Monday, July 27, 2020

پرۆفێسۆر دەیڤید کریستاڵ نووسەری زیاتر لە ١٠٠ کتێب لە بواری زمانناسی و زمانی ئینگلیسی : ئەگەر شێکسپیێێر لە زمانی دیکەوە وشەی نەخواستباوە ئێستا شتێکمان نەدەبوو بە ناوی شێکسپیێر

پرۆفێسۆر دەیڤید کریستاڵ نووسەری زیاتر لە ١٠٠ کتێب لە بواری زمانناسی و زمانی ئینگلیسی
ئەگەر شێکسپیێێر لە زمانی دیکەوە وشەی نەخواستباوە ئێستا شتێکمان نەدەبوو بە ناوی شێکسپیێر

بریتیش کاونسل لە ڕووسیا
هەڤپەیڤینی دوکتور لودمیلا کۆزننێتسۆڤا، سەر بە زانکۆی دەوڵەتی سەنت- پێترزبورگ لەگەڵ دەیڤید کریستاڵ
 ١١
/ ٦ / ٢٠١٤
بریتیش کاونسل  پێشبڕکەیەکی ساز کردووە لە ناو ئەوانەی زمانی ئینگلیسی وەک پیشە دەکار دەکەن وەک مامۆستایان لە ڕووسیا. و ئەمن چەند پرسیارم لەبەر دەمە لێت پرسم. ئێمە وەک مامۆستای زمانی ئینگلیسی بە پەرۆشەوە لە داهاتووی زمانی ئینگلیسی دەڕوانین . یەک لە پرسیارەکان ئەمەیە ئایا زمانی ئینگلیسی لە ئاست کارتێکەری زمانانی بێگانەی دەبێ بپارێزرێ یان نا؟
دەیڤید کریستال: ئەها پاراستن! ئەوە چ ڕێگایەک نییە بۆ دەستەبەرکردنی داهاتووی زمانێک. ئەو فکرە بڵاوە کە زمانان حەوجێیان بە پاراستنە. بەڵام تەنێ ئەو زمانانە حەوجێیان بە پاراستنە کە بە جێدی لە مەترسی لەناوچوون دان لە چوارگۆشەی دنیا دا. ئەو زمانانەی لەئاوێلکەدان دان، ئەو زمانانەی کە ژمارەیەکی زۆر کەم قسەیان پێ دەکەن. زۆر زمانی ئاوا هەن. بەڵام لە ڕاستیدا زمانە ساز و بەکەیفەکان حەوجێیان بە پاراستن نییە، ئەوان زۆر بەهێزن، ئەوان زۆر قووڵن و ئاخێوی زۆریان هەیە. بۆ نموونە با باسی ئینگلیسی بکەین. لە چوارگۆشەی جیهان دا ٢ میلیارد ئینسان بە زمانی ئینگلیسی قسە دەکەن. ئەوە یەک لە سێی دانیشتوانی جیهانە. ئەوە کوا حەوجێێ بە پاراستنە. کاتێک خەڵک باسی پاراستنی زمان دەکەن مەبەستیان ئەوەیە وشەی نوێ دێنە ناو زمان  لە زمانەکانی دیکەوە و پێیان وایە ئەوە دیاردەیەکی خراپە. هەمان شت بە نیسبەت زمانی ڕووسی ڕوو دەدا. سەبارەت بە فەڕانسەیی، ئێسپانیایی. خەڵک نیگەرانن چونکە وشەی ئینگلیسی دەچن دەو زمانانەوە.
بەڵام دەزانی مێژوی زمانی ئینگلیسی، مێژووی وشە خواستنەوەیە. لە گشت ئەو وشانەی کە لە زمانی ئینگلیسی دا هەن  هەشتا لە سەدەین لە زمانانی دیکەوە خواستراونەتەوە. ٨٠%، تەنێ بیست لە سەدی ئەو وشانەی لە ئینگلیسی دا هەن دە ڕاستیدا وشەی کۆنی ئەنگلۆساکسۆنی، جێرمانی ن. بۆ نموونە لە ماوەی سەدەکانی ناوەڕاست دا شێست هەزار وشەی فەڕانسەیی هاتنە ناو زمانی ئینگلیسی، لە سەدەی شازدەهەم دا سەدهەزار وشە لە زمانی لاتینەوە هاتنە ناو ئینگلیسی. و لە ماوەی سەدان دا نزیکەی ٦٠٠ زمان وشەیان بە قەرز داوە بە زمانی ئینگلیسی. ئینگلیسی هەمیشە گەسکێکی کارەبایی زمان بووە و وشەی قووت داوە لە هەر زمانێکەوێ کە تووشی هاتبێ. دەی ئاکامی ئەوە چ بووە؟ داخودا ئەوە بووەتە هۆی شکانی زمانی ئینگلیسی؟ لەبەر ئەو هەموو خواستنەوەیە؟ بە پێچەوانە زمانی ئینگلیسی بووە بە زمانی هەرە سەرکەوتووی جیهانی کە قەت نموونەی نەبووە. جا بۆیە وشە خواستنەوە بەو شێوەیە دەست لە زمان وەرنادا، بەڵام، هەڵبەت خەسڵەتی زمان دەگۆڕێ. باشە ئایا ئەوە شتێکی خراپە؟ کە ئەو هەموو خواستنەوە زۆرانە خەسڵەتی زمانی ئینگلیسییان گۆڕیوە؟ با ئاوا پرسیار بکەم. ئەگەر ئینگلیسی قەت ئەو وشە فەڕانسەییانەی نەخواستباوە و گشت ئەو وشە لاتینانە، ئایا ئێمە شێکسپێیر مان دەبوو؟ توانانی و دەسەڵاتی زمانی شێکسپیێر لەوەدایە کە وشە لەو زمانە جیاوازانە و بە پێشینەی جیاوازەوە وەردەگرێ لە تەنیشت یەک دایان دەنێ دەیخانە زمانی پێرسۆناژەکانی (کەسایەتییەکان) و ئەو جیهانییەتە ئەوپەڕ سروشتییەی کە ئێمە لە شێکسپیێێر دا دەیبینین واتە جیهانییەتی زمانی ئەوە بە وردی ڕیشەی لە خواستنەوەی ئەو هەموو وشانە دایە. کە وابوو ڕاستە خواستنەوە خەسڵەتی زمان دەگۆڕێ بەڵام ئەمن پێم وایە ئەوە بەرەو باشی دەکا نەک خراپی.
پرسیار: و لێرە دا ئەمن پرسیارێکم لەمەڕ شێکسپییێر هەیە. ئەوە ڕاستییەکی پێ زاندراوە کە شێکسپیێێر زۆر وشەی نوێی ئینگلیسی داڕشت . ئەو چۆن ئەوەی کرد؟ و وەک بزانی دەکرێ بڵێی چەند وشەی ئافراندووە؟
کریستاڵ: ئەوە بە ڕاستی پرسیارێکی دژوارە کە لەم ڕۆژگارە دا وڵام بدرێتەوە. ئێمە بە چ ڕێگایەک دەزانین سێکسپییێر وشەی داهێنانەوە؟ و مەبەستمان لەوە چییە. هەڵبەت هەموو کەس دەتوانێ وشەیەکی نوێ چێ کا. ئەوە کردنی هاسانە بەڵام پرسیار ئەوەیە گەلۆ ئەو وشەیە بۆ هەمیشە دە زمانەکە دا دەمێنێتەوە. لە نموونەی شێکسپییێر دا ئەو زۆر پەیڤی خولقاند . وکاتێک یەکەمجار قامووسی زمانی ئینگلیسی ئاکسفۆرد لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم دا بەرهەڤ کرا، شێکسپییێر نووسەری ژمارە یەک بوو کە ئەوان بەکاریان هێنا و بە نووسینەکانی دا گەڕان بۆ ئەوەی پەیڤەکانی زمانی ئینگلیسی لە سەروبەندی وی دا بدۆزنەوە. ئەوەی کە بەرهەڤکاران دۆزیانەوە ئەوە بوو کە یەکەم بەکارهێنانی وشەیەک لە ئینگلیسی دا زۆر جار لە نووسینەکانی شێکسپییێر دابوو. هەڵبەت دیارە ئەوە لەبەر ئەوە بوو شێکسپییێر نووسەرێکی بژاردە بوو . بە ماوەی ساڵان ژمارەی ئەو وشانەی کە بۆ یەکەمجار لە نووسینەکانی شێکسپییێر دا دەرکەوتن نزیکەی ٢٠٠٠ وشە بوون، هەمووی بەو سەر یەکەوە هێندێک زیاتر لە ٢٠٠٠ وشە. ئێستا بە ماوەی ساڵان خەڵک دەستیان پێ کردووە بە لێکۆڵینەوە لە نووسینەکانی نووسەرانی دی لەو سەروبەندی دا. هاوچەرخانی سێکسپییر، یان خەڵکی کە پێش وی و دوای وی نووسیویانە. و لە ئاکام دا ئەو بانکی وشە کە قامووسنووسان لێی هەڵدێنجن هەر گەورەتر و گەورەتر و گەوەرەتر بووەتەوە ، و لەئاکام دا خەڵک بۆیان دەرکەوتووە هێندێک لەو وشانەی کە ئەوان پێیان وا بوو شێکسپییێر دای هێناون لە ڕاستیدا لە سەردەمێکدا  بەر لەوەی شێکسپییێر لە دایکیش بێ هاتوون دە ئینگلیسییەوە. ئەمن نموونەیەکت بۆ باس دەکەم. وشەی lonely لە مێژ بوو هەموو کەس پێی وابوو شێکسپییێر دای ڕاشتووە،چونکە وشەکە وەک یەکەم کەسی کە بەکاری هێنابێ بە ناوی وێ ڕێکۆرد کرا بوو. بەڵام ئێستا ئەوان وشەی lonely یان لە نمایشنامەیەک دا دیتووەتەوە کە ٢٥ ساڵ بەر لەو دەمەیەیە کە شێکسپییێر دەستی کردووە بە نووسین. جا بۆیە ژمارەی ئەو وشانەی کە وا دادەندرا بە دەست شێکسپییێر داهێندرابن  هەر کەمتر و کەمتر و کەمتر بوونەتەوە لە ماوەی ئەو بیست و چەند ساڵەی دواییدا، بە تایبەتی  لەوەتی ئینرنێت پەیدا بووە. چونکە ئینترنێت گشت ئەو دەقانەی لە سەر هێل خستووەتە بەر دەستان. بە شێوەیەکی ئەوتۆ کە پێشتر دەرەتانی وا نەبوو، جا بۆیە هاسانترە بدۆزرێتەوە گەلۆ وشەیەک پێشتر لە نووسینەکانی شێکسپییێر دا دەکار کراوە یان نا. ئاخر جاری کە من تەماشام کرد گشت وشەکان نزیکەی ١٠٠٠ وشە بوون. ئێمە باسی وشەی وەک assassination   دەکەین کە بە ڕەسەنی وێدەچێ یەکەم جار شێکسپییێر دەکاری کردبێ ، بەڵام وشەیەکی زۆریش کە لە بەکاری هێنانی گشتی ڕۆژانە دا نین وەک بەکار هێنانی پێشگری un لە لایەن شێکسپییێرەوە. بۆ وێنە لەیدی مەکبێث لەبەر خودای دەپاڕێتەوە و دەڵێ unsex ی کا، بۆ ئەوەی زیاتر شەڕانی بێ و پێرسۆناژەکانی دیکە لە شێکسپییێر دا باسی unshout دەکەن یان uncurse ئەوانە گشتیان سازدراوی ڕەسەنی شێکسپییێرن . ڕەنگە نزیکە ٧٠٠ تا ١٠٠٠ وشەی ئاوا هەبێ و ئەو قەدراییە ڕەنگە ئاوا بمێنێتەوە و کەمتر نەبێتەوە. جا بۆیە شێکسپییر تا ئێستاش ئافرێنەری هەرە بەرچاوی قامووسی یە کە زمانی ئینگلیسی قەتی بەخۆیەوە دیتبێ. من و تۆ خۆشحاڵ دەبووین ئەگەر تەنانەت وشەیەکیشمان لە زمانی ئینگلیسی دا داهێنابا ، بەڵام شیکسپییێر لەنێوان ٧٠٠ تا ١٠٠٠ وشەی ئافراند. بەڵام ئەوەمان لە بیر نەچێ ئەوە هەر داهێنانی وشە نەبوو، بەڵکوو ئیدیۆمیشی [ زاراوە]  دا هێنا یان کردیە گەلی. دیسان لێرەش دا دەکرێ زاراوەکەی لە شوێنێکی دیکە وەرگرتبێ. زاراوەی وەک to the mana born  یان my Lord and master  یان
blinking idiot یان  brevity is the soul of wit گشت ئەوانە زاراوەی شێکسپێێریانەن کە ئێمە  هەموو ڕۆژێ لە ژیانماندا دەکاریان دەکەین، یان هەر نەبێ زۆر جار بە کاریان دێنین.
پرسیار: کە وا بوو بۆ زۆر لەو ئیستلاحانە کە بەکاری هێناوە دەتوانین پێی بڵێین پێشخەری سەردەم .
کریستاڵ: وایە، ڕاستە ئەمن پێم وایە هۆی  ئەوەیە کە بۆچی ئەوانە یەکەم جار لە نووسینەکانی شێکسپییێر دا سەریان هەڵێنا لەبەر ئەوەیە ئەو گوێیەکی باشی بوو ، ئەو گوێی لە هەموو کەس هەڵدەخست، ئەو دەیتوانی لاسای کەسایەتییەکانی بکاتەوە و لە بەکارهێنانی ڕۆژانەی پەیڤ و وشان لە دەوروبەری خۆی قووڵ بێتەوە و ئەو یەکەم کەسە ئەو وشانەی پێش خستووە. ئەو وشانە بۆیە وەباو کەوتن چونکە ئەوە بەکاری هێنان brevity is the soul of wit بۆیە وەباو کەوت چونکە ئەو بە کاری هێنا.
پرسیار: لەو دواییانە دا زۆر باسی ئینگلیسی ستانداردی جیهانی قسە کردن دەکرێ. ئێمە پێمان خٶشە بزانین چەندی پێ دەچێ کە بگەینە ئەو ئاستە؟
کریستاڵ:  ئینگلیسی ستانداردی جیهانی  قسەکردن  WSSE ئەمن ئەو زاراوەیەم لە کتێبەکەم دا  " ئینگلیسی وەکوو زمانێکی جیهانی " بە کار هێنا. ئەوەم لەبیرە. هۆی ئەوەی ئەو زاراوەیەم بە کار هێنا  لەبەر ئەوە بوو ئەو پرسیارەی هەموو کەس دەیەوێ وڵامی بزانێ ئەوەیە لە درێژخایەن دا زمانی ئینگلیسی جیهانی چۆن پێش دەکەوێ؟ ئەگەر مرۆ بیر لە ئینگلیسی بکاتەوە لەماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوو دا ئەو شێوەزارە نوێیە ئینگلیسیانە زۆر زیاتر خۆیان دامەزراندووە لە چوار گۆشەی جیهاندا. سەردەمایەک هاسان  بوو، ئینگلیسی بریتانیایی هەبوو، ئینگلیسی ئەمریکایی هەبوو و ئێمە دەمانزانی لە کوێینە. و ئێستا ئینگلیسی ئوسترالیایی هەیە، ئینگلیسی ئەفریقای خواروو هەیە و هتاد و دوایە ئینگلیسییە نوێیەکان وەکوو ئینگلیسی نیجێرییەیی ، ئینگلیسی گانایی ، ئینگلیسی سینگاپۆوری. ئێستا دەنگی جۆر بەجۆر لە هەوێڵن.  ئێستا لە شانۆی جیهانی دان چونکە ئێمە گوێمان لێ دەبێ و دەبینین کە خەڵک بەو شێوەزارانە قسە دەکەن لەهەلومەرج و بۆنەی گشتی جۆر بە جۆر دا. نەک هەر لە وڵاتەکانی خۆیاندا، بەڵکوو لە سایەی ئینترنێتەوە ئێمە دەتوانین ئەوان لە دیوەکانی خۆشمان دا ببینین. زۆر بە هاسانی و گوێیان لێ هەڵخەین. جا بۆیە ئەو شێوەزارانە ئێستا لە هەموو جێگایەک هەن. کە وا بوو چ بەسەر ئینگلیسی ستاندارد دا دێ؟ وڵامی کورت ئەوەیە ئەمن نازانم. زۆر زووە شتێک بگوترێ. ماوەیەکی زۆر دەکێشێ تا ستانداردێک خۆ بگرێ و ماویەکی زۆریش دەخایێنێ کە ستانداردێک بگۆڕدرێ. لە ڕووی نەریتییەوە ستانداردی ئاسایی ئینگلیسیی بریتانیایی بووە بۆ ئەو بەشانەی جیهان کە لە ژێر نفووزی ئیمپراتۆری بریتانیا دا بوون و ئینگلیسیی ئەمریکایی بۆ ئەو بەشانەی جیهان کە لە ژێر نفووزی ئەمریکا دا بوون و لەبەر ئەوەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهێز بووە ئەو بناخەی توانایییە بەخێرایی بڵاو بووەتەوە و زۆر نفووز و کارتێکەری زیاتر بووە لە هەر بناخەی دەسەڵاتی دیکە و بەو شێوەیە ئاراستەی کارلێکەری لە ئەمریکاوە بووە بەرەو شوێنی دیکە و نەک بە پێچەوانە. جا ئەگەر ئەم ڕۆژانە مرۆ چاو لە ئینگلیسیی بریتانیایی بکا مرۆف کارتێکەری جۆر بەجۆری ئینگلیسیی ئەمریکایی بەسەرەوە دەبینێ. بۆ نموونە لە دیکتە دا، بۆ وێنە وشەی ensyclopidia بە e دەست پێ دەکا تا ئەوەی کە بە ae بێ، یان تەلەفوز کردن  schedule  سکێجوڵ لەجیات شێجول و شتی ئاوا. نەک بە ئاراستەی پێچەوانە. جا پرسیار ئەوەیە گەلو ستانداردی جیهانی ئینگلیسی هەتا دێ زیاتر دەبێ بە ئەمریکایی؟ بە قسەیەکی دێ ڕۆژێک دێ هەموومان بە ئینگلیسییی ئەمریکایی قسە بکەین؟ ئەمن پێم وا نییە، ڕاستە زۆر کارتێکەری ئەمریکایی دێتە ناو زمان  بەڵام ئەوە گشتگر نییە. ئەوە شتێکی پەڕاگەندەیە. خەڵکی بریتانیا دەیەوێ دەنگی بریتانیایی لێوە بێ، ئوسترالیاییەکان، دەیانەوێ دەنگئ ئوسترالیاییان لێوە بێ و هتاد. ئێمە نامانەوێ دەنگێ ئەمریکاییمان لێوە بێ. جا بۆیە لەگەڵ ئەوەشدا کە کارلێکەری و تێکەڵاوی هەیە ئەوەی کە من دەیبینم ئارەزوو و ویستی ئەوەیە کە ناسێنە ناوچەییەکان  دەیانەوێ خۆیان بپارێزن. جا ئەگەر ئەوە وا بوو و داهاتووی ئینگلیسی  گشتێک بێ لە ناسێنەی نەتەوەیی ڕقەبەر کە وابوو شتێکی ئاوا نایەتە گۆڕێ کە تاقە شێوەزارێکی یەکدەستی ئینگلیسیی  لە چوارگۆشەی جیهاندا هەبێ و واتە ٩٥ لە سەد وێكجوون هەیە و ٥ لە سەد جیاوازی لێرو لەوێ و لە هەموو شوێنێک. گەڵو لە داهاتووی درێژخایەن دا ئاوا دەبێ؟ وەک من گوتم ئەمن نازانم. بەڵام بیر لە بەدیلێک بکەوە، بیر لە بارودۆخێک بکەوە کە تێیدا زمانێکی ئینگلیسی خۆ بگرێ کە لە هاوکاری و پێ دانی هەموو ئەو بەشانە پێک بێ کە زمانەکەیان لێ ساز بووە. بە گوتنێکی دی زمانی ئینگلیسییەک کە بڕێکی بریتانیایی یە، بڕێکی ئەمریکایی یە، برێکی ئوسترالیایی یە، بڕێکی هیندوستانی یە و بڕێکی هەموو شتە. ئایا ئەوە دەکرێ ڕوو بدا؟ دەکرێ شتێکی ئاوا بێتە گۆڕێ تا ئەو جێگایەی کە هەموو لایەک ڕێزی ئەوانیدی لەبەر بێ و هەمووکەس دەرببا لەگەڵ جۆراجۆریی ڕاوێژ و شێوەی دەربڕین و جۆراجۆریی زاراوایی. و ئەمن ئێستا نێشانەی کەمی ڕوودانی ئەوتۆ لە ئاستێکی بەرتەنگ دا دەبینم. و ئەوە بوو منی گەیاندە چەمکی ستانداردی ئینگلیسی جیهانی قسە پێکردن. و ئەمن وڵامی ئەم پرسیارە بە نەقلێکی پچووک  بە کۆتا دێنم. لە کۆنفڕانسێک بووم، کە لەو کۆنفڕانسە دا ئەمریکاییەک وتەیەکی پێشکێش دەکرد وەبیرم نایە لە سەر چ بابەتێک قسەی دەکرد. و لە ژوورەکە دا خەڵکی شوێنی جۆر بەجۆری دنیای لێ بوو. لە ناو قسەکاندا کەسێک پرسیارێکی کرد. کابرا ئەمریکاییەکە گوتی Oh! that was from out of left field  دەی ئیستا دەستە وشەی out of left field ئەو کابرایەی کە لە تەنیشت من دانیشتبوو پێم وایە خەڵکی مالێزیا بوو چاکم لە بیر نەماوە ، ئاشکرا بوو کە ئەو لەو ئیدیۆمە تێ نەگەیشت و ڕووی لە من کرد و لێی پرسیم و گوتی ئەوە مانای چییە؟ و ئەمنیش وڵامم داوە نازانم. چونکە نەمدەزانی. دواتر زانیم، ئەو دەمی هەستم پێ کرد کە کابرای ئەمرێکایی دیتی  ئێمە هەر لەیەک دەپرسین ئەوەی گوتی مانای چ بوو؟ و ڕووی تێ کردین و گوتی موشکیلە چییە؟ ئەمن گوتم out of left field  مانای چییە؟ ئەو وادەکا جا چۆن ئێوە مانای ئەوە نازانن؟ گوتی ئەوە کینایەیە  لەکایەی بەیس باڵ. واتە ئەگەر تۆپەکە لە زەوی لای چەپەوە بێ، جا لە هەر کوێیەک بێ، ئەوە لە ئاراستەیەکەوە دێ کە چاوەڕوان ناکرێ جا ئەوەی ئەو مەبەستی بوو ئەوە بوو کە ئەو پرسیارەی لێی کرا  هیچ چاوەڕوان نەدەکرا. ئەمن لای خۆم بیرم کردەوە با منیش بەشی خۆمی تێ خەم و پێم گوت we are playing that with a straight back  دیارە ئەوەش ئیستعارەیەکە لە مەر کایەی کریکێت. کابرا ئەمریکاییەکە نەیزانی ئەوە یانی چی و گوتی چی ئەوە مانای چییە؟ جا ئەوەیە ئێمە دیالێکتی جۆر بە جۆر دەکار دەکەین بۆ تێکهەڵجوون لەگەڵ یەکتری. پنکتی سەرنجڕاکێش لێرە دا ئەوەیە دوای دانیشتنەکە هەموومان بەیەکەوە لە بار دانیشتبووین. ئەمریکایی ، بریتانیایی، ئوسترالیایی، و هتاد. لەبەر ئەو تێکەڵاوییە ئێمە هەموومان خۆمان لەوە دەپاراست بە دیالێکتی خۆمان قسە بکەین، یان هەر کاممان ئیدیۆمی تایبەتی وڵاتی خۆی بەکار بێنێ. ئێمە هەموومان زۆرمان لەخۆمان دەکرد بە شێوەیەکی ئەوتۆ قسەبکەین کە لە ڕووی فەرهەنگییەوە بە سەر لایەکدا نەشکێتەوە. بۆ ئەوەی ئەو دژوارییەمان بۆ نەیەتە پێشت کە لە کۆبفڕانسەکەدا هاتە گۆڕێ. و هێندێک جار ئەوە تەواو دژوارە. ئەگەر کەسێک بییەوە بڵێ خەڵک بە تەنیشت جادە دا دەڕۆیشتن ئەمریکاییەکان دەڵێن sidewalk بریتانیاییەکان ئێژن pavement ئوسترالیاییەکان دەڵێن footpath جا چیتر هیچمان  نەماندەتوانی ئەو وشانە دەکار کەین و دەبوو ڕێگایەکی بەدیل بدۆزینەوە بۆ ئەوە باسی تەنیشت جادە بکەین. و لەبەر ئەوەی من لەوێ بووم و بیرم لێ کردەوە ئەوە دەتوانێ ببێ بەسەرەتای ستانداردی جیهانی ئینگلیسی قسەکردن. کە ناوچەیەتی و هەرێمایەتی وە لادەندرێ و خەڵک بە شێوەیەکی ئاوا قسە دەکەن کە لە ڕووی کولتوورییەوە بێ لایە بێ و هەر تایبەتی ناوچەیەک نەبێ، بە شێوەیەکی تەبیعی.کەنگێ ئەوە ڕوودەدا، ئەمن نازانم. بەڵام مەبەستم لەو زاراوەیەی بەکارم هێنا بوو ئەوە بوو.
پرسیار: ئەو زمانزانە ڕووسییانەی کە ئینگلیسی دەخوێنن پێیان خۆشە بزانن شتێک هەیە کە ئەوان دەبێ لە زمان دا کەشفی بکەن یان ئێمە دەبێ تەنیا ئەوە شی بکەینەوە کەبە نەغدەن کەشف کراوە؟
کریستاڵ: گەلۆ هەموو شتێک سەبارەت بە زمان ڕوون کراوەتەوە و کەشف کراوە، دوای بە سەدان ساڵ ڕاوەی زمانی و شی کردنەوە بە تایبەتی لەمەڕ زمانێکی وەک ئینگلیسی کە بە هەزاران هەزار زانستکار بە ماوەی ساڵان لێیان کۆڵیوەتەوە گەلۆ شتێک ماوە تێیدا بدۆزنەوە. ئەگەر ئەتۆ خوێندکارێک بێ و بتەوێ ئوترووحەیەک لە سەر زمانی ئینگلیسی بنووسی ئەتۆ چ بابەتێک هەڵدەبژێری، گەلۆ ئەتۆ دەتەوێ شتێکی نوێ فێر بی، هیچ شتی تازە هەیە قسەی لێوەبکرێ؟ بەڵێ هەڵبەت هەیە. دوو بواری زۆر گەورە هەیە کە زۆر کەم لێیان کۆڵدراوەتەوە، تەکێکیان ئەوە بوو کە ئێستا قسەی لێوە دەکەین؛ ئینگلیسیی جیهانی. زۆر لە ئینگلیسیی بریتانیایی کۆڵدراوەتەوە. ئینگلیسیی ئەمریکایی زۆر بە باشی لێی کۆڵدراوەتەوە. بەڵام هەموو زمانە ئینگلیسییەکانی دیکەی لە چوارگۆشەی جیهان لەبەر چاو بگرن. ئینگلیسیی گانایی، ئینگلیسیی نیجێرییەیی  وهتاد. خەڵکی ئەو وڵاتانە هێندێک لێکۆڵینەوەیان کردووە، بەڵام زۆر کەم بە بەراوەرد کردن لە گەڵ بەکاربردنە نەریتییەکانی دیکەی ئینگلیسی. تەنانەت لەوێش بەشی بەکارهێنانی ئەوتۆ هەبووە کە هەر هیچ لێکۆڵینەوەی لە سەر نەکراوە. ئەوە شتێکە، ئینگلیسیی جیهانی ئاسۆیەکی نوێ لە بەر دەم مرۆ دەکاتەوە بۆ لێکۆڵینەوە. ئەتۆ باسی تێکۆلۆژیت کرد، قسەکەت بە گردبڕی ڕاستە. تێکنۆلۆژی تازە هەمووشتێکی گۆڕیوە. ئینترنێت هەموو شتێکی گۆڕیوە. ئەگەر ئەتۆ پێشتر ئینگلیسیت خوێندبێ، ئینگلیسی قسە پێ کردن یان ئینگلیسی نووسین ، ئەتۆ جیاوازی نێوان ئەم دوانە دەزانی. ئەوان وەکوو یەک نین. و ئێستا ئەوە ئینترنێت هاتووەتە پێشێ. گەلۆ ئینگلیسیی قسە پێ کردن لە سەر ئینترنێت هەر هەمان ئینگلیسییە کە لەدەرەوەی قسەی پێ دەکرێ؟ ئایا ئینگلیسیی پێ نووسینی سەر ئینترنێت هەر هەمانە کە لەدەرەوە پێی دەنووسرێ؟ نا هەمان نییە. باشە لە چ ڕوویەکەوە جیاوازن؟ و مرۆ بەخۆی دەڵێ نازانم باشترە لێیان بکۆڵمەوە، بەڵام لێکۆڵینەوە لەو ئینترنێتە زەبەلاحە کاری کران نییە ئەوە زۆر گەورەیە. ئەتۆ دەکرێ لە ڕەهەنگەلی تایبەتی ئینترنێت بکۆڵییەوە، بۆ وێنە لە ئی مەیلان دەکۆڵییەوە یان لە دەقان دەکۆڵییەوە یان لە جریوان لە تویتر دا، یان بلۆگان، یان چەت یان هەر چی. و لە پر ئەتۆ هەست پێ دەکەی شێوەزاری ئینگلیسی ئەوانە زۆر جیاوازە لەیەکتری. و زۆر کەم لێیان کۆڵدراوەتەوە و تەنانەت ئەگەر دوێنێ لێیان کۆڵدرابێتەوە.، بۆ بەیانی شتێکی جیاواز دەبن. لەبەر ئەوەی کە تێکنۆلۆژی زۆر بە خێرایی دەگۆڕدرێ یەک جار زۆر شتی نەدۆزراوە هەن کە دەبێ کەشف بکرێن. و خەڵکی گەنج ئەمرۆ دەرەتانێکی چاوڕاکێشیان هەیە بۆ ئەوەی لە زمانی ئینترنێت بکۆڵنەوە بەشێوەیەکی ئەوتۆ کەمن ئارەزووم دەکرد ئەو دەرفەتەم بایە کاتێک لە تەمەنی ئێوەی گەنج دابووم. داوای سەرکەوتنتان بۆ دەکەم.واتە ئاخێوانی بوومی ئینترنێت، هەرکەس کە لە ساڵی ١٩٩١ بەملایەوە لە دایک بووە ئێوە بە جیهانی ئینترنێت ڕاهاتوون. بۆ من و من پێم وایە بۆ تۆش (مەبەستی خانمی وتوێژکارە) ئینترنێت تا ڕادەیەک زمانێکی بێگانەیە. ئێمە دەبێ بەشێوەیەکی دەسکرد فێری بین، جیاوازە لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵی گەورە بوون، جابۆیە ئێوەی وەچەی گەنج لە هەلومەرجێکی زۆر باشتر دان کە لە زمانی ئینترنێت بکۆڵنەوە. بۆ وێنە فەیس بووک لەبەر چاو بگرن. ڕەنگە زۆربەی ئێوە لە فەیس بووک دا بن. ئەمن بۆخۆم  فەیس بووکم هەیە، بەڵام بە شێوەی بەردەوام ناچمە ئەوێ  چونکە ئی وەچەی من نییە. دنیای من نییە، دنیای گەنجانە. جا بۆیە زۆر شت هەیە لەوێ مرۆ فێری بێ، بۆ وێنە لە زمانی بەکارهێنەرانی فەیس بووک بکۆڵێتەوە.
پرسیار: و ئەمە دوایین پرسیارە. ئەگەر ئەتۆ پێویست بووبا چیرۆکێکی پڕ لە گۆڵمەز سەبارەت بە زمانناسی بنووسی . کام بەشی ئاخاوتنت بە بەشی سەرەکی دادەنا؟
کریستاڵ: ئەوە پرسیارێکی خۆشە، ئەگەر من ناچار بووبام چیرۆکێکی پڕ لەگۆڵمەز لە سەر زمانناسی بنووسم.
پرسیار: قەتت حەوڵ داوە؟
کریستاڵ: دە ڕاستیدا من کردوومە. چەند ساڵ لەمەو بەر نمایشنامەیەکم نووسی سەبارەت بە زمانەکانی ژێر مەترسی و نێوی نمایشنامەکە " دڕێژە دان بە ژیان " بوو و ئەوە سەبارەت دوایین ئاخێوی زمانێکە و ئەوەی بەسەری دێ و ئەوەی کە ئەو بە چ شێوەیەک دەیەوێ زمانەکەی بپارێزدرێ، و ئەو هەموو زەخت و فشارەی لە سەری بووە و هتاد. ئەو نمایشنامەیە سەرهێڵە و دەکرێ لە ماڵپەڕەکەی مندا بیبینن. ئەگەر قەت پێتان خۆش بێ بیخوێننەوە . بەڵام پرسیارەکە ئەوەنەبوو. پرسیارەکە سەبارەت بە بەشەکانی ئاخاوتن بوو. باشە ئەمن دەکرێ پێت بڵێم. با لە سەرەتاوە بڵێم لە سەر " ناو" ئەو چیرۆکە نانووسم. ناو چارزکەرن ، ناو تەنێ مێز و کورسین ، ناوی موجەڕەد و شتی ئاوا. ئەمن پێم وا نییە لە ناو دا شتێکی چاوڕاکێش هەبێ. " کردار" . کردارەکان زۆر زیاتر چاو ڕاکێشن. زۆر دینامیکن، کردارەکان شتی چالاکن. زۆربەی کردارەکان ، دیارە هەڵبەت نەک هەموویان. مرۆ هەمیشە دەتوانێ جیاوازی نێوان ناو و کردار بەیان بکا، ئەگەر ئەمن لێتان پرسم " ناو" ێک بکێشەوە بۆ وێنە  مێز، ئەتۆ زۆر بە هاسانی دەتوانی بیکەی، بەڵام ئەگەر داوات لێ بکەم کردارێکم بۆ بکێشییەوە وبڵێم "ڕۆیشتن" بکێشەوە ، ئەوە زۆر ئاستەمترە کە بکرێ. جا بۆیە کردارەکان زۆر چالاکترن. بەڵام کردارەکانیش ئەوەند پر لەگۆڵمەز نین وەک وشەی واق وڕمان  . من وشەی واق وڕمان هەڵدەبژێرم. چوکە ئینترجێکشنەکان ، واو، ئۆ ، و گاش ، کرامز و...  پڕن لەو جۆرە چیرۆکە پڕ لە گۆڵمەزانە. تەماشای ئەو چیرۆکانە بکەن بۆ منداڵانی دەهۆننەوە، یەک لە گەورەترین وشەکانی لە دەمیان دەردەپەڕێ بریتین لە پانچ، واو، بەنگ ، گاش ، فڵیپ و زۆر وشەی بێ ئەدەبانەش هەڵبەت. چا بۆیە ئەوە بوارێکە گۆڵمەز تێیدا لەهەمووان زیاترە و من وشەی واق وڕمان هەڵدەبژێرم.
پرسیار: زۆر سپاست دەکەم. بۆ ئەو کاتەی پێت داتن
کریستاڵ ؛سپاس
 لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی

No comments: