ئامینە کاکە باوە: کاتی ئەوە هاتووە پ.ک.ک لە لیستی تێڕۆری یەکێتیی ئوڕووپا دەرباوێژدرێ
پێشنیار پرسیاری ئامینە کاکە باوە ئەندامی سەربەخۆی پارڵمانی سوێد
لە بەڕێز ئان لیندێ وەزیری کاروباری دەرەوەی سوێد
پێنجشەمە ١٦-ی
دیسامبری ٢٠٢١
جێگری سەرۆکی پارڵمان: ئێستا دێینە سەر پێشنیار بڕیاری ژمارە ١٢٤ کە ئامینە
کاکە باوە ئەندامی سەربەخۆ بەرزی کردووەتەوە.
سەبارەت بە سیاسەتمەدارە گیراوەکانی
هەدەپە و هەر وەها دۆزی کورد لە تورکیا و
ئوڕووپا و سوێد. لە پێشدا مافی قسە کردن
دەدەم بە وەزیری کاروباری دەرەوە ئان
لیندێ، فەرموو
ئان لیندێ: سپاس خانم سەرۆک. ئامینە کاکە باوە لە ژێر سەردێڕی " سیاسەتمەدارە
گیراوەکانی هەدەپە و هەر وەها دۆزی کورد لە تورکیا، لە ئوڕووپا و لە سوێد "
ئەم پرسیارانەی خوارەوەی کردووە: دەوڵەتی
سوێد وەک دەوڵەت بە سەری خۆی و وەکوو
ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپا چ هەنگاوێك هەڵدێنێتەوە بۆ ئەوەی سەرۆک کۆماری تورکیا و
حکوومەتی تورکیا ڕێز لە حوکمی قانوون و
پرێنسیپە دێمۆکڕاتیکەکانی مافی مرۆڤ بگرن؟
ئایا وەزیرانی سوێد و یەکێتیی ئوڕووپا داوای بەردانی سیاسەتمەدارانی سەرەکی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن
یوکسەکداغ و ئەو سیاسەتمەدارانەی دیکە دەکەن کە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون چ لە
ئاستی هەرێمی و چ لە ئاستی ناوچەییدا؟ سوێد بەچ شێوەیەک
پێوەندییە دێمۆکڕاتیکەکانی لەگەڵ تورکیا پێش دەخا بۆ ئەوەی شوێندانەری هەبێ لە سەر
پێشوەچوونی زیاتری دێمۆکڕاتیک لە تورکیا
بە شێوەیەکی ئەوتۆ کە لەوێ مافی مرۆڤ بپارێزدرێ و ڕێز لە مافی هەموو گرووپە ئێتنیکییەکان و ژنان بگیرێ.
ئایا سوێد دەستپێشخەری دەکا بۆ ئەوەی کە کارێکی ئەوتۆ بکا ئەردۆغان دۆزی کورد بە
ڕێگای ئاشتییانە چارە سەر بکا؟ "
دەوڵەتی سوێد زۆر بە جیدی پێشوەچوونەکانی ناوخۆی تورکیا
دەشوپێنێ و پێی لێدەنێ لەوێ کەمایەسی هەیە لە پێوەندی لەگەڵ مافی
مرۆڤ و لە ناویان دا وەزعی ئەو نوێنەرانەی کە خەڵک هەڵیان بژاردوون . ئێمە پێویستە
بە ڕوونی جەخت بکەینەوە کە پێشوەچوون بەر
بەدوا و بە ئاڕاستەیەکی هەڵە دا چووە . حوکمی قانوون دەبێ ڕێزی لێ بگیرێ لەوانە
مافگەلی مرۆڤ و مافی مرۆڤیی نێونەتەوەیی. یەکێتیی ئوڕووپا بە پشتیوانی سوێد ئەو
بابەتانەی لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا
هێناوەتە گۆڕێ و چەندین جار لە ئاستی جۆر بەجۆری حکوومتدا ئەو بابەتانە باس
کراون، لەوانە لە ئەنجومنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا. یەکێتیی ئوڕووپا سزای
پێشگێڕەوەی لە سەر تورکیا داناوە ، بە تایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ حەوڵەکانی لە
ڕۆژهەڵاتی دەریای مدیترانە دا . لەو بارەیەوە
یەکێتیی ئوڕووپا پێی وایە کە ئەو پێشوەچوونە نەرێنییە زەمینەی ئەوەی
ساز کردووە کە هەنگاوی جۆر بە جۆر
هەڵبێندرێتەوە لەوانە سزادانی تورکیا. ئەو هەڵوێستەی ئێمە پێشتر لە
چوارچێوەی شووڕای سیاسەتی دەرەوە ڕاوێژی لە سەر
کراوە. وەزعی جیدی و جێی نیگەرانی لە تورکیا هەر بارودۆخی سیاسەتمەدارانی
ئۆپۆزیسیۆن نییە، بە تایبەتی پارتیی لایەنگری کوردی هەدەپە. ئەوە جێی قبووڵ نییە
کە سیاسەتمەدارانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن چالاکیان بەرتەنگ دەکرێ بە بیانووی داتاشراوی
کەیفی. ئۆپزیسیۆنی ئازاد مەرجی پێشکەوتنی دێمۆکڕاتیکە لە کۆمەڵ دا. حکوومەتی سوێد لە چوارچێوەی
یەکێتی ئوڕووپا دا بە ڕاشکاوی ڕەخنەی لە
تورکیا گرتووە بۆ زیندانی کردنی هێندێک لە ئەندامانی تایبەتی پارڵمان و شاردارەکان و
هەر وەها هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندن و قەدەغە
کردنی هەدەپە وەک پارتییەکی سیاسی. ئەمن خۆم ئەو هەڵوێستە ڕەخنەگرانەیەم ڕاستەو خۆ
بە گوێی کاربەدستانی تورکیا دادا کاتێک پاییزی ڕابردوو سەردانی ئانکاڕام کرد، من
هەر وەها چاوم کەوت بە ڕێبەرانی هەدەپە و باسی وەزعی خۆیان بۆ کردم و من پشتیوانی
خۆم لە وان ڕاگەیاند حکوومەتی سوێد گرێنگییەکی زۆر دەدا بە حوكمی دادگاکانی
ئوڕووپا و لە چوارچێوەی کۆمێتەی وەزیرانی شووڕای ئوڕووپا دا چالاکانە
تێدەکۆشێ کە ئەو حوکمانە بەڕێوەبچن. بە بیر تورکیا دەخرێتەوە کە دەست بەجێ و بێ وەخران
هەنگاو هەڵێنێتەوە بۆ ئازادیی لە ناویان دا عوسمان کاواڵا، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ.
دیپڵۆماتەکانی سوێد لە تورکیا حەول دەدن بۆ ئەوەی ڕێز گرتن لە مافی مرۆڤ و حۆرمەتی قانوون و پرێێنسیپەکانی
دێمۆکڕاسی لەبەر چاو بگیرێن ، کە ئەوە
بەشێکی گرینگە لە ئەرکی دیپڵۆماتیکی ئەوان. بۆ وێنە شۆپاندن و چاوەدێری دادگاییەکانی
ڕێبەرانی هەدەپە و سیاسەتمەدارانی دیکەی
ئۆپۆزیسیۆن و هەر وەها دەستەبەر کردنی ئەوەی کە کچان و ژنان لە مافگەلی مرۆڤ بە
تەواوی کەلک وەربگرن. ئێمە لە پێوەندییەکانماندا لەگەڵ تورکیا بەردەوام دەبین لە
سەر داواکردنی دڕێژە دان بە ڕێفۆرم و بەهێز کردنی دێمۆکڕاسی و دەستەبەری ئەوەی کە هەموو ئینسانەکان لە
مافگەلی تەواوی مرۆڤ کەلک وەربگرن. ئێمە لەو باوەڕە داین دیالۆگ و تێکەڵاوی لەگەڵ
حکوومەتی تورکیا، لەگەڵ پارڵمانی تورکیا و لەگەڵ
ئۆپۆزیسیۆن و کۆمەڵگەی مەدەنی
باشترین ڕێگایە بۆ چاودێری ئەو
پرسانە. و هەڵگێڕانەوەی پێشوەچوونی چەواشە و نەرێنی لە تورکیا. بۆ وێنە لە م
ماوەیەیەی ئێستا دا کە دوڵەتی سوێد سەرۆکایەتی
ڕێکخراوی ئەمنییەت و هاوکاری ئوڕووپا ((OSCE دەکا ئێمە لە چەندین بواری گرینگدا توانیومانە لەگەڵ
تورکیا کار بکەین. ئەمن پێشتر باسی هەڵوێستی حکوومەتی خۆمانم کرد
لەمەڕ کەموکورتی ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ لە تورکیا
لەوانە سەبارەت بە ئەو نوێنەرانەی کە خەڵک هەڵیان بژاردوون، لە وڵامدانەوە
بە پێشنیار پرسیارەکانی ژمارە ٢٠، ٢١ ، ٢٤ و ٣٣ و پێشنیار پرسیارەکانی ٢٠، ٢١،
١٧٦٦کە لە لایەن مارکوس ویکل،بەرز کرا بووەوە و پێشنیار پرسیاری ٢٠، ٢١، ٣٣
و ٤٣ کە ئۆسا ییلێ هێنا بوویە گۆڕێ و پێشنیار پرسیاری ٢٠، ٢١، ٣٢ ، ٢٣ ، ٢٤ کە لە
لایەن ئامینە کاکەباوە بەرز کرا بووەوە.
سپاس خانم سەرۆک.
سەرۆک: سپاس، ئێستا سەری قسە دەدرێ بە پرسیارکار ئامینە کاکەباوە نوێنەری سەربەخۆ.
فەرموو
ئامینە کاکە باوە: سپاس خانم
سەرۆک. و ئەمن سپاسی وەزیری کاروباری
دەرەوە دەکەم بۆ تێکەڵاوییەکەی و بۆ وڵامەکەی بۆ ئەم پرسیارە گرینگە . لەکاتێکدا
کە ئێمە ئەو پرسیارەگرینگانە پەیتا پەیتا لە پارڵمانی سوێد دا بەرز دەکەینەوە ،
یان لە پارڵمانی ئورووپا یان شووڕای وەزیراندا، ڕێژیمی ئەردۆغان ڕۆژانە
سیاسەتمەداران دەخاتە زیندانەوە، کوردان دەخاتە زیندانەوە، نوێنەرانی هەدەپە
دەخاتە زیندانەوە و شارەدارەکانی لا دا و گرت و لە جێی وان پیاوی خۆی دانا وەک
قەیوم ، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەو شارەدارانە خەڵک هەڵی بژاردبوون. لە ناو ئەوانەدا
سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ
لەناوە ناسراوەکانن و هاوسەرەکی هەدەپەن کە ئێستا لە زیندان دان. لە وەش دەرچێ
٤٠٠٠ کەس لە ئەندامانی هەدەپە لە زیندان دان و جگە لەمە بەگشتی ١٠٠٠٠ کەس لە
تاکوتەرای ئۆپۆزیسیۆن لە زیندانەکاندا
توند کراون لە ناو ئەوانەدا ڕۆژنامەنووسان، ژنان، چالاکانی مافی ژنان هەن. هەر کەسێک کە بە خۆی بپەڕموێ و تێبکۆشێ لە
پێناوی دۆزی کورد ئەمڕۆ شەقڵێکی تێڕۆریستی لێ دەدرێ، ئێمە دەزانین کە ئەوە دەکرێ و
زۆر جێی داخە کە هەم سوێد و هەم یەکێتی ئوڕووپا کڕ بوون و ناوێرن باس لە دۆزی کورد
بکەن. لە بەر چی لەبەر ئەوەی لە تورکیا ناو هەرچی بێ هەر کە باسی کورد کرا، نەک هەر لە تورکیا،
بەڵکوو کوردەکان لە عێڕاق و سووریاش
دامغەی تێرۆریستیان لێ دەدرێ . ئێمە دەزانین کە ئەردۆغان لە پارڵمان مۆڵەتی درێژ
کردەوە بۆ دەستێوەردانی زیاتری نیزامی یان
داگیر کردنی سووریا و درێژە دان بە مانەوەی لەوێندەرێ. بێ پسانەوە و پەیتا پەیتا ئێمە دەبیسین کە تورکیا
لەوێندەرێ بۆمبی شیمیایی بەکار دێنێ لە
ناوچەی سنووری لەگەڵ کوردستان لە عێڕاق و
چەند ڕۆژ لەمەو پێش شەنگالیان بۆمباران کرد، ناوچەیەکی ئێزیدیان و بە پالامارێکی درۆن دوو منداڵ کووژران لە
ئوتومبیلێکدا، ئەوان کەسانی مەدەنی بوون. ڕۆژ نییە سیاسەتی هێرشکارانەی ئەردۆغان
قوربانییەک نەستێنێ لە بەشەکانی کوردستان
دا. ئێمە هەر وەها ئاگامان لە هێرشکارییەکانی تورکیا هەیە لە جێگای دیکەش تا
دەگاتە لیبی و وڵاتانی دی لە دەریای
مدیترانە. جا ئێستا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ گەلۆ ئێستا وەختی ئەوە نەهاتووە کە لە
یەکێتی ئوڕووپا دا چاو بخشێندرێتەوە بە بڕیارەکانی پێشوو دا و دەست لەوە هەڵگرێ
چیدی بە پارتییە دێمۆکڕاتەکان هەم هەدەپە، هەم یەپەژە و یەپەگە ئەوانەی کە بە
دژی داعش شەر دەکەن و دیارە لە پێناوی
مافەکانی خۆشیاندا نەبەرد دەکەن و بۆ مافگەلی کوردان لە تورکیا بەوانە بڵێ
تێرۆریست. حەق وایە ئەمە بکرێ. ئەمن دەزانم کە نە سوێد و نە یەکێتیی ئوڕووپا هەدەپە و ئەو
پارتییانەی دیکە بە تێڕۆریست دا نانێن بەڵام ئەردۆغان وایان پێ دەڵێ و نابێ ئەردۆغان
ئێمە کڕ بکا و نەوێرین زیاتریان پشتیوانی لێ بکەین. ئەمن لەو باوەڕە دام ئێستا
کاتی ئەوەش هاتووە کە ناوی پ.ک.ک لە لیستی
ڕێکخراوی تێرۆریستی دەر باوێژرێ، هەتا ئەو کاتەی ناوی پ.ک.ک دەو لیستەیە دا
بمێنێتەوە ، هەموو پارتییە کوردەکان، مێژووش ئەوەی سەلماندووە ، لە تورکیا گشت ئەو پارتییانەی کە
لە پێناوی دۆزی کورد دا خەبات دەکەن بە
تێرۆریست نێوزەد دەکرێن، ناچار دەکرێن ناو بگۆڕن ، و دیسان لە نووکەوە دەست
پێبکەنەوە و ئێمە ئەوە دەزانین هەدەپە لە پێش دا ناوێکی دیکەی هەبوو، پارتی بە
دوای پارتی دا هات بە ناوی جیاوازەوە و ئێستا مەترسی ئەوە لە گۆڕێ دایە کە هەدەپەش
دابخەن لە تورکیا. جا پرسیاری من ئەوەیە وەک وەزیری دەرەوە گوتی لە چوارچێوەی ڕێکخراوی ئەمنییەت و هاوکاری ئوڕووپا دا لە زۆر
بواردا لەگەڵ تورکیا کاری باش کراوە، باشە چ کراوە؟ ئاکامی ئەوە چ بووە. بە ڕاستی
سەرنجڕاکێشە زیاتر لەو بارەیەوە ببیسین. ئاکامی ئەو هاوکاریانەی کە لە ژێر چەتریOSCE
دا کراون. زۆر سپاس
سەرۆک: سەری قسە ئان لیندێ وەزیری
کار و باری دەرەوە دەکرێ دای گیرسێنێتەوە. فەرموو
ئان لیندێ: سپاس خانم سەرۆک. سوێد وڵاتێکی ئوڕووپایی و ئەندامی پارڵمانی
ئوڕووپایە. ئوڕووپا ئەو ویشکاڕۆیەیە کە بۆ ئێمە گرینگە و ئەمن بۆ خۆم لەو چەند ساڵەی دواییدا تێکەڵاویەکی
زۆرم لەگەڵ ئەم ویشکاڕۆیە بووە هەم وەک
وەزیری کاروباری دەرەوە و هەم وەک سەرۆکی رێکخراوی ئەمنییەت و هاوکاری
ئوڕووپا. ئامینە کاکەباوە لە قسەکانی دا پرسیاری کرد ئێمە لە ژێر چەتری OSCE دا چمان
کردووە؟ وەک سەرۆکی ئەو رێکخراوەیە سوێد
دێمۆکراتی، مافی مرۆڤ و پرێنسیپەکانی حوکمی قانوونی خستووەتە سەرەوەی لیستی ڕۆژەڤی
کارەکان و خاڵی سەرەکی لەو ڕێکخراوەیە دا چەمکی
پاراستنی ئەمنییەتە. شووڕای ئوڕووپا ڕای ئەسپاردووە کە وتوێژ لەگەڵ تورکیا
بکرێ کە بەرە بەرە و بە ئاوایەکی نیسبی لە
سەر چەند بواری کە بەرژەوەندی هەر دوو لای تێدایە پێوەندییەکان باشتر بکرێن. دیارە
مەرجی ئەوە ئەو قەوارەیەیە کە پێشتر شوورای ئوڕووپا دای ناوە
واتە دیالۆگ سەبارەت بە مافی مرؤڤ ، دێمۆکڕاتی و پرێنسیپەکانی حوکمی قانوون. ئەوە
دەبێ ببن بەو پەتانەی کە یەکێتیی ئوڕووپا و تورکیا لە یەکتری گرێ دەدەن. سوێد
لەگەڵ وڵاتانی هاوبیر لە چوارچێوەی OSCE و هەر وەها
لە چوارچێوەی شووڕای ئوڕووپا، یەکێتیی ئوڕووپا
و کۆرێ نەتەوە یەکگرتووەکاندا حەول دەدا بۆ بەهێز کردنی دیالۆگ لە سەر بنەمای ئەو
بوارانە و حەول دەدا بۆ هەڵگێڕانەوەی ئاراستەی نەرێنی لە تورکیا. ئێمە لە ئاستی
نەتەوەیی خۆشماندا ئەو بوارانە بەو پەڕی تواناییمان بەرەو پێش دەبەین . نزیک ٧ ساڵ
لەمەو بەر سیاسەتی دەرەوەی فێمێنیستی سوێد
دەستی پێکرد. ئێمە لەو باوەڕە داین کە پاراستنی مافگەلی تەواوی مرۆڤیی کچۆڵان و ژنان ئەرکی ئێمەیە و پێشمەرجی گەیشتن
بە سیاسەتێکی دەرەوەیی کاریگەرترە. چونکە ئاشتی، ئەمنییەت و پێشوەچوونی شیاوی
پاراستن بەوە بەستراوەتەوە. نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەریش دەوڵەتی سوێد دەستی کرد بە دەستپێشخەرییەک بۆ پتەو کردنی دێمۆکڕاسی
و لەو ڕێبازە دا پێشخستنی سیاسەتی دەرەوەیی فێمێنیستی و پتەو کردنی دێمۆکڕاسی گشت
ئەو شتانەیە کە ئێمە دەیکەین. ئەوە هەموو ئیدارەی کاروباری دەرەوە لە ئاستی جۆر
بەجۆر دا وەگەڕ دەخا و دەکاریانەوە دەگلێنێ. و بەشێک لەو کارە تورکیا وەبەر
دەگرێ. ئێستا کە لەوێ ئاڕاستەی سەرەڕۆیی
خۆی بە بەهێزتر نیشان دەدا، ئێمە دەبێ بتوانین ڕێوایەتێکی پێچەوانە بهێنینە گۆڕێ،
ئێمە دەبێ هێزەکانمان بکەینە یەک ، دەستەبەری پاراستنی پرێنسیپە دێمۆکڕاتیکەکان
بین لەهەر جێگایەک کە پێویستیان پێ هەبێ.
لە سەر مەسەلەی تورکیا ئەمن وتووێژم هەبوو لەگەڵ ڕێبەرانی کوردەکانی سوریا کە ژنن
دوو لەوان، ئیلهام ئەحمەد کە حەوتووی ڕابردوو لە سوێد بوو. و وەکوو هەمیشە دیدارێکی زۆر ئافرێنەرانە و
خۆشمان هەبوو و باسمان لە داهاتوو کرد. سپاس خانم سەرۆک
سەرۆک: دیسان نۆرەی قسەی پرسیارکار ئامینە کاکە باوە نوێنەری سەربەخۆیە،
فەرموو.
ئامینەکاکەباوە: سپاس خانم سەرۆک و سپاس وەزیری کاروباری دەرەوە . ئەمنیش
پێم وایە دیالۆگ باشترین ڕێگایە بەڵام
دیالۆگ لە سەر مافی مرۆڤ و دێمۆکڕاسی لەگەڵ تورکیا کوجا مەرحەبا! ماوەی چل
ساڵە ئەوە کراوە لە زەمانی ئەربەکان و ئەجویتەوە و حکوومەتە یەک
لە دوای یەکەکانی تورکیا. کە وا بێ هەتا
ئێستا هیچ چارەسەرییەک نەدۆزراوەتەوە بۆ مافی مرۆڤ، مافی ژنان یان مافی کوردان لە
تورکیا یان کەمایەتی دیکە لەوێندەرێ. کاتێک تورکیا ژێر پێوەرەکانی کوپنهاگی ئیمزا کرد وەک سەرەتایەک بۆ
هاتنە ناو ئوڕووپا پڕووسکەیەک هیواهەبوو
بەڵام دەزانین ئەوە چی بەسەر هات، لەو دەمییەوە هێڕشکاری تورکیا بۆ سەر حەشیمەتی دانیشتووی
وڵاتەکەی خۆی واتە کوردەکان و بزووتنەوەی سۆسیالیستی لەوێ واتە هەدەپە زیادی کردووە، تورکیا ئیمزای خۆی
لە پای پەیماننامەی ئەستەنبووڵ کێشاوەتەوە
و ئێستا بەقانوون دەکرێ پیاو لە ژنەکەی
بدا و هەلسوکەوتی قێزەوەنی دیکە لەگەڵ
ژنان بکرێ.، لە کاتێکدا ئەو پەیماننامەیە مافی ژنانی دەستەبەر دەکرد. تا ئەو جێی
دێتەوە سەر ڕوانگەی دێمۆکڕاتێک و مەسەلەی ئەمنییەت ، ئێستا تورکیا مەترسییەکی هەرە
گەورەیە بۆ هەموو هەرێم . لێرە دەمەوێ بزانم شرۆڤەی وەزیری کاروباری دەرەوە چییە
لە کاتێکدا دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
عێڕاق بەجێ بێڵێ و دواتر سوریا بەجێ بێڵێ. چ ڕوو دەدا؟ ئێمە دەزانین چ
دەقەومێ وەکوو گەلێک کە ئەوەمان تەجروبە
کردووە، تورکیا داگیرکاری خۆی ومیلیتاریزمەکەی
پەرە پێ دەدا هەم لە عێڕاق و هەم
لە سووریا و هەم بە دژی دانیشتوانی خۆی و
لەوەش زیاتر شەڕێکی ناوخۆیی دەست پێ دەکا و ئەوەش بەر لەهەموان دەبێتە هۆی
ماڵوێرانی کەمایەتییەکان و کوردەکان هەم لە ڕۆژئاوا و هەم لە عێڕاق. و هەر وەها لە
سووریا.
بۆیە من لەو پێوەندییە دا پرسیارم هەیە گەلو هیچ ئامادەکارییەک هەیە بۆ ڕوو بەڕوو
بوونەوە لەگەڵ وەزعێکی ئاوا. ئایا کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان هێزی بەدیل دەنێرێ جێی
ئەمریکاییەکان بگرێتەوە وئەوە نەقەومێ کە بە ئیسلامیستە تالیبانەکان ڕووی دا لە
ئەفغانستان؟ بۆ ئەوەی ئەو سێناریۆیە دیسان دووپاتە نەبێتەوە یان ئەو سێناریۆیەی کە
کوردەکان توانییان بەو یارمەتییانەی پێیان
دەکرا بە شێوەی کاتی داعش تێکەوەپێچن. گەلو ئێمە دیسان ناگەڕێینەوە وەزعی شەش ساڵ
لەمەو بەر؟ بۆیە گرینگە ئەوە باس بکرێ چونکە
ئەردۆغان ڕای گەیاندووە کە دەیەوێ دیسان لە سەر ڕا ئیمپراتۆری عوسمانی
دابمەزرێنێتەوە. ئەوەش لەسەر حیسابی کەمایەتییان، کوردەکان و ژنان و کەمایەتییە
مەسیحییەکان لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان، چونکە ئەو سیاسەتە ئەوانیش وەبەر
دەگرێ. جا ئەوە چ داعش بێ یان ڕێژیمی
تورکیا، ئەوانیش دەکەونە بەر پێهاتەکانی ئەم سیاسەتە. دیارە ئەوەش ئاشکرایە کە
تورکیا بەدژی کوردەکان هاوکاری داعش دەکا. ئەمنیش
چاوم بە ئیلهام ئەحمەد کەوت و ئەو پێی گوتین لایەکمان داعشە، و لایەکمان تورکیا و لای
سێیەممان رێژیمی بەشار ئەسەدە. و کوردەکان کەوتوونە ناو جەمبەرەی گەمەی ئەوانەوە.
بۆیە دەبێ ئێمە ئەوە بە جیدی وەربگرین بەر لەوەی
کە سێناریۆی دیکە ڕوو بدەن. بەڵام ئەوە هەڵناسووڕێ تا ئەو کاتەی کە
کوردەکان، تا ئەو کاتەی کە شەڕوانانی ئازادی
مۆری تێڕۆریستیان لێ دەدرێ بۆیە من لە پێشنیار پرسیارەکەم دا نووسیومە سوێد
و یەکێتیی ئوڕووپا و تورکیا. دەزانین ئەو خەڵکە وەک پەنابەر دێن بۆ ئێرەو
لێرە سێرویسی ئەمنییەتی سوێد، سێپۆ پێیان
دەڵێ تێرۆریست. بۆ من ئەوە بە ڕاستی سەیرە جێی واق وڕمانە.
سەرۆک: سپاس بۆ قسەکانت. دیسان نۆرەی قسەکردنی وەزیری دەرەوە ئان لیندێ یە.
فەرموو
ئان لیندێ: سپاس خانم سەرۆک. ئەمڕۆ حکوومت ١٦ ڕاپۆرتی بە ڕۆژکراوی بڵاو کردەوە سەبارەت بە
مافی مرۆڤ.، دێمۆکڕاسی و پرێنسیپەکانی حوکمی قانوون. و پرێنسیپەکانی حوکمی قانوون
لە ئوڕووپا و لە ناو ئەوانە دا لە مەڕ
تورکیا. دەکرێ ئەو ڕاپۆرتانە لە ماڵپەڕی حکوومەت
لە ئینترنێت داببەزێندرێن. لە کاتێکدا ڕاپۆرت لە سەر زۆربەی ئەو وڵاتانە ئاوایە کە لە بواری
بەڕێوەچوون لە لایەن بەڕێوەبەرییەکی سەڕەڕۆ و بەکار هێنانی زەبر وزەنگەوە ، بەرەو دێمۆکڕاسی و ڕێز گرتن لە مافی مرۆڤ دەڕۆن، بە
داخەوە ڕاپۆرتی لەمەر تورکیا نیشان
دەدا لەوێ ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ لە کورتیی دەدا.بارودۆخی تورکیا کەوتووەتە بەر
ئاکامی دوو ساڵ حوکمی نائاسایی کە دوای حەولی کودەتا لە ساڵی ٢٠١٦ ڕاگەیێندرا و
بووە هۆی گۆڕینی قانوون و ئەوە میکانیزمی دێمۆکڕاتێکی کۆنترۆڵی لاواز کرد
و بووە هۆی بەهێزتر کردنی زیاتری سیستمی سەرۆکایەتی لە وێندەرێ. ئەوەی کە
سەدەمەی بینەوە هەر نەبێ بواری دادپەروەرییە کە پێشێل کراوە. بۆ وێنە بڕێارەکانی
دادگاکانی ئوڕووپا لە مەڕ تورکیا بە شێلگێری پێک نایەن و ڕەچاو ناکرێن، کێشەی
گەندەڵی وێدەچێ هەر وا بەربڵاو بێ. قانوونی دژی تێڕۆریزم و تاوانکاریی بە دژی دەوڵەت بەکار دەهێندرێ بۆ
دمکوتکردن و بێدەنگ کردنی جوێ بیران و ڕەخنەگرانی ڕێژیم لە تورکیا و ئەوە
سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزیسیۆن بە تایبەتی پارتیی
دێمۆکڕاتیکی گەلان واتە هەدەپە وەبەر دەگرێ. کە لایەنگری لە کورد دەکا. ئاڕاستەی نەرێنیی
پێشوەچوون بەردەوامە لەمەڕ ئازادیی ڕادەربڕێن و ئازادیی چاپەمەنی. دەرەتانی
کۆمەڵگەی مەدەنی بەرتەنگ دەکرێ، پاراستنی مافی سەندیکان کەموکووڕی هەیە. لە مانگی
مارسی ٢٠٢١ پرێزیدێنت ئەردۆغان بڕیاری دا کە تورکیا لە ڕیزی واژۆکارانی
پەیماننامەی ئوڕووپایی بۆ ڕووبەڕووبەنەوەی توندو تێژی لە ئاست ژنان دێتە دەرێ، هەر ئەو پەیماننامەیەی کە ئامینە
کاکەباوە باسی دەکا واتە پەیماننامەی ئەستەنبووڵ. و ئەو کردەوەیە بە قووڵی جێی داخە. کێشەی چەکدارانە لە نێوان
هێزەکانی حکوومەت و پ.ک.ک کە مۆرێ
تێرۆریزمی لێ دراوە – ئێمە هیچ نەخشەیەکی ئاوامان نییە کە ئەوە لابەین واتە پ.ک.ک
لەو لیستە دەرباوێژین- یارمەتی ئەوە
دەکابە تایبەتی هەلومەرجی توف بێتە ئاراوە
لە بواری ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ، دێمۆکڕاسی و پرێنسیپەکانی حوکمی قانوون لە باشووری
ڕۆژهەڵاتی تورکیا کە زۆربەی دانیشتووانەکەی لە ڕووی ئێتنیکییەوە کوردن. لە دوایین هەڵبژاردنە ناوچەییەکاندا لە
تورکیا لە ساڵی٢٠١٩ دا پارتییە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە چەندین شار بردیانەوە
لەوانە لە ئەستەنبووڵ و پێتەخت ئانکارا.
لەو دەمییەوە زنجیرەیەک گۆڕانی قانوون وڕێوشوێنە ئیدارییەکان بەڕێوە چووە کە ئەوە
دەسەڵات لە ئاستی ناوچەیی دا کز دەکا. ژمارەیەکی زۆر لە شارەدارەکانی ئەندامی
هەدەپە کە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون پێشیان گیرا کارەکانیان بکەن و جێیان بەو قەیومانەی
کە حکوومەت دایناون پڕ کراونەتەوە. لە گشتی ٦٥ شاری کە هەدەپە لەواندا هەڵبژاردنی ناوچەیی بردەوە ئێستا ئەو پارتییە
تەنیا شارەداری شەش شاری بەدەست ماوە . مەسەلەی دیسیپلین لە پێوەندیی لەگەڵ
سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزیسیۆن بە شێوەیەکی نا لەبار دەکار دەکرێ ، لەو بەهارە دا
ژمارەیەک لە ڕێبەرە سەرەکییەکانی هەدەپە
ناردرانە بەر دەم زنجیرەیەک دادگە
کە تاوانبار دەکرێن بەو تاوانکاریانەی کە گۆیا لە خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی
لە کۆبانێ ڕوویان داوە لە ساڵی ٢٠١٤ دا. لە مانگی مارسی ئەمساڵدا دۆزگەری گشتی
داوای کرد هەدەپە قەدەغە بکرێ ونزیکەی ٤١٥
کەس لە ڕێبەرانی ئەو پارتییە بڕیار وایە قەدەغەی بەشداری کردن لە کاری سیاسییان لە
سەر دابندرێ. ژمارەیەکی زۆر لە ڕێبەران و بەرپرسانی هەدەپە ئێستا لە زیندانەکاندا
توند کراون. ئەمن و ئامینەکاکە باوە لە سەر ئەوە ڕێکین کە پێشوەچوونەکان لە تورکیا
بە قووڵی جێگای نیگەرانینە. لەو بارەیەوە لە پارڵمانی سوێد تەوافوقێکی
بەربڵاو هەیە و هەر وەها لە چوارچێوی
یەکێتیی ئوڕووپا دا. سوێد بێدەنگ نابێ ئەگەر ئازادییەکانی تاکوتەرای تایبەتی پێشێل
بکرێ یان ئەوەی ئالنگارییەکانی دێمۆکڕاتێک بخرێنە ژێر پرسیارەوە. ئەوە نەک هەر لە
تورکیا بەڵکوو لە هەر شوێنێکی دیکەش ڕوو بدا هەر وا دەکا. سپاس خانم سەرۆک.
سەرۆک: سپاس بۆ ئەمە دوایین قسە ئی ئامینەکاکەباوە ئەندامی سەربەخۆی
پارڵمانە، فەرموو!
ئامینە کاکەباوە: سپاس خانم سەرۆک، سپاس وەزیری کاروباری دەرەوە بۆ ئەم شیکردنەوانە. مرۆ دەتوانێ بە سەدان
لاپەڕەی دیکەش بنووسێ بۆ باسی ئەو زۆرداری و جینایەتانەی کە بە دژی مافی مرۆڤ ،
تاوانکاری شەڕ ، تاوانکاری بە دژی حوکمی قانوون کە لە تورکیا دەکرێن، بەکار هێنانی
چەکی شیمیایی ، لە کاتێکدا تورکیا ژێر پڕۆتۆکۆڵی قەدەغەکردنی دەکار کردنی چەکی شیمیایی ساڵی ١٩٩٧ی واژۆ کردووە. بەڵام تورکیا ئەوەی
پێشێل کردووەو ئەو چەکەی بەکار هێناوە، ئەمن بیر لەوە دەکەمەوە گەلۆ سوێد و
یەکێتیی ئوڕووپا لە ئاست ئەو کردەوەیەی تورکیا بەرهەڵستیان چ بووە بۆ ئەوەی تورکیا
مەحکووم بکەن لەبەر ئەو کردەوەیەی. بەڵگە بە دەستەوەیە کە تورکیا ئەو چەکەی بەکار
هێناوە. وەزیری کاروباری دەرەوە دەڵێ ئێمە مۆری تێڕۆریست لە سەر پ.ک.ک لا نابەین،
بەڵام هەموو کارێکی کە ئێمە لە سوێد و لە چوارچێوەی یەکێتیی ئوڕووپا
دادەیکەین لەبەر ئەو مۆرە پێشی دەگیرێ کە
حەوڵ بدرێ بۆ بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ. چونکە ئەو دامغە لێدانە لە پ.ک.ک
دەسەڵاتی ئەردۆغانی زیادکردووە و دەستی ئاواڵە کردووە بۆ داگیر کردنی وڵاتانی دیکە بە بیانووی
تێرۆریزم. ئەوە هەم من و هەم وەزیری کاروباری دەرەوە زۆر چاک دەزانین وایە ، هەموو پارڵمانی سوێد و
سیاسەتمەدارانی یەکێتیی ئوڕووپا لەوە تێدەگەن. ئەوە شتێک نییە کە ئێمە نەیزانین.
تا ئەو کاتەی کە هەموو پارتییەکان
لەڕۆژئاوا و لە سووریا و لە هێندێک لە بەشەکانی ئێران و عێڕاق پێیان بگوترێ ئەوانە
تێڕۆریستن و ئەو شەقڵیان لێ بدرێ، بە کردەوە یارمەتی ئەردۆغان دەدا بۆ ئەوەی درێژە بەو سیاسەتە بدا، فەرموو ئەو
وتارەی یان گییوو بخوێنەوە کە حەوتووی ڕابردوو
لە ئافتون بڵادتدا بڵاو بووەوە. ئەو دامغەیە ژیانی کوردێکی زۆری سەروبن
کردووە . ئەمن مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەگەر ئێمە قسەکانمان جیدییە و پشتیوانی لە
مافی کوردەکان و ئەوانیدی دەکەین، ئەگەر دەمانەوێ بە ڕێگای دیالۆگدا ئەو کێشەیە
چارەسەر بکەین دەبێ ئامادەیی ئەوەشمان هەبێ کە چاو بە بڕیارەکەماندا بخشێنینەوە و
بوێرین هەر ئەو کارە بکەین کە بۆ نموونە
بێلژیک کردی . ئەگەر ئەو شەقڵە لانەچێ ئەو کێشەیە هەر وا بەردەوام دەبێ و
قووڵتر دەبێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، واتە دۆزی فەلەستینییەکان و کوردەکان و
سێناریۆی دیکە دێتە گۆڕێ. بە داخەوە وڵامی ئەوەشم لە وەزیری کاروباری دەرەوە
وەرنەگرت کە بێتوو ئەمریکا ناوچەکە بەجێ بێڵێ چ ڕوودەدا.
سەرۆک: سپاس
ئامینەکاکە باوە: سپاس
سەرۆک: دەی با دوا قسە بۆ وەزیری
کاروباری دەرەوە ئان لیندێ بێ، فەرموو
ئان لیندێ: سپاس خانم سەرۆک. تا ئەو جێیەی دێتەوە سەر پ.ک.ک ئێمە و هەموو یەکێتیی ئوڕووپا پێمان وایە کە
ئەوە ڕێکخراوەیەکی تێرۆریستی یە و ئێمە هیچ نەخشە و پلانێکمان نییە بۆ لابردنی
دامغەی تێرۆریستی لە سەر ئەم ڕێکخراوەیە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئەوە پای
ڕێکخراوەی دیکە بگرێتەوە و ئەوە هەر لە سەر پ.ک.ک ئاوایە. ئێمە بە ڕوونی جەخت
دەکەینەوە کە پێشوەچوون لە تورکیا بە ئاراستەیەکی هەڵە دا دەڕوا و ئێمە ئەوشتانە ڕاستەوڕاست لەگەڵ تورکیا دێنینە گۆڕێ و ئێمە
لەگەڵ زنجیرەیەک ڕێکخراوە هاوکاری دەکەین
بۆ بەهێز کردنی مافی مرۆڤ، دێمۆکڕاسی و پرێنسیپەکانی حوکمی قانوون لەوانە مافی
مرۆڤی ژنان لە تورکیا و بۆ ئەوەی ئەو کارە بەردەوام بێ حکوومەت ستراتێژییەکی نوێی
لە پێش خۆی داناوە بە ڕێگای پشتیوانی دوولایەنە لە ڕێفۆڕم و ئەو ئامانجە
هەمەلایەنەیە و بەهێزکردنی هەلومەرجەکان بۆ بوونی
کۆمەڵگەیەکی یەکسان لە تورکیا، ئێمە بەڕێگای ئەو پشتیوانییە لە ڕێفۆرم
بەردەوام دەبین کە فکری کۆمەڵێکی
ذیمۆکڕاتی، کراوەی تورکیا لە سەر بنەمای ڕوانگەی ئوڕووپایی پەرە پێ بدەین و
پشتیوانی دەکەین لە کۆمەڵگەیەکی سەربەخۆی مەدەنی لە تورکیا وهەر وەها پشتیوانی
دەکەین لە ئازادیی ڕادەربڕین و چاپەمەنی لە تورکیا. کاری سوێد لەو پێناوەی دا
گرینگە و دەمەوێ قسەکانم بەوە تەواو بکەم کە دوایین بیروڕا پێوانەکان نیشان
دەدەن کە پشتیوانی لە پارتیی ئەردۆغان کەم
بووەتەوە و پشتیوانی لە جەهەپە و هەدەپە زیادی کردووە و ئەوەش دەری دەخا کە لە
وانەیە لە تورکیا حکوومەتێکی دیکە بێتە سەر کار. سپاس خانم سەرۆک.
سەرۆک: سپاس بۆ ئەمە و بەم شێوەیە گەنگەشەی کە پێشنیار پرسیاری ١٢٤
ورووژاندبووی و ئامینە کاکەباوە نوێنەری سەربەخۆ بەرزی کردبووە لەمەڕ: "
بارودۆخی ڕێبەرە گیراوەکانی هەدەپە و هەروەها دۆزی کورد لە تورکیا، ئورووپا و
سوێد" کۆتایی هات.
وەرگێڕان لە سوێدییەوە: حەسەن قازی
No comments:
Post a Comment