Tuesday, January 25, 2022

دەبێ هەموو لەهجەیەک ئازاد بێ

ڕۆژنامەی مانگانەی  ئارمانج  ژمارە ١٣٤ ، دێسامبری ١٩٩٢

لە کوردیی کورمانجییەوە بۆ کوردیی سۆرانی: حەسەن قازی

نەمر مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور لە سێپتامبری ١٩٩٢ دا سەری سوێدی دا، تێزی دوکتورایەکەی لە مەڕ مێژووی هەمەلایەنەی شێوەزارە کوردییەکان هێشتا وەکوو  کتێب بڵاو نەبووەوە، بەڵام من دەقی سەرەتایی پایاننامەکەیم لە ١٠٠ نوسخە دا ئامادە کرد.  ئەودەمی ئەمن ئەندامی کۆمیتەی گشتی کۆمەڵە کوردستانییەکان بووم لە سوێد. ئەو کۆمەڵەیە دوو سێمیناری بۆ مامۆستا ڕێکخست
لە شاری ستۆکهۆڵم و ئووپسالا. بەخۆشییەوە پێشتر کاسێتی ڤێ هۆ ئێسی سێمیناری ستۆکهۆڵمم  کە بە ساڵان پاراستبووم دیجیتاڵ کرد و لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیوب دا بڵاوم کردەوە و دواتر ناوەرۆکی کاسێتە دیجیتاڵ کراوەکەشم دابەزاند و لە وێبنووسی " ڕوانگە" دا بڵاوم کردەوە. دەستەی نووسەرانی "ئارمانج" کە ئەو دەمی لە سوێد بڵاو دەبووەوە لە سێمیناری سوێد ئامادە بوون، دواتر یەک لەوان کاک مەحموود لەوەندی مامۆستای بانگهێشتن کرد و لە ماڵی کاک مەحموود ئەم گفتوگۆیەی خوارەوەیان لەگەڵ مامۆستا کرد و بە کوردیی کورمانجی لە ئارمانجدا بڵاویان کردەوە.لە بەر ئەوەی وڵامەکانی مامۆستا ئەمیر بە کوردیی سۆرانی بووە لەوانەیە لێرو لەوێ بە باشی نەکرابێتە  کورمانجی بۆ وێنە لە مەر زمانی پەشتوویی و فارسی کە یەکەمیان سەر بە زمانانی باشووری ڕۆژهەڵاتە و ئەویدییان سەر بە زمانە ئێرانییەکانی باشووری ڕۆژئاوایە. ئەو گفتووگۆیە دەکرێ بە درێژەی سێمیناری حەسەنپوور دابندرێ لە هۆڵی ئاکالا ترێفی ستۆکهؤڵم لە شەمە ١٢-ی سێپتامبری ١٩٩٢ دا.
 

دوکتور. ئەمیر حەسەنپوور
" دەبێ هەموو لەهجەیەک ئازاد بێ "


دوکتور ئەمیر حەسەنپوور لە ساڵی ١٩٤٣ لە مەهاباد هاتووەتە دنیا. لە ساڵی ١٩٦٠دا چووەتە تاران، لە تارانێ لە زانکۆ بەشی زمان و ئەدەبییاتی ئینگلیسی تەواو کردووە. ماوەیەک لە مەهاباد دەرسی گوتووەتەوە.
لە ساڵی ١٩٨٣ لە وڵاتی خۆی دەرکەوتووە، لەئەمریکا تێزی دوکتورای خۆی لە سەر زمان نووسیوە. ئێستا پێنج ساڵە لە سەر زمانی کوردی لە زانکۆی وینزر لە کانادا دەرس دەڵێتەوە.
دوکتور حەسەنپوور ماوەیەک لەمەو بەر هاتبووە سوێدێ. لە ئەندامانی دەستەی نووسەرانی ئارمانج چەند هاوڕێ گفتوگۆیان لەگەڵ کرد. لە خوارەوە ئێمە کورتەی ئەم گفتوگۆیەتان پێشکێش دەکەین.
س. ڕێڤنگ: پیوانی دەوڵەمەندی و فەقیریی زمانێک چییە؟
ئەمیر حەسەنپوور: لە ڕووی ستروکتوری خۆیەوە لەدنیایێ دا هیچ زمانێکی فەقیر بوونی نییە، هەموو زمانێک خاوەن ڕێزمان، فۆنێتیک و ڤۆکابولارە واتە پەیڤە. بەڵام لە ڕووی نووسینەوە فەقیری و دەوڵەمەندی زمان هەیە. لەم ڕۆژگارە دا زۆر زمان هەن کە نانووسرێن ، بەڵام لە ڕووی قاعیدە و شێوەی ڕێزمانییەوە هیچ فەرقێک لە نێو ئەو زمانانە دا و ئەو زمانانەی  کە پێیان دەنووسرێ نییە. تەنانەت ئەمڕۆ هێندێک زمان هەن کە پێیان نانووسرێ ، بەڵام لە ڕووی قاعیدەی زێزمانییەوە لە زۆر لە زمانی دیکە ڕێک و پێکترن.
دەوڵەمەندی و فەقیری زمانێک لە نووسیندا وەدیار دەکەوێ.ئەگەر بە زمانێک بنووسرێ ئەو دەمی دەوڵەمەندییەکەی دێتە گۆڕێ.
ئەمڕۆ لە دنیایێ دا نزیکەی ٦٦٠٠ زمان هەن، بەڵام هەر نزیکەی ١٠ لە سەدی ئەو زمانانە زمانی نووسینن و  کوردیش یەک لەو زمانانەیە.
کوردی، ئێستا لە ڕووی ڕۆژنامەگەرییەوە دەوڵەمەندە، بەڵام لە ڕووی بابەتی ئابستراکت فەقیرە. واتە ئەمڕۆ زۆر زەحمەتە ئەمڕۆ لیکۆڵینەوەیەک لە سەر فەلسەفە یان بابەتێکی لە مەڕ شیمی بە کوردی بنووسین. بەڵام بە ئینگلیسی، فەڕانسەیی یان بە عەڕەبی مرۆ زۆر بە هاسانی لە سەر ئەو زانستانە دەنووسێ، یانی دەوڵەمەندی زمانێک لەوە دا خۆی دەردەخا کە مرۆ چەند دەتوانێ ئەو زمانە لە بواری نووسیندا بەکار بێنێ.
بێگومان کاتێک من باسی نووسین دەکەم ، مەبەستم هەر نووسینی ڕۆژنامە و گۆوار نییە . بۆ ئەوەی زمانێک پێش بکەوێ دەبێ پێی بخوێندرێ دەرسی وەکوو فیزیک، شیمی، فەلسەفە، کۆمەڵناسی و هتاد. ئەو دەمییە کە مرۆ دەتوانێ بڵێ زمان بەرەو پێش دەچێ.
ئەمڕۆ لە دنیایێ دا زمانی وا هەن کە پێیان دەنووسرێ بەڵام  لە خوێندن و مەدرەسان دا دەکار ناکرێن واتە زمانی دەرس دادان نین.
بەڵام کوردی  لە سۆڤییەت  لە ساڵی  ١٩٢٠ هەتا ساڵی ١٩٢٧ زمانی دەرس دادان بوو . لە کوردستانی عێڕاق  لە ساڵێ ١٩٢٠ بەم لایەوە دەرسی پێ گوتراوە، ئەوە بۆخۆی پێش کەوتنێکە.
ئەمڕۆ ئەگەر ئێمە تەماشای زمانی کوردی بکەین لەهجەیەکی کە لەهەموان وەپێش کەوتووەتەوە  تەنێ لەهجەی سۆرانییە و ئەویش تەنێ لە ئاستی بنەڕەتی، ناوەندی و ئیمدادیدا پێی خوێندراوە ، بەڵام لە ئاستی خوێندنی زانکۆ دا ئەویش کورتی دێنێ. بەڵام دە ناو زمانانی دنیا دا کوردی تەقریبەن دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەو زمانانە. واتە نە زۆر پێش کەوتووە و نە زۆریش لە پاشە.
س. ڕێڤنگ: دە زمانێک دا گەلۆ هەبوونی گەڵێک لەهجە و دەڤۆک دەوڵەمەندی ئەو زمانەن ، یان  ئەوە نیشانەی فەقیری و گیروگرفتە؟
ئەمیر حەسەنپوور: هەر زمانێک لەبەر چاو دەگری بگرە هەموو زمانەکانی دنیایێ  خاوەنی لەهجە و دەڤۆکن. هەبوونی لەهجە هۆی پێش کەوتن یان فەقیری زمان نییە. بە پێچەوانە دەتوانێ هۆی دەوڵەمەندی زمانیش بێ. ئەمڕۆ ئێمە دەزانین  زمان بۆ پێوەندی لە نێوان خەڵکدا و هەموو ئەندامانی نەتەوەیەکدا  وەسیلەیەکە. کوردیش  خاوەنی هێندێک لەهجەو دەڤۆکانە.  ئەگەر مرۆ بارودۆخی سیاسی کوردستان لەبەر چاو بگرێ، دەبینێ ئەوە وڵاتێکی پارچە پارچەیە  و کورد لە یەکدی دوور کەوتوونەتەوە، نزیکبوون دەناو پارچەکاندا نییە، پێوەندییەکی چالاک لە نێوان دا نییە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین باش لە یەکتری تێ بگەین بۆیە هەبوونی دیالێکتەکان بوون بە گیرو گرفت.
س. ڕێڤنگ: فەرقی زمان و لەهجە چییە؟ واتە مرۆ لە سەر چ بنەمایەک دەتوانێ بڵێ سۆرانی و کورمانجی لەهجەی زمانێکن؟
ئەمیر حەسەنپوور: لە زانستی زمانناسی دا پێوەرێک نییە کە تۆ بێی بڵێی ئەوە لەهجەیە یان زمانە. کاتێک ئێمە دەڵێین کورمانجی، سۆرانی، دملی، هەورامی لەهجەی کوردین، بەر لەهەموو شتێک لەبەر ئەوەیە کە لە یەکتری نزیکن.
س.ڕێڤنگ: لە سەر چ بنەمایەک؟
ئەمیر حەسەنپوور: لە سەر بنەمای فۆنۆلۆژی، گرامر، سینتاکس و مۆرفۆلۆژی لە یەکتری نزیکن.  ئەگەر ئەتۆ سۆرانی لەگەڵ فارسی بەراورد بکەی، مرۆ دەبینێ کە لە فارسی زیاتر نزیکی کورمانجییە. ڕاستە فارسی، سۆرانی، کورمانجی لە ڕیشەیەکن، لە ڕەگێکەوە دێن، بەڵام کورمانجی و سۆرانی لە فارسی زیاتر نزیکی یەکترین. بێ گومان هۆیەکی دیکەش  مێژوویی و سیاسی یە کە کورمانج، سۆران ، دملی، هەورامی  حەموو خۆیان بە کورد دەزانن. بۆ نموونە ئەحمەدی خانی  کورد و کورمانجی وەک دوو وشە بە یەک مانا  بەکار هێناوە. یانی دوو وشەی هاومانا.
دملی و هەورامی لە ڕووی ستروکتوورەوە مومکینە هێندێک لە سۆرانی و کورمانجی دوور بن، بەڵام لە باری سیاسی و مێژوویییەوە لە فارسی، دەری و ئۆسێتێیی ( زمانێکی ئێرانییە، لە گورجستانێ نزیکەی میلیۆنێک ئاخێوی هەیە) زیاتر نزیکی سۆرانی و کورمانجین. دملی و هەورامی خۆیان بە کورد دەزانن، کورمانج و سۆرانیش ئەوان بە کورد دەزانن. ئەوە لە ڕووی مێژووییەوە ئاوا هاتووە.

م.لەوەندی: باشە، پەشتوو و فارسی ئەوانیش نزیکی یەکترین، تەنانەت لە سۆرانی و کورمانجی زیاتر نزیکی یەکترن . ئەوان بۆچی وەک یەک زمان داناندرێن؟

ئەمیر حەسەنپوور: پەشتوو خۆیان بە فارس نازانن، فارسیش ئەوان وەک فارس دانانێن. لە باری مێژوویی و سیاسیش مرۆ چاویان لێ بکا دوو میللەتی جیاوازن.
م.لەوەندی: یانی مەبەستت ئەوەیە کە یەک میللەت بوون تەنێ بە زمان و لەهجەوە گرێ نەدراوە؟
ئەمیر حەسەنپوور: وایە، دەبێ لە ڕووی سیاسی و مێژووییشەوە نزیکبوونیان هەبێ. لە ڕووی ستروکتووری  زمانەوە فارسی و پەشتوو زیاتر لە هەورامی و سۆرانی نزیکی یەکترین. بەڵام چ سۆران بن و چ هەورامی هەر دووکیان بە خۆیان دەڵێن کورد. هەر دووکیان یەکتری بە کورد دادەنێن، بە باوەڕی من لایەنی هەرە گرینگ ئەوەیە. بەڵام چ لە ڕووی مێژوویی بێ یان ئێستا بێ قەت پەشتوویەک بە خۆی نەگوتووە فارس ، و هەر خۆی بە میللەتی پەشتوو زانیوە.
م.لەوەندی: باشە، ئەگەر وابێ ئیدی لەهجە چییە؟ یانی ئەگەر فارسی و پەشتوو زیاتر لە هەورامی و سۆرانی لە یەکتری نزیک بن، ئەو دەمی ئێمە بۆ دەڵێین پەشتوو زمانێکە و فارسی زمانێکی دیکەیە.
ئەمیر حەسەنپوور: ئەمن پێشتر گوتم نەک هەر لە رووی زمانییەوە، بەڵکوو لە ڕووی کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی  و مێژووییەوە کورمانج، دملی، سۆران و هەورامی میللەتێکن. بەڵام فارس و پەشتوو وا نین.

چونکە لە ڕووی زمانناسییەوە پێوانەیەکی ئەوەندە ورد نییە کە تۆ بتوانی بە پێی ئەوە فەرقی نێوان زمان و لەهجەیەکی بزانی، هەر بۆیە کاتێک ئێمە دەڵێین دملی، سۆرانی، کورمانجی لەهجەی کوردین، مەبەستمان ئەوەیە کە ئەوانە نەک لە ڕووی ستروکتووری زمانییەوە بەڵکوو ئەوە لە ڕووی سیاسی و مێژووییەوە کە ئێمە دەڵێین حەموویان کوردن و لەهجەکانیشیان لەهجەی  کوردین. یانی کاتێک کە لە دەرسیم ڕاپەڕینێک دەبێ، لە هەموو پارچەکانی کوردستان گەلی کورد ئەو ڕاپەڕینە وەک خەباتی خۆی دەبینێ  یانی بە ئی خۆی دەزانن، چونکە بۆ سەربەخۆیی کوردستان ڕاپەڕیون. و ئەوە لە حەموو هۆکارەکانی دیکە گرینگترە.
شتێکی دیکە، بۆ وێنە، هەورامی زمانی ڕەسمی ئیماڕەتی بابان بوو کە ئەو ئیماڕەتە یەک لە ئیماريتە هەرە بەناوبانگەکانی کوردان بوو.
م.لەوەندی: بەڵێ. باشە ئەی بۆچی ئێمە دەڵێین لەهجە، یانی لەهجە چییە؟
ئەمیر حەسەنپوور:  لەهجە لقێکی زمانە، وەک چۆن مرۆ لە بیۆلۆژیدا کاتێک دەڵێ شێر، شەپاڵ، پڵینگ و پشیلە؛ مەبەستی ئەوەیە بڵێ پڵینگ حەیوانێکە لەو ماڵباتە.  یانی  لەهجەش هەر وایە، یانی ئەگەر ئێمە کوردی بە ماڵبات بزانین، سۆرانی هەورامی، دملی و کورمانجیش دەبن بەو ماڵباتە. وەک من پێشتریش گوتم  لەزانستی زماندا فەرقی نێوان زمان و لەهجە بە باشی دیاری نەکراوە و ناش زاندرێ.
بەڵام وەکوو حەموو جارێ کە من دووپاتەی دەکەمەوە، بە باوەڕی من لایەنی هەرە گرینگ ئەوەیە کە خاوەنی ئەو لەهجانە حەموویان لە ڕووی مێژوویی و سیاسییەوە خۆیان لە یەکتری نزیک دەبینن و حەوموویان هەم بە خۆیان و هەم بە ئەوانیدی دەڵێن کورد. ئەوە شتی هەرە گرینگە.
چونکە کاتێک مرۆ لە ڕووی فۆنۆلۆژی و هێندێک ستروکتووری زمانییەوە فارسی، دەری، پەشتوو و تاجیکی بەیەکەوە بەراورد بکا،دەتوانێ بڵێ لەهجەی زمانێکن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەگوترێ کە هەر کامەیان زمانێکی سەربەخۆن، چونکە خاوەنی ئەو زمانانە؛ با بڵێین فارس خۆیان بە ئەفغانی، یان تاجیک خۆیان بە ئەفغانی نازانن یانی هەر کامەیان خۆیان وەک میللەتی جیاواز دەبینن.
س. رێڤنگ: ئەتۆ لە سێمینارەکەی خۆتدا بەحسی پلان دانانت کرد  کە ئاوا مرۆ دەتوانێ بۆ پێشخستنی زمان لەیەک نزیک کردنەوەی لەهجە و دەڤۆکان پلان دابنێ، گەلۆ  ئەو پلانە چییە؟
ئەمیر حەسەنپوور: ئەوە زانستێکە کە پێی دەڵێن language planning . یانی بەرنامە دانانی زمانی. ئەوە بە تایبەتی بۆ ئەو جۆرە زمانانە دادەندرێ کە گیروگرفتیان هەیە. ئەمن لە تێزەکەم دا گیروگرفتەکانی زمانی کوردیم دەستنیشان کردووە و بەپێی ئەو گیروگرفتانە هێندێکم ڕێگای چارەسەری بۆ ڕەواندنەوەی تەمی ئەو گیروگرفتانە نووسیوە. دیارە بێگومان من بارودۆخی سیاسی هەنووکەیی کوردستانیشم دیاری کردووە. چونکە ئەو چارەسەری و تیوریانەی  کە من بۆ لابردنی گیروگرفتەکانی زمانی کوردی نووسیومن تەنێ  دەتوانی لە هەلومەرجێکی ئازادی کوردستان دا پێک بێ و جێ بەجێ بکرێن.
س. ڕێڤنگ: بە باوەری تۆ کێشە و گیروگرفتەکانی زمانی کوردی کامانەن؟
ئەمیر حەسەنپوور: گەلێکن، بۆ وێنە یەک لەوان هەبوونی سێ ئەلفوبێی جیاوازە. سێ ئەلفوبێ یانی سێ جوور ئیملا. سێ شێوەی ئۆرتۆگرافیک.ئەویش دەبێتە هۆی ئەوە کە لە بواری نووسیندا هیچ پێوەندییەک لە نێوان کورداندا ساز نەبێ، لە جیات ئەوەی لەیەک نزیک بنەوە، زیاتر لەیەکتری دوور دەکەونەوە.
بۆ وینە، کوردەکانی کوردستانی ئێران و عێڕاقێ کە بە خەتی عەڕەبی دەنووسن ، ناتوانن نووسینی کوردەکانی سۆڤییەت، کە بە خەتی کیریلیک دەنووسن، بخوێننەوە. کوردەکانی کوردستانی تورکیا کە خەتی عەرەبی نازانن، ئەوانیش ناتوانن نووسینەکانی کوردەکانی کوردستانی ئێران وعێڕاقێ بخوێننەوە. جارێ ئەوە  گیر و گرفتێکی گەورەیە،
کێشەیەکی دی، جا چ لەبەر بارودۆخی سیاسی کوردستانێ بێ، چ لە بەر هۆکاری ئابووری بێ. لەهجەکانی ئێمە لە جیات  ئەوەی لە یەکدی نزیک بنەوە، لە یەکتری دوور دەکەونەوە. بۆ وێنە ئەمن هەتا تەمەنی ١٧ ساڵی خۆم هیچ کورمانجێکم نەدیبوو. کورمانج لە ئێمە هەر ٧٠ کیلۆمیتر دوورن، بەڵام هاتوچوو نەبوو. بەڵام لە دوای ساڵی ١٩٥٨ کە ڕادیۆی  بەغدا دەستی بە بڵاو کردنەوە کرد ئەو دەمی سۆرانی ئاخێویش دەرفەت و مەجالیان بۆ پەیدا بوو کە بتوانن گوێ بدەنە کورمانجی.
لە ساڵی ١٩٤٨ ڕادیۆی حەیفا و ڕادیۆی ئیرەوانیش بە کورمانجی بەرنامەیان بڵاو دەکردەوە  و ئەوە بۆ پێوەندەی و لێک نزیککردنەوەی لەهجەکان هەرچەند کەمیش بووبێ فایدەی هەبوو. بەڵام گرینگتر ئەوەیە کە خەڵک بۆ خۆی بتوانێ لەگەڵ یەکتری قسە بکا و پێوەندی دامەزرێنێ.  یانی هەورامییەک بچێتە ناو کورمانجان و کارێک بۆ خۆی پەیدا بکا، کورمانجێک لە ناوچەی هەورامان کار بکا، یان لە ناو سۆرانان دا، ئەوە دەتوانێ پێوەندی لەناو لەهجەکاندا ساز بکا و لێکیان نزیک کاتەوە. ئەوەش بەستراوەتەوە بە دەوڵەت، بەڵام کورد نەبووەتە خاوەن دەوڵەت، بە پێچەوانە بوونە چەند پارچە و بۆ تێکەڵی و پێوەندی لەگەڵ یەکتری هیچ دەرفەتێکیان دە دەست دا نییە. هەر بۆیەش پێوەندی پێک نایە. ئەوەش بۆ یەکێتی یان بۆ لەیەک نزیکبوونەوەی لەهجە کوردییەکان ئاستەنگێکە، گیروگرفتێکە.
س. ڕێڤنگ: لە سەردەمی خۆیدا دە ناو زمانە ئوڕووپاییەکانیشدا کێشەی ئاوا هەبوون. گەلۆ ئەوانیش بە پێی پلان و بەرنامە کێشەکانی خۆیان چارەسەر کرد؟
ئەمیر حەسەنپوور: دە زمانە ئوڕووپاییەکاندا پلان دانانی زمانیی نەکراوە، چونکە ئی وان شێوەیەکی تەبیعی بووە. لە سەردەمی فێئۆدالیزمدا فەڕانسەیی،ئینگلیسی، ئەڵمانیش لەهجەیان زۆر هەبوو. ئەودەمی زۆربەی خەڵک لە سەر زەوی خۆیان کاریان دەکرد، هاتوچوو دە نێوانیاندا نەبوو، لە دێی خۆیان لە دایک دەبوون و  لە دێی خۆیان دەمردن. بەڵام دوای ئەوەی سەرمایەداری دەستی پێ کرد، دێێەکان کەم کەم گەورە بوون، شار پەیدا بوون، بازار پەیدا بوون، سنعات پەیدا بوو، بورژوازی پەیدا بوو، بەرهەمهێنان پەیدا بوو، بەو شێوەیە ئەو کەسانەی کە  هاتنە شاری  لەهجە و دەڤۆکەکانیان لەیەکتری نزیک بوون، بەڵام لەو قۆناغە دا  ئەو شار، ناوچە یان ئەو ئیماڕەتەی کە خاوەنی سەرمایە بوو ، لەهجە کەشیان بوو بە لەهجەی سەردەست.  لە بواری نووسین و کولتووریشەوە ئەو لەهجەیەی کە خاوەن دەسەڵات بوو حوکمی دەکرد. یانی ئەمڕۆ لەهجەی پاریسێ، یان ئی لەندەنێ  کە بوون بە زمانی ستانداردی ئەو وڵاتانە، بەپێی ئەو هەلومەرجانەی کە من لە سەرەوە ڕێزم کردن  بەو قۆناغانەدا تێ پەڕین. بێگومان ئەوە لە سەدەی ١٥-١٦ دا تەنێ هەر لە ئوڕووپای ڕۆژئاوا ئاوا بووە.
لە کوردستانێ قۆناغێکی ئاوا پەیدا نەبووە. ئەگەر پەیداش بووبێ هەر دەوڵەتە داگیرکەرەکان تەئسیری گەورەیان کردووەتە سەر وەزعی کوردستان . لە ڕۆژگاری ئێستاش دا ئێمە ناتوانین ئەوە بکەین، یانی مێژوو دووپاتە نابێتەوە. هەر بۆیەیە ئەمن دەڵێم پێویستە ئێمە بۆ زمانی کوردی پلانێکی زمانی دابڕێژین.
س. ڕێڤنگ: باشە بە پێی چلۆنایەتی ئێستای زمانەکەمان ئەتۆ بۆ ئەو زمانە بیر لە پلانێکی چۆن دەکەیەوە؟
ئەمیر حەسەنپوور: لە تورکیا، تەنانەت گوتنی کوردیش نییە. لە ئێرانیش دەڵێن  کوردی لەهجەیەکی فارسی یە. یانی زمانی کوردی هیچ ڕەسمییەتی نییە. لە پێشدا دەبێ  زمانی کوردی لە لایەن ئەو دەوڵەتانە ڕا وەکوو زمانێکی ڕەسمی قبووڵ بکرێ، ئەوە هەنگاوی یەکەمە.  هەنگاوی دووەمیش دیارە نووسینی زمانی کوردییە. لە گوتنی کوردییەوە بگرە هەتا ڕێزمان و کتێبی خوێندنی مەدرەسە  دەبێ بنووسرێن. قامووسی باشی لەهجە ودەڤۆکەکان دەرکەون و هەر وەها کتێب و گۆوار و ڕۆژنامەی جۆر بەو جۆریش دیارە هەر دەبن. ئەو دوو هەنگاوانە پێوەندییان بە یەکترییەوە هەیە، بەو دوو هەنگاوانە زمانی کوردی دەتوانێ بگاتە نوختەیەکی باش.
س. ڕێڤنگ: سەبارەت بە لەهجان چ جۆرە پلانێک پێویستە. بۆ وێنە ئێستا لە کوردستانی عێڕاقێ ئازادییەک هەیە و لە وێندەرێ  دوو  لەهجەی سەرەکیمان هەیە کورمانجی و سۆرانی.
ئەمیر حەسەنپوور: لە کوردستانی عێڕاقێ سۆرانی ئاخێو لە کورمانجی ئاخێوان زیاترن. لەباری خوێندن و نووسینیشەوە ئەوان  لە کورمانجی ئاخێوان لە پێشترن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ بە تەواوی ئازادیی هەر دوو لەهجان هەبێ. یانی لە مەدرەسە و تێلێڤیزیۆنەوە بگرە هەتا ڕۆژنامە و گۆواران، دەبێ بە هەر دوو لەهجەکان هەبن.
س. ڕێڤنگ: لە خوێندنگەی بنەڕەتیدا دەبێ  منداڵان هەر دوو لەهجە فێر ببن؟
ئەمیر حەسەنپوور: لە خوێندنگەکاندا دەبێ هەر کەس بەلەهجەی خۆی بخوێنێ و لەهجەکانی دیکەش فێر بێ.
س.ڕێڤنگ: لە کوردسانێکی گەورە، لە هەر چوارپارچە، بەو شێوەیە ئایا ئەوە بۆ دەوڵەتێک نابێ  بە خەرج و مخاریج و زەحمەتی گەورە؟
ئەمیر حەسەنپوور: نا، پێویست نییە کە هەر منداڵێک چوار لەهجەکان فێر بێ. بۆ وێنە هەورامی ژمارەیان زۆر کەمە، کورمانجێک پێویست ناکا هەورامی فێر بێ. بەڵام هەورامی دەبێ ئازادیی هەبێ. ئەگەر بیانەوێ دەبێ خوێندنگەی خۆیان هەبێ.
س. ڕێڤنگ: یانی ئەتۆ دەڵێی ئێمە پلانێکی ئاوا ساز کەین  بۆ ئەوەی زاراوەیەک یان دوو زاراوا پێش کەون و ئەوانیدی هێدی هێدی بتوێنەوە و بزر بن؟

ئەمیر حەسەنپوور: ئەوە بە هەلومەرجی کوردستانێ بەستراوەتەوە، بەڵام دەبێ ئازادی هەبێ. یانی هەموو لەهجەیەک ئازادی هەبێ ، چوون و هاتن دەبێ، پێوەندییەک دەبێ، خەڵک لەیەکتری تێ دەگەن  وەکوو  ئەو کوردانەی کە ئێستا لە ئوڕووپایەن. لە سایەی تێکەڵاوی و پێوەندی  ئێمە ئێستا لە یەکتری تێدەگەین. بۆ وێنە ئێستا ئەتۆ بە کورمانجی قسە دەکەی و ئەمنیش بە سۆرانی بەڵام ئێمە لە یەکتری تێ دەگەین.
دملی، کورمانجی، سورانی دە دەوڵەتێکی سەربەخۆ دا زیاتر لە یەکتری نزیک دەبنەوە. لەهجەکانی دیکە، یان لەهجەیەک  لەوانەیە دە ناو لەهجەیەکی دیکە دا بتوێتەوە، ئەوەش بەدیلێکە، بەڵام ئەوە نابێ بە زۆر بێ، واتە لە پێشدا ئەو لەهجەیە دەبێ ئازادی هەبێ.
ز.خامۆ : چوار زاراوا و گەلێک دەڤۆکمان هەیە. بۆ نزیک کردنەوەیان دەبێ ئەمڕۆ ئێمە چ بکەین، چ پێویستە؟
ئەمیر حەسەنپوور: لە هەلومەرجی هەنووکەیی هەر پارچەیەکی کوردستاندا دەبێ بەرنامەیان بۆ دابندرێ. یانی ئەگەر ئێمە کوردستانی تورکیا لە بەرچاو بگرین لەو پارچەیە دا دوو لەهجەی سەرەکی هەن؛ کورمانجی و دملی . دەبێ ڕۆژنامە و گۆوار بە هەر دوو لەهجەکان بن. ئەگەر بێتوو هێندێک حەق بدرێ، دەبێ خوێندنگە، دەرسی خوێندن، تێلێڤیزیۆن، ڕادیۆ هەم بە دملی و هەم بە کورمانجی هەبن. و بەو شێوەیە ئەوەش لەهجەکان بە جۆرێک لەیەکتری نزیک دەکاتەوە.

ز. خامۆ: نا، نا، تەنێ هەر کوردستانی تورکیا نا، ئەمن بۆ هەموو کوردستان دەڵێم.
ئەمیر حەسەنپوور: ئێمە دەتوانین بۆ زمان بەرنامەیەک دانێین، بەڵام دەبێ ئازادییەک هەبێ. ئەگەر ئازادیت نەبێ، بەرنامە لە هەوا دا دەمێنێتەوە وەگیان ناکەوێ. بۆیە دەبێ ئەو ئۆرگانیزاسیۆن و گۆوار و ڕۆژنامەی کە  لە کوردستان هەن بە پێی شەرتومەرجی خۆیان هێندێک بەرنامە دانێن و لە پێناویدا کار بکەن.


ماڵمیسانژ: ئەمنیش دەمەوێ شتێک بڵێم. ئێستا هێندێک ئاواڵ هەن دەڵێن دەبێ زمانێکی ستاندارد ساز بێ. بەڵام کاتێک کورمانجێک ئەوە دەڵێ مەبەستی لە زمانی ستاندارد ، ستانداردێکی کورمانجییە. ئەگەر سۆران بێ  مەبەستی سۆرانییە. بۆ ئەوە لە ڕوانگەی خۆیانەوە بەڵگەش بە دەستەودەدەن ودەڵێن کورمانج زۆربەن، یان سۆرانی پێش کەوتووە و هتاد.
لەو بارەیەوە بە باوەری منیش دەبێ هەر لەهجەیەک ئازاد بێ دەبێ ئێمە لە ئاخێوەران بپرسن، ئەوان بە هەر زاراوەیەک بیانەوێ دەبێ بەو زاراوایە بخوێنن. یانی ئێمە ناتوانین بە زۆری بە دملییەک بڵێین بە کورمانجی بخوێنە. پلان دەبێ ئەوە بێ کە ئێمە ئالیکاری یەکتری بکەین، لەهجەکانمان لە یەکدی نزیک ببنەوە و لە یەکتری دوور نەکەونەوە.
بۆ وێنە کاتێک کاک عومەر شێخمووس لە گۆواری " بەربانگ " دا نووسیبووی کە پێویستە کورمانج سۆرانی فێر بن و سۆرانیش کورمانجی فێر بن بەڵام هەورامی و دملی دەبێ ئەو دوو لەهجانە هەر دووکیان فێر بن، ئەوە یانی چی؟ ئەوە پلان و بەرنامەیەک نییە بۆ ئەوەی زاراواکان لەیەکتری نزیک ببنەوە، ئەوە ڕاستەوڕاست ئاڵۆزییەکە، موشکیلەیەکە بۆ زمانی کوردی. یانی ئەمن وەک دملییەک هەستم سۆرانی فێر بم بەڵام سۆرانێک دملی فێر نەبێ؟

ئەمیر حەسەنپوور: نا، ئەمنیش پێم وا نییە. بەر لەهەموو شت ئیمە دەبێ قبووڵ بکەین کە لەهجەکان ئازاد بن. هەر لەهجەیەک مافی هەبێ  کە خوێندنگە و هتادی هەبێ. ئەو جار ئەگەر دملییەک ویستی کورمانجی بخوێنێ یان کورمانجێک بییەوێ دملی بخوێنێ ئەو ئازادییەیان هەبێ و خۆیان بڕیار بدەن. لە وڵاتێکدا زمان، ئابووری و سیاسەت دەبێ بەیەکەوە کار بکەن دەنا کێشە ساز دەبێ.
س.ڕێڤنگ: ئەمن دەمەوێ  پرسیارێکی دیکە بکەم، وەک دەزانی  ئەمڕۆ کوردی بە سێ ئەلفوبێی جیاواز دەنووسرێ: کیریلی،عەڕەبی و لاتینی. ئەوەش بووتە هۆی ئەوە  کە ئێمە لە نووسینی یەکتری تێ نەگەین  و زیاتر لە یەک دوور دەکەوینەوە. لەو بارەیەوە بۆچوونت چییە؟
ئەمیر حەسەنپوور: چارە هەیە، بەڵام ئەگەر ئێمە پلان و بەرنامەیەک دانێین ئەوە چۆن جێ بەجێ بکرێ. یانی ئەمڕۆ ئەگەر مرۆ بارودۆخی کوردستانی تورکیا لەبەرچاو بگرێ ، لەوێ مرۆ ناتوانێ بە تیپی عەڕەبی، یان لە کوردستانی عێڕاق بە تیپی لاتینی بنوسێ. یانی ئەوەش دیسان بە ئازادییەوە گرێ دراوە.
س. ڕێڤنگ: ئەمڕۆ کوردستانی عێڕاقێ ئازادە ، گەلۆ لەوێندەرێ مرۆ ناتوانێ ئەو ئاریشەیە چارەسەر بکا؟

ئەمیر حەسەنپوور: لە وێندەرێ کێشەی ئەلفوبێیان نییە. چونکە ئەو ئەلفوبێیەی دەکاری دەکەن بەشی زمانەکەیان دەکا، بەڵام ئەگەر تۆ بپرسی کامە ئەلفوبێ ئەوە شتێکی دیکەیە.
بە باوەڕی من لە ناو ئەلفوبێیەکاندا هیچ جیاوازی نییە. ئەلفوبێی کوردیی لاتینی یان ئەلفوبێی عەڕەبی  هەر دووکیان فۆنێتیکن. زمانی کوردیان پێ دەنووسرێ. دە مەسەلەی فۆنێتیک و دەیتا و تێکنیکیش دا هیچ فەرقێک لە ناو ئەو دوو ئەلفوبێیانەدا نییە.
ڕاستە باشترە کە ئێمە ئەلفوبێیەک قبووڵ بکەین، بەدیل ئەوەیە. بەڵام بارودۆخ لەبار نییە. وایە ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ بێین و بڵێین با هەموو کورد بە تیپی لاتینی بنووسن، بەڵام ئەگەر ئەوە لە هەموو جێیەکی کوردستانێ قبووڵ نەکرێ  فایدەی نییە. هەمان شت لە سەر ئەلفوبێیەکەی دیکەش . لەو ڕووەوە دەبێ ئۆتۆریتەیەک هەبێ کە دیارە ئەمڕۆ نییە.
س،ڕێڤنگ:  بەڵام هەبوونی سێ ئەلفوبێیان ئێمە لە یەکتری دوور دەکاتەوە  و هەبوونی تاقە ئەلفوبێیەک ئێمە لە یەکتری نزیک دەکاتەوە هەر چەند سنووریشمان دە نێوان دا بێ.
ئەمیر حەسەنپوور: ڕاستە، چارە ئەوەیە کە هەر ئەلفوبێیەک هەبێ، کامەیان دەبێ با ببێ، بەڵام کامەیان؟ ئەگەر ئێمە بڵێین لاتینی، لە ئێران و عێڕاقێ نابێ، بارودۆخ بۆ ئەوە لەبار نییە. ئەمڕۆ لە ئەرمەنستانێ کوردان ئازادییان هەیە و بڕیاریشیان داوە کە خەتەکە بکەن بە ئەلفوبێی لاتینی، بەڵام هەلومەرجی ئابووری ڕێگایان پێ نادا، لە بەر ئەوە ڕۆژنامەی " رێیا تازە" هێشتا هەر بە تیپی کیریلی چاپ دەکرێ.
ز. خامۆ: ئەمڕۆ لە ئێران و عێڕاق و سووریا ئەلفوبێی ڕەسمی دەوڵەت عەڕەبییە. کوردی ئەو پارچانە بە ڕێگای ئینگلیسی، فەڕانسەیی یان ئەڵمانی خەتی لاتینی فێر دەبن. بەڵام لە کوردستانی سووریا هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر سەرەرای ئەوە کە خەتی ڕەسمی عەڕەبییە، کوردی بەئەلفوبێی لاتینی دەخوێنێتەوە و پێی دەنووسێ.  ئەوە بۆ لە سووریا ئاوایە و چما ناکرێ لە عێڕاق و ئێرانیش ئاوا بێ؟
ئەمیر حەسەنپوور: ئەتۆ باسی ڕووناکبیری کوردیی سووریا دەکەی. نەک خەڵکی ئاسایی، نەک منداڵان. یانی منداڵێکی مەدرەسەیی یان دووکاندارێک  پێم وا نییە بتوانێ بە خەتی لاتینی بخوێنێتەوە.  بەڵام لە کوردستانی عێڕاقێ وا نییە هەموو کوردێکی کە خوێندەواری هەبێ بە هاسانی دەتوانێ ڕۆژنامە و گۆواران بخوێنێتەوە. بەڵام ئێمە دەبێ حەول بدەین هەر دوو ئەلفوبێیان فێر بین، بە تایبەتی ڕووناکبیران.  لە هەر پارچەیەک دەبێ بڵا ببێ ئێمە هێندێک خۆمان زەحمەت بدەین فێر دەبین.

س. ڕێڤنگ: ئەتۆ خۆت دەڵێی بۆ من فەرقی ئەلفوبێیان نییە. چ عەڕەبی بێ یان لاتینی، هەر دووکیان فۆنێتیکن و لەگەڵ زمانی کوردی دەگونجێن.  بەڵام ئەلفوبێ دەبێ بۆ منداڵان ئەوەندە هاسان بێ، هەم خوێندنەوە، هەم نووسین و هەم تێگەیشتن هاسان بکا، ئەگەر ئێمە ئەلفوبێی کوردیی لاتینی و عەڕەبی بەیەکەوە بەراورد بکەینکە لە ڕووی نیشانەوە لاتینی لە عەڕەبی هاسانترە چونکە نێشانەی کەمترە. نوختەی دووەم ئەوەیە کە لە ئەلفوبێی کوردیی عەڕەبیدا  دەنگی / i/  نیشانەی نییە  بۆ وێنە kirin ئەگەر بە تیپی عەڕەبی بێ وەک  " کرن" دەنووسرێ.
دیسان لە سیستمی ئەلفوبێی لاتینیدا ڕاست نووسی هەیە. ئەتۆ دەتوانی بە تیپی گەورە ڕستە دەست پێ بکەی. سیفەت و ناوی تایبەتی بە تیپی گەورە دەست پێ بکەی. لە ئەلفوبێی عەڕەبیدا ئەوە نییە. ئێستا ئەلفوبێی لاتینی سەردەستە، لە ڕووی تێکنۆلۆژی و لە گەلێک بواری دیکە دا.

ئەمیر حەسەنپوور: مەسەلەی بوونی نیشانە لە سەر تیپان هیچ کێشە نییە. تەماشای رێنووسی یوگوسڵاوی و تورکی بکەین لە وانیشدا نیشانە زۆرە وەکوو: Ç ,Ş،  Û، ö ،Ğ ، i
شکڵ لە تیپ گرینگترە، چونکە شکڵ لە مێشک دا ئاستە دەبێ بۆ وێنە کاتێک  ئەمن وشەی  " میر " دەخوێنمەوە ، ئەمن ناڵێم  " م" ، " ی " ، " ر"  یەکسەر دەڵێم  " میر" . هەر وەک ئەوەی کە بڵێم  " سەر" ، بەڵام ناڵێم چاو، کەپۆ، دەم، پۆڕ و هتاد. ئەلفوبێی ئینگلیسی لاتینییە بەڵام زۆر زەحمەتە. چونکە فۆنێتیک نییە. بەڵام خەتی تورکی فۆنێتیکە، بۆ هەر دەنگێک تیپێک هەیە. لە زمانی فەڕانسەیی دا دەنگی / o/ بە شێوەی جۆر بە جۆر دەنووسرێ بۆ وێنە وشەی "couteaux  " لێڕە دا  " eau " نوێنەری دەنگی / o/ یە  بەڵام لە سیستمی فۆنێتیک دا  /o/ بە نیشانەیەک  یان وەک  ۆ دەنووسرێ.  باشە ئێستا لە ناو ئەم دوانە دا کامیان زەحمەتترە؟  بێ گومان ئەوی فەڕانسەیی زەحمەتترە. ئینگلیسیش هەر وایە. لە جێدا ماوەی فێر بوونی ئەلفوبێی کوردی و تورکی لە ئی ئینگلیسی کەمترە.

س. ڕێڤنگ: گەلۆ ئی عەڕەبی و فارسی چۆنن؟
ئەمیر حەسەنپوور: ئی وان کەمێک زەحمەتترە. ئەمن لە پۆلی چوارەمدا بووم هێشتا نەمدەتوانی بە باشی بخوێنمەوە و بنووسم. چونکە زەحمەت بو، بەڵام ئێستا مێتۆدی تازەیان ساز کردووە منداڵان زووتر فیڕ دەبن.
بەڵام لە ئەلفوبێی کوردی بە خەتی عەڕەبی گیرو گرفتێکی ئاوا نییە، چونکە ئەویش ئەلفوبێیەکی فۆنێتیکە.  بۆ هەر دەنگێک نیشانەیەک هەیە، کەمایەسی کە لە خەتی عەرەبی دا هەیە هەر وەک ئەتۆش گوتت مەسەلەی تیپی گەورە و پچووکە.  بەڵام ئەویش ئێستا کێشە نییە.  نەبوونی نیشانە بۆ دەنگی /
i/ لە ئەلفوبێی کوردی لە سەر بنەمای خەتی عەڕەبی دا بە باوەڕی من هیچ گیر و گرفتێک ساز ناکا.
مالمیسانژ:  باشە ئەگەر مەسەلە بێتە سەر سەرەتی پێدان. یانی ئەمڕۆ کاتێک تۆ دەڵێی min بە ئەلفوبێی عەڕەبی وەک  " من " دەنووسرێmn. لە لاتینییەکە دا نوێنەری هەموو دەنگەکان هەن ، بەڵام لە عەرەبییەکە دا تەنێ نوێنەری دوو دەنگان هەیە . گەلۆ ئەوی لاتینی ڕاستتر و هاسانتر نییە؟
ئەمیر حەسەنپوور: ڕاستە، بەشکوو بۆ عەڕەنی و فارسی ئاوا بێ . بۆ وێنە دە فارسی دا  " من  " دەکرێ وەکوو  MIN، MEN، MUN، MÜN، MON  بخوێندرێتەوە. بەڵام دە کوردی دا گیروگرفتێکی ئاوا نییە. چونکە لە کوردی دا ئەتۆ مەجبور نی  " من " وەک   MINبخوێنییەوە لە بەر ئەوەی دە کوردی دا  MEN، MAN، MUN، MÛN، MON   هەر کامیان بە شێوەی لەمەڕ خۆیان دەنووسرێن. جا بۆیە کاتێک کوردێکی خوێندەوار  ئەو وشەیە بخوێنێتەوە  جگە لە " من" نەبێ ناتوانێ بەشێوەیەکی دیکە بیخوێنێتەوە. بەڵام ئەوە لە عەڕەبی و فارسی دا وا نییە.
ئەو کێشەیە لە زۆر زمانان دا هەیە تەنانەت دە  زۆر زمانی دا کە بە لاتینیش دەنووسرێن هەیە. بۆ وێنە لە ئینگلیسی دا تیپی
X  نوێنەری سێ دەنگانە / ئیکس/ ، / س/ و / ز/  یە.
لە ڕووی تێکنیکیشەوە کامپیوتر و تێکنیکی دی کە بۆ لاتینی هەیە حەموو بۆ تیپی عەڕەبیش هەن ، بە باوەڕی من لە ئەلفوبێی کوردی لە سەر بنەمای ئەلفوبێی عەڕەبی دا لە ڕووی فۆنیتیکەوە هیچ کێشەیەکی وەها گەورە نییە. بەشی زمانی کوردی دەکا. بە لای منەوە کەمایەسی تیپی عەڕەبی لە چاو تیپی لاتینی دوو شتن ئەوەیش ئەوەیە ١- تیپی گەورە و پچووک نیییە، ٢- لە نووسین دا تیپی عەرەبی جێیەکی  زۆرتر دەگرن.





 

No comments: