Saturday, January 22, 2022

گۆڕانی زمان و ڕاگرتنی زمان پێشکێشکاری وانە: پرۆفسۆر جەعفەر شێخولئیسلامی

گۆڕانی زمان و ڕاگرتنی زمان

(وانەیەک لە بواری زمانناسیی کۆمەڵایەتی دا، بۆ بەشدارانی زانکۆی ئانلاین بۆ ڕۆژاوا، کە لە لایەن  د. ئیبراهیم سەیدۆ وە بەڕێوە چوو)
پێشکەشکاری وانە: پرۆفسۆر جەعفەر شێخولئسلامی

ژووەنی ٢٠٢١

 
دوکتور ئیبڕاهیم سەیدۆ: لە سەردەمی قەرەنتینە دا ئێمە پێمان زانی کە هیچ جێ و وارێک نەبوو کە تێیدا دەرسی کوردناسی لە سەر زمان و وێژە و مێژوو و کۆمەڵ و دەروونناسی و فەلسەفە و مێتۆدۆلۆژی زانستی هەبێ. بەڵام  قەرەنتینە دۆخێکی ئاواشی ئافراند ئەو کەسی کە دەرفەتێکی پچووکیشیان دەست دەکەوت لێی بێ بەش بن. بۆیە پارەکە ئێمە بڕیارمان دا ئێمە زانکۆی کوردی سەرهێڵ دامەزرێنین.  شازدە مامۆستای ئاکادێمیسیەن، پسپۆڕ و لێکۆلەرەوەی کورد و بێگانە کە لە بواری کوردناسیدا کار دەکەن پشتی یەکتریان گرت. نزیکەی ٥٠٠ کەس لە سێمینارەکاندا بەشدار بوون، لەو ماوەیەدا ١١٠ سێمینار پێشکێش کران، لە دواییدا کتێبی ئەو دەرسانەش چاپ کرا. بۆیە ئەمسالێش  ئێمە بڕیارمان دا دیسان زانکۆی سەرهێڵی کوردی پێک بێنین. زانکۆی سەرهێڵی کوردی بۆ حەموو کوردانە، بە کوردییە و بۆ بەرژەوەندی کوردانە.

زانکۆی کوردی سەرهێڵ  بە بەرپرسایەتی دوکتور ئیبراهیم سەیدۆ ئایدۆغان و گەلێک مامۆستا، پسپۆڕ و شارەزای دیکە. " ئێمە ٢٤ " بە شێوەیەکی زیندوو. ئەو بەرنامەیە لە زووم، یوتیووب، فەیس بووک و ئینستاگرام  بە شێوەیەکی زیندوو  پێشکێش دەکرێن.

دوکتور ئیبڕاهیم سەیدۆ: هاوڕێێانی هێژا هەمووتان بە خێر بێن بۆ دەرسی ئەمڕۆمان. ببوورن ئەمڕۆ ئەمن لە ماڵی خۆم نیم لە جێیەک میوانم  بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە نەمانویست لە دەرسی مامۆستا جەعفەر شێخولئیسلامی بێ بەش نەبین. ئێوە دەبێ بزانن کە بەشداری کەسی وەک مامۆستا جەعفەر لەم دەرسانە دا وەک زێڕ وایە. بۆچی چونکە زۆر کورد هەن کە لە دەرەوەی کوردستان گەیشتوونەتە ئاستی ئاکادێمێکی ئەوەندە گرینگ کە کەسی کە لە وڵات سەروکاریان لەگەڵ کوردۆلۆژی هەیە  مخابن کەم جار، ئەگەر بە ڕاستی لەو بوارە دا نەبن  کەم جاران ئاگادار دەبن لە خەباتی ئەوان. بۆیە ئەو کاتی کە ئێمە لە وڵاتیش بووین کاتێک ناوی مامۆستاجەعفەر شێخولئیسلامی مان دەبیست یان ناوی مایکڵ شایەت مان دەبیست بۆ ئێمە ناوی زۆر گرینگ بوون. بۆیە ئەمڕۆ ئەو دەرفەتە بۆ ئێمە ڕەخساوە کە ئێمە ڕاستەوڕاست گوێ بدەینە دەرسی وان و ئەمن بەڕاستی لە ناخی دڵمەوە دەڵێم، زۆر کەیفخۆش و شاناز و سەربلێندم کە بە کەسایەتی کوردی ئاوا سەرکەوتوو ڕا پێوەندیمان هەیە  و بە ڕێگای زانکۆی سەرهێڵی کوردی ڕا ئێمە دەرسی وان دەگەیێنینە کوردۆلۆگی داهاتوو و هاوڕێ و هۆگری وەکوو ئێوە کە هاتوون  گوێ ڕادێرن بۆ دەرسی وان. وەک دەزانن لە دەرسی پێشوو دا مامۆستا باسی کرد بوو ئەو بوارەی کە ئێمە پێی دەڵێن    sociolinguistic یان زمانناسیی کۆمەڵایەتی چونکە ئەو بوارێکی فرە دیسیپلینە دە ناوی دا واتا سازی یان پێناسەکەشی لە نێوان زمانناسی و کۆمەڵناسیدا دێ و دەچێ. مامۆستا پێشتر باسی ئەوەی کرد بوو. ئەمڕۆ مامۆستا بابەتێکی نوێ پێشکێشی ئێمە دەکا. مامۆستا جەعفەر من بەڕێزیشت وەک هاوڕێوەبەر دەناسێنم بۆ ئەوەی بەڕێزت بتوانی بۆخۆت دەرسی خۆت بەڕێوەبەری ، جا دوای ماوەیەک وەک دەرسی ڕابردوو ئەگەر پێویست بێ ئەمن ئۆدەتان بۆ دەکەمەوە بۆ ئەوەی ئەو ۆرکشاپەی کە مامۆستا دەیەوێ سازی کا ئێمە لەو ئۆدانە دا وەڕێیان خەین. مامۆستا بە خێر بێی کەرەم کە، دەرس ئی بەڕێزتە!


پرۆفسۆر جەعفەر شێخولئیسلامی: زۆر زۆر سپاس، سڵاوتان لێ بێ، هیوادارم هەمووتان زۆر زۆر باش بن. [باسی سلایدشۆیەکەی دەکا].
ئەمڕۆکە کە خەریک بووم ئەم دەرسە دەست پێ بکەم، یەک لە کچەکانم پێی گوتم، کە پرێسکەیەکی پۆستیت بۆ هاتووە. باوەڕ بکەن، نزیکەی سێ چوار مانگ بوو من چاوەڕوانیی ئەم کتێبەم دەکرد، کتێبک کە کەمبریج یونیڤێرسیتی پرێس (چاپەمەنیی زانکۆی کێیمبرێج) چاپی کردووە. ئەوەش پاکەتەکەی [ئەو پاکەتەی کتێبەکەی تێدا هاتووە نیشان دەدا]. دوکتور شایەت شتی وای زۆر دیوە، زۆر شتی ئاوای پێ خۆشە [د. مایکڵ شایەت، کە لە کتێبخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا کار دەکات، بەشدری ئەم دانیشتنەیە]. ئەوەش کتێبەکەیە،  کە پرۆفسۆر حەمید بۆز ئەرسلان و دوو ئاکادێمیی دیکە  ڕێکیان خستووە، کتێبێکی ئەستوور و گەورە تەنێ لە سەر مێژووی کوردان. پێشتر شتی ئاوا نەبوو. دوکتور شایەت باش دەزانێ.  بەر لە دە ساڵ، پازدە ساڵ، کتێبێک لە سەر کوردان دەردەچوو کە بەشێکی [وتارێکی] مێژوو بوو، بەشێکی زمان بوو، بەشێکی دین بوو، بەشێکی سیاسەت بوو، بەشێکی ناسیۆنالیزم بوو وهتد. ئێستا کوردان کتێب دەردەخەن بە زمانی ئینگلیزی کە لە لایەن وەشانخانەی وەک کەمبریج یونیڤێرسیتی پرێس، یان ئاکسفۆرد یونیڤێرسیتی پڕیس و شوێنی دیکەوە، تەنێ لە سەر بابەتێک، بوارێکی تایبەت، بڵاو دەبێتەوە. ئەوە زۆر گرینگە. بە باوەڕی من هەنگاوێکی زۆر گرینگە. دوکتور شایەت باش دەزانێ ئێستا چەند شتی دیکەی لەم چەشنە بەڕێوەن. یەکیان بۆ وێنە من ئاگادارم  لە سەر ئەدەبی کوردی کتێبێکی ئەستوور چاپ دەبێ لە لایەن وەشانخانەی پالگرەیڤەوەوە (
Palgrave)، یان لە سەر زمان و زمانناسیی کوردی، کە برای خۆتان لەگەڵ چوار پرۆفسۆری دیکە ئێدتی دەکا، بە ناوی دەستەکتێبی ئاکسفۆرد بۆ زمانناسیی کوردی. ئەوانە زۆر گرینگن. وەکوو پێشتر گوتم، لە ڕابردوو دا کتێبێک دەردەچوو کە یەک بەشی، بۆ وێنە ١٥ لاپەڕەی، لە سەر زمان بوو. ئێستا وەشانخانەی ئاکسفۆرد پرێس ٧٠٠ لاپەڕە لە سەر زمانی کوردی بە ئینگلیزی چاپ دەکا. یانی هەنگاوی زۆر زۆر باش هەڵگیراوە کە بە ڕاستی جێگای خۆشحاڵین.       
دیسان سپاس مامۆستا سەیدۆ ئەمڕۆ وەکوو بەشێکی گرینگ لە زمانناسی کۆمەڵایەتی یان زمانناسی جڤاکی باسی گۆڕانی زمان و ڕاگرتنی زمان دەکەین.
Language shift and maintenance
گۆڕینی زمان، لە ناوچوونی زمانەکان، دەستهەڵگرتن لە زمانێک، یان چوونە سەر زمانێکی دیکە بە ڕاستی شتێکی زۆر جیدی یە و ئێستا لە تەواوی دنیا هەیە. بۆ وێنە، جاشوا فیشمەن، بەڵکوو بەناوبانگترین زمانناسیی جڤاکی، دەڵێ، کە لە ١٥٠٠ وە هەتا  ١٩٥٠ [ی زانینی]، یانی بۆ ماوەی نزیکەی ٥٠٠ ساڵ، نیوەی زمانەکانی دنیا لە ناو چوون. تەخمینی زۆر باش هەیە کە دەڵێ، لە کۆتایی ئەم سەدەیە دا، لە کۆتایی ٢٠٠٠، نیوەی دیکەش لە ناو دەچن، ئەگەر وەزعەکە هەر بەو شێوەیە بڕواتە پێش. بۆ وێنە، ئەگەر سیاسەتی زمانی لە شوێنی وەکوو تورکیا و ئێران نەگۆڕدرێ، ئەو وەزعە درێژەی دەبێ. زۆربەی زمانە خۆجێییەکان لە شوێنی وەک ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا لە ناوچوون. ئێستاش هێندێک ماون، بۆ وێنە لە کەنەدا کە من دەژیم [نزیکەی ٧٠ شێوەزار، کە سەر بە ١٢ بنەماڵەی زمانین و لە لایەن ٢٦٠،٠٠٠ کەسەوە قسەیان پێدەکرێ]، بەڵام هێندێکیان لە سەر سنووری لەناوچوونن. بۆ وێنە زمان هەیە دە ئاخێوەری هەیە، زمان هەیە ٥٠ ئاخێوەری هەیە. ئەم دە ئاخێوەر و پەنجا ئاخێوەرەش بە تەمەنن، ئیختیارن. دەمرن. ئەگەر ئەوان بمرن، زمانەکەش لەگەڵیان دەچێ. زمان ناتوانێ لە کتێبێک دا بمێنێتەوە. ئەوەی کە لە کتێبدا دەمێنێتەوە، ئەمە جیاوازە، هەیە. بۆ وێنە ئێمە نموونەی عیبریمان هەیە بەڵام ئەمە زۆر کەیسێکی شازە، زۆر تایبەتە، مەسەلەی پێوەندی دینە، مەسەلەی پێوەندی ناسیۆنالیسمە، مەسەلەی  قۆناغێکی زۆر زۆر بە هێزی نوێیە. ئەمە جیایە. هەموو زمانێک،هەموو دەستەیەکی ئێتنیکی ناتوانێ ئەمە بکا. ئەوە جیاوازە و، ئەوە ڕادەگرین بۆ جارێکی تر بەڵکوو باسی بکەین. بەڵام ئێستا ئێمە دەزانین زۆرتر لە نیوەی کوردانی باکوور، بۆ وێنە، بەداخەوە، ناتوانن بە زمانی خۆیان قسە بکەن، بە تایبەت گەنجەکان تەنانەت لە شارێکی وەکوو دیاربەکر. لە جەرگەی کوردستانی باکوور. ئێستا لێکۆڵینەوە هاتووەتە دەرێ کە دەڵێ گەنجەکان زۆربەیان ناتوانن بە کوردی قسە بکەن. باپیر و نەنەیان، دایە گەورە بە کوردی قسە دەکەن، دایک و باوکیان بە کوردی و بە تورکی قسە دەکەن، زارۆکەکان، گەنجەکان بە تورکی قسە دەکەن [واتە، چۆنیەتی کەلکوەرگرتن لە کوردی لە نێو سێ بەرەی یەک بنەماڵەدا کەوتووەتە بەر لێکۆڵینەوە). زمان گۆڕان هەر ئەوەیە ئیتر؛ وردە وردە، هێدی هێدی دەگۆڕێ. لە شوێنی وەکوو کرماشان، بۆ وێنە، دوکتورایەک لە هین کە دەرچووە – [وتارەکەی دەپچڕێ لێرە: مامۆستا سەیدۆ داوای لێ بوردوویی دەکەم من هێندێک پەیام دەبینم
admit , admit  
من مافم هەیە ئەوان بێنمە نێو ژوورەکە؟-
ئیبراهیم سەیدۆ: ئەمن ئەوان دەبینم ئەوان دەهێنمە هوندور، ئەتۆش مافت هەیە بیانهێنی.
شێخولئیسلامی: ئەمن نایانناسم، ئەگەر کەسێک بناسم وەری دەگرم.
ئیبراهیم سەیدۆ: هیچ کێشە نییە من قبووڵیان دەکەم. ئەتۆش ئەدمینی، ئەتۆش دەتوانی وەریان گری.
شێخولئیسلامی: بۆ وێنە، دوکتورایەک لە ڕۆژهەڵات کراوە، کە دەڵێ، لە مەنتەقەی کرماشان نزیکەی پەنجا لە سەد دایک و باوک لە ماڵدا، لەگەڕەکدا، لەگەڵ منداڵی خۆیان بە فارسی قسە دەکەن. یانی ئەوان ناتوانن بە کوردی قسە بکەن. زمان گۆڕین بە ڕاستی شتێکی جیدی یە و، ئەمە هەیە. بەڵام بۆ؟
ئەمڕۆ ئەمن باسی ئەوە دەکەم کە زمان بۆ دەگۆڕدرێ، نە تەنیا بۆ دەگۆڕدرێ، [بەڵکوو] بۆچی خەڵکێک ئیحتیمال هەیە زمانی خۆی بەجێ بێڵێ و بچێتە سەر زمانێکی تر. چ هۆگەلێک هەن، هۆکار چین؟ بۆ ئەوەی کە خەڵکێک زمانی خۆی بەجێ بێڵێ و بچێتە سەر زمانێکی تر؟ ئەمە یەک شت. هێندێک جار ئیحتیمال هەیە ئی وایە بڵێ دەی ئەمە کێشەکەی چییە، ئەگەر خەڵکێک حەز دەکا زمانی خۆی بە جێ بێڵی و هەست دەکا زمانێکی تر بۆ ئەو باشترە، خۆشترە یان کەلکی زیاترە؟ موشکیلە چییە؟ با وا بکا. ئەوە بۆچی موشکیلەیە؟ ئێمە بەحسی ئەو لایەنەش دەکەین. ئایا بە ڕاستی ئەوە موشکیلەیە؟ ئەگەر موشکیلەیە، ئەگەر گرفتە گرفتی کێیە، موشکیلەی کێیە؟ ئایا ئەوە موشکیلەی ئاخێوەرانی زمانێکە یان موشکیلەی ئەو کەسانەیە کە بەرپرسی زمانن، بۆ وێنە سیاسەتی زمانی و پلانی زمانی بەڕێوە دەبەن، یان گرفت و موشکیلەی کەسانێکە بۆ وێنە دەسەڵاتدارن، بەرپرسن لە ئاست باش بوونی کۆمەڵگا. باش بوونی هەلومەرجی زمان بەشێکە لە باش بوونی گشتی کۆمەڵگەیەک. ئەوە ڕای منە، ڕای زۆر کەسی دیکەشە بەتایبەت ئەوانەی کە لە بواری زمانناسی کۆمەڵایەتیدا کار دەکەن.
بەڵام من ئێستا حەز دەکەم بزانم ئێوە چۆن بیر دەکەنەوە. [شێخولئیسلامی داوا لە د. سەیدۆ دەکا کە قوتابییەکان و بەشداربووان بخاتە ژووری چوار کەسی بۆ ئەوە کە باسی ئەزموونی خۆیان بکەن سەبارەت بە گۆڕانی و گۆڕینەوەی زمان]...

ئیبراهیم سەیدۆ: هیوادارم هەموو کەس تێ گەیشتبێ چونکە ئەو ئۆدەیەی کە مامۆستا دەیەوێ دابمەزرێ ئەوەیە یانی لە هەر وڵاتێکی کە ئێوە پێی دەزانن گۆڕانی زمانی و ئالوگۆڕی زمانان چۆن بووە، هەر کام لە ئێوە دەتوانن چوار پێنج دەقیقە لەگەڵ یەکتری قسە بکەن بۆ ئەوەی فکری خۆتان دەرببڕن. بەو مانایە نییە کە بیری ئێوە حەتمەن دەبێ ڕاست بێ. ئازادن لەو بارەیەوە چتان دیتبێ و چاوەدێریتان چ بووبێ ئەوان بڵێن. و هەر گرووپەی لە نێو خۆتاندا قسەوێژێک هەڵبژێرن و دوایە لیرە لە ئۆدەی ئەسڵیدا باس بکا بزانین چاوەدێریتان چ بووە وەک لێکۆڵینەوەیەکی گشتی. ئێستا بە ئۆدەیاندا بڵاوتان دەکەمەوە. مامۆستاچەند دەقیقە ئەوان لەو ئۆدانە دابن؟
شێخولئیسلامی: پازدە دەقیقە. هەر هاوڕێیەک، هەر کەس نزیکەی دوو یا سێ دەقیقە قسە بکا.
ئیبراهیم سەیدۆ: دوای پازدە دەقیقە هەموو ئۆدەکان دادەخرێن ئێوە دیسان وەرنەوە ئۆدەی ئەسڵی.
ئیبراهیم سەیدۆ: ئەوە هاوڕێیان هێدی هێدی دێنەوە بزانین گەنگەشەی وان چۆن بووە؟
شێخۆلئیسلامی: سپاس مامۆستا پێم وایە هەموو هاتووینەوە.
ئیبراهیم سەیدۆ: بەڵێ مامۆستا
شێخۆلئیسلامی: زۆر زۆر سپاس، نازانم ئێوە، بەڵام ئێمە دانیشتێنکی زۆر خۆشمان هەبوو، بە تایبەتی بەحسی باکوور گەلێک کرا. هیوادارم ئێوەش کاتێکی باشتان تێپەڕ کردبێ [شێخۆلئسلامی، وەکوو مامۆستای پۆلەکە، چوو بۆ ناو ژوورێکەوە و گوێی لە خوێندکارەکان گرتبوو]. ئەگەر یەکێک تێبینییەکی هەیە، قسەیەکی هەیە، پرسیارێکی هەیە، تکایە فەرموون، کەرەم کەن، بەڵام تەنێ لە سەر گۆڕانی زمان. بۆ وێنە تەجروبەتان لەوەی کە خەڵکێک زمانی خۆی لە بیر دەکا، یان زمانی خۆی ناخوازێ. بۆ؟
ئیبڕاهیم سەیدۆ: ئەو هاوڕێیانەی کە قسە وێژی ئۆدەکانن دەتوانن دەست هەڵێنن.
مامۆستا تەنگەزار: ئەم کات و هەموو کاتێکتان باش. زۆر زۆر سپاس دوکتور جەعفەر بە ڕاستی بابەتێکی زۆر زۆر گرینگە حەول دەدەم بە سورمانجی قسە بکەم. بە هەر حاڵ گۆرانی زمان و زمانناسیی کۆمەڵایەتی بابەتێکی زۆر بەربڵاوە و مرۆڤ ناتوانێ هەر یەک لایەنی ببینێ بە زۆر شێوە ئەو گۆڕانە ڕوودەدا. لە ئۆدەی ئێمە دا ئەوەی گوترا ئەمن باسی دەکەم یەکیان ئەوە بوو کە وەزعی سیاسی کارتێکەرێیەکی گەورەی هەبووە لە سەر زمان  بە تایبەتی لە باکووری کوردستان چونکە سیاسەتمەدار بە زمان قسە دەکەن و کورد کاتێک لە دایک دەبێ وەک سیاسەتمەدار لە دایک دەبێ.
شێخولئیسلامی: مامۆستا گەلێک ببوورە، تکایە تەنێ باسی گۆڕانی زمان بکە! باسی ئەزموونی خۆت بکە. خزمێک، کەسێک یان برادەرێکی تۆ لە مێردین، لە قامیشلۆ، لە جێیەک، زمانی خۆی لە بیر کرد بێ. تەجروبەیەکی ئاوات هەیە؟ لە بواری ئاکادێمی دا زۆر گرینگە مرۆڤ لە سەر بابەتێک چڕ بێتەوە.
تەنگەزار یەک لە ئەندامان دەڵێ سیاسەت ئەو تەئسیرەی بووە کە زمان لاواز ببێ و خەڵک زمانی خۆیان لە بیر بچێتەوە، بە تایبەتی گەنجان زمانی خۆیان لە بیر بکەن. چونکە ئەو تێرمانەی بە کاریان دێنن کوردی نین و ئەوان هاوتای ئەوان بە کوردی نازانن. نوختەیەکی دی ئەوەیە کە بازاری ژیان بە  زمانی کوردی نییە ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە گەنجان بە تایبەتی  کە دەچنە شاری دیکە زمانی خۆیان لە بیر دەکەن و بەو زمانەی دیکە قسە دەکەن. قسەیەکی دیکەش کرا ئەویش ئەوە بوو کە ئەوە هەر زمان نییە کە دەگۆڕێ لە زۆر ڕەهەندی دیکەش دا گۆڕان ڕوو دەدەن. لە بواری کۆمەڵایەتیدا کاتێک گۆڕان دەکرێ واتە گۆڕانی کۆمەڵ لە ئاستێکە وە بۆ ئاستێکی دی دەبێتە هۆی ئەوە کە هەم زمان سووک دەبێ و زۆر کەس دەڵێن زمانی کوردی ئێمە تێر ناکا بۆیە جێگۆڕکێی پێ دەکەن بە زمانێکی دی. ئەو شتانەی ئێمە باسمان کردن ئەوانە بوون.
شێخولئیسلامی: گەلێک گەلێک گرینگە. بۆ وێنە باسی ئەوەت کرد، هێندێک جار ئێمە دەچینە سەر زمانێکی دی لە بەر ئەوەی پێمان وایە لە زمانی خۆمان دا پەیڤ و وشەی کافیمان نییە. بۆیە پەنا دەبەین بۆ تورکی، یان عەڕەبی یان فارسی. نەک ئەو کاتەی کە چاکوخۆشی لەگەڵ خوشک و برا و دای و باوک دەکەین، بەڵام کاتێک کە دەمانەوێ باسی زمانناسی بکەین، یان باسی تەجاڕەت بکەین، باسی بازاڕ بکەین. کاتێک کە تۆ باسی تەجاڕەت بکەی وشەت نییە بۆ "ڕێکلام"، وشەت نییە بۆ  "سپانسر"، وشەت نییە بۆ زۆر شت. جا بۆیە لای خۆت بیر دەکەیەوە، وەڵا تورکی هاسانترە کاتێک باسی تەجاڕەت دەکەی بۆ وێنە. ئەو شتەی کە ئەتۆ گوتت زۆر موهیمە. هێندێک جار هەیە زمان لە بەر ئەوە دەگۆڕدرێ، [چونکە] زمانەکە ڕێگای نەبووە، یان دەرفەتی نەبووە  کە خۆی دەوڵەمەند بکا لە بواری جوێ جوێدا، وەکوو بە ئینگلیسی دەڵێن language domain ، واتە بواری زمانی، بواری زمان؛ وەکوو: تەجاڕەت، دین، ئاکادێمیا، سپۆرت، سیاسەت، پارڵمان حەموو ئەو شتانە. کاتێک زمانێک لەو دۆمەینانە، لەو بوارانە دا، کەلکی لێ وەرنەگیرا لاواز دەمێنێ و هەر تەنێ بەکاری چاک وچۆنی دێ. لە بەر ئەوەی کە مەیدانی نەبووە، لە بەر ئەوەی کە دەرفەتی نەبووە. باشە چۆن دەوڵەمەند بێ. دەوڵەمەندییەکە لە ئاسمانەوە نایەتە خوارێ، مرۆڤ گەرەک بۆخۆی بیکا. لە بەر ئەوە، ئەمە زۆر گرینگە، گەلێک مەمنوون.
کەسی دیکە دەیەوێ شتێک بڵێ دەرهەق بە گۆڕانی زمان؟

ئیبراهیم سەیدۆ: بەڵێ مامۆستا هێندێک کەس هەن. سەیفەدین دەستی هەڵێناوە. کەڕەم کە سەیفەدین.
سەیفەدین: بەر لەهەموو شت زۆر سڵاو بۆ مامۆستای پێشکێشکار، لەم ئۆدەیە دا ئێمە باسی ئەوەمان کرد ئەگەر مرۆڤ لە سەر بناخەی سەرەکی زمان قسە بکا شتێکی کە مرۆڤ بۆخۆی تەجروبەی کردووە، شتی کە مرۆڤ بە چاوی خۆی دیتوویە ئەوە ژیانی ئەو کەسە دەردەخا. لە مەڕ ئێمەی کورد بە داخەوە هەموو لایەکی سیاسەتە. هەرچەند ئێمە بمانەوێ لە سیاسەتیش دوور کەوینەوە یان خۆمان بە دوور بگرین ئەوانەی کە حوکم بە سەر ئێمە دا دەکەن هیچ حیسابێک بۆ ئێمە ناکەن. جا ئەو کەسە ئەگەر غیرەتی هەبێ حەول دەدا بەرخوەبدا و خۆی بپارێزێ. یانی وەزعی ئێمە لە میللەتی دیکە زۆر جیاوازە. دەبێ ئێمەڕاستەقینەی خۆمان لە بەر چاو بگرین و بەو شێوەیە ئەو حەموو ساڵانەی کە تێپەڕیون هەم لە ئاستی سیاسی ، هەم لە ئاستی پەروەردە، هەم لە ناو ئەو هەموو گیر و گرفتانە دا. بەڵام بەداخەوە  ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ پێشەنگایەتی کۆمەڵ بکەن ئەگەر ئەوان بە ڕێبازێکی هەڵە دا بڕۆن ئەو دەمی وەک بە کورمانجی دەڵێن" تەماشای ڕزق خراپە  و ئێستا باڵندەش هاتووە و دندووکی خۆی گەیاندووەتێ". یانی ئاستی زانایی ئێمە گەلێک کەمە، لێرە دا ئەگەر ماڵبات و بنەماڵە لە مەڕ خۆیان و منداڵیان هەستیار نەبن لەگەڵ مەترسی گەورە ڕووبەڕوو دێن. بۆ وێنە لە مێرسین، ڕەنگە زۆر لە ئێوە بزانن کە شارێکی تورکانە. زۆر کەس کە  لە مێردین، سێرت، شرناخ، جزیر و مووش ڕا هاتوون و لەوێ دەژین ئەوانەی لە نێوان تەمەنی ٤٠ تا ٥٠ ساڵان دان ئەوان لە وڵاتەوە ( لە کوردستانەوە) پاتراو بوون و هاتوون و لەوێ گیرساونەوە دەتوانن هەر چۆنێک بێ بە کوردی قسە بکەن، بەڵام منداڵەکانیان، ئەو وەچەیان کە دەچنە خوێندن و ئۆقوڵێ، دەچنە مەدرەسە و زانکۆ دەڵێن هیچ پێویستیمان بە زمانی خۆمان نییە، ئێمە بەو زمانەی خۆمان چ بکەین؟ جا ئەگەر هاتوو کەسێک ئەوە بە خۆی بڵێ ئەو دەمی ئەو پرسیارە زەق دەبێتەوە باشە هەموو میللەتێک زمانی هەیە، چما ئەتۆ زمانت نییە؟ ئەتۆ بۆ لە زمانی خۆت خۆت ناکەی بە ساحێب؟ ماڵکۆم دەڵێ ئەگەر ئەتۆ شتێکی کە بۆ  خۆت بە باش دەزانی بۆ خەڵکی دی  بە باش نەزانی ئەو دەمی ئەوە زوڵمە ئەوە بێ حەقی یە. یانی ئێمە و دەوڵەتی داگیرکەر، ئەوانەی ئێمەیان داگیر کردووە موشکیلەیەکی ڕاستەقینەمان دە نێوان دایە. جا بۆیە ئێمە دەبێ دوو جار، سێ جار، پێنج جار زیاتر خاوەندارێتی بکەین لە هەستی نەتەوەیی خۆمان. بە ڕای من دەبێ هەر ماڵباتێک، هەر خێزانێک ببێتە مەدرەسە، هەر خێزانێک ماڵە خۆی بکاتە مەدرەسە. ئەگەر ئەوە نەکرێ وەک پۆلەندمان بە سەر دێ. ئەمنیش لە ئەڵمانیا دەژیم، ئەگەر هەر خێزانێک ماڵی خۆی بکاتە مەدرەسە ئەودەمی ئێمە هاسانتر فێری زمانی خۆمان دەبین. بەداخەوە لە دەرەوە ڕا کەس نایە بڵێ وەرە زمانەکەت فێر بە و چارەسەری ئاواش نییە سپاس.
شێخولئیسلامی: گەلێک مەمنوون مامۆستا سپاس. ئەمن ئێستا پێم خۆشە درێژە بدەم بە باسەکەی خۆم ئەگەر ئیزنتان لە سەر بێ.
ئیبراهیم سەیدۆ: مامۆستا ببوورە چوار کەسی دیکەش هەن دەیانەوێ قسە بکەن!
شێخولئیسلامی: ئێستا نا، دوایە زۆر ببوورە مامۆستا.
ئیبراهیم سەیدۆ: بە چاوان، فەرموو.
شێخۆلئیسلامی: یەکێک لە هۆیەکانی گؤڕینی زمان تێکەڵی یە، واتە کانتاکت [contact]، دانوستاندن. ئەوە دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی گؤڕانی زمان. پرسیارێک ئێستا دێتە گۆڕێ: کاتێک کە ئێمە تێکەڵ دەبین، ئینسانەکان، خەڵکەکان، جڤاتەکان تێکەڵ دەبن، چی دروست دەبێ، یان بۆچی ئینسانەکان تێکەڵ دەبن؟ ئینسانەکان تێکەڵ دەبن لە بەر کاسبی، لەبەر بازاڕ. ئینسانەکان تێکەڵ دەبن کاتێک سەفەر دەکەن. ئەگەر کەسێک بۆ وێنە
" سیاحەتنامەی ئەولیا چەڵەبی "  بخوێنێتەوە دەزانێ مەبەستی من چییە. چونکە سەفەر تەئسیر دەکا لە سەر  گۆڕینی زمان. هێندێک جار خەڵکێک لە شوێنێکەوە سەفەر دەکات بۆ شوێنێکی دیکە بۆ خۆی. هێندێک جار بەڵایەکی تەبیعی دێ، ئاڵوگۆڕێکی تەبیعی، سروشتی چێ دەبێ و جەماعەتێک کۆچ دەکات. هێندێک جار هەیە بە زۆرەملی کۆچی پێ دەکەن. بۆ وێنە لە سەردەمی سەدام حوسێندا نزیکە دە هەزار، بیست هەزار گوند بە زۆر کۆچیان پێ کردن. ئێستا کە ئەتۆ دەچی بۆ کوردستانی باشوور، بۆ وێنە شوێنێک دەبینی وەک شاری سۆران، کە  هەر نەبوو. گوندەکانی سەر سنوور زۆریان ڕاگواستران. سەدام بردنی بۆ ئەو جێیە. ئەو دەمی دیانا هەبوو زۆربەشیان مەسیحی بوون، ئەو دەمی لە پاڵ دیانا کەم کەم سۆران چێ  بوو. شارێکی دووسەد هەزار کەسی یە. ئەوە زمان دەگۆڕێ. ئەگەر ئەتۆ ئێستا بچییە دیانا و سۆران ئەو تێکەڵی سۆرانی و کورمانجی
, دوایە فارسیش دەبینی، دوای ئەوەی جەماعەتێکی گەlێک زۆر لە ئێرانەوە هاتوونەوە بۆ ئەو ناوچەیە، ئیستا منداڵەکانیان بە فارسی  [و کوردی] قسە دەکەن. ئێستا ئەگەر ئەتۆ لەوێ بە شەقام دا بڕۆی زۆر بە هاسانی گوێت لێ دەبێ بۆ وێنە ٥ گەنج بە وێدا دەڕۆن و بە فارسییەکی خەست بە یەکەوە قسە دەکەن. یانی لە ناو شارەکە دا تێکەڵییەکی زمانی دروست بووە. خەڵک چۆن دێ و دەچێ، ئەوە تێکەڵی ساز دەکا و تێکەڵیی زمان دروست دەکا. تێکەڵیی زمان گۆڕێنی زمان ساز دەکا. هێندێک جار کۆلۆنیالیزم دەبێتە هۆێ گۆڕینی زمان. نموونەی هەرە باش ئەمریکا یە. ەنەدا یە، ئوسترالیا یە. یان بۆ وێنە ئەمریکای لاتینە، کە ئێسپانیا چوو بۆ ئەوێ. لەمەڕ کەنەدا، کاتێک کە ئینگلیسی و فەڕانسەیی هاتن، گەلێک زمانی خەڵکی خۆجێیی لە ناو چوون، لەوانەیە نزیکەی سەد، دووسەد زمان هەبووبێ. لە کەنەدا ئێستا نزیکەی ٧٠ زمان ماوە ، بەڵام هێندێکیان لەوانەیە هەر ١٠ کەس قسەیان پێ بکا.  ئەو زمانی هەر بەهێز بۆ وێنە Inuktitut” ئێنوکتیتوت" لە باکووری کەنەدا ئیحتیمال هەیە نزیکەی بیست هەزار، سی هەزار ئاخێوەری  هەبێ. ئەوە زمانی هەرە گەورەیە.
education، پەروەردە. هێندێک جار پەروەردە دەبێتە ئامرازی هەرە گرینگ بۆ گۆڕینی زمان. بە تایبەت لە سەردەمی مۆدێرنیتە دا، وەختێک کە خەڵک ناچارە بچێ بۆ بۆ مەکتەب بە زمانی باڵا دەست، بە زمانی  سەردەست پەروەردە دەکرێ و کەم کەم زمانی خۆی لە بیر دەچێتەوە. کە وابوو، پەروەردە، بە تایبەت، بە تایبەت لەو سەردەمە دا، لە عەسری ئێستا دا،گەورەترین هۆکاری گۆڕانی زمانە. گەورەترین هۆکارە، هیچ شک لەوە دا نییە.   هێندێک هەن بۆ وێنە دەڵێن، زۆرێک لەو ڕێبەرانەی تورکیا، ئێران، جێگای دیکە دەڵێن لە ماڵە خۆت کوردی قسە بکە، لە گەڕەکی خۆت کوردی قسە بکە، ئەتۆ سەربەستی، بەڵام لە مەکتەب دەبێ تورکی بێ، لە مەکتەب دەبێ فارسی بێ. بۆچی وا دەڵێن؟ لەبەر ئەوەی کە باش دەزانن ئەگەر ئەمڕۆش تۆ بتوانی زمانی خۆت لە ماڵێ دا بپارێزی، دوای دەساڵان، دوای پازدە ساڵان ناتوانی؛ دوای بیست ساڵی دی، ناتوانی. پەروەردە، پەروەردە، پەروەردە ئەساسە. بۆچی من وا دەڵێم؟ با هۆیەکی دیکە باس بکەم. ئێستا مامۆستای بە ناوبانگ هەن کە [...] گلەیی و گازندیان هەیە و، دەڵێن، زمانی کوردی لە باشوور بە باشی کەلکی لێ وەرناگیرێ. چاپخانەکان گوێ نادەنە editing، ئێدیت ناکەن. مامۆستا هەیە نازانێ فەرقی خاڵ و فاریزە (کۆما) چییە. مامۆستای زانکۆ هەیە پاڕاگرافێک دەنووسێ [پڕیەتی لە هەڵە]. سێ ڕۆژ پێش، وەزاڕەتی ڕەوشەنبیری و لاوان نامەیەکی کورتی ناردووە، بۆ وەزاڕەتی پەروەردە  و دەڵێ: هەورامی ئاخێو لە مێژ ساڵە داواکارییەکیان هەیە و دەیانەوێ بە زمانی خۆیان، بە شێوەزاری خۆیان، بچنە فێرگە؛ با ئێمە دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنین کە ئەوان هەورامی، گۆرانی بتوانن بخوێنن. ئەم نامەیە نزیکەی سێ پاڕاگرافە.  مامۆستایەکی زمانی کوردی لە سەر فەیس بووکی داناوە، پەنجا هەڵەی تێدا دەستنیشان کردووە. پێنج سیفر، لە لاپەڕەیەکدا. وەزاڕەتی ڕەوشەنبیری ئەوەی چاپ کردووە ناردوویە بۆ وەزاڕەتی پەروەردە. ئەوە باسی زمان دەکا، نامەیەک نییە سەبارەت بە تەجاڕەت. نامەیەکی پێترۆڵیوم نییە. نامەیەکی وەزاڕەتی ڕەوشەنبیری یە بۆ وەزاڕەتی پەروەردە، ٥٠ هەڵەی نووسینی تێدایە. بەڵام زمانی کوردی هەر ماوە و زمانی کوردی لەوێ هەیە. چما؟ لە بەر ئەوەی زمانی کوردی زمانی پەروەردەیە، زمانی میدیایە، زمانی داو و دەستگا و کارگێڕی یە. یانی بە کەموکورتی، بە هەڵەیی و بە خراپیش دەکار بهێندرێ، هەر دەمێنێتەوە.  بۆچی؟ چونکە زمانێکی ڕەسمی یە، چونکە زمانێکی فەرمی یە، زمانی پەروەردەیە. ئەوە زۆر گرینگە کە زمانێک لە پەروەردە دا هەبێ. ئەگەر لە پەروەردە دا هەبوو، لە بواری تەجاڕەتیشەوە دەکار دەکرێ، لە میدیاشدا دەبێ، لە سیاسەتیشدا، لە بازاڕیشدا، لە ماڵێ دا، لە هەموو جێیەک. پەروەردە ئەساسە. یانی نابێ ئەمە قەت لە بیر بکەین. هێندێک جار هەیە دەڵێن، با خولی خوێندن هەبێ.
ئێستا مامۆستا سەیفەدین و کاک تەنگەزاریش باسیان کرد. بۆ وێنە ئێستا لە باکوور دەرفەت هەیە کە منداڵ بچنە کۆرسی دڵخوازانە و دەرسی کوردی بخوێنن. لێرە دا چەندین گرفت هەیە. ... دەبێ لانی کەم دەکەس لە کلاسەکەتدا هەبێ، دە قوتابی. ئەگەر  ئەوەندە قوتابییە نەبێ، ناتوانی کلاس داییر کەی. دەبێ ئەوە لە پۆلی پینج و شەش و حەوتدا بێ. بۆت نییە لە پۆلی یەکەمەوە دەست پێ بکەی. باشە بۆ ناتوانی لە پۆلی یەکەمەوە ئەو خوێندنە دەست پێ بکەی؟ لەبەر ئەوەی کە حکوومەت باش دەزانێ ئەگەر منداڵێک لە پۆلی یەکەوە کوردی بخوێنێ، حەزی لێ دەکا، چونکە زمانەکەی پێ خۆشە. مێشکیشی ئامادەیە ... حکوومەت ئەوە دەزانێ و نایەوێ کارێکی وا بکرێ. دەڵێ، با لە پۆلی شەش و حەوت و هەشت دا بخوێندرێ. دیارە منداڵ کە گەیشتە ئەو ئاستە و تورکی باش فێر بوو، ئیدی حەز لە کوردی فێربوون ناکا. دەڵێ، من چ لە کوردی بکەم؟ باشترین ئەکتر، جوانترین ئەکتر بە تورکی قسە دەکا، سیاسەتمەدار بە تورکی قسە دەکا، لە پارڵمان ئینسانی دەسەڵاتدار، ئینسانی کە هێزی بە دەستە، بە تورکی قسە دەکا. دەی ئەمن چ لە کوردی بکەم؟  پەروەردە ئەساسە.
...
کاتێک ئێمە  باسی تێکەڵیی زمان دەکەین ئەمە زۆر زۆر ئاسایییە، زۆر ئیعتیادییە، زۆر سروشتییە کە زمانەکان تێکەڵ دەبن. ئەمە لە هەموو دنیا هەیە، بۆیە زۆربەی خەڵکی دنیا لانی کەم دوو زمان دەزانێ. دنیای ئینگلیسی هێندێک جیاوازە، بەڵام خەڵکی دیکە ئەمڕۆ لە دنیا دا لانی کەم دوو زمان دەزانێ... بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە هێندێک شوێنان پێمان دەڵێن، یەک زمانە باشە. بەڵام چەند زمانە بوون زۆر شتێکی ئاساییە و بۆ ماوەیەکی زۆریش لە مێژووی ئینساندا هەر ئەمە بووە. پاشانیش ئەوەی کە تێکەڵیی زمان نەگۆڕ بێ  زۆر زۆر زەحمەتە. یەعنی کە زمان پێکەوە تێکەڵ دەبن ئاڵوگۆڕ دێتە پێشێ، ئەمە ناتوانی پێشی پێ بگری، بەڵام ئەو ئاڵوگۆڕە چۆن دەبێ تا ڕادەیەک بە دەست ئێمەیە. ئەمەش تا ڕادەیەک ماوەتەوە سەر سیاسەتی زمانی.
بۆ وێنە چاو لە عێڕاق بکەن، چاو لە تورکیا بکەن. چونکە لە عێڕاق کوردی فەرمی یە، ڕەسمی یە، لە مەکتەب  هەیە، لە پەروەردە هەیە، لە کارگێڕیی هەیە، لە پارڵمان هەیە، لە حکوومەت هەیە، لە میدیا هەیە بە بەرفراوانی،   لە وڵاتێکی عەڕەبییە، کە عێڕاقە، بەڵام مەترسی لە سەر نییە.  بۆ؟ چونکە سیاسەتێکی زمانی باش هەیە [لە ئاستی عێراق دا و لە دەستوور دا]. لە تورکیاش کوردی هەیە، تورکی هەیە، دیارە زمانی دیکەش هەن، وەکوو ئەرمەنی، عەڕەبی.  ئەوە بە جێی خۆی.  بەڵام تورکی و کوردی دوو زمانی گەورەن لە باکوور. کوردی لە مەترسی دایە، هەر دێ و کەم دەبێ.  چما؟ لەبەر ئەوەی سیاسەتی زمانیی هەڵە لە گۆڕێ دایە. هەڵەیە، سیاسەتێکی زمانی داپڵۆسێنەرانە هەیە کە  ناهێڵێ زمانی کوردی مافی خۆی هەبێ. لە ئێرانیش هەر ئەوەیە. کە وابوو، تێکەڵیی زمانی  شتێکی سروشتییە، زۆر تەبیعییە. لە هەموو دنیا هەیە، هەبووە و دەبێ. زۆر باشیشە هەبێ، زۆر باشە ئەمڕۆ هەموو بتوانین چەند زمان قسە بکەن، بەڵام بێتوو سیاسەتێکی زمانی باش نەبێ، ئەوە خەتەرە. تێکەڵیی زمانی دەتوانێ هۆکار بێ بۆ لە ناوچوونی زمان ئەگەر سیاسەتی زمانیی دروست لە ئارا دا نەبێ. ئەمە کە چی لێدێتەوە کاتێ زمانەکان بەیەکەوە دەبن، بە ڕاستی، ماوەتەوە سەر ئەوەی کە پێوەندییان چۆنە  ئەو زمانانە: کامیان دەسەڵاتدارە، کامیان بێ دەسەڵاتە؟ کامیان لە پەروەردەدا یە، کامیان لە پەروەردەدا نییە؟ ماوەتەوە سەر پێوەندیی ئەو زمانانە لەگەڵ یەکتر. هەم لە بواری زمانییەوە،
linguistically هەم لە بواری کۆمەڵایەتییەوە. بۆ وێنە ئەگەر خەڵکێک، با بڵێین خەڵکی باکوور، یا ڕۆژهەڵات، بە ڕاستی ئەگەر بۆچوونی (attitude) ئەوان ئەرێنی نەبێ، پۆزیتیڤ نەبێ بۆ زمانەکەی خۆیاین، زۆر خەتەرە. چونکە تێڕوانینی نەرێنی، نێگەتیڤ،  دوایی کارگەری دەبێ، تەئسیری دەبێ، لە سەر ژیانی ئەو زمانە. ئەگەر تێڕوانین و بۆچوونی ئێمە نێگەتیڤ بێ  بۆ زمانەکەی خۆمان، ئیهمالی دەکەین، وە لای دەنێین، بە تەنیا دەیهێڵینەوە و دەچینە سەر زمانێکی دیکە. [زمانەکەمان] ئاوا لە ناو دەچێ. زمان ناتوانێ بە بێ خەڵکەکەی خۆی بمێنێتەوە. ..
ئەگەر بێینەوە سەر
language contact، واتە تێکەڵیی زمانی، هێندێکم باس کرد، کە چی دروست دەبێ. هێندێک جار هەیە کاتێک کە دوو زمان تێکەڵ دەبن، زمانێکی نوێ چێ دەبێ، بۆ وێنە  ڕەنگە بیستبێتان دەڵێن Jamaican creole ئەو زمانانەی پێیان دەڵێن "کریۆڵ" (creole) یان مەسەلەن  "تۆک پیزن"  (Talk Pisin) لە پاپوا نی گینی (Papua New Gene). لە وانەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەبێ. من ئاگاداری لێکۆڵینەوەی لەم چەشنە نیم ... بەڵام لە باکووری ئەمریکا زۆر کراوە، لە ئوسترالیا زۆر کراوە، لە پاپوا نی گینی زۆر کراوە. چۆن؟ وای دا بنێ کریستۆف کولومبوسێک دەچێتە کووبا.  خەڵکی وێ زمانی سپانیایی کۆمۆمبوس نازانن؛ کۆلۆمبوسیش زمانی خەڵكە خۆجێیەیکە نازانێ.  ئەم دوو دەستەش، سپانیایی تازە بە بەستێن گەیشتوو و خەڵکی ئەو شوێنە پێویستە کە بەیەکەوە قسە بکەن، کەلکوپەل بگۆڕنەوە و هتد.  وردە وردە زمانێکی ساکار دێتە ئاراوە، کە تێکەڵاوێکە لە هەردووکیان: وشە، مۆرفۆلۆلۆژی و ڕێزمانێکی زۆر ساکاری هەیە.  بە ئەمە دەڵێن: "پیجن" (pidgin). هێشتا ئەو ئاڵۆزی و ڕێکوپێکییەی زمانێکی سروشتی نیە. بەڵام کاتێک ئەو زمانە دەبێتە زمانی منداڵێک، دەبێتە زمانی دایکیی منداڵێک, ئەو دەم پێی دەڵێن کریۆل، کریۆل واتە زمانێکی تەواو. کە وابوو وختێک تێکەڵyی زمانی ساز دەبێ، پیجن یان کریۆڵ ساز دەبێ.
هێندێک جار هەیە، زمان کە تێکەڵ دەبن ئاڵوگۆڕ[ی زمانی] دێتە گۆڕێ. بۆ وێنە، کاتێک کە من منداڵ بووم یان جەوان بووم، قەت نەمدەگوت، " ڤەرە"، " ڤا دەبێ"،  " ڤا بوو"، " ڤا چوو". بەڵام، ئێستا لە مەهابادێ، زۆربەی گەنجان دەڵێن  ڤەرە، ڤا مەکە.  ئەوە تەئسیری ڕاستەوخۆی فارسییە؛ سەد لە سەد  لە فارسییان وەرگرتووە. تێکەڵیی زمانی کە ساز دەبێ ئاوای لێ دێ. موستەلەحات، زاراوە یان ئەوەی کە پێی دەڵێن
idiomatic expression  زۆربەیان دەبن بە هی زمانی دەسەڵاتدار.   ئەمن زێدەوێژی ناکەم ئەگەر ئێستا بڵێم هەشتا لە سەدی idiomatic expression ئەو موستەلەحاتە کە خەڵک ڕۆژانە دەیڵێ، بەتایبەت ئەو خەڵکەی کە بە فارسی پەروەردە بووە لە ڕۆژهەڵات، حەموو بوونە فارسی. ئەو دەربڕین و زاراوانەی (idiomatic expression) کە بۆ وێنە بابی من دەیگوت، نایزانن. ..

کەوابوو، تێکەڵیی زمانی دەکرێ زمانێکیش بخاتە مەترسییەوە. ئیحتیمال هەیە کە زمانێک پاشی چەند ساڵان فۆنۆلۆژییەکەی، سیستمی دەنگسازییەکەی بگۆڕدرێ، مۆرفۆلۆژی واتە وشە ڕۆنانی بگۆڕدرێ و، تەنانەت ڕێزمان ئیحتیمال هەیە بگۆڕدرێ.  ڕەنگە ئێوە بیستبێتان کاتێک لە باشوور موشکیلە ساز بوو کە دەیانگوت و [دەیاننووسی] " فڕۆکەخانەی هەولێری نێو دەوڵەتی". ئەو تەرکیبە کوردی نییە. " فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر" ، " دارە جوانەکانی مەهاباد" نەک "دارەکانی مەهابادی جوان". هیچ کوردێک ئەمەی دوایە ناڵێ. ئێمە بەوە ڕا دەزانین کە چ ڕاستە و چ ڕاست نییە.  بۆ وێنە ئەگەر سەرنج بدەیە سەر تێکستی زارەکی کۆن کە کورد چۆن قسە دەکا،  پاشان ئەوە بەراورد بکەی لەگەڵ ئەمڕۆ، لەگەڵ ئەو شتی کە گۆیا رەوشەنبیر دەینووسن. ئەو خوێندەوارانە هەست پێ ناکەن کە بەڕاستی فکری ئەوان، زمانی ئەوان گۆڕاوە. .. بۆ وێنە لە سۆرانی دا، دەگوترێ "کچە زیرەکەکان"، ئەمما زۆر کوردی ڕۆژهەڵات دەنووسن " کچانی زیرەک" چما؟ چونکە فارسی دەڵێ: " دختران زرنگ". جا کە ئەتۆ سەرنجی ڕادەکێشی و ئەوەی پێ دەڵێی، دەڵێ [هەر ئاوا بووە و دەبێ ئاوا بێ]... تۆ بە بێ ئەوەی کە خۆت هەستی پێ بکەی، بە بێ ئەوەی کە بۆخۆت وشیار بی، وەک فارسییەکە قسە دەکەی، وەک تورکییەکە قسە دەکەی. بە تایبەت وەکوو تورکێک، وەکوو فارسێک دەنووسی. ئەوە زۆر گرینگە. هێندێک جار هەیە، هێندێک کەس جۆرێک دەنووسێ بەڵام جۆرێکی دیکە قسە دەکا. چونکە فێر نەبووە کە بە زمانی کوردی بنووسێ. کەس فێری نەکردووە کە چۆن بە کوردی بنووسێ.  ئەو کاتێک قسە دەکا، قسە کردنەکەی کوردی یە، بەڵام کاتێک دەنووسێ نووسینەکەی تورکی یە یان فارسی یە. هەلومەرجی   bilingualism، multilingualism دوو زمانەیی، چەند زمانەیی، زمانێک دەمەترسی دەخا.

تێکەڵیی زمانی دیاردەیەکی دیکەش دروست دەکا: کۆدگۆڕین (code switching). با بزانین ئەمە چیە؟  ئێرۆ من تام کۆد سویچینگ کرییە. لە دەقیقەی یەکەوە هەتا دوایی ئەمن کۆد سویچینگ دەکەم: فارسی، کوردی، کورمانجی، سۆرانی، سورمانجی.  ئەوە کۆد سویچینگە و شتێکی زۆر تەبیعییە. هێندێک کەسان دەڵێن language mixing تێکەڵکردنی زمانی . هێندێک جار diglossia دەتوانێ  هۆکارێک بێ بۆ language shift، گۆڕانی زمان. دایگلاسیا چییە؟  بۆ وێنە سەرنج بدەینە عەرەبیی مەراکێش. ئەوان بە دەریجە قسە دەکەن، کە زۆر جیاوازە لە عەرەبیی بەغدا... یانی ئیحتیمالی ئەوە هەیە کە دە یەکتری نەگەن. بەڵام کاتێک کە دەچنە مەحکەمە، یان فێرگە، هەموویان تێ دەگەن.  بۆچی؟ چونکە لەوێ عەڕەبیی فوسحە ... بەکار دەهێندرێ، واتە عەڕەبیی ستاندارد. ئەوە دایگلاسیایە، لە مەحکەمە زمانێکە، لە شەقام زمانێکی دی. بەڵام، ئەو دایاگلاسیایە ...ڕەنگە هەتا سەر دەوامی نەبێ؛ لە دوای دە ساڵ، پازدە ساڵ، بیست ساڵ، ئەو ئیحتیمالە هەیە  کە زمانە ستانداردەکەی زمانی شەقام بخاتە ژێر مەترسی یەوە. ماوەتەوە سەر ئەوەی کە ئەو خەڵکی شەقام چەندە educated دەبێ چەندە دەچێتە ناو پەروەردە. هەتا پەروەردەیان زیاتر بێ مەترسیی توانەوەش زۆرترە. .. ئەوانەی بە زمانی ستاندارد پەروەردە دەبن کەم کەم وەکوو زمانی ستاندارد قسە دەکەن و، بەمجۆرە، دەریجە، شێوە عەرەبییەکەی خۆیان، لە بیر دەچێتەوە. دیارە هێشتا لە مەراکیش لە بیریان نەکردووە. خوێندکارێکم هەیە کە لە سەر  "دەریجە" کار دەکا.
پرسێکی دیکە هەیە: بۆچی زمان دەگۆڕدرێ؟ ئێمە باسی زۆر شتمان کرد، بەڵام ئەوەی ئێستا دەمەوێ بیڵێم زۆر بە پەلە ئاماژەی پێ دەکەم لەبەر ئەوەی کات کەمە. کە وابوو زمان گۆڕان بە دۆخێک دەڵێین کە لە بەر هەر هۆکارێک بێ، لەبەر هەر سەبەبێک بێ، خەلکێک، گەلێک، کۆمەڵێک زمانیان دەگۆڕدرێ بۆ زمانێکی دی. ئەوە زمان گۆڕان
language shift  ە. بۆ وێنە ئیرلەند. ئێستا زۆربەی ئیرلەندییەکان لە بریتانیا بە ئینگلیسی قسە دەکەن. ئەوە کەیسێکی گۆڕانی زمانە. ئێمە باسی باکوورمان کرد. باکوور هێندێک باشترە، بەڵام ئەویش گرفتێکە. ئەو شتانە بەڕاستی من باسی زۆربەیانم کرد بۆ وێنە ستاتوسی زمان، زمان ئەگەر فەرمی بێ، یان فەرمی نەبێ. باسی فانکشن، فۆنکسیۆنمان کرد (function). پاشان ئێمە باسی بواریشمان (domain) کرد، وەکوو پەروەردە، میدیا، حکوومەت، قانوون/ یاسا و، پارڵمان.  [هەتا من "یاسا" دەبینم  یاد-زیندوو پرۆفسۆر حەسەنپوورم وەبیر دەکەوێتەوە.  ئەو دەیگوت: نووسەری کورد پێی وایە کارێکی زۆر گەورەی کردووە کە نایەوێ بڵێ "قانوون" و لە جیاتیان "یاسا" بەکار دێنێ ، بەڵام سەرنج نادا کە یاساش کوردی نییە، یاسا موغولی یە، لە موغولییەوە هاتووە، لە مەغولستانەوە. بەڵام چونکە عەڕەبی نییە، [لە ڕوانگەی ئەوانەوە] ئیدی تەواوە. با هەر شتێکی دی بێ بەڵام عەڕەبی نەبێ؛ بە تایبەت لە هێندێک جێ وەک باشوور.]
ئێستا، زمان گۆڕان چییە؟ چۆن دەگۆڕدرێ، چما دەگۆڕدرێ؟ هێندێک تەئسیری وان کامانەن. ئیحتیمال هەیە زمان بگۆڕدرێ تەنانەت بشمرێ. چما هێندێک کەس ئەوەیان پێ خۆش نییە. با زمان بچێ، چ دەبێ؟ [دەتوانین باسی چەند لێکەوتەی فەوتانی زمان بکەین؛ کە بۆچی زمان فەوتان باش نیە]. یەک: زمان بەشێکی هەرە گرینگی کولتوورە. بۆ وێنە بیرمەندێکی مەزن کە ئەمن زۆرم خۆش دەویست، مامۆستا جاشوا فیشمەن، دەیگوت: مرۆڤ ناتوانێ کولتووری خۆی بە بێ زمانی خۆی بپارێزێ. زمان و کولتوور بەیەکەوە دەژین. هێندێک جاریش هەیە کە ڕەخنەیان لێ گرتووە و گوتوویانە: مامۆستا فیشمەن، بۆ وێنە خەڵکی خۆجێیی لە باکووری ئەمریکا هەن  زمانی خۆیان لە بیر کردووە بەڵام هێشتاش دانس و سەما و هەڵپەرکەی خۆیان هەیە، خواردنی تایبەت بە خۆیان هەیە ، هێشتاش جلوبەرگی لەمەڕ خۆیان پاراستووە. واتە، کولتووری وان بە تەواوی لە ناو نەچووە، زمانیان لە ناو چووە. بە ئینگلیسی قسە دەکەن، بەڵام کولتوورەکەیان ماوە. فیشمەن [لە وەڵامدا] دەڵێ: بەڵکوو دە ساڵی دی، پازدە ساڵی دی، بیست ساڵی دی، پەنجا ساڵی دی، ئەو کولتوورە بێ زمانە لە ناو دەچێ. بە بێ زمان کولتوور نامێنێ. چونکە زمان هەر چاکوخۆشی نییە کە، من بڵێم سڵاو، چۆنی و چۆن نی، یان دەم باش. کولتوور، وەکوو هەموو شتی دیکە، لە زماندا و بە زمان ساز دەبێ و، بە شێوەیەکی تایبەتیش بۆ هەر گەلێک ساز دەبێ. ئەگەر ئەو زمانە [زمانی خۆت] نەبێ، تۆ کولتوورەکەت هەر ساز دەکەی، بەڵام  بە زمانێکی دیکە سازی دەکەی، وەکوو ئینگلیزی.  کە ئاوات کرد، لەوانەیە کولتوورەکەت وەک کولتووری ئینگلیزی لێ بێ. ئەگەر ئێستاش نەبێ، دە ساڵی دی، پازدە ساڵی دی، بیستی دی وای لێدێ. کە وابوو کولتوور و زمان بەیەکەوە گرێ دراون. هەر بۆیەش زمان و
identity ناسنامە (ناسێنە) بە یەکەوە گرێ دراون. بۆ وێنە نموونەیەکی ناسنامە چییە، یەک نموونەی ناسنامە ئەوەیە کە؛ با من شتێک پێشانی ئێوە بدەم. یەک نموونەی ناسنامە ئەوەیە [ وێنەیەک نیشان دەدا] ئەو مرۆڤانە دایک و بابی منن. ئەوان بە کوردی قسەیان دەکرد، ئەوی لای چەپ خدرە و ئەوی لای ڕاستیش زێنەبە، دایک و بابی من، ئەوان بە کوردی قسەیان دەکرد. ئەگەر ئێستا منداڵەکانی منیش بە کوردی قسە نەکەن... پێوەندی [ئەو دوو بەرەیە] زۆر زەحمەت دەبوو. واتە زمان بەشێکە لە ناسنامە.  پێوەندی منداڵ و دایک و باب، پێوەندی مندال و داپیر و باپیر ناسنامە دروست دەکا. پێوەندیگرتن لە گەڵ خەڵکی خۆ، گەلی خۆ، ناسنامەیە. ئەگەر زمان نەبێ ئەتۆ ئەو پێوەندییە چۆن دەگری؟ چۆن تێ بگەی کە باوەڕی ئەوان چییە، غەمی وان چییە، خۆشی وان چییە؟ خواردنی وان چییە. حەموو ئەو شتانە. لەبەر ئەوەیە کە زمان لەگەڵ ناسنامە تێکەڵە. زمان بۆ هێندێک کەسان شتێکی spiritual ە، شتێکی ڕووحییە. نازانم ئێوە چۆنن. ئینگلیسی من خراپ نییە ، باشە، فارسی من خراپ نییە، باشە. بیر ئاز تورکچە کۆنیشیروم، بیر ئاز تورکجە بیلیروم ، تورکیا دا کاڵدم بیر زەمان، بەڵام کاتێک ئەمن بە کوردی گۆرانییەک دەڵێم، هەڵبەت لە حەمامدا، شتێکی دیکەیە، هەستێکی دیکەیە، سۆزێکی دیکەیە. ئەمن دەتوانم بە ئینگلیسیش گۆرانی بڵێم. ئەوە بە تورکیش دەیڵێم: "سازە نیە گێلمەدن، سوێزە نیە گێلمەدن" و ئەوەش دەتوانم بڵێم، بەڵام ئەمە ئەو هەستە نییە کە ئەمن هەمە کاتێ گۆرانییەکی محەمەد ماملێ یان حەسەن زیرەک یان شوانپەروەر دەڵێمەوە... ئەوانەی کە دەڵێن زمان هەر تەنێ کەرەسەیەکە بۆ پێوەندی گرتن بە ڕاستی نازانن زمان چییە. یان، دەزانن بەڵام درۆ دەکەن. درۆ دەکەن بۆ ئەوەی دەیانەوێ زمانی خۆیان داسەپێنن و بە زۆر بیکەن بە زمانی کەسێکی دی.
هێندێک جار هەیە زمان سیمبولی خۆڕاگرییە، سیمبولی دیفاعە. هێندێک جار لەوانەیە هێندێک کەس بە هەر هۆیەک بێ، زمانی خۆیان لە بیر دەچێتەوە، بەڵام دەڵێن زمانی دایکیی ئێمە کوردییە. ئەتۆ پێی دەڵێی: چونکە ئەتۆ ناتوانی بە کوردی قسە بکەی، ناتوانی بڵێی کوردی زمانی دایکی تۆیە.  ئەویش دەڵێ: من دەمهەوێ کوردی بێ، و من دەڵێم کوردییە، چونکە دایک و بابی من بە کوردی قسەیان کردووە، بە کوردی دواون. ئەمن هیچ خەتام نییە کە لە بیرم چووەتەوە. خەتای من نییە. ئەمن دەمەوێ کوردی زمانی دایکیی من بێ. بۆچی؟ لێرەدا، دەبینین کە زمان سیمبولێکی خۆڕاگرییە. لە زۆر جێگای دنیا ئاوا بووە و ئاوایە، بۆ نموونە لە لە وڵاتی باسک، لە کاتالۆنیا، ئێستا لە ئیرلەند، لە وێڵش، سکاتلەند و، لە گەلێک شوێنان ئەوە هەیە. ئێستا لە کەنەدا خەڵکی خۆجێیی زۆر وشیاربوونەتەوە، زۆر وشیاربوونەتەوە، و ئێستا حەموو حەولیک دەدەن بۆ ئەوەی زمانی خۆیان بپارێزن، زمانی خۆیان فێری منداڵی خۆیان بکەن. زۆر وشیارن ئێستا. نازانم بیستووتانە یان نا چەند ڕۆژ
 پێش خانمێکی خۆجێیی بوو بە  Governor General
 فەرمانداری گشتی کەنەدا و مەلەکەی بریتانیاش  لە دووی ئەو دەبەرکارنانەی دا و ئیمزای کرد. یانی  لە باکووری ئەمریکا ئێستا وشیاریی نەتەوەیی، وشیاریی ئێتنیکی، وشیاریی زمانی زۆر بە هێزە، زۆر بە قووەتە. بەڵام مخابن لە هێندێک جێیان هێشتا گوێ نادەنە ئەو شتانە.
زمان گەلێک گرینگە بۆ نیشانە و سیمبۆلی گرووپ. بۆ وێنە ئەمن ئێستا لە کەنەدا دەژیم، خەڵکی مەهابادم، ئێوە لە باکوورن. لە ڕۆژئاوان، لە ڕۆژهەڵاتن، لە کوێن، لە ئەڵمانیان، لە مووشن، لە مێردینن، لە قامیشلۆن، بەڵام شتێک ئێمەی حەموو  کۆ کردووەتەوە...ئەویش زمانە و ناسنامە؛ زمان ئەوەی ڕەخساندووە. بۆیە، زمان زۆر گرینگە. زمان تەنێ ئامرازێکی پێوەندی گرتن نییە. هەروەکوو گلۆریا ئەنزالدووا دەبێژێ: "ئەگەر بەڕاستی گەرەکتە من ئازار بدەی بە خراپ باسی زمانەکەم بکە...هەتا ئەو ڕۆژەی نەتوانم شانازی بە زمانەکەم بکەم ناتوانم شانازی بەخۆم بکەم..."  [زەحمەتە یەکێک بوونی خۆی بە ڕەوا بزانێ، بە بێ ئەوە کە بوونی زمانەکەی بە ڕەوا بزانێ.]

...
ئیبڕاهیم سەیدۆ: پڕ بالکێشە، ژ بەر کو ئەو پەیڤەکە ئاپێ مووسا یا گەلەکی ناڤدارە. دبێژە، ژ بەرکە ل مەحکەمێ ژێ رە دبێژن زمانێ تە بوویە سەبەب کو دەولەتا مە هەلوەسە، یانی تو بوویە سەبەب زمانێ دەولەتێ هەلوەشینی. هینگێ مووسا عەنتەر ژی ژ حاکم رە دبێژە: " هەکەر زمانی من کۆکا دەولەتا تە دهەژینە، هینگێ ئەو تێ وێ مەعنایێ کو  بەلکی تو دەولەتا خوە ل سەر ئاخا من چێ کرییە."
شێخولئیسلامی: لیرە دا خاڵێکی زۆر گرینگ  هەیە  و لە لای خەڵکی خۆجێیی باکووری ئەمریکاش ئەوە زۆر گرینگە؛ یانی ئەساسە بۆ ناسنامەکەیان: پێوەندیی زمان و خاک. یانی ئەوان ناتوانن خاک لە هیچ شتێک جوێ بکەنەوە. خاک هەموو شتێکە. خاک ژیانە، خاک دینە، خاک ئیمانە، خاک هەموو شتە و، خاک ناکرێ لە زمانیش جوێ بکرێتەوە. ئەگەر ئەوانە لێک جوێ بنەوە، ناسنامە ئیدی مانای نییە [بۆ خەڵکانی خۆجێیی ئەمریکا). لە قسەکەی مامۆستا مووسا عەنتەریشدا ئەو شتە هەیە. ئۆکەی. من شتێک دەڵێم و دوایە قسەکانم لەم بەشە دا تەواو دەکەم.


 مامۆستا جاشوا فیشمەن، کە ئەمن چەند جار ناوی ویم هێنا، لە ساڵی ١٩٩١ مێتۆدێکی داهێنا بۆ ئەوە کە بزانین زمانێک لە مەترسیی فەوتاندا یە، یان نا. ئەگەر ئێمە بتوانین ئەو شتە بدۆزینەوە، دوایە دەتوانین هێندێک کاری ئەوتۆ بکەین بۆ تێهەڵهێنانەوەی ئەو هەڵەیە. مێتۆدێکی دروست کرد بە ناوی "پێوانەی ڕادەبەندی تێکچوونی نێوانبەرەیی" (graded intergenerational language disruption scale-GIDS).   بە پێی ئەو پێوانەیە، ئەگەر زمانێک بکەوێتە ڕادەکانی ٧ و ٨، دەتوانین بڵێین کە ئەو زمانە لە مەترسیدا یە. لە دانیشتنی ئەمرۆماندا، یەکێک لە ئێوە کە خەڵکی باکوورە، گوتی کە لە مێردین، ئەوانەی تەمەنیا ژوورووی ٥٠ یە بە کوردی قسە دەکەن. کەواتە، زۆربەی گەنجەکان و منداڵەکان بە کوردی قسە ناکەن.  بە پێی پێوانەکەی فیشمەن دەتوانین بڵێین کە کوردی لە مێردین دەکەوێتە پلەی ٧ و، ئەمەش بەو واتایە یە کە کوردی لەو شارەدا لە مەترسیی لەناوچووندا یە.  دیارە مێتۆدەکە لە ئەمە ئاڵۆزترە کە هەر ئاوا ئاسان هەلومەرجەکان بپێوین.  بۆ نموونە، سەرەڕای ئەو زانیارییەی ژووروو، هەروەها دەبێ ئەم پرسیارانەش بکەین: گەلۆ لەگەڵ یەکتری بە کورمانجی قسە دەکەن؟ ئەی ئەگەر پیرێکی حەفتاساڵە دەگەڵ جەخێڵێکی پازدە ساڵە قسە بکا، لە چ زمانێک کەلک وەردەگرن؟ ئەوی حەفتا ساڵەش کاتێک لەگەڵ یەکی وەک خۆی قسە دەکا، دەکرێ بە کوردی بدوێ، بەڵام کاتێک دەچێ بۆ قاوەخانە چۆنە؟ کاتێک دەچێ بۆ ئیداری پۆست یان مەحکەمە،  لەوێ چۆنە؟ ئەو شتانە هەموو دەبێ لەبەر چاو بگیرێن چونکە ئەو شتانە هەموویان تەئسیر دەکەن لە سەر ئاستی زمانی، لە سەر ژیانی زمانێک. ئەگەر لە ئاستی ژمارە ٦ دا بێ ئەوە زۆر باشە ئەو زمانە ساغە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی کە باپیر و داپیر، بابە و دایە و منداڵ حەموویان دەتوانن بە کوردی قسە بکەن. ئەوە زۆر باشە، لە نێو ماڵدا، لە گەڕەکدا...

هێندێک جار هەیە [ فیشمەن] دەڵێ ئەوەش زۆر زۆر باشە  کە بۆ وێنە منداڵ فێری نووسین و خوێندنەوە بکەن ئەگەر دەوڵەتیش پشتیوان نەبێ. ئەگەر هەم قسەکردن و هەم خوێندنەوە و نووسین بە زمانەکە هەبێ، ئەوکات دڵنیای کە زمانەکە پارێزراوە و گەشە دەکا. بەڵام، گرینگتر ئەمەیە کە حکومەت دان بەو چەشنە وانە و کلاسانە بنێ و بە فەرمییان بناسێ.  لە ئەمەش گرینگتر ئەمەیە کە دەوڵەتەکان و حکومەتەکان خۆیان بە بەرپرس بزانن کە هەنگاو هەڵبگرن بۆ ئەوە هەموو خەڵک بە زمانی زگماکیی خۆی بخوێنیت و فێری خوێندن و نووسینەوە بەو زمانە بێ. ئیعتراف کردن یان سیاسەتی زمانی ئەرێنی بە تەنیا بەس نیە. بۆ نموونە، لە باکوور، لەسەردەمی ئاشتیدا، وانە و کلاس دامەزران. بەڵام، حکومەت دانی پێدا نەنان، واتە بەڵگەکانی تەواوکردن بەشێک نەبوون لە دیپلۆمی قوتابیان. یان، ئەو وانانەی کە لە فێرگە حکەمییەکان دایانناون. ئەوانیش بەشدرایان گەلەک کەم بووە. بۆ؟ چونکە ئەو وانانە بۆ زارۆکان نین (بۆ نموونە، پۆلی ١)، کۆکردنەوەی ئەو ژومارەیەی پێویستە هەمیشە ئاسان نیە، هموو کەس بۆی نیە ئەو وانانە بڵێتەوە و هتد.  واتە، ئەوەندە بەرهەڵست و قەللەودەللە ساز کراوە کە دایکوباوکەکان ماندوو و وەڕەز دەبن، گەنجەکانیش وەڕەز دەبن.  گەیشتوونە تەمەنێک کە تورکییەکی باش دەزانن و هەست ناکەن کە پێویستیان بە کوردییە، مادام ئەوە کە دایکوباوکێکی گەلەک کوردپەروەریان هەبێ کە بە زۆر منداڵەکە بنێرن بۆ فێرگە.  ئەمەش باش نیە کە زۆرەملێیی تێدا بێت.  فێربوون دەبێ بە دڵخواز بێ.  مەبەست ئەوەیە بڵێم: کاتێ کەلک لەو پێوانەی فیشمەن وەردەگرین، دەبێ ئەم وردەکارییانەمان لەبەر چاو بێ. 

ذوای فیشمەن، چەند لیستی دیکەش هاتوونە دنیای ئەکادیمی و لێکۆڵینەوە بۆ پێواوتنی ڕادەی لە مەترسیدا بوون یان نەبوونی زمانەکان. لەوانە دەتوانم ئیشارە بکەم بە پێوانەی یونسکۆ، پێوانەی دەیڤید کریستڵ، پێوانەی پاڵ و سایمنز (https://www.lingv.ro/RRL%202%202010%20art01Lewis.pdf).  یەعنی فێر بین هەر ئاوا لە گۆترە نەڵێین کوردی لە مەترسی دایە، کوردی لە مەترسی دایە.  بە ڕاستی تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی زۆر جیدی ئاوا نەکراوە مخابن. بۆ وێنە یەکێک کە ٢٠١٠ کراوە، ئەرگین ئوێپەنگین کردوویە، دوایە لە International Journal of Sociology of language   دا چاپ کراوە، ئەو ژمارەی کە بە تایبەتی لە سەر زمانی کوردی یە. لەوێدا وتارەکەی چاپ بووە، دوای وی ٢٠١٤ شتێکی دیکە کراوە ئەمن ناوی نووسەرەکەیم وەبیر نایەتەوە، خانمێک کردی ٢٠١٤ کە ئەویش نیشان دەدا بە ڕاستی لە شوێنێکی وەک دیاربەکر، لە جێیەکی وەک دیاربەکر زمانی کوردی لە مەترسی دایە. بەڵام لەو لێکۆڵینەوانە دەبێ زیاتر بکرێ...




مامۆستا گیان [بە د. سەیدۆ دەلێ] لێرە ئەگەر ڕێگا بدەی من قسەکانم ڕادەگرم. دەمەویست بەحسی مافی مرۆڤی زمانی بکەم Linguistic human rights بەڵام ڕای دەگرم بۆ جارێکی دیکە. بە ڕاستی پێم وا بێ ئیتر دۆستان ماندوو بوون. ئێستا با بڕێک بەحس بکەین ئەگەر یەکێک پرسیاری هەیە، تێبینی هەیە، زۆر زۆر خۆشحاڵ دەبم. تەقریبی بیست دەقیقەیەک ماوە، ئەو بیست دەقیقەیە با ئێمە بەحس بکەین، ئەگەر تێبینی هەیە، قسە هەیە بەڵام  تکایەکم هەیە ئەگەر دۆستان قسەیان هەیە حەوڵ بدەن پوخت و موختەسەر و کورت چەند دەقیقە قسەکەیان بکەن ، بۆ ئەوەی کە چەند نەفەر، چەند کەس بتوانێ قسە بکا.
ئیبڕاهیم سەیدۆ: زۆر سپاس مامۆستا، دیارە مامۆستا لە بەر دڵنزمی خۆی، لەبەر جوامێری خۆی نایەوێ بیڵێ  بەڵام با ئەمن باسی بکەم. لە کۆمەڵی ئێمە دا ئێمە فێر بووین کاتێک مافی قسەکردنتان کەوتە دەستی ئیدی دەست مەکەن بە ئامۆژگاری کردنمان. لێرە لە هەمبەر ئێوە دا زمانناسێک هەیە. پڕۆفسۆرێک هەیە، حەوجێ ناکە ئامۆژگاری بکەن، یان شتی وەبیر بهێننەوە ئەو بۆخۆی دەزانێ. بۆ وێنە ئەو شتێک دەڵێ ئێوەش پێنج شتی وەک وی مەڵێن چونکوو هەتا ئەو ئەو شتە بڵێ چل هەزار شتی دیتووە.  لە سەر ئیزنی مامۆستا تەنێ چیرۆکێکی کورت هەیە لێرە دا دەیگێڕمەوە جارێک لە مەجلیسێک دا بە پیکاسۆ دەڵێن دەتوانی تابڵۆیەکمان بۆ ساز کەی. پیکاسۆ لە پینج دەقیقە دا تابڵۆیەک ساز دەکا، پێی دەڵێن حەح، ماڵت نەشێوێ بە پێنج دەقیقان ئەو تابڵۆیەت ساز کرد. پێکاسۆ دەڵێ نا، چل ساڵ و پێنج دەقیقە. چونکە ئەمن چل ساڵە خۆم پەروەردە کردووە بۆ ئەوەی بتوانم لە پێنج دەقیقە دا وێنەیەک بۆ ئێوە ساز کەم. جا بۆیە ئەگەر مامۆستا نموونەیەکی باس کرد بزانن کە ئەو لە سەر ئەو مژارە چل جار کتێب و شێعری خوێندووەتەوە، یان بابەتی لە سەر زمانناسی خوێندووەتەوە کە ئەو شتانە بە کورتی بۆ ئێوە باس دەکا. بۆیە گومان مەکەن لە قووڵایی پرۆفسۆرێک. ئەمن دەزانم زۆر شتی کە ئێوە بیڵێن ئەو پێشتر بیستوویە و لییان ئاگادارە، بۆیە  ئەگەرچاودێری خۆتان، نیقاشی خۆتان  هەبێ باسی ئەوان بکەن. فەرموون کەڕەم بکەن. سەیفەدین فەرموو.
سەیفەدین: مامۆستا من پێشتر قسەم کرد ئێستا شتێک نییە لێی زیاد کەم.
ئیبڕاهیم سەیدۆ: زۆر سپاس کاکە، ئەتۆ دەستت هەڵێنا بوو بۆیە پرسیم چونکە دەستت بە هەڵێندراوی مابووەوە.
ئیکلیم دەستی هەڵێنابوو. کوا ئیکلیم، گەلۆ  لێرەیە. ئیکلیم نەچووە ئەوە لێرەی. ئەگەر ئیکلیم ئامادەی کامێراکەت بکەوە. پێم وایە لێرە نییە. وەکووترکەس دەیەوێ شتێک بڵێ. حسێن پێم وایە تۆ دەتەویست شتێک بڵێی. حسێن کەڕەم کە.

حسێن: شەو باش مامۆستا، سپاسی پێشکێشیی مامۆستا دەکەم. بە بەراوەرد کردن لەگەڵ پارەکە کورمانجی مامۆستا زۆر چاک لێی تێ دەگەیشترێ. پارەکە ئێمە کەمێک زەحمەتیمان هەبوو بۆ تێگەیشتن بەڵام ئەمساڵ زۆر باش بوو من پێم خۆش بوو ئەمە بڵێم. ئەمن ئەمساڵ زۆر باش حاڵی دەبم.
ئیبراهیم سەیدۆ: بەشکم ئەتۆ فێری سۆرانی بوو بی.
حسێن: نا وەڵا من نازانم. مامۆستا پرسیاری من لە سەر  تێکەڵی و سنووران هەیە، کاتێک ئێمە لێی دەڕوانین وەزعی کوردستان لە ڕەسمییەت دا بووە بە چوار پارچە و تێکەڵی پێویست لە نێوان کورداندا ساز نەبووە. ئەویش بووەتە سەبەب کە ئێمە لە یەکتری تێ نەگەین و کورد بە کوردی نەیانتوانیوە بەیەکەوە دیالۆگ بکەن. بەڵام  کاتێک ئێمە تەماشا دەکەین تەنانەت لە پارچەیەکیشدا بۆ وێنە کەسێکی خەڵکی سەمسوور و یەکی جزیری دەڵێن ئێمە لە یەکتری حاڵی نابین. لەوەش نزیکتر جزیری و گۆیی دەڵێن لە یەکتری حاڵی نابن. ئایا ئەوە لە بەر نەبوونی تێکەڵی یە یان مەسەلەی دیکە هەن لە نێو کورداندا؟ سەبەب چییە، ئایا هەر لە بەر ئەوەیە کە پەروەردەیەک بە زمانی کوردی نییە یان چییە . پێم خۆشبوو بۆچوونی مامۆستا لەو بارەیەوە بزانم سپاستان دەکەم.
ئیبراهیم سەیدۆ: زۆر سپاس حسێن، خانەت ئاوەدان بێ. فەرموو مامۆستا.
شێخولئیسلامی
: زۆر سپاس کاک حوسێن کە پێت وایە کورمانجی من باشتر بووە، بەڵام ئیحتیمالیشی هەیە ئەوە لە بەر ئەوە بێ، وەک مامۆستا سەیدۆ گوتی، سۆرانییەکەی تۆ باشتر بوو بێ. ڕاست دەکەی، ئەمن ٢٠١٢، ٢٠١٣ ئەو کاتەی لە پشوودانی ئەکادێمێک بووم پێی دەڵێن sabbatical ئەمن نۆ مانگان لە باشوور بووم، زۆربەی ئەو ماوەی نۆ مانگە ئەمن لە ناوچەی سۆران و ڕەواندز بووم  لە بە ئەوەی ئەمن زۆرم حەز لە چیایە ... بەهەر حاڵ  ئەمن لەو ناوچەیە بووم بەڵام دەچوومە ئاکرێ، زاخۆیێ، دەچوومە دهۆکێ، لەوێ من دەرسم دەگوت، پێشکێشکاریم دەکرد لە هەوڵێرێ، لە سڵێمانی. من زۆر جاران بیستم لە سلێمانی دەیانگوت ئێمە بادینی تێ ناگەین، بادینیش دەیان گوت ئێمە لە سلێمانی تێ ناگەین. من باوەرم نە دەکرد بەڵام لە شۆفێری تاکسییەکم بیست، هەولێری بوو. دەیگوت: من دە ساڵ دەبێ دەچمە دهۆک و دێمەوە هەولیر، کەچی بادینی تێ ناگەم. بە ڕاستی ئەوە بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بوو... شتێکی زۆر تەبیعی یە کە شارێک لە شارەکەی دیکە تێ نەگا. ئێستاش لە ئەڵمانیا زۆر جێگا هەن ئەگەر بە شێوەزاری خۆیان قسە بکەن، بە شێوەزاری شاری خۆیان، گوندی خۆیان، ئەوانیدی ناتوانن حاڵی بن. شارێکی سی کیلۆمیتر، چل کیلۆمیتر ئەولاتر، ناتوانێ تێ بگا ئەگەر سەد کیلۆمیتر و دوو سەد کیلۆمیتر و سێسەد کیلۆمیتر مەودایان بێ هەر ناکرێ لێکدی حاڵی بن. ئەی چبکەن؟ زمانێکی ستاندارد هەیە، زمانێکی ستاندارد هەیە کە سیاسەتمەدار قسەی پێ دەکەن، فێرگە کاری پێ دەکا، زانکۆ کاری پێ دەکا، میدیا کاری پێ دەکا. بۆیە، دەتوانن بەکاری بێنن و لێک تێ بگەن.  وڵاتی عەڕەبی، وڵاتی عەڕەبیش هەر ئاوان. گەلێک لە وڵاتانی عەڕەبی، بەتایبەت لیبیا و ئەلجەزاییر و مەراکێش، ئەو وڵاتانەی باکووری ئەفریقا ئیحتیمالی ئەوە هەیە لە عەڕەبی کووەیت یان عێڕاق حاڵی نەبن، بەڵام  عەڕەبییەکی ستاندارد هەیە کە هەموو لێی تێ دەگەن. بۆ کورد ئەو دەرفەتە ساز نەبووە. یانی گەلێک جار ئەو کەسانەی کە دژی مافی زمانیی کوردانن، مەسەلەن دەڵێن ئێوە لێکتری حاڵی نابن، چتان دەوێ؟ ئێمە چ زمانێک هەڵبژێرین کە ئێوە هەمووتان بتوانن لێی حاڵی بن و کەلکی لێوەرگرن؟ ئەو قسەیە بیانوو یە، بەهانە یە: "شەرحا خەمێ دل بکم فسانە/ زینێ و مەمێ چ بن بەهانە". مەبەست بیانوویە بە ڕاستی. یانی چما بۆ وێنە لە تورکیا، ئەگەر بە تورکی ت.ر.ت. یان تورکی فێرگە قسە نەکەن، هەموو بە ئاسانی لە یەکتری دەگەن؟ نا، پێم وا نییە... لە ئینگلیستانیش، ئەمڕۆش، ئێستاش هێندێک ناوچە تێ ناگا کە ناوچەکەی دی دەڵێ چی، هەمووشیان بە ئینگلیزی قسە دەکەن. بەڵام ستانداردێکی ئینگلیسی هەیە. لە کوردستان مخابن، مخابن  ئەوە نییە ... بەڵام، ئەوە نابێ بیانوو بێ بۆ دەوڵەتان کە مافی زمانی نەدەن.  ئەوان بلا مافەکە بدەن، من خۆم دەزانم چی بکەم. [گەرەک بە حکومەتەکان بڵێین]، ئەتۆ خۆتی پێوە ماندوو مەکە؛ ئەوە کێشەی تۆ نییە. ئەتۆ مافی زمانی بدە من،  ئێمە لە دیاربەکر ئەوە جێ بە جێ بکەین. ئێمە لە هەوڵێر پێکی دێنین... یەک گرفتی دیکەش هەیە. هێندێک جار هێندێک هاوڕێ دەڵێن ڕێنووس گرفتێکی گەورەیە. ئەگەر حەموو کوردان با وەکوو یەک قسە نەکەن، وەکوو یەک نەدوێن، بەڵام ئەگەر وەکوو یەک بنووسن، ئەوە یارمەتی دەدا بۆ باشتر لە یەکتری تێ گەیشتن. ئەمن ئەو قسەیەم پێ قبووڵە. من ئەوە قبووڵ دەکەم یان ئەوەی کە ئێمە حەول بدەین، ئێستا لە ڕۆژئاوا هێندێک هەیە. ئێستا لە ڕۆژئاوا لە زانکۆ، بە باوری من لە هێندێک خوێندنگەی بنەڕەتیش  بۆ وێنە سۆرانیش بە دەرس دا دەدەن. وانەی سۆڕانیش دەڵێنەوە. ئەوە زۆر باشە.  بەڵام بۆ وێنە لە جێیەکی وەکوو باشوور مخابن وا نییە. چونکە سیاسەتێکی زمانی نییە. زمان ئیهمال کراوە و بە ڕاستی بە شێوەیەکی زۆر خراپ ئیهمال کراوە. لەوێندەرێ بەداخەوە ئەو گرفتە هەیە، کاتێک من لەوێ بووم ئەمن پەیتا پەیتا هەر کاتێک دەرفەت بووبا پرسیارم دەکرد،لە خەڵکم دەپرسی، لە شۆفێری تاکسیم دەمپرسی منداڵت هەیە، دەچنە خوێندنێ، دەیگوت بەڵێ من دەمپرسی بە چ زمانێک دەخوێنن؟ بۆ وێنە دەیگوت وەڵا زمانی کوردی. من دەمپرسی لە کوردی مەبەستی ئێوە چییە؟  کوردیی هەولێر یان کوردیی بادینان؟ دەی گوت ئەها! کوردیی هەولێر. کوردیی بادینان وەڵا ماوەیەکە هەیانبوو، مامۆستا، بەڵام دوایە منداڵەکەم  شێت بوو. ئەمن گوتم بۆچی؟  دەیگوت، وەڵا مامۆستایەکیان دانابوو بۆخۆی بادینی نەدەزانی؛ بۆیە، منداڵەکە لە خوێندگەوە دەهاتەوە ماڵێ و پەنای بۆ من دینا؛ ئەمنیش بادینیم نەدەزانی. منداڵەکەم دەگریا و، دەیگوت: بابە ئەوە چییە؟ من فێر نابم. جا لە بەر ئەم کێشانە، ئیدی تەواویان کرد. یەعنی ئەوە سیاسەتی زمانی غەڵەتە تۆ مامۆستایەک دادەنێی بادینی بە منداڵی سۆرانی بڵێ  کە بۆخۆی بادینی نازانێ. ئاخر چۆن شتی وا دەبێ؟ وەک ئەوەیە ئێستا منداڵی من ب[لە کەنەدا] چێتە مەدرەسە، یەکێک دەرسی پێ بڵێ کە مەسەلەن ئنگلیسی نەزانێ. ئاخر چۆن شتی وا دەبێ؟ ئەوە غەڵەتە.
بۆیە هەبوونی سیاسەتی زمانی دروست چ لە لایەن حکوومەتەوە، چ لە ناو کورداندا، دەتوانێ زۆر لەو شتانەی کە ئێمە ئەمڕۆ وەک گرفت دەیانبینین چارەسەر بکا. ڕاستە زەحمەتی هەیە، هێندە هاسان نییە،  بەڵام ئێمە دەزانین دەبێ چ بکرێ. ئێمە ئەزموونی کەنەدامان، هەیە، ئی ئەمریکامان هەیە، لە سویس کراوە، لە زۆر جێگایان، تەجروبەمان هەیە.

ئیبڕاهیم سەیدۆ: کاک مووسا، مووسا ئوتەر فەرموو کەرەم کە!
مووسا: مەرحەبا مامۆستا دەنگم هەیە؟
ئیبڕاهیم سەیدۆ: بەڵێ دەنگت هەیە، سەرچاوان، کەرەم کە
مووسا: دەنگی مامۆستاش زۆر خۆسە، ئەگەر گۆرانی بڵێ گۆرانی زۆر خۆش دەڵێ.
شێخولئیسلامی: بەڵێ دەزانم.
ئیبڕاهیم سەیدۆ: مووسا ئێوە نازانن، مامۆستا بەر لەوەی کە ببێتە زمانناس، هونەرمەند بوو، شاعیر بوو، شانۆگەر بوو
مووسا: ههههه!
ئێبڕاهیم سەیدۆ: لەگەڵ شڤان پەروەر هاتووەتە سەر شانۆ، گۆرانیان گوتووە، ئێوە ئاگاتان لێ نییە،
مووسا: ئەوە دیارە مامۆستا، وەڵاهی دیارە. ئەتۆ لە هەر ڕوانگەیەوە تەماشای کەی هونەرمەندە، لە هەموو ڕوویەکەوە.
شێخولئیسلامی: سپاس مامۆستا مووسا، کەڕەم کە!
مووسا: پرسیارێکم هەبوو، من پێم خۆش بوو مامۆستا ئامۆژگارییەک بکا. ئیدی هەموو کەس لە سەر زمانی کوردی دەدوێ، ئیدی  ون نابێ، بەڵام ئەگەر مرۆڤێک لە کوردستان یان لە باکوور بژی ئامۆژگاری مامۆستا بۆی چییە کە ئەو کەسە لە سەر چ بوارێک لێکۆڵینەوە بکا؟ دەرحەقی زماندا، یانی چ جۆرە کەمایەسییەک هەیە ؟ یانی بۆ کەسێکی کە لە ئوڕووپایە نا، بۆ کەسێکی کە لە کوردستانێ یە. لە گوندان بژی، لە شاران بژی و هۆگری زمانی کوردی بێ. لە سەر کام مژار کار بکا، یانی مامۆستا لە کام مژار دا کەمایەسی دەبینێ؟
شێخولئیسلامی: مامۆستا مووسا پرسیارێکی زۆر گرینگە. بە ڕاستی پرسیارێکی زۆر گرینگە. زۆر شت هەن، زۆر شت هەن. بۆ وێنە پرسێکی زۆر گرینگ لە باکوور ئەمەیە، بۆچی خەڵک زمانی خۆیان لە بیر دەکەن؟
کاکە ئەو کورە جوان و جندییە کییە مامۆستا ئیبڕاهیم؟

ئێبڕاهیم سەیدۆ: مامۆستا ئەوە دوو سەعاتە لە ترسی من و تۆ ناوێرێ قسە بکا لە تەنیشت من دانیشتووە قامکی دەنێتە سەر زاری و بە من دەڵێ شش.
شێخولئیسلامی: قسە بکە بە قوربان قسە بکە، ماشەڵا چەند جندی یە.
ئیبڕاهیم سەیدۆ: ئەو برازایەکی منە ئەمن هاتوومە ماڵە وان، لە ترسی من و تۆ ناوێرێ قسە بکا.
شێخولئیسلامی: سەر سەر و سەرچاو
ئیبڕاهیم سەیدۆ: ناوی ڕێناسە.
شێخولئیسلامی: ڕێناس! مامۆستا مووسا گیان مەسەلەن ئەمن دڵنیام ئێوە دەزانن هێندێک ماڵبات هەن  لە دیاربەکر، لە مێردین، لە حەکاری، لە جۆڵە مێرگێ، حەتتا من دیتوومە لە قرشەهیر، چونکە ئەو زەمانی کە من لە تورکیا پەنابەر بووم  نزیکەی نۆ مانگ، دە مانگ لە قر شەهیرێ بووم. لە قرشەهیر نزیکی ئانکارا ماڵبات هەبوون لەوێ بە کورمانجییەکی خاوێن، کورمانجییەکی جوان قسەیان دەکرد. جا ئێستا بۆ لێکۆلین، گەرەک ئەتۆ بچییە لای خێزانێک و پرسیارێکی سادەیان لێ بکەی: ئێوە بۆچی و چۆن دەتوانن کورمانجیی خۆتان بپارێزن؟ ئێوە چ دەکەن؟  دوو مانگ، سێ مانگ، چوار مانگان لە سەری ڕاوەستی، لە ناو خەڵکەکەدا بی، بەرێ خووە بدەی هەڵسوکەوت و زمانیان، و نۆت هەڵگرییەوە: کەنگێ بە کوردی قسە دەکەن، لە ئەندامانی مالبات کێ لەگەڵ کێ بە کوردی قسە دەکا؟ ئایا هەر بە کوردی قسە دەکەن و هەر تێلێڤیزیۆنی کوردی تەماشا دەکەن؟ ئایا گوێ دەدەنە ڕادیۆی کوردی؟ ئایا بە کوردی شتێک دەخوێننەوە؟ ئەگەر ئەوان بۆ نموونە کچێکی هەژدە ساڵەیان هەیە، ئەو کچە هەژدە ساڵەیە  چۆن و بە چ شێوەیەک دەتوانێ کورمانجی خۆی بپارێزێ؟ تەنێ هەر لە بەر ئەوەی لەگەڵ دای و بابی خۆی بە کوردی قسە دەکا؟ یان تەماشای تێلێڤیزیۆنی کوردیش دەکا؟ یان خزم و عەشیرەت و خێزان هەن،  بۆ وێنە لە دیاربەکر، لە گوند، هەر لای وان بە کوردی قسە دەکا؟ گشت ئەو شتانە دەبێ بنووسرێن و دوایە ئانالیزە بکرێن، بۆ وێنە بە کەلکوەرگرتن لەو مێتۆدەی فیشمەن، یان مێتۆدێکی دیکە. ئێستا هێندێک کەس هەن  لە باکوور، بۆ وێنە، دەڵێن: ئەو کوردانەی کە چوونە قر شەهیرێ، ئەو کوردانەی لە قەیسەرین، ئەو کوردانەی لە قۆنیان،  ئەوانە کوردیی خۆیان لە بیر کردووە. جابە ڕاستی ئەوە وایە؟ ئایا لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوە و دیراسەیەکی سیستماتیک کراوە؟ بۆ ئەوەی ئێمە بزانین ڕاستە یان نا؟ چونکە  ئاکادێمی ناتوانێ لەگەڵ شتی سۆزدار تێکەڵ بکرێ. ئاکادێمی دەبێ ئاکادێمی بێ و، بە شێوەیەکی سیستماتیک لێکۆڵینەوە بکا. زۆر شت هەیە بکرێ. ئەگەر تۆ بتەوێ  مەسەلەن ، هێندێک جار ئەو شتی مامۆستا حوسین گوتی، کە  بۆچی کورد لە یەکتری تێ ناگەن؟ بۆ وێنە لە ڕۆژهەڵات ئیحتیمال هەیە زۆربەی کوردی سنە کورمانجی تێ نەگەن. گەلێک ئینسانی زیرەک هەن، گەلێک ڕەوشەنبیر هەن، زۆر نووسەر هەن کورمانجی زۆر چاک دەزانن، بە کورمانجی دەخوێننەوە، ... بەڵام زۆربەی خەڵک، لەبەر ئەوەی دەرفەت نەبووە، ئیحتیمال هەیە لە کورمانجی تێ نەگەن. بەڵام شتێک هەیە ئێمە دەتوانین جەختی لە سەر بکەین، ئەویش تێکەڵی یە، واتە تێکەڵی نییە لە بەر ئەوەیە. با لێکۆڵینەوەیەک لە سەر ئەوە بکەین. بۆ وێنە لە دیاربەکرێ ڕاپرسییەک بکەن لە ناو سەد کەساندا، سەد کەس، ئەو جۆرە کەسانە لەبەر چاو بگرن کە دەڵێن کورمانجی چاک دەزانن و کورمانجی بۆیان زۆر گرینگە. با ڕاپرسییەک لە ناو واندا بکرێ و پرسیاری ئەوتۆیان لێ بکرێ: چەند کەس لە وان بە سۆرانی قسە دەکەن؟ چەند کەس لەوان گوێ لە گۆرانی سۆرانی هەڵدەخەن؟ چەند کەس لەوان لە حەوتوویەک دا چەند سەعات تەماشای بەرنامەیەکی تێلێڤیزۆن دەکا بە سۆرانی؟ چەند کەس لەوان سەفەر دەکا بۆ باشوور و بۆ ڕۆژهەڵات؟ ئەو جۆرە شتانە، سەبارەت بە تێکەڵی زمانی چ هەیە، چەندە هەیە، لە کوێ هەیە، بە چ لایەنێکەوە هەیە؟ گشت ئەو شتانە. ئێمە بەوەڕا زۆر شت فێر دەبین. یانی ئیحتیمال هەیە  کاتێک تەواو بووی بۆ وێنە ئەمن نازانم، بە ڕاستی ئەمن ئێستا نازانم وڵامێک بدەمەوە. بەڵام ئیحتیمال هەیە ئەگەر تۆ لێکۆڵینەوەیەک بکەی تەماشای ئەوە بکەی ئەگەر کەسێک لە حەفتەیەکدا یەک سەعات  تەماشای بەرنامەیەکی تێلێڤیزیۆن دەکا بە سۆرانی، سۆرانی وی گەلێک باشترە لە سۆرانی کەسێکی کە قەت گوێ لە بەرنامەکی ڕادیۆیی بە سۆرانی ناگرێ یان تەماشای بەرنامەیەکی سۆرانی ناکا لە تێلێڤیزۆنێکدا، یان مەسەلەن سەفەر ناکا بۆ باشوور. ئیحتیمال هەیە مەسەلەن تۆ تەماشای دۆخی ئەو شۆفێرانە بکەی کە لە تورکیاوە سەفەر دەکەن و شت دەبەن بۆ زاخۆ، مەسەلەن لە دەروازەی برایم خەلیل و ئەو جێیانە ڕا دەپەڕنەوە.  لەوانەیە بۆت دەرکەوێ کە ئەوانەی هەتا زاخۆ و دهۆک دەچن سۆرانی فێر نەبوون. ئایا ئەوانەی کە دەچن بۆ هەولێر و سلێمانیش فیر نەبوون؟ یانی ئەوە عیلمێکی زۆر سەیریش نییە، بەڵام گەلێک شتیش ڕوون دەکاتەوە، و ئاشکرا دەکا. چونکە هێندێک کەس دەڵێن ئەو زاراوانە  زۆر جیاوازن، فەرقیان یەکجار زۆرە، بۆیە ئێمە فێر نابین. بەڵام مەسەلەن ئەگەر کەسێک هەر لە بەر ئەوەی شۆفیرە دە جار چووەتە هەولێر سۆرانی تێ دەگا ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو زمانانە یەک زمانن، بەڵێ دوو دایالێکت بوون و ئێستا کە بڕێک تێکەڵی هەیە ئەو مرۆڤانە لە یەکتری تێ دەگەن. یەعنی بەو شێوەیە  ئێمە دەتوانین بە ڕاستی گەلێک شت وە ڕوو بخەین. زۆر شت هەیە مامۆستا، سپاس  پرسیارێکی زۆر باش بوو. مامۆستا بەسە؟

ئیبڕاهیم سەیدۆ: دەستخۆش مامۆستا، مامۆستا تەنگەزار زۆر ببوورە لەبەر ئەوەی مامۆستا شێخولئیسلامی گوتبووی بە پێی سەعاتی ئوڕووپا دەبێ سەعات ١٠ پێشکێشییەکە تەواو بکەم. بۆیە داوای لێبورینت لێ دەکەم. مامۆستا زۆر سپاس، قالبت ساخ بێ. دیسان بابەتی جالب و سەرنجڕاکێشت باس کرد.
شێخولئیسلامی: سەرنجڕاکێش، باڵڕاکێش، باڵکێش بەڵام مامۆستایەکی خۆشەویست هەیە ئەتۆش دەیناسی دەزانی مەبەستم کێیە ئەو هەمیشە دەڵێ چاوڕاکێش .
ئێبڕاهیم سەیدۆ: ڕاستە زۆر سپاس. هیوادارم ئەو بابەتەی کە لە سەر مافی زمانی بوو دیسان جێی پۆلێمیک و ئاگاداری باش بوون  بۆ بەشداران. هیوادارم کە کاتت هەبێ لە سەر دەرسی دیکەش بەردەوام بین. ئەمن زۆر خۆشحاڵ دەبم. قالبت ساغ بێ مامۆستا. دیسان ڕێگا بدەم بە ڕێناس لەبەر ئەوەی دوو سەعاتە لە تەنیشت من دانیشتووە و زۆر جاریش بە منی گوت شش. دەی ڕێناس بڵێ بای بای
شێخولئیسلامی: سەر سەران، سەرچاوان کاک ڕێناس. سپاس
ئیبڕاهیم سەیدۆ: سپاس مامۆستا، خانەت ئاوەدان بێ. لە کۆتاییدا  دیسان مافی قسەکردن بۆ بەڕێزت. فەرموو مامۆستا!
شێخولئیسلامی: زۆر سپاس، مەمنوون بۆ هەموو لایەکتان، سپاس  کە ئاوا بەڕێزەوە، ئاوا تەحەمول دەکەن ئەو قسانەی من گوێ دەدەنێ. بە ڕاستی زۆر زۆر سپاستان دەکەم. ئەمن زۆر زۆر کەیف خۆشم کە هەموو جارێ لەگەڵ ئێوە، لە جڤاتی ئێوە دا قسە دەکەم. هەموو ئەو باسانەی کە دەکەین بە ڕای من زۆر زۆر گرینگن، چونکە لەسەر زمانە، زمانی کوردییە و، ئەمەش بۆ من بە ڕاستی هەموو شتێکە. جارێکی دیش وەک مامۆستا سەیدۆ پێشنیاری کرد، ئەمن بەڵێن دەدەم درێژە بدەم  بە باسی خۆم لە سەر مافی زمانی. جارێکی دی زۆر سپاس.
ئیبڕاهیم سەیدۆ: هاوڕێیانی هێژا، شەوتان هەر بەخۆشی، خانەی هەموولایەک ئاوەدان، سبەینێ لە دەرسێکی دیکە دا یەکتر دەبینینەوە. ماڵتان ئاوا!

 
تێبینی: دەقەکە حەسەن قازی یەکدەستی کردووە،کورمانجییەکەی موکریاندووە.  دوایە، شێخولئیسلامی پێیدا چووەتەوە دەسکاری کردووە بۆ ئەوە کە گوتارەکە لە زمانی نووسین نزیکتر بێتەوە بۆ ئەوە کە خوێندنەوەی هاسانتر بێ. دەکرێ ئەم ڤیدئۆییەی لێرەدا دابەزێندرەوە بەم ناونیشانە لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیوب دا ببینن.
https://www.youtube.com/watch?v=QglV6eIKEPE&t=1688s





No comments: