌یی) و هه‌م پشکنێری قۆرغی تووتنی ده‌وڵه‌تی (ڕێژی) له شوێنی ئاوا ده‌ژیان که شێخ به ده‌ستئاواڵه‌ییه‌وه پێی دابوون و ئه‌وه‌ش ئه‌وانی خستبووه دۆخێکه‌وه که نه‌یان ده‌توانی به شێوه‌یه‌کی جیدی ده‌ست له کاروباره‌کانی شێخ وه‌رده‌ن.14
سه‌یید عه‌بدولقادر ( کۆچی دوایی 1925)
برای چکۆڵه‌تری محه‌مه‌د سدیق که له‌گه‌ڵ بابی دوورخرابووه‌وه بۆ مه‌که هه‌تا کوده‌تای تورکه گه‌نجه‌کان له ساڵی 1908 له‌وێ مایه‌وه و ئه‌و کوده‌تایه هه‌لی ئه‌وه‌ی بۆ ڕه‌خساند له ئه‌سته‌نبووڵ دامه‌زرێ. نیوبانگی بنه‌ماڵه‌که‌ی هه‌م له نێو ئاریستۆکڕاسی کورد و هه‌م له نێو "پڕۆلێتاریا"ی کورد، حه‌ماڵی کورد دا ڕێز و حورمه‌تێکی زۆری بۆ په‌یدا کرد.ئه‌و کرا به ئه‌ندامی شوورایی دێڤله‌ت ( شووڕای ده‌وڵه‌ت، مه‌جلیسی سه‌نای عوسمانی)، که دواتر ته‌نانه‌ت بوو به سه‌رۆکی ئه‌و شووڕایه‌ش. ئه‌و هه‌ر وه‌ها کرا به که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی، یان یه‌کێک له که‌سایه‌تییه سه‌ره‌کییه‌کانی یه‌که‌م کۆمه‌ڵه‌ی کوردی واته، کورد ته‌عاون و ته‌ره‌قی جه‌معییه‌تی که هه‌ر هه‌مان ساڵ، واته ساڵی 1908 له ئه‌سته‌نبووڵ دامه‌زرا. ئه‌وه ڕێکخراوه‌یه‌کی ناپایه‌دار بوو و دوای ئه‌وه‌ی ڕێژیمی نوێ ڕووی له ده‌سته‌ڵاخوازی نا،نه‌ما، به‌ڵام هه‌ڵوێستی سه‌یید عه‌بدولقادر وه‌کوو ڕێبه‌ری مه‌عنه‌وی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له ئه‌سته‌نبووڵ وه‌کوو خۆی مایه‌وه. به دوای کۆچی دوایی براکه‌ی شێخ محه‌مه‌د سدیق له ساڵی 1911، بۆ ماوه‌یه‌کی کورت گه‌ڕاوه نه‌هری بۆ ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ک جێنشینی وی دامه‌زرێنێ به‌ڵام دواتر ناچار بوو سه‌ر وه‌به‌ر برازاکه‌ی ته‌های دووهه‌م بهێنێ که به‌ڵێنی دایه له‌وه‌و دواوه نێوە نێوە به‌شه داهاتی باشی بۆ بنێرێ بۆ ئه‌سته‌نبووڵ.
له دوای بڕانه‌وه‌ی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی کاتێک سه‌رۆک کۆماری ئه‌مه‌ریکا ویلسۆن فکری دیاریکردنی چاره‌نووسی نه‌ته‌وانی ڕاگه‌یاند ، ئه‌وه کاردانه‌وه‌یه‌کی قووڵی کرده سه‌ر نوخبه‌ی ده‌سته جۆر به‌جۆره ئێتنیکییه‌کانی نێو ئیمپڕاتۆری، ئێمه دیسان سه‌یید عه‌بدولقادر له ڕێبه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی کوردی، کورد ته‌عالی جه‌معییه‌تی دا ده‌بینن. ئه‌وه زۆر ڕێکخراوه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌تر بوو له ئه‌وه‌ی پێشوو و، زنجیره‌یه‌کی زۆر چالاکی کولتووری و په‌روه‌رده‌یی ئه‌نجام دا. ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه بیر‌و ڕای جیاوازیان هه‌بوو سه‌باره‌ت به ئه‌وه‌ی که کامه‌یه‌ک له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کوردان ده‌بێ بپارێزدرێ. هێندێکیان بیریان له ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی ده‌کرده‌وه، سه‌یید عه‌بدولقادر سه‌رۆکی ئه‌ولایه‌نه بوو که لایه‌نگری ده‌ره‌جه‌یه‌ک له لامه‌رکه‌زی بوو به‌ڵام له به‌ر هۆی دینی و مه‌سه‌له‌ی دیکه دژی جوێبوونه‌وه له پاشماوه‌ی ئیمپراتۆری بوو.15
به دوای سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاره‌کی که‌ماڵیسته‌کان دا، سه‌یید عه‌بدولقادر په پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی لایه‌نگرانی باڵی کوردی جیاوزیخواز که هه‌ڵاتن بۆ هه‌نده‌ران، له ئه‌سته‌نبووڵ مایه‌وه. بڕیاره‌که‌ی بۆ مانه‌وه به قیمه‌تی گیانی خۆی و کوڕه‌که‌ی محه‌مه‌د ته‌واو بوو. به دوای تێک شکانی یه‌که‌م ڕاپه‌ڕینی کوردی له تورکییه‌ی کۆماری دا، واته، ڕاپه‌ڕینی شێخ سه‌عید له ساڵی 1925، شێخ عه‌بدولقادر و کوڕه‌که‌ی هه‌ردووکیان له سێداره دران، ئه‌گه‌رچی به ڕواڵه‌ت ئه‌وان هیچ به‌شدارییه‌کیان له‌و ڕاپه‌ڕینه دا نه‌ببوو. ده‌ستڕۆیشتوویی و خۆشه‌ویستی زۆری سه‌یید عه‌بدولقادر له نێو کورده‌کان دا بۆی ببوو به سه‌رئێشه‌یه‌کی گه‌وره. کوڕێکی دیکه‌ی ، عه‌بدوڵا گه‌ڕاوه بۆ شه‌مزینان ( که سه‌رۆکی بنه‌ماڵه، واته سه‌یید ته‌های دووهه‌م، ئیدی له‌وێ نه‌ده‌ژیا) و له‌وێ، به یارمه‌تی شه‌ڕکه‌رانی عه‌شیره‌تی گه‌ردی ، بۆ ماوه‌یه‌کی کورت گوندی نێوه‌ندی نێوچیای داگیر کرد و شه‌ش ئه‌فسه‌ری تورکی کوشت. ماوه‌یه‌کی دڕێژی پێ نه‌چوو که ئه‌و ڕای کرد و په‌نای برده بەر ئه‌و شوێنانه‌ی که له ژێر کۆنتڕۆڵی بریتانیاییه‌کان دا بوون.16
له ساڵی 1926 ئاخره‌که‌ی مه‌سه‌له‌ی سنووری نێوان تورکییه و عێڕاق یه‌کلا کرایه‌وه،ویلایه‌تی پێشووی عوسمانی مووسڵ، که که‌متازۆر بریتی بوو له باشووری کوردستان، خرا سه‌ر عێڕاق. ناوچه‌ی شه‌مزینان ده نێو تورکییه دا مایه‌وه، به‌ڵام ئه‌و ناوچانه‌ی که شه‌مزینان هه‌میشه تێکه‌ڵی و پێوه‌ندییه‌کی زۆر نیزیکی له‌گه‌ڵیان هه‌بوو واته برادۆست و بارزان، له‌وه‌و دواوه به‌شێک له عێڕاق بوون. نه‌هری که‌وته سه‌ر سنووری سێ ده‌وڵه‌تان که له هه‌ر سێکیان دا ساداتی نه‌هری زه‌وی وزار و موڵکی زۆریان هه‌بوو.17 له ساڵه‌کانی دواتر دا ئێمه ئه‌ندامانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه ده‌بینن که له عێڕاق و هه‌ر وه‌ها تورکییه و ئێران له چالاکی سیاسی دا به‌شدار بوون.
سه‌یید ته‌های دووهه‌م ( کۆچی دوایی. 1939)
سه‌یید ته‌های دووهه‌م. کوڕی گه‌وره‌ی محه‌مه‌د سدیق،بۆچوون و مه‌یلی سیاسی له باپیری خۆی به ئیرس پێ بڕابوو و ده‌یزانی چلۆن په‌ره به به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی خۆی بدا،له هه‌مان کاتدا نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی کورده‌کان وه‌کوو گه‌لێک بکا. به‌ر له شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و له ماوه‌ی شه‌ڕ دا ئه‌و چه‌ندین جار پێوه‌ندی به ڕووسه‌کانه‌وه کرد به‌مه‌به‌ستی ڕاکێشانی پشتیوانیان بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کوردی.18 وا وێده‌چێ ئه‌و ماوه‌یه‌کی به‌رچاو له خاکی ڕووسییه دا ژیا بێ،چونکه ئه‌فسه‌رێکی بریتانیایی که دواتر له عێڕاق چاوی پێی که‌وت هه‌ستی پێ‌کرد ئه‌و به ڕووسییه‌کی باش و هێندێکیش به زمانی فه‌رانسه‌یی قسه ده‌کا.( هه‌ی 353: 1921)
دوای شه‌ڕی یه‌که‌م، که‌مالیسته‌کان که مه‌به‌ستیان ئه‌وه بوو کوردستان له کۆنتڕۆڵی بریتانیاییه‌کان ده‌ر بهێنن، پێوه‌ندییان پێوه کرد و پێشنیازیان پێ کرد له مه‌جلیسی نه‌ته‌وه‌یی دا کورسییه‌ک وه‌ربگرێ، به‌ڵام سه‌یید ته‌ها له‌و بڕوایه دا بوو به‌رژه‌وه‌ندی وی زیاتر له سه‌ربه‌خۆیی کورد دایه.ئه‌و له ساڵی 1919 له عێڕاق پێوه‌ندی کرد بە بریتانیاییهکانەوە بۆ ئه‌وه‌ی داوای پشتیوانی‌یان لێ بکا بۆ پڕۆژه‌یه‌کی ئه‌وتۆ و هێزی خۆی له‌گه‌ڵ سمکۆ سه‌رۆک عه‌شیره‌تی شکاک یه‌ک خست ، که بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک ناوچه‌یه‌کی به‌ربڵاوی له به‌ری سنووری ئێران کۆنتڕۆڵ ده‌کرد له سه‌ر وه‌به‌رنه‌هێنانه‌کی ته‌واو دا به دژی ده‌سته‌ڵاداریی نێوه‌ندی. دوای شکانی سمکۆ به ده‌ست ئه‌ڕته‌شی ئێران له مانگی ئووتی ساڵی 1922 دا، سه‌یید ته‌ها له سنوور په‌ڕییه‌وه و چووه عێڕاق و له وێ پێشنیازی خۆی به بریتانیاییه‌کان ڕاگه‌یاند که ئاماده‌یه دژی که‌ماڵیسته‌کان هاوکاریان بکا ( ئه‌و ده‌می بریتانیاییه‌کان له ڕه‌واندز حوزووری نیزامی‌یان دامه‌زراندبوو و عه‌شیره‌تی جۆر به جۆری کوردیان له هه‌رێم به‌ره‌و لای خۆیان ڕاده‌کێشا). بریتانیاییه‌کان که ته‌سه‌ورێکی باشیان له مهر وی هه‌بوو و بۆ ماوه‌یه‌ک ئه‌ویان به هاوپه‌یمانێکی زۆر باشتر ده‌زانی له شێخ مه‌حموودی سلێمانی که له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه جێی باوه‌ر نه‌بوو، کردیان به قایممقامی (حاکم) مه‌ڵبه‌ندی ڕه‌واندز. دوای کۆتایی هاتنی ئینتیدابی بریتانیا سه‌یید ته‌ها له گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتدارانی عێڕاق نێوانی تێک چوو و له ساڵی 1932 ئاودیوی ئێران بوو. ڕه‌زا شا به زۆر له تاران ڕای گرت و له وێ له ساڵی 1939 دوای نه‌خۆشییه‌کی جێی گومان سه‌ری نایه‌وه.19
شێخ عه‌بدوڵا ئه‌فه‌ندی و کۆلۆنێل عه‌بدولعه‌زیز
دوای ڕاپه‌ڕینێکی کورت له شه‌مزینان، کوڕی سه‌یید عه‌بدولقادر، عه‌بدوڵا له عێڕاق ده‌ژیا و کوڕه‌که‌ی خۆی عه‌بدولعه‌زیزی نارد بۆ کالیجی عه‌سکه‌ری له به‌غدا، ئه‌وه‌ش نیشان ده‌دا ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه له‌وێ ئه‌زموونی دژواریی سیاسی‌یان نه‌بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له ساڵی 1941، شێخ عه‌بدوڵا عێڕاقی به‌جێ هێشت و له ئێران له ناوچه‌ی مه‌رگه‌وه‌ڕ له باشووری ڕۆژئاوای ورمێ دامه‌زرا، که له‌وێ خێزانه‌که موڵک و زه‌وی و زاڕێکی زۆریان هه‌بوو.20 تا ئه‌و ده‌می عه‌بدولعه‌زیز ببوو به ئه‌فسه‌رێکی ئه‌ڕته‌شی عێڕاق و له ساڵی 1945 له گه‌ڵ چه‌ند ئه‌فسه‌ری دیکه‌ی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد له پێوه‌ندی که‌وتن له گه‌ڵ کۆڕ وکۆمه‌ڵه کوردییه ناسیۆنالیسته‌کان.
هه‌م شێخ عه‌بدوڵا و هه‌م شێخ عه‌بدولعه‌زیزچالاکانه به‌شدارییان کرد له جمهووری که‌م ته‌مه‌نی مه‌هاباد (1946) دا ، ئه‌گه‌رچی ده‌وری سه‌ره‌کییان نه‌بوو.عه‌شیره‌ته‌کانی هه‌رێمه‌که لایه‌نگری ڕێبه‌ری شێخ عه‌بدوڵا بوون، به‌ڵام ناسیونالیسته شارنشینه‌کان لایه‌نگرییان له قازیی محه‌مه‌د کرد وه‌کوو ڕه‌ئیسی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و ڕه‌ئیس جمهووری کوردستان. ( شێخ عه‌بدوڵا به که‌سێکی لایه‌نگری بریتانیا داده‌ندرا، که ئه‌وه نه به‌دڵی لاوه ناسیۆنالیسته‌کانی مه‌هاباد و نه به‌دڵی ڕووسه‌کان بوو که هۆکارێکی هه‌میشه‌یی بوون له پشتی په‌رده دا).
چه‌کدارانی لایه‌نگری شێخ ته‌نێ هێزێکی پچووک بوون له هێزه چه‌کداره‌کانی جمهووری 21. ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ی شێخ عه‌بدوڵا هه‌لی ئه‌وه‌ی ڕه‌خساند دوای شکانی جمهووری به ده‌ست ئه‌ڕته‌شی ئێران، ئه‌و هه‌ڵکه‌وت و ده‌سته‌ڵاتی خۆی بپارێزێ – به پێچه‌وانه‌ی قازیی محه‌مه‌د، که له سێداره درا و، فه‌رمانده‌ی نیزامی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، که به شه‌ڕ ڕێی خۆی ده‌رکرد به‌ره‌و تاراوگه له یه‌کێتیی شووڕه‌وی. شێخ عه‌بدوڵا ته‌نانه‌ت وه‌ک ناوبژیوان له وتووێژه‌کانی نێوان ئه‌ڕته‌شی ئێران و عه‌شێره‌تی بارزانی که جێیه‌که‌یان به‌جێ ده‌هێشت ده‌وری گێڕا.
عه‌بدولعه‌زیز که هه‌رچییه‌ک بێ ئه‌فسه‌ڕێک بوو که ئه‌ڕته‌شی عێڕاقی به جێ هێشتبوو، له گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا و پیاوه‌کانی چوو بۆ یه‌کێتیی شووڕه‌وی. [ تێبینی وه‌رگێڕ: سه‌یید عه‌بدولعه‌زیز نه‌ک له کاتی چوونی بارزانییه‌کان به‌ره‌و ئازه‌ربایجانی شووره‌وی، به‌ڵکوو له زه‌مانی جمهووری کوردستان له گه‌ڵ خوێندکارانی دیکه‌ی کورد دا له مانگی ئاوریلی ساڵی 1946 بۆ په‌روه‌رده نێردرا بۆ باکۆ] ئه‌و دووساڵ به تۆبزی ناچار کرا له سیبری بژی و وه‌ک کرێکاری فابریک کار بکا، به‌ڵام دوای نه‌مانی ستالین توانی له لێنینگڕاد درێژه به‌خوێندن بدا.دوای کوده‌تای قاسم له ساڵی 1958 له گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا گه‌ڕاوه عێڕاق و دیسان له سیاسه‌تی ناسیۆنالیستی کوردی دا ده‌ستی به‌چالاکی کرده‌وه.وه‌کوو ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان له‌و دووبه‌ره‌کییه‌ی دا که هاته گۆڕێ ئه‌و لایه‌نی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و جه‌لال تاڵه‌بانی گرت به دژی بارزانی له کێشه‌یه‌ک دا که له به‌راییه‌کانی ساڵانی 1960کانه‌وه بزووتنه‌وه‌ی به دوو باڵ دابه‌ش کرد. له ساڵی 1964 بارزانی سه‌یید عه‌بدولعه‌زیزی زیندانی کرد و، شێخ عه‌بدوڵا ناچار بوو هه‌موو قسه ڕۆیشتوویی خۆی لای ده‌سته‌ڵاتدارانی ئێران به‌کاربهێنێ بۆ ئه‌وه‌ی گوشار بهێنن بۆ سه‌ر بارزانی بۆ به‌ردانی سه‌ید عه‌بدولعه‌زیز. له‌و ده‌مییه‌وه ئه‌و له ورمێ (ڕه‌زائییه) و دوایین گوندی که له مه‌رگه‌وه‌ڕ به‌ده‌ست بنه‌ماڵه‌که‌وه ماوه ده‌ژی.22
[ تێبینی وه‌رگێڕ: سه‌ید عه‌بدوڵا ئه‌فه‌ندی له رۆژی شه‌مۆ 3/4/ 1346 ی هه‌تاوی [ 24ی ژووه‌نی 1967ی زایینی] له ته‌مه‌نی 77 ساڵی دا وه‌فاتی کردووه و له دێی " دزه‌ی مه‌رگه‌وه‌ڕ" نێژراوه.( سه‌مه‌دی. 348: 1373ی هه‌تاوی) سه‌ید عه‌بدولعه‌زیزی شه‌مزینی له به‌رواری 23/12/ 1377ی هه‌تاوی [ 14ی مارسی 1999ی زایینی] له ته‌مه‌نی 84 ساڵی دا له شاری ورمێ وه‌فاتی کرد و ئه‌ویش له گوندی دزه‌ی مه‌رگه‌وه‌ڕ له گۆڕستانی بنه‌ماڵه‌یی دا نێژراوه. له ساڵی 2010 بنکه‌ی ژین له سلێمانی کتێبێکی بڵاو کردووه‌ته‌وه به نێوی " بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌یید عه‌زیزی شه‌مزینی، زینده‌گی من، ئاماده کردن و ساخکردنه‌وه‌ی محه‌مه‌د حه‌مه باقی". له‌و کتێبه دا ئاماده‌کار زۆر شتی بێ به‌ڵگه‌ی سه‌باره‌ت به سه‌رده‌می جمهووری کوردستان و ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌ی ساداتی نه‌هری هێناوه‌ته گۆڕێ، بۆ وێنه به‌شداری سه‌یید عه‌بدولقادر و محه‌مه‌دی کوڕی له بزووتنه‌وه‌ی شێخ سه‌عیدی پیران دا، حه‌مه‌باقی له مه‌ڕ مه‌رگی ته‌ماوی سه‌یید عه‌بدولعه‌زیز ده‌نووسێ:" به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی (14/3/1999)، کاتێک په‌روین خانمی خێزانی، له خه‌و هه‌ستاوه و چاوی بۆ دوکتور سه‌یید عه‌زیز گێڕاوه،دوکتور سه‌یید عه‌زیزی له حه‌وشه‌ی ماڵه‌که‌ی خۆیاندا به کووژراوی بینیوه، گولله به سه‌ریه‌وه نراوه و هێشتاش خوێنی لێ ده‌چۆڕا!!
( محه‌مه‌د حه‌مه باقی 76: 2010)]
گه‌یلانی له تورکییه
له‌چوارچێوه‌ی سنووره‌کانی تورکییه دا، ئه‌ندامانی لکه جیاوازه‌کانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه له‌و دواییانه دا له سیاسه‌تی ناوچه‌یی و له ئاستی سه‌رتاسه‌ری دا ده‌وری به‌رچاویان گێڕاوه. نه‌عیم گه‌یلانی پارێزه‌رێک بوو له حه‌کاری و سه‌رده‌مایه‌ک له ساڵانی 1960کاندا بۆ به نوێنه‌ری پارتیی (ئاناپ) له پارڵمانی تورکییه دا.ئامۆزاکه‌ی حه‌مید گه‌یلانی، که ئه‌ویش پارێزه‌ره له پارتییه سیاسییه‌کانی لایه‌نگری کوردی هه‌پ، ده‌پ، هاده‌پ له ساڵانی 1990کاندا چالاک بوو، له سه‌ره‌تاوه له کۆمیته‌ی ناوچه‌ی شه‌مزینان و دواتر له ئاستی سه‌رتاسه‌ری دا.ئه‌وانه هه‌ر دووکیان سه‌ر به لکێک له بنه‌ماڵه‌که‌ن که له به‌ره‌بابی "نێوه‌ندی" چوار وه‌چه به‌ر له مه‌لا حاجی جوێ ده‌بێته‌وه، جا بۆیه له دووره‌وه خزمه‌یه‌تیان هه‌یه له گه‌ڵ ئه‌و شێخانه‌ی ڕێبه‌ڕی بنه‌ماڵه‌که بوون و موڵک و ماڵه‌که‌یان ئیداره ده‌کرد.23
په‌راوێزه‌کان
1-نیکیتین 1925ب : 7-156 ؛ 4- 211 : 1956
2- بڕوانه ڤان بڕاونێسن ساڵی 1999. زۆر نێو له‌و سلسله‌یه دا ناناسرێنه‌وه، ئه‌وه‌ش له دووی شک و گومانی ئێمه ده‌دا له مه‌ڕ مێژوو بوونی پێوه‌ندییه‌کانی یه‌که‌م سه‌ده‌کان به دوای سه‌رده‌می شێخ عه‌بدولقادر دا،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، نێوه‌کانی یه‌که‌م حه‌وت یان هه‌شت وه‌چه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی که به‌ته‌واوی سلسله‌ی سه‌ربه‌خۆی قادرییه‌ن جۆر دێنه‌وه که له‌کتێبه‌که‌ی برتۆن، زیاره‌ت دا باسیان لێوه کراوه.
3- له کتێبه‌که‌ی نیکیتین یش دا 156 : 1925 ب و دیسان 213: 1956 دا هه‌ر هه‌مان چارت هه‌یه، که ژماره‌یه‌ک لکی هاوته‌ریبیش ده‌نوێنێ. هه‌ر وه‌ها بڕوانه چارته‌کان له بڕاونێسن 331-329، 321 : 1992
و یالچین هێکمان 296: 1991
4- ئه‌و پێشوه‌چوونه له لایه‌ن بڕاونێسنه‌وه شی کراوه‌ته‌وه 34-224: 1992
5- بڕوانه یاڵچین – هێکمان 61- 57 : 1991 بۆ ڕیوایه‌تێک سه‌باره‌ت به دوایین ساڵانی ژیانی نه‌سڕوڵا به‌گ، که تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به پاڵپشتی به‌ڵگه‌نامه‌کانی عوسمانی ئاماده کراوه که له لایه‌ن نه‌زمی سێڤگه‌ن ڕا بڵاو کراونه‌ته‌وه.
6- یاڵچین – هێکمان 63: 1991، به پێی یورت ئه‌نسیکڵۆپێده‌سی.
7- گامه‌ر 251: 1994 . شێخ شامیل و عوله‌مای چالاکی جۆر به‌جۆری دیکه‌ی قه‌وقازی باکووری ، وه‌کوو سه‌یید ته‌ها، سه‌ر به ته‌ریقه‌تی نه‌خشبه‌ندییه - خالیدییه بوون.
8- ماده‌ی 51ی ڕێکه‌وتنامه‌ی بێرلین ، که دوای شه‌ڕی ڕووسییه- عوسمانی له نێوان هێزه ئوڕووپاییه‌کان و ئیمپڕاتۆری عوسمانی ئیمزا کرا، بابی عالی به‌رعۆده ده‌کرد" به بێ وه‌خرانی زیاتر ، ئه‌و چاکسازی و باشتر کردنانه‌ی که داوخوازی پێداویستییه‌کانی ناوچه‌یی بوون جێ به‌جێ بکا له‌و ویلایه‌تانه‌ی که هه‌رمه‌نییه‌کان تێیاندا ده‌ژیان و،هێمنی و ئاسایشتی ئه‌وان ده‌سته‌به‌ر بکا له ئاست چه‌رکه‌سه‌کان و کورده‌کان" ( جووه‌یده ن282: 1960) هاتنی کۆنسووله نیزامییه‌کانی بریتانیایی بۆ هه‌رێمه‌که له لایه‌ن زۆر له کورده‌کانه‌وه به ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وڕاست داده‌ندرا. ده‌گێڕنه‌وه که له ساڵی 1880 عوبه‌یدوڵا به ئه‌فسه‌رێکی تورکی گوتبێ:" ئه‌وه چییه من ده‌یبیسم که هه‌رمه‌نییه‌کان له وانێ ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆیان ده‌بێ و، نه‌ستوورییه‌کان ئاڵای بریتانیا هه‌ڵده‌ده‌ن و خۆیان به ڕه‌عییه‌تی بریتانیا ڕاده‌گه‌یێنن. ئه‌من قه‌ت ڕێگا به شتێکی ئاوا ناده‌م ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ناچار بم ژنانیش چه‌کدار که‌م" ( له ڕاپۆرتێکی کونسوول کلایتۆن وه، که جووه‌یده له کتێبه‌که‌ی دا هێناویه 233: 1960).
9- ته‌خمین سه‌باره‌ت به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و هێزانه له‌لایه‌ن چاوه‌دێرانی هاوچه‌رخه‌وه هه‌تا بڵێی له‌یه‌ک جیاوازه
(جوویده له کتێبه‌که‌ی دا به‌ووردییه‌کی زۆره‌وه لیسته‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ده‌سته‌وه داوه 5-260: 1960) ئی هه‌ره گه‌وره‌یان ژماره‌ی ده‌گه‌یشته نێوان 10000 تا 40000 که‌س به‌ڵام به ده‌م شه‌ڕه‌وه ئه‌و ژماره‌یه داکشا بۆ 1500 که‌س ، چونکه خه‌ڵکه‌که به‌ره‌و گونده‌کانیان چوونه‌وه.
10- ته‌نیا سه‌رچاوه‌یه‌ک که باسی ئه‌و فتوایه‌ی کردبێ واوێده‌چێ ویلسۆن بێ 111: 1895. ساوجبولاغی کورد و میاندواوی ئازه‌ری شاری دراوسێن و مێژووی گرژیان ده‌نێو دا بووه و زه‌مینه‌ی فتواکه ده‌کرێ پێوه‌ندی به په‌لاماری شێخ عوبه‌یدوڵاوه نه‌بووبێ. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه شێخ عه‌بدولقادر فه‌رمانده‌ی هێزه هێرشبه‌ره‌کانی کورد له هه‌رێمی ساوجبولاغ بوو که بڕیاری هێرش کردنه سه‌ر میاندواوی دا.
11- کۆنسوولی گشتی بریتانیا له ته‌ورێز،ئابۆت و ، زۆر له‌وی توندتر ئۆسقۆفی گه‌وره‌ی پێشووی هه‌رمه‌نییه‌کان، خریمیان ، له ڕاپۆرت و له نامه‌کانیان دا که جوویده له کتێبه‌که‌یدا ئاماژه‌یان پێده‌کا، جوویده 47-239 : 1960، ده‌نووسن شێخ به دنه‌ی حکوومه‌ت " هاوپه‌یمانی کورد" ی دامه‌زراندوه. کۆنسوولێکی گشتی دیکه‌ی بریتانیا تڕۆتر له وان، هه‌ر ئاوا به توندی فکری ده‌ستێدابوونی عوسمانی له‌و بزووتنه‌وه‌یه دا وه‌دوا ده‌داته‌وه. هه‌ڵبه‌ت، نابێ له بیر بکرێ ، ئه‌و ده‌می له هه‌رێمه‌که دا به‌زه‌حمه‌ت شتێک هه‌بوو که پێی بگوترێ حکوومه‌تی عوسمانی. ئیداره و ئه‌رته‌ش کێشه‌یان زۆر ده‌ناو دابوو و سوڵتان به به‌رده‌وامی باڵه جیاوازه‌کانی له ئاست یه‌کدی و له ئاست ده‌سترۆیشتووانی ناوچه‌یی دا سه‌نگ و سووک ده‌کرد ( بڕوانه دوگاید 1973)
12-باشترین لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به ڕاپه‌ڕینی عوبه‌یدوڵا و چوارچێوه‌ی ناوچه‌یی و به‌ستێنه نێونه‌ته‌وه‌یه‌که‌ی کتێبه‌که‌ی جووه‌یده یه 89-212: 1960.، که ئه‌من له‌م نووسینه‌ی ئێره دا زۆرم پشت پێی به‌ستووه، بۆ ڕوانگه‌یه‌کی دیکه بڕوانه جۆزێف 13- 107 : 1961
13- ویگڕام و ویگڕام 163: 1914
14-هه‌رله‌وێ.به‌پێی زانیاریده‌ره‌کانی ئه‌ردۆست، شێخ به‌و دراوه‌ی پاشه‌که‌وتی ده‌کرد زیاتر زه‌وی ده‌کڕی. (ئه‌ردۆست 6-184 : 1971)
15- سه‌باره‌ت به‌و کۆمه‌ڵه کوردییانه و ڕێبازی جۆربه‌جۆری ئیدێئۆلۆژی ده نێویان دا و ده‌وری سه‌یید عه‌بدولقادر بڕوانه بڕاونێسن 9- 275 : 1992 ؛ ئولسۆن 9- 136 : [ 1991] 1996
16-ئه‌ردۆست 61-49 : 1987
17- لیسته‌کی به وورده‌ڕیشاڵ به‌ڵام ناته‌واوی زه‌وی و زاری ساداتی نه‌هری ئه‌ردۆست به ده‌سته‌وه‌ی ده‌دا.
5-181: 1971
18-ئیگلتن (7: 1963) باسی دیدارێکی سه‌یید ته‌ها له ڕووسییه ده‌کا له ساڵی 1889 دا،له گه‌ڵ دوو که‌سایه‌تی دیکه‌ی هه‌ڵکه‌وتووی کورد عه‌بدولڕه‌زاق به‌درخان و جه‌عفه‌رئاغای عه‌شیره‌تی شکاک.ئه‌وه ده‌بێ هه‌ڵه بێ، سه‌یید ته‌ها له ساڵی 1892 یان ده‌ور و به‌ری ئه‌و ساڵه هاتووه‌ته دنیاوه و جه‌عفه‌ر ئاغا له ساڵی 1905 دا کووژرا و ئه‌وه‌ش کارێکی وا ده‌کا ناکڕێ ئه‌وان قه‌ت به‌یه‌که‌وه سه‌ری ڕووسییه‌یان دابێ. له کۆتاییه‌کانی ساڵی 1917 دا سه‌یید ته‌ها نامه‌یه‌کی نارد بۆ باسیل نیکیتین، کۆنسوولی ڕووسییه له ورمێ و له‌و نامه‌یه دا داوخوازی چاوپێکه‌وتنی کرد له گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی نیزامی ڕووسییه بۆ ئه‌وه‌ی باسی کرده‌وه‌ی هاوبه‌شیان له گه‌ڵ بکا به دژی ئه‌ڕته‌شی تورک ( نیکیتین 195: 1956)
19- سه‌باره‌ت به سه‌ید ته‌های دووهه‌م بڕاونه: ویگرام و ویگرام 7-165: 1914 ؛ هه‌ی 4-352 : 1921 ؛ ئێدمۆدندس 8- 305 : 1957 ؛ ئیگلتن 18، 7: 1963، ئه‌ردۆست 8- 44 : 1987 ؛ بڕاونێسن 1- 330 : 1991؛ یاڵچین – هێکمان 7-65 : 1991
20-ئیگلتن 20-18 : 1963. له ڕیوایه‌تی کورتی ئیگلتن را ده‌رناکه‌وێ داخودا ئه‌و ماڵ گوێستنه‌وه‌یه له به‌ر کوده‌تای ڕه‌شید عالی له عێڕاق له ساڵی 1941 یان له به‌ر هۆی دیکه بووه.
21-هه‌موو هێزه چه‌کداره‌کانی جمهووری بریتی بوون له نیزیک 2000 هه‌زار شه‌ڕکه‌ری به‌ئه‌زموونی گریلایی عه‌شیره‌تی بارزانی (له عێڕاقی دراوسێ یه‌وه) و زیاتر له 10000 سواره‌ی جه‌نگاوه‌ری عه‌شیره‌تی. ده نێو ئه‌وانه دا ته‌نیا 200 که‌سیان ڕاسته‌وڕاسته له پێرۆیانی بنه‌ماڵه‌ی شێخ عه‌بدوڵای گه‌یلانی بوون، به فه‌رمانده‌یی سه‌یید فه‌هیم نێوێک ( ئیگلتن 2-91 : 1963) عه‌بدولعه‌زیز به‌ڕواڵه‌ت وه‌ک ئه‌فسه‌رێک له ئه‌ڕته‌شی مه‌هاباد دا خزمه‌تی ده‌کرد( بڕوانه مارگارێت کان 141: 1980، که له‌وێدا به هه‌ڵه به ئه‌ڤدڵا نێوی هاتووه).
22- کان 6-140: 1980. له چاکسازی زه‌وی وزاری محه‌مه‌د ڕه‌زا شا له به‌رایی 1960 کاندا موڵک و دێیه‌کانی بنه‌ماڵه‌که ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا به‌ڵام شێخ عه‌بدوڵا توانی گوندێکی ته‌واو و شه‌ش دانگ بکڕێته‌وه.
23-پێوه‌ندیی نامه‌یی له‌گه‌ڵ لاله یاڵچین – هێکمان، له سه‌ر بنه‌مای شه‌جه‌ره‌یه‌کی بنه‌ماڵه‌یی که حه‌مید گه‌یلانی بۆی کۆپی کردووه.باپیری نه‌عیم و حه‌مید گه‌یلانی ، سه‌ید ئیسلام گه‌یلانی ، به موزه‌فه‌ر ئه‌ردۆستی گوتووه که ئه‌و وه‌ک موباشیری (هێندێک) له زه‌وی وزاری شێخ محه‌مه‌د سدیق کاری کردووه، چاوه‌دێری کردووه به سه‌ر چاندنی پڕ له داهاتی تووتن دا، له بری وه‌رگرتنی هه‌شت له سه‌دی ئه‌وه‌ی لێی که‌وتووه‌ته‌وه(ئه‌ردۆست 183: 1971)
No comments:
Post a Comment