Wednesday, February 21, 2018

باسی عەفرین ، کوردستان لە پارڵمانی بریتانیا ( هاوس ئاف کامنس) دوای نیوەڕۆی سێشەمە ٢٠ ی شوباتی ٢٠١٨

باسی عەفرین ، کوردستان لە پارڵمانی بریتانیا ( هاوس ئاف کامنس)
دوای نیوەڕۆی سێشەمە ٢٠ ی شوباتی ٢٠١٨
سەرۆکی پارڵمان جان بێرکۆ:  پرسیار لە وەزیری کاروباری دەرەوە بۆریس جانسن ( پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ)، فەرموو بەڕێز گراهام مۆریس

گراهام مۆریس ( پارتیی کڕێکار ) : پرسیاری ژمارە ١ سەرۆکی پارڵمان
سەرۆکی پارڵمان: وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە،
سێر ئالن دانکن

سێر ئالن دانکن: سەرۆکی پارڵمان، وەزیری کاروباری دەرەوە  لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا چاوشئۆغلو قسەی کردووە سەبارەت بە عەمەلیاتی عەفرین. ئێمە داوامان کرد کێشەکە کەمتر بکرێتەوە لە پێناو پاراستنی خەڵکی مەدەنی ، لەکاتێکدا کە بەرژەوەندی مەشڕووعی تورکیا  بە ڕەسمی دەناسین سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەکانی. و ئەوە وەک بەرژەوەندیی هاوبەشی ئێمە دەمێنێتەوە کە بتوانین چارەسەرێکی سیاسی بۆ سووریا بدۆزینەوە.
سەرۆکی پارڵمان، فەرموو گراهام مۆریس

گراهام مۆریس: سپاس وەزیر بۆ ووڵامەکەت. ئایا وەزیری کاروباری دەرەوە پێی لێ دەنێ ئەوئیدارەیەی لە ژێر سەرۆکایەتی کوردان دا لە عەفرین هەیە سیستمێکی سیکولار و دێمۆکڕاتیکی دامەزراندووە، و لەگەڵ کۆمەڵگەی ناونەتەوەویی لە نزیکەوە هاوکاری کردووە بۆ تێکشکاندن و تێکەوەبردنی داعش لەو دواییانە دا لە ڕەقا . و ئایا ئەوە قەبووڵ دەکا کۆمەڵگەی ناونەتەوەیی سپاس و پێزانییەکی گەورە قەرزدارە بە کوردەکان؟ و ئایا ئەو حەولەکانی زیاتر دەکا بۆ کۆتاییدان بە خوێنڕێژیی لە عەفرین؟
سەرۆکی پاڕلمان : وەزیری دەرەوە
سێر ئالن دانکن ( وەزیری دەولەت بۆ کارو باری ئوڕووپا): ئەمن لەوەی بەڕێز دەیڵێ تێدەگەم بەڵام ئێمە دەبێ هەروەها ڕێز لە بەرژەوەندییە ئاسایشییە مەشڕووعەکانی تورکیاش بگرین لە سووریا و ئەوان پێیان وایە دەست پێکردنی عەمەلییاتی "لقی زەیتوون" لە مانگی ژانڤییە دا لە ووڵامی ئەو هێرشانەدایە کە لە ناوچەی عەفرینەوە پێیان کراوە و ئەوان لەو باوەڕەدان عەمەلیاتەکەیان تەواو بە پێی ستانداردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
سەرۆکی پاڕڵمان: فەرموو دوکتور جوولیان لوویس
جوولیان لوویس ( پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ): کاتێک ئێمە داوخوازی لەگەڵ هاپەیمانی ناو ناتۆمان تورکیا دەهێنینە گوڕێ، ئایا دەکرێ سەبارەت بە بارودۆخی بە هەزاران ڕۆژنامەوان و کەسی دیکەش داوخوازییان لێ بکەن کە ئێستا بە دەستی حکوومەتی تورکیا زیندانی کراون؟
ئالن دانکن: ئەمن دۆستی ڕێزداری خۆم دڵنیا دەکەم ئێمە ئەوە دەکەین و ئەوە لەهەموو دیدارەکانماندا دەکەین لە هەموو ئاستەکاندا لەگەڵ هاوتا تورکەکانمان دا.
سەرۆکی پاڕڵمان : فەرموو خانمی جۆن ڕایان
جۆن ڕایان ( پارتیی کرێکار) سپاس، سەرۆکی پارڵمان! ئایا حکوومەتی شانشینیی یەکگرتوو لەگەڵ ئەوە ڕێکە کە پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک ( پەیەدە) و یەکێنەکانی پاراستنی گەڵ ( یەپەگە) دەبێ بهێندرێنە ناو پێواژۆی ژێنێڤ بۆ کۆتاییدان بە شەڕی سووریا و قسە کردن لە سەر داهاتووی ووڵات؟
سەرۆکی پارڵمان: فەرموو  وەزیری دەوڵەت!
ئالن دانکن: ئەوە بە دەرەجەی یەکەم  پرسیارێکە سەبارەت بە سووریا تا ئەوەیکە سەبارەت بە تورکیا بێ ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمن سەرنجی خانمی بەڕێز ڕادەکێشم کە پ.ک.ک. لە چوارچێوەی شانشینی یەکگرتوو دا ڕێکخستنێکی قەدەغەیە بەڵام  ئەو ڕێکخستنانەی ئەو ئاماژەی پێ  کردن  هەڵبەت قەدەغە نین و دەبێ ئەوە دابگیرێتەوە.
سەرۆکی پارڵمان: خانمی تێریزا ڤیلیرز
تێریزا ڤیلیرز ( پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ) : ئایا وەزیر دەکرێ ئەو داوخوازییە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا بهێنێتە گۆڕێ کە لە هێزی دەرەیایی تورکیا بخوازێ کۆتایی بهێنێ بە پێشگرتن لەو کەشتیانەی کە دەیانەوێ لە ڕۆهەڵاتی مدیترانە  هیدرۆکەربۆن دەرکێشن؟
سەرۆکی پاڕڵمان: فەرموو وەزیری دەوڵەت!
سێر ئالن دانکن: ئەمن لەو مژارە تێدەگەم کە دۆستی ڕێزدارم ئاماژەی پێ کرد. کە ئەویش بریتییە لە دەرخستنی نەوت و گاز لە لێوارەکانی قیبرس و ئێستا ئێمە خەریکی هەڵسەنگاندنی ئەو ڕاپۆرتانەین کە ئەو یەک دوو ڕۆژە بڵاو بوونەتەوە بۆ ئەوەی بزانین بە ووردی لەو ناوچەیە چ ڕادەبرێ.
سەرۆکی پاڕڵمان: فەرموو ئێمێلی تۆرنبێری
ئێمێلی تورنبێری ( پارتیی کڕیکار، و وەزیری دەرەوە لە کابینەی سێبەر): سەرۆکی پاڕڵمان، ئێمە لەم بەرەی پارڵمان بێ ئەملاوئەولا تورکیا مەحکووم دەکەین بۆ پەلامار و هێرشی قێزەوەنی بۆ سەر عەفرین و ئێمە بە تایبەتی بێز و قێزمان هەڵدەستێ کە ئەوان میلیسی جیهادییان لەگەڵ هێزەکانیان خستووە کە هێزە کوردەکان حەولێکی زۆر سەختیان دا بۆ ئەوەی  لە باکووری سووریایان دەرپەڕێنن . ئەگەر وەزیری کار و باری دەرەوە ناتوانێ دەنگی خۆی بخاتە پاڵ دەنگی من و ئەمڕۆ  تورکیا مەحکووم بکا، داخودا وەزیری دەوڵەت بەلانی کەمەوە دەتوانێ شی بکاتەوە کە بۆچی ئەو پێی وایە - ئەمن قسەکەی خۆی وەکوو خۆی دووپاتە دەکەمەوە - " بەرژەوەندییە مەشرووعەکانی تورکیا " مافی ئەوەیان پێ دەدا  ئەو هێرشە دڕندانەیە بکەنە سەر کۆمەڵگەی بێ تاوانی کورد لە عەفرین؟
سەرۆکی پاڕڵمان : وەزیری دەوڵەت
سێر ئالن دانکن: ئەمن پێم وایە بە ووردی ئەوتۆ نییە کە خانمی ڕێزدار دەڵێ. ئەمن پێم وایە ئێمە پێویستە ددان بە بەرژەوەندیی مەشڕووعی تورکیا دا بێنین، هەڵبەت ئێمە هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر خەڵکی مەدەنی مەحکووم دەکەین ، ئێمە ئاواتەخوازین ئەو کێشەیە خاو بێتەوە بەڵام مافی مەشڕووعی تورکیا ئەمن لەو باوەرە دام دەبێ ددانی پێ دا بهێندرێ.
سەرۆکی پارڵمان: فەرموو ئێمێلی تۆرنبێری
ئێمێلی تۆرنبێری ( وەزیری دەرەوە لە کابینەی سێبەر): ئاغای سەرۆکی پاڕڵمان، ڕاستی ئەوەیە ئەو هێرش و پەلامارەی تورکیا بەشێکە لە نموونەی هێرشێکی بەربڵاوتر لە بەرنامەی ئەو هەموو لایەنە بێگانانەی دا وا  لە شەڕی ناوخۆیی سووریاوە گلاون و ئێستا هەر وەک ڕێژیمی ئەسەد خۆی دەجووڵێنەوە، بە بێ ئەوەی هیچ گوێ بدەنە قانوونی ناونەتەوەیی. کاتێک ئەم حکوومەتە مانداتی نیزامی وەرگرت بۆ ئەوەی لە گەڵ کردەوەکانی ئیتیلاف بکەوێ لە سووریا دەیڤید کامێرۆن دەستەبەری دا بەم پارڵمانە کە ئەو بەشدارییە، تەنێ و تەنێ بۆ بە گژداهاتنەوە و ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش دەبێ.  بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو هەڕەشەیە، هەڕەشەی داعش بە تەواوی ڕەویوەتەوە وەزیری دەوڵەت تکایە بۆ منی باس بکا کە حالی حازر ئامانجی نیزامی ئیئتیلاف لە سووریا چییە  و دەکرێ بپرسم کەنگێ دەیەوێ بۆ ئەو بەشدارییە ماندات لەم پارڵمانە بخوازێ؟
سەرۆکی پارڵمان: فەرموو وەزیری دەوڵەت!
سێر ئالن دانکن: ئایا دەکرێ ئەمن بڵێم شیکردنەوەکانی خانمی ڕێزدار هەتا بڵێی بە سەیر و سەمەرە دەزانم ، بە تایبەتی لە کاتێک دا کە خەبەری ئەوە هاتووە یەپەگە دەیەوێ لەگەڵ ڕێژیمی ئەسەد یەک بگرێ بۆ ئەوەێ بەڕەو ڕووی کردەوەی تورکیا بێ و شەڕی بکا.
سەرۆکی پاڕڵمان: بەڕێز فیلیپ هۆلابۆن
فیلیپ هۆلابۆن : ( پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ) با لەو خاڵە زیاد کەم. بۆچوونی وەزیر چییە سەبارەت بە دروستی و نادروستی ئەو خەبەرە کە ڕێژیمی ئەسەد و کوردەکان لە ڕوی نیزامییەوە هێزەکانیان یەک دەخەن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هێرشی تورکیا؟
سەرۆکی پاڕڵمان:  وەزیری دەوڵەت
سێر ئالن دانکن: ئەوە بە ووردی ئەو مژارەیە کە ئەمن هەر ئێستا ئاماژەم پێ کرد و ئێمە هەڵی دەسەنگێنین و دڵنیام  لەو بارەیەوە ڕاپۆرتی دیکە دێ و ئێستا زۆر زووە بگوترێ کە بە وودرێ چ دەکرێ ڕوو بدا.
سەرۆکی پاڕلمان : جەک لۆپرێستی    

     
جەک لۆپرێستی ( پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ) پرسیاری پێنجەم بەڕێز سەرۆک
سەرۆکی پاڕڵمان: وەزیری دەوڵەت ، ئالستر برد


ئالستر برد ،( وەزیری دەوڵەت لە وەزاڕەتی دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) : سپاس بەڕێز سەرۆک ئیزنم بدەن پرسیاری ژمارە ٥ و ژمارە ١١ بەیەکەوە ووڵام بدەمەوە. لە کۆتایی حەوتوو دا لە موونیخ توانیم چاوم بکەوێ هەم بە ئاغای عەبادی و هەم ئاغای نێچیروان بارزانی سەرۆکوەزیری کورد کە لە لایەن شانشینی یەکگرتووەوە دنەم دان بۆ بەردەوام کردنی دیالۆگ، کە لەو دواییانە دا لە نێو ئەواندا بە شێوەی فەردی دەستی پێکردووە کە ئەوەش گرینگە بۆ سەباتی درێژخایەنی عێڕاق، لە ئێستاوە چ پلانێک نییە بۆ ناردنی چاوەدێر بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی مەی لە لایەن شانشینی یەکگرتووەوە  بەڵام ئێمە لەگەڵ لایەنی دیکە بەیەکەوە کار دەکەین بۆ دەستەبەر کردنیی ئەوەی کاریگەرانە چاومان بە سەر ئەو هەڵبژاردنەوە بێ.
سەرۆکی پاڕڵمان : جەک لۆپرێستی
جەک لۆپڕێستی  ( پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ): سپاس سەرۆکی پارڵمان: ئایا دیپڵۆماتە بریتانیاییەکان لە کاری حكوومەتی فێدراڵ دەکۆڵنەوە بۆ جێ بە جێ کردنی قانوونی بنەڕەتی عێڕاق بە تایبەتی لە شوێنگەلی جێیناکۆکی وەک کەرکووک؟ کە لەوێوە خەبەری کوشتن ، تاڵان کردن و دەست بەسەرداگرتنی ماڵوموڵک هاتووە و ئەوەی کە ئەو ئۆتۆنۆمییەی کە لە قانوونی بنەڕەتی عێڕاق دا بەڵێنی دراوە لە ژێر هەڕەشە دایە؟
سەرۆکی پاڕڵمان ، فەرموو وەزیری دەوڵەت
ئالستر برد ( وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست): چ گومانی تێدا نییە کە هەر دوو لا دەرفەت لە قانوونی بنەڕەتی دا دەبینن بۆ دەستەبەر کردنی ئەوەی کە پێوەندیی نێوانیان خۆش و پتەو بێ. ئاشتبوونەوەیەکی زۆر کراوە لە هێندێک ڕووەوە کە دەکرا کێشەیەکی زۆرتر بخولقێنێ و شانشینی یەکگرتوو دنەی ئەو دیالۆگە دەدا بۆ ئەوەی ئەو مەترسیانەی دۆستی ڕێزداری من ئاماژەی پێ کردن بگەنە لانی کەمی خۆیان.
سەرۆکی پاڕڵمان:  رابرت هالفۆن
ڕابرت هالفۆن:  ( پارتێی کۆنسێرڤاتیڤ) سپاس سەرۆکی پاڕڵمان: داخودا دۆستی ڕێزداری من ئەو چاوەدەێرییەی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پاڕڵمان قەبووڵ دەکا کە دەڵێ: زۆر لە کوردان هەست دەکەن  دە زیندان دا بن لە ووڵاتێکدا کە بەرعۆدەییەکانی خۆی لە ئاست یەکسانی ئەوان جێ بەجێ نەکردووە. ئایا لەگەڵ ئەوەش نییە کە داخستنی ڕێگای هەوایی و گەمارۆ دانی هەوایی  کوردستان کە ئەوە لە پێنج مانگ نزیک دەبێتەوە ، تەعدایەکی نەپێویستە کە بووەتە هۆی لێک دابڕانی ئەندامانی بنەماڵان، چەت خستن لە گەیشتنی دەوا و دەرمان و سەدەمە دان لە بارو دۆخی ئابووری و گەلۆ وەزیر دنەی بەغدا دەدا بۆ لا بردنی ئەو گەمارۆیە؟
سەرۆکی پارڵمان : فەرموو وەزیر
ئالستر برد ( وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست): دیسان ئەوە بڵێم مەسەلەی داخستنی فڕۆکەخانەکان مژاری سەرەکی گفتوگۆی سەرەکی سەرۆکوەزیرەکان بووە و پێ لەوە دەندرێ کە ئەگەر ڕێگەیەک ببیندرێتەوە بۆ وەگەڕ خستنەوی فڕۆکەخانەکان زۆر شت دەگۆڕێ. بەڵام پەیوەست بەوە داهاتووی هەرێمێکی کوردی لە عێڕاق گرینگە کە شوێنێکی بە سبات، و بە ئاسایش بێ و هەر دوو لا ڕێز لە مافی یەک بگرن و قانوونی بنەڕەتی وێدەچێ کاریگەر بێ بۆ ئەو مەبەستە.  
سەرۆکی پارڵمان:  خانمی ئان کلوید

ئان کلوید( پارتیی کرێکار ): سپاس سەرۆکی پارڵمان: ئەمن بۆخۆم تازە لە عێڕاق گەڕاومەتەوە. و چاوەدێری یەکەم هەڵبژاردن بووم [ کە دوای سەدام حوسێن]  لە عێڕاق کرا. لەگەڵ ئەوەشدا کە هەڵبژاردن گرینگن ئەمن پێم وایە عێڕاقییەکان بە تایبەتی یارمەتی زیاتریان دەوێ، یارمەتی تێکنیکی، و ئامۆژگاری. ئەوان حاڵی حازر  لەوێ کارێکی باش دەکەن ، بەڵام پێداویستییان بە یارمەتی زیاتری شانشینی یەکگرتوویە بۆ ئەوەی بتوانن ئاشتی دامەزرێننەوە و لە ناو دەستە جۆر بە جۆرەکاندا بەرەوپێشچوون مەیسەر بکەن .
سەرۆکی پارڵمان: وەزیری دەوڵەت!
ئالستر برد: ئەمن دەبێ سپاسی ئەو خانمە ڕێزدارە بکەم  لە بەر پشتیوانی پتەو و بەردەوامی خۆی لە عێڕاق بە ماوەی ساڵان .ئەو و هاوکارانی ڕێکخراوی ئای پی یوو ( یەکێتیی پاڕڵمانان)  لەگەڵ پاڕڵمانی عێڕاق دواون سەبارەت بە مژاری حکوومەتداری و ئەو یارمەتیانەی کە ئەو بەساڵان کردوویە هەتا بڵێی بە نرخە. هەڵبەت ، یارمەتیی تێکنیکی بۆ یاریدەدانی ئەو پێواژۆیە لەلایەن شانشینی یەکگرتووەوە بەشێکە لە پشتیوانی ئێمە و بە دڵنیاییەوە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە بزانین لە مەڕ هەڵبژاردن چ یارمەتییەکی زیاترمان لە دەست دێ.
سەرۆکی پاڕڵمان :  باری شیرمان

باری شیرمان ( پارتیی کرێکار) ، سەرۆکی پاڕڵمان، ئەمن دەزانم وەزیری دەوڵەت پیاوێکی چاکە. لە کاتێکدا ئەو وتووێژانە دەکرێن ئایا ئەو وەفاداریی گەلی کورد کە بەساڵانی دوورو درێژ لە ئاست ئێمە نیشانیان داوە لەگەڵ کارنامەی هاپەیمانی ناتۆمان سەرۆک کۆمار ئەردۆغان هەڵدەسەنگێنێ؟
سەرۆکی پارڵمان: وەزیری دەوڵەت
ئالستر برد: لە پێوەندی لە گەڵ مژارەکانی لەمەڕ تورکیا  دۆستی ڕێزداری من پێشتر ئاماژەی پێ کرد. بە دڵنیاییەوە نیگەرانی هەیە سەبارەت بە ئەوەی لە سەر سنوور ڕوو دەدا و ناسینی پێداویستیەکانی گەلی کورد کە زۆر پارتیی جۆر بە جۆر نوێنەرایەتییان  دەکەن و شانشینی یەکگرتوو هەمیشە ئاگای لەو پێوەندییانەیە کە ئێمە هەمانە لەگەڵ ئەو گەلانە و لەگەڵ گەلی عێڕاق.
سەرۆکی پاڕڵمان: تام توگندات
تام توگندات : سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پارڵمان ( پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ): دۆستی بەڕێزی من پسپۆڕێکی دیاری کاروباری هەڕێمەکەیە . ئەوە جێی خۆشییە بەڕێزیان دەبینم نوێنەرایەتی حکوومەتی ڕێزدار مەلەکە دەکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕەنگە بتوانێ هێنذێک ئەوە ڕوون بکاتەوە کە کۆمیتەی کاروباری دەرەوە داوای کردووە سەبارەت بە جیاوازی نێوان یەپەگ و پ.ک.ک . چونکوو ئێمە لە لێکۆلێنەوەکاماندا لە شاهیدی یەک بە دوای یەکمان بیست کە لە ڕاستیدا جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، حکوومەتی ڕێزدار مەلەکە پشتیوانی لە گرووپێک دەکا کە وا وێدەچێ بەڵانی کەمەوە کەمێک گرێدرابێ بە گرووپێک کە هەر ئێستا هاوکارەکەی وەکوو ڕێکخستنێکی قەدەغە ناوزەدی کرد.
سەرۆکی پارڵمان:  وەزیری دەوڵەت
ئالستر برد: بەر لە هەموو شت با سپاس لە دۆستی ڕێزدارم بکەم  نەک لە بەر پرسیارەکەی بەڵکوو لە بەر بەڕێوەبردنی کۆمیتەی کاروباری دەرەوە. ئێمە زۆر بە ووردی خەریکی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو ڕاپۆرتەی ئێوەین. لەو ڕاپۆرتە دا داوای ڕوونکردنەوە کراوە. لە هێندێک هەلومەرج دا بەڕاستی بەدەستەوە دان و ڕوونکردنەوەی تەواو ئاڵۆز و دژوارە، ئێمە لە وەزاڕەتی دەرەوە ڕا  ووڵامێکی هەموولایەنەی بە نووسراو دەدەینەوە بەو ڕاپۆرتە . ئێمە پ.ک.ک  بە ڕێکخستنێکی قەدەغە دەزانین و ئەوە هەلومەرجی ئێستایە.
سەرۆکی پارڵمان: جان وودکاک
جان وودکاک ( پارتیی کرێکار) داخودا وەزاڕەتخانەکەی چ بەڵگەیەکی بۆ هاتووە سەبارەت بە بەکارهاتنی چەکی شیمیایی لە سووریا لەو دواییانە دا؟
ئالستر برد: سپاس سەرۆک : ئێمە بە قووڵی نیگەرانین لەو ڕاپۆرتانەی دوایی کە باسی بەکارهاتنی چەکی شیمیایی لە سووریا دەکەن. کاربەدەستانی بریتانیایی لە پێوەندی دان لەگەڵ کاربەدەستانی ' قەدەغەی بەکار هێنانی چەکی شیمیایی ' کە لەو بارەیەوە دەکۆڵێتەوە. ئێمە هەموو جۆرە بەکارهێنانی چەکی شیمیایی مەحکووم دەکەین و لەگەڵ شەریکە ناونەتەوەییەکانمان کار دەکەین بۆ ناسینی ئەوانەی بەرپرسی بەکارهێنانی چەکی شیمیایی ن و دەبێ سەری خۆیان بخوێننەوە!
سەرۆکی پارڵمان: جان وودکاک
جان وودکاک ( پارتیی کرێکار): سپاسی وەزیری دەوڵەت دەکەم بۆ ئەو ووڵامە. هەر لایەنێک بییەوێ گازبارانی قێزەوەنی شارومەندانی خۆ  لە سووریا و کردەوەی دیکە بە هەڵە وەک یەک دابنێ مەترسی ئەوەی دێتەوە سەری یارمەتی بەو چالاکییە قێزەوەنە بکا و شەریکی ئەو تاوانکارییە بێ . نیگەڕانی حکوومەت بەس نییە، قسە و ووشە بەس نییە . ئایا شانشینی یەکگرتوو لە ڕاستیدا بە کردەوە چ دەکا بۆ کوتایی پێهێنان و ڕاگرتنی ئەوەی کە وا داندراوە هێڵێکی سور بێ بۆ کۆمەڵگەی ناونەتەوەیی کە هەموو جارێ و پەیتا پەیتا تێ پەڕێندراوە؟
سەرۆکی پارڵمان: فەرموو وەزیری دەوڵەت
ئالستر برد: ڕێزداری بەڕێز لەوە  دا ڕاستە کە نیگەرانی و تووڕەیی خۆی دەرببڕێ. نەک هەر لە بەر بەکارهاتنی چەکی  شیمیایی، بەڵکوو لە بەر بەکار هاتنی لە زێدەی ئەو چەکە. ئێمە هەر لە ساڵی تازە دا چوار نموونەی بەکار هێنانیمان بیستووە. و ئەگەر چەکی شیمیایی بێتەوە ناو پێوانی بەکارهێنانی لە شەڕ دا ، ئەوە دژی ووڵامێکی یەکگرتووی سەد ساڵەیە لە لایەن دنیاوە بە دژی ئەو جۆرە چەکانە. ئەمن لەو دواییانە دا لە کۆنفڕانسێکدا بەشدار بووم لە پاریس کە  وەزیری دەرەوەی فەڕانسە و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوەیان برد بۆ بەگژداهاتنەوەی ئەو گرفتە لە چوارچێوەیەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا کە هەبوونی مێکانێزمێکی هاوبەش لەوێ سێ جار ڤێتۆ کراوە و حەولدان بۆ پەیدا کردنی مێکانیزمێکی دیکە. بەڵام ئەو ڕاست دەکا. ئێمە درێژە دەدەین بە کار کردن لەو بارەیەوە لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ ئەوەی دەستەبەر بین پەیماننامەی ناونەتەوەیی دژی چەکی شیمیایی جارێکی دیکە کاریگەر بێ.
سەرۆکی پارڵمان :  ئالیسۆن مەکگاورن    
 ئالیسۆن مەکگاورن : ( پارتیی کرێکار) ئەمن سپاسی وەزیری دەوڵەت دەکەم بۆ ووڵامەکانی. ٢٠١٨ هەتا ئێستا سەلماندوویەتی کە ساڵێکی بێ بەزە بێ بۆ خەڵکی مەدەنی سووریا. ئێمە چ دەتوانین بکەین، ئێمە لەم وڵاتە دەکرێ چ جۆرە چاوەدێرییەک بکەین، دەکرێ وەزیر هێندێک زیاتر بدوێ سەبارەت بە سەرچاوەکانی شانشینی یەکگرتوو بۆ چاوەدێری و کۆ کردنەوەی بەڵگە سەبارەت بەو تاوانکارییە پیسانە؟
سەرۆکی پاڕڵمان: فەرموو وەزیری دەوڵەت
ئالستر برد: بەڕێزسەرۆکی پاڕڵمان، لەوەتا دەستپێکردنی کێشەی سووریا شانشینی یەکگرتوو ئامرازی لە بەر دەست خەڵک ناوە لە سەر ئەرزی واقع بۆ کۆ کردنەوەی بەڵگە کە دەکرێ بە کار بهێندرێن  لە داهاتوو دا بۆ دەستەبەر کردنی هەبوونی بەرپرسیارەتی لە ئاست عەداڵەت دا. ئێمە چەندین ساڵە ئەو کارە دەکەین و بەردەوام دەبین لە سەری. بەڵام ئەوەی ئەو ڕێزدارە سەرنجی بۆ ڕادەکێشێ بەکارهاتنی لە زێدەی چەکی شیمیایی یە لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوو دا ئەوە زوڵمێکە ، دەبێ بە زوڵم دا بندڕێ و ئێمە دەبێ بە ڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەستەبەر بین  بۆ ئەوەی بکەرانی ئەو جۆرە تاوانە بهێنینە بەردەم عەدەاڵەت.
سەرۆکی پاڕلمان:  کریس ستیفنس
کریس ستیفنس ( پارتیی نەتەوەیی سکاتلەند) : ئایا وەزیری دەرەوە بەو ڕاپۆرتانە نیگەرانە کە لە کۆتایی ئەو حەوتوویە دا لە لایەن چاوەدێرانی مافی مرۆڤەوە بڵاو بوونەوە سەبارەت بە ئەوەی کە خەڵکی مەدەنی لە عەفرین  لە لایەن هێزە تورکەکانەوە بە گازی شیمیایی پەلامار دراون؟ ئایا دەکرێ ئێمە چاوەڕوانی ئاکارێکی ئەوتۆ بین لە لایەن گۆیا هاوپەیمانێک لە ناتۆ دا؟
ئالستر برد: هەر وەک پێشتر باسم کرد، هەر جۆرە پێشنیازێک سەبارەت بە بەکارهاتنی چەکی شیمیایی دەبێ بە شێوەیەکی سەربەخۆیانە لێی بکۆڵدرێتەوە وتەسپیت بکرێ. ئەوەی ڕادەی بەکارهاتنی چەکی شیمیایی لە کێشەی سووریا دا زیاتر بووە لە لایەن ژمارەیەک سەرچاوەی جیاوازە، چ دەگا بە ڕێژیم، شتێکە کە هۆی نیگەرانی زۆرە. بەڵام هەر قسەیەک لەو بارەیەوە دەبێ بە ووردی لێی بکۆڵدرێتەوە و تەسپیت بکرێ.

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی
ڕاگوێستن ودیسان بڵاو کردنەوەی ئەو بابەتە بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوە ڕەوایە 




































No comments: