رووداوه‌کانی ئه‌و دووایییه له کوردستان، عێراق
ووتووێژێکی کورتی نادر سولتانپوور له به‌رنامه‌ی 60 ده‌قیقه‌ی تێلێڤیزیۆنی فارسی بی بی سی له‌گه‌ل دوکتور عەبباس وەلی سه‌باره‌ت به رووداوه‌کانی ئه‌و دووایییه له کوردستان، عێراق یه‌کشه‌مه 22. 10. 2017 نادر سولتانپوور: رێزدار وەلی به بۆچوونی ئێوه کورده‌کان چه‌نده ده‌بێ هه‌ر دوو بنه‌ماله‌که لۆمه بکه‌ن له به‌ر ئه‌و دووبه‌ره‌کییه‌ی که روویدا و هێزه هه‌رێمییه‌کان توانییان به پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، به پێی به‌رژه‌وه‌ندییه ئەمنییه‌تیەکانی خۆیان له‌و دووبه‌ره‌کییه که‌لک وه‌ر بگرن؟ دوکتور عەبباس وەلی: به دیتنی من کورده‌کان ده‌بێ له ئاست ئه‌و وه‌زعە‌ی که هاتووه‌ته پێشێ هه‌لوێستێکی توند و روون بگرن. ئه‌وه جاری یه‌که‌م نییه شتێک که به خه‌یانه‌ت ناوزه‌د ده‌کرێ له کوردستانی عێڕاق ده‌قه‌ومێ، و هه‌ر جاره‌ش که خه‌یانه‌تی ئه‌وتۆ کراوه ئەو سازانانه له پشت ده‌رگای داخراو کراون و ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌لمێنێ که ئه‌خلاقی سیاسی له کوردستانی عێراق تا راده‌یه‌کی زۆر داڕماوه و ئاوا ماوه‌ته‌وه. به باوه‌ری من ئه‌وه‌ی که له کوردستانی عێڕاق رووی داوه خه‌یانه‌ت ه ، ئه‌من قسه‌ی کاک ره‌حیم قه‌بوول ده‌که‌م که ئێستا پێش من گوتی که بالێکی یه‌که‌تی نیشتمانی خەیانه‌تی کردوووه و ئه‌وه‌ش قه‌بوول ده‌که‌م که ره‌خنه‌گرانی ئاغای بارزانیش به دروستی ده‌یلێن. به دیتنی من ئاغای بارزانی زۆر ساویلکانه بۆ مه‌سه‌له‌که چوو و زۆر ساویلکانه مه‌سه‌له‌ی رێفراندۆمی لێکدایه‌وه و ئه‌نجامی دا. کاتێک ئێوه دێن و له هه‌لومه‌رجێک دا ڕێفراندۆم ده‌که‌ن و به هه‌موانیش ده‌لێن که هیچ ده‌سته‌به‌رییه‌کی وه‌دیهێنانیشی نییه ئەو ده‌می گشت لایه‌ک تێده‌گه‌ن که ئەو رێفراندۆمە ته‌نێ وه‌ک ئامرازێک به کار ده‌هێندرێ و بۆ ئه‌وه ده‌کرێ له سات و سه‌ودای دواتری سیاسی دا که‌لکی لێ وه‌ربگیرێ. ئه‌وه مه‌شرووعییه‌تی ڕێفراندۆم له خه‌لک وه‌رده‌گرێ و ئەو مەشرووعییەتەی خه‌لک وه‌ک ئامراز به کار ده‌هێنێ که به بۆچوونی من ئه‌وه له رووی ئه‌خلاقی سیاسییه‌وه دروست نییه. ئه‌وه لایه‌ک، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه کاتێک ئه‌تۆ دێی و ڕێفراندۆمێک ئه‌نجام ده‌ده‌ی و دێی له ناوچه‌ی جێی ناکۆکی وه‌ک که‌رکووک ڕێفراندۆم ده‌که‌ی له‌وێ ده‌بێ بزانی که ئەو سیاسه‌ته حه‌وجێی به زنجیره‌یه‌ک ئاماده‌کاری هه‌یه، ئاماده‌کاری عە‌سکه‌ری، ئاماده‌کاری ئابووری، ئاماده‌کاری کۆمه‌لایه‌تی و سه‌فه‌ربه‌ر کردنی کۆمه‌لایه‌تی. کاتێک که سپای عێڕاق خه‌ریک بوو به‌ره‌و که‌رکووک ده‌چوو، ده‌رکه‌وت که هیچکام له‌و ئاماده‌کاریانه نه‌کراوه. له‌وه‌ش ده‌رچێ کاتێک که مه‌سه‌له‌ی رێفراندۆم به‌رێوه چوو ئاوای لێ هاتبوو که پشتی جه‌بهه‌ی ئاغای بارزانی چۆل ببوو. ئه‌گه‌ر حوکوومه‌تی ئامریکا، ئه‌گه‌ر یه‌که‌تی ئه‌ورووپا پشتی جه‌بهه‌ی ئاغای بارزانی به‌ر نه‌دا با ئه‌من پێم وا نییه که سپای پاسداران و شه‌خسی سه‌ردار سوله‌یمانی توانیبایان ئاوا به خێرایی له‌وێ عه‌مه‌لیات بکه‌ن و سوله‌یمانی ئه‌و ئیتیلافه ناموباره‌که له‌وێ به دژی کورده‌کان و کوردستان ساز بکا. به‌و پێیه ئەمن ده‌گه‌رێمه‌وه سه‌ر ئه‌و خاله که ئەوەی له‌وێ رووی دا په‌یامێکی ئاشکرای تێدایه سه‌باره‌ت به ئێلیت و چینی سیاسی کوردستانی عێڕاق ، پۆلیتیکاڵ کلاس له کوردستانی عێڕاق. ئیدی وه‌ختی ئه‌وه هاتووه که کوردستانی عێڕاق خۆی به ناوه‌رۆکی ئه‌و چینه سیاسی یه ، ئه‌و پۆلیتیکاڵ کلاسه‌وه خه‌ریک بکا و له‌وه تێ بگا که له ستروکتووری ده‌سه‌لاتی سیاسی دا ئه‌و گه‌نده‌لی یه ریشه‌ی داکوتاوه . نادر سولتانپوور: به‌لام رێزدار وەلی ، کاتمان زۆر که‌مه. هه‌ر چۆنێک بێ جگه له‌وه‌ی که له رووی زه‌مانه‌وه هێندێک جیاوازی هه‌بوو له هه‌رێمی کوردستانی عێڕاق، به‌لام زۆر له خه‌لک له‌و باوه‌ره دا بوون که ئەو گشتپرسییه ده‌بوو بکرێ و کورده‌کان بتوانن رۆژێک وولاتێکی سه‌ربه‌خۆی له‌مه‌ر خۆیان هه‌بێ. به بۆچوونی ئێوه ئێستا له‌م کات و ساته دا ده‌بێ چ کارێک بکرێ و به چ شێوه‌یه‌ک ده‌بێ ده‌ست بکه‌ن به گفتوگۆ له‌گه‌ل به‌غدا؟ دوکتور عەبباس وەلی : ئه‌من پێم وایه، با بگه‌رێینه‌وه سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی که پرسیتان. ئه‌من با به خێرایی ئه‌وانه بلێم. ئه‌وه شکانێکه بۆ هه‌موو کۆمه‌لی کوردستان، به‌لام شکانی ئه‌ساسی، شکانی رێبه‌رایه‌تی کوردستانی عێڕاقە . ئه‌وه شکانێکه که ئەوان له راسپارده‌یه‌ک دا که دابوویان به خۆیان نه‌یانتوانی ئه‌و هه‌لومه‌رج و ئیمکاناته‌ی که بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌و راسپارده‌یه پێویست بوو پێک بهێنن. ئه‌وه خه‌تای خه‌لکی کوردستان نییه. ئه‌وان هه‌میشه داواکاری سه‌ربه‌خۆیی بوون و هه‌ن و له‌مه‌و دوواش هه‌ر ده‌بن. به‌و پێیه ئەو گشتپرسییه مه‌شرووعییه‌تی هه‌بووه، هه‌یه‌تی و هه‌ر ده‌یبێ. به‌لام ئه‌و حکوومه‌ته‌ی که ده‌یویست ئه‌و گشتپرسییه بکا ده‌بوو پێشتر ئیمکاناتی سیاسی، ستراتێژیک و به تایبه‌تی عه‌سکه‌ری و ئابووری پرۆژه‌یه‌کی ئاوا ئاماده بکا. ناکرێ چاوه‌رووانی له حکوومه‌تێک بکرێ که نه‌ک له ئیتیلافی حیزبان به‌لکوو له ئیتیلافی دوو حیزب پێک هاتوووه، ئه‌ویش ئیتیلافێکی زۆر پراگماتیستی، که بتوانێ ئه‌رته‌شێکی یه‌کگرتوو ساز کا ، که نه‌ی کردوووه، که ئیداره‌یه‌کی یه‌کگرتوو دامه‌زرێنێ که داینه‌مه‌زراندوووه و کاتێک حکوومه‌تێک نه‌توانێ ئه‌و کارانه بکا نابێ چاوه‌روانی لێ بکرێ که پرۆژه‌یه‌ک به گرینگی سه‌ربه‌خۆیی وه‌دی بهێنێ. سه‌رچاوه: به‌رنامه‌ی 60 ده‌قیقه‌ی تێلێڤیزیۆنی فارسی بی بی سی وه‌رگێران له فارسییه‌وه: حەسەن قازی |
No comments:
Post a Comment