Sunday, July 19, 2020

یادێک لە تێکۆشەری بەوەج شەهید قەرەنی کەریمی

 یادێک لە تێکۆشەری بەوەج شەهید قەرەنی کەریمی
لە ١٥/ ٤/ ١٣٦٠ [ ٦-ی ژووییەی ١٩٨١ ] جەلادانی جمهووری ئیسلامی لە تەورێز دوای مانگێک یەخسیری بێ هیچ سووچ و تاوانێک، تێکۆشەری بەوەج و لاو قەرەنی کەریمییان تیرەباران کرد. لە بەرایی ساڵانی ١٩٧٠کان دا کاک قەرەنی بۆ  درێژە دان بە خوێندن هاتە بریتانیا ولەو ماوەیە دا هەم لە چوارچێوەی ئەنجومەنی خوێندکارانی ئێرانی و هەم کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات ( ئاکسا) چالاکانە بەشدار بوو. قەرەنی لەو ماوەیە دا زۆری حەول دا بۆ خۆ پێگەیاندن و لە کۆنگرەی ئاکسا لە فڕانکفۆرت و پێشتر لە کۆبوونەوەیەکی خوێندارانی کورد لە فەڕانسە وەکوو نوێنەری خوێندکارانی پێشکەوتووی کوردی دانیشتووی ئینگلیستان بەشدار بوو.
لەو نامەیەی دا کە بە زمانی فارسی بۆ منی نووسیوە و وەرگێڕاوەکەی دەکەمە تێهەڵکێشی ئەم وەبیرهێنانەوەیە جوان دەردەکەوێ چەندە هەستێکی خاوێن و پاکی هەبووە لە ئاست خەباتی زەحمەتیكشانی کوردستان و چەندە بە وردی ئاڵوگٶرەسیاسییەکانی ساڵەکانی دوایی ڕێژیمی حەمە ڕەزاشای شۆپاندووە و ئەوە لەو ڕاپۆرتە وردە ڕا  دەردەکەوێ کە سەبارەت بە خوپیشاندانی گەورەی مەهاباد بە بۆنەی ئەسپاردە کردنی تەرمی پیرۆزی عەزیزی یۆسفی لە نامەکەی دا بۆ منی نووسیوە.
قەرەنی کەریمی وەک زۆر لە تێکۆشەرانی دیکە دوای ڕووخانی ڕێژیمی شا ئوڕووپای بە جێ ‌هێشت و گەڕاوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوای پێک هاتنی دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین حوسێنی لە مەهاباد لە چوار چێوەی ئەو دەفتەرە دا دەستی بە تێکۆشان کرد. ئەو نامەیەی پەیوەست کە لە لەندەنەوە بۆ منی نووسیوە لە سوێد هەرچەند تاریخی بە سەرەوە نییە ، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ئەو شتانەی باسی کردووە دەبێ لە مانگی ژووییەی ساڵی ١٩٧٨ دا نووسرابێ. لێرە دا وەرگێڕاوی بەشێک لەو نامەیە بەیەکەوە دەخوێنینەوە.


نەمر عەبدولڕەزاق میرزا و شەهید قەرەنی کەریمی ، لەندەن ١٩٧٨
"دٶستی خۆشەویست
هیوادارم حاڵت باش بێ و ناڕەحەتیت نەبێ و لە خەبات دا شێلگیلتر بی. ئەگەر لە حاڵ وئەحواڵی ئەم بەندەیەش بپرسی بە لوتفی ماتریالیسم خراپ نیم و خەریکی سەروکەلە لێدانم دەگەڵ کتێبان. ئێستا خەریکی خوێندنەوەی " ئانتی دورینگ" ی ئێنگێلس م. کتێبێکی باشە و مرۆڤ دەتوانێ زۆر شتی لێ فێڕ بێ. کورەکان باشن و ... و ... و ... سڵاوت لێ دەکەن . ئەوانیدیش لەگەڵ ... ن. دەڵێن دوو سێ ڕۆژ لەمەو بەر دەستەی  ١٩ بەهمەنییەکان  شەوێکی ڕێزلێنان و بیرەوەرییان دەبێ و ... و ئەوانیش لەوێ بوون و ... بەیاننامە گۆرینەکەدا  دەدا بەیەکێک لە لایەنگرانی  کۆنفێدراسیۆنی ئیحیا و کوڕەکەش لێی وەرناگرێ و فڕێی دەدا، دوایەش ... کاتێک یەکێک لە جەماعەتی ئیحیاییەکان ڕۆژنامەی ١٦-ی ئازەری دەداتێ ... ئەویش وەری ناگرێ و فڕێی دەدا. ئەمن لەوێ نەبووم بەڵام دەبێ ( ڕاوەبەرازێکی خۆش بووبێ) [ ئەو ڕستەیەی ناو دوو کەوانی بە کوردی نووسیوە]
هەتا دڵت پێی دەوێ ژمارەی تووریستی کورد زیادی کردووە و هەر ڕۆژە نا ڕۆژێک سەروکلەی دووسێیەکیان پەیدا دەبێ و ..... هەر بە دوای ماشین کڕین و ئەو جۆرە قسانەوەن و بە تەواوی ئەعسابی ئێمەیان تێک داوە. لەگەڵ ئێرانییەکان ( فارسەکان و ئازەرییەکان) هەرنەبێ بە دووسێ وشە باسی سیاسەت دەکەن بەڵام ئەو کوردانە... گشتیان خوێرینە. داوات کرد بوو سەبارەت بە خۆپیشاندانی مەهاباد بۆت بنووسم.
گۆیا ئاوا دەست پێ دەکا کاتێک کە عەزیز لە تاران وەفات دەکا خەڵک لە مزگەوتێک کۆ دەبنەوە و لە هەموو گرووپەکان چ  نهێنی و چ نیوە نهێنی دەچن و تا مەیدانی شەهیاد تەرمەکەی بەڕێ دەکەن و لەو لاشەوە خەڵکی مەهاباد و نەغەدە و بۆکان و بانە و هتاد و گۆیا سنە و سەقز بۆ پێشوازی تا میاندواو دەچن کە دەلێن هەموویان نزیکەی ٢٠٠ ئوتومبیل بوون . دوایە تەرمەکە دەهێننە مەهاباد و دەینێژن. نازانم ڕۆژی حەوتووی بووە یان سێ ڕۆژانەی [ سێ ڕۆژانەی بە کوردی نووسیوە] کە خەڵکی هەموو شارەکان و هەر وەها مەهاباد کە نزیکەی ١٠  هەزار کەس بوون لە دەوری گۆڕەکەی کۆ دەبنەوە و گۆیا کچێک بە جلوبەرگی مەزەهەبییەوە وەک ژنانی ( قوم و مەشهەد) لە تارانەوە هاتبووە ئەوێ و هەر وەها چەند مەلا و ئاخوندی کە لە قومەوە دوور خراونەوە بۆ مەهاباد چالاکانە لەو خۆپیشاندانە دا بەشداری دەکەن. و زۆر قسەی چاک دەکەن و ئیمام جومعەی مزگەوتی شیعەکانیش لە مەهاباد وتەیەکی باش پێشکێش دەکا، ئەوە لە لایەن ناکوردەکانەوە. لە دوایە کوردەکان دەست پێ دەکەن ئەوەڵێ گۆیا عومەری قازی دەست دەکا بە قسە کردن سەبارەت بە عەزیز و هەر وەها موعینی یەکان و شەریفزادە و بەتایبەتی  سەبارەت بە مەولا مەحموودی زەنگەنە قسە دەکا و ژیاننامەی شرۆڤە دەکا، کە ئینسانێکی زەحمەتکێش بووە و هتاد. دوایە جەلیلی گادانی قسە دەکا و زۆربەی دروشمەکانی کە دراون ناسیۆنالیستی بوون وەکوو ( یان مەرگ یان کوردستان) و دروشم لەمەڕ سەربەخۆیی کوردستان و گۆیا دروشمەکانی دژی شا عومەری قازی و ئەو چەند مەلایەی قوم دەستیان پێ کردووە . هەر وەها زۆر شێعری شۆڕشگێڕانە دەخوێندرێتەوە و سروودی کوردی دەچڕن. دوایە ئاپۆرایەکە بەرەو گٶڕی موعینی دەچن و هەمان بەرنامە دووپاتە دەبێتەوە، دوایە لەوێوە خەڵک بەرەو ناوەندی شاری دێنەوە و دروشم دەدەن ، لە سەر ڕێ پاسەوانێک کە گۆیا کورد بووە دەیەوێ ڕێگا بە خەڵک بگرێ چاک شل و کوتی دەکەن بەڵام پۆلیس و ئەڕتەش موداخەلە ناکەن و خۆ پیشاندانەکە لە نزیک مزگەوتی هەباش ئاغا تەواو دەبێ.



و هەر وەها لەبەر ئەوەی خۆپیشاندانەکە عەفەوی بووە دوای تەواو بوونی دروشمە سیاسییەکان یەکێک هاوار دەکا( دایکی ئەوەی ... کوردی خۆش ناوێ) [ بە کوردی نووسیویە] و گۆیا کوڕێکی کرێکاریش ( حەماڵ) یەک بەخۆی گریاوە و مستی لە ئەرزی داوە لێیان پرسیوە چییە بۆ دەگری گوتویە هەر ئێستا دەمەوێ ، گوتوویان چەت دەوێ گوتوویە سەربەخۆیی! گۆیا لە سنەش بەیاننامە بڵاو کراوەتەوە کە بە دوورودرێژی ژیاننامەی عەزیزیان نووسیوە و وێنەی وی تێدا بووە ، هەر وەها گشت پادگانەکان و ژاندارمەری لە حاڵەتی ئامادەباش دابوون و تەنانەت دواترێش هەموو ڕۆژێ بەیاننامەیان دە ماڵان هاویشتووە کە فڵانە ڕۆژە خۆپیشاندان دەبێ و بەڵام تا ئێشتا هیچ خۆپیشاندانی دیکە نەکراوە.
لەو کەسانەی کە گیراون لە ڕۆژی دوای خۆپیشاندانەکە و یان شەوی خۆپیشاندانەکە لە لایەن ساواک و شارەبانییەوە گیراون و لە زیندانی شارەبانی دا ڕاگیراون و گۆیا تەنێ شەوانە بردوویاننە ساواک هێندێکان دەڵێن ٣٥ تا ٦٠ کەس گیراون و تا ٢٠٠ کەسیش گوتراوە بەڵام پێم وایە لەو ٦٠ کەسە زیاتر نەبێ. ئەو ناوانەی کە بیستوومن .
عومەری قازی، جەلیلی گادانی و سێ لە براکانی. کوڕی سولەیمانی موعینی کە گۆیا تەمەنی ١٦ ساڵە. سەید محەمەد نیزامی و ئەو گرووپەی کە پێشتر زیندانی کرا بوون و تازە بەردرا بوون وەکوو ماوەڕانی و مووەفەقی و ژمارەیەکی زۆر قوتابی و خەبەری دیکەش ئاوایە بازارییەکان وکاسبکاران بە پانەوە لە خۆ پیشاندانەکە دا بوون بەڵام مەعەلیمان و کارمەندان هیچ بەشدارییان نەبووە. هەر وەها خوێندکارانی کورد لە شارەکانی دیکەوە کە گەڕابوونەوە و قوتابیان و خەبەری ئەو خۆ پیشاندانە بە بەربڵاوی لە هەموو ئێران دا بڵاو بووەتەوە و گۆیا مەکۆی پارێزەران دوو پارێزەریان دیاری کردووە بۆ بەرگری لە زیندانییەکان و ئەوەی زیندانییەکانی پێ تاوانبار کراون لەلایەن حکوومەتەوە جیاوازیخوازی و ناسیۆنالیستی و لەو جۆرە شتانە بووە و بە بڕوای من لەو پێوەندییە دا کۆمەڵەی خوێندکاران [ مەبەست ئاکسا یە] و تەنانەت کۆمیتەی پارێزگاریش ( مەبەست لە کۆمیتەی پارێزگاری پرێنسیپەکانی ئاکسایە کە لە لقی کۆمەڵە لە سوێد پێک هاتبوو) دەبێ ئاکسیۆنەێک بکرێ.
 ئەمن لە دوای کۆنگرە نەمدەویست بەو شێوەیە لە چالاکییەکاندا بەشداری بکەم و زیاتر دەمەویست موتاڵا بکەم و ئەو خوێندنەوانە بووە هۆی ئەوە هەڵوێستم لەمەڕ خەباتی چەکدارانە و شێوەکەی و هەروەها لەمەڕ ستالینیسم و تڕۆتسکیسم و هتاد بە تەواوی گۆڕا، دیارە لەمەڕ هەڵوێستی سیاسیم کە ناکرێ هەمووی بە نامە بنووسم و دەبێ لە نزیکەوە قسەی لە سەر بکەین و تا ئەو کاتە هیچ ناڵێم تەنێ دەمەویست سەبارەت بە هەڵوێستی کۆمیتەی پارێزگاری زیاتر بزانم کە ئەو کۆمیتەیە لە سەر بنەمای چ پلاتفۆڕمێک ساز کراوە کە هیوادارم بۆم بنووسی و ئێستا دەمەوێ سەفەرێک بکەم بەڵام نازانم بۆ کوێ چونکە لەم بەقوڕێ گیراوە زۆر ماندوو بووم . سڵاوی من بە هەموو هاوڕێیان بگەیێنە و بەقەولی ... هاوڕێیان، هاوڕێیان و سەرکەوتنیان ئاواتە خوازم  (ئەو  ڕستەیەی بە کوردی نووسیوە).
بژی کوردستان و شۆڕشی سۆسیالیستی لەوێ
هەواڵی تۆ قەرەنی. "
خەبەرنامەی  کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ژمارەی ١٣٢-ی خۆی دا بە  کورتی ئەم ئاگادارییەی خوارەوەی سەبارەت بە گیران و تێرەباران کرانی شەهید قەرەنی کەریمی بڵاو کردووەتەوە بەڵام
هیچ ئاماژەی بە هۆی گیرانی نەکردووە. ئەو خەبەرەی ئەمن بیستم ئەوە بوو کە قەرەنی لە لایەن شێخ عێزەدینی حوسینی یەوە  دوو نامەی پێ دەبێ کە بیانگەیێنێتە تاران و لەوێ وە بۆ فڕانسوا میتێران و شوێنێکی تر  بەڕێ بکرێ. بەساڵان دواتر نەمر ئاگنێتا شێخمووس، هاوژینی عومەر شێخمووس تێکۆشەری ناسراو لە چاوپێکەوتنێک دا لەگەڵ ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ دا دەڵێ :  " بیرەوەرییەکی ترم هەیە کە هەرگیز بیرم ناچێتەوە؛ لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٨١، کاتی گەڕانەوەم لە کوردستانەوە بەرەو ئەوروپا، لە دوای ناوچەی سەردەشت، لە بازگەیەکی پشکنینی ناو ئێران، کەوتنە پشکنینی لەشم و لە ناو جلەکانمدا (جلی کوردیی پێشمەرگایەتی)، منیش دوو نامەی گرنگی " شێخ عێزەدین حوسەینی" م لە ناو جلەکانمدا شاردبووەوە، کە ئەوە دوونامەیە شێخ عێزەدین بۆ کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیی نووسیبوو دەربارەی ئەو نەهامەتی و چەوساندنەوەیەی ڕژێمی ئێران دەرحەق بە میللەتی کورد دەیکات، نامەکان نەکەوتنە دەستی پاسدارەکان و نەیاندۆزینەوە. لەهەمان جۆری نامە درا بوو بە هاوڕێیەک و دۆستێکی نزیکمان بە ناوی قەرەنی کەریمی بە داخەوە بە هۆی ئەو نامانەوە، دەستگیر کرا و تیرەبارانیان کرد.[ زۆر بە داخەوە و یادی هەمیشە بەرێز بێت] ( کوردستانی نوێ ٢٤ / ١١ / ٢٠١٩)
باشم لە بیرە لە ژووییەی ١٩٨١  خانمێکی ئێرانی کە من نەم دەناسی بەڵام ژمارە تەلەفۆنی منیان پێدابوو، تەلەفۆنی بۆ کردم بۆ سوێد و خەبەری شەهید کرانی قەرەنی لە تەورێز پێ ڕاگەیاندم کە بە براکانی بڵێم. ئەمن بە بیستنی ئەو خەبەرە زۆر تێک چووم و بە خۆم گوت  نابێ جەلال و کەماڵ ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە لە منەوە ببیستن. ماوەیەک دواتر پێیان زانی و لە ستۆکهۆڵم مەجلیسێکی سەرەخۆشیمان دانا. ئەو دەمێ ئەمن ئەندامی حدکا بووم و دواتر بە بۆنەوەی یەکەمین ساڵی شەهادەتی پۆسترێکمان بڵاو کردەوە. قەرەنی کەریمی تێکۆشەڕێکی فیداکار و خۆ نەویست بوو و لەو پێناوەش دا سەری دانا. هەر بەرز و گەشاوە بێ بیرەوەری تێکۆشەری بەوەج قەرەنی کەریمی.
حەسەن قازی
ژووییەی ٢٠٢٠

خەبەرنامەی کۆمەڵە   لاپەڕەی ٥  ، ژمارەی  ١٣٢ ،  ٢٨ / ٤ /  ١٣٦٠  [١٩-ی ژووییەی ١٩٨١ ]
ئیعدامی تێکۆشەر شەهید کاک قەرەنی کەریمی
لە لایەن مامۆستا شێخ عێزەدینی حوسینییەوە ڕاگەێێندراوێک  سەبارەت بە ئێعدامی تێکۆشەری شەهید  کاک قەرەنی کەریمی بڵاو کراوەتەوە. شایانی باسە کە لەو دواییانە دا ڕێژیمی جەلادی جمهووری ئیسلامی جگە لە ئێعدامی بە کۆمەڵی ئاشکرا ، ژمارەیەکی دیکە لە شۆڕشگێڕان و خەباتگێرانی گەلی کورد بە نهێنی تیرەباران کردووە و دەستی پاراستووە لە ڕاگەیاندنی خەبەرەکەی . لە ناو ئەو تیرەباران کراوانە دا یەکێک لە دۆستانی هاوکاری مامۆستا، ڕووناکبیری تێکۆشەر  کاک قەرەنی کەریمی یە.
شەهید قەرەنی کە بە ساڵان لەگەڵ خوێندکارە تێکۆشەرەکانی دیکەی کورد لە ئوڕووپا وەکوو ئەندامی  "کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی ووڵات" ( ئاکسا) خەریکی چالاکی سیاسی بوو ، لە سەر وبەندی بزووتنەوە دا هاتەوە ئێران و چالاکانە لە خەباتی گەلی کورد دا بەشداری کرد. دوای هێرشی کۆنەپەرستانەی ڕێژیم بۆ سەر کوردستان لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨  درێژەی بە خەباتی خۆی دا  لە ڕیزی پێشمەرگەکانی بزووتنەوەی خۆ ڕاگری و دوا جار لە ڕۆژی ١٥ / ٤ / ١٣٦٠ دوای مانگێک یەخسیری لە چنگی دەستنێژانی جمهووری ئیسلامی دا ، وەک سەدان زیندانیی شۆڕشگءری سەرتاسەری ئێران لە زیندانی تەورێز تیرەباران کرا.
ئێمە بە بۆنەی شەهادەتی ئەو دۆستە تێکۆشەرە لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی دەکەین لە بنەماڵەی شەهید و مامۆستا شێخ عێزەدینی حوسینی – یادی بە خێر بێ. "

خبرنامە کوملە


وێنەی شيهید قەرەنی کەریمی لەگەڵ نەمر عەبدولڕەزاق فەیلی لە بۆنەیەک دا لە ساڵی  ١٩٧٨ لەلەندەن گیراوە و بەسپاسەوە برای بەڕێز مەحموود شافعی بۆ ڕوانگەی ناردووە. 







No comments: