Thursday, April 26, 2012

سه‌رهه‌ڵدانی شێخ سه‌عید





ئیسلامی جەماوەری، ناسیۆنالیزمی کورد و ڕاپەڕینی دەرەوەی شاران: سەرهەڵدانی شێخ سەعید لە تورکییە (١٩٢٥)

نووسینی: مارتین ڤان بڕاونێسن
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەنی قازی

لە مانگەکانی فێڤرییە و مارسی ١٩٢٥ کۆماری لاوی تورکییە بە ڕاپەڕینێکی جووتیرانی کورد کە بەخێرایی بە بەشێکی گەورەی ئوستانە ڕۆژهەڵاتییەکانیدا بڵاو بووەوە ڕاتڵەکا [ بڕاونێسن ١٩٧٨؛ فرات ١٩٧٠، جەمال ١٩٥٥؛ تۆکەر ١٩٦٨؛ ئولسۆن و تاکر، ١٩٧٨]. دەستە و تیپەنی کەمچەکی جووتێران ، بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئایینی و سەرۆک عەشیرەتان ، یەک بە یەک پەلاماریان بردە سەر شاران، ئیدارەی چڵ و نیوەچڵی خۆیان لێ دامەزراندن و گشت کاربەدستانی نیزامی و مەدەنی یان ڕەپاڵ نا کە هێشتا وەفاداربوون بە حکوومەتی نێوەندی.جووڵانەوەکانی
سەرهەڵداوان ڕێبەڕێکی جەماوەری و سەرۆکی تەریقەتێکی دەروێشان،شێخ سەعید رێکی دەخست و، شێخەکانی دیکەی هەمان تەریقەت هەڵکەوت و پلەی سەرەکییان هەبوو لەو ڕاپەڕینە دا.ئامانجی بەڕواڵەتی ئەو ڕاپەڕینە پێشگرتن بوو لەو چاکسازییە نادینیانەی کە حکوومەتی تورکییە دەستی پێکرد بوو. ئەگەرچی، دواتر، ڕێبەرانی ئەو بزووتنەوەیە بەوە تاوانبار کران حەولیان داوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورد.کپ کردنەوەی ئەو ڕاپەڕینە بە قیمەتی زیاتر لە دوو مانگ تێوەگلانی حکوومەت و بەکارهێنانی هێزی هەوایی و دەنگ دانی ٣٥٠٠٠ عەسکەری پیادە و خوێنڕێژییەکی زۆر لە سەر حکوومەت ڕاوەستا، بە دەم ئەو سەرکوتەوە، بەشی زۆری ئەو دێمۆکڕاسییە کەمەش کە لە تورکییە هەبوو قوربانی کرا.
ئەو ڕاپەڕینە،دەرفەتی ئەوەی ڕەخساند مستەفا کەماڵ (ئاتاتورک) و عیسمەت (ئینێنو) دەستەڵاتی دیکتاتۆریانە بەدەستەوە بگرن.حکوومەتی تاڕادەیەک لیبێڕاڵی فەتحی بەی (ئۆکیار) لە کۆدەتایەک دا کە لە نێو پارتیی فەڕمانڕەوا دا بەڕێوەچوو ناچار کرا لە سەر کار لاچێ و، عیسمەتی توند و تیژ، کە ئۆپۆزیسیۆنی "لێبراڵ"ومیانەڕۆ زۆریان ناخۆش دەویست، جارێکی دیکە وەک سەرۆکوەزیر دەستەڵاتی بە دەست گرتەوە.دوو حەوتوو دوای ئەوەی کە خەبەری ئەو ڕاپەڕینە گەیشتە ئانکارا، ئینێنو کابینەی تازەی خۆی ڕاگەیاند. ڕۆژی دواتر ئەو قانوونێکی بە پەسندی مەجلیسی نەتەوەیی تورک گەیاند بۆ دامەزراندنەوەی هێمنایەتی، قانوونێک کە بە تەواوی دەستی حکوومەتی دەکردەوە چی پێی باشە بیکا. مەحکەمەی تایبەتی، کە بە پێی ئەو قانوونە دامەزران، ڕێبەرانی ئەو ڕاپەڕینە کوردییەیان مەحکەمە کرد و بڕیاری مەرگیان دان و، نەک هەر ئەوان بەڵکوو زۆر دژبەری دیکەی سیاسیش بە دەست ئەو مەحکەمانە دادگایی کران و لە دار دران. لە بەر دەستەڵاتی دیکتاتۆریانەی حکوومەت، هەلی ئەوە ڕەخسا چاکسازییە کەمالیستییەکان بە خێرایی لە زێدە جێبەجێ بکرێن بەبێ کەمترین لا کردنەوە لە ئۆپۆزیسیۆن. یەكێک لەو هەنگاوە چاکسازییانە، کە ڕاستەوڕاست پێوەندی هەبوو بە ڕاپەڕینەکەوە، ئەوە بوو گشت تەریقەتە دەروێشییەکان،ئەوانەی کە بەندی هەناوی ئیسلامی جەماوەری بوون سەرکوت کران.ئاکامێکی دیکە بریتی بوو لە بەڕێوەچوونی سیاسەتی بە تۆبزی تواندنەوەی کوردەکان و بێبەش کردنیان لە مافە کولتوورییەکانیان.
ئەو سیاسەتەی دواتر، ئەگەرچی بۆ چەندین دەساڵان ڕەچاو کراوە، نەیتوانیوە ئامانجە ڕواڵەتییەکەی کە ئەویش  لە ڕیشە دەرهاویشتنی جیاوازیخوازیی کورد بێ پپێکێ. لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٠ کاندا ناسیۆنالیزمی کورد وێدەچێ پێگەیەکی بەربڵاوی جەماوەری پەیدا کرد بێ هەم لە شاران و هەم لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکییە. ئەگەرچی زۆر لە ناسیۆنالیستەکانی ئەم ڕۆژگارەی کورد ڕاپەڕینی شێخ سەعید بە کۆنەپەرستانە دەزانن، بەڵام بیرەوەرییەکانی هێشتاش هەر زیندووە و، زۆری دیکەش لە کوردەکان بە شانازییەکی ئاشکراوە باسی لێوە دەکەن. چەندین گۆواری کوردی جێیەکی زۆریان بۆ ووتاری دوور ودڕیژ سەبارەت بە سەرهەڵدانی شێخ سەعید تەرخان کردووە. ئەو سەرهەڵدانە بووە بە ڕەمزێک هەم بۆ کوردە ناسیۆنالیستەکان و هەم بۆ دژبەرەکانیان.
پاشخان
هۆی هەرە ئاشکرای ساز بوونی ئەو ڕاپەڕینە ئەو بەرنامەیەی لە دین شۆردنەوە بوو کە حکوومەتی کۆماری دەستی پێ کردبوو. هەڵوەشاندنەوەی سوڵتانایەتی لە ساڵی ١٩٢٣ ساڵێک دواتر هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی بە دوو دا هات، کە ئەوە لە نێو هێندێک لە کۆڕ و کۆمەڵی کۆنە پارێز لە نێوخۆ و لە هەندەران ناڕەزایەتییەکی زۆری ساز کرد. بە تایبەتی لە نێو کوردەکان دا خەلافەت جێگایەکی زۆر بەرزی هەبوو. کاتێک، لە دەستپێکی شەڕی جیهانی یەکەم دا، سوڵتان بە سیفەتی خەلیفە یان ڕێبەری هەرە گەورەی موسوڵمانانی نەریتی جیهاد (شەڕی پیرۆز)ی ڕاگەیاند، زۆربەی کوردەکان بە دەنگ بانگەوازەکەیەوە چوون.دراوێکی زۆری کە ڕوسەکان تەخشان پەخشانیان کرد لە حەولێک دا بۆ کڕینی وەفاداری هێندێک لە سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان هیچی لێ شین نەبوو و ،داوخوازی سۆزاوی ناسیۆنالیستە کوردەکانیش لە وزەی دا نەبوو لە قورسایی قسەی خەڵیفە کەم کاتەوە.بۆ زۆر کەسان، دەزگای خەلافەت، بڕبڕە پشت و نیشانەی سەرەکی ئیسلام بوو و، هەڵوەشاندنی بە گورزێک دەزاندرا لە ئیسلام درابێ. یەکەم چاکسازییەکان لە پەروەردەش دا وێدەچوو دەگژ دین ڕۆ بێن، چونکە نێوەندە نەریتییەکانی پەروەردەی دینی (مەدرەسە) هەڵوەشێندران و جێیان بە خوێندنگەی مۆدێڕن و شێوە ڕۆژئاوایی پڕ کراوە.بە ماوەیەکی کورت بەر لە ڕاپەڕین شێخ سەعید چەندین وەعزی بۆ خەڵک کرد و لە قسەکانی دا زۆر بە توندی ئەو هەنگاوانەی حکوومەتی شەرمەزار کرد، دواتر، لە مەحکەمە دا، شێخ کورتەی یەکێک لە ووتارەکانی خۆی بەم شێوەیەی
خوارەوە گێڕاوە کە لە پیران کرد بووی، ئەو شوێنەی کە ڕاپەڕینەکە پێش وەخت لەوێ دەستی پێکرد:
                                                                  مەدرەسەکان [حوجرەی خوێندنی دینی] داخراون. وەزاڕەتخان ووەقفەکانی ئیمانداران هەڵوەشێندراون.لە ڕۆژنامەکاندا گاڕانێک لە نووسەرانی بێدین بە ئانقەستە سووکایەتی بەدین دەکەن و نێوی گەورەمان پێغەمبەر پەڵەدار دەکەن.ئەمن ئەگەر بتوانم هەر ئەمڕۆ دەست بە خەبات       
دەکەم و دەبم بە یەکێک لەوانەی کە یارمەتیدەکەن بۆ پاراستنی دین (جەماڵ، ١٩ دوو: ٢٤؛ تۆکەر ٣٨: ١٩٦٨

دوای ئەوەی ڕاپەڕینەکە دەستی پێکرد، شێخ سەعید بەردەوام بوو لە بە کارهێنانی ئەو جۆرە قسانە بۆ ئەوەی پشتیوانی
 زیاتر وەدەست بهێنێ. کە وابوو خۆڕاگری بە دژی بەرنامەی سکولاریستی کەماڵیستەکان لایەنێکی گرینگی سەرهەڵدانەکە بوو. یەکەم ئامادەکارییەکان بۆ سازکردنی ڕاپەڕینەکە لە لایەن ڕێکخراوەیەکی نهێنی کە لە کوردی خوێندەوار پێک هاتبوو ، کرابوو و ئامانجەکانی ئەوان بە هیچ جۆر پێوەندی بە دینەوە نەبوو  و بە تەواوی ناسیۆنالیستی بوو.ئەوان پێوەندییان بە شێخ سەعید و شێخەکانی دیکەوە کردبوو چونکە دەستڕۆیشتوویی پێویستیان هەبوو کە ئەوان بۆ خۆیان نەیان بوو. بەر لەوەی زیاتر بچینە سەر باسی دەوری ئەوان دەبێ چەند قسەیەک بکەین سەبارەت بە بەشدارانی ڕاستەقینەی سەرهەڵدانەکە و هۆی دەستڕۆیشتووی ئەوەندە  زۆری شێخەکان لە نێویان دا.
بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری ناوچەی سەرهەڵداو
ناوچەی چەقی سەرهەڵدان – ئەو ناوچەیەی سەرهەلدان لەوێ دەستی پێکرد و زۆربەی جووتێرانی ئەوێ لە گەڵی کەوتن – هەرێمێکی شاخاوی بوو بەلای باکووری دیاربەکرەوە ( بڕوانە نەخشەی پەیوەست). لە ناوچەی دوورە دەستریش ڕووداوی توند وتیژی ڕوویدا و ، خەڵک لە دەرەوەی ئەو ناوچانەشەوە هاتن بۆ لەگەڵ کەوتنی  سەرهەڵدانەکە. بەڵام هەر لەو ناوچەیە دا خەڵکێکی یەکجار زۆر بەشدارییان تێدا کرد. زۆربەی ئەو کوردانەی لەو ناوچەیە دا دەژین بە زازاکی قسە دەکەن،زمانێکی ئێرانی خزم بەڵام ئەوانەی بە کورمانجی قسە دەکەن تێی ناگەن.هێندێک لە عەشیرەتە زازاکی زمانەکان، بە تایبەتی ئەوانەی لە ناوچەی دەرسیم دەژین، سەر بە دەستەی
جوێ بیری عەلەوین، ئەوانی دی موسوڵمانی سونین. تەنێ زازاکی زمانەکانی دەوروبەری دیاربەکر لە سەرهەڵدانەکە دا بەشدار بوون.
ئابووری گوندە زازاکان، ئابوورییەکی داخراو بوو و، ئێستاش تا ڕادەیەکی زۆر هەر وایە. تەقریبەن هەر لادێییەک پەڵە زەوی و هێندێک ئاژەڵی هەبوو، ئەوەش تەنێ ژیانێکی مەمرە، مەژی بۆ دەڕەخساندن.شتێکی کە جووتێران نەیان توانیبا خۆیان ڕەنێوی بهێنن ئەوەیان بە گۆڕینەوە وەدەست دەهێنا نەک بە کڕینو فرۆشتن، تەنیا ڕێزپەڕ  تووتن بوو کە لە هێندێک لە گوندەکانی ناوچە ڕەنێو دەهات و بە بایی کەم بە ئینحیساری دوەڵەتیی تووتن دەفرۆشرا. لەبەر کەم بڕشتی زەوی، لاوە زازاکان بە بەردەوامی دێیەکانیان بە جێ دەهێشت و بۆ کار دۆزینەوە دەچوونە شارۆچکە هەرێمییەکان و شارە گەورەکان.دیاربەکر، ئەلازغ(خارپێت) و ئەستەنبووڵ ژمارەیەکی زۆر لە موهاجیری خەڵکی ئەو گوندانەیان تێوە هاتبوون و، ئەوەش هۆکارێکی گرینگ بوو لە ماوەی سەرهەڵدانەکە دا.زۆربەی زازاکان جووتێری دامەزراو بوون، بە بێ ئەوەی مێژویەکی تازەی کۆچ و کۆچباریان هەبووبێ؛ گوندەکانی ئەوان بە شێوەیەکی توندی عەشیرەتی ڕێک خرابوون. هەر کام لە عەشیرەتە پچووکەکانیان تەنێ لە گوندێک یان چەند گوندێک پێک دەهات ، کە لە لایەن سەرۆکێکەوە بەڕێوە دەچوو کە زۆرکەم لە خەڵکی ئاسایی دەوڵەمەندتر بوو. بڕیاری سەبارەت بە هەموو عەشیرەتەکە، وەکوو پارێزگاری لە خاکی عەشیرەتی، کێشەی عەشیرەتی و، هەر وەها ئەو ڕاپەڕینەی کرا  دوای پرس و ڕا و ڕاوێژ بە ئەنجومەنێک دەدرا کە لە ئاغای گوند و خەڵکی بە ساڵداچووی ڕیش سپی و موختاری گوندەکان پێک دەهات.ئەندامانی ئاسایی عەشیرەت بە بێ پرسینەوە ئەو بڕیارانەیان ڕەچاو دەکرد.
لای باکووری هەرە سەرەوەی ناوچەی سەرهەڵداو، بە چیا بەرز و لەوەڕگە دەوڵەمەندەکانییەوە،نیشتگەی عەشیرەتی گەورەی کورمانجی ئاخێوی جیبران بوو، ئەوانیش وەک عەشیرەتە دراوسێیەکانیان، حەسەنان و حەیدەران، کە هێندێک بەشی ئەوانیش لە گەڵ سەرهەڵدانەکە کەوتن. جیبران پێشتر عەشیرەتێکی کۆچەر بوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٢٥ تا ڕادەیەکی زۆر دامەزرا بوو و کۆچبەری نەدەکرد،خەڵکی ئاسایی عەشیرەتەکە لەگەڵ کاری کشتوکاڵی سەرەتایی هێندێک مەڕداریشیان دەکرد، بەڵام بنەماڵە سەرەکییەکان، کە هێندێک لکیان لە کارلۆڤا، (کانی ڕەش) ڤارتۆ (گم گم) و بولانک ( کۆپ) دەژیان و فەرمانڕەوای ئەو شوێنانە بوون، خاوەنی ڕانە مەڕی گەورە بوون.شێخ سەعیدیش مەڕدارێکی گەورەی ئاوا بوو، کە سەر بە هیچکام لەو عەشیرەتانە نەبوو، بەڵام لە بنەماڵەی سەرەکی و دەستڕۆیشتووی جیبران ژنی خواستبوو. ئەو لە شوێنی خۆی پالۆ ڕا گوێستبوویەوە بۆ هنس (خنووس) بۆ ئەوەی ڕانەمەڕەکانی لە لەوەڕگەی باشتر دا بحاوێنێتەوە و ده‌سته‌ڵاتی ڕووحی و سیاسی خۆشی ده‌ نێو کورمانجی ئاخێوان دا په‌ره‌ پێ بدا. شێخ و کوڕه‌کانی به‌ ته‌جاڕه‌تی ئاژه‌ڵه‌وه‌ خه‌ریک بوون، که‌ زۆر جار ڕێیان ده‌که‌وته‌ شاره‌ گه‌وره‌کانی وه‌ک ئه‌سته‌نبووڵ و حه‌ڵه‌ب. جگه‌ له‌ کڕین و فرۆشتنی حه‌یوان و مه‌ڕ و ماڵات وێناچێ تەجاڕه‌تێکی دیکه‌  له‌ ناوچەکەدا هه‌بوو بێ. شارۆچکه‌ پچووکه‌کان زیاتر نێوه‌ندی ئیداری بوون تا ئه‌وه‌ی که‌ نێوه‌ندی بازرگانی بن.
زۆربه‌ی لادێیه‌کان له‌ چیاکان دا جووتێری سه‌ربه‌خۆی ئه‌وتۆ بوون که‌ ژیانی مه‌مره‌ و مه‌ژی خۆیان دابین ده‌کرد، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی وا‌ پێده‌شته‌ به‌ پیت و به‌ره‌که‌تانی  ده‌ور وبه‌ر‌ی دیاربه‌کر و سیلڤان (فارقین)یان ڕه‌نێو ده‌هێنا. له‌و شوێنانه‌ی گه‌نمی لێ ڕه‌عه‌مه‌ل ده‌هات،خاوه‌نموڵکێتی گه‌وره‌ زاڵ بوو و زۆربه‌ی لادێییه‌کان یان جووتبه‌نده‌ی هه‌ژار یان کرێچی بوون، هیچ ڕێکخستنی عه‌شیره‌تییان نه‌بوو و به‌و جۆره‌ خاوه‌نموڵکانه‌ به‌سترابوونه‌وه‌ که‌ خۆیان له‌ گونده‌کان نه‌ده‌ژیان. وێناچێ ئه‌و جۆره‌ لادێییانه‌ به‌شدارییه‌کی چالاکانه‌یان له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌که‌ دا کرد بێ.
شێخه‌کان
 سه‌رۆکه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانه‌که‌ سه‌رۆک عه‌شیره‌ت نه‌بوون، به‌ڵکوو شێخ، واته‌ رێبه‌ری ئایینی بوون. ئه‌وانه‌ بریتین له‌ سه‌رۆکی ته‌ریقه‌ته‌کانی سۆفی یان ده‌روێش و، لەم ‌ نموونه‌ تایبه‌تییه‌ دا ئه‌وان ‌سەر بە ته‌ریقه‌تی نه‌خشبه‌ندی بوون  که‌ له‌ کوردستان دا جه‌ماوه‌ری زۆره‌.[ بڕوانە. ئاڵگار، ١٩٧٦؛ حورانی، ١٩٧٢؛بڕاونێسن، ١٩٧٨].ئەوە تەریقەتە دەروێشییەکان بوون و نەک دینی ڕەسمی مزگەوت کە پێداویستی سۆزی دینی و خۆ بەخت کردنی لادێییەکانیان دابین دەکرد.لە گەڵ ئەوەشدا، وەک زۆر بار ودۆخی دیکە. لێرەش دا جیاوازییەکی ئاشکرا لە نێوان دینی ڕەسمی و دینی جەماوەری لە ئارا دا نەبوو، هەر کامێکیان جێی ئەویدی دەگرتەوە، ئەوان وەک نەریتی ڕقەبەر چاو لێنەدەکران بەڵکوو وەک بەشێک لە هەمان دامەزراوە.تەریقەتی نەخشبەندی زیاتر لە هەموو تەریقەتەکانی دی خەڵکی هان دەدا بۆ ئامادە بوون لە مزگەوتان و ڕەچاو کردن و جێبەجێکردنی تەواوی ئەرکە دینییەکان.لە سەرێکی دیکەشەوە مەلا و مجێوری مزگەوتان ئەوپەڕی ڕێز و حورمەتیان لە زۆربەی شێخە نەخشبەندییەکان دەگرت. جا بۆیە کۆمەڵێک لە باوەڕە دینییەکانی نانەریتی  و کردەوەی خۆبەختکەرانە  بە دەوری ئەو تەریقەتە دا کە وەکی دیکە بەتەواوی تەریقەتێکی نەریتی بوو کۆ ببوونەوە. بۆ زۆرێک لە موریدەکانیان، شێخەکان  هەر تەنێ عارفی بەئیمان نەبوون بەڵکوو وەک کەسی پیرۆزی ئیعجازکار چاو لێدەکران و نووشتووی دەستی ئەوان  مەترسی و خراپەی ئیبلیسانی لە سەر دەڕەواندنەوە و، تفی زاریان بە دەرمانێکی یەکاویەک دادەندرا.بە ڕێگای هێزی لە سروشت بەدەر ئەوان یارمەتی ئەو جۆرە موریدانەی خۆیان دەدا کە کێشەیان هەبوو. تەنانەت هێندێکان ئیدیعان کرد لە ڕۆژی مەحشەرێ  دا ئەوان موریدەکانیان لە پردێ دەپەڕێننەوە و بەرەو بەختەوەری هەمیشەییان دەبەن.
لە زۆر لە بەشەکانی کوردستان ئەوە بەپێویست دادەندرا کە ئیماندارێک تەنانەت بە قسەش بێ سەر بە شێخێک بێ. لە زمان خەڵکی بەساڵداچوو دا هێشتاش لەوانەیە مرۆ گوێی لێ بێ بڵێن ' ئەگەر تۆ شێخێکت نەبێ،ئیبلیس دەچێ دە قالبتەوە و خۆی وەکوو تۆ نیشان دەدا'. جا بۆیە ' شێخێک هەبوون' بۆ خەڵکی جیاواز مانای جیاوازی هەبوو. زۆربەی مورید و پێرۆیانی شێخێک تەنێ بە قسە موریدی بوون. ئەوان ساڵێ جارێک یان دوو جار سەری شێخیان دەدا، دەستیان ماچ دەکرد، دیارییان بۆ دەهێنا و شێخ دۆعای بۆ دەکردن، هێندێک جار کە پێیان لە کردەوەیەکی خراپ دەنا و پاشگەزبوونەوەی خۆیان دەدرکاند. لەوەش زیاتر، موریدان بۆ ڕاپەڕاندنی زۆر کێشەی جۆر بە جۆر دەچوونە زیارەتی شێخ لە چاک کردنەوەی نەخۆشییەوە بگرە، تا دەگەیشتە نەزۆک بوونی ژن، کێشە یان شەڕێکی خێزانی، مەسەلەی باوەر، داخوازی تەلیسم یان پرس و ڕاوێژ پێ کردن لە مەڕ کاروباری شەخسی یان گشتی. ئەگەر نێوبانگی شێخێک بۆ پیرۆز بوون و هەبوونی هێزی ئیعجاز  زیاتر بایە، یان زۆر بە شێوەیەکی ژیرانە کێشەی خەڵک و گیروگرفتی دیکەی یەکلا کردبایەوە، هەر ئەوەندەش ژمارەی پێڕۆ و موریدانی زیادی دەکرد. شێخی گەورە گەشتی ساڵانەیان دەکرد بۆ ئەوەی دەرفەتی بەڕبڵاو بدەن بە موریدەکانیان بۆ گوێ گرتن لە وەعز و ئامۆژگارییەکانیان و، هەر وەها بۆ کۆکردنەوەی دیاری پچووک و گەورە.
موریدانی زۆر دەمارگرژتر لە کۆبوونەوەی خەلسە و حال هاتنی حەوتووانە یان زۆر زیاتر دا کە لە لایەن شێخ یان نوێنەرێکییەوە (خەڵیفە) بەڕێوە دەچوو بەشدارییان دەکرد. هەر تەریقەتەی ڕیازەت و ڕیوشوێنی ڕووحانی جیاوازی لە مەر خۆی هەیە، کە دەبێ موریدێکی سەر لەپێناو  کە لەو ڕێوڕەسمە دا بەشدار دەبێ بەرێتە دۆخی جەزم بوون و خۆ لەبیربردنەوە  کە ڕاستەوە ڕاست دەگاتە تەجروبە کردنی بینایی چاوان. ئەو جۆرە ڕێوڕەسمانە بە ئاسایی بەکۆمەڵ و بەهاوبەشی بەڕێوە دەچن.ئامادەبوونی شێخ بۆ خۆی یان  ئامادە بوونی ڕوحانەتی  بۆ سەرکەوتنی ڕێوڕەسمی ئەوتۆ پێویستە، بە تایبەتی دەنێو تەریقەتی نەخشبەندی دا، چونکە بە ڕێگای شێخە  کە پێوەندی لە گەڵ خوڵای عالەمیان دادەمەزێ. کە وابوو ئەو موریدانەی شێخ کە لەو جۆرە ڕێوڕەسمانە دا بەشداری دەکەن پێوەندی و وەفادارییەکی زۆر پتەویان لە ئاست شێخ دا تێدا پێک دێ، ئەوان لە لایەنگرانی هەرە سەرسەخت و بانگەشەدەری سەرلەپێناوی شێخن و دەستکەوتە ڕوحانییەکانی بڵاو دەکەنەوە. شێخێک زۆر کەم وایە  بەو پەڕییەوە لە سەدکەس زیاتر لە موریدی ئەوتۆی هەبێ. لە نێو تەریقەتی نەخشبەندییە دا، بە پێچەوانەی تەریقەتەکانی دیکە، کە زیاتر سەربە چێنە نێوەراستە شارنشینە نەریتییەکانن، زۆر لە موریدان لە کوردستان لادێیی ن و، زۆر جار لادێ نشینی هەرە هەژارن. دوو جۆرە لایەنگر و پێڕۆی تایبەتی  بە ئاسایی بریتین لە پیاوی بەساڵداچوو کە دەستیان لە ژیانی دنیایی هەڵگرتووە لە پێناو  ڕێبازێکی ڕوحانی لە دەور و بەری شێخ دا و، لەو چوارچێوەی دا کە ئێستا باسی لێوە دەکەین ، ئەوانیدی بریتین لە خزمەتکارانی شێخ. ئەوانە پیاوی چەکدارن و وەک پاسەوان ، یان هێندێک جار وەک دابینکەری قانوونی شێخ دەجووڵێنەوە. پەیدا بوونی ئەوانە بەستراوەتەوە بەو دەورە سیاسی و ئابوورییانەی کە شێخەکان لە زۆر لە بەشەکانی کوردستان دا گێڕاویانە.
لە زۆر نموونان دا، شێخەکان لە ناوچەی شوێنی لە دایکبوونی خۆیان دا ناژین و، بەو پێیە ئەوان سەر بە هیچ عەشیرەتێکی خۆجێیی نین. ئەو دەورە، بەیەکەوە لە گەڵ بە پیرۆز دانانیان،  ئەوان دەکا بە ناوبژیوانی هەرە بەکار لە گێرە و کێشە عەشیرەتییەکان دا و ئەوە دەستەڵات و سەروەت و سامانێکی بەرچاو دەدا بە شێخێکی بوێر. زۆر جار شێخی هەرە بە دەستەڵات لەو جۆرە ناوچانە دەژین کە سەرۆک عەشیرەتی زۆر بەتوانایان لێ نییە کە لە دەستیان بێ کێشەکان ڕاپەڕێنن، بۆ وێنە لە ناوچەی زازاکان کە ئێمە لێرە دا باسی لێوە دەکەین، لەوێ زۆر جار ڕقەبەری  و کێشە لە گۆڕێ دا بوو لە نێوان زۆر لە سەرۆکە پچووکەکان دا. شێخ سەعیدی پاڵۆ، شێخ شەریفی گوێکدەرە و، ژمارەیەک شێخی دیکە، هەر کامەیان توانیبوویان  لە هەرکام لە سەرۆک عەشیرەتە زازاکان لە ناوچە دا بەهێزتر ببن. ئەو شێخانە کەسانێک نەبوون کە هەر دەنێو خۆیان دا بن، بەڵکوو لە کاروباری دنیاییش دا بەشدارییان دەکرد وەک شێخانی نەخشبەندی لە شوێنی دیکە.ئەوان ئەوەندی لە سەر زینی ئەسپ بەکار بوون هەر ئاواش لە سەر بەرماڵی نوێژێ، چۆنییان تەسبێح دەگێڕا ئاواش دەیانزانی تفەنگ بەکار بهێنن. نێوبانگی پیرۆز بوونیان لەگەڵ توانایی بەدەنییان یەکی دەگرتەوە. یەک لەوان شێخ شەریف، فەرماندەی هەنگی غەیری ئەڕتەشی  کوردانی زازا ببوو لە شەڕی یەکەمی جیهانی دا. دیارە هەموو عەشیرەتەکان دەستەڵاتی شێخەکانیان قەبووڵ نەبوو.لە دەور و بەری ناوچەی بەرباس  ژمارەیەک لە عەشیرەتەکان سەر بە ڕێڕەوی شیعە (عەلەوی) بوون. عەلەوییەکان و سونییەکان( نەخشبەندییەکان بە تایبەتی زۆر سوننی ویشکن) گاڵتە بەباوەرە دینی و نەریتەکانی یەکتری دەکەن و، ئەو هۆکارە ئیدێئۆلۆژییە کێشەی نێوان عەشیرەتە سونی و عەلەوییەکانی تەواو توند کردووە.لە ئیمپراتۆری عوسمانی سونی دا دەوڵەت و عەشیرەتە سونییەکان هاوکارییان بەیەکەوە دەکرد بۆ سەپاندنی زۆرداریی سیاسی بە سەر عەلەوییەکان دا.جا بۆیە جێی لێ تێگەیشتنە کە کاردانەوەی عەلەوییەکان لە ئاست حەولی ئاتاتورک بۆ سکولار کردن بە گشتی ئەرێیی بوو. چەندین عەشیرەتی خۆجێیی عەلەوی لە دژی سەرهەڵدانی شێخ سەعید دەرکەوتن و چالاکانە شەڕیان لەگەڵ کرد، یان ڕاستتر بڵێین، لە دژی دوژمنە نەریتییەکان بە شەڕ هاتن، کە لەگەڵ کەوتنی ئەوان لەگەڵ سەرهەڵدانەکە بیانوویەکی چاکی دابوونە دەست.
ناسیۆنالیستەکان
ئەو سەرهەڵدانەی کە بە کردەوە شێخ سەعید ڕێبەرایەتی کرد، لە سەرەتاوە بیری وی نەبوو، بەڵکوو بیری ڕێکخراوەیەکی نهێنی ناسیۆنالیستی بوو بە ناوی ئازادی، کە دەیەویست دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان دامەزرێنێ . ئەگەرچی ئازادی یەکەم ڕێکخراوەی ناسیۆنالیستی کورد نەبوو ( بڕوانە جووەیدە، ١٩٦٠؛ سلۆپی،١٩٦٩؛ بڕاونێسن ١٩٧٨)، بەڵام لە ڕێکخراوەکانی پێش خۆی باشتر ڕێک خرابوو. زۆربەی ئەندامەکانی ئەفسەرانی ئەڕتەش بوون کە پاشخانی عەشیرەتییان هەبوو، لە جیات ئاریستۆكراتەکانی شارنشیی پێش خۆیان کە بە تەواوی لە ژیانی لادێ هەڵبڕابوون. ناسیۆنالیزمی ئەوان وەکوو کاردانەوەیەک بوو لە ئاست ناسیونالیزمی تورک کە دە نێو ئەڕتەش دا بڵاو ببووەوە و هەر وەها نیگەرانی لەوەی کە کوردەکانیش چارەنووسێکی وەک هەرمەنییەکان چاوەڕوانیان بکا.ئەگەری دامەزرانی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ، هەر وەها دەوڵەتێکی هەرمەنی، لە نێو پەیماننامەی سێڤر لە ساڵی ١٩٢٠ دا نووسرا بوو و ببووە هۆی هێندێک حەولی چڵ و نیوەچڵی  بریتانیاییەکان بۆ ساز کردنی دەوڵەتێکی پچووکی کوردی ناوگر لە نێوان عێڕاقی عەڕەب و تورکییە دا. ئەندامانی ئازادی، سەرەڕای شۆر و شەوقی ناسیۆنالیستی خۆیان، زۆر چاک دەیانزانی کە هێشتا پشتیوانی کۆمەڵانی گەلی کوردیان نییە و، ئەو هێز و قورساییە پێویستەشیان نییە بۆ ئەوەی پشتیوانی جەماوەری وەدەست بهێنن. جا بۆیە ئەوان لە بەشە جۆر بە جۆرەکانی کوردستان دا ڕوویان لە ڕێبەرانی بە دەستەڵاتی نەریتی نا. شێخ سەعید لە لایەن خالید بەگەوە بانگ کرا لە گەڵ بزووتنەوەکە بکەوێ. خالید بەگ خزمی هاوسەری شێخ سەعید و سەر بە بنەماڵەی سەرەکی عەشیرەتی جیبران، سەرهەنگی ئەڕتەش و یەکێک لە ئیدێئۆلۆگە سەرەکییەکانی ئازادی بوو.شێخ سەعید بە گەرمی بە دەنگ بانگەوازەکەیەوە هات و بەشدارییەکی سەرەکی کرد  لە نەخشە داڕشتنی سەرهەڵدانەکە کە لە ساڵی ١٩٢٤ دەستی پێکرد. لە سەرەتاوە مانگی مەی ١٩٢٥ ئەو بەروارە بوو کە بۆ ڕاپەڕینێکی گەورە داندرابوو  کە دەبوو زۆربە یان هەموو ئەیالەتە کوردییەکانی تورکییە بگرێتەوە. ئەو عەمەلییاتەی کە دەبوو بکرێن وا داندرابوو ئەفسەرانی بزووتنەوەی ئازادی ڕێکیان خەن، چونکە ئەوان خاوەن ئەزموونی نیزامی بوون.ڕێبەرایەتی ناوچەیی دەبوو لە لایەن شێخەکان و سەرۆک عەشیرەتەکانەوە دابین بکرێ. بەڵام سەرهەڵدانە ڕاستەقینەکە بە پێی ئەو نەخشەیە بەڕێوە نەچوو . لە بەر بارودۆخی چاوەڕواننەکراو، خراپ بۆچوون و ژمارەیەک هەڵە،هەستی گومان و دڕدۆنگی دەستەڵاتدارانی تورک ورووژا. تا کۆتایی ١٩٢٤، زۆربەی ڕێبەرانی سەرەکی ئازادی گیران و تەنێ چەند کەسێکیان توانیان خۆیان ڕزگار کەن و بچنە عێڕاق، کە لەوێ لە لایەن ئەفسەرانی هەواڵگری بریتانیاییەوە لێپرسینەوەیان لە گەڵ کرا.ناڕەزایەتی ئەوان لە حکوومەتی تورک ووشیاریی مووقەڵێشانەی ئەوان نیشان دەدا لە مەڕ فەرق و جیاوازی و دووچاوکی لە گەڵ کران و، ئەنگیزەیەک کە لە تەبیعەتی خۆی دا ناسیۆنالیستی یە و دینی نییە.١
ڕاپەڕین
بەگیرانی زۆر لە رێبەرە گرینگەکان کە ئیدی یان لە نێو زیندان و یان لە هەندەران بوون، دەبوو چاو بە نەخشەی ڕاپەڕێنەکە دا بخشێندرێتەوە . لەمانگی دیسامبری ١٩٢٤ یان ژانڤییەی ١٩٢٥، کۆبوونەوەیەک پێک هات لە نێوان ئەندامانی ئازادی و شێخەکان و سەرۆک عەشیرەتەکان، کە ئەوانە زۆربەیان خەڵکی ناوچەی زازا بوون.لەو کۆبوونەوەیە دا بڕیار درا سەرهەڵدانەکە دەست پێ بکا و تەنانەت کاتەکەشی هێنرایە پێشەوە و کرا بە مانگی مارس. لە مانگی ژانڤییەدا [ ١٩٢٥] شێخ سەعید دەستی کرد بە سەردانی ساڵانەی خۆی لە ناوچە زازاکی ئاخێوەکان و، ئەوپەڕی حەولی خۆی دا هەر جۆرە کێشەیەکی کە چەت لە یەکێتی ڕاپەڕینەکە بخا یەکلا کاتەوە و، لە گەڵ سەرۆکە عەشیرەتە ناوچەییەکان باسی ستراتێژی بزووتنەوەکە بکا. ووتارە ئاوراوییەکانی بوو بە ئیلهام بۆ لادێیەکان بۆ بیزو قێز هاتنەوەیان لە حکوومەتی کۆماری. [ بڕوانە جەماڵ،٢٤: ١٩٥١؛ تۆکەر، ٣٨: ١٩٦٨] لەو گەشتە دا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک هاوڕێیەتی شێخ سەعیدیان دەکرد کە دەناویان دا زۆر خەڵکی چەکداریش هەبوو. لە کاتێکدا کە لە پیران دابەزی بوو، ئەو گوندەی کە برایەکەی عەبدولڕەحیم لەوێ دەژیا، ڕووداوێکی پچووک بووە هۆی هەڵ بوونی ناوەخەتی گڕی ئاگری ڕاپەڕینەکە لە ١٣ی فێڤرییەی ساڵی ١٩٢٥ دا [ هەر هەمان شوێنی پێشوو]. ‌هێزی ژاندەرمەری تورک لە گوندی پیران لە نێو ئەو کەسانەی لە گەڵ شێخ بوون چەندین کەسیان ناسییەوە کە لە دەست عەداڵەت هەڵهاتبوون و ، هێندێکیان تاوانی ئینسان کوشتنیان لە سەر بوو. لە حەولێک دا بۆ گرتنی ئەو هەڵاتووانە لە نێوان پیاوانی شێخ و ژاندەرمەکان دا تەقە ڕوویدا، کە لەو ڕووداوە دا بەلانی کەمەوە ژاندارمێک کووژرا. لە بەر ئەوەی ئامادەکاری بۆ ڕاپەڕین هێشتا تەواو نەببوو،شێخ ئەوپەڕی حەولی خۆی دا هەموو رووداوەکە دیزە بە دەرخۆنە بکا بەلام بۆی نەکرا. خەبەری ئەو ڕووداوە بە خێرایی بڵاو بووەوە و، لە شارۆچکەی دراوسێ لە هانی ( هێنە) دانیشتووان قایممقامی ئەوێ و گشت کاربەدەستە تورکەکانیان وەدەر نا. لە نیزیک لجێ پێشی بارهەڵگرێکی ئیدارەی پۆست گیرا. لە بەر ئەوەی ئیدی حکوومەت بەو ڕووداوانە وەخۆ هاتبووەوە سەرهەڵدانی گشتی دەبوو  بەڕێوەبچێ. شێخ گورج خۆی گەیاندە داراهێنێ، شارۆچکەیەکی پچووکی ناوچەیی کە دەستوێڕاگەیشتنی ئاستەم بوو ، و لە چوونی بەرەو ئەوێ چەند سەد کەس لە تاکوتەرای عەشیرەتی کۆ کردەوە.داراهێنێ بە هاسانی گیرا و لە بەر ئەوەی زۆربەی هێزی ژاندارمەرییەکەی کورد بوون، ئەوان دڵخوازانە لە گەڵ شێخ کەوتن. شارۆچکەکە کرا بە پێتەختی کاتی سەرهەڵداوان. شێخ سەعید قایممقامی خۆی بۆ ئەوێ دانا، هەر وەها موفتییەک (پسپۆڕی قانوونی ئیسلامی) و، فەرماندەیەکی ژاندارمەری.کاربەدەستانی پلەی خوارەوە  لە سەر کارەکانیان بەردەوام بوون لە ژێر فەرمانی ئیداری تازە دا.
لە داراهێنێ ڕا شێخ سەعید چەکدارانی خۆی بە هەموو لایەک دا نارد بۆ ئەوەی کۆنتڕۆلێ نێوەندە ئیدارییەکانی هەرێمەکە بە دەستەوە بگرن. زۆربەی ئەو یەکە غەیری ئەڕتەشییانە شێخەکان ڕێبەرییان دەکردن. شێخەکانی جان چاپاکچور یان گرت و، لەوێوە بەرەو کێغی چوون. شێخ عەبدوڵای خەڵکی ناوچەی سوڵحان (بۆنگلان)  ناردرا بۆ ڤارتۆ (گم گم) و ناوچەی باکووری مووش . شێخ شەریف کە پێشتر فەرماندەیی میلیشیای کوردی کرد بوو لە گرتنی چاپاکچور دا بەشداری کرد و، بە دووی دا پاڵۆی گرت و لەوێوە بەرەو شاری گرینگی ئەلازغ (خارپێت) چوو و،بە هەر گوندێک دا تێدەپەڕی هێزی تازەی لە گەڵ دەکەوت. شێخ سەعید بۆ خۆی لە گەڵ ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی لە داراهێنێ یەوە بەرەو ناوچەی باشوور چوون.
لە هەمان کات دا،  هەنگێکی پیادە و هەنگێکی سواری ئەڕتەش نار درابوو بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی سەرهەڵداوانی شاری سەرەکی هەرێم دیاربەکر. هەنگی پیادەی تورک بە دەستی جووتێرانی ناوچە لە ژێر فەرماندەیی شێخ محەمەد مەهدی گوندی سەردی لە نیزیک هانی ( هێنە) زەبری گورچوو بڕی لێ درا و چەند ڕۆژ دواتر هێزەکانی شێخ سەعید خۆی ئەو هەنگەیان تێک شکاند.تۆپخانەکانی ئەو هەنگە زۆر بەکەلک بوون بۆ سەرهەڵداوان کە هەر چەکی سووکیان هەبوو کە زۆربەشیان چەکی کۆن بوون. لە ٢٨ی فێڤرییەی ١٩٢٥، هەنگی سوارەی تورک کەوتە بۆسەی کوردەکان و تەسلیمیان بوو. لەو دەمە دا هەموو ناوچەی زازا نشین لە ئەرغەنی یەوە بگرە تا قولپ (پاسوور) بە ئاشکرایی لە سەرهەڵدان دا بوون. شارەکانی ئەرغەنی، هانی (هێنە) و لجێ بە دەست لادێییەکانی دەوروبەریان گێرا بوون ئەگەرچی، هێندێک لە شارنشینەکان دەستیان کردبووەوە. شێخ سەعید کە ئێستا باوەڕی بە هێزی خۆی هێنابوو هێزەکانی خۆی کۆ کردەوە بۆ پەلامار بردن بۆ سەر گەورەترین شاری هەرێم واتە دیاربەکر، لە کاتێکدا، برایەکەی عەبدولڕەحیم ، لە گەڵ بەشێک لە هێزە زازاکان بەرەو ڕۆژئاوا چوو بۆ گرتنی مەعدەن، چێرمووک و سیڤەرەک. شێخ سەعید گەشتێکی کرد بۆ ناوچەکانی ئەگیل (گێل) بۆ وەدەستهێنانی پشتیوانی سەرۆک عەشیرەتە خۆجێییەکان. ئەو پەیکی ناردە لای سەرۆک عەشیرەتە سەرەکییەکان لە مەڵبەندەکانی دیکەی کوردستان  بۆ وێنە بۆ لای عەشیرەتی بەهێزی میلان لە دەوروبەری وێرانشار و عەشیرەتەکانی دەوروبەری بیتلیس، کە ئەوانە گشتیان  لە نەخشەدانانی سەرەتایی ئازادی بۆ ڕاپەڕین بەشدارییان کرد بوو. هیچ ووڵامێک لەو عەشیرەتانەوە نەگەیشتەوە.
لە سەرەتای مانگی مارس دا، دیاربەکر لە لایەن هێزێکی گەورەی سەرهەڵداوان گەمارۆ درا  کە ژمارەیان دەگەیشتە ١٠٠٠٠ کەس و بە بەردەوامی لە ژمارەیان زیاد دەبوو. شێخ سەعید بۆخۆی لە گوندێکی نیزیک شارییەوە ئەو عەمەلییاتانەی ڕێک دەخست. دیاربەکر کە سەربازخانەیەکی گەورەی لێ بوو و فەرماندەکەی کەسێکی بە توانا بوو بە نێوی مورسل پاشا  و ، بەشوورە پتەوەکانی دەورو بەری بە کردەوە شارێکی لە گیراننەهاتوو بوو. لە پێشدا مورسل پاشا بۆ قایمکاری هەموو خەڵکی مەدەنی چەک کردبوو. لەو ماوەیە دا کە شار گەمارۆ درابوو ئەو جووڵە و هات وچۆی بەتەواوی قەدەغە کرد و، مەترسی ئەگەری هاوکاری خەڵکی مەدەنی شارەکەی لە گەڵ سەرهەڵداوان کەم کردەوە. دوای گەمارۆدانێکی چەندین ڕۆژە و حەولی بێ ئاکامی سەرهەڵداوان بۆ پەلاماردانی شار، دەستەیەکی پچووک توانییان بە شەو بچنە نێو شاری، بە ڕواڵەت بە پشتیوانی دانیشتووانی کوردی زازای نێو شارەکە. هاتنیان بۆ نێو شاری پێی زاندرا و لە شەڕێکی خوێناوییدا سەربازخانەکە هەموویانی لە نێو برد و، تەنێ چەند کەسێک توانییان خۆیان ڕزگار کەن ( ٧-٨ی مارس)، دوای ئەو شکانە شێخ سەعید هێزەکانی خۆی لە دەوری شاری کشاندەوە و چەند ڕۆژێک مەرەخەسی کردن بۆ پشوو دان.
لە بەرەکانی دیکە دا هێندێک سەرکەوتن وەدەست هات. شێخ شەریف ئەلازغی گرت و بڵاوەی بە سەربازخانەکەی ئەوێ کرد. لە باکووری ڕۆژئاوا، ڤارتۆ گیرا و هنس (خنووس) چەندین جار پەلامار درا، ئەگەرچی زۆر لە ئەندامانی عەشیرەتەکانی جیبران و حەسەنەنان لە گەڵ هێزی سەرهەڵداوەکان کەوتن،عەشیرەتە دوژمنە نەریتییەکانیان، کە عەشیرەتەکانی هۆرمەک و لۆلان ی عەلەوی بوون زۆر بە توندی دژایەتییان دەکردن. نەخشەی گرتنی مووش و بیتلیس لە بەر ئەوەی عەشیرەتە خۆجێییەکان لە گەڵ سەرهەڵداوان نەکەوتن هەڵوەشاوە. دانیشتووانی سیلڤان (فارقین) تا ٢٥ی مارس گۆشەگیر بوون، لەو ڕۆژە دا کوردە زازاکان بە ڕێبەرایەتی شێخ شەمسەدین هێڕشیان کردە ئەوێ. لە ماوەی چەند ڕۆژان دا سەربازانی حکوومەت جارێکی دیکە فارقینیان گرتەوە. کەفو و کوڵ و خێرایی سەرەتایی ڕاپەڕینەکە نیشتەوە. بە خۆ باوەڕ بوون و سەروەبەرنەهێنانی ئاشکرا  جێی خۆی دا بە ئامادەکاریی بەپەلە بۆ بەرگری لە ئاست دژ پەلامارێکی حکوومەتی تورک کە ئەمڕۆ و سبەی چاوەڕێ دەکرا.
گرتن و لە دەست دانی ئەڵازغ (خارپێت)
ئەو بەڵگانەی بەدەستەوەن زۆر کەم باسی ئەنگێزە و ئاکاری جووتێرە سەرهەڵداوەکان دەکەن کە لە ڕاستیدا ئەوان بوون ڕاپەڕینەکەیان کرد. ئەوانەی ڕووداوەکانی سەرهەڵدانەکەیان لە بیر ماوە زۆر جار حەولیان داوە ڕاستییەکان بە دووی یەکدا بهۆننەوە، بەڵام لە بەسەرهاتەکانیان دا زیاتر باسی ڕێبەرەکانیان دەگێڕنەوە و ناکرێ تێگەیشتنێکی کاریگەرانە سەبارەت بە سەرهەڵدانەکە بەگشتی لەو قسانە بخوێندرێتەوە. جا ئەو چەند ڕاپۆرتەی لە لایەن ئەوانەوە کە شاهیدی گیرانی شاری سەرەکی هەرێم ئەڵازغ (خارپێت) بە دەست سەرهەڵداوان بوون بە تایبەتی گرینگن بۆ نیشاندانی ئەوەی کە چۆن بەشە جیاوازەکانی دانیشتووان جووڵاونەتەوە [ بڕوانە ڕاپۆرتی وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی بریتانیا ٣٧١،٦١ / ٣٦٢/٢٣١٩ ئی: ٣٧١،١٩٢٥ ؛ جەماڵ، ٤-٣٢ : ١٩٥١]. لەو شارە دا کەسایەتی گرینگی چینی نێوەڕاست، وەکوو کاربەدەستان، بازرگانان، پارێزەران، سەنعەتکاری سەرەکی و کاڕگێڕانی خوارەوەی خزمەتی گشتی ، زیاتریان تورک بوون، بەڵام ئەوانەی لە پیشە دەستییەکان دا کاریان دەکرد زیاتریان ئەو کۆچبەرە تازانە بوون کە لە گوندە کوردییەکانی دەور و بەڕ ڕا هاتبوونە شاری.
گورج دوای ئەوەی سەرهەڵداوان داراهێنێ و چاپاکچوریان گرت، دەنگۆ گەیشتە ئەڵازغێ کە چەندین سەد جووتێری کورد بەڕێوەن بۆ ڕاهێزانی هێزی سەرهەڵداوان دەنێو شاری دا. ئەوانەی کە گەیشتن دەستەیەکی زۆر بە هەڵپە و ترسێنەر بوون، ئاڵای سەوزیان ڕادەوشاند و قورئانیان بە دەستەوە بوو و هاواریان دەکرد" خودا پێغەمبەرمان بۆ ڕاوەستاو کا" و هەر کەس هاتبا سەر ڕێیان بە نێوی خودا داوایان لێدەکرد خۆی ڕا دەست کا. شارۆچکەی پالۆ تەسلیم بوو و سەرهەڵداوان بە هەڵپەیەکی زۆر و ماندوو نەناسانە بەرەو ئەڵازغ چوون.داوایان لە هەمووان کرد لە گەڵیان کەون. کاتێک یەکەم سێسەد کوردی سەرهەڵداو  ڕووبەڕووی خەتی ئەڕتەش لە دەرەوی ئەڵازغ دەرکەوتن ، ئەوان دیمەنی زۆر ترسێنەریان لە خۆیانەوە نیشان دا و سەربازەکان لە جیات ئەوەی تەقە لە سەرهەڵداوان بکەن لەبەریان هەڵاتن چونکە ئەوان قورئانیان لە نووکی سەرنێزەکانیان شەتەک دابوو. کوردەکان لە لایەن زۆربەی دانیشتووانی شارییەوە بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا و، ئەوان پۆستی ژاندارمەری وخانووی دادگەیان تاڵان کرد، هێرشیان کردە سەر زیندان و ئەو پەروەندەی هەبوو سووتاندیانن. ئەو زیندانیانەی بەردرابوون ماڵی ئەفسەران و دەوڵەمەندانیان بە سەرهەڵداوان نیشان دا، بۆ " ئەوەی ئەوانەی پێشوو زیندانی بکرێن و ئەوانی دوایی تاڵان بکرێن". کۆڵبەر و دارشکێنی نێو شاری بە داوخوازی دڵی خۆیان لەگەڵ سەرهەڵداوان کەوتن. دواتر لەو ڕۆژە دا، فەرماندەی سەرهەڵداوان لەو بەرەیە دا، واتە شێخ شەریف، هاتە نێو شاری و پەڵێنی دا هێمنایەتی دابمەزرێنێتەوە.ئەو فەرمانی کوشتنی تاڵانکەرانی دا، بەڵام ئەو هەڕەشەیە هیچی لێ شین نەبوو، بۆ ڕۆژی دواتر تاڵانی ئەنباری ئەڕتەش و ئینحیساری تووتن بە زەبرو زەنگێکی زۆرترەوە ئەنجام درا. زۆر لە خەڵکی مەدەنی لە ئاست ئەو تاڵان و دزییە هیچ دەستیان نەکردەوە، چونکە ئەوان سەرهەڵداوانیان بە ئەڕتەشێکی ئیسلامی دەزانی. بە سەدان جووتێر لە گوندەکانی دەورو بەرەوە هاتنە نێو شاری بۆ پیرۆزبایی گوتن و قەدەم مبارەکی بە سەرهەڵداوان و، هێندێک لەوان لە گەڵ ئەڕتەشی سەرهەڵداوان کەوتن لە پەڵاماری دا بۆ سەر ماڵاتییە. بەڵام شێخ شەریف کارێکی زۆر کەمی کرد بۆ پتەو کردنی دەستکەوتی سەرهەڵداوان، هەر ئەوەندەی کرد بەرپرسیارەتی کارو باری ئیداری دا دەست موفتی یەک (پسپۆڕی قانوونی ئیسلامی) و سەربازگەیەکی پچووکی لە دوای خۆی بەجێهێشت. کاتێک ئەوانە درێژەیان دا بە تاڵانکاری، کەسایەتیە ناسراوەکانی شاری  دەستەی خۆڕاگرییان ڕێک خست بۆ دەرپەڕاندنیان لە شاری. دوای ئەڵازغ، سەرهەڵداوانی ژێر فەرماندەیی شێخ شەریف ئیدی چ سەرکەوتنیان  وەدەست نەهێنا. ( تۆکەر، ٨٧: ١٩٦٨)  بە ڕواڵەت سەرهەڵداوان قەت نەگەیشتنە ماڵاتییە.
سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکە
حکوومەت بە لەسەرخۆیی خۆی بۆ دژە-پەلامار ئامادە دەکرد، بە ناردنی ڕەنگە نیزیکەی ٣٥٠٠٠ سەرباز بۆ ناوچەکە. دەوڵەت داوای لە سەرۆک عەشیرەتە کوردەکانی ناوچەکانی دیکە کرد وەفاداری خۆیان لە ئاست کۆمار نیشان بدەن بە لە بەر دەست دانی نەفەرات بۆ شەڕ بەدژی سەرهەڵداوە کوردە هاوکووفەکانیان.هێندێک لە سەرۆک عەشیرەتان بە دەم ئەو بانگەوازەوە هاتن، ئەگەرچی  وا وێناچێ ئەوان بەدژی دەستوپێوەندی شێخ سەعید شەڕیان کردبێ. لە کۆتاییەکانی مانگی مارس دا ئەڕتەشی تورکییە دەستی کرد بە پەلامار دانی ناوچەی سەرهەڵداو لە سێ قۆڵەوە، بە پشتیوانی یارمەتیی زۆر بەنرخی هێزی هەوایی. بۆمبارانەکان ترسێکی گەورەی خستە نێو کوردەکان، کە زۆربەیان تا ئەو دەمی فڕۆکەی شەریان نەدیبوو. لە ماوەی چەند ڕۆژێک دا شارەکانی هانی (هێنە)،سیلڤان (فارقین)،پاڵۆ، پیران و لجێ گیرانەوە و سەرهەڵداوان ناچار کران پاشە بکەن بۆ جێگەی ئاستەم کە بەزحمەت دەستیان وێڕادەگەیشت، واتە ناوچە شاخاوییەکانی چاپاکچور و گەنج ( داراهێنێ). سەڕەڕای بەفری درەنگی زستان ئەرتەش وەشوێنیان کەوت و لە چەند نەبەرد و تێکهەڵچوونی بە زەبروزەنگی کراوە دا هێزە کوردەکانی تێک شکاند. ئەو سەرهەڵداوانەی کە مابوونەوە بە یەکەی پچووکی پارتیزانی دابەش بوون و بۆ چەند ساڵان درێژەیان دا بە عەمەلییات. شێخ سەعید چەند ڕۆژ دواتر لە نیزیک مووش گیرا، بە ڕواڵەت  لە بەر خیانەتی هاوپەیمانێکی پێشووی  کە بەو کارە دەیەویست گیانی خۆی بپارێزێ. لە دوای مەحکەمەیەکی کورت، شێخ سەعید و چل و حەوت ڕێبەری دیکەی ڕاپەڕینەکە، کە بەلانی کەمەوە حەوت کەسیان شێخ بوون مەحکووم بە مەرگ کران و لە ٤ی سێپتامبری ١٩٢٥ لە سێدارە دران. بە دوای ئەوە دا قانوونێک پەسند کرا و هەموو تەریقەتە دەروێشییەکان، نزاگە و شوێنە پیرۆزەکانیان  قەدەغە کران [ ئاڵبایراک، ٢٠٦-١٨٦ : ١٩٧٣].
خەسڵەتی ناسیۆنالیستی سەرهەڵدانەکە لە بەرانبەر خەسلەتە دینییەکەی دا
لە مەحکەمە دا دەستەڵاتدارانی تورک پێکێشیان کرد کە دنەی ئەو سەرهەڵدانە ناسیۆنالیستی بووە و، ڕێبەرەکانی مەبەستیان بووە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورد دامەزرێنن. ناسیۆنالیستە کوردەکانی ئەو سەرو بەندیش خەسلەتی سەرهەڵدانەکەیان هەر وا  ناساند [ بۆ وێنە شێرگۆ، ١٩٣٠].هیچ گومان لە پێوەندییەکان  شێخ سەعید لە گەڵ ئەندامانی ئازادی و هەر وەها، ناسیۆنالیستی زۆر میانەڕۆتر دا نییە . زانیاریدەری زارەکی سەرەکی من کە لە ماوەی سەرهەلدانەکە دا لە شێخ نیزیک بووە، دەلێ بۆ شەخسی شێخ سەعیدیش، ئەنگێزەی دینی بە ڕوونی لە چاو ویستی ناسیۆنالیستی لە پلەی دووەم دا بوو. لە ڕاستیدا، یەکێک لە هاوکارە هەرە نیزیکەکانی شێخ، فەهمی بیلال ئەفەندی، بێ ئیمانێک بوو کە بە ئاشکرایی کفری دەکرد و تەنیا لە بەر ئازایەتی و ناسیۆنالیزمی  فیداکارانەی خۆی شێخ تەحەمولی دەکرد. نە شێخە سەرەکییەکانی دیکە و نە لادێییە ئاساییەکانی دیکە وێناچێ هەست وسۆزی وەها ڕوون و بەهێزی ناسیۆنالیستییان بووبێ.
لە گوندەکان دا شێخ سەعید بە مەبەستی بانگەشە و خەڵک ورووژاندن بە شێوەی سەرەکی قسەی دینی بەکار دەهێنا کە ' هێرش کراوەتە سەر ئیسلام و دەبێ بپارێزدرێ'. ڕەمز و هێماکانی سەرهەڵداوان خەسلەتی ئایینییان هەبوو – ئاڵای کەسک و قورئان، هاواری ئیسلامی لە مەیدانی نەبەرد دا و، بەکارهێنانی زاراوەی شەڕی پیرۆز یان جیهاد.جۆرە بۆن و بەرامەیەکی مەهدەوییەت لە سەرهەڵدانەکە دەهات، ئەگەرچی وا وەبەرچاو دێ هیچ هێمایەکی ئاشکرا بە بیرو ڕای مەهدەوییەت نەکرابێ. شێوەی ئاکاری سەرهەڵداوان بە توندی ئەوە دەدرکێنێ ئەوان چاوەرێی ئەوەیان کردووە  هەر بە چوونیان بۆ نێو شارەکان  ئیسلام دەبووژێندرێتەوە و حوکمی عادڵانە دادەمەزرێندرێ. لە نێو لیستی درێژی ناڕەزایەتییەکانی ناسیۆنالیستە کوردەکان دا  تەنێ چەند شت مانای هەبوو بۆ جووتێران -  بە تایبەتی هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت - . ناڕەزایەتییەکان بە شێوەی سەرەکی  داوخوازی و نیگەرانییەکانی کوردە خوێندەوارەکانی دەدرکاند و، تا ڕادەیەکیش بەرژەوەندییەکانی توێژاڵکی نەریتی فەرمانڕەوا. بیر و باوەڕی حوکمی خۆیی زۆر تازە بوو تەنانەت لە نێو سەرۆک عەشیرەتەکانیش دا.لەماوەی شەڕی یەکەمی جیهانی دا، ئەو لاو ڕووناکبیرە کوردانەی خەریکی بانگەشەی ناسیۆنالیستی بوون بۆیان دەرکەوت سەرۆک عەشیرەتەکان بە دژی ئەو شتانەن ئاوان باسی لێوە دەکەن. وەفاداری لە ئاست  سوڵتانی عوسمانی  بە سیفەتی خەڵیفەی موسوڵمانان هێشتا لە پلەی یەکەمی گرینگی دا بوو [ سلۆپی، ٩-٣٨ : ١٩٦٩]. هێزە
هاوپەیمانە سەرکەوتووەکان لە دوای شەڕ وێدەچوو کەمتر  لە دژی بیری دەوڵەتێکی کوردی بن، کە زۆر لە سەرۆک عەشیرەتەکانی سەبارەت بە ئەگەرەکانی پڕۆژەیەکی ئەوتۆ وەخۆ هێنابووەوە. بەڵام پشتیوانی هاوپەیمانان لەو پڕۆژەیە قەت وەدی نەهات و، مستەفا کەماڵ توانی وەفاداری زۆر لە سەرۆک عەشیرەتە گەورەکان بەرەو لای خۆی ڕابکێشێ بە پێشنیاز کردنی دانی پلەو کورسی بەوان لە مەجلیسی نەتەوەیی تورکییە دا. ناڕەزایەتی و دڵمەندی ڕاستەقینە بەتایبەتی لە نێو سەرۆک عەشیرەتی پچووکتر دا خۆی دەرخست، کە لە دەرەوەی سیستمی سیاسی دا مابوونەوە.زۆر لەوانە پڕۆپاگاندای ئازادی یان لە دڵ دەنیشت. لە بەر ئەوەی  جووتێران زۆر زیاتر بە دەنگ پەیامی دینیی ئیسلامییەوە دەهاتن  تا شاپە وگاپەی ناسیۆنالیزمی کوردی،ئازادی پێی باش بوو لە پشت پەردەوە  وەک دەزگایەکی نەخشە داڕێژ و ڕێکخەر کار بکا و، ئەرکی  دەنگدانی ڕاستەوخۆ و فەرماندەیی مەیدانی بە سەرۆک عەشیرەتە خۆجێیەکان و شێخەکان بسپێرێ.کاتێک ئازادی هەڵوەشا، تەنێ ڕێکخراوەیەکی سەرەوەی عەشیرەتی مابووەوە کە ئەگەری ئەوە هەبوو بتوانێ ئەو دەوری رێک خستنە وەئەستۆ بگرێ:  ئەویش تۆڕی پێوەندی شێخانی نەخشبەندی بوو. لەوەش زیاتر، لە نێو ڕێبەرە دەسترۆیشتووەکان دا  کە لە سەرەتاوە ئازادی ڕووی لێنان، تەنێ شێخ سەعید بوو بڕیاری دا بەردەوام بێ لە سەر وەگەڕخستنی سەرهەڵدانەکە. شێخ سەعیدیش بە نۆرەی خۆی جگە لە شێخە پچووکترەکان و سەرۆک عەشێرەتەکانی ناوچەی خۆی نەبێ کە ئامادەبوون لەگەڵی کەون کەسی دیکەی بۆ نەدۆزراوە.
ئەو دەورە سیاسییەی کە ئەو شێخانە لە ڕووی نەریتییەوە گێڕابوویان جێیەکی هەڵکەتووی بۆ مسۆگەر کردبوون بۆ ئەوەی لە گەڵ سەرهەڵدانەکە بکەون یان نەکەون. لە ناوچەی مووش، کە سەرۆک عەشیرەتەکان بەهێزتر بوون لە ناوچە زازاکان، شێخی سەرەکی بە دەرەجەی یەکەم دەستەڵاتێکی ڕووحی بوو تا ئەوەی کە دەستەڵاتێکی سیاسی  بێ  و قەبووڵی نەکرد لە گەڵ بکەوێ. سەرۆک عەشیرەتەکانی مووش و هەر وەها ئی دەرسیمیش  هەر ئاوایان کرد، ئەگەرچی چەند لەو عەشیرەتانە لە پێوەندی ڕاستەوخۆ دا بوون لەگەڵ ئازادی. تۆکەر [١٩٦٨:٨٣] ئەوە بەو ڕاستییە دەبەستێتەوە ئەو سەرۆک عەشیرەتانە زیاتر بیری ناسیۆنالیستییان هەبووە و، بە توندی دژی خەسلەتی دینی ڕاپەڕینەکە بوون لە ژێر رێبەرایەتی شێخەکان دا. لە ڕاستییدا،عەشیرەتەکانی دەرسیم لە بەر عەلەوی بوونیان، چ هۆیەک لە گۆڕێ دا نەبوو لەگەڵ ئەو بزووتنەوە ویشکە سونییە بکەون کە دەکرا بە هاسانی لە دژی ئەوانیش هەڵگەڕێتەوە،سەڕەرای نامەی شێخ سەعید بۆ بانگهێشتنی عەشیرەتی عەلەوی هۆرمەک  بۆ ئەوەی لە گەڵ سەرهەڵدانەکە بکەون[فرات، ٢٠٠: ١٩٧٠].ئەو عەشیرەتانە دواتربە پێی بۆچوونی خۆیان ڕاپەڕین.
لەبەر ئەوەی مەشڕووعییەتی دەستەڵاتی شێخەکان بە دەرەجەی یەکەم دین بوو، ئاشکرایە بانگەشە و خەڵک دەنگ دان لە لایەن شێخەکانەوە بە ڕواڵەت لە سەر هەڕەشە لە سەر ئیسلام و ئەرکی دینی بۆ پاراستنی کۆ ببووەوە. ئەوان هۆی باشیان بەدەستەوە بوو ئاوا بکەن:تەنانەت ئەگەر چاکسازییەکانی کەماڵیستی هەموو ئیسلامیشی نەهاویشتبا مەترسییەوە؛ هەڕەشە بۆ سەر هەڵکەوت و پلە و پایەی شێخەکان بە ڕاستی هەڕەشەیەکی زۆر ڕاستەقینە بوو. لادێییە کوردەکان، کە زۆر بە توندی بە ئیسلامەوە بەسترابوونەوە ، قسەی شێخەکان دە نێو ئەوان دا قورساییەکی زۆر زۆر گەورەی هەبوو و، بە هاسانی جێبەجێیان دەکرد، بەتایبەتی ئەگەر شێخەکان قسەی ئاوایان کرد با کە بۆنی شەڕی پیرۆزی (جیهاد) لێوە هاتبا.جا بۆیە شێخ سەعید نێوی ئەمیرولموجاهیدین ی لە خۆی نا و ڕایگەیاند هەر سەرهەڵداوێک بکوژرێ شەهیدە و یەکسەر دەچێتە بەهەشت.
لەگەڵ ئەوەشدا، شۆر و شەوقی دینی  تەنیا هێز نەبوو بۆ وەجووڵە خستنی جووتێرە سەرهەڵداوەکان. لە ئەڵازغ و شارەکانی دیکە دادگەکان تاڵان کران، پۆستەکانی ژاندارمەری پەلامار دران، زیندانیان ئازاد کران و ئینحیساری تووتنیش تاڵان کرا.ئەوانە هەر نیشانەی مەیلی تەماع و تالان نەبوون، شاهیدان دەڵێن ئەوە نیشانەی هەست کردنی توند و ئاشکرا بە جیاوازی نێوان پێوانە نەریتییە عەشیرەتی و ئیسلامییەکان لە لایەکەوە و، سیستمی قەزایی بیگانە و بە ئوڕووپایی کراو و هەر وەها ناڕەزایەتی تووتنکارەکان بوو لە سەرێکی دیکەوە.هەر هەمان جیاوازیش لە جەردەیی کۆمەڵایەتی باو لە هەرێمەکە دا  بە جوانی لە بەر چاو بوو. چەندین جەردە لە گەڵ هاوڕێیانی شێخ سەعید کەوتن. لە چوونی بەرەو ئەلازغ شێخ شەریف،فەرماندەیی لە گەڵ یادۆ دابەش کرد، کە جەردەیەکی بەنێوبانگ بوو و وەک قارەمانێکی گەڵ چاوی لێ دەکرا.دوای شکانی ئەڕتەشی سەرهەڵداوان، یەکەی پچووکی پارتیزانی هەر وا چالاک بوون و، شێوازی جەردەی نەریتی کۆمەڵایەتیی ناوچەیان وەخۆ کرد. هۆکاری سەرەکی کە لە ڕەگ و ڕیشەی ئەو سەرهەڵدانە دا بوو  بریتی بوو لە کێشەی نێوان ئیدە و بیری ڕۆژئاوایی و سکوولاریستی کە دەوڵەتی نوێی تورک وەخۆی کرد بوو  و بە زۆر جێبەجێی دەکرد و سیستمی نەریتی نرخی کوردی بە شێوە ئیسلامییە جەماوەرییەکانی خۆیەوە. هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، کە هەتا ئەو دواییانە خاڵێکی بەهێز بوو بۆ کۆ کردنەوەی عەشیرەتە کوردەکان لە دەوری یەکتر و یەکگرتنیان لە پێناو خەباتێکی هاوبەش دا، لە لایەن جووتێرانەوە وا هەست دەکرا  هێرشێکی ڕەمزی سەرەکی بێ بۆ سەر باوەڕەکانیان. شێخە خەباتکار و چالاکەکانی کوردی ناوچە زازاکان بوون بە ڕەمز و دەرخەری  ئەو نرخە نەریتییانە. ئەوان ئەو ڕێبەرە لەبارانە بوون کە دەیانتوانی شەپۆلی بێ باوەڕی و ئەخلاقی بێگانە قەمتەر بکەن و، عەداڵەتی نەریتی دامەزرێننەوە. لە بۆنەی دیکە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دا ، ئەوە ڕێبەرانی دیکە بوون کە ئەو دەورەیان گێڕا، کە خەسڵەتێکی کەمتر دینی دا بەو ڕاپەڕینانە. بۆ خەڵکی سادە و ئاسایی ئەوە لەوانەیە هیچ مانای نەبووبێ چونکە ئەوان خەباتیان دەکرد بۆ ڕاگرتنی ناسێنەی نەریتی خۆیان ، بە بێ لەبەر چاوگرتنی ئەوەی لەو تێکۆشانە دا لایەنی دینی یان ئێتنیکی زەق دەکرێتەوە.
ئەنجام
تەریقەتی نەخشبەندی دەورێکی گرینگی ڕيکخراوەیی گێڕا لەو سەرهەڵدانە دا. ناڕەزایەتی کوردەکان لە نێوەڕاست ساڵانی ١٩٢٠ کاندا، وێدەچێ وێکچوونێکی سەرنجڕاکێش نیشان بدا لە گەڵ هێزە پارتیزانییە ئیسلامییە ئەفغانییەکان لە ساڵانی ١٩٨٠ کاندا. تەنانەت ئەگەر ئێمە جیاوازییە ئاشکراکانی نێوان ئەو دوو هەلومەرجانەش لەبەرچاو بگرین، ئەوە ڕوونە کە عەمەلییاتی کوردە سەرهەڵداوەکان  لە سەرەتاوە زۆر زیاتر هاو ئاهەنگی و سەرکەوتنی لە خۆیەوە نیشان دا بە بەراورد کردن لە گەڵ هاوتا ئەفغانییەکانیان. ئەو جیاوازییە ڕەنگە لە بەر ئامادە بوونی تۆڕی پێوەندی نەخشبەندی بووبێ لە نموونەی کوردی دا. دەوری شێخانی کورد بە تایبەتی لە سێ ڕووەوە گرینگ بوو. یەکەم، پرێستیژی دینی ئەوان، کە بریتی بوو لە باوەری بە هێزی لە سروشت بەدەری ئەوان کە بانگەشە و بانگەوازی ئەوانی ئەوەندەی دیکەش کاریگەرتر دەکرد و بەرپرسی ساز بونی شۆروشەقی مەهدەوییەت بوو لە نێو زۆر لە موریدەکانیان دا. دووەم، شێخەکان لە ناو زیاتر لە عەشێرەتێک دا قسەیان دەڕۆیی، ئەوەش  هەلی بۆ دەڕەخساندن کێشە و گیروگرفتان یەکلا کەنەوە و بتوانن زوو خەڵکی ئاسایی و سەرهەڵداوی ڕەش و ڕووت یەکگرتوو کەن.سێیەم، شێخە سەرهەڵداوەکان هەموویان  سەر بە هەمان بەش لە تەریقەتی نەخشبەندی بوون کە پێشتر هاوکاری یەکتریان کرد بوو، ئەوەش هاوکاری لە ناوچەیەکی هەراوتر دا بۆ ڕەخساندن. دەوری گرینگی شێخان  لە پێشگرتن لە نەسازانی عەشیرەتی کە سەرهەڵدان بکاتە کاری نەکران هاوشێوەیەکی لە بزووتنەوەکانی سانوسی بەر لە سەربەخۆیی لیبی دا دەبێندرێ [ ئێڤانس – پریتچارد، ١٩٤٩].
سانووسییەش تەریقەتێکی عارفانەی جەماوەری بوو. تۆڕێک لە خەڵیفەکانی شێخی هەرە بەرز عەشێرەتە بیدویینەکانیان لە خەباتێکی هاوبەشی دژی کۆلۆنیال دا ڕێک خست و بناخەی سەربەخۆیی لیبی یان دامەزراند. لە کاتێکدا کە لیبیاییەکان سەرکەوتن، کوردەکان سەرنەکەوتن. هۆکارەکانی دەرەوەیی و دەوروبەری زیاتر لە بەرژەوەندی لیبیاییەکان دا بوون.  بەڵام هۆیەکی زۆر گرینگی دیکەش بۆ سەرنەکەوتنی کوردەکان هەبوو. وەک لە بزووتنەوە  مەهدەوییەتەکان دا هەمیشەباو بووە، کارەکانی کوردەکان هەتابلێی تەبیعەتی ڕەمزی یان هەبوو و هیچ نەخشەیەکی ستراتێژیک لە گۆڕێ دا نەبوو بۆ پێشبینی کردن و هەنگاو نانی یەک لە دوای یەک بەرەو ئامانجی یەکجارەکی. کاتێک شوورەکانی دیاربەکر درزیان تێ نەبوو وەک ئەوەی لە جێریکۆی ئینجیل دا ڕوویدا، زۆر لە جووتێرە کوردەکان وورەیان بەردا. دوایە بەهێزی تورکەکان باوەڕی ئەوانی بە ئەرکی ئیلاهی خۆیان ئەوەندەی دیکەش بنکۆڵ کرد. بۆ خۆڕاگری سەرکەتووانە لە بەرانبەر دەوڵەتێکی مۆدێڕندا، وێدەچێ هەبوونی ئیدێئۆلۆژی و ڕێکخستنێکی ' مۆدێڕن' پێویستییەکی خۆ لێنەبوێر بێ. دە ڕاستییدا لە ڕاپەڕینەکانی دواتری کوردی دا ئەوە پەیدا بوو.

١.بڕوانە بەڵگەکانی:
Public Records Office, London, FO 371, 1924:E 11093/11093/65.
ئه‌وه‌ یه‌کێک له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌ی زۆر که‌می هاوچه‌رخه‌ سه‌باره‌ت به‌ گله‌یی و گازه‌نده‌ و دواخوازی کورده‌کان. زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌ کوردییه‌کان سه‌باره‌ت به‌و سه‌روبه‌نده‌ دوای سه‌رهه‌ڵدانه‌که‌ نووسراون و لایه‌نگرانه‌ن به‌ دژی تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌کانی تورکان به‌ دوای شکانی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ دا. ئه‌ندامانی ئازادی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی خواره‌وه‌یان گه‌ڵاڵه‌ کردووه‌:
١-قانوونێکی تازە سەبارەت بە کەمایەتییان بووەتە هۆی دڕدۆنگی. داخودا حکوومەت دەیەوێ کوردەکان لە ڕۆژئاوای تورکییە دامەزرێنێ و شوێنی ئەوان بە تورکەکان بگرێتەوە؟
٢-بە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، یەک لەو دوایین تایانەی کە تورکەکان و کوردەکانی لە یەکدی گرێ دەدا و یەکگرتووی دەکردن پساوە.
٣-بەکار هێنانی زمانی کوردی لە دادگە و لە مەدرەسە بەرتەنگ کراوە. لە بەر قەدەغە کردنی پەروەردەی کوردی، ئیدی لە نێو کوردان دا بە کردەوە هیچ خوێندنگە و مەدرەسە نییە.
٤-نێوی 'کوردستان' لە گشت کتێبەکانی لە مەڕ جوگرافیادا پاک کراوەتەوە.
٥-هەموو کاربەدەستە پایە بەرزەکان لە ئەیالەتە کوردییەکان دا تورکن، مووچە خۆری خوارەوە کوردن، بەڵام ئەوانیش زۆر بە تایبەتی دەستبژێر دەکرێن.
٦-لە بری ئەو خاوە و ماڵیاتانەی دەدرێن بە حکوومەت هیچ یارمەتییەک ناگەڕێتەوە بۆ خەڵک.
٧-حکوومەت لە هەڵبژاردنەکانی نوێنەرانی مەجلیسی نەتەوەیی لە ئەیالەتە کوردییەکان دا دەستێوەردان دەکا.
٨-حکوومەت بە بەردەوامی سیاسەتی بەکارهێنان و بەگژ داکردنی عەشێرەتێک بە دژی عەشیرەتێکی دی دەگرێتە بەر.
٩-زۆرجار هێرشی نیزامی دەکرێتە سەر گوندە کوردییەکان، دەست بە سەر ئاژەڵی خەڵک دا دەگیرێ و گەندەڵییەکی بەربڵاو لە گۆڕێ دایە لە پێوەندی لە گەڵ ڕەسید دان و دانی دراوی ئەو پێداویستییانەی کە وەردەگیرێن.
١٠-لە ئەڕتەش دا بە خراپ لە گەڵ کوردی ئاسایی دەبزوونەوە و سووکایەتییان پێ دەکرێ؛ بە ئاسایی ئەوان کاری هەرە قورس و ناخۆشیان پێ دەئەسپێردرێ.
١١-حکوومەتی تورک حەولی دا بۆ کەلک وەرگرتن لە سەروەتی کانگای ژێر زەوی کورد بە یارمەتی سەرمایەی ئەڵمانی.
 
تێبینی وەرگێڕ
ئەم بابەتەی بڕاونێسن لەم کتێبەی خوارەوە دا کە لە ساڵی ٢٠٠٠ لە ئەستەنبووڵ چاپکراوە وەرگیراوە:
Martin van Bruinessen,Mullas,Sufis and Heretics:The role of Religion in Kurdish society,’Popular Islam,Kurdish Nationalism and Rural revolt. The Rebellion of Shaikh Said in Turkey (1925)’, Collected articles, The ISIS Press, Istanbul,first printing 2000. 143-157
له‌م وه‌رگێڕانه‌ دا ژێده‌ره‌کان نه‌هاتوون. وێنه‌کان له‌ کتێبی ' کوردستان له‌ سێبه‌ری مێژوو دا' و له‌ گووگل وه‌رگیراون.





No comments: