Thursday, October 13, 2016

زانیاریدانی تایبەتی برێت مەکگرک سەبارەت بە ئۆپێڕاسیۆنی ڕزگار کردنی مووسڵ ، جومعە ٧-ی ئۆکتۆبری ٢٠١٦



زانیاریدانی تایبەتی
 وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
برێت مەکگرک
نوێنەری تایبەتی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی جیهانی لەگەڵ داعش . ئیدارەی نوێنەری تایبەتی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی جیهانی لەگەڵ داعش
واشنگتن ، دی سی  ٧-ی ئۆکتۆبری ٢٠١٦

ئاغای کربی: جومعەیەکی خۆش بۆ گشت لایەک


پرسیار: ئەدی

ئاغای کربی : ئەمڕۆ ئێمە میوانێکی تایبەتیمان هەیە کە زانیاریتان دەداتێ. ئێوە برێت مەکگرک دەناسن ، نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری بۆ ڕووبە ڕوو بوونەوەی جیهانیی داعش . بڕێت تاوێکی دی دێتە ئێرە. ئەو بە کورتی باسی ئەوەتان بۆ دەکا خەبات بە دژی داعش گەیوەتە کوێ. کاتی ئەوەی هەیە چەند پرسیارێکیش ووڵام بداتەوە، بەڵام هەر چەند پرسیارێک. ئەمن کۆبوونەوەکە بەڕێوە دەبەم. هەر وەک کردووتانە لە ڕابردوو دا، تکایە کاتێک پرسیار دەکەن خۆتان بناسێنن . جا بە دوای پرسیارێک دا  با بەدوا دواچوون نەبێ و  پاشان ئێمە دەچینە سەر زانیاری پێدانی ئاسایی ڕۆژانە
ئەوە هات ، جا بەو قسانەم و ئەوە ئێوە و نوێنەری تایبەتی مەکگرک

ئاغای مەکگرک : سپاست دەکەم جان. لە سەرەتاوە کورتەیەک زانیاری تازەتان دەدەمێ چونکە مەیلێکی زۆر هەیە بۆ زانینی ئەوەی ئێمە لەماوەی چەند حەوتووی داهاتوو دا چ دەکەین، بەڵام لە پێشدا با بە کورتی بگەڕێمەوە سەر کەمپەینی جیهانی بە دژی داعش و  جەخت لە سەر تەبیعەتی بە ڕاستی جیهانی ئەو بەربەرەکانییە بکەمەوە. کاتێک پێشتر ئەمن لەو سەکۆیەوە لەگەڵ ئێوە قسەم کردووە ، باسی ئەوەم بۆ کردوون ئێمە لە سێ ڕەهەند دا داعش  شی دەکەینەوە. واتە بڕبڕە پشتی چالاکییەکانی لە عێڕاق و سوورییە؛ ئێمە دەبێ فەزای فیزیکی ئەوان تەنک کەینەوە، و ئێمە ئێستا زۆر بە خێرایی ئەوە دەکەین، و باسی لێوە دەکەم. پاشان تۆڕ و شەبەکەی داعش هەیە، شەبکەی شەڕکەرە بیانییەکانی ، شەبەکەی دارایی ، و تۆڕی پڕۆپاگاندە، و ئێمە هەموو ٢٤ سەعاتی ڕۆژ و شەو خەریکی بڕینەوەی ئەوانەین . و دوایە لقەکانی داعشە لە دنیا دا کە ٨ لقی هەیە لە سەرانسەری جیهان دا
هەڵبەت هۆیەکی کە ئێمە زۆر لە سەر ئەوە جەخت دەکەینەوە ، شەبەکەی پیلان نانەوەیانە لە دەرەوە، ئەوان حەول دەدن بیکەن بە ڕێکخستنێکی تێڕۆریستیی جیهانی. جا بۆیە بۆ تێکشکاندنی ئەوە- و لە بەر ئەوەی شەبەکەیەکی جیهانی یە ئێمە دەبوو ئەو ئیتیلافە جیهانییە ساز کەین کە ٦٧ ئەندامی هەیە. و ئەمن دەمەوێ هێندێک زانیاریتان بدەمێ سەبارەت بە چالاکییە دەرەوەییەکانی داعش بەر لەوەی بێمە سەر باسی سوورییە و عێڕاق و ئەوەی کە تا ئێستا ئێمە چمان کردووە
 یەکەم ، ئەگەرچی لە سوورییەیە ، ئۆپێڕاسیۆنی مەنبج ، کە ئەمن دەزانم بەشێکی زۆر لە ئێوە ڕووماڵتان کرد. ئێمە لەو ئۆپێڕاسیۆنە دا دەکرێ بڵێم خەزێنەیەکمان دەست کەوت- ئێمە دەمانزانی مەنبج هێلانەیەکی گرینگیانە -  سەبارەت بە شەڕکەرە بیانییەکانیان، نەخشە داڕشتنیان ، شێوەی پیلان نانەوەیان ، و چلۆنایەتی دەبەر کار نانی شەڕکەرە بیانییەکانیان کاتێک ئەوان دەهاتنە ناو سوورییە. لەوەتا ئێمە توانیمان داعش لە مەنبج دەرپەڕێنین ،  خەزێنەیەکی گەورەی ئیستخباراتیمان کەشف کرد – ئێستا ئەو کەرەستەیە دەگاتە زیاتر لە ١٥ تێرابایت. کاتێک من لەو دواییانە دا لە سوورییە بووم ، دیتم ئەو کەرەستەیە چۆن کاری لە سەر دەکرێ و ئەو زانیارییانە چنە. دوایە ئێمە وەک ئیتیلافێکی جیهانی کار دەکەین دەستەبەر بین بۆ ئەوەی ئەوەندەی بتوانین بە خێرایی زانیاریی لەگەڵ شەریکەکانمان لەو ئیتیلافە دا ئاڵوگۆڕ بکەین

با شتێک لە مەر ئیتیلاف بڵێم  کاتێک ئەمن سەفەر دەکەم بۆ پێتەختی ووڵاتان شتێکی کە ئێمە  جەختی لە سەر دەکەینەوە  ئەوەیە ئێمە پێویستیمان بە ئالوگۆڕکردنی خیڕای زانیاری هەیە بۆ ئەوەی وەپێش ئەو هەڕەشەیە بکەوینەوە، و ئەوە شتێکە ئێمە وەک ئیتیلاف حەول دەدەین بیکەین. ئەگەر ئێمە لە جەندەکی شەڕکەرێکی داعش دا لە مەنبج تەلەفۆنێک بدۆزینەوە و ژمارە تەلەفۆنێکی تێدا بێ کە تایبەتی بێ بە پێتەختێک یان شارێک لە جێیەکی جیهان، ئێمە ئەو زانیارییە دەدەین بە ئەندامانی ئیتیلاف بۆ ئەوەی ئەوان لێکۆڵینەوەی خۆیانی لەمەڕ ئەنجام بدەن. و ئەوە ئێستا ووردە ووردە وەگەر کەوتووە و ئێمە دەمانەوێ ئەو ئاڵوگۆری زانیارییە خیراتر بکەین
لەوەتا ٣٠ی مانگی ئووت ئێمە زیاتر لە ١٨ ڕێبەری داعش مان بێ کەلک کردووە ، هەڵبەت، لە ناو ئەوانەدا هێندێک لە ڕێبەرە هەرە هەڵکەوتووەکانیان و جێگری بەغدادی، محەمەد عەدنانی شیان لە ناودا بووە ، کە ڕێبەری گشت ئۆپێڕاسیۆنەکانیان بوو لە هەندەران. هەڵبەت، ئەوە ئۆپێڕاسیۆنێکی زۆر گەورە بوو بە فەرماندەیی هاوکارانی ئێمە لە وەزاڕەتی کاروباری بەرگری کرا و یەكێک لە سوودەکان و میوەکانی ئۆپێڕاسیۆنی مەنبج بوو. ئەمن پێم وایە ئەوە بە هەڵکەوت نییە دوای لە کیس دانی مەنبج ، دوای ئەوەی کە داعش مەنبجی دۆڕاند زۆرێک لە ڕێبەرە سەرەکییەکانی ئەوێیان بەجێ هێشت و چوون لە شوێنی دیکە خۆیان گرتەوە. ئێمە دوای ئۆپێڕاسیۆنی مەنبج بە شێوەیەکی کاریگەرانە توانیمان پێوشوێنیان هەڵگرین.
بەڵام بە دەم ئەو ئیستجبارات گۆڕینەوە و زانیاری ئاڵوگۆڕکردنانە و کار کردن وەک ئیتیلافێکی جیهانی، ئێمە هەتا دێ زیاتر و زیاتر ووڵاتانی زیاتر دەبینین کە بە دژی داعش یان ئەو شەڕکەرانەی کە سەر بە داعشن وەجوولە دەکەون و بە گژیان دا دێن. ئەو جۆرە دەستانە دەیانەوێ پیلانی ئاوا بەڕێوە بەرن کە ئیلهامدەریان داعشە- ئەمن دەمەوێ بە کورتی بە لیستی ئەو ووڵاتانە دا بێمەوە بۆ ئەوەی ئێوە قەدرایی و چەندیی ئەو ئیتیلافەتان بۆ دەرکەوێ. ئەمن دوێنێ لە کانادا بووم و لەوێ سەبارەت بە هەموو ئەو کارانە قسەمان کرد کە وەک ئیتیلاف لە عێڕاق و سوورییە دا دەیکەین، کاناداییەکان ، وەک شەریکێکی ئێمە ، هەڵبەت لەوێ لە باکووری عێڕاق دامەزراون – دیارە وەک هێزی پاراستنی ئارامی، ئیستیخباراتی ، و بە بێ پسانەوە زانیاری لەگەڵ ئیتیلاف ئاڵوگۆڕ دەکەن
جا ئەو ووڵاتانەی کە تێیاندا یان خەڵک گیراون یان لە ڕووی قانوونییەوە ڕاو نراون، یان ئەوەی کە توانیویانە پیلانان پووچەڵ کەنەوە  لە ئوڕووپا بریتین لە : بوڵغاریا، ئەڵمان، ئێسپانیا، فەڕانسە ، مۆنتێنۆگرۆ ، ئیتالیا، هەڵبەت تورکییە، هۆڵەند ؛ لە ڕۆژهەڵاتی ناەوڕاست ، مەڕاکش، ئەلجەزیرە؛ هەتا دەگاتە ئاسیای باشووری/ باشووری دەریای ئارام، ئەندۆنێزی، سەنگاپوور، ئەفریقا، ئەفریقای باشوور؛ لە ئەمریکای لاتین ، بڕێزیل، و هەڵبەت ، لە باکووری ئەمریکا لێرە ئێمە هاوکاری و پێوەندیی زۆر سەرکەوتووانەمان هەبووە لەگەڵ کاناداییەکان کە پێشی هێرشێکیان گرت کە خەریک بوو بقەومێ بە دەست تێڕۆریستێک بە ناوی ئاڕۆن درایڤر

پرسیار: ببوورە ، ئایا دەکرێ

پرسیار: ببوورە  گشت ئەوانە لە سەر بنەمای ئەو زانیارییانەیە لە مەنبج دەستتان کەوت

ئاغای مەکگرک: نا هەموویان لە سەر بنەمای ئەو شتانە نین لە مەنبج دەست کەوتن.

پرسیار : باشە ، سپاس

ئاغای مەکگرک : بەڵام لە سەر بنەمای ئەو خاڵەیە کە ئێمە وەک ئیتیلاف دەیکەین نەک هەر ئەوەی کە ئێمە لە عێڕاق و سوورییە دەیکەین، کە ئەمن دەزانم سەرنجێکی زۆری دەدرێتێ، قسە لە سەر بەهێزکردنی ئەو تێکەڵاوی و پێوەندییانەیە لە نێوان گشت لقەکانی حکوومەتی ئێمە ، ئاڵوگٶڕی زانیاری بۆ ئەوەی حەول بدەین وەپیش ئەو هەڕەشەیە بکەوینەوە

پرسیار: ببوورە ، دەکرێ ئەوە ڕوون کەیەوە ئێوە چتان کرد لە مەڕ – ئێوە پیلانتان پوچەڵ کردەوە ، یان

ئاغای مەکگرک: ئەدی، ئێمە دەتوانین ووردە ڕیشاڵی گشت ئەو کارانەتان لە بەردەست بنێین لە هەر کام لەو ووڵاتانەی دا کە ئەمن ناوم هێنان. ئەو ووڵاتانە ، یان تاکوتەرایان گرتووە ، یان پیلانیان پووچەڵ کردووەتەوە، وەک ئەوەی لەمەڕ کانادا ئاماژەم پێ کرد. بەڵام ئەوە تەنێ نموونەیەک لە قەدرایی ئەوەیە کە ئێمە وەک ئیتیلافێکی جیهانی دەیکەین، چونکە تەنانەت دوای دەرپەڕاندنی داعش لە عێڕاق و سوورییەش ، کە ئێمە ببڕ ببڕ ئەوە دەکەین – کاتێک ئەوان لە فەزای فیزیکییان دەرپەڕێنین ، ئەوان بۆ ماوەیەک وەکوو هەڕەشە هەر دەمێننەوە. هەر وەک ئەوەی ئەمن لە ڕابردووش دا لەم سەکۆیەوە گوتم ، ئەوە هەڕەشەیەکی ئاوایە کە لە ڕابردوو دا نموونەی نەبیندراوە. لە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵان دا  ٤٠٠٠٠  شەڕکەری بێگانە لە زیاتر لە ١٢٠ ووڵات لە سەرتاسەری دنیاوە دەربازی سوورییە بوون . ئەوە دوو هێندەی ژمارەی ئەو تاکوتەرا جیهادییانەن کە لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا چوونە ئەفغانستان  و ئێمە دەزانین کە ئاکامی ئەوە چ بوو ، بۆیە ئێمە دەبێ وەپێش ئەو هەڕەشەیە بکەوینەوە
ڕێگام بدەن زانیارییەکی کورتتان بدەمێ لە مەڕ بارو دۆخی عێڕاق و سوورییە و سەبارەت بە ئەوەی کە ئێمە چۆن کار دەکەین بۆ ئەوەێ بەڕاستی ئەوەی لە فەزای فیزیکی بۆیان ماوەتەوە بخنکێنین. ژمارە ١ لەم نەخشەیە دا – ئەمن لە مێژە ئەو بابەتەم هێناوەتە گۆڕێ – ئەوە ئەو ٩٨ کیلۆمیترەیە لە سنوور لەگەڵ تورکییە کە لە کۆنتڕۆڵی داعش دا بوو. ئیدی چبڕ ئەو بەشە لە سنوور لەگەڵ تورکییە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندا نییە. تورکەکان ئاشکرایە بە پشتیوانیکردن لە ژمارەیەک لە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە میانەڕۆیەکانی سوورییە ، چوونە ناو جەرابلوس نیزیکەی مانگێک لەمەو بەر. ئێمە لەوێ لە سەر زەوین و یارمەتییان دەدەین، و ئەوان بەرەو لای ڕۆژئاوا چوون و هەموو ناوچەکەیان پاک کردووەتەوە. و ئەو هێزانە ئێستا بەرەو شاری دابیق کە لە ڕووی ستراتێژییەوە سەمبۆلیکە دەجووڵێن . دابیق ناوی گۆڤاری پڕۆپاگاندەیی داعش ە ، و ئەوان دەبێ  ناوێکی تازە بۆ گۆڤاری پڕۆپاگاندەیی خۆیان بدۆزنەوە – کە ، لە ڕاستیدا ، ئەوان بە نەغدەن ئەوەیان کردووە.
 خاڵی دوویەم رەقە یە. ڕەقە هیشتا وەک پێتخەتی ئیدارییان هەڵدەسووڕێ. ئێمە زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ شەریکەکانمان، عەڕەبەکانی سوورییە و کوردەکانی سوورییە کار دەکەین ، بۆ ئامادە کردنی هێز بۆ ئەوەی دەست بکا بە جووڵە بەرەو ڕەقە و ئەوە کارێکە ئێمە دەمانەوێ هەرچی زووتر بیکەین. هەڵبەت ، ئێمە لەوێ خەڵکمان هەیە لەوێندەرێ کە هەموو ڕۆژێ بێ ووچان لە سەر ئەو پلانە کار دەکەن
ڕێگام بدەن بێمە سەر خاڵی سێیەم، ئەویش بابەتی مووسڵ ە. هێندێکی پێ چوو بۆ ئەوەی گوتوبێژ و ڕاوێژ سەبارەت بە ڕزگار کردنی مووسڵ دەست پێ بکا. هەڵبەت ، مووسڵ ئەو شوێنەیە ، کە بە داگیر کردنی ئەوێ داعش هاتە ناو شانۆی ناو نەتەوەییەوە. ئەوە ئەو شوێنەیە کە بەغدادی خەلافەتە قێزەوەنەکەی خۆی لەوێوە ڕاگەیاند.  و ئێستا ئێمە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ئەوەی داعش لە مووسڵ دەرپەڕێنین.  لێرە دا ئەمن باسی زەمانی ئەو ئۆپێڕاسیۆنە ناکەم، باسی تایبەتمەندییەکانی پلانی گشتی ڕزگار کردنی مووسڵ ناکەم، بەڵام تەنێ ئاماژە دەکەم بەو نەخشە داڕشتنە هەموو لایەنەیەی کە بۆ ئەو کارە گەڵاڵە کراوە
  ژەنەڕاڵی جێگری من ، تێری ووڵف لێرەیە . ئەو نزیکەی سێ حەوتوو و نیو لە عێڕاق بوو ، زیاتر لە سەد چاوپێکەوتنی هەبوو بۆ یارمەتیدان بە کۆئۆردینە کردنی ئەوەی کە گشت لایەنەکان بۆ ئەو ئامانجە بەیەکەوە کار بکەن. پلانی ڕزگار کردنی مووسڵ چوار ڕەهەندی هەیە .  هەڵبەت ، یەکەم، ڕەهەندی سیاسی چلۆنایەتی هێزەکانە. ئێمە هێزێکی بە ژمارە زیاتر لە ٣٠٠٠٠ کەسمان داناوە بۆ گشت ئۆپێڕاسیۆنەکە. ئەوانە بریتین لە پێشمەرگە کوردەکان ، هێزە ئەمنییەتییەکانی عێڕاق، هێزەدژە تێڕۆریسمیان ، هەر وەها شەڕکەرانی عەشیرەتی ئەستانی نەینەوا – ئێمە هیوادارین  نزیکەی ١٤٠٠٠ کەس لەوانە بن – و هەڵبەت ، پۆلیسی ناوچەیی
 جا کۆکردنەوە ئەو هێزانە لە دەوری یەکتری و ڕێکخستنیان و ئەوەی کە ئەوان دەچنە کوێ و چ دەکەن کات و ساتێکی یەکجار زۆر دەبا. ئێمە زۆر سەخت کارمان کرد و هاوکارییەکی زۆر نزیکمان هەبوو  لەگەڵ شەریکەکانمان لە ئەربیل  [هەولێر] لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پرێزیدێنت بارزانی و حکوومەتی بەغدا و لەسەر چلۆنایەتی گشتی دامەزرانی هێزەکان ڕێک کەوتین – ئەوەی کە هەر کەس لە کوێ چ دەکا – ئێستا لە سەر گشت ئەوانە ڕێکەوتن کراوە، جا بۆیە ئەوە نیشانەیەکی زۆر باشە ، و چوونی پرێزیدێنت بارزانی بۆ بەغدا، کە لەوانەیە هێندێک لە ئێوە لە حەوتووی ڕابردوو دا ڕووماڵتان کردبێ ، تەواو گرینگ بوو – ئەوە یەکەمجار بوو دوای چەندین ساڵ ئەو سەری  بەغدا  بدا ، و زۆربەی ناوەرۆکی ئەو سەردانە  بۆ دەستەبەر کردنی ئەو ئامادەکارییانە بوو کە بۆ ئۆپێڕاسیۆنی عەسکەری مووسڵ لەبەرچاو گیراون. دەکرێ بڵێین کە ڕێکەوتنی سیاسی بۆ ئەوەی کارەکان چۆن بڕوا  لە ئارا دایە.
 ڕەهەندی دووهەمی ئەو پلانە یارمەتیی ئینسانی یە. لەوانەیە هێندێک لەو تەخمینانەتان دیتبێ باسی ئەوە دەکرێ لەوانەیە میلیۆنێک  ئینسان لە جێ و واری خۆیان هەڵکەندرێن . ئەوە بریتی یە لە جۆرەیەک سێناریۆی کارەساتاوی. ئەگەر ئەوە ببێ ئەوە سێناریۆی هەرە خراپە. ئێمە دەبێ خۆمان ئامادە بکەین بۆ سێناریۆی هەرە خراپی کە لەوانەیە بێتە پێشێ. هەڵبەت، ئەمن پێم وایە ئەوە ئاستی هەرە بەرزە کە لەوانەیە تووشمان بە تووشییەوە بێ
پلان ئەوەیە خەڵک لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە، و لە ئێستاوە پەیام دەچێ بۆ خەڵکی مووسڵ کە ماڵەکانیان جێ نەهێڵن. نموونەیەک ئەو ئۆپێڕاسیۆنە بوو کە نزیکەی دوو حەوتوو لەمەوبەر لە شاری شەرقەت لە باشووری مووسڵ  بەڕێوەچوو. ئەوێ بنکەیەکی سەرەکی داعش بوو. ئێمە وامان دانابوو ڕزگار کردنی چەند حەوتوو بخایێنێ. بەڵام لە ڕاستیدا – ئەو شارە لە ماوەی دوو ڕۆژان دا ڕزگار کرا چونکە دانیشتووانەکەی ڕاپەڕین و هەر بە گەیشتنی هێزە ئەمنییەتییەکانی عێڕاق داعشیان دەرپەڕاند، و جا بۆیە چ لێشاوی جیدی پەنابەر و ئاوارە لە شەرقەتەوە لووزەوی نەبەست. هەر وەک باسم کرد پلان ئەوەیە خەڵک لە ماڵەکانیان دا بمێننەوە – کارەکە زۆر بە مێتۆد ، گەڕەک بە گەڕەک بکرێ. بەڵام  هەڵبەت ، ئەوەی نازاندرێ ئەوەیە کە داعش دەیەوێ چ بکا.
 ئێستا ئێمە بێ ووچان هەموو ڕۆژێ لەگەڵ  ئین جی ئۆیەکان ( ڕێکخراوە نا حکوومییەکان )، لەگەڵ حکوومەتی عێڕاق ، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمیی کوردستان و کاربەدەستە جێییەکان لە نەینەوا کار دەکەین بۆ ئەوەی سەرچاوەی پێویست بۆ یارمەتی نزیکەی یەک میلیۆن کەس لە بەر دەست دابێ بێتوو لە جێی خۆیان هەڵکەندرێن.  ئەمن دەزانم بە لێبڕاوی یارمەتی  بۆ  ٧٥٠٠٠٠  کەیس ئامادە کراوەتە – دیسان بیڵێمەوە ئێمە خۆمان بۆ چلۆنایەتی هەر خراپ ئامادە دەکەین
 ئێستا ئێمە خەریکین زەوی زیاتر تەرخان دەکەین بۆ کەیسی سێناریۆی هەرە خراپ ، و ئێستا ئەوە ئەنجام دەدەین.  هەر دوێنێ ، ئێمە دانیشتنێکی زۆر گرینگمان هەبوو  لە گەڵ حکوومەتی عێڕاق و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.  حکوومەتی عێڕاق  فەرمانی دروست کردنی ٢٠ شوێنی حاواندنەوەی کوتوپڕی داوە ، و ئەو جورە شتانە دەکرێ بە خێرایی ڕابپەڕێندرێن
جا ئێستا کۆئۆردینەکردنی یارمەتیی ئینسانی  دەکرێ. و وەک دەزانن ئێمە باربووی یەکجار زۆر و سەرچاوەی زەبەلاحمان بۆ ئەو کەمپەینە کۆ کردووەتەوە. بۆنەکە لێرە [ واشنگتن]  لە مانگی ژووییە بەڕێوە چوو. ئێمە زیاتر لە ٣.٢ بیلیۆن دۆڵارمان کۆ کردەوە . ئێمە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان حەوتووی ڕابردوو بۆنەیەکی دیکەمان هەبوو ، کە تێیدا زیاتر لە ١٠٠ میلیۆن دۆڵار باربوومان کۆ کردەوە. ئەمن حەوتووی ڕابردوو  کە لە ئێماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی بووم ، دانیشتنێکی زۆر باشم هەبوو لە گەڵ فەخامەتی محمەد بن زیاد. ئەوان ٦٠ میلیۆن دۆڵاریان خستووەتە سەر حیسابی پڕۆژەی ئارامکردنەوە و سەبات. جا بۆیە سەرچاوە کۆ دەبنەوە؛ سەرچاوە لە بەر دەست دان. قسە لە سەر ئەوەیە ئەو سەرچاوانە لە جێی ئەوتۆ بن کە بکرێ دەستبەجێ دەست پێیان ڕابگا بە پێی پێشوەچوونی پێداویستییەکان .

ڕەهەندی سێیەمی  پلانی ڕزگار کردنی مووسڵ – و  ئەوە ئێستا بۆ زۆر مانگانە ، زۆر مانگان ، گشت – هەر کام لە ڕەهەندەکانی پلانەکە – ئارامکردنەوە و سەباتە. تۆوەکانی ئارامکردنەوە  و  سەبات – یارمەتیی مرۆڤی لە سەر ئاگادار کردنی ئەو خەڵکە جەخت دەکرێتەوە کە شار بە جێ دێڵێن. ئارامکردنەوە و سەبات پێکهێنان بریتییە لە جەخت کردن لە گەڕاندنەوەی خەڵک بۆ ماڵەکانی خۆیان .  و لە عێڕاق ، بەڕێگای نەخشە دانانی ئارامکردنەوە بە ڕێگای ئیتیلاف دا  ئێستا نزیکەی یەک میلیۆن تاک گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. لە ڕەمادی ، ئێستا ئێمە ئەوە خەریکین تەقەمەنی نەتەقیو  لە خیابانەکان کۆ دەکەینەوە  - ماوە وزەحمەتێکی زۆری پێویستە  ئەو تەقەمەنییە نەتەقیوانە پاک بکرێنەوە. ئێستا  ٢٠٠٠٠٠  کەس گەڕاونەتەوە. تەنانەت لە فەلووجەش ، یەک لەو شارانەیە کە هەر لەو دواییانەدا پاک کرایەوە ، ئێستا ٢٠٠٠ کەس چوونەتەوە ماڵەکانی خۆیان ، و ئەوە بەردەوامە                      
 جا لە مووسڵ ، ئێمە جەخت لە سەر ئەوە دەکەینەوە بۆ ئەوەی دەستەبەر بین ئامراز و کەرەستەی پێویست لە بەر دەست دابێ  بۆ پشتیوانی لەو خەڵکەی کە دەگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان. ئێمە هەر وەها دەستەبەر دەبین بە دەنگ ئەوانەشەوە بێین کە ماڵەکانیان جێ دێڵن. – ئێمە لە نزیکەوە لەو بارەیەوە لەگەڵ عێڕاقییەکان کار دەکەین- چاوەدێری هێمنی لەگۆرێ دایە  و ئەوە پێویستە بکرێ ، بۆ ئەوەی تووشی ئەو جۆرە کێشانە نەبین کە لە فەلووجە هاتنە پێشێ. جا بۆیە ئێمە حەول دەدەین بۆ دەبەر کارنانی چاوەدێریی سەربەخۆ  بۆ دەستەبەر بوونی ئەوەی کە ئەو گرووپە چەکدارانەی کە بە تەواوی لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی عێڕاق دا نین لە بەربەرەکانی مووسڵ دا بەشداریان پێ نەکرێ.
جا بۆیە چاوەدێری بەڕێوە دەچێ ، بە دوای دا پۆلیس دێ و ئاسایشی شارەکە دابین دەکا. هەڵبەت ئەڕتەش دەورێکی گرینگی هەیە بۆ پاراستنی شوێنەکە و هەر وەها دەستەبەر کردنی ئەوەی هەلومەرجی لەبار دابین بکرێ بۆ ئەوەی خەڵک بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، بە دەرس وەرگرتن لەو دەرسانەی لە گرتنەوەی تکریت، ڕەمادی فێریان بووین و هەر وەها  لە شوێنی دیکەی کە دیتوومانە خەڵکی لەجێی خۆ هەڵکەندراو گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
ڕەهەندی چوارەمی پلانی ڕزگار کردنی مووسڵ – ئاشکرایە کە لێرە ئەمن هەر باسی سەرمقەستی کارەکە دەکەم – پلانی بەڕێوەبردنێتی. نەخشەی بەڕێوە بردن و ئیدارەی مووسڵ لە سەر بنەمای ئەو داو ودەستگایانەی عێڕاقن کە ئێستا هەن. ئەستانی نەینەوا ئەستاندارێکی هەیە. ناوی ئەو ئەستاندارە نوفەڵ ئاگووب ە. هەڵبەت ، ئەو ڕادەهێزێندرێ ، هەر وەک عەبادی- سەرۆکوەزیر عەبادی جەختی لە سەر کردووەتەوە بۆ حەول دان بۆ ڕاهێزاندنی ئەستاندارەکان وەک بەشێک لە سیاسەتی خۆی سەبارەت بە لە ناوەند کردنەوەی کار وبارەکانی ووڵات ، بەهێزکردنی ڕێبەرانی جێی، بەهێز کردنی خەڵکی جێی لە خوارەوە بەرەو سەرەوە. بەڵام ئاشکرایە  مووسڵ ئاڵنگارییەکی گەورەیە، جا پرێزیدێنت بارزانی هەرێمیی کوردستانیش کەسێک دیاریی دەکا  کە لەگەڵ ئەستاندار ئاگووب بێ کار بکا. عەبادیش هەمان شت دەکا. ئێمە لەگەڵیان دەبین، و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتی دەکا بۆ بەڕێوەبردنی ئارامکردنەوەی گشتی و ڕەهەندی ئیدارەی مووسڵ. شارەکە شارێکی گەورەیە، کە بە ٨ گەڕەک دابەش بووە، و لە ڕاستییدا هەر ئێستا بۆ هەر کام لەو شوێنانە بەڕێوەبەرمان دیاری کردووە
جا بۆیە ئێمە پێمان وایە نەخشەکەمان زۆر بە باشی دەچێتە پێشێ. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوە ئۆپێڕاسیۆنێکی زۆر پێشبینی نەکراو ، زۆر دینامیک ، و زۆر ناڕوون دەبێ. زۆر شت هەن پێیان نازاندرێ. ئێمە نازانین  داعش لە مووسڵ چۆن دەجووڵێتەوە. ئێمە هێندێک تەخمین مان هەن کە ئەوان تا دوایین دەمی ژیانیان دەست دەکەنەوە، هەر وەک ئەوەی لە مەنبج کردیان. دوایە ئێمە هێندێک تەخمینی دیکەمان هەن کە لە ڕاستییدا  ئەوان خەریکی خۆ ئامادە کردنن بۆ بە دەستەوەدانی مووسڵ. جا لە ڕاستیدا ئێمە نازانین چۆن دەبێ. ئێمە بە حازرییەوە کارەکەمان دەکەین، خۆمان بۆ خراپترین سێناریۆ ئامادە کردووە، ئێمە هێزی خۆمان و ڕاوێژکاران و هەموو شەریکەکانمان پێش دەخەین – هاوکارانی من لە وەزاڕەتی کاروباری بەرگری دا یارمەتی دەکەن بۆ دەستەبەر بوونی ئەوەی هێزەکەمان لە ڕووی عەسکەرییەوە سەرکەوێ و دوایە ئێمە لە گەڵ ئەو هاوکارانەمان کە لەمەڕ لایەنی مرۆڤایەتی کار دەکەن حەول دەدەین دەستەبەر بین  بۆ ئەوەی بە لێشاوی ئینسانی یەوە بچارێین کە لەوێوە لووزەو دەبەستێ.
جا بۆیە ئێمە بە ووردی نازانین کاردانەوەی داعش چ دەبێ و چ دەکا. ئێمە تا ڕادەیەکی زۆر دەزانین ئەوان چۆنیان خۆ دامەزراندووە، بەڵام لێرە دا زۆر ناروونی و نادیاری لە ئارا دایە. جا ئەمن پێم وایە لەوانەیە شتەکان تا ڕادەیەک نادیار بن. ئەوە یەک لە شتە هەرە پێچەڵپێچەکانە عێڕاقییەکان کردوویانە. بەڵام ئێمە دیتوومانە ئەوان ئێستا شتی وا دەکەن کە دووساڵ لەوە پێش هەر بە زەینیش دا نەدەهات
دوایین خالم ماوە بیڵێم – دوایە ووڵامی پرسیارەکانتان دەدەمەوە. هەر بۆ ڕێکخستنی ئەو بەربەرەکانییە بۆ ڕزگار کردنی مووسڵ، کە لە ڕاستیدا دوایین هەنگاوە لەو کەمپەینە سەختە دا بە دژی داعش، هێزە ئەمنییەتە عێڕاقییەکان نزیکەی ٨٠ تا ١٠٠ کیلۆمیتریان لە دۆڵ و بەستێنی چۆمی دیجلە پڕ کردووەتەوە. ئەوان پردێکیان ڕایەڵ کردووە. ئەوان خاکێ ئاوایان گرتووەتەوە کە ساڵێک لەوە پێش وا وەبەرچاو دەهات دەستیان وێ ڕا نەگا. ئەوان بە شێوەیەکی پڕۆفێشناڵانە و بە باوەری لە زێدە بە خۆیان دەجووڵێنەوە. دوایین جاری کە ئەمن لە عێڕاق بووم ، ئەوەی بەڕاستی سەرنجی زۆر ڕاکێشام باوەری بەخۆ بوون بە تایبەتی دە ناو هێزە ئەمنییەتییە عێڕاقییەکان دا بوو کە داعش تێک دەشکێنن . تەنانەت شەش مانگ لەوە پێش چیرۆکەکە جۆرێکی دیکە بوو، کە هێندێک لەو نەبەردانە هەتا بڵێی دژوار بوون.
بەڵام ئەوەیان، واتە نەبەرد بۆ ڕزگار کردنی مووسڵ دژوارترین شتی دەبێ کە ئەوان کردوویانە. ئاشکرایە ئەوە کات و ساتێکی گرینگە لە کەمپەینی گشتی ئێمە دا. بەڵام ئێمە پێویستیمان بەوەیە جەخت بکەینەوە کە بۆچی ئەوە دەبێ بکرێ. ئێستا زیاتر لە میلیۆنێک ئینسان لە ژێر چەکمەی داعش لە مووسڵ دا دەژین. ئێمە پێمان وایە زۆربەی کۆیلە ئێزیدییەکان  کە نزیکەی دووساڵ  لەمەوبەر بە دەست داعش یەخسیر کران ، زۆربەی هەرە زۆریان لە مووسڵن. داعش لە مووسڵ لە سەر خیابانان خەڵک ئێعدام دەکا. ئێمە ڕاپۆرتی لە زێدەمان بە دەست دەگا کە شەڕکەرانی تێڕۆریستی داعش تەقە لە داو دەلینگ و باسکی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی بەو شێوەیە خۆیان لە شەڕ بدزنەوە. جا بۆیە نیشانەی ئەوتۆ بە دەستەوەیە کە مۆراڵ و مەعنەوییاتی داعش بە خێرایی لە کورتیی دەدا. بەڵام هەتا زووتر ئێمە بتوانین  داعش لە مووسڵ دەر کەین ئەرکێکی گەورەی مرۆفایەتیمان بەجێ هێناوە ، و ئێمە لەو باوەرە داین ئێمە بە خێرایی لەو ڕۆژە نزیک دەبینەوە
جا ئەوە لەماوەی حەوتووەکانی داهاتوو دا دەکرێ . هەڵبەت ، ئێمە بە تیمەکەمانەوە چاوەدێری بە سەر دا دەکەین. ئەمن زانیاری تازە – ئێمە زانیاری تازە بە دەم پێشوەچوونەکانەوە لە بەردەست گشت لایەک دەنێین. ئێستا ئامادەم ووڵامی یەک دوو پرسیاران بدەمەوە

ئاغای کربی: باشە، ئێمە تەنێ بۆ چەند پرسیارێک کاتمان هەیە. مات، ئەگەر دەتەوێ دەتوانی دەست پێ بکەی

پرسیار: ئەمن زۆر بە کورتی پرسیاری یەکەمم دەکەم، و پرسیارێکی دووەمیشم هەیە، کە تەنێ – لە سەر نەخشەکە نییە لەوێ، بەڵام لەم نووسراوەیەی بەردەست دا نوسراوە  ١٦ -  ٩ – ئایا ئەوە مانای ئەوەیە لە مانگی سێپتامبر دا ئامادە کراوە؟

کارمەند: لە سێپتامبرەوە تا دەگاتە ئووت. لە ١٦-ی سێپتامبر

کارمەند: ئەدی، بەڵام ئەوە تا ئووت

پرسیار: لەوە تێ دەگەم. تەنێ دەمەویست -

ئاغای مەکگرک : ئەدی ، ئاوایە

شازدەهەم ؟  ( ووشەیەک نابیسترێ )

ئاغای مەکگرک: لە ڕاستیدا ئەوەم لەوێندەرێ نییە، بەڵام ئەدی . ئەگەر زانیاری هەرە تازە هەبێ . ئەوەیە

پرسیار: ئەوە ڕاستە ؟

پرسیار: باشە ، دەزانم ، بەڵام ئایا ئەوە لە .. ئامادە کراوە ؟

پرسیار: و ئایا ئێوە چ هۆیەکتان بەدەستەوەیە بێنە سەر ئەو باوەرە کە ئەوە لەودەمییەوە گۆڕانێکی بەرچاوی تێدا پێک هاتبێ؟

ئاغای مەکگرک: لە ڕاستیدا زۆر زیاتر لە ڕووی پۆزیتیڤەوە گۆڕانی تێدا پێک هاتووە. با لە سەر ئەو نەخشەیە نیشانت بدەم، کە لەوانەیە ئێوە – زۆر لە ئێوە پێشتر دیتبێتتان، هەرچییەکی لێرە دا ڕەنگییە ئەوە ئەو خاکەیە کە سەردەمێک دە کۆنتڕۆڵی داعش دا بووە. هەر جێیەکی کە بە ڕەنگی کەسک دیاری کراوە ئەو خاکەیە کە ئەوان لەو دەمییەوە لە دەستیان داوە. ڕەنگی نارنجی ئەو شوێنانەن کە هێشتا بە دەست ئەوانەوەیە، و ئەو کوتە سوورانە دەڕاستیدا ئەو ناوچانەن کە ئەوان دەستیان بەسەر دا گرتووە. جا ئەگەر ئەو نەخشەیە تازە بکرێتەوە ، ژمارە یەک – هەمووی  - ئێستا هەمووی کەسکە  تا ١٥ کیلۆمیتر لە وێندەرێ – ئەو سنوورە چبڕ ئیدی دە کۆنتڕۆڵی ئەواندا نییە. ئەوە ئەو شوێنەیە کە من پێشتر ئاماژەم پێ کرد سەبارەت بەو ئۆپێڕاسیۆنەی تورکەکان تێیدا ڕێبەری ئۆپۆزسیۆنیان کرد. ئێوە لە نێوان هیت و ڕەمادی ش دا هێندێک ناوچەی کەسکی زیاتر دەبینن ، چونکە دۆڵ و بەستێنی فرات لەوێندەرێ ، چەند ئۆپێڕاسیۆنی سەرکەوتوو لەوێ کراوە بە دەست عەشیرەتە عێڕاقییەکانی ئەستانی ئەنبار کە بە شێوەیەکی قارەمانانە بە دژی داعش شەڕ دەکەن.جا

پرسیار: باشە  و دوایە – باشە . و پرسیاری دووەمی من پێوەندی بەو بابەتەوە نییە. بەڵام هەموو جارێ  بێ پسانەوە دێتەوە گۆڕێ، و ئەمن تەنێ دەمەوێ بۆچوونی تۆی لە سەر بزانم چونکە پای تۆ وەک شەخس دەگرێتەوە، و ئەوە ، ئەتۆ ڕاپۆرتت دیتوون لە سەر ئەو بابەتە. ئەو سێ بەڵگەیەی کە بەدەستەوەن – لە مەڕ  مامڵە لەگەڵ ئێران و بانکی سپەه و ئازاد کرانی زیندانییەکان. و ئیدیعا دەکرێ یان دەگوترێ بەرواری ماک ١٦-ی ژانوییە بووە ، و ئەوە کڕێندراوە و لە جیاتیان نووسراوە ١٧-هەمی ژانوییە. دەکرێ ئەوە شی بکەیەوە – ئایا ئەوە ڕاستە ؟ و ئەوە ڕۆژیی دوایی . دووهەم ،دەکرێ شی بکەیەوە بۆچی؟
ئاغای مەکگرک: هەڵبەت ، ئەوەی ئەمن دەتوانم لە راستیدا سەبارەت بەوە بیڵێم، ئەمن پێم وایە ئەو بابەتە زۆر جار لێرە لە لایەن جان و کەسانی دیکەوە ووڵام دراوەتەوە، ژمارەیەک لە کێشەی دیپڵۆماسی بەجارێک و لە هەمان کاتدا لە بەر دەممان قوت بوونەوە و ئێمە لە ٢٤ سەعاتێکی گەلێک دژوار دابووین بۆ ئەوەی مامڵەی ئازاد کرانی زیندانییەکان لە لایەن ئێرانییەکانەوە کۆتایی پێ بهێنین ، ئێمە دە هەمان ڕۆژ دا دەمانەویست زۆر کاران ڕاپەڕێنین.  ژمارەیەک بەڵگە هەبوون کە لە ڕۆژی دوایی دا ئیمزا کران . و بە ڕاستی ئەوە ئەوشتە بوو کە ڕووی دا.

ئاغای کربی: فەرموو ، مکاییل

پرسیار:  برێت ، سەبارەت بە مووسڵ ئەمن لەگەڵ چەندین لایەنی پێوەندیدار قسەم کردووە کە زۆر نیگەران و بە پەرۆشن سەبارەت بە نەبەردی ڕزگار کردنی مووسڵ، و ئەوان دەڵێن ، لە ڕاستیدا، هیچ ڤیزیۆنێکی سیاسی نییە  سەبارەت بە ئەوەی کە لە ئەستانی نەینەوا یان لە مووسل چ دەقەومێ لە دوای ڕزگار کردنی. ئەستاندار نوجەیفی لە جێدا داوا دەکا هەرێمەکە بکرێتە ئۆتۆنۆم، و ئەو لە پێناو وەدیهاتنی ئەو ئامانجە دا کار دەکا.هێندێک لە کوردەکان باسی ئەوە دەکەن هێندێک بەشی ئەستانی نەینەوا  وەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەن ، لەوانە یە شەنگال  و ناوچەکانی دیکە بێ. و وا وێدەچێ حکوومەتی عێڕاق بییەوێ  کەمتازۆر شتەکان  چۆن ئێستا هەن وەک خۆی بهێڵێتەوە، و ئەوان دەڵێن ئەمریکاییەکان پێ دزیلکەیانە بۆ ئەوەی بێن و چارەسەرییەک بهێننە مەیدانێ  یان ئەوەی کە چارەسەرییەک داسەپێنن بەر لە وەی دوژمنکاری دەست پێ بکا. پرسیار ئەوەیە داخودا ڤیزیۆنێک هەیە ئەو لایەنانە هەموو لە سەری ڕێک کەوتبن؟ ئایا خەڵکی مووسڵ ، حکوومەتی عێڕاق ، و کوردەکان  گشتیان لە دەوری یەک  کۆبوونەتەوە و لە سەر نەخشە ڕێیەکی سیاسی ڕێک کەوتوون بۆ نەینەوا، یان شتێک هەیە کە ئێوە پێوەن بیکەن دوای دەستپێکردنی ئۆپێڕاسیۆنەکە؟

 ئاغای مەکگرک: بەڵێ، مکاییل، ئەوە پرسیارێکی گەلێک باشە . کاتێک مرۆڤ لە عێڕاق باسی گشت ئەوانە دەکا ، هەر لایەنەی بۆچوون و فکرێکی جیاوازی هەیە لە مەڕ ئەوەی ئەستانی نەینەوا چۆن بەڕێوە ببردرێ، و کێ ئەستاندار بێ. چاوت بە هەر کەسێکی بکەوێ  دەڵێ ، ئەمن دەبێ ببمە ئەستاندار ، یان ئەویدی دەبێ ببێ بە ئەستاندار.   کێشە لێرە دا ئەوەیە  ئەگەر مرۆڤ بییەوێ گشت ئەو گرفتانە چارەسەر بکا ، داعش بۆ ماوەیەکی درێژ لە داهاتوو دا و ڕەنگە بۆ هەمیشە لە مووسڵ بمێنێتەوە .
 جا بۆیە ئەوەی ئێمە لەگەڵ عێڕاقییەکان لە سەری ڕێک کەوتووین – ئەوە نەخشەی ئەوانە – ئەوەیە ئەو پرێنسیپانەی لە ئەستانی نەینەوا پیادە دەکرێن هەر ئەو پرێنسیپانە دەبن کە لە ئەستانی سەلاحەدین بەڕێوەچوون ، کە ئەویش موزایکێکی زۆر ئاڵۆزە ، و هەر وەها لە ئەستانی ئەنباریش. ئێستا داو و دەستگای سیاسی هەن  هەڵدەسووڕێن ،  کۆنسەی ئەستانەکان،  - ئەو جۆرە ڕێبەرانە بەهێزدەکرین.لەگەڵ ئەوەشدا دەورێکی گرینگ هەیە ماقووڵان لە ئەستانی نەینەوا و هەر وەها لە مووسڵ دا بیگێڕن.جا بۆیە شتێکی کە تێری کردی بە تایبەتی کاتێک کە ئەو بۆ ماوەی سێ حەوتوو و نیو لەوێبوو ئەوە بوو  چاوی بە هەموو لایەکان کەوت. دەستەبەر بوو کە هەموو لایەنەکان هەست بکەن لە داهاتووی ئەستانی نەینەوا و داهاتووی مووسڵ دا بەشدارن. بەڵام نەخشەی بەڕێوە بردن و ئیدارە کردن لە سەر بنەمای ئەو داو ودەستگا سیاسییانە دەبێ کە ئێستا هەن. هەر بۆیە دەورێکی گرینگ هەیە کە هەموو ماقووڵانی مووسڵ بیگێڕن، بەڵام لێکدانەوەی عێڕاقییەکان ، کە زۆر بەلای منەوە پەسندە  و لەگەڵی ڕێکم  ئەوەیە کە ناکرێ گشت ئەو گیرو گرفت و کێشە زۆر دژوارانە چارەسەر بکرێن لە کاتێکدا کە داعش لە مووسڵ لێی دانیشتووە. بەڵام ئێمە زۆر سەخت کارمان کردووە بۆ ئەوەی دەستەبەر بین  پلانی یارمەتی ئینسانی تا ئەو جێیەی دەکرێ ئامادە بێ – و ئەمن دایدەگرمەوە تا ئەو جێیەی دەکرێ -  و پلانی ئیدارە کردن و بەڕێوەبردنیش تا ئەو جێیەی کە دەکرێ ئامادەیە.
 جا قەوارەیەکی ئاوا دەبێ ، ئەستاندار، کۆنسەی ئەستانداریی ، نوێنەرێک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، نوێنەرێک لە حکوومەتی عێڕاق ، لەگەڵ ئێمە و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتی کردن بە داهاتووی دوایی مووسڵ – واتە داهاتووی مووسڵ دوای داعش. ئێمە پێمان وایە ئەوە قەوارەیەکی تەواو باشە . قەوارەیەکی ئاوا لە هەموو ناوچەکانی دیکە هەڵسووڕاوە. هەر تاقە شارێکی  لە لایەن داعشەوە دەستی بە سەر دا گیرابێ هیچ کوێ لە لایەن داعشەوە نەگیراوەتەوە. ئەوە ئەو شارانە دەگرێتەوە کە پلانی ئیدارە کردنیان زۆر روون بوو و یەکدەنگیان لە سەر بوو ، و هەر وەها هەلومەرجی ئاواش هەبوو  کە بە ڕاستی  پلانێکی باشی ئیداری بۆ دانەندرابوو و تەنێ دواتر بە شێوەی  ئۆرگانیک  ئارامی و سەباتیان تێدا پێک هات ، شتێکی ئێمە زۆرمان کار بۆ کرد.
  بەڵام ئەگەر ئێستا بگەڕێمەوە سەر چەقی پرسیارەکەی تۆ، چونکە پرسیارێکی باش بوو ،  ئەگەر ئێمە حەول  بدەین پێش ڕزگاری مووسڵ  شتێک جێ بە جێ و چارەسەر بکەین  داعش قەت لە مووسڵ دەرناکەوێ. و دەڕاستی دا ئەوە شەڕی جووڵەیە. ئێمە وا هەست دەکەین جووڵە  لە بەرژەوەندی هێزە ئەمنییەتییە عێڕاقییەکان دایە. ئەوە ئەوانن کە تاریخەکەی دیاری دەکەن کەنگێ نەبەردەکە دەست پێ بکا ، و ئێمە پشتیوانیان لێدەکەین هەر کاتەی کە ئەوان ئامادەی وەجووڵە کەوتن بن.

 ئاغای کربی: فەرموو ئێلسی
 پرسیار: چەند پرسیارێکی گورج. یەکەم ، ئەگەر دەکرێ ، وەک باست کرد ، هێندێک زانیاری بدەی لە سەر  چەت تێکەوتنەکان –

ئاغای مەکگرک : بەڵێ ، من هەموویانم  لە لایە.

 پرسیار: سەبارەت بە ئیتیلاف کە تۆ باست کرد.  چ جۆرە – ئەمن نازانم ئایا ئێوە دەیکەن ، یان زیاتر حکوومەتی عێڕاق ، بەڵام چ جۆرە کەمپەینێکی زانیاری دان کراوە بۆ ئاگادار کردن و سەروەخت کردنی خەڵکی مووسڵ ، یانی زانیاری ئەوەیان هەبێ لە سەر ئەوەی دەبێ چاوەڕوانی قەومانی بن و دەبێ چ بکەن ؟ 
 و داخودا لەو ئۆپێڕاسیۆنە دا ستڕاتێژییەکی تایبەتی هەیە حەول بدرێ  بۆ ڕزگار کردنی- ئەمن وا بزانم ئەتۆ ئاماژەت کرد. ئەو کۆیلە ئێزیدیانەی کە لە مووسڵ ڕاگیراون . قسەی ئاوا هاتوووەتە گۆڕێ کە چاوڕوان دەکرێ داعش  ئەوانە لەگەڵ خۆی بەرێ و ڕایانگوێزێ  کاتێک کە شارەکە بەجێ دێڵێ، و پرسیار ئەوەیە داخودا ستڕاتێژییەکی تایبەتی هەیە بۆ حەول دان بۆ ڕزگار کردنی ئەو کۆیلانە؟

ئاغای مەکگرک: بەڵێ، ئەوە پرسیارێکی زۆر باش بوو. یەکەم ئەوەی کە ئێمە چۆن پێوەندی دادەمەزرێنین لە گەڵ خەڵکی مووسڵ؟  ئەوە یەکجار زۆر دژوارە – بۆ نموونە ، ئێمە دەزانین دەمانەوێ لووزەوی خەڵکی لە جێی خۆ هەڵکەندراو بەرەو کوێ بچێ ، بەڵام  ئەگەر ئێمە  باسی ئەوە بکەین ئەوە زۆر زوو ئاگاداری دەدا بە دوژمن کە ئێمە دەمانەوێ خەڵکی لە جێی خۆ هەڵکەندراو بەرینە کوێ؟  چونکە ئێمە داعشمان لە شارەکانی دیکە دا دیتووە ، لە فەلووجە و شوێنی دیکە دیتوومانە ، لەو کاتەی دا کە حەولیان داوە شوێنەکە بەجێ بێڵن خەڵکی مەدەنیان کوشتووە.   ئێمە بە بەردەوامی لە هەواوە ئاگایی بڵاو دەکەینەوە. هێزی هەوایی عێڕاق  ئاگایی بڵاو دەکاتەوە بۆ خەڵکی مووسڵ وعێڕاقییەکان هەر وەها دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی بەرنامەیەکی ڕادیۆیی کە ڕاستەوخۆ بەرنامە بۆ ناو جەرگی مووسڵ بڵاو دەکاتەوە. هەر دوو شەو لەمەو بەر بوو سەرۆکوەزیر عەبادی لەو ڕادیۆیەوە پەیامی نارد بۆ خەڵکی مووسڵ.
جا بۆیە ئێمە بەچەند ڕێگای جیاواز دا پێوەندیمان هەیە لەگەڵ خەڵکی مووسڵ، بەڵام دیارە باڵانسێک هەیە لە نێو ئەوە دا دەستەبەر بین خەڵکی مووسڵ ئەوەندەی پێویستە بیزانن کە ئێمە دەمانەوێ – و ئەوەی ئەوان پێویستییان هەیە بیزانن بۆ پاراستنی خۆیان. یەکەم پەیامی کە بۆ ئەوانی دەنێرین ئەوەیە ئەوەندەی دەکرێ لە ناو ماڵەکانیان دا بمێننەوە . بەڵام بەرنامەی ڕادیۆیی و بەردانەوەی کاغەزی ئاگایی  بێ پسانەوە بەردەوامە.و سەبارەت بە پرسیاری دوویەم، ئەوەش  پرسیارێکی زۆر چاکە و شتێکە کە ئەمن لەگەڵ تیمەکەمان زۆری جەخت لە سەر دەکەم. ئەوە زۆر دژوارە ساخ بکرێتەوە و بە ووردی بزاندرێ  ئەوانە لە کوێن.ئەمن لە نیۆیۆرک  لە کۆبوونەوەی گشتی کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان دا چاوم کەوت بە یەکێک لەو کۆیلە ئێزیدییانەی کە ڕزگاری بووە ، نادیە موراد.  ئێمە هەر چییەکی لە دەستمان بێ دەیکەین  کە بزانین ئەو خەڵکانە لە کوێن و ئەمن – ئێمە حەول دەدەین دەستەبەر بین ئەگەر داعش لە مووسڵ ڕابکا، کە دەیکا – ئەمن پێم وا نییە ئەوان بتوانن ئەوە بکەن ، بتوانن ئەو خەڵکە لەگەڵ خۆیان بەرن.جا بۆیە پرسیارەکەت زۆر باشە. ئەوە یەکێک لە پرسە هەرە دژوارەکانە  و ئێمە دەمانەوێ ئەو خەڵکە ڕزگار کەین. ئەوە یەكێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو ئۆپێڕاسیۆنەیە.

 ئاغای کربی:  ئێمە دوایین پرسیار لە دەیڤ وەردەگرین.

پرسیار: لەو حەوتووانەی دواییی دا گرژییەکی تەواو هاتووەتە گۆڕێ لە قسەکانی نێوان بەغدا و ئانکاڕا دا سەبارەت بە بارودۆخی دەوروبەری مووسڵ. حکوومەتی عێڕاق داوای کردووە سەربازانی تورک ناوچەکە بەجێ بهێڵن، بەڵام تورکەکان پێکێشی دەکەن ئەوانیش دەورێکیان هەیە بیگێڕن . ئایا ئەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەبێتە هۆی تێکدانی پلانی ئێوە، و ئایا سەربازانی تورک لە ئەستانی نەینەوا چ دەوڕێک هەیە بیبینن لەو ئۆپێڕاسیونەی موسڵ دا کە بڕێارە بکرێ؟ 

ئاغای مەککرگ
: ئەوە پرسیارێکی زۆر باش بو. ئەمن نزیکەی ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ جێگری وەزیری کاروبەری دەرەوەی ئەمرێکا بلینکن لە ئانکاڕا بووم و ئێمە گفتوگۆیەکی زۆر بە ووردە ڕیشاڵمان هەبوو لەگەڵ تورکەکان لە هەموو ئاستەکانی حکوومەتەکەیان دا. پڕێنیسپی ئێمە لەم بارەیەوە زۆر ڕوونە : گشت چالاکییە عەسکەرییەکان لە عێڕاق – ئەوە پرێنسیپێکی بنەڕەتی ئێمەیە – گشت چالاکییە عەسکەرییەکان لە عێڕاق دەبێ بە پێی ڕەزایەتی تەواو و هەم ئاهەنگی کردنی تەواو بێ لەگەڵ حکوومەتی عێڕاق. ئێمە لە عێڕاق وەک ئیتیلاف بەبێ ڕەزایەتی حکوومەتی عێڕاق هیچ ناکەین.
پرێنسیپی بنەڕەتی دوویەمی ئێمە سەروەری عێڕاق و یەکپارچەیی خاکی عێڕاقە. ئەوانە پرێنسیپە بنەڕەتییەکانی ئێمەن کە ئێمە ڕەچاویان دەکەین
دامەزرانی سەربازانی تورک لە ' باشیقا' نزیکەی ساڵێک زیاتر لەمەوبەر ڕوویدا، و بۆ ماوەیەک قسەی لێوە کراوە. ئەوە دەکرێ لەبەر نەبوونی پێوەندی و خراپ لێ تێگەیشتن بووبێ. بەڵام ئەو دامەزرانەی تورکەکان لەوێندەرێ بە ڕەزایەتی حکوومەتی عێڕاق نەبووە کە دیارە ئێمە داوا دەکەین پێویستی بەو ڕەزایەتە هەیە بەر لەوەی هێزێکی عەسکەری بێتە ناو خاکی عێڕاقەوە. لەگەڵ ئەوەشدا [تورکەکان] ژمارەیەک لە جەنگاوەرانی نەینەوایان پەروەردە کردووە و ئێمە ئامادەین ئەو جەنگاوەرانە وەخۆ بکەین لەو عەمەلییاتەی دا کە بە فەرماندەیی عێڕاقی دەکرێ.
 تا ئەو جێیەی کە دەگەڕێتەوە سەر مووسڵ پرێنسیپی سەرەکی ئەوەیە تەنێ یەک نەخشەی عەسکەری هەیە ، ئەویش هەبوونی تاقە فەرماندەیییە. هەبوونی هەر جۆرە گرووپی عەسکەری لە دەرەوەی ئەو قەوارەیە دەبێتە هۆی ساز بوونی کێشەیەکی زۆر جیدی. ئاشکرایە ئێمە زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ شەریکەکانمان لە بەغدا کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەو مەسەلەیە بە ڕێگای دیپڵۆماتیک دا چارەسەر بکەین و لەم ڕۆژانەی داهاتوو دا زۆر بەو بابەتەوە خەریک دەبین

 پرسیار : دەتوانم هەر لەو پێوەندییە دا شتێک پرسم

 ئاغای کربی : باشە، سپاس. سەعید . ببوورە  ئێمە دەبێ بەردەوام بین. ببوورە فەرموو .

پرسیار: هەر سەبارەت بە یەکینەکانی  حەشدی شەعبی . ئەمن مەبەستمە پرسم داخودا ئەوان چ دەوریان نابێ ؟

ئاغای مەکگرک: نزیکەی ١٤٠٠٠ حەشدی شەعبی جێیی ، حەشدی شەعبی سەر بە نەینەوا  بەشداری دەکەن هەر وەک ئەوەی ئێمە لە ئەستانی ئەنبار کردمان  و دەوری حەشدی شەعبی سەر بە باشوور. ئێمە پێمان وایە لە ڕووی سیاسییەوە  ئەوەمان جێ بە جێ کردووە، بەڵام لێرە دا زۆر کارتی بەلەسە هەن ، جا بۆیە ئەمن نامەوێ داهاتوو پێشبینی بکەم . ئێمە دەمانەوێ حەول بدەین دەستە بەر بین ئەوە بەشێوەیەک بکرێ کە باوەری بدا بە خەڵکی مووسڵ کە هێزە ڕزگاریدەرەکان هێزە ئەمنییەتیە عێڕاقییە بە دیسیپلینەکانن  و ژیانی خەڵکی مووسڵ لە دوای داعش زۆر باشتر دەبێ .سپاستان دەکەم .

پرسیار: سپاس ، بڕێت

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی 

No comments: