Saturday, July 25, 2020

هەڤپەیڤینی موحسێن میرزایی لە بەرنامەی فارسی ' پایش 'ی تێلێڤیزیۆنی ئاریەن لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی بە بۆنەی ٩٧-مین ساڵی پەیمانی لۆزان. جومعە ٢٤-ی ژووییەی ٢٠٢٠


هەڤپەیڤینی موحسێن میرزایی لە بەرنامەی فارسی ' پایش 'ی تێلێڤیزیۆنی ئاریەن لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی بە بۆنەی ٩٧-مین ساڵی پەیمانی لۆزان. جومعە ٢٤-ی ژووییەی ٢٠٢٠
میرزایی:  ڕێزدار وەلی، بەخێر بێن، ئەم کاتەتان باش
وەلی: سڵاو لە ئێوە و بینەرانتان
میرزایی: رێزدار وەلی بەگشتی لەو ڕاپۆرتەیدا کە بیستمان باسی پەیمانی لۆزان کرا، بەڵام بابەتێک هەیە ئەویش ئەوەیە کە کوردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کاتێک باسی ئەو پەیمانە دەکەن باسی ڕەنج و کارەساتێک دەکەن. مەبەستی کوردەکان لەو کارەساتە چییە؟ چ ڕووی دا کە ئەمڕۆ ئێمە دەبینین کوردەکان وەک کارەساتێک و مێژوویەکی ڕەش باسی دەکەن؟
وەلی: پەیمانی لۆزانی کە لە ساڵی ١٩٢٣ لە نێوان فەڕانسە،بریتانیا، ئیتالیا،  ژاپۆن و یۆنان و ڕۆمانی بەسترا، سنوورەکانی وڵاتی ئێستای تورکیای تەسبیت کرد. لەو قەرادادە دا بە تەسبیتی ئەو سنوورانە تورکیا، واتە حکوومەتی ئەو دەمی تورکیا لە لۆزان قەبووڵی کرد کە دەست هەڵگرێ  لە ئیدیعای زەوینی خۆی لەمەڕ عێڕاق، سووریا و ناوچەکانی دیکە لە باڵکان  و لە بەرانبەر دا داوای لەو وڵاتانە کرد کە ئەو پەیمانەیان ئیمزا کرد بوو سنوورەکانی هەیی تورکیا قەبووڵ بکەن و حەقی حاکمییەتی تورکیا بە سەریاندا بە ڕەسمی بناسن. بۆ وێنە یەکێک لە خاڵەکانی ئەو پەیمانە حەقی هاتوچوو، تێپەڕێن بە تەنگەی داردانێل واتە بۆسفۆر دابوو کە تورکیا ئەوەی قەبووڵ کرد بۆ کەشتی و بارهەگری مەدەنی بەڵام حەقی هاتوچوو و تێپەڕینی کەشتییە نیزامییەکان بەو تەنگە ئاوییە دا وەک خۆی ماویەوە و بەو پەیمانە جێ بەجێ نەبوو. و ئەوە تا ساڵی ١٩٣٦-ی کێشتا کە لەو ساڵە دا ئەو کێشەیە لە پەیمانی مۆنتێرۆ دا لە نێوان تورکیا و ئەو وڵاتانە ئیمزا کرا و قەبووڵ کرا تورکیا کۆنتڕۆڵی هەبێ بە سەر هاتووچووی کەشتییە جەنگییەکاندا. بەڵام لە بناوندا ئەوەی کە ڕوویدا ئەوە بوو بناغەی جوگرافیایی و وڵاتیی دەوڵەتی تورکیا قەبووڵ کرا. بەڵام ئەوەی گرینگە ئێمە بیزانین ئەوەیە کە چ بوو کە دوای سێ ساڵ لە پەیمانی سێڤر لە پاریس کە لەو پەیمانە دا لە سەر پلان و چوارچێوەیەکی دیکە تەوافوق کرا بوو، لە نێوان نوێنەرایەتی ئەو دەمی حکوومەتی تورکیا و هێزە هاوپەیمانەکان کە گرینگترینیان فەڕانسە، بریتانیا و ئیتالیا بوون چ  ڕوویدا کە ئەو هەلومەرجانە گۆڕانیان بە سەر داهات؟
مەسەلەیەکی سەرەکی کە لێرە دا ڕووی دا، مەسەلەی کۆتایی هاتنی شەڕی نێوخۆیی سۆڤیەت و سەرکەوتنی هێزەکانی بۆلشۆویک لەو شەڕە دا بوو کە ئەو پێویستییەی هێنایە گۆڕێ پشتێدی پاراستن بە دەوری سۆڤیەت دا ڕایەڵ بکرێ و ئەو پشتێندە بەو مەبەستە بوو کە حکوومەتگەلی دژی یەکێتی سۆڤیەت پێک بهێندرێن و ئەوانە دۆست، هاورێ و هاوقەدەمی وڵاتە سەرمایەداتییەکانی ڕۆژئاوا بن. ئەوە زۆر گرینگ بوو، دوای ئەوە دەبینین کە ساڵ ونیوێک دواتر، واتە دووساڵ دواتر لە پەیمانی لۆزان لە ئێرانیش کودەتا دەکرێ و لەوێ لە پێشدا حکوومەتی ڕەزا خان و دوایە ڕەزا شا لەوێ تەسبیت دەبێ. ئەوە بەشێک لەوە بوو، هەر ئەوەش بەشێوەیەک لە ئەفغانستان قەوما و دوای ئەوەش نۆرەی یۆنان دێ و دوایە وڵاتەکانی باڵکان و مەسەلە ئەوە بوو  کە پێشی پێشڕۆیی کۆمۆنیزم و بۆلشۆیزم بگیرێ. و هەر لە بەر ئەوەش بوو کە لە نیوان ساڵانی ١٩٢٠، ١٩٢١ تا ساڵی ١٩٢٥  هەموو باڵانسە سیاسییەکانی ناوچە ئالوگۆڕی بە سەر دا هات. کاتێک ئەو گۆڕانانە قەومان دۆزی کورد، گرینگیی ستراتێژیکی خۆی بۆ ماوەیەک بۆ هاوپەیمانان لە دەست دا. ئەوە لایەکی کێشەکە بوو، و ڕەهەندەکەی دیکەش ئەوە بوو کە نێوان ساڵانی ١٩٢٠، ١٩٢١ تا ساڵانی ١٩٢٣،١٩٢٤ کوردەکانیش نەیانتوانی ڕێبەڕایەتییەکی دیار، یەکگرتوو و بە بەرنامەیەکی کۆنکرێتەوەیان هەبێ کە بتوانێ موزاکەرە و مامڵە لە گەڵ هێزە هاوپەیمانەکان بکا. لێرە دا ئەوە هەر کوردەکان نەبوون کە دۆڕاندیان، بەڵکوو لێرە دا ئەرمەنییەکانیش یەک لە دۆڕاوەکانی ئەو پەیمانە بوون. ئەوانیش ئەو شتانەی کە لە پەیمانی سێڤر لە پاریس وەدەستیان هێنابوو، لە پەیمانی لۆزان دا لە دەستیان دا، هەڵبەت  لە چوار چێوەی یەکێتیی سۆڤیەت دا ئەوان جمهوورییەکیان هەبوو کە سەر بە ناوەند بوو لە چوارچێوەیەکی فێدێڕاڵ دا.
بەڵام کوردەکان ئەوەیان وەدەست نەهێنا وهەر لێرەدا بوو دەبێ ورد بینەوە کە کاتێک ئەو وەزعە هاتە پێشی و تەسبیتی دەوڵەتی یورکیا کەوتە ناو ڕۆژەڤی دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان،  کوردەکان، لەلایەکەوە لە بەر ئەوەی کە نوێنەرایەتییان نەبوو، و بەو شێوەیە بەرنامەیەکیان نەبوو، و ڕێبەرایەتییەکیشیان نەبوو و بۆ خۆشیان ئەگەر لە بیرمان بێ لە سەر بنەمای ویفاقی میللی ١٩١٩ لە نێوان مستەفا کەماڵ و شێخ سەعیدی پیران، شێخ سەعیدی پیران خۆشی لەو شەڕانە دا کەگەیشتە دەرپەڕاندنی هێزە هاوپەیمانەکان لە تورکیا، بەشداری کرد بوو بەڵام، کاتێک ئەو ویفاقی میللی لەگەڵ مستەفا کەماڵ قەبووڵ کرد، ئەو دەمی شێخ سەعید لەگەڵ ئەو جۆرە دەوڵەتە نەبوو کە لە تورکیا دامەزرا، . دیارە داوخوازەکانی شێخ سەعید پێک نەهات و مستەفا کەماڵ و یارانی توانییان سەرکەوتن بەدەست بێنن. کاتێک سەرکەوتن، ئاکامەکەی ئەوە بوو کە هاتە گۆڕێ.
هەڵبەت ئەوە ڕاستە کە لە تورکیا پەیمانی لۆزانیان وەکوو سەرکەونێکی گەورە نیشان دا، و لە کتێبەکان دا وای باس دەکەن. بەڵام، بە کردەوە ئەگەر بە وردی تەماشای بکەین پەیمانی لۆزان لە ڕووی زەوینی و لە ڕووی مەودای جوغرافیاییەوە شکستێکی زۆر گەورە بوو بۆ تورکیا. دوو ساڵ دوای پەیمانی لۆزان بوو کە مەسەلەی مووسڵ لەگەڵ بریتانیا جێ بەجێ کرا و لە ناو دەوڵەتی عێڕاق دا تەسبیت کرا. بەڵام مەسەلەیەکی کە لێرا دا دەمەوێ ئاماژەی پێ بکەم ئەگەر کات هەبێ ئەوەیە کە زۆر گرینگە ئەویش ئەوەیە ئەلئان لە تورکیا تڕێندێک، مەیلێک پەیدا بووە و ئەو ترێندە لە ڕاستیدا ئامانجی ئەوەیە کە بەرنامەکان، داوخوازاەکان و ئەو مەسەلانەی کە لە ناو پەیمانی لۆزان دا تەسبیت بوون ئەوانە کەم تا زۆر وردە وردە بەڕێتە ژێر پرسیار و تەنانەت ئەگەر دەرفەتێک بێتە گۆڕێ ئەوانە لە ناو بەرێ، بە تەواو بوو ڕایان بگەیێنێ . ئێستا دەبینین لە سیاسەتەکانی حیزبی فەرمانڕەوا دا و بە تایبەتی ڕێبەوری ئەو حیزبە ئیدیعای زەوینی دەهێنێتە گۆڕێ.
میرزایی: بە وردی وایە، بەڕێز وەلی ببورە قسەکەتان دەبڕم بە داوای لێ بوردنەوە. بزانە ئەمن دەمەوێ ئەو پنکتە بێنمە گۆڕێ. ئەمڕۆ ٩٧-مین ساڵوەگەڕی  پەیمانی لۆزانە. سێ ساڵی دیکە پەیمانی لۆزان دەبێ بە سەد ساڵ و بە لەبەر چاوگرتنی ئەو هەڵسوکەوت و جموجووڵەی لە تورکیا دەستی پێ کردووە بە ڕێبەریی حیزبی دادو گەشەپێدانی ئاغای ڕەجەب ئەردۆغان، ئێمە ئەمڕۆ دەبینین ئەو حیزبە مەیلی وڵات داگیرکردنی هەیە، لە باکووری سووریا هەن، لە باکووری عێڕاق هەن، لە لیبی هەن و لەو جێیانەی هەن، لەو شوێنانەن کە لە پەیمانی لۆزان دا لێیان ئەستێندراوە و ئێمە دەبینین لە پارڵمانی  تورکیا دا نوێنەرانی ڕاست ئاژۆی، تیژپەڕی نەتەوە پەرستی  تورکیا باسی ئەوە دەکەن کە مووسڵ مافی ئێمەیە، کەرکووک مافی ئێمەیە . ئایا بەو خەمساردییەی کە کۆمەڵی جیهانی لە پێوەندی لەگەڵ نزیکبوونەوە لەو سەد ساڵە هەیانە، دەبێ چاوەڕوانی ڕوودانی خراپتر بۆ ئەو بابەتەی لۆزان بین؟
وەلی: بە باوەڕی من ئەوەی کە ئێمە دەیبینین، بۆ وێنە ئەگەر تەماشا بکەن ئەوەی لە سووریا ڕوو دەدا لە عەفرین. لە ئیدلیب و لە بەشەکانی دیکەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی نیزامی تورکیا دایە. ئەوەی کە ڕوودا دەدا ئەوەیە کە تورکیا بە کردەوە خەریکە سیاسەتێکی پاکتاوی ئێتنیکی لەوێ بەڕێوە دەبا و لە سیستمێکی فەرمانڕەوایی دا کە ئەوان نێویان ناوە تورکیای گەورە، خەریکن ئەو سیاسەتە لەو شوێنانە بەڕێوە دەبەن. بۆ وێنە ئەگەر تەماشا بکەن ئەو هێزە ئیسلامیانەی  کە لەوێ دایانمەزراندوون ئەو ناوانەی لێیان ناون شتی ئاوان ، گوردانەکانی سوڵتان سەلیم، سوڵتان محەمەد و سوڵتان عەبدولحەمید و لەو شتانە و ئەو نیشانەی ئەوەیە کە حێزبی فەرمانڕەوا لێرە دا سیاسەتی وڵات فرەوان کردنەوەی بە پێشینەی عوسمانی دە سەر دایە. و هەر لەو پێوەندییە دا هەر قسەی ئەوتۆ سەبارەت بە کوردستانی عێڕاقیش کراوە. باسی مووسڵ و هەولێر و تەنانەت سولەیمانی و کەرکووک دەکەن و ئەوە بە پڕۆژەی گەورە دادەنێن. بەڵام ئەمن لێرە دا پێم خۆشە ئاماژە بە پنکتێک بکەم. ئەوەی کە بە کردەوە تا ئێستا ئەو مەسەلەیەی مەیسەر کردووە. مەسەلەی عەفرین، مەسەلەی کوردستانی سووریا، ڕۆژئاوا ، یان ئەو ئیدیعایانەی کە سەبارەت بە کوردستانی عێڕاق دەکرێ و ئەوەی لە لیبی ڕوودەدا بە گشتی و ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی میدیتەرانە دەکرێ لەمەر کەشف و دەرهێنانی نەوت و ئەو کێشانەی کە لەگەڵ یۆنان هەن. ئەلئان بۆ وێنە دەیانگوت دوێنێ ئەگەر موداخەلە نەکرابا شەڕی نێوان یۆنان و تورکیا دەقەوما. بەڵام ئەوەی کە لێرە دا گرینگە دیار نەبوون و نەبوونی جۆرەیەک لە رێبەرایەتی نێونەتەوەیی یە لە لایەن  ئەمریکاوە. ئەمریکا زل هێزێکە، هێزێکی جیهانییە، زل هێزێکە کە بەرپرسیارەتی زل هێز بوونی وەلا ناوە. و بە کردەوە لێرە دا سیاسەتێکی کۆنکرێتی نییە، نەک هەر سیاسەتێکی کۆنکرێتی لەو ناوچەیە دا نییە، بەڵکوو خۆی  دەستەوەستانیش کردووە و لەبەر ئەوەی کە دەستەوەستانە ئەو درزەی لەوێ بووە دەوڵەتی تورکیا هاتووە دەناو ئەو درزەوە، ئێران تا ڕادەیەک لە عێڕاق و سووریا هاتووەتە ناو ئەو درزەوە. و ئەوە یەکێک لە بەمەترسیترین شتەکانە کە لە سەروبەندی ئەو دە ساڵە دا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ڕووی داوە. هەر دوێنێ  وا وەبەرچاو دێ لەو بەرنامەیەی دا کە ئاغای بایدن  ڕای گەیاندووە گوتوویەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دەمێنێتەوە و سیاسەتێکی چالاک وەبەر دەگرێ. ئەوە بە باوەڕی من هەڵبەت جۆرێک هیواداری دەدا کە ئەمریکا بتوانێ ئەو دەورە بگێڕێ کە تواناییەکەی دەیداتێ ، یانی هەڵکەوتی لە جیهاندا ئەو دەرەوی دەداتێ کە بتوانێ بیگێڕێ. ئەگەر ئەو کارە بکا تەوازونێکیش لەگەڵ دەوری ڕووسیا دێتە گۆڕێ و ڕووسیا ناتوانێ ئازادانە ئەو جموجووڵانە بکا کە لە پێش چاوی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا و هێزەکانی دیکە لەو ناوچەیە دا دەیکا. لە لیبی و شوێنی دی. ئەمن پێم وایە لە ڕووی نێونەتەوەییەوە سەرۆکایەتی جمهووریی ئاغای تڕامپ پنکتێکی زۆر نەرێنی بووە و بە کردەوە ئەگەر ئەوە بەردەوام بێ تەئسیری زۆر خراپی دەبێ.
میرزایی:  ئێوە باسی دەوری ولاتان و دەوڵەتە بەدەسەڵاتەکانتان کرد. لە سەروویان دا ئەمریکا کە ئەمڕۆ زل هێزی جیهانە. بەڵام من دەمەوێ چاوێک  لەو بەری چیرۆکەکەش بکەین بە بۆچوونی ئێوە نەبوونی ئینسیجام لە ناو ڕەوتگەل و حیزبە کوردییەکاندا لە گشت ئەو ٩٧ ساڵە دا، نامەوێ تەماشای ئەمڕۆ بکەین، نەبوونی ئینسیجام و نەبوونی بەرنامەیەکی تەواو و ناسراوی کە بتوانن لە سەر ئەو کێشەیە ڕاوەستن و گەڵاڵەیەک بهێننە گۆڕێ  بۆ کۆمەڵی جیهانی. ئایا ئەو مەسەلەیە تەئسیری نەبووە؟
وەلی: با، تەئسیرێکی زۆر سەرەکی بووە. بە باوەڕی من، ئەمن زۆر جار لە نووسینەکانم دا ئاماژەوم بەو لایەنە کردووە. یەکێک لە پنکتە سەرەکییەکانی لاوازی کوردەکان نەبوونی ڕێبەرییەکی کاریگەر، رێبەرییەکی یەکگرتوو و نەبوونی بەرنامەیەکی سیاسی یەکگرتوو و هەر وەها نەبوونی وێژیاکێکی سیاسی یەکگرتوو بووە. و هۆی ئەوەش تەنێ لە شانۆی نێونەتەوەیی دا نابینین. بەڵکوو لە شانۆی ناوخۆیی کوردستانیش دا دەبینن. ئەو ئالۆزکاویی فکرییەی کە هەیە، ئەو ئالۆزکاوییە سیاسییە و تەنانەت لە زۆر رووەوە ئەو ناکۆکییە سیاسییانەی کە هەن، بۆ وێنە ئەوەی کە بۆ ماوەیەک لە ڕٶژئاوا ڕووی دەدا، یا ئەوەی کە لە باشوور هەبوو، یان ئەوەی کە لە باکوور هەبوو ئەوانە مەسەلەی زۆر بنەڕەتی بوون، ناکۆکی بنەڕەتی لێرە دا هاتنە پێشێ. ئەوە وایە. بزانە بە کردەوە، ئەو قسەیە زۆر ڕاستە یانی سەرکوت و بە بندەست مانەوە و بندەستی ئەگەرچی تا ڕادەیەکی یەکجار زۆر خەتای هێزە سەرکوتکەر و باڵا دەستەکانە، بەڵام، تا ڕادەیەکیش هێزە بندەستەکان و ئەوانەی کە زوڵمیان لێ دەکرێ لەبەر ئەوەی کە نازانن چلۆن لەبەرانبەر ئەوە دا ڕاپەڕن و چۆن لە بەرانبەری دا ڕاوەستن، چلۆن یەکێتییان هەبێ، چ بەرنامەیەکیان بۆ کردەوە هەبێ، ئەوە بە کردەوە مەسەلەکە توندتر دەکا. ئەمن ئەوە قەبووڵ دەکەم کە لەناوخۆی کوردستانیش دا هەلومەرجی ئەوتۆ هەبووە کە ئەو مەسەلەی توندتر کردووە و تەشویقی کردووە.
میرزایی: ئاغای وەلی لە کۆتاییدا ئەگەر بتوانن لە دوو یا سێ دەقیقە دا قسەکان کۆ بکەیەوە مەمنوون دەبم. بەلەبەرچاوگرتنی ئەو نەخشە سیاسییەی کە ئێمە ئەمڕۆ دەیبینین دوای ٩٧ ساڵ،  ٩٧ ساڵ لە پەیمانی لۆزان تێ پەڕێوە، سێ ساڵی دیکە ئەو پەیمانە تەقریبەن نامێنێ و هەر وەک لە دوو پرسیاری پێشتر دا هێنامە گۆڕێ. جموجووڵوکانی تورکیاش نیشانە بیر و يامانی بەرزەفڕانەن، بەڵام ئێوەش ئاماژەتان کرد بە بێدەنگ بوونی هێزە جیهانییەکان لە سەروویان ئەمریکا. بە باوەڕی ئێوە لە ئەمڕۆی دا کە ئێمە خەریکین قسە دەکەین، سێ ساڵ زیاتر نەماوە، دەوری تەوەرەیی کوردەکان لەو ناوە دا دەتوانێ چی بێ؟ چلۆن دەتوانن بگەنە ئینسیجامنێک. هەڵبەت ئەو چلۆن دەتوانن، ئێمە نامانەوێ ڕەچەتە بنووسین بۆ حیزب و جەرەیانە کوردییەکان. بەڵام ڕێکارێکی گشتی بۆ گشت گەلی کورد، بە باوەڕی ئێوە ڕێکار و دەرکەوتن لەم قەیرانییە ٩٧ ساڵەیە دەتوانێ چ بێ؟
وەلی: بڕاونە ئەمن پێم وایە ئەگەر مەبەست لە ڕێکاری گشتی بێ بۆ هەموو گەلی کورد لە بەرچاو بگرین، ئا دەکرێ بەرنامەیەکی ئاوا لە بەرچاو بگرین بەڵام، دەبێ بڵێین کە ئێستا هەلومەرجی وەدیهاتنی بەرنامەیەکی گشتگرەوە دوورە دەستە، تەوەجوهێ دەکەی. شتێک نییە کە ئەمن بەڕاستی ئەلئان بتوانم بڵێم بەرنامەیەکی گشتی بۆ هەر چوار پەشی کوردستان دەکرێ لە داهاتوویەکی زۆر نزیک دا جێ بەجێ بکرێ، ئەمن ناتوانم ئەوە ببینم و بە باوەڕی من ئەو سیاسەتەش کە بۆ هەنووکە هەیە بەڵام هەلومەرجی وەدیهاتنی لە داهاتوو دا هەیە من ئەو سیاسەتە بە سیاسەتێکی دروست نازانم. ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە کە لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان دا بە باوەڕی من بەشەکانی تایبەتمەندی تایبەتی لەمەڕ خۆیان هەیە. ئەو تایبەتمەندییانە دەبێ لەبەر چاو بگیرێن و ئەو هێزانەی کە لەوێدا هەڵسووڕاو و چالاکن لەسەر بنەمای ئەو تایبەتمەندییانە، بە باوەڕی من دەبێ هەنگاو هەڵبگرن. ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە، ئەمن هەمیشە گوتوومە، تەوەرە، تەوەرەی سیاسەتی کورد دەبێ لە چیاوە بگوێزرێتەوە شار. و ئەوە بە باوەڕی من دەبێ بە ڕازی سەرکەوتنی خەباتی کورد. ئەوە بەو مانای تەختەئە و پێوەهەڵکاڵانی چیا نییە،  ئەوە بەمانای تەختەئەی شەڕی چەکدارانە نییە ، نا نا، بەهیچجۆر مەبەست ئەوە نییە، بەڵام کاتێک تەواوی قورسایی لە سەر شەڕی چەکدارانە دادەندرێ، سیاسەتی سیڤیل لە شار، سیاسەتی مەدەنی لە شارەکاندا جێگای دووەم و سێیەم پەیدا دەکا. ئەمن ئەوە بە کێشەی بنەڕەتی کولتووری سیاسی کورد دەزانم، ئەگەرچی گوتم لە هەلومەرجی ئێستا دا ئەمن جەنگی چەکدارانە تەختەئە ناکەم، تەوەجوهێ دەکەی. بەڵام ئەمن دەڵێم هەمان وەزن و قورسایی و زۆر گرینگ بدەین بە جووڵانەوەی دێمۆکڕاتیکی مەدەنی لە ناو شارەکاندا. ئێستا لەوانەیە زۆر کەس بڵێن لە بەر هەلومەرجی خنکێنەرە کە ئەوە مەیسەر نییە، بەڵام ئەو هەلومەرجانە دەتوانێ بگۆڕێ. ئەوەیکە گرینگە ئەوەیە ئەگەر کوردەکان بەڕاستی لەهەلومەرجێکدا کە ئەمریکا ئاوا دەستەوەستان بووە ، ڕووسیا دۆخێکی زۆر بەرچاوی لە ناوچە دا وەبەرگرتووە و ئێمە دەوڵەتی وەکوو ئێران و تورکیامان هەن کە بەکردەوە لە سیاسەت دا نکووڵی لە بوونی کورد دەکەن. لەو هەلومەرجەدا ئەگەر کوردەکان بە کارتی دەستی خۆیان بە باشی کایە نەکەن و ئەگەر هەلومەرج لە ئەمریکا نەگۆڕێ – ئێمە دەبێ هیوادار بین کە بگۆڕێ – و ئەمریکا دەست لەو سیاسەتە دەستەوەستانییەی هەڵگرێ، بە باوەڕی من ئەگەر کوردەکان وشیار نەبن و بە دوای سیاسەتی بنەڕەتی دا نەچن بە باوەڕی من ژیان بۆ هەموومان دژوار دەبێ.
میرزایی: سپاستان دەکەم بەڕێز دوکتور وەلی
وەلی: تکایە.     


No comments: