Tuesday, January 11, 2022

وتوێژی محەمەد خاکی لە ڕادیۆی دیالۆگ لەگەڵ پڕۆفسۆر عەبباس وەلی

وتوێژی محەمەد خاکی لە ڕادیۆی دیالۆگ
لەگەڵ پڕۆفسۆر عەبباس وەلی
سەبارەت بە بارودۆخی تورکیا، ئێوارەی دووشەمە ٣-ی ژانڤییەی ٢٠٢٢

محەمەد خاکی: بینەران و بیستەرانی بەڕێزی ڕادیۆ دیالۆگ سڵاوتان عەرز دەکەم.
بۆ یەکەم بەرنامەی ساڵی ٢٠٢٢ هاتووینەتەوە خزمەتتان. بۆ ئەو کەسانەی کە سەری ساڵیان جێژن گرت لێرەوە ئێمە بە گەرمی پیرۆزباییان لێ دەکەین، هیوادارین ساڵێکی پڕ لەخۆشی و شادی بێ بۆ هەموو لایەک. ئێمە لە ساڵی ڕابردوو دا نزیکەی٤٧، ٤٨ بەرنامەمان زەبت کرد  و پێشکەش بە ئێوەی ئازیزمان کرد . حەول ئەدەین بە یارمەتی ئەو ئازیزانەی کە لە گەڵیان وتوێژ ئەکەین و ئەو ئازیزانەی کە هاوکارمانن ئەمساڵیش هەر بتوانین حەفتەی جارێک بەرنامەیەک پێشکەش کەین. بەرنامەی یەکەمی ئەمساڵمان پێمان باش بوو لە سەر وەزعییەتی تورکیا قسە بکەین. ئێوە هەمووتان ئاگادارن تورکیا وڵاتێکی زۆر گرنگە لە ناوچەکە و بە هەر بارێکا بکەوێ بە تایبەتی بۆ ئێمەی کورد زۆر مەسەلەیەکی هەستیارە. بۆ ئەم وتوێژە دەعوەتی بەڕێز پرۆفسۆر عەبباسی وەلی مامۆستای زانکۆمان کردووە، کە ساڵها لە تورکیا مامۆستای زانکۆ بووە، ئەو وڵاتە زۆر چاک ئەناسێت، ئەو سیستمە زۆر چاک ئەزانێ چۆنە. گەرەکمانە لە سەر وەزعییەتی تورکیا قسە بکەین کە بزانین ڕیشەی ئەم قەیرانی ئابووری و سیاسی، کۆمەڵایەتی، دیپڵۆماتیکی ئەوێ چییە و بەرەو کوێ ئەڕوات بە تایبەت بۆ خەڵکی کوردستان ئاکامەکەی ئەبێتە چی؟ سپاستان ئەکەین ئەگەر تا کۆتایی بەرنامەکە لەگەڵمان بن.
بەڕێز پرۆفسۆر عەبباسی وەلی زۆر بەخێر بێی بۆ ئەم بەرنامە و سڵاوت عەرز ئەکەم.
پرۆفسۆر وەلی: سپاس کاک حەمە گیان. زۆر مەمنوون منیش پیرۆزبایی ساڵی تازە  لە ئێوەی بەڕێز هەروەتر لە بینەران و بیسەران و هەروەتر ئەو کەسانەی کە  لە لە پشت پەردە ئەو بەرنامانە ڕێک دەخەن و زەحمەتێ دەکێشن پیرۆزبایی لە حەموویان دەکەم و خۆشحاڵم کە لێرە لە خزمەت دام. فەرموو.

خاکی: زۆر سپاس، زۆر بەخێر بێیت. کاک دوکتور عەبباس ئێوە شارەزای وەزعییەتی سیاسی و ئابووری و هەموو شتێکی تورکیان، تورکیاش بۆخۆتان ئەزانن وڵاتێکی زۆر گرنگە لە ناوچەکە. من گەرەکمە پرسیارەکە بەوەوە دەستی پێبکەم، وەزعییەتی گشتی چۆنە، ئێمە تەسویرێکمان ببێ و ئەوانە و بە تایبەت ئەم قەیرانی ئابوورییە کە ڕۆژ بە ڕۆژ خراوتر بووە بەرەو کوێ ئەڕوات؟
وەلی: وەزعییەتی گشتی تورکیای، یانی وەزعییەتی کۆمەڵگەی تورکیای، وەزعی کۆمەڵایەتی تورکیای ئەلئان باش نییە و ئەوە لە بەر ئەوەیە کە تورکیا تووشی قەیرانێک بووە کە ئەو قەیرانە وەکوو هەموو قەیرانێکی ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە واتە ڕەهەندی ئابووری و ماڵی هەیە، ڕەهەندی سیاسی و ئیدێئۆلۆژیک و هەر وەتر کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی هەیە. ئەو کەسانەی لە تورکیا ژیاون. ئەمن لە ساڵی  ٢٠٠٨وە تەقریبەن بەشی زۆری ئەو دوازدە سێزدە ساڵەی لە ئەستەمبووڵ بووم و هەر وەتر سەفەری شارەکانی دیکەم کردووە، لێرە ئێستا تەفاوتێکی زۆر دەبینی، هەستی پێ دەکەی. ئەو تەفاوەتە ئەوەیە کە خەڵک لە ژێر فشار و زەختێکی زۆر دان و ئەو زەخت و فشارە هۆکارە سەرەکییەکەی بە دەرەجەی یەکەم ئابووری و ماڵی یە، بە دوای ئەوە دا دیارە سیاسی و فەرهەنگی یە. ئەو قەیرانە ئابوورییە قەیرانێکە  کە هەر کێشەی ئاوسانی دراوی نییە، کێشەی بێکاری نییە و هەر گێروگرفتی پووڵی و ئەوجۆرە شتانە نییە بەڵکوو تێکەڵاوێکە لەوانە، بۆیە لێرە دەبێ بڵێین ڕکوود و چەق بەستنێکی ئەساسی ئابووری – ماڵی لە تورکیایە کە تەئسیرێکی زۆر ڕاستەوخۆی لە سەر بیزنس/ بازرگانی، بە تایبەتی بیزنسی پچووک داناوە، هەر وەتر تەئسیرێکی زۆر سەرەکی لە سەر ژیانی ئەو کەسانە داناوە کە داهاتی سابیتیان هەیە یانی ئەو کەسانەی کە معاش لە دەوڵەتێ وەردەگرن ئەوەیە کە حەموو شتێک قیمەتی چەندین بەرابەر چووەتە سەرێ و دیارە معاش بەو جۆرەی نەچووەتە سەرێ و هێزی کڕین، یانی قودرەتی کڕینی خەڵکی، توانایی کڕین هاتووەتە خوارێ. ئەو فشارە کەوتووەتە سەر ئەو بەشە لە کۆمەڵگەی تورکیای کە لە ساڵی ٢٠٠٢ وەوە هەتا ساڵی٢٠١٥ لە ڕاستیدا زەمینەی سابیتی پشتیوانی لە حیزبی فەرمانڕەوا بوو. بەڵام ئێستا ئامارەکان نیشان دەدەن کە تەئسیراتی قەیرانی ئابووری و تێکەڵ بوونی ئەوەی لەگەڵ قەیرانی کۆمەڵایەتی وەزعی سیاسی وا لێکردووە کە ئەو بنەمای دەسەڵاتی، بنەمای  کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسی دەسەڵاتی شل بووەتەوە و تەنانەت لە بەعزە جێگایەک دەستی بە ڕووخان کردووە. یانی ئەو جوورەی کە دیارە ئەو کەسانەی کە بە شێوەی سابیت لە ٢٠٠٢وەوە هەتا ٢٠١٥، ٢٠١٦ ڕەئیان داوە بە حیزبی فەرمانڕەوا، حیزبی عەداڵەت و گەشە پێدان ، ئێستا زۆرتر لە میلیۆنێک لەو لەسانە کە دەنگیان پێ داوە ئێستا بە شێوەیەکی زۆر ڕاشکاو لەو حیزبەی کشاونەتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە ئەو موشکیلاتە سیاسییەی کە پاش ٢٠١٦ هاتوونەتە پێشی، ئەوانە زۆر ئاڵۆزن و دەبێ باس بکرێن و حەتمەن باسیان دەکەین ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە حکوومەتی ئاکەپەی، حکوومەتی حیزبی عەداڵەت و گەشەپێدان لە لایەکەوە چووەتە ناو ئیتیلافێک لەگەڵ هێزێکی زۆر ئیفڕاتی و تیژپەڕی ناسیۆنالیستی تورک و لە لایەکی دیکەوە بۆ ئەوەی کە بتوانێ خۆی لە مەیدانێ دوای کوودتای بە تایبەتی لەناو پشتیوانە نەریتییەکانی خۆیدا ڕابگرێ بەرەو ئەوە ڕۆیشتووە کە هووییەتی ئیسلامی خۆی زۆرتر تەقوییەت بکا و زۆرتر زاڵتر بکا. لێرە دا باش وایە باسی خاڵێک بکەم کە لە ڕاستیدا  نوختە وەرچەرخانێک بووە دەسیاسەتی تورکیا دا ئەویش کودەتای مانگی ژووییەی ساڵی ٢٠١٦ لە تورکیای بووە. لێرە دا بەحسەکەمان ئەوە نییە کە ئەو کودەتایە واقعی بووە یان نەبووە ، ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە کە ئاکامەکانی ئەو کودەتایەی چ بووە و چ تەئسیراتیکی بنەڕەتی لە سەر بنەمای حاکمییەتی تورکیا و هەر وەتر لە سەر هووییەتی دەسەڵاتی سیاسی لە تورکیای داناوە. دوو تەفسیری سەرەکی لە سەر سیاسەتی تورکیای لە پاش ئەو کودەتایەی هەیە. تەفسیرێک ئەوەیە کە حیزبی فەرمانڕەوا بە ڕێبەرایەتی ڕەجەب تەییپ ئەردۆغان لەگەڵ بەشێک لە ئەڕتەشی تورکیای، ئەو بەشە لە ئەڕتەشی تورکیای کە پێشتر بە ڕێگای بزووتنەوەی خزمەت

کە بە دەست گولەن بوو و خرابوونە پەراوێزەوە، و هەر وەتر بە تاوانی کودەتای ئەرگەنەکۆن محاکەمە دەکران، بۆ ئەوەی کە حیزبی فەرمانڕەوا و بە تایبەتی خودی شەخسی ئەردۆغان کە ئەو دەمی سەرۆکوەزیر بوو، بۆ ئەوەی خۆی لەو وەزعەی نەجات بدا هات لە گەڵ ئەو بەشەی ئەڕتەش ئیتیلافی کرد لە سەر چەند نوختەی بنەڕەتی بوو کە ئەوەش بووە هۆی ئەوە لە لایەکی دیکەشەوە لەگەڵ حیزبی حەڕەکەتی میللی کە حیزبێکی زۆر ناسیۆنالیستی تیژپەڕی دەستی ڕاستی پان تورکیست و شوێنیستی یە، لەگەڵ ئەوانەش ئیتلاف بکا. نەتیجەی ئەو ئیتیلافە ئەوە بوو کە بە یارمەتی ئەوانە توانی خۆی تا ڕادەیەکی زۆر لە دەسەڵاتی گولەنی، لە سەر بازاڕی، هەر وەتر لە سەر ژاندارمەری و پۆلیس و تەنانەت بەشێک لە ئەڕتەشی نەجات بدا و حکوومەتی خۆی لە سەر کار بێڵێتەوە، بەڵام لە بەر ئەو پێوەندییەی ناچار بوو کە بەشێکی زۆر لەو داوایانەی ئەو بەشەی ئەڕتەشی کە سەرکەوت کە پێشتر جەماعەتی گولەن کرد بوویاننە ئامانجی هێرشەکانی خۆیان و دە پەراوێزیان خستبوو، لەگەڵ ئەو بەشە ئیتلاف بکا و هەر وەتر لەگەڵ حیزبی حەڕەکەتی میللی واتە مەهەپە ئیتلاف بکا. بنەمای ئەو ئیتیلافە لە سەر چەند شت بوو، دەبێ کۆنتڕۆڵی ئەڕتەشی ئاوا بێ کە بوودجەی وەک خۆی بمێنێتەوە، کە ماوەتەوە و زۆرتریش بووە، تەسلیحات زۆرتر بووە. لایەکی دیکەش ئەوە بوو کە حیزبی فەرمانڕەوا و هەر حکوومەتێکی کە ئەو حیزبە فەرمانڕەوایەی تێدا بێ، هەر ئیتیلافێکی ئاوا بە هیچ شێوەیەک نابێ بەرەو ئەوە بچێ کە مەسەلەی کوردی چارەسەر بکا. یانی لە ڕاستیدا زەمینەی ئەساسی ئیتیلافی ئاکەپە لەگەڵ مەهەپەی یانی حیزبی حەڕەکەتی میللی سەرکوتکردنی مەسەلەی کوردی، ئینکاری کورد و کوردستان و کوردایەتی و هووییەتی کورد بوو کە ئێستا پاش ٢٠١٦ ی پاش ئەوەی کە ئەو ئیتیلافە هاتووەتە پێشێ دەقیقەن ئەو سیاسەتە بەڕێوە دەچێ.
ئەوە تەفسیرێک بوو، بۆچوونێکی دیکەش هەیە ئەوەیە کە دەڵێ ئەو کودەتایە بە جۆرێک کودەتایەکی سازکراو بوو و حیزبی فەرمانڕەوا و بەشێک لە ئەڕتەشی دەستیان تێدا بوو و نەتیجە ئەوە بوو حیزبی فەرمانڕەوا بە ڕێبەرایەتی جەنابی ئەردۆغانی بە سەر ئەڕتەشی دا زاڵ بووە، ئەڕتەشی هێناوەتە ژێر ڕکێفی خۆی، بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە ئیمتیاز دەدا بە ئەڕتەشی و ئەوە بەشێوەی سیاسەتی پەلاماردەرانەیە کە ئێمە لە سووریا دەیبینین، لە لیبی دەیبینین، لە شەرقی میدیترانەی دەیبینین، لە ئازەربایجانێ دەیبینین.لەو ئیتیلافەشدا مەهەپە حزووری هەیە و ئامانجی مەهەبەش کە بەیان و دیسکۆرسێکی ناسیۆنالیستی تیژپەڕانەیە و باسی یەکگرتوویی تورک زمانی و فەرهەنگی و سیاسی و مێژوویی و ئێتنیکی تورکیایە ئەوە دەهەموو بارودۆخێکدا دەبێ بمێنێتەوە و کاتێک ئەو ئیتیلافە کراوە هاتوونە سەر ئەوەی کە مەسەلەی کورد بە تەواوی ئینکار بکرێ، نەک بخرێتە پەراوێزەوە بەڵکوو ئینکار بکرێ. ئەوە لە لایەکەوە بووەتە هۆی ئەوە کە حیزبی فەرمانڕەوا هەرچەند لە پارڵماندا دەسەڵاتی کەمتر ببووەوە کاتێک ئەو ئیتیلافە ساز بوو لە دوای کودەتای خۆی ساخ کردەوە بەڵام  خۆساخکردنەوەکە بەو شێوەیە بووە کە خودی حیزبی فەرمانڕەوا و خودی سەرۆک کۆمار پاش ئەوەی کە سیستمەکە گۆڕا، هەڵبەت یەکێک لە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ ئەڕتەش،  بە پێی تەعبیری یەکەم ئیتیلافی لەگەڵ کراوە و بە پێی تەعبیری دووەم ئەوەیە کە ئەرتەش دوای ئەوەی کە گولەن مەحو بووەتەوە ئێستا ئەڕتەش هاتووەتە ژێر سوڵتەی ئەردۆغانی. هەر کام لەو تەعبیرانە تەماشا بکەین بەو مانایەیە کە دۆزی کورد تەقریبەن ئینکار کراوە، بەڵام لێرە دا مەسەلەیەک هەیە ئەویش ئەوەیە کە حیزبی فەرمانڕەوا و شەخسی سەرۆک کۆماری تورکیای  بە شێوەیەکی زۆر ڕاشکاو و موشەخەس کۆنتڕۆڵی لە سەر مەسەلەی کوردی لە دەست داوە. ئەلئان بەشی زۆری مەسەلەی کوردی یانی ئەو سیاسەتانەی کە لە سەر مەسەلەی کوردی وەبەر دەگیرێ بە دەرەجەی یەکەم بە دەستی مەهەپە و ئەو کەسانەیە کە دە دەوڵەتێ دا، دە حکوومەتێ دا لە لایەن مەهەپەوە داندراون یان سەر بە مەهەپەن . ئەوان ئەو سیاسەتە بەڕێوە دەبەن. ئێمە دەبینین کە بە کردەوە تەنانەت لە بارودۆخی زۆر قەیرانیی دا حیزبی فەرمانڕەوا و شەخسی ئەردۆغان بۆخۆی  کە پێشتر هەمیشە حەولیان دا جۆرێک ڕوو لە ئیمراڵی کەن و دەیویست لە ئۆتۆریتەی ئوێجاڵان کەلک وەربگرێ، ئێستا بە کردەوە ئەوە ناکرێ و هیزی نییە و ئێمە ئەوەمان لە دوو هەڵبژاردنی شارەداری ئەستەنبووڵێ دا دی کە ئەو مەسەلەیە ئەهەمییەتێکی بەو شێوەیەی نەبوو، لە هەڵبژاردندا تەئسیری نەبوو. ئەوەش نەتیجەی ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کورد دەقیقەن دەزانێ کە ئەو گۆڕانکارییەی کە پاش کودەتای لە تورکیای بووە، کێ مەسەلەی کوردی بەدەستە، کێ لە سەر مەسەلەی کوردی سیاسەت دادەنێ، کێ لە سەر مەسەلەی کوردی بڕیار دەدا و ئەو سیاسەتە دەباتە پێشێ. یەک شتیش کە لێرە هاتووەتە پێشێ جا چ ئێمە چ ئەو تەعبیرە لە بەرچاو بگرین کە حیزبی فەرمانڕەوا و مەهەپە و بەشێک لە ئەڕتەش ئیتیلافیان کردووە و چ ئەو تەعبیرەی دیکە کە دەڵێ لە دوای لە ناوچوونی گولەن یان دە پەراوێز خستنی گولەنی، ئەڕتەش لە کودەتا دا شکستی خواردووە و ئەو شکستە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەردۆغان و حیزبەکەی سەیتەرەیەکی ئەڕتەشی دابنێن، چ ئەوە لەبەر چاو بگرین یان نەگرین لێرە دا مەسەلەیەکی دیکەش هەیە ئەویش ئەوەیە ئەو ئیتیلافەی کە ئێستا هاتووە پێشێ تا ڕادەیەکی زۆر پێوەندیی نەریتی حیزبی جەهەپەی واتە حیزبی کوماریی گەڵ واتە ئەو حیزبەی کە لە زەمانی ئاتاتورکەوە هەتا ساڵی ٢٠٠٢ یان خۆی فەرمانڕەوا بوو یان لە ئیتیلافاندا هەمیشە حاڵەتی سەرەکی هەبوو، پێوەندی ئەو حیزبەی لەگەڵ ئەڕتەشی کە پێوەندییەکی نەریتی بووە ئەو پێوەندییە ئەلئان تا ڕادەیەکی زۆر لاواز بووە. یەکێک لە سەبەبەکانی ئەو لاواز بوونە دەقیقەن ئەو کودەتایە و ئەو تەرتیباتە سیاسییانە بووە کە پاش ئەوە هاتووەتە پێشێ. لێرە دەگەڕێمەوە سەر مەسەلەیەکی دیکە ئەویش ئەوە بوو کە کوتم  حکوومەتی ئەردۆغانی تا ڕادەیەکی زۆر ناچار بووە لە کاتێکدا کە کۆنتڕۆڵی مەسەلەی کورد بداتە دەست مەهەپەی و لە لایەکی دیکە بۆ ئەوەی کە بتوانێ ئەو پشتیوانییە ئیسلامییەی خۆی ڕابگرێ، سیاسەتە ئیسلامییەکان و هووییەتی ئیسلامی خۆی بەرفرەوانتر کردووە. ئەوە لە بەر ئەوە بوو کاتێک دوای ٢٠١٥ و ٢٠١٦ ی ئیتیلافی نێوان حیزبی فەرمانڕەوا لەگەڵ گولەنی پسا و هەڵوەشا ئەو دەمی کۆنتڕۆڵی بەشەکانی ئیسلامی بازاڕی و بەشەکانی ئیسلامی چینی ناوەندی، بە تایبەتی چینی ناوەندی مۆدێڕن کە هووییەتی سیاسی ئیسلامییان بەخۆیانەوە گرتبوو ئەو پێوەندییە تووشی تەشەدود بوو و شێوا. کاتێک شێوا، کاتێک گولەن نەما، کۆنتڕۆڵ لە سەر بازاڕی، بیزنسی چکۆڵە، هەر وەتر کۆنتڕۆڵ لە سەر ژاندەرمەری و ئەڕتەشی زۆر کەمتر بووەوە بەڵام لە حەموویان گرینگتر ئەوە بوو کە کۆنتڕۆل لە سەر چینی ناوەڕاست کە بۆچوونێکی تێکنیکی عاقڵانەیان هەبوو، واتە زۆربەیان خوێندنی زانکۆییان هەبوو، ئیسلامی بوون و گولەن دە ناو ئەوانە دا نفووزی هەبوو. کاتێک گولەن نەما ئەردؤغان ناچار بوو بۆ ئەوەی کە بەشێک لە پشتیوانی ئەوانە بەرەو لای خۆی ڕابکێشێ ناچار بوو هووییەتی ئیسلامی سیاسەتەکانی خۆی، بەتایبەتی سیاسەتە ئابوورییەکان و سیاسەتە فەرهەنگییەکانی خۆی زۆر زەقتر و زۆر زۆر بەهێزتر بکا. بۆ وێنە دەبینین کە تا ڕادەیەکی زۆر تەئسیراتی ئیسلامی، مەسەلەی ئیسلامی هاتووەتە ناو بەرنامەی خوێندن، مەنهەجی خوێندن و تەعلیماتی ئیسلامی پێش خراوە، خوێندنگە ئیسلامییەکان بەهێزتر بوون، هەر وەتر دەبینین لەو بوارە دا کاری تەبلیغاتی کردووە وەکوو ئەوەی کە 'ئەیا سۆفیا'ی دیسان کردووەتەوە مزگەوت یان ئیتیلافی لەگەڵ بەشە تیژپەڕە ئیسلامییەکان توندتر کردووە و لەو بوارە دا پارە خەرج کراوە. لە لایەکی دیکەوە بەهێزکردنی هەستی ناسیۆنالیستی وەکوو گرتنی عەفرین و سیاسەتی پەلاماردەرانە لە جێی دی. بە باوەڕی من ئێمە نابێ بڵێین کە ئەو هووییەتی ئیسلامی سیاسەتی تورکیای پاش ٢٠١٦ شتێک بووە کە هەر خودی ئەردۆغان ویستوویەتی ئیدێئۆلۆژییەکەی دا بسەپێنێ، نا وا نییە ئەوە هۆی ئەوە بووە لە لایەک کاتێک ئیتیلافەکەی لەگەڵ گولەن لە ناوچوو بۆشاییەکی فەرهەنگی- ئیسلامی کە هاتە پێشێ ئەردۆغان ناچار بوو بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی پڕ بکاتەوە زۆرتر هووییەتی ئیسلامی خۆی و حیزبەکەی و هەر وەتر سیاسەتەکانی تەقوییەت بکا.
خاکی: زۆر سپاس. وەزعییەتی ئۆپۆزیسیۆن چۆنە. ئێمە هەموومان ئاگادارین ئەردۆغان و حیزبەکەی بە نیسبەتی جاران زەعیفتر بووە، حەدی ئەقەل لە میدیا دا ئینسان ئەوە ئەبینێ، زۆر کەسی لێ جیا بووەتەوە،لە ئیتیخاباتی شارەدارییەکان چەند شاری گەورەی لە دەست دا. وەزعییەتی ئۆپۆزیسیۆنی ئەوێ چۆنە ئایا ئیمکانی هەیە دەورێکی تر کە ئیتیخابات ئەکرێ ئیحتیمالەکان چییە، دیسانەوە بێتەوە سەر کار یا لا ئەچێت  و بە تایبەت لە ڕابیتە لەگەڵ ئۆپۆزیسۆنی کورددا پێم خۆشە ئەگەر بکرێ باسێکیش لەوە بکەن.


وەلی: وەزعی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیای، یانی ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی دەسەڵاتی زۆر حەساس و هەستیارە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەردۆغان لاواز بووە، حیزبەکەی لاواز بووە و پشتیوانییەکەی تا ڕادەیەک ڕووخاوە بەڵام دیسان وا وەبەرچاو نایە کە حیزبی سەرەکی دە ئۆپۆزیسۆن دا کە حیزبی کۆماری گەلە واتە جەهەپە  بە تەنێ بتوانێ ئەو ئەکسەرییەتەی لە هەڵبژاردندا وەدەست بێنێ، کە کۆنتڕۆڵی مەجلیسێ بە دەست بگرێ و بتوانێ سەرۆکایەتی کۆمار بکاتە ئی خۆی و لە دوایە ئەو جۆرەی کە بەڵێنی داوە سیستمی سیاسەتی بگۆڕێ و بچنەوە سەر حاڵەتی ئەوەی کە پێی دەڵێن دێمۆکڕاسی پارلمانی، یانی سەرۆک وەزیران هەبێ و سەرۆک کۆمار ببێتەوە شتێکی تەشریفاتی. دیارە ئەوە زەحمەتە حیزبی کۆماریی گەل، جەهەپە بتوانێ بە سەری خۆی سەرکەوێ حەوجێی بە ئیتیلافە  لەگەڵ حیزبی ئیی پارتی یان یەک دوو حیزبی زۆر پچووکی دیکەش هەن ئەوانە شایەد بتوانن لە هەڵبژاردن دا دەنگی یەکسانیان هەبێ، ئەوەی کە لێرە دا حەساسە، یەکجار حەساسە ئەوەیە کە کوردان لە هەڵبژاردنی داهاتوو دا چ هەڵوێستێک دەگرن؟ ئەوە زۆر گرینگە . لە دووسێ مانگ لەوە پێش نیشان درا کە سەرەڕای ئەو زەختەی ئەردۆغان و مەهەپە خستوویانەتە سەر هەدەپەی یانی حیزبی دێمۆکڕاتیکی گەلان، حیزبی کوردەکان ، سەرەڕای ئەو زەختەی کە خستوویانەتە سەری ئەو حیزبە پشتیوانی زۆرتر بووە کەمتر نەبووە. بە تایبەتی ئەو جوورەی کە دیارە پشتیوانی دە نێو کۆمەڵگەی غەیری کورد دا زۆرتر بووە. ئەو  جوورەی کە دیارە، ئەو جوورەی کە دەڵێن. شتێک نییە کە ئەمن بڵێم ئێمە ئامارێکمان بەدەستەوەیە وا دەڵێ، ئێستا شتی وا نییە بەڵام ئەو جۆرەی کە چاوەدێرانی سیاسی دەڵێن، ئەو جۆرەی کە پسپۆری سیاسەتی تورکیای کە قسەیان لەگەڵ دەکەی ئەوەی بە دوور نازانن کە لە هەڵبژاردنی داهاتوو دا بەشێکی زۆرتر، کاتێک دەڵێم زۆرتر مەبەستم لە سەد دا دوو، نەک لە سەد دا بیستە،  لە ناو کۆمەڵگەی ئێتنیکی تورک دا دەنگ دەدەن بە هەدەپەی. دوو یان سێ لە سەد زیاتر لە پێشوو. ئاواش وەبەر چاو دێ کە کوردەکانیش پشتیوانی لە هەدەپەی زیاتر بکەن بە تایبەتی ئەوەی کە زوڵمی لێ کراوە، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی کە سەرۆکەکانی لە زیندان دان، و بە ئاشکرایی ئەو زوڵمانەی لێ دەکرێ لە کۆمەڵگەی کوردی دا جۆرێک مەشڕووعییەت لەگەڵ مەزلوومییەت بۆ هەدەپە هاتووەتە پێشێ. لەوەدا هیچ گومان نییە. تەنانەت ئەو کەسانەش کە دە پەڕاوێزی سیاسەتی سیکولاری کوردی دا بوون و زۆرتر لایەنگری کوردە ئیسلامییەکان بوون ئەلئان ئەو حەساسیەتەیان پەیدا کردووە. هەدەبەش مومکینە لەو وەزعەی کەلک وەربگرێ دیسان بێتەوە پارڵمان. مومکینە ئەگەر هەڵبژاردن خاوێن بێ  ١٣- ١٤ لە سەد، ئەگەر سالم و خاوێن نەبێ ١٠ لە سەدەکەی هەر وا بە زەحمەت بێنێتەوە دیسان بچێتەوە پارڵمانێ. بەڵام ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە ئایا ئیمکانی ئیتیلافی هەدەپەی لەگەڵ حیزبە سیکولارەکان، عەلمانییەکانی تورکیای بە دژی ئەردۆغان و مەهەپەی هەیە یان نییە؟ لەو دواییانەدا ئێمە شتێکمان دی کە زۆر گرینگ بوو ئەویش ئەوە بوو کە سەرۆکی حیزبی سەرەکی ئۆپۆزیسیۆن کە جەهەپەیە لەگەڵ هاوسەرۆکەکانی هەدەپەی چاوپێکەوتنیان هەبوو و کۆنفڕانسێکی چاپەمەنییان کرد بەیەکەوە. ئەوە زۆر گرینگە ئەگەر واقیعەن بە کردەوە ئەو ئیتیلافە بێتە پێشێ بە بێ گومان تەکلیفی ئەردۆغانی مەعلوومە، بێ گومان. هەر ئەو جۆرەی کە لە هەڵبژاردنی شاراەداریی ئەستەنبووڵێ کە دوو جاران کرا لەبەر ئەوەی کە مەهەپە و ئاکەپە ئاکامی جاری یەکەمیان قبووڵ نەکرد، کاندیدای جەهەپە جاری دووەم زۆرتریشی دەنگ هێناوە. ئەوەش سەرەڕای ئەوەیەی کە تەشەدودێک، ناکۆکییەک دە هەڵوێستی کوردیدا هەبوو، بەشێک لە سیاسەتی کوردی ئەوە بوو کە کوردەکان نابی دەنگ بدەن لە هەڵبژاردنی دووەمدا، بەشێک ئەوە بوو کە دەبێ ڕەئی بدەن بە کاندیدای جەهەپە، بەشێکیش کە دروست یان نادروست نازانم، دەیانگوت دەستوورە لە ئیمراڵی را هاتووە، ئەوە بوو کە کوردەکان رەئی بدەن بە ئاکەپە. بەڵام ئەوەی کە کۆمەڵگەی کوردی کردی ئەوە بوو کە بۆ خۆیان قەراریان دا و دەو قەرارەشدا ڕەئیان دا بە کاندیدای جەهەپەی و ئەو بوو بە شارەدار. ئەگەر شتێکی ئاوا لە ئاستی سەرتاسەریدا لە گشت تورکیای بکرێ یانی ئەگەر ئەو ئیتیلافە دووپاتە بێتەوە بە بێ گومان سەروەری سیاسی حاکمییەتی، سەروەری سیاسی ئەردۆغانی لە پارڵمانێ دەشکێ. بەڵام لێرە شتێکی دیکەش هەیە ئەویش ئەوەیە کە تا چ ئەندازەیەک کەماڵیستەکان کە بەشێکی زۆری پشتیوانانی جەهەپەن، کاتێک کەماڵیستەکان بەراورد دەکەی لەگەڵ حیزبی حەڕەکەتی میللی، کەمالیستەکان تەقریبەن لە ناوەڕاستێ دان ئەوەی بە فارسی دەڵێن ' میانەرو' ن.، بە ئینگلیسی سێنتریستن. ئەوانە تاچ ئەندازەیەک قبووڵ دەکەن کە جەهەپە لەگەڵ کوردان ئیتیلافێ بکا ئەوەش مەسەلەیەکە.

خاکی: ببوورە ئێستا سیاسەت لە تورکیا هێندە بە لای ڕاستدا چەرخیوە کە  کەماڵیستەکان میانەرەون؟

وەلی: بەڵێ وایە. دەقیقەن وایە. ئەگەر ئەوانە قیاس بکەی لەگەڵ مەهەپەی و لەگەڵ بەشێک لە ئاکەپەی، کەماڵیستەکانی نەریتی سیکولار ئەلئان میانەڕەون، میانەڕەو لەو ڕووەوە کە سیاسەتی سیکولاریان دەوێ، پێوەندییان لەگەڵ غەرب دەوێ، دژی پێوەندی لەگەڵ ڕووسیان، دژی تێوەگلاندنی ئەڕتەش لە سووریان، دژی تێوەگلاندنی ئەڕتەشن لە عێڕاقێ. بەڵام ئەوانە لەگەڵ چارەسەرکردنی سیاسی مەسەلەی کورد، ئەو جۆرەی کە کوردەکان دەیانەوێ نین. بۆیە ئەو مەسەلە لێرە دا دەبێ تەئکیدی لە سەر بکرێ. شتێکی دیکەش لیرەدا زۆر گرینگە ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر ئاکەپە و مەهەپە بزانن وەزعیان دە خەتەر دایە تا چ ئەندازەیەک هەڵبژاردنێکی خاوێن بەڕێوە دەبەن؟ ئەوە شتێکە کە ئێمە نازانین. پێشتر لە هەڵبژارنەکاندا، بە تایبەتی لە کوردستانێ، بەتایبەتی لە باکوور فرت و فێڵ یەکجار زۆر بوو، ناڕاستی دە هەڵبژاردندا زۆر بوو. و ئەوەی کە لە ئۆلگووی تێڕۆری کەلک وەرگیراوە، زۆر کەس سەرکوت کراوە، بە زۆر کەس ئیجازە نەدراوە لە هەڵبژاردندا بەشدار بن و جێگای سندووقی دەنگەکان گۆڕدراوە، دوایە تەنانەت کاتێک یەکێک دەنگی هێناوەتەوە و هەڵبژێردراوە، لە سەر ڕا دەنگ خوێندراوەتەوە و هەڵبژاردنەکەیان پووچەڵ کردووەتەوە. شتی ئاوا دەکرێ ، مرۆ دەکرێ چاوەڕوانی ڕووداوی ئەوتۆ بێ، بەڵام کاتێک ئیتیلافێکی ڕاشکاو لە نێوان هەدەپە و جەهەپە دا هەبێ و ئییی پارتیش بێتە ژوورێ  ئەودەمی فرت و فێڵی ئاوا کردن یانی هەڵبژاردنی ناسالم ساز کردنی زەحمەت دەبێ، بەڕێوە بردنی زۆر زەحمەت دەبێ. لێرە مەسەلەیەکی دیکەش دەبێ لەبەرچاو بگرین ئەوەیش ئەوەیە کە لە ڕاستیدا خودی کوردان نیسبەت بەو وەزعەی چ هەڵوێستێک دەگرن؟ سەبارەت بەو ئیتیلافەی. ئەوەندەی ئەمن دەزابم، ئەوەندەی من ئاگام لێیە هەدەپە زۆر ئەو ئیتیلافەی پێویستە و کاری بۆ دەکا بەڵام ئایا قەندیلیش ئەوەی دەوێ؟
خاکی: ئەمن دێمە سەر ئەو بابەتە کاک دوکتور.
وەلی: ئەوە بۆخۆی گرێیەکە لێرەدا دەبێ باس بکرێ. بە باوەڕی من ئێستا بارودۆخەکە ئەوەندە هەستیار و حەساسە کە دەبێ قەندیل پێداچوونەوەیەکی ڕادیکال بە سەر سیاسەتەکەی دا بکا نیسبەت بە پڕۆسەی سیاسی تورکیای و ڕۆڵ و جێگای حیزبە غەیرە کوردییەکان لەو پڕۆسە سیاسییە دا. دەبێ بەراوردێک و بەسەر داچوونەوەیەکی زۆر ڕادیکاڵ لە سەر ئەو بابەتە بکرێ.

خاکی: کاک دوکتور دێمە سەر مەسەلەی ئۆپۆزیسیۆنی کورد ئێوە فەرمووتان حیزبی بەڕێز دەمیرتاش و ئەوان باسی ئەوانتان کرد، گەرەکمە ئەوە پرسم ئەی باسی قەندیل وەزعییەتی حیزبی کرێکارانی کوردستان لە کوێ دایە. ئایا واقیعەن ڕەوتەکەبەرەو کوێ ئەڕوا؟ ئەوان لە ناو خودی تورکیا، ئەو شەواهیدەی کە ئێوە دەیبینن دەسەڵاتی کەمتر بووە، زۆرتر بووە و چەنێ قسەکەی ئەتوانێ بیگرێ ئەمە یەک و دووەمیش ئایا تورکیا هیچ ئاڵوگۆڕێک لە سیاسەتی دا ئەبیندرێ بەرانبەر بە ڕۆژئاوا یان بەرانبەر باشوور یان هەر ئەو شتانەی پێشووە؟
وەلی: بەڵێ دەتوانین بڵێین کە حیزبی کرێکارانی کوردستان. پ.ک.ک تا حەدێکی زۆر پشتیوانی سابیتی خۆی دە سیاسەتێ دا ڕاگرتووە. ئەویش لە بەر ئەوەیە کە وەکوو سەمبولێکی موقاوەمەت لە بەرانبەر هێرشی تورکیدا کە بەتایبەتی پاش ئیتیلافی ئاکەپە و مەهەپەی زۆر توندتر بووە و هەر وەتر ئەگەر ئەڕتەشیش دەو ئیتیلافەیدا بووبێ، ئەو جوورەی کە ئەو تەفسیری یەکەمی کە باسمان کرد دەیگوت، هەر چەند ئەو هێرشە زۆرتر بووە بەڵام وەکوو سەمبولی موقاوەمەتی کوردی نەک هەر نەشکاوە بەڵکوو لە بەعزە جێگایەکی تەنانەت سەرکەوتووش بووە.

خاکی: وەکوو چی؟


وەلی: وەکوو ئەوەی کە چەندین هێرشی کە کراوەتە سەر قەندیلی مووەفەق نەبووە. تەنانەت ئەگەر ئەو قسانەی، ئەمن لێرە نامەوێ بچمە نێو ئەم باسەوە، ئەو جۆرەی کە دەڵێن کە بەشێک لە سەرۆکایەتی حیزبە کوردییەکان  لە باشووریش دەو هێرشانە دا دەستیان هەیە، یانی دەڵێن پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان هاوکاری موستەقیم دەکا لەگەڵ ئەڕتەشی تورکیای، یانی تەقریبەن وەک کەوا سووری بەر لەشکر وایە. یانی ئەگەر ئەوەش لەبەرچاو بگرین دیسان پ.ک.ک توانیوێتی خۆی ڕابگرێ. و شتێکی دیکەش ئەگەر بێینە سەر ئەو قسانەی کە خودی کاربەدەستانی تورکیا باسی دەکەن ئەوەیە کە ئێستا لە ڕووی تەجهیزات و تەسلیحات، چەک و سیلاح و ئەوانە تا حەدێک مۆدێرن بووەتەوە. جا ئەوە مومکینە بەشێک لەو تەسلیحاتەی کە لە سووریا بووە هاتووەتە دەست  ئەوانە، یان مومکینیشە لە جێگایەکی ڕا پێیان دابن. ئیستا خودی تورکانیش دەڵێن ئیدی بەو ڕاحەتییەی نییە بچن بە هێلیکۆپتێری هێرش بکەنە سەریان چون ئەوانیش ئەو سیلاحانەی کە پێویستە بۆ ئەوەی بەرگری بکەن لە بەرانبەر هێلیکۆپتێر و ئەوانە دا، ئەوانەیان پێیە، ئەوانەیان هەیە. ئەوە لە ڕووی سیاسی و نیزامی مەسەلەکەوە، لە لایەکی دیکەشەوە ئەوەیە کەبە نەزەری من هێزی ئەسڵی پ.ک.کەی لە تورکیا دە خودی کۆمەڵگەکە دایە ئەویش شتێکە ئەمن هەمیشە گوتوومە چ ئەگەر کەسێک موخالیفی پ.ک.کەی بێ، چ ئەگەر کەسێک موافقی پ.ک.کەی بێ ناتوانێ ئەوەی ئینکار بکا کە پ.ک.ک سەرکەوتوو بووە لەوەیدا کە حەڕەکەتێکی سیاسی دروست بکا کە ئەو حەڕەکەتە سیاسییە بنەمای زۆر قەوی کۆمەڵایەتی لە باکووری هەیە. یانی حەڕەکەتێکی کۆمەڵایەتی، ئیجتیماعی دروست کردووە کە جوورێکە کە هیچکەس گومانی نییە کە ئەگەرئەلئان لە ئەستەنبووڵێ بیانەوێ سەدهەزار کەسی بهێننە خیابانێ دەتوانن بیانهێننە خیابانێ. ئەوە دەسکەوتێکی گەورەیە حکوومەتیش ئەوەی دەزانێ. بەڵام حکوومەت دەتوانێ سەرۆکێکی بگرێ، ئەندامانی حیزبێکی سیاسی بەرێتە زیندانێ،  گرووپێکی تێڕۆر دووکەسان بکووژێ بەڵام ئەوەی کە  گرینگە ئەوەیە کە کوشتنی حەڕەکەتێکی کۆمەڵایەتی – فەرهەنگی زۆر زەحمەتە. وئەوە بە نەزەری من هیزی ئەساسی پ.ک.ک یە. و بەشێک لە بنەمای کۆمەڵایەتی پ.ک.ک ی دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە ئەوانە زۆر پشتیوانی تەقوییەتی هەدەپەن، بەڵام بەشێکیش دەوانە دا هەیە کە فکر دەکەنەوە کە هەدەپە هووییەی کوردی خۆی زۆر داشکاندووە و کەمڕەنگی کردووەتەوە و زۆر چووە بەرەو سیاسەتێکی تورکی و لەگەڵ ئەو لایەنە موخالەفەتیان هەیە. جا مەبەستم ئەوەیە ئەگەر لێی بکۆڵینەوە دەقیقەن ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی نەریتی دە مەیدانی کۆمەڵایەتی – فەرهەنگی سیاسەتی کوردی دان ئەوانیش بۆچوونێکی یەکدەستیان نیسبەت بە هەدەپە و ئیتیلافی هەدەپەی لەگەڵ جەهەپەی نییە جا ئەوە لەو جێگایەی دا، لەو ئاستەی دا ڕێبەرایەتی قەندیلی دەتوانی زۆر زۆر ئەهەمییەتی هەبێ، دەتوانێ زۆر گرینگ بێ. ئەو دەتوانێ کە ئەو ناکۆکییەی دە مەیدانی سیاسەتی کوردیدا لە بەین بەرێ ئەگەر ڕاستەوخۆ وبە ڕاشکاوی  پشتیوانی بکا لە ئیتیلافێکی ئاوا.
خاکی: پێت وا هەیە زەمینەی ئەوە هەیە ئەو کارە بکا؟

وەلی: ئەمن بۆیە گوتم وەختی وەیە شایەدیش درەنگ بووە، یانی بە نەزەری من دەبێ سەرۆکایەتی قەندیلی. ئەوانەی لەوێن، دەبێ پێداچوونەوەیەکی زۆر ڕادیکاڵ لە شانۆی سیاسی تورکیای دا بکەن، ئەوەی کە پێی دەگوتری پڕۆسەی دێمۆکراتیک. ئەمن گوتوومە ئەو قسەیەی کە گێلنێر کردی کە ئەوە دێمۆکڕاسی مینیمۆمە، ئەوە قسەیەکی باشە بەڵام ئەگەر دێمۆکڕاسی مینیمۆمیش بێ، دیسان شتێک هەیە لێرە. ئەگەر پێداچوونەوەیەکی دەقیق و تازە و ڕادیکاڵ لە سەحنەی سیاسەتی تورکیای بە گشتی و لە پڕۆسەی سیاسەتی دێمۆکڕاتیکی تورکیای دا بە تایبەتی، لە هێزەکان و ئاکتۆرە فەعالەکان لەو پڕۆسەیەیدا، لە ئینترێستی ئەوانە، ئیمکاناتی ئیتیلاف، زەمینەی ئیتیلاف، داهاتووی ئیتیلاف، ئەگەر بەراوەردێکی تایبەتی لە سەر ئەوانە بکرێ و ئی تازە ، ئەلئان کە ساڵێک و چەند مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردن ئەوە شتێکی حەیاتی یە. چون ئەگەر ئەوە بکرێ و بە ئارگومێنت و ئیستیدلالی سیاسی قەوی بێن بەو ئاکامە بگەن کە هەدەپە هاوکارییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ جەهەپەی هەبێ و هەر وەتر دەبێ هێندێک کاری وا بکەن کە بەشێک لە گومان و دڕدۆنگییەکانی جەهەپەی سەبارەت بە ئیتیلاف لەگەڵ کوردان لە ناو بچێ یان ببێتە لانی کەم و بخرێتە پەراوێزەوە.
خاکی: ببوورە بە لەبەرچاو گرتنی وەختەکە چونکە هێندەمان وەخت نەماوە دەوری چارەگێکمان ماوە. گەرەکمە ئەوە پرسم بە کورتی لوتفەن ئایا هیچ ئاڵوگۆڕێک ئێمە دەبینین لە سیاسەتی تورکیا دا بەرانبەر بە باشووری کوردستان و ڕۆژئاوا یان هەر ئەوانەی پێشووە؟
وەلی: ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان فەرقیان هەیە. لە باشووری کوردستان بە باوەڕی من تورکیا پێویستییەک نابینێ کە گۆڕانکارییەکی زۆر بکا. هاوکارییەکە، تەنانەت بەعزێک دەڵێن ئیتیلاف با ئێمە ئەوەندە نەچینە پێشێ با بڵێین هاوکارییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان حکوومەتی تورکیا و حکوومەتی باشووری. بۆیە بە باوەڕی من تورکیا ئەو ئیلزامەی نابینێ، بەڵام تورکیا لەوێ فەعالی تاقانە نییە، تورکیا رقەبەرییەکی توند و تیژی هەیە لەگەڵ ئێرانێ لەوێ. لەوەی دەترسێ. ئێران دەتوانێ لە کارتی تەقویەتی هێزەکانی دژ بە تورکیای لەوێ کەلک وەربگرێ، ئەو هێزەشی هەیە.


خاکی: ئەی لە ڕۆژئاوا، لە سووریا؟
وەلی: ئێران ئەوێ وەکوو قووڵایی ستڕاتێژیکی خۆی دەبینێ هەر ئەو جوورەی تورکیا دەیکا. بەڵام قووڵایی ستڕاتێژیک مەخاریجی هەیە ئەو مەخاریج و هەزینەی وەی و ئابوورییەکی کە دە حاڵەتی قەیرانێکی زۆر قووڵ دایە جێ بە جێ نابێ بۆیە ئەوە موشکیلەیەکی ئەساسی یە و قەتەریش کە تا ئێستاکە زۆری کۆمەگ بە تورکیا کردووە ئەو کۆمەگە ناتوانێ بە شێوەیەکی دائیم بەردەوام بێ. ئەوە یەک دووەمیش ئەوەیە کە لە سووریای مەیدانی عەمەلییاتی تورکیای لە دوو لایان را داخراوە یەکیان لە لایەن ڕووسیاوە کە کۆنتڕۆڵی ئاسمانی سووریای بەدەستەوەیە، ئەگەر ڕووسیا ئیجازە نەدا هیچ فڕۆکەیەک ناتوانێ بچێ لەوێ  عەمەلییات بکا. دووەمیش ئەوەیە کە ئەمریکا لەوێ پێشی تورکیای گرتووە یانی ئەوە دیار بوو کە لە دیداری ئەردۆغانی لەگەڵ بایدنی و هەر وەتر لەگەڵ پوتینی ئەو نەتیجەیەی کە ئەردۆغان دەیویست بە دەست نەهات.
خاک: من دێمە سەر ئەوە کاک عەبباس گیان وەکوو ئاخر پرسیارم هەر هەشت دەقیقەش وەختمان هەیە و ئەوانە. ئەم دیپڵۆماسییەی کە تورکیا ئەیکات چ لەگەڵ ئوڕووپا، چ لەگەڵ ئەمریکا، چ لەگەڵ ڕووسیا بە دەرەجاتێکیش لەگەڵ چین و ئەوانە نامووەفەقە، شکستی خواردووە، قەیرانی هەیە لەگەڵ هەموویان ئەمە چۆن ئەبینیت؟
وەلی: بە باوەڕی من ئەوە وەک ئەوە وایە کە ئەرتەشێک زۆر لە مەنتەقەی خۆی دوور بێتەوە و ئەوەی کە دەڵێن ختووتی مواسەڵاتی زۆر بەربڵاو بووە و پشتیوانی ناتوانێ لێ بکا. تورکیاش وای لێ هاتووە. ئەلئانەکە واقیعەن خەریکە عەفرینێ تێک دەدا، ئەلئان دەیەوێ لە ئیدلیبی تێکی بدا، یانی شایەد بییەوێ کە جێگایەکی بەجێ بێڵێ کە بە هیچ جوور چانەبێتەوە. چون دەزانێ ناتوانێ لەوێ بێ. ئەوە بە تەواوی موشەخەسە. دەیەوێ سیاسەتی بە تورک کردن یانی ئەوەی کە وڵاتی دەکاتە تورک بەڕێوە بەرێ کە ئەوە سەر ناگرێ، بۆ وێنە ئێستا قەیرانی ئابووری، قەیرانی پووڵی و ماڵی تورکیای و ئابووری تورکیای تەئسیرێکی زۆری داناوە لە سەر ڕۆژئاوای. ئەوە لە بەر ئەوەیە ئەو هێزانەی کە تورکیا پشتیوانیان لێ دەکا، هێزە ئیسلامیە تیژپەڕەکان بە پارەی تورکیای لە سەر پێی خۆیان ڕاوەستاون.

خاکی: بە داخەوە خەت وەکوو شتێک خراپە. لە بەر هۆی تێکنیکی  لێرە دا بەرنامەکان تەواو دەکەین. زۆر زۆر سپاسی بەڕێز پرۆفسۆر عەبباسی وەلی ئەکەین هیوادارم ساڵێکی پڕ لە شادی و خۆشی بێ. ساڵێکی پڕ لە شادی و خۆشی بۆ ئێوەی بەڕێز. پێویستە وەکوو هەموو جارێکیش سپاسی هاوکارنمان کەین بە بێ مێهرەبانی ئەوان ناتوانین ئەم بەرنامە پێشکەش کەین. هەتا بەرنامەیەکی تر ماڵئاوا، هەر بژین بە شادی و سڵامەتی. 

 

تێبینی: دەکرێ ڤیدێئۆی بەرنامەکە لەم  لینکەی خوارەوە دا ببینن.

                                                                                                  https://youtu.be/4OtI2t9rM8E





 

No comments: