Sunday, February 18, 2018

سەبارەت بە سەردانی قازیی محەمەد لە تاران و دیداری لەگەڵ شا کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٢٣ هەتاوی / ژانڤییە و فێڤرییەی ١٩٤٥

لە ڕاستەوە محەمەد ڕەزا شا پەهلەوی، سەرلەشکر پوور زەند وەزیری شەڕ، ئەبولقاسم سەدرقازی (نوێنەری مەهاباد و دەورو بەری لە خولی چواردەهەمی مەجلیسی ئێران ) ، قازیی محەمەد و مام عەزیز مامەش ( یان عەبدوڵا ئاغای مەنگوڕ) ئەو وێنەیە لە یەکێک لە دوو دیدارەکانی قازیی محەمەد و شا لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٢٣ی هەتاوی [ ١٩٤٥] لە تاران هەڵگیراوە.
سەرچاوە: ئینترنێت


سەبارەت بە سەردانی قازیی محەمەد لە تاران و دیداری لەگەڵ شا کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٢٣ هەتاوی [ ژانڤییە و فێڤرییەی  ١٩٤٥] 
حەسەن قازی
بە پێی ڕاپۆرتی جێگری کۆنسوولی سۆڤیەت لە تەورێز قازیی محەمەد لە ٢٠ی فێڤرییەی ١٩٤٥ لە تەورێز چاوی پێی کەوتووە و هەر لەو ڕاپۆرتە دا هاتووە ئەو نزیکەی چوار مانگ لە تاران بووە واتە لە نۆڤامبری ١٩٤٤ تا کۆتاییەکانی ڤێڤرییەی ١٩٤٥ [ حەوتووی یەکەمی ئابان ( خەزەڵوەر) ی ١٣٢٣ ی هەتاوی  تا کۆتاییەکانی بەهمەن ( ڕێبەندان)ی ١٣٢٣ی هەتاوی] چوار ڕۆژ بەر لە دیداری قازی و جێگری کۆنسوولی شوورەوی لە تەورێز واتە لە ٢٦ ی ڕێبەندانی ١٣٢٣ ( ١٥ فێڤرییەی ١٩٤٥) شاربانی مەهاباد گیراوە و  بە پێی نووسراوەیەکی ڕۆژنامەی کووهستان ژمارەی ٢ ، دووشەمە ١٤ی ڕەشەمەی ١٣٢٣ [ ٥ ی مارسی ١٩٤٥] ، " بە پێی هێندێک ڕاپۆرتی کە کار بەدەستە نیزامییەکان ناردبوویان و بووە هۆی سەردانی ئاغای فەهیمی [ وەزیری ڕاوێژ لە مەهاباد] ئاغای قازیی محەمەد و هێندێک لە سەرۆک عەشیرەتەکان کە مەئمووری  پاراستنی ئاسایشی شاری مەهاباد بوون بانگ کران بۆ تاران و لەکاتی بوونی ئەوان لە تاران و مانەوەیان لە مەرکەز بوو کە ئەو ڕووداوە قەوما .....، هەر کە خەبەری ئەو ڕووداوە دەگاتە تارانێ دەوڵەت دەستبەجێ ئاغای قازیی محەمەد ڕادەسپێرێ بگەڕێتەوە مەهاباد بۆ ئەوەی پێش بە دووپاتە بوونەوەی ڕوداوی ئاوا بگیرێ."
ناوی دوو کەس لەو سەرۆک عەشیرەتانەی کە ئەو ماوەیە لە تاران لەگەڵ قازیی محەمەد بوون ڕوون بووەتەوە یەکیان مام عەزیز مامەش ( کوڕی ئەمیرولعەشاییری مامەش قەرنی ئاغا) و ئەویدیکەیان عەبدوڵا ئاغای مەنگوڕ ( بایەزیدی) یەکێک لە سەرۆکانی مەنگور بووە . ئەو وێنەیەش کە قازیی محەمەد و سەدر قازی لەگەڵ شا نیشان نەدەدا  کەسەکەی دیکە یا دەبێ عەوڵاغای مەنگور یان مام عەزیز بێ . قازیی محەمەد لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ جێگری کۆنسوولی سۆڤیەت لە تەورێز باسی هەر دوو دیدارەکەی لەگەڵ شا دەکا.

لە ڕاپۆرتێک دا کە ' ن.گ. قوڵیێف ' جێگری سەر کۆنسوولی یەکێتی سۆڤییەت لە تەورێز لە ٣-ی مارسی ١٩٤٥ بە ژمارەی ١٠٤ لەمەڕ دیداری لەگەڵ  قازیی محەمەد بۆ وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی سوڤییەتی ناردووە دەخوێنینەوە:

 "ڕاپۆرتی ڕۆژی ٢٠ ی شوباتی ١٩٤٥ ی وتووێژی جێگری کۆنسووڵی گەورەی یەکێتیی سۆڤیەت لە تەورێز" قوڵییف ن. گ " لەگەڵ سەرکردەی بە ناوبانگی کورد قازی محەمەد دا
 ٣/٣/ ١٩٤٥ ، ژمارە ١٠٤
٢٠ ی شوباتی ئەمساڵ قازیی محەمەد سەرکردەی بەناوبانگی کورد و دانیشتووی شاری مەهاباد، لەگەڕانەوەیدا لە تارانەوە بۆ مەهاباد، سەری لە کۆنسوولخانەی ئێمە دا. قازیی محەمەد کە لەگەڵ سەرکردەکانی تری کورد دا لە لایەن " ساعید"ی سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئێرانەوە داوەت کرا بوو، بە هەموویەوە نزیکەی چوارمانگ لەتاران بووە. لە سەر ئەم گەشتەی و ئەو وتووێژانەی کە لەگەڵ ڕێبەرانی دەوڵەتی ئێران، هەر وەها شا هەیانبووە، بەم چەشنەی خوارەوە بۆی گێڕامەوە.
" بە گەیشتنمان بە تاران، ئێمە یەکەم جار چاوپێکەوتنمان لەگەڵ سەرۆک وەزیران " ساعید ' دا هەبوو. وتو وێژ لە گەڵ وی زۆر درێژی نەخایاند، ساعید زۆرتر پرسیار و سەرنجی لە سەر دەنگوباسی جۆراجۆری سەبارەت بە نیازی کوردەکان بۆ دروستکردنی کوردستانێکی سەربەخۆ هەبوو . بەڵگەی سەلماندنیشی، نەناساندنی دەسەڵاتدارانی خۆ جێی ئێران بوو لە لایەن کوردەکانەوە. بۆ وێنە، باسی ڕووداوێکی کرد لە مەهاباد ؛ ژەنەڕاڵێکی ئێرانی"هووشمەند" ناو کە ڕۆیشتبوە ئەوێ کوردەکان دەریان کرد بوو. من بە نۆرەی خۆم ئەم هەواڵانەی ساعیدم بە درۆ خستەوە و سەرنجیم بۆ ئەوە  ڕاکێشا کە دەوڵەتی ئێران هیچ بایەخێک بە گیرو گرفتی تەندروستی و پەروەردە نادات. ئەمەش دەبێتە هۆی ناڕەزایی لەلایەن خێڵەکانی کوردەوە. دوای ئەوە، بڕیارمان داوە لە چاوپێکەوتنی داهاتوو دا بە ووردی لەم بارەیەوە بدوێین. پاشان لێک جیا بووینەوە. هاوڕێکانم داوایان لە ساعید کرد کێشەی پارە دان بۆ ڕاگرتنی ژاندارمریی لە کورد پێکهاتوو چارەسەر بکات. ساعید بەڵێنی جێبەجێکردنی ئەو داواکاریەی دا. دوای چەند ڕۆژێک ، لەگەڵ هاوڕێکانمدا پێکەوە،
لە ڕۆژی پێشکەشکردنی نیشاندان بە ئەفسەرانی ئێران، بە شا ناسێندراین . کاتێ شا خەڵاتەکانی دا بە ئەفسەرەکان ، بە شێوەیەکی تایبەتی ڕووی لە ئێمە کرد  و دەستی بۆ ئەفسەرە ئێرانییەکان ڕاکێشا و گوتی: " ئەم ئەفسەرانە برای ئێوەن لێیان نزیک ببنەوە پێکەوە خزمەتی ووڵات بکەن ". منیش بەم چەشنەی خوارەوە ووڵامی شام دایەوە: " بە پێی هەم باوەڕی ئایینی ئێمە سوننی مەزهەب و هەم یاسای ئایینیمان، خەڵک دەبێ خزمەتکاری شای خۆی بێ، ئێمە بە پێی یاسای ئایینی خۆمان هەموو کاتێک وەفادار و سەر بە شاهەنشای خاوەنشکۆ بووین ".
دوای ئەوە شا ڕووی لە ساعید کرد و فەرمانێکی تایبەتی دا کە لەگەڵ هەموو سەرکردەکانی کورد دا سەبارەت بە پێویستییەکانیان وتووێژ بکات و هەموو هەنگاوێک بۆ بەجێگەیاندنی ئەو پێویستی و داخوازیانە هەڵبگیردرێ.
چەند ڕۆژێک پاش چاوپێکەوتن لەگەڵ شا دا، کابینەی ساعید کەوت و بەم چەشنە نەمانتوانی بۆ جاری دووەم چاومان پێی بکەوێتەوە. ئەو ماوەیەی کە لە تاران بووم، من بە تەنیا و لەگەڵ هاوڕێکانمدا پێکەوە چەند جارێک لەگەڵ " ڕەزم ئارا" ی سەرۆکی ستادی گشتیی سوپای ئێران چاوپێکەوتنمان هەبوە. ڕەزم ئاڕا لە وتووێژێکی خۆیدا بە ئێمەی گوت: " ووڵاتی ئێمە لە کاتێکی هەرە دژوار دا دەژی. لەم ڕۆژە دژوارانە دا ئەرکی هەر ئێرانییەکی خاوێنە  کە دژی هەموو چەشنە خیانەتکارێک ڕاوەستێ و دەرفەتی ئەوە نەدەن دەسەڵاتدارانی دەرەوە کەڵک لە بێ هێزیی ئێمە و باری ناخۆش ووڵات وەربگرن".
ڕەزم ئاڕا لە وتووێژیدا لەگەڵ ئێمە ، بەڵێنی دا لە کاتێکی نزیکدا ژەنەڕاڵ " هووشمەندی ئەفشار " ی فەرماندەی لەشکری سنە لە کار بخات. بەڵام پاشان، وەک دەرکەوت ، ڕەزم ئارا سیاسەتێکی دوو ڕوویانەی لەگەڵ ئێمە دا بردە سەر ؛ یەکەم ئەو نە تەنیا هووشمەندی لە فەرماندەیی لەشکر لە کار نەخست ، بەڵکوو بە پێچەوانەوە هەڵیان بژارد بۆ نیشانە وەرگرتن و دوای چەند ڕۆژێک هووشمەند بە بۆنەی چالاکیی سەرکەوتووانەی لە دژی حەمە ڕەشید خان لە ناوچەی سەقز لە لایەن شاوە نیشانی پێ خەڵات کرا. جگە لەوە ، ڕەزم ئارا لە تاران دەیویست دووبەرەکی لە نێوان من هاوڕێکانمدا بنێتەوە، پێشنیاری بە هاوڕێکانم کرد بوو لە ڕێگەی سنەوە ( نەک تەورێز ) بگەڕێینەوە مەهاباد، تا لە سنە هاوکاریی زەنەڕاڵ هووشمەند بکەن. بەم چەشنە دەیویست دووبەرەکیی نێوان من و هاوڕێکانم پیشان بدات. بەڵام هاوڕێکانم پێشنیاری ڕەزم ئارایان پەسند نەکرد بوو.
کاتێک چوومە لای ' زەند ' وەزیری جەنگ، لە دەمی وتوێژ دا ڕەزم ئارا هاتە ژوورێ، من بە گوێرەی پێویست ئەوەندە گوێم نەدایە. ئەمجا زەند هەستا و ڕەزم ئاڕای پێ ناساندم و بە چاوێکی سەیرەوە پرسیی: " ئێوە یەکتر ناناسێن "؟  من لە وەڵام دا گوتم لە مێژە ڕەزم ئارا دەناسم و چەند جار چاوپێکەوتنم لەگەڵیدا هەبوە و ڕێزی لێ دەگرم، بەڵام نازانم بۆچی ئەو لەگەڵ مندا بێ مەیل و بێ ڕێزە. ڕەزم ئاڕا یەکسەر تێ گەیشت مەبەست لە بێ ئەنجامیی هەوڵدانی ئەوە کە دەیەوێ دووبەرەکی بخاتە نێوان من و هاوڕێکانمەوە، بەڵام سەری نەگرتووە. لە بەر چاوی زەند نەیدەویست وا پیشان بدات کە لەمن تێ نەگەیشتووە بۆ ڕۆژی دوایی بە شێوەیەکی ماقووڵانە چاوپێکەوتنی لە ژوورەکەی خۆی دیاری کرد.
دوای ڕۆیشتنی ڕەزم ئارا ، زەند پرسیاری لە من کرد و گوتی: چ دەنگوباسێک لە مەڕ سەربەخۆیی کوردستان هەیە و ئەو ڕۆژنامەیە چییە کە بە نهێنی لە کوردستان دەر دەچێ و بیروڕای سەربەخۆیی بۆ کوردان بڵاو دەکاتەوە؟ بۆچی سەرکردەکانی کورد دان بە دەسەڵاتی سوپای ئێراندا نانێن ؟ بۆ وێنەش دەرکردنەکەی هووشمەندی لە مەهاباد هێنایەوە. منیش وەڵامم دایەوە کە ئێمە دژی دەسەڵاتی سوپای ئێران نین، ئەوە دەسەڵاتی سوپای ئێرانن  هەڕەشەی جۆراوجۆر لە کورد دەکەن. بۆ وێنە، ژەنەڕاڵ هووشمەند لە یەکێک لە قسەکانی خۆیدا لە سنە، بە ئاشکرا ڕای گەیاندبوو کە چیتر خۆی بە ژەنەڕاڵ هووشمەند ناو نابات ، تا ئەو کاتەی تۆڵەی خۆی لە کوردە مەهابادیەکان بە ڕووخان و کاولکردنی مەهاباد دەکاتەوە. ئەمجا بە زەندم ڕاگەیاند کە کوردەکان نەخوێندەوارن و لە باری کولتوورییەوە دوا کەوتوون . راست نییە ئەگەر کوردەکان لە ڕێگای هەڕەشەوە پەروەردە بکرێن و بە هەڕەشەی ڕووخاندنی شارەکانیان ناچار بکرێن گوێڕایەڵ و ملکەچ بن . ئەگەر دەتانەوێ کوردەکان گوێتان بۆ بگرن و بە پاکی خزمەتی ووڵات بکەن، دەبێ دەوڵەت  زۆرتر لە باری لەش ساغییەوە سەرنج و بایەخیان پێ بدا، چوونە ناویان و ئاشنا بوون لەگەڵیاندا لەوە باشترە کە تانک لە دژیان بە کار بێنن. لە وەڵامی ئەمە دا، زەند گوتی: ئێران ووڵاتێکی هەژارە و توانای نییە قوتابخانە لە هەموو ناوچەکان بکاتەوە، بەڵام هەموو هەنگاوێک بۆ یارمەتیدانی ئەوان لەم بارەوە بە کار دێنێ.
ڕۆژی دواتر، بە بانگهێشتنی ڕەزم ئاڕا، من و سەدری قازی برام، نوێنەری مەجلیس، چووینە لای ڕەزم ئاڕا ، گوتی گوایە ئێمەی کورد وەک نیشتمانپەروەرێکی ڕاستەقینە ناجووڵێینەوە  و ئیش بۆ بەرژەوەندی بێگانەکان دەکەین. منیش بەم چەشنەی خوارەوە وەڵامم دایەوە.
" من موسڵمانم و دەتوانم بیسەلمێنم پێشینانمان و من ئێرانی بووین و لە ئێراندا لە دایک بووین، کەس ناتوانێ شک لەئێرانی بوونی ئێمە بکات. بەڵام ئەگەر ئێوە ، بە پێی ووتەی هووشمەند، ئێمەی کورد بە خۆ فرۆش دەزانن ، داوا دەکەم بیسەلمێنن. هووشمەند بە چی دەتوانێ ئێرانی بوونی ڕاستەقینەی خۆی بسەلمێنێ . ئێمە گومان لە ئێرانی بوون و  لە کەسێتیی ئەو دەکەین.
دوای ئەوە، گوتم ماوەیەک لەمەو بەر لە ڕۆژنامەی " کەیهان " دا نووسرا بوو: گوایە من وتووێژم لە گەڵ حەمە ڕەشید خان دا کردووە سەبارەت بە جیا کردنەوەی  کوردستان لە ئێران و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان. من بە تەواوی ئەم هەواڵە درۆزنەی ڕۆژنامە بەرپەرچ دەدەمەوە و داوا دەکەم یا دەبێ ئەم ڕۆژنامەیە نووسراوی ناوبراو بسەلمێنێ، یان دەبێ سەرنووسەرەکەی بەرپرسی دادگا بێ . بە گشتی، دوای وتووێژێکی دوور و درێژ لەگەڵ ڕەزم ئاڕا دا لە کۆتاییدا دیسان ئامۆژگاری منی کرد و گوتی:  دەبێ ئێمە لەگەڵ کاربەدەستانی سوپاییدا بە ئاشتی بژین و مافی کەرتەکانی سوپایی پێشێل نەکەین و نابێ کەس پێشگیری لە کاربەدەستانی سوپایی بکات سەبارەت بە وەی کە کوێیان پێ خۆشە و دەتوانن بۆ کوێ بڕۆن و لە کوێ کەرتەکانی خۆیان جێگیر کەن.
من بۆ جاری دووەم لە تاران دیدارم لە گەڵ شا دا کرد . ئەمجارە ئەو بە ووردی وتووێژی لەگەڵدا کردم و سەبارەت بە ڕووداوەکانی کوردستان و بیروڕای کوردان و جیا کردنەوەی کوردستان لە ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان پرسیاری کرد.  دوای ئەوە، ئامۆژگاریی کردم لە کاربەدەستانی سوپایی نزیک ببمەوە و گوێڕایەڵی ئامۆژگارییەکانیان بم و پەیوەندیەکانی دوو لایەنەیان لە گەڵدا تێک نەدەم. لە وەڵامیدا گوتم: ئێمە بەڕێزەوە سەیری کاربەدەستانی سوپای ئێران دەکەین، بەڵام تەنیا لەگەڵ هووشمەند دا کە سیاسەتێکی ناڕاستی بەرامبەر بە کوردان گرتۆتە بەر، پێک نایەین و لێک ناڕازین. لە درێژەی وتووێژەکاندا لە سەر پەروەردە و بارهێنانی کوردستان و لەش ساغی بە شام گوت و داوام لێ کرد بە زووترین کات لە فۆند (سندووق) ی خاچی سوور بۆ کاری لەش ساغی یارمەتیمان بدرێ. گەرچی شا بەڵێنی دا لە ڕێگەی خاچی سوورەوە یارمەتیمان بدات، بەڵام ئەم بەڵێنەش پاشان جێبەجێ نەکرا.
کاتی سەردانم بۆ تاران، زۆر جار لەگەڵ " فەهیمی " وەزیری ڕاوێژکار چاوپێکەوتنم هەبوە. ئەو پشتیوانیی لە کوردان کردووە لە مەجلیسی ئێراندا و کاربەدەستانی سوپایی ئێرانی بە تاوانبار داناوە کە شتی خراپیان زۆر کردووە و کاتی شەڕ کردنیان دژی حەمە ڕەشید خان وێرانکارییەکی زۆریان ناوەتەوە. کاتێک لە تاران بووم، جارێک لەگەڵ " بەیات " ی سەرۆک وەزیرانی ئێستا چاوپێکەوتنم هەبوو، بەڵام دوور و درێژ نەبوو. ئەو ئامۆژگاریی ئەوەی کرد کە لە بەر بەرژەوەندی ووڵات و پاراستنی یەکپارچەیی و سەربەخۆیی ئێران، نابێ دەرفەتی هێندێ کەس بۆ جیابوونەوە و ئاژاوە نانەوە لە ناو کورداندا بدرێ. لە ئەنجامی چاوپێکەوتنی نوێنەرانی سوپایی و کاربەدەستانی تری دەوڵەتی ناوەندیدا توانیومە ئەم پرسیارانەی خوارەوە چارەسەر بکەم:
١-لابردنی فەرمانداری سوپایی مەهاباد و دانانی کابرایەکی " سەریعولقەلەم " ناو کە سوپایی نییە لە جێگای ئەو. ئەم کابرایە، وەک کاربەدەستێکی دەوڵەتی، هیچ نییە و بێ دەسەڵاتە ؛ لە ڕابردوو دا وەک فەرمانداری مەهاباد ئیشی کردووە و زۆر بێ  لایەن و بە گشتی مرۆڤێکی چالاک نییە، تریاک دەکێشێ. ئێمەی کورد مرۆڤێکی وەک "سەریعولقەلەم " مان  دەوێ، کە بە پێی ئەو توانایەی هەیەتی، نەتوانێ پیلانی سیاسی بنێتەوە.
٢-من توانیم مەهاباد لە باری بەشی پەروەردە و بارهێنانەوە ڕاستەوخۆ بە تارانەوە ببەستمەوە، لەوێشەوە لە ڕێگەی پەروەردە و بارهێنانەوە بودجەی بۆ وەربگیرێ. بە داوای من، سەرۆکی پەروەردە و بارهێنان کابرایەکی کوردی   "محەمەدی موکری" ناوی دیاری کرد. ناوبراو لە تاران دەژی و خوێندنی بەرزی تەواو کردووە.
٣-بە داوای من ، بەڵێنیان دا کۆمیسیۆنێکی تایبەتی لەش ساغی بۆ چاودێری و چارەسەر کردنی دانیشتووانی کورد بنێردرێتە کوردستان. هەر وەها دوکتورێکی زیادە دەنێرن، تا هەمیشە لەوێ بمێنێتەوە.
لە تاران، سەرەڕای هەوڵدانی زۆری من ، دەسەڵاتدارانی ناوەندی ئامادە نەبوون کارێک بکەن مەهاباد ڕاستەوخۆ سەر بە تاران بێ. من تەنیا توانیم لە ڕووی پەروەردە و بارهێنانەوە مەهاباد ڕاستەوخۆ بە وەزاڕەتی پەروەردە و بارهێنانەوە ببەستمەوە.
ئێمەی کورد لە باری سیاسی و ئابوورییەوە قازانجمانە ببینە ناوچەیەکی سەربەخۆ و ڕاستەوخۆ  سەر بە تاران بین ، نامانەوێ سەر بە ئوستانی چوار بین . لە تاران چوومە باڵوێزخانەی سۆڤیەت و لەگەڵ باڵوێزدا وتوێژم کرد و ئەم داوایانەی خوارەوەم خستە بەر دەم:
١-ڕێکخستنی بەشی کۆمەڵەی پەیوەندیەکانی کولتووریی سۆڤیەت لە گەڵ ئێراندا لە شاری مەهاباد
٢-کردنەوەی خولی فێربوونی زمانی ڕووسی
٣-بوار بدرێ بۆ بەهێز کردنی پەیوەندیەکانی بازرگانی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەتدا ، بۆ فرۆشتنی بەرهەمی پیشەسازی سۆڤیەت لە مەهاباد،  هەر وەها ڕێکخستنی کڕینی کەلوپەلی ئێمە لە لایەن ڕێکخراوە بازرگانیەکانی سۆڤیەتەوە ڕاستەوخۆ پێک بێنن.
٤-تیپۆگڕافێک بدرێ بە ئێمە،
باڵوێز بەڵێنی دا بە گوێرەی توانا یارمەتیمان بدات بۆ بەدیهێنانی ئەو داوخوازیانەی سەرەوە.

قوڵییف
جێگری سەرکونسوولی یەکێتیی سۆڤیەت لە تەورێز *

*ئارشیڤی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیای فێدێراڵ، ف ٠٩٤، ئپ ٣١ ، د ٦٤ ، پ
a ٣٥٣ ، ل ١٢٩ – ١٣٣  "
تێبینی: ئەو نامەیە لە کتێبی " ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی دووەم جەنگی جیهانیدا ( بە پێی بەڵگەنامەکانی ئەرشیڤی یەکێتیی سۆڤیەت) ، وەرگێڕان و شرۆڤەی دوکتور ئەفراسیاو هەورامی ، بنکەی ژین، سلێمانی ٢٠٠٨، ل ١٥٠-١٥٧ " وەرگیراوە، بەڵام پەراوێزەکانی وەرگێر لە سەر ئەو ڕاپۆرتە ڕانەگوێزراونەتە ئێرە. 

No comments: