Wednesday, January 5, 2022

هەڤپەیڤین لەگەڵ پرۆفسۆر عەبباس وەلی

هەڤپەیڤین لەگەڵ پرۆفسۆر عەبباس وەلی
ڕووداوە گرینگەکانی ساڵی ٢٠٢١ لە ئێران



حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. ئەمە دوایین بەرنامەی ڕاوێژە لەم ساڵەی زایینی دا، وەک دەزانن یەک دوو ڕۆژی دیکە ساڵی ٢٠٢٢ دەست پێدەکا. ئێمە بەو بۆنەیەوە لەگەڵ مامۆستا عەبباس وەلی باسی ڕووداوە گرینکەکانی ساڵی ڕابردوو دەکەین لە ئێران و هیوادارین ئەم بەرنامەیە کەلکی خۆی هەبێ بەتایبەتیش، دەزانین کە تێڕاونینەکانی مامۆستا لە سەر بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی تایبەتمەندی خۆی هەیە. لەم بەرنامەیە دا وەکوو باسم کرد لە ڕووداوە هەرە گرینکەکان دەدوێین.مامۆستا عەبباس ئەم کاتەت باش!
پڕۆفسۆر عەبباس وەلی: ئەم کاتەتان باش کاکە!
قازی: دیارە لەم ساڵە دا زۆر ڕووداوی گرینگ لە ئێران قەوماوە، یەکێک لەوانە ڕەنگە هەڵبژاردنی سەرکۆماری و لاچوونی ئاغای حەسەن ڕووحانی دوای دوو خول سەرۆکایەتی کۆمار و هاتنی ئاغای ئیبرایم ڕەئیسی بێ وەک سەرکۆمار. دیارە لەو بارەیەوە لێکدانەوە و بۆچوونی جۆر بەجۆر هاتە گۆڕێ. باسی ئەوە دەکرا بەو شێوەیەی ئەو هەڵبژێردرا ناکرێ ناوی هەڵبژاردنی لێ بندرێ، زیاتر ئەوە دەست بژاردن بوو، و هاتنی وی دەبێتە هۆی یەکدەست بوونی دەسەڵات. دەزانین ژمارەی بەشداریی لە هەڵبژاردندا ژمارەیەکی زۆر زۆر کەم بوو، ژمارەی ئەو دەنگانەی کە پووچەڵ کرانەوە یەکجار زۆر بوو. پێم خۆشە لەوە ڕا دەست پێ بکەین ئەوە چۆن بوو ڕەئیسی هاتە سەر کار و بەهاتنە سەر کاری ڕەئیسی ئەو ئاڵ وگۆڕانەی کە ڕوویان دا چن و چ پێش بینی دەکرێ؟
وەلی: بە باوەڕی من هاتنە سەر کاری ڕەئیسی و بوونی بە سیزدەهەمین سەرکۆماری ئێرانێ، دەوڵەتی سێزدەهەمی کە پێک هێناوە بە باوەڕی من ئەوە لووتکە و ئەوجی پڕۆسەیەکە کە بە لانی کەمەوە دەتوانین بڵێین لە ساڵی ١٣٨٨ وە ئەوەی کە پێیان گوت بزووتنەوە سەوز، دەستی پێکرد. ئەوەی کە لە ساڵی ١٣٨٨ دا ئێمە دیتمان ئەوە بوو کە مەشڕووعییەتی جمهووری ئیسلامی ڕووخا و تەواوی ئەو کارانەی کە دەیان کرد و ئەو حەولانەی کە دەیان دا بۆ ئەوەی دیسان مەشڕووعییەتی نیزام بەرقەرار بکەنەوە پاش ساڵی ١٣٨٨ ئیدی بە کردەوە نە دەلوا. کاتێک ئەوە هەڵنەسووڕا و غەیری مومکین بوو ڕێژیم گەیشتە ئەو بڕیارەی کە ئامراز و ئەسبابی ئەوەی نییە کە بتوانێ مەشڕووعییەتی خۆی بەردەوام بکاتەوە، بەرقەرار بکاتەوە بۆیە بە تایبەتی دەستی لەوە هەڵگرت. هەر وەتر، و ئێمە دەزانین کە ڕاپەڕینەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ و هەر وەتر خەزەڵوەری ١٣٩٨ بە کردەوە نیشانی دا کە مەشڕووعییەتی گەل، مەشڕووعییەتی نەتەوەیی یان تەنانەت مەشڕووعییەتی ڕێژیمی بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی تەواو بووە. بۆیە ڕێژیم ئەو مەسەلەیەی وەلا نا و بەرەو ئەوە ڕۆیی کە ئیدی دەست لە مەسەلەی ئیسلاح و ئیسلاح خوازی و ئەوانە هەڵگرێ کە وەکوو پەنجەرەیەک، وەکوو سوپاپی ئیتیمینان لەوانە کەلکی وەردەگرت ئەوەی وەلا بنێ، وەلاشی نا و هاتنە سەر کاری ڕەئیسی ئەو پڕۆسەیە بوو کە ماوەیەک بوو باسیان دەکرد ئەو باسەش ئەوە بوو کە دەیانەویست ڕێژیم یەکدەست بێ، دوا جار یەکدەستیش بوو. مەبەست لە یەکدەستی ئەوە نەبوو کە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو قەیرانانەی کە ڕێژیمی ئێرانێ ململانییان لەگەڵ دەکا و یەخەی ڕێژیمی ئێرانێی گرتووە، ئەوە نەبوو. بە باوەڕی من مەسەلەی ئەسڵی و ئامانجی ئەسڵی یەکدەست کردنی ڕێژیمی ئەوە بوو کە کارایی و کاریگەری ڕێژیمی لە ڕوانگەی سەرکوتکردن و کۆنتڕۆڵ لە ئێرانێ بگەیێنێتە ئەو پەڕی خۆی. ئەوە بۆ خۆی نیشان دەدا ئیدی ڕێژیم دەزانێ کە شەرعییەتی ئیدێئۆلۆژیکی لە ئێرانێ نەماوە و ناتوانێ لەو هێزە ئیدێئۆلۆژیکانە بۆ ڕێک خستن و دەنگدانی خەڵک و هێنانیان بۆ مەیدانێ سوود وەربگرێ. لە بەر ئەوە بوو کە ئیدی ڕێژیم لەجێدا بەرەو ئەوە ڕۆیشتووە کە بێ هێزەکان یەکدەست بکا و ئەوەش لە بەر ئەوەی بووە ئەو نهادانە، پڕۆسانە و ئامرازانەی سەرکوتکردن و ئیختیناق و کۆنتڕۆڵ و زەبر و زەنگ بە کردەوە یەکدەست بن بۆ ئەوەی کارایی و کاریگەری ئەوانە زۆرتر بێ و مەسەلەی مەشڕووعییەتیش بە تەواوی وەلا نندراوە. ئەوە بۆ خۆی نیشان دەدا کە ڕێژیم هەر ئەو جۆرەی کە پێشتریش گوترا بوو هاتووەتە ناو قۆناغێکی تازە لە قەیرانی سیستێمیی خۆی و هەڵبەت ئەو قەیرانە سیستێمییە، قەیرانی پەتای کۆڕۆنا ئەوەی زۆر وەپێش خست و ئێستا ڕێژیم لە بارودۆخێک دایە کە دەزانێ کۆنتڕۆڵ بە قانوون بەکردەوە هەڵناسووڕێ، کۆنتڕۆڵ بە ئیدێئۆلۆژی بە کردەوە دەست نادا، ئەوەی کە بۆ وان زۆر زۆر گرینگە ئەوەیە کە داو و دەسگای ئەمنییەتی لێرە یەکدەست بکرێ کە ئەو داو دەسگایە بتوانێ درێژە کێشانی نیزام دەستەبەر بکا، نیزام بتوانێ لە سەر کاری خۆی بەردەوام بێ. هەڵبەت ئێمە دیسان دێینەوە سەر ئەو باسەی کە ئەو قەیرانانە یانی قەیرانی پەتای کۆڕۆنا و قەیرانی هێزی ناوکی ئەوانە هەموویان دەستیان داوەتە دەست یەک و قەیرانێکی سیستێمییان دروست کردووە کە ئەو قەیرانە لە جێدا مەشڕووعییەتی نیزامی لە ناو بردووە. و نیزام هەر دەتوانێ بە بەکارهێنانی زەبرو زەنگ درێژە بە کار و مانی خۆی بدا، بۆیەشە کە گرینگی دەسگا ئەمنییەتییەکان، نیزامی، پۆلیس، و بەشی قەزایی ئێستا بۆ ئەو سیستمە زۆر زۆر گرینگە. یەکێک لە نیشانەکانی ئەوەیە کە ئەو یەکدەست بوونەی ڕێژیم لە ڕاستیدا تەسبیتی ڕۆڵ و دەوری سەرەکی نیزامییان دە پڕۆسەی مەدەنی و سیاسی دەسەڵات دایە. ئێستا سپای پاسداران زۆربەی ئۆرگانەکان، زۆربەی وەزاڕەتخانە هەستیارەکان، زۆربەی دەسگاکانی خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی، لەوەش زیاتر، نزیکەی لە سەددا پەنجای، هێندێکان دەڵێن نزیکەی لە سەددا شێستی ئابووری ئێرانێ دە کۆنتڕۆڵی خۆی دایە واتە بە ڕێگای ئەو دەسگا هاوتەریبانەی کە لە ئێرانێ هەن، ئەوانە دە کۆنتڕۆڵی خۆیان دان. بۆیە ئەو ڕێژیمە کاتێک هاتووە خۆی یەکدەست کردووە لەبەر ئەوە نەبووە خۆی لە قەیرانەکان بپارێزێ، یان بۆ ئەوەی قەیرانی ئابووری چارەسەر بکا،یان قەیرانی پەتای کۆڕۆنا چارەسەر بکا، یان قەیرانی سیاسەتی دەرەوە چارەسەر بکا، ئەوانە هیچیان نەبووە. هەر ئەوە بووە دە ئەسڵدا ئەوە بووە کە بتوانێ هێزی ئەمنی و هێزی سەرکوتکەرانە، هێزی زەبر و زەنگی خۆی تەسبیت بکا، یەکدەست بکا و کارایی و کاریگەری ئەوانە بەڕێتە سەرێ.

قازی: بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕێ، ئەویش ئەوەیە کە ئایا ئەو تەسبیتە و بەکار هێنانی زەبر و زەنگ و ئەوەی کە تەنێ ئەو مێتۆدەی لە بەر دەست دا ماوە کە بەکاری بێنێ ئایا ئەوە توانیویە و دەتوانی بەری خەبات و بەری موقاوەمەت و خۆڕاگری خەڵک بگرێ. دوایە دەگەینە سەر مەسەلەی خووزستان و داوای مامۆستایان و ناڕەزایەتی دەربڕینەکان لە ئیسفەهان، دواتر دەگەینە سەریان. ئێستا لە بەرەکەتی میدیای کۆمەڵی دەرەتانی ئەوە هەیە خەبەر زوو ئالوگۆڕ بکرێ و شتی زۆر چاوڕاکێش دەبینین کە پێشتر نەدیتراوە، هەر ئەو ڕۆژانە لە قومێ خانمێک هێرشی کردووەتە سەر دوو ئاخوندان مەندیلەکانیانی گرتووە فرێی داون. مەبەستم ئەوەیە بڵێم هەستی خۆڕاگری خەڵک سەرەڕای فشارە ئەمنییەتییەکان نەک کەمتر نەبووەتەوە بەڵکوو گەشاوەتەوە.
وەلی: دروستە، ئەوە دەقیقەن دروستە. ئەوەی کە لێرە گرینگە ئەو یەکدەست بوونی ڕێژیمی بنەمایەکی زۆر لاوازی هەیە، ڕاستە ئەو یەکدەست بوونە تەنانەت ئەگەر نەش بووبا پاش ئەوەی کە حکوومەتی ڕووحانی ڕۆیی جەماعەتێک لەو  کەسانەی کە پسپۆڕی سیاسەتی ئێرانێن تەنانەت باوەڕیان وا بوو کە لە وانەیە سپای پاسداران کودەتایەکی بکا و ناوەرۆکی کودەتاکەش ئەوە بوو کە کەسانی  ڕێفۆرمیست و ئەوانەی لەگەڵ ئەو ڕێژیمەی نەبوون و بەربەرەکانییان لەگەڵ سپای کردووە ئەوانە لە ناو بەڕێ یان دە پەراوێزیان خا. بەڵام بەو یەکدەست کردنە ئیدی مەسەلەی کودەتا کردن زەمینەی نەما. ئەگەر پێویستی بە کودەیایەک مابێ ئەوە دەمێنێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە خامەنەیی فەوت بکا و ئەو دەمی ئەگەری زۆرە کە کودەتایەک بێتە پێشی بە دەست سپای پاسداران یان بەشێکی زۆر بەهێز لە سپای پاسداران ئەو کارەی بکا بۆ ئەوەی کە حکوومەت و رێبەرایەتی کوڕی خامەنەیی تەسبیت بکا، ئەو ئیحتیمالە زۆرە.
بگەڕێینەوە سەر ئەوەی کە ئەو یەکدەست بوونە موشکیلاتەکەی چییە. بە باوەڕی من ناکۆکی سەرەکی ئەو یەکدەست بوونە ئەوەیە ئەو کەسانەی کە ئێستا هاتوون و لە حکوومەتدا بەشدارن موشکیلاتیان لەگەڵ یەکتری یەکجار زۆرە. کێشەی بنەڕەتی ئەوانە ئەوەیە کە بۆ دابەشکردنی ڕانتی حکوومەتی جۆرێک تەناسوب بێتە پێشێ. ڕەهبەر تا ڕادەیەک دەتوانێ ئەو کارە بکا، بەڵام بە باوەڕی من بۆ ئەوەی کە ڕەهبەر وەزعی خۆشی لەو چوارچێوەیە دا بپارێزێ هەمیشە دەیەوێ ئەو ڕانتی حکوومەتییە جورێک دابەش بکا کە ئەو ناکۆکی، و بەریەک کەوتن و موشکیلاتی نێوان باڵی بنچینەگران لە نێو حکوومەتدا بمێنێ لەبەر ئەوەیکە ڕەهبەر بە هیچجور حازر نییە و نایەوێ کە یەکدەستییەکی ئاوا بێتە پێشێ  کە بتوانێ ڕقەبەرییەک بۆ وەزعی وی دە نێو حکوومەتێ دا بێنێتە پێشێ. جا بۆیە ئەلانیش ئێمە دەبینین کە لە خودی حکوومەتی ئێرانێ دا لە نێو باڵی بنچینەگراندا بۆ وێنە لە سەر ئەوەی کە کێ دەبێ وەزاڕەتی نەوت کۆنتڕۆڵ بکا، کێ لە وەزاڕەتخانەکانی دی دەبێ بەشە ئابوورییەکانی بە دەست بێ یان پلەی موعاونەتی سەرۆک کۆماری هەبێ، کێ دەبێ بە سەر مەسەلەی ماڵی، پووڵ و بانکی مەرکەزی ڕا بگا، لەسەر ئەوانە شەڕی گەورە هەبووە و هێشتاش ئەو وەزعە تەسبیت نەکراوە. هەر ئێستا دەبینین کە لە سەر بەعزە پۆستێک لە وەزاڕەتی نەوت یان لە وەزاڕەتی دارایی و ئابووری لە نێوان سێ باڵی بنچینەگران شەڕ هەیە، لە لایەکی دیکەوە ئەو شەڕە لە سێ کوچکەی دەسەڵاتیشدا هەیە. ئەوەی کە دەڵێم سێ کوچکەی دەسەڵات لەبەر ئەوەیە کە بلۆکی قودرەت لە ئێرانێ دا لە سەر سێ کوچکەیەک ڕاوەستاوەکە لایەکی ئەو سێ کوچکەیە ئیدێئۆلۆژیک سیاسییە، لایەکی ئابوورییە و لایەکی دیکەشی ئەمنی و نیزامییە. خامەنەیی هەمیشە حەولی داوە  ئەو سێیانە لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا ڕابگرێ. و بۆ ئەوەی ئەو سێیانە لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا ڕابگرێ درێژە کێشانی ناکۆکی لە نێوان باڵە جیاوازەکانی بنچینەگران بە باوەڕی من بۆ ڕێبەڕایەتی و سەرۆکایەتی خامەنەیی پێویستە. هەر ئەوەش خۆی نیشان دەدا شەڕەکە کە لەوێ دەکرێ، سەرۆک کۆمار خۆی هیچ تەئسیری دە شەڕی نێوان باڵەکانی حکوومەتیدا نییە  و نە خەڵک و نە باڵەکانی دەسەڵات، باڵەکانی بڵۆکی قودرەت خودی ڕەئیسی بە ڕەسمییەت دەناسن یان گرینگییەکی پێ دەدەن. پێی نادەن دەزانن کە ئەو بۆ خۆی چۆن هاتووەتە سەر کار، بۆچی هاتووەتە سەر کار و دەبێ چ بکا. ئەوەی کە لێرە دا موهیمە ئەوەیە کە لە ئێرانێ ئێستا قووەی قەزائییە و قووەی موقەنەنە و قووەی ئیجڕائییە بە تەواوی لەو یەکدەست بوونە دا فەزایەکی کردووەتەوە کە ئەو فەزایە بەربەرەکانی نێوان حکوومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی زۆر توندوتیژتر و هەر وەتر زۆر ڕوونتر دەکا. لەو بەرەبەرەکانییەی نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و باڵەکانی دەسەڵاتدا بۆشاییەک هەیە، ئەو بۆشاییە بە باوەڕی من ئۆپۆزیسیۆنێک کە بتوانێ تەئسیرێک لە سەر ئەو بۆشاییە بکا بەو شێوەیە بوونی نییە. لێرە دا ئەمن دێمە سەر مەسەلەیەکی زۆر ئەساسی..
قازی:  تکایە بە کورتی بۆ ئەوەی بگەینە سەر ڕووداوە گرینگەکانی دیکەش. دیارە ئەو بابەتەی کە جەنابت باسی دەکەی و لێکاڵای دەکەیەوە زۆە زۆر گرینگە دەکرێ هەموو کاتەکەی بۆ تەرخان بکەین بەڵام شتی دیکەی گرینگیش هەیە کە قسەیان لە سەر بکەین، فەرموو ئەگەر بکرێ ئەو بەشە کورت بکەیەوە.
وەلی:  ئێوە فەرمووتان کە خەڵک ئیعتیراز و ناڕەزایەتی خۆیان لە دەوڵەتێ زۆر بە ئاشکرایی دەردەبڕن، و زۆر ڕوونتر پرۆتێست دەکەن. ئەوانە هەموو دروستە بەڵام ئەو بۆشاییەی کە هەیە لە نێوان سوڵتە لە ئێرانێ، ئەوەی کە بلۆکی قودرەتە و کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەو بۆشایی یە موشکیلێکی ئەساسی هێناوەتە پێشێ و ئێمە ئەوەی لە دیسکۆرس یان وێژیاکی ئۆپۆزیسیۆندا دەبینین. ئەوەی کە ئەمن لێرەدا دەمەوێ ئاماژەی پێ بکەم و زۆر زۆر بەحسی لە سەر دەکەن تێزی  " خود جووشی" یە یانی ئەوەیکە تێئۆریسیەنە فارسەکان دەڵێن کە خەڵک  بۆ خۆیان هەڵدەستن و ئەگەر هەستان ئێمکانێک ساز دەبێ و ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێ بێتە مەیدانێ. تێزی  "خود جووشی" دەڵێ ڕێژیم بە جێگایەکی دەگا کە ئەوە پێی دەڵێن نوختەی " تەکینەگی " ( هەڵتەکان). کاتێک دەگاتە ئەو نوختەی تەکینەگی ناتوانێ زیاتر لەوەی بچێتە پێشێ و لە ناوخۆیدا دەڕووخێ
قازی: مامۆستا ئەوە گرێ بدەینەوە لەو ڕاپەڕینەی کە لە خووزستان بوو. ئێمە دەزانین کە خووزستان یەکێک لە ئوستانە هەرە دەوڵەمەندەکانی چوارچێوەی جوغرافیای ئێران و لە ڕووی پێکهاتەی نەتەوەییەوە بەشێکی زۆری خەڵکی عەڕەبن کە لە زەمانی کۆنەوە لەوێ ژیاون و ناوچەیەکی ڕەسەنی خۆیانە و لەوێ ژیاون و هەر وەها بەشێک لە لوڕەکان و خەڵکی ئاوای کە بە زمانی فارسی قسە دەکەن. لە ڕووی دەوڵەمەندیشەوە مەڵبەندێکی دەوڵەمەندە بەو مانایە کە سەرچاوەی بنەڕەتی نەوت لە ئێرانێ لەوێیە و هەر وەها لە باری ئاویشەوە زۆر دەوڵەمەندە چونکوو زۆربەی ئەو چۆمانەی کە سەرچاوەیان لە زاگڕۆس ڕا دێ دەڕژێتە دەشتی خووزستانێ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لەم ساڵەی دا کە خەریکە تەواو دەبێ لەوێ خەڵک تووشی ئەزمە و قەیرانی بێ ئاوی هاتن و ئەوە خۆی زەمینەیەکی ورووژاند بۆ هەڵتەزینەوەیەکی کۆمەڵایەتی، ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی زۆر بەربەرین کە ئیدی ئەوە چوارچێوەی  ئێتنیکی و ئەوانەشی تێ پەڕاند، ئەوەی کە بەڕێزت زۆر جار باسی دەکەی مەسەلەی دیواری ئێتنیکی تێ پەڕاند بوو بە هۆی ئەوە کە لە بەشەکانی دیکەی ئێرانیش بۆ وێنە لە مەشهەد، لە ئیسفەهان، تەنانەت لە ئازەربایجان بە دەم داوخوازەکانی خەڵکەوە هاتن لەوێ. پێم خۆشە لەمەڕ گرینگی ڕاپەڕینی خووزستانیش هێندێک باس بکەی فەرموو. 

وەلی: بە باوەڕی من ئەو ڕاپەڕینەی خووزستانێ لە چەند لایەنەوە زۆر گرینگ بوو. یەکیان ئەوە بوو کە مەسەلەی میللی خووزستانی، یان مەسەلەی ئێتنیکی خووزستانێی لەگەڵ مەسەلەی چینایەتی،واتە ئەو قەیرانی ئابوورییەی کە لە وڵات هەبوو ئەوەی پێکەوە پێوەند دا. ئەوە زۆر گرینگ بوو و ئەو پێوەندییە لە  دیسکۆرسی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن لەوێ، مەبەستم ئەو خەڵکەی کە لەوێ هەستا بوو، لە دیسکۆراسی ئەواندا بە کردەوە دیترا. یانی ئەو مەسەلە زۆر بە ڕوونی دیترا. دووەمیش ئەوە بوو کە قەیرانی خووزستانێ، ئەو ڕاپەڕینەی خووزستانێ بە کردەوە بە شێوەیەکی زۆر ئاشکرا و ڕوون بەلانی کەمەوە لە ڕووی دیسکۆرس، لە ڕووی وێژیاکەوە لە ئۆپۆزیسیۆنی خەڵکی لە بەشەکانی دیکەی ئێرانێی بەستەوە. ئەوە زۆر گرینگ بوو، بەڵام ئەوەی لێرە گرینگ بوو دیسان ئەو بۆشاییەمان دیت، ئەو بۆشایی یەی کە نەبوونی سازمان و ڕێکخراو و نەبوونی ڕێبەرایەتی ئەو ڕاپەڕینانەیە. بۆیە جا ئەمن دێمەوە سەر ئەو تێزەی کە پێی دەڵێن " هەستانی خود جووشی " یانی ئەوەی کە ئەو موخالەفەتە خود بە خود هەستێ، هەڵبقوڵێ و خەڵک بۆ خۆیان بێنە دەرێ.  بەڵام ئەگەر ئەو تێزە سیاسەتێکی فەعالی لە پشت نەبێ، تێزی خودجووشی دەبێ بە یەکێک لە کۆنەپەرستترین تێزەکان لە قۆناغێکی قەیرانی دا، وەکوو ئێستا، یان مەرحەلەیەکی کە بەرەو ئەوە دەڕۆین کە ڕاپچرێکی گەورە بێتە پێشێ، ئەو مەسەلەی " خودجووشی" ئەگەر لە سیاسەتێکی فەعال نەبەسترێتەوە دەبێتە موشکیلەیەکی گەورە بۆ جووڵانەوەی گەلەکانی ئێرانێ، ئی میلەتەکانی ئێرانێ. ئەوەش بە باوەڕی من لە جێدا کەم فکری ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانێ نیشان دەدا، جا ئەو ئۆپۆزئسیۆنە چ کورد بێ، چ تورک بێ، چ عەڕەب بێ، چ بەلووچ بێ فەرقی نییە. ئەو تەئکیدەی کە ئەوانە لە سەر تێزی " خودجووشی " دەیکەن و ئەوەی کە ئەو  تێزی خودجووشییە، کاتێک کە ڕێژیم دەگاتە نوختەی تەکینەگی، لەوێدا لە ناوخۆی دا، یان بۆخۆی ناتوانێ بڕوا، یان دەکەوێ و تووشی فرووپاشی دەبێ و لە باڵ یەک دێتە دەرێ، بە باوەڕی من ئەو تێزە وەختێک دەتوانێ هەڵسووڕێ کە سیاسەتێکی فەعالی لە پشت سەری بێ کە بتوانێ ئەوە ڕێک بخا و ئاراستەکەی دیاری کا و دیسکۆرسێکی هاوبەشی بۆ پێک بێنێ، دەنا وەکی دیکە ئەو تێزیspontaneity یان خودجووشییە تێزێکی یەکجار کۆنەپەرستانەیە و ئاکامی زۆر نەرێنی دەبێ. بە باوەڕی من ئۆپۆزیسیۆن دەبێ زۆر بە وردی فکر لەوە بکاتەوە.
قازی: دیارە لە خووزستان دوو ساڵ لەوە پێشیش جووڵانەوە هەبوو. پێت وایە شوێندانەرییە درێژخایەنەکانی لە سەر خەباتی سەرتاسەری لە ئێراندا چۆن دەبێ؟

وەلی: بە باوەڕی من کاتێک لە بەشەکانی دیکەی ئێرانێ لە سەر خووزستانێ وەجواب هاتن، هاو دەردی خۆیان لەگەڵ دەربڕی و هاوکاریان کرد ئەوانە نیشان دەدا کە ئەو ئۆپۆزیسیۆنە لە ئێرانێ زۆر بەربڵاوە، زۆر زۆر بەربڵاوە لە هەموو جێگایەکی. و ئەو ئۆپۆزیسیۆنە لە بەر قەیرانە سیستێمییەکانی ڕێژیمی مەسەلەی میللی یان ئێتنیکی لە مەسەلەی چینایەتی گرێ داوە کە بەکردەوە ئیمکانی هەستانێکی زۆر بەهێزی دروست کردووە، بەڵام دیسان ئەو هەستانە ئەو مۆتۆڕە، ئەو دینامیزمەی نییە. جا لێرە ئەمن دەمەوێ ئاماژە بە شتێکی دیکە بکەم  کە زۆر گرینگە ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر بێتوو ئەو موزاکەراتەی ئێستا لە ڤییەنێ هەیە سەر بگرێ ...
قازی: سەبارەت بە سیاسەتی ناوکی ئێران
وەلی: بەڵێ. ئەگەر ئەوە سەر بگرێ و ئەمریکا و ئێران لە سەر بەرجامێکی دیکە یان سەنەدێکی دیکە پێک بێن و تەوافوقێک بکەن، ئەگەر ئاوا بێ، مەسەلەی ئەوەی کە ڕێژیم دە ناوەرۆکی خۆیدا بڕووخێ و لە باڵ یەک بێتە دەرێ بە باوەڕی من ئەوە زۆر وەپاش دەکەوێ.

قازی: مامۆستا شتێکی دیکە، دەگەڕێینەوە سەر ئەو مەسەلەیە. چونکە وەک جەنابت باست کرد ئەوە زۆر گرینگە بۆ ئەوەی بزانین لەو بارەیەوە جیاوازییەک هەیە لە نێوان ئیدارەی پێشووی ئەمریکا و ئیدارە ئێستا. بەڵام دوایە دێینە سەری. بەڵام پێم خۆش بوو هەر لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی خووزستان بە شێوەی تایبەتی گرێی بدەینەوە بە کوردستان. دە ڕاستیدا ئێمە دەزانین ئەمسال لە نەغدە کە دەزانین ناوچەیەکە کە تێیدا کورد و ئازەربایجانی بەیەکەوە دەژین و لە زۆر کۆنەوە موناسباتی ئاساییان هەبووە، خەڵکەکە بەیەکەوە ژیاون، خزمایەتیان لەگەڵ یەکتری کردووە، زمانی یەکتری فێر بوون و زۆر پێوەندی دیکە. بەڵام وەک دەزانی لە سەرەتای شۆڕشی ئێران کێشەیەک دروست بوو و بە داخەوە لەوێ شەڕێک قەوما. لەم ساڵەشدا کە ئەوە ئێستا خەریکە تەواو دەبێ لە نێو شاری نەغەدە لە ئاکانی چەند پێک هەڵپڕژانێک چەند کورد ژیانیان لە دەست دا.و بووە هۆی ئەوەی کە لەوێ گرژی و ئاڵۆزییەک دروست بێ، بەڵام لێرە دا شتێکی کە زۆر جێگای هیوا  بوو، سەرەڕای ئەوەی کە گرووپی فاشیستی و ڕەگەزپەرست دەیانەوێ ئەو خەڵکانە بە گژ یەک داکەن لە شاری نەغەدە ئینیسیاتیڤ و دەستپێشخەری ئازەربایجانییەکان و کوردەکان بەیەکەوە، بەیانیان دا، ئێعلامییەیان دەر کرد و باسی ئەوەیان کرد کە پێویستە ئەو دۆستایەتی، برایەتی و خوشکایەتییە کە لە نێواندا هەبووە و هەیە بپارێزدرێ. جەنابت بە گشتی بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە مەسەلەی کورد لە ئێران بەشێکیشی بەستراوەتەوە بە تێکەڵاوی نێوان کوردەکان و ئازەربایجانییەکان ئەوە چۆنی دەبینی؟

وەلی: بە باوەڕی من ئەوە یەکێک لە گرینگترین پرسەکان، لە گرینگترین مەسەلەکانی سیاسەتی کوردی لە ڕۆژهەڵاتە. ئەگەر بێتوو تەنانەت لە ئێرانێ ڕێژیم بگۆڕدرێ و هێزە کوردییەکان بگەڕێنەوە کوردستان و لە کوردستاندا بتوانن سەیتەرەی خۆیان دابمەزرێنن، بە باوەڕی من ئەهەمییەتی مەسەلەی ئازەری ئەگەر لە مەسەلەی دەسەڵاتی سیاسی لە تارانێ زۆرتر نەبێ کەمتر نییە. بەشێکی زۆر لە کوردستانێ، لە ڕۆژهەڵاتی لە نەزەر ئیدارییەوە پیی دەڵێن ئازەربایجانی غەربی و شارە گەورەکان وەکوو ورمێ، خۆی، سەڵماس، نەغەدە  لەوێدا کورد و ئازەری پێکەوە دەژین، لە بەعزێکیاندا ڕێژەی ئازەری زۆرترە و لە بەعزێکیان ڕێژەی کورد زۆرترە بەڵام ئەوەی کە هەیە سیاسەتێکی فەعال نەبووە کە لە ئێستاوە زەمینەیەکی یەکگرتوو بۆ هاوکاری لە نێوان ئەو کۆمەڵگەیانە دروست بکا لەوێ. کاتێک دەڵێم کۆمەڵگەکان بۆ ئەوەی ئەگەر زەمینەی هاوکاری یان کاری هاوبەش لە نێوان دوو کۆمەڵگەی ئازەری و کورد ئەگەر دروست بکرێ  لە هەلومەرجێکی دیکتاتۆری وەکوو ئێرانێ ئەوە بەو مانایەیە کە ئەوە تەئید و هاوکاری هێزە سیاسییەکانی هەر دوو لاشی لە سەر دەبێ. بەڵام کاتێک کە شتێکی ئاوا نەهاتووەتە پێشێ بە باوەڕی من مەسەلەیەکی ئەساسی دەگەیێنێ ئەویش ئەوەیە کە هیزە سیاسییەکان دە بەرنامەکانی خۆیاندا گرینگییەکی تایبەتی بەوەی نادەن، بەوەی کە ئێران وڵاتێکی فرە ئێتنیکی، فرە نەتەوەیی و فرە زمانی و فرە فەرهەنگی یە و بەشێک لەو فرە فەرهەنگی و لەو فرە ئێتنیکی و ئەوانە لە خودی خاکی کوردستان دایە. جا بۆیە ئەمن کە باسی ئەوەم کرد کە ئێمە دەبێ لە دیواری ئێتنیک تێپەڕێنین و بچینە دەرێ. ئەگەر ئێمە لە دیواری ئێتنیک نەچینە دەرێ – هەڵبەت با لێرە ڕوونی کەمەوە  مەبەستم ئەوە نییە کە کورد دەست لە سیاسەتی کوردایەتی خۆی هەڵگرێ-  و تا وەختێک  ئینسان لە پشت دیوارە ئێتنیکییەکان ماوەتەوە سیاسەتەکانی هەرچەندیش دروست بێ  دیسان سیاسەتی تەدافوعی و بەرخوەدانە. سیاسەتێکی تەهاجومی یانی ئەوەی کە سیاسەتەکەی بەرێ  لەخاکی ئەویدیکە دا، یان لە خاکی  دوژمن دا ئەنجامی بدا، ئەگەر ئەو کارەی نەکرد بێ لە پشت  ئەو دیوارەیدا دەمێنێتەوە هەرچەندێکی بەهێزیش بێ دیسان سیاسەتەکەی سیاسەتێکی بەرگرانە دەبێ، بەرگرییانە دەبێ، سیاسەتێکی تەدافوعی دەبێ. ئەوە کافی نییە، دەبێ نوکێکی پەیکانی نفووزی لە کۆمەڵگەی مەدەنی غەیری کورد دا ببێ. ئەو هەلومەرجی پەتای کوڕۆنا کە هاتووەتە پێشێ، ئەو هەلومەرجی قەیرانی ئابووری کە هاتووەتە پێشێ  بە کردەوە نیشان دەدا کە نیزامی سولتە و دەسەڵات و ئەوەی کە ئێمە پێی دەڵێین بلۆکی قودرەت لە ئێرانێ دا، لە بەشی ئابووری، لە بەشی خزمەتی خەڵکی، لەو بوارانە دا لە هەموو لایەک لاوازترە. و ئەو لاوازییە و ئەو شکستانەی کە ئێمە هەموو ڕۆژێ دەیبینین مەیدانێکی عەزیمی کردووەتەوە بۆ هاوکاری بۆ ئەوەی کە لە دەرەوەی دیواری ئێتنێکی بێن لە سەر مەسەلە هاوبەشەکان کار بکەن. ئەگەر ئەو کارە بکرێ ئیمکانی هاوکاری  کۆمەڵگەی ئازەری لەگەڵ کۆمەڵگەی کورد لەو شوێنەی کە ئێمە پێی دەڵێین ڕۆژهەڵات، هەڵبەت ئازەرییەکانیش ئیدیعایان هەیە و ئەو ئیدیعایەش  بە ڕاحەتی ناڕوا، ئەو ئیدیعایە موشکیلەیەکی سیاسی دێنێتە پێشێ.  هەر ئەو جوورەی کە ئەو ئیدیعایە لە ساڵی ١٩٤٦ بۆ  کۆماری کوردستانی هێنا پێشێ. سەڕەڕای ڕەفاقەت و سەرەڕای ئەوەی کە دوو نیزامی کورد و تورکی ئازەری ئی فیرقەی دێمۆکڕات لە تەورێزێ پێکەوە زۆر نێوانیان خۆش بوو، پێکەوە هاوکاری ئابووری و سیاسییان هەبوو، مەسەلەی ژێئۆپۆلیتیک، مەسەلەی ئەوەی کە کێ سولتەی دەبێ لە سەر ورمێ هەبێ، کێ سولتەی لە سەر خۆی و سەڵماس ببێ ئەوانە ئەو جوورە کێشانە بوون کە هەتا ئاخریش جێ بە جێ نەکران. و ئێمە ئەوەش دەزانین کە حکوومەتی مەرکەزی و قەواموسەلتەنە و موزەفەری فیرووز ئەوپەڕی سوودیان لەو کێشانە وەرگرت. ئەوە مەسەلەیەکی ئەساسی یە و ئەو مەسەلە بە هێزێکی زۆر گەورەتر و بە بەربڵاوییەکی زۆر گەورەتر ئەلئان لە کوردستانێدا لە گۆڕێ دایە و لە گۆڕێ دا دەبێ. ئێمە دەبێ ئەوەی بزانین کە ئێمە تەئکید لە سەر حەقی خۆمان دەکەین ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە دەتوانین بە ڕاحەتی جوابی ئیدیعاکانی ئازەرییەکان بدەینەوە. ئەو ئیدیعایانە لەوێن، ئەو ئیدیعایانە ئەلئانەکە لە ئاستی ئیدیعایەکی وێژیاکی و گوتاری دان بەڵام ئەو ئیدیعایانە بە هاسانی توانایی ئەوەیان هەیە کە ببنە سیاسی و ئەگەر ببنە سیاسی لەهەلومەرجێکدا کە لەوێ راپچڕ و هەڵپچڕانێکی حکوومەت و دەسەڵات هەبێ زۆر بە هاسانی دەتوانێ حاڵەتی  نیزامیش بەخۆیەوە بگرێ.
قازی: بەڵام لێرە دا ڕێگایەک هەیە کە ئەو حاڵەتە نەیەتە پێشێ ئەویش ئەوەیە کە ئەو دیواری ئێتنیکییە لە لایەن ئازەربایجانیش ڕا درزی تێ بێ و بشکێ، چونکە ئێستا بەشێک لەوان ئەو وێژیاک و دیسکۆرسەی کە بۆ داواکردنی مافی نەتەوەیی خۆیان هەیانە لە ڕاستیدا زیاتر شێوەیەکی ئێتنیکی ئانتی فارسی هەیە کە دیارە ئەوە بە ڕاستیش بە هیچ جێگایەک ناگا.

وەلی: بە نەزەری من ئەو فکرە کە شارێکی وەکوو ورمێی بە سیاسەتێکی تەواو ئێتنیکی کە بنەمای ئێتنیکی هەبێ، جا ئەوە چ کورد بێ، چ تورکی ئازەری بێ ئیدارە دەکرێ، ئەوە خەونێکی زۆر ناخۆشە. ئیدارە ناکرێ. بۆ ئەو مەڵبەندەی دەبێ سیاسەتی تایبەتی وەپێش بگرین بۆ ئەوەی بتوانین لە ماڵە خۆماندا سوڵحمان هەبێ، ئەگەر لە ماڵە خۆماندا سوڵحمان نەبێ ناتوانی لەگەڵ تارانێ موزاکەرات بکەی.

قازی: دیارە ئەوە وەبیر قسەیەکی ئاتاتورکیشمان دەخاتەوە وا نییە؟

وەلی: بەڵێ، یانی مەبەست ئەوەیە لە خۆی، لە سەڵماس، لە ناوچەی قتوور، لە ورمێی بە تایبەتی و لە شارەکانی دیکەش، ئێستا لە خودی مەهابادێ ئازەری زۆر لێیە. ئەوانە دەکرێ تەهییج بکرێن، بورووژندرێن، ئەوانە دەکرێ کەلکی خراپیان لێ وەربگیرێ. بۆیە ئەمن پێم وایە کە هیزە کوردەکان لە ئێستاوە دە فکری ئەوەی دابن کە لەو بەشانەی کوردستانێ کە موشکیلاتی ئاوا هەیە دەبێ سیاسەت و بەرنامەیەکی سیاسییان هەبێ کە ئەو سیاسەت و بەرنامەی سیاسی – ئیدارییە بە پێویستی نابێ لە سەر مەسەلەی ئێتنیکی داندرابێ.
قازی: مامۆستا، وەختمان زۆر نەماوە، ئێستا بێینە سەر مەسەلەی سیاسەتی ناوکی ئێران ئێوە هێندێک ئاماژەتان پێ کرد. لە ڕاستیدا ئەمساڵ ئەوە سەرنجی چاوەدێرانی سیاسی ناوچەکەی بەرەو لای خۆی ڕاکێشا ئەویش ئەوە بوو دەزانین کە ئەدمینسترەیشن یان ئیدارەی پێشووی ئەمریکا لەو بارەیەوە سیاسەتێکی زۆر توند و تیژی هەبوو کە بەرجام واتە ئەو پێکهاتنەیان پێشێل کرد کە ئوڕووپاییەکانیش لەگەڵ بوون و لەگەڵ ئێران ئیمزایان کرد بوو، بەڵام دوای ئەوەی کە ئیدارەی بایدەن، ئیدارەی دێمۆکڕاتەکان هاتە سەر کار بەجۆرێک وتووێژ لەگەڵ ئێران دەستی پێکردەوە و هەر وەک باستان کرد لە ڤییەن ئەو وتووێژانە دەکرێن. پێم خۆش بوو ئەو مەسەلەیەش باس بکەی و گرێی بدەی لە سیاسەتی دەرەوەیی ئێران لەو ماوەیە دا چونکە دەزانین ئێران سیاسەتی ئێکسپانشنیستی خۆی یان بڵێین لە سەر سیاسەتی تیژپەڕانەی خۆی کە لە دەرەوەی سنوورەکانیدا جووڵەی هەبێ هەر وا بەردەوام بووە چ لە سووریا، چ لە لوبنان، چ لە چووزانم جێگای دیکە، لە یەمەن، لەو بارەوەش ئەگەر بۆچووکانتمان لەگەڵ بەش بکەی سپاست دەکەم.

وەلی: سیاسەتی  دەرەوەی ئێرانێ ئەوەی کە بە قووڵایی ستڕاتێژیکی ئێرانێی ناوزەد دەکەن، کە دەڵێن لە دیمیشقێ یە، لە جنووبی لوبنانێ یە، لە یەمەنێ یە، لە کولی عێڕاقێ دایە ئەوانە کە باسی دەکەن لە جێدا سیاسەتێکە کە نیازی بەوەیە کە لە ڕووی ئابووری و لە ڕووی نیزامییەوە بەهێز بکرێ، ئەوە دوو ئامرازی ئەساسی هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئەو سیاسەتە لە ڕوی ئابووری و نیزامییەوە دەبێ بەهێز بکرێ. جا لەبەر وەی ئەو موزاکەراتەی کە ئەلئان لە ڤییەنێ هەیە زۆر گرینگە. ئەگەر ئێران و ئەمریکا بەرەو ئەوە بچن کە پێک بێن، تەوافوق بکەن، ئەلئان وا دیارە کە ئێران بەشێکی زۆری لە ئیدیعاکان و لە ویستەکانی خۆی وەلا ناوە و بەرەو ئەوە دەچن تەوافوقێ بکەن و ئەمریکاش ئەگەرچی بە ڕواڵەت زۆر نەرم بووە بەڵام بە کردەوە لە هەڵوێستەکانی خۆی نەهاتووەتە خوارێ و نەزەریشی ئەوەیە کە ئێران ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە هەیەتی ناتوانێ زۆرتر لەوەی دەوام بێنێ، دەبێ بێ و موزاکەرە بکا. ئەمڕۆ گوتوویانە، ئەو موزاکەرات و وتووێژە ئێستا زۆر بە گەرمی هەرچەند بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لەوێ بەردەوامە. ئەگەر ئەو موزاکەراتە ئەو لایەنە وەبەر بگرێ کە جۆرێک ئاڵوگۆڕ لە قووڵایی ستڕاتێژیکی ئێرانێ دا بکرێ و ئەو دەرەتانەی لێ وەربگرن و ئەو قووڵاییە تەنکتر و تەنکتر بکەنەوە، بە باوەڕی من ئەو پووڵ و پارەیەی کە دوای ئەو تەوافوقەی دەگاتە دەست ئێران دیسان موشکیلاتی ئەساسی دێنێتە پێشێ. لە لوبنانێ، لە عێڕاقێ، لە سوورییەی. لە یەمەنێ و لە جێگای دیکەش. ئێران ئەگەر پارەی هەبێ دەربەستی ئەوەی نییە کە ئەو پارەیەی لە وڵاتی خۆی خەرج بکا، نەوتەکەی ئەگەر بفرۆشی، نەوتەکەی خەرجی وڵاتی خۆی دەکا،یانی کارێکی وا دەکا بە هاوردە کردن خەڵک بێدەنگ ڕابگرێ، بەڵام بەشی سەرەکی ئەو پارەیەی دیسان خەرجی پەرەپێدان بە سیاسەتی دەرەوەی دەکرێ. جا بۆیە، ئەو وەزعەی کە لەوێ هەیە زۆر زۆر حەساسە. هەر ئەو جۆرەش کە ئاماژەم پێ کرد ئەگەر ئەوانە پێک بێن ئەو دەمی ئەو کەسانەی کە لە سەر ئەو باوەڕەن کە ئێران بەرەو ئەوە دەڕوا کە تەقینەوەیەکی ناوخۆی ڕێژیمی هەبێ، ڕێژیم لەباڵ یەک بێتە دەرێ، ئەو تێزە دەبێ ماویەک وەلا بندرێ یان لانی کەم بڵێن ئەو تێزە لاواز بووە. جا بۆیە بە باوەڕی من لە چوارچێوەی ئێستا دا کە ئەو موزاکەراتە هەیە ئەگەر  عەڕەبستانی سعوودی، ئەگەر ئیسرائیل، ئەگەر وڵاتەکانی کەنداوێ بە غەیری قەتەر ئەو زەختەی باوێنە سەر ئەمریکا، هەر وەتر ئوڕووپا کە بێ مەسەلەی هێزی ناوکی لە مەسەلەی قووڵایی ستڕاتێژیکی ئێرانێ ببەستێتەوە ئەو دەمی دەتوانین بڵێین  کە ئەو موزاکەراتە سەرکەوتوو بووە. بەڵام، ئەگەر وەکوو جاری پێشوو، وەکوو زەمانی ئۆبامای کە ئیسرائیل و عەڕەبستانی سعوودی بە شێوەیەکی زۆر ڕاشکاو وەلاناندران و ئەو موافەقەتە لەگەڵ ئێرانێ کرا ئێران پارەیەکی زۆری کەوتە دەستی، لە سووریا تەقوییەت بوو، لە لوبنان تەقوییەت بوو، لە عێڕاق تەقوییەت بوو و سیاسەتی خۆشی بە هێزێکی زۆر زۆر گەورەتر لە یەمەنێ دەست پێکرد. جا بۆیە ئێستا  وەزعێکی زۆر حەساسە ئەگەر تیمی بایدنی دەقیقەن و بە کردەوە بەرەو ئەوە بڕوا کە سیاسەتەکانی ئۆبامای سەبارەت بە بەرجامی  دووپاتە بکاتەوە ئەمن پێم وایە ئێران تا ڕادەیەکی زۆر لەو گێچەڵەی دێتە دەرێ بەڵام مەسەلەی گۆڕانکاری لە ئێرانێدا، ئەوەی کە بە قازانجی خەڵکی ئێرانێ یە، ئەوەی کە پێکهێنانی سیاسەتێکی دێمۆکڕاتیک و رێژیمێکی دێمۆکڕاتیکە زۆر وەپاش دەکەوێ لە ئێرانێ، لە بەین ناچێ بەڵام وەپاش دەکەوێ. جا ئەوەی کە ئیستا لەوێ هەیە بۆ حەموو لایەکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانێ،  بۆ هەموو لایەکی خەڵکەکانی ئێرانێ، گەلەکانی ئێرانێ، نەتەوەکانی ئێرانێ تەئسیری  یەکجار زۆری هەیە. ئەو ڕێژیمە لە خەتێکی دەگەڕێ، لە بۆرییەکی دەگەڕێ، لە ڕەگێکی حەیاتی دەگەڕێ کە ئەو خوێنە  لە پووڵی نەوتییە بێتەوە نێو کاسەی نیزام، ئەگەر بێتەوە ناو کاسەی نیزام لە حاڵێکدا کە ئۆپۆزیسیۆنێکی مونسەجیم و بەهێز نییە کەس ناتوانێ بڵێ کە ئەو ڕێژیمە لە ناوخۆیدا لە باڵ یەک دێتە دەرێ.

قازی: زۆر زۆر سپاست دەکەم مامۆستا گیان، بەداخەوە کاتمان تەواو بوو زۆر سپاست

 دەکەم بۆ بەشداریت لە " ڕاوێژ " دا و لە ئێستاشەوە ساڵی تازەت لێ پیرۆز بێ

وەلی: زۆر سپاس، ساڵی تازە لەنگۆ و لە بینران و بیسەرانیشتان پیرۆز بێ. بە هیوای
 ساڵێکی شاد و پڕ لە خۆشی و تەندروستی بۆ حەموان
قازی: زۆر زۆر سپاس، بینەرانی خۆشەویست لەگەڵ ئەم پیرۆزباییە بەرنامەکەی ئەمجارەشمان تەواو دەبێ و هەتاکوو " ڕاوێژ" ێکی دیکە لە ساڵی تازە دا ئەم کاتەتان باش.
تێبینی: ئەم بەرنامەیە بە شێويیەکی زیندوو و بە ڕێگای سکایپ  چوار شەمە شەو ٢٩-ی دیسامبری ٢٠٢١  لە تێلێڤیزیۆنی ستێرکەوە بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لەم لینکەی خوارەوە لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیوب دا تەماشا بکەن!
https://youtu.be/RbCrKJiuK1U

No comments: