پێنجه‌مین کۆنفڕانسی ساڵانه‌ی کوشتاری ده‌رسیم (38-1935) له پارڵمانی ئوڕووپا
پێنجه‌مین کۆنفڕانسی ساڵانه‌ی کوشتاری ده‌رسیم (38-1935) له پارڵمانی ئوڕووپا
ئاماده کردنی: حه‌سه‌نی قازی
ڕۆژی پێنجشه‌مۆ 7ی ژووه‌نی 2012 پێنجه‌مین کۆنفڕانسی ساڵانه بۆ تاوتوێ کردنی کۆمه‌ڵکوژی ده‌رسیم له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکییه‌وه له پاڕلمانی ئوڕووپا له برووکسێل به‌ڕێوه چوو. ئه‌و کۆنفڕانسه له لایه‌ن فڕاکسیۆنی چه‌پی یه‌کگرتوو و که‌سه‌کانی پاڕلمانی ئوڕووپا ڕێک خرابوو. به‌رنامه‌ی کۆنفڕانس به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه به‌ڕێوه‌چوو.
له پێشدا به‌ڕێز یورگن کلووت نوێنه‌ری فڕاکسیۆنی چه‌پی یه‌کگرتوو له پاڕلمانی ئوڕووپا کۆنفڕانسه‌که‌ی کرده‌وه و قسه‌کانی به داوای لێبوردن ده‌ست پێ‌کرد له به‌ر ئاماده نه‌بوونی ژماره‌یه‌ک له‌و نوێنه‌رانه‌ی پاڕلمان که ده‌بوو لێره بایه‌ن به‌ڵام له‌به‌ر سه‌رقاڵی به به‌ربه‌ره‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه له فه‌ڕانسه نه‌یانتوانیوه ئاماده بن. کلووت له درێژه‌ی قسه‌کانی دا گوتی: " ئه‌وه پێنجه‌مین ساڵه له پاڕڵمانی ئوڕووپا ئه‌م کۆنفڕانسه سه‌باره‌ت به ده‌رسیم ڕێک ده‌خه‌ین، ئه‌مساڵ یه‌که‌م جاریشه گرووپی که‌سه‌که‌کان پشتیوانی له‌م کۆنفڕانسه ده‌کا.زۆر شت هه‌یه ئێمه ده‌بێ له مێژووی فێر بین، بۆ وێنه له ووڵاتی من ئه‌ڵمان تاوانکاری زۆر گه‌وره به ناوی ناسیۆنالیزم کراوه.له دنیای ئێستا دا ڕێزگرتن له مافی گه‌لان، دین و ناسێنه‌ی جۆر به‌جۆر بنچینه‌یه‌کی ئینسانییه. تورکییه‌ش ده‌بێ ناسێنه و دینی جیاواز له چوارچێوه‌ی ووڵاته‌که‌ی دا به ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ک دابنێ. ده‌بێ حه‌ول بدا شارۆمه‌ندانی به یه‌ک چاو سه‌یر بکا. هیوا دارم له‌و ئاماده کارییانه‌ی بۆ نووسینی قانوونی بنچینه‌یی نوێ ده‌کرێ ئه‌وانه هه‌موو له به‌رچاو بگیرێن. سه‌باره‌ت به کوشتاری ده‌رسیم ئێمه ده‌زانین سه‌رۆکوه‌زیری تورکییه به ناوی ده‌وڵه‌ت داوای لێبوردنی کرد، به‌ڵام ئه‌وه جیایه له به‌ڕه‌سمی ناسینی ئه‌و کوشتاره. پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ له تورکییه هه‌ر وا به‌رده‌وامن. جموجووڵی نیزامی به‌رده‌وامه. له‌و دواییانه دا ڕاگه‌یێندرا که دۆزی تازه به دژی له‌یلا زانا کراوه‌ته‌وه. ئێمه به زوویی له شتراسبورگ [ یه‌ک له دوو پێگه‌ی پارڵمانی ئوڕووپا] کۆبوونه‌وه‌مان ده‌بێ و له‌وێش
باسی ده‌رسیم ده‌هێنینه گۆڕێ" به دوای ئه‌وه دا کلووت داوای له یای ئه‌دیبه شاهین شارداری ده‌رسیم کرد قسه‌کانی ده‌ست پێ بکا.
ئه‌دیبه شاهین : " هه‌مووتان خێر ئاما. به ناوی خه‌ڵکی ده‌رسیم سپاسی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه ده‌که‌م ئه‌م کۆنفڕانسه‌یان پێک هێناوه. ئێمه ئه‌وه‌ی ئێستاش هه‌ر به‌سه‌رمان دێ ڕیشه‌ی له ڕابردوو ئاو ده‌خواته‌وه. دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆکوه‌زیر به ڕاشکاوی باسی قه‌تڵی عامی ده‌رسیمی کرد ، ئیدی باسی ئه‌و کوشتاره زیاتر هاتووه‌ته نێو ڕۆژه‌وه‌وه. زۆر له‌وانه‌ی له بنه‌ماڵه‌ی خۆیان دا ئه‌و کاره‌ساته‌یان ته‌جروبه کردووه لێی ده‌دوێن. له دوای قه‌تڵی عامی ده‌رسیم وه‌ک ده‌زانین به‌رنامه‌ی به زۆر ماڵ پێدانان یان تواندنه‌وه کولتووری به‌ڕێوه‌چووه. زۆر جار باسی ئه‌وه ده‌کرێ له ده‌رسیم ڕێژه‌ی خوێنده‌واری به‌رزه، به‌ڵام ئه‌وه به قیمه‌تی تواندنه‌وه‌ی کولتووری کراوه ، ئه‌وکچانه‌ی ده به‌ر خوێندن نراون بۆ مه‌به‌ستی هه‌ته‌ڵه کردنیان له کولتوری دای و بابانیان بووه. ئێمه له گه‌ڵ هه‌موو ئێش و ئازاریشمان هێندێک میراتمان بۆ ماوه‌ته‌وه که به پیرۆزیان ده‌زانین. بۆ وێنه "مونزور" ناوی شوانێک بووه و ناوی چۆمێکه بۆ ئێمه پیرۆزه. ئێمه به ناسینه‌ی کوردی/عه‌له‌وی خۆمان شوێن ده‌که‌ین له سه‌ر پێڤاژۆی دێمۆکڕات کردنی تورکییه. به‌ڵام گوشار و ئۆپێڕاسیۆنی نیزامی هه‌ر به‌رده‌وامه. ئێمه هه‌ر ئه‌مڕۆ ئاگادار بووین هێندێکی دیکه له هاوڕێیه‌کانمان له‌وانه شاردارانی وان و سێرت و ئه‌ندامانی شووڕای شاره‌کان گیراون. له ده‌رسیمیش ئه‌و گوشار و گرتنانه هه‌ر به‌رده‌وامن. ده‌رسیم له ساڵی 1938 زۆر شتی ته‌جروبه کرد. له ساڵانی 1990کاندا نفووسی وێ نیوه به نیوه بوو. ئێمه له‌و باوه‌ڕه داین هه‌تا مه‌سه‌له‌ی کورد جێ به‌جێ نه‌بێ زۆر کێشه هه‌ن ناکرێ یه‌ک لا بکرێنه‌وه.ئێستا سیاسه‌تی به سوننی کردن خه‌ڵک به‌ڕێوه ده‌چێ، ده‌یانه‌وێ "جه‌مخانه" کان له نێوه‌ڕۆکی ڕاسته قینه‌ی خۆیان به‌تاڵ که‌نه‌وه.ئێستا له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه کێشه زۆره و به ڕێگای جۆر به جۆر حه‌ول ده‌درێ منداڵه‌کانمان له سیاسه‌ت دوور بخرێنه‌وه. خوو گرتن به ماده هۆشبه‌ره‌کان له ئارا دایه. چه‌ندین نێوه‌ندی وه‌خۆ کردن و تێمار کردنمان کردووه‌ته‌وه.له سه‌ر حه‌ول و تێکۆشانی خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین. له به‌ر ئه‌وه کاتم ته‌واو بوو قسه‌کانم ته‌واو ده‌که‌م."
به دوای ئه‌وه دا کلووت داوای له حه‌یده‌ر ئیشک یه‌کێک له ڕێکخه‌رانی کۆنفڕانس کرد ووته‌ی خۆی پێشکێش بکا.
حه‌یده‌ر ئیشک: " به‌خێر بێن سه‌ر سه‌ر و سه‌رچاوان،من به نێوی پڕۆژه‌ی " دروستکردنه‌وه‌ی ده‌رسیم" و چه‌ند ده‌ستپێشخه‌ری دیکه‌وه به‌خێرهاتنتان ده‌که‌م. له مێژووی تورکییه دا کاره‌ساتی ده‌رسیم جێنۆسایده‌که له گه‌لی کورد کراوه. ئێستا به‌ڕێز فیشر پارێزه‌ری " دۆزی جێنۆساید"ی ده‌رسیم جاری سێهه‌مه به‌شداریمان له گه‌ڵ ده‌کا ، هه‌ر وه‌ها به‌ڕێز " ئه‌رداڵ دۆغان" که ئه‌ویش وه‌ک پارێزه‌رێک له سه‌ر ئه‌و دۆزه کار ده‌کا. ئه‌من سپاسی هه‌موویان ده‌که‌م بۆ کاره‌کانیان. ڕاستی ئه‌وه‌یه ئه‌و قه‌تڵی عامه به فه‌رمانی ئاتاتورک و به ده‌ستی فه‌رمانده ناوچه‌ییه‌کانی به‌ڕێوه چوو. ئێستا ئێمه داوا ده‌که‌ین ده‌وڵه‌ت له گه‌ڵ ئه‌و ڕابردووه‌یه‌ی خۆی ڕووبه‌ڕوو بێ و پێ له سووچ و تاوانه‌کانی بنێ. دوای به‌ستنی یه‌که‌م کۆنفڕانس، حکوومه‌تی تورکییه گوشاری ده‌هێنا کۆنفڕانسی ئاوا نه‌کرێ، به‌ڵام ئه‌وه سه‌ری نه‌گرت و دێمۆکڕاسی به‌رده‌وام بوو. ئه‌من له منداڵییه‌وه له زمانی دایکی خۆم بێ به‌ش کراوم، ناتوانم به کوردی بنووسم. کوردان یه‌کێک له گه‌له هه‌ره کۆنه‌کانن. 4000 ساڵ به‌ر له تورکه‌کان له‌و ئاو و خاکه دا ژیاون. ئێستا زازاکی ده مه‌ترسی له ناوچوون دایه. له ساڵانی 1930 یه‌کان دا به‌سه‌ر یه‌که‌وه 70000 که‌س کووژراون. کار به‌ده‌ستێکی تورک که سه‌رده‌مایه‌ک وه‌زیری ده‌ره‌وه بووه باسی کردووه که چۆن گازیان ده زارکی ئه‌شکه‌وتان کردووه و ئینسانیان وه‌ک مشک قڕ کردووه. له کاتێکدا که سیاسه‌تمه‌دارانی تورک به پیل "به‌هاری عه‌ڕه‌بی " یه‌وه ده‌چن پرسیار ده‌که‌ین ئه‌ی که‌نگێ نۆره‌ی به‌هاری ئێمه دێ؟ کورد ده‌بێ خۆی تازه کاته‌وه. بێرتولێت بڕێشت باسی دێمۆکراسی کردووه و منیش ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر دێمۆکڕاسی بۆ ئوڕووپاییان ده‌بێ بۆ کوردانیش پێویسته. کوردانیش ده‌بێ ده‌ستیان به مافه سه‌ره‌تاییه‌کانیان ڕابگا."
به دوای ئه‌مه دا کلووت پانێلی یه‌که‌می کۆنفڕانسه‌که‌ی به‌ڕیوه برد که تێیدا " قه‌تڵی عامی ده‌رسیم له ڕوانگه‌ی مێژووییه‌وه" تا و توێ کرا. به‌شدارانی ئه‌و پانێله بریتی بوون له: مونزور چه‌م لێکۆله‌ره‌وه و نووسه‌ر، دوکتور به‌رات ئوێزئیپه‌ک پرۆفێسۆری جێگر و ڕۆژنامه نووسی ڕۆژنامه‌ی " ستار"ی تورکییه، یای ئایفه‌ر به‌ر، سه‌رۆکی " کۆمه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵکوژی ده‌رسیم" و پڕۆفێسۆر مارتین ڤان بڕاونێسن، مه‌ردمناس له زانکۆی ئوترێخت- هۆله‌ند.
مونزوور چه‌م: به‌ر له‌وه‌ی قسه‌کانی ده‌ست پێ بکا داوای لێبوردنی کرد له به‌ر نه‌بوونی وه‌رگێر له شێوه‌زاری دملی، هه‌ر بۆیه به تورکی قسه ده‌کا، " ئێمه ساڵانی زوو ده‌ستمان کرد به بڵاو کردنه‌وه‌ی گۆوارێک له سه‌ر ده‌رسیم. هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌کردین ده‌یانگوت له به‌ر ئه‌و شتانه‌ی ده‌ینووسن هه‌ر ئه‌وه چاوه‌ڕوانتان ده‌کا که به سه‌ر وه‌چه‌ی پێشووتان دا هات. ئێمه له گه‌ڵ نه‌وه‌ی سه‌ید ڕزا ده‌دواین و باوه‌ڕمان به‌وه هه‌بوو ڕۆژێک دێ ئه‌وانه‌ی ئه‌و و هاوڕێیانی وییان کوشت بهێندرێنه به‌ر ده‌م دادگه‌ی مێژوو. ئه‌وه‌ی له ده‌رسیم ڕوویدا شتێکی نه‌خشه بۆ داڕێژراو بوو. به دوای قه‌تڵی عامی ده‌رسیم دا لۆگۆی یه‌ک له ڕۆژنامه‌کان بوو به " تورکییه تورکلارن دیر" یانی تورکییه ئی تورکه‌کانه. ئه‌وه به ڕاشکاوی ده‌رخه‌ری بیری ناسیۆنالیستی تورکه. به‌له‌به‌رچاو گرتنی کرده‌وه‌کانی ده‌وڵه‌ت ،وه‌ک قانوونی دامه‌زراندن (ئیسکان)، قانوونی تونجه‌لی ده‌رده‌که‌وێ ئه‌و کوشتارانه‌ی له کوردان کران به پلان بوون. بو وێنه سه‌ید ڕه‌زا باوه‌ڕی به مه‌به‌ستی " ئاشتی" هێنا خۆی ڕاده‌ست کرد و کوشتیان، به‌ڵام ساڵێک دوای ئه‌وه کوشتاری گه‌وره‌تر کرا. ته‌نانه‌ت له‌و عه‌شیره‌تانه‌ش که بێلایه‌ن بوون"
دوکتور به‌رات ئوێزئیپه‌ک: " تورکییه به سه‌رده‌مێکی ناسک و تایبه‌تی دا تێده‌په‌ڕێ، حیساب پاک کردن له گه‌ڵ ڕابردووه ڕه‌نگه تاڵ و به ئێش و ژان بێ، به‌ڵام گرینگه، وه‌کوو مه‌سه‌له‌ی کوشتاری هه‌رمه‌نییه‌کان و مه‌سه‌له‌ی ده‌رسیم. ئه‌من کورێ بنه‌ماڵه‌یه‌کی تورکی سوننی م. له په‌روه‌رده‌ی ڕه‌سمی دا وا تێده‌گه‌یێندراین ده‌وڵه‌ت بۆ نه‌هێشتنی خراپه زۆر شتی کردووه. ئێمه زۆر دره‌نگ زانیمان ، زۆر دره‌نگ بیستمان ئه‌وانه قه‌تڵی عام بوون. ئه‌ردۆغان له‌مه‌ر ئه‌وه‌ی له ده‌رسیم کراوه داوی لێبوردنی کرد. ئه‌و قسانه یارمه‌تی کرد بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌رگای موناقه‌شه و توێژینه‌وه‌ی زیاتر له‌و ڕووه‌وه. وه‌زعێکی تایبه‌تی بۆ که‌ماڵیسته‌کان هاته گۆڕێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا ئه‌و پێڤاژۆی کرانه‌وه‌یه پێشی ناگیرێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌و کوشتاره‌ش که له‌و دواییانه دا له ئولووده‌ره کرا. ئێستا ئێمه له گه‌ڵ دوو مه‌ترسی ڕووبه‌ڕووین له لایه‌که‌وه ئاکه‌په له ئولووده‌ره تاقیکردنه‌وه‌ی خراپی دا ، سیاسه‌تی ملهوڕانه به دژی به‌ده‌په و هێرش بردنه سه‌ری به‌رده‌وامه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه پێداگری پ.ك.ك. هه‌یه بۆ درێژه دان به خه‌باتی چه‌کدارانه. به‌ده‌په ڕه‌خنه‌ی زۆر توند له حکوومه‌ت ده‌گرێ به‌ڵام ڕه‌خنه له پ.ک.ک. ناگرێ. کرانه‌وه به‌ره‌و کورد و به‌ره‌و عه‌له‌وییان گرینگ بوون. له تورکییه دا ئاسایی بوون و دێمۆکڕات بوون هه‌تا بڵیی گرینگه و ئه‌وه له درێژخایه‌ن دا خۆی نیشان ده‌دا. ده‌بێ زۆر زیاتر کار بکرێ له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ده‌رسیم. مافی خوێندن به زمانی دایکی ده‌بێ بێ سێ و دوو لێکردن جێ به جێ بکرێ. هه‌موو به‌ڵگه‌کانی ئه‌و کوشتاره ده‌بێ بخرێنه ڕوو. ده‌بێ نێوی تونجه‌لی له سه‌ر ده‌رسیم لاچێ. نێوی جاده‌کان و نێوی شوێنه‌کان و ناو هه‌رمه‌نییه‌کان هه‌موویان ده‌بێ دیسان به‌کار بهێندرێنه‌وه. ئه‌من وه‌ک لێبێراڵێک پێم وایه هه‌موو ده‌بێ له‌و ڕووه‌وه به‌رپرسیاری خۆیان به‌ڕێوه به‌رن."
مارتین ڤان بڕاونێسن: " زۆر به‌ڵگه‌ی ئاشکرا له سه‌ر ده‌رسیم هه‌ن که ئێمه دڵنیا ده‌که‌ن ئه‌و توند‌و تێژی و زه‌برو زه‌نگه ڕه‌هه‌ندی زۆر قووڵ و به‌ربڵاوی هه‌بووه. زۆر عه‌شیره‌ت به پانه‌وه ڕیشه‌کێش کراون. له کتێبه مێژووییه ڕه‌سمییه‌کان دا هیچ باسی ئه‌وه ناخوێنیینه‌وه سه‌باره‌ت به ده‌وری ده‌رسیم له بزووتنه‌وه‌ی کوردی دا . دوو که‌س که خه‌ڵکی ده‌رسیم بوون دوکتور نووری ده‌رسیمی و دوکتور شوان له ڕوانگه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردییه‌وه باسی ده‌رسیم ده‌که‌ن، باسی ئه‌و کاره‌ساته‌ی ده‌وڵه‌ت له ده‌رسیم کردی. هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی هۆله‌ندییه‌کانی هاونیشتمانی من له ئاچێ له ئه‌ندۆنێزی کردیان. له تورکییه یه‌که‌م که‌س که کوشتاری ده‌رسیم وه‌ک جێنۆساید به نێو ده‌کا ئیسماعیل به‌شیکچی یه که له ساڵی 1977 ئه‌وه‌ی نووسی. له دوای خۆ ڕاده‌ست کردنی سه‌ید ڕه‌زاش زه‌بر و زه‌نگی سه‌ره‌کی له ساڵی 1938 ده‌ستی پێ‌کرد. چه‌ند عه‌شیره‌تی که هاوکارییان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌یت کرد بوو ته‌نانه‌ت منداڵه‌کانیشیان کووژران. دیپڵۆماتێکی بێگانه له ترابزۆن له ڕاپۆرتێک دا له ساڵی 1938 ئه‌و کوشتاره‌ی به‌راوه‌رد کرد له گه‌ڵ جێنۆسایدی هه‌رمه‌نییان. کۆنه ژه‌نه‌ڕالێکیش له ساڵی 1972 به دوور و درێژی باسی ئه‌و کاره‌ساتانه و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی کرد. قانوونی دامه‌زراندنه‌وه له به‌ر پێوه‌چارانی ده‌رسیم هاته گۆڕا. له وه‌دا گومان نییه ئه‌و کاره ساته زه‌مینه‌یه‌که بۆ ووشیاری ئێتنیکی. له پێناسه کردنی کوشتاره‌که وه‌ک جێنۆساید ده‌بێ ووردتر لێی بڕواندرێ، به‌ڵام هه‌ر وه‌ک مونزور چه‌م گوتی هه‌موو نیشانه‌کان ده‌یسه‌لمێنن ئه‌و کوشتاره به پلانه‌وه کراوه و ئه‌و ده‌می ناوچه‌یه‌ک بووه که ده‌وڵه‌ت نه‌یتوانیوه حوکمی خۆی لێ دابنێ. له سه‌رده‌می عوسمانییه‌کان دا وه‌ک کورد باسی خه‌لكی ده‌رسیم ده‌کرێ."
ئایفه‌ر به‌ر سه‌رۆکی " کۆمه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵکوژی ده‌رسیم" " ئه‌منیش به نۆره‌ی خۆم له سه‌ر ناوی کۆمه‌ڵه‌که‌مان به خێرهاتنی هه‌موولایه‌کتان ده‌که‌م. ده‌رسیمییه‌کانیش له به‌ر ئێتنیک و باوه‌ڕی خۆیان قه‌تڵی عام کران وه‌ک جووله‌که‌کان. ئه‌وه‌ی له ده‌رسیم و له سیواس کرا به ئانقه‌ست بوو، ئێمه داوا ده‌که‌ین و پێداگری ده‌که‌ین وه‌کوو جێنۆساید بناسرێ. ئه‌و ناوانه‌ی به تۆبزی له شوێنه‌کان نراون لابچن و ناوه ڕه‌سه‌نه‌کانیان لێ بنرێته‌وه. سه‌رۆک وه‌زیر گوتی له به‌ر ئه‌وه‌ی له ده‌رسیم کرا ئه‌گه‌ر پێویست بێ داوای لێبوردن ده‌کا. به‌ڵام، له سیواس خه‌ڵک به زیندوویی ئاور تێبه‌ردران، ئێستا ئه‌وه خه‌ریک منداڵ له‌به‌ر بردن له ژنان قه‌ده‌غه بکه‌ن ئه‌ی ئه‌وانه چی؟ پێویسته نێوه‌رۆکی ئه‌و قسانه دیاری بکرێ. ئه‌و کۆنفڕانسه به‌شێک و پارچه‌یه‌که بۆ ئه‌و حه‌وله. ڕۆژنامه‌نووس نورای مه‌رت که ئێستا له‌م کۆنفڕانسه دا به‌شداره له به‌ر نووسینه‌کانی که‌وته به‌ر غه‌زه‌بی سه‌رۆکوه‌زیر. ئێمه نیزیکه‌ی 10000 ئیمزامان کۆ کردووه‌ته‌وه، به‌و زووانه له ئولوده‌ره که‌سانێک بێ سوچ و تاوان کووژران. سیاسه‌تمه‌دارانی ئوڕووپا ده‌بێ ئه‌و کرده‌وانه به سووچ و تاوان به دژی ئینسانییه‌ت قه‌بووڵ بکه‌ن. ده‌بێ بێده‌نگ نه‌مێنن. سووچ و تاوان به دژی ئینسانه‌کان به‌رده‌وامه. شووڕای ئوڕووپا ده‌بێ حه‌ول بدا. سیاسه‌تی شیوه‌ی ئه‌وه‌ی له ده‌رسیم کرا به‌رده‌وامه. چاوه‌ڕوانیمان ئه‌وه‌یه کاری خۆی بکا. سپاسی فڕاکسیۆنی چه‌پی یه‌کگرتوو و که‌سکه‌کان ده‌که‌م." ئایفه‌ر به‌ر به‌گێرانه‌وه‌ی قسه‌یه‌کی سه‌ید ڕه‌زا له کاتی ئێعدام کرانی دا قسه‌کانی خۆی ته‌واو کرد.
به دوای ته‌واو بوونی پانێلی یه‌که‌م دا فیلمێکی به‌ڵگه‌یی به نێوی " ده‌رسیم 38" پێشان درا که به‌زمانی ئینگلیسی بوو.
پانێلی دووه‌م: " قانوونی نێو نه‌ته‌وه‌یی، ناساندنی قانوونی و به‌رپرسیاره‌تی قه‌زایی له مه‌ڕ ئه‌و کوشتاره"
ئه‌و پانێله له لایه‌ن به‌ڕێز ئه‌رداڵ دۆغان " پارێزه‌ری دۆزی جێنۆسای"ی ده‌رسیم به‌ڕێوه چوو و ووته ده‌رانی ئه‌م پانێله بریتی بوون له : پڕۆفێسۆر ڕۆناڵد موێنش ، پارێزه‌ر و پسپۆری حقووقی، یۆسف ئاڵاتاش، جێگری سه‌رۆکی " فێدراسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌ی مافی مرۆڤ"، دوکتور ئه‌دیب یووکسه‌ل، پارێزه‌ر و فه‌یله‌سووف و دوکتور باری فیشر، دوکتوری قانوون و پارێزه‌ری " دۆزی جێنۆسایدی ده‌رسیم"
به‌ڕێوه‌به‌ری پانێلی دووه‌م : ئه‌رداڵ دۆغان:" کاتێک باسی ده‌رسیم ده‌که‌ین هه‌میشه تێوه‌گلانی به‌ڕێز موێنش م سه‌باره‌ت به‌و دۆزه وه‌بیر دێته‌وه. ده‌زانین هێشتا کاره‌ساتی 1938 کۆتایی نه‌هاتووه، ده‌بێ داوخوازه‌کان سه‌باره‌ت به ده‌رسیم چڕتر بکرێنه‌وه. به دوای ئه‌وه‌دا به‌ڕێز ئه‌دیب یووکسه‌ل ده‌ستی به‌قسه‌کانی کرد. " ته‌نیا قانوونێکی بنچینه‌یی له دنیا دا که زمانی تێدا قسه‌ده‌غه کرابێ، قانوونی بنچینه‌یی تورکیه‌یه. براکه‌ی منیان له پێش چاوم کوشت، 4 ساڵان له زیندان دا ڕایان گرتم، منێکی که ته‌نانه‌ت زله‌م له تورکێکیش نه‌داوه. ئه‌من ده‌مه‌وێ خۆم خۆم داگایی بکه‌م، له دنیا دا قانوونی زۆر جوان هه‌ن به‌ڵام به‌ڕێوه‌چوونیان نالوێ؟ " کیم تاکار یاسالاری"؟ گه‌لۆ كێ قانوونه‌کان جێ به‌جێ ده‌کا؟"
پرۆفێسۆر ڕۆناڵد موێنش. " ئه‌من، له بێرڵین داوام کرد ده‌بێ دادگه‌یه‌ک پێک بێ له تورکیه له سه‌ر ده‌رسیم، به‌ڵام هیچ ڕووی نه‌داوه. توند و تیژی له سه‌ر کورده‌کان زیاتر بووه. تورکییه له شه‌ر به دژی کورده‌کان دا فڕۆکه‌ی "درۆن"ی بێ سه‌رنشین به‌کار ده‌هێنێ. 7 په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌ن که تورکییه ئیمزای کردوون ، به‌ڵام نێوه‌رۆکی زۆر له‌و په‌یماننامانه پێشێل ده‌کا. تورکییه به دووی ئه‌وه دایه خه‌لافه‌تێکی نوێ دامه‌زرێنێ و ببێته ڕێبه‌ری موسوڵمانان.ده‌یه‌وێ ببێته ئه‌ندامی یه‌کێتیی ئوڕووپاش به‌ڵام له پێش دا ده‌بێ شه‌رتومه‌رجی ئه‌و ئه‌ندامه‌تییه ده خۆیدا پێک بهێنێ. هه‌تا ئێستاش سیاسه‌تی له نێوبردنی کورد به‌رده‌وامه. ذه‌رسیم نرخی ڕه‌مزیی بۆ کورد زۆره. ئه‌م پارڵمانه ده‌بێ بجووڵێ و له قه‌ده‌ر خۆی کارێکی ئه‌وتۆ بکا تراژێدی ده‌رسیم دووپاته نه‌بێته‌وه."
دوکتور باری فیشر: " له سالی 2008 که من باسی ئاتاتورکم له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کاره‌ساتی ده‌رسیم دا هێنا گۆڕێ ، له تورکییه دۆزیان به‌دژی من کردمه‌وه، ئه‌وه ده‌کرێ 6 ساڵ زیندانی به‌دواوه بێ. من زۆر جار هه‌ڕه‌شه‌م لێکراوه، به‌ڵام پۆلیس پێی ڕاگه‌یاندم مه‌ترسێکی ڕاسته‌وڕاستم له سه‌ر نییه. بۆ تێگه‌یشتنی ده‌رسیم من ئاماژه ده‌که‌م به سێ بڕگه له ساڵی 1915 کۆمه‌ڵکوژی هه‌رمه‌نییه‌کان، به‌ر له ساڵی 1923 و ئیمزای په‌یماننامه‌ی لۆزان له‌و ساڵه دا و له ساڵی 1924 په‌سند کردنی " قانوونی چاکه‌سازی ڕۆژهه‌ڵات" زۆر جار گوتراوه ئه‌و به‌ربه‌ستانه سه‌رکه‌توو نه‌بوون، کورده‌کان ناسێنه‌یه‌کی تازه‌یان په‌یدا کرد، ئه‌و پێڤاژۆیه گرینگه. له 25 ساڵی ڕابردوو دا زۆر بڤه و تابوو شکاون. ده‌رسیم رێنێسانسێکه له‌مه‌ڕ کورد بوون. "قانوونی تونجه‌لی" که دوای جێنۆسایدی ده‌رسیم ده‌رکه‌وت بووه هوی به‌زه‌بروزه‌نگتر بوونی که‌ماڵیسته‌کان. من له قسه‌کانی که ده‌زگای تورکییه‌ی به دژی من ورووژاند، به ڕاشکاوی باسی به‌رپرسیاره‌تی شه‌خسی ئاتاتورکم کرد له‌و کاره‌ساته دا، ئه‌وه تاوانکارییه‌ک بوو به دژی ئینسانییه‌ت، ئه‌وه‌ی له ده‌رسیم کرا. ئێستا ده‌بێ پێڤاژۆیه‌ک ده‌ست پێ بکا بۆ وێنه به ساز کردنی دادگه‌یه‌ک. حکوومه‌تی ئێستا واته ئاکه‌په له مه‌سه‌له‌ی ده‌رسیم وه‌ک بابه‌تێکی توانایه‌کی بۆ وه‌ده‌ست هێنانی ده‌نگ به‌کار ده‌هێنێ، به‌ڵام ئێستا ده‌ور گۆڕاوه.
تابووی له مه‌ڕ ئاتاتورک ته‌واو سست بووه، به‌ڵام ده‌وری ئه‌ڕتوشی تورکییه ئه‌وه‌ش خۆی تابوویه‌که که ده‌بێ تێک بشکێ. ئه‌من وه‌ک ئه‌ڵمانییه‌ک پێم وایه له پاش به‌جێماوان و قوربانییه‌کانی کوشتوبڕی ده‌رسیم ده‌بێ قه‌ره‌بوو بکرێنه‌وه. ئه‌ڵمان ئه‌وه‌ی کرد، ده‌با چاوه‌ڕان بین بزانین تا ساڵی دادێ چ ڕوو ده‌دا
پانێلی سێیه‌م یای هێلێن فله‌وتێڕ له گرووپی که‌سکانی پاڕلمانی ئوڕووپا و هاوسه‌رۆکی کۆمیسیۆنی پاڕلمانی یه‌کێتیی ئوڕووپا – تورکییه به‌ڕێوه‌ی برد و ووته‌ده‌رانی ئه‌و دانیشتنه بریتی بوون له ئیسماعیل ئایدین، ئه‌ندامی پارڵمانی تورکییه له پارتیی ئاکه‌په و ووته‌بێژی کۆمیته‌ی پاڕڵمانیی لێکۆڵینه‌وه له ده‌رسیم، یای شه‌فه‌ق پاڤه‌ی نوێنه‌ری جه‌هه‌په له پارڵمانی تورکییه و یای گولته‌ن کشاناک هاوسه‌رۆکی پارتیی به‌ده‌په.
ئیسماعیل ئایدین: " سپاس به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری پانێل، به‌ر له هه‌مووشت ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌من به سیفه‌تی شه‌خسی هاتووم بۆ ئه‌و کۆنفڕانسه و نوێنه‌رایه‌تی ئاکه‌په ناکه‌م لێره دا. له سه‌ری سبه‌ینییه‌وه لێره زۆر شت سه‌باره‌ت به ده‌رسیم باس کرا، هێندێک له ئه‌نجام لێدرخستنه‌کان له گه‌ڵ وه‌زعی گه‌لی کورد ناگونجێن. بو وێنه گوترا سه‌رۆکی ئێمه، سه‌رۆکوه‌زیر گوتوویه یه‌ک، ده‌وڵه‌ت ، یه‌ک ئاڵا، ئه‌وه قسه‌ی ئێمه نییه. ئی تۆرانییه‌کانی "ئیتیحاد و ته‌ڕه‌قی" یه که له سه‌ر بنه‌مای ناسیۆنالیستی بۆچوونه‌کانیان هه‌ڵنا. ئه‌گه‌ر باسی کۆمیته‌که‌مان بکه‌م، ده‌بێ بڵێم دوای به‌یانی ئه‌ردۆغان له سه‌ر ده‌رسیم، زۆرکه‌س ڕوی له ئێمه کردووه و پێوه‌ندییان له گه‌ڵ کردووین و داوخوازییان به‌رز کردووه‌ته‌وه.ئێمه له‌و داوخوازییانه‌مان کۆڵیوه‌ته‌وه ، کۆمیسیۆنمان ساز کردووه بۆ کۆ کردنه‌وه‌ی به‌ڵگه سه‌باره‌ت به تڕاژێدی ده‌رسیم. له‌وه ده‌کۆڵینه‌وه بۆ وێنه بزانین چه‌ند که‌س دوور خراونه‌ته‌وه و شاربه‌ده‌ر کراون. داوخوازی ئاوا هه‌یه که خه‌ڵک له باری مادییه‌وه قه‌ره‌بوو بکرێنه‌وه. له تونجه‌لی ( که ده‌بێ نێوی بگۆڕدرێ)
ده‌بێ نێوه‌ندێک بۆ ڕاگرتنی ئاڕشیوی ڕه‌سمی بکرێته‌وه. ئێمه وه‌ک کۆمیته‌ی پارڵمانی له جێگای جۆر به‌جۆره‌وه داوای به‌ڵگه‌مان کردووه.بۆ ده‌رسیم قانوونی تایبه‌تی هه‌بووه، ئێستا له لایه‌ن پسپۆڕانه‌وه لێی ده‌کۆڵدرێته‌وه. له وه‌زاره‌تخانه‌کاندا به‌ڵگه نییه، به‌ڵام یادداشت و پڕۆتۆکۆڵ هه‌ن ئینشاڵا به ده‌ستمان ده‌گه‌ن. هێندێک دی ڤی دی به‌ڵگه‌مان به ده‌ست گه‌یشتوون بۆ وێنه سه‌باره‌ت به سه‌ید ڕه‌زا و ئه‌وه‌ی که هه‌ر عه‌شیره‌ته‌ی وێنده‌رێ چه‌ندی چه‌ک به ده‌سته‌وه بووه. هێندێک نامه‌ی سه‌ید ڕه‌زا هه‌ن ئه‌وانیشمان له به‌ر ده‌ست نراون. هێندێک داوخوازمان به‌ده‌ست گه‌یشتووه بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌بارو دۆخی ئه‌وانه‌ی دوور خرانه‌وه . ئه‌و کتێبانه‌ی ئاکادێمیکان تێیاندا باسی ئه‌و تڕاژێدییه‌یان کردووه به سه‌ر ده‌که‌ینه‌وه. به‌شێوه‌یه‌کی خێرا له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ماون چاوپێکه‌وتن ده‌که‌ین. به‌شێک له‌و داوخوازانه‌ی که ده‌کرێن نێوه‌رۆکیان زۆر دڵ تاوێنه. بۆ وێنه ، به‌سه‌رهاتی ژنێک به نێوی فاتمه که دایکی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک هه‌رمه‌نی بووه.
له سه‌ر ده‌رسیم زۆر شتی هه‌ڵه گوتراوه ده‌بێ ڕاستییه‌کان وه‌ڕوو بخرێن. بۆچوونی سه‌رۆکمانم سه‌رۆکوه‌زیر، له‌و ڕووه‌وه زۆر باشه. کاره‌که‌مان زۆر هاسان نییه، کاره‌ساتێک 75 ساڵ له تاریکی دا ڕاگیراوه. ستادی نێوه‌ندی ئه‌ڕته‌ش ( گه‌نه‌ل کورمای) هێندێک شتی بۆ ناردووین، به پێی قسه‌ی سه‌رۆکوه‌زیر بڕیاره ئاڕشیوی گه‌نه‌ل کورمای له‌و باره‌وه بکرێته‌وه."
پرسیاری یای هێلێن فله‌وتێر به‌ڕێوه‌به‌ری پانێڵ باشه به‌ڕێز ئایدین : مانداتی کۆمیته‌که‌تان چییه؟ ئایا ئێوه ئه‌و به‌ڵگانه بۆ بیر‌و ڕای گشتی ئاشکرا ده‌که‌ن؟ ئایا ده‌توانن ئه‌و کاره ته‌واو بکه‌ن و ئاکامی به خه‌ڵک بڵێن؟
ئیسماعیل ئایدین: سپاس بۆ پرسیاره‌کانت. کۆمیته‌که‌ی ئێمه به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی کار ده‌کا. 3 کۆمیسیۆنمان هه‌ن له سه‌ر سێ بابه‌ت کار ده‌که‌ن. به‌رعۆده‌یی ئێمه له سه‌ر بابه‌تێکی زۆر به‌ر بڵاوه. نیزیکه‌ی 11000 به‌ڵگه هه‌یه ده‌بێ کاریان له سه‌ر بکرێ، کاره‌که‌مان وه‌ک گوتم به‌ربڵاوه، ده‌بێ له ماوه‌ی 2 ساڵ دا ته‌واوی که‌ین. ده‌بێ نه‌خشه‌یه‌کی ڕێ بۆ خۆمان دانێین. ئێمه به پێی نیزامنامه‌ی نێوخۆیی پارڵمانی تورکییه کار ده‌که‌ین. دوایه ڕاپۆرتێک ئاماده ده‌که‌ین پێشکێشی کۆبوونه‌وه‌ی گشتی مه‌جلیسی ده‌که‌ین. کۆمیته‌که‌مان ده‌وری به‌ڕێوه‌به‌ری نییه، به‌ڵکوو کاری ئیجڕایی ئی حکوومه‌ته و وه‌ک گوتم ده‌بێ نێوی تونجه‌لی بگۆڕدرێ و بکرێته‌وه به ده‌رسیم."
ئه‌وجار هێلێن فله‌وتێر خانمی شه‌فه‌ق پاڤێی ناساند وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌سته‌نبووڵی پارتیی جه‌هه‌په که یه‌ک له‌و ژنانه‌یه له 2012 له به‌ر خزمه‌ت به که‌م ئه‌ندامان " خه‌ڵاتی نێو نه‌ته‌وه‌یی ئازایتی " وه‌رگرتووه و هه‌وه‌ڵین ژنی که‌م ئه‌ندامه هاتبێته نێو پارڵمانی تورکییه.
شه‌فه‌ق پاڤێی : " منیش سپاستان ده‌که‌م، له سه‌ره‌تاوه بڵێم منیش نه‌ک به نوێنه‌رایه‌تی جه‌هه‌په، به‌ڵکوو به‌سیفه‌تی شه‌خسی و وه‌کوو لایه‌نگرێکی مافی عه‌له‌ویان لێره دا به‌شدار بووم. من که‌سێکم باوه‌ڕم به دین نییه، ئێستا تورکییه وه‌ک ئه‌نباری باڕووتی لێ هاتووه، هه‌ر بینا بته‌قێته‌وه، ته‌نانه‌ت ده‌ستی چه‌وری ئه‌و وه‌زعه‌ی له سوورییه‌ش ڕاده‌برێ له سه‌ری عه‌له‌وییه‌کانی تورکییه‌ی هه‌ڵده‌سوون، له کاتێکدا فه‌رقێکی زۆر هه‌یه له نێوان عه‌له‌وی تورکییه و سوورییه. ئه‌من ئه‌و ته‌جروبه‌یه‌م وه‌بیر دێ که دایکم وه‌ک عه‌له‌وییه‌ک بۆی باس کردووم. له به‌ر زه‌خت و گوشاری سوننییه‌کان بڕیاری دا بچێته ئه‌ڵمانێ. بۆ عه‌له‌وییان هه‌ر له تافی منداڵییه‌وه ژیان باش نییه. ڵایه‌نه ڕه‌مزییه‌کانی ده‌رسیم وه‌ک چۆمی مونزوو ته‌ئسیری قووڵی لێ که‌وتووه‌ته‌وه. ئه‌وانه هه‌موو لایه‌ک ده‌یزانن. ئاكه‌په ئێستا ڕێگا نادا " جه‌مخانه" کان کاری خۆیان بکه‌ن. له ڕۆژئاوا باسی ئه‌وه‌یه که ئاکه‌په تورکییه ده‌کاته سوننی. ئیسلامی سیاسی و ئه‌ڕته‌ش دوژمنی هاوبه‌شیان هه‌یه و ئه‌وه وه‌زعی خراپتر کردووه. ئه‌ڕته‌ش به ڕێگای ئیسلامه‌وه هێزی وه‌ده‌ست هێنا.ئێستا عه‌له‌وییه‌کان له ژێر زه‌خت و گوشاری ئیسلامی سوننی دان. ئه‌خلاق ده‌بێ گۆرانی به‌سه‌رد دا بێ، له ئولوده‌ره‌ش تراژێدی گه‌وره قه‌وما.."
پرسیاری فله‌وتێر: باسی لائیسیته‌ت کرد، باشه له‌مه‌ڕ کوشتاری ده‌رسیم ده‌وری چ بوو؟
بۆ چوونت له سه‌ر وه‌زعی ئێستا چۆنه؟
شه‌فه‌ق پاڤێی: وه‌ک باسم کرد، ئه‌من لێره نوێنه‌ری جه‌هه‌په نیم، باسی وه‌زعی عه‌له‌وییه‌کان ده‌که‌م. دیاره کاتێک ته‌ماشای ڕابردوو ده‌که‌ین، ده‌بێ ته‌ماشای ئێستاش بکه‌ین.
فله‌وتێر: فه‌رموو به‌ڕێز کشاناک، سه‌رۆکی به‌ده‌په، نا هاوسه‌رۆکی به‌ده‌په!
گولته‌ن کشاناک: " سپاس، ئه‌م کۆنفڕانسه شوێن له سه‌ر ئه‌مڕۆ و سبه‌ی بابه‌تی له مه‌ڕ ده‌رسیم ده‌کا. ده‌وڵه‌تی کۆماری تورکییه وه‌ک ده‌وڵه‌تی تورک و سوننی دروست بوو و له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه زنجیره‌یه‌ک قه‌تڵی عام کران. چونکه ده‌رسیمییه‌کان هه‌م سوننی نه‌بوون و هه‌م تورکیش نه‌بوون. بۆیه نێولێنانی کاره‌ساتی ده‌رسیم وه‌ک کۆمه‌ڵکوژی هاسانه. هه‌تا به‌ته‌واوی له بن و بنچینه‌ی نه‌کۆڵدرێته‌وه شته‌کان به باشی نازانین. به‌وه‌ی که چه‌ند که‌س کووژراون و چه‌ند که‌س چه‌کدار بوون بار‌و دۆخی کاره‌ساتی ده‌رسیممان بۆ روون نابێته‌وه. ده‌بێ باسی ئه‌و شێواندن و تێکداناش بکرێ که ده‌وڵه‌ت کردی ، به تایبه‌تی دژی ئه‌وانه‌ی سوننی نه‌بوون. ده‌بێ له‌وه‌ش بکۆڵدرێته‌وه ئه‌وشتانه‌ی دوای ئه‌و کاره‌ساته قه‌ومان چ بوون. ئه‌من سپاسی هه‌موو ئه‌و که‌سانه ده‌که‌م حه‌ولی ڕوون کردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئه‌و کاره‌ساته به جوانی وه‌ڕوو نه‌خرێ حیساب پاک کردن له گه‌ڵ ڕابردوو هه‌ر وه‌ک قسه ده‌مێنێته‌وه. ئێستا له پاڕلمان کۆمیته‌یه‌ک دامه‌زراوه و ئه‌رکی پێ ئه‌سپێردراوه، وه‌نه‌بێ ئه‌من ئه‌وه به هیچ دابنێم به‌ڵام ده‌رد ده‌رمان ناکا. دێیه‌کان بۆمباران کران، له ساڵانی 1990کانیش دیسان ئه‌وه کرا. هه‌زاران ئینسان کووژران، زۆر بکوژی "نادیار" هێشتا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه و سزا نه‌دراون. کۆمیته‌یه‌کی ئاوا ته‌نێ ده‌توانێ هێندێک شت له ژێر گوشاری پارتییه‌کان دا ده‌ستنیشان بکا، به‌ڵام هیچ هێزی نییه. ده‌بێ کۆمیسیۆنێکی ڕه‌سمی دۆزینه‌وه‌ی ڕاستی و حه‌قیقه‌ت دابمه‌زرێ ، پاڕڵمانی ئوڕووپاش له پێناو ئه‌و مه‌به‌سته دا ده‌بێ یارمه‌تیده‌ر بێ.
دۆستانی به‌ڕێز ئه‌گه‌ر دڵپاکیمان هه‌بێ بۆ ئه‌نجامی کارێک ده‌بێ ته‌ماشای وه‌زعی ئێستا بکه‌ین. له سیرت و وان ئه‌ندامانی پارتییه‌که‌مان گیراون. به‌و شێوه‌یه حیساب پاک کردن له‌گه‌ڵ ڕابردوو متمانه‌ی پێ ناکرێ. هه‌ر به‌س نییه بگوترێ هه‌ڵه‌یه‌ک کرا به‌ڵکوو ده‌بێ به هه‌لس و که‌وت و به‌شێوه‌یه‌کی بسه‌لمێ ئه‌وه‌ی ده‌گوترێ له دڵه‌وه‌یه. جه‌هه‌په‌ش ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدا نییه."
پرسیاری فله‌وتێر: قسه هه‌ر له سه‌ر دڵ‌پاکی حکوومه‌ت نییه، به‌ڵام گه‌لۆ ئێوه وه‌ک سیاسه‌تمه‌دار ناکرێ ده‌نێوخۆتاندا هه‌لومه‌رجێک پێک بهێنن بۆ ته‌وافوقی سیاسی له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته؟
ئایدین: من ده‌مه‌ویست چه‌ند شت ڕوون که‌مه‌وه. سه‌باره‌ت به کرانه‌وه‌ی عه‌له‌وی، له چاڵشتای (ۆرک شاپ) عه‌له‌وی دا فکری جیاوا هه‌بوو. دوایه هه‌موو کۆبوونه‌وه‌کانی خۆیان کرد. له مه‌ڕ ده‌رسیم من هاو بێرم له گه‌ڵ به‌ڕێز کشاناک. ئێمه له کاری خۆمان دا سه‌ربه‌خۆین، نه سه‌ر به سه‌رۆکی مه‌جلیس و نه سه‌ر به حکوومه‌تین. کاری خۆمان ده‌که‌ین و هیوادارم دواتر بڵاوی بکه‌ینه‌وه. ئه‌ندامێکی به‌ده‌به‌ش له کۆمیته‌که‌مان دا هه‌یه که هه‌تا ئێستا به‌شداری نه‌کردووه له کۆبوونه‌وه‌کانمان دا.
کشاناک: من مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو کۆمیته‌ی ئاوا ده‌بێ له ڕوی سیاسییه‌وه به هێز بێ. ئێمه له هه‌موو کۆمیسیۆنه‌کان دا ئه‌نداممان نییه.، ڵه ڕووی سیاسییه‌وه ڕێی خۆمان ده‌که‌ینه‌وه.
ئایدین: وه‌ک باسم کرد ئه‌ندامێکی ئێوه له کۆمیته‌که دایه به‌ڵام به‌شداری له کۆبوونه‌وه‌کانمان دا نه‌کردووه.
دوایین پانێل واته پانێلی چواره‌م هونه‌رمه‌ند فه‌رهاد تونج به‌ڕێوه‌ی برد. سه‌رباسی ئه‌و پانێله: " مافه‌کانی بنه‌ڕه‌تی و که‌مایه‌تییه‌کان له تورکییه، پرسی کورد و بارودۆخی ئێستای عه‌له‌وییه‌کان" بوو. به‌شدارانی ئه‌و پانێله بریتی بوون له: یای سه‌باحه‌ت تونجه‌ل ئه‌ندامی پارڵمان سه‌ر به پارتیی به‌ده‌په له مه‌ڕ " تورکییه و کورده‌کان"، به‌ڕێز عه‌لی که‌نعان ئۆغلوو سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی کو‌لتووریی عه‌له‌وی حوبیار سوڵتان، له مه‌ڕ " تورکییه و عه‌له‌وییه‌کان"، یای هیلال کاپڵان، ڕۆژنامه‌نووسی "یه‌نی شه‌فه‌ق" له‌مه‌ر " هاوبه‌شی کردنی نرخه دێمۆکڕاتیکه‌کان و لێدوانی ئافرێنه‌رانه"، میر ده‌نگیر فرات، نوێنه‌ری پێشووی پاڕڵمان سه‌ر به پارتیی داد و گه‌شه‌پێدان
به‌ڕێوه‌به‌ری پانێل به‌رله‌وه‌ی کات بدا به ووته‌ده‌ران ڕایگه‌یاند قه‌تڵی عامه‌کان هه‌ر له ساڵی 1938 کۆتای‌یان نه‌هات ، به‌ڵکوو ئه‌و ده‌می ده‌ستی پێ‌کرد. له لایه‌نی کولتوورییه‌وه تواندنه‌وه زۆر به گوڕ کراوه و ڕیوایه‌تێکی فه‌تحوڵا گوله‌ن یشی باس کرد که چۆن پاساوی کوشتوبڕی ده‌رسیمی داوه. گوتی نازانم میرده‌نگیر فرات چۆن بناسێنم؟ نازانم هێشتا ئه‌ندامی ئاکه‌په‌یه یان نا؟
میر ده‌نگیر فرات: "سپاس بۆ به‌ڕێز تونج و هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌م کۆبونه‌وه‌یان ڕێک خستووه. به‌ڵێ ڕاسته ئه‌من یه‌کێک له ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ری پارتیی داد و گه‌شه پێدان بووم له ساڵی 2001 که ئه‌و پارتییه له ساڵی 2002 دا ده‌سته‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرت. من تا ساڵی 2008 جێگری سه‌رۆکی پارتیی بووم بۆ کاروباری حقووقی، به‌ڵام له ساڵی 2008 ده‌ستم له به‌رپرسیاریه‌تییه‌کانم هه‌ڵگرت ، ته‌نانه‌ت ئیدی ئه‌ندامی پارڵمانیش نیم، هیچ وه‌زیفه‌یه‌کی ڕه‌سمیم نییه، به‌ڵام هه‌تا ئێستا هه‌ر ئه‌ندامی پارتیم. پارتی سیاسی ئامرازی گه‌یشن به ئامانجی سیاسییه. پارتییه‌ک که ده‌نگی زیاتری خه‌ڵکی له‌گه‌ڵ بێ ده‌توانێ ئاڵوگۆڕ پێک بێنێ. ئاکه‌په له ماوه‌ی ئه‌و سێ خوله‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ی که له تورکییه کراوه هه‌مو جارێک له جاری پێشوو ده‌نگی زیاتری کردووه. ئێستا بابێمه سه‌ر باسه‌که‌مان. هه‌موو سه‌رهه‌ڵدانه کوردییه‌کان له کۆنه‌وه سه‌رکوت کراون. له پێشدا سوننی و کورمانج به ئامانج گیران دوایه هێرش کرایه سه‌ر عه‌له‌وییان و شێوه زمانه‌که‌یان."
سه‌باحه‌ت تونجه‌ل: " ئه‌من له‌و کۆنفڕانسه دا به نوێنه‌رایه‌تی " پارتیی دێمۆکڕاتی گه‌لان" که له به‌ده‌په و چه‌ندین پارتی دیکه پێک هاتووه، به‌شداری ده‌که‌م. کۆمه‌ڵکوژی هه‌ر له ده‌رسیم نه بوو له مه‌ڕه‌ش و چۆروومیش ئه‌و کاره‌ساتانه کران. ئێمه دوو مێژوومان ته‌جروبه کردووه یه‌ک ئه‌وه‌ی له خوێندنگان دا پێیان گوتووین و مێژوویه‌کیش که تێێدا ژیاوین، ئه‌وانه‌ی ده‌سته‌ڵاتیان به ده‌سته‌وه بووه له هه‌موو دنیا دا حه‌ول ده‌ده‌ن به‌رده‌وام بن له سه‌ر ئه‌وه‌ی له ڕابردوو دا کردوویانه به ڕایه‌ڵ کردنی پردێک له ڕابردووه‌وه به‌ره‌و ئێستا. له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه ده‌بێ کار له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ده‌رسیم بکرێ. به‌ڵام هه‌تامه‌سه‌له‌ی کورد جێ به‌جێ نه‌بێ ناڕوونییه‌کانی له‌مه‌ڕ کاره‌ساتی ده‌رسیمیش ڕوون نابێته‌وه."
به‌ڕێز یای هیلال کاپلان ڕۆژنامه‌نووسی " یه‌نی شه‌فه‌ق" رایگه‌یاند ئه‌من زۆر خۆشحاڵم له‌و کۆنفڕانسه دا به‌شدارم. که‌مالیسم له تورکییه ڕێژیمێکی کۆلۆنیالیسته. شۆڕشه‌کانی ئاتاتورک موهه‌ندیسی کۆمه‌ڵایه‌تی بوون. ئه‌من وه‌کوو تورک و موسوڵمانێکی سوننی باوه‌ڕم به فره کولتوری و فره باوه‌ڕی له کۆمه‌ڵی تورکیه دا هه‌یه."
به‌ڕێز عه‌لی که‌نعان ئوغلوو دوایین ووته‌ده‌ری ئه‌و پانێله له‌گه‌ڵ قسه‌ی دی‌دا گوتی: " ... عه‌له‌وییه‌کان نه‌ک هه‌ر کوژراون به‌ڵکوو حه‌ول دراوه بکرێنه سوننیش. بوله‌نت ئارنج باسی ئه‌وه‌ی کردووه عه‌له‌وییه‌کان "ده‌وڵه‌تی شاراوه" به‌ڕێوه‌یان ده‌با. ئێستا له هێندێک شوێن ماڵی عه‌له‌وییه‌کان نیشانه ده‌کرێن، ئه‌و ئه‌ڕته‌شی گۆیا ئازاده‌ی سوورییه خۆی وه‌ک ئۆردووی معاوییه ده‌ناسێنێ. هه‌تا ئێستا نه‌زاندراوه کێ ماڵی عه‌له‌وییه‌کان نیشانه ده‌کا "
له دوای ته‌واو بوونی پانێله‌کان، ئه‌رداڵ ئه‌ر، ڕۆژنامه نووس و یه‌کێک له ڕێکخه‌رانی کۆنفرانس پوخته‌ی باسه‌کانی ووته‌ده‌رانی کۆ کرده‌وه سه‌ر یه‌ک و ڕایگه‌یاند له گه‌ڵ جیاوازی بۆچوون کۆنفرانس یارمه‌تی کرد به ناسینی زیاتری باوه‌ڕی عه‌له‌وییه‌کان و کۆنفڕانس حیساب له گه‌ڵ ڕابردوو پاک کردنی به هه‌نگاوێکی گرینگ دانا بۆ ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تی.
یورگن کلووت نوێنه‌ری پارڵمانی ئووڕووپا له فراکسیۆنی چه‌پی یه‌کگرتوو له دوایین ووته دا گوتی به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و تاوانانه‌ی له ده‌رسیم کران پێویسته دمه‌ته‌قه‌ی کراوه له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته به‌رده‌وام بێ، هیوادارم به نۆره‌ی خۆمان یارمه‌تیمان کرد بێ له‌و ڕووه‌وه. له ئه‌ڵمانیش ماوه‌یه‌کی زۆری کێشا هه‌تا حیساب له گه‌ڵ ڕابردوو پاک بکرێ. ئه‌وه هه‌نگاوێکی باش بوو. سپاستان ده‌که‌م بۆ به‌شداریتان. سپاس بۆ فیشر که له ئه‌مه‌ریکاوه هاتبوو. هه‌ر وه‌ها سپاسی دیلمانجه‌کان و ستێفانۆش ده‌که‌م به‌بێ یارمه‌تی ئه‌وان کاری کۆنفڕانسه‌که‌مان باش به‌ره‌و پێشه‌وه نه‌ده‌چوو. ڕۆژی هه‌مووتان خۆش!
No comments:
Post a Comment