Friday, February 16, 2018

ئاواتەکانی کوردی و بەرژەوەندییەکانی شانشینی یەکگرتوو.کورتەی ڕاپۆرت و ڕاسپاردەکانی کۆمیتەی کاروباری دەرەوە بۆ وەزاڕەتی دەرەوە


ئاواتەکانی کوردی و بەرژەوەندییەکانی شانشینی یەکگرتوو.کورتەی ڕاپۆرت و ڕاسپاردەکانی کۆمیتەی
کاروباری دەرەوە بۆ وەزاڕەتی دەرەوە
هاوس ئاف کامنس ( پارڵمانی بریتانیا) کۆمیتەی کاروباری دەرەوە
ئاواتەکانی کوردی و بەرژەوەندییەکانی شانشینی یەکگرتوو
سێیەم ڕاپۆرتی دانیشتنی ٢٠١٧ – ٢٠١٩
لە لایەن هاوس ئاف کامنسەوە بە ڕادان دراوە کە چاپ بکرێ
٦-ی فێڤرییەی ٢٠١٨
[ تێبینی لە خوارەوە وەرگێڕدراوی کورتەی ئەو ڕاپۆرتە و ئەنجام وەرگرتن و ڕاسپاردەکانی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پارڵمانی بریتانیا دەخوێننەوە]
ئاواتەکانی کوردی و بەرژەوەندییەکانی شانشینی یەکگرتوو
کورتەی ڕاپۆرت
ئاواتەکانی کوردی بۆ ناسین و پاراستنی ناسێنەیان ئاڵۆز و پێچەڵپێچن. ئەو ئاواتانە بۆ گرووپی جۆر بە جۆر لە شوێنی جۆر بە جۆر جیاوازن، و بە ڕێگای جۆر بە جۆر دا حەولی وەدیهاتنیان دەدرێ. بەڵام ئەو شاهیدە کوردانەی کە ئێمە گوێمان لە قسەکانیان گرت هەموویان گوتیان کوردەکان بە دوای چارەسەری دان لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە جیاوازانەی دا کە تێیاندا دەژین تورکیا، سووریا، عێڕاق و ئێران، و ئەم لێکۆڵینەوەیەی ئێمە گەیشتووەتە ئەو ئاکامەی کە کاری هەرە باشە حکوومەتی مەلەکە پشتیوانی لەو ئاواتانە بکا لە کاتێکدا دژی توند و تیژی و زەبروزەنگ و حەولدانی یەک لایەنە هەڵوێست دەگرێ. سەروبەندی دوای شەڕ بە دژی داعش ئەو ئاڵنگارییانەی قووڵتر کردووەتەوە.
لە عێڕاق، تاکوتەرای کورد لە سێپتامبری ٢٠١٧ ڕێفراندۆمێکیان کرد بۆ سەربەخۆیی. دوای ئەوە تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان هێزە کوردەکان و هێزەکانی حکوومەتی فێدێڕالی عێڕاق قەوما. بەڵام سەرەڕای دەنگێکی هەتا بڵێی زۆر بە قازانجی بەجێ هێشتنی عێڕاق ، شاهیدە کوردە عێڕاقییەکانمان زۆر جار باسی ڕێفراندۆمیان دەکرد وەکوو دوایین حەول و گوتیان بەلایەنەوە پەسندتر دەبوو ئەگەر ڕەوتی کارەکان نەگەیشتبا ئەوەی ڕێفراندۆم بکرێ. ئەگەر چی ئەو تێروانینە لەوانەیە شیاوی بە هێند وەرگرتن بێ لە ئاکامی ئەو شکانەی کە کوردەکانی عێڕاق تەجرەبەیان کرد بە دەم ڕێفراندوم و لە دوای ڕێفراندۆم دا . یان ئەو شاهیدانە وەک ستراتێژییەکی سیاسی بۆ وتووێژ باسی ئەو ڕێفراندۆمەیان کرد بۆ ئەوە هەرێمی کوردستان لە چوار چێوەی عێڕاق دا هەڵوێستێکی باشتریان هەبێ تا ئەوەی کە بە پێویستی بیانەوێ لە عێڕاق سەربەخۆ بن. شاهیدە کوردە عێڕاقییەکان لە قسەکانیان دا بە ڕوونی دەیان گوت ئەوان لەگەڵ چارەسەرییەکن بە ڕێگای وتووێژ لە چوارچێوەی قانوونی بنەڕەتی عێڕاق دا. بەغداش هەر هەمان شت دەڵێ. بەڵام تێخوێندنەوە و تەفسیری جیاواز لە قانوونی بنەڕەتی گرژی زیاد دەکا و مەترسی کێشە ساز دەکا. ئێف سی ئۆ (وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە و ووڵاتانی هاوبەرژەوەندی) دەبێ لەتەک شەریکە ناونەتەوەییەکانی ئامادەیی خۆی دەرببڕێ بۆگێڕانی دەورێکی باڵاتر بۆ خۆش کردنی زەمینەی دیالۆگ ، و دەبێ حەولی ڕاکێشانی پشتگیری و پشتیوانی کۆمەڵگەی ناونەتەوەیی بدا لە ئاستێکی بەرفراونتر دا بۆ ئەوەی دەورێکی ئەوتۆ ببینێ.
ئێف سی ئۆ ( وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە و وڵاتانی هاو بەرژەوەندی) دەبێ ئامادە بێ هەم لە بەغدا و هەم لە کوردە عێڕاقییەکان ڕەخنە بگرێ کاتێک پێویستی بە ڕەخنەگرتن هەبێ. نیشانەی ئاشکرا بە دەستەوەیە لەمەڕ گەندەڵی ، و ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق ( کەی ئار ئای) دێمۆکڕاسی بەرتەسک بکرێ . وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە شتێکی ئاوای بۆ ئێمە باس نەکرد لەو بابەتانەوە. ئێف سی ئۆ بۆ خۆی و دەبێ خەڵکی دیش پێمل بکا بۆ وەگەر خستن و دانانی خولی توانایی ساز کردن و پەروەردە بۆ بەرەوپێشبردنی ڕێفۆرمی سیاسی و ئابووری لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق ( کەی ئای ئار ) دا. و هەر وەها ئەو بەرتەنگیانەش کە دوای ڕێفراندۆم بەغدا لە سەر هەرێمی کوردستانی عێڕاقی داناوە ، هەر وەها ئەو دەورەی کە میلیشیا شیعەکان گێڕاویانە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ کوردەکان، دەبنە هۆی ئەوەی کە کوردەکان زیاتر بە دوای ڕێبازی دوور کەوتنەوە و جوێ بوونەوە دا بن تا ئەوەی کە بیانەوێ یەکانگیر بن. دیسان ، لێرەش دا کۆمیتە لەو باوەڕە دایە ئێف سی ئۆ ئەو جۆرەی کە پێویستە بەو مژارانەوە خەریک نەبووە. و وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە دەبێ بانگەوازی نەمانی ئەو بەرتەنگیانە بکا لە سەر هەرێمی کوردستانی عێڕاق ، و نابێ شەرم بکا لە دەربڕینی ڕوانگەی خۆی سەبارەت بە چالاکی ئەو میلیشیا شیعانە و پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران.
لە سووریا ، گرینگی و دەستەڵاتی سیاسی پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک ( پەیەدە) لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو ووڵاتە زیادی کردووە لەگەڵ بەرفراونتر بوونی باڵە چەکدارەکەی ، واتە یەکینەکانی پاراستنی گەل ( یەپەگە) لە ماوەی شەڕ بە دژی داعش دا. حکوومەتی مەلەکە دەڵێ شانشینی یەکگرتوو هیچ چەکی نەداوە بە هیچ گرووپێکی سووریایی. بەڵام هێرشی هەوایی کردووە بۆ پشتیوانی لە هێزە دێمۆکڕاتیکە کانی سووریا ( قەسەدە) ، ئیتیلافێک کە پەیەدە هێزی سەرەکی وی پێک دێنێ.بە لەبەرچاو گرتنی ئەو دەورە سەرەکییەی کە پەیەدە لە قەسەدە دا دەیگێرێ ، ئێمە گەیشتووینە ئەو ئاکامە لەوانەیە پشتیوانی نیزامی شانشینی یەکگرتوو لە قەسەدە یارمەتی بە یەپەگە کردبێ.
تورکیا پەیەدە / یەپەگە بە بەشێک لە پارتییا کارکەرێن کوردستان ( پ ک ک) دەزانێ. وەکوو تورکیا ، شانشینی یەکگرتوو پ ک ک بە ڕێکخستنێکی تێرۆریست دەزانی. بە پێچەوانەی تورکیا ، شانشینی یەکگرتوو ناوی تێرۆریست لە پەیەدە/ یەپەگە نانێ. بەڵام ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکەی ئێمە دا دەست کەوت بە ئاشکرایی باس لەوە دەکەن ئەو ڕێکخستنانە پێوەندییان هەیە ، بەڵام دیارە تەبیعەت و ڕادەی ئەو پێوەندییانە جێی موناقەشەیە. بەڵام قسەکانی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە لەو بارەیەوە ئالۆزە . لە بەیاننامەکانی دا دەڵێ پێوەندیی ئەوتۆ ' گوزاریش ' کراوە بەڵام وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە بۆ ئەوەی سیاسەتێکی ڕوونی هەبێ دەبێ هەڵوێستێکی ڕوونی لەمەر خۆی هەبێ. هەر وەها وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە دەبێ هەڵوێستی هەبێ گەلۆ پەیەدە/ یەپەگە بهێندرێنە ناو پێواژۆی ژێنێڤ بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی سووریا و قسە کردن لە سەر داهاتووی ئەو ووڵاتە، بە لە بەرچاو گرتنی ئەوەی کە شەڕی تازە و ئالۆزتر بوونی کێشەکە مەترسی بوونە بەدیل زیاتر دەکا.
بە لەبەرچاوگرتنی نفووزی ئەو گرووپە لە سووریا، وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە دەبێ هەڵوێستی خۆی ڕوون کاتەوە لەمەر پێوەندی نێوان پەیەدە/ یەپەگە و پ ک ک دا. وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە کە لە ڕووی نیزامییەوە پشتیوانی لە قەسەدە کردووە دەبێ لەوەشدا هەلوێستی ڕوون بێ کە ئایا درێژە دەدا بەو پشتیوانییە – و داخواد لە پراکتیک دا دەستەڵاتداریی قەسەدە قەبووڵ دەکا بە سەر ئەو ناوچانەی دا لە چنگ داعشی ڕزگار کردووە – بەلە بەچاو گرتنی ئەوەی یەپەگە بەشی سەرەکی قەسەدەیە ، ئەو پێوەندییە کێشە ساز دەکا لەگەڵ هاوپەیمانی ناتۆی شانشینی یەکگرتوو کە تورکیا بێ.
ئەنجام وەرگرتن و ڕاسپاردەکان
ئاواتەکانی کورد
١.بۆ ئەو کەسانەی ئەو ئاواتانەیان دە سەری دایە ، بە تایبەتی مەبەست لە ئاواتەکانی کورد گەڕانە بە دووی دەستەبەر کردنی ناسین و پاراستنی ناسێنە تایبەتی و جوێیەکانی کورد. ئەو ناسێنانە جۆراوجۆرن و لە بەستێن و چوارچێوەی جێاواز دا لەیەک جوێ و جۆراوجۆرن. جا لە بەر ئەوە ، ڕێگاکانی حەولدان بۆ وەدیهێنانی ئەو ئاواتانەش جیاوازن. هیچ دەوڵەتێک بوونی نییە کە تیێدا کوردەکان زۆربە پێک بێنن . جا ئاوا ، بە لە بەر چاو گرتنی ئەوەی کە ناسێنەیان نکووڵی لێ کراوە - یان وەک بنەمایەک کەلکی لێ وەرگیراوە بۆ ڕاوەدوو نان و جار جار بەکارهێنانی زەبر و زەنگ - لە لایەن ئەو حکوومەت و دەوڵەتانە ڕا کە ئەوان تێیاندا کەمایەتی بوون ، ئاواتی کورد بە دژی حکوومەتەکانی تورکیا ، سووریا ، عێڕاق و ئێران بەرز بووەتەوە. (بڕگەی ١١)
٢.شاهیدە کوردەکان پێیان گوتین فکری جوێ کردنەوەی هەرێمە کوردەکان لەو چوار دەوڵەتانە و دەسەریەک کردنەوەیان وەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆی ' کوردستانی گەورە ' دەستی لێ هەڵگیراوە . ئەوان لە جیاتیان چاویان لە دۆزینەوەی چارەسەرییە لە چوار چێوەی هەر کام لەو دەوڵەتانە دا ، دیسان ، زۆر لە شاهیدەکان پێیان ڕاگەیاندین ئیدی سەربەخۆیی ئەو ئامانجە نییە ئەوان بە دووییەوە بن. تەنانەت شاهیدە کوردە عێڕاقییەکان کە هەرێمەکەیان ڕێفراندۆمێکی ئەنجام دا بۆ سەربەخۆیی لە ٢٧ سێپتامبری ٢٠١٧ ، لە شاهیدی دانەکەیان دا زۆر جار شییان کردەوە ڕێفراندۆم وەکوو دوایین حەول بووە و بەلایەنەوە پەسندتر دەبوو ئەگەر ڕەوتی کارەکان نەگەیشتبا ئەوەی کە ڕێفراندۆم بکرێ. ئەگەر چی ئەو تێروانینە لەوانەیە شیاوی بە هێند وەرگرتن بێ لە ئاکامی ئەو شکانەی کە کوردەکانی عێڕاق تەجرەبەیان کرد بە دەم ڕێفراندوم و لە دوای ڕێفراندۆم دا. هەرچەند ئەو ڕێفراندۆمە دەنگی دا بۆ سەربەخۆیی ، هێندێک لە شاهیدە کوردەکان وەک ستڕاتێژییەکی سیاسی بۆ وتووێژ باسی رێفراندۆمیان کرد بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێڕاق دا هەڵوێستێکی باشتری هەبێ نەک ئەوەی بە پێویستی لێی سەربەخۆ بی . ( بڕگەی١٢)
٣.ئەو کێشە و هەرایانە تەنێ دەکرێ بە دەست ئەوکەسانەی لە هەرێمن چارەسەر بکرین. بەڵام وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە دەبێ پشتیوانی بکا لە بەشداریی سیاسی بە ناوەرۆک و نوێنەرایەتی کوردەکان، هەر وەها بە ڕەسمی ناسینی کولتووری ، مافی یەکسان و دەرفەتی ئابووری بۆ ئەوان ، کە قانوونی بنەڕەتی سەرتاسەری دایگرتوونەتەوە و بە ڕێگای وتووێژەوە دەست کەوتوون وەک ئامرازێک بۆ وەدیهاتنی ئاواتی کوردەکان . ئەوە لە بەرژەوەندی شانشینی یەکگرتوو دا نییە کە گرووپە کوردەکان بە ڕێگای توند و تیژی و زەبر و زەنگ و بە کردەوەی یەک لایەنە بە دووی ئامانجەکانیان دا بگەڕێن ( بڕگەی١٣)
پێشوەچوونەکان لە باکووری عێڕاق و لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق
٤.مەترسییەکی جیدی هەیە کە گرژی نێوان حکوومەتی فێدێراڵی عێڕاق و هەرێمی کوردستانی عیڕاق ( کەی ئار ئای) ، کە بە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی و ڕووداوەکانی دوای ئەو خراپتر بوو ، ببێتە کێشە. ئەو توند و تیژیی و بێ سەباتییە بە زەرەری بەرژەوەندییەکانی شانشینی یەکگرتوویە . بەڵام هێشتاش دەکرێ پێشی لێ بگیرێ. بەڵگەکانی ئێمە دەریانخست کە هەر دوو لا بەرعۆدەیی ئەوە لە خۆیان نیشان دەدەن کە جیاوازییەکانیان بە ڕێگای وتووێژەوە بەلا دا بخەن. بەڵام لە بەر جیاوازی قووڵ چەت لە وتووێژ کەوتووە ، هەر نەبێ لە بەر ئەوەی هەر دوو لا یەکتری تاوانبار دەکەن بە پێشێل کردنی قانوونی بنەڕەتی و هەر دوو لا پێداگری دەکەن لە سەر ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەو دۆکومێنتە. ( بڕگەی ٢٤)
٥.وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە دەورێکی دیپڵۆماتیکی گێڕاوە بۆ حەولدان بۆ پێشگرتن یان چارەسەری کێشە لە نێوان حکوومەتی فێدێڕاڵ و هەرێمی کوردستانی عێڕاق دا ، و دەیەوێ دەورێکی ئاوا درێژە پێ بدا لە داهاتوو دا. لە شاهیدی دانەکەی دا جێگری وەزیر ووشەی " ناوبژی کردنی " وە دوایە داوە و گوتی ئەوە مژارێکی سەروەرییە بۆ عێڕاقییەکان کە جێ بە جێی بکەن. ئێمە لە سەر ئەو قسەیە لەگەڵی رێکین . بەڵام ئاشکرایە هەر دوو لا کەلک وەردەگرن لە هەر جۆرە یارمەتییەک کە شانشینی یەکگرتوو بیکا ، وەزاڕەتی دەرەوە بە هاوکاری لەگەڵ شەریکە ناونەتەوەییەکانی ، دەتوانێ ئامادەیی خۆی نیشان بدا. وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە دەبێ نامە بۆ حکوومەتی عێڕاق بنووسێ و بە ڕەسمی ئامادەیی خۆی ڕابگەیێنێ کە دەیەوێ دەورێکی باڵاتر بگێڕێ بۆ خۆش کردنی زەمینەی دیالۆگ ئەگەر ئەوە بویسترێ. ئەوە پێشنیارێک دەبێ لە لایەن هاوپەیمانێکی دڵپاک و دڵسۆزەوە کە مێژوویەکی درێژی هەیە لە پێوەندیی نزیک و هاوکاری لەگەڵ هەر دوو لا و بەرژەوەندی هاوبەش بۆ پێشگرتن لە کێشە. و وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە هەر وەها دەبێ پشت گرتن و پشتیوانی کۆمەڵگەی ناونەتەوەیی بەرفراونتر دەستەبەر بکا بۆ ئەوەی دەورێکی ئەوتۆ بگێرێ ( بڕگەی ٢٥)


٦.کوردەکانی عێڕاق ڕێفڕاندۆکیان کرد بۆ سەربەخۆیی سەرەڕای دژایەتیی هەموولایەنەی حکوومەتی عێڕاق و کۆمەڵگەی ناونەتەوەیی. ئەوان یەک لایەنە ناوچە جێناکۆکەکانیان خستە ناو ڕێفراندۆم کە هێزە کوردەکان داگیریان کردبوو ، و ئامادە نەبوون ئاکامەکانی ڕێفراندۆم لەو شوێنانە پووچەڵ کەنەوە. ئێمە ستایشی حەولەکانی وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە دەکەین بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەکی بەدیل بۆ بەجێ هێنانی ئاواتەکانی کوردی. بەڵام دەنگی هەرە زۆر بە قازانجی سەربەخۆیی نیشانەی ناهومێدییەکی قووڵ و ناڕەزایەتی لە هەڵکەوتی هەرێمی کوردستانی عێڕاق بوو لە چوارچێوەی عێڕاق دا. ئەو بەرتەنگییانەی کە حکوومەتی عێڕاق لە دوای ڕێفراندۆم ڕایگەیاندووە بمانەوێ و نەمانەوێ لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق وەک سزایەکی تۆڵەسەندنەوەی بەکۆمەڵ دەبیندرێ . ئەو کارانە ، لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی دواتر کە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران دەوریان تێدا بینی ، لەوانەیە تەنێ ببنە هۆی هاندانی کوردەکان بۆ ئەوەی ڕێبازی دوورکەوتنەوە و جوێ بوونەوە وەبەر بگرن تا ئەوەی کە یەکانگیر بن ( بڕگەی ٢٦)
٧. وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە بە دەم پێشنیاری دەربڕینی پشتیوانی خۆی لە حکوومەتی عێڕاق و هەرێمی کوردستانی عێڕاق ، هەر ئاواش دەبێ ئامادە بێ بۆ ڕەخنە لێ گرتنیان هەر کات پێویست بێ. ئەوە دەبێ بەشێک لەو تێکۆشانە بێ نەک بۆ دەستخستنی زەمینەی دیالۆگ لە نێوان ڕێبەران دا، بەڵکوو وەکوو تەعامولێکی پۆزیتیڤ لە نێوان خەڵکی هەر دوو لا دا – تا ئەو جێگایەی کە هەڵبسووڕێ - بۆ ئەوەی بێ باوەڕی دوولایەنە بکرێ بە باوەڕی هاوبەش کە ئەوان گشتیان دەتوانن سوودی لێ وەربگرن وەکوو خەڵکی هەرێمی جیاواز لە ووڵاتێکی یەکگرتوو دا . وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە لە شاهیدی دانەکەیدا بە ئێمەی گوت ، ئەگەرچی بە توانایەکی ئەوان دەتوانن هەموو ئاکامێک پەسند بکەن – لەوانە سەربەخۆیی – کە دواجار بە ڕێگای وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی عێڕاق وەدەست هاتبێ ، بەڵام سەرەتی دانی بریتی یە لەوە کە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێڕاقی یەکگرتوو بمێنێتەوە. بەڵام زۆر لە کوردان هەست دەکەن دە زیندان دا بن لە ووڵاتێک دا کە دەبینن بەرعۆدەییەکانی لە ئاست یەکسانی ئەوان جێ بە جێ ناکا. جا بۆیە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە دەبێ گوشار بهێنێ بۆ ئەوەی ئەو بەرعۆدەییانە جێ بە جێ بکرێن. وەزارەتی دەرەوە دەبێ:
١)گوشار بهێنێ بۆ حکوومەتی عێڕاق کە ئەو بەرتەنگیانەی لە دوای ڕێفراندۆم لە سەر هەرێمی کوردستانی عێڕاقی داناوە وەلابەرێ.
٢)لێکدانەوەی خۆی ڕابگەیێنێ سەبارەت بە دەوری میلیشیا شیعەکان بە وەدەستخستنەوەی ناوچە جێ ناکۆکەکان ، و ئایا ئەو گوزارشانەی سەبارەت بەو تاوانکاریانەی کە ئەو میلیشیایانە کردوویانە جێی باوەڕن.
٣)لێکدانەوەی خۆی ڕابگەینێ سەبارەت بە ئاستی پشتیوانی ئێران لەو میلیشیایانە ، یان کۆنتڕۆڵ کردنیان لە لایەن ئێرانەوە.
٤)ئەوە شی بکاتەوە تا چ ڕادەیەک ئاگای لە یەک) گەندەڵی هەیە و بێ) لە پاوان کردنی هێز یان بەرتەنگ کردنی دێمۆکڕاسی لە هەرێمی کوردستان دا ، و ئەوەی کە وەزاڕەتی دەرەوە لە ووڵامی ئەوانە دا چ هەنگاوێک هەڵدەگرێ. گەندەڵی گیرو گرفتێکی جیدی یە بە گشتی لە عێڕاق و مەترسی چەت تێخستن لە ئاوەدان کردنەوەی ووڵات دەهێنێتە گۆڕێ.
٥) یارمەتی بکا و خەڵکی دیش هان بدا بۆ دامەزراندنی خولی توانایی ساز کردن و پەروەردە بۆ سیاسەت دارێژان لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق و جێگای دی بۆ هەبوونی توانایی زیاتر بۆ ئەنجامدانی ڕێفۆرمی سیاسی و رێفۆرمی ئابووری و جۆراوجۆرایەتی . ( بڕگەی ٢٧)
پێشوەچوونەکانی باکووری سووریا
٨.ئەگەر چی شانشینی یەکگرتوو دەڵێ هیچ چەکی نەداوە بە هیچ گرووپێکی سوریایی، بەڵام هێرشی هەوایی ئەنجام داوە بۆ پشتیوانی لە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ( قەسەدە). قەسەدە جگە لە یەپەگە بریتی یە لە یەکینەی دیکە ، بەڵام بەڵگەی ئێمە نیشان دەدا – و وا وێدەچێ وەزاڕەتی دەرەوە لەگەڵ ئەوە ڕێک بێ - کە یەپەگە بەشی هەرە گرینگی ئەو ئیتیلافەی قەسەدەیە . بە لە بەرچاو گرتنی دەوری سەرەکی یەپەگە لە قەسەدە دا ، پشتیوانی نیزامی شانشینی یەکگرتوو لە قەسەدە لەوانەیە یارمەتیی دابێ بە یەپەگە . وەزاڕەتی دەرەوە دەبێ :
١)لێکدانەوەیەک بەدەستەوە بدا ئایا یەپەگە لەو هێرشە هەواییانەی شانشینی یەکگرتوو کەلکی وەرگرتووە.
٢)سیاسەتی داهاتووی خۆی شی بکاتەوە سەبارەت بە یەپەگە و قەسەدە لە گشت ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنتڕۆلیان دایە، هەر وەها ئەوەش کە داخودا شانشینی یەکگرتوو بەردەوام دەبێ لە دانی پشتیوانی نیزامی یان وەکوو دی بە بە قەسەدە لە دوای تێکشکانی داعش.
٣)هەڵوێستی خۆی شی کاتەوە سەبارەت بە موداخەلەی نیزامی تورکیا لە عەفرین لە باکوور و ناوچەکانی دیکەی باکووری سووریا. ( بڕگەی ٣٨)


٩.حکوومەتی تورکیا پەیەدە/ یەپەگە بە بەشێک و بەدرێژەی پارتییا کارکەرێن کوردستان ( پ ک ک ) دەزانێ، و بۆیە پێی وایە ئەوە ڕێکخستنێکی تێرۆریست ە . شانشینی یەکگرتوو پ ک ک وەک ڕێکخستنێکی تیڕۆریست بەناو دەکا ، بەڵام پەیەدە / یەپەگە ئاوا ناناسێ. پ ک ک و پەیەدە / یەپەگە لە چوار چێوەی جیاواز دا هەڵدەسووڕێن ، بەڵام بەڵگەی لێکۆڵینەوەی ئێمە بە ڕوونی دەری دەخا ئەوان پێوەندییان بە یەکەوە هەیە. لە گەڵ ئەوەشدا موناقەشە هەیە سەبارەت بە ئەوەی داخوادا ئەو پێوەندییانە ئینتیزاعی و مێژوویین ، یان قووڵ و هەنووکەیین . ( بڕگەی ٣٩)
١٠)ڕوانگەی وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە سەبارەت بە ئاستی ئەو پێوەندییانەی نێوان پەیەدە/یەپەگە و پ ک ک ، یا ئەوەی کە داخودا پێوەندی ئەوتۆ هەر هەن یان نا ، ڕێک و تەواو نییە. ئاماژەی چەند پات بووەوەی کە سەبارەت بەو پێوەندیانە ’گوزارش' هاتووە نە کافییە و نە جێی باوەرییە. وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە بۆ ئەوەی سیاسەتێکی ڕوونی هەبێ دەبێ لەو بارەیەوە ڕوانگەیەکی ڕوونی هەبێ. بە لە بەرچاو گرتنی نفووزی ئەو گرووپە لە سووریا وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە دەبێ هەڵوێستی خۆی ڕوون بکاتەوە سەبارەت بە پێوەندی پەیەدە/ یەپەگە و پ ک ک . وەزاڕەتی دەرەوە دەبێ:
١) بە تایبەتی ووڵام بداتەوە کە ئایا هیچ پێوەندییەک لە نێوان پەیەدە / یەپەگە و پ ک ک دا دەبینێ یان پێی وایە ئەو پێوەندیانە ئینتیزاعی و مێژوویین ( وەکوو میراتی هاوبەش یان ئیدێئۆلۆژی یان ئیلهامی هاوبەش) یان پێوەندییەکی قووڵ و هەنووکەیی دەبینێ ( وەکوو ڕێکخستنی هاوبەش ، یان ئاڵوگۆڕی چەک ، پێرسونێل، دارایی ، ڕا‌هێنان و شوێنی هێمن )
٢)ووڵام بداتەوە داخوادا مەترسی ئەوە دەبینێ لە داهاتوو دا پەیەدە / یەپەگە پشتیوانی لە پ ک ک بکەن.
٣)ئەوە شی بکاتەوە ، کە ساڵێک لەوە پێش ئەوەی وەدوا دەداوە مەترسی تێکهەڵچوون هەبێ لە نێوان یەپەگە و تورکیا دا ، چ هەلسەنگاندنێکی پێشتری کردووە سەبارەت بە کاردانەوەی پشتیوانی لە قەسەدە لە لایەن ئیتیلافی ناونەتەوەییەوە لە سەر بارو دۆخی هێمنی ، لە پێوەندیی لەگەڵ تورکیا کە هاوپەیمانی شانشینی یەکگرتوویە لە ناتۆ دا.
١١.مەترسییەکی گەورە هەیە پەرەسەندنی پەیەدە / یەپەگە ببێتە هۆی کێشەیەکی نوێ لە هەرێم دا. تورکیا بە نەغدەن دەستی کردووە بە کردەوەی نیزامی بە دژی ئەو گرووپە. حکوومەتی سووریا هەڕەشەی کردووە هەمان شت بکا. بەڵام پەیەدە/ یەپەگە بە هیچ شێوەیەک نەخراونەتە ناو موزاکەراتی ژێنێڤ ، کە شانشینی یەکگرتوو پشتیوانی لێ دەکا وەکوو تاکە ڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی شەڕی ناوخۆیی سووریا و بڕیار دان لە سەر دیاریکردنی داهاتووی ئەو ووڵاتە . نەبوونی ئەوان لەو موزاکەراتە دا جێی سەرنجە، بە لەبەر چاوگرتنی دەستەڵات و نفووزی پەیەدە/یەپەگە لە ڕووی کۆنتڕۆڵی خاک و نفووزی نیزامی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ، ڕادەی مەشڕووعییەتی بەرچاوی جەماوەری وی کە بەدەرەوەیە، و هەر وەها ئیدیعای ئەو ڕێکخستنە بۆ پشتیوانی لە نرخە دێمۆکڕاتیکەکان . وەزاڕەتی دەرەوە دەبێ ڕوونی کاتەوە:
١)ئایا، بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەی بریاری ئەوەی کە کێ بانگ بکرێ بۆ ژێنێڤ دواجار نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا ستافان دێ میستورا دەیدا ، وەزاڕەتی دەرەوە بە باشی دەبینێ ، کە یان یەکلایانە یان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە کۆمەڵگەی ناونەتەوەیی دا ، بە ڕێزدار دێ میستورا بڵێ پەیەدە/ یەپە بخاتە ناو بەشدارانی موزاکەراتی ژێنێڤ بۆ ئەوەی پێش بە شەڕ لە داهاتوو دا بگیرێ و دەستەبەری بکرێ کە لە موزاکەرات دا نوێنەرایەتی دانیشتوانی باکووری سووریا هەبن.
٢) ئایا تورکیا لە ڕووی دیپڵۆماتیکەوە پێش بە لەگەڵ خستنی پەیەدە/ یەپەگە لە موزاکەرات دا دەگرێ)
٣)وەزارەتی دەرەوە لە چ ئاست دا پێوەندی هەبووە لەگەڵ ئیدارەی فێعلی ناوچەیی باکووری سووریا ، یان ئەگەر نەیبووە دەیەوێ هەیبی. ( بڕگەی ٤١)

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی 








No comments: